وەزیری تەندروستی: 187 هەزار ڤاکسینى دیکه‌ دەگاتە هه‌رێم

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کاروانێکی دیکەی پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە کوردستان. 

بە مەبەستی دڵنیاکردنەوە و هاندانی کارمەندانی تەندروستی، ئەمڕۆ دووشەممە 08-03-2021  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دکتۆر دڵۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر لە سەنتەری پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا لە هەولێر پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی رایگەیاند، بۆ بەدەستخستنی پیکوتەی زیاتری کۆرۆنا بۆ خەڵکی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەر هێڵین، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە 15ی ئەم مانگە کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 187 هەزا ژەم دەبێت".

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و رۆژ بە رۆژیش بەرەو زیادبوون دەچێت. دەشڵێت "لە 24 کاژێری رابردوودا 344 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان هەڵگری کۆرۆنای گۆڕاون."

رۆژی دووشەممەی 1-3-2021 یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆفارم کە 50 هەزار ژەم بوو. لە چینەوە گەیشتە عێراق و لەو بڕەش پێنج هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و بەپێی پلانی نیشتمانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش لە قۆناخی یەکەم درایە کارمەندانی کەرتی تەندروستی و پشکی پارێزگاکان رەوانەکرا.

رۆژی 03-03-2021 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسینە چینییەکەی دەرکرد و رۆژی 04-03-2021 بە ئامادەبوونی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەستکرا بە کوتانی کارمەندانی تەندروستی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار