پرۆگۆڕان: چیتر لەسێبەردا نابین سیمای خۆمان دەردەخەین‌و دەنگ بەرزدەکەینەوە

" دەسەڵاتی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵپەسێردرێن"

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پرۆگۆران کە وەکو ڕەوتێکی ناڕازی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دروستبووە، داوادهکات دەسەڵاتهکانى رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵپەسێردرێن، ئەوەش دوای زنجیرەیەک ناڕەزایی ناو بزووتنەوەکە دێت.

پڕۆگۆڕان لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەکانی رێکخستەکانی ئەوروپای گۆڕان پێکهاتووە، دوای پاشەکشەی بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ ئەیلولی ساڵی رابردوو دروستبوو، لە ئێستادا دهڵێت کە چیتر لەسێبەردا نابێ و لەمەودوا ناچارە سیمای خۆی دەربخا و دەنگی بەرزبکاتەوە.

لە راپۆرتێکی تێروتەسەل و گشتیگیردا کە بۆ چاکسازی ئاراستەی گۆڕانیان کردوەو لە ڕیگەی رۆژنامەی هاوڵاتی یەوە بڵاوی دەکەنەوە، داوادەکەن «جڤاتی نیشتمانی نوێ، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەکۆی گشتی هەڵئەبژێرن».

دەقی کارنامەکە

أ)         هەڵپەساردن و ماوەی راگوزەر:

١)         دەسەڵاتی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، هەڵپەسێردرێن.

 

٢)        لە ماوەی راگوزەردا (جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی کاتی) پێکەوە ئیدارەی بدەن.

٣)        (ج نیشتمانی و ئەنجومەنی کاتی) پلینیۆم رێکدەخەن و نوێنەری هەڵسوراوە، رازی و ناڕازییەکان، بۆ پلینیۆم  بانگ دەکەن.

ب)       ئەنجوومەنی کاتی:

           ٣١ - ٣٥ ئەندام ئەنجومەنە کاتییەکە پێکدێنن بەم رێژانەی خوارەوە:

١)         ٣ ئەندام: رێکخەری گشتی، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و سکرتێری جڤاتی گشتی.

٢)        ٣ ئەندام: لە ژورەکانی پەیجوری و یاسایی و هەڵبژاردن.

٣)        ٥ ئەندام: لە فراکسیۆنەکانی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرایەتی عێراق و نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگاکان.

٤)         ٧ ئەندام لە نوێنەرانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەو پێیەی دەستوری ب گ ریزبەندی کردون.

٥)        ٥ ئەندام لە ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە ( دەبێ لەلایەن رەوەندی کوردیەوە دەستنیشان بکرێن).

٦)        ٥ نوێنەر لە رایەڵەکانی گەنجان و ژنان و پیشەییەکان لەناوەو دەرەوەی وڵات.

٧)        ٥ نوێنەر لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان.

پ)       ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی کاتی:

١)         ئامادەسازیی بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی.

٢)        سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ نوێنەرانی کۆنفرانس.

٣)        سازدانی پرۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی دەستور.

٤)         داڕشتنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە.

٥) تەواوی بڕیارەکان بە کۆدەنگی و رەزامەندی ئەندامانی بەشداری ئەنجومەنە کاتیەکە دەدرێت.

ت)       هەڵبژاردنی ناوخۆ:

١)         هەڵبژاردنی ناوخۆی بگ، مانگێ، دوای تەواوبونی کۆنفرانسی نیشتمانی، ئەنجام دەدرێ.

٢)        ئەنجومەنە کاتیەکە، میکانیزمی دروست بۆ هەڵبژاردن، دادەڕێژێ و پەیڕەوی دەکات.

ج)        کۆنفرانسی نیشتمانی:

لە ٣ مانگدا، لەدوای دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی کاتی، دەبەسترێ و کۆنفرانس باڵاترین دەسەڵاتی بزوتنەوەی گۆڕانە، کەبڕیار لەپرسە گرنگەکان دەدات وەک: پێکهاتەی رێکخراوەیی، دەسەڵاتەکان، دارایی وموڵکدارێتی، میدیا و ڕێکخستن لەگەڵ دارشتنەوەی دەستوری گۆڕان.

دووەم/ دەستوری گۆڕان:

لەدەستورە نوێیەکەدا، ڕەچاوکردنی ئەمانەی خوارەوە، تەواو پێویستن:

أ)         ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن:

١)         جڤاتی نیشتمانی نوێ، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەکۆی گشتی هەڵئەبژێرن و دواتر ئەندامانی خانەی ڕاپەراندن، بەپێی تواناو لێوەشاوەییان ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان دابەش دەکەن.

٢)        لەخانەی ڕاپەڕاندندا ڕەچاوی پێگەی گەنجان و ژنان بکرێ.

٣)        کار بۆ چەمکی هاو-رێکخەر بۆ پۆستی رێکخەری گشتی بکرێ.

٤)         لەهەڵبژاردنیاندا، ڕەچاوی پێودانی ورد و مەرجی توندوتۆڵ و رێژەی دانیشتوان و ناوچەکان و تەمەن بکرێ.

ب)       جڤاتی نیشتمانی:

ج. نیشتمانی، یەکەی بڕیاردانە لە بگ دا. لەپاڵ ئەم مافەیدا، ژمارەیە لە ئەندامەکانی، پۆستی گرنگی جێبەجێکردنیان هەیە. ئەم فرە - مافیە، دژ بە، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. چارەکردنی ئەم دیاردە نامۆیە، لە پێشەوەی ئەرکەکانی کۆنفرانسدا دەبێ و ئەنجومەنی کاتی بۆ ئەو مەبەستە، پرۆژەیەک ئامادە دەکا.

بۆ تۆکمەکردن و کاراکردنی جڤاتی نیشتمانی ئایندە، پێویستە ئەم خاڵانە، بەهەند وەربگیرێن:

١)         چەندایەتی و چۆنایەتی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لە پەیام و ئامانج و ستراتیژیەکانی بگ و لە بەدامەزراوە کردنیەوە هەڵدەقووڵێ. لێرەوە دەبێ لە هەڵبژاردنی ئەندامەکانیدا رەچاوی: کارامەیی/الفعالیه و توانا/ الکفاء، بکرێ. ئەمانەش کاتێ روودەدەن کە شیکردنەوەی زانستیانە و ستاندارد بکرێ و مەرجی دیاریکراو دابنرێ.

٢)        بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی ئەندامەکانی بەسەر لیژنەکانی چاودێری، دارایی، حکومی، رەوەندی کوردی ... تاد بەش بکری بۆ کارابوونیان لە بواری هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە و بەدواداچووندا.

٣)        دروستکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی شارەکان، بۆ چەسپاندنی لا مەرکەزیەتی بڕیاردان بۆ فراوانکردنی پشکی بەشداری جەماوەری و گرێدانی چەمکی ڕێکخراوێکی لۆکاڵی و سەرتاسەری، لە بگ دا.

٤)         دامەزراندنی ئۆفیسێک و دانانی تیم و ستافی ئیداری بە توانا و بە ئەزمون بۆ هاوکاریکردنی ئەندامەکانی ج نیشتمانی لە بواری زانیاری، ئیداری، رێکخراوەیی، تەکنیکی، راگەیاندن، ... دا.

پ)       جڤاتی گەنجان:

پێکهێنانی جڤاتی گەنجان (هەردوو ژێندەر) لەو ئەندامانەی ١٦ - ٢٥ ساڵن.نوێنەرانی گەنجان لە رێکخستنەکانی گۆڕان، لە کوردستان و دەرەوە، پێکبێت. 

ت)       ژورەکان:

١)         ژمارەی ئەندام، بەندە بە سروشت و پێویستی ژورەکەوە (لای کەم ٥ ئەندام بێ).

٢)        ئەندامی ژور بەپێی پسپۆڕی لە کاری ژورەکەدا دادەمەزرێ و ژور بە پێوەری یاسایی و ئاسایی بەڕێوە دەبرێ.

٣)        ج نیشتمانی، بڕیار لە دانانی بەرپرسی ژور دەدا، پاش ئەوەی ژورەکان، کاندیدێ / کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرن.

٤)         بڕیاردان و کارکردن بە کۆی دەنگ دەبێ؛ نەک بە تاکڕەوی، لەلایەن لێپرسراوی ژورەکەوە.

٥)   ماوەی دەستبەکاربوونی بەرپرس و ئەندامانی ژور بۆ خولێکی پەرلەمانی کوردستانە.

٦)        بۆ خوڵقاندنی پارسەنگ و بەشکردنی قورسایی بەسەر جێ و یەکە جیاوازەکاندا، لقی هەندێ ژور لە ناوچەکانی:  سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕیندا، بکرێتەوە.

٧)        گوێزانەوەی بنکەی سەرەکی هەندێ ژوور یا بەشێکی بۆ هەولێری پایتەخت لەوانە: ژ هەڵبژاردن ، ژ دبلۆماسی، ژ حکومەت و پەرلەمان، ژ ناوچە دابڕاوەکان ، ... بۆ ئەوەی کاراتر رۆڵەکانیان ببینن.

٨)        ژورەکان لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی جڤاتی نیشتمانیدا بن.

٩)        کردنەوەی ژوری گەنجان و ژوری ژنان بۆ ئیدارەدان و دابینکردنی  پێویستیە هەمەلایەنەکانی خۆیان.

١٠)        زیادکردنی ژوری چاودێری و بەدواداچوون.

١١)        پێکهێنانی ژوری چاودێری دارایی:

ج)        رەوەندی کوردی لەتاراوگە:

پەیکەری رێکخراوەیی و ئەرکەکانی ژوری رەوەندی کوردیدابڕێژرێتەوە.

چ)        دارایی:

١)         دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی بۆ موڵک و ماڵی بگ.

٢)        رووناکی خستنە سەر بڕی داهات و خەرجیەکانی بگ بە پێڕەوکردنی پرەنسیپی شەفافیەت.

٣)        بەهێزکردنی توانای دارایی بگ لە ڕێی دیاریکردنی رێژەیەک لە داهاتی فراکسیۆنەکان و وەزیر و بەرپرسە باڵاکان لە فەرمانڕەواییدا و وەرگرتنی ئابونەی هەڵسوڕاوان و یارمەتی گۆڕانخوازان و دۆستان.

٤)         بیر بکرێتەوە لە پرۆژەی بازرگانی بۆ دروستکردنی سەرچاوەی ئابووری جێگیرتر بۆ بزوتنەوەکە، بە مەرجێ بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێ و کەس مافی تەسەروفکردنی شەخسی بە داهاتەکەیەوە نەبێ.

٥)        رێگەدان بە بازنە و رایەڵەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی مالی بەپێی ئەو رێوشوێنانەی بگ دایدەڕێژێ.

ح)        میدیای گۆڕان:

١)         میدیای بگ، کەناڵی ئاسمانی KNN و سایتی سبەی و رادیۆی گۆڕان و ژووری ڕۆژنامەوانی (چاپو چاپکراوەکان)ی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە.

٢)        مارتی ٢٠١٥ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە فەرمی ئەم میدیایەی بەم چوار پێکهاتەیە داڕشتەوە و بەڕێوەبەری میدیای گۆڕانی کردە ئەندامی ج نیشتمانی. واتە، لەو کاتەوە و لەسەر دەستی خودی رەوان شاد دا، میدیای گۆڕان، وەک هەر یەکەیەکی تر، خرایە سەر بگ و بوو بە بەشێکی ئۆرگانی لێی.

٣)        هەر کاتێ، ئەم دەزگا هەستیارە، بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجە گشتیەکانی بگ لەخزمەتدا بووبێ، بە تۆپخانەکەی گۆڕان، ناوزەد کراوە، بەڵام کاتێ بەهۆی دەستوەردانی هەمەلایانە بەگەڕخرابێ، بەداخەوە، کلۆر کراوە و رۆڵی لاواز کراوە.

٤)         بە بۆرد و تیمی پرۆفیشناڵ و بەتوانا و شارەزا لە بەڕێوەبردنی کایە جیاوازەکانی راگەیاندن، پڕبکرێتەوە.

٥)        تەنها دامەزراوەی میدیای گۆڕان، لە ژێر چاودێری جڤاتی نیشتمانیدا، سەرپەرشتی ئەم میدیایە دەکا.

سێیەم: بە دامەزراوەیکردنی گۆڕان

بەدامەزراوەییکردن بنەمایەکی بایەخداری رێکخراوە سەردەمییەکانە. ئەم چەمکە، یاریدەی بگ دەدا، لێشاوێ لەو کێشانەی بەدەستیەوە گیری خواردووە و دەخوا، زۆر کەم بکاتەوە و هاوکات بە کەمترین تێهاویشتەی خەرج و ماندووبوون و کات، زۆرترین و نایابترین دەرچە و دەرهاویشتە، دابین دەکا.

پرۆگۆڕان دهڵێت کە چیتر لەسێبەردا نابێ و لەمەودوا، ناچارە سیمای خۆی دەربخا و دەنگی بەرزبکاتەوە.

پرۆگۆڕان

٢٥/٠٤/٢٠١٩

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار