وەزیری دارایی: پرسی موچە پەیوەندی بە کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە. وەزیری دارایی رایگەیاندووە،کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرببن کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ نەسروڵڵا ڕەشنودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کۆبوەتەوە و وەزیری دارایی باسی لە دواین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر پرسی بودجە و موچە خستەڕو، ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق.
وتوشێتی، هەوڵ دەدەن بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێت؛ داواشی لە کۆنسوڵی ئێران کردووە، لە رێگەی پەیوەندییەکانیانەوە هاوکار بن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، نەسروڵڵا رەشنوودی رایگەیاندووە، توانا و پەیوەندییەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە دەخەنەگەڕ.
هاوکات کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر باسی لەشایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتوە.
وەزیری دارایی پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند، بەچارەسەربونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابوری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردوە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانیەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوول دابەش نەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان چاوەڕوانن بەغدا پارە بنێرێت و راستەخۆ دەستبکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ.
