بڕیارە لەچەند هەفتەى داهاتوودا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەلێت سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا گرنگ دەبێت. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساوەو پێگەیشتوەو تێیدا تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە، لەوانە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و بەهێزكردنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەكانداو هرەوەها گفتوگۆشیان لەبارەی ئەو پرسانەی ناوچەكەو جیهانەوە كردوە كە جێی بایەخی هەردولان. سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسی لە هەوڵەكانی حكومەتەكەی كردوە لەبارەی بانگهێشتكردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی هەرێم لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی ناوچەكەو جەختیشی لە گرنگی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا كردۆتەوە و پێزانینی عێراقی بۆ هەڵویستی فەرەنسا لەبارەی دۆزی فەلەستین دەربڕیوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق سەرنجی لە پەرەپێدانی ئابورییە بە گێڕانی رۆڵێكی بونیادنەر لە ناوچەكەو هۆشداریشی داوە لە مەترسییەكانی هەڵایسانی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە و جەختی كردۆتەوە كە بەغدا ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ فەرەنساو تەواوی هاوبەشەكانی لەنێویاندا ئێران ئەمریكا بۆ خۆبەدورگرتن لە شەڕێكی نوێ و عێراقیش هەر هەنگاوێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرژوەندی خۆی و بە ئامانجی رێگری لە شەڕ لەڕێگەی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان. لای خۆیشییەوە ماكرۆن جەختی لەوە كردۆتەوە كە فەرەنسا شانازی بە قوڵی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردو وڵاتەوە دەكات و خواستی خۆیشی بۆ بەردەوامی پشتیوانیكردنی عێراق دەربڕیوەو هیواشی خواستوە سەردانە چاوەڕوانكردنەوەكەی بۆ بەغدا ئامانجەكانی بەدیبهێنێت.
دوای ئەوەى لەشەوى ڕابردووە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس چەندین پەیامى جیاواز لەبارەى مردنى سەرۆکى ئەمریکا بڵاوکرایەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت "ترەمپ تەندروستى باشە، بەم زووانە دەچێتە دەرەوە بۆ یاری گۆڵف". بەهۆى ئامادەنەبوون و دەرنەکەوتنى لەبۆنەگشتیەکان و لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شەپۆلە دەنگۆیانەیانەى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویدا، ئەوانەی لە دەوروبەری سەرۆکی ئەمریکا ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە ئەمڕۆ (شەممە) قسەی لەگەڵ تەلەفزیۆنى ١٢ ئیسرائیل کردووە، وتی: ترەمپ باشە، دوای چەند کاتژمێرێکى دیکە دەچێتە دەرەوە بۆ یاری گۆڵف. پەیامنێرانی کۆشکی سپی باس لەوە دەکەن کە ترامپ لەکاتی چوونە ناو یانە گۆڵفەکەدا لەکاتی چوونە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە لەبەردەم خەڵکدا بینراوە. دەنگۆی مردنى ترەمپ بووەتە بابەتێکى گەورە دواى ئەوەى ئەگەری مردنی باسکراو دوای چاوپێکەوتنێکی ئەم هەفتەیە کە تێیدا جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە "ئەگەر بە کارەساتێکی ترسناک ناوی بهێنیت، ناتوانم بیر لە ڕاهێنانی باشتر بۆ ئەم پۆستە بکەمەوە لەوەی کە لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا بەسەرمدا هاتووە". هاوکاتى ئەو دەنگۆیانە لەگەڵ قسەی مشتومڕاوی دووەم بەهێزترین پیاوی ئەمریکا، ڤیدیۆ کلیپێکی کۆن لە زنجیرەی "سیمپسۆنەکان" دەستیکرد بە بڵاوبوونەوە لە سۆشیال میدیا. کلیپەکە کە لەلایەن زۆرێک لە ئۆنلاینەوە بڵاوکراوەتەوە، کەسایەتییەکی هاوشێوەی ترەمپ لە کاتی پەخشێکی ڕاستەوخۆدا دوای ئەوەی سنگی گرتبوو، کەوت لەگەڵ گێڕانەوەیەک کە هاوڕێی کلیپەکە بووە و تێیدا هاتووە "پێشبینی دەکرێت سەرۆک لە مانگی ئابی ٢٠٢٥دا دوای نەخۆشییەکی سەختی سنگی بمرێت". ئەمە یەکەمجار نییە تەندروستی و مردنی ترەمپ دەنگۆی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دروستبکات. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ ئەکاونتی دۆناڵد ترەمپی کوڕی لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس هاک کرا، هاککەرەکە پەیامێکی ناڕاستی بڵاوکردەوە و ئیدیعای کرد سەرۆکی پێشووی ئەمریکا مردووە. ئەو فێڵە پێش ئەوەی ئاشکرا بێت بە خێرایی بڵاوبووەوە.
وەزارەتی تەندروستی تووشبوویەکی تای خوێنبەربوونی راگەیاند و دەڵێت: ''دانیشتووی قەزای سێمێلە و 43 ساڵە''. ئەمڕۆ شەممە 30-8-2025 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو تووشبووە نوێیەی تای خوێنبەربوون تەمەنی 43 ساڵە و پیشەی قەسابە، بەرکەوتەشی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا هەبووە. وەزارەتەکە ئەوەشی روون کردەوە، نەخۆشەکە نیشانەی هەیە و ئێستا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە. رۆژی چوارشەممە 27-8-2025 د. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک ئاشکرای کرد، لەدوای جەژنی قوربانەوە چەندین گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەبوون و هەندێکیشیان لە بەغداوە پشتڕاستکراونەتەوە. هەر ئەمڕۆش د. بەختیار ئەحمەد وتی، نەخۆشییەکە لە ناوچەکەدا هەیە و بڵاو بووەتەوە، بۆیە هاونیشتمانییان دەبێت هەمیشە مەرجەکانی خۆپارێزێ جێبەجێ بکەن. بەپێی وەزارەتی تەندروستی، ئەم ساڵ 9 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش چاکبوونەتەوە. وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لە کاتی بوونی گومان یان دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە. هەروەها، ئەو هاووڵاتییانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن یان مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکانی ئاژەڵ دەکەن، لە کاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و دوا نەکەون. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، لەمساڵدا، دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنها نۆ حاڵەت بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراونەتەوە "بەداخەوە، دوو لەم حاڵەتانە بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون."
بافڵ تاڵەبانى سوپاس و دەستخۆشى ئاڕاستەى حکومەتى تورکیا دەکات، بەهۆى ئەو هەنگاوانەى ناویەتى، ئێمە پێویستە ڕاستگۆبین و هەرگیز نابێت ئەو پەلامارە لەبیربکەین کە لە ٧ى ئۆکتۆبەر چى کراو ڕوویدا. ئەمڕۆ لەچوارەم ڕۆژى کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانى وتارێکى پێشکەشکردو وتى:لەجیهان هەموو بارودۆخەکان قورس دەبن، بەڵام لێرە دەمەوێت باسى پرسى غەززە بکەم کەدۆخێکى خراپ لەوێ هەیە و قەیرامى مرۆیی ڕودەدات، لەزۆربەى وڵاتانى ئەوروپاو ئەمریکا هاوڵاتیان پشتیوانى دۆزى فەلەستین دەکەن. ئەو وتیشى: بەڵام ئێمە پێویستە ڕاستگۆبین و هەرگیز نابێت ئەو پەلامارە لەبیربکەین کە لە ٧ى ئۆکتۆبەر چى کراو ڕوویدا، بەڵام ئەمە ماناى ئەوەنییە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بکرێتە هۆکارێک بۆ پەلاماردانی فەڵەستینییەکان ئێمە دەبێت پاڵپشتى ئەو هەنگاوانە بین کە دۆخەکە بەرەو چارەسەر دەبن، دەستخۆشى لەدەوڵەتى تورکیا دەکەم کەلەم دواییانەدا هەنگاو کرداریی باشى گرتوەتەبەر. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى باسى لەپرسى سوریا کردو وتى: نابێت سووریا لە بیربکەن و هیوایان وایە حکومەتى سووریا گشتگیربێت، ئەوان لە خەمی دۆزی کوردن لە سووریا. هاوکات سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە، بۆ یەکریزی و چاکسازی و دادپەروەری کاردەکەن و باوەڕیان بە کردارە، نەک تەنیا قسەکردن. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر و قووڵن و پشتگیریی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن و دەبێت لەمەدا راشکاو بن. سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە، یەکێتی قوربانیی زۆری داوە بۆ ئازادی و زۆرترین حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە شاری سلێمانین.
باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق سەبارەت بەو لێدوانانەى بڵاوکرایەوە سەبارەت بە ڕاهێنانی ژمارەیەک چەکدار یان دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی ئۆکرانیا بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو هەموو ئەو زانیاریانەىان ڕەتکردەوە. باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق بە توندی ڕەتیدەکاتەوە ئەو ڕاپۆرتە ناڕاستانەی لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە و گوایە لایەنی ئۆکرانی دەستی هەیە لە ئامادەکردن یان ڕاهێنانی ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی چالاکی نایاسایی لەسەر خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستانی عێراقن. باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق لە بەیاننامەیەدا دەڵێن: هەرگیز هیچ چالاکیەکی پەیوەست بە ڕاهێنانی چەکداران یان دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی خاکەکەی ئەنجام نەداوە و ئەنجام نادات، ئەم تۆمەتانە بە ئاشکرا چەواشەکارانەن و لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکیان نییە. ئێمە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە زانیارییە ناڕاستانە بە هەوڵێک دەزانین بۆ ناوزڕاندنی ئۆکرانیا و سەرکردایەتییەکەی". باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق داوا لە میدیاکان دەکات، "تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکان بۆ زانیاری ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراو بەدوور بگرن" یەکێک لەوکەسانەى کە ئاسایشى سلێملنى دانپیادانانی بڵاوکردەوەو گوایە چەکدارى لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمینەو پلانی هەڵگەڕانەوەی سەربازی و کودەتا و تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی کوردستان و سلێمانییان هەبوو چوەتە ئۆکراین. ئەوکەسە دەڵێت: پاش راهێنان لە هەورازە نەفتە رەوانەی ئۆکرانیایان کردم بۆ ئەوەى فێرکارى فڕینى درۆنبم لە فڕۆکەخانەى هەولێر چوین بۆ تورکیا بە ترانزێت لەوێشەوە بۆ پۆلەندا، لە پۆلەندا بە وەرەقەیەکى تایبەت فیزاى ئۆکرانیاشان لە پۆلەندا بۆ وەرگرتین، لەوێوە چوین بۆ ئۆکرانیا، لەوێ شوێنى حەوانەوەیان بۆ دابینکردین، لەناوچەى سەربازگەیەک بوو، کە لەگەڵ سەربازەکان فێرى فڕاندنى درۆنیان کردین.
یەکێک لە تیمى پارێزەرانى لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت هێشتا نەیانتوانیوە ناوبراو ببینن و دواین زانیاریش ئەوەیە دوینێ لەگەڵ خێزانەکەى قسەى کردوەو وتویەتى تەندروستیم باشەو کێشەم نییە. لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەحمەد خەسرەو یەکێک لەتیمى پارێزەرانى لاهور شێخ جەنگی، دەڵێت: ئەوەندەى ئێمە بزانین وەزعى باشە، بەڵام هێشتا وەک پارێزەرەکانى نەمانتوانیوە بیبینین، بەبیانووى ئەوەى ئەوشوێنەى ئەوى لێیە هێشتا گونجاونیە سەردانى بکەن و چوار پارێزەرمان لەسلێمانى لەیەکەم ڕۆژەوە هەوڵدەدەن پەنجەمۆرى لێوەربگرین و ڕێکارەیاساییەکانى بۆ ئەنجامبدەین، بەڵام نەیانهێشتوە، ئەو پارێزەرانەش بەخۆبەخشانە سەرجەم کارەکان دەکەن. سەبارەت بەدانپێدانانى ئەو کەسانەى کەلەچەند ڕۆژى ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ئەو پارێزەرە جەختى کردەوە هەموو ئەوانە سیناریۆن و نەبەرەى گەل نەهێزى دوپشک هیچ یەکێک لەوکەسانە ناناسن پەیوەندیان بەوانەوە نییەو دواین پۆستى یەکێک لەوانە لەگەڵ یەکێک لەکەسە دیارەکانى هێزەئەمنیەکانە. ئەحمەد خەسرەو وتیشى: ئەوەى بڵاوکراوەتەوە جێى پێکەنین و گاڵتەپێکردنە، چونکە کاک باڤڵ بەردەوام لەسەر شەقامە، ئەگەر بویسترایە تیرۆر بکرێت پێویستى بەقەناس و شوقە نەدەکرد، کاک بافڵ خۆشى گاڵتەى بەداگا دەکردو ڤیدیۆو بەڵگە هەیە کە وتویەتى دادگا سەربەخۆ نییە. ئەحمەد خەسرەو ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی سهرۆکی دەستگیرکراوی بەرهی گەل ڕایگەیاند، "داوامان لەدادگای فیدراڵی عێراق کردوە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بگوازێتەوە بۆ بەغداو لەوێ دادگایی بکرێت". ئەندامەکەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشکردوە، "تیمێکی پارێزەرانیان؛ لەبەغداش پێکهێناوەو داوایانکردوە دۆسیەکەی بگوازرێتەوەو پێیانوایە دادگای فیدراڵیش بەگوێرهى یاسا داواکە قبوڵدەکات، چونكه دادگای فیدراڵی وەک بەرزترین دادگای وڵات دەتوانێت داوا لەدادگای پارێزگاکان بکات دۆسیەکە بگوازنەوە بۆ هەر شارێکی تر کە بڕیاری لێبدات". ئهوهشى وت:"بەهیواین لەدادگاییەکی عادیلانەدا ئەو تۆمەتانە پوچهڵبكرێنهوه کە ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی کراون". لەڕۆژى هەینى ڕابردووە 22ـی ئاب لاهور شێخ جەنگى و پۆلاتى براى و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندامانی هێزەکەی لەلالەزار دواى شەڕێکى چوارسەعاتى دەستگیرکراون ئێستا لەزیندانن.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بژاردەی شەڕدا نین بەڵام ترسیشیان لە شەڕ نییە. دەشڵێت، ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن. لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ سێ میدیاكاری وڵاتەكەی مەسعود پزیشكییان، سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند: ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام ئەگەر بیانەوێت هێرش و دەستدرێژی بكەن، بەوپەڕی هێزە لەبەرامبەریان دەوەستین. وتیشی، ئێمە جەنگمان ناوێت، ئەمەشمان لە یەكەم رۆژەوە وتوە، بەڵام ترسیشمان لە جەنگ نییە. ئێمە هەوڵی ئەوە ئەدەین كە جەنگ رو نەدات، بەڵام ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن، بەڵام هیچ ئێرانییەك نایەوێت وڵاتەكەی دابەش بكرێت و یاخود بە سەرشۆڕی تەسلیم ببێت. لەبارەی بڕیاری ئەڵمانیا و بەریتانیاو فەرەنسا بۆ كاراكردنی سناپ باك و سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا پزیشكیان وتی، ترسی من لە سناپ باك یاخود هەڕەشە دەرەكییەكان نییە، بەڵكو لە ناكۆكییەكانی ناوخۆ دەترسم، ترسم لەو كەلێنە نێوخۆیی و ئەو كێشمەكێشانەیە كە هەندێك جار لەسەر بابەتی لاوەكی لەناوخۆ دروست دەبن، دوژمنانیش چاویان لەسەر ئەم ناكۆكییانەیە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) زنجیرەیەک چالاکی و گردبوونەوەی جەماوەری لە دوو رۆژی داهاتوودا لە 20 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدات. (دەم پارتی)، جەخت لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە هەر هەوڵێکی قۆستنەوەی سیاسی ناوخۆیی یان لادان لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دەكاتەوە. دەم پارتی، لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە:هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری دیموکراسی نابێت تەنها لە کاری لیژنە پەرلەمانییەكەدا كورت بكرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی فراوانی دامەزراوە جیاوازەکان هەیە، لە پێشیانەوە، رێکخراوەکانی پارێزەران، لە ڕێگەی پێشنیازەکانی پەیوەست بە دادپەروەری راگوزەرو بەهێزکردنی ئازادی رادەربڕین و، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و، پێداچوونەوە بە چەمکی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای یەکسانی و گشتگیری. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەم نزیكبونەوانە نمایندەی بەهایەکی مێژوویی دەکەن کە دیدگای ئەمنی بۆ پرسی کورد تێدەپەڕێنێت و هەوڵدەدات رەگ و ریشەی کێشەکە چارەسەر بکات و، ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنەی دیموکراسی دروست بکات. راشیدەگەیەنێت: دانیشتنەکانی ئەم دواییەی لیژنەكەی پەرلەمان بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی گوتارێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و گەڕان بەدوای چارەسەرەکاندا بێت، جەختیش دەكاتەوە، جیاوازییەكانی کۆمەڵگا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزین و، زمانی خەڵک دەبێ پردی ئاشتی بن نەک ئامرازی دابەشبوون.
سوپاى ئیسرائیل لەشەوى ڕابردوەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر کردوەتەوە، میدیاکانی ئیسرائیلیش هەندێک وردەکاری لەبارەی "ڕووداوێکی سەختی ئەمنی" ئاشکرا دەکەن. میدیاکانی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی ١١ی دیکەیان بە سەختی بڵاوکردەوە. هەروەها باس لەوەدەکەن لەو هێرشانەدا بۆسەر گەرەکى زەیتون لە غەززە چوار سەربازی دیکە بێسەروشوێنن و سوپای ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ڕەنگە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیرابن، ئەم ڕووداوەش بە یەکێک لە سەختترین ڕووداوەکان دوای هیرشەکانى ٧ى ئۆکتۆبەر دادەنرێت. میدیاکان دەڵێن یەکێک لە ڕووداوە ئەمنییەکان لە غەززە تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو بووە کە ئۆتۆمبێلێکی " نەمر "ی کردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت سەرباز برینداربوون، کە باری تەندروستی سێ سەربازییان ناجێگیرە. لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، دەکرا هەر لە هەفتەی ڕابردوودا بارمتە زیندووەکان لەناو ماڵەکەدا بوونایە و لەبری ئەوە حکومەت و کابینەکە بڕیاریانداوە کە بەرەو داگیرکردنی غەززە هەنگاو بنێن. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەش هەموو بەرپرسانی دامەزراوەی بەرگری پلانیان هەیە بەرەیەکی یەکگرتوو بخەنەڕوو کە بەپێی ئەو بەرەیە دەبێت ئێستا ڕێککەوتنی بارمتەکردن بەرەوپێش ببرێت پێش ئەوەی بچنە داگیرکردنی غەززە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسرائیل هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر پێشنیاری ئاگربەست ئەنجام نەداوە کە حەماس زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەسەری ڕازی بووە. وتەبێژی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئەبو عوبێدە، هەڕەشەی کرد کە "پلانی تاوانکاریی دوژمن بۆ داگیرکردنی غەززە دەبێتە کارەسات بۆ سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییەکەی. سوپاى ئیسرائیل بە خوێنی سەربازەکانی باجەکەی دەدات، هەروەها ئەگەری ڕفاندنی سەربازی زیادە زیاتر دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانانمان لە ئامادەباشیدان و ئامادەن و ورەیان بەرزە، نموونەی ناوازەی قارەمانێتی و بوێری دەخەنەڕوو، وانەی سەختیش فێری داگیرکەران دەکەن. گوتیشی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگ و وەزیرەکانی بە ئەنقەست بڕیاریاندا نیوەی ژمارەی بارمتە زیندووەکانی دوژمن کەمبکەنەوە، هەروەها زۆربەی تەرمی کەوتووەکان بۆ هەمیشە دیارنەماون"، دەشڵێت: سوپای دوژمن و حکومەتە تیرۆریستییەکەی بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆ دەگرن. ئەبو عوبەیدە بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە حەماس هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی بارمتەکان و هۆشداریشیدا لەوەی "لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا لەگەڵ شەڕڤانانمان پێکەوە دەبن، لە هەمان هەلومەرجی مەترسیدار و هەمان بارودۆخی ژیانی هاوشێوەدا". گەڕەکی زەیتون و سابرا شاهیدی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بوون لەلایەن چەکدارانى حەماسەوە کە بە بۆسەیەکیان دانابوو بەوهۆیەوە سەربازێکى ئیسرائیل کوژر، بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، کە پشتڕاستیان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەناو "پرۆتۆکۆلی هانیباڵ" چالاک کردووە بۆ کوشتنی هەر سەربازێک پێش ئەوەی بگیرێت. هێلیکۆپتەرەکانی چۆڵکردن کەوتوونەتە بەر هێرشى سەخت و تەقەی قورس و پێدەچێت هێزەکانی فیرقەی ١٦٢ و لیوای ٤٠١ لە گەڕەکی زەیتون لە ڕۆژهەڵاتی غەززە بۆسەیان بۆ دابنرێت. سوپا دەستیکردووە بە کشانەوەی سەربازەکانی لە گەڕەکی زەیتون و گەڕاندنەوەیان بۆ سەربازگەکانیان، هاوکات سانسۆری سەربازی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە لەسەر ئەوەی بەسەر ئەو چوار سەربازەدا هاتووە لە گەڕەکی زەیتون، سەپاندووە. وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبێدە ، ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەوەی بە وەزیرە نازییەکانی وەسفی کردووە، بە ئیرادە بڕیاریانداوە ژمارەی زیندانییە زیندووەکانیان بۆ نیوە کەمبکەنەوە. هەروەها بڕیاریان داوە کە زۆربەی تەرمی زیندانییە مردووەکانیان بۆ هەمیشە ون بێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، هەسەدە بەشێك نییە لە پەكەكە و هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و پاڵپشتی گفتوگۆی مەزڵوم كۆبانێ و هاكان فیدانیش دەكەن. تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە هەیە و وەك ئەمریكاش پاڵپشتی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن. وتیشی، توركیا هاوپەیمانێكی سوریایە، بەڵام روبەڕوی پەكەكە و هەسەدە دەبێتەوە، هەسەدەش لە شەڕی دژی داعشەوە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و ئەو ئاڵۆزییەش سەرئێشە بۆ ئەمریكا دروست دەكات. باراك ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی و ململانێی توركیا و هێزە كوردییەكانی سوریا سەرەڕای ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوانیان، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەگەرێكی گفتوگۆ كراوەیە بۆئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت. دەشڵێت، ئەحمەد شەرع كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە و دروزەكان و كورد و عەلەویەكانیش خاكیان دەوێت، لە كاتێكدا ئەو سورە لەسەر حكومەتێكی ناوەندیی لە سوریا.
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانى پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆى ئاگرەکەوە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانى ناوچەکە سوتاون. بەهۆى تەقەمەنی پاشماوەکانى جەنگى عێراق - ئێرانیش پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ تواندراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ناوچەکە دەڵێت، "تەندروستیی بریندارێک ناجێگیرە." هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن ڕاگەیاند، بەشێکى زۆرى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەشێکى کەمى ماوە کە بەهۆى مین و پاشماوەى جەنگییەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن. ئاماژەى بەوەشکرد، بەدرێژایى شەوى رابردوو تیمەکانى پۆلیسى دارستانى سلێمانى، سەیدساق، شارەزوور، پێنجوێن، رێکخراوى ملەکەوە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە ئەرکدابوون بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە و هیواشى خواست لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن. لە بارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکەش، هێمن ئیبراهیم، گوتى، تاوەکو ئێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە رووننەبووەتەوە بەڵام پەراوى لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دواى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن. لەلایەکى دیکەوە سەردار ئەحمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ شەممە وتى، "نزیک کاتژمێر دەى ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا ئاگرەکە چیاکانی سنووری قەزای پێنجوێنی لە پارێزگای سلێمانی گرتبووەوە، لەوانە چیای کچێ، نزارا و کێلوو. لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا بەهۆى ئاگرەکە دوو هاونیشتمانى کە تیمى خۆبەخشبوون برینداربوون و رەوانەى نەخۆشخانە کراون و بەگوێرەى زانیارییەکان، یەکێک لە هاونیشتمانییەکان زیاتر لە 70%ى جەستەى سوتاوە و دۆخى تەندروستى جێگیرنییە. 17ی ئەم مانگە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش بریندار بوون.
هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی هاتوچۆی سلێمانی لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە و لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانی و ئەفسەرێکی هاتوچۆ برینداربوون. هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە بەوهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا، راستەوخۆ دوای ڕووداوەکە بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە هێلیکۆپتەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەچێت تەرمەکەی بهێنێتەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرێکە دەکەوێتەخوارەوە و دوو سەرنشینەکەی برینداردەبن. بەختیار محەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی وت، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە. تەرمى شۆفێرەکە لە پزیشکی دادە و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی شار چارەسەریان بۆ دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کە بە رووداوی هەڵدێران لە شاخی هەڕووتە کەوتبووەخوارەوە، هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی سلێمانی بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە کەوتەخوارەوە. یەکێک لە بریندارەکانی هێلیکۆپتەرەکە عەمید حسێن فەیزوڵا، لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانییە و بریندارەکەی دیکە ئەفسەرێکی هاتوچۆیە و تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە. چۆنیەتیی رووداوەکە لە زاری یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکە ئەحمەد رەسوڵ لە دایکبووی 1973ـیە، شەوی رابردوو پاش تەواوبوونی لە کارەکەی لە یەکێک لە تاوەرەکانی چیای ئەزمڕ، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت، ئەوە بەگوێرەی گێڕانەوەی قودسی ئیسماعیل، کە کەسوکاری قوربانییەکەیە. قودسی ئیسماعیل دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 12.00 ئاشكرابوو لە چیای هەڕووتەی ئەزمڕ بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کەوتووەتەخوارەوە و گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، لەبەر سەختیی شوێنی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکە، پاش هەماهەنگی لەنێوان ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆی سلێمانی، بڕیاردرا بە هێلیکۆپتەر تەرمەکە بهێننەخوارەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرە فریاگوزارییەکە لەکاتی نیشتنەوەدا بۆ هاریکاری وهێنانەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکە کەوتووەتە خوارەوە. پاش وەرگرتنەوەی تەرمی هاونیشتمانیەکەش لە پزیشکی داد، کەسوکارەکەی راستەوخۆ دەیبەن بۆ گۆڕستانی گوندی خەمزە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
"چاوێکم لەسەر عێراق بوو،" ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بەو رستەیە گرنگیی عێراقی بۆ وڵاتەکەی دەربڕی، ئەمەش ئەو کاتەی کە لە کۆتایی 2024 خۆی و هێزەکەى لە پارێزگای حەلەبەوە بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەڕۆیشتن بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد. ئەو دەڵێت، "چاودێریی دۆخی سەربازیی سووریام دەکرد لەگەڵ دەرهاویشتەکانی لەسەر عێراق." ئەحمەد شەرع کە هەشت مانگە بە فەرمی بووەتە سەرۆککۆماری سووریا، دەڵێت، "لە کاتی شەڕەکانمان لە سووریا و بەر لە گەیشتنمان بە دیمەشق، تێبینیی ئەوەمان کرد کە هەندێک لایەنی عێراقی دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە." ئەو گوتانەی ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەکەیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری عەرەب، کە لە 24ی ئاب لە دیمەشق کرا، بەڵام دەقی گفتوگۆکە تازە بڵاوکراوەتەوە. شەرع باسی دۆخی دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق کرد. بە گوتەی ئەو، لە ناوخۆی عێراقدا گوشارێک لەسەر بڕیاربەدەستان هەبوو، کە دەبێت حکومەت زوو دەستوەربدات و ئاڵنگارییەکی گەورە هەیە، ئەگەرنا "باجێکی قورس دەدات،" ئەویش هەوڵی بە دڵنیاکردنەوەی عێراقی داوە. لەدیدارەکەدا، ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی سووریا دژی ڕژێمی پێشوو، زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دژی ئیرادەی خەڵکی سووریا وەستانەوە و کاتێک بۆ عێراق کشانەوە، دەستیان بە هێرشی ڕاگەیاندن لە دژمان کرد. - ئێمە داوای لێبووردن یان تۆڵەسەندنەوەمان نەکردووە، وەک ئەوەی دوای جەنگەکان ڕوودەدات، بەڵکو دەرگای سووریامان بۆ هەمووان کردەوە و وەک دەوڵەتێکی دراوسێ مامەڵەمان لەگەڵ عێراقدا کرد، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیی پێکەوە دەمانبەستێتەوە." - ئێستا عێراق لەبەردەم ئاستەنگدایە و لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەماندایە و ڕوون نییە چۆن بەڕێوەدەچێت گوشارێکی زۆریش لەسەر سوودانی هەیە و ئاماژەی نەرێنیش لە هەندێک لایەنەوە بەرامبەر سووریا هەیە. - زۆر لایەن هەوڵیان دەدا سوود لە دۆخی سووریا وەربگرن و بابەتی تائیفی لە عێراقدا بقۆزنەوە، بەڵام من ڕەتم کردەوە و مامەڵەی ڕاستەخۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق پێ باشتر بوو و تا ئێستا پابەندین پێوە. 8ی کانوونی یەکەمی 2024 بە فەرمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، کە پەیوەندیی هاومەزهەبی شیعەى لەگەڵ ئێران و زۆرینەی دەسەڵاتدارانى عێراق بەهێز بوو. سەرۆککۆماری سووریا گوتی، "پەیامێکی راستەوخۆ و بەپەلەم نارد بۆ سوودانی کە لە پەرلەمان بوو، بۆئەوەی بڕیارێک بدات. لەوە ترسام کە بڕیارێکی هەڵە بدات و بە ڤیدیۆیەکی خێرا هاوکاریم کرد، کاردانەوەی باش بوو بۆئەوەی تێڕوانینێکی ئەرێنیی بۆ دۆخی سووریا هەبێت." سنووری نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 605 کیلۆمەترە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، مەترسیی عێراق لەوە بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە دزە بکەنە ناو وڵاتەکەی. ئەحمەد شەرع گوتی، "ئەو پەیامە وایکرد عێراقییەکان دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و تەنیا رێکاریان پاراستنی سنوور بێت." رەخنەی سەرۆککۆماری سووریا ئاراستەی هەندێک لە لایەنی عێراقی بوو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و گوتی، "هەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی بەڕوومان وەستانەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوون. ئەوە یەکێک بوو لەو پرسانەی بە تەواوی لێی تێنەگەیشتم. کاتێکیش کشانەوە بۆ عێراق، لەوێ لەڕووی راگەیاندنەوە هێرشیان دەکردە سەرمان."
سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا ڕایدهگهیهنێت، دوای دهنگدان لهسهر لیستی باڵیۆزان، دهبێت گهندهڵكاران و ئهوانهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، لهلیستهكه دوور بخرێنهوه. نوری مالیكی، سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا، لهبارهی پهسهندكردنی ناوی باڵیۆزانی عێراق لهوڵاتانی جیهان له پهیامێكدا ڕایگهیاندووه، دهنگدان لهسهر لیستی كاندیدان دهبێت بهجۆرێك بێت، گهندهڵكار و ئهوانهش دوور بخرێنهوه كه دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه. مالیكی راشیگهیاندووه، ساڵانێكه عێراق بهدهست لاوازیی و كهموكورتی كادری دیبلۆماسی باڵیۆزخانهكانی لهدهرهوه دهناڵێنێت، بۆیه پهسهندكردنی لیستی باڵیۆزان، كاردانهوهی بهدوای خۆیدا هێنا و داوا دهكهن ئهوانهی دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، ئهوانهشی گهندهڵن و دۆسیهی تاوانكارییان لهسهره، بهڕێككاری یاسایی و دهستپاكی و ئهمنیی دوور بخرێنهوه.
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی مۆریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم، 49 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسێکی باڵای هێزی پاسەوانی دەریایی مۆریتانیا کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، جگەلە گیانلەدەستدانی 49 کەس، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەو بەرپرسەی مۆریتانیا ئاشکراشیکرد، بەلەمەکە 160 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە، کە زۆربەیان خەڵکی سینیگال و گامبیا بوون. گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە تەنیا 17 کەس لە مردن رزگاربکەن و گەڕان و پشکنین بەدوای ونبووەکاندا بەردەوامە. ساڵی رابردوو، مۆریتانیا رێککەوتنی پەنابەرانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێت و لە بەرامبەردا 210 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت. بەگوێرە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەوروپا تەنیا مانگی ئازاری ئەمساڵ هەزار و 200 پەنابەر لە مۆریتانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سەدان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکاندا دەستگیرکراون.