وه‌زیرى دارایى و پێشمه‌رگه‌ موچه‌ى یه‌که‌کانى 70 و 80 ڕێکده‌خه‌ن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بە مەبەستی یەکخستنەوەی بودجەی یەکەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە و دیاریکردنی بودجەی ئەو دوو یەکەیە لە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان، وەزیرانی دارایی و پێشمەرگە و نوێنەری هەردوو یەکەکە کۆبوونەوە و جەختیان لە یەکخستنەوەی بودجەی یەکەکانی 70 و 80 کردەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 8-3-2021 کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و پێشمەرگە بە ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو یەکەی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی یەکخستنەوەی بودجەی ئەو دوو یەکەیە و دەستنیشانکردنی بودجەکەیان لە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان و خستنەوەی یەکە ژمێرییەکانیان بۆسەر یەکەی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە. 

لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران و چەندین پلەدار و ئەفسەری هێزەكانی 70 و 80 ئامادەبوون.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە گرنگی پرۆژەیاسای 2021 كرد و لەو چوارچێوەیەشدا یەكخستی میلاكاتی هێزەكانی 70 و 80. هەروەها شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە هەوڵەكانی هەموولایەكی بەرز نرخاند تاوەكو لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 میلاكاتی هێزەكانی 70 و 80 دیاری بكرێت و یەكبخرێت."

یەکێک لەو هۆکارانەی کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکات، دیارنەبوونی بودجەی دیاریکراوی ئەو دوو هێزە بۆ ئەوەی لە رەشنووسی یاسای بودجە جێی بۆ بکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار