نوێترین زانیاری لەبارەی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی سۆران و ناسنامەی قوربانیەكان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی ڕابردوو بەهۆی ئاگر كەوتنەوە لە یەكێك لە باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون لەقەزای سۆران سەر پارێزگای هەولێر ، 18 كەس بوون بە قوربانی، كە 14 كەسیان گیانیان لەدەستدا و چوار كەسی دیكەشیان برینداربوون، ئەمڕۆ بەشێوەی جیاجیا و لە شوێنی جیاواز بەخاكسپێردران، ناسنامەی قوربانیەكانیش ئاشكرابووە.
لەناو قوربانیانی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی شارۆچكەی سۆران، 10 پیاو و چوار ژنی تێدا بووە كە دوو كەسیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دوو كەسی دیكەشیان هاوسەری یەكتری بوون و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بوون لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەستدا بوو.
لە مەراسیمێكدا تەرمی بەشێك لە وانەی كە خەڵكی سنوورەكە بوون و بەمەبەستی خوێندن لە زانكۆی سۆران لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێبوون، لە گۆڕستانەكانی هەریەك لە (دەرگەڵە، ئیسقەڵا، خەلیفان و سۆران) بە خاك سپێردران.
بەوتەی پزیشكی دادی سۆران، تەرمی یەكێك لە قوربانییەكان بە ڕەگەز عەرەبە و ڕەوانەی هەولێر كراوە و دوو تەرمیش ڕادەستی كەسوكاریان كراوەتەوە كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن، پاشان دوو تەرمی تریش كە بەمەبەستی سەردانی كردن هاتبوونە باشووری كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕادەستی كەسوكاریان دەكرێتەوە بەمەبەستی بردنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، بەرپرسی یەكەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێنراوە و تا ئێستا دوو كەسیش دەستگیركراون، كە یەكێكیان خاوەنی باڵەخانەكەیە و ئەوی تریان خاوەنی مۆبیلیاتێكە كە كاری لە ژێر زەمینی باڵەخانەكە كردووە، ئاگرەكە لەوێوە تەشەنەی كردووەتە ناو بەشەكانی باڵەخانەكە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، یەكێك لە قوربانییەكان ناوی محەمەد وەحیدە و خەڵكی دیالەیە و خۆی و دایكی و دوو خوشكی قوربانی ئاگرەكەی ناو باڵەخانەكەن و سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە، هاوكات دوو لەوانەی گیانیان لەدەست داوە مامۆستان و بە ڕەگەز عەرەبن و یەكێكیان ناوی دكتۆر ئیلهامە و مامۆستا بووە لە فاكەڵتی یاسای زانكۆی سۆران، یەكێكی دیكە لە قوربانییەكان ناوی مامۆستا مستەفا ئیسماعیلە و خوێندكاری ماستەر بووە لە بەشی عەرەبی، ماوەی ساڵێكە چووەتە ژیانی هاوسەرییەوە و خۆی و هاوسەرەكەی گیانیان لەدەست داوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان لە بەشی فریاگوزاریی و بەرگری شارستانی سۆران، ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە سەرجەمیان بە دووكەڵ خنكاون و هیچ كام لەوانە جەستەیان نەسووتاوە.
