جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کۆبانى زانیارى گرنگ له‌سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌مریکاو روسیا له رۆژئاوا ئاشکرا ده‌کات
جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کۆبانى
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده رایگه‌یاند، ئه‌مریکاو روسیا‌و چه‌ند وڵاتێکى ئه‌وروپى کارده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى به نوێنه‌رانى رۆژئاواى کوردستان له‌لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى سوریادا بکرێت.
جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم کۆبانی باسى ئه‌و ناوچانه‌ى کرد که هێزه‌کانى ئه‌مریکاو روسیا له رۆژئاواى کوردستان جێگیربوون.
مه‌زڵوم کۆبانی، له‌میانى چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئێزگه‌ى (ئارتا ئێف ئێم) که ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه بڵاوکراوه‌ته‌وه، رایگه‌یاندوه"تورکیا پڕۆژه‌ى گۆڕینى دیموگرافى ئه‌نجام ده‌دات و رێگه‌نادات ئاواره‌کانى هه‌ردو ناوچه‌ى گرێسپى و سه‌رێکانى بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵوحاڵى خۆیان".
مه‌زڵوم کۆبانى ده‌شڵێت:"سه‌رجه‌م ئه‌و پابه‌ندییانه‌ى له‌په‌یوه‌ست به هه‌ردو رێککه‌وتنى ئاگربه‌ست هه‌ن جێبه‌جێمان کردون که ئامانج لێیان راگرتنى ده‌ستدرێژییه‌کانه بۆ سه‌ر رۆژئاوا و رێگریکردنه له به‌رفراوانکردنى روبه‌رى شه‌ڕو هه‌روه‌ها رێگریکردنه له کوژرانى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نی، به‌ڵام تورکیا تا ئێستا پابه‌ند نه‌بوه به رێککه‌وتنه‌کانه‌وه."
فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده هێماى بۆ ئه‌وه‌ش کردوه که هێزه‌کانى ئه‌مریکا له ناوچه‌کانى دێریک تا دێره‌زور له رۆژهه‌ڵاتى سوریا جێگیر ده‌بن له‌نێویشیاندا قامیشلۆ و حه‌سه‌که.
ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕو که ئه‌رکى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له باکورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا خۆى ده‌بینێته‌وه له پاراستنى بیره نه‌وته‌کان، به‌رده‌وامى شه‌ڕى دژ به داعش، به‌شداریکردن له دۆسیه‌ى ئه‌و داعشه بیانیانه‌ى لاى هه‌سه‌ده زیندانن.
به‌ڵام به‌پێى قسه‌ى مه‌زڵوم کۆبانی، هێزه‌کانى روسیا له منبج، کۆبانى و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى رۆژهه‌ڵاتى قامیشلۆ به‌درێژایى سنور جێگیرده‌کرێن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چونى گه‌ڕانى سه‌ربازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سوپاى تورکیا له‌ناوچه‌کانى رۆژئاواى قامیشلۆ.
وتوشیه‌تی"ماوه‌ى مانگێکه دۆخه‌کان دواى بڕیاره‌که‌ى سه‌رۆکى ئه‌مریکاو هاتنه‌ناوه‌وه‌ى هێزه‌کانى تورکیا گۆڕاون، دۆخى ئێستا ناسه‌قامگیرو کاتییه، ته‌واوى هێزه‌کان ده‌یانه‌وێت رۆڵى خۆیان بزانن".
جه‌ختیشى کرده‌وه که نه‌خشته‌ى کۆتایى دابه‌شکردنى ئه‌و هێزانه‌ى له‌ئێستادا له رۆژئاوا بونیان هه‌یه، له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌کى که‌مى داهاتودا رون ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ک فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده داواى له ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکاو روسیا کردوه که فشارى جدى و کرداریى له‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره دروست بکه‌ن بۆ راگرتنى ده‌ستدرێژییه‌کانى بۆ سه‌ر رۆژئاوا و فشاره‌کانیان به ده‌رکردنى به‌یاننامه نه‌بێت.
له‌به‌شێکى دیکه‌ى چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، مه‌زڵوم کۆبانى داواى له دیمه‌شق کردوه که به‌ڕه‌سمى دان به هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات و به‌ڕێوه‌به‌ریى خۆسه‌ر و ئه‌و سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌دا بنێت که له رۆژئاواى کوردستان هه‌یه.
هاوکات جه‌ختى کردۆته‌وه که ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌نێوان هه‌سه‌ده‌و دیمه‌شقدا هه‌یه له‌ئێستادا به‌شداریى هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا بۆ به‌رگریکردن له ناوچه‌که دژ به ده‌ستدرێژییه‌کانى تورکیا‌و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى له‌خۆده‌گرێت.
مه‌زڵوم کۆبانى داواشى له دیمه‌شق کردوه دان به مافى کورد‌و سریانه‌کاندا بنێت وه‌ک زه‌مینه‌خۆشکردنێک بۆ چاره‌سه‌ریى سیاسى به گه‌ره‌نتى روسیا.
له‌وباره‌یه‌وه کۆبانى هێماى بۆ ئه‌وه کردوه که روسیا کارده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى نوێنه‌رانى ناوچه‌که به‌تایبه‌ت کورد به‌شداریان پێبکرێت له لیژنه‌که‌دا، هه‌روه‌ک ئه‌مریکاو چه‌ند وڵاتێکى ئه‌وروپى وه‌ک فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاش کارده‌که‌ن له‌پێناو به‌شدارى پێکردنى نوێنه‌رانى باکورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا له لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوردا.
جه‌ختیشى کردۆته‌وه که هه‌سه‌ده هه‌ر رێککه‌وتنێک به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى مافه‌کانى کورد‌و سریان و پێکهاته‌کانى دیکه‌ى ناوچه‌که ره‌تده‌کاته‌وه.