‌هاوڵاتی، کاکەلاو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و ترسی ئەوە هەیە کە پێکدادان دروست ببێت. گومانی ئەمریکاش لە هەڕەشەکانی ئێران، وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن تا ئامادەبن بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاو. بەدەر لە گوشاری بەردەوامی ئابوری لەسەر ئێران، لە هەڵمەتێکی نوێدا ئەمریکا دەستی کرد جوڵاندنی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناردنی سیستەمی موشەکی پەیتریۆتی بۆ نزیکی کەنداوی فارس ڕاگەیاند. بڕیارە سیستەمەکە لەگەڵ کەشتی جەنگی ئارلینگتۆن ڕەوانە بکرێت، بۆ یاوەری کردنی کەشتی جەنگی ئەبراهام لینکن. سیستەمی بەرگری موشەکی پەیتریۆت دەتوانێت دژی موشەکی بالیستی و موشەکی دەریایی و فڕۆکەی پێشکەوتوو بوەستێتەوە. ئەم سیستەمە توانای هەیە لەدووری ١٠٠کم جوڵەی هەر موشەکێک دیاری بکات کە جێی هەڕەشە بێت و لەماوەی ٩ چرکەدا بەرپەرچی بداتەوە. ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە، دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا لە هەینی ڕابردو ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هەر ئەگەرێکی هێرش دەدەنەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، «ئامادەیی چڕی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن» وایکردووە کە ناردنی کەشتی جەنگی پێویست بێت. هەر بەپێی بەیاننامەکە بێت، ئەمریکا چاوی لە هەڵگیرسانی شەڕ نییە دژی ئێران، بەڵکو تەنها ئەو چالاکییە سەربازییانە بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەبێت بۆ بەرگری. هەر لەدوای ڕاگەیەندراوەکەش، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم بڕیارەی ئەمریکای بە «جەنگی دەروونی» وەسف کرد دژی ئێران کە ئامانج لێی ترساندنی وڵاتەکەیەتی. مەرجەعێکی باڵای شیعەش، ئەیەتوڵا تەباتەبی نەژاد، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانن کەشتیگەلەکەی ئەمریکا بە یەک موشەک لەناوبەرن. وتیشی، «ئەگەر هەوڵی هەر جوڵەیەک بدەن، ئەوا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک موشەکی ئێمە دەبنەوە.»  هەروەها ئەمیر عەلی حاجیزادە، بەرپرسی بەشی ئاسمانی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە ئەوەی پێشتر هەڕەشە بووە بۆ ئێران ئێستا وەک هەلێک دەبینرێت. وتیشی «کەشتییەکی جەنگی کە لانی کەم ٤٠ بۆ ٥٠ فڕۆکەی لەسەرە و شەش هەزار سەربازی لەخۆگرتووە، پێشتر بە هەڕەشە دادەنرا بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە گۆڕاوە بۆ دەرفەت و ئەگەر ئەمریکییەکان هەر جوڵەیەک بکەن، لەسەریان دەدەین و مێشکیان دەپژێنین.» سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ویلیام فاڵۆن، فەرماندەیەکی پێشووی ئەمریکی، پێیوایە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە سەرناکێشێت بۆ جەنگ بەپێچەوانەی ئەو زیادەڕەوییە میدیاییەی کە هەیە. وتیشی، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ چەند دەیەیەکە بەردەوامە و هیچ دەرئەنجامێکی جدی لێنەبینیوە. هەروەها حیشمەتوڵا فەلاحەت کە بەرپرسی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە لە پەرلەمانی ئێران، بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئێڕان چاوی لەوە نییە قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەدواین لێدوانیدا ئەوەی نەشاردەوە کە دەرگای دانوستان و لێکتێگەشتن هێشتا دانەخراوە بەڕووی ئێراندا و  دەیانەوێت ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەن هەرچەندە ئێران هەڕەشەیەکی چالاکە بۆ سەر ئەمریکا. هەروەها وتیشی، سزاکانیان تەنها گوشارێکە لەسەر ڕژێمی ئێران و هەوڵدانێکە تا بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە و گۆڕانێکی سیاسی دروست ببێت تا ئەوەی خەڵکی ئێرانیش بەوە ئاواتە بگەن کە دەیانەوێت. سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد ترەمپ، پێشتر داوای ئەوەی لە سیاسییەکانی ئێران کردبوو کە پەیوەندی پێوە بکەن تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە «ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە» بەڵام کاربەدەستانی ئێران دووپاتی ئەوەیان کردووەتەوە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. هەروەک یەدوڵا جەڤانی، بەرپرسی سیاسی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند «هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکرێ و ئەمریکیەکان جورئەتی ئەوەیان نابێت کردەی سەربازی دژمان ئەنجام بدەن.» ئەم جۆرە لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئێران سەرۆکی ئەمریکا بە کەسێکی نابەرپرسیار وەسف دەکات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیانوایە جێی متمانە نییە. لەدواترین هەنگاویشیدا، ئێران ڕایگەیاند کە دەگەڕێتەوە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەر وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا ڕێگەچارەیەک نەدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و بانکیدا. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە هەندێک بەندی سەرەکی ڕیکەوتنەکەی ٢٠١٥ پاشەکشە دەکات کە بونەتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی وڵاتەکە. هۆشداری ئەوەشیدا بە وڵاتە ئەوروپییەکان کە ماوەی ٦٠ ڕۆژیان هەیە تا چارەسەرێک بدۆزنەوە. وڵاتە ئەوروپیەکانیش، بەتایبەتی وڵاتە بەشداربووەکانی ناو ڕێککەوتنەکە کاردانەوەی جیاوازییان هەبوو سەبارەت بە ڕاگەیندراوەکەی ڕۆحانی. لەنێویاندا وەزیری بەرگری فەرەنسا، فلۆرێنس پارلی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە ئەگەر پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەوەکەوە، ئەوا سەپاندنەوەی سزا ڕەچاودەکەنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیاش، ئەنجێلا مێرکل وتی، «ئێمە وەک ئەوروپی و وەک ئەڵمانییەکان کاری خۆمان بەجێدەگەیەنین لە ڕێکەوتنەکەدا و چاوەڕێی پابەندبوونی تەواوەتیش لە ئێران دەکەین.» لەهەمانکاتدا، ڕووسیا ئەمریکا بە تۆمەتبار دەزانێت بۆ درووستبوونی ئەم قەیرانە. سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا تۆمەتبارە بۆ ئەم بارودۆخە و واشی لە ئێران کردووە کە نەتوانێت بەتەواوی ئەرکەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ بکات. وتەبێژی فەرمی ڤلادمیر پۆتینش، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد «سەرۆک چەند جارێک باسی لە ئاکامەکانی هەنگاوی بێباکانە کردووە پەیوەست بە ئێرانەوە کە ئەویش ئەو بڕیارانەیە لەلایەن واشنتۆنەوە دەدرێن.» ئەوەشی وتووە کە بڕیاری هەڵەشە و تاکڕەوانە سەردەکێشێت بۆ گوشاری بێپاساو بۆ سەر ئێران و هەنگاوی تری نەخوازراو دروست دەکات، کە لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەوەین.» بارودۆخەکە قوڵتربوەتەوە و سزاکانی سەر ئێران چوونە قۆناغێکی نوێوە، بەو پێیەی ئەمریکا ئەمجارە بەرهەمەکامی ئێران لە  پۆڵا و مس و ئەلەمنیۆمی کردە ئامانج، کە ئەمەش بەتەواوی ئێران دەخاتە حاڵەتێکی ئابووری مەترسیدارەوە. لەدواین لێدوانیدا، حەسەن ڕۆحانی تاڕادەیەک دان بە گەورەیی مەترسییەکانی سزاکانی ئەمریکا دەنێت و پێیوایە ئەم شەپۆلانە لە سزا قورسترین شەپۆلن کە تائێستا ئێرانی گرتبێتەوە و  بە بێهاوتا وەسفیانی کرد، تەنانەت لە سزاکانی جەنگی عێراق-ئێران خراپترن. وتیشی، «ئەم شەپۆلی سزایانە ئاماژەن بۆ جەنگ و ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.» لەنوێترین لێدوانیشدا، یوڤال ستاینتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل، ترسی خۆی دەربڕی لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و سەرکێشانی ئەم گرژیانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، یاخود هێزە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵاوە. ڕاشیگەیاند، «کێشەکان تادێت قوڵتردەبنەوە، بۆیە هەموو بژاردەیەک ئەگەری ڕوودانی هەیە و ڕەنگە ئێران موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات، یاخود  تەنانەت شێت ببن و جەنگ دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕابگەیەنن.» ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا هۆشداریدابوو کە ڕەنگە ئێران یان هێزە پرۆکسییەکانی کەشتی ئەمریکی یاخود هاوپەیمانەکانی بکانە ئامانج لە ناوچەکەدا. لەدواین پێشهاتیشدا، وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، چوار کەشتی بازرگانی کراونەتە ئامانج بۆ هێرش بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات. هەروەها خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو کەشتی نەوت هەڵگری سعودی لەکەناراوەکانی ئیمارات تێکشکێنراوە لە هێرشێکدا کە زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە. هەر دوای ڕاگەیەندراوەکەی سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری کردووە لەسەر ئەو ڕووداوە. وتەبێژی وەزارەت، عەباس موسەوی ڕایگەیاند کە دەبێت ڕوونکردنەوەی زیاتر دەربارەی ڕووداوەکە بڵاوبکرێتەوە. هۆشداری ئەوەشیدا کە نابێت سەقامگیری و ئاسایشی دەریایی ناوچەکە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بە ڕێکخستنی پیلان و موئامەرە لەلایەن کەسانی قین لە دڵەوە.

‌هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ شاری ئەستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان کۆنتڕۆڵی شارەکەی لەدەستدا بۆ پارتی جەهەپە. ئەم بڕیارە، جارێکی تر لیرەی تورکی دابەزاند و جەهەپەش بە کودەتا ناوزەندی کرد. لەدواین لێدوانیدا، ئەردۆ‌غان باسی لەوە کرد کە بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ئەنستەنبوڵ، باشترین هەنگاوە بۆ وڵاتەکەی. وتیشی، «ئەم بڕیارە بە باشترین هەنگاو دادەنێین کە ئیرادەمان بەهێز دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا.» سەرۆکی تورکیا ڕاشیگەیاند کە «دزەکان» لەسەر سندوقی دەنگدانەکان «ئیرادەی نیشتمان»یان دزیوە. ئەم لێدوانەی دوای ئەوە دێت کە باسی لەوە کردبوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵدا کاری نایاسایی و دەستێوەردان کراوە لە ئەنجامەکاندا. بەپێچەوانەوە کەمال کیلشدارۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە رۆژی دووشەممە،  داوای لە ئەردۆ‌غان کرد کە ئەگەر دزی کراوە با بەڵگە بخاتەروو لەسەر ئەو بابەتە. وتیشی، «ئەوەی دزراوە ئیرادەی خەڵکی تورکیایە و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دیکتاتۆریەتی سیستەمەکە دەسەلمێنێت.» جێگری سەرۆکی پارتی جەهەپەش، ئۆنۆرسال ئەدیگوزێل، ڕایگەیاند ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن  ئەوە پیشان دەدات بردنەوە لە ئاکپارتی نایاساییە و بڕیارەکەی بە «دیکتاتۆرێتی تەواوەتی» وەسف کرد. وتیشی «ئەم سیستەمە کە زاڵە بەسەری ئیرادەی هاونیشتمانیان و یاسا وەلادەنێت، نە دیموکراتییە و نە یاساییە.» ئەکرەم ئیمامۆگلوش کە بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەک کاندیدی جەهەپە و دواتر نازناوەکەی لێسەندرایەوە، ئیدانەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی کرد و وتی کە کاریگەری پارتی دەسەڵاتداریان لەسەرە. ڕاشیگەیاند، «ئێمە هەرگیز ساش لە بنەما سەرەکیەکانمان ناکەین. ئەم وڵاتە ٨٢ ملیۆن نیشتمانپەروەری تێدایە کە دەجەنگن بۆ دیموکراسی تا دوا هەناسە.» هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی مارسدا ئەنجامدرا کە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان، ئاکپارتی، براوە بوو بەڵام هەر سێ شارە گەورەکەی تورکیا، ئەستەنبوڵ و ئەزمیر و ئەنقەرەی دۆڕاند بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە. ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش، دوای ناڕەزایی ئاکپارتی لە ئەنجامەکان، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا لە ئەستەنبوڵ لە ٢٣ی حوزەیران. دوای ئەم بڕیارەش، هەندێک لەناو پارتی جەهەپە داوای بایکۆتکردن دەکەن بەوپێیەی پارتەکەی ئەردۆ‌غان جێی متمانە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. بەڵام سەرکردایەتی جەهەپە دەڵێن کە دووبارە کەمپین ڕێکدەخەن، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی و چەند پارتێکی دیکەش پشتگیرییان لێدەکەن. ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ئەم دواییە بونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ئابووری تورکیا. هەر دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان، لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر لەدەستدا کە لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا کەمترینی تۆمارکرد بەشێوەیەک کە یەک دۆلار بەرامبەر ٦.٢٤ لیرەی تورکییە لەکاتێکدا کە پێش بڕیارەکە دۆلارێک بەرامبەر لە کەمتر لە ٦ لیرە بوو. بەوپێیە بێت، بانکی ناوەندی ڕووبەڕووی پەستانی زیاتر دەبێتەوە بۆ جێگیرکردنی دراوەکە بە زیادکردنی ڕێژەی سوود، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەردۆ‌غان بێزار دەکات، چونکە بە بەردەوامی داوای ئەوە دەکات، سوودی قەرز کەمبکرێتەوە. ئابوریناسان بڕوایان وایە کە حکومەت پەستانی خستووەتە سەر بانکە حکومییەکان تا دراوی بیانی بفرۆشن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لیرە لە داڕمانێکی خراپتر بپارێزن. بەپێی قسەی بازرگانان بێت، خاوەن قەرزەکان زیاتر بە بەهای  ٤٠٠ ملیۆن دراوی بیانیان فرۆشتووە، دوای ئەوەی لیرە خراپترین ئاستی تۆمارکرد لە حەوت مانگی ڕابردوودا. هەر بەپێی قسەی بازرگانان بێت، ئەم بڕە دواتر زیاد بوو بۆ یەک ملیار. ئابوریناسێکی تورکی، موستەفا سۆنمیز، پێیوایە کە ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی بەهای لیرە لە ڕێی کەرتی حکومییەوە، تەمەنی کورت دەبێت چونکە بۆ جێگیرکردنی ئاڵوگۆری دراو، بانکی ناوەندی دەبێت ڕێژەی سوود زیاد بکات، ئەگینا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا لەژیر پاڵەپەستۆیەکی توندا خۆی دەبینێتەوە لەبەرئەوەی ئەردۆ‌غان و بازرگانانی ناوخۆیی بەتوندی لەدژی ئەم هەوڵە دەوەستنەوە. وتیشی، «داڕمانی لیرە تەنها پەیوەست نییە بە گرژی سیاسی ناوخۆی و نادڵنیایی لە هەڵبژاردنەکان بەڵکو هۆکاری تر هەیە، وەک کەشی سیاسی جیهانی. یەکێکیش لەوانە گرژی و ئاڵۆزی نیوان ئەنقەرە و واشنتۆنە کە ئەمەیان کاریگەرییەکی بەردەوامی هەبووە لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە.» پێشبینی ئەوەشی کرد کە لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستبدات لەحاڵەتی ڕازیبوونی تورکیا بە هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی بە بەهای دوو ملیار دۆلار کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سزاکانی ئەمریکا لەسەر تورکیا و دەگونجێت سزاکان دوای ئەم هەنگاوە زیاتریش ببن.

‌هاوڵاتی، سه‌روه‌ر خه‌لیل گوندنشینانی کورد له‌که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ جارێکیتر رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌رکردن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وییه‌کان بوونه‌ته‌وه‌و حکومه‌تی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی شاره‌که،‌ به‌بیانووی جۆراو له‌ناوچه‌ جیاجیاکانی پارێزگاکه،‌ مه‌ترسی دەر‌کردنی له‌سه‌ر دروستکردوون. دوێنێ به‌سه‌دان که‌س له‌ عه‌شیره‌تى شه‌ممه‌ر چوونه‌ گوندی پەلکانەو خۆیان وه‌کو خاوه‌ن زه‌وى ناساندو له‌گه‌ڵ کورده‌کانى ناوچه‌که‌دا تووشی گرژیی بوون. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له‌دوای ساڵی 2003وه‌ دوای چه‌ند ساڵێک ئاواره‌بوون له‌ناوچه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌که‌یان و له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ به‌بڕێک پاره‌ قه‌ره‌بوو کرانه‌وه‌و له‌سه‌ر زه‌وی گونده‌کانیان خانوویان دروستکرد، به‌ڵام دوای کشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ جارێکیتر مه‌ترسی که‌وتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان. ئیبراهیم، ته‌مه‌ن 65 ساڵ دانیشتووی گوندی هه‌نجیره‌ی سنووری پارێزگای که‌رکوکه‌، ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و به‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکوور هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵکردنی گونده‌که‌ی ئه‌و و دوو گوندی هاوسنووری ده‌که‌ن. گونده‌کانی هه‌نجیره‌و باجوان و چوپلیجه‌ ئه‌و سێ گونده‌ن که‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکووره‌وه‌ سکاڵای یاسایی دژی دانیشتوانه‌که‌یان تۆمارکراون. ئیبراهیم ده‌ڵێت «ئێمه‌ دوای 2003 که‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ که‌رکوک، بینیمان که‌ گونده‌کانمان خراونه‌ته‌وه‌ ناو دیواری کۆمپانیای نه‌وتی باکووره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و کاتی که‌رکوک پێیانوتین بڕۆن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ خانوو دروستبکه‌ن که‌ ئێستا تێیدا نیشته‌جێین، به‌ڵام دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر په‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکوور به‌هێزه‌وه‌ هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ سه‌ر گونده‌کانمان و داوای چۆڵکردنی ده‌که‌ن چونکه‌ زه‌وییه‌کان موڵکی کۆمپانیای ناوبراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ گونده‌که‌مان جێنه‌هێشتووه‌ بۆیه‌ له‌دادگاش سکاڵایان له‌دژمان تۆمارکردووه‌«. ئه‌و سکاڵا یاساییانه‌ی دژی خه‌ڵکی ئه‌و سێ گونده‌ تۆمارکراون له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌کانه‌وه،‌ ده‌بینرێن و له‌ئه‌گه‌ری یه‌کلاییبونه‌وه‌ی دۆسییه‌کاندا ئه‌گه‌ری زیندانیکردنی خه‌ڵکه‌که‌ ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه‌. ئیبراهیم دووپاتیده‌کاته‌وه‌ که‌ «دادگا بۆ ئه‌وه‌ی پشێوی دروست نه‌بێت هه‌ر جاره‌و ژماره‌یه‌ک خێزان بانگهێشتی به‌رده‌م دادگا ده‌کات». هاوکات عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ر که‌ عه‌شیره‌تێکی عه‌ره‌به‌و له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌لایه‌ن حیزبی به‌عسه‌وه‌ له‌ناوچه‌کانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ هاورده‌ی سنووره‌که‌ کراون، له‌نوسراوێکدا بۆ پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکوک داوای چۆڵکردنی شانزه‌ گوندی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان و قه‌زای دووبز ده‌که‌ن به‌و پێیه‌ی «ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و گوندانه‌ن و له‌ساڵی 2003 له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ راگوێزراون». پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکوکیش له‌سه‌ر هه‌مان داواکاری نوسراوی ئاڕاسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سنووره‌که‌ کردووه‌ به‌ده‌م داواکاری عه‌شیره‌ته‌که‌وه‌ بچن، به‌ڵام دوای هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر گونده‌که‌ له‌لایه‌ن عه‌شیره‌تی ناوبراوه‌وه،‌ چه‌ند جارێک شه‌ڕو ئاژاوه‌ له‌نێوان خێزانه‌ کورده‌کان و خێزانه‌ عه‌ره‌به‌کان دروستبووه‌ که‌ دواترینیان شه‌ڕه‌که‌ی دوێنێی گوندی په‌ڵکانه‌ بوو. هه‌ڵۆ جه‌وهه‌ر، دانیشتووی گوندی په‌ڵکانه‌ی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانه‌و له‌شه‌ڕ و پێکدادانه‌که‌ی دوێنێدا، باوکی و برایه‌کی و ئامۆزایه‌کی ده‌ستگیرکراون و به‌که‌فاله‌ت ئازادکراون، ئه‌و ده‌ڵێت «عه‌ره‌به‌کان ده‌یانه‌وێت به‌زۆر له‌ماڵه‌کانمان ده‌رمان بکه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌کانماندا بگرن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ قبوڵناکه‌ین چونکه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر زه‌وی خۆمانین». له‌باره‌ی شه‌ڕه‌که‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت «سه‌ره‌تا هێزه‌ ئه‌منییه‌کان پاڵپشتی عه‌ره‌به‌کان بوون، به‌ڵام دوای هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی به‌رپرسانی پارتی و خودی کاک مه‌سعود دۆخه‌که‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان خێزانه‌ عه‌ره‌به‌کانیان له‌و خانووانه‌ ده‌رکرد که‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو و ژماره‌یان 12 خانوو بوو». له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌کانی که‌رکوک، رووپێویی بۆ زه‌وییه‌کانی سنووری شاره‌وانی پردێ کردووه‌ به‌مه‌به‌ستی دابه‌شکردنیان به‌سه‌ر که‌سوکاری زیندانیانی سیاسی و شه‌هیدانی عێراق. ئه‌و زه‌وییانه‌ی بڕیاره‌ له‌پردێ دابه‌شبکرێن، رووبه‌ری 200 دۆنم زه‌وی کشتوکاڵییه‌و ده‌که‌ونه‌ سنووری گوندی قه‌ره‌به‌گه‌وه‌و پێش 2003 له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌عسه‌وه‌ له‌خاوه‌نه‌کانیان وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌و کوژێنراونه‌ته‌وه‌و دواتر کراون به‌موڵکی شاره‌وانی پردێ، خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌کانیش بۆ عه‌شیره‌تی ساڵه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ دوای ساڵی 2003 گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر زه‌وییه‌کان و له‌به‌شێکیدا خانوویان دروستکردووه‌. عه‌شیره‌تی ساڵه‌یی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بڵاو کراوه‌ته‌وه،‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری مافی خۆیان نابن، له‌موڵکداری زه‌وییه‌کانیان و رووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌وڵێک ده‌وه‌ستنه‌وه‌ بۆ لێسه‌ندندنه‌وه‌ی زه‌وییه‌کانیان. هاوکات محه‌مه‌د نه‌جیب به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی پردێ به‌وه‌کاله‌ت جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وان ورده‌کاری و رێوشوێنه‌کانی دابه‌شکردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ نین، چونکه‌ وه‌ک خۆی ده‌ڵێت «ئه‌و لیژنه‌یه‌ی روپێویی بۆ زه‌وییه‌که‌ ئه‌نجامداوه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌کانی که‌رکوکه‌و خۆیان سه‌رپەرشتی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ن». به ‌وته‌ی ئه‌و «به‌پێی بڕیارێکی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی عێراق، خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی له‌مه‌رجی شوێنی له‌دایکبوون به‌خشراون بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی نیشته‌جێبوون، واتا ئه‌وان ده‌توانن له‌هه‌ر شوێنێکی عێراق بێت، سوودمه‌ند بن له‌وه‌رگرتنی زه‌وی نیشته‌جێبوون». ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراق و یاسا په‌یڕه‌وکراوه‌کان، که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان دۆخێکی تایبه‌تیان پێدراوه‌و پێشتر رێگه‌ نه‌ده‌درا ئه‌و که‌سانه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی شاره‌که‌ نین ببنه‌ خاوه‌نی زه‌وی و خانوو له‌شاره‌که‌، بۆ رێگرتن له‌گۆڕانکاری دیموگرافی له‌شاره‌که‌دا. هاوکات له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌قه‌زای داقوق ژماره‌یه‌ک پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر که‌سوکاری کوژراوانی حه‌شدی شه‌عبیدا دابه‌شکران. به ‌وته‌ی لویس فه‌ندی قائیمقامی قه‌زای داقوق به‌وه‌کاله‌ت «فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ داقوق دوو دۆنم زه‌وی له‌جوتیارێکی کورد کڕیوه‌و کردوویه‌تی به‌زه‌وی نیشته‌جێبوون و به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌کانی حه‌شدی شه‌عبیدا دابه‌شیکردوون». ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ «ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و زه‌وییانه‌ سوودمه‌ند بوون له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی داقوقن». لای خۆیه‌وه‌ جه‌مال شکور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ رێگرتن له‌و پێشێلکارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ گوندنشینانی کورد ده‌کرێت له‌که‌رکوک، ده‌ڵێت «ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌ومداین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و له‌دانیشتن و نوسراوه‌کانماندا جه‌ختمان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌پێی یاساو راسپارده‌ی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و زه‌وییانه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌کانیان له‌کورد و تورکمان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌«. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆک کۆمار، لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت پێکهاتووه‌ بۆ تاوتوێکردنی پرسی زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانی که‌رکوک که‌ له‌ نوێنه‌رانی کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو په‌رله‌مانی عێراق و نوێنه‌رانی سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان پێکهاتوون». ئه‌و پێیوایه‌ یه‌کگنه‌گرتوویی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان و هۆکاره‌ بۆ درێژه‌دان به‌و «پێشێلکارییانه‌«، داواش ده‌کات که‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان «به‌زووترین کات» هه‌وڵه‌کانیان یه‌کبخه‌ن بۆ رێگه‌نه‌دان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و «پێشێلکارییانه‌«

هاوڵاتی د. یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پیشووی پەرلەمان رایدەگەیەنێت "هاوپەیمانێتیەکی پیس" دژیان بەریوەدەچێت دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەنگدان بە یاساکە لەلایەن گۆڕانەوە. یوسف محەمەد لە ١٦/ ٣/ ٢٠١٦ لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی لە وتارێکدا وتی "لەسەردەمی ئەمڕۆماندا حوكمڕانی زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە مەعریفە هەیە پێویستی به‌ زانست هه‌یه‌، بۆیە حوكمڕانی بە خەڵكی نەخوێندەوار ناكرێ چاكسازیش بە خەڵكی نەخوێندەوار ناكرێ". دوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رەخنە لە گۆڕان گیراو قسە لەسە ئەم وتەیەی یوسف محەمد کراو رەخنەی ئەوەیان لێگرت کە لە قسەکانی پەشیمان بۆتەوە چونکە مەرجی بروانامە هەڵگیرا بۆ کاندیدانی سەرۆکایەتی هەرێم. یوسف محەمەد لە وتارێکدا دەڵێت " هەڵبەت مەعریفە تەنها بە بەدەستهێنانی بڕوانامە بەدەستنایەت، خاوەن بڕوانامەی زۆری نەخوێندەوارمان هەن... كێشەی ئێوە ئەوە نییە سەرۆكەكەتان نەخوێندەوار دەبێ یان نا. بەڵكو كێشەی ئێوە گرێی دەرونی و خواستتانە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان".  هەروەها دەلێت "لەوانەی كەواسوری بەرلەشكری ئەم هەڵمەتە بون، یان خۆیان هیچ بڕوانامەیەكیان نییەو ئێران و توران گەڕاون تا شەهادەیەكی تەزویریان دەستخستوە، یان ئەو كۆلكە خوێندەوارانە بون كە بە قبوڵ خاص و نمرەی نزم و بە گرتنی شوێنی خوێندكارێكی خاوەن نمرەی بەرزی بێ پشتوپەنا، بێ وەگرتنی هیچ مەعریفەیەك، بڕوانامەیەكی زانكۆییان داگیر كردوە" لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دەڵێت "هەڵبەت ئەم هەڵایەی ئەمجارە ئەڵقەیەك بوو لە زنجیرەیەك كەمپەین كە بە ڕێكخراویی و بەردەوامی لەلایەن تەحالوفێكی پیس (خبیث)ەوە دژمان بەڕێوە ئەچێ". کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکەی یوسف محەمەد

‌هاوڵاتی: شاناز حه‌سه‌ن په‌رله‌مانى کوردستان، پشتگیریى ده‌داته‌ په‌رله‌مانتاران، بۆئه‌وه‌ى به‌ قیست ئۆتۆمبێل بکڕن و هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێکیش پێشه‌کى پێنج هه‌زار دۆلارى له‌ نرخى ئۆتۆمبێله‌که‌ بۆ ده‌درێت، به‌پێی رێککه‌وتنێکى نێوان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و کۆمپانیاى جیهان. به‌پێی به‌دواداچونى ‌هاوڵاتی، به‌شى زۆرى په‌رله‌مانتاران ناوى خۆیان نوسیوه‌ بۆ کڕینى ئۆتۆمبیل به‌شێوه‌ى قیست، له‌ناو کۆمه‌ڵى ئیسلامیشدا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یى و عوسمان کانی کوردەیی کڕیویانە. ئه‌گه‌رچی ئه‌و قیسته‌ى وه‌ریانگرتووه‌ قازانج ده‌چێته‌ سه‌ری و به‌پێی فیهی ئیسلامی حه‌ڵاڵ نه‌کراوه‌، بەڵام ئەو دوو مەلایەی کۆمەڵ وەریانگرتووە. عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە ‌هاوڵاتی راگەیاند کە جگە لە هەورامان گەچێنەیی و عوسمان کانی کوردەیی هیچ پەرلەمانتارێکی تریان ئەو قیستەی وەرنەگرتووە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەورامان گەچێنەیی لە خولی پیشووشدا پەرلەمانتار بووەو ئۆتۆمبێلی هەبووە. ‌هاوڵاتی په‌یوه‌ندیکرد به‌ گه‌چێنه‌ییه‌وه‌ به‌ڵام وتى ئاماده‌ نییه‌ له‌و بارەیه‌وه‌ قسه‌ بکات. هەروەها مەلا عوسمان وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە. هەرچی سەبارەت بە فراکسیۆنی یەکگرتووە، شێرکۆ جه‌وده‌ت، په‌رله‌مانتارى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتی وتى «تائێستا له‌ فراکسیۆنى ئێمه‌ که‌س نه‌یکڕیوه‌ و ئێمه‌ پیشتریش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوین له‌سه‌ر دارایى گشتى ئوتۆمبێل نه‌کڕدرێت». ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌یکڕن، له‌جۆرى تۆیۆتان و زۆربه‌شیان تۆیۆتا لاندکلۆزه‌رى مۆدێل 2019 (ناسراو به‌ وه‌نه‌وشه‌)ن  که‌ هه‌شت بستۆنن و نرخی هه‌ر ئۆتۆمبێلێک حه‌فتا هه‌زار و 500 دۆلار (حه‌وت ده‌فته‌ر و نیوه‌)، به‌ڵام به‌ قیست ئۆتۆمبیله‌کان له‌سه‌دا حه‌وتى نرخ ده‌چێته‌ سه‌ریان که‌ ده‌بێته‌ 90 هه‌زار دۆلار (نۆ ده‌فته‌ر دۆلار). هیوا نه‌سره‌دین، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتی وتى «هه‌موو ئه‌ندام په‌رله‌مانێک له‌ موچه‌که‌ى خۆى مانگانه‌ ئۆتۆمبێل به‌ قیست ده‌کڕێت و ئێمه‌ ته‌نها پشگیرییان ده‌که‌ین که‌ بتوانن ئۆتۆمبێله‌که‌ له‌و کۆمپانیایه‌ بکڕن». سه‌باره‌ت به‌و 5000 دۆلاره‌ى ده‌درێته‌ په‌رله‌مانتاران، هیوا نه‌سره‌دین وتى «ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ کۆمپانیا قسه‌یان کردووه‌ و که‌ په‌رله‌مانتاره‌کان له‌و پاره‌ ببه‌خشن، مودیر عام سه‌یاره‌ى بۆ ده‌کڕدرێت وه‌زیر بۆى ده‌کڕدرێت، 50 وه‌ره‌قه‌ چ کێشه‌یه‌کى هه‌یه‌«. ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه‌ که‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێک بیه‌وێت،  به‌و پێیه‌ى موچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کان لاى ئه‌وانه‌، پشگیرییه‌کى پێ ده‌ده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ مانگانه‌ قیستى ئوتۆمبێله‌که‌ له‌ موچه‌که‌یان ده‌بڕدرێت. تائێستا 20 په‌رله‌مانتار به‌پێی رێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و کۆمپانیاى جیهان، ئۆتۆمبێلیان له‌ کۆمپانیاکه‌ کڕیوه‌. رۆژى 7ى شوباتى ئه‌مساڵ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان کۆبووه‌وه‌ و دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاندبوو، به‌ فراکسیۆنه‌کانیان راگه‌یاندووه‌که‌ چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابین بکرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیارێکیان پێدراوە کە بەقیستی مانگانە لە مووچەکانیان بە زەمانەتی پەرلەمان، ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابین بکەن. له‌خوله‌کانى پێشووى په‌رله‌ماندا، په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئۆتۆمبێلیان بۆ ده‌کڕدرا، به‌مه‌رجێک له‌دواى ته‌واوبوونى ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. سه‌فین گه‌ردى، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، که‌ له‌ کۆمپانیاى جیهان ئۆتۆمبێلێکى له‌ جۆرى لاندکلۆزه‌ر 2019 ى وه‌نه‌وشه‌ کڕیوه‌ وتى «ئه‌و ئۆتۆمبێله‌م به‌ قیست کڕیوه‌ و پێشه‌کى 2300 دۆلارمان داوه‌ و په‌رله‌مانیش 5000 دۆلارى بۆ داوین». ئاماژه‌شى به‌وه‌دا فراکسیۆنه‌کان هه‌مویان به‌و شێوازه‌ رازى بون بۆیه‌ قبوڵکراوه‌ و له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ک  په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلیان له‌ کۆمپانیا کڕیوه‌. سه‌رکۆ ئازاد په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان وتى «هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ره‌فزیان کردووه‌ که‌ ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتاران بکڕدرێت، ته‌نها ئه‌و شێوازه‌ قبوڵکراوه‌ که‌ به‌ قیست له‌سه‌ر موچه‌که‌ى خۆیان بۆیان بکڕدرێت واته‌ ته‌نها پشتگیرى بکات و یه‌ک دینار  سه‌رف نه‌کات». وتیشى «له‌وانه‌یه‌ داشکاندن کرابێت، چونکه‌ ناکرێت 50 وه‌ره‌قه‌ درابێت به‌ هاوڕێیه‌کمان نه‌درێت به‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ قبوڵ کراو نییه‌«. به‌ڵێن ئیسماعیل، په‌رله‌مانتارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، باسله‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ناو گۆڕان دا هه‌شت په‌رله‌مانتار پێویستیانه‌ و داوایان کردووه‌ و خۆشم»کڕیومه‌«. وتیشى «من جارێ هیچ پاره‌م نه‌داوه‌ و له‌ ورده‌کارییه‌کان ئاگادار نیم ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌زانم هه‌موو ورده‌کار و مه‌سروفاته‌کان له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار خۆیه‌تى».  ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى که‌ ئێستا له‌ کۆمپانیاى جیهان ئۆتۆمبێلیان کڕیوه‌، مانگانه‌ بڕى دوو ملیۆن و 60 هه‌زار دینار له‌ موچه‌که‌یان ده‌بڕدرێت و ده‌درێته‌ قیستى ئۆتۆمبێله‌که‌.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەنجامنادات بۆ داخستنی کەیسی گیراوانی جەڵانەوەکە و دەشڵێت «لای من هیچ کەیسێک نییە تا رێک بکەوم». شاسوار عەبدولواحید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ‌هاوڵاتی باس لە دوایین پێشهاتەکانی گیراوانی نەوەی نوێ دەکات و رەخنە لەو پەرلەمانتارانەش دەگرێت کە دژی ئەو بەیاننامەیان لە دژی دەرکردوە و سەبارەت بە کاندیدکردنیشیان لەلایەن خۆیەوە بۆ هەڵبژاردن دەڵێت «بێگومان ئێمە هەڵەمان کردووە لە هەڵبژاردنی هەندێکیان» دەشڵێت «نزیکترین هاوڕێی خۆشەویستم خیانەتی لێکردووم».  لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، باس لەوە دەکات تەنها محمەدی حاجی مەحمود پەیوەندی پێوە کردوەو هەروەها ستایشی هەڵوێستی «ئازایانە»ی یەکگرتوو دەکات، کە لەسەر گرتنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ بە فەرمی رای خۆیان دەربڕیوە. هەروەها دەڵێت «ئەوەی ئێستا ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە لە هەرێم، نەوەی نوێیە و دوای ئەویش یەکگرتووە». مانگى ئازارى رابردوو گروپى قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان، تێیدا باسی له‌وه‌ده‌کرد که‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ، باشترین ئۆپۆزسیۆنه‌ که‌ پارتى ئاواتى پێوه‌ بخوازێت. بەپێی راپۆرتەکە، نەوەی نوێ لە هەڵبژاردندا ده‌نگی ئەو لایه‌نانه‌ ده‌بات که‌ به‌رد ده‌گرنه‌ ئۆتۆمبێلى سه‌رکرده‌کانى پارتی. شاسوار عەبدولواحید لەبەرامبەردا دەڵێت «ئەو حیزبەی کە ئەو باسی دەکات و  بە حساب بەرد دەگرێتە ئۆتۆمبێلەکانی پارتی، ئێستا شاگردی پارتین و بە راست و بە چەپ پشتیوانی پارتی دەکەن». ‌هاوڵاتی: له‌ دۆسیه‌ى گیراوانى نه‌وه‌ى نوێ  پێشبینى چ سیناریۆیه‌ک ده‌که‌یت ئایا حزبه‌که‌ت پێ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌؟ یان ده‌ستگیرت ده‌که‌ن؟ یان و به‌ سازش پێکردن له‌گه‌ڵت رێکده‌که‌ون، یان هه‌ر سینارۆیه‌کى چاوه‌ڕوانکراوى تر که‌ تۆ پێشبینى ده‌که‌یت؟ کامیان به‌ نزیکترین ئه‌گه‌ر ده‌زانیت؟ شاسوار عەبدولواحید: شاسوار عەبدولواحید: پێشبینی بەهێزبونی نەوەی نوێ دەکەم، هەر گورزێک نەتکوژێت بەهێزترت دەکات. رەنگە بمانگرن، ئیزعاجمان بکەن، یان فشار بکەن، بەڵام هیچ کام لەوانە، نە دەمانترسنێنن و نە پاشەکشێمان پێدەکەن. کاتی خۆی کە دەستمان داوەتە ئەم ئیشە، دەمانزانی قورسەو  لە هەموو دونیادا  شۆڕش و گۆڕانکاری، هێندە ئاسان نیە و دەسەڵات فەرشی سورت بۆ داناخات. بۆیە بە ئاگاییەوە ئەم کارە دەکەین و زۆر باشیش دەزانین کە نەوەی نوێ بەهێزتر دەبێت و جوڵانەوەکە و کاری ئێمەو خۆبەخشان بەردەوام دەبێت. بۆیەش جوڵانەوەکە هەڵناوەشێتەوە. چونکە هەمومان باش دەزانین کە خەڵک دەنگی نەداوە بە یەک دوو پەرلەمانتار کە ئێستا پشتیان لە خەڵکی خۆیان و هاوڕێکانیان و من و جوڵانەوەکەیان کردوە. خەڵکی دەنگ نادەن بە سیاسییەک کە وەفای بۆ هاوڕێکانی و ئەو گەنجانە نەبیت کە شەو و رۆژ خەریکی کارکردن و هەڵواسینی ئاڵاو لافیتە بوون بۆ ئەوان. خەڵکی دەڵێن، ئەوانە وەفایان بۆ هاوڕێکانی خۆیان و ئەو جوڵانەوەیە نەبوو کە گەیاندنیاننە پەرلەمان. ئێستا چۆن وەفایان بۆ هاوڵاتییان دەبێت؟  ئێمە هەڵەمان کردووە لەهەڵبژاردنی هەندێک پەرلەمانتار  نزیکترین هاوڕێی خۆشەویستم خیانەتی لێکردووم   هاوڵاتی:  ئه‌گه‌ر داواى ڕێکه‌وتنت لێبکه‌ن له‌به‌رامبه‌ر داخستنى ئه‌و که‌یسه،‌ ئاماده‌ى رێکه‌وتن بکه‌یت؟ شاسوار عەبدولواحید: لای من هیچ کەیسێک نییە تا رێک بکەوم لەسەری، چ خۆم و چ هاوڕێکانم بێ باکین و هەر کات ئەم کەیسە چووە دادگا، یان پۆلیس، ئەو کات هەمومان بە پاکی و سەربەرزی لێی دەردەچین، بۆیە رێکەوتن ناکەین و منەتمان پێی نییە. ئێمە بچینە زیندانەوە بە ناحەق، زۆر پێمان مەردانە ترە وەک لەوەی رێکەوتن لەگەڵ ئەم حزبە ناشیرینەی سلێمانی بکەین. هاوڵاتی: ئایا له‌ ناو یه‌کێتیدا که‌سانێک هه‌ن که‌ پشتگرییت بکه‌ن و دژى ئه‌وه‌ بن که‌ ئێستا روویداوه‌؟ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ تۆدا هه‌یه‌؟ ده‌وتریت راى هه‌موو مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌م پرسه‌دا وه‌کو یه‌ک نیه‌و جیاوازه‌؟ شاسوار عەبدولواحید: من نەمبیستوە دۆستمان هەبێت لە ناو یەکیتیدا، لانیکەم من ئاگادار نیم و کەس پەیوەندی پێوە نەکردووم. ئەو گەنجانەی کە شەوو رۆژ کاریان بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەکرد لەکاتی بانگەشەدا ئێستا لەزیندانن و ئەشکەنجە دەدرێن، کەچی ئەوان بەیاننامە دژیان دەردەکەن و داوای گرتنی گەنجی زیاتر دەکەن   هاوڵاتی: لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى دیکه‌ دواى ئه‌و رووداوه‌ په‌یوه‌ندییان پێکردوون؟ چیان له‌گه‌ڵ تۆدا باسکردووه‌؟ شاسوار عەبدولواحید: جگە لە کاکە حەمە کە پشتیوانی دەربری و پەیوەندی کرد، کەسیان پەیوەندییان بە منەوە نەکردووە. بەڵام لە رێی فراکسیۆنەکەمانەوە پەیوەندییان کردوە و چەند هێزێک پشتیوانی خۆیانیان دەربڕیوەو هێزێکی وەک یەکگرتوو بە فەرمی رای خۆی ئازایانە دەربڕیوە و کۆمەڵیش فراکسیۆنەکەیان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی قسەیەکیان لەسەری کرد. هاوڵاتی: له‌ناو تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، په‌یجى زۆر هه‌یه‌ که‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌کاری ده‌هێنن بۆ دژایه‌تى لایه‌نه‌کانى دیکه‌، پێتوایه‌ بۆچى ئه‌م باسه‌ زه‌قکراوه‌ته‌وه‌ له‌ئێستادا؟ شاسوار عەبدولواحید: چونکە هیچی تریان لەسەرمان نییە، بۆ هێزەکانی تر تۆمەتی تیرۆر و شەڕی براکوژی و خەڵک کوشتن دروست دەکەن، ئێمە نەوەی نوێین دەبێت تۆمەتی پەیج و فەیسبووکمان بۆ هەڵبەستن (بە پێکەنینەوە) ئیستا ئەوانە لەو هەموو درۆی تەسویر و ڤیدیۆ و درۆی تر، هاتونەتە سەر ئەوەی دەڵێن پەیجمان هەیە. وەک ئەوەی خاکی کوردستانمان فرۆشتبیت، کوڕی خەڵکمان دابێت بە کوشت، سوپای بێگانەمان هێنابێت. هاوڵاتی:  ناوى ئه‌و په‌یجانه‌ى له‌دانپیانانه‌کاندا ناویان هاتووه‌ که‌ تۆ سه‌رپه‌رشتى راسته‌وخۆیان ده‌که‌یت؟ ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر درۆیە، من ئەوەندە بێ ئیش نیم.  ئەسڵەن زۆرێک لەو پەیجانە هەر هی ئێمە نییە و ئەوەی موتابەعەی فەیسبوک بکات، دەزانێت هی کێیە. هەندێکی تریان بە ئەنقەست و تەزویر بە ناوی ئێمەوە دروستی دەکەن و سوکایەتی بە خەڵک و بە خۆیشمان دەکەن . جگە لەکاکە حەمە کەپشتیوانی دەربری و پەیوەندی کرد یەکگرتووش بەفەرمی رای خۆی ئازایانە وتووە هاوڵاتی: ناوى تۆ له‌دانپیانانه‌کاندا وه‌کو بکه‌رى سه‌ره‌کى پشت رووداوه‌کان هاتووه‌، به‌ڵام هه‌ندێک ده‌پرسن، چۆنه‌ تائێستا ده‌ستگیر نه‌کراویت؟ شاسوار عەبدولواحید: لەبەر ئەوەی درۆیە و لەبەردەم حاکم ناوی من نەهاتوە هیچ دادوەرێکیش باوەڕ ناکەم متمانە بەم قسە زۆرەملێیە بکات. هاوڵاتی: وڵاتانى بیانى که‌ نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ کردووى یان ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌کردوون؟ شاسوار عەبدولواحید: ئێمە پەیوەندیمان پێوە کردوون و دۆسیەکەمان تێگەیاندون و خۆم بە شەخسی زۆربەیانم بینیوە لە چەند رۆژی رابردوودا. هاوڵاتی: له‌کاتێکدا ئێوه‌ جوڵانه‌وه‌یه‌کى تازه‌ن، به‌ڵام به‌شێک له‌ ئه‌ندامانى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ به‌غداو هه‌رێمى کوردستان دژى تۆ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، ئایا قسه‌کانى ئه‌وان راسته‌و تۆ ئیشه‌کانت به‌ بنه‌ماڵه‌یى کردووه‌؟ یان تۆ ورد نه‌بووى له‌ دیاریکردنى کاندیده‌کان و به‌سه‌ر تۆدا وه‌کو په‌یژه‌ سه‌رکه‌وتوون و تۆیان به‌کارهێناوه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ چۆن ده‌بێت سیاسیه‌ک له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى کاندیده‌کانى به‌و رێژه‌یه‌ هه‌ڵه‌ بکات؟ ئایا ئه‌مه‌ پرسیار له‌سه‌ر لێهاتوویى تۆ دروست ناکات؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەو تۆمەتانە وەڵاممان دایەوە و پێموایە ئەو برادەرانە باش منیان ناسیوە و ٣٠ ساڵ نییە حیزبمان هەبێت تا تازە تێگەیشتبێتن. هەندێکیان دوو مانگە بووە بە پەرلەمانتار و چۆتە جێگەکەی من لە پەرلەمان و هەیشیانە شەش مانگە پەرلەمانتارن، خێرە بەم شەش مانگە لە مەلائیکەتەوە بوین بە شەیتان؟ بێگومان ئێمە هەڵەمان کردوە لە هەڵبژاردنی هەندێکیان، نزیکترین هاوڕێی خۆشەویستم خیانەتی لێکردووم، بەڵام گرنگ نییە و سودی لێدەبینین و ئەزموونی لێوەردەگرین بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ئێمە ساڵێکە سیاسەت دەکەین و ئاساییە، هەندیک لە بڕیارەکانمان هەڵە بن و بژاردەکانمان لە جێی خۆیاندا نەبوبێتن، بەڵام دڵنیابە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زۆر سودیان لێوەردەگرین و بەهێز تر دەبین. هاوڵاتی: دواى بڵاوکردنه‌وه‌ى دانپیدانانه‌کانى گیراوانى ئێوه‌، هه‌ردوو فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ به‌غداو کوردستان به‌یاننامه‌یه‌کى هاوبه‌شیان ده‌رکرد داواى جێبه‌جێکردنى رێکاره‌ یاساییه‌کان ده‌که‌ن له‌ که‌یسى گیراوانى نه‌وه‌ى نوێ، هه‌ست ناکه‌ى هه‌موویان به‌ ته‌نیا تۆیان به‌جێهیشتووه‌؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر، ئەوانە دوو پەرلەمانتاری بەغداد و سێ پەرلەمانتاری هەرێمن و بەڵێ ئەو پێنج کەسە لەم ساتە ناخۆشە و لەم کاتەی کە یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش فشارمان دەکەنە سەر و دەیانەوێت جوڵانەوکەی ئەوان نەمێنێت و لاواز بێت، کەچی ئەو هاوڕێ ئەزیزانەمان دژمان بەیاننامە دەردەکەن. لەو کاتەی کە ئەو گەنجانەی کە شەو و رۆژ کاریان بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەکرد لە کاتی بانگەشەدا و ئێستا لە زیندانن و ئەشکەنجە دەدرێن، کەچی ئەو هاوڕێ پەرلەمانتارانەمان، بەیاننامە دژیان دەردەکەن و داوای گرتنی گەنجی زیاتر دەکەن لەلایەن ئاسایشەوە!! ئیتر دەڵێی چی؟ بە داخەوە، ئەمە سیاسەتە لای ئەو گەنجە پەرلەمانتارە نوێیانەی کە بڕیار بوو ببنە نموونەی جوان و جیاواز بۆ خەڵک و ژیانی پەرلەمانی و سیاسییان لە خزمەتی خەڵک سەرف بکەن، کەچی ڕۆژانە خەریکی بەیاننامە دەرکردنن دژی من و جوڵانەوەکەی خۆیان، لە بری دەرکردنی بەیاننامە دژی پارتی و یەکێتی. یەکێک بچێت سەیری فەیسبوک و بەیاننامەکانیان بکات، بزانێت ئەوانە لەوەتەی ئەم پلانەی یەکێتی و ئاسایشی یەکێتیمان لەسەرە، ئەوان چەند بەیاننامە و قسەیان دژی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی کردوە؟ سفر!! کەچی چەندین بەیاننامە و قسەیان دژ بە ئێمە کردوە. باشە مەعقولە ئێمە کە هاوڕێیان بوین و هەموی چەند مانگێکە کار دەکەین پێکەوەو ناردومانن بۆ پەرلەمان، هێندە خراپ بین، تا ئەو هەموو قسەیە لەسەر ئێمە دەکەن، کەچی قسە لەسەر یەکیتی و دەسەڵات ناکەن؟ .ئەوەی مرۆڤی ژیر بێت، دەزانێت ئەم مەسەلەیە قسە زۆر هەڵدەگرێت و دڵنیام داهاتوو زۆر شت روون دەکاتەوە و پەردە لەسەر زۆر شت لادەبات. هاوڵاتی: گروپى قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تى مانگى ئازارى رابردوو له‌ راپۆرتێکدا تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان باس له‌وه‌ده‌کات که‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ، باشترین ئۆپۆزسیۆنه‌ که‌ پارتى ئاواتى پێوه‌ بخوازێت. ده‌ڵێت ئه‌و به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات و ده‌نگ له‌و لایه‌نانه‌ ده‌بات که‌ به‌رد ده‌گرنه‌ ئۆتۆمبێلى سه‌رکرده‌کانى پارتی؟ شاسوار عەبدولواحید: نازانم ئەو گروپە کێییە و ئەو قسانەی لە چ سەرچاوەیەک هێناوە. ئەوەی کە لە کوردستان بژی دەزانێت ئەو حیزبەی کە ئەو باسی دەکات و  بە حساب بەرد دەگرێتە ئۆتۆمبێلەکانی پارتی، ئێستا شاگردی پارتین و بە راست و بە چەپ پشتیوانی پارتی دەکەن و خەریکی تیپەڕکردنی یاساکانن بۆ پارتی و لە لایەکی تریشەوە دەستیان گرتۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆست. ئەوەی ئێستا ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە لە هەرێم، نەوەی نوێیە و دوای ئەویش یەکگرتووە. هاوڵاتی: دوای قسه‌کانى شادى نه‌وزاد هیچ زیانیکى ئابورى به‌ر پرۆژه‌کانى تۆ که‌وتوه‌ به‌تایبه‌تى چاڤى لاند، واته‌ خەڵک متمانه‌ى به‌ شوێنه‌که‌ نه‌مابێت و رووى تێنه‌کات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ روویداوه‌ پلانى تۆ چیه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ له‌کاتیکدا پشکى خه‌ڵکى تێدایه‌؟ چۆن متمانه‌ ده‌گێڕیته‌وه‌؟ شاسوار عەبدولواحید: من ئاگاداری ئەو بابەتە نیم و بە لاشمەوە گرنگ نییە، دەبێت ئەو پرسیارە لە کۆمپانیاکان بکەیت. هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووبدات که‌ ده‌ستگیربکرێیت و قسه‌یه‌کت هه‌بێت بۆ دواى ده‌ستگیرکردنت و بوار نه‌بێت له‌و کاته‌دا بیڵێیت، ئه‌و قسه‌یه‌ چیه‌ لێره‌وه‌ رایبگه‌یه‌نه‌؟ شاسوار عەبدولواحید: قسەکەم ئەوەیە کە چاوەڕوان دەکەم بیشمرم ڕۆژێک لە پێناو ئەم رێگایەی دەستمان داوەتێ لەگەل هاوڕێکانم. من بژاردەی ترم لەبەردەستە کە بڕۆم و بۆ خۆم خۆش بژیم، بەڵام بە ئاگاییەوە ئەم رێگا جوانە هەڵدەبژێرم کە وەستانە لەگەڵ خەڵک و دیفاعکردنە لە حەق و وەستانەوەیە بە رووی ئەمانە. دڵنیام خەڵکی باش، زۆرن و خەڵکانێک هەن کە پشتگیریمان دەکەن و باش دەزانن کە بۆ ئێمە ئەم کارە دەکەین. دڵنیام خەڵک دەزانن بۆ ٨ ساڵە ئێن ئار تی مان داناوە و بۆ ئێستاش لەگەڵ هاوڕێکانمان وا ژیانی خۆمان رووبەرووی مەرگ و گیران و نارەحەتی دەکەینەوە، چونکە وڵات وا پێش دەکەوێت و ناکرێت مرۆڤ تەنها بۆ خۆی بژی و بیر لە بەرژەوەندی خۆی بکاتەوە. بۆیە دڵنیام ئەم رێگایە سودی دەبێت و هەرچی گۆرانگاری گەورەی دونیاش هەیە، سەرەتا لە شتێکی بچوکەوە دەستی پێکردوە و دواتر گەورە بووە و سەرتاپای وڵاتی گرتۆتەوە.

‌هاوڵاتی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت بە دەستێوەردان لە زانکۆ و دادگاکاندا، ئەوەش دوای ١١ ساڵ دیت لە بڕیاریکی جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئەوکاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دەستێوەردانی لەو دوو دامەزراوەیە قەدە‌غەکردبوو. بەپێی بڕیارەکەی تاڵەبانی هەریەکە لە دادگاکان و زانکۆکان، دوو دامەزراوەی سەربەخۆن و نابێت حزب بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لەکاروبارەکانیادا بکات. دوای ئەو بڕیارە بارەگاکانی کۆمەڵەی خوێنداکاران و یەکێتی لە ناو زانکۆ دورخرانەوە، بەڵام بۆ جارێکی تر، کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، نوێنەرەکانی قوتابیان لە بەبشەکانیان دەردەکات، بە بیانووی ئەوەی کۆمەڵی خوێندکاران و یەکێتی نین. هەروەها سەردانێکی قادر حەمە جان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە بۆ دادگا، لە هەفتەی رابردوودا، نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی حاکم قادر دەڵێت بۆ پشتگیری داد سەردانی کردوون. بابەتی دەستێوەردان لەبواری دادگا، بابەتێکە قۆناغ بەقۆناغ لەعێراق و لەهەرێمی کوردستانیش، بەپێی ئەو بارودۆخەی کە هەبووە، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەروەها ئەو بەڕێزانەی کە تەمسیلی  ئەو شوێنە ئەکەن، ئەو خەمە گەورەیان نییە بۆ ئەوە، بتوانن  لەناو هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی  سەربەخۆبن، لە رووی ئیداری و لەڕووی کارگێڕی  لەڕووی دارایی  « هەروەها باسلەوەدەکات کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەردووحزبی دەسەڵاتدار لەکوردستاندا، بابەتێکی زۆر گرنگ نەبووە   هەروەک دەڵێت:هەتا هاتنە کایەی هەندێک کەیس کە وایکرد گرنگی پێ بدەن ئەگینا پێشتر زۆر بەلایانەوە گرنگ نەبوو. تەنانەت بیرمان نەچێت لە دروستکردنی  کابینەی نۆی حکومەت،  زۆر بە ئاشکرا لەسەر شاشەی میدیاکان  بەرپرسانی حزبێکی دیاریکراو باسیان لەوەئەکرد، دەسەڵاتی دادوەری شتێکبووە کە تائێستا باسیان نەکردەوە،  واتا بابەتەکە نەگەیشتە خۆیان باسیان نەکرد.  ئەوپارێزەرە باسلەوەدەکات کە لەکابینەی نۆی حکومەت زۆر بەئاشکرا باسی ئەوە کراوە، کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری، پشکی  فڵانە حزب بووە، هەروەک دەڵێت « تەشکیلکردنی ئەنجومەنی دادوەری زۆر بەئاشکرا لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بوو» ئەم بابەتە لەکاتێکدایە کە حاکم قادر سەردانی دادگای سلێمانی دەکات و پشتگیری یەکێتی بۆ سەروەری یاسا نیشان دەدات، کە ئەمەش زۆر رخنە لەدوای خۆیدا دەهێنێت. حاکم قادر بە ‌هاوڵاتی وت «ئەوە پشتیوانیە بۆ سەروەری یاسا، پێمان راگەیاندوون یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەروەری یاسایە، لەگەڵ سەربەخۆیی  دەسەڵاتی دادوەرییە». بەڵام کارزان فازڵ  پارێزەر و جێگری سەرۆکی رێکخراوی  DHRD بە ‌هاوڵاتی وت «»سەردانەکە کارێکی هەڵەبووە، نەئەبوو دادگا وا خۆی نیشان بدات کە پێویستی بە پشتگیری حزبێکی دیاریکراوە» وتیشی «خراپی سەردانیکردنی حاکم قادر بۆ دادگا ئەوەیە کە نەدەبوو لە میدیا نیشان بدرێت، چونکە ئەوەش دەرگایەک ئەکاتەوە بۆ حزبەکانی تر، ئەمەش کارێکی هەڵەیە و خراپە بۆدادگا». حاکم قادر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ‌هاوڵاتی وتی ئەو پشتگریی خۆی بۆ دادگا دەربڕیوەو داوای لێکردون کە «ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر هەموو تاوانبارێک بکرێت هەروەها لەگەڵ ئەوانەیین کە ئەوانەی حوکمی ئیعدامیان هەیە،  لەلایەن دادگاوە  جێبەجێ بکرێت». لەبەرامبەردا کارزان فازڵ  دەڵێت «ئەو قسەیەی ئەو کە ئەڵێ پاڵپشتی دەکات و داوای ئیجرائاتی یاسایی دەکات، نیشانەی ئەوەیە دەستێوەردان هەیەو پێشتر هەبووە». کارزان فازڵ  وتیشی «نابێ دادگا ئەم وێنەیەی نیشانی خەڵک بدات کە پێویستی بە پشتگیری حزبێکی سیاسییە ئەم کارە زۆر زۆر خراپە، چونکە دادگا نابێت پێویستی بە پشتگیری بێت بەپێی قانون مولزەمە هەرچی حزبی سیاسییە ملکەچی یاسا و بریاری دادگابێت». ئەمە لەکاتێکدایە کە وتەبێژی دادگا، حاکم عومەر پشتی ئەو سەردانە دەگرێت و بە ئاسایی دادەنێت و دەڵێت «دادگا دەرگای لەسەر پشتە بۆ هەموو کەسێک، کە ئامادەبونی خۆی پێشان بدات بۆ جیبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا. حاکم عومەر محەمەد بە ‌هاوڵاتی وت «دادگا پێویستی بە پشتوانی هەموو کەسێکە، بۆیە داوا لەهەموو کەسیش ئەکەین، ئامادەی خۆی دەرببڕێت بۆ پیادەکردنی یاسا و بەکارهێنانی نفوسی خۆی و دەسەڵاتی حزبی خۆی، بۆ ئەوەی یاسا بچەسپێنیت بەسەر ئەوکەسانەی کەئەگەر خۆیان دابێتە پاڵ حزبێک بۆ ئەوەی رادەستی دادگا بکرێن». سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی یەکێتی لە دادگاو زانکۆکان دوای ١١ ساڵ تێپەڕین بەسەر بڕیارەکەی تاڵەبانیدا یەکێتی ئامادە نییە لەو بارەیەوە قسە بکات. سەبارەت بە دەستێوەردانی کۆمەڵەی خوێندکاران لە زانکۆ و سەردانی حاکم قادر بۆ دادگا، ‌هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام وتی  «من وتەبێژی حزبێکم پەیوندیم نییە بەو مەسائیلی شەخسییانە، کێ سەردانی کوێ ئەکات و کێ سەردانی کوێ ناکات، کادری حزب زۆرە قسە لەسەر ئەوە بکات، بڕۆن قسەیان لەگەڵ بکەن پەیوەندی بەمنەوە نییە .» لە چەند رۆژی رابردوودا، کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بەیەکێتی، کچە خوێندکارێک دووردەخاتەوە لە نوێنەرایەتی خوێندکاران لە بەشەکەی خۆی، کە ئەرکی نوێنەرەکە راییکردنی کاروبارەکانی هاوپۆلەکانی بووە لە گروپەکەی خۆیدا. لانە ستار کە لە لایەن کۆمەڵەی خوێندکارانەوە ڕیگری لێکراوە، دەڵێت کۆمەڵەی خوێندکاران «تۆمەت»یان بۆ هەڵبەستووەو وتویانە هاوڕێکانی شکاتیان لێکردوە بۆیە دوریان خستۆتەوە لە نوێنەرایەتی، بەڵام ئەو دەڵێت تەنها لەبەرئەوە دوریان خستۆتەوە، فەرمانێکی ئەوانی جێبەجێنەکردووە.  هەڵمەت هۆشیار ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکاران لە بەشی راگەیاندن، بەو کچە دەڵێت «هەرکەس یەکێتی، نەبێت ناتوانێت نوێنەر بێت». سەبارەت بەم بابەتە ‌هاوڵاتی پەیوەندی بە هەڵمەت هوشیار نوێنەری گشتی بەشی راگەیاندن کردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات. لانە ستار دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە بەهۆی یەکێتی نەبوونی دوورخراوەتەوە، «وەک یەکەم نوێنەری دوورخراوە، بە مافی خۆمی ئەزانم، ئەو تۆمەتانەی بۆم درووستکراوە، سەرلەبەری ڕەتبکەمەوەو ڕایبگەیەنم، ھۆکاری دوورخستنەوەم تەنها یەکێتی نەبوونم بوو». وتیشی «سەرجەم مامۆستایانی ھەردوو قۆناغەکەم، ھەموو ھاوڕێکانم لە ھەردوو قۆناغ، زۆربەی نوێنەرەکان ئەو شایەتیەیان بۆ داوم کە چەند کەسێکی ھیلاک و خۆنەویست بووم، چەند بە ئازایانە کارەکانم ڕاپەراندووە. بۆیە ئەمانە جگە لە تۆمەتێک بۆ شاردنەوەی کارەکانی خۆیان ھیچیتر نین». لانە زیاتر وتیشی «داوا لەسەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندن دەکەم بەڕێزیان دژی ئەم سوکایەتیە بوەستنەوە کە بە شکۆی بەشەکەمان دەکرێت، چونکە بەشی ڕاگەیاندن ھەمیشە بەشێک بووە لە سەرکەوتنەکانی زانکۆی سلێمانی». بە تەنها لانە نییە کە دورخراوەتەوە لە نوێنەرایەتی لەبەر ئەوەی کە یەکێتی نەبووە، بەڵکو رێبەرخالید شەریف یەکێکی ترە لەو خوێندکارانە باس لەوەدەکات نوێنەرەکەی خوێندکاران وتوویەتی «هەر کەس یەکێتی نییە دەبێت دووربخرێتەوە لەبەر ئەوەی منیش سەر بەهیچ حزبێک نیم». لەگەڵ ئەوەشدا رێبەر ئامادە نییە دەستبەرداری کاری نوینەرایەتی ببێت، وتی «بەڵێ نوێنەرم، من ھاوڕێکانم دیارییان کردووم ھەرچەندە نوێنەریی گرنک نییە، بەڵام ھەرکەس لە ھاوڕێکانم بیانووتایە دەبینە نوێنەر، وازم دەھێنا، بەڵام تەنها لەبەرئەوەی کە من کۆمەڵەی خوێندکاران نیم، ئامادەنیم وازبهێنم». سەروەت عەبدولقادر خوێندکارێکی ترە بە ‌هاوڵاتی وت «هەرچالاکییەک لە ناو زانکۆ بکرێت، دەبێت کۆمەڵەی خوێندکاران رەزامەندبن». ‌هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە دکتۆر سەلام نەسرەدین سەرۆکی بەشی راگەیاندن، بەڵام وتی «من ئاگاداری هیچ شتێک نیم تا ئەوکاتەی لەهەموو شت تێدەگەم، لێدوان نادەم». بەڵام پڕۆفیسۆر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەوبارەیەوە بە ‌هاوڵاتی وت «لەوەتەی من لێرەم، نەمهێڵاوە دەستی حزب  تەداخولی ناو ئێشی ئەکادیمی بکات، حزب خۆیشی نەهاتوە تەداخولی ناو زانکۆ بکات، راستە لەوانەیە کۆمەڵەی خوێندکاران نوێنەرێکیان هەبێت و بەشێوەی حزبییانە  ئێش بکات، ئەمە بابەتێکی ترە، بەڵام وەک ئەوەی کە نوێنەرایەتی  خوێندکاران، وەک نوێنەری کۆمەڵەی خوێندکاران ئێش بکات بەهیچ شێوەیەک ئێمە رێگەمان نەداوە». وتیشی «ئێمە ئیجرائات لەگەڵ هەرکەسێک ئەکەین کە  بیەوێت دەستی حزب بکاتە ناو زانکۆ».

‌هاوڵاتی پرۆگۆران کە وەکو ڕەوتێکی ناڕازی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دروستبووە، داواده‌کات دەسەڵاته‌کانى رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵپەسێردرێن، ئەوەش دوای زنجیرەیەک ناڕەزایی ناو بزووتنەوەکە دێت. پڕۆگۆڕان لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەکانی رێکخستەکانی ئەوروپای گۆڕان پێکهاتووە، دوای پاشەکشەی بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ ئەیلولی ساڵی رابردوو دروستبوو، لە ئێستادا ده‌ڵێت کە چیتر لەسێبەردا نابێ و لەمەودوا ناچارە سیمای خۆی دەربخا و دەنگی بەرزبکاتەوە. لە راپۆرتێکی تێروتەسەل و گشتیگیردا کە بۆ چاکسازی ئاراستەی گۆڕانیان کردوەو لە ڕیگەی رۆژنامەی ‌هاوڵاتی یەوە بڵاوی دەکەنەوە، داوادەکەن «جڤاتی نیشتمانی نوێ، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەکۆی گشتی هەڵئەبژێرن». دەقی کارنامەکە أ)         هەڵپەساردن و ماوەی راگوزەر: ١)         دەسەڵاتی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، هەڵپەسێردرێن.   ٢)        لە ماوەی راگوزەردا (جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی کاتی) پێکەوە ئیدارەی بدە‌ن. ٣)        (ج نیشتمانی و ئەنجومەنی کاتی) پلینیۆم رێکدەخەن و نوێنەری هەڵسوراوە، رازی و ناڕازییەکان، بۆ پلینیۆم  بانگ دەکەن. ب)       ئەنجوومەنی کاتی:            ٣١ - ٣٥ ئەندام ئەنجومەنە کاتییەکە پێکدێنن بەم رێژانەی خوارەوە: ١)         ٣ ئەندام: رێکخەری گشتی، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و سکرتێری جڤاتی گشتی. ٢)        ٣ ئەندام: لە ژورەکانی پەیجوری و یاسایی و هەڵبژاردن. ٣)        ٥ ئەندام: لە فراکسیۆنەکانی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرایەتی عێراق و نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگاکان. ٤)         ٧ ئەندام لە نوێنەرانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەو پێیەی دەستوری ب‌ گ ریزبەندی کردون. ٥)        ٥ ئەندام لە ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە ( دەبێ لەلایەن رەوەندی کوردیەوە دەستنیشان بکرێن). ٦)        ٥ نوێنەر لە رایەڵەکانی گەنجان و ژنان و پیشەییەکان لەناوەو دەرەوەی وڵات. ٧)        ٥ نوێنەر لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان. پ)       ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی کاتی: ١)         ئامادەسازیی بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی. ٢)        سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ نوێنەرانی کۆنفرانس. ٣)        سازدانی پرۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی دەستور. ٤)         داڕشتنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە. ٥) تەواوی بڕیارەکان بە کۆدەنگی و رەزامەندی ئەندامانی بەشداری ئەنجومەنە کاتیەکە دەدرێت. ت)       هەڵبژاردنی ناوخۆ: ١)         هەڵبژاردنی ناوخۆی ب‌گ، مانگێ، دوای تەواوبونی کۆنفرانسی نیشتمانی، ئەنجام دەدرێ. ٢)        ئەنجومەنە کاتیەکە، میکانیزمی دروست بۆ هەڵبژاردن، دادەڕێژێ و پەیڕەوی دەکات. ج)        کۆنفرانسی نیشتمانی: لە ٣ مانگدا، لەدوای دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی کاتی، دەبەسترێ و کۆنفرانس باڵاترین دەسەڵاتی بزوتنەوەی گۆڕانە، کەبڕیار لەپرسە گرنگەکان دەدات وەک: پێکهاتەی رێکخراوەیی، دەسەڵاتەکان، دارایی وموڵکدارێتی، میدیا و ڕێکخستن لەگەڵ دارشتنەوەی دەستوری گۆڕان. دووەم/ دەستوری گۆڕان: لەدەستورە نوێیەکەدا، ڕەچاوکردنی ئەمانەی خوارەوە، تەواو پێویستن: أ)         ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن: ١)         جڤاتی نیشتمانی نوێ، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەکۆی گشتی هەڵئەبژێرن و دواتر ئەندامانی خانەی ڕاپەراندن، بەپێی تواناو لێوەشاوەییان ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان دابەش دەکەن. ٢)        لەخانەی ڕاپەڕاندندا ڕەچاوی پێگەی گەنجان و ژنان بکرێ. ٣)        کار بۆ چەمکی هاو-رێکخەر بۆ پۆستی رێکخەری گشتی بکرێ. ٤)         لەهەڵبژاردنیاندا، ڕەچاوی پێودانی ورد و مەرجی توندوتۆڵ و رێژەی دانیشتوان و ناوچەکان و تەمەن بکرێ. ب)       جڤاتی نیشتمانی: ج. نیشتمانی، یەکەی بڕیاردانە لە ب‌گ دا. لەپاڵ ئەم مافەیدا، ژمارەیە لە ئەندامەکانی، پۆستی گرنگی جێبەجێکردنیان هەیە. ئەم فرە - مافیە، دژ بە، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. چارەکردنی ئەم دیاردە نامۆیە، لە پێشەوەی ئەرکەکانی کۆنفرانسدا دەبێ و ئەنجومەنی کاتی بۆ ئەو مەبەستە، پرۆژەیەک ئامادە دەکا. بۆ تۆکمەکردن و کاراکردنی جڤاتی نیشتمانی ئایندە، پێویستە ئەم خاڵانە، بەهەند وەربگیرێن: ١)         چەندایەتی و چۆنایەتی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لە پەیام و ئامانج و ستراتیژیەکانی ب‌گ و لە بەدامەزراوە کردنیەوە هەڵدەقووڵێ. لێرەوە دەبێ لە هەڵبژاردنی ئەندامەکانیدا رەچاوی: کارامەیی/الفعالیه‌ و توانا/ الکفا‌ء‌، بکرێ. ئەمانەش کاتێ روودەدەن کە شیکردنەوەی زانستیانە و ستاندارد بکرێ و مەرجی دیاریکراو دابنرێ. ٢)        بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی ئەندامەکانی بەسەر لیژنەکانی چاودێری، دارایی، حکومی، رەوەندی کوردی ... تاد بەش بکری بۆ کارابوونیان لە بواری هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە و بەدواداچووندا. ٣)        دروستکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی شارەکان، بۆ چەسپاندنی لا مەرکەزیەتی بڕیاردان بۆ فراوانکردنی پشکی بەشداری جەماوەری و گرێدانی چەمکی ڕێکخراوێکی لۆکاڵی و سەرتاسەری، لە ب‌گ دا. ٤)         دامەزراندنی ئۆفیسێک و دانانی تیم و ستافی ئیداری بە توانا و بە ئەزمون بۆ هاوکاریکردنی ئەندامەکانی ج نیشتمانی لە بواری زانیاری، ئیداری، رێکخراوەیی، تەکنیکی، راگەیاندن، ... دا. پ)       جڤاتی گەنجان: پێکهێنانی جڤاتی گەنجان (هەردوو ژێندەر) لەو ئەندامانەی ١٦ - ٢٥ ساڵن.نوێنەرانی گەنجان لە رێکخستنەکانی گۆڕان، لە کوردستان و دەرەوە، پێکبێت.  ت)       ژورەکان: ١)         ژمارەی ئەندام، بەندە بە سروشت و پێویستی ژورەکەوە (لای کەم ٥ ئەندام بێ). ٢)        ئەندامی ژور بەپێی پسپۆڕی لە کاری ژورەکەدا دادەمەزرێ و ژور بە پێوەری یاسایی و ئاسایی بەڕێوە دەبرێ. ٣)        ج نیشتمانی، بڕیار لە دانانی بەرپرسی ژور دەدا، پاش ئەوەی ژورەکان، کاندیدێ / کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرن. ٤)         بڕیاردان و کارکردن بە کۆی دەنگ دەبێ؛ نەک بە تاکڕەوی، لەلایەن لێپرسراوی ژورەکەوە. ٥)   ماوەی دەستبەکاربوونی بەرپرس و ئەندامانی ژور بۆ خولێکی پەرلەمانی کوردستانە. ٦)        بۆ خوڵقاندنی پارسەنگ و بەشکردنی قورسایی بەسەر جێ و یەکە جیاوازەکاندا، لقی هەندێ ژور لە ناوچەکانی:  سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕیندا، بکرێتەوە. ٧)        گوێزانەوەی بنکەی سەرەکی هەندێ ژوور یا بەشێکی بۆ هەولێری پایتەخت لەوانە: ژ هەڵبژاردن ، ژ دبلۆماسی، ژ حکومەت و پەرلەمان، ژ ناوچە دابڕاوەکان ، ... بۆ ئەوەی کاراتر رۆڵەکانیان ببینن. ٨)        ژورەکان لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی جڤاتی نیشتمانیدا بن. ٩)        کردنەوەی ژوری گەنجان و ژوری ژنان بۆ ئیدارەدان و دابینکردنی  پێویستیە هەمەلایەنەکانی خۆیان. ١٠)        زیادکردنی ژوری چاودێری و بەدواداچوون. ١١)        پێکهێنانی ژوری چاودێری دارایی: ج)        رەوەندی کوردی لەتاراوگە: پەیکەری رێکخراوەیی و ئەرکەکانی ژوری رەوەندی کوردیدابڕێژرێتەوە. چ)        دارایی: ١)         دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی بۆ موڵک و ماڵی ب‌گ. ٢)        رووناکی خستنە سەر بڕی داهات و خەرجیەکانی ب‌گ بە پێڕەوکردنی پرەنسیپی شەفافیەت. ٣)        بەهێزکردنی توانای دارایی ب‌گ لە ڕێی دیاریکردنی رێژەیەک لە داهاتی فراکسیۆنەکان و وەزیر و بەرپرسە باڵاکان لە فەرمانڕەواییدا و وەرگرتنی ئابونەی هەڵسوڕاوان و یارمەتی گۆڕانخوازان و دۆستان. ٤)         بیر بکرێتەوە لە پرۆژەی بازرگانی بۆ دروستکردنی سەرچاوەی ئابووری جێگیرتر بۆ بزوتنەوەکە، بە مەرجێ بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێ و کەس مافی تەسەروفکردنی شەخسی بە داهاتەکەیەوە نەبێ. ٥)        رێگەدان بە بازنە و رایەڵەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی مالی بەپێی ئەو رێوشوێنانەی ب‌گ دایدەڕێژێ. ح)        میدیای گۆڕان: ١)         میدیای ب‌گ، کەناڵی ئاسمانی KNN و سایتی سبەی و رادیۆی گۆڕان و ژووری ڕۆژنامەوانی (چاپ‌و چاپکراوەکان)ی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە. ٢)        مارتی ٢٠١٥ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە فەرمی ئەم میدیایەی بەم چوار پێکهاتەیە داڕشتەوە و بەڕێوەبەری میدیای گۆڕانی کردە ئەندامی ج نیشتمانی. واتە، لەو کاتەوە و لەسەر دەستی خودی رەوان شاد دا، میدیای گۆڕان، وەک هەر یەکەیەکی تر، خرایە سەر ب‌گ و بوو بە بەشێکی ئۆرگانی لێی. ٣)        هەر کاتێ، ئەم دەزگا هەستیارە، بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجە گشتیەکانی ب‌گ لەخزمەتدا بووبێ، بە تۆپخانەکەی گۆڕان، ناوزەد کراوە، بەڵام کاتێ بەهۆی دەستوەردانی هەمەلایانە بەگەڕخرابێ، بەداخەوە، کلۆر کراوە و رۆڵی لاواز کراوە. ٤)         بە بۆرد و تیمی پرۆفیشناڵ و بەتوانا و شارەزا لە بەڕێوەبردنی کایە جیاوازەکانی راگەیاندن، پڕبکرێتەوە. ٥)        تەنها دامەزراوەی میدیای گۆڕان، لە ژێر چاودێری جڤاتی نیشتمانیدا، سەرپەرشتی ئەم میدیایە دەکا. سێیەم: بە دامەزراوەیکردنی گۆڕان بەدامەزراوەییکردن بنەمایەکی بایەخداری رێکخراوە سەردەمییەکانە. ئەم چەمکە، یاریدەی ب‌گ دەدا، لێشاوێ لەو کێشانەی بەدەستیەوە گیری خواردووە و دەخوا، زۆر کەم بکاتەوە و هاوکات بە کەمترین تێهاویشتەی خەرج و ماندووبوون و کات، زۆرترین و نایابترین دەرچە و دەرهاویشتە، دابین دەکا. پرۆگۆڕان ده‌ڵێت کە چیتر لەسێبەردا نابێ و لەمەودوا، ناچارە سیمای خۆی دەربخا و دەنگی بەرزبکاتەوە. پرۆگۆڕان ٢٥/٠٤/٢٠١٩  

سەروەر خەلیل چەند رۆژێکی کەم دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی ئەبوبەکر بەغدادی، دەستی داعش گەیشتە چەند ناوچەیەک لە عێراق، کە یەکێکیان سنوری پردێیە لەسەر رێگای ھەولێر – کەرکوک، لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە کاتێک لەوپەڕی بەھێزیدا بووو دەستی نەگەیشتبووە ئەو ناوچەیە. دوایین ھێرشی داعش لەشەوی دووشەممەی رابردوودا بوو، کاتێک ژمارەیەک چەکداری ئەو رێکخراوە ھێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی فیدڕاڵی لەشارۆچکەی پردێ و بەھۆیەوە سێ پۆلیس کوژران و دوانی تریش برینداربوون. کۆتایی مانگی رابردووش، چەکدارانی داعش دیمەنی کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی یەکێتییان لەسنووری مەخمور بڵاوکردەوە کە چوار رۆژ پێشتر لەچیای قەرەچووغ دەستگیریان کردبوو. رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی لەمەخمور، پێیوایە داعش بۆ دروستکردنەوەی ریزەکانی خۆی لەسنووری چیای قەرەچووغ جێگیربوون کە تێیدا پارێزراون و سوپای عێراقیش ناتوانێت ھێرشیان بکاتە سەر». ھەروەھا بۆ ‌هاوڵاتى رونکردەوە «ئەو چەکدارانە لێرەوە دەتوانن تەشکیلات و مەفرەزەی پارتیزانی دروستبکەنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و جارێکی چەکدارەکانیان لێرە کۆبکەنەوەو خۆ ڕێکخستنەوەیەکی تەواو دەکەن لەڕووی سیاسی و فیکرییەوە». بە وتەی رەشاد گەڵاڵی، دەرکەوتنەوەی ئەبوبەکر بەغدادی سەر لەنوێ جوڵە خستنەوەیە بەبەر چەکدارەکانی داعش و ئومێدی ئەوەیان لا دروست دەبێتەوە، کە بەغدادی ماوە، «ئەگەر سەر مابوو، ئەویتر دروست دەبێتەوە، بۆیە من پێموایە کە داعش جارێکیتر دروست دەبێتەوە بەڵام بەو قەبارەیەی جاران نا کە دەست بەسەر ناوچەکاندا بگرێت». ھەفتەی رابردوو دامەزراوەی فورقانی سەر بە داعش، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ١٨ خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەبوبەکر بەغدادی بە ریشێکی سپی و خەنەکراوەوە دەردەکەوێت کە قسە بۆ سێ کەس دەکات و باسی رووداوەکانی ئەم دواییە دەکات ، بەتایبەتی شەڕی باغۆز و رووداوەکانی سودان و جەزائیر و سریلانکا دەکات. ئەوە دووەم دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادیی بوو لەدوای راگەیاندنی خەلافەتەکەی لە موسڵ، لەحوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، ھەروەھا یەکەم دەرکەوتنیەتی لەدوای لەدەستدانی دوایین پێگەی رێکخراوەکە لە ناوچەی باغۆزی سوریا. عەلی حوسێنی وتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی لەلێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى، دڵنیایی دەداتە ھاوڵاتییان بەوەی داعش بووەتە بەشێک لەڕابردوو «داعش ھەناسەی کۆتایی دەدات و لەعێراق، چالاکی و بوونی نەماوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ کۆتایی ھاتنی رێکخراوەکە». لەبارەی دەرکەوتنەوەی بەغدادی دەڵێت «بەپێی راپۆرتە ھەواڵگرییەکان ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەژێر زەوی تۆمارکراوە، ئەو لەوتەکانیدا دان بەشکستی خۆیدا دەنێت و جگە لەکەسانێکی دەمامکدار ھیچ کەسی تر لەدەوری نییە و  کەسیش نازانێت ئەو کەسانە کێن». ئەو بەدووریشی دەزانێت کە دەرکەوتنەوەی بەغدادی ببێتە ھۆی چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش «چەکدارانی داعش پەرتبوونەتەوەو بوونەتە چەند گروپێکی تیرۆریستی و رێگر، ئەو رووداوانەش کە ڕوودەدەن پەیوەست نین بەدەرکەوتنەوەی بەغدادی». داعش جیا لەو ناوچانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون، شوێنپێی لەچەند ناوچەیەکی جوگرافی نوێ کردووەتەوە کە پێشتر دەستی پێنەگەیشتوون، ھێرشەکەی ئەمدواییەی ئەو گروپەش بۆ سەر پۆلیسی فیدڕاڵی لەنزیک گوندی کەڵوڕی سنووری شارۆچکەی پردێ لەکاتێکدایە کە پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نە داعش و نە ھیچ گروپێکی چەکداری تر چالاکی لەو ناوچەیە نەبووە. جەودەت جیهاد، شارەزای سەربازی و بەرپرسی سەنتەری کەرکوک بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە داعش لەڕووی فیکرییەوە کۆتایی نەھاتووە، وتی «ئێستا شانەکانی داعش بەشێوەیەکی نائاسایی جموجۆڵ دەکەن، ئەو چالاکییانەی لەماوەی رابردوودا داعش ئەنجامیدان، چالاکی بچووکن و ئامانجیان تێکدانی دۆخی ئەمنییە، ئێستا داعش بەھەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٤ کار ناکات و شێوازی کاری گۆڕیوە بۆ کرداری کوشتن و تێکدانی سەقامگیری». ئەو نایشارێتەوە کە داعش کۆمەڵێک ناوچەی سەختی گرتووە لەزنجیرە چیاکاندا «ئەو ناوچانە ھاوکارن لەوەی ببن بەخاڵی دەستپێکی گرنگ بۆ داعش بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان». ئەمە لەکاتێکدایە داعش لەڕێی شانە چەکدارەکانییەوە لەشارو ناوچە جیاوازەکاندا ھەوڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی پارتیزانی دەدەات و چالاکییەکانیشی لەو ھەوڵانەدا چڕکردووەتەوە. جەودەت جەخت لەوەش دەکاتەوە کە «دەرکەوتنی بەغدادی مانای ئەنجامدانی چالاکییەکە کەچەکدارەکان لەناو خۆیان رێککەوتنیان لەسەری کردووەو پلانیان بۆ داناوە، ئەم دەرکەوتنەو دەرکەوتنەکانی داھاتووی بەغدادی دووبارە پێکھێنانەوەی ھەیکەلییەتی رێکخراوەکەیە». ئەوەش ناشارێتەوە کە «کردەوەو چالاکییەکانی داعش لەڕۆژانی ئایندەدا بەڕێژەیەکی زیاتر دووبارە دەبنەوەو بەردەوام دەبن، بەڵام ھێزە عیراقییەکان دەتوانن لەڕێی ھەوڵە ھەواڵگرییەکانەوە رووبەڕووی ببنەوە، بەڵام پێویستە وریا بین و رووبەڕووی ببینەوە». گرتە ڤیدیۆییەکەی ئەبوبەکر بەغدادی دوای جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعش ھات لەچەندین ناوچە، لەوانە ھەندێ ناوچەی عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە و لەئەستۆگرتنی تەقینەوەکانی سریلانکا کە لەرۆژی جەژنی مەسیحییەکاندا روویداو بەھۆیەوە سەدان کەس کوژران و برینداربوون. لیوا قارەمان کەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە «دەرکەوتنی بەغدادی جارێکی تر مەعنەویات دەداتە شەڕکەرەکانی داعش و جارێکیتر بەغدادی دەیسەلمێنێت کە بوونی ھەیە و ماوە، بتەوێ و نەتەوێ ئەوە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر داعش». وتیشی «داعش بەبەردەوامی ھەر دەرفەتێک ھەبێت دەیقۆزنەوە ھەڵدەکوتنە سەر ھێزە ئەمنییەکان چونکە داعش لەناوچەکە بوونی ھەیە، بەردەوامیش ھەر ھەلێک ھەڵبکەوێت پلان دادەنێن  بۆ ئەوەی ھەڵبکوتنە سەر دێهات و ھێزە ئەمنییەکان و چالاکی خۆیان ئەنجامبدەن و خەڵک ئەڕفێنن و خەڵک ئەکوژن، داعش لەو ناوچانە بەردەوام و چالاکی خۆی ئەنجامدەدات و چالاکییەکانیش بەپێی مانگ دەگۆڕێت». باسی لەوەشکرد، «ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەژمارەیەکی گەورە بوونیان ھەیە و بەربڵاون لەشوێنەکان، داعش دەمێنێت تا ئەو کاتەی ھێزە عێراقییەکان نەتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکان بکەن و ھێزی بەردەوامیان لێی ھەبێت. لیوا قارەمان پێیوایە داعش بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستە ھێزە عێراقییەکان ژمارەی ھێزەکانیان لەو ناوچانە زیاد بکەن و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام ھەبێت «بوونی داعش لەکۆمەڵێک ناوچەی نوێ کەپێش 16ی ئۆکتۆبەر دەستی پێنەگەیشتبوو دەلالەتی ئەوەیە کە ھێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئەو ناوچانە بپارێزن». لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردەوە، پێیوانییە داعش بتوانێت جارێکی تر شارو شارۆچکە داگیر بکات «بەڵام بەشێوەیەکی گشتی داعش ھەر ئەمێنێت و جارێکی تر دەستی کردووەتەوە بەتەنزیماتی خۆی ئەو شوێنانەشی کە ھێزە ئەمنیەکانی لێ دوورە و نەتوانراوە پارێزگاری لەو شوێنە مەدەنییانە بکرێت داعش لەو شوێنانە زیاتر گەشە ئەکات».

ئارا ئیبراهیم لایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌ پێکهێنه‌ره‌کانى کابینه‌ى نوێی حکومه‌ت، به‌تایبه‌تى یه‌کێتى و گۆڕان له‌ئێستاوه‌ چاویان له‌ ئاینده‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و کابینه‌یه‌دا، گۆڕان پێداگره‌ له‌سه‌ر یه‌کخسته‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌کان، یه‌کێتیش ده‌ڵێت ئه‌و پرسه‌ کاتى ده‌وێت و « به‌ خه‌یاڵ  بڕیار ناکرێت». به‌پێى بریارى ژماره‌ 19ى په‌رله‌مان که‌ له‌ ساڵى 2015 ده‌رچووه‌ ده‌بوو هێزه‌کانى یه‌که‌ى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى له‌ ماوه‌یه‌کى کورتدا یه‌کبخرایانه‌ته‌وه‌، به‌ڵام  چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و بریاره‌دا تێپه‌ڕ بووه‌ و هێشتا نه‌توانراوه‌ یه‌کبخرێنه‌وه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵی رابردوودا 14 لیواى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ یه‌کخراونه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌ى لیواکه‌ پارتى بێت، جێگره‌که‌ى یه‌کێتییه‌و ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌ى لیواکه‌ یه‌کێتى بێت، جێگره‌که‌ى پارتییه‌. مسته‌فا چاوڕه‌ش، لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى 9ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به ‌هاوڵاتی وت»مه‌سه‌له‌ى  ئه‌وه‌ى له‌ کابینه‌ى نۆیه‌م هێزه‌ چه‌کداره‌کان بکرێنه‌ هێزى نیشتمانى،  ئه‌وه‌ به‌ خه‌یاڵ و به‌ بریاڕ ناکرێت، ئێمه‌ له‌ 2006 و ده‌یان  کۆبونه‌وه‌مان کرد وه‌ک فه‌رمانده‌یى یه‌کێتى و فه‌له‌کى پارتى، بۆ ته‌وحیدى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌وکاته‌وه‌ توانیومانه‌ 14 لیوا ته‌وحید بکرێن، باقییه‌که‌ى  هێشتا هێزه‌کانى 70 و هێزه‌کانى 80 ماون». وتیشى ئه‌و 14 لیوایه‌ى یه‌کخراوه‌ ئێستاش نه‌توانراوه‌ پێداویستییه‌کان و کاره‌کانیان یه‌کبخرێت که‌ بودجه‌ى زۆرى ده‌وێت «چەک جلوبه‌رگ و باره‌گاى وه‌ک یه‌ک نییه‌ و چەکەکانیان هه‌ریه‌که‌و له‌ ئاوازێک ده‌خوێنێت، به‌ کۆسته‌ر ده‌یانبه‌ین و ده‌یانهێنینه‌وه‌، که‌ مه‌فروزه‌ لیواکه‌ ئوتومبێلى خۆى هه‌بێت». مسته‌فا چاوڕه‌ش جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه،‌ که‌ یه‌کێتى له‌پێش هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکرێنه‌ هێزى نیشتمانى و وه‌ک هێزى حزبى نه‌مێنن، «با  که‌س موزایه‌ده‌ نه‌کات بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌، یه‌کێتى له‌پێش هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ ببێته‌ هێزى خه‌ڵک، ده‌بێت هه‌وڵى بۆ بده‌یت و وه‌ختى زۆرى ده‌وێت». به‌پێی رێککه‌وتنه‌کانى پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌ یه‌کێتى و گۆڕان، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌کابینه‌ى نوێدا پشکى یه‌کێتى ده‌بێت و هه‌ریه‌که‌ له‌ جه‌بار یاوه‌ر، شۆڕش ئیسماعیل، مسته‌فا چاوڕه‌ش کاندیدن، به‌ڵام ئه‌گه‌رى به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ شۆڕش ئیسماعیل پۆسته‌که‌ وه‌ربگرێت. هه‌ر به‌پێی رێککه‌وتنه‌کان، سه‌رۆکى هه‌رێم دوو جێگرى ده‌بێت که‌ ده‌درێن به‌ یه‌کێتى و گۆڕان و یه‌کێکیان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و پرسه‌ به‌ته‌واوى رووننه‌کراوه‌ته‌وه‌. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ، ئه‌ندامى فراکسۆنى گۆڕان و بڕیارده‌رى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و ناوخۆ له‌ لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتی وت «تا ئێستا چوار کۆبونه‌وه‌مان کردووه‌ له‌ لیژنه‌که‌دا و نوسراومان کردووه‌ بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى 70 و 80ى پارتى و یه‌کێتى «. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ى سیاسى هه‌بێت بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کان ده‌توانرێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تدا هێزه‌کان یه‌کبخرێته‌وه‌و بکرێته‌ نیشتمانى. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ به‌رنامه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکرێنه‌ هێزێکى نیشتمانى. به‌ وته‌ى شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ، زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار چه‌کدارى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دایه‌. له‌ساڵانى رابردوودا، چه‌ندین هه‌وڵدران بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌کان بێ ئه‌نجام بوون و هێزه‌کانى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ماونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی پڕۆژه‌ى چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ که‌ به‌ هاوبه‌شى له‌نێوان هاوپه‌یمان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌کراوه‌، ده‌بێت هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکرێنه‌ نیشتیمانى و یه‌کبخرێنه‌وه‌. راوێژکارێکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت، هێزه‌کانى پارتى و یه‌کێتى پێکه‌وه‌ ئیشیان کردووه‌و ململانێیان هه‌بووه‌ گۆڕینى ئه‌م دوو هێزه‌ له‌فه‌رمانى حزبییه‌وه‌ بۆ فه‌رمانى حکومى بڕیارى سیاسى ده‌وێت. لیوا به‌ختیار محه‌مه‌د، له ‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «هه‌موو ئیشێک له‌ وڵاتان حکومه‌ت ده‌یکات، به‌ڵام حکومه‌تیش له‌پێکهاته‌ى حزبه‌کانه‌، له‌ پرسى پێشمه‌رگه‌دا له‌کوردستاندا ده‌بێت بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ حزبه‌کان، له‌به‌رئه‌وه‌ى  پارتى و یه‌کێتى هێز و سوپایان هه‌یه‌، گۆڕینى ئه‌م دوو هێزه‌ له‌فه‌رمانى حزبییه‌وه‌ بۆ فه‌رمانى حکومى بڕیارى سیاسى ده‌وێت». لیوا به‌ختیار پێیوایه‌ یه‌کسختنه‌وه‌ى هێزه‌کان خشته‌ى زه‌مه‌نى ده‌وێت و به‌ شه‌و رۆژێک ناکرێت، «هێزه‌کانى یه‌کێتى و پارتى مێژوویه‌کیان هه‌یه‌ له‌ ئیشکردن پێکه‌وه‌ له‌ململانێ و ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕى ناوخۆ ئینکار ناکرێت، دانانى به‌رنامه‌یه‌ک له‌ ژێر چه‌ترى حکومه‌تى هه‌رێم رێکه‌وتنى سیاسى ده‌وێت بودجه‌ و کاتى زه‌مه‌نى ده‌وێت». لیوا به‌ختیار هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد به‌ چوار ساڵ ئیتفاقى سیاسى و درووستبونى متمانه‌ له‌سه‌دا 80ى ته‌واو بکرێت، «ده‌بێت خه‌ڵکه‌که‌ وا پرۆفشناڵ بکه‌یت و په‌روه‌رده‌ بکرێت، ئه‌مه‌ش کاتى ده‌وێت». ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بودجه‌ى ده‌وێت، ئه‌گه‌ر وه‌ک نموونه‌ ژماره‌ى هێزه‌کان به‌ سه‌د هه‌زار که‌س دیارى بکرێن، ده‌بێت موچه‌و جل و به‌رگ و خواردنى کارمه‌ند و ئه‌فسه‌ره‌کان دابین بکرێت.

‎کاوه‌ ڕه‌ش/ به‌ریتانیا ‎نه‌جات ئیبراهیم ئیسماعیل، ته‌مه‌نى ٣٢ ساڵه‌و هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ژنێکى ئینگلیز کردوه‌و خاوه‌نى سێ منداڵن، به‌ڵام ئێستا ده‌ست به‌سه‌ره‌و بڕیاڕى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى بۆ عێڕاق له‌ئان و ساتدایه‌. ‎دواى ئه‌وه‌ى نه‌جات ویستویه‌تى ئه‌رکێکى مرۆيى ئه‌نجام بدات، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له‌تاوانێکه‌وه‌ گلاوه‌. ‎له‌شوێنى ده‌ست به‌سه‌کردنه‌وه‌که‌یه‌وه‌ نه‌جات قسه‌ى بۆ ڕۆژنامه‌ى میترۆى به‌ریتانیانى کردوه‌و ده‌ڵێت": هیچ شتێک من به‌عێڕاقه‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌، من هه‌رزه‌کار بوم کاتێک هاتوم بۆ ئێره‌، زۆربه‌ى ژیانى خۆم لێره‌ به‌سه‌ربردوه‌و من ته‌نها ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ ژن و سێ منداڵه‌کانم بژیم". هه‌روه‌ها نه‌جات ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌"‎من دانى پێدا ده‌نێم که‌منداڵه‌ ساواکانى براکه‌م به‌نایاساى هێناوه‌ته‌ به‌ریتانیا، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ى نه‌مرن و لێره‌ چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى بۆ بکه‌ن، ته‌نها هاوکارى خێزانه‌که‌م کردوه‌، ‎من که‌سێککى قاچاغچى نیم، ته‌نها ئه‌وه‌م بۆ ئه‌وکچه‌ بچوکه‌ى براکه‌م  کردوه‌ خه‌ڵک ده‌بێ له‌وه‌ تێبگات" ‎نه‌جات کورێکى عێڕاقییه‌و له‌ته‌مه‌نى شازده‌ساڵییه‌وه‌ له‌٢٠٠٣ هاتۆته‌ به‌ریتانیا. دواى گه‌یشتنى به‌به‌ریتانیاو له‌دواى چه‌ندساڵێک هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکى ئینگلیزده‌کات به‌ناوى ئه‌یما، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش مافى په‌نابه‌رى وه‌رده‌گرێت. ‎تاڕۆژى گیرانه‌که‌ى له‌گه‌ڵ ژن و سێ منداڵه‌ ته‌مه‌ن ٦و ١٠و ١٤ساڵانه‌که‌ی،له‌شارى پۆرتسموس  ى به‌ریتانیا ژیاون. ‎خاوه‌نى غه‌سڵى شۆردنى ئۆتۆمبیل بوه‌و ده‌ڵێ هه‌رگیز پاره‌ى سۆشیالى وه‌رنه‌گرته‌وه‌، به‌ڵکو باجى داوه‌ به‌حوکمه‌ت. ‎براى نه‌جات به‌ناوى ته‌حسین له‌عێڕاقه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌که‌ون بۆ به‌ریتانیا به‌گوته‌ى خۆیان له‌ترسى شه‌ڕى گروپه‌ تیرۆرستیه‌کانى عێڕاق و له‌ساڵى ٢٠١٥  له‌کامپى دانکیغ له‌فه‌ڕه‌نسا  ده‌گریسێنه‌وه‌، به‌ئومێدى گه‌یشتن به‌به‌ریتانیا. ‎له‌دیسه‌مبه‌رى ٢٠١٥ نه‌جات بۆى ده‌رده‌که‌وێت که‌ کچى براکه‌ى که‌ته‌مه‌نى پێنج مانگ بووه‌، له‌ناو خێوه‌ته‌کانى کامپى دانکیغ به‌ربۆته‌ نێو ئاگر و له‌سه‌دا په‌نجاى جه‌سته‌ى سوتاوه‌. ‎ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێکى ترسناک بوه‌و مه‌ترسى بۆسه‌رژیانى ئه‌و کچه‌ بچکۆله‌ دروست بووه‌. ‎به‌هۆى نه‌بوونى پێداویستى پزیشکى  و شوێنى سه‌لامه‌ت  نه‌جات بڕیار ده‌دات بڕوات بۆ فه‌ڕه‌نساو ‎له‌مانیگى جه‌نیوه‌رى  له‌گه‌ڵ خۆی،  کچ و کوڕى  براکه‌ى له‌گه‌ڵ دایکیان به‌به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌کراوه‌و که‌له‌ناو کامپه‌کانه‌وه‌ قاچاغچییه‌کان بۆیان ئاماده‌کردون و  له‌ڕێگاى  که‌شتیه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌ریتانیا، به‌ڵام هه‌رله‌گه‌ڵ دابه‌زینیان، نه‌جات  ئیبراهیم له‌به‌نده‌رى پۆرتسموس  ده‌ستگیر ده‌کرێت. ‎نه‌جات ده‌ڵێ ژیانى خۆم خسته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ له‌به‌ر منداڵى براکانم چونکه‌ ئه‌وانم جیاواز نه‌بینیوه‌ له‌هى خۆم. ‎ئێستاش باجه‌که‌ى به‌ژیانى خۆم ده‌ده‌م. ‎نه‌جات پێویست بوه‌ هه‌موو ڕۆژێک سه‌ردانى بنکه‌ى پۆلیس بکات بۆ ماوه‌ى ١٨ مانگ تا ڕۆژى دادگایى کردنی. ‎هه‌ره‌ها ١٢ مانگیشى له‌به‌ندینخانى کراوه‌دا به‌سه‌ر بردوه‌. دادور ڕه‌خنه‌ى له‌کاره‌که‌ى گرتوه‌و سه‌رزه‌نشتى کردوه‌، به‌ڵام ده‌لێ ڕاسته‌ تۆ ئه‌وکاره‌ت بۆ خێزانه‌که‌ت کردوه‌، بۆیه‌ من قبوڵ ده‌که‌م تۆ که‌سێکى قاچاغچییى نیت. ‎ته‌حسین که‌برا نه‌جاته‌  ئه‌ویش گه‌یشتۆته‌ لاى ژنه‌که‌ى دوو منداڵه‌کانى و مافى مانه‌وه‌یان پێ دراوه‌. ‎کچه‌ بچوکه‌که‌یان به‌ناوى ڕاوین ئێستا به‌ته‌واوى چاک بۆته‌وه‌، به‌ڵام کوره‌ بچوکه‌که‌یان به‌ناوى محه‌مه‌د به‌هۆى هه‌وکردنى گوێچکه‌یه‌وه‌ له‌کامپه‌که‌،  لایه‌کى  گوێچکه‌ى توشى که‌ێ‌ بوون بوه‌ته‌وه‌. ‎ حکومه‌تى به‌ریتانیا ده‌ڵێ، هه‌رکه‌سێکى بیانى تاوان ئه‌نجام بدات لێره‌، ڕه‌چاوى ئه‌وه‌ ده‌کرێ که‌ ده‌رى بکه‌یه‌ن له‌ووڵاته‌که‌مان. ‎نه‌جات ئێسته‌ له‌سه‌نته‌رى دیۆرتکردنه‌وه‌ى هارمۆندۆرز له‌نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى هیزرۆ ده‌ست به‌سه‌ره‌، بڕیاێ‌ بوو ڕۆژى چوارشه‌ممه‌  له‌ڕێگاى به‌غداوه‌ بیگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى  ناوخۆ بڕیاره‌که‌ى دواخسته‌وه‌ بۆ ڕۆژى  هه‌ینی.  هه‌رچه‌نده‌ پارێزه‌ره‌که‌ى هێشتا ئیش له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ى ده‌کات، به‌ڵام  ڕۆژنامه‌ى میترۆ ده‌لێ، به‌هۆکارى ئه‌منى  ڕێگاى نێوان به‌غداو موسڵ جارێ دیپۆرت نه‌کراوه‌ته‌وه‌ چونکه‌ پێویستى به‌هێزى پاراستن هه‌یه‌ له‌و ڕێگایه‌. ‎پارێزه‌رى نه‌جات ده‌ڵێ، دیپۆرتکردنه‌وه‌ى ئه‌و زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆ خێزان و منداڵه‌کانی، ئه‌وان به‌ریتانین و هه‌رگیز سه‌ردانى عێڕاقیان. نه‌کردوه‌، بۆیه‌ بینینه‌وه‌ى یه‌کتریان کارێکى ئاسان نابێت ‎قسه‌که‌رى وه‌زاره‌تى ناوخۆى به‌ریتانیا،  ئاماده‌ نه‌بووه‌ هیچ لێدوانێکى فه‌رمى ده‌رباره‌ت که‌یسى نه‌جات ئیبراهیم  بدات، به‌ڵام ده‌ڵێ، له‌ماوه‌ى ده‌یه‌ى ڕابردودا نزیکه‌ى ٤٧هه‌زار په‌نابه‌رمان. دیپۆرت کردۆته‌وه‌ ئه‌وانى تاوان و توندو تیژیان ئه‌نجام داوه‌.  هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وکه‌سانه‌ى پێشه‌لى یاساکان ده‌که‌ن و تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن هیچ گفتوگۆیه‌ک هه‌ڵناگرێ.

سازدانی: نازەنین گۆران ئومێد حەمە عەلی نوسەر و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەستێوەردانی حزبی لە مەراسیمە کۆمەڵایەتیەکاندا دەڵێت « حیزبی کوردی شکستی هێناوه‌ وه‌ک دیارده‌یه‌کی مۆدێرنی سیاسیی خۆی بچه‌سپێنێت و کاریگەریی له‌سه‌ر هزری گشتی کۆمه‌ڵگه‌ دابنێت» ئومێد حەمەعەلی لەم چاوپێکەوتنەوەی ‌هاوڵاتی دا رەخنە لە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان دەگرێت، سەبارەت بە دەستێوەردانی لە فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف، کە هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، تێیدا دەڵێت «ئەم حیزبه‌ هیچ ئایدیا و فیکرێکی نه‌ماوه‌، که‌ گوزارشت بکات له‌ روانینی قووڵ و ستراتیژی ئه‌وان بۆ ئاینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه... هه‌ژارییان له‌ ئاسته‌ فیکری و فه‌لسه‌فییه‌که‌دا، وایکردووه‌ ته‌نیا رێگای کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی زیاتر و زه‌قکردنه‌وه‌ی سیما خێڵه‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بزانن». ‌هاوڵاتی: چۆن هەڵسەنگاندن دەکەیت بۆ سەرپەرشیکردنی فیستیڤاڵی عەشیرەتەکان لە لایەن حزبەکانەوە؟  ئومێد حەمەعەلی: له‌وڵاتی ئێمه‌ حیزب وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی راسته‌قینه‌ی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌هاتووەته‌ ئاراوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌موچاو گۆڕینی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شبوونه‌ عه‌شیره‌تیی و مانه‌وه‌ی هزره‌ خێڵه‌کییه‌کان بووه‌ له‌ ژێر ناونیشانی تازه‌ و مۆدێرنی سیاسیدا، هێنده‌ ئاماژه‌ی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ نه‌بووه‌، که‌ هه‌رجاره‌ به‌شێوه‌ی جیاوازی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌عبیر له‌ خۆی ده‌کاته‌وه‌. حیزبی ئێمه‌ له‌ئاستێکی گه‌وره‌دا هه‌وڵێک بووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌سڵه‌ خێڵه‌کییه‌که‌ی ده‌ڤه‌ری ئێمه‌، که‌ تائێستا فه‌رمانڕه‌وایی بیر و ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌کات. ره‌نگه‌ له‌رووکه‌شدا ده‌رکه‌وته‌ خێڵه‌کییه‌کان هه‌ندێ جار پاشه‌کشه‌یان پێوه‌ دیاربوبێت، به‌ڵام له‌و کاته‌دا ئه‌و نۆرمه‌ خێڵایه‌تییانه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و له‌ سه‌روکاریکردنی ناوخۆی حیزبه‌کاندا له‌ ترۆپکی خۆیدا بووه‌. حیزبی کوردی شکستی هێناوه‌ وه‌ک دیارده‌یه‌کی مۆدێرنی سیاسیی خۆی بچه‌سپێنێت و کاریگەریی له‌سه‌ر هزری گشتی کۆمه‌ڵگه‌ دابنێ، بۆیه‌ زۆرجار ئه‌و رووکه‌شه‌ مۆدێرنه‌ی هه‌یبووه،‌ فڕێده‌دا و به‌ته‌واوی وه‌ک هۆز و خێڵێکی سیاسی خۆی نمایش ده‌کات. ‌‌هاوڵاتی: پەنابردنی یەکیتی بۆ تیرەو هۆزەکان کە حزبێکە پەیرەوی سۆشیال دیموکرات دەکات تا چەندە ئەم ناوەی دەخاتە ژیر پرسیارەوە؟ ئومێد حەمەعەلی: هه‌ڵبه‌ت یه‌کێتی ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وی سه‌ره‌تاییترین پره‌نسیپی سۆسیال دیموکراتی بکردایه‌، یه‌ک هه‌وڵی چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاکانی دیموکراسی ده‌دا، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ی یه‌ک ده‌بوو به‌ رێگه‌ی فیکر و بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی دیموکراتییانه‌ خزمه‌تی به‌ بیناکردنی کۆمه‌ڵێکی دیموکرات و دادپه‌روه‌ر بدایه‌ و ئه‌و دیاردانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ زیاتر له‌ ته‌پوتۆزی رابردوودا غه‌رقده‌که‌ن، ئه‌م به‌ره‌نگاریان ببوایه‌ته‌وه‌. به‌ڵام خۆی کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه،‌ یه‌کێتی له‌جه‌وهه‌ردا هه‌موو سیفاتێکی حیزبی مۆدێرنی سیاسی له‌ده‌ستداوه‌ و بنه‌ماڵه‌ و ده‌سته‌ی سیاسی مۆنۆپۆڵکاریی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و گه‌نده‌ڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. له‌لایه‌ک به‌ڕێوه‌بردنی حیزب زیاتر بنچینه‌ خێڵایه‌تییه‌کان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، که‌ بنه‌ماڵه‌ی سیاسی ده‌رکه‌وته‌یه‌کی روون و ئاشکرای ئه‌و فۆرمه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌یه‌. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، ئه‌م حیزبه‌ هیچ ئایدیا و فیکرێکی نه‌ماوه‌، که‌ گوزارشت له‌ روانینی قووڵ و ستراتیژی ئه‌وان بۆ ئاینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ بکات. ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، هه‌موو شتێکیان له‌سه‌ر کاغه‌ز و له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌کن. حیزبی ئێمه‌ دوو شێوه‌ی هه‌یه‌، یه‌که‌میان حیزبه‌ له‌سه‌ر کاغه‌ز و، دووه‌میان حیزبه‌ له‌ واقیعدا، ئه‌م دوانه‌ له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر له‌یه‌کتر دوور که‌وتونه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هۆکاری دەستێوەردانی حزبەکان لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان مانای بەهیزی دەگەیه‌نێت یان لاوازی؟ ئومێد حەمەعەلی: هه‌ر پارتێکی سیاسی توانایی خۆی به‌ پێویستی، ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپانه‌ دابمه‌زرێنێت، که‌ خۆی له‌سه‌ر بونیادناوه‌. له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه‌ سیاسییانه‌ ئه‌وه‌یه‌، پره‌نسیپەکانیان ته‌نیا بۆ قۆناغ و سه‌رده‌مێکی دیاریکراو پێویسته‌، که‌ زیاتر مه‌به‌ستیان هه‌ڵفریواندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. له‌م قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌دا، پره‌نسیپه‌کانی جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌کان رۆڵی کحولێکی به‌هێز ده‌بینن بۆ مه‌ستکردنی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی مومکینه‌ و پایه‌ی ئه‌و جوڵانه‌وه‌ سیاسییانه‌ به‌هێز ده‌کات. به‌دڵنیایی دابڕانی قووڵ له‌ نێوان حیزب و کۆمه‌ڵگه‌دا دروستبووه‌ و ئه‌مه‌ش مێژوویه‌کی هه‌یه‌، ئه‌و نوخبه‌ سیاسییه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن هه‌م گه‌نده‌ڵبوونیان و هه‌م هه‌ژارییان له‌ ئاسته‌ فیکری و فه‌لسه‌فییه‌که‌دا، وایکردووه‌ ته‌نیا رێگای کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی زیاتر و زه‌قکردنه‌وه‌ی سیما خێڵه‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بزانن. ئه‌م نوخبه‌ سیاسییه‌ توشی داوه‌شانی هزری و سیاسی هاتوون و هه‌موو تواناییه‌کی بیرکردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی، نه‌ک هه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی دیموکراسییانه‌ که‌ هه‌ر که‌میان هه‌بووه‌، هه‌ر بیرکردنه‌وه‌ به‌مانایه‌کی ساده‌ له‌ده‌ستیان داوه‌. ‌‌هاوڵاتی: ئایا حزبەکان دەتوانن ئامانجی خۆیان بپێکن لە دەستێوەردانیان لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان؟ واتە ئەو ئامانجەی کە خۆیان هەیانە بە سەرکەوتن بۆیان دەشکێتەوە؟ ئومێد حەمەعەلی: خۆی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ و تۆخکردنه‌وه‌ی سنوره‌ خێڵه‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئێجگار ترسناکه‌ و پارچه‌پارچه‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی قووڵتر ده‌کاته‌وه‌، ئاسته‌نگی به‌رده‌م گۆڕانکاریی دیموکراتییانه‌ش گه‌وره‌تر ده‌کات. ئه‌شێ له‌جێیه‌کدا ببێته‌ پاڵپشتێکی جه‌ماوه‌ری بۆ حیزبێکی دیاریکراو، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا و له‌ جێیه‌کی تردا له‌ ئاستێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئێمه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ئاستی دابه‌شبوونه‌ خێڵایه‌تییه‌کانی تردا نه‌یاری و رقی سیاسی به‌رهه‌مده‌هێنێت. هه‌مو نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندوو رێز و ره‌خنه‌ی بۆ رابردووی خۆی هه‌یه‌ و له‌رووی مێژووییه‌وه‌ سیماکانی ره‌گوڕیشه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ییانه‌ی خۆی ده‌پارێزێت و له‌یادیانناکات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بییه‌وێت له‌و رابردووه‌دا بمێنێته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: ئایا ئەم گرەوکردنە شتیکی ئاساییە یان جۆرێکە لە شکست لەسیاسیەتی حزبەکان کە نەیانتوانی بە جۆرێکی تر سەرنجی خەڵکی بۆ خۆیان رابکێشن؟ ئومێد حەمەعەلی: ئه‌مه‌ شکسته‌ له‌ئاستی سیاسی و قووڵتر له‌وه‌ شکست و کاره‌ساته‌ له‌ ئاسته‌ فه‌لسه‌فی و فیکرییه‌که‌ی هێزه‌کانی ئێمه‌دا. حیزبی ئێمه‌ بووه‌ته‌ کائینێکی نابیرکه‌ره‌وه‌ و هه‌موو ماناکانی بوونی خۆی فه‌رامۆشکردووه‌.

شاناز حه‌سه‌ن ئاریان شه‌وکه‌ت،  ٤٧ساڵ، ماوه‌ى شه‌ش ساڵ سه‌رئێشه‌یه‌کى به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵدا بووه‌ و بۆ چاره‌سه‌ر، زۆر پزیشک گه‌ڕا، به‌ڵام بێ سود بوو، تا ئه‌وکاته‌ى ھاوڕێیه‌کى پێشنیارى بۆ کرد، بچێت که‌ڵه‌شاخ بکات، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ست ئه‌و ئازاره‌ تونده‌ رزگاریکرد که‌ شه‌که‌تى کردبوو. ئاریان که‌ راھێنه‌رى کاراتییه‌، ئێستا ساڵانه‌ دووجار که‌ڵه‌شاخ ده‌کات و ده‌ڵێت کاتێک ئه‌و کاره‌ ده‌کات، ھه‌ست به‌ باشى ته‌ندروستى ده‌کات. «دواى دوو کاتژمێر له‌ ئه‌نجامدانى که‌ڵه‌شاخه‌که‌، ھه‌ست به‌ ئارامى ئه‌که‌م و ئازاره‌که‌م زۆر که‌م ده‌بێته‌وه‌ و تا سى ڕۆژ دوایکردنى که‌ڵه‌شاخه‌که‌ ھیچ ئازارێک نامێنێت و له‌شم سوک ده‌بێت». ئاریان وتى. که‌ڵه‌شاخ به‌شێوازێکى چاره‌سه‌ر داده‌نرێت له‌ده‌ره‌وه‌ى زانستى پزیشکی، که‌ له‌رێگه‌ى وه‌رگرتنى «خوێنى پیس» له‌جه‌سته‌وه‌ ده‌کرێت، له‌رێگه‌ى چه‌ند ئامێرێکى تایبه‌ته‌وه‌. له‌ھه‌رێمى کوردستان، خه‌ڵکێکى زۆر ئه‌و کاره‌ بۆ خه‌ڵکى ده‌که‌ن، ھه‌رچه‌نده‌ پزیشکه‌کان به‌ رێگه‌یه‌کى زانستى دانانێن بۆ چاره‌سه‌رى ھیچ نه‌خۆشییه‌ک. شه‌فیق عه‌لی، یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ى ماوه‌ى ١٤ساڵه‌ که‌ڵه‌شاخى بۆ سه‌دان که‌س کردووه‌ و به‌بێ پشکنینى خوێن، که‌ڵه‌شاخ بۆ ھیچ که‌س ناکات به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌و خوێنه‌ى ده‌ریده‌ھێنی، کۆبونه‌وه‌ى خرۆکه‌ى سورى مردووه‌ که‌ ماوه‌ى چوار مانگ جارێک کۆده‌بنه‌وه‌، له‌و شوێنه‌دا ده‌بن به‌ ئازار و گرژ بونى ماسولکه‌کان، باشترین چاره‌سه‌ریش که‌ڵه‌شاخ گرتنه‌«. ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، پشت به‌ چه‌ند رێنماییه‌ک ده‌به‌ستن بۆ کاره‌که‌یان، له‌وانه‌ ئه‌و که‌سه‌ى که‌ڵه‌شاخ ده‌کات، پێویسته‌ خوێنى له‌ سه‌دا ٨٥ که‌متر نه‌بێت، تا توشى زیانى ته‌ندروستى نه‌بێته‌وه‌.  شه‌فیق که‌ له‌ساڵى ٢٠٠٥ه‌وه‌ سه‌رقاڵى ئه‌و کاره‌یه‌ و که‌ڵه‌شاخى بۆ سه‌دان که‌س کردووه‌ وتى «بۆ پیاوان ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ڵه‌شاخیان بۆ ده‌کرێت، پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌ ٢٣ ساڵ که‌متر نه‌بێت، ژنانیش مه‌گه‌ر حاڵه‌تى تایبه‌تى پێویسته‌ له‌ دواى ته‌مه‌نى ٤٠ساڵیه‌وه‌ بۆیان بکرێت». وتیشى «ئه‌وانه‌ى سه‌ردان ده‌که‌ن، زیاتر ته‌مه‌نى ٢٥ساڵین، چونکه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ خوێن یان زۆره‌ زۆرتر توشى ئازار و فشارى خوێن ده‌بن». زۆبه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌ردانى شه‌فیق ده‌که‌ن، ساڵانه‌ دوو جار یان زیاتر سه‌ردانى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى نێرگه‌له‌ و مه‌شروبات و جگه‌ره‌ ده‌خۆن و پارێزى ناکه‌ن ھه‌یه‌ چوارمانگ جارێک یاخود شه‌ش مانگ جارێک ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن. به‌ڕاى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى که‌ڵه‌شاخ ده‌که‌ن، ئه‌و کاره‌ ھێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ى خوێنى پیسه‌ و له‌ ھه‌موو به‌شه‌کانى له‌شى مرۆڤ ده‌توانرێت له‌ ١٠٠ شوێندا بکرێت. شه‌فیق عه‌لی، له‌ ئه‌کادیمیه‌ى میسرى خولى بینیوه‌ و شێوازه‌که‌یان فێرکردوه‌، وه‌ک حه‌زێک بره‌وى به‌ کاره‌که‌ى داوه‌ و به‌رده‌وام شتى له‌سه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌ و پێیوایه‌ بۆ زۆر نه‌خۆشى باشه‌ وه‌ک گرژبونى ماسولکه‌کان و سه‌رئێشه‌ و شه‌قیقه‌ و جیوب و چه‌ورى به‌رز، بۆژناننیش کاتێک ھۆڕمۆناتى تێکده‌چێت، یاخود بۆ زیپکه‌ و پاککردنه‌وه‌ى پێست و ھه‌ر نه‌خۆشییه‌ک که‌ په‌یوه‌ندى به‌ خوێنه‌وه‌ ھه‌بێت، باشە. ئه‌و که‌سه‌ى که‌ڵه‌شاخى بۆ ده‌کرێت، ته‌نھا دوو ملیم له‌ پێستى ده‌بڕدرێت و به‌ ئامێرى تایبه‌ت خوێنه‌که‌ ڕاده‌کێشرێت، له‌و شوێنه‌ى که‌ ئازاره‌که‌ى تێدایه‌ و دواى سێ ڕۆژ  تا ھه‌فته‌یه‌ک به‌ ته‌واوى شوێنه‌که‌ى ساڕێژ ده‌بێته‌وه‌. له‌باره‌ى رێگه‌پێدانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌، شه‌فیق باس له‌وه‌ ده‌کات له‌برى قه‌ده‌غه‌کردنى ئه‌و کاره‌ با چاودێرییان بکه‌ن « ئه‌مه‌ شه‌پۆلێکه‌ و ھاتووه‌ ناتوانن ڕێگرى لێبکه‌ن، له‌برى ئه‌وه‌ بابێن ڕه‌چاوى پاک و خاوێنى ته‌واو بکه‌ن». باسى له‌وه‌شکرد، وه‌رزه‌کانى به‌ھار و پایز زۆر گونجاوه‌ بۆ که‌ڵه‌شاخ گرتن، ته‌نها له‌ ناوه‌ڕاستى ھاوین و ناوه‌ڕاستى زستان باش نییه‌ بکرێت، ته‌نھا له‌ حاڵه‌تى زۆر پێویست دا نه‌بێت. ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ که‌ڵه‌شاخیان کردووه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن دواى دوو کاتژمێر ئازاریان نامێنێت و جه‌سته‌یان ھه‌ست به‌ ئارامى ده‌کات. گێلاس عیزه‌ت، ته‌مه‌ن٣٩ساڵ، له‌ ته‌مه‌نی٢٨ساڵیه‌وه‌ تائێستا سێ جار که‌ڵه‌شاخ ى کردووه‌ و وتى «شان و ملم زۆر ئازارى ھه‌بوو،  به‌رده‌وام توشى گرژى ماسولکه‌کان ده‌بوم،  له‌و کاته‌وه‌ى کردومه‌ تائێستا ئازارى وام توش نه‌بۆته‌وه‌«. شوێنه‌کانى که‌ڵه‌شاخ و شوێنه‌کانى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌که‌وه‌ چاودێرى ده‌کرێت که‌ به‌پێى یاسایه‌کى په‌رله‌مان دامه‌زرێنراوه‌. جه‌لال که‌ریم، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى کۆمه‌ڵه‌ى ڕووه‌کناسانى کوردستان، له‌ساڵى ٢٠١٥ه‌وه‌ لیژنه‌یه‌کیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێکهێناوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا سه‌ردانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ که‌مبۆته‌وه‌ له‌ نوێنه‌رى پارێزگاو ئاسایش. وتی» ئه‌و که‌سانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماى بڕوانامه‌ و شاره‌زایى و خولى تایبه‌تى ده‌بینن و مه‌رجیان بۆ داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ک مۆڵه‌ت نا، پشگیرى کارکردنمان بۆ کردووه‌«. وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى که‌ڵه‌شاخى ده‌رکردووه‌و به‌م نزیکانه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ دادەخرێن که‌ ئه‌و کاره‌یان تێدا ده‌کرێت. ئارام رۆسته‌م، راوێژکارى وه‌زیرى ته‌ندروستی، له‌لێدوانێکدا بە ‌هاوڵاتی وت «که‌ڵه‌شاخ به‌ فه‌رمانى وزارى قه‌ده‌غه‌یه‌و فه‌رمانه‌که‌ ده‌رچووه‌و پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ بکرێت». باسى له‌وه‌شکرد، بڕیاره‌که‌ ٢٩ى نیسان وه‌زیرى ته‌ندروستى ئیمزاى کردووه‌و ره‌وانه‌ى ڕۆژنامه‌ى وه‌قائیعى کوردستان کراوه‌، ڕۆژى بڵاوکردنه‌وه‌ى له‌ ڕۆژنامه‌که‌، کارى له‌سه‌ر ده‌کرێت و له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانه‌وه‌، سه‌ردانى شوێنه‌کان ده‌کرێت و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ڵه‌شاخ ى لێده‌کرێت ھه‌مووى داده‌خرێت. ئارام رۆسته‌م وتیشی»سکاڵاى زۆر هه‌بووه‌ و دراونه‌ته‌ دادگا، تیمه‌کان ده‌ستبه‌کار ده‌بن». پسپۆڕانى پزیشکى جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ که‌ که‌ڵه‌شاخ کارێکى زانستى نییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ چاره‌سه‌رى پزیشکییه‌وه‌ نییه‌. دانا عومه‌ر، پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌کانى خوێن به‌ ‌هاوڵاتی وت «که‌ڵه‌شاخ زانستى نییه‌ و ئه‌و خوێنه‌ى که‌ ئه‌وان باسى ده‌که‌ن که‌ گوایه‌ خوێنى پیسه‌ ئه‌سڵى نییه‌ و ته‌نها بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ خوێنیان زۆره‌ و میسرییه‌کان به‌کاریان ھێناوه‌و ئه‌وکات کانۆلا و بانکى خوێن نه‌بووه‌«. وتیشی»لەڕووى دینیشه‌وه‌، خوێن به‌خشین باشتره‌ له‌و کاره‌، چونکه‌ که‌سێک سودى لێ وه‌رده‌گرێت». له‌باره‌ى خوێنه‌ مه‌یوه‌که‌شه‌وه‌، که‌ گوایه‌ خوێنى پیسه‌، ئه‌و پزیشکه‌ وتی»ھیبارین مادده‌یه‌که‌ که‌ ناھێڵێت خوێن بمه‌ێت، ئه‌م ماده‌یه‌ ئیش ناکات و ده‌مه‌ێت و ئۆکسجین تیا نامێنیت، بۆیه‌ خوێنه‌که‌ ڕه‌ش ده‌بێت». باسى له‌وه‌شکرد، ھه‌ر که‌سێک خوێنى زۆر بێت و ئازارى ئێسقان و ماسولکه‌کانى ھه‌بێت، برینداریشى بکه‌یت و خوێنی لێبڕوات، له‌شى سوک ده‌بێت.

‌هاوڵاتی شه‌ڕو پێکدادانه‌کانى نێوان سوپاى تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان،  توندبووه‌ته‌وه‌ و هه‌ردولا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ گوزرى گه‌وره‌یان له‌یه‌کتر وه‌شاندووه‌. ساڵى ٢٠١٥ و دواى هه‌ره‌سهێنانى پڕۆسه‌ى ئاشتى نێوان تورکیا و په‌که‌که‌، که‌ ماوه‌ى دووساڵ به‌رده‌وام بوو، شه‌ڕو پێکدادانى نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ ده‌ستیپێکرده‌وه‌. سوپاى تورکیا هێزى زیاترى ره‌وانه‌ى ناوچه‌کانى باکورى کوردستان و ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێم کرد، له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ ده‌ستیکرده‌وه‌ به‌ بۆردومانى چڕى پێگه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ناوچه‌ سنورییه‌کان، به‌تایبه‌تى له‌چیاى قه‌ندیل که‌ به‌ پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ داده‌نرێت. به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (هه‌ده‌په‌) بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، ته‌نها له‌مانگى نیساندا ٤٣ سه‌ربازى سوپاى تورکیا، به‌هۆى هێرشى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌وه‌ کوژران و ده‌یانى دیکه‌ش برینداربوون، هه‌روه‌ها ١٤ گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هێرشه‌کانى په‌که‌که‌ له‌و مانگه‌دا له‌ هه‌رێمى سه‌رحه‌د،  بازێدێ، جوودی، لیلیکان و چه‌لی، قلابان، ئامه‌د، جوله‌مێرگ، ئیدر و سیده‌کان، گردى که‌ڤۆرتێى ده‌ڤه‌رى سیده‌کان ئه‌نجامدراون بۆ سه‌ر سوپاى تورکیا. سوپاى تورکیا له‌و مانگه‌دا کوژرانى چه‌ند سه‌ربازێکى به‌هۆى هێرشه‌کانى په‌که‌که‌وه‌ پشتڕاستکردووه‌ته‌وه‌. په‌که‌که‌ به‌شێک له‌و هێرشانه‌ى به‌ گرته‌ى ڤیدیۆیى بڵا وکردووه‌ته‌وه‌ که‌ بۆ سه‌ر سوپاى تورکیا ئه‌نجامدراون. به‌ڵام ئاماره‌کانى سوپاى تورکیا جیاوازه‌، به‌پیى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى تورکیا، له‌ مانگى نیساندا ١٥٩ گه‌ریلاى په‌که‌که‌ له‌چالاکى خراون  -تورکیا ئه‌و وشه‌یه‌ به‌کارده‌هێنێت که‌ مه‌به‌ست لێى کوشت یان ده‌ستگیرکردنى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌یه‌-. هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، چڕتر بوونه‌ته‌وه‌، تورکیا هێزى وشکانى زیاترى ڕه‌وانه‌ى سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد، به‌مه‌به‌ستى هێرشکردنه‌ سه‌ر په‌که‌که‌ و گه‌مارۆدانى قه‌ندیل، پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ له‌سێگۆشه‌ى سنورى عێراق و تورکیا و ئێران، هاوکات فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر قه‌ندیل چڕکردووه‌ته‌وه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تورکیا به‌ قوڵایى 30 کیلۆمه‌تر خاکى هه‌رێمى کوردستانى به‌زاندووه‌و  ژماره‌ى ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازیانه‌شى زیادکردووه‌ که‌ له‌سه‌ر خاکى هه‌رێم دروستیکردوون. له‌به‌رانبه‌ر چڕکردنه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا، په‌که‌که‌ چه‌ند جارێک چالاکى له‌قوڵایى خاکى تورکیا ئه‌نجامداوه‌، که‌ دواترینیان له‌ 28ى ئه‌م مانگه‌دا بوو، کاتێک گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کى سه‌ربازى تورکیا له‌ له‌سه‌ر گردى لێلیکان-ى شارۆچکه‌ى سیده‌کان و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ربازێکى تورکیا کوژرا و پێنج سه‌ربازى دیکه‌ش برینداربوون. هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا تورکیا پێشڕه‌وییه‌کى ئه‌وتۆى نه‌کردووه‌، به‌ره‌و پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ له‌ زنجیره‌ چیاى قه‌ندیل، به‌ڵام به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن که‌ ئۆپراسیۆنه‌کانیان «سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌«، ته‌نانه‌ت رۆژى ٢٧ى نیسان سلێمان سۆیڵو، وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا، له‌میانى به‌شداریکردنى له‌ به‌رنامه‌یه‌کى که‌ناڵێکى تورکیادا وتى «ئیدى قه‌ندیل بۆ ئێمه‌ پاروویه‌کى ئاسانه‌.  چوار ساڵ و شه‌ش مانگى حوکمڕانیمان له‌ پێشه‌. تواناى تورکیا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌«.  له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى پێکدادانه‌کاندا، سوپاى تورکیا بۆردومانى ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێمى زیاتر کردووه‌، رۆژانه‌ به‌ پاساوى بوونى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ بۆردومانى ناوچه‌ سنورییه‌کان له‌ سیده‌کان و ئامێدى و قه‌ندیل ده‌کات، سه‌ربارى بنارى قه‌ندیل که‌ خاوه‌نى شاره‌وانى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و زیاتر له‌ ٦٠ گوندى له‌خۆ گرتووه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ى به‌ به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵ و کشتوکاڵه‌وه‌ خه‌ریکن. شاره‌وانییه‌که‌ له‌ ساڵى ٢٠٠٧ له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ دامه‌زرێنرا و سیستمى هاوسه‌رۆکى تێدا په‌یڕه‌وده‌کرێت، هه‌ر گوندێک ئه‌ندامێکى له‌ ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا ھه‌یه‌ و په‌سه‌ندکردنى بڕیاره‌کانى پێویستى به‌ ده‌نگى زۆرینه‌یه‌. محه‌مه‌د حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکى شاره‌وانى قه‌ندیل رایگه‌یاند، بۆردومانه‌کانى تورکیا به‌زۆرى ناوچه‌ گوند نشینه‌کانى گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش گرفتى بۆ گوندنشینان دروستکردووه‌و چه‌ندین جار داوایانکردووه‌، شوێنى مه‌ده‌نى بۆردومان نه‌کرێن، به‌ڵام به‌ده‌م داواکه‌یانه‌وه‌ نه‌هاتوون. وتیشى «سوپاى تورکیا ته‌نها بۆردومانى ئاسمانى سنورى قه‌ندیل ده‌کات، هێشتا هیچ ناوچه‌یه‌کى سنورى قه‌ندیل نه‌که‌تووه‌ته‌ ده‌ست تورکیا». هاوسه‌رۆکى شاره‌وانى قه‌ندیل، داواى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم کرد هاوکارى شاره‌وانییه‌کان بکات.

‌هاوڵاتی-هیوا عەبدوڵا سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق کە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی نیسان دەستیپێکرد، بەپێی میدیاکان لێکتێگەشتنی نێوان هەردوو وڵات لەسەر چەندین بابەتی  لێکەوتوەتەوە، جگە لە ئامادەییان بۆ هاوکاری یەکتری، کە گرنگترینیان هاوکاری بازرگانی و ئابووری و رووبەڕووبونەوەی پەکەکە بووە.   رۆژی یەکشەممە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەسەردانێکی دوو رۆژەو بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک، سەردانی عێراقی کرد. بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوایەکانیش، گرنگترین دۆسیەکان کە لەبەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیادا بوو بریتی بوون لە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، هەروەها بە‌هێزکردنی گیانی هاوکاری نێوان هەردوولا لە دۆسیەکانی ئاو و رووبەڕووبونەوەی گروپە تیرۆرستیەکاندا، ئەوە جگە لە باسکردنی دۆسیەی سوریا لە کۆبونەوەکاندا. سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق  لە کاتێکدایە، کە هاوکاری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، میدیاکانی تورکیا بە «بێ وێنە» وەسفیان کرد، وەزیرە تورکییەکە بەوە جەختی لێکردووەتەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵدا، سەردانی عێراق دەکات. ئەحمەد روشدی، راوێژکاری سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی تورکیای رایگەیاندووە، سەردانەکەی چاوشئۆغلۆ لە کاتێکدابووە کە عێراق لە قۆناغێکی باشی کرانەوەیدایە بەڕووی دراوسێکانیدا، بەڵگەش بۆ ئەوە بەروەپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەریەک لە سعودیە و ئەردەن و میسر  و ئێرانە. بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، دۆسیەی ئابووری سەرەکیترین تەوەری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە بۆ عێراق، لەو پێناوەشدا سەردانی سێ شاری عێراقی کردووە، کە بریتیبوون لە بەغدا و بەسرە و هەولێر و لەسەردانەکەیدا چاوی کەوت  بەرپرسانی باڵای عێراق. چاوشئۆغلۆ دوای دیداری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە توێتەر نوسیویەتی، «ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق  و تورکیا دەگەیەنینە ٢٠ ملیار دۆلار، جگە لەوەی بەردەوام دەبین بۆ ریشەکێشکردنی رێکخراوی پەکەکەی (تیرۆرست) لە عێراق». لەو بارەیەوە ئەحمەد رەشدی بە میدیاکانی تورکیای وتووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا کە ئێستا ساڵانە بە بەهای ١٦ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت بۆ ئاستێکی زیاتر بەرزدەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری ئیجابی لەسەر دۆسیەی سوریاش دەبێت، چونکە عێراق بە «دەروازەی ئابووری سوریا»ش دادەنرێت. بەڵام ئەمە لای سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی جیاوازتر بوو. سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا داوای لەتورکیا کرد که‌ هێزه‌کانی که‌ «به‌ نایاسایی» له‌ ناوچه‌ی باشیک جێگیر کراون، بکشێنێته‌وه‌. عادل عه‌بدولمه‌هدی وتی «ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌ دژی لایه‌نێک پاڵپشتی له‌ لایه‌نێکی دیکه‌ بکه‌ین و داوای په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێز و هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌که‌ین و له‌م پێناوه‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان ده‌که‌ینه‌وه». وتیشی «تورکیا به‌ وڵاتێکی گرنگی ناوچه‌که‌ و دراوسێی عێراق ده‌زانین و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هاوبه‌شمان له‌زۆر بواردا هه‌یه»‌. هەر لەسەردانەکەیدا مەولود چاوشئۆغلۆ سەردانی پارێزگای بەسرەی لە باشوری عێراق کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە رایگەیاند، تورکیا دەخوازێت کە رۆڵێکی گرنگ لە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای بەسڕەدا بگێڕێت. چاوشئۆغلۆ وتیشی کە بەسڕە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژیی جیاوازە و بە پایتەختی ئابوری عێراق دادەندرێت، بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، ئەو شارە لە ئایندەدا دەبێتە» ناوەندێکی بازرگانی گرنگ لەنێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئەروپادا». دەربارەی سەردانەکەی بۆ بەسڕە، مەولود چاوشئۆغلۆ لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، کە وڵاتەکەی جەختدەکاتەوە لەکارکردن لەگەڵ عێراق بۆ «بنیاتنانی ناوەندێکی بازرگانی کە تورکیا بە بەسڕەوە ببستێتەوە». دۆسیەی ئاو لەسەردانەکەیدا چاوشئۆغلۆ باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی ئاگاداری نیگەرانییەکانی عێراقە دەربارەی کەمبوونەوەی ئاو کە دێتە خاکی عێراقەوە، بەڵام تەئکیدی کردووەتەوە کە ئەوان لەو بابەتدا لێپرسراو نین. لەو بارەیەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، «تورکیا ئەوەی لە توانایدابووبێت بۆ زیاتر بەردانەوەی ئاو ئەگەر کەمێکیش بوبێت ئەنجامیداوە، تا ئاوێکی زیاتر بە عێراقی دۆست بگات». ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو پێناوەدا گلدانەوەی ئاویان لە بەنداوی ئەلیسۆ (لەسەر روباری دیجلە) راگرتووە، کە ساڵی رابردوو دەرگاکانی بەنداوەکە دانەخران. رۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوەوە، چاوشئۆغلۆ رایگەیاند، لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاردراوە بە دوورستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی هەردولا لەو بورەدا. چاوشئۆغلۆ ئەوەی خستوەتەڕوو، ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمونی هەردولا لە بواری ئیدارەی ئاو لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکانیشیان بە هاوکاری پەرلەمانی هەردولا زیاتر بەرەوپێش دەبەن. رووبەڕووبونەوەی «رێکخراوە تیرۆرستییەکان» لە دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی عێراق، رێکەتوون کە لە بواری ئەمن و ئاسایشدا هەردولا هاوکاری یەکتری  بکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی هەیە بە کارکردنی هاوبەش لە پێناوی ریشەکێکردنی رێکخراوی پەکەکە و ئەو گروپانەی لەو رێکخراوەوە نزیکن. چاوشئۆغلۆ لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق جەخستی لەوەکردووەتەوە کە دەبێت «پەکەکە لە ریشەوە دەربهێندرێت»، لای خۆشیەوە محمەد حەلبوسی رایگەندووە، کە عێراق لەسەر هەڵوێستی جێگیری خۆی دەمێنێتەوە کە بریتیە لەوەی، رەتیدەکاتەوە هیچ گرووپێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت، بۆ «تێکدانی ئاشتی لە وڵاتێکی درواسێدا». هەروەها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق ، چاوش ئۆغلۆ پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعشدا، باسی لەوەشکرد، کە پێوسیتە هەموو کات بەئاگابن بەرامبەر «گروپە تیرۆرستییەکان»، هەروەها باسی لەوەکردوە تورکیا هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێی لەو بارەیەوە بە کارێکی گرنگ دەزانێت. چاوشئۆغلۆ لەگەڵ داعشدا ناوی پەکەکەشی هێناو بە گروپی تیرۆریستی» ناوی برد، وتی «پێویستە خاکی عێراق لە هەموو گروپە تیرۆرستییەکان پاک بکرێتەوە». هەر لەوبارەیەوە ئەحمەد روشدی، راوێژکاری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێکخراوی پەکەکە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق وەکو رێکخراوێکی (تیرۆستی) ناسێندراوە، لەبەر ئەوە مانەوەی لە عێراقدا، هیچ بونێکی فەرمی نیە». دوای سەردانەکەشی بۆ بەغدا رۆژی دوو شەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەپێی میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر، چاوش ئۆغلۆ جگە لە باسکردنی دۆسیەکانی ئابوری و ئاو و ئاسایش لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر، جەختی لە بەهێزترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیاو هەرێمی کورستان کردوەتەوە، هەروەها باسی کردنەوەی دەروازەی سنوری نوێ و ماددەی ١٤٠ یش کراوە. دوابەدوای قسەکانی چاوشئۆغلۆ، هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە «وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرلەنوێ ئاخافتنێکی تێکدەرانەی سەبارەت بە شاری کەرکووک دا، پێویست بوو، کە ئاخافتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پێناوی چارەسەری ئەو ناسەقامگیری و دۆخە پڕ لە کێشەیەی ناوچەکە لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و سازکردنی دراوسێیەتیەکی باش، بێت.» لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو لایەنە کوردستانیانە داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن «بەرپرسیاریی دەخەینە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەو سوکایەتی و پێشێلکارییە دەستورییە قبوڵ نەکەن و داوای بەرپرسیارێتی دیبلۆماسی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا بکەن، کە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستوری عێراق وەربدات».