ناتۆ: وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند:" وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتیی ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا نییە، تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی رۆژئاوا هێزی نەناردووەتە وڵاتەکە".
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی کۆبوونەوەی وڵاتانی ناتۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، دەکرێت رووسیا بیر لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکەش بکاتەوە، نابێت رێگە بدرێت شەڕەکە فراوان بێت و وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە.
ماوەی 9 رۆژە رووسیا لە ژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر ئۆکرانیا. وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتیی ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا نییە، تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی رۆژئاوا هێزی نەناردووەتە وڵاتەکە.
لەبارەی ئەو چەکانەی کە روسیا لە شەڕەکەدا بەکاریهێناوە یانس ستۆڵتنبێرگ وتی، بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە دەستیان کەوتووە، روسیا "مووشەکی هێشوویی" بەکارهێناوە، هەروەها چەند چەکێکی دیکەی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆش ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە بەشێک نیین لە گرژییەکان و بەرپرسیارێتیی ئەوەمان لەسەر شانە کە رێگە نەدەین ئاڵۆزییەکان زیاتر ببن و بەرەو دەرەوەی ئۆکرانیا پەرەبسێنێت".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاپێشتر داوای کردبوو کە ناوچەی نەفڕین لە وڵاتەکەی دروستبکرێت، ئەوەش وەکو بەرگرییەک لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، بەڵام داواکارییەکەی لە کۆبوونەوەی ناتۆ رەتکرایەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ ئەوەی ناوچەی نەفڕین دروستبکەن ئەوەیە کە فڕۆکەی ناتۆ بنێرنە ئۆکرانیا و فڕۆکەکانی روسیا بکەنە ئامانج، ئەوەش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی گرژییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی رووسیا چەکی زیاتریان بردووەتە نێو ئۆکراینا، ئەوانیش لە بەرامبەردا ژمارەی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا زیاتر کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی پشکنەری ئەتۆمیی ئۆکرانیا رایگەیاند، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لەلایەن هێزەکانی رووسیای فیدراڵەوە کۆنترۆڵکراوە و لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە چاودێری دەکرێت.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لەو بارەوە رایگەیاند، بە ئامانجکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان ئاماژەیەکی "ترسناکە". هەروەها داواش لە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەکات دەستبەجێ هێرشەکانی رابگرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد، سزاکانیان بۆ سەر روسیا و پاڵپشتییەکانیشیان لە ئۆکراینا زیاتر دەکەن.
