رێکخراوی ئایسۆ بە فەرمی هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێک لە عێراق ناساند

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند:"  لەسەر داوای قوباد تاڵە‌بانی ھە‌رێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن رێکخراوی ئایسۆوە ناسێندرا".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: "بەناوی ھە‌رێمی کوردستانە‌وە ‌و لەسەر داوای قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆکی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ھە‌رێمی کوردستان بە فەرمی بناسێندرێت و کۆدی تایبەت بەخۆی ھە‌بێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "ئە‌مڕۆ هه‌ینی 4ی ئازاری 2022، رێکخراوی ئایسۆ رە‌زامە‌ندیدا لە‌سە‌ر داواکارییە‌کە‌و کۆدی (IQ-KR)ی بۆ هەرێمی کوردستان دابین کرد".

باس له‌وه‌شكراوه‌: دوای رە‌زامە‌ندی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھە‌رێمی کوردستان بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی یونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئە‌م ناساندنە‌ی ھە‌رێمی کوردستان‌؛ جگە‌ لە‌وە‌ی ئاڵای کوردستان دە‌ناسێندرێت وە‌ک ھە‌رێمێک لە‌ (یونیکۆد Unicode Standard)، کار ئاسانی دە‌کات بۆ بە‌ستنە‌وە‌ی دامودە‌زگاکانی ھە‌رێمی کوردستان بە‌ دامودە‌زگا نێودە‌وڵە‌تییە‌کان.

له‌و باره‌وه‌ قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ باره‌ی بڕیاره‌كه‌وه‌ وتی: "ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت لە‌ مامە‌ڵە‌ ئە‌لیكترۆنییە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كان و ھە‌نگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلەکترۆنی".

وتیشی: "ئە‌م ناساندنە‌ یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسە‌ی بازرگانی ئەلەکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە‌) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان. بۆیه‌ جێی دڵخۆشییە‌ كە‌ ئە‌و ناساندنە‌ رێگە‌خۆشکەر دە‌بێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە فەرمی".

قوباد تاڵه‌بانی، ستایشی رۆڵی ھە‌ردوو وە‌زارە‌تی پلاندانانی حكومە‌تی عێراق و حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانی كرد كە‌ ھاوكار بوون لە‌م پرۆسە‌یە‌.

کۆدی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای هەڵەبجەش کراوە کە لە داهاتوویە‌كی نزیکدا زیاد دەکرێت.

رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیھانیە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ دانانی پێوە‌رە‌کانی مۆڵە‌تە‌ بازرگانی و پیشە‌سازییە‌کان و کارە‌کانی پە‌یوە‌ست بە‌ تە‌کنە‌لۆجیا و دروستکردنی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان دامودە‌زگاکانی وڵاتان و‌ تاوەکو‌ ئێستا زیاتر لە‌ 160 وڵات‌ لە‌لایە‌ن ئە‌‌م رێکخراوە‌ ناسێندراوە‌‌.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار