ترەمپ بۆ خۆپیشاندەرە عەرەبەکان: من پشتی فەرمانڕەواکانتان دەگرم نەک ئێوە

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: فۆرن پۆلیسی

وەرگیڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان لەعێراق بۆ لوبنان تامیسر سەریهەڵداوە، ئەمریکا ئاماژەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت کەچیتر توانای هاندانی دیموکراسی نەماوە.

ئەمساڵ بەرفراوانترین خۆپیشاندانی جەماوەری لەکاتی بەهاری عەرەبییەوە بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای گرتووە، زنجیرە خۆپیشاندانێک کەدیکتاتۆرێک و کۆمەڵە تاوانبارێکی لەتەختی دەسەڵات لەسودان هێنایە خوارەوە، پاڵنەری دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو، هەروەها بەربەرەکانێی دەسەڵاتی سەرکردەکانی جەزائیر، میسر، ئەردەن، عێراق دەکات.

لەم ماوەیەدا، ئیدارەی ترەمپ بەپەیامێکی هاوتا وەڵامی هەبووە: ئەمریکا چیتر گوێ نادات - جگە لەوەی ئەگەر دژی ئێران خۆپیشاندان بکەن.

لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوە پاڵپشتی دەربڕیوە بۆ خۆپیشاندەران، بەڵام رەخنەگران و بەرپرسانی پیشووی ئەمریکی دەڵێن کۆشکی سپی بەشیوەیەکی بەرفراوان جوداخوازبووە، ئەمەش گومانی دروستکردووە سەبارەت بە پابەندی ئیدارەی ترەمپ بۆ خەونی خۆپیشاندەران. لای هەندێک لەچاودێران، بیدەنگی دۆناڵد ترەمپ گوزارشتە لەناپاکیکردن لەڕۆڵی نەریتی ئەمریکا وەک ئیلهامبەخشێک بۆ دیموکراسی لەوڵاتانی دەرەوە. بەڵام هەندێکی تر بڕوایانوایە باشترە بۆ خۆپیشاندەران کە کۆشکی سپی دەست نەخاتە کاروباریانەوە - بەتایبەتی لەبەرئەوەی واشنتن پێشووتر هاندانی دیموکراسی بەخراپ پەیڕەو کردووە لەجیهانی عەرەبیدا، بەتایبەتیتر لەعێراقدا.

«باشتر کەئەوان هیچ نەڵێن». مەروان مەعشەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی لوبنان ئەمەی بەفۆرن پۆلیسی وت.

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ زیاتر ئاراستەی خۆی بەرەو دژایەتی گۆڕیوە وەک لەوەی هەر بیدەنگ بێت. بەڕوونی  پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و دانانی کاربەدەستە پلە نزمەکان لەئیدارەکەیدا تا هوتافی هاندانی نەرم لێبدەن بۆ خۆپیشاندەرەکان. لەماوەی رابردوودا داوای لێکرا لێدوانی هەبێت لەسەر توندوتیژترین پاکتاو دژی خۆپیشاندەران لەمیسر لەسەردەمی بەهاری عەرەبییەوە، ترەمپ پشتگیری بێ مەرجانەی خۆی دەربڕی بۆ سەرکردەی وڵاتەکە، عەبدولفەتاح سیسی، کەپێشتر بە «دیکتاتۆرە دڵخواز»ەکەی وەسفی کردبوو.

«من نیگەران نیم. میسر سەرکردەیەکی ناوازەی هەیە. ئەو زۆر رێزدارە، هەموو وڵاتێک هەر خۆپیشاندانی تێدا دەبێت»، ترەمپ ئەمەی وت دوای ئەوەی لەکۆبوونەوەیەکدا چاوی پێکەوت لەکۆبونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لەمانگی ئەیلول.

فەرامۆشکردنی روونی ترەمپ لەبەرامبەر ئارەزووی دیموکراسیدا لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست رەنگە نەبێتە جێی سەرسوڕمان بۆ سەرۆکێک کە گومانی لەشەرعیەتی دامەزراوە دیموکراسییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی خۆی دەکات کە رووبەڕووی وەستاونەتەوە لەوانە دادگاکان، میدیا، هەروەها کۆنگرێس.

«ئێمە هەرگیز سەرۆکێکمان نەبووە کۆمەڵە کردارو بڕیارێکی دژە دیموکراسی ئاراستەی جیهان بکات کە لەگەڵ ئاراستەی سەرکردە دیکتاتۆرەکانی جیهاندا یەکبگرێتەوە»، تۆماس کارۆسەر، پسپۆر لەهاندانی دیموکراسی نیودەوڵەتی لەڕێکخراوی «کارنەیجی بۆ ئاشتی نیودەوڵەتی» وای وت.

هێشتاش، باوەشی ئاشکرای بۆ دەسەڵاتدارە رەهاکان گوزارشتە لەجیابوونەوەیەکی روونی لەسەرۆکەکانی پێش خۆی، ئەوانەی خۆیان هەڵدەقورتاندو لەگەڵ دەسەڵاتدارە ستەمکارەکاندا کاریان دەکرد، بەڵام بەئاشکرا بانگەشەی لایەنە باشەکان حکومەتی دیموکراسیان دەکرد بۆ خەڵک.

«دوای ئەبراهام لینکۆڵن، ئەمە یەکەمجارە سەرۆکێکمان هەبێت نەک هەر تاکڕەوە بەڵکو مەیلی دیکتاتۆریشی هەیە. ئەو لایەنی هاوبەشی زیاترە لەگەڵ سیسی و رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک لەوەی لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش خۆی هەیبێت»، حوسەین ئیبیش، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی وڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو لە واشنتن وای وت.

روانگەی ترەمپ لەسەر هاندانی دیموکراسی زۆر جیاوازە لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش خۆی، دیارترینیان باراک ئۆباما.

زۆر پێش بەهاری عەرەبی، ئۆباما هاوسۆزی خۆی دەربڕی بۆ ئارەزووی ئازادی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لەلایەن ستەمکارانەوە کۆنترۆڵکرابوو.

دواتریش کەساڵی ٢٠١١ بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد، بەوریاییەوە کاردانەوەی خۆی دەربڕی. بەشیوەیەکی ئاشکرا پشتگیری خۆپیشاندانەکانی کرد کە سەرەتا لە تونسەوە دەستیپێکرد و بەرژەوەندی ئەمریکا تێیدا کەم بوو.

ئۆباما هەڵگیرسێنەری بەهاری عەرەبی، موحمەد بوعەزیزی - ئەو گەنجەی لە تونس خۆی سووتاند و بووە هۆی دروستبونی خۆپیشاندانەکان -  بە پاڵەوانەکانی دیموکراسی ئەمریکا بەروارد کرد.

هەرچەندە لەسەرەتاوە خۆی یەکلایی نەکردبووەوە سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی میسر، بەڵام دواتر دژی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتەکە وەستایەوە دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەسەڵاتیان پەیداکرد.

بەڵام هەوڵەکانی بۆ دانوستان و رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئەمریکاوە بە ناپاکی وەسفکرا، بەتایبەتی سعودیە.

دوای هەڵبژاردنی، ترەمپ بەخێرایی دەستیکردەوە بە چاککردنەوەی پەوەندییەکان لەگەڵ سعودیەو میسردا، کەتێیدا کودەتای سەربازی وایکرد سیسی، موحەمەد مورسی هەڵبژێردراوی شەرعی وڵاتەکە لەسەرکار لابەرێت. هەروەها ترەمپ خۆڵی کرد بەسەر هەر داواکارییەکدا کەئەمریکا چاوەڕێی هاوپەیمانەکانی بکات باوەش بۆ دیموکراسی بکەنەوە.

بەپێی وتەی رەخنەگران، ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە بودجەی دەسپێشخەریەکان بۆ دیموکراسی دەرەوە ببڕێت و ئەو ئۆفیسانە تایبەتن بەدیموکراسی و و بەڕێوبردن بچوک یان فەرامۆشیان بکات لەسەرتاسەری جیهاندا.

«کۆشکی سپی لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا چەند هەنگاوێکی بەرجەستەی ناوە کە بەشیوەیەکی کاریگەر پشتیوانی دیموکراسی بچوک کردووەتەوە. پیشتر نەمانبینیوە کۆشکی سپی رۆڵێکی لەو جۆرەی هەبێت لەسیاسەتی دەرەوەیدا لەزۆربەی پرۆسە سیاسییەکاندا»، فرانسن براون، بەڕێوبەری پێشووی دیموکراسی لەئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وادەڵێت کە لەهەردوو ئیدارەی ئۆباما و ترەمپدا کاری کردووە.

دوای ئەوەی ترەمپ ئۆفیسی سەرۆکایەتی وەرگرت، دەستبەرداری بەڕیوەبەرایەتی دیموکراسی، گەشەپێدان، هاوکاری مرۆیی بوو، ئەمەش بۆشاییەکی دروستکرد لەکۆشکیی سپیدا بۆ هاندانی دیموکراسی لەسەرتاسەری ئاژانسە فیدراڵییەکاندا. بەرپرسانی پێشوو دەڵێن ئەمە رەنگدانەوەی ئەوەیە کەچۆن ئیدارەی ترەمپ ئەم کێشانە ناکاتە ئەولەویەت وەک ئیدارەکانی پێشوو کەکردوویانە.

لەوەزارەتی دەرەوە، یەکیک لەپێگە باڵاکان کەتایبەتە بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ماوەی دوو ساڵ و نیو بەتاڵ بوو. پێگەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ ئەیلولی ئەمساڵ پڕکرایەوە لەلایەن پرۆفیسۆر رۆبیرت دیسترۆ. «بەڕوونی دیارە کەئەوان لەم کێشانە ناڕوانن وەک ئەولەویەت»، فرانسس براون وای وت.

پاشان کیشەی پارەش هەیە لەبابەتەکەدا. بۆ بودجەی ساڵی ٢٠١٨- ٢٠١٩. کۆشکی سپی داوایکرد بودجەی ئەو پرۆگرامانە ببڕدرێت کە هانی دیموکراسی دەدەن بەڕێژەی لەسەدا 40%، بەڵام لەلایەن کۆنگرێسەوە ئەو هەنگاوە رەتکرایەوە.

«حکومەتی ئەمریکا هێشتا بەشدارە لەپشتیوانیکردنی دیموکراسی لەئاستی سیاسیدا، ئەوە نەگۆڕاوە، بەڵام هەوڵی هاندانی دیموکراسی لەسەرەوە ئۆکسجینی لێبڕاوە»، تۆماس کارۆسەرز وای وت.

هەموو ئەمانە گوزارشتن لەگۆڕانکارییەکەی بەرفراوانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای پێشهاتەکانی داگیرکاری کارەساتباری عێراق لە ٢٠٠٣دا. دواجار هاندانی دیموکراسی تێکهەڵکیشبووە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەر لەکۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

سەرۆکەکانی ئەمریکا، وەک جیمی کارتەر، رۆنالد رەیگان، جۆرج بۆشی باوک، بیڵ کلینتۆن، جۆرج بۆشی کوڕ هەموویان باوەشیان بە ئامانجی هاندانی دیموکراسی کردوەتەوە لەدەرەوە، هەرچەندە هەر یەکێکیان بەهۆی ئامانجی جیاوازەوە.

لە(١٠) ساڵی رابردوودا، ساڵانە کۆنگرێس دوو ملیار دۆلاری خەرجکردووە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیمکراسییەکان، لەوانە دامەزراوە یاسایی و هەڵبژاردنەکان لەگەڵ بانگەشەی مافەکانی مرۆڤ و بەڕیوەبردنی دیموکراسی.

ئه‌مریکا ئاماژه‌ى به‌هێز بۆ خۆپیشاندانه‌کانى عێراق و لوبنان و میسر ده‌نێرێت که‌تواناى هاندانى دیموکراسى نه‌ماوه‌

شەپۆلی ئێستای خۆپیشاندانەکان دژی دەسەڵات لەعێراق و لوبنان بەشێکی زۆری بەهۆی هەمان ئەو کیشانەوە سەریهەڵداوە کە بوونە هۆی هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی - بەرزبوونەوەی خەرجی رۆژانە، رێژەی بێکاری بەرز، هەروەها گەندەڵی سەرکردەکان.

بەشیوەیەکی بەرفراوان کۆشکی سپی وەڵامی خۆی داوەتەدەست کاربەدەستە رۆتینییەکان، بەتایبەت لەوەزارەتی دەرەوە. هەفتەی رابردوو دەیڤد شێنکەر، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رەخنەی  لەحکومەتی عێراقی گرت بۆ سەرکوتکردنی میدیا. «ئازادی رۆژنامەوانی چەقی کاری دیموکراسییە، ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەسەرکوتکردن و داخستنی پێگە میدیاییەکان و سانسۆر خستنەسەر ئەو راپۆرتانەی هەواڵی خۆپیشاندانەکان دەگوازنەوە».

لەلوبنانیش داوای لەسەرکردەکانی وڵاتەکە کرد وەڵامی «داواکارییە لەمێژینەکانی خەڵکی لوبنان بدەنەوە بۆ چاکسازی ئابوری و کۆتایی بهێنن بە پەتای گەندەڵی».

لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران، نەک ئەمریکا، وادەردەکەوێت کەزۆر پابەندبێت بە ئاراستەکردنی دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکان. لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان بەهۆی داواکاری ناوخۆییەوە بەگەڕخراوە، بەڵام ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی تۆمەتبار دەکەن بەهەڵگیرساندنی خۆپیشاندانەکان و گەورەکردنیان.

لەچوارشەمەی رابردوودا، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەڕی باڵای ئێران رایگەیاند ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا «ئاژاوە دروستدەکەن» لەعێراق و لوبنان، ئەو دوو ناوچەیەی کەتییدا خۆپیشاندەران تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە دژی هەژمونی ئێران لەوڵاتەکەیاندا.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ ئێران بەتۆمەتبار دەزانێت بۆ بەشێک لەخۆپیشاندانەکان. «خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانە لەناوچەکە ئەنجامی دەرفەتی کەمی ئابوری و گەندەڵی فراوانن، کە بەهۆی گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بەئێرانەوە خراپتربوون لەعێراق و لوبنان».

ئەگەر ئەوە راست بێت یاخود نا، زۆر بەڕوونی دیارە کەئێران رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا. بەپێی راپۆرتێکی ئەسۆشیەتد پرێس، جەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس -  کەیەکەیەکی سەر بەسوپای پاسدارانە بۆ رێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ میلیشیا بریکارەکانی ئێراندا - سەرۆکایەتى  پاکتاوکردنی خۆپیشاندانەکان دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار