هاوڵاتی: بەریتانیا، کاوە ڕەش سەربازێکی بەریتانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن دادگاوە سێ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، بەتاوانی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ تۆڕێکی قاچاخچی کورد، کە لەناو دارستان و جەنگەڵەکانی شاری کاڵاسی فەڕەنساوە، پەنابەری نایاسایی لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەیەوە گەیاندۆتە بەریتانیا. سەربازەکە کە پلەی جێگری یەکەی سەربازی لەناو سوپای بەریتانیادا هەبووە، بۆ گواستنەوەی هەر پانابەرێکی کورد، لەجەنگەڵەکانی کاڵاسەوە بۆ بەریتانیا، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زەسەن، بڕی پێنج هەزار پاوەند (6430 دۆلار)ی دەستکەوت بووە. ئەو سەربازە کەئەندامی کەتیبەی دووی شازدە وێڵزی سوپای بەریتانیا بووە، بەشداری دوو گەشتی سەربازی لەوڵاتی ئەفغانستان کردوە. پاشانیش گواستراوەتەوە بۆ بنکەی سەربازی Paderborn لەوڵاتی ئەڵمانیا. بەپێی وتەکانی لەناو دادگای باڵای شاری Maidstoneی بەریتانیا، ئەو کاتێک لەپشوودا بوەو لەئەڵمانیاوە بۆ فەڕنساو لەوێشەوە بۆ بەریتانیا گەڕاوەتەوە بەئۆتۆمیلەکەی، پەنابەری کوردی نایاسایی لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی حەشارداوە، کە لەشوێنێکی چۆڵەوانی ناو جەنگەڵەکانی شاری کاڵاس، یاخود لەشوێنی پارکی خواردنگەی ماکدۆناڵد سواری کردون. ئەو کە لەناو دادگادا فرمێسکی لەچاوەکانی دەسڕی، کاتێک خاتونێکی پارێزەری بۆ دادگا دەدوا کە چۆن کایڵی هاڕیسی تەمەن سی ساڵ توشی خەمۆکی و پاڵەپەستۆی دەرونی هاتوە، بەهۆی پارچەپارچە بوونی یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی لەبەرەی پێشەوەی شەڕ لەناوچەی هەڵمەندی ئەفغانستان، لەساڵی ٢٠١١دا. پارێزەری بەریگرکار؛ ئەو سەربازەی بەکەسێکی نمونەیی و ئازا‌و بەتوانا وەسفکردوە، کە ماوەی شەش ساڵ خزمەتی سەربازی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و دەرەوە کردوە. هەرەها هۆکاری لادانی بۆ ئەو کارە «خراپ و نایاساییە» گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو پاڵەپەستۆ دەروونییەی، کە بەهۆی بەشداری لەشەڕو بینینی گیان لەدەستدانی هاوڕێکەی توشی بووە. ئەو هەرچەندە کاری سەربازیی بەشێک بوە لەژیانی و چەندین مادالیاشی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی مەرگی هاوڕێکەیەوە، توشی خەمۆکی دەروونی و خەوزڕان بۆتەوە، بۆیە شەوانە لەناو کامپە سەربازییەکەیەوە لەڕێگای وای فای کامپەکەوە، شەوان تادرەنگ خەریکی قومارو گەمبەڵ بووە لەسەر ئینتەرنێت، بەو هۆیەشەوە نزیکەی ٣٠هەزار پاوەندی دۆڕاندوە. کایڵی هاڕیسی هەرچەندە لەلایەن تیمی تەندروستی سوپاوە کەمێک هاوکاری دژە خەمۆکی کراوە، بەڵام دواتر پەنای بۆ زۆر خواردنەوە کهولیەکان و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بردوە، بۆیە ئاڵودەی قومارو ماددەی هۆشبەر بوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەپارە بووە، بۆیە ناچاربووە ئەو ڕێگا هەڵەیەی بەکارهێناوە، وەک پارێزەرەکەی بەدادگای ڕاگەیاندوە. خانمە دادوەر Adele Williams دەڵێ بەهۆی بارودۆخی کەسێتی و ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن کەتۆ خزمەتی وڵاتت کردوە توشی پێکانی دەروونی بویتەوە بەهۆی گیان لەدەستدانی هاوڕێکەتەوە، بەشیک لەسزاکەمان کەمکردویەوەو بۆ سەرجەمی سێ ساڵ زیندانی. بەپێی وتەی ئەو سەربازە، لەماوەی سەردانەکانیدا بۆ ماڵەوەی لەبنکە سەربازیەکەوە بۆ بەریتانیا، لەسێ کاتی جیاوازدا سێ پەنابەری نایاسایی گەیاندۆتە بەریتانیا. هەر لەناو ئەو تۆڕەدا چەند کەسێکی دیکەش سزا دران کەپێکهاتەو بازنەی بازرگانی کردن بەمرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەوە بوون، لەنێویاندا (ز. ئ)کوردەو کە خاوەنی شۆردنگەی ئۆتۆمبیلە لەشاری Middlesbrough بەریتانیا بەدەساڵ سزا درا، دوای پشکنینی ماڵەکەی بڕی ١٣٦ گرام کۆکاینی ساف کڵاس ئەی لەماڵەکەی دۆزاوەتەوە، کە نرخی دەگاتە ١٣٦٠٠ پاوەند. ز.ئ ٣٦ ساڵ، خاوەنی دوو منداڵەو ماوەی پازدە ساڵە لەبەریتانیا دەژی، ئەو سەرەتا وەها لەگەڵ ئەو سەربازە ڕێککەوتوە، کەبراکەی بەناوی (ه.ئ) لەکاڵاسەوە بگەیەنێتە بەریتانیا، دوای ئەوەی پلانەکەی سەری گرتوە، پەرەی بەو پلانەداوەو کردویەتی بەکارێکی بازرگانی، کە لەو ڕێگایەوە پەنابەری نایاسایی کورد بۆ سەربازەکە بدۆزێتەوەو بۆ هەر پەنابەرێک، بڕی پێنج هەزار پاوەندیان داوە بەو سەربازە. سەرەتا بڕی ٢٥٠٠ پاوەندو کاتێکیش پەنابەرەکە گەیشتۆتە بەریتانیا ٢٥٠٠ پاوەندی دیکەشیان داوەتێ. کوردێکی دیکەش کە لەناو تۆڕەکەدا بووەو کاری دۆزینەوەو ئامادەکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان بوە لەناو کامپەکانی کاڵاس بەناوی (ها.ح) کە کوردێکەو هاوکاری ز.ئ کردوە لەبازرگانییە ترسناکەکەدا، (ها.ح)ی تەمەن. ٣٥ ساڵیش سزای زیندانیکردنی دوو ساڵ و هەشت مانگی بۆ بڕاوەتەوە لەلایەن دادگاوە، دوای ئەوەی لەتورکیاوە دەستگیرکراوەو هێنرایە بەردەم دادگا لەبەریتانیا. پارێزەری ز.ئ، ئەندرۆ هیڵ لەبەردەم دادگا وتی «ز. ئ پیاوێکی ئیشکەرو زەحمەتکێش بوە، ئەو دوای ئەوەی ویستویەتی براکەی لەو ڕێگایەوە بگەیەنێتە بەریتانیا، لەو بازرگانییەوە لکاوە». دادوەر عادیلە ولیامس دەڵێ «هەرچەند ڕاسیتیەکەی هەندێک کاری دڵسۆزی مرۆیی هەبوە، بەڵام دواجار بۆتە کارێکی بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسایەو سزای بەدواوەیە». ڕۆژنامەی زەسەنی بەریتانی دەڵێ « کایڵی هاڕیس لەمانگی مایسی ٢٠١٦ لەلایەن فەرمانبەرانی سنورپارێزی بەریتانی دەستگیرکراوە کاتێک دوو کۆچبەری لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی حەشارداوە. داداگاش دواجار سزای ئەو سەربازەو دوو کوردەکەی دیکەی، لەکۆتایی مانگی ١ی ٢٠١٩ دەرکرد.
شاناز حه‌سه‌ن چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دلێر موساى ته‌مه‌ن 44 ساڵان ده‌ستبه‌رداریی کارى کڕین و فرۆشتنى خان‌و و زه‌وى بوو، به‌هۆى ئه‌و بێ بازاڕییه‌وه که رووى له‌و که‌رته کرد، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیداوه‌ته‌وه کاره‌که‌ى دواى ئه‌وه‌ى که‌رتى خانوبه‌ره بوژانه‌وه‌ى به‌خۆوه بینی. دلێر مو‌سا ساڵى 2015 دواى 12 ساڵ کارکردن له که‌رتى خانوبه‌ره، به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و پاشه‌که‌وتى موچه‌وه ناچاربوو ده‌ستبه‌ردارى کاره‌که‌ى بێت، دواى ئه‌وه‌ى نرخى زه‌وى و خانوو داشکا و بێ بازاڕی به‌ته‌واوى ڕووى تێکرد و به‌هۆیه‌وه روبه‌ڕووى زیانێکى زۆر بووه‌وه. دواى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى عێراق له 22ى کانونى دووه‌مى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه که تێیدا پاره‌ى تایبه‌ت به موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و پێشمه‌رگه جێگیرکراوه، نرخى خانوبه‌ره له هه‌رێم جوڵه‌ى تێکه‌وتووه، ئه‌وه‌ش هیواى بۆ دلێر گه‌ڕانده‌وه که بچێته‌وه سه‌ر کاره کۆنه‌که‌ى. دلێر وتى «بڕیاره‌کانى به‌غدا هیواى بۆ گه‌ڕاندینه‌وه، به‌هۆى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌وه، جوڵه که‌وتۆته بازاڕه‌کانى هه‌رێم و به‌تایبه‌تیش نرخى زه‌وى و خانوو به‌رزبونه‌وه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه بینیوه«. هه‌رچه‌نده هێشتا یاساى بودجه‌ى عێراق به‌ته‌واوى نه‌که‌وتووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه و تا ئێستا به‌غدا پاره‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ى نه‌ناردووه، به‌ڵام خه‌ڵک له هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى فه‌رمانبه‌ران هیواکانیان پێوه هه‌ڵواسیوه و چاویان له‌وه‌یه دواى چوار ساڵ له‌نه‌هامه‌تى هیوایان بۆ بگه‌ڕێته‌وه. زانا قاره‌مان خاوه‌نى نوسینگه‌ى کڕین و فرۆشتنى خان‌و و زه‌وى له سلێمانى باس له‌وه‌ده‌کات له‌چاو پێش په‌سه‌ندکردنى بودجه‌که، نرخى خانوبه‌ره جوڵه‌ى تێکه‌وتووه و نرخى هه‌موو پارچه زه‌وییه‌ک 30 بۆ 40 گه‌ڵا (هه‌زار بۆ چوار هه‌زار) دۆلارى چووه‌ته سه‌ر. وتیشی «خه‌ڵک له‌ئێستادا زیاتر ئه‌و زه‌ویانه ده‌کڕن که زەوى مردوون و خهدهماتیان نیه، چونکه فه‌قیرن و پاره‌یان هه‌ر به‌شى ئه‌وه ده‌کات». زانا رۆژى سێشه‌ممه پارچه‌یه‌ک زه‌وى فرۆشتووه، که ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر که‌س ئاماده‌نه‌بوو به نیوه‌ى نرخه‌ى ئێستاى بیکڕێت «بازار جوڵه‌ى چاکى تی که‌وتووه، خه‌ڵک متمانه‌ى زیاتر بووه«. تا پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی له ساڵى 2014 بازاڕى خانوبه‌ره له هه‌رێمى کوردستان لهههڵکشانى به‌رده‌وامدا بوو، نرخى زه‌وى و خانوو به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزببووه‌وه، به‌ڵام قه‌یرانى دارایی ئه‌و بازاڕه‌ى له جوڵه خست. بوژانه‌وه‌ى بازاڕه‌که له ئێستادا، هیواى بۆ مام حه‌سه‌نى ته‌مه‌ن 48 ساڵان گێڕاوه‌ته‌وه، که خاوه‌نى خێزانێکى هه‌شت که‌سییه و پێکه‌وه هه‌موویان له‌خانویه‌کدا له سلێمانى ده‌ژین. ئه‌و پیاوه سێ ساڵى به‌رده‌وام خانوه‌که‌ى بۆ فرۆشتن له نوسینگه دانا، به‌ڵام که‌س لێى دهنهپرسی، ئێستاش خانووه‌که‌ى خواستى له‌سه‌ره «خاوه‌ن نوسینگه‌که دوو رۆژه موشته‌رى ده‌هێنێته سهرخانوهکهم، که هه‌ریه‌که‌و نرخێکم پێ ده‌ده‌ن، که زۆر به‌رزتره له پێشتر». وتیشی»ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى خۆمان وه‌زعه‌که‌مان لێ تێک نه‌ده‌ن، خه‌ریکه وه‌زع باش ده‌بێت». نوسینگه‌کانى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى خانوو که تا چه‌ند مانگێکى که‌م له‌مه‌وبه‌ر به چۆڵى ده‌بینران، ئێستا جمه‌یان دێت له‌و که‌سانه‌ى سه‌رقاڵى کرین و فرۆشتنى خانوون. خاوه‌نى نوسینگه‌کان ده‌ڵێن، له‌ناو هه‌موو زه‌وییه‌کاندا، نرخى ئه‌وانه به‌رزبووه‌ته‌وه که پێیان ده‌وترێت زه‌وى مردوو، به‌و پێیه‌ى هیچ جۆره خزمه‌تگوزارییه‌کیان پێنه‌گه‌یشتووه. شه‌مسه‌دین قادر خاوه‌نى نوسینگه‌ى دیه له هه‌ولێر که 12 ساڵه نوسینگه‌ى هه‌یه باس له‌وه‌ده‌کات نرخى زه‌وى و خانوو له 15% زیادیکردووه، ئه‌گه‌ر پارچه زه‌وییه‌ک پێشتر به سێ ده‌فته‌ر و ده گه‌ڵا فرۆشرابێت، له ئێستادا چوار ده‌فته‌ر و نیو ده‌کات. باسى له‌وه‌شکرد، زیاتر نرخى ئه‌و زه‌ویانه به‌رزبووه‌ته‌وه که به‌مردوو ناوده‌برێن، واته خزمه‌تگوزارییان پێنه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام تاپۆیان هه‌یه. شه‌مسه‌دین هۆکاره‌که‌ى بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه که خه‌ڵک هه‌ژاره و ده‌یانه‌وێت له‌هه‌ر شوێنێک بێت، ببێته خاوه‌نى ژورێکى خۆی. جوڵه‌ى بازاڕى زه‌وى زیاتر سه‌نته‌رى شاره‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى و به‌شێک له قه‌زاو ناحیه‌کانى ده‌وروبه‌رى ئه‌و دوو شاره‌یان گرتووه‌ته‌وه، به‌راورد به ناوچه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان. ڕێباز سه‌یفه‌دین خاوه‌نى نوسینگه‌ى هاوبه‌ش له هه‌ڵه‌بجه باسى له‌وه‌کرد، جوڵه‌که به‌دیده‌کرێت، به‌ڵام له‌چاو شاره‌کانى تر له‌وانه‌یه به‌و ڕاده‌یه نه‌بێت «خه‌ڵک زیاتر حه‌زیان به زه‌وى و خانوى تاپۆیه، زیاتر متمانه‌یان به‌وه‌یه وه‌ک له زه‌وییه‌ک هیچى نه‌بێت». هه‌روه‌ها سلێمان عبدالرحمان که چوار ساڵه مامه‌ڵه‌ى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى و خانوو ده‌کات له‌ناو شارى دهۆک و وتی «ڕاسته جوڵه‌یه‌ک به‌دى ده‌کرێت، به‌ڵام چونکه دهۆک زه‌وى که‌مه، بۆیه کڕین و فرۆشتنیش که‌متره«. وتیشی»به‌هۆى که‌مى زه‌وى له شارى دهۆک بۆیه زه‌وى و خانوش گرانتره له‌چاو شوێنه‌کانى تر». زیادبوونى نرخى زه‌وى و خانوو له‌کاتێکدایه، هێشتا پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه لانه‌براوه و کابینه‌ى نوێش پێکنه‌هاتووه، له‌ئه‌گه‌رى لابردنى پاشه‌که‌وت و پێکهێنانى حکومه‌تدا پێده‌چێت جوڵه‌ى ئه‌و که‌رته زیاتر بێت. سه‌روه‌ت محه‌مه‌د خاوه‌نى نوسینگه‌ى موڵکى که‌لار که له 2013وه کارى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى و خانوو ده‌کات باسى له‌وه‌کرد که نرخى خانوبه‌ره به‌رێژه‌یه‌کى زۆر به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه‌و خه‌ڵک زیاتر خانوو ده‌کڕێت، وه‌ک له زه‌وى. وتیشى خه‌ڵک زیاتر فرۆشتنه‌کانى هه‌ڵده‌گرێت بۆ ده‌وروبه‌رى مانگى سێ و ده‌ڵێن که له‌و مانگه‌دا پاشه‌که‌وتى موچه به ته‌واوى لاده‌برێت، ئه‌مه‌ش بۆته هۆى زۆربونى خواست و که‌مى خستنه ڕوو. به وته‌ى سه‌روه‌ت، نرخى زه‌وى و خانوو به پێى شوێنه‌که‌ى ده‌گۆرێت، به‌ڵام به گشتى هه‌موو پارچه زه‌وییه‌ک به رێژه‌ى له سه‌دا 25بۆ30 به‌رزبۆته‌وه. به‌شێک له ئابورى ناسان هۆکارى به‌رزبونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌ر زه‌وى و خانوو ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ بڕگه‌یه‌کى بودجه‌ى عێراق که تێیدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه مسۆگه‌ر کراوه ئه‌گه‌ر هه‌رێم ئاماده‌ش نه‌بێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات. حسام حه‌کیم به‌رزنجى به‌ڕێوبه‌رى گشتى رێکخراوى په‌ره‌پێدانى ئابورى کوردستان (کیدۆ) به هاوڵاتى وت «کاریگه‌رى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌کان له‌سه‌ر که‌سانێک ده‌رناکه‌وێت که ئابوریه‌کى دیاریکراویان هه‌یه، به‌ڵام بۆ که‌سانى تر به‌رزبونه‌وه‌که زه‌ره‌ریان لێده‌دات، که فه‌قیرن و ئابوریان له پله‌یه‌کى که‌متردایه«. له‌باره‌ى هۆکارى ئه‌و جوڵه‌یه‌ى که که‌وتۆته بازاڕ‌و به‌تایبه‌تیش زه‌وى و خانووبه‌ره، حسام حه‌کیم وتى «خه‌ڵک متمانه‌ى به بریاره‌کانى به‌غدا زیاتره، به‌تایبه‌تیش به‌و بڕگه‌یه‌ى که ده‌وترێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وتیش نه‌نێرێت، بودجه‌ى فه‌رمانبه‌ر هه‌ر ده‌نێردرێت».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم رێڤینگ هرورى سه‌رۆکى کاتى په‌رله‌مانى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتى ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌دات به هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان پاشان ڕاسپاردنى کاندیدى سه‌رۆکى حکومه‌ت و تا ئێستاش هیچ فراکسیۆنێک نه‌یوتووه به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانکراوى په‌رله‌مان له 18ى مانگدا ناکات. له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی، رێڤینگ هرورى ده‌ڵێت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه که سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵببژێردرێت، چونکه کاتى زۆرى ناوێت و به هه‌فته‌یه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌کرێت و جێگره‌که‌ى خۆى ده‌ستنیشانده‌کات. باس له‌وه‌شده‌کات، ئه‌گه‌ر هه‌یه پێکهێنانى حکومه‌ت بکه‌وێته دواى جه‌ژنى نه‌ورۆز، چونکه ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان 18ى شوبات هه‌ڵده‌بژێردرێت و پاشان لیژنه‌ى یاسایی ده‌ستبه‌کارده‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یاساى دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم. هاوڵاتی: سه‌رجه‌م فراکسۆنه‌کان به‌شدارى دانیشتنى 18ى شوبات ده‌که‌ن؟ رێڤینگ هرورى: تا ئێستا هیچ لایه‌ن و فراکسیۆنێک نه‌یانوتووه به‌شدارى دانیشتنى 18ى شوبات ناکه‌ین، سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان دێنه په‌رله‌مان کۆبونه‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ین و هیچ به‌هانه‌یه‌ک نییه بۆ به‌شدارینه‌کردن. پێکه‌وه گفتوگۆ ده‌که‌ین له‌نێوان فراکسیۆنه‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ى ئالیه‌تى کارى به‌رنامه‌ى کار بۆ رۆژى دووشه‌ممه 18ى شوبات به‌هه‌موولایه‌ک بڵێین. هاوڵاتى: ئایا دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان یه‌کسه‌ر فراکسیۆنى زۆرینه راده‌سپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت؟ یا ده‌که‌وێته رۆژێکى دیکه؟ رێڤینگ هرورى: تا ئێستا کۆبونه‌وه‌که کراوه بووه‌و کۆبونه‌وه‌ى یه‌که‌م ته‌واو ده‌بێت و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، کۆبونه‌وه‌ى دووه‌م ده‌بێت لیژنه‌ى یاسایى پێکبهێندرێت لیژنه‌ى یاسایى به‌رنامه‌ى کار داده‌نێت. هاوڵاتی: به‌ڵام مانگێک له‌به‌رده‌م پێکهێنانى حکومه‌تدایه؟ ئه‌گه‌ر 18ى شوبات یه‌کلانه‌کرێته‌وه پێکهێنانى حکومه‌ت دواده‌که‌وێت؟ رێڤینگ هرورى: ئیحتماله بکه‌وێته دواى جه‌ژنى نه‌ورۆز، چونکه ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان 18ى شوبات هه‌ڵده‌بژێردرێت، دواى ئه‌وه لیژنه‌ى یاسایى دروست ده‌کرێت که ده‌توانرێت رۆژێک دواى ئه‌وه پێکبهێندرێت، ئیتر ئه‌و لیژنه‌یه ده‌کرێت یاساى دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم که ده‌سه‌ڵاته‌کانى بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى دابه‌شکراوه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم کارا بکرێت و سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت، پاشان سه‌رۆکى هه‌رێم کاندیدى راسپێردراو بۆ حکومه‌ت راده‌سپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت. هاوڵاتی: واتا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم پێشده‌خرێت یان پێکهێنانى حکومه‌ت؟ رێڤینگ هرورى: حه‌تمه‌ن ده‌بێت سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت دواتر کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت راده‌سپێردرێت و سه‌دا سه‌د به‌م شێوه‌یه ده‌بێت. هاوڵاتی: ئایا دیارى کراوه ناوى کاندیدانى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان پێش رۆژى دووشه‌ممه بگاته په‌رله‌مان؟ رێڤینگ هرورى: ته‌مه‌نا ده‌که‌ین زوو بهێندرێت، مه‌رجیش نییه پێش 18ى شوبات بگاته په‌رله‌مان، به‌ڵکو ده‌کرێت هه‌مان رۆژ ناوى کاندیده‌کان بهێننه په‌رله‌مان، هه‌موو ئه‌ندامانى په‌رله‌مان مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه خۆیان کاندید بکه‌ن بۆ سه‌رۆکى په‌رله‌مان و جێگرى یه‌که‌م و دووه‌مى په‌رله‌مان. شتێکى دیار و ئاشکرایه له‌نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کاندا رێکه‌وتن کراوه‌و پۆسته‌کانى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان دابه‌شکراوه. هاوڵاتی: سێ ئه‌ندامى په‌رله‌مان تا ئێستا سوێندى یاساییان نه‌خواردووه و باس له جێگره‌وه‌یان ده‌کرێت، که‌ى ئه‌و سێ که‌سه سوێندى یاسایى ده‌خۆن؟ که‌سى تر له‌شوێنیان سوێند ده‌خۆن؟ رێڤینگ هرورى: پێش هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان ئه‌و سێ که‌سه‌ى که له فراکسیۆنى پارتى و یه‌کێتى و نه‌وه‌ى نوێدان سوێندى یاسایى ده‌خۆن ئنجا ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌کرێت. هاوڵاتی: پارتى ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌دات به هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم یا راسپاردنى کاندیدى سه‌رۆکى حکومه‌ت؟ رێڤینگ هرورى: ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه که سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵببژێردرێت، چونکه کاتى زۆرى ناوێت و به هه‌فته‌یه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌کرێت و جێگره‌که‌ى خۆى ده‌ستنیشانده‌کات.
هاوڵاتى، شاناز حه‌سه‌ن نوێنه‌رانى کورد له په‌رله‌مانى عێراق فشاره‌کانیان بۆ لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستپێده‌که‌ن، دواى ئه‌وه‌ى له بودجه‌ى ئه‌مساڵدا پاره‌ى تایبه‌ت به موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه گره‌نتى کرا. به‌پێی یاساى بودجه‌ى عێراق که 22ى کانوونى دووه‌م له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندکرا، حکومه‌تى ناوه‌ند پابه‌ند کراوه به ره‌وانه‌کردنى مووچه‌ى پیشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌ران، ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ندیش نه‌بێت به راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه. میران محه‌مه‌د ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى عێراق به هاوڵاتى راگه‌یاند، حکومه‌تى عێراق له ساڵى رابردوودا 317 ملیارى ده‌ناردو له ئێستادا 522 ملیار دینار ده‌نێرێت که نزیکه‌ى دوو ئه‌وه‌نده‌یه، به‌و پێیه دۆخى موچه‌خۆران ده‌بێت باشتر بێت و پاشه‌که‌وتیش نه‌مێنێت. له‌باره‌ى فشاره‌کانیان بۆ سه‌ر حکومه‌ت، میران محه‌مه‌د باسى له‌وه‌کرد، سێ مانگ خه‌ریک بوون بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که تێنه‌په‌ڕێت، ئێستاش کاتى ئه‌وه هاتووه پاشه‌که‌وت نه‌مێنێت. به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه، حکومه‌تى هه‌رێم له ساڵى 2016ه‌وه کار به سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات و تائێستا واده‌ى لابردنى ئه‌و سیستمه نادیاره. به‌پێی یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق، کۆى گشتى بودجه‌ى هه‌رێم نزیکه‌ى 10 ترلیۆن دیناره، ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند بێت به هه‌نارده‌کردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى به‌غداوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وتیش نه‌نێرێت ده‌بێت به‌غدا مانگانه بڕی ٦٤٧ ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه بنێرێت. ئه‌ندامێکى فراکسۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه به‌راورد به‌ساڵى رابردوو مانگانه 205 ملیار دینار زیاتر بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت و به‌وه‌ش حکومه‌تى هه‌رێم بیانووى هێشتنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى نه‌ماوه. به‌هار مه‌حمود به هاوڵاتى وت «به‌پێی بودجه‌ى ئه‌مساڵ به‌دڵنیاییه‌وه کاتى لابردنى پاشه‌که‌وته، چونکه موچه‌ى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه و فه‌رمانبه‌ران جیاکراوه‌ته‌وه له‌و کێشانه‌ى که هه‌یه له‌نێوان هه‌رێم و عێراقدا». رونیشیکردهوه «جاران 317 ملیاره‌که که‌ده‌هات له‌چوارچێوه‌یه‌کى یاساییدا نه‌بوو، ئیتیفاقێکى شهفهیى بوو، ئه‌گه‌ر نهنێردرایه به‌ڵگه‌ى یاساى به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو، ئیستا موچه‌ى فه‌رمانبه‌رو پیشمه‌رگه‌مان کردووه‌ته ناو یاساى بودجه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌نێردرێت به‌ڵگه‌ی یاسایى به‌ده‌سته‌وه ده‌بێت». به‌هار مه‌حمود باسى له‌وه‌شکرد، پێشتر حکومه‌تى هه‌ریم که317 ملیاره‌که ده‌هات ده‌یوت 150 ملیار دینارى دیکه زیادبکرایه، ده‌توانێت پاشه‌که‌وتى موچه لابه‌رێت «بۆیه ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و پاساوه‌ى نه‌ماوه«. جه‌ختیشیکرده‌وه، هه‌نگاوى یه‌که‌میان بۆ لابردنى پاشه‌که‌وت په‌سه‌ندکردنى یاساى بودجه بوو، هه‌نگاوى دووه‌میش چاودێریکردنه تا به‌غدا بودجه ره‌وانه‌ى هه‌رێم بکات. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا یاساى بودجه‌ى عێراق له رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بڵاوکرایه‌وه، به‌وه‌ش به‌فه‌رمى خرایه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌نگاوه کردارییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه نه‌نراون و دیار نییه به‌غدا که‌ى بودجه ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌کات. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به هاوڵاتى وت «ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هیچ مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و هه‌رکات ده‌ستى کرد به خه‌رجکردنى موچه‌ش بۆ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌یاساکه‌دا دیارى کراوه«. وتیشی «مادده‌که مهتاتیهتێکى تێدایه ده‌ڵێت حکومه‌تى ئیتیحادى پابه‌ند ده‌بێت به پێدانى شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام بڕى زه‌ره‌رى لێده‌بڕدرێت، له‌کاتێکدا که 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیم نه‌کات». به‌پێی یاساى بودجه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان رۆژانه بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا نه‌کات، له شایسته داراییه‌کانى ده‌بڕدرێت جگه له‌پاره‌ى ته‌رخانکراو بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه. له‌باره‌ى ناردنى پاره‌که‌وه، ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه، ده‌بێت له مانگى دوودا بێت، چونکه پڕۆژه یاساکه چووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌و لهوەقائیقى عێراقیدا بڵاوبۆته‌وه. بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى وتیشی «ئه‌وه‌ى من ئاگاداربم دانوستان به‌رده‌وامه بۆ 951 ملیاره‌که‌ى ساڵى ڕابردووى فه‌رمانبه‌ران، مولزهمهو لهقانوندایه کهبنێردرێت». جگه له‌و بڕه بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێم دیاریکراوه له بودجه‌ى عێراقدا، هه‌رێمى کوردستان ده‌یه‌وێت موچه‌ى سێ مانگى ساڵى رابردووى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه بنێردرێت تا بتوانێت ئه‌و سێ موچه‌یه دابه‌شبکات به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵام هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ک نییه بۆ ناردنى ئه‌و پاره‌یه. جگه له په‌رله‌مانتارانى کورد له‌به‌غدا، په‌رله‌مانتارانى په‌رله‌مانى کوردستانیش ده‌ڵێن دواى ناردنى بودجه‌که له‌لایه‌ن به‌غداوه، فشار ده‌که‌ن بۆ نه‌هێشتنى پاشه‌که‌وتى موچه. پێشه‌وا هه‌ورامى په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى به هاوڵاتى راگه‌یاند، فشار له‌و کاته‌وه ده‌ستپێده‌کات که بودجه‌که هات و ده‌گاته خۆى، «که بینیمان گۆڕانکارییه‌ک ناکرێت ئێمه‌ش قسه‌ى خۆمان ده‌بێت، به‌ڵام به‌م وه‌زعه‌ى ئێستاوه ناتوانرێت گۆڕانکارى لهپاشهکهوتدا بکرێت». وتیشی «ئه‌وله‌ویه‌تى کارى ئێمه‌یه وه‌ک پارتى که موچه‌ى خه‌ڵک وه‌ک خۆى بدرێت». له‌ئێستادا وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه بڕى 378 ملیار دینار ده‌دات به‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى بۆ دابینکردنى به‌شێک له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ 317 ملیار دینار که له‌به‌غداوه دێت بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران. به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌که‌نه‌وه که ئه‌وله‌ویه‌تیان لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌یه‌و بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین جار به‌ڵێنیان داوه له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا واده‌ى لابردنى پاشه‌که‌وت نادیاره. به‌پێى سیستمى بایۆمه‌ترى، حکومه‌تى هه‌رێم یه‌ک ملیۆن و 249 هه‌زارو 1٤٥ که‌س موچه‌خۆرى هه‌یه و مانگانه 850 ملیار دیناریان ده‌وێت بو دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌بێ پاشه‌که‌وت. خالید حه‌یده‌ر شاره‌زاى بوارى ئابورى له‌باره‌ى لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌وه به هاوڵاتى راگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌وانه‌ى که له‌جێگه‌ى بڕیاردان، پێیان وایه که‌ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه «پاشه‌که‌وت بمێنێت، بۆ ماوه‌یه‌کى دیاریکراو، به‌پاساوى ئه‌و قه‌رزه‌ى که هه‌یانه«. وتیشى «بڕیاره له‌مه‌ودوا به‌غدا بڕى 522 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه ره‌وانه بکات، له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ، به‌وه‌ش زۆر به‌ئاسانى ده‌توانێت پاشه‌که‌وتى موچه لاببات و کاتى ئه‌وه هاتووه حکومه‌تى هه‌رێم جێبه‌جێى بکات».
سه‌روه‌ر خه‌لیل.که‌رکوک وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له که‌رکوک ده‌ڵێت:" قبوڵمان نییه هێزى پێشمه‌رگه له شاره‌که بوونى هه‌بێت"، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات رێگر نابین له‌دانیشتنى ئه‌نجومه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ. ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌که‌رکوک به‌سه‌رۆکایه‌تى راکان سه‌عید رێکخه‌رى گشتى ئه‌نجومه‌نه‌که که هاوکات پارێزگارى که‌رکوکه به‌وه‌کاله‌ت کۆبووه‌وه‌و تاوتوێى دۆخى سیاسى که‌رکوک و پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌یان بۆ شاره‌که کرد. پرسى پێشمه‌رگه حاتم تائى وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ڵوێستى خۆیان روونکرده‌وه که دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ن و سوورن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌منى به‌ده‌ستى حکومه‌تى ئیتیحادییه‌وه، وتیشى" ئێمه قبوڵمان نییه که هێزى پێشمه‌رگه له‌که‌رکوک بوونى هه‌بێت و پێویسته دۆسیه‌ى ئه‌منى به‌ده‌ستى حکومه‌تى ئیتیحادییه‌وه بێت چونکه نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراق ده‌کات به‌کوردیشه‌وه". تائى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که هێزى پێشمه‌رگه‌ش به‌پێى یاسا تایبه‌ته بهپاراستنى هه‌رێمى کوردستانه‌وه و "که‌رکوکیش به‌شێک نییه له‌هه‌رێم". هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له که‌رکوک له‌باره‌ى پرسى هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێکى بۆ شاره‌که حاتم تائى ئه‌وه‌ى خسته‌روو ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندى به‌ئه‌وانه‌وه نییه و به‌لایانه‌وه گرنگ نییه به‌ڵکو ئه‌وه په‌یوه‌سته به یه‌کێتى و پارتى که پڕۆژه‌یان هه‌یه بۆ هاندانى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن بۆ کۆبوونه‌وه و هه‌ڵبژاردنى پارێزگار" ئه‌و پرسه پرسێکى یاساییه بۆیه پێویسته سه‌رجه‌م مه‌رجه یاساییه‌کانى تێدا بێت و هه‌ر کاتێکیش ئه‌و مه‌رجانه‌ى تێدا بوو رێگر نابین له‌دانیشتنى ئه‌نجومه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ و شێوازێکى نوێ بۆ ئیداره‌ى که‌رکوک"، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى عه‌ره‌بى که‌رکوک واى وت. له‌باره‌ى راکان سه‌عیدیشه‌وه باسى له‌وه‌کرد راکان سه‌عید پارێزگار نییه به‌ڵکو به‌وه‌کاله‌ت له‌و پۆسته‌یه، ئه‌ویش که‌سێکى یاساییه و پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕێکاره یاساییه‌کانه‌وه، بۆیه ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌رپرسه له‌هه‌ڵبژاردنى پارێزگا که ئه‌نجومه‌نێکى "ئیفلیجه"و به‌هۆى ناکۆکییه‌کانه‌وه ناتوانن کۆببنه‌وه. ده‌ستگیرکراوه‌کانى عه‌ره‌ب لاى یه‌کێتى حاتم باس له‌وه ده‌کات که کۆبوونه‌وه‌که ستایشى ئه‌و هه‌وڵ و په‌یوه‌ندییانه‌ى کردووه که له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌نجامدراون بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆسیه‌ى ده‌ستگیرکراوه‌کان که له‌زیندانه‌کانى سلێمانیدان، ئه‌و ده‌ڵێت "بڕیاره سبه‌ى یه‌کشه‌ممه وه‌جبه‌ى یه‌که‌مى ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه که ژماره‌یان هه‌شت بۆ ده که‌سه راده‌ستى به‌رپرسانى که‌رکوک بکرێته‌وه" هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى ئه‌نجامدراوه بۆ ئازادکردنى ئه‌و دهستگیرکراوانهیه که هیچ تاوانێکیان به‌سه‌ردا ساغنه‌بووه‌ته‌وه. پاش روداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، حکومه‌تى عێراق راکان جبورى راسپارد پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت وه‌ربگرێت تا ئه‌و کاته‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا کاندیدێک دیارى ده‌کات و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌دات بۆ پارێزگارى شاره‌که. ئه‌م پرسه هێشتا له‌نێوان یه‌کێتى و پارتى رێکه‌وتنى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌و بریاره 18ى شوبات بۆ دیارى کردنى کاندیدێک و رێکه‌وتن له‌سه‌ر له شارى هه‌ولێر کۆببنه‌وه.
ئامادەکردنی: کەیوان کاوە ماوەیەک دەبێت بەبێ ڕوودانی هیچ شتێک بێتاقەتییەک دایگرتوویت، بیردەکەیتەوە تاوەکو بزانیت هۆکارەکەی چییە و هیچ هۆکارێک نایەت بە مێشکت‌دا. پاش ماوەیەک لەم بێتاقەتییە هەوڵت داوە ڕابێیت و لەسەر ڕێچکەکەی پێشووتری ژیانت بەردەوام بیت بەڵام لە ناخی خۆتدا هەست دەکەیت هیچ ئامانجێکی نییە و تەنانەت شایەنی ئەوەش نییە. ڕەنگە چەند مانگێکیش تێپەڕبووبێت کە کۆتا جار هەمان چێژت لەو شتانە کردبێت کە پێشتر دەتکرد. ئەم بێ وزەییە کاریگەری لەسەر کارەکەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت کردووە بە جۆرێک کە فۆرمەکەی گۆڕیوەو ئەو گاڵتەو قسەخۆشانەی جارانت نەماوە. بە خۆت دەڵێیت کە ماوەیەکەو کۆتایی دێت و دەگەڕێیتەوە سەر بارودۆخی پێشووتر، بەڵام لانی کەم چەند مانگێک دەبێت بەم شێوەیەیت. کاتێک بۆ کەسانی دەوروبەرتی ڕووندەکەیتەوە چۆنیت، هەست ناکەیت لێت تێبگەن و هەستت پێ بکەن، ڕەنگە گرنگی بە بابەتەکە نەدەن یاخود پێت شەرم بێت کە ئەم بێ وزەییەی خۆت باس بکەیت. ئەم پارچە نووسینەی سەرەوە ڕەنگە کورتەیەک بێت لەوەی هەستی پێدەکەیت یاخود یەکێکی نزیکت بۆی باسکردبێتیت و زۆر تێنەگەشتبێتیت. لە وەڵامی ئەم قسانەدا وتراوە "ئەوەندە بیری لێ مەکەرەوە و خۆت بێتاقەت مەکە!" تەنانەت ڕەنگە وەکو شێوازێک ژیانکردن سەیر بکرێت لە کاتێکدا لە زانستی پزیشکیدا ئەم نیشانانەی لەم نووسینەدا هەیە زیاتر بەلای نەخۆشییەک دەشکێتەوە کە پێی دەگوترێت خەمۆکی. بە دڵنیاییەوە تەواوی نەخۆشییەکە لێرەدا کورت ناکرێتەوە بەڵام دەکرێت زانیارییەکی کورتی لەسەر بزانرێت. ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕان لە بواری دەروونناسی، خەمۆکی وەکو نەخۆشی سەدەی بیست و یەک ناودەبەن و پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گرنگی تەواوی پێ بدرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (دەبلیو ئێچ ئۆ) لە ساڵی ٢٠١٧، خەمۆکی هۆکاری سەرەکی بێتواناییە لە جیهاندا کە دەبێتە هۆی باش ئەنجام نەدان یاخود نەچوونەوە بۆ سەر کار. هەروەها خەڵمێندراوە نزیکی ٣٠٠ ملیۆن کەس تووشی خەمۆکی بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامارێکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ژمارەکەی نەزانراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە خۆکوشتن بە دووەم هۆکاری مردن دادەنرێت لە دوای ڕووداوی هاتووچۆ لە جیهاندا، ساڵانە ٨٠٠،٠٠٠ کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە گیان لەدەستدەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە خۆکوشتن یەکێکە لە لێکەوتەکانی خەمۆکی. هەڵبەت خەمۆکی تەنها نەخۆشییەکەو پێویستە لەتەواوی بابەتەکە وردببینەوە تاوەکو دیدگایەکی باشترمان هەبێت سەبارەت بەنەخۆشییە دەروونییەکان. زاراوەی سایکۆلۆژی یان دەروونناسی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی کە بەمانای "زانستی ڕۆح" دێت. ئەم زاراوەیە لە دونیای مۆدێرندا بە مانای زانستی بیرکردنەوەو خوو و کردار‌و کارلێکی ئاسایی مرۆڤ بەکاردێت، واتە دیاردەیەکی نوێ و شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوە دەچنە ژێر چەتری ئەم زاراوەیەوە. لە زمانی ئینگلیزی‌دا دەستەواژەی (سایکایەتری) بەکاردێت بۆ زانستی نەخۆشییە دەروونییەکان و هەر بارودۆخێکی نائاسایی بابەتەکانی سایکۆلۆژی یاخود دەروونناسی و لەزمانی کوردی‌دا پێی دەوترێت زانستی نەخۆشییە دەروونییەکان. لەکۆتاییەکانی ساڵی (٨٠٠)ەکاندا، بۆ یەکەمجار (د. محەمەد ئیبن زەکەریا ئەلڕازی) باسی لە نەخۆشییە دەروونییەکان کردووەو هەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشی داوە لە نەخۆشخانەی بەغداد. بۆیە دەبینین بابەتە دەروونییەکان هەمیشە جێگەی سەرنجی مرۆڤ بوون و هەوڵی تێگەشتنیان دراوە. بەڵام بەداخەوە نەخۆشییە دەروونییەکان تێڕوانینێکی ئەگەر خراپ نەبێت، بەڵکو ناڕاستییان لەسەرە. هەڵبەت ئەم تێڕوانینانە هۆکاری زۆریان لە پشتەوەیە، سەرەکیترینان کەمی زانیارییەو بڕیاردانە لەسەر بابەتەکە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو لەسەر دەروونناسی بەزمانی کوردی و پشتگوێخستنی تەواوی ئەم لایەنەی تەندروستی مرۆڤ بە تایبەت لەلایەن میدیاکانمانەوە کە کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە. بە گشتی ئەگەر ئاوڕێکیش لەم بابەتە درابێتەوە ئەوا بە شێوەیەکی دواکەوتوو بەرجەستە کراوەو کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە دەروونییەکان بە ئاراستەیەک براون کە جێگەی بەزەیی بن وەک لە تێگەشتن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەستەواژەی نەخۆشی دەروونی تەنیا چەند حاڵەتێک دەگرێتەوەو ئەو کەسانە دێنێتە پێش چاو کە پێیان دەگوترێت "شێت". لەگەڵ ئەوەی زانستێکی تەواو هەیە لەپشت ئەم شێتەوە، ئەم حاڵەتە تەنیا بەشێکی بچووکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. ستیگما و تێڕوانینانی ناڕاست لەسەر نەخۆشییە دەروونییەکان لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا بوونیان هەیە، بەپێی توێژینەوەکان ئەمانە دەگرنەوە: - ئەوەی نەخۆشی دەروونی هەیە "شێتە" نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر زۆرن و تەنانەت دەکرێت ئەو شێتبوونە دەرکەوتەیەکی کاتی بێت. خەمۆکیش نەخۆشی دەروونییەو نیشانەی سەرەکی بێتاقەتی و بێ وزەیی بەردەوامە. - تەنیا کەسانی لاواز تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن ئەم نەخۆشییانە هیچ پەیوەندییەکان بە لاوازی و بەهێزی دەروونی مرۆڤەوە نییە. وەک هەر نەخۆشییەکی تری جەستەیی ئەگەری سەرهەڵدانیان لە هەموو کەسێکدا هەیە. کەسانێک هەن کە بە خاوەن دەروونێکی جێگیر بوون تەواوی ژیانیان و دواتر لە قۆناغێکدا تووشی نەخۆشی دەروونی هاتوون. ئەم قسەیە بە تایبەت لەسەر ڕەگەزی نێرینە کاریگەری هەیە بەوەی وا دەکات ئەگەر پێویستیان بە چارەسەر بێت وەرینەگرن بەهۆی ترس لەوەی کە بە تاکێکی لاواز ببینرێن، چونکە ڕەگەزی نێرینە نابێت لاواز بێت و تووشی نەخۆشی دەروونی ببێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە مردن بە هۆی خۆکوشتنەوە لە پیاواندا زۆرترە وەک لە ژنان، لە کاتێکدا هەوڵی خۆکوشتن لە ژناندا زیاترە. - هەموو شتێک بەدەست خۆتە زۆرکات کەسێکی نزیک یاخود خۆت هاتبێت بە خەیاڵتدا کە بیرکردنەوەو هەر کێشەک تێیدا لەتەواوی کۆنتڕۆڵی خۆتدایە. بەڵگەیەکی زۆر سادە دژی ئەم قسەیە بریتییە لەوەی ژمارەیەک نەخۆشی هەن کە بەهۆی نایەکسانی ماددە کیمیاییەکانی مێشکەوە ڕوودەدەن و پێویستییان بە ڕێککردنەوەیە لەپاڵ گفتوگۆی دەروونی. لەبەر ئەمە پێوسیتە بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێن و مەرج نییە پەیوەندی بە توانای کۆنتڕۆڵکردنەوە هەبێت. - نەخۆشییە دەروونییەکان چآرەسەریان نییە وەکو هەموو نەخۆشییەکی تری جەستەی مرۆڤ، حاڵەتە دەروونییەکان چارەسەری خۆیان هەیە. بە هەمان شێوە هەندێ حاڵەتی دەروونی هەیە کە پێویستیان بە دەرمانی درێژخایەنە یاخود چارەسەری بنەبڕیان نییە وەکو شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و هتد. - باشترین ڕێگە بۆ دەربازبوون لە فشاری دەروونی پشتگوێخستنە تاوەکو بیرت دەچێتەوە ڕاستییەکی نکۆڵی لێ نەکراوە کاتێک فشارێکی دەروونی بۆ ماوەیەکی زۆر لەمێشکی مرۆڤدا دەمێنێتەوە کاریگەری خراپ بەجێدەهێڵێت ئەگەر هەوڵی تێگەشتن لێی و کەمکردنەوەی نەدرێت. یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگەکان بریتییە لە باسکردنی هەست و بیرکردنەوەت لەلای کەسێک کە جێی متمانەتە. هەڵبەت پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکاری دەروونی شارەزای بوارەکەن، بەڵام دەرکەوتووە کەسێکی نزیکت کە متمانەت پێیەتی و هەوڵدەدات تێبگات سوودی زیاتری هەیە. گرنگە هەموو تاکێک لەهەوڵی ئەوەدا بین بەشێوەیەکی ئاسایی باسی لایەنی دەروونی مرۆڤ بکەین چونکە وەکو هەموو نەخۆشییەکی جەستەیی، نەخۆشییە دەروونییەکان ئەگەریان هەیە تووشی هەموو کەسێک ببن. کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی دەروونی جێگەی بەزەیی نین، تەنیا پێویستیان بەڕێز و سەرنجی پزیشکی هەیە. هەمیشە دەوترێت "عەیبە ئەوە نییە بچیتە لای پزیشکی دەروونی. عەیبە ئەوەیە کەسانی دەورت ئازار بخۆن بەهۆیەوە."
سازدانى: ئارا ئیبراهیم عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌رێوه‌به‌رى پێشووى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کانى پارێزگاى که‌رکوک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه مه‌سعود بارزانى سوور بووه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و پێى راگه‌یاندوون «ئێمه ریفراندۆمه‌که هه‌ر ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر که‌رکوکیش ده جاریش له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه بگیرێت ئه‌وا ئێمه هه‌ر ده‌یگرینه‌وه و ریفراندۆمه‌که گرنگه بکرێت». ده‌شڵێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رپرسى میحوه‌ره‌کان له‌مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى پارتى و یه‌کێتى پێکهاتبوون و فه‌رمان له‌وانه‌وه ده‌درا به‌پێشمه‌رگه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له 16ى ئۆکتۆبه‌ر هیچ رۆڵێکى نه‌بووه بۆیه که‌رکوک و شنگال و مه‌خمور و خانه‌قین به‌ده‌سته‌وه دراوه« ئه‌گه‌ر کورد له که‌رکوک شه‌ڕى بکردایه به‌شه‌ش مانگیش هێزى عێراقى نه‌یده‌توانى بێته شاره‌که‌وه«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که نیگه‌رانى زۆرى له پارتى هه‌یه‌و ده‌ڵێت له کونێکى بچوکیشهوه ئاوڕى لێ نه‌دراوه‌ته‌وه. هاوکات ئه‌وه‌ش رونده‌کاته‌وه چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى له‌سه‌ر پێشنیارى نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوک له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه پله‌ى سه‌ربازیان به‌رزکراوه‌ته‌وه‌و ئوتومبێل و چه‌کیان پێ دراوه تا پشتیوانى ریفراندۆم بکه‌ن. سه‌رحه‌د قادر جهختیشلهوه ده‌کاته‌وه له‌لایه‌ن هێزه شیعه‌کانه‌وه داواى لێکراوه بچێته‌وه که‌رکوک و ئاماده‌ن پۆستى باڵاى پێبده‌ن، به‌ڵام وه‌ک خۆى ده‌ڵێت هێشتا بڕیارى نه‌داوه. دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و هه‌ندێکى دیکه‌یان سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ریفراندۆمه‌که بکرێت. هاوڵاتی: له‌پێش رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌ک کراو به‌رێزتان وه‌ک به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کان به‌شداربوویت، چى باسکرا له‌وکۆبونه‌وه‌یه‌دا؟ سه‌رحه‌د قادر: پێش ئه‌نجامدانى ریفدراندۆم چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌ک کراوه، کاک مه‌سعود هاته که‌رکوک له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کان لهپارتى و له‌یه‌کێتى کۆبویه‌وه له‌سه‌ر پرسى ریفراندۆم، له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا دوو بۆچون هه‌بوو، بۆچونێک ئه‌وه‌بوو که ریفرۆاندۆم بکرێت، بۆچونێکى تر براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وانه‌ى به‌تایبه‌ت له کهرکوکبوون له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم نه‌بوون و داواى ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌نه‌کرێت، به‌ڵام دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و هه‌ندێکى دیکه‌یان سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ریفراندۆمه‌که بکرێت. مه‌سعود بارزانیش سوور بوو له‌سه‌رئه‌وه‌ى که ریفدراندۆم ئه‌نجام بدرێت، و وتى ئه‌مه هه‌لێکه هاتۆته پێشه‌وه ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستمان بچێت له‌وانه‌یه بۆ ده‌یان ساڵى تر ئه‌و هه‌له‌مان بۆ نهرهخسێتهوه، به‌ڵام ئێمه ریفراندۆمه‌که هه‌ر ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر که‌رکوک 10 جاریش له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه بگیرێت ئه‌وا ئێمه هه‌ر ده‌یگرینه‌وه و ریفراندۆمه‌که گرنگه که بکرێت. دواتر کۆبونهوەیەکى تر کرا له‌مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین هه‌ریه‌ک له کۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختیار و ئاسۆ ئه‌ڵمانى چووبوون، پێش ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه له‌مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌که‌رکوک به‌یاننامه‌یه‌ک ئاماده کرابوو که له‌دواى کۆبونه‌وه‌که بخوێنرێته‌وه که بڵێن ریفراندۆم دواخرا ئیتر دیاره کاک مه‌سعود هه‌ر سوور بووه له‌سه‌ر ئهنجامادنى ریفراندۆم، کاک کۆسره‌تى راسپاردبوو هاته‌وه که‌رکوک و ئه‌وه‌بوو له‌ناو مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له که‌رکوک به‌ئاماده‌بوونى کاک ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا و کاک ئاسۆ ئه‌ڵمانى کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامداو رایگه‌یاند که ریفراندۆم ده‌کرێت، بۆ مێژوو ده‌یڵێم به‌شێکى زۆر له به‌رپرسانى یه‌کێتى له که‌رکوک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون که ریفراندۆم بکرێت. هاوڵاتی: تۆ ئه‌وکات به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کان بوویت بۆچونت چى بوو له‌سه‌ر ریفراندۆم؟ سه‌رحه‌د قادر: به راستى فه‌خرو شانازى پێوه ده‌که‌م له‌ئاستى که‌رکوک و له‌ناو هه‌موو پارتیشدا فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنم بۆ ده‌رچووه له‌سه‌ر ریفراندۆم ساڵێک و سێ مانگه من له‌ماڵى خۆم دانیشتووم ، که‌س له‌سه‌ر ریفراندۆم فه‌رمانى گرتنی بۆ ده‌رنه‌چووه. له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌ناو پارتیدا ته‌نها فرمانی گرتن بۆ من ده‌رچوو دیاره ته‌سه‌وره‌کان وابوو که پشتگیرییه‌کى زۆرى نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌بێت، به‌ڵام ریفراندۆم که کرا بوو بهتاپۆیهکى ره‌ش چووه ناو گیرفانى هه‌موو تاکێکى کورده‌وه، هه‌رکاتێک وهزعێکت بۆ گونجا ده‌توانى ئه‌و کارته به‌کاربهێنیت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌بوو ناوماڵى کورد باشتر رێکبخرایه پێش ئه‌نجامدانى ریفراندۆم. هاوڵاتی: له‌کاتى روودانى 16ى ئۆکتۆبه‌ردا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه هیچ رۆڵێکى هه‌بوو، یان فه‌رمانده حزبییه‌کان فه‌رمانیان ده‌رده‌کرد به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌زاره‌ت؟ سه‌رحه‌د قادر: وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌کاتى 16ى ئۆکتۆبه‌ردا هیچ ده‌ورێکى نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه، مناڵێکى شه‌ش ساڵان تا سه‌روو سه‌د ساڵ ده‌یانزانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر په‌لامارى که‌رکوک ده‌درێت. هێزێکى زۆر له ره‌شاده‌وه هاتنه ناوچه‌ى به‌شیر لیواکانى پێشمه‌گه به‌شێکى پاشه‌کشێیان کرد، فه‌رمانده عه‌سکه‌رییه‌کان کۆمه‌ڵێک لێدوانى زۆر له خۆیان گهورهتریاندا، به‌داخه‌وه به‌و شێوه‌بوو که نه‌مانتوانى به‌رگرى بکه‌ین، نه‌مانزانى بۆچى به‌رگرى نه‌کرا. له‌کاتێکدا زیاتر له بیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌و پۆلیسى به‌رگرى و فریاکه‌وتن و ئاسایش له‌که‌رکوکدا بوون، زێره‌ڤانى و که هه‌موویان سه‌ر به حکومه‌تى هه‌رێم بوون و له‌سه‌ر که‌رکوک موچه‌یان وه‌رگرتووه. که من ئه‌ڵێم وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه رۆڵى نه‌بوو که شه‌ڕ ده‌ستى پێ‌کرد دکتۆر نه‌جمه‌دین ته‌له‌فونى بۆ کردم و هێزم ره‌وانه‌ى ماڵه‌که‌ى کرد، دکتۆر نهجمهدینمان به‌رێکرد و له دوز و ناوچه‌ى پیشه‌سازى شه‌ڕ ده‌ستى پێ‌کرد به‌هه‌ر شێوه‌ک سه‌یریت ده‌کرد شتێکى بێسهرو بهرهبوو که‌س به که‌س نه‌بوو. له ناوچه‌ى دبز فیشه‌کێک نهتهقى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى پێشمه‌رگه هێزه تێکهڵهکانى پارتى و یه‌کێتى هێزێکى زۆرى زێره‌ڤانى لێ‌بوو هێزى پشتیوانى یه‌کى لێ‌بوو، فه‌رمانده‌ى پارتى لێ‌بوو که سێ بۆ چوار لیوا ده‌بوون، هیچ له‌وێ شه‌ڕ نه‌کرا. ئه‌و هێزه له‌ناوچه‌ى پیشه‌سازى که‌وتنه شه‌ڕى قورس و له مه‌کته‌ب خالید و ره‌شاد پێشمه‌رگه پاشه‌کشه‌ى کرد، له ناوچه‌ى دبز فیشه‌کێک نهتهقى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى پێشمه‌رگه هێزه تێکهڵهکانى پارتى و یه‌کێتى هێزێکى زۆرى زێره‌ڤانى لێ‌بوو هێزى پشتیوانى یه‌کى لێ‌بوو، فه‌رمانده‌ى پارتى لێ‌بوو که سێ بۆ چوار لیوا ده‌بوون، هیچ له‌وێ شه‌ڕ نه‌کرا. که ته‌له‌فونم بۆ به‌شێک له ئامر لیواکان کرد وتیان پاشه‌کشه‌مان کردووه‌و پێمانوتراوه بکشێنه‌وه هه‌تا ته‌له‌فونه‌که‌ى خۆم دایه ده‌ست دکتۆر نه‌جمه‌دین و ئه‌ویش قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئامر لیواکاندا ده‌کرد، نه‌یانوت ئه‌مره‌که له‌کوێوه هاتووه. کاتێک که‌شه‌ڕى داعش دروست بوو و میحوه‌ره‌کان دانران و ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى پارتى و یه‌کێتى بوون به به‌رپرسى میحوه‌ره‌کان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌تان هه‌ڵوه‌شاند. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه فه‌رمانى شه‌ڕكردنی ده‌ربکردایه، ئه‌وا 16ى ئۆکتۆبه‌ر له شه‌نگال و مه‌خمور و که‌رکوک و خانه‌قین روینه‌ده‌دا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه هیچ رۆڵێکیان نه‌ماو ئه‌وکاته ئه‌و لیوایانه ئه‌مریان له شه‌خسێک وه‌رده‌گرت، یه‌کێک له‌و شتانه‌ى که نه‌مانتوانى هێزى پێشمه‌رگه له‌ماوه‌ى ساڵى 1993 تا ئێستا نه‌توانراوه پێشمه‌رگه یه‌ک بخه‌ین ئه‌وه‌بوو که باجه‌که‌یمان دا. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه فه‌رمانى شه‌ڕكردنی ده‌ربکردایه، ئه‌وا 16ى ئۆکتۆبه‌ر له شه‌نگال و مه‌خمور و که‌رکوک و خانه‌قین روینه‌ده‌دا، ئه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه دنیایه‌ک روتبه بهشانیانهوهیهو هه‌ر خه‌ریکى کۆبونهوهبوون نه‌یانتوانى پلانێکى تۆکمه دابنێن تا به‌رگرى بکرێت نه‌ک شوێنه‌کان ته‌سلیم بکرێت. هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر به‌رگرى بکرایه که‌رکوک وه‌ک کوبانێى لێ ده‌هات یان هێزه‌کانى عێراق پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد و ده‌توانرا بپارێزرێت؟ سه‌رحه‌د قادر: با نمونه‌یه‌کت بۆ بهێنمه‌وه، فه‌لوجه قه‌زایه‌کى بچوک بوو ئه‌مریکییه‌کان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ قاعیده ده‌کرد و من له‌گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کاندا بووم به‌پێى راپۆرتى ئه‌مرییکه‌کان 250 بۆ 300 چه‌کدارى قاعیده‌و ئه‌نسارو سونه‌ى تێدابوو، ئه‌م هێزه شه‌ش مانگ زیاتر مقاومه‌ى هێزى ئه‌مریکى و عێراقیان کرد 25 بیکه‌یسى و 25 قه‌ناسیان پێ‌بوو. ده‌بوو په‌رله‌مانى کوردستان و حکومه‌ت لیژنه‌یه‌کیان پێکبهێنایە بۆ ئه‌وه‌ى بزانن هۆکارى شه‌ڕ نه‌کردن چى بوو به فه‌رمانى کێ‌بوو؟، یا بابڵێن ئه‌م فه‌رماندانه خیانه‌تیان کرد کێبوون؟ ئێواره قسه‌ى زلیان کرد و به‌یانى رایان کرد. راسته که شه‌ڕ بکرایه و به‌رگرى بکرایه مناڵ و ژنیش ده‌کوژرێت و ماڵیش ده‌سوتێت ئه‌گه‌ر هێزه‌کانى پێشمه‌رگه یه‌ک بونایه و شه‌ڕى بکردایه به شه‌ش مانگیش که‌رکوک نه‌ده‌گیرا و ئه‌مه‌ى ئێستا روینه‌ده‌دا. هاوڵاتی: چ شتێک هه‌یه که له 16ى ئۆکتۆبه‌ردا روویدابێت و باست نه‌کردبێت؟ سه‌رحه‌د قادر: شت هه‌یه به‌س جارێ ماویه‌تى ئاشکراى بکه‌م، ئه‌وه‌ى خۆم بینیم یاخوا نه‌یبینینه‌وه، چونکه داعش 17 جار هێرشى کرده سه‌ر که‌رکوک لیوا حوسێن مه‌نسور، لیوا شێرکۆ شه‌هید بوو که داعش درندانه‌ترین هێز بوو که حکومه‌ته‌کانى دنیا نه‌یانده‌توانى رووبه‌رووى بوه‌ستنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ى که له‌که‌رکوکدا بوو روبه‌ڕوى داعش بونه‌وه‌و نه‌یانتوانى که‌رکوک بگرن. ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى داعش که به‌چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى له‌عێراق ده‌ستى که‌وتبوو له‌موسڵ نه‌یتوانى به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه خۆى بگرێت به‌مه‌رجێ پێشمه‌رگه 19 فیشه‌کیان پێ ده‌دان و به‌رگریان کردووه له سه‌نگه‌ره‌کاندا ماوه‌ته‌وه. دووجار پێشمه‌رگه گریا، یه‌ک له‌که‌رکوک دوو له‌و شه‌ڕه فاشیلهى که له‌مه‌خمور کرا لهشیوو دۆڵه‌که‌دا ده‌گریان که هه‌ردوو جاره‌که غه‌در له پێشمه‌رگه کراوه به‌داخه‌وه. هاوڵاتی: له 31ى ئابى 2017 کۆبونه‌وه‌یه‌ک کرا دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و کۆمه‌ڵێک فه‌رمانده‌ى عه‌سکه‌رى و ئه‌منى برد بۆلاى مه‌سعود بارزانى له‌به‌ر رازیکردنیان بۆ ریفراندۆم، چى درا به‌و فه‌رماندانه؟ هه‌ریه‌ک له وه‌ستا حه‌سه‌ن به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانی و به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى که‌رکوک و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌کى عه‌سکه‌رى ژماره‌یه‌ک چه‌ک و ئوتومبێل و ده‌مانچه‌یان له لایه‌ن بارزانیه‌وه پێدرا سه‌رحه‌د قادر: له 31ى ئابى 2017 دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى پارتی و یه‌کێتی هه‌ندێک مه‌سئولی میحوره‌کان و فه‌رمانده سه‌ربازیه‌کان چونه لای مسعود بارزانی له‌سه‌ر دوای نه‌جمه‌دین که‌ریم، هه‌ریه‌ک له وه‌ستا حه‌سه‌ن به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانی و هه‌ڵکه‌وت عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى که‌رکوک و هه‌ڵۆ نه‌جات به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى پارتى له که‌رکوک و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌کى عه‌سکه‌رى پله‌کانیان به‌رزکرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ک چه‌ک و ئوتومبێل و ده‌مانچه‌یان وه‌رگرت و پله به‌رزکردنه‌وه‌یان و پێدانى چه‌ک و ئوتومبێل له‌سه‌ر داواى نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوک بووه. هاوڵاتی: ئه‌ى پله‌ى تۆ به‌رزکرایه‌وه و هیچت وه‌رگرتووه؟ سه‌رحه‌د قادر: ماوه‌ى 16 ساڵه عهمیدم و به‌حه‌قى خۆم ئه‌و پله‌یه‌م وه‌رگرتووه، چه‌ند جارێک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بهڵێنیدا بیکات، به‌ڵام نه‌کراوه، پله‌م هه‌بێت یان نا هه‌ر سه‌رحه‌د قادرم. هاوڵاتی: ده‌وترێت پێشتر نامه‌یه‌کت بۆ مه‌سعود بارزانى ناردبوو ئایا وهڵامدرایتهوهو ناوه‌رۆکى نامه‌که چى بوو؟ سه‌رحه‌د قادر: کۆمه‌ڵێک شتى حه‌قیقه‌تم باسکردووه‌و وتوومه داوام کردووه که کاک مه‌سعود جه‌نابى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان له ژیاندا نه‌ماون و به‌ڕه‌حمه‌ت بن، به‌ته‌مه‌نترین سیاسى له ساحه‌ى کوردستاندا تۆیت له‌ڕووى په‌رله‌مانیه‌وه حزبه‌که‌ى تۆ یه‌که‌مه ده‌ستپێشخه‌رى بکه‌و وه‌زعه‌که باش بکه، وه‌ڵامه‌که‌ى به‌نده ئه‌وه‌یه که ده‌یبینن. هاوڵاتی: له‌لایه‌ن هێزه‌کانى شیعه‌وه داوات لێکراوه پۆست وه‌ربگریت له‌به‌غداو که‌رکوک؟ ده‌کرێت باسى بکه‌یت؟ سه‌رحه‌د قادر: له‌کاتێکدا فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنم هه‌یه له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه له‌سه‌ر ریفراندۆم، چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندیان پێوه کردوم و هاتونه‌ته ماڵم له‌سلێمانى و له‌م ژوره‌دا دانیشتووین که ئێستا پێکه‌وه ئێمه قسه ده‌که‌ین، پێیان وتم وه‌ره‌قه‌ى سپیان پێدام و وتیان» قاعید فرقه، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى ئیتحادی، پۆستى ترت ده‌وێ و ده‌ستنیشانى بکه‌و بگه‌ڕێوه بۆ که‌رکوک و دیاله« تا له‌گه‌ڵیاندا ئیش بکه‌م، به‌ڵام هیچ بڕیارێکم نه‌داوه. هاوڵاتی: ده‌وترێت نزیکى له‌یه‌کێتى نیشتمانییه‌وه؟ سه‌رحه‌د قادر: په‌یوه‌ندیم باشه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانیان و سه‌رکردایه‌تى حزبه‌که‌و په‌یوه‌ندیم به‌هێزه. هاوڵاتی: ئایا عه‌مید سه‌رحه‌د وه‌ک که‌سێکى پارتى ماوه یان بێلایه‌نى؟ سه‌رحه‌د قادر: ئێستا من له‌ماڵى خۆمدا ماوه‌ى ساڵێک و سێ مانگه دانیشتووم، هیچ پله‌و پۆستێکم نییه‌و واجبێکى فهرمیبم نییه، به‌ڵام ئاماده‌م سبه‌ینێ خوێنى خۆم بڕێژم له‌هه‌ر شوێنێک بێت بۆ به‌رگریکردن له کورد و به سه‌دان گه‌نجم له‌گه‌ڵدایه. له فیشه‌کێکى ده‌مانچه‌وه هه‌تا سه‌یاره هه‌موویم ته‌سلیمى حکومه‌ت کردۆته‌وه، بڕوابکه ده‌مانچه‌که‌م نارده‌وه 10 فیشه‌کى که‌مبوو ده‌مانچه‌که‌یان وه‌رنه‌گرتبوو داواى ئه‌و 10 فیشه‌که‌یان کردبوو بۆم کڕین و بۆم ناردنه‌وه له‌کاتێکدا 315 شه‌هیدم له که‌رکوکدا هه‌یه‌و 14 جار بریندار کراوم و برام شه‌هید بووه، ئه‌وه‌ى له‌که‌رکوک به‌سه‌رماندا هاتووه که‌س به‌سه‌ریدا نه‌هاتووه، ئێستاش به سه‌یاره‌ى خۆم دێم و ده‌چم موچه‌که‌شم ماوه‌ى 15 مانگ زیاتره نه‌دراوه. هاوڵاتی: پێتوایه کورد وه‌زعى چۆنه له که‌رکوکدا؟ ئایا ده‌کرێت هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس بچنه‌وه شاره‌که؟ سه‌رحه‌د قادر: کورد له که‌رکوکدا دۆڕاوى شه‌ڕه‌و ئه‌و هێزانه‌ى که هاتونه‌ته که‌رکوک براوه‌ى شه‌ڕن، هه‌رچه‌نده زۆر له‌براده‌ران نیگه‌رانن به‌م قسه‌یه. ئه‌و که‌رکوکه عهزیمهى که دڵ و قودسى کوردستان بوو هه‌زاران شه‌هیدو ئاواره‌ى هه‌بووه، کورد ده‌بێت چاوه‌رێ بکات یان ساڵێکى وه‌کو 1991 دروست بێته‌وه یان وه‌ک 2003 بێته‌وه یان 2014 یه‌کى دیکه دروست ببێته‌وه ئه‌وکات ده‌توانێت بچێته‌وه که‌رکوک، کورد ناتوانێت چیتر وه‌کو جاران هێزه‌کانى بباته‌وه که‌رکوک. هاوڵاتی: پێتوایه بۆچى تا ئێستا کێشه‌کانى که‌رکوک له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى چاره‌سه‌ر نه‌کراون؟ سه‌رحه‌د قادر: هه‌ندێکى به‌هۆى غه‌ره‌زى شهخسیهوهیه، نه پارتى به‌بێ یه‌کێتى هیچى پێ ده‌کرێت نه یه‌کێتى به‌بێ پارتى پێى ده‌کرێت. کاک نه‌وشیروان که بزوتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى راگه‌یاند که شه‌خسى دووه‌مى یه‌کێتى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر له‌سه‌دا 90ى سه‌رکرده‌کانى یه‌کێتى هه‌بووه و 25 کورسى هێنا بۆ په‌رله‌مان و هیچ نه‌گۆڕا له مه‌سه‌له‌کان. ئه‌مڕۆ هێز لاى پارتى و یه‌کێتییه، هێزه‌که لاى ئه‌وانه چه‌ند جار هه‌وڵیانداوه یه‌کتر بسڕنه‌وه نه‌یانتوانیوه، جارێکى تر هاتنه‌وه که‌رکوک ئه‌م دوو هێزه به‌شێوه‌ى مه‌نتیقانه چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌ته ئه‌وه بکه‌ن، ئێمه ته‌نازول بۆ تورک و فارس و عه‌ره‌ب بکه‌ین بۆ ته‌نازول بۆ یه‌کدى ناکه‌ین. هاوڵاتی: پێتوایه پارتى زه‌ره‌رى کرد له به‌شدارى نه‌کردنى له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له پارێزگاى که‌رکوک؟ سه‌رحه‌د قادر: پارتى گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رى کرد که به‌شدارى ئه‌و ههڵبژارنانهى نه‌کرد له‌پارێزگاى که‌رکوک و هیچ نوێنه‌رێکى شاره‌که‌ى نییه له‌په‌رله‌مانى عێراقدا، عه‌ره‌بى سوننه جارێک به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کانیان نه‌کرد له سنورى که‌رکوکدا تا ئێستا باجى ئه‌وه ده‌ده‌ن پارتیش به‌ڕاستى باجه‌که‌ى ده‌دات و جه‌ماوه‌رێکى زۆرى له‌ده‌ستداوه و ئه‌و دووره پهرێزیهى پارتى له که‌رکوک زۆر خراپه و ئه‌گەر پارتى لێبوایه دۆخى که‌رکوک باشتر ده‌بوو. له سلکى پۆلیسدا 16 پۆست که لاى پارتى بووه ئێستا به‌شێکى زۆرى دراوه‌ته عه‌ره‌ب و هه‌ندێکى تورکمان و ئه‌وانى تر یه‌کێتى دانراون. له سلکى پۆلیسدا 16 پۆست که لاى پارتى بووه ئێستا به‌شێکى زۆرى دراوه‌ته عه‌ره‌ب و هه‌ندێکى تورکمان و ئه‌وانى تر یه‌کێتى دانراون. هاوڵاتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌که‌رکوک بکرێت که 13 ساڵه ئه‌نجامنه‌دراوه؟ سه‌رحه‌د قادر: هه‌ڵبژاردن بکرێت باشتره چونکه هه‌ندێکیان ئێکسپایه‌ر بوون هاوڵاتی: هیچ کات هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان لێ کردوویت؟ سه‌رحه‌د قادر: به‌ده‌یانجار هه‌ڕه‌شه‌م لێکراوه، من که‌سێک بووم 14 ساڵ له‌که‌رکوک بووم و کۆمه‌ڵێک مه‌له‌فى ئه‌منیم لابووه‌و ئیشم کردووه له‌هه‌موو رووداوه‌کاندا بوم که‌سێک نه‌بووم په‌نجه‌ره‌ى ژوره‌که‌شم درع ببوبێت و جامى سه‌یاره‌کانم درع بووبێت ته‌نها به‌رپرس بووم که چومه‌ته حه‌ویجه‌و زاب و ره‌شاد و ئه‌و سنورانه‌ى که ئێستا هه‌ندێک خه‌ڵک خۆى پێوه باده‌دات شتى وامان به‌سه‌ردا هاتووه، باشتهکانم رێکبکهمهوه چى بوبێت و کاتى خۆى دێت بۆ باسکردنى. هاوڵاتی: کێ زه‌ره‌رى دا له که‌رکوک که نه‌وتێکى زۆرى تێدایه و هاوڵاتیانى گله‌یى ده‌که‌ن؟ سه‌رحه‌د قادر: که‌رکوک ده‌وڵه‌مه‌نده له‌ڕووى نه‌وته‌وه‌و خه‌ڵکه‌که‌ى زه‌ره‌رمه‌ندترین که‌سن، له‌م دواییه‌دا که پاره‌ى په‌ترۆ دۆلار ده‌درا تۆزێک وه‌زعى که‌رکوک باش بوو، دواتر ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى که کرا له‌حکومه‌تى هه‌رێم و پارێزگاى که‌رکوک بۆ بوژانه‌وه‌ى باش بوو. به‌ده‌یان بیره نه‌وت به‌ده‌ست براده‌رانى یه‌کێتییه‌وه بوو، ئاڤاناو باى حه‌سه‌ن هه‌مووى به‌ده‌ستى پارتییه‌وه بوو، به‌ڵام پاراستنى بیره نه‌وتییه‌کان و دوکه‌ڵه‌که‌ى و شهونخونییهکهى موداههمه بۆ ئێمه بوو شه‌ڕه فیشه‌ک و شه‌هیدیش بۆ ئێمه بوو. هاوڵاتی: نیگه‌رانیت لهپارتى؟ سه‌رحه‌د قادر: نیگهرانیهکهى من لهپارتى ئه‌وه‌یه که من زه‌ره‌رمه‌ند بووم له‌سه‌ر ریفراندۆم و چاره‌سه‌رى کێشه‌که‌یان نه‌کردووم، محامییهکیان نه‌گرتووه بۆ چاره‌سه‌رى فه‌رمانى گرتنه‌که‌م. هه‌رچى شتى خه‌ته‌ر هه‌بوو ئێمه له‌پێشه‌وه بووین، له‌وانه‌یه له‌سه‌ر نه‌جمه‌دین که‌ریم و رێبوار تاڵه‌بانى له‌سه‌ر پارتى کێشه‌م هه‌بوو، ئێستا چى بۆ ئه‌وان کراوه چى بۆ من کراوه؟ یاخوا سه‌د ئهوەنهیان بۆ بکرێت، به‌ڵام لهکونێکى بچوکیشهوه ئاوڕم لێنه‌دراوه‌ته‌وه، ئه‌وه سه‌ربه‌زییه بۆ من که لاى خه‌ڵک خۆشه‌ویستم و رێزم لێ ده‌گرن. هاوڵاتی: نه‌جمه‌دین که‌ریم که یه‌کێتى بوو له‌گه‌ڵ رێبوار تاڵه‌بانى که یه‌کگرتووه ئێستا له‌هه‌ولێرن، تۆ که له‌سه‌ر پارتى مهحسوبیت لهسلێمانیت؟ ئه‌مه مه‌ته‌ڵه یان بۆچونه‌کان گۆڕاون؟ سه‌رحه‌د قادر: له‌م رۆژانه‌دا مامۆستا جه‌لالم بینى بریکارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، پێى وتم تۆ له‌گه‌ڵ ره‌فیقه یه‌کێتیه‌کاندا چۆنى له‌سلێمانى منیش ئاوام له‌گه‌ڵ ره‌فیقه پارتییه‌کاندا له‌هه‌ولێر، تۆ بۆ له‌گه‌ڵ ره‌فیقه یه‌کێتیه‌کاندا باشى له‌سلێمانى منیش ئاوا باشم له‌گه‌ڵ رهفقیهکهکانمدا له‌هه‌ولێرن، ئه‌مه‌ش مه‌ته‌ڵه (به‌پێکه‌نینه‌وه). دیاره ئه‌و بهرێوهبهرایهتیهى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کانى که‌رکوک که منى لێبووم ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى شتێک نه‌مێنێت به‌ناوى قه‌زاو ناحییه‌کانه‌وه، داوام لێکراوه چه‌ند جارێک بچمه‌وه که‌رکوک، به‌ڵام هیچ به‌رنامه‌یه‌کم نییه بۆ گه‌رانه‌وه‌م بۆ که‌رکوک. بچمه هه‌ر شوێنێکه‌وه که ده‌سه‌ڵاتم نه‌بێت نایکه‌م، ئێستا بچمه‌وه نهدهسهڵاتم ده‌بێت نه ئیشیشم پێ ده‌کرێت. هاوڵاتی: ده‌وترێت فیرقه‌یه‌کى هێزه عێراقییه‌کان چونه‌ته ناوچه‌ى داره‌مان؟ زانیاریتان هه‌یه؟ سه‌رحه‌د قادر: کاتى خۆى که فیرقه‌ى 12 دروست بوو کۆمه‌ڵێک به‌رپرس قسه‌یان ده‌کرد که ده‌یانوت ناهێڵین بێنه ناو که‌رکوکه‌وه، پێشیان لێ ده‌گرین، به‌ڵام هاتنه که‌رکوک به‌س بۆ ناو شاره‌که نه‌هاتن. ئێستا فیرقه‌ى پۆلیسى ئیتحادى 31 دۆنم زه‌ویان پێدراوه له‌لایه‌ن دائیره‌ى زراعهى که‌رکوک و ئاڵتون کۆپرى لاى (داره‌مان) قیاده‌ى پۆلیسى ئیتحادى ده‌چێته ئه‌و شوێنه و چۆڵیشى ناکه‌ن. پێشتر هێزى عێراقى ویستیان بێنه کهیوانهوە من چووم پێشم لێگرتن و رێگه‌م پێنه‌دان، من بووم درام به مه‌حکه‌مه‌و عه‌لى غێدان سێ‌جار ته‌له‌فونى بۆ کردم، وتى پێش هێزه‌که‌ى عێراق به‌ربده با بێته ناو سه‌ربازگه‌ى که‌یوانه‌وه، وتم نابێت، ئه‌یویست به‌و کۆپتهرهى خۆى پێى هاتبوو بمگرێت و به سجنى بمبات بۆ به‌غدا، له‌سه‌ر بڕیارى که‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم و نه‌جمه‌دین که‌ریم که ئه‌وکات پارێزگارى که‌رکوک بوو ده‌یانوت ئه‌وه مام جه‌لال و کاک مهسعودمان له‌گه‌ڵدایه‌و نه‌هێڵى ئه‌و هێزه بچێته که‌رکوکه‌وه، کاتێکیش درام به مه‌حکه‌مه وتیان ده‌بێت له‌سێداره بدرێت، وتم وایه چ ئیجرائاتێک ده‌که‌ن بیکه‌ن، ده‌یانویست بیزانن پێیان بڵێم کێ نه‌یهێشتوه ئه‌و هێزه بێته که‌رکوکه‌وه له‌ژێر فه‌رمانى کێدا بووه. ئێمه نه‌مانهێشت هێزى عێراقى بێنه که‌رکوکه‌وه، به‌ڵام ئێستا پۆلیسى ئتیحادى له‌ناو که‌رکوکدایه موکافهحهى ئیرهابى لێیه مه‌له‌فى ئیدارى و ئه‌منى و عه‌سکه‌رى که‌رکوک لاى کورد نه‌ماوه‌و حاکمى عه‌سکه‌رى که‌رکوک به‌رێوه ده‌بات. هاوڵاتی: پێتوانیه به‌شێک له خه‌ڵکى که‌رکوک له پارتى و یه‌کێتى نیگه‌رانبن؟ سه‌رحه‌د قادر: خه‌ڵکێکى که‌رکوک که به‌داخه‌وه له پارتى و یه‌کێتى سودمه‌ند نه‌بوون یا دڵشکاو بوون له‌لایه‌ن حکومه‌تى مه‌رکه‌زى پشتیوانى کۆمه‌ڵێک گه‌نج ده‌که‌ن و چونه‌ته ناو هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیه‌وه، خه‌ڵکیان بۆ تاعین ده‌که‌ن، ئه‌وه‌تا گه‌نج هه‌یه قسه ده‌کات و ده‌ڵێت با کورد نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌رکوک، به‌داخه‌وه ئه‌و قسانه هۆکارى خۆى هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به ناته‌بایى پارتى و یه‌کێتیه‌وه هه‌یه. هاوڵاتی: ده‌مه‌وێت باسى داعش و پاشماوه‌کانى بکه‌ین، ئه‌و گروپانه زیاتر له چ ناوچه‌یه‌ک جموجۆڵیان هه‌یه؟ سه‌رحه قادر: داعش شانه‌ى نوستوویان هه‌یه‌و به‌ده‌یان کیلۆمهتریشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه به ئیعترافى هێزه عێراقییه‌کان، ئه‌فکارى داعش به‌ده‌یان ساڵى تریش کۆتایى نایات، کاتى خۆى قاعیده ئه‌رزى بهدهستهوهنهبوو به‌س رۆژ هه‌بوو له که‌رکوکدا حه‌وت ئوتومبێلیان ده‌ته‌قانده‌وه. مه‌ترسى هێشتا له‌سه‌ر که‌رکوک ماوه و داعش و گروپه‌کانى دیکه زیاتر له‌ناوچه‌کانى حه‌ویجه‌ن که دۆڵ و شیوى زۆر گه‌وره‌ى تێدایه. لهحهویجهدا چوار پێنج کۆمه‌ڵگاى نیشته‌جێبوونى گه‌وره‌ى تێدایه‌و زیاتر له چوار هه‌زار ماڵ ده‌بێت، گوندی تێدایه به‌قه‌ده‌ر ناحیه‌ى شوان ده‌بێت، 507 گوندى له‌سه‌ره، له‌سنورى دبزو داقووق و دوزخورماتوو بونیان هه‌یه، رۆژانه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر هێزه عێراقییه‌کان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌کانه‌وه له راگه‌یاندنه‌کاندا باس ناکرێت. هاوڵاتی: ئێستا پاشماوه‌کانى داعش چه‌ند گروپن ئه‌گه‌ر زانییاریتان هه‌بێت؟ سه‌رحه‌د قادر: گروپه‌کان به‌ناوه‌کانى ئه‌نسار ئیسلام و ئه‌نسار سوننه‌و قاعیده‌و نه‌قشبه‌ندییه‌کان و به‌عسییه‌کان و جه‌یش رافیده‌ین و جه‌یشى موجاهید و که‌تایب سوره‌ت عشرین و چۆلهکهکانى به‌هه‌شت هه‌مووى له حه‌ویجه و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ن و مه‌ترسى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر که‌رکوک هه‌یه. هاوڵاتی: ئاڵا سپییه‌کان چ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه؟ سه‌رحه‌د قادر: ئاڵا سپییه‌کان هیچ جیاوازییه‌کان له‌گه‌ڵ داعش دا نییه، پێشتر به‌ناوى که‌تائیبى سه‌لاحه‌دین بوون به‌حساب له‌و که‌سانه پێکهاتوون که لهقاعیدهو به‌عسییه‌کان و پاشماوه‌کانى داعش پێکهاتوون و زویر بوون و ئه‌و گروپه‌یان دروست کردووه، ئه‌و گروپانه شه‌ڕى هه‌واڵگرى و عه‌سکه‌رى و جۆرێک لهپارتییزانى خۆیان ده‌که‌ن.
هاوڵاتى هەرێمی کوردستان لە هەوڵی راکێشانی کارگە زەبەلاح و ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە لەکارکەوتوون و کەرەستەی خاویان دەستناکەوێت تا بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن. ساڵی رابردوو ئەمریکا زنجیرەیەک سزای ئابوری بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا سەپاند، دوای ئەوەی بە پاساوی پابەندنەبوونی ئەو وڵاتە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. سزاکان سێکتەری بانک و نەوت و چەندین کەرتی دیکەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، کە بەهۆیانەوە بەشێکی زۆر لە کارگە زەبەلاحەکانی ئەو وڵاتە لەکارکەوتوون و کەرەستەی پێویستیان دەستناکەوێت بۆ دەستکردنەوە بە کارەکانیان. پێش سەپاندنی سزاکان، ئەو کارگانە کەرەستەی خاویان لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرد، بەڵام لەدوای سەپاندنی سزاکانەوە رێگەی دەرەوەیان لێ داخرا و نەیانتوانی بەردەوامی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بدەن. دوای سەپاندنی سزاکان بەرپرسانی ئێران چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستان کرد بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی جموجۆڵی بازرگانی، بەو پێیەی بازاڕەکانی هەرێم ساڵانێکی زۆرە شوێنێکی لەبارە بۆ ساغبونەوەی کاڵای ئێرانی. مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتى راگەیاند، بەهۆی شکانی بەهای تمەنەوە، دەبێت کارخانەکانی ئێران بە دۆلار و یۆرۆ کاڵا بکڕن، ئەوەش بە گران لەسەریان دەکەوێت، بۆیە زۆربەیان لەکارکەوتوون. جەختیشیکردەوە، هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەرەو پێشبردنی کاروباری بازرگانی و جموجۆڵی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران. وتیشی «لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ چەندین کارگەکانی ئێران قسەمان کردووە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەکارکەوتوون و کەرەستەی خاویان دەستناکەوێت، تا بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و کارگە دابمەزرێنن». مستەفا عەبدولرەحمان باسی لەوەشکرد، کارگەکان بەشێکیان کارگەی ستراتیژین و لەبواری جۆراوجۆردا کاردەکەن و پێیان خۆشە بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن. بەوتەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، ئەگەر کارگەکان بهێنرێنە هەرێم، ئەوکات هەرێمی کوردستان لە بەکاربەرەوە دەبێتە بەرهەمهێن و دەتوانرێت بەرهەمی خۆماڵی بەرهەمبهێنن. پێشیوایە، هێنانی کارگەکان رۆڵی دەبێت لەوەی هەرێم هیچ کات روبەڕووی مەترسی نەبێتەوە، ئەگەر سنوری بەڕوودا داخرا، چونکە کاڵاکان لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن. هەرێمی کوردستان سنورێکی بەرفراوانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی سنورێکی درێژی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و خاوەنی چەند دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، کە دیارترینیان باشماخ و پەروێزخانە. سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی جموجۆڵی بازرگانی نەکردووە لەنێوان هەرێم و ئێران‌دا و ئەو وڵاتەش چاوی لەوەیە لەرێگەی بەرەوپێشبردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کاریگەری سزاکانی سەری کەمبکاتەوە. ناوەڕاستی مانگی رابردوو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا. محەمەد جەواد زەریف لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆڕبەندێکی هاوبەشی بازرگانیدا لە هەولێر جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییە مێژوییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کۆمپانیا ئێرانییەکان ئارامی زۆریان گرتووە لەکاتی بوونی قەیرانی داراییدا لە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان پەرەپێبدەن. جگە لە سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف، ٢٠ی مانگی رابردوو وەفدێکی بازرگانی سلێمانی لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ راوێژکاری ئابوری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوە و یاداشتێکیان ڕادەست کرد، لەبارەی کێشەکانی تایبەت بە بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە. دوای کۆبوونەوەکە، حەسەن دانایی فەڕ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران ئاساییەو گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی دروستنەکردووە. جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و پارێزگاری لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن. هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی کۆمپانیا لەکارکەوتووەکانی ئێرن بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە، بەپێی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی هاوڵاتى ئەمریکا هۆشداری داوەتە بازرگانانی هەرێم لەمامەڵەکردن لەگەڵ هەندێ کۆمپانیای ئێرانی کە سزاکانی ئەمریکا گرتوونیەتەوە، لەکاتێکدا ئێران هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێم. بەڵام مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم پێیوایە، هەوڵەکانی ئەوان کێشە دروستناکات، چونکە ئەو کارگانە لەکارکەوتوون و دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێم کارەکانیان رێکبخەن، ئەگەر کارگەکانیان بهێننە هەرێم. نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتى باسی لەوەکرد، هەوڵی هەمەلایەنەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی کارگە بیانییەکان بهێننە هەرێمی کوردستان، تا لێرە کاڵا بەرهەمبهێنن، نەک بازرگانان لەدەرەوە کالایان لێبکڕن و هاوردەی بکەن. وتیشی «راکێشانی ئەو کارگانە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرمایەگوزاری بیانی لەهەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کارگانە بە سەرمایەی بیانی دادەمەزرێنرێن». ئێران و هەرێمی کوردستان خاوەنی هەشت دەروازەی نێودەوڵەتی و نافەرمیین بەپێی ئامارەکانیش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە ساڵی رابردوودا بۆ زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. پێشتر سەعدوڵڵا مەسعودیان سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ١٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە. بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم، بەگشتی لەساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لە گەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە دابەزی بۆ ١٥ ملیار دۆلار، بەڵام ساڵی رابردوو قەبارەکە بەرزبووەتەوە و نزیک بووەتەوە لە ڕێژەی پێشوو. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دوو جۆر مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، جۆرێکیان بە شێوەی ترانزێتە بۆ ئەو شمەک و بەروبومانەی کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، جۆرێکی تریان تایبەتە بەو شمەک و بەروبوومە ناوخۆیانەی کە لە ناو ئێران دەکڕێن و راستەوخۆ دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کارگەیەکی ئێرانی لە هەرێم دانەمەزرێنراوە تا لەهەرێم کاڵا بەرهەمبهێنێت. ئەو کاڵایانەی ئێران هەناردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی دەکات، زیاتر پێکهاتوون لە سەوزە و میوە و کەلوپەلی خۆراکی ڕۆژانە، کە بەشێکی لە رێگەی هەرێمەوە ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
شەعبان ڕەئوف بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی لەهەرێمی کوردستان کاردانەوەی شۆفێرانی تاکسی لێکەوتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی قیستی درێژخایەنەوە بە لێشاو تاکسی بە فەرمانبەران دەفرۆشران، کاتێکیش کە فەرمانبەران قیستەکانیان دایەوە لێیان قەدەغەکرا. کۆتایی مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی، بەمەبەستی سنوردانان بۆ زیادبوونی ژمارەی تاکسییەکان کە ساڵانێکی زۆرە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە. بڕیارەکە کاری شۆفێری تاکسی بۆ گشت ئەفسەرو کارمەندانی میلاکی هێزەکانی (ئاسایش ، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری فریاکەوتن، ڕەگەزنامە، هاتوچۆ، پاسەوانی سنور، پۆلیسی گومرگ)و کارمەندانی میلاکی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەو گشت هێزە چەکدارەکان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق قەدەغە کردووە. هەر بەپێی نوسراوەکە کارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش کاری شۆفێری تاکسیان لێ قەدەغە کرا. هەر بەپێی نوسراوەکە فەرمانبەرانی شارستانی ئەوانەی کە پلەی وەزیفیان لەپلە حەوت و هەشت بەرەو خوارەوەن دەتوانن کاری شۆفێری تاکسی بکەن، بەمەرجێک ڕەزامەندی فەرمانگەکەیان هەبێت و پێویستە ئەو ڕەزامەندییە نوێ بکرێتەوە. بەوەش زۆرێک لە فەرانبەرانی مەدەنیش ناتوانن کاری تاکسی بکەن. بڕیارەکە هەرزوو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی و خاوەنی پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل رۆژی دوشەممە لەسلێمانی رژانە سەر شەقام و بڕیارەکانیان رەتکردەوە و بۆماوەیەک ڕێگەی سەرەکی بازنەیی مەلیک مەحمودیان داخست. هێزە ئەمنییەکان بەبەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ هەوڵیاندا بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن. هاوڕێ عومەر شۆفێری تاکسی کە فەرمانبەرەو رۆژانە بە ئۆتۆمبیلە تاکسییەکەی کاردەکات بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نیگەرانی کردووە و وتی «بشم کوژن نایفرۆشم و دەست لەم کارەم هەڵناگرم». هاوڕێ نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و موچەکەی ٥٤٠ هەزار دینارە و کرێچییە، بەوتەی خۆی موچەکەی بەشی پێداویستییەکانی ژیانی ناکات، بۆیە دەستیداوەتە کاری شۆفێری تاکسی «300 بۆ 350 هەزارکرێ خانوو ئاو‌و کارەبا، هەروەها 150 هەزار بەدەرمان و چارەسەر دەدەم، بە موچە بژێویم بەڕێوەناچێت لەبەرئەوەی جگەلەم شۆفێرییە کە دەتوانم تاڕادەیەک بژێویم باش بکەم هیچ کارێکی ترم پێ ناکرێت». دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پەنابردنی حکومەت بۆ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، ژمارەی ئۆتۆمبیلی تاکسی بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کرد، بەشی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی سیستمی پاشەکەوتەوە موچەکانیان کەمکرایەوە، دەستیاندایە شۆفێری تاکسی. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبیلی تاکسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوام ژمارەکە لەزیادبوندایە. زۆربوونی ژمارەی تەکسی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە حکومەت لە ساڵانی رابردوودا کارئاسانی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا کرد بەلێشاو تاکسی بهێننە هەرێمی کوردستانەوەو بە شیوەی قیست بیدەنە فەرمانبەران، ئەوەش هۆکار بوو بەشێکی بەرفراوانی فەرمانبەران توانیان تاکسی بکڕن. بە پێچەوانەی ئەو فەرمانبەرانەی کە کاری تاکسی دەکەن، ئەو شۆفێری تاکسیانەی کە تاکە ئەو کارە تاکە سەرچاوەی بژێویانە بڕیارەکەیان پێ باشە و داوای جێبەجێکردنی دەکەن. دیدار نوری قادر شۆفێری تاکسی، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەباش دەزانێت «بەڵام ئەگەر کاری پێ بکرێت، وەکو بڕیارەکانی ساڵانی ڕابردوو نەبێت کەحکومەت سەبارەت بەهەندێ پرس داویەتی و وەک موچە و کارەبا و.... تەنها نوسراو بوون». کاری سەرەکی دیدار تەنها شۆفێری تاکسییەو کرێچییە و لەهیچ فەرمانگەیەکی حکومی دانەمەزراوە «لەئێستادا بەژیانێکی سەختدا تێپەڕدەبم و ناتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم ئەمە ژیان نییە، کولەمەرگییە». هەرچەندە هێشتا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، بەڵام کاریگەرییەکەی بەخێرایی دەرکەوت لەسەر نرخی ئۆتۆمبیلی تاکسی و نرخەکانیان رووی لە دابەزین کرد، ئەوەش نیگەرانی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبیلی لێکەوتەوە. عەتا محەمەد خاوەن پێشانگایەکی تاکسی بە هاوڵاتى وت «ئەم بڕیارەی وەزارتی ناوخۆ زەرەرو زیانێکی زۆری لێداوم چەندین سەیارەی تاکسیم کڕیوە پێشر بەپارەیەکی زۆر لەو ڕۆژەوە ئەم بڕیارە دەرچووە هەر لەسەیارەکیاندا 20 بۆ 30 وەرەقە زەرەرم لێ کردووە». وتیشی «سەردانی پارێزگاریشمان کردوە قسەمان لەگەڵ کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە هاوکارمان بێت و پارێزگاریش وتی لە دەستی مندا نیە و پێویستە حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران پێداچونەوە بەم بڕیارەدا بکەن ژیانی خاوەن پێشانگاو فەرمانبەران لەبەرچاوبگرن». «زۆربەی مشتەریەکانمان فەرمانبەرانی ئاسایش و پۆلیس بون ئەگەر ئەم مەوزوعە وابەردەوام بێت مەجبورین پێشانگاکانمان دابخەین، بچینەوە ماڵەوە دانیشین»، عەتا وایوت. خاوەنی چەند پێشانگایەک ئامادە نەبون لێدوان بۆ هاوڵاتى بدەن و وتیان دەزگا ئەمنیەکان هەڕەشەیان لێکردوین کە ئەگەر دژی ئەو یاسایە بن و خۆپیشاندان بکەن پێشانگاکانتان پێ دادەخەین. تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەرنەکردووە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ چاوەڕوانی رێنماییەکانن تا بڕیارەکان جێبەجێ بکەن. فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕوانی گەیشتنی رێنماییەکانن، تا بڕیارەکان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکەن. دیار نییە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانە پشتی بە چ مادەیەکی یاسایی بەستووە، بەشێک لەیاساناسانیش دەڵێن بڕیارەکە سەرپێچی یاسایی تێدایە. حاکم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی بە هاوڵاتى وت «وەزیری ناوخۆ لەڕیارەکەیدا پشتی نەبەستوە بەهیچ مادەیەکی یاسایی، تەنها دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ی وەزارەتی ناوخۆ ساڵی 2009، بەڵام ئاماژەی بەهیچ مادەیەک نەداوە کە ئەو دەستەڵاتەی پێ ببەخشێت، لەڕاستیدا هیچ مادەیەکی وای تێدانیە». ڕوونیشیکردووەتەوە، به‌پێی بڕیاری پێشووی دادگای پێداچونەوەی عێراق بەژمارە1163 /الهیئة المسعة/ 2017 لە بەرواری 21/7/2017 دەرچووە کارکردنی تۆمەتبار کە خۆی پۆلیسە لەدوای دەوام لەسەر ئۆتۆمبێلی تاکسی کەموڵکداری بۆخۆی دەگەڕێتەوە تاوان نیەو دژی مادەی 33 لەیاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 1٤ی ساڵی 2008 نیە. حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەکرد، بڕیارەکە دەڵێت تەنها لەو حاڵەتە تاوانەو ڕێپێنەدراوە ئەگەر تۆمەتبار لای خاوەن کارێک بەکرێ یان مووچە کار بکات، بەڵام کارکردن بە ئۆتۆمبێلی خۆی دژی یاساکە نیەو نایگرێتەوە (هەمان یاسا لە کوردستان بەرکارە بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان). بڕیاربوو (٥ی شوبات) سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی لەگەڵ بەڕیوبەرایەتی هاتوچۆو وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بڕیارەکەوە کۆبێتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. جەلال ئەبوبەکر سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بەهاوڵاتى ڕاگەیاند «ئێمە لە کۆبونەوەکە جەخت دەکەینەوە لەسەر مافی شۆفێران ئەوانەی فەرمانبەرن ئەوانەش فەرمانبەرنین، لەئەنجامدا هەردووکیان شۆفێرن.» وتیشی «شۆفێری تاکسی واهەیە موچەکەی باشە دەتوانێ بژێوی ماڵ و مناڵی پێ بەڕێوەببات کاری شۆفێری تاکسی نەکات، باشترە موچەخۆری تریش هەیە موچەکەی کەمەو ژیانی پێ ناڕوا هەشە هەر موچەخۆر نیە، بۆیە پێویستە ئەم سێ ئاستەی شۆفێران بەباشی جیابکرێنەوەو مافیان نەخورێ».
هاوڵاتی: شاناز حەسەن، ناسر تاهیر مامۆستا توانا لە دەوامەکەی تاقی بەیانی گەڕایەوەو سواری ئۆتۆمبێلە کەپسە پڕ رۆن و برنج و شەکرەکەی بوو، دەرچوو بۆ کۆڵانەکان، ئەوەندەی نەبرد ئەو پیاوو ژنانە لە دەوری کۆبوونەوە کە چەند کاتژمێرێک پێشتر منداڵەکانیان لای ئەو دەیانخوێند. توانا ته‌مه‌نی ٤٨ساڵە، که ١٤ساڵە مامۆستایه خاوەنی چوار منداڵە، ده‌ستى داوه‌ته فرۆشتنى وشکەو پێداویستیەکانی ماڵان لە خوارد ن و پاککەرەوەو برنج و رۆن و ئەو شتانەی لە مەتبەخی ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێن. توانا وتی «کۆڵان به کۆڵان ده‌گه‌ڕێم، بۆ ئه‌وه‌ى دینارێکم ده‌ست بکه‌وێت، متمانەم بە حکومەت نەماوە مووچەکەمان چاک بکات». بڕیارەکەی توانا دوای ئەوەهات حکومەتی هەریمی کوردستان بڕیاریدا سیستمی پاشەکەوتی مووچە پەیڕەو بکات، ئەوەش زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە کە بەپێی سیستمەکە حکومەت رێژەیەک لە مووچەکانیان گلدەداتەوەو پێی وتوون هەرکات لەژێر قەیرانی دارایی دەرچوو، هەروەها پارەی هەبێ دەیانداتەوە. بەڵام ئەمە بۆتە بارێکی قورس بۆ سەر شانی مامۆستا توانا‌و فەرمانبەران و مامۆستایانی تر کە ناتوانن بەو پارەیەی وەریدەگرن بژێوی ژیانیان دابین بکەن. ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق مانگی رابردوو موچەی پەسەند کرد‌و تێیدا پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابینکردوە، بەڵام هێشتا مامۆستایانی هاوشێوەی توانا‌و فەرمانبەران دڵنیانین مووچەکانیان بەتەواوەتی وەردەگرن و گومانیان هەیە حکومەتە لەسەر سیستمی گلدانەوەی بەشێک لە پارەکانیان بەردەوام بێت. مامۆستا توانا وتی «هیچ دڵخۆش نیم به لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه که باس ده‌کرێت، چونکه حکومه‌ت سیقه‌ى نه‌ماوه‌و مانگێکیش وه‌ریگرم بێ پاشه‌که‌وت، ئینجا سیقه ده‌که‌م بڕیارێکیان دابێت له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک». دووشەممەی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەو بودجەیەی پەسەند کرد کەتێیدا مووچەی فەرمانبەرانی تێدا جیگیرکراوە، بەوەش بوو بەیاساو حکومەت پابەند دەکات کاری پێ‌بکات، بەڵام هێشتا ئەمە نەبۆتە هۆی دڵخۆشیەکی جێگیر بۆ فەرمانبەران. ناسکه حەسەن فهرمانبهرێکەو له دواى سیستمی پاشه‌که‌وتى مـوچهوه، ناچار بووه ئیشێکى تر بکات و خێزانه شه‌ش کهسیهکهى به‌خێوکات، بەڵام ئەمەش بۆ ئاسکە ئاسان نەبوو لە بازاڕێکدا کە کارکردن تێیدا بۆ ژنان قورسترە لەپیاوان. ناسکە باوکی لەدەستداوە، خۆیشی کچەی گەورەی ماڵەوەیانە، هەربۆیە دەبێت خەرجی دایک و چوار خوشکە بچوکەکەی و نەنکیشی لەئەستۆبگرێت. بەڵام ئەمە ئاسان نیە بۆ ئەو لەکاتێکدا بەشیک لە مووچەکەی پاشەکەوت کراوە. ناسکه وتی «ئەوەی زۆر بەلامەوە جێی داخە، حکومه‌ت موچه‌که‌ى خۆشیم پێنادات، کە ئەوە حەقێکی خۆمانە«. ناسکه له‌دواى ته‌واوبونى ده‌وامه حکومیه‌که‌ی، به‌هیلاکی له‌وێوه ده‌چیته ساڵۆنێک و ڕۆژانه له‌کاتژمێر یه‌که‌وه تا پێنجى ئێواره به‌بێ وه‌ستان به 10هه‌زار دیناری رۆژانە کارده‌کات. ئەو لەلایەک دوکانه‌که‌ی پاک دەکردەوەو له‌لایه‌کى تریشەوە قژى بۆ خانمه‌کان بۆیاخ دەکرد، هەروەها وەڵامی ئەو خانمانەشی دەدایەوە کە لەپشتییەوە بەڕیز وەستابوون و چاوەڕێبوون ئەوانیش قژیان بخەنە بەردەستی تاکو بۆیەی بکات. ناوبەناو وەستاکەشی بانگی دەکردو وەڵامی ئەویشی دەدایەوە، لەکاتی کارکردن‌دا هیلاکیهکى زۆر بەناو چاوهکانیەوە دیاربوو، ئاخێکی هەڵکێشاو وتی «ئه‌مه ژیان نیه، ده‌رده سه‌رییه«. ناسکە پێى وابوو به‌خێوکردنى خێزانێکى شه‌ش کەسی لەپاڵ سیستمی پاشەکەوتی مووچە «کارێکى قورسه»، بەتایبەتی بۆ کچێک کە هێشتا خەونی ئەوەی هەیە هاوسەرگیری بکات و بچێتە ماڵی خۆی. لەکاتێکدا ئەو دەبێت بەو پارە کەمەی کە وەریدەگرێت خوشکە بچووکەکانی گەورە بکات. لەگەڵ ئەو هەواڵانەش کە باس لەهەڵگرتنی سیستمە ماندوکەرەکەی سەرشانی فەرمانبەران دەکەن بەڵام هیچ کات بەم هەواڵانە ناسکە دڵخۆش ناکەن، بەو پێییەی پیشتریش ئەو جۆرە بەڵێنانە دراون وجێبەجێ نەکراون. ناسکە وتی «موچەکەی خۆم بەتەواوی پێبدەن، مەمنونم، هاوکاری حوکمەتم ناوێت». پاشەکەوتی مووچە کە تەواو تەنگی بە فەرمانبەران هەڵچنیوە دەیان جار مووچەخۆرانی هێنایە سەر شەقام لەساڵانی رابردوودا، بەرپرسانیش درکیان بەوە کردوە کە ئەمساڵ ئەگەر شتێک بە شتێک نەکەن رەنگە دۆخەکە بتەقێتەوە لەکاتێکدا دەنگی ناڕەزایەتی و بایکۆت کردنی قوتابخانەکان لەلایەن مامۆستایانەوە ئەگەرێکی دوور نیە. عه‌تا ئه‌حمه‌د جیگرى سه‌رۆکى یه‌کێتى مامۆستایان وتى «مامۆستا متمانه‌ى به‌هیچ بەڵێنێکی حکومەت نه‌ماوه، هیوادارم بەڵێنەکانیان بهکردارى جێبه‌جێ بکەن، پێش ئه‌وه‌ى مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ران ناڕه‌زایى ده‌ربڕن». هەروەها وتی ئەگەر دوای بەڵێنەکانی ئەم دواییانە پاشه‌که‌وت هه‌ڵنه‌گیرێت «به‌دڵنیاییه‌وه» ناڕه‌زایى و بایکۆتى ناوه‌نده‌کانى خوێندن ده‌ستپێده‌کاته‌وه. وەک ساڵانی رابردوو کە بەهۆیە چەند مانگێک دەوامی قوتابخانەکان فەوتان. عه‌تا ئه‌حمه‌د پێیوایە ئەگەربێتو پارەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە بنێردرێت کە دەوامی فەرمی دەکەن ئەوا حکومەت بەشێکی دەدات بە بندیوارەکان. وتی «بەهۆی زۆری فەرمانبەری بن دیوار‌و خانه‌نشینی نایاسایی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار(یەکێتی و پارتی) حکومەت ناتوانێت ده‌ستبه‌ردارى پاشەکەوتی مووچە بێت». بندیوار بەو کەسانە دەوترێت کە وەک هەموو فەرمانبەرێک موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی دەوام بکەن. دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی «ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یرى یاساى ئێستاى بودجه‌ى عێراق بکه‌ین، بودجه‌ى ئەمساڵ باشترە له‌بودجه‌ى ساڵانى رابردوو». ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە چاوەڕوانی پارەیەکی زیاتر دەکەن لەبەغداوە بۆیان بێت. بەڵام عه‌تا ئه‌حمه‌د دڵنیا نیە، چونکە ساڵی رابردوش بەغدا بڕیاری دا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی تەندروستی بنێرێت بەبێ پاشکەوت و حکومەتی هەرێمیش دەبوو خۆی مووچەی فەرمانبەرانی تر دابین بکات، بەڵام دواتر بڕی ٣١٧ ملیار دیناری مانگانە نیردراو دابەشکرا بەسەر سەرجەم فەرمانبەراندا بەپێی هەمان سیستمی پاشکەوت. عه‌تا ئه‌حمه‌د باسی لەوەکرد کە دوای بڕیارەکەی ساڵی رابردووش بەڵێندراوە مامۆستایان و تەندروستکاران موچه‌ى ته‌واویان بۆ دێت، وتی «به‌ڵام تا 24 کاتژمێر بڕیاره‌که گۆڕا». «هیچ سیقه‌مان به‌بڕیار نه‌ماوه« چونکه ئه‌زمونى ساڵى پارى گێڕایه‌وه، که حکومه‌تى عێراقى بڕیارى لێداو له‌ڕۆژى کۆتاییدا بڕیاره‌که گۆڕا». هادى فه‌ریق لێپرسراوى ڕاگه‌یاندنى سه‌ندیکاى کارمه‌ندانى ته‌ندروستى وتی. هەروەها وتی «تا ئه‌و بودجه‌یه سه‌رف نه‌کرێت و فه‌رمانبه‌ران وه‌رینه‌گرین قه‌ناعه‌تمان نیه‌و دڵمان پێى خۆش نیه«. بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، به‌غدا مانگانه بڕی 647 ملیار دینار بۆ فەرمانبەران و هێزەکانی پیشمەرگەی هه‌رێم ده‌نێرێت. ئەحمهد حاجى ره‌شید بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە هاوڵاتی وت «به‌غدا پاره‌یه‌کى زۆر بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت و ده‌توانێت به ئاسانى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاببات». ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که هه‌رێمى کوردستان نه‌وت و داهاتى خۆى هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کى داهاتى تر بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان. حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه که مانگانه زیاتر له 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه ده‌که‌ن و 130 ملیار دیناریشیان له‌داهاتى ناوخۆ ده‌ستده‌که‌وێت. مانگێک لەمەوبەر کاتێک مامۆستایان سەرگەرمی تاقیکردنەوەی وەرزەی یەکەمی خوێندن بوون هەواڵێک لەسەر زاری بەرپرسانەوە بڵاوبویەوە کە مووچەی سێ مانگ دەدرێت بە فەرمنابەران، ئەمەش لاکاتێکدا بوو هەندێک دەنگۆ هەبوو مامۆستایان بۆ وەرزی دوەمی خوێندن دەرگای قوتابخانە نەکەنەوە، بەڵام وەرزی دوەم دەستیپێکردوو مژدە راگەیەنراوەکە هیستا جێبەجێ نەکراوە. «موچه‌ش چاک بکرێت، به‌شى هیچ ناکات و بژێوییان پڕناکاتهوە، چونکە ئەوەندە قەرزارین کە ناتوانین بە موچە بیدەینەوە»، چۆمان ئه‌بوبه‌کر مامۆستایەکی سلێمانیە وای وت. ئەو کە دوو مناڵی هەیە هەروکیان قوتابین لەگەڵ دەوامی قوتابخانە کاری تر دەکات وتی «واش فریاى مه‌سره‌ف ناکه‌وم، چونکه داواکارى منداڵ ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاد ده‌کات، ژیان قورس‌تر ده‌بێت». دوای پەسەندکردنی مووچە، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له تویتێکدا ئاماژه‌ى به په‌سه‌ندکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى عێراق دا و ئاماژه‌ى به‌وه کرد که په‌سه‌ندکردنى بودجه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه «گرنگه« بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابورى و ئاوه‌دانى عێراق و دابینکردنی پێویستى هاوڵاتیان. سه‌رۆک کۆمار وتی «جێگیرکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم، به تایبه‌تیش موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه کۆتایى هێنانه به نه‌هامه‌تى پاشه‌که‌وتى موچه‌و به‌هیواى گێڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى ڕابردوشیان». «هیچ باوه‌ڕم به‌باشکردنی موچه نیه، که دەڵێن باش دەبێت ناتوانم بڕوا بکەم، چونکه دڵنیام چاکی ناکەن» هاوکار جەمیل-ى ته‌مه‌ن 41ساڵ نۆ ساڵه فه‌رمانبه‌ره وتی. هاوکار له یه‌کێک له فه‌رمانگه حکومیه‌کاندا دەوام دەکات ئه‌م پیاوه به ده‌م ڕێگه‌وه قسه‌ى بۆ هاوڵاتی کرد‌و باسی لەوەکرد کە چۆن به‌زستان و به هاوین ڕۆژانه چوار پاس ده‌کات تا ده‌گاته ده‌وامه‌که‌ى و ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوکار لە مۆڵێکی شاری سلێمانی له چوارى ئێواره‌وه تا 11ى شه‌و کاردەکات ده‌کات. سێ منداڵى هه‌یه، که هه‌ر یه‌که‌یان له ناوه‌ندێکى خوێندندا ده‌خوێنن و مانگانه 140 هه‌زار کرێى هاتوچۆکهیانه. هاوکار وتی «ژیانم به کوله‌مه‌رگى دڕوات، حکومه‌ت واش باکى به که‌س نیه و خوا ئه‌زانێت چى ترمان به‌سه‌ر دێنێت».
ھاوڵاتی ڕێککەوتنێک کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لەنێوان تورکیا و روسیا واژۆکراوە، مەترسی لەسەر چارەنوسی رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، پێش دەستپێکردنی دانوستانی چاوەڕوانکراوی نێوان کورد و دیمەشق بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەر. ڕێککەوتنەکە کە بە رێککەوتنی ئەدەنە ناسراوە، لە تەمموزی ١٩٩٨ لەنێوان ھەردوو حکومەتی تورکیا و سوریا واژۆکرا، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لەشەڕ، دوای ئەوەی تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە و ھەڕەشەی لەشکرکێشی دەکرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، رێگە بە ئەنقەرە دەدرێت بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بچێتە باکوری سوریا، کە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە خۆدەگرێت بەوپێیەی ئەو ناوچانە دەکەونە سەر سنوری نێوان ھەردوو وڵات و ھاوسنورن لەگەڵ تورکیا. ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بە ھاوڵاتی راگەیاند «ھیچ پێکھاتەیەکی گەلی سوریا کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە قبوڵناکات، چونکە رێککەوتنەکە خراپە و رێگە بە تورکیا دەدات بچێتە خاکی سوریاوە». رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە و لەکۆبوونەوەی نێوان ھەردوو سەرۆکی روسیا و تورکیادا کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێکرا، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و سوریا. دوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان جەختیکردەوە ھێشتا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق لەکاردایە و جەخت لەسەر پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە دەکەنەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەکەکە بە رێکخراوێکی «تیرۆریستی» دادەنرێت، لەبەرامبەردا تورکیا داندەنێت بە شەرعیەتی حکومەتی سوریا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ھەر کاراکردنەوەیەکی ئەو رێککەوتنەکە دەبێت لەڕێگەی رێکخستنەوەی کارەکان تایبەت بە سنور بێت لەنێوان ھەردوو وڵات و تورکیا چیتر پشتیوانی گروپە چەکدارەکان نەکات و ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. سەرەڕای ئەو ھەڵوێستەی سوریا، روسیای ھاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد داوای لەھەردوو حکومەتی ئەنقەرە و دیمەشق کردووە کاربکەن بۆ کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە. سێرگی لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ھەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوەکردبوو، دەکرێت روسیا و تورکیا رێککەوتنی ئەدەنە بەکاربھێنن بۆ دابینکردنی ئارامی لەسەر سنورەکانی نێوانیان و گرنگە ھەردوولا لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەن. ساڵح موسلیم وتی «تائێستا دیار نییە ئەو ڕێککەوتنە کارادەکرێتەوە یاخود نا، بەڵام ئێمە رەتیدەکەینەوە». لەئەگەری کاراکردنەوەیدا مەترسی راستەقینە دەکەوێتە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئەو ناوچانە، کە لەدوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەلایەن کوردانی رۆژئاواوە راگەیەنراوە. کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە پاڵپشتی مۆسکۆ، بە ھەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ شکستپێھێنان بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا لەلایەن ئەمریکاوە، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی لەو وڵاتە. تا ئێستاش ئەمریکا ھیچ ھەڵوێستێکی لەو بارەیەوە نیشان نەداوە. پرسی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەنێوان تورکیا و سوریا لەکاتێکدایە، کوردانی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانوستانی فەرمین لەگەڵ دیمەشق بۆ رێککەوتن لەسەر چارەنوسی ناوچەکانیان کە نزیکەی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریا پێکدەھێنێت. رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی کردبوو بەم نزیکانە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستپێبکات، دوای ئەوەی سوریا وەڵامی ئیجابی ھەبووە بۆ داواکانیان. کوردانی رۆژئاوای کوردستان نەخشە رێگایەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن رادەستی سوریا کردووە، کە تێیدا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد و پێکھاتەکانی دیکە، لەناویاندا مافی خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری. ئامانجی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لەئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سوریا، خۆدورخستنەوەیە لە مەترسییەکانی تورکیا لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانیان. ساڵح موسلیم وتی «ھێشتا دیار نییە دانوستانەکان کەی دەستپێدەکات، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە ھەیە نەک پەیەدە». ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی وڵاتەکەیان دەکەنەوە کە لە ئێستادا سێ یەکی لەژێر دەستی شەڕڤانانی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، بەڵام بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان جەختدەکەنەوە کە بارودۆخی سوریا ناگەڕێتەوە پێش سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١ و دەیانەوێت لەگەری رێککەوتنیان لەگەڵ ئەسەد سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بپارێزن.
ھاوڵاتی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆچوونی جیاجیا و ناڕونیان ھەیە لەسەر وروژاندنی پرسی کردنە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق، ئەگەرچی لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکادان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکە. لەئێستادا پرسی چونە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق بووەتەوە پرسێکی گەرم لەشەقامی عێراقیدا و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جموجۆڵیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە. فراکسیۆنی سائیرون کە سەر بە رەوتی سەدری موقتەدا سەدرە و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە، پڕۆژە یاسایەکی لەو بارەیەوە ئامادەکردووە کە تێیدا جەخت لە چونە دەرەوەی ھێزە بیانیەکان لەسەرووی ھەموویانەوە ھێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە. فراکسیۆنەکە لەپرۆژە یاساکەدا داوایکردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن کە ساڵی ٢٠٠٨ لەنێوانیان واژۆکرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە رەوایەتی دراوە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بونیان ھەیە کە یەکێک لە کارەکانیان پشتیوانیکردنی ھێزە عێراقییەکانە، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و ھێرشەکانی داعش ھێزی زیاتری بیانی لەعێراق جێگیرکراون. پرۆژە یاساکە لەلایەن ھەندێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و لایەنەکانی نزیک لە ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ھێشتا نەخراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە بۆ تاوتوێکردنی. سەباح ساعیدی سەرۆکی ھاوپەیمانی سائیرون لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیاری ئەوەیان کردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتننامەی سۆفا و ھەڵوەشاندنەوەی بەندی سێیەمی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ رێکخستنی پرۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەلایەک و رێکخستنی ھاریکاری سەربازی لەلایەکی دیکە. تا ئێستا دیار نییە ئەو پرۆژەیە سەردەگرێت یاخود نا، ھەرچەندە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا چەند پەرلەمانتارێکی شیعە بەردەوام داوای چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام داواکانیان پشتیوانی بەھێزی نەبوو تا جێگەی خۆی بگرێت. فراکسیۆنە کوردییەکان کە جگە لە پرۆژەی بودجە، لەسەر زۆربەی پرسەکانی دیکەدا بۆچونی جیاوازیان ھەبووە و لەم خولەی پەرلەماندا پەرتەوازەن، لەسەر پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان جۆرێک لە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و ھەڵویستی فەرمیان لەسەر دەرنەبریوە. مەیادە نەجار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، تا ئێستا نەک فراکسیۆنە کوردییەکان کۆنەبووەنەتەوە بۆ ئەوەی ھەڵویستێکی یەکگرتوو لەو بارەیەوە دەرببڕن. وتیشی «پێمانوایە تا مەترسی بمێنێت، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەخاکی عێراق پێویستە». مەیادە نەجار باسی لەوەشکرد، وروژاندنی ئەو پرسە لە ئێستادا زیاتر پەیوەندی بە ناتەبایی ماڵی شیعەکانەوە ھەیە و ھێشتا نەبووەتە پرسێکی زۆر بەربڵاو کە ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت. ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە پێنج ھەزار سەرباز دەخەمڵێنرێت، کە لەچەند شوینێکی عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیربوون. وروژاندنی پرسی چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھاوکاتە لەگەڵ پرسی سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لەرێگەی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و رفاندنی خەڵک و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانەوە. بەپێی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی، لەدوای راگەیاندی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، داعش ١٢٠٠ ھێرشی ئەنجامداوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ٢٧ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند «تا داعش لەم وڵاتە ھەبێ کە ئێستا ھەیە و جددیشە، ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی عێراقی پێویستە لەم وڵاتە بمێننەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی عێراق بۆ نەھێشتنی داعش، چونکە خوانەکردە ئەگەر جارێکی دیکە داعش بەو شیوەیەی جاران سەرھەڵبداتەوە، کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێ». وتیشی «نابێ لەبیرمان بچێت، داعش تا دەروازەی بەغدا ھات، ھەروەھا زۆر نزیک بووەوە لە ھەولێر، بۆیە یارمەتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو لەسەروویانەوە ئەمەریکا کە بووە ھۆی شکستی داعش. مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە و پێمان وایە ھەتا نەمانی مەترسیی داعش، عێراق پێویستیی بەوە ھەیە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەم وڵاتە بمێننەوە». سەرەڕای بوونی سەربازانی ئەمریکی لە عیراق، بەڵام دەسەڵاتدارانی عیراق دەلێن کە ئەو وڵاتە لە ئێستادا بنکەی سەربازی تایبەت بەخۆی نییە و لەسەربازگە عێراقییەکان بونیان ھەیە. عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم مانگەدا جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە ئێستادا ھیچ بنکەیەکی سەربازی تایبەت بە سەربازەکانی نییە، بەڵکو سەربازانی ئەمریکا لەو سەربازگانە جێگیربون کە سەربازگەی عێراقین. حەسەن ئالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، ھەرکاتێک مەترسی داعش کەمدەبێتەوە، بەشێک لە ھێزە عێراقییەکان دەستدەکەن بە «موزایەدە و دروشمی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان» بەرزدەکەنەوە، کاتێکیش مەترسی سەرھەڵدەداتەوە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدەدەن و رێگەخۆشدەکەن بۆ ئەوەی ھێزەکانیان ببەنە عێراق. وتیشی «وڵاتانی بیانی بەرژەوەندییان لە عێراق ھەیە، بۆیە داوای کردنە دەرەوەیان دورە لە واقیعەوە، ھەرچەندە ھەموو کەسێک لەرووی مەبدەئییەوە پێی خۆشە ھەموو ھێزە بیانییەکان بچنە دەرەوە». جگە لە ھێزەکانی ئەمریکا، ھەریەکە لە تورکیا و ئێران ھێزیان لەسەر خاکی عێراق ھەیە، بەڵام داواکان لە ئێستادا زیاتر بۆ چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە کە ھێشتا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ھاوڵاتی باسی لەوەکرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ھێزەکانی تورکیا لەعێراق بچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر باسی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بێت ئەوان لەگەڵیدا نین، چونکە سودیان بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە و ئەگەر ئەوان نەبونایە داعش دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا دەگرت. وتیشی «فراکسیۆنە کوردییەکان لەوپرسەدا یەکدەنگ نابن، چونکە بەشێکمان لەگەڵ ئەوەداین ھێزەکانی تورکیا بچنە دەرەوە، بەڵام فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە». بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، پێناچێت ئەو ھەوڵەی ئێستا سەربگرێت، چونکە ئەمریکا بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق ھێزی جێگیرکردووە، بارودۆخەکەش وادەخوازێت بمێنێتەوە، چونکە داعش سەریھەڵداوەتەوە. جگە لە نەبوونی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە، ھێشتا فراکسیۆنە شیعییەکانیش یەکدەنگ نین و ناکۆکییان ھەیە لەنێوانیاندا. تا ئێستاش ئەمریکا بەفەرمی ھیچ ھەڵوێستێکی لەبارەی ئەو پرسەوە رانەگەیاندووە. غالب محەمەد وتی «سائیرون دەڵێت با راوێژکارەکان بمێننەوە، فەتح دەڵێت باھەموویان لەعێراق بچنە دەرەوە، ئەم ناکۆکییەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەوڵەکە سەرنەگرێت».
هاوڵاتى، كاوە ڕەش- بەریتانیا بەدواداچونی نهێنی ڕۆژنامەوانی میدیاکانی بەریتانیا دوای ئەوەی باوكێكی ئێرانی سكاڵا‌و زەحمەتییەكانی نێو كامپی كاڵاس بەڕۆژنامەی (زەسەن)ی بەریتانی دەگەیەنێت، ڕۆژنامەكە تیمێكی خۆی بەنهێنی دەنێرێتە نێو پەنابەرو قاچاغچیەكان، كە وەها خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوانیش پەنابەرن و نیازی پەڕینەوەیان لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا هەیە. تیمەكە دەڵێن ئەوانەی كاری قاچاغچییەتی بە مرۆڤەوە دەكەن، تەنها ئامانجیان دەستكەوتنی زۆرترین داهاتەو هیچ دەربەستی سەلامەتی گیانی پەنابەرەكان نین. بەپێی گێڕانەوەكانی زەسەنی بەریتانی، زۆربەی قاچاغچیەكانی كاڵاس و دانكیغ پێكدێن لە مافیاكانی كورد‌و ئەفغانی. ئەوان دەڵێن بەشێك لەقاچاغچیەكان چەقۆو چەك و تەقەمەنیان هەڵگرتوە زۆرجار ڕووبەڕوی یەكتر بونەوە لەناو خۆیاندا. نرخی پەڕینەوە بە بەلەمی چوب ڕۆژنامەوانەكان كەوەك پەنابەر چوبونەتە كامپی كاڵاس دەڵێن «ئێمە كەوەك نەفەری پەنابەر مامەڵەمان دەكرد، قاچاغچیەكان ئێمەیان ناردە لای دوو قاچاغچی ئەفغانی، بەناوی مەزهەری و وەتەن، دواتر بردیانین بۆ چادرێكی بچوك لەناو جەنگەڵستانەكە كە كوڕێكی دیكەی لێ بو، بەناوی ئەنام، ئەو وتی; خەمتان نەبی بەبەلەم دەتان گەیەنمە ئەوبەر». ئەنام كە تەمەنی ٢٨ ساڵ بو دەیگوت «لەگەڵ قاچاغچی دیكە پێكەوە ئیش دەكەین كەئەوان لەناو بەریتانیان و هەرگیز ناوی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشكرا ناكەن». ئەنام بە نەفەرەكان دەڵێ بۆ پەڕینەوە بە بەلەمی خێرا ٦هەزار پاوەند دەبێ بدەی لێرە كاش وەرناگرین، دەبێت كەسێكت لە لەندەن پارەكە بداتە خاوەنی ڕێستۆرانتێك، كەئێمە ناونیشانەكەت دەدەینێ بۆئەوەی كەگەیشتی پارەكە وەربگرین. بەقسەی قاچاغچیەكە ٦٠ میل (زیاتر لە ٩٥ کیلۆمەتر) لەولای بەندەری كاڵاسەوە بەلەمی چوب كە ماتۆڕێكی لێ بەستراوە دەداتە دەست پەنابەرەكان و پێیان دەڵێ ڕاست بڕۆن، وەك خۆی دەڵێ «ئێمە سی لیتر بەنزین كەزیادیشە دەیاندەینێی و كاری ئێمە تەنها هێنانی بەلەمەكەیە بۆ ناو ئاوەكە، پاڵیان پێوە دەنێن و ڕێگاكەیان نیشاند دەدەین، پێان دەڵێین كەچۆن ڕێك بۆ نزیك شارۆچكەی (فۆلكستۆن) نەك بۆ دۆڤەر) چونكە ئەوێ پۆلیسی لێ نیە» بە وتەی قاچەغچیەكە، هەرزانترین نرخیش بۆ هەر نەفەرێك ٢٥٠٠پاوەند وەردەگرن، كەئەویش ترسناكترین ڕێگایە، پەڕینەوەیە بەخۆشاردنەوە لەناو لۆری. ئەنام ئاماژە بەشێوازێكی دیكەی گەیاندنی پەنابەری نایاسایی دەكات، كە ئەویش لەڕێگای لۆرییە بارهەڵگرەكانی خۆرهەڵاتی ئەورپاوەیە بۆ ناو بەریتانیا. ئەو دەڵێ ٣هەزار پاوەند بۆ هەر نەفەرێك دەدەم بە شوفێرە پۆڵۆنی و ڕۆمانییەكان كاتێك نەفەرێك لەناو لۆرییەكەیان دەشارنەوە بۆ بەریتانیا، منیش لەهەر نەفەرێك ٦بۆ ٧هەزار پاوەند وەردەگرم. خەڵكی پۆڵۆنیاو ڕۆمانیا بەدوو مانگ ٨٠٠ پاوەند پەیدا دەكەن، كاتێك بۆ یەك نەفەر ٣هەزار پاوەندیان دەدەمێ، لەخۆشیان هەڵدەپەڕن و سەما دەكەن، بەقسەی قاچاغچیەكە كە وادەڵێ. دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ «سوپاسی ڕۆژنامەی زەسەن دەكەین بۆ ئەو بەدواداچونەیان، لەسەر ئەو تاوانەی كەبەشێوەیەكی نایاسایی و ترسناك، لەسەر هێنانی پەنابەری نایاسایی دەكرێت لەلایەن قاچاغچی و مافیاكانەوە.» هەرەها قسەكەری دەزگای تاوانی نیشتیمانی دەڵێ «ئێمە بەشێوەیەكی وررد بەدواداچون بۆ ئەو تاوانەو زانیارییەكان دەكەین، لەپێناو وەستانی كارە تاوانكاری و مافیاكانی قاچاغچیەكان». بۆچی ئێرانییەكان بەلێشاو دەیانەوێ بگەنە بەریتانیا لەماوەی سێ هەفتەدا، زیاد لەسەد پەنابەر بەڕێگای ترسناك و بەلەمی چوپەوە خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا، كەزۆربەیان خۆیان! بەئێرانی ناساندوە، جگە لەبەشێكی تر كە گوتویانە عێراقین. لەو كاتەوەی وڵاتانی باڵكانی وەك ئەلبانیاو سربیا، كە ساڵی ڕابردوو لەمانگی ئۆگێست بەبێ فیزا دەرگایان بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی واڵا كردوە. باوەڕ وایە نزیكەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی ئێرانی ڕوویان لەوڵاتانی باڵكان كردوە، لەوێشەوە بۆ سنورەكانی ئەوروپا دێن و دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵە ناوخۆییەكانی ئێران، گەشتی فڕۆكەی نێوان تاران و بێڵگراد، لەئێرانەوە بەپڕی و تەواوی سەرنشینەوە دەڕوات بەڵام لەوسەرەوە بە بەتاڵی دەگەڕێتەوە.
هاوڵاتى، شەعبان ڕەئوف دیلان جه‌لیل، ته‌مه‌ن 25 ساڵ دانیشتوى گوندى (ره‌مه‌زان)ى سه‌ر به‌خانه‌قین، شەوان چەکە پڕ لە فیشەکەکەی لەباوەش دەگرێت و تا بەیانی ناخەوێت. دیلان ئەگەرچی دوژمندار نیە بەڵام ماوەیەکە لە چەکەکەی دورناکەوێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبیت بۆ ئەو مەترسیەی ماوەی چەند مانگێکە رووی لە گوندەکەیان کردوە. دیلان دانیشتووی گوندێکی قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە لەگەڵ هاوگوندیەکانی تری‌دا ماوەیەکە خەو لەچاویان تۆراوە نەوەک شەوێک چەکدارانی داعش بدەن بەسەریانداو خۆیان ببن بە یەکێک لەو چیرۆکە خوێناویانەی کە پێشتر دەیانبینی بەسەر خەڵکانێکی تردا دەهاتن کاتێک کەسێک نەبوو بیانپارێزێت لەو هێرشانەی داعش. ترسی دیلان و گوندنشینەکانی تر زیاتر بووە بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە داعش دزەی کردە ناو گەڕەکێکی خانەقینەوەو چەند پۆلیس و ئاسایشێکیان بریندار کرد‌و هەڵهاتن. دیلان وتى «ئه‌و شه‌وه‌ى که داعش په‌لامارى خانه‌قینى دا تاوه‌کو ئه‌م کاته خۆمان پاسه‌وانى خۆمان ده‌که‌ین و خۆمان ده‌پارێزین». بەڵام ئەو ترسە بۆ دیلان دوو هێنده‌ى ترسى هاوڵاتیانى ناوچه‌که‌یه، بەهۆی ئەوەی دانیشتوانى گونده‌که‌ى ئه‌وان لە پەیڕەوانی ئاینی کاکه‌یین، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی داعش خوێنیان حەڵال بکات، هاوشێوەی ئێزیدیەکانی شەنگال. له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوودا، هێزه چه‌کداره‌کانى داعش، جموجۆڵه‌کانیان له‌سنورى خانه‌قین ده‌ستپێکردوه‌ته‌وه‌و ناوه ناوه هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر گه‌ڕه‌که‌کانى خانه‌قین و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى، به‌رپرسانى ئه‌منى ناوچه‌که‌ش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، بۆشایی ئه‌منى هۆکارى ئه‌و هێرشانه‌ى چه‌کدارانى داعشه. به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى ناوچه‌که، به‌هۆى ئه‌و هێرشانه‌ى چه‌کدارانى داعش له‌و ماوه‌یه‌دا هێرشه‌کانی ئه‌نجامداوه، نزیکه‌ى 31 گوندى خانه‌قین چۆڵکراوه‌و هه‌روه‌ها سەدان خێزانى کورد، خانه‌قینیان چوڵکردوهو 68 پۆلیسى عێراقیش کوژراون. نوێترین هێرشى چه‌کدارانى داعش بۆ سه‌ر خانه‌قین و ده‌وروبه‌رى، له‌شه‌وى 26ى ئه‌م مانگه بوو بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌کى به‌ختیارى له خانه‌قین، که به‌هۆیه‌وه ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کى زۆرى له‌لاى دانیشتوانى خانه‌قین دروستکرد. ئومێد ره‌شید، ته‌مه‌ن 24ساڵ، دانیشتوى قه‌زاى خانه‌قین، باسى چیرۆکى ئه‌و شه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتى گێڕایه‌وه کاتێک لهدهوروبهرى کاتژمیر 10ی شه‌ودا له ماڵه‌وە بووەو لەپڕ گوێی لێبووە کە چۆن دەنگی فیشەک تێکەڵ بەهاواری خەڵک بووە لەگەڕەکێکی شارەکە. هێرشى چه‌کدارانى داعش بۆ سه‌ر خانه‌قین وا له‌خێزانه‌که‌ى ئومێد ده‌کات که خانه‌قین چۆڵبکه‌ن و باربکه‌ن بۆ که‌لار، وتى «چیتر خانه‌قین شوێنیک نییه بۆ ژیان، هیچ گرەنتیەک نیه که گیانمان پارێزراو بێت». ئومێد خەڵکی ناحیەی جەلەولایە بەڵام کاتێک لە ٢٠١٤ ئەو شارە کەوتە دەست داعش، خێزانەکەی بڕیاری دا نەگەڕێنەوە بۆ جەلەولا لەخانەقین بمێننەوە کە ئەوکات ئارامتر بوو، بەڵام ئەوە بۆ دووەم جارە کە لەترسی داعش ماڵ دەپێچێتەوە. به‌رپرسانى ناوچه‌که ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، بۆشایی ئه‌منى ناوچه‌که بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى چه‌کدارانى داعش هێرش ئه‌نجامبده‌ن و گرفت له‌ناوچه‌که‌دا دروستبکه‌ن. دەشڵێن به‌هۆى ئه‌و هێرشانه‌وه ژماره‌یه‌کى زۆر له‌خێزانى کورد له‌ناوچه‌که، خانه‌قینیان چۆڵکردووه. مه‌حمود سه‌نگاوى، به‌رپرسى میحوه‌رى پێشمه‌رگه‌یه له‌گه‌رمه‌سێر رایگه‌یاند «به‌هۆى هێرشه‌کانى ئه‌و ماوه‌یه‌ى چه‌کدارانى داعشه‌وه، 31 گوندى خانه‌قین چوڵکراوه هه‌روه‌ها 200 هه‌زار خیزانى کورد خانه‌قینیان چوڵکردوه« وتیشى «ده‌کرێ ساڵى 2018 به‌ساڵێکى پڕ له جوڵه‌ى داعش و خوێناوی‌ترین ساڵ بۆ خانه‌قین و گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى ئه‌ژمار بکرێت، چونکه له‌و ساڵه‌دا داعش و گروپه توندڕه‌وه‌کان 46 هێرشیان کردوه‌ته سه‌ر هێزه عیراقیه‌کان به‌و هۆیه‌شه‌وه 68 سه‌ربازو پۆلیس کوژراو‌و برینداربون» به‌پى ئامارى پولیسى خانه‌قین له‌مانگى 11و12ى ساڵى رابردوو له‌گه‌ڵ چوار هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا ١٧ که‌س له‌هێزه عێراقیه کان به ده‌ستى چه‌کدارانى داعش کوژراون، 23ى تریش بریندارکراون. له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌ک چه‌کدارى داعش کوژراوه‌و ته‌رمه‌که‌ى کەوتۆتە دەست هێزه عێراقیه‌کان . جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم وتی «هۆکارى هێرشکردنى داعش بۆ سه‌ر ناوچه کانى خانه‌قین و دیاله، سه‌ڵاحه‌دین، مه‌خمور نه‌بونى پیشمه‌رگه‌یه له‌و شوێنانه«. وتیشی «نه‌بونى هه‌ماهه‌نگییه له نێوان سوپاى عیراق و پیشمه‌رگه‌دا ئه‌مه‌ش واى کردوه بۆشایى ئه‌منى دروست ببێت و داعش دزه بکات و هێرش بکاته‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه«. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌هه‌ڵمه‌تێکى هێزه‌کانى پۆلیسى خانه‌قیندا، چه‌کدارێک کوژراو یه‌کێکى دیکه‌ش ده‌ستگیرکراوه، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قینیش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ى درووست بووه له‌ناوچه‌که‌دا، داواى هێزى سه‌ربازییان کردووه. دیار شه‌وکه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین وتى «کێشه‌ى ئه‌منى له قه‌زاکه‌دا هه‌یه‌و ناڵێین نییه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌و بۆشاییه ئه‌منیه‌وه هه‌یه و داوامان کردووه فه‌وجێکى سه‌ربازى بنێردرێت». ناوبراو ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که هه‌واڵگرى عێراق به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پۆلیسدا داعشێکیان کوشتووه‌و سیانى دیکه‌ش ده‌ستگیرکراون. عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژى هێزه ئه‌منییه‌کانى دیاله رایگه‌یاندوه «له‌هه‌ڵمه‌تێکى هێزه‌کانى پۆلیسى خانه‌قیندا، تیرۆرستێک له‌ناو یه‌کێک لهباخهکانى شاره‌که که چه‌کێکى کڵاشینکۆفى پێبووه، کوژراوه«. رونیشکردوه‌ته‌وه «هه‌ر له‌و هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشکنینانه‌دا تیرۆریستێک به‌ناوى ئه‌بو عه‌بدوڵا که ناسنامه‌یه‌کى ساخته‌و چه‌ند کارتێکى تر‌ى زانیارى پێبووه، دستگیرکراوه«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه دوو چه‌کداری تر له‌ناوچه‌کانى عبارهو قه‌ره‌ته‌په ده‌ستگیرکراون له‌سنووری خانه‌قین.ئەوەش ئەو ناوچانەن کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پێشمەرگە تێیاندا کشایەوە. «ئه‌م بۆشاییه ئه‌منییه یه‌ک چاره‌سه‌رى هه‌یه ئه‌وه‌ش ئەوەیە هێزەکانی پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق پێکەوە کاربکەن». شێرکۆ میروه‌یس، ئه‌ندامى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق وتی. هەروەها وتی «ئەوان وه‌ک دوو هێزى نیزامى ده‌توانن ئارامى بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوچه‌که بۆ ئه‌وه‌ى گروپى تیرۆریستى داعش و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش ده‌ستگیر بکرێن کە له‌سێبه‌رى هێزه‌کانى عێراقدا به‌رۆژ له‌ناو باره‌گا فه‌رمییه‌کان ده‌وام ده‌که‌ن و به‌شه‌ویش جلى جیاواز له‌به‌رده‌که‌ن و ههڕەشهن بۆ سه‌ر دانیشتوانه‌که‌ى «. بەپێی قسەی بەرپرسان ئەو بۆشاییە ئەمنیە وای کردوە ژیانی هەزاران گوندنیشنی هاوشێوەی دیلان بکەونە مەترسیەوە کە بەردەوام لەدڵەڕاوکێدان. دیلان وتی «له‌شه‌ودا که‌سمان ناخه‌وین، ئێمه زیاتر له‌هه‌ر شوێنێکى تر‌ى خانه‌قین ترسمان له‌سه‌ره له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م گونده‌ى ئێمه دانیشتوانه‌که‌ى هه‌مووى (کاکه‌ییه) و ترسى ئه‌وه‌مان هه‌یه به‌ده‌ردى ئێزیدییه‌کانى شه‌نگال بڕۆین، ناشتوانین ماڵ و حاڵمان به‌جێبهێڵین». ئەم راپۆرتە لەلایەن سامان مەجید، راهێنەرو بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی هاوڵاتى تەحریر کراوە.
هاوڵاتى چەند پرسێکی ئابورى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغداى لەیەکتر نزیککردووەتەوە، کە لەنێویاندا یەکخستنى پێناسەى گومرگى و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان هەیە، لەکاتێکدا هێشتا کێشە سیاسییەکانى نێوانیان کە دیارترینیان کێشەى ناوچە جێناکۆکەکانە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە. هەرێمی کوردستان لەدوای پێکهێنانی عێراقی نوێی دوای روخانی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ چەندین کێشەی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستبووەو بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، دیاترینیان پرسی نەوت و بودجەو پیشمەرگەو ناوچە جێناکۆکەکان بوون، بەڵام لەپرسە ئابووریەکان بەرەو بزیکبوونەوە دەچن. رۆژى ١٥ى ئەم مانگە، دواى چەندین ساڵ لەناکۆکى، دواجار هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر یەکخستنى پێناسەى گومرگى لەخاڵە سنورییەکان رێککەوتن بەجۆرێک کەبەرژەوەندى هەردولاى تێدا رەچاوکراوەو تێکەڵەیەکە لەو یاسا‌و رێنماییانەى پێشتر هەردوو حکومەتەکە بەجیا جێبەجێیان دەکرد. رێککەوتنەکە لەچەندین خاڵ پێکهاتووە، کەدیارترینیان یەکخستنى پێناسەى گومرگییە لەخاڵە سنورییەکان و وەرگرتنى یەک بڕە پارە لەکاڵاى هاوردەکراو لەهەرێم و بەغدا، بۆ ئەوەى ئەو جیاوازییەى پێشوو نەمێنێت کە لەنێونیاندا بوو. لەساڵانى رابردوودا عێراق یاسایەکى نوێی دەرکرد، بۆ رێکخستنى کاروبارى بازرگانى و گومرگى، بەڵام هەرێمى کوردستان پێوەى پابەندنەبوو، کارى بە رێنماییەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم دەکرد، ئەوەش هەمیشە جێگەى ناکۆکى نێوان هەردوو حکومەتەکە بوو. ساماڵ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان بە هاوڵاتى راگەیاند، ئەو پێناسە گومرگییەى کە رێککەوتنى لەسەر کراوە، نە ئەوەى هەرێمە نە ئەوەى بەغدا، بەڵکو پێناسێکى تێکەڵە و ئەوەى هەرێم کراوەتە بنەما. ماوەى مانگێک دانراوە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، ساماڵ عەبدولرەحمان وتی «لەئێستاشدا لیژنەکان لەکاردان بۆ ئەوەى وردەکاریی رێککەوتنەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان جێبەجێ بکەن». لەڕێککەوتنەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، رێژه‌ی پێناسی گومرگی یه‌کخراو به‌پێی ئەو لیستانە دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە بەپێی نووسراوی وه‌زاره‌تی دارایی ژماره 29931 له به‌رواری 21/11/2018 و لە ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت پێداچوونەوەی پێدادەکرێت، لە بەرواری دەرکردنی ئەو بڕیارەوە. هەرێمى کوردستان و عێراق خاوەنى چەندین دەروازەى نێودەوڵەتین کە رۆژانە جموجۆڵى بازرگانى فراوان بەخۆیانەوە دەبینن، دەروازە پڕ جموجۆڵەکانى نێوان عێراق لەگەڵ تورکیا‌و ئێرانى دراوسێی دەکەونە هەرێمى کوردستانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایەو سەرچاوەیەکى دەستکەوتنى داهاتە لەلایەن هەرێمەوە. بەپێی رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا، دامەزراوەى تایبەت بە بەرێوەبردنى دەروازە سنورییەکان لە رووى کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا، کە داوایەکى بەردەوامى حکومەتى ناوەندى بووە لەهەرێم بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆى بەسەر سەرجەم دەروازەکاندا بسەپینێت. ساماڵ عەبدورەحمان وتى «ئەو دامەزراوە و فەرمانبەرەکانى لەرووى گارگێڕییەوە دەبەسترێنەوە بەبەغداوە، بەڵام کاروبارى گومرگى و خاڵە سنورییەکان هەر پەیوەستدەبن بە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم و بەپێی رێنماییەکانى ئەو وەزارەتە کاردەکەن». لەگەڵ رێککەوتن لەبارەى یەکخستنى پێناسەى گومرگى، هەرێم و بەغدا لەسەر هەڵگرتنى ئەو خاڵە سنورییانەش رێککەوتوون کە بەغدا لەدواى پرۆسەى ریفراندۆمەوە لەناوچەکانى کەرکوک و موسڵ لەنێوان پارێزگاکانى هەرێم و عێراقدا داینابوون. ئەو خاڵانە پێکهاتوون لە (فایدە، شێراوە لەباکورى کەرکوک، لەیلان لەرۆژهەڵاتى کەرکوک) کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقدان. ئەو خاڵانە بەهۆکارێکى کەمکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و پەکخستنى کارە بازرگانییەکان دادەنران، بەوپێیەى بازرگانان دووجار دەبوو گومرگ بدەن، هەرێمى کوردستانیش بەردەوام داواى لابردنى ئەو خاڵانەى دەرکردو بە نایاسایی و نادەستورى ناوى دەبرد. بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم جەختیکردەوە، بەپێی رێککەوتنە دەبێت حکومەتى عێراق ئەو خاڵە گومرگیانە لاببات، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقیش بڕیارەکەى دەرکردووە، ئەوەش کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر بوژاندنەوەى جموجۆڵى بازرگانى. وتیشى «ئەگەر حکومەتى عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات، کاریگەرى لەسەر میسداقیەتى دروستدەکات، چونکە لەبڕیارەکاندا بە روونى هاتووە کەدەبێت خاڵەکان لاببرێن». بەهۆى دانانى ئەو خاڵانەوە، بەشێک لەبازرگانان بۆ دەربازبوون لەپێدانى دووجار گومرگ، ناچاربوون روبکەنە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ هارودەکردنى کاڵا، ئەوەش جوڵەى بازرگانى هەرێمى کەمکردبووەوە. رێککەوتنەکە ٣٠ رۆژى دیاریکردووە بۆ ئەوەى وەزارەتى بازرگانى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر کاروبارە بازرگانییەکان بگەنە رێککەوتن، بەجۆرێک کۆنتڕۆڵى شمەک و پشکنینەکانى کەلوپەلى هاوردە، یاسا بەرکارەکانى وەبەرهێنانى عێراق لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان وەک یەک جێبەجێ بکرێن. نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە هاوڵاتى وت «رێککەوتنەکە لەسەر پێناسەى گومرگى و لابردنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و ماوەتەوە جێبەجێ بکرێت، لەکاتى جێبەجێکردنیشیدا کاریگەرى لەسەر جوڵەى بازرگانى دروستدەکات». وتیشى «تا ئیستا بەدیاریکراوى ناتوانین رادەى کاریگەرییەکە بزانین، چونکە دەبێت بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە تائێستا دیار نییە جێبەجێ دەکرێت یان نا». لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرەڕاى هەڵگرتنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان پارێزگاکانى هەرێم و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان کاری چاودێری خۆی دەکات بەهەماهەنگى لەگەڵ لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌کان و هەندێ جار دەورییەی کاتی له رێگە سه‌ره‌کییه‌کاندا دادەنرێت بۆ به‌دواداچوون و چاودێریکردنی مامه‌ڵه گومرگییه‌کانی کاڵا هاوردەکراوەکان، هەروەها دانانی خاڵ بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ناوەندە گومرگییەکان لەبەرچاودەگیرێت، تائه‌و کاته‌ی پرۆژه‌ی نوێکردنه‌وه‌ی پێناسه گومرگییه‌کانی بەکۆتا دێن. ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنه‌ی کاروباری ئابووری، دەرکردنی رێکاری پێویست بۆ یەکخستنی رێکارەکانی بازرگانیکردن به‌زێڕ و کانزا گرانبه‌هاکان له‌عێراق دەردەکات، بەهەماهەنگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق و ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان و ده‌سته‌ی گشتیی باجه‌کانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌زگای ناوه‌ندیی کۆنترۆڵی جۆری سه‌ر به وه‌زاره‌تی پلاندانان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان. هەروەها جەختکراوەتەوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات بەپێی یاسای کارپێکراوی وەزارەتی گواستنەوە لەرێگەی ئاسانکاریکردن بۆ کاری ئەو بەشانەی پەیوەندیدارن (کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی وشکانیی، کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی گه‌شتیاران و شانده‌کان و کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی تایبه‌ت)، دوای هەماهەنگى و لێکۆڵینه‌وه له نێوان نوێنه‌رانی حکومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ماوه‌ی مانگێکدا، له‌دوای ده‌رکردنی بڕیارهکهوە. ئەمە یەکەم رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر پرسە ئابورییەکان، لەدواى خراپبوونى پەیوەندییەکانیانەوە بەهۆى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیى و جیابونەوە لەعێراق، کە بەهۆیەوە بەغدا گەمارۆى خستە سەر هەرێمى کوردستان و تەواوى پەیوەندییەکانیان پچڕان. پێدەچێت ئەمە سەرەتاى رێککەوتنێکى گشتگیر بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کە دواى باشبوونى پەیوەندییەکانیان دێت لەچەندین بواردا بەتایبەتى لەپرسە ئابورییەکاندا و هەرێمى کوردستانیش هیواى هەیە کێشەکانى لەگەڵ حکومەتى نوێی عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى چارەسەر بکات. لەدواى دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدى کە بەدۆستى کورد دادەنرێت، خواستى خۆى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشانداوە، بەڵام تائێستا بەشێکى کێشەکان بەتایبەتى کێشە سیاسییەکان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.