تورکیا هەوڵدەدات بیانییەکان لەڕۆژاڤا نیشتەجێ بکات
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
میتی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان لەهەوڵی دروستکردنی ‹پشتێنەی تورکی›دایە کە ئەوەش بەنیشتەجێکردنی ئەو بیانیانەی کە بۆ شەڕی سوریا لە رێگەی داعش و گروپە چەکدارەکانی ترەوە لەساڵانی رابردوودا روویان لەتورکیاو سوریا کردبوو.
میتی تورک و فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا، لەئێستادا لەهەوڵی ئەوەدان کەسوکاری چەکدارە توندڕەوە ئیسلامیەکان، لە هێڵی (٥) کیلۆمەتریی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی جێگر بکەن و بەم شێوەیە ‹ پشتێنەی تورکی› دروستبکەن.
یەکێک لەوانە ئۆیغورەکان کە کەمینەیەکی موسڵمانن لەخاکی خۆیاندا لەپارێزگای کسینجیانگ باکوری رۆژئاوای چین، ئەوان دووچاری چەوسانەوەی تووندی سیاسی و ئایینی بوونەتەوە لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتەوە. گروپە توندڕەوەکانی سوریا ئەمەیان بەهەل زانیوە تاکو رایانکێشنە ناو شەڕی سوریاوە. ئێستاش تورکیا هەوڵدەدات لە رۆژاڤای کوردستان نیشتەجێیان بکات.
بەتەنها ئۆیغورەکان نین، بەڵکو چەندین بیانی تری وڵاتانی رۆژهەلاتی ئاسیا کە روویان کردۆتە سوریا هەوڵدەدات لەوێ نیشتنەجێیان بکات.
تورکیا پێش ماوەیەک لەعەفرین و عەزاز و جەرابلوس کەئێستا لە ژێر داگیرکەریی ئەودان، هەمان تاکتیکی ئەنجامدا. ئەو چەکدارانەی کە لەئوزبەکستان و تورکمەنستان و تاجیکستان و ئیغورەوە هێنرابوون، لەسەر هێڵی سنووری نێوان سوریاو تورکیا جێگرکرابوون.
لەچوارچێوەی داگیرکەرییەکانیدا تورکیا دەستی بەسیاسەتی ‹بە تورککردنی› ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی کردووە کە لەئێستادا هەردوو ناوچەکەی داگیرکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا چەندین خێزان کە لەوڵاتە تورکەکانەوە هێنراون بۆ تورکیا، بۆ ئەوەی لە سەرێکانی و گرێ سپی جێگریان بکات، لەهەوڵ و تەقەلایەکی بەردەوامدایە.
ئەو کۆچبەرانەی لەئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون و لەئێستادا لەئەستەنبول و هاتای و دیلۆک و روحا لە کەمپەکاندا نیشتەجێکراون، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لەناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ بکرێن، دەزگای ئیستیخباراتی تورکیا (میت) دەستی بەهەوڵێکی جددی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، لەئێستادا میتی تورکی لەگەڵ ئەو خێزانانەی بەهۆکاری جیاوازەوە، لەتورکەمەنستان و ئوزبەکستان و تاجیکستان و ئازەربایجان و ئەفغانستانەوە ئاوارەی تورکیا بوون، لەبارەی گواستنەوەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجامدەدات.
لەچەند ساڵی رابردوودا رەوشەکە گۆڕاو دوای ئەوە تووندڕەوە ئۆیغورەکان پارتی ئیسلامی تورکستانیان دروستکرد. ئۆیغورەکان پشتیوانی دەکەن لەسەلەفیزمی جیهادی، کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا رادیکاڵەکانی گروپە تووندڕەوەکاندا یەکدەگرێتەوەو بەشێکی کەمیشیان چوونە ریزەکانی قاعیدەوه لەئەفغانستان.
لەوکاتەوە، گروپە تووندڕەوەکان بابەتی ئۆیغورەکانیان قۆزتەوە تا بیانخەنە ریزەکانیانەوەو ژمارەی خۆیان زیادبکەن تا وا نیشانبدەن کە لەتەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
محەمەد عەبدوڵا رۆژنامەوانی سوری باس لەوە دەکات کە سەدان گەنجی ئۆیغور رۆشتن بۆ سوریاو عێراق لەسەرەتای 2013و چوونە ریزەکانی قاعیدەو دواتر چوونە ناو داعشەوە.
تووندڕەوەکان ئەمە وەک «پشتڕاستکردنەوەی ئایدۆلۆژییە شێوێنراوەکەیان دەبینن، کەهیچ پەیوەندی بەئیسلامەوە نییە».
محەمەد عەبدوڵا وتی «بوونیان لەهەرێمەکە بەر لەدروستبوونی داعش هەبوو، ئەمەش دەریدەخات گروپە تووندڕەوەکە هەڵمەتی رێکخراوی بۆ ئەندام کۆکردنەوە ئەنجامداوەو رەوشی ئۆیغورەکانی قۆزتۆتەوە».
وتیشی ئەو داعشانەی ئەندام بۆ ریزەکانیان رادەکێشن هەڵیانخەڵەتاندن بەوەی گروپەکە نوێنەری ئیسلامی راستەقینەیەو دەیانپارێزێت لەو رەوشەی تێیدان.
بەگوێرەی چەند خەمڵاندنێک، نزیکەی پینج هەزار ئۆیغور وەک بەشێک لەچەندین گروپی جیاواز لەسوریا شەڕدەکەن. شرۆڤەکارانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کهزۆربەیان لەژێر ئاڵای خۆیاندا شەڕدەکەن بۆ ئەوەی بانگەشەبکەن بۆ دۆزی جوداخوازیی خۆیان.
بەپێی بەڵگەکان، ئەو خێزانانەی بەنیازن لەناوچەکە جێگیر بکرێن، ئەوانەن کە کەسوکاریان لەناو رێکخستنە چەکدارە توندڕەوە ئیسلامیەییەکانی سوپای تورکیادان
بەپێی بەڵگەکان، ئەو خێزانانەی بەنیازن لەناوچەکە جێگیر بکرێن، ئەوانەن کە کەسوکاریان لەناو رێکخستنە چەکدارە توندڕەوە ئیسلامیەییەکانی سوپای تورکیادان و هەورەها هەریەک لەفەرمانگەی کۆچبەران و مانگی سوورو بەڕێوەبەرایەتی کارەساتی سروشتی و فریاکەوتنی تورکیا بەڵێنی ئەوەیان پێداون کە لەکاتێکدا لەناوچەکە جێگیربکرێن بەهەموو شێوەیەک یارمەتییان دەدرێت.
بۆ دروستکردنی ‹پشتێنەی تورکی› لەسەر خاکی سەرێکانی و گرێ سپی، ئامادەکاری ئەوە دەکرێت کەئەو خێزانە کۆچبەرە تورکانەی لەکامپەکانی تورکیادان، لەسنوورەوە تاقوڵایی (٥) کیلۆمەتر جێگیر دەکرێن و هاوڵاتیە سوریەکانیش لەو هێڵە بۆ دواوە جێگر بکرێن.
کاتێک کەتورکیا دەستی بەهێرشەکانی بۆ سەر باکورو رۆژهەڵاتی سوریا کرد، گروپەکانی «سوڵتان مورادو شا سوڵتان سلێمان و سوڵتان محمد فاتیح و مونتەسیر بیلاللە و سەمەرقەند» کەتورکمانن، لەناوچە ستراتیجیەکانی سەر سنوور جێگری کردبوون.
ئەم تاکتیکە بەپشتیوانی پەیمانی ئەدەنەیە جێبەجێ دەکرێت، کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ لەنێوان تورکیا و رژێمی سوریادا ئیمزاکراوە. تورکیا بۆ ئەوەی مادەی «لەنزیکەوە چاودێریکردنی (٥) کیلۆمەتر لەسنووری خۆیەوە» جێبەجێ بکات، گۆڕانکاری بەسەر دیمۆگرافی ناوچەکەدا دەهێنێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک دوای سەردانەکەی بۆ مەجەرستان (هەنگاریا) لەفڕۆکەخانە لێدوانێکی دابوو باسی لەپەیمانی ئەدەنە کردبوو، لەوێ نیازی خۆی ئاشکراکرد. ئەردۆغان لەبارەی داگیرکەریی سوریاوە وتبووی « تا وڵاتانی تر سوریا بەجێنەهێڵن ئێمەش دەرناچین. پەیمانی ئەدەنەمان لەبەردەستدایە. ئێمە لەچوارچێوەی پەیمانی ئەدەنەدا هەنگاو دەنێین.»
تورکیا پێش ماوەیەک لەعەفرین و عەزازو جەرابلوس کەئێستا لە ژێر داگیرکەریی ئەودان، هەمان تاکتیکی ئەنجامدا. ئەو چەتانەی لەئوزبەکستان و تورکمەنستان و تاجیکستان و ئۆیغورەوە هێنرابوون، لەسەر هێڵی سنووری نێوان سوریا و تورکیا جێگرکرابوون.
ئەو گروپانەی باسیان لێوەدەکرێت، کەسوکاریان لەناوچەکانی جەبەل ئەکراد (شاخی کورمانج) لەئیدلب و جەبەل تورکەن (شاخی تورکمەن)، خاڵی سنووری باب ئەل هەوا و ئەنتاریب و ناوچەکانی جندرێس و راجۆو بابل و شارای عەفرین و خاڵی سنووریی باب لەسەلامە لەعەزازو خاڵی سنووری جەرابلوس جێگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیدارەی کۆچبەرانی تورکیاو میتی تورکی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە لەهەوڵ و پلانگێڕیدایە. ماوەیەک پێش ئێستا سەرچاوەیەک لەناوەندی کامپی ئاوارەکانی روحاوە بەفورات نیوزی راگەیاندبوو کە لەکەمپەکانی میت، ئەو ناوچانە پیشاندەدرێن کە بەنیازن داگیریان بکەن و ئاوارە تورکەکانیان تیایدا جێگر بکەن.
سەرچاوەکە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندبوو، ئاوارەکانی سوریا بەگشتی کە لەکەمپەکاندا نیشتەجێن، ناونیشانی شوێنەکانیان کە لەکوێوە کۆچیان کردبوو، گۆڕاون بۆ ناوچەکانی سەر بە حەسەکەو رەقاو حەلەب، وتبووی «بەم شێوەیە دەیانەوێت بۆ رای گشتی جیهان ئاشکرای بکەن کەئەو ئاوارانە بە رەچەڵەک خەڵکی ئەو ناوچانەن و بەزۆر لەسەر خاکەکانیان کۆچبەر کراون.»
ئەوانەی تورکیا دەیەوێت لە رۆژاڤای کوردستان نیشتەجێیان بکات پێشتر هەڕەشەیان لەوڵاتەکانی خۆیان کردووە.
لەئازاری 2017، لقی عێراقی داعش ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە کەتێیدا دوو ئەندامی ئۆیغوری گروپەکە لەژێر ئاڵای داعشدا داوای ئەنجامدانی هێرش دەکەن بۆ سەر چین.
ئۆیغورەکان کەمەنەتەوەیەکی چینن، ژمارەیان (١١ بۆ ١٥) ملیۆن کەس دەبێت لەو وڵاتەو ئاینیان ئیسلامی سوننەیە، زۆربەیان لەڕۆژئاوای چین نیشتەجێن.
لەئایاری 2018، پارتی ئیسلامی تورکستان لەسوریا ڤیدیۆیەکی درێژی بڵاوکردەوە کهتێیدا هانی موسڵمانانی وڵاتانی رۆژئاوا دەدات کۆچبکەن بۆ جیهاد، وەک بەشێک لەشەڕی جیهانیی قاعیدە.
لەڤیدیۆی دیکەدا، لەنێویاندا ئەوهی لەحوزەیران بڵاوکرایەوە، نیشانی دەدات پارتی ئیسلامی تورکستان بەشداریدەکات لەشەڕی سوریادا لەپاڵ جوند ئەلئەقساو تەحریر شامدا.
لەسوریا، پارتی ئیسلامی تورکستان چالاکە لەناوچەکانی ئیدلیب کە لەژێردەستی تەحریر شامدایە و نیمچە ئۆتۆنۆمییەکی داوە بەو یەکانەی لەچەکدارانی ئۆیغور پێکهاتوون.
عەبدوڵا وتی وادیارە تەحریر شام بوونیان دەقۆزێتەوە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی لەناوچەکە.
وتیشی ژمارەی تەواوی چەکدارانی پارتی ئیسلامی تورکستان نازانرێت، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کهسەدان چەکداری ئۆیغور نێردراون بۆ دێهاتەکانی پارێزگاکانی ئیدلیب و لازقییە.