میدیا فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە بڵاویانکردەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣٤ فەلەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، "بەهۆی تەقەی هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاری لە ڕۆژئاوای ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە، پێنج هاووڵاتی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون". ناوەندەکە بڵاویکردەوە، "بەهۆی بۆردومانکردنی خێمەیەک کە فڕۆکەکانی ئیسرائیلی لە ڕۆژئاوای خان یونس ئاوارەکانی تێدابووە، پێنج فەلەستینی ئاوارە کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون". لەلایەکى دیکەوە کازم ئەبو خەلەف، گوتەبێژی رێکخراوی یونیسێف لە فەڵەستین دەڵێت، هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی منداڵانی غەزە نییە، کە لە ماوەی جەنگی غەزە نزیکەی 50 هەزاریان لێ کوژراوە و بریندار کراون. خەلەف لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، تووڕەیی جیهانی هەیە سەبارەت بەوەی لە غەزە روودەدات، بە کوشتنی منداڵان و کاولکردنی غەزەش، ئاشتی لە ناوچەکە بەدی نایەت. خەلەف سەرکۆنەی ئەوە دەکات برسیکردن وەکو چەک بەکاربهێنرێت و بە تاوانی جەنگ باسی دەکات، داواش لە ئەمریکا دەکات هاوکارییەکان و دەرمان بنێرێتە غەزە و دەڵێت، بەردەوامن لە دروستکردنی فشاری سیاسی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لەکاتێکدا دۆخی غەزە تا بێت خراپتر دەبێت.
ئاژانسى وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٦٠% پێچەوانەی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نییە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتیانە و هیچ بەڵگەیەکیش لە ئارادا نییە کە بۆ مەبەستی سەربازی بگوازرێتەوە. جگە لەوەش ئەو ئاژانسە پشتڕاستی کردەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەتەواوی سەرپەرشتی کارەکانی پیتاندن و هەڵگرتنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات، بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاماژە بۆ تێکدان و کردەوەی دوژمنکارانە هەیە کە بووەتە هۆی پیسبوونی ئەتۆمی لە هەندێک شوێنی وڵاتەکەدا". ئەم لێدوانانە چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی هات کە بڕیارە لە ٩-١٣ی حوزەیران بەڕێوە بچێت، کە بڕیارە بڕیاڕ نامەیەک دەربکات کە تاران و چالاکییەکانی پیتاندنی وڵات شەرمەزار بکات. هەروەها لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی زیاتر پەرەی سەندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران نەیتوانیوە وەڵامی دڵخۆشکەر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکانی لە چەند شوێنێکدا بداتەوە و کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ئاستێکی نزیک لە پلەی چەک زیاد کردووە. هاوکات سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات. رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە و گوتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین." ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن. ترەمپ دووپاتیکردەوە، رێککەوتنی دیپلۆماسی بژاردەی دڵخوازی ئەوە و گوتیشی، "بەڕاستی نامەوێت رێگەکەی دیکە هەڵبژێرم، بەڵام وا دیارە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت."
لە یەکەم رۆژى جەژنى قورباندا، بەشێک لە هاونیشتمانییان قوربانییان ئەنجامدا و بەگوێرەى ئامارێک، بەراورد بە ساڵى رابردوو، قوربانیکردن لە یەکەم رۆژى جەژندا لە هەرێمى کوردستان لە کوشتارگە فەرمییەکاندا 50% کەمیکردووە. دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی لەسەر دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بەهۆیەوە جەژنێکی ساردوسڕ بەڕێدەکەن و دەڵێن، دڵیان خۆش نییە و تەنانەت سەردانیکردنی خەڵکیش کەمبووەتەوە و منداڵانیش وەک پێویست بۆ وەرگرتنی جەژنانە بە ماڵاندا ناگەڕێن. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، ڕاگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا تاوەکو کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ 63 سەر ئاژەڵى گەورە و 196 سەر ئاژەڵی بچووکیان سەربڕیوە. محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانییش دەڵێت، لەیەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە کوشتارگەکەیان 410 سەر ئاژەڵ کراوە بە قوربانیی، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 50% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانی گوتیشى، لە یەکەم رۆژدا تەنیا سێ هاونیشتمانیی قوربانییان کردووە، 407 سەر ئاژەڵەکەى دیکە لەلایەن رێکخراوەکانەوە هێنراون بۆ قوربانیی. هاوکات، دڵنیا فاروق بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەریی پارێزگاى هەڵەبجە رایگەیاند، رێژەی قوربانیی بەراورد بە ساڵی رابردوو لە سنوورى پارێزگاکەدا، %50 کەمیکردووە و لەیەکەم رۆژی جەژندا تاوەکو کاتژمێر 20ـى شەو، تەنیا 82 سەر ئاژەڵ کراون بە قوربانیی. لەبارەى ئامارى قوربانیکردن لە رۆژى یەکەمى جەژندا، بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتێرنەریی پارێزگاى دهۆک رایانگەیاند، لە کۆتا رۆژى جەژندا ئامارەکان رادەگەیەنن. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سێ رۆژى دیکەى جەژنى قورباندا، قوربانیکردن تیایدا رێگەپێدراوە و هاونیشتمانییان و رێکخراوە خێرخوازییەکان قوربانیی ئەنجامیدەدەن، بەمەش ئامارەکانى قوربانیکردن لە جەژنى قوربانى 2025دا لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات. رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە. ئەو وتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین." ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جارێكی جەختیكردەوە: کردەوە واشنتۆن رێگە بە تاران نادات لەناو وڵاتەکەیدا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبدات. ترەمپ، لە لێدوانێکی کورتدا، لەناو فڕۆکەکەی لەوەڵامی پرسیارێكداسەبارەت بە قسەكانی رابەڕی باڵای ئێران كە وتی، دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، رایگەیاند: "نابێت پیتاندن بكەن، ئەگەر پیتاندن بکەن، ناچارین جوڵە بكەین و رێگەیەكی جیاواز بگرینەبەر"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاڕاستەیەکی دوور لە دانوستانەکان، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئەو ئاڕاستەیە چی دەبێت. ترەمپ، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، ئارەزووی ئەوە ناکات ئەنجامی بدات بەڵکو ناچار دەبێت، لە کۆتاییدا وتی: "هیچ بژاردەیەکی ترمان نابێت... رێگە بە پیتاندن نادەین". ئەم لێدوانانەی ترەمپ، دوای دوو رۆژ دێت لە رەتکردنەوەی پێشنیازی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، كە تیایدا عەلی خامەنیی رابەڕی باڵای ئێران جەختیكرد، تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکەی لەگەڵ ترەمپ، ئیلۆن مەسک لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی گشتییەوە لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى "X" پێشنیارى بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ دەخاتەڕوو بۆ نوێنەرایەتیکردنی "زۆرینەی بێدەنگ" لە ئەمریکا. چەند ڕۆژێکە شەڕە قسەى نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و ئیلۆن مەسک خاوەنى کۆمپانیاکانى سپەیس ئێکس و تێسلا و تۆڕى ئێکس گەرمە و کاریگەریی گەورەى لەسەر بازاڕى پشکەکانى ئەمریکا و دراوە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە. هەردووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خۆیانەوە کە ترەمپ خاوەنى تروس سۆشیاڵە و ئیلۆن مەسک خاوەنى ئێکسە، قسە بە یەکترى دەڵێن. ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک ئاماژەی بەوەدا کە "پێویستە پارتێکی سیاسی نوێ لە ئەمریکا دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتی ئەو 80%یە بکات کە لە ناوەڕاستدا وەستاون" لە نێوان پارتەکانی کۆماری و دیموکرات لە ئەمریکا. ئەم دوورخستنەوەیە لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی مەسک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای چەند ڕۆژێک لە وازهێنانی لە حکومەتی ئەمریکا. ناکۆکییەکە بە ڕەخنەی ماسک لە پڕۆژە یاسای باج و خەرجییەکانی ترەمپ دەستی پێکرد. ترەمپ نائومێدی خۆی لە ئیلۆن ماسک دەربڕیبوو کە هاوپەیمانی خۆی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا و لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە وەزارەتی کارایی حکومەت کاریان کردبوو پێش ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا بە فەرمی بڕوات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئیلۆن مەسک "عەقڵی لەدەستداوە"، بەڵام پێداگریی کرد کە دەیەوێت جیابوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ملیاردێرە پێشووەکەی بە ئاسانی تێپەڕێنێت. ئەم جیابوونەوە ئاشکرا و تووندەی نێوان دەوڵەمەندترین و بەهێزترین کەسی جیهان، لە هەموو روویەکەوە پڕە لە مەترسیی سیاسی و ئابووری. بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ترەمپ بیرۆکەی قسەکردنی لەگەڵ مەسک رەتکردووەتەوە، تەنانەت بیری کردووەتەوە کە دەستبەرداری ئەو تێسلا سوورە ببێت کە لە لووتکەی پەیوەندییە گەرموگوڕەکەیاندا کڕیبووی. ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا زەبەلاحە "گەورە و جوانەکەی" – کە رەخنە تووندەکانی مەسک لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا بووە هۆی جیابوونەوەکەیان. بەڵام سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 78 ساڵەکە نەیتوانی خۆی بگرێت و هێرش نەکاتە سەر مەسکی هاوڕێی، کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی. قەیس خەزعەلی، سەرۆكی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ لەوتاری نوێژی جەژندا رایگەیاند: کێشە بنەڕەتی کە تەواوی کێشەکانی لێیەوە سەرچاوە دەگرن ئەوەیە، زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم بڕوایان بە عێراقێکی یەکگرتوو نییە. وتیشی: رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرینەی پەنابەرانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، خەڵکی هەرێمی کوردستانن. خەزعەلی راشیگەیاند: بەرپرسیارێتی دەوڵەت كارێكی هاوبەشە، هەموو خەڵکی عێراق بەبێ جیاوازی ماف و ئەرکیان هەیە، ئەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەوە نامەنتیقیە داوای هەموو شتێک بکەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بدەن. لەبەشێكی تری وتارەكەیدا جەختیكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناکات و بە نرخی خوڵ دەیفرۆشێت، داهاتی دەروازە فەرمی و نایاساییەکانی هەرێم رادەستی بەغداد ناكات. وتیشی: هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن، من لە پشت بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوەم.
ئێرۆل مەسک، باوکی ملیاردێر ئیلۆن مەسک، دووپاتیکردەوە کە شەڕی قسەی نێوان کوڕەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "دوای چەند ڕۆژێک کۆتایی دێت"، بە تەنها ململانێی نێوان "دوو گەورە" وەسف دەکات. لە دوێنێوە شەڕە قسەى نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و ئیلۆن مەسک خاوەنى کۆمپانیاکانى سپەیس ئێکس و تێسلا و تۆڕى ئێکس گەرمە و کاریگەریی گەورەى لەسەر بازاڕى پشکەکانى ئەمریکا و دراوە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە. هەردووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خۆیانەوە کە ترەمپ خاوەنى تروس سۆشیاڵە و ئیلۆن مەسک خاوەنى ئێکسە، قسە بە یەکترى دەڵێن. لەوەڵامى پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسان لە هۆڵی فڕۆکەخانەی دەهلی، ئێرۆل مەسک قسەى لەسەر ئەو مشتومڕەى ناو سۆشیال میدیا کرد کە سەرنجی جیهانی بەدەستهێناوە و بە "کەمێک گاڵتەجاڕانە" وەسفیکردووە و بەهۆی گرژی و ماندوێتی لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتدا بووە. لەبارەی بڕیارەکەی ئیلۆن ماسک بۆ هێنانە پێشەوەی فایلەکانی جێفری ئیپستین لە هێرشەکەی بۆ سەر ترەمپ، ماسک دانی بەوەدانا کە سەری لێ شێواوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "نازانم بیری لە چی دەکردەوە، تەنها دەتوانم بیهێنمە پێش چاوم کە ئەوە تەنها هەڵەیەکی گەمژانە بووە"، ئەو هەنگاوەی بە ئەنجامی فشاری دەروونی وەسفکرد نەک ستراتیژی. باوکی ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە دانی بەوەدانا کە کوڕەکەی نیگەرانە لەوەی کە بە ئیستغلالکردنی هاندانە داراییەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ دەرکردنی یاسا، خاڵێک کە دەوترێت ناکۆکی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا دروستکردووە. سەرەڕای گرژییە گشتییەکان، ئێرۆل ماسک متمانەی خۆی دەربڕی کە ناکۆکی نێوان ئیلۆن و ترەمپ تەمەنی کورت دەبێت. دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، پێیوابووە ئیلۆن مەسک کەسێکى ژیرە، بەڵام بەوشێوەیە نییە، دەشڵێ، ئۆتۆمبێلەکانى بۆ ساغنابێتەوە و کەس لێى ناکڕێت، ئەو یارمەتیداوە و ئۆتۆمبێلەکانى هێناوەتە کۆشکى سپى و نمایشىکردووە بۆئەوەى هانى خەڵک بدات ئۆتۆمبێلى تێسلا بکڕن، هەروەها دەڵێ، مەسک شێت بووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەى هەڵیت و پەڵیت دەکات. لە بەرامبەردا ئیلۆن مەسک دەڵێ، ئەگەر ئەو نەبووایە ترەمپ لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا دەرنەدەچوو و ئێستا ئەو سەرۆک نەدەبوو، هەروەها دەشڵێ، لە دۆسیەى جیفرى ئێپستاین کە بازرگانى بە مرۆڤەوە دەکرد و منداڵباز بوو، تێوەگلاوە، هەربۆیە دۆسیەکەى ئاشکرانەکراوە، تەنانەت دواى گیانلەدەسدانیشى لەزیندان، دۆسیەکەى داخراوە، ئیلۆن مەسک گوتیشی، ترەمپ پێشتر چەندینجار سەردانى ئێپستاینى کردووە و لە دۆسیەکانى بازرگانیکردن بە جەستەى مرۆڤ و تێرکردنى ئارەزووەکانى ناوى لە دۆسیەکەیدا هاتووە.
ئەندامێكی مەكتەبێكی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت: بڕیاری راگرتنی موچەی موچەخۆران سیاسییە و ئاشكراشیدەكات؛ عێراق نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ دەكات و بەناوی نەوتی عێراقەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات هاوكات باسی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی دەكات. لەسەر راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق بە سكای نیوزی عەرەبی رایگەیاندوە: راگرتنی موچە بڕیارێكی تەواو سیاسییە و كاتی راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم زۆر خراپ بوە، دارایی عێراق سزای بەكۆمەڵ بەسەر خەڵكی كوردستاندا جێبەجێ دەكات، بۆیە بەبێ سزادانی ئەو كەسانەی لەپشتی بڕیارەكەوەن تێناپەڕێت. وتیشی: هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە بودجەی عێراقدا بەرێژەی لە (12.67%) هەیە، بەڵام بەغداد پابەندی جێبەجێكردنی یاسای بودجە نابێت، كە ئەوەش پێچەوانەی دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە. لەسەر بەقاچاغ بردن و هەناردەكردنی نەوت هەرێم رونیكردەوە؛ ناتوانێت رەتی بكاتەوە كە بەشێوەی قاچاغ نەوتی هەرێم هەناردە ناكرێت، بەڵام بەرێژەیەكی زۆر كەمە، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری و لەڕێگەی توركیاوە بەشێوەیەكی فەرمی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، بەڵام عێراق پڕۆسەكەی راگرتوە و تا ئێستا زیاتر لە (25) ملیار دۆلار زیانیان لەوڵات گەیاندوە. ئاشكرایكرد، بەغداد نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكات و بەناوی نەوتی خۆیەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی دەستور پڕۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غاز تەنها لەدەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدا نییە، بەهۆی رێگریەكانیانەوە لە ساڵی (2007)ـەوە تا ئێستا نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز دەربچوێنرێت. سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لەدوای بڕیاری راگرتنی موچە كە بڕیارێكی ستەمكارانەیە، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد تێكچوە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە پێدەچێت كە كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە و بەغداد بەجێبهێڵێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لە رۆژانی 27 و 30 مانگی رابردوو، دوو گەریلایان گیانیان لەدەست داوە. ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 27 و 30ـی مانگی رابردوو لەڕێگەی تۆپ و درۆنەوە پێگەکانیانیان لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردوون و لە ئەنجامدا دوو گەریلا بە ناوەکانی (باوەڕ و وڵات) گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە راشیگەیاند، گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە و لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی رابردوو و یەکی ئەم مانگە، لە ناوچەکانی زاپ لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە. لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ـی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 1ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا. زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە." زاگرۆس هیوا گوتیشی: "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین." لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
دوو بەرپرسی ئاگاداری ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمریکا کە هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەگەر ئەوکاتەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ئاماژە بەوەبدات کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران شکستی هێناوە. بەرپرسێک ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە ڕوونی بۆ هاوتا ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئیدارەی ترەمپ سەرسام ناکات. بە گوتەی ئەو دوو بەرپرسە ئیسرائیلییە، حکومەتى ئیسرائیل ئەو پەیامە دڵنیاکەرەوەیەی بە ئەمریکا گەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو لە سەردانێکیدا بۆ واشنتۆن لەلایەن ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد و تزاچی هانێگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. واشنتۆن ماوەی چەند هەفتەیەکە نیگەرانە لە ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل پلانی بۆ هێرشکردنە سەر تاران داناوە، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران. ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازی لە کاتێکدا دانوستانەکان بەردەوامن. بەڵام ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستەکەی "دەتوانێت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بگۆڕێت" ئەگەر هەست بکات وتووێژ لەگەڵ ئێران هیچ بەرهەم ناهێنێت.
حاجیان بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەردبارانکردنی جەمارات لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستیان پێکردوە، لەدوای کێوی عەرەفە، ئەمڕۆ هەینى، کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، حاجیان دەچنە موزدەلیفە لە مینا، ئەو شوێنەی کە رووکنی بەردبارانکردن (رەجمکردن)ی شەیتان بەجێدەگەیێنن. وەرزی حەجکردن پشت بە رۆژژمێری کۆچی دەبەستێت؛ بەو پێیەش، حەجکردنی ئەم ساڵی حاجیان لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما لە مەککە دەگاتە نزیکەی ٣٨ پلەی سیلیزی. لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بەردباران (رەجم)ی شەیتان (ئەهریمەن) بکەن و دواتر قوربانی دەکەن. لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن. دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی شەیتان بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی حەج دێنن. بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن. بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات. رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی رێوەڕەسمەکانی حەج، حاجیان دەگەنە مەککە و نیەتی حەجکردن دێنن. رۆژێک دواتر، تەوافی دەوری کەعبەی پیرۆز دەستپێدەکات. دواتر لە هەمان رۆژدا ئەرکی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. پاشان بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. رۆژی 9ـی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکەی نوێکردەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو وڵاتە بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هەر لایەنێک دەستی هەبێت لە چالاکییەکی سەربازی دژ بە وڵات، باجی قورس دەدات و پەشیمان دەبێتەوە. ناوبراو هەروەها جەختی کرد کە ئێران بە تەواوی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "هەر سیناریۆیەکی ئەگەری" بووە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی کۆڕی پەخشی ئێران، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاکامێکی ترسناک دەبێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات. سەلامی ئاماژەی بە دوو ئۆپەراسیۆنی پێشووی ئێران کرد کە بە "بەڵێنی ڕاستەقینەی 1 و 2" ناسراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هێرشەکان دووبارە بکرێنەوە، وەڵامدانەوەکە "توندتر و فراوانتر" دەبێت. هەروەها جەختى لەوەکردەوە که ئیسرائیل بەباشی ئاگاداری توانا سەربازییەکانی ئێرانه و هەر پێکدادانێک دەتوانێت ببێته هۆی له ناوچوونی ئەو کیانە. لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هۆشدارییەکی ڕوونی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هەر وڵاتێک بەشداری لەو جۆرە سەرگەرمییە سەربازییەدا بکات، بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆ دەگرێت لە دەرئەنجامەکانیان". ئەم جۆرە هۆشدارییە ئێرانییە لەم دواییانەدا چەندین جار لە لایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسییەوە دەنگی داوەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوام بن. ئەم لێدوانانە دوای قسەوباسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هات کە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، تەلئەبیب هەوڵی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات. چوارشەممەى ڕابردوو 4ی حوزەیرانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان." رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، "زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلانەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد." خامنەیی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی، "پیلانەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران."
لەپەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە، لاهور شێخ جەنگى داوا لە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان دەکات ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لەپەیامەکەیدا بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزانەوە بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگى بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکات، دەڵێت: پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا دەڵێت: وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە. لاهور شێخ جەنگى دەشڵێت: بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت. هەروەها دەشڵێت: رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى دەڵێت: داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین. دەقى پەیامەکە بەناوی خوداى بەخشندەى میهرەبان، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن، بێ متمانەیی خەڵک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایەو دڵنیانەبوون لە داهاتووى رۆڵەکانیان شەو ڕۆژ لە زهنیاندا دەزڕنگێتەوە. هاووڵاتیانی خۆشەویست، من وەکو لاهور شێخ جەنگی کە رۆژێک لە رۆژان بەرپرسیارێتیم هەبووە لەم هەرێمەدا مافی ئەوەتان پێدەدەم نیگەرانبن لە هەمووان، چونکە بەداخەوە وایلهاتووە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لە قسەی بێکردار و یەکترشکاندن لە میدیاکانەوە نەمانتوانیووە وەکو پێویست خزمەتی هاووڵاتیانی کوردستان بکەین. دۆخی ئێستای کوردستان بە جۆرێکە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە نە پەرلەمانی هەیە ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان و نوێنەرایەتی خەڵک بکات، نە حکومەتی هەڵبژێردراوی هەیە، نوێنەرانی کوردیش لە بەغداد یەک دەنگ و یەک بڕیار نین، هەموو ئەمانە وایکردووە خەڵکی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی نەبێت و هەر لایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی باس لە دۆخی کوردستان بکات. سەرباری ڕەخنەکانمان گۆڕانکاری و کاردانەوەکان خێران و کار گەیشتووەتە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێنەدانی مافە داراییەکانیان. هەربۆیە وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە. بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت. کەسی یەکەمی لایەنەکان هەرچی هەیانە بەڕاشکاوی بەرامبەر یەکتری بیڵێن ئەگەر دەیانەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن دەبێت لە قاچاخچێتی و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە تا دەگاتە بەهەدەردانی سەروەتی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە لەوێ باسی بکەن، رێگە چارەش بخەنە روو، تا چیتر لە رێگەی میدیاکانەوە برینەکان قوڵتر نەکەینەوە و هاووڵاتیانی کوردستان بێ ئومێدتر نەکەین. رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن. داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.
نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، پێویستە هەموو کێشەکانى نێوان بەغداد و هەولێر لە رێگەى گفتوگۆوە چارەسەر بکرێ و پارێزگاری لە دۆخی سیاسی بکرێت. نووسینگەى مالیکی رایگەیاند، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا لەگەڵ فواد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لەبارەى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ کۆبوونەوە. نووسینگەى نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و گرنگی بەهێزکردنی رۆڵی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرا، هەروەها تەوەرەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرا. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتوویەتى پێوستە، تێگەیشتنی هاوبەش بدۆزرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و بناغەی قۆناغێکی نوێ دابنرێت لە بەرمەبنای ئارامیی سیاسی و ئەمنی.
رێكخراوێكی ئەمەریكی ژمارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە مانگی ئایار بۆ سەر هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: بەراورد بە مانگی نیسان بەرێژەی لە (143%) زیادیانكردوە. كامەران عوسمان، لە تیمی رێكخراوی (CPT)ـی ئەمەریکی بە (KNN)ـی رایگەیاند: لە مانگی ئایاردا سوپای توركیا (510) جار هێرشی كردوەتە سەر هەرێمی كوردستان بەمەش بەرێژەی لە (143%) بەراورد بە مانگی نیسان و لە (332%) بە مانگی ئایار، ژمارەی بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای دهۆك زیادی كردوە. وتیشی: سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، بۆ سەر قەزای ئامێدی چڕكراونەتەوە بەجۆرێك لە (98%)ـی بۆردومانەکان بۆسەر قەزاكە بون، هەروەها لە (2%)ـی بۆردومانەکان بۆ سەر قەزای زاخۆ بون. رونیكردوەتەوە كە، لە مانگی ئایاردا، سوپای تورکیا (458) هێرشی لەڕێگەی (36) جار تۆپباران، (16) جار فڕۆکەی جەنگی و (16) هێرشی دیكەی لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامداوە. كامەران عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ژمارەی هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی (2025)ـدا گەیشتوە بە هەزار و (14) بۆردومان كە زۆرترین هێرشیش کە لەڕۆژێکدا تۆمارکرابێت لە رۆژی (12ـی ئایار) رۆژی راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بوە كە (94) جار هێرشی ئەنجام داوە.
