هاوڵاتی، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د نازدار مه‌جید، ته‌مه‌ن24ساڵ، ماوه‌ى دوو مانگ ده‌زگیراندار بوه‌و جیابووه‌ته‌وه، دواتر چه‌ند مانگێک له‌گه‌ڵ کوڕێکدا له په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت، که له‌ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌وه یه‌کتریان ناسیوه، به‌ناوى هاوسه‌رگیرییه‌وه داواى وێنه‌ى لێکردووه و دواى ماوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندییه‌که‌یان پچڕاوه. ئه‌م کچه باس له‌وه‌ده‌کات که ماوه‌یه‌کى زۆر به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌و رووداوه‌که‌ى بیرنه‌ماوه، به‌ڵام دواجار ئه‌و په‌یوه‌ندیه ببوو به‌ڵایه‌ک بۆسه‌ر ژیانى. «هه‌ر بیرم چوبۆوه که ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌م کردوه‌و وێنه‌یه‌کى نیمچه ڕوتم بۆ ئه‌و کوڕه ناردووه«، نازدار وتى ئێستا ڕابردووى بۆته بار به‌سه‌ر شانیه‌وه و وازى لێناهێنێت». نازدار ئه‌و کوڕه‌ى له‌ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌وه ناسیوه‌و به‌ناوى هاوسه‌رگیرییه‌وه، داواى وێنه‌ى جه‌سته‌ى خۆى لێکردووه، پاشان وازى لێهێناوه‌و ونبووه و وتى»ته‌نانه‌ت ڕه‌نگى که‌لوپه‌لى ناوماڵیشمان هه‌ڵبژارد بوو بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵام هه‌ر که وێنه‌که‌م بۆنارد، وازى لێهێنام و ته‌نانه‌ت نهشوێنیم ده‌زانى نه کارى، چونکه هه‌مووى به درۆ پێوتبوم». دواى ئه‌و رووداوه، نازدار له‌گه‌ڵ کوڕێکى خزمیدا بڕیاریاندا هاوسه‌رگیری بکه‌ن و دوو مانگى ده‌زگیراندارن، بڕیار بوو پێش نه‌ورۆز ئاهه‌نگى گواستنه‌وه ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام دوو رۆژ پێش ئه‌وه، وێنه نیمچه رووته‌که‌ى گه‌یشت به‌ده‌ست ده‌ستگیرانه‌که‌ى و ئێستا ئه‌و پێی ده‌ڵێت، جیاده‌بنه‌وه و ناتوانێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بکات. هه‌ندێ جار ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى که کوڕان و کچان له رێگه‌ى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه ده‌یبه‌ستن، دووچاری گرفتى گهورهیانى ده‌کات، ئه‌وه‌ش به تایبه‌تى بۆ کچه‌که که ده‌بێته رابردوویه‌ک بۆی و له‌لایه‌ن ئه‌و کوڕانه‌وه، وه‌کو چه‌کی هه‌ڕه‌شه له دژیان به‌کارده‌هێنرێت که هه‌تاوه‌کو دوێنێ دڵخوازی یه‌کتری بوون. به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ى ده‌ست هاوڵاتی که‌وتووه، له‌ساڵى2017دا 611سکاڵا سه‌باره‌ت به خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى هه‌بووه، به‌ڵام له‌ساڵى2018دا 452 سکاڵا تۆمار کراوه. ئاشنا سه‌روه‌ر، ته‌مه‌ن 28 ساڵ، یه‌کێکه له‌و قوربانیانه، ئه‌و کاتێک کوڕێکی له رێگه‌ى فه‌یسبوکه‌وه ناسی، وایزانى ئیتر خۆشبهتى ده‌کات، به‌ڵام دواجار باجی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یدا که ماوه‌ى دووساڵ به‌رده‌وام بوو. کوڕێک چه‌ندین جار داواى وێنه‌ى لێکردووه و بۆى ناردووه، به‌ڵام دواتر کوڕه‌که، پێی ده‌ڵێت پاره‌ى پێ نییه ماده‌ى هۆشبه‌ر بکرێت، چونکه ئه‌و که‌سێکى ئالوده‌یه‌و ده‌بێت ئاشنا پاره‌ى بۆ په‌یدا بکات، ئه‌گه‌ریش ئه‌م کاره نه‌کات وێنه‌کانى بڵاوده‌کاته‌وه. ئاشنا به‌گریانه‌وه گێڕانه‌وه‌که‌ى به‌رده‌وام کرد‌و وتى «له‌تاو ژیانى خۆم، ناوه ناوه سه‌د بۆ دووسه‌د هه‌زار دینارم پێده‌داو و تاواى لیهات توانام نه‌ما ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى بده‌مێ، بۆیه په‌نام برده به‌ر چاودێریکردنى و ویستم که‌سێکى نزیکى بدۆزمه‌وه هاوکاریم بکات». ئه‌وه‌ى ئاشنای زیاتر حه‌په‌ساند ئه‌وه‌بوو، کاتێک چاودێرى کوڕه‌که‌ی کرد، بینى ئه‌و یه‌که‌م کچ نیه که کوڕه‌که فێڵی لێکردوه، به‌ڵکو پێنج کچى تر‌ى به‌و ده‌رده بردووه «که زانیم وایه، وازم لێهێناو دڵنیابوم که ته‌نها بۆ پاره ئه‌م کاره ده‌کات و مه‌به‌ستى بڵاوکردنه‌وه‌ى وێنه نیه«. زۆرجار ئه‌و کچانه‌ى ده‌بنه قوربانى، له ترسی ئه‌وه‌ى ناویان به خراپی نه‌زڕێت، نا‌وێرن سکاڵا تۆماربکه‌ن، به‌ڵام پۆلیس ده‌ڵێت، ئه‌وان ده‌توانن ئه‌و که‌سانه بدۆزنه‌وه‌و سزایان بده‌ن. له رابرودووشدا چه‌ندین که‌سیان سزاداوه. سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانى پۆلیسى سلێمانى، به هاوڵاتی وت» له‌م ساڵدا سێ حاڵه‌تى ههڕهشهکردنمان هه‌بووه، که له‌رێگه‌ى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ئه‌نجامدراوه‌و توانیومانه ئه‌و که‌سانه ده‌ستگیر بکه‌ین». باسیله‌وه‌شکرد که هیچ حاڵه‌تێک نه‌بووه که کچ هه‌ڕه‌شه له کوڕێک بکات و وتیشى»له پێشتردا، چه‌ند کچ و ژنێک هه‌بوون له مه‌غریب هه‌ڕه‌شه‌یان له پیاوانى سلێمانى ده‌کرد به‌وه‌ى گه‌ر بێت و پاره نه‌خه‌نه سه‌ر هه‌ژماره بانکییه‌که‌یان، ئه‌وه وێنه و ڤیدیۆکانیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه«. هه‌روه‌ها هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر، به هاوڵاتی وت «ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى که له ڕێگه‌ى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ڕووده‌ده‌ن، له سێ حاڵه‌تدا خۆی ده‌بینێته‌وه، بۆ داواکردنى پاره، یاخود سێکس یان له‌که‌دارکردنى که‌سه‌که و بنه‌ماڵه‌که‌ى». وتیشى» ئێمه ڕێنمایى هاوڵاتیان ده‌که‌ین که زۆر به وریاییه‌وه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌کاربهێنن و به‌ناوى خۆشه‌ویستى و هاوسه‌رگیرییه‌وه، وێنه‌ى تایبه‌تى خۆیان نه‌نێرن بۆ هیچ که‌سێک». هه‌ندێجار، هۆبه‌ى لیژنه‌ى ئاشته‌وایى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتیژى خێزانى، له کاتی ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا یارمه‌تى ئه‌و که‌سانه ده‌ده‌ن که تووشى ههڕهشهکاریی بونه‌ته‌وه، له‌ڕێگه‌ى پێدانى چاره‌سه‌رى (ده‌روونى، کۆمه‌ڵایه‌تى، یاسایی)ه‌وه. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندى به‌و که‌سانه‌وه ده‌که‌ن که‌هه‌ڕه‌شه‌یان کردووه، بۆ ئه‌وه‌ى کۆتایی به کێشه‌که بێت، ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌ى له لایانه بیسڕنه‌وه. پشده‌ر ڕه‌شید، لێپرسراوى هۆبه‌ى لیژنه‌ى ئاشته‌واى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتیژى خێزانى، به هاوڵاتی وت «که‌سه‌که بیه‌وێت ڕێنیشانده‌رى ده‌بین له چۆنێتى گرتنه‌به‌ری ڕێکاره‌کانى سکاڵا تۆمارکردن». وتیشى» گه‌وره‌ترین کێشه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه، ئه‌و که‌سانه‌ى توشى ئه‌و کێشانه ده‌بن، نایانه‌وێت کێشه‌که بچێته به‌رده‌م یاسا‌و نایانهوێک که‌سوکاریان بیزانن، بۆیه له‌وکاته‌دا ده‌ستمان ده‌به‌سترێت و پاڵپشتییه‌کى یاساییمان نییه تا بتوانین له‌ڕوى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌وڵى چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بده‌ین». پشده‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر کچه‌که سکاڵای تۆمار کرد‌و کێشه‌که‌ى چووه دادگا‌و خێزانه‌که‌ى پێیانزانى و هه‌ڕه‌شه‌یان لێکرد، ئه‌و کات کچه ده‌برێته یه‌کێک له شوێنه‌کانى داڵده‌دانى ئافره‌تان و له‌وێدا ده‌پارێزرێت. لهههرحاڵهتێکدا ئه‌گه‌ر قوربانیه‌که تووشی هه‌رگرفتێک بێت، ئه‌وه سزای ئه‌و که‌سه قورس‌تر ده‌بێت که بووه‌ته هۆى تووشکردنى به‌و کێشه‌یه. به‌پێی یاسا، ئه‌و که‌سانه‌ى هه‌ڕه‌شه له کچان ده‌که‌ن به به‌ندکردن سزا ده‌درێن که ماوه‌که‌ى له شه‌ش مانگ که‌متر نه‌بێت و له پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت، هه‌روه‌ها به غه‌رامه‌کردنێک سزا ده‌درێت که له ملیۆنێک که‌متر نه‌بێت و له‌پێنج ملیۆن زیاتر نه‌بێت. پشتیوان حه‌مه‌ڕه‌زا، پارێزه‌ر، له‌باره‌ى یاساى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى کردنه‌وه به هاوڵاتی وت «ئه‌گه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ى وێنه‌یه‌ک یاخود شتێک، ببێته هۆى کوشتنى ئه‌و که‌سه له لایه‌ن کهسووکارییهوه، ئه‌وه ئه‌و که‌سه‌ى که وێنه‌که‌ى بڵاوکردۆته‌وه، ئه‌بێته هاوبه‌ش له کوشتنى که‌سه‌که‌و تاوانه‌که‌ى قورس‌تر ده‌بێت». هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌هۆى پیشه‌یه‌که‌وه، وێنه یان زانیاری که‌سێکى تری ده‌ستبکه‌وێت، سزاکه‌ى قورس‌تر ده‌بێت به‌و پێیه‌ى پیشه‌که‌ى به‌کارهێناوه. پشتیوان حه‌مه‌ڕه‌زا وتى «له بڕگه‌یه‌کى تر‌ى یاساکه‌دا ئه‌وه‌ش باسکراوه که هه‌ر که‌سێک ئاسایش، پزیشک، پارێزه‌ر، یان هه‌ر پیشه‌یه‌کى تر، بیه‌وێت ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ستى ده‌که‌وێت، به شێوازێک له شێوازه‌کان بڵاوى بکاته‌وه، ئه‌وا به سزایه‌کى قورس‌تر سزا ده‌درێن، چونکه وه‌ک ئه‌وه سه‌یر ده‌کرێت پیشه‌که‌ى به‌کارهێناوه«. هه‌ندێکجار، ئه‌گه‌ر کچه‌که کێشه‌که‌ى نه‌باته دادگا‌و وێنه‌کان لای که‌سی به‌رامبه‌ر بمێنێت، ئه‌وا ده‌بێته هۆى سه‌رئێشه بۆی و وه‌کو کارتێکى هه‌ڕه‌شه‌کردن به‌رامبه‌ری به‌کاری دێنێت، هه‌روه‌کو نازدار که ده‌زگیرانه‌که‌ى بڕیاری داوه لێی جیابێته‌وه. به‌ڵام هێشتا نازدار کۆڵى نه‌داوه‌و بهواى چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێت، چونکه ده‌زگیرانه‌که‌ى زۆر گوێ له قسه‌کانى مه‌لایه‌کى ئاینى ده‌گرێت، هه‌ربۆیه نازداریش بۆیه په‌ناى بۆ ئه‌و بردووه‌و داواى یارمه‌تى لێکردووه، به‌ڵام کێشه‌که‌ى نازدار زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بووه، چونکه کوڕه‌که وێنه‌ى نازدارى بۆ زیاتر له 15 کوڕى تر ناردووه و هه‌ر یه‌که‌یان هه‌ڕه‌شه له ده‌زگیرانه‌که‌ى ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى لێی جیاببێته‌وه. ئه‌گه‌رچی مه‌لاکه به‌رده‌وام ئامۆژگارى کوڕه‌که ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سووره لهسهرجیابوونهوه، چونکه زۆربه‌ى ئه‌و کوڕانه‌ی که وێنه‌که‌یان لایه، هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌کى جیاواز وێنه‌که‌یان گۆڕیوه و به‌کاریان هێناوه، بۆیه کوڕه‌که که‌وتۆته ژێر فشارێکى ده‌روونییه‌وه. نازدار ئه‌وه‌ى گێڕایه‌وه که ده‌زگیرانه‌که‌ى زۆر هه‌وڵى داوه که ئه‌و وێنانه لاى کوڕه‌کان بسڕێته‌وه و کۆتایى به‌و کێشه‌یه بهێنێت، به‌ڵام کوڕه‌کان نه‌یان سڕیوه‌ته‌وه و هه‌ر ڕۆژه و زیاتر هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردووه. دواجار ده‌زگیرانه‌که‌ی نازدار شکست دێنێت له قه‌ناعه‌ت پێکردنى کوڕه‌کان و بریاری جیابونه‌وه له‌گه‌ڵ نازدار به یه‌کجاری ده‌دات.
هاوڵاتی ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌هۆى رووداوى ژێر ئاوکه‌وتنى کهڵهکهکهى موسڵه‌وه بێ سه‌روشوێن بوون، ڕووى له زیادبونێکى خێرا کردووه، ئه‌وه‌ش گومانى له‌لاى پۆلیس و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى شاره‌که دروستکردووه‌و باسله‌وه‌ده‌که‌ن، که‌سانێک که که‌سوکاریان داعش بوون و دیارنه‌ماون، ده‌یانه‌وێت وه‌کو قوربانى رووداوه‌که بیانناسێنن. رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى رابردوو که‌ڵه‌کێک گواستنه‌وه‌ى گه‌شتیار له دورگه‌یه‌کى گه‌شتیارى موسڵ له‌سه‌ر روبارى دیجله ژێر ئاو که‌وت و به‌هۆیه‌وه نزیکه‌ى 100 که‌س خنکان و زیاتر له 100 که‌سى دیکه‌ش بێ سه‌روشوێن بوون. دواى رووداوه‌که، حکومه‌تى عێراق لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى پێکهێنا و تیمه‌کانى فریاگوزاریش به‌رده‌وامن له‌گه‌ڕان به‌دواى ته‌رمى ئه‌و که‌سانه‌دا که له‌رووداوه‌که‌دا بێسه‌روشوێن بوون. به‌پێی دوایین ئامار، به‌هۆى روداوه‌که‌وه 97 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 130 که‌سیش بێ سه‌روشوێن بوون، له‌کاتێکدا له‌کاتى رووداوه‌که‌دا باس له بێ سه‌رشوێن بونى که‌متر له 100 که‌س ده‌کرا. گه‌لاوێژ عه‌لى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ به هاوڵاتی راگه‌یاند، به وته‌ى پۆلیس له‌ئێستادا کێشه‌یه‌ک دروستبووه، خه‌ڵکانێک هه‌یه کوڕى داعش بووه، یان ته‌رمه‌که‌ى دیار نییه یان بێ سه‌روشوێن بووه، پۆلیسیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه که کوڕه‌که‌یان له‌ناو کهڵهکهکهدا بووه‌و بێسه‌روشوێنه. وتیشی «که‌ڵه‌که‌که 207 که‌سى تێدا بوو، به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى پۆلیس ئاگادارده‌که‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌یه ژماره‌یه‌کى زۆر له‌وه زیاتر په‌یدا ببێت». دواى ڕووداوى ژێرئاوکه‌وتنى کهڵهکهکهى موسڵ، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى شاره‌که و په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریاندا ئه‌و که‌سانه‌ى له‌رووداوه‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه به شه‌هید له‌قه‌ڵه‌م بدرێن. گه‌لاوێژ عه‌لى وتى «ئه‌و که‌سانه‌ى که که‌سوکاریان له‌ناو داعش بێسه‌روشوێن بووه، ده‌یانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌م سودمه‌ندبن و ئیمتیازات وه‌ربگرن، هه‌م تۆمه‌تى داعش له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌یان نه‌هێڵن». وتیشى «له ئێستادا پۆلیس میکانیزمى تایبه‌تى گرتووه‌ته به‌ر بۆ ته‌ئکیدکردنه‌وه له قوربانییه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ى له رووداوه‌که‌دا بێسه‌روشوێن بوون». له حوزه‌یرانى 2014 و بۆ ماوه‌ى زیاتر له سێ ساڵ، موسڵ له‌ژێر ده‌ستى ئه‌و رێکخراوه‌دا بوو، ئه‌و رێکخراوه هه‌ندێک له خه‌ڵکى ئه‌و شاره‌ى ناچارکرد بچنه ریزه‌کانییه‌وه، یان به‌شێوازى جۆراوجۆر له‌گه‌ڵیاندا کاربکه‌ن. ئه‌و که‌سانه‌ى له‌رووى ژێرئاوکه‌وتنى کهڵهکهکهى موسڵدا گیانیان له‌ده‌ستدا زیاتر له 60 که‌سیان ژن بوون و 19 که‌سى دیکه‌شیان منداڵ بوون. دواى رووداوه‌که‌ش عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق چووه شاره‌که و لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى پێکهێنا، به‌جۆرێک له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێردا ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌که ئاشکرابکرێت، به‌ڵام تائێستا لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن و ئه‌نجامى کۆتایی بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌ندامه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ باسى له‌وه‌کرد، 16 که‌س فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رچووه، تا ئێستا نۆ که‌س ده‌ستگیرکراون که به‌رپرسى سه‌ره‌کین له رووداوه‌که و له‌به‌رپرسانى دورگه گه‌شتیارییه‌که و به‌رپرسانى که‌ڵه‌که‌که پێکهاتوون، گه‌ڕان به‌دواى ئه‌وانه‌ى دیکه‌شدا به‌رده‌وامه بۆ ده‌ستگیرکردنیان. دورگه گه‌شتیارییه‌که ده‌که‌وێته دارستانه‌کانى موسڵ، که‌ڵه‌که‌که ژماره‌یه‌ک خێزانى زۆرى هه‌ڵگرتبوو که به‌ڕێوه‌بوون به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى گه‌شتیارى له‌سه‌ر روبارى دیجله له ناوه‌ڕاستى موسڵ، به‌مه‌به‌ستى ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ى هاتنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى کوردییه‌وه، که پشووى فه‌رمى بوو له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق. پێش ڕووداوه‌که، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سه‌رچاوه ئاوییه‌کان و به‌نداوه‌کان، دورگه گهشتیارییهکهى ئاگادارکردبووه‌وه که له رۆژانى یادى نه‌ورۆزدا ئه‌و دورگه‌یه نه‌کرێته‌وه به‌رووى گهشتیاریاندا به‌هۆى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى زیاتره‌وه له به‌نداوى موسڵ. گه‌لاوێژ عه‌لى باسى له‌وه‌کرد، ئیداره‌ى ئه‌و دورگه گه‌شتیارییه پابه‌ندنه‌بوون به‌و بڕیاره‌وه و له‌و رۆژه‌دا دورگه‌که‌یان کردووه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش پابه‌ندى مه‌رجه‌کانى سه‌لامه‌تى نه‌بوون. ئه‌و دورگه گه‌شتیارییه له‌سه‌رده‌مى پێشووى ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام حوسه‌ینه‌وه له‌موسڵ بوونی هه‌یه و دواى روخانى رژێمیش له‌ساڵى 2003 مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنانى وه‌رگرتووه، دواى ڕووداوه‌که‌ش مۆڵه‌ته‌که‌ى لێ وه‌رگیرایه‌وه. به وته‌ى گه‌لاوێژ عه‌لى، دواى هاتنى داعش له‌حوزه‌یرانى 2014، ئه‌و دورگه‌یه له‌کارکردن به‌رده‌وام بووه‌و له‌و کاته‌شدا که داعش له‌و شاره بووه کاریکردووه، پێده‌چێت له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا پاره درابێت به‌و رێکخراوه. ژێر ئاوکه‌وتنى به‌له‌مه‌که خراپترین رووداوى له‌و شێوه‌یه‌یه له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکدا له عێراق، دواى ئه‌و شه‌ڕ و کوشتار و توندوتیژییانه‌ى سه‌دان هه‌زار قوربانیان له‌و وڵاته لێکه‌وتووه‌ته‌وه. رووداوى ژێر ئاوکه‌وتن، رووداوێکى ده‌گمه‌نن له عێراق، که دوایینیان له ساڵى 2013دا بوو، کاتێک به‌له‌مێکى گه‌شتیارى لوبنانى له به‌غدا ژێر ئاوکه‌وت و به‌هۆیه‌وه پێنج که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. پێشتریش له‌ساڵى 2005دا 965 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا به‌هۆى دروستبوونى پاڵه‌په‌ستۆوه له‌کاتى گردبوونه‌وه‌ى زیارهتارانى ئیمام کازم له باکورى به‌غدا، که به‌هۆى ده‌نگۆى بوونى خۆکوژێکه‌وه له‌و شوێنه روویدا. رووداوى ژێرئاوکه‌وتنى به‌له‌مه‌که‌ى موسڵ له‌کاتێکدایه، هێشتا دوو ساڵ به‌سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و شاره له‌ده‌ستى داعش تێنه‌په‌ڕیوه، که بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ له‌ژێر دانیشتوانه‌که‌ى له‌ژێر ده‌ستى ئه‌و رێکخراوه‌دا ژیانێکى سه‌ختیان به‌سه‌رده‌برد. تائێستا ئاسه‌وارى کاره‌سات به موسڵه‌وه دیاره، به‌تایبه‌تى به شوێنى بازرگانییه‌کانه‌وه، که به‌درێژایی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک سه‌نته‌رێکى بازرگانى دیاربوون له‌سه‌ر ئاستى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. گه‌لاوێژ عه‌لى وتى «تائێستا ئاسه‌وارى شه‌ڕ به‌سه‌ر موسڵه‌وه دیاره، له‌کۆى پێنج پرد که پاره‌ى بۆ ته‌رخانکراوه، تائێستا یه‌ک پرد چاککراوه‌ته‌وه، که‌مته‌رخه‌مى هه‌یه هه‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندییه‌وه له‌به‌غدا، هه‌م له‌لایه‌ن حکومه‌تى خۆجێییه‌وه«. به‌هۆى ئاوهداننهکردنهوهى شاره‌که‌وه، تائێستا به‌شى زۆرى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ناوچه جیاجیاکانى موسڵ ئاواره‌بوون، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌کانیان و شوێنه‌کانیان به خاپورکراوى ماونه‌ته‌وه. ئه‌ندامه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ وتى «ئه‌وه‌ى کراوه تائێستا به هه‌وڵى خه‌ڵکه‌که خۆى بووه، که ده‌چیته موسڵ ئاسه‌وارى وێرانکارى ده‌بینیت، به‌رى چه‌پ باشتره، شوێنه‌کان و فه‌رمانگه حکومییه‌کان ئاوه‌دان کراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌رى راست وێرانه و له‌سه‌دا 80ى به‌وشێوه‌یه ماوه‌ته‌وه«. باسى له‌وه‌شکرد، تائێستا زیاتر له 100 هه‌زار ئاواره‌ى موسڵ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌کانى خۆیان، که به‌شى زۆریان خه‌ڵکى شنگالن و چاوه‌ڕوانن ناوچه‌کانیان ئاوه‌دان بکرێته‌وه و ئارامى بۆ بگه‌ڕێته‌وه تا بچنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.
هاوڵاتى گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی داوادەکات «لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان»ی هەرێمی کوردستان دووبارە بژێنرێنەوە بۆ خستنەوەگەڕی دانوستان، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد و ئاماژە بەوەش دەکات، بەوشێوەیە، برینی خۆ زامدارکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، وردەوردە تیمار دەبێت و جەستەی سیاسەتی کوردی نوێدەبێتەوە. گروپەکە لە راپۆرتێک‌دا کە بە ناونیشانی «دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق»، بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوەدەکات کە یەکێتی و ئەگەری هەر دەستکەوتێکیان لە دەستدا کە بۆی هەبوو وەریبگرن لە بەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانییەکانیان بەسەر داعشدا. دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست | ئازاری ٢٠١٩ گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناحکومی قازانج نەویستە و بارەگای سەرەکیی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە. ڕێکخراوەکە لە ساڵی 1995 دامەزراوە و لە چەندین وڵاتی جیهانی سێیەم لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سەربەخۆ دەکات و پێشنیاری میکانیزمی چارەسەری کێشەکان دەکات و نێوەندگیری ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە حکومی و رێکخراوەیی و میدیاییەکان دەکات. کورتەی دەق کاردانەوە توندەکان دژ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکان لە ئەیلولی ٢٠١٧دا، کە بوە هۆی گێڕانەوەی زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکان، زۆری لە دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستانی عێراق کردوە کە بیر لە دووبارە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی بکەنەوە و بەیەکەوە لەگەڵ بەغدادا هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بدەن. ئەم هەنگاوانە پێویستییەکی ستراتیجین گەر هەردوو دوو حیزبی: یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (ی.ن.ک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) بیانەوێت بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بەرن. بەڵام ململانێکانی نێوان حیزبەکان و ناو حیزبەکان، هاوکات لەگەڵ ململانێی دەسەڵات، بوونەتە کۆسپ لەبەردەم هەنگاونان بەرەو ئەم ئاراستەیە. کاردانەوە خراپەکانی ڕیفراندۆم، هەروەها بوەتە هۆی داڕمانی خێراتری پڕۆسەی دیموکراسی نێو حیزبەکان و دام و دەستگا فەرمییەکانی هەرێمەکە، لە کاتێکدا هۆکارێک بووە بۆ بەهێزتربوونی حوکمی بنەماڵەیی. هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دەبێت بە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی نێوان یەکیەتی و پارتی و دروستکردنی پاڵەپەستۆ بەرەو ڕیفۆرمی سیاسی دەستپێبکات. ساڵی ٢٠١٧ ساڵێکی کارەساتباربوو بۆ کوردستانی عێراق. یەکیەتی و پارتی هەردوو دەیانویست هاوسەنگەرییان لەگەڵ هاوپەیمانیەتی ڕۆژئاوایی بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بفرۆشنەوە بە ڕۆژئاوا لە بەرانبەر پاڵپشتیی ئەوان بۆ هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان. بەڵام دوو حیزبەکە ئەگەری هەر دەستکەوتێکیان لە دەستدا کە بۆی هەبوو وەریبگرن لە بەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانیەکانیان بەسەر داعشدا بەهۆی هەوڵێکی ڕیفراندۆمی ناوەختەوە کە لە لایەن پارتیەوە ڕابەرایەتی دەکرا. نەک هەر ڕووبەرێکی زۆری چەندین ناوچەی جێناکۆکیان لەدەستدا و نزیکەی هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان (جگە لە ئیسرائیل) لە خۆیان توڕە کرد، بەڵکو ناکۆکی و جەمسەریەتی سیاسیی نێو هەرێمی کوردستانیشیان تۆختر کردەوە کاتێک پەردە لەسەر قوماری ڕیفراندۆم لادرا و هەندێک دەهۆڵی خیانەتیان لە دژی هەندێکی تر کوتی. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨‌دا، دەستنیشانکردنی عادل عەبدول مەهدی (سیاسەتمەدارێک ناسراو بە نزیکی و هاوسۆزی بۆ کوردەکان) بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەلێکی بەخشییە کوردەکان کە کێشە هەڵپەسێراوەکانیان لەگەڵ بەغدادا لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و دابەشکردنی داهات چارەسەربکەن، بەڵام یەکیەتی و پارتی ناتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوە گەر خاوەنی یەکڕیزی و یەکبڕیاری نەبن لە بەغداد. لە ئێستادا، ئەوان زیاتر مەیلی گرنگیدانیان هەیە بە ڕێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ لایەنە بەهێزە سیاسییە سەربازییە شیعەکاندا کە دەستکەوتی خێرا، بەڵام کورتخایەنی لێ بەرهەمدێت. ڕێکەوتنی ستراتیجی پێشووی نێوان دوو حیزبەکە کە لە لایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی سەرۆکی هەردوو حیزبەوە، نزیکەی دەیەیێک لەمەوبەر واژوو کرا لەنگەری سەقامگیری ناوچەکەبووە، بەڵام دوابەدوای پشێوییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و کۆچی دوایی تاڵەبانی هەر لەو ساڵەدا، ڕێکەوتنەکە بەرگەی نەگرت. دووبارە بنیاتنانەوەی ڕێکەوتنی ستراتیجی ئەستەمە و هاوکات لایەن و دام و دەستگایەی جێگرەوەی جێگیری تریش نیە بۆ زامنکردنی داهاتووی هەرێمەکە. ناکۆکییەکانی نێو لایەنە کوردییەکان، تەنها پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا سەختتر نەکردوە، بەڵکو لەگەڵ بەرهەم ساڵحی پشکی یەکیەتی بۆ سەرۆک کۆماریش پەیوەندییەکانی ئەستەم کردوە و پارتی دژی هەڵبژاردنی وەستایەوە. لاوازیی سەرەکیی کوردستانی عێراق لەوەدایە، کە دوابەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، شکستی هێناوە لە بنیاتنانی چەند دام و دەستگایەک کە بتوانێت - بێ لایەن لەو دوو حیزبەی پێشتر لە حوکمداری بەعس یاخیبوون و ڕاپەڕین - چاودێری سیستەمی سیاسی هەرێمەکە بکات. لە ئێستادا هەرێم بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت. دام و دەستگا فەرمیەکان و حیزبەکانیش تووشی قەیران هاتوون و بوونەتە بارمتەی تۆڕێک لە کەسایەتی حیزبی کە بە هۆی خزمایەتی یاخود بەرژەوەندی تایبەتەوە پێکەوە گرێدراون. کێشەکە سەرچاوەدەگرێت لە نێو حیزبەکان خۆیان و لە داڕمانی پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا کە زامنی دەستاودەستکردنێکی سەقامگیری دەسەڵاتبکات. ئەنجومەنەکانی ڕاوێژ و بارەگای سیاسیەکان، چیدی وەک مەکۆیەک بۆ ڕاویژکاری سیاسی ڕۆڵ نابینن. بە پێچەوانەوە، بەرژەوەندی کەسی و خێزانی باڵادەستە لە خستنەڕوو و هەڵبژاردنی کاندید بۆ پۆستە حکومیەکان و دانانی پلانی ستراتیجی. ئەگەر ئەم مۆدێلە سیاسیە بەردەوامبێت، ئەوا هێزی زیاتر دەبەخشێت بەو سەرۆکانەی پێیان وایە کوردستان دەتوانێت لە قەیرانی پاش ڕیفراندۆم بە پەیوەندی حیزبی و خێزانی ڕزگاریبێت لە بری هەماهەنگی ناو حیزبەکان و نێوحیزبەکان و هەبوونی دامودەستگای فەرمیی باوەڕپێکراو. لایەنە سیاسییە خۆسەپێنەکانیش هەوڵدەدەن لە ڕێگای ڕێکەوتنی حیزبییەوە، لەگەڵ حیزبە شیعەکاندا ناوچەکانی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە لە دەستیاندا بەدەستیبێننەوە، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا مامەڵەبکەن. ڕێکەوتنی لەم جۆرە دەسەڵاتی زیاتر بە حیزب دەدات بەسەر دامودەستگاکانی حکومەتدا هەردوو لە هەرێمی کوردستان و بەغداد، ڕێگایەکیش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداد لە گەیشتن بە سازان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان. لە ساڵی ٢٠١٨‌دا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمدا یەکێتی و پارتی دووبارە باڵادەستی خۆیان سەلماندەوە و زیاترین دەنگیان بەدەستهێنا، سەرەڕای شکستی ڕیفراندۆم. هۆکارێکی گەورەی سەرکەوتنیان ئەوەبوو کە دانیشتوانی هەرێم هەست ناکەن بەشێکبن لە بڕیاری سیاسی لە وڵاتەکەیان و پەنایان بردووەتەوە بەر حوکمداری هاوبەشی یەکیەتی و پارتی، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پەرتبوون و ڕوانگەیەکی ستراتیجی دوور مەودایان نییە. بەڵام بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، وەک هەردەم، هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکات بۆ قەیرانە سیاسییە قوڵەکەی هەرێمەکە. دەمێکە پێویستە ڕیفۆرم ئەنجامبدرێت و لە میانەی ئەم ڕیفۆرمەدا میکانیزمێکی سەرپەرشتکاری دابمەزرێندرێت لە ڕێگای دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و کۆمسیۆنی سەربەخۆوە کە چاودێری و سەرپەرشتیاری لایەنی جێبەجێکار بکات. ڕێڕەوی سیاسەت لە کوردستانی عێراق لەسەر ئەوە بەندە کە ئایە هێزە ڕیفۆرمخوازەکان یاخود هێزە تاکلایەنە خۆسەپێنەکان لە نێو دوو حیزبی فەرمانڕەوادا سەردەکەون، بە تایبەتیش لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە بەشێوەیەکی گشتی هێزی باڵا دەستە. ڕێڕەوی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدادیش هەر لەسەر ئەمە بەندە. گەر لایەنە ڕیفۆرمخوازەکانی نێو پارتی، بتوانن بەسەر ئەمەکداریی خێزان و حیزب‌دا سەربکەون و لەگەڵ لایەنە چاکسازیخوازەکانی نێو یەکیەتی دا یەکبگرن، ئەوا دەتوانن پێکەوە فشاربکەن بۆ گۆڕانکاری دامودەستگایی لە هەرێمی کوردستان و ڕێگا خۆشبکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد لەسەر کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو. بەڵام ئەگەر لایەنی دژە ڕیفۆرم لە نێو پارتیدا خۆیان بسەپێنن، ئەوا حیزبەکە ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات و هەژموونی تەواوەتی بدات لە هەرێمی کوردستاندا، وەک چۆن لە هەوڵی ڕیفراندۆمدا بینرا. بڕیارێکی لەو جۆرەش، لایەنە خۆسەپێنەکانی نێو یەکیەتی بەهێزتر و سەرسەختتر دەکات. هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان کە بە چڕی بەشدارییانکردووە لە شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان، دەبێت ئاگاداربن کە دەسەڵاتی دیموکراسیی هەرێمەکە و هێزی دامودەستگاکانی لە ئێستادا پاشەکشەدەکات دوای ڕوخانی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە. بۆ ڕێگری‌کردن لەم بەرەودواچوونە، دەبێت لایەنە نێودەوڵەتییەکان هانی دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری بدەن کە گەلی کوردستان خۆیان بتوانن سەرکردەکانیان بەرپرسیار ڕاگرن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە کاریگەریی و هەژموونی لە عێراق، بەندە بە هەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا لە هەولێر و بەغداد دەبێت گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن. هاوشێوەی ئەوان، وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا، کە پابەندن بە پلانی ستراتیژیی هەبوونی عێراقێکی دیموکرات و هاوسەنگ و کارا دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەن. هاوکات، پڕۆسەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی نێوماڵی کوردی هەیە، لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتوەکان خۆی ئامادە دەکات بۆ نێوەندگیری لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا لەسەر بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دابەشکردنی داهات. ئەم لایەن و دامەزراوانە دەتوانن هاریکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکانیاندا و هاوکات دامەزراندن و بەردەوامبوونیان لەسەر میکانیزمی چاودێریی بەرپرسیارێتی – ئەمانە بۆ گەلێک کە زیاتر و زیاتر هەست بە زەوتکردنی مافەکانی دەکات – و هەروەها دووبارە ژیاندنەوە و خستنەوەگەڕی لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان کە پێگەیەکی باشتریان هەیە و زیاتر ئامادەی دانوستانن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد. بەمشێوەیە، برینی خۆزامدارکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی وردەوردە تیمار دەبێت و جەستەی سیاسەتی کوردی نوێدەبێتەوە. ب
شاناز حه‌سه‌ن چێنه‌ر نه‌جمه‌دین، کارمه‌ندى مه‌شق و شیاندن له وه‌زاره‌تى ناوخۆ که به ئۆتۆمبێله‌که‌ى کارى ته‌کسى ده‌کات، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌یه‌وه دوو به‌ڵێننامه‌ى زاره‌کى و نوسراوى پێ پڕکراوه‌ته‌وه تا چیتر کارى شۆفێرى نه‌کات. چێنه‌ر که به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه ده‌ستیدایه کارى شۆفێرى ته‌کسى، تا یه‌کى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ مۆڵه‌تى پێدراوه بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌کاره‌که‌ى، ئه‌گینا روبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌یه‌وه. «هه‌ویه و کارتى زانیارى و هه‌موو به‌ڵگه‌کانمان لێسه‌نراوه و پێیان وتوین هه‌رچى ڕوبدات له ئه‌ستۆى خۆتانه، له‌دواى یه‌کى حوزه‌یرانه‌وه چیتر ناتوانین کارى ته‌کسى بکه‌ین»، چێنه‌ر وای وت. ته‌نها چێنه‌ر نییه که ئه‌و بهڵێننامانهى پێ پڕکراوه‌ته‌وه، به‌ڵکو سه‌رجه‌م کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى دیکه‌ى حکومه‌ت که موچه‌یان به‌رزه، به‌ڵێننامه‌ى له‌و شێوه‌یه‌یان پێ پڕکراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى چیتر کارى شۆفێرى ته‌کسى نه‌که‌ن. ئامانج له بڕیاره‌که‌ى حکومه‌ت، رێکخستنه‌وه‌ى کارى ته‌کسییه له هه‌رێمى کوردستان، دواى باشبوونى دۆخى دارایی و لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه. سامى جه‌لال، به‌ڕێوەبه‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت» ماوه‌ى پێشوو وه‌ک به‌یان بڵاومان کردۆته‌وه و ئه‌م فۆرمه وه‌ک به‌ڵێننامه به‌و که‌سانه پڕ ده‌کرێته‌وه که بڕیاره‌که ده‌یان گرێته‌وه«. فۆڕمه‌که هه‌موو ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانى میلاکى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ، ئاسایش، پۆلیس، زێره‌ڤانى، به‌رگرى و فریاکه‌وتن، ڕه‌گه‌زنامه، هاتوچۆ، پاسه‌وانى سنور و پۆلیسى گومرگ، ده‌گرێته‌وه. سامى جه‌لال وتى «ئه‌مه به‌س نیه بۆ ئێمه، سیسته‌مى بایۆمه‌تریمان داناوه که ئه‌و که‌سه په‌نجه‌مۆر ده‌کات، ده‌رده‌که‌وێت که موچه‌خۆره و ناتوانرێت فێڵبکرێت». ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که له‌مه‌ودا به‌هانه نه‌ما بۆ کارى ته‌کسى که بوترێت موچه که‌مه «پاشه‌که‌وت لابرا، بۆیه ئه‌و به‌هانه‌یه نه‌ما و له یه‌کى مانگى شه‌شه‌وه بڕیاره‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت «. به‌پێی ئاماره‌کان، له‌هه‌رێمى کوردستان زیاتر له ملیۆنێک و 570 هه‌زار ئۆتۆمبیل بوونیان هه‌یه، که ژماره‌یه‌کى زۆریان ئۆتۆمبیلى ته‌کسین، به‌شێکى زۆر له‌وانه‌ش کارى ته‌کسى ده‌که‌ن فه‌رمانبه‌رى حکومه‌تن. جگه له‌و بڕیاره‌ى حکومه‌ت بۆ رێکخستنه‌وه‌ى کارى ته‌کسى، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى به هاوکارى له‌گه‌ڵ گروپى کۆمپانیاکانى شێنێ پڕۆژه‌ى دروستکردنى وێستگه‌ى ته‌کسى یان گه‌ڵاڵه‌کردووه. له‌ئێستادا پڕۆژه‌که له لایه‌ن ئاسایش و پۆلیس و سه‌ندیکا و قایمقام ه‌وه په‌سه‌ندکراوه و ته‌نها پارێزگارى سلێمانى ماوه. سدیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوەبه‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى، به هاوڵاتی وت «که پڕۆژه‌که له پارێزگا په‌سه‌ند کرا ده‌چێته بوارى جێبه‌جێ کردنه‌وه و ده‌ستبه‌کار ده‌بین، له دواى دیراسه‌یه‌کى وردى شه‌ش مانگى بۆ کارى ته‌کسى، شه‌و و ڕۆژ نمونه وه‌رگیراوه به‌شێوازێکى زاستى وه‌رگیراوه به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ که‌رتى تایبه‌تدا و بڕیارى ڕێکخستنى دراوه«. به‌پێی ئامارى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى، ڕۆژانه له 15 هه‌زار زیاتر ته‌کسى له‌ناو شارى سلێمانى هاتوچۆ ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا که شارى سلێمانى ڕۆژانه پێویستى به سێ هه‌زار ته‌کسى هه‌یه که به شێوه‌یه‌ى به‌رده‌وام بسوڕێنه‌وه. سدیق محه‌مه‌د باسى له‌وه‌کرد، ساڵانى پێشوو به‌بێ به‌رنامه تهکسییهکى زۆر هێنراوه‌ته‌وه ناو شارى سلێمانیه‌وه، که فشارێکى زۆرى له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان دروستکردووه بووه‌ته هۆى پیسبوونى ژینگه‌ى شاره‌که. به‌پێی پڕۆژه‌که‌ى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى، له قۆناغى یه‌که‌مدا له‌زگه‌ى شین له ته‌کسى گه‌ڕۆکى ناو شار ده‌درێت و له‌زگه‌ى قاوه‌یى له ته‌کسى ده‌ره‌وه‌ى شار ده‌درێت. هه‌روه‌ها له قۆناغى دووه‌مدا هه‌موو ته‌کسى یه‌ک کارتى کارکردنى بۆ ده‌رده‌کرێت، که کۆمه‌ڵێک مه‌رجى هه‌یه و نابێت ئه‌و که‌سانه موچه‌خۆرى حکومى بن و پێویسته دانیشتوى ناو شارى سلێمانى بن و مۆڵه‌تى لیخوڕینى گشتییان هه‌بێت. سدیق محه‌مه‌د وتیشى «به پێی ئه‌م قۆناغانه داتایه‌کى وردمان بۆ ده‌رده‌چێت و به‌و پێیه 10 هه‌زار ته‌کسى ده‌مێنێته‌وه و دابه‌شى سه‌د وێسگه‌ى ده‌که‌ین له‌ناو شارى سلێمانیدا». باسى له‌وه‌شکرد، پڕۆژه‌که له ڕووى ئابورییه‌وه، سودى بۆ خاوه‌ن ته‌کسییه‌کان ده‌بێت که هاتووچۆى زۆر ناکه‌ن و به به‌نزینێکى که‌متر پاره‌یه‌کى زۆرتریان ده‌ستده‌که‌وێت و ده‌بێته خاوه‌نى خه‌تى خۆى که ده‌توانێت بیفرۆشێته‌وه. سدیق محه‌مه‌د وتیشى «ئه‌م پرۆژه‌یه خزمه‌تگوزارییه نه‌ک بازرگانى، بۆیه له به‌رامبه‌ردا بڕێک پاره‌ى ڕه‌مزى وه‌رده‌گیرێت له شۆفێره ته‌کسییه‌کان». له‌باره‌ى لایه‌نى ئه‌منییه‌وه، سدیق محه‌مه‌د باسى له‌وه‌کرد، پڕۆژه‌که بۆ شۆفێره ته‌کسییه‌کان سودى ده‌بێت، له کاتى بونى هه‌ر حاڵه‌تێکدا ده‌توانێت په‌یوه‌ندى بکات به لایه‌نى ئه‌منى یه‌وه، «سودى بۆ هاوڵاتیانیش ده‌بێت، ئێستا هه‌ندێک که‌س ناهێڵێت کچ و ژنى بچنه ته‌کسى یه‌وه، له‌و کاته‌دا شۆفیرى ته‌کسى ناتوانێت ته‌نها له ئاوێنهکهشهوه سه‌یربکات و خه‌ڵک ئه‌و ترسه‌ى نامێنێت». پارێزگارى سلێمانى چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌ى دروستکردنى وێستگه‌ى ته‌کسى راده‌ستیان بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێى بکه‌ن و بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى له لێدوانێکیدا به هاوڵاتی وت «پڕۆژه‌ى دروستکردنى وێستگه‌ى ته‌کسى تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته ئێمه و هه‌ر کات گه‌یشته ده‌ستمان، دیراسه‌ى ده‌که‌ین و ئاڕاسته‌ى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى ده‌که‌ین، دواى ئه‌وه‌ى بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین».
ئارا ئیبراهیم بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌هۆى راده‌ستنه‌کردنى نه‌وته‌وه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه به «ئه‌گه‌رێکى لاواز و مه‌حاڵ» داده‌نرێت، له‌کاتێکدا به‌شێک له په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت راده‌ستنه‌کات، ئه‌گه‌رێکى له‌و شێوه‌یه هه‌یه. به‌پێی یاساى بودجه‌ى عێراق که سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندکرا، ده‌بێت به‌غدا مانگانه موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه بنێرێت، ئه‌گه‌ریش هه‌رێم رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى راده‌ست بکات، ده‌بێت کۆى پشکى هه‌رێم ره‌وانه بکات. مشومڕى بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه، جارێکى تر سه‌رى هه‌ڵدا دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ بڵێسه جه‌بار فه‌رمان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیێراق وتى «ماوه‌ى سێ مانگه حکومه‌تى عێراق موچه و بوجه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌نێرێت، بێ ئه‌وه‌ى له به‌رانبه‌ردا هه‌رێم نه‌وت راده‌ستى سۆمۆ کرابێت». وتیشى «له بوجه‌ى 2019 دا هاتووه که هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه دووسه‌دو په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى سۆمۆ بکات و هه‌رێم نیازى پابه‌ندبوونى نیه«. ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێى بڕگه‌یه‌ک له بودجه‌ى عێراقدا، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم په‌یوه‌ست نه‌کراوه به راده‌ستکردنى نه‌وت به به‌غداوه. دوابه‌دواى ئه‌وه، به‌رپرسانى پارتى وایان لێکدایه‌وه که قسه‌کانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره فشارى یه‌کیتى بێت بۆ ده‌ستکه‌وتنى پشکى زیاتر له کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم. له ساڵى ٢٠١٤دا کاتێک کابینه‌ى نورى مالیکى بودجەى هه‌رێمى کوردستانى بڕی، به‌رپرسانى پارتى، راسته‌وخۆ یه‌کیتى نیشتیمانى کوردستانیان تۆمه‌تبار کرد به‌وه‌ى که پیشنیارى ئه‌وان بووه. هاوڵاتی په‌یوه‌ندیکرد به چه‌ند به‌رپرسێکى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه بکه‌ن، به‌وپێیه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ردوولایان لەسەر پشکه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌ت کۆده‌بنه‌وه‌و نایهنهویت لێدوانه‌کانیان کار بکاته سه‌ر کۆبوونه‌وه‌که. به‌ڵام شیروان میرزا په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى له به‌غدا به هاوڵاتی وت «بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌رێکى زۆر لاوازه«. ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، له سێ رۆژى رابردوودا به‌رپرسى گومرگى عێراق، بانگێشتى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران کراوه‌و گفتوگۆ کرا له‌سه‌ر پێناسه‌ى گومرگى و داهاته‌کانى و باس له‌وه‌کراوه که هه‌رێم داهاتى خاڵه گومرگییه‌کان نانێرێته‌وه بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ش مشتومڕى له‌سه‌ر برینى موچه‌و بودجه دروستکردووه. شیروان میرزا وتی «هه‌ندێ له په‌رله‌مانتاره‌کانى عێراق، داوایان کرد پاره‌ى موچه له‌هه‌رێم ببردرێت، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان ره‌تکرده‌وه و وتمان ناکرێت داواى هه‌ر شتێک له هه‌رێم بکه‌ن باسى بڕینى موچه بکه‌ن». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى، باسى له‌وه‌شکرد رێکه‌وتوون راپۆرتێک ئاماده بکه‌ن و سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه له په‌رله‌مان بخوێندرێته‌وه که به‌پێى یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم بکرێت»به‌ڵام ئه‌مه ماناى ئه‌وه نییه که له موچه پاره ده‌بڕدرێت ئه‌وه ئه‌گه‌رێکى زۆر لاوازه‌و مه‌حاڵه، به‌ڵکو له پشکى هه‌رێم له‌بودجه‌که‌دا که 12.67 ده‌بڕدرێت نه‌ک موچه«. ئه‌و په‌رله‌مانتاره جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه بێجگه فراکسیۆنى پارتى، سه‌رجه‌م فراکسیۆنه کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌رێم رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بکات، وتى «به‌ڵام ده‌زانین پارتى ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ناکات و داوامان کردووه له‌ئاستى بڕیار به‌ده‌ستانى هه‌رێم بێنه به‌غداو چاره‌سه‌رى دۆسیه‌ى نه‌وت بکه‌ن له‌نێوان هه‌ردوولادا». به‌پێى یاساى بودجه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان نه‌وتیش راده‌ستى به‌غدا نه‌کات، ده‌بێت حکومه‌تى عێراق مانگانه 454 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیار دینار بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه بنێرێت. پشکى ته‌واوى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌ى گشتى عێراق 10 تریلۆن و 800 ملیار دیناره، ئه‌گه‌ر رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى عێراق بکات، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێم هیچ بڕه نه‌وتێکى راده‌ست نه‌کردووه. تائێستا عێراق موچه‌ى سێ مانگى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى ناردووه بۆ هه‌رێم، به‌و پێیه‌ى که له یاساى بودجه‌دا جیاکراوه‌ته‌وه له پرسى نه‌وت که ئه‌ویش بڕه‌که‌ى ٤٥٤ ملیار دیناره، به‌ڵام هێشتا ٦٨ ملیار دیناره‌که‌ى پێشمه‌رگه‌ى نه‌ناردووه. رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق(سه‌ربه‌خۆ) له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا کراوه که ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا نه‌کرێت تا سه‌رجه‌م قه‌رزه‌کانى بداته‌وه، هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نییه«. جه‌ختى لهوهشکردهوهکه بڕیاره له‌مانگى 12ى ئه‌مساڵدا گفتوگۆى پرۆژه یاساى بودجه‌ى 2020 بکرێت، تا بتوانرێت له‌سه‌ره‌تاى مانگدا جێبه‌جێ بکرێت، ئیتر ئه‌وکات دیارى ده‌کرێت به‌پێى یاساکه هه‌رێم چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست ده‌کات و ده‌بێت ته‌سلیمى بکات. رێبوار که‌ریم وتیشى فراکسیۆنه کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ن به‌به‌غدا، چونکه ئه‌وکات مانگانه نزیکه‌ى تریلۆنێک دینار بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌نێردرێت که دوو ئه‌وه‌نده‌ى پاره‌که‌ى ئێستایه که له چوارچێوه‌ى «موچه« بۆ به‌غدا بۆ هه‌رێمى ده‌نێرێت. له‌سه‌ر مشتومڕى بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراق که کورده هاتنه ده‌نگ و وتى «ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له ئه‌ستۆى منه، چۆن من به‌رپرسم له پێدانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ر شارێکى عێراق، ئاواش به‌رپرسم له ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان و پرۆسه‌که‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت
سازدانى: ئارا ئیبراهیم مامۆستایه‌کى کوردى زانکۆى پۆڵه‌ندا ئاماژه به‌وه ده‌دات، ره‌وه‌ندى کوردى له‌هه‌وڵدایه دۆسیه‌ى کورد له‌و وڵاته بباته پێشه‌وه‌و نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم رێگرى له کاره‌کان ده‌کات، بۆیه داوا له حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات، لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بکات. زیاد حوسێن گه‌ردى، خاوه‌نى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له زانسته سیاسییه‌کان که له وڵاتى پۆڵه‌ندا ده‌ژى، باسله‌وه‌ده‌کات، چه‌ند گروپێک له هه‌رێمى کوردستان، له‌پێناو ده‌ستکه‌وتنى پاره‌دا «فێڵ» له هاوڵاتیان ده‌که‌ن بۆ گه‌شتن به پۆڵه‌ندا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه که دۆسیه‌ى ئێزیدییه‌کان له په‌رله‌مانی پۆڵەندا کراوه‌ته جینۆسیاد، که له‌لایه‌ن کوردێکه‌وه پێشکه‌شى په‌رله‌مان کراوه، به‌ڵام دۆسیه‌ى ئه‌نفال و کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه، هێشتا نه‌بووه‌ته تاوانێکى گه‌وره‌و وه‌ک جینۆسیاد نه‌ناسێندراوه. هاوڵاتى : وه‌ک چالاکوانێکى کورد له پۆڵه‌ندا رێژه‌ى کورد له‌و وڵاته چه‌نده؟ زیاد گه‌ردى: له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامارێکى فه‌رمى نییه له‌باره‌ى ژماره‌ى کورده‌کان له‌م وڵاته، بۆیه نازانین رێژه‌که چه‌نده، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ که ژمارەی کوردانى باکوور زیاتر له هه‌زار که‌س ده‌بن، هه‌روه‌ها کوردانى باشور له‌نێوان ٣٠٠ تا ٤٠٠ که‌س ئه‌بن که زۆرینه‌یان بۆ خوێندن هاتوون. هاوڵاتى : وه‌ک کورده‌کان له پۆڵه‌ندا رووبه‌ڕووى کێشه ده‌بنه‌وه که نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌ت کارئاسانیتان بۆ نه‌کات؟ زیاد گه‌ردى: نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هیچ کارئاسانییه‌ک بۆ کورده‌کان ناکات به‌پێچه‌وانه‌وه کێشه‌یان بۆ دروست ده‌کات، تا ئه‌و کورده بێزاربێت و له‌م وڵاته بڕوات، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى که له‌که‌مپه‌کان ئه‌ژین و داواى مافى په‌نابه‌رێتیان کردووه. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تی، به‌ڵکو ئێمه‌ى کوردانى دانیشتووى پۆڵه‌ندا هه‌رکه‌سێک پێمانبزانێ و یارمه‌تییه‌کى بوێت، ئه‌وه‌ى لهتواناماندابێ یارمه‌تى ده‌ده‌ین به‌م یارمهتیدانهشمان که پێشکه‌شى خوشک و برا کوردهکانمانى ده‌که‌ین، ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم پێى نیگه‌رانه. هاوڵاتى : تا چه‌ند کورد توانیویه‌تى لۆبى له‌و وڵاته دروست بکات؟ زیاد گه‌ردى: ئه‌وه‌ى مایه‌ى خۆشحاڵییه، کورده‌کانى پۆڵه‌ندا زۆرینه‌یان له‌چینى تێگه‌یشتوو، خوێنده‌وار هه‌روه‌ها ئه‌کادیمیه‌کانن. له‌وجۆره خه‌ڵکانه‌ن، که جیاواز له‌نه‌ته‌وه‌کانی تر، دوورن له‌تاوان وتوندڕه‌وى و کارى نابه‌جێ و نایاسایی، ئه‌مه‌ش وایکردووه ڕه‌وه‌ندى کوردى له‌پۆڵه‌ندا سومعهیهکى به‌رزو جوانى هه‌بێ و ڕێزیان لێبگیرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه، کورده ئه‌کادیمییه‌کان، له‌نێوه‌نده زانستى و رۆشنبیرییه‌کاندا سه‌نگ و پێگه‌ى خۆیان هه‌یه‌و ڕاوبۆچوونه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ. له‌م رووه‌وه هه‌رچه‌نده لۆبییه‌کى کوردى دروست نه‌بووه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ى کورده‌کان له‌نێوه‌نده زانستى و سیاسى و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا، وه‌ک لۆبییه‌کى خۆڕسک رۆڵى هه‌بووه له‌گه‌یاندنى ده‌نگى کورد‌و ناساندنى دۆزى کورد بهپۆڵهنداو ره‌وه‌ندى وڵاتانی دیکه‌ى ئه‌ورووپی، هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ کوردانى پارچه‌کانى کوردستان، چالاکى سیاسى و کهلتوورى ئه‌نجامدراوه‌و داخوازى کوردان گه‌یه‌ندراوه‌ته لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م وڵاته. هاوڵاتى : له‌هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین کۆمپانیا و گروپى جیاواز بوونیان هه‌یه که هاوڵاتیان به رێگه‌ى فه‌رمى ده‌گه‌یه‌ننه پۆڵه‌ندا به 11 هه‌زار دۆلار و زیاتر که مۆڵه‌تى هه‌میشه‌یى وه‌رده‌گرن بۆ ماوه‌ى سێ بۆ پێنج ساڵ، ده‌توانى رونکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌یت؟ زیاد گه‌ردى: ئه‌مه ناچێته چوارچێوه‌ى ڕێگه‌ى فه‌رمى یاخود بازرگانى له‌نێوان پۆڵه‌نداو هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو تاڕاده‌یه‌ک ده‌چێته چوارچێوه‌ى بازرگانیکردن له‌به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند گروپێک. کاتێک که ڤیزه‌یه‌ک بۆ که‌سێک به‌ده‌ستده‌هێنن و له‌کۆمپانیایه‌کى پۆڵه‌ندى ئیشێکى بۆ دابین ده‌کرێ، تا کارتێکى مانه‌وه‌ى سێ ساڵى وه‌رده‌گرێت بۆکارکردن، ئینجا که‌سه‌که پۆڵه‌ندا جێده‌هێڵێت، هه‌رچه‌نده هه‌ماهه‌نگى بازرگانى له‌نێوان پۆڵه‌نداو هه‌رێمى کوردستان بوونى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته نه لهرێنماییهکانى ژووره بازرگانییه‌کانى کوردستان و پۆڵه‌ندا هه‌یه نه لهڕێنماییهکانى کونسوڵیهى پۆڵه‌ندیش له‌کوردستان هه‌یه. له‌م رووه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یته ڕێنماییه‌کانى کونسوڵى پۆڵه‌ندى له وێبسایتهکهیاندا، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره کۆمپانیایانه‌و ئاژانسه‌کانى گه‌شتوگوزار ناکه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کونسوڵى پۆڵه‌ندى له‌هه‌رێمى کوردستان، هه‌موو کارئاسانییه‌ک بۆ هه‌ماهه‌نگى بازرگانى ڕه‌واو وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ردوو وڵات ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌ت بده‌ن به‌و کۆمپانیایانه‌ى که ده‌یانه‌وێ فێڵ له‌هاوڵاتیان بکه‌ن. هاوڵاتى : تا چه‌ند په‌یوه‌ندى کلتورى له‌نێوان پۆڵه‌ندا و هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه؟ زیاد گه‌ردى: ده‌توانم بڵێم کۆمه‌ڵگه‌ى پۆڵه‌ندى خاوه‌ن کهلتوورێکى ده‌وڵه‌مه‌نده له‌هه‌مانکاتیشدا له‌رووى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه کهلتوورى پۆڵه‌ندى ده‌نگونجێ له‌گه‌ڵ کهلتوورى کوردی‌دا. پۆڵه‌ندییه‌کان خۆشه‌ویستیه‌کى له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان بۆ ئازادى هه‌یه که ئاماده‌ن قوربانى بۆ بده‌ن، هه‌مان خهسڵهتیش له‌کورده‌کان هه‌یه. هه‌روه‌ها نه‌ریتى خانه‌واده‌و هاموشۆ و په‌یوه‌ندى خزمایه‌تى پۆڵه‌ندیه‌کان، نزیکه له‌زۆرێک له‌نه‌ریتى کوردی. به‌تایبه‌تى کاتێ که ئێمه چالاکییه‌کى هونه‌رى کوردى ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌وا کۆمه‌ڵگه‌ى پۆڵه‌ندى زۆر به‌گه‌رموگوڕییه‌وه پێشوازى لێده‌که‌ن و هاوکارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن. هاوڵاتى : هیچ کارێکتان کردووه، بۆ ئه‌وه‌ى گروپى کهلتوورى له‌نێوان هه‌ردوولا دروست ببێت؟ زیاد گه‌ردى: له‌ماوه‌ى دووساڵى رابردوو، چه‌ندینجار گرووپى هونه‌رى له هه‌رێمى کوردستان هاتوونه‌ته پۆڵه‌ندا و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ کردوون. چالاکى زۆر سه‌رکه‌وتویان ئه‌نجامداوه. ئه‌مساڵ من چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌کم کرد بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌رێمى کوردستان و بۆئه‌وه‌ى کارمه‌نده‌کانى یاخود له‌چوارچێوه‌ى شاندێک بێنه پۆڵه‌ندا. رێکخراو و دامه‌زراوه‌کانى حکومه‌تى پۆڵه‌ندى، زۆر ڕێزى دهستپیشخهرییهکهى منیان گرت و به بایهخهوهش ئاسانکارى و هه‌موو هاوکارییه‌کیان نیشاندا. هه‌روه‌ها داوهتنامهیان بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیریش نارد، له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌ستپێشخه‌ریه‌کی دیکه‌مان بۆ فیلمسازى بوو که سوپرایزێکى سهرسوڕهێنهردهبوو بۆ سینهماکارانى کوردستان، له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى فیلم له(کرکۆڤ) که ئاماده‌کاری کرابوو بۆ دیدارى فیڵمسازانى کوردی-پۆڵه‌ندى له‌هه‌ردوو هه‌رێمى کوردستان و پۆڵه‌ندا. مه‌به‌ست لهدهستپێشخهرییهکهیشم بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و حکومه‌تى پۆڵه‌ندى، ئه‌وه‌بوو بۆئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا په‌یوه‌ندییه کلتوورییه‌کان بهڕێگهیکى ڕێکوپێک و ڕێکخراوبێت. له‌م رووه‌وه، هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان له لایه‌نى پۆڵه‌ندییه‌وه ڕێکخرا. چاوه‌ڕێى هاتنى شاندى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى بووین که‌پێکهاتبوون له‌به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت، له‌م کاته‌دا نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمیشمان ئاگادارکرده‌وه، وه‌کو ڕێزێک و قیمهتدانان بۆ نوێنه‌رایه‌تى و به‌شداریکردنى له‌چالاکییه‌کاندا و ئه‌ویش له‌سه‌ره‌وه ره‌زامه‌ندى خۆى نیشاندا که هاوکار بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ژێره‌وه چه‌ندین کارى نابه‌جێى ئه‌نجامدا، منیش ناچاربووم به‌چه‌ندین به‌ڵگه‌وه راستى مه‌سه‌له‌کان، به‌لایه‌نى پۆڵه‌ندى بگه‌یه‌نم، که بووه‌هۆى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لاى پۆڵه‌ندییه‌کان، زۆر خۆى ناشرین نیشانبدات و وێنه‌ى کوردیش ناشرین بکات. هاوڵاتى : به‌رێزتان پێموابێت لهزانکۆن، چ رۆڵێکتان هه‌یه بۆ ناساندنى کورد به پۆڵه‌ندییه‌کان؟ هه‌روه‌ها پۆڵه‌ندییه‌کان چۆن ده‌ڕواننه کورد؟ زیاد گه‌ردى: راستى مامۆستا و قوتابیانى کورد له‌زانکۆکانى پۆڵه‌ندا، رۆڵێکى یه‌کجار جوان و به‌نرخ و به به‌رهه‌م ده‌گێڕن. زۆربه‌ى تۆژینه‌وه‌کانیان، له‌سه‌ر بواره جیاوازه‌کانى کوردستان، به زمانه‌کانى ئینگلیزى یا پۆڵه‌ندى پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌کات، کوردستان زیاتر بچێته نێو دامه‌زراوه زانستى و توێژینه‌وه‌ییه‌کان. هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى دیبه‌یت و دیدار و کۆڕ و سیمیناره‌کاندا، هه‌میشه کورده‌کان شوێنجێى خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌و سه‌رنجى نه‌ته‌وه‌کانى تر به‌رامبه‌ر کوردستان و دۆزه‌که‌ى راده‌کێشن. پۆڵه‌ندییه‌کان، پێیانوایه کورده‌کان جیاوازن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ى نیشته‌جێى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها بهنهتهوهیهکى بوێر و خۆڕاگر وه‌سفى ده‌که‌ن. هاوڵاتى : ئایا توانیوتانه تاوانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال به جینۆساید بناسرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى پۆڵه‌نداوه؟ زیاد گه‌ردى: ئێمه‌ى ئه‌کادیمییه‌کانى ماسته‌ر و دکتۆرا، چه‌ندینجار بۆ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشنیارمان ده‌کرد که هاوکارمان بێت بۆ ئاماده‌کردنى پرۆژه‌یه‌ک له‌باره‌ى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان بۆ په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، به‌ڵام هیچ گرنگى به پێشنیاره‌که‌مان نه‌ده‌درا. دواتر بۆمان ده‌رکه‌وت، شه‌خسى نوێنه‌ر پرۆژه‌یه‌کى کرچوکاڵى پێشکه‌ش کردبوو به‌بێ ڕاوێژ و پرس و ڕا بهئاکادیمیهکان و هیچ حسابى بۆ ئێمه‌ى نێو زانکۆ و نێو نێوه‌نده زانستى و ئه‌کادیمیه‌کان نه‌کرد تا پرۆژه‌یه‌کى گونجاو پێشکه‌ش بکه‌ین. هاوڵاتى : واتا دۆسیه‌ى ئه‌نفال و کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه نه‌بوه‌ته جینۆسیاد له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا؟ زیاد گه‌ردى: دوو یاداشتنامه پێشکه‌شکرا، یه‌که‌میان له‌لایه‌ن نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌پۆڵه‌ندا بۆ ناساندنى ئه‌نفالى کورد له کوردستانى عێراق به په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، دووه‌میان یاداشتێک بوو بۆ به‌جینۆسایدناساندنى یه‌زیدیه‌کان کهئامادهکرابوو له‌لایه‌ن قوتابیه‌کى دکتۆراى کورد، ئینجا یاداشتى پرۆژه‌ى به‌جینۆسایدناساندنى یه‌زیدیه‌کان به‌ڕێز و بایه‌خه‌وه قبووڵکرا. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، ئه‌ى بۆچى یاداشتى یه‌که‌م که نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم پێشکه‌شى کردبوو به‌توندى ره‌تکرایه‌وه!؟ وه‌ڵامى ئه‌مه لهڕاپۆرتى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى پۆڵه‌ندا ده‌رده‌که‌وێت که له‌دانیشتنى په‌رله‌مانى ئه‌م وڵاته پێشکه‌شى کردبوو. ئیستا، لێره ده‌رده‌که‌وێ که رۆڵ و ئاستى شه‌خس چه‌ند گرنگه له‌م پرسه گرنگ و چارهنووسازانهدا. ئینجا ده‌رده‌که‌وێ که‌چۆن که‌سێکى ناشایسته بۆئه‌م پۆسته، چۆن بووه‌هۆى دۆڕاندنى قهزیهیهکى گرنگ له‌بن و گۆپکهوه. ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات، که ئه‌م نوێنه‌ره له‌گۆڕه‌پانى سیاسى ئه‌م وڵاته (په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وى ئه‌م وڵاته هێڵێکى ڕه‌شى به‌سه‌رداهاتووه‌و سڕاوه‌ته‌وه). له‌دانیشتنى خوولى ژماره (٨٠)ى په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا تایبه‌ت به یاداشته‌کان به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى پۆڵه‌ندا (به‌ڕێز پیۆتر سیێچ-ڤیێژ) جێگرى به‌رێوه‌به‌رى به‌شى ئه‌فریقاو رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه ڕاى خۆى زۆر به‌توندى به‌رامبه‌ر یاداشته‌که ده‌رده‌بڕی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان چه‌شن، له‌دژى یاداشته‌که کۆمێنت پێشکه‌ش ده‌که‌ن، له‌وانه نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه ئه‌ڵێ ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م که نوێنه‌رى کوردستان له‌وارشۆ به‌دڵنیاییه‌وه ته‌جاوزى کردووه، هه‌ربۆیه‌ش یاداشته‌که به‌تێکڕاى ده‌نگ له‌په‌رله‌مان به‌توندى ره‌تکرایه‌وه. به‌داخه‌وه له‌ئه‌نجامى هه‌وڵى خۆپه‌رستانه‌و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تدا، پرسى به‌جینۆساید ناساندنى ئه‌نفالى کورد له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا به‌دۆڕاندن کۆتایی هات. بۆزانیاریت له ٢٥ /٥ / ٢٠١٧ پرۆژه‌که له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، به‌کۆى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ره‌تکرایه‌وه، به‌ڵام نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم تائێستا ئه‌وه‌ى له‌خه‌ڵکى کوردستان و حکومه‌تى کوردى شاردووه‌ته‌وه. هاوڵاتى: باشه فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاگادارى ئه‌و دۆخه‌ى پۆڵه‌نداو نوێنه‌ره‌که‌ى نییه؟ زیاد گه‌ردى: داوا له‌حکومه‌تى هه‌رێم ده‌که‌م که لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌پۆڵه‌ندا بکات و به‌تایبه‌تیش لەسەر به‌کارهێنانى نوێنه‌رایه‌تى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تی. من و چه‌ند کوردێکى دانیشتووى پۆڵه‌ندا، ئاماده‌ییمان تێدایه بێینه‌وه کوردستان بۆ شاهێدیدان له‌سه‌ر راستیه‌کان و خستنه‌ڕووى سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌کان.
شاناز حه‌سه‌ن فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌یان پڕۆژه یاساییان پێشکه‌شى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه، بۆ ئه‌وه‌ى بخرێنه به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌کانه‌وه و په‌سه‌ندبکرێن، زۆربه‌ى فراکسیۆنه‌کانیش پڕۆژه‌یان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران ئاماده کردووه. دواى چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کى خولى پێنجه‌مى په‌ڕله‌مانى کوردستان و هه‌ڵبژاردنى لیژنه‌کان و دابه‌شکردنى ئه‌ندامانى هه‌ریه‌ک له لیژنه‌کان به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى فراکسیۆنه‌کان، له‌ئێستادا هه‌ر یه‌ک له فراکسیۆنه‌کان پڕۆژه یاساى خۆیان راده‌ستى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه. فراکسیۆنى گۆڕان که چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى ئاماده کردووه، چاوى له‌وه‌یه له‌م وه‌رزه‌ى یاساداناندا چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک تێپه‌ڕێنرێت که دیارترینیان پڕۆژه‌ى چاکسازى و پاشه‌که‌وتى موچه و هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه. به‌ڵێن ئیسماعیل، په‌رله‌مانتارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به هاوڵاتى وت «بۆ جێبه‌جێکردنى ڕێککه‌وتنى سیاسى نێوان گۆڕان و پارتى، یاساى هه‌موارکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له ئه‌وله‌یه‌تى یه‌که‌مه، له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران و ئه‌و پاشهکهوتهى که لاى حکومه‌ت ماوه، به‌شێوه‌یه‌کى به‌رنامه و خانه‌نشینى و یاساى چاکسازى «. وتیشى «له مانگى یه‌که‌مى په‌رله‌ماندا، یاساى چاکسازیى خانه‌نشینى تێده‌په‌ڕێنین و دواى ئه‌وه ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به ژیانى خه‌ڵکه‌وه هه‌یه کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین». له‌خولى پێشووى په‌رله‌ماندا، یاساى چاکسازى خانه‌نشینى تێپه‌ڕێندرا، به‌ڵام دواتر له‌ژێر فشارى چه‌ند خۆپیشاندانێکدا له دژى چه‌ند ماده‌یه‌کى یاساکه به‌ڕێوه‌چوون، یاساکه گه‌ڕێنرایه‌وه په‌رله‌مان و تا ئێستاش هه‌موارنه‌کراوه‌ته‌وه. سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ، له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»پێنج پڕۆژه یاسامان پێشکه‌ش په‌ڕله‌مان کردووه، که به‌شێکیان خۆیان ده‌بیننه‌وه له پرۆژه‌کانی هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و حسابى بانکى بۆ موچه پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران و بیمه‌ى کشتوکاڵى و خانه‌نشینى». ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌ى پێشکه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان ده‌کرێن، ره‌وانه‌ى لیژنه‌کان ده‌کرێن، پاشان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌رۆکایه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى بخرێنه به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌کانه‌وه. نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو وه‌ک دوو فراکسیۆنى ئۆپۆزسیۆن له خولى پێنجه‌مى په‌ڕله‌مانى کوردستاندا به‌شدارن، چه‌ند پرۆژه یاسایه‌کیان پێشکه‌شى سه‌رۆکایه‌تى به په‌رله‌مان کردووه. کازم فاروق سه‌رۆکى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ وتى «پڕۆژه‌یه‌کمان پێشکه‌شکردووه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌شێوازێک پاره‌ى ئاو کاره‌با و پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى و خانووبه‌ره‌ى لێبدرێت و له سه‌دا شه‌ستى ئه‌و پاشه‌که‌وته له‌ماوه‌ى 12 مانگدا بدرێته‌وه و ئه‌و له سه‌دا 40ى که‌ده‌مێنێته‌وه، له‌ساڵى دووه‌مدا به‌شێوه‌ى قیست له‌گه‌ڵ موچه‌که‌ى مانگانه بدرێته‌وه به فه‌رمانبه‌ران». وتیشى «پرۆژه‌ى دووه‌م خانه‌نشینى و که ئه‌ویش ورده‌کارى زۆرى هه‌یه که هه‌ر خانهنیشینێک موچه‌که‌ى که‌متر نه‌بێت له 500 هه‌زار و له دوو ملیۆن زیاتر نه‌بێت و ده‌رماڵه‌ى خوێندکاران». له‌باره‌ى پرسى هه‌موارکردنى پرسی سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه، کازم فاروق وتى «بێگومان پرس و کێشه‌ى خه‌ڵک گرنگه به‌لامانه‌وه و له‌سه‌ر پرسى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم دید و بۆچونمان ده‌بێت». تا ئێستا سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هیچ پڕۆژه‌یه‌کى نه‌خستووه‌ته به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌کانه‌وه، له‌کاتێکدا وه‌رزى یاسادانانى په‌رله‌مان ده‌ستیپێکردووه، فراکسیۆنه‌کانیش سه‌رقاڵى کارکردنن له‌سه‌ر پڕۆژه‌کانیان. شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوى ئیسلامى، باسله‌وه ده‌کات، له‌ئێستادا پێنج پڕۆژه‌یان هه‌یه و پێشکه‌شى په‌رله‌مانیان کردووه «له18ى دووه‌وه پرۆژه یاسامان پێشکه‌ش په‌ڕله‌مان کردووه و یه‌که‌م فراکسیۆن بوین و ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌که‌ممان پاشه‌که‌وتى موچه بوو که پێشکه‌شمان کرد‌و و کارى له‌سه‌ر کرا». وتیشى «پڕۆژه‌کانمان بریتین له پرۆژه‌ى چاکسازى و هه‌موارکردنى یاساى وه‌به‌رهێنان و یاساى مرۆیى و پرۆژه بڕیارى سلفه‌کان و بودجه که ده‌رماڵه‌ى خوێندکاران و دامه‌زراندنى یه‌که‌مه‌کان، خه‌مى خه‌ڵک له پرۆژه‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى پێویستتره«. فراکسیۆنى پارتى وه‌ک گه‌وره‌ترین فراکسیۆنى په‌رله‌مان، ده‌یه‌وێت هه‌رچى زووه یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌مواربکرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌که کارابکرێته‌وه که له‌دواى ریفراندۆمه‌وه هه‌ڵپه‌سێردراوه. پێشه‌وا هه‌ورامى، فراکسیۆنى پارتى به هاوڵاتى وت « ئه‌وله‌ویاتى کارى ئێمه ئه‌وه‌یه که پرسى سه‌رۆکایه‌تى یه‌کلابکرێته‌وه و له‌ئیستادا ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه قسه‌مان کردووه«. باسى له‌وه‌شکرد که گفتوگۆى لایه‌نه‌کان و کۆبونه‌وه‌کان کارى په‌ڕله‌مانى دواى خستوه و «به‌پێی پێویستى ئیش له‌سه‌ر پرۆژه‌ى تریش ده‌که‌ین». به‌پێى بڕیارى په‌رله‌مان 30ى ئه‌م مانگه کۆتا ڕۆژى وه‌رگرتنى پرۆژه‌کان ده‌بێت و پێویسته له پێش ئه‌و به‌رواره‌وه هه‌موو فراکسیۆنه‌کان پڕۆژه یاساى خۆیان پێشکه‌ش په‌رله‌مان بکه‌ن. فراکسیۆنى یه‌کێتى که له‌سه‌ره‌تاوه بایکۆتى دانیشتنه‌کانى په‌ڕله‌مانى کردبوو، له‌ئێستادا زۆرترین پڕۆژه‌ى هه‌یه. زیاد جه‌بار په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى، به هاوڵاتى وت» 17 پرۆژه‌مان ئاماده‌یه که پێشکه‌شى په‌رله‌مانى بکه‌ین و دوو سێ پرۆژه‌ى ترمان هه‌یه که ئه‌وانیش ئاماده‌ده‌که‌ین و تا30ى مانگ پێشکه‌شى ده‌که‌ین». وتیشى»پرۆژه‌ى یه‌که‌م و گرنگ لاى ئێمه وه‌ک یه‌کێتى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ى پاشه‌که‌وت کراوه، له‌گه‌ڵ میکانیزمى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کان و یاساى چاکسازى و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و دامه‌زراندنى یه‌که‌مه‌کان و به هه‌میشه‌یى کردنى فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست و به‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ى کارگهکانە».
شاناز حه‌سه‌ن دابه‌شکردنى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان سێ فراکسیۆنى په‌رله‌مان نیگه‌ران کرد، به‌ڵام فراکسیۆنه‌کانى تر به‌و دابه‌شکردنه رازى بوون و لیژنه‌کانیان له‌نێوانیاندا یه‌کلاکرده‌وه. دوێنێ دواى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ك، زۆربه‌ى فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگیاندا له‌سه‌ر یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان. هه‌ریه‌که له نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو بایکۆتى کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد، فراکسیۆنى کۆمه‌ڵیش که به‌شدارى تێدا کرد نیگه‌ران بوو له‌شێوازى یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى لیژنه‌کان. سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ، باس له‌وه ده‌کات که له ڕۆژى یه‌که‌مى دانیشتنى په‌رله‌ماندا ئه‌وه‌ى به هه‌قى خۆیانى ده‌زانن وه‌ریان گرتووه‌که سه‌رۆکى لیژنه‌ى سامانه سروشتیه‌کانه، به‌ڵام وتى "به‌داخه‌وه له ڕۆژى دووه‌مدا لێمان سه‌ندرایه‌وه و پارتى و گۆڕان به‌ڕێکه‌وتن ى خۆیان سه‌رۆکى لیژنه‌ى سامانه سروشتیه‌کانیان لێ وه‌رگرتینه‌وه و درا به گۆڕان". فراکسیۆنه‌کانى گۆڕان و کۆمه‌ڵ له خولى پێشووى په‌رله‌ماندا له زۆربه‌ى پرسه‌کاندا هاوهه‌ڵوێست بوون، به‌ڵام له‌م خوله‌دا ئه‌و هاوههڵوێستهیان له‌چه‌ند پرسێکدا نه‌ماوه، دواى ئه‌وه‌ى گۆڕان رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى واژۆکرد بۆ چونه ناو حکومه‌ت و هێشتا به‌شدارى کۆمه‌ڵ له حکومه‌تدا ناڕونه. له‌باره‌ى وه‌رگرتنى پۆسته‌کانى نه‌وه‌ى نوێ له‌لیژنه‌کان، سۆران عومه‌ر به سایتى هاوڵاتى راگه‌یاند، نوسراویان به سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان داوه، به‌ڵام ڕه‌تکراوه‌ته‌وه، له‌کاتێکدا بۆ تورکمان و لایه‌نه‌کانى تر قبوڵکراوه. فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ که بایکۆتى کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کرد، پێشتر رایگه‌یاندبوو که ئه‌و پۆستانه‌ى به‌ریده‌که‌وێت له سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان ده‌یدات به فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ. کازم فاروق، سه‌رۆکى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، به سایتى هاوڵاتى وت "له دانیشتنى یه‌که‌مدا ده‌ستبه‌ردارى سه‌رۆکى لیژنه و جێگر و بڕیارده‌رى لیژنه‌که‌ى خۆمان بووین و ئه‌و سێ بهرکهوتهیهى خۆمان داوه به کۆمه‌ڵى ئیسلامى و ئێمه له بڕیارداندا ڕاڕانین". وتیشى "دواجار یارییه‌کى تر ئه‌نجام درا ئیمه له ناویدا نین و په‌یوه‌ندى به ئێمه‌وه نییه". لیژنه‌کانى په‌رله‌مان ژمارهیهان 15 لیژنه‌یه و زیاتر له 100 په‌رله‌مانتار تێیدا ئه‌ندامن و له‌دوێنێ وه ده‌ستبه‌کاربوون. فراکسیۆنى یه‌کێتى که بایکۆتى کۆبوونه‌وه‌کانى خولى نوێی په‌رله‌مانى کردووه، له کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به دابه‌شکردنى لیژنه‌کاندا به‌شداربوو، به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى خۆیان پۆستیان له‌سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان به‌رکه‌وت. کاروان عه‌بدولڕه‌حمان، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى وتى "ئیمه به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى خۆمان له په‌رله‌مان به‌شدارین له سه‌رۆکى لیژنه و جێگر‌و بریارده‌رو هه‌موو ئه‌ندامه‌کانى لیژنه‌کان زۆر ڕازین، به هه‌قى خۆمان بووه". وتیشى"هه‌قى هیچ که‌سێکمان نه‌بردوه و هه‌قى هیچ که‌سێکیشمان وه‌رنه‌گرتووه". فراکسیۆنى یه‌کگرتوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دابه‌شکردنى لیژنه‌کانه‌وه ره‌خنه‌ى هه‌یه له‌پرسه‌که، بۆیه کۆبوونه‌وه‌کانى بایکۆت کرد. ئیسماعیل عه‌لى، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌گگرتوو باسى له‌وه‌کرد هه‌ر له‌یه‌که‌م دانیشتنه‌وه نه‌چونه دانیشتنه‌کان و وتى"ئێمه به مافى هه‌قى خۆمان ده‌زانى که سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌یه‌ک وه‌رگرین، به‌ڵام که پێیان نه‌داین وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک نه‌چوینه دانیشتنه‌کانه‌وه". وتیشى"که سه‌رۆکى لیژنه‌یه‌کمان نه‌بێت، ئیتر ئه‌ندام بون له لیژنه‌کان نرخى نابێت".
شاناز حه‌سه‌ن شیلان و هیوا هه‌ردووکیان پیشه‌یان مامۆستایه، بۆ کڕینى شتومه‌کى ماڵه‌که‌یان به قیست، ڕویان کردۆته یه‌کێک له مۆبیلیاته‌کان و شیلان وتى" هیوایه‌کمان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئێستا ده‌وێرین شت بکڕین که پاشه‌که‌وتى موچه لابراوه". باسى له‌وه‌کرد که خۆى و مێرده‌که‌ى موچه‌خۆرن و ماوه‌ى دوو ساڵه له خانویهکدان نه‌یانتوانیوه یه‌ک پارچه که‌لوپه‌لى ناوماڵ بکڕن و وتیشى" موچه به سیستمى پاشه‌که‌وت ته‌نها به‌شى پێداویستى رۆژانهمانى کردووه". شیلان هیواداره جارێکى تر پاشه‌که‌وت نه‌گه‌رێته‌وه و خه‌ڵک که‌مێک بوژاوه‌ته‌وه و ژیانى خۆى ڕێک ده‌خاته‌وه. له شوباتى 2016 سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه جێبه‌جێکراو به‌و هۆیه‌وه بازاره‌کانى هه‌رێم وه‌ستاون. نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆک و جێگرى حکومه‌تى هه‌رێم له 8ى ئازارى 2019 دواى گه‌شتنى 453 ملیار دینار له به‌غداوه بریاریاندا سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه هه‌ڵبگرن و موچه‌ى ته‌واو بدرێت به فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و کۆتایى به قه‌یرانى دارایى هێندرا. به‌شێک له خاوه‌ن مۆبیلیاته‌کان ده‌ڵێن دواى لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه، بازار جوڵه‌یه‌کى که‌مى تێکه‌وتووه‌و به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌شتۆته ئاستى پێش قه‌یرانى دارایى. ئه‌کره‌م ڕه‌شید، خاوه‌نى مۆبیلیاتى دلال هۆم له‌سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" جوڵه‌یه‌کى که‌م به‌دى ده‌کرێت، چونکه خه‌ڵک هه‌مووى قه‌رزاره ماوه‌یه‌کى ده‌وێت تا ئه‌و قه‌رزانه‌ى ده‌داته‌وه". ئه‌کره‌م هه‌شت ساڵه کارى مۆبێلیات ده‌کات پێیوابوو توانایان نه‌ماوه قیستێکى زۆریان له‌سه‌ر خه‌ڵکه و بۆیه ناتوانن په‌ره به ئیشه‌که‌یان بده‌ن ئه‌گه‌ر بازاڕ به‌ره‌و باشتر نه‌ڕوات. پێدانى که‌لوپه‌ل به قیست، پێویستى به پشگیرى فه‌رمانبه‌رێک وه‌ک که‌فیل بۆئه‌وه‌ى ئه‌و کهلوپهلهى که پێویستیه‌تى به شێوازى قیست بیکڕێت. به‌کر عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پێشانگاى لیره (ده‌رگا) پێداویستى بیناسازى که ماوه‌ى 7ساڵه ئه‌مه کاریهتى پێى وابوو که بازاڕ جیاوازیه‌کى زۆرى پێوه دیارنیه، متمانه‌ى خه‌ڵک که‌مه به لابردنى پاشهکهوتهکهو به‌رده‌وام بونى و وتى"تا دوو سێ مانگ نه‌ڕوات ئێمه و کڕیاران ناتوانین پاره زۆر خه‌رج بکه‌ین". هه‌روه‌ها وتیشى"پێشتر قیستمان هه‌بوه، به‌هۆى پاشه‌که‌وتى موچه‌وه وهستاندومانه،چونکه مامۆستایه‌کى زۆر قیستى کردبو، که نه‌شیان ده‌توانى بیده‌نه‌وه بۆیه ڕامان گرت". لاى هه‌ندێک له خاوه‌ن کاره‌کان بازاڕ جوڵه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه بینیوه و به‌ڕاى خۆیان هۆکاره‌که‌ى ده‌گێرنه‌وه بۆ شێوازى کارکردن یان و پێدانى قیستى درێژ خایه‌ن به‌بێ پشگیرى فه‌رمانبه‌ر و گرێبه‌ست. هاوڕێ محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى فرۆشى کۆمپانیاى ئه‌ژى که مۆبیلیاتیان هه‌یه و ده‌ڵێت شێوازى قیسته‌که‌یان زۆر گونجاوه بۆ خه‌ڵک و له هه‌ڵه‌بجه و سلێمانى لقیان هه‌یه و به قیست ده‌یفرۆشن و بۆیه کریاریان زۆره. وتیشى" بێگومان به‌هۆى هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وته‌وه به‌ڕێژه‌ى له سه‌دا چل بۆ په‌نجا جوڵه له بازاڕدا ده‌بینرێت و خه‌ڵک متمانه‌ى زیاترى به وه‌زعه‌که هه‌یه". پسپۆرێکى ئابوورى پێیوایه هاوڵاتیان وانه‌یان له قه‌یرانى دارایى وه‌رگرتووه‌و تا چه‌ند مانگێکى دیکه پاره زۆر خه‌رج ناکه‌ن و چاوه‌رێى سه‌قامگیرى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن. خالید حه‌یده‌ر، مامۆستاى زانکۆ و شاره‌زاى بوارى ئابورى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"موچه‌خۆران ته‌نها مانگێکه بێ پاشه‌که‌وت موچهوهردهگرن، بۆیه هه‌مووى خه‌رج ناکه‌ن و چاوه‌ڕێن تا بزانن که ئه‌م سیسته‌مه به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌موو مانگێک بێ پاشه‌که‌وت و له‌کاتى خۆیدا موچه وه‌رده‌گرن". ناوبراو ئه‌وه‌ى خسته‌روو به‌هۆى لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌وه جوڵه به‌دى ده‌کرێت، به‌ڵام له هه‌موو بۆنه‌کاندا خه‌ڵک هه‌ر وایه خۆى هه‌ر خه‌رجى ده‌کات و شت ده‌کڕێت. خالید حه‌یده‌ر ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که پێویسته حکومه‌ت پلانى هه‌بێت بۆ بازاڕ و فرۆشیاران، بۆئه‌وه‌ى نرخه‌کان به‌رز نه‌که‌نه‌وه لیژنه‌یه‌ک چاودێرى بازاڕه‌کان بکات بۆ ڕێگری‌کردن له به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌کان تا دیسانه‌وه نه‌بێته‌وه بارگرانى بۆ سه‌ر شانى خه‌ڵک و له‌ناویشیاندا موچه‌خۆران به‌تایبه‌تى دروست نه‌بێت.
هاوڵاتی، ئینتسار نوری ئومێد محێدین، 31ساڵ، لهکافتریایهکى زانکۆى سلێمانى ئیش ده‌کات و ماوه‌ى ساڵێکه، ژنه‌که‌ى داواى جیابونه‌وه‌ى تۆمارکردووه و تا ئێستا یه‌کلاى نه‌بۆته‌وه، له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا چوار دانیشتنى دادگایان کردووه و هه‌ر جاره‌ى به به‌هانه‌یه‌ک دواده‌خرێت. ئومێد ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که پێشتر بیزانیایه که دادگا ئه‌م هه‌موو هاتوچۆیه‌ى پێدەکەن ۆەنای بۆ دادگا نەدەبرد. ئومێد بە هاوڵاتی وت "ێەگەر بمزانیانە ئاوەها دوادەکەوێ ده‌ست و قاچى ژنه‌که‌م ماچ ده‌کرد و جیانەدەبوومەوە". بەهۆی دواکەوتنی دۆسیەکەوە لە دادگا، ئه‌م پیاوه جار چۆته ماڵى باوکی ژنه‌که‌ى و داواى لێکردون که هه‌ر چییه‌کیان ده‌وێت له رێگه‌ى سوڵحى عه‌شایه‌رى بیکه‌ین "ڵێیان پاڕاومه‌وه، به‌ڵام ماڵى باوکى کچه‌که رازی نەبوون، پێیان وایه دادگا زیاتر هه‌ق به کچه‌که‌یان ده‌دات". زۆرجار واڕێکدەکەوێت کەیسی جیابوونەوەی ژن و مێرد لە دادگاکان درێژەدەکیشیت بەهۆی قوڵی کیشەکانیانەوە، بەتایبەتی لە سالانی رابردوودا کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەوامی فەرمانگەکان کەمبوونەوتەوە کیشەش زیادبوون داداگان ناتوانن بە خێرایی کەیسەکان یەکلایی بکەنەوە. هەروەها بەهۆی کەمی ژمارەی دادوەرەکان و زۆری کەسەکانەوە ناتوانرێت بە ئاسانی دۆسیەکان بەلایەکدا بخرێن بەلکو هەندیک کەس پەنا بۆ سولحی عەشایەری دەبەن. تریفه عوسمان، ۲٥ساڵ، نۆ مانگه داواى تۆمار کردووه بۆ جیابونه‌وه، ئێستا سێ یه‌م دانیشتنى دادگایهتى و مێرده‌که‌ى ژنى عه‌ره‌بى هێناوه، بۆیه ده‌یه‌وێت لێی جیابێته‌وه. له‌کاتێکدا ئه‌م ژن و پیاوه له هه‌موو دانیشتنه‌کانى دادگادا هه‌ردووکیان ئاماده بون و هیچ کێشه‌یه‌ک له داواکه‌یاندا نیه، به‌ڵام هه‌ر جاره‌ى به هۆکارێک دواده‌که‌وێت. ماوه‌ى هه‌ر دانیشتنێک تا دانیشتنێکى تر دوو مانگ ده‌خایه‌نێت. له‌باره‌ى تێچووى هاتوچۆوه ئه‌م ژنه به خه‌مباریه‌وه باسى له‌وه‌کرد که پاره‌ى له براکه‌ى قه‌رز کردووه بۆ بژێوی ژیانی کچەکەی لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکات دادگا نەفەقەکە بخاتە سەر میردەکەی، تریفە وتى" کچێکم هه‌یه، دایک و باوکم نیه، و بومه‌ته بارگرانى بۆسه‌ر براکه‌م". تریفە له خه‌مى دابین کردنى نه‌فه‌قه یه بۆ خۆى و کچه‌که‌ی وەکو خۆی وتی بۆئه‌وه‌ى نەبێتە بارگرناى بۆسه‌ر هیچ که‌سێک، "داواکارمه له دادگا هیچ نه‌بێت نهفهقهکهم بۆ دابینکه‌ن، تا به‌ته‌واوى جیاده‌بنه‌وه". ژماره‌ى ئه‌و داوایانه‌ى که له‌ساڵى2017دا له دادگاى سلێمانى 101797 داوا تۆمارکراوه، 62125داواى یه‌کلاى بۆته‌وه، له‌کاتێکدا له‌ساڵى 2018دا 117070داوا کراوه و 82758ى یه‌کلا کراوه‌ته‌وه. عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێههڵچونهوهى سلێمانى، وتى خه‌ڵک به‌گشتى هه‌قى خۆیانه گله‌یى بکه‌ن، "چونکه راسته دواده‌که‌وێت و مافى خۆشیانه، به‌پێى یاسا به‌رکاره‌کان مافه‌کانیان دابین بکه‌ن". هۆکارى سه‌ره‌کیشى گیرایه‌وه بۆ" که‌مى دادوه‌ر و فه‌رمانبه‌ر و لێکۆله‌ر که ژماره‌یان زۆر که‌مه و پێویستمان به زۆر زیاتر هه‌یه". وتیشى"پیویسته هه‌ر پێنج بۆشه‌ش هه‌زار که‌سێک دادوه‌رێکى هه‌بێت". له‌ئێستادا 69 دادوه‌ر هه‌یه له سنورى سلێمانى، که بۆ هه‌ر 28بۆ30 هه‌زار که‌سێک دادوه‌رێکیان به‌رده‌که‌وێت. وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێههڵچونهوهى سلێمانى وتیشى "زۆربون و کهلهکهبونى داواى زۆر و هیلاک بونێکى زۆرى دادوه‌ره‌کان که له ماڵەوهش پێویسته کارى به‌رده‌وام بکه‌ن بۆ وردبینى کردن و نوسینه‌وه‌ى بریاره‌کان، که‌هه‌ر دادگایه‌کى لێکۆڵینه‌وه رۆژانه 150بۆ 200که‌یس ده‌چێته لایان. سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێههڵچونهوهى سلێمانى 832 فه‌رمانبه‌رى تێدایه، به وته‌ى ئه‌م وتهبیژه له‌کاتێکدا "تۆمارکردنى داواکان له هه‌ڵکشانێکى به‌رده‌وامدایه، پێویسته له‌گه‌ڵ زۆربونى داواکان، دادوه‌ر و لێکۆڵه‌ر و فه‌رمانبه‌ر زیادبکرێت، بۆ خێرا به‌ڕێکردنى کاره‌کانى خه‌ڵک، که ئه‌مانه هیچ ى نه‌کراون". ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ئێستا " سه‌رۆکى تێههڵچونهوهى دادگاى سلێمانى ده‌ستبه‌کاره بۆ کردنى نوسراو بۆ په‌یمانگاى دادوه‌رى بۆ کردنه‌وه‌ى خولى پێگه‌یاندنى دادوه‌ر و ئه‌ندامانى داواکارى گشتى که بریاریان داوه 60 که‌س به‌شداربن و هک دادوه‌ر له خوله‌که بۆئه‌وه‌ى بیانکه‌نه دادوه‌ر و ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ربێت". دادگاى بارى که‌سێتى و دادگاى به‌رایى رۆژانه هه‌ر دادوه‌رێک 28داوا ده‌بینێت، دادگاى تاوان 17بۆ18 داوا له رۆژێکدا ده‌بینێت، 102لێکۆڵه‌رى دادوه‌رى هه‌یه. جگە لە کەمی ژمارەی دادوەرەکان، هەندێک لە هۆکارەکانی تری دواکەوتنی کەسیەکان پەیوەستە بە یاساکانەوە کە دەستی دەستی دەکات بە ژن و مێرد بۆ ئەوەی هەوڵدەن کێشەکانیان چارەسەربکەن پێش ئەوەی دادوەر بگاتە بریاری جیابوونەوە. یان هەندێک جار بەپێی یاسا دەبێت دادگا کەسی سکاڵالێکراو لەکاتی دیارنەبوونیدا لە ریگەی رۆژنامەیەکەوە ئاگاداربکرێتەوە و مۆڵەتی ئامادەبوونی دەدرێتی لەبەردەم دادگا. کۆسره‌ت عومه‌ر، پارێزه‌ر، له‌باره‌ى دواکه‌وتنى دۆسیه‌کان ى ناو دادگاوه وتى "ئێمه هه‌ر به یاساى کۆنه‌کان ئیش ده‌که‌ین و له‌ئێستادا کێشه‌کان زۆر بون و خه‌ڵک یش زۆر بوه، پێویسته ئه‌و یاسایانه به پێى بارودۆخه‌که بگۆڕێن و پێویستمان به ده‌رکردنى یاساى تازه هه‌یه که بگونجێت له‌گه‌ڵ زۆر بونى خه‌ڵک و زۆرى کێشه‌کان و کێشه جۆراوجۆره‌کان". هەندێک جار ئاگادار کردنهوهکانى دادگا درەنگوەخت دەگات به‌ده‌ست ئەو هاوڵاتیانەی هاوڵاتى ده‌گات، هۆکارێکى سه‌ره‌کییه، وتى "خۆى پێویسته له‌ماوه‌ى سێ ڕۆژدا بگاته ده‌ستى هاوڵاتى که داواکه‌ى هه‌یه، به‌ڵام دوو بۆ سێ هه‌فته ده‌خایه‌نێت تاده‌گاته ده‌ستى". به‌ڕاى ئه‌م پاریزه‌ره چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه"که له‌ڕێگه‌ى ئیمێله‌وه و یان ژماره‌ى ته‌له‌فون که‌سه‌کان ئاگادار بکرێنه‌وه له کات و رۆژى دادگاییه‌که". له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى که یاساى کۆن به‌کارده‌هێنن له‌ناو دادگاکاندا عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێههڵچونهوهى سلێمانى وتى"ڕاسته یاساى بنه‌ماى داواکاریه یاساییه‌کانى سالى1971یه، به‌ڵام زۆرى و گۆرانکارى له داواکان به‌رده‌وام هه‌موار ده‌کرێنه‌وه به‌پێى په‌رله‌مانى کوردستان ، وه هه‌ندێک مادده‌ش له‌کارخراون و یاساش هه‌یه که کارى پێناکرێت". باسى له‌وه‌شکرد که موچه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک به‌ر پاشه‌که‌وت که‌وتوه، بۆیه له هه‌موو دام و ده‌زگایه‌کدا کاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕاندنى کاره‌کان هه‌یه و وتى" پۆلیس ڕاپهڕێنهرى کاره‌کانى دادگایه بۆیه ئه‌وانیش کێشه‌ى پێداویستى و که‌مى فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه و کاره‌کان دواده‌خات". له‌باره‌ى ئەوەی کە هەندێک کەس پەنا بۆ سوڵحی عه‌شایه‌ریی دەبات، وتى" یه‌که‌م هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌هه‌ریمدا" که کیشهکهى به‌زووى یه‌کلانه بێته‌وه و مافه‌کانى به‌زوى یه‌کلابێته‌وه له‌وانه‌یه په‌نا به‌رنه به‌ر ئه‌وه. بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم بڕگه‌یه‌ک دیارى کراوه که پێی ده‌وترێت "سوڵح" واته ڕێکه‌وتن له‌نێوان هاوڵاتیان خۆیان، که مافه‌کانیان مافى که‌سى خۆیانه، ئەمە تەنها بۆ ئەو دۆسیەیانەیە کە گەورەنین، به‌ڵام ئه‌و ماددانه‌ى که سزاکانیان قورسه، ئه‌و که‌سانه خۆشیان له‌ناو خۆیاندا سوڵح بکه‌ن، دۆسیه‌کانیان داناخرێت و کاریگه‌رى له‌سه‌ر دادگا نابێت. هه‌ندێک حاڵه‌ت هه‌یه که په‌یوه‌ندى به که‌سه‌کان خۆیانه‌وه هه‌یه که لایه‌نه‌کان خۆیان سکاڵا نه‌که‌ن، ناتوانرێت دۆسیه‌ى بۆ بکرێته‌وه وه‌ک کێشه خیزانیه‌کان په‌یوه‌ندى نێوان ژن و مێرد یان دزى کوڕ له باوک جا دزى بێت یاخود کێشه‌یه‌ک له‌نێوان خۆیاندا له‌و کاته‌دا به‌پێى دادگا ناتوانرێت کێشه‌که ببرێته دادگا تا که‌سه‌کان خۆیان داوا به‌رز نه‌که‌نه‌وه.
هاوڵاتى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان و کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لە رۆژئاوا (کەنەکە) هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنى مەرجەعى باڵاى کورد لەو ناوچەیە، بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ قۆناغێکى نوێی سیاسی لەدواى شەڕى دژى داعش و تێکشکاندنى خەلافەتەکەى لەسەر دەستى شەڕڤانانى کورد بە پاڵپشتى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى. لە تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوودا کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لە رۆژئاوا (کەنەکە) هەوڵەکانى دەستپێکرد بۆ دروستکردنى مەرجەعەێکى سیاسی کورد لە رۆژئاوا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکان و خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوادا کۆبوونەوە. رۆژى حەوتى ئەم مانگەش، کەنەکە قۆناغى دووەمى پرۆسەکەى دەستپێکرد و کۆبوونەوەى دیکەى لەگەڵ ٢٧ لایەنى سیاسی و ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى لە قامیشلۆ ئەنجامدا و دوو لیژنەیان بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ ئەو پرسە پێکهێنا. دلاوەر زنکى وتەبێژى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنوسانى رایگەیاند، ئەو دوو لیژنەیە بەدواداچوون دەکەن بۆ کارەکانى پەیوەست بە دروستکردنى مەرجەعێکى کوردى هاوبەش، یەکێتى سیاسی و ئامادەکردنى بەڵگەنامەى سیاسی. لیژنەکان پێکهاتون لە لیژنەى سیاسی کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، لەگەڵ لیژنەى پەیوەندییەکان کە لە شەش ئەندام پێکهاتووە. لیژنەکان ١٥ رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنى پرۆژەى تایبەت بە دروستکردنى مەرجەع. دلاوەر زنکى وتى "لیژنەکان سەردانى ئەو لایەنانەش دەکەن کە بەشدارى ئەم کۆبوونەوەیە نەبوون، بۆ ئەوەى ئەو پرسەیان لەگەڵدا تاوتوێ بکەن". ئەو هەوڵە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هێنان بە رێکخراوى داعش لە دواین پێگەى خۆى لە سوریا و ئەو مەترسیانەى کە ئەگەر هەیە روبەڕووى چارەنوسى رۆژئاواى کوردستان ببێتەوە، لەدواى کۆتایی هاتنى شەڕى ئەو رێکخراوە، بەتایبەت کە تورکیا بەردەوام هەرەشەى لەشکرکێشى دەکات بۆ ئەو ناوچانەى بەدەست شەڕڤانانى سوریاى دیموکراتەوەیە کە یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) پێکهێنەرى سەرەکییەتى. ئامینە عومەر هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە)، ئەو ئەنجومەنەى کۆنترۆڵى ناوچەکانى رۆژئاوا و باکورى سوریاى بەدەستەوەیە بە هاوڵاتى رایگەیاند، لەم قۆناغە سیاسییەى ئیستادا کە داعش تەواو بووە و قۆناغێکى تازە هاتووەتە ئاراوە، پێویستە مەرجەعێکى سیاسی کوردى لە رۆژئاوا دروستبکرێت، بۆ ئەوەى یەکدەنگى دروستبێت لەسەر پاراستنى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوا و ئەو ئەزمونە دیموکراسییەى لەو ناوچانە دایان مەزراندووە. وتیشى "لەو چوارچێوەیەدا پێویستە یەک گوتار و یەک سیاسەت و یەک سوپا و یەک مەرجەع هەبێت، تا بتوانین بەرەنگارى سەرجەم هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە و خۆمان بپارێزین". دیارترین مەترسی کە چاوەڕوانى ئەزمونى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان دەکات تورکیایە، کە بەردەوام هەڕەشەى لەشکرکیشى دەکات و ماوەى چەند مانگێکە بەهەزاران سەربازانى لەسەر سنورەکانى لەگەڵ رۆژئاوا کۆکردووەتەوە، سەربارى سوریا کە بەردەوام جەخت لە کۆنترۆڵکردنەوەى تەواوى خاکەکەى دەکاتەوە. ئامینە عومەر وتى "زۆر گرنگە ئێمە لە رۆژئاوا یەکدەنگ بین بەرانبەر هەڕەشەکانى تورکیا، بەهەموو هەوڵمانەوە پارێزگارى لە ئەزموونەکەمان بکەین، رێگە نەدەین تورکیا هێرشى بکاتە سەر و ناوچەکانمان داگیر بکات". دواى چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک له په‌راوێزخستنیان، کوردانى سوریا له‌ساڵانى شه‌ڕى ناوخۆى سوریادا توانییان سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دابمه‌زرێنن و کۆنترۆڵى سێ یه‌کى روبه‌رى خاکى سوریا بکه‌ن، له‌کاتى شه‌ڕیشدا له‌دژى داعش توانیان پشتیوانییه‌کى گه‌وره‌ى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به‌ده‌ستبهێنن. کوردانى رۆژئاواى کوردستان سێیەکى خاکى سوریایان بەدەستەوەیە، کە گەورەترین روبەرى دەرەوەى کۆنترۆڵى حکومەتى دیمەشقە. سەرەڕاى پیشڕەوییە خێراکانى دیمەشق لە ساڵى رابردوودا بەرەو ناوچەکانى ژێر دەستى ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە بەرەو ناوچەکانى ژیر دەستى شەڕڤانان پەلبهاوێژێت. بەڵام تورکیا ساڵى رابردوو بە هاوکارى گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆن دەستى بەسەر کانتۆنى عەفریندا گرت و تا ئیستاش لەژێر دەستیدا ماوەتەوە. ئامینە عومەر باسى لەوەکرد، ئەوان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ سوریا بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆ، تا بگەن بەرێککەوتن لەو بارەیەوە، بەڵام سوریا تا ئێستا وەڵامى نەداونەتەوە و دیارە نایەوێت دان بە مافەکانى کورد و هەسەدەدا بنێت، تورکیاش لە هەڕەشەکانى بەردەوامە، ئەوانەش مەترسین بۆ سەر ئیدارەى رۆژئاوا و پێویستە روبەڕوویان بینەوە. لەچەند مانگى رابردوودا ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات نەخشە رێگاکەى رادەستى مۆسکۆ کرد کە پشتیوانى سەرەکى رژێمى بەشارە ئەسەدە بۆ ئەوەى لەرێگەى ئەوەوە رادەستى سوریا بکرێت، بەڵام تا ئێستا سوریا هەڵویستى لەبارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەو ناوچانەى بەدەست کوردەوەیە لەسوریا زیاتر لە نیوەى داهات و سامانى نەوتى سوریاى تێدایە، ئەوەش هەم کارتێکى گرنگە بەدەست کوردەوە، هەمیش وایکردووە ناوچەکانیان زیاتر چاوى تێببردرێت لەلایەن سوریا و تورکیاوە کە دەیانەوێت هەژمونى خۆیان لەو ناوچانە زیاتر بکەن. هۆشەنگ دەروێش ئەندامى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیی و مەرجەعێکى سیاسی بۆ کوردانى رۆژئاواى کوردستان بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەى بەیەک گوتار مامەڵە و سیاسەت بکەن بەتایبەت لە ئیستادا کە قۆناغێکى نوێ هاتووەتە ئاراوە. هەروەها بۆ هاوڵاتى وتیشی "پێویستە سەرجەم پارتەکان لەسەر یەک مێز دابنیشن، رەوشێکى تازە هەیە، پێویستە بڕیارەکان هاوبەش بن، ئەوەش هەنگاوى یەکەمە بۆ دروستکردنى مەرجەع لە رۆژئاواى کوردستان". هۆشەنگ دەروێش باسی لەوەشکرد، پێویستە لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکەى کوردستان، ئەو هەوڵە هەبێت، بۆ ئەوەى هەموو لایەنەکان بە یەک هەڵوێستەوە روبەرووى تەحەدییەکان ببنەوە. لەگەڵ هەوڵى ئەو پارتانەى رۆژئاواى کوردستان و خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوا بە ئاڕاستەى دروستکردنى مەرجەع و یەک هەڵوێستى لەسەر پرسەکان، بەڵام تا ئیستا ەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەدەرەوەى ئەو بازنەیە و بانگهێشت نەکراوە. ئەندامەکەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى مەسەدە هۆکارى بەشدارى پێنەکردنى ئەنەکەسەى گەراندەوە، بۆ ئەوەى ئەو ئەنجومەنە بووەتە بەشێک لەو گروپانەى ئۆپۆزسیۆنى سوریا کە بە بارەگاکەیان لە تورکیایە و دەبێت پابەندى بریارى ئەو گروپانە بن، جگە لەوەش لە پرسی دەستبەسەرداگرتنى عەفریندا لەلایەن تورکیاوە هەڵوێستیان نەبووە.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌میندارى گشتى حزبى یه‌زیدى دیموکراتى ده‌ڵێت چوار هێزى جیاواز له‌ناو شه‌نگالدا هه‌یه که زیاتر لە پێنج هه‌زار چەک به‌ده‌ست بوونیان هه‌یه. حه‌یده‌ر شه‌شۆ، ئه‌میندارى گشتى حزبى یه‌زیدى دیموکراتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی ئاماژه به‌وه ده‌دات که هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى حزبه‌که‌یان خراونه‌ته سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه. شه‌شۆ ده‌شڵێت «داعش که هێرشى کردۆته سه‌ر شه‌نگال له 2014دا، ته‌نها پۆلیسى حکومه‌تى عێراقى لێبووه‌و زۆرینه‌ى پێشمه‌رگه‌ى پارتى لێبووه و به‌رنامه‌مان هه‌یه، ئه‌و که‌سانه دادگایى بکه‌ن که دۆخى شه‌نگالیان به‌و رۆژه گه‌یاندووه که کچ و کوڕ‌و ژن و مناڵى ئێزیدى بوونه‌ته قوربانى، به‌تایبه‌ت به‌رپرسى میحوه‌رى شاره‌که«. هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد، راوێژکارێکى ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى، ملیۆنان دۆلارى خه‌ڵکى شه‌نگالى خواردووه‌و سکاڵایشیان له‌سه‌ر ئه‌و که‌سه تۆمار کردووه‌و به فالح فه‌یاز راوێژکارى ئه‌منى قه‌ومى عێراقى راگه‌یاندووه. حه‌یده‌ر شه‌شۆ جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه، وه‌ک حزبه‌که‌یان داکۆکى له‌خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌که‌ن و به‌رگرییان لێ ده‌که‌ن و به پێویستى ده‌زانێت سه‌رجه‌م هێزه‌که‌یان له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقییه‌وه، وه‌ک شه‌رڤانى یه‌زیدى بۆ پاراستنى شه‌نگال، دابمه‌زرێندرێت. هاوڵاتی: فالح فه‌یاز راوێژکارى ئه‌منى نیشتمانى عێراق هاتبوو بۆ شه‌نگال، باسى چى کرد له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا که ئێوه‌ش ئاماده‌بوون؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: پێش چه‌ند رۆژێک فالح فه‌یاز، راوێژکارى ئه‌منى قه‌ومى عێراق هاتبووه شه‌نگال، ئه‌و باسى ئیداره‌ى شه‌نگالى کرد که ئیداره‌ى نوێ بێته هه‌ڵبژاردن لاى خه‌ڵک، منیش پێم وت که زیاتر له‌سه‌دا هه‌شتاى خه‌ڵکى شه‌نگال ئاواره‌بوون، چۆن ده‌توانن ئیداره‌یه‌ک ئیختیار بکه‌ین و هه‌ڵیبژێرین که زۆرینه‌ى خه‌ڵکه‌که‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى شه‌نگالدان، ئێمه داخوازى ده‌که‌ین که ئیداره بگه‌رێته‌وه بۆ شاره‌که‌و ئه‌گه‌ر قایمقام وه‌کو شه‌خس بگۆڕێت هیچ کێشه نیه، به‌ڵام ئیداره بگه‌ڕێته‌وه تا کار بکرێت ئاواره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێد‌و ماڵ و حاڵى خۆیان و پێداویستیه‌کانیان بۆ دابین بکرێت، چونکه ئه‌وانه ماڵیان وێرانبووه‌و پێویستیان به هاوکارى حکومه‌ته. هاوڵاتی: ئێوه ده‌تانه‌وێت خۆتان ئیداره‌ى ئه‌منى شه‌نگال بکه‌ن به فالح فهیازتان راگه‌یاندووه؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: ئێمه هێزێکى عه‌سکه‌ریمان هه‌یه له دواى 2014 له شه‌نگال ماینه‌وه‌و به‌رگریمان کرد، دواى ئه‌وه‌ى داعش کۆتایى پێهاتووه، فالح فه‌یاز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه به‌شێک له هێزه‌کانى ئێمه وه‌کو پۆلیس قبوڵ بکرێن، بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تى ناوخۆ و فه‌یاز وتى نابێت هێزى جیاواز جیاواز بمێنێت و ده‌بێت له‌ژێر فه‌رمانى ده‌وڵه‌تى عێراق بن، له شه‌نگال و به‌عشیقه‌و بهعهدر ئه‌مه قسه‌ى فالح فه‌یاز بوو. وه‌ک حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئه‌وه‌نده‌ى پێشبینى ده‌که‌م ئه‌وه‌یه که ره‌نگه حکومه‌تى عێراق بیه‌وێت بهکشێکى که‌م له هێزه‌کانى وه‌ک پۆلیس تۆمار بکات که ره‌نگه نه‌گاته سێ هه‌زار که‌س، به‌ڵام ئه‌مه غه‌دره له‌خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌کرێت، چونکه هێزه‌کانى ئێمه بووین به‌رگریمان له شه‌نگال کردووه و پێویسته سه‌رجه‌میان دابمه‌زرێندرێن وه‌ک هێزى شه‌رڤانى پاراستنى شه‌نگال. هاوڵاتی: ژماره‌ى هێزه‌که‌ى ئێوه وه‌ک پارتى ئێزیدى دیموکراتى له‌ناو شه‌نگالدا چه‌نده؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: وه‌کو پاراستنى هێزى یه‌زیدخان، یه‌ک لیوامان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان قبوڵکرا که ژماره‌یان هه‌زار که‌س بووه، به‌ڵام ئێمه هێزه‌که‌مان زۆر له‌و ژماره زیاتره، چونکه ئێمه هه‌شت هه‌زار کچ و کورمان چه‌کداربوون ته‌نها یه‌ک هه‌زار قبوڵ کراوه، ئه‌وه‌ش به ره‌زامه‌ندى پارتى و یه‌کێتى به ئه‌مرى مه‌سعود بارزانى جێبه‌جێ کراوه. هاوڵاتی: چه‌ند هێزى جیاواز له‌ناو شه‌نگالدا هه‌یه؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: ئێستا یه‌به‌شه ئه‌وانه‌ى نزیکن له‌په‌که‌که هه‌زارو 500 بۆ دوو هه‌زار چه‌کداریان هه‌یه و ته‌نها 500 که‌سیان هاوکارى له‌به‌غدا وه‌رده‌گرن. دوو هه‌زار له‌خه‌ڵکى شه‌نگال چه‌کدارن له‌ناو حه‌شدى شه‌عبى له‌به‌ر بژێوى ژیانى خۆیان، دوو هه‌زار چه‌کدار لاى قاسم شه‌شۆیه فه‌رمانده‌یى شه‌نگال له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه هه‌یه. واتە نزیکه‌ى شه‌ش هه‌زار چەک به‌ده‌ستى ئه‌و هێزانه‌ش بوونیان هه‌یه. هاوڵاتی: پارچه ڤیدیۆیه‌ک بڵاوبویه‌وه که گفتوگۆى به‌رێزتان پیشان ده‌دات له‌گه‌ڵ فالح فه‌یاز و ده‌ست بۆ که‌سێکى دیاریکراو راده‌کێشیت شه‌نگالى فرۆشتووه؟ ئه‌و که‌سه کێیه و چ به‌رپرسیارێتیه‌کى هه‌یه؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: ئه‌و که‌سه ناوى موراد مینا شه‌رۆ سلێمان کالۆیه له‌ناو حه‌شدى شه‌عبیدایه و وه‌کو راوێژکارى ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس فه‌رمانده‌ى باڵاى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى، که‌له‌به‌ر قودسیه‌تى یه‌زیدیان ئه‌و که‌سه‌ى کردوه‌ته راوێژکارى خۆى، ملیۆنه‌ها دۆلارى له‌سه‌ر خوێنى یه‌زیدیان و شه‌رڤانانى یه‌زیدى خواردووه‌و موچه‌ى چه‌کداره‌کانى شه‌نگالى بردووه بۆ خۆى. سکاڵاى یاسایمان له‌دادگاى که‌راده له‌به‌غداد له‌سه‌ر تۆمار کردووه و له‌رۆژنامه‌ى وه‌قایعى عێراقى بڵاوکراوه‌ته‌وه که ملیۆن دۆلارى خواردووه، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ى ناو حه‌شد نزیکین، ئاگادارى بردنى ئه‌و پاره‌یه‌ن یان شه‌ریکى ئه‌و کاره‌ین بۆیه لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ناکرێت. هاوڵاتی: پێتانوایه وه‌ک ئه‌میندارى حزبى یه‌زیدى دیموکراسى کێ نه‌یتوانى شه‌نگال بپارێزێت؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: له رووداوى هاتنى داعش بۆ شه‌نگال هێزى عێراقى تێدا نه‌بوو، به‌س هێزى عێراقى له موسڵ هه‌بوو، لهبهعهدرو ته‌له‌عفه‌رو ره‌بیعه هێزى عێراقى هه‌بوون. له‌ناو شنگال پۆلیسى عێراقى هه‌بوو، به‌ڵام له‌ناو شه‌نگالدا هێزێکى زۆرى پێشمه‌رگه‌ى پارتى لێ‌بوو که ته‌حه‌مولى به‌رپرسیارێتى روداوه‌کان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى ئه‌وان. ئێ نابێژین یه‌کێتى ته‌حه‌مولى مه‌سئولیه‌تى شه‌نگال ناکات، به‌س مهسئولهیهتى هه‌ره مه‌زن له‌سه‌ر ملى پارتى بووه له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌دا 80 بۆ سه‌دا 90ى هێزى چه‌کدارى پێشمه‌رگه‌ى پارتى له شه‌نگالدا بووه.هێزى یه‌کێتى له شنگال هه‌بووه به‌س بێ ده‌سه‌ڵات بوون. هاوڵاتی: ئێستا ئێوه وه‌کو حزبێکى سه‌ربه‌خۆ وان یان نزیکن له پارتى یا یه‌کێتیه‌وه؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: ئێمه حزبێکى سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه وه‌کو پارتى دیموکراتى ئێزیدى له حکومه‌تى عێراقى مۆڵه‌تمان وه‌رگرتووه، له‌کوردستان دوامان کردبوو که له‌هه‌ڵبژاردنى کوردستان به‌شداربین، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم ره‌تیکرده‌وه، ئێستا ته‌نها مۆڵه‌تمان لاى حکومه‌تى عێراقى هه‌یه. وه‌کو حه‌یده‌ر شه‌شۆ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کم به یه‌کێتى و پارتییه‌وه نییه، به‌ڵام وه‌ک حزب په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه. هاوڵاتی: ده‌تانه‌وێت کێ و چ لایه‌نێک بهدادگایى بگه‌یه‌نن له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ى به‌سه‌ر شه‌نگالدا هاتووه له‌لایه‌ن داعشه‌وه؟ حه‌یده‌ر شه‌شۆ: حکومه‌تى عێراق که هێزى هه‌بووه له موسڵ ده‌بێت به‌رپرسه عهسکهریهکانیان دادگایى بکرێن. فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه و هه‌ر ئه‌فسه‌رێکى پێشمه‌رگه که له‌ناو شه‌نگال بووبێت به‌تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ى که به‌پرسى میحوه‌رى شه‌نگال بوون پێویسته دادگایى بکرێن، چونکه ده‌یانتوانى به‌رگرى له خه‌ڵکى یه‌زیدى و شه‌نگال بکه‌ن و ئه‌و کچ و کورو ژن و مناڵ نه‌بنه قوربانى ده‌ستى تیرۆرستانى داعش.
هیوا عەبدوڵا بەگوێرەی راپرسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری شارەوانییەکانی تورکیادا، هاوپەیمانی کۆمار کە لیستی لایەنەکانی دەسەڵاتە لە شاری ئەستەنبوڵ براوە دەبێت، لە ئەنقەرەش هاوپەیمانی گەل براوە دەبێت کە لیستی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە. هەروەها هاوپەیمانی پارتە کوردییەکان براوەی زۆرینەی شارەکانی باکوور دەبێت. بڕیارە هاوڵاتیانی تورکیا لە 81 پارێزگا و 315 ئەنجومەنی شارەوانی روو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن. بەپێی راپرسییەکان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە هاوپەیمانی پێکهێناوە لەگەڵ حەوت پارتی تری کوردی‌دا، ئاستی دەنگەکانی بەرزدەکاتەوە. پارتی داد و گەشەپێدانی (ئەکەپە) بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆککۆماری تورکیا، کۆمەڵێک کەسایەتی دیار وخاوەن پێگەی جەماوەری بۆ شارە گەورەکانی وەکو ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر دیاریکردووە، کە ئەوانیش بیناڵی یەڵدرم سەرۆکی پێشوی پەرلەمان و محەمەد ئوزحسکی سەرۆکی حکومەتی پێشوو و نیهاد زبکچی جێگری پێشوی سەرۆکی ئاکپارتین. دیاریکردنی ئەو کەسانە لەلایەن ئۆردۆغانەوە، بۆئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە بە هەڵبژاردنێکی هەستیاری و گرنگ دادەنرێت بەو پێیەی یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییە کە ئەنجامدەدرێت لەدوای گۆرینی سیستمی حکومڕانی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. بۆ ئەوهەڵبژاردنە کە ١٣ پارتی سیاسی لەسەر ئاستی تورکیا لە ململانێدان، کە دیارترین پارتەکانی تورکیان کە بریتین لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی خێر (ئیی) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە). راپرسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی داد و گەشەپێدان ئاک‌پارتی لە بردنەوەی شارەوانی ئزمیر بێئومێدبووە و لە ئەنقەرەش دەنگی کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە دابەزین دایە کە هاوپەیمانیەتیەکە لە نیوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) پێکهێنراوە، لە ئیستەنبوڵیش کاندیدی ئاک‌پارتی بە جیاوازیەکی کەم پێش هاوپەیمانی گەلی رکابەری کە کەتووە، کەهاوپەیمانی نیوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیایە. ناوندی ئۆراک (ORC) کە یەکێکە لە ناوەندەکانی توێژینەوە لە تورکیا و ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراەوە، توێژینەوە لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری‌دا دەکات، بەیەکێک لە ناوەندە باوەرپێکراوەکانی راپرسی دادەنرێت. رۆژی شەمە ئەنجامی راپرسییەکی لە سێ گەورەترین شاری ئەو وڵاتە کە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و ئزمیرە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەنجەمەکان، پارتی داد وگەشەپێدان و هاوپەیمانەکەی لە دوو گەورەترین پارێزگای تورکیا روبەروی شکست دەبنەوە، راپرسییەکەی ناوەندی ئۆراک بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا بەم شێوەیە بوو: باکوری کوردستان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەگەڵ ٧ پارتی باکووری کوردستان هاوپەیمانی دروستکردووە لەژێر ناوی «بەرەی نەتەوە پەروەر و دیموکرات» ئەوەش بۆ هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار بۆ ئەوەی دەنگی کوردانی باکور پەرت نەبێت و بۆ پارتەکانی تر نەڕوات. کورد دەیەوێت لە رێگای هەڵبژردنەکەی ٣١ی ئازارەوە جارێکی تر سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان بەدەستبهێنێتەوە، بە گوێرەی راپرسیەکانیش هەدەپە لە شارەکانی ئامەد، مێردین، وان، جۆلەمێرگ، شرنا‌خ، سێرت، باتمان و دێرسیم رێژەی دەنگەکانی زیاد دەکات. لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکان ساڵی ٢٠١٤، پارتی دیموکراتی گەلان کە بەپارتی کوردانیش ناسراوە، توانی زۆربەی شارەوانییەکانی شارەکانی باکوری کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام دوای هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و زیندانی کردنی ٩ پەرلەمانتاری، لە ئێستادا زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بەو پارتە لە زینداندان و حکومەتی تورکیا لە جێگای ئەوان کەسانی سەربەدەوڵەت (قەیوم)ی داناون. پارتی دیموکراتی گەلان بۆ هەڵبژردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩، کاندیدی بۆ گەورە شارەکانی وەکو ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئزمیر و زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای تورکیا دانەناوە و ناڕاستەخۆ پشتیوانی لە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن (کاندیدی هاوبەشی ئی پارتی و جەهەپە) دەکات، بەڵام بۆ شەش ناوچەی ئیستەنبوڵ کە زۆرینە کوردن هەدەپە کاندیدی بۆهەڵبژرادنی ئەنجومەنی ناوچەکان داناوە. ئەنقەرە له راپرسیەکهى ناوه‌ندى(ORC) هاتووە، لە ٨٦.٧%ی ئەوانەی فۆرمەکەیان وەرگرتووە وەڵامیانداوەتەوە، دەرکەوتووە پارتی داد و گەشەپێدان ٣٨.٩%ی دەنگەکانی شارەوانی ئەنقەرە بەدەستدەهێنێت و رکابەرەکەی کە پارتی گەلی کۆماریە ٤٣.٤%ی دەنگەکان دەباتەوە و ١٥.٢%ی دەنگدەرانی ئەنقەرەش تائێستا خۆیان یەکلانەکردۆتەووە و ٢.٨% دەنگیان بەلایەنی تردەدەن. لەو بارەیەوە قورای ئایدن پەرلەمانتاری پارتی باش کە هاوپەیمانی پارتی گەلی کۆماری تورکیایە بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە کە ئەوان پێیان وایە هەڵبژاردن لە ئەنقەرە تەواو بووە، لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی گەورە لەنێوان کاندیدی ئۆپۆزسۆن و کاندیدی ئاک‌پارتی دا هەیە. ئەوان دڵنیان کاندیدی ئەوان (ئۆپۆزسیۆن) بۆ هەڵبژردنی شارەوانی ئەنقەرە سەردەکەوێت. ئیستەنبوڵ بەگوێرەی راپرسیەکە کە بۆ هەڵبژردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە بیناڵی یەڵدرم کاندیدی پارتی داد‌و گەشەپێدان(AKP) رێژەی ٥٠.٩%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرەکەی کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ کاندیدی پارتی گەلی کۆماری(CHP) ی ئۆپۆزسیۆنە ٤٦,٦%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەوانەشی بریاریان نەداوە ٢.٥%ی کۆی دەنگەکان بوون. بەگوێرەی راپرسیەکە جیاوازی نێوان کاندیدەکەی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی گەلی کۆمارتەنها ٤ خاڵە، ئەوەش ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئەنجامەکانی هەڵبژردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دەبینین دەنگەکانی ئاک‌پارتی لە ئیستەنبوڵ بەرزبۆتەوە، ئەو کاتە پارتی داد و گەشەپێدان ٤٧.٩%ی دەنگدەرانی ئیستەنبوڵی بەدەستهێنابوو لەبەرامبەریشدا پارتی گەلی کۆماری ٤٠.١%ی دەنگدەرانی بەدەستهێنابوو. ئزمیر بەگوێرەی راپرسیەکە لە پارێزگای ئزمیر کاندیدی پارتی گەلی کۆماری بەجیاوازییەکی زۆر پێش کاندیدەکەی پارتی داد و گەشەپێدان کەوتووە، بەجۆرێک ٥٥.٦%ی دەنگدەران بریاریانداوە دەنگ بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بدەن و ٤٢.١%ی بەشداربوانیش دەنگیان بە کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان داوە. ئەوەش لە کاتێکدایە پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژردنی شارەوانیەکانی ساڵی ٢٠١٤ توانیبوی رێژەی ٤٩.٦% دەنگدەرانی ئزمیر بباتەوەو پارتی داد و گەشەپێدانیش ٣٥.٩% دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. ئاسکی شەهیر لە پارێزگایی ئاسکی شەهیر رێژەی دەنگدەران بە یەڵماز بیۆکشیرین کاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن گەیشتۆتە ٤٩.٦% جیاوازی لە نێوان هەردوو کاندیدەکە تەها ١.١%، و بورهان ساکالۆ کاندیدی هاوپەیمانی داد و گەشەپێدانیش ٤٨.٥% دەنگدەرانی پارێزگای ئاسکی شەهیری بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٤ پارتی گەلی کۆماری توانیبوی ٤٥.٣%ی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و پارتی داد و گەشەپێدانیش ٣٩.١%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. ئەنتالیا بەگوێرەی راپرسییەکەی ناوەندی(ORC) پارتی داد و گەشەپێدان لە پارێزگای ئەنتالیا بەجیاوازی ٢.٢% پێش رکاربەرەکەی کەتووە، بەجۆرێک ٤٨.٠%ی بەشداربووان ووتویانە دەنگ دەدەن بە بە مندەریس تورێل کاندیدی ئاک‌پارتی و ٤٦.٧%یدەنگدەرانیش دەنگ دەدەن بە کاندیدی گەلی کۆماری محێدین بوچیک. لە هەڵبژردنی شارەوانییەکانی تورکیا ساڵی ٢٠١٤، پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٤%ی کۆی دەنگدەرانی بردبۆوە و پارتی گەلی کۆماری ٣٤.٦%ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەست هێنابوو. ئەدەنە راپرسییەکەی ناوەندی (ORC) ئاماژە بەسەرکەوتنی حسێن سۆزلو دکات کاندیدی پارتی و داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا بە جیاوازی ١٠ خاڵ، لە راپرسیەکەدا ٥٣.٩%ی بەشداربوان وتوویانە کە دەنگدەدەن بە کاندیدی ئاک پارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە بەرامبەردا ٤٤.٣%ی دەنگدەران دەنگ دەدەن بە زێدان کارالار کاندیدی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن. ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا ٣٣.٦ و پارتی داد و گەشەپێدان ٣٢% و پارتی گەلی کۆماریش ٢٥% دەنگدەرانیان بەدەستهێنابوو. ئەنقەرە سزای ئەردۆغان دەدات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو راپرسییانەی لەلایەن پارتەکانەوە ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەنجامەکانی بۆ راگەیەندنەکان ئاشکرا ناکرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی رابردوو شانازی دەکرد بەوەی پارتەکەی بەتەواوی پشت بەو راپرسییانە دەبەستێت کە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەو ماوەیە بەئاشکرا رایگەیاندووە کە «باوەری بە ئەنجامەکانی راپرسی نیە»، بەوهۆکارەی کەناوەندەکانی راپرسی « یاری» بەئەنجامەکان دەکەن، بەڵام هۆکاری رەتکردنەوە راپرسییەکان لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ماڵپەڕی (ARAB-TURKEY.COM) لە راپۆرتێک‌دا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەنجامی راپرسیەکان ئاماژە بە شکستی پارتەکەی ئەرۆغان دەکەن لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٤ شارەوانی ئەنقەرە کەوتە دەست مەلیح غۆتشاک لە پارتی وەفا دواتریش تیکەڵی ئاک‌پارتی بوو، بەدرێژایی حکومڕانی ئاکپارتیش ئەنقەرە وەکو یەکێک لە شارە گەروەکان بۆ ئاک‌پارتی یەکلاببۆوە. لەدواین هەڵبژاردنی شارەوانیەکان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەڕێوەچوو پارتی داد و گەشەپێدان ٤٤.٩%ی دەنگوکانی بەدەست هێنابوو توانی بووی بەرێژەیەکی کەم بەسەر رکابەرەکەی کە پارتی گەلی کۆماریە سەربکەوێت کە ٤٣.٨% دەگەکانی بردبوو. هۆکارێکی تر کەئاماژە بەدابەزینی دەنگەکانی ئاک‌پارتی لە ئەنقەرە دەکەن، پەیوەندی کاندیدی ئاکپارتیەوە هەیە کە ئەویش مەحمەد ئۆزحسکیە، کە بەشێکی زۆری دەنگدەران دەربارەی تواناکانی نازانن و تێبینیان هەیە کە کوڕی شارەکە نیە، هەروەها لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (زۆرینە کورد) بەشێوەیەکی رانەگەیەنراو پشتیوانی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. هۆکاری تریش قەیرانی داراییە کە توکیا تائێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات، ئێستا کە نرخی پێداویستیەکانی هاوڵاتی بە شێوەیکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و شارەوانیەکانیش بۆ پێداویستیەکانی خەڵک هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. بۆ نمونە هەرزانکردنی نرخی مادەخۆراکیەکان... لەگەڵ تێبینی و رەخنە (بەهۆکاری جۆراوجۆر) لەلای لایەنگر و هەوادارانی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەوان وایی دەبینن سندوقەکانی دەنگدان شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی نامەی ناڕەزایی ئاراستەی ئاک‌پارتی بکەن. هەڵبژاردنەکەی ئەم جارە لە ئەنقەرەی پایتەخت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان هەڵبژردنێکی قورسە، لەبەر ئەوەی ئەگەری شکستهێنانی ئەگەرێکی بەهێزە. ئەوەش وادەکات ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار و مەحمەد ئۆزحسکی کاندیدی ئاک‌پارتی پێداچونەوەیەکی ورد و خێرا بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن کە لە ئەنقەرە دەیبەنەوە و بۆ رێگری لە شکستیش هەموو قورسایی سیاسی و کەسایەتیە دیارەکانی ئاک‌پارتی بەشداری دەکەن لە دوا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەو شارە. هۆکاری دوەمیش کە ئاک‌پارتی دەیەوێ ئەنقەرە لەدەست نەدات بۆ رێگرتنە لە جیابونەوە و کشانەوەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی شکستی ئاک‌پارتی ئەگەر هەیە لەو حزبە بکشێنەوە.
سازدانى: هاوڵاتی ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت، بهیهکێتیمان وتووه پشکه‌کانى گۆڕان له حکومه‌ت قابیلى موناقه‌شه نییه و ده‌توانن داواى پشکى دیکه بکه‌ن. ئاراس حه‌سۆ میرخان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، ره‌نگه هاوشێوه‌ى ئه‌و پۆسته‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت بۆ گۆڕان دانراوه، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمیش بۆ کاروبارى پرسێکى دیکه بۆ یه‌کێتى دابنرێت. به‌ڵام پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ گۆڕانه ئه‌وه کۆتایی پێهاتووه. جه‌ختیشده‌کاته‌وه، ده‌رفه‌تى به‌فیڕۆدانى کات نه‌ماوه بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت. پێشبینیش ده‌کات لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌ستبه‌کاربن بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى پرسی پۆسته‌کانى حکومه‌ت. هاوڵاتی: ئاڕاسته‌ى دانوستانه‌کانى پارتى و یه‌کێتى به‌ره‌و کوێ هه‌نگاو ده‌نێت، ئایا پێکهێنانى حکومه‌ت نزیکبووه‌ته‌وه؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: پاش ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنى سیاسی دوو قۆڵیمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى واژۆکرد، چاوه‌ڕوان بووین فراکسیۆنى یه‌کێتى بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان و کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستپێبکاته‌وه، تا دانیشتنه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت به‌رده‌وام بن، ئه‌مڕۆ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه بوو له‌سه‌ر پرسی پێکهێنانى حکومه‌ت، ئێستا ئاڕاسته‌کان گه‌یشتونه‌ته باسکردنى پرسی دابه‌شکردنى پۆسته‌کان، که به‌شى یه‌کێتى چى ده‌بێت. هاوڵاتی: پێتانوایه به‌زوویی بتوانن بگه‌نه رێککه‌وتن؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: مه‌جالى ئه‌وه نه‌ماوه کات به فیڕۆ بده‌ین، کاته‌که یاساییه دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران پێویسته یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌مواربکرێته‌وه، پاشان سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌رۆکى حکومه‌ت رابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت. نابێت پێکهێنانى حکومه‌ت زۆر بخایه‌نێت، پێشبینى ده‌که‌ین لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌ستبه‌کاربن بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى پرسی پۆسته‌کانى حکومه‌ت. هاوڵاتی: بۆچونتان له‌سه‌ر به‌شدارینه‌کردنى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان چییه، له‌کاتێکدا به‌پێی رێککه‌وتنه‌کان پێویست بوو یه‌کێتى به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مانى بکردایه‌ته‌وه؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: ئێمه رێکه‌وتنێکمان واژۆکرد که به‌پێی رێککه‌وتنه‌که ده‌بوو یه‌کێتى به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ئێستا پرسه‌که‌یان گرێداوه به پرسی پۆسته‌کان و ده‌ڵێن تا پۆسته سه‌ره‌کییه‌کان دیار نه‌بن، ناتوانن به‌شدارى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان بکه‌ین، به‌ڵام په‌رله‌مان راناوه‌ستێت کاره‌کانى خۆى ده‌کات، ئه‌وه‌شمان به‌یه‌کێتى وتووه که په‌رله‌مان ئیشى خۆى ده‌کات و له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین رێکبکه‌وین. هاوڵاتى: پێشبینى ده‌که‌ن که‌ى بگه‌نه رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین ئه‌م مانگه ئه‌و پرسه کۆتایی پێبێت و حکومه‌ت پێکبهێنرێت. هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌کرێت یه‌کێتى ئێستا له‌جیاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم و وه‌زیرى ناوخۆ ده‌کات، ئه‌مه کێشه بۆ دانوستانه‌کان دروستناکات؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: بڕواناکه‌م ئه‌وه ببێته موشکیله. ده‌کرێت له‌سه‌ر پۆسته‌کان رێکبکه‌وین، وه‌کو ئه‌و پۆسته‌ى له حکومه‌ت بۆ گۆڕان دیاری‌کرا پۆستى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ چاکسازى، ده‌کرێت له‌سه‌ر پۆستێک رێکبکه‌وین وه‌ک ئه‌و پۆسته‌ى بۆ گۆڕان دروستکرا. هاوڵاتی: واته ره‌نگه رێککه‌وتنه‌که ئه‌وه‌بێت پۆستێک له سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ یه‌کێتى دروستبکه‌ن؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: ره‌نگه هاوشێوه‌ى پۆسته‌که‌ى گۆڕان، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمیش بۆ کاروبارى پرسێکى دیکه بۆ یه‌کێتى دابنرێت، به‌ڵام پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ گۆڕانه ئه‌وه کۆتایی پێهاتووه. دوێنێش ئه‌وه‌مان به‌یه‌کێتى وتووه که ئه‌و پۆستانه‌ى دراون به گۆڕان به‌پێی رێککه‌وتن بووه و کۆتایی هاتووه، موناقه‌شه له‌سه‌ر پۆسته‌کانى گۆڕان ناکرێت. هاوڵاتی: یه‌کێتى ئه‌وه رازیه؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: ئه‌وه کێشه‌ى یه‌کێتى نییه، به‌شى گۆڕانه، یه‌کێتى ده‌توانێت داواى به‌شى دیکه بکات، هیچ په‌یوه‌ندى به پۆسته‌کانى گۆڕانه‌وه نییه. هاوڵاتی: بیرتان له هیچ ئه‌گه‌رێک کردووه‌ته‌وه له ئه‌گه‌رى رێکنهکهوتنتان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێدهکهوین، بۆیه جارێ بیر له بژارده‌ى دیکه ناکه‌ینه‌وه. هاوڵاتی ده‌کرێت به‌بێ یه‌کێتى حکومه‌ت پێکبهێنرێت؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: ناکرێت ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێکده‌که‌وین، هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و قۆناغه له‌سه‌ر پۆستێک و وه‌زاره‌تێک رێکنه‌که‌وین، ناگاته ئه‌و قۆناغه. هاوڵاتی: کۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌شدارى پێده‌کرێت له کابینه‌ى نوێ‌دا، باس له‌وه‌ده‌کرێت پارتى ده‌یه‌وێت به‌شدارییان پێ بکات؟ ئاراس حه‌سۆ میرخان: هیچ زانیارییه‌کم له‌باره‌ى پرسی به‌شدارى پێکردنى کۆمه‌ڵ له کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت نییه.
شاناز حه‌سه‌ن وه‌رزى یه‌که‌مى خولى یاسادانانى په‌رله‌مان، یه‌که‌م گرژیى به‌خۆوه بینى، کاتێک په‌رله‌مان له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، هه‌وڵیدا پێکهێنانى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌کانى یه‌کلایی بکاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌کاره‌کانیان بکه‌ن. له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا که دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان ناوى ئه‌ندامانى چوارده لیژنه‌ى هه‌میشه‌یی خوێنده‌وه، که ناڕه‌زایی فراکسیۆنه‌کانى نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتووى لێکه‌وته‌وه که وه‌کو دوو فراکسیۆنى ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مان کارده‌که‌ن. فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ که خاوه‌نى هه‌شت کورسییه، له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانیان به «پێشێلکاریى په‌یڕه‌وى ناوخۆ» تۆمه‌تبارکرد، به‌و پێیه‌ى ئه‌ندامیان بۆ دانه‌نرابوو له لیژنه‌کانى دارایی و سامانه سروشتییه‌کان، دواى دروستبوونى گرژیش ڤالا فه‌رید سه‌رۆکى په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆنه‌که‌ى کرده ده‌ره‌وه. مژده مه‌حمود په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ به هاوڵاتی وت «ئێمه وه‌ک گه‌وره‌ترین فراکسیۆنى ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان، ویستمان به‌شداربین له لیژنه سیادییه‌کان وه‌ک لیژنه‌ى دارایى و پێشمه‌رگه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌ندامى ئێمه‌ى تێدا نیه«. وتیشى «به‌داخه‌وه که به شێوه‌یه‌کى ئاشکرا نوقته‌ى نیزامیمان وه‌رنه‌گیرا، سه‌رۆکى په‌رله‌مان لایه‌ندارى کرد‌و به‌هیچ شیوه‌یه‌ک به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان کارنهکرا». به وته‌ى مژده مه‌حمود له یاساى هه‌موو وڵاتاندا وایه، که پێویسته هێزى ئۆپۆزسیۆن له لیژنه گرنگه‌کاندا هه‌بێت «دزى و ناعه‌داله‌تى به‌شیوه‌یه‌کى زه‌ق له‌و لیژنانه‌دا هه‌یه، بۆیه ده‌یانه‌وێت له ئێمه‌ى بشارنه‌وه، کێشه‌یان چى ده‌بێت ئێمه له‌و لیژنانه‌دا هه‌بین». له‌باره‌ى ڕوماڵکردنى ڕاسته‌وخۆى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مانیشه‌وه، مژده مه‌حمود وتى «ئه‌و کاته‌ى ئێمه گوێمان لێنه‌گیرا، شه‌ڕى ئێمه‌یان بڕى و پیشانیان نه‌دا. پێویسته هه‌موو فراکسیۆنه‌کان پشگیرییان بکردینایه، به‌ڵام ته‌نها کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو پشگیرییان کردین». له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان رونیکرده‌وه که دانانى لیژنه‌کان به‌پێی پێوه‌رى زانستى و به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنى فراکسیۆنه‌کان بووه‌و ره‌تیکرده‌وه په‌یڕه‌وى ناوخۆیان پێشێلکردبێت. هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان، وتى «نه‌وه‌ى نوێ کێشه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى په‌رله‌مان بووه نه‌ک پارتى، خه‌ڵک متمانه‌ى زیاترى به پارتى داوه نه‌ک نه‌وه‌ى نوێ، بۆیه ئه‌ندامى پارتى زیاتره«. وتیشى»به‌داخه‌وه ئه‌وان مۆدێلێکى نوێیان هێناوه که هاتووهاواره له‌ناو په‌رله‌ماندا، که بڕواناکه‌م ئه‌وانه‌ى که ده‌نگیان به ئه‌وان داوه، هیچیان ئه‌وه‌یان بوێت». هێڤیدار ئه‌حمه‌د باسیله‌وه‌کرد، دیدگاى فراکسیۆنى پارتى ئه‌وه‌یه که «ئه‌م کاره‌یان په‌یوه‌ندى به فراکسیۆنى پارتیه‌وه نییه و ئه‌وه به‌رکه‌وته‌ى ئه‌وانه که به‌ریان که‌وتووه له‌ناو په‌رله‌ماندا».. پارتى دیموکراتى کوردستان که گه‌وره‌ترین فراکسیۆنى په‌رله‌مانه، زۆرترین ئه‌ندامى له لیژنه‌کاندا هه‌یه. به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆ، ده‌بێت لیژنه‌کانى په‌رله‌مان ره‌نگدانه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان بێت و به‌پێی ژماره‌ى کورسییه‌کان ئه‌ندامى لیژنه‌کان دابه‌شبکرێن. لیژنه هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مان له 15 لیژنه پێکدێن، لیژنه‌ى یاسایی ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر یه‌کلایی کرایه‌وه، به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن، ئه‌وکات دروستکردنى ئه‌و لیژنه‌یه نیگه‌رانى فراکسیۆنى یه‌کگرتووى لێکه‌وته‌وه که خاوه‌نى پێنج کورسییه و هیچ ئه‌ندامێکى له‌و لیژنه‌یه پێنه‌درا. ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو، پێیوایه «پێشێلى په‌یڕه‌وى ناوخۆ کراوه، به‌داخه‌وه ڕۆڵێکى لاواز درا به پێگه‌ى ئۆپۆزسیۆن». له‌باره‌ى پشتگیرى فراکسیۆنى یه‌کگرتووه بۆ نه‌وه‌ى نوێ وتى «پشگیرى ئێمه بۆ ئۆپۆزسیۆن بووه، نایفرۆشینه‌وه به نه‌وه‌ى نوێ، وه‌ک ئه‌رکى خۆمان کردومانه«. فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له هه‌شت لیژنه‌ى په‌رله‌مان ئه‌ندامى هه‌یه، به‌ڵام خۆیان ده‌ڵێن ده‌بوو له 10 لیژنه ئه‌ندامیان هه‌بوایه. به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى فراکسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وتى «سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بۆى هه‌یه به‌پێی پسپۆڕییه‌کان ئه‌ندامه‌کان هه‌ڵبژێرێت و هه‌ر لیژنه‌یه‌ى که ئه‌ندامێکى یاسایى تێدابێت باشتره«. جگه له لیژنه‌ى ئه‌وقاف، فراکسیۆنى گۆڕان له‌هه‌موو لیژنه‌کانى دیکه ئه‌ندامى هه‌یه و له‌به‌شێک له لیژنه‌کان دوو ئه‌ندامى هه‌یه. به‌ڵێن ئیسماعیل وتیشى»پسپۆرى له‌به‌رچاو ده‌گیرێت و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌پێی ویستى خۆیان ده‌توانن ئه‌ندام دابنێن، عه‌یبه‌یه بۆ په‌رله‌مانتار ئه‌و لیژنانه جیابکاته‌وه، چونکه هه‌موو لیژنه‌کان لیژنه‌ى هه‌میشه‌یى په‌ڕله‌مانن». له‌باره‌ى داواى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێوه وتى «هه‌قى خۆیانه و ده‌توانن له ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان داوا بکه‌ن و ئاڵوگۆر به ئه‌ندامه‌کان بکه‌ن». فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ تێبینى له‌سه‌ر دیاریکردنى ئه‌ندامانى لیژنه‌کان هه‌یه، به‌ڵام له‌کۆبونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌ماندا ناڕه‌زاییان نیشان نه‌دا. به وته‌ى عوسمان کانى کورده‌یى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌به‌ر زۆرینه‌ى کورسى دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، فراکسیۆنه‌کانى تر ناتوانن به‌پێى ویستى خۆیان ئه‌ندامیان هه‌بێت، «داواکانیان جێبه‌جێ نه‌کراوه و مافیشیان پێشێل کراوه«. وتیشى «به‌داخه‌وه به ئاره‌زوى خۆیان ئه‌ندامه‌کان دیاریکراون و لیژنه‌ى وا هه‌یه که ئێمه هه‌ر داوامان نه‌کردووه، به‌ڵام دوو ئه‌نداممان دانراوه وه‌ک لیژنه‌ى ڕ‌ۆشنبیرى، ئه‌و لیژنه‌یه‌ى که خۆمان داوامان کردووه ناومان نه‌هاتووەته‌وه، به‌پێى پسپۆڕییه‌که‌م ویستومه له لیژنه‌ى ئه‌وقاف بم، له لیژنه‌ى کشتوکاڵ دانراوم». ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێیوایه «په‌رله‌مانتارانى نه‌وه‌ى نوێ هه‌ندێک له په‌یڕه‌و ده‌رچون، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر به ناشرینى وه‌ڵامیان درایه‌وه و که ئه‌وه کارى ئه‌ندام په‌رله‌مانى نییه«. فراکسیۆنى یه‌کێتى هه‌رچه‌نده به‌شدارى کۆبونه‌وه‌کانى په‌رله‌مانى نه‌کردووه، به‌ڵام له‌هه‌موو لیژنه‌کان ئه‌ندامیان بۆ دانراوه، سه‌لمه فاتیح په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى به هاوڵاتی راگه‌یاند، به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن له هه‌موو لیژنه‌کان، دوو ئه‌ندامیان به‌رده‌که‌وێت بێجگه له لیژنه‌ى پێشمه‌رگه که سێ ئه‌ندامیان هه‌یه و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له ئه‌وقاف ئه‌ندامیان نییه. وتیشى «هه‌موو لیژنه‌کان گرنگى و پێویستى خۆى هه‌یه، فراکسیۆنه‌کان ئه‌ندام ده‌نێرن و به‌پێی پسپۆرى و ئه‌زمون و حه‌زى که‌سه‌که، ئیش کردن له‌و بواره‌دا له‌لایه‌ن فراکسیۆنه‌که‌یه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت». له‌باره‌ى ره‌خنه‌کانى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێوه، سه‌لمه فاتیح باسی له‌وه‌کرد، «ئێمه تائێستا به‌شدارى دانیشتنه‌کان ناکه‌ین، بۆیه پێموایه که ئه‌وانه ڕاهاتون که‌له‌سه‌ر زاریانه و باسى ئێمه بکه‌ن، چ ئیشمان بهوەیه که پلان بۆ نه‌وه‌ى نوێ دانێین، کێشه‌که‌ش ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه«.