دیندار زێباری: هیچ لایەنێکی دەرەوە بۆی نییە دەستوەردان لە دادگاکانی هەرێم بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیج لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆیان نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری دادگاکان بکەن، دەشڵێت،  ئازاد نەکردنی گۆهدار زێباری بەهۆی ئەوەیە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی  "دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە."

دیندار زێباری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی دادگاکانی هەرێم و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات."

دیندار زێباری لەسەر ئازادنەکردنی گۆهدار زێباری، یەکێک لە سزادراوانی بادینان، وتی،"لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بەپێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە."

بڕیاروابوو لە 16ی ئابی 2023، رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری ئازادبکرێت دوای ئەوەی کە ماوەی زیندانییەکەی تەواو بوو، بەڵام دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" ئازادنەکرا.

دیندار زێباری لەو بارەیەوە وتی،"بەپێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی."

ئەم وتانەی دیندار زێباری دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە چەندین جار داوایان کردووە کە شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری ئازاد بکرێن.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری و چەند چالاکوان و رۆژنامەنوسێکی تر بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستگیرکران. هەرچەندە هەندێکیان دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکانیان ئازادکراون، بەڵام ئەو دوو رۆژنامەنووسە هێشتا لە زینداندان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار