دەمیرتاش: "کەس ناتوانێت وامان لێبکات کڕنۆش ببەین"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگای سزا قورسەكانی مێرسین، لەسەر دۆسیەیەكی 10 فایلی جیاواز دادگایی كرا و بەرپرسانی توركیاش داوای 20 ساڵ زیندانی بۆ دەكەن، دادگاش دانیشتنەكەی بە كراوەیی بۆ 15ی ئایاری ساڵی داهاتوو دواخست.

هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی سوكایەتی بە دامودەزگا و دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت لە وتارەكانیدا لە ساڵانی 2015 و 2016دا، سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و لە ڕێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە زیندانی ئەدرنە كە لەوێ دەستبەسەرە، بەشداری دانیشتنەكەی كرد.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەمیانی دانیشتنێكی دیكه‌ی دادگاییكردنیدا کە لە زیندانی ئەدرنە به‌ڕێوه‌چو، رایگەیاند، "ئەوەی پێویستە بیپارێزین ئەو چەقۆکێشانە نییە، بەڵکو کەرامەتی مرۆڤایەتییە، من کوردم، سیاسەتمەدارێکی کوردم، هەر بۆیە دادگایی دەکرێم، ئەگەر من کەسێکی وەک سەدات پێکەری ناسیۆنالیستی تورک بومایە دادگایی نەدەکرام، ئەمڕۆ دادگایی دەکرێم، چونکە سەرۆکی باندێکی ڕەگەزپەرست و فاشیست نیم، ئەو قسانە وەرناگرمەوە کە بونە هۆی دادگاییکردنم" وتیشی "کەس ناتوانێت وامان لێبکات کڕنۆش ببەین".

دەمیرتاش لە دادگا وتی: ئەگەر سەد هەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی ڕاستییەکان و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "داواکاری گشتی وتارەکانی منی لە چوارچێوەی دادگای دەستوری و و دادگای باڵای تێهەڵچونەوە وەرگرتوە، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە کەشوهەوای سیاسی ئەو قۆناغە بداتەوە".

هاوکات عەلی بۆزان، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپ لە مێرسین کە لە دادگاییەکە ئامادەبووە ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە خەبات تا گەلی کورد لە خاکی خۆی بە کەرامەت و یەکسانی و ئازادیی بژی.

پارێزەرەکانی دەمیرتاش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ١٠ دۆسیەی جیاواز لەسەر دەمیرتاش ئامادەکراوە، ئەوەش مانای ئەوەیە ١٠ داواکاری گشتی دەستوەردانیان کردووە، لە کاتێکدا پێویستە بەڵگە لە بەرژەوەندی تۆمەتبار کۆ بکرێتەوە، بەڵام تەنیا بەڵگە لە دژی هەیە، دادگاکەش دانیشتنەکەی بۆ ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ دوا خست.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار