شاناز حه‌سه‌ن پێوه‌رى ئاوى ماڵان دواى چوار ساڵ کارکردن تێیدا و دانانى له‌به‌شى زۆرى ماڵان‌دا، له ئێستادا مه‌ترسی له‌سه‌ر دروستبووه و کارکردن به پێوه‌ره‌که له دهۆک و چه‌مچه‌ماڵ راگیراوه و گه‌رمیانیش تاوتوێی راگرتنى ده‌کات، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و کێشانه‌وه که له خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ره‌که‌دا دروستبووه. به‌درێژایی چوار ساڵ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى له‌رێگه‌ى چه‌ند کۆمپانیایه‌که‌وه سه‌رقاڵى جێبه‌جێکردنى دانانى پێوه‌رى ئاو بوو، به‌مه‌به‌ستى سنوردانان بۆ به‌فیڕۆدانى ئاو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکى کارکردنیدا کێشه‌کانى پێوه‌ره‌که ده‌رکه‌وت. له هه‌رێمى کوردستان پاره‌ى ئاو دوو مانگ جارێک له هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت و ئه‌م مانگه‌ش یه‌که‌م جاره له دواى به‌ستنى پێوه‌رى ئاوه‌وه له ماڵان‌دا له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رى تایبه‌ت به کۆمپانیاکانه‌وه پسوڵه‌ى پاره‌ى ئاو بۆ هاوڵاتیان بکرێت. پێوه‌ره‌که له‌به‌شى زۆرى ماڵه‌کان له هه‌رێمى کوردستان به‌ستراوه و تا ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاو و ئاوه‌ڕۆى سه‌ر به وه‌زاره‌تى شاره‌وانى سوره له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى. زۆربه‌ى کێشه‌کانى پێوه‌ره‌که زۆر پاره خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ره‌کانه و زۆر لایه‌نیش دان به‌وه داده‌نێن ئه‌و پێوه‌رانه به گوژمێکى زۆرى ئاو یان هه‌وا ده‌جوڵێن و له‌وانه‌یه له ڕاده‌ى خۆى زیاتر بخوێنێته‌وه. هه‌فته‌ى رابردوو له پارێزگاى دهۆک و قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ بڕیارى راگرتنى پێوه‌رى ئاو درا. به‌پێی ئاماره‌کان ته‌نها له چه‌مچه‌ماڵ 3750 ماڵ پێوه‌رى ئاویان به‌ستوه. ره‌مه‌ک ره‌مه‌زان، قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ، که له‌ئێستادا بڕیارى راگرتنى پێوه‌رى ئاوى داوه تا وردبینى بۆ ده‌کرێت و وتى «ده‌مانه‌وێت هه‌م له به‌ستنى و هه‌م له‌وه‌ى ئایا ئاو گلده‌داته‌وه و ده‌بێته کارئاسانى بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى پاره‌ى ئاو له‌سه‌ر هاوڵاتیان یاخود نا، که وردبینیمان بۆ ئه‌وه کرد ئه‌وکات ڕێگریمان له پرۆسه‌که نابێت». وتیشى «له‌لاى خۆم تاقیکردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌م کردووه که‌به زه‌ختى ئاو یان بایه‌ک پێوه‌ره‌که زیاتر ده‌نوسێت». قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ باسى له‌وه‌کرد، ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌که بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى که‌س و کۆمپانیایه‌ک بێت و کار ئاسانى بۆ هاوڵاتیان نه‌بێت، «من ناچمه ژێر ئه‌و باره‌وه و چونکه چه‌مچه‌ماڵ خۆى هه‌فته‌ى یه‌ک جار ئاوى هه‌یه و ئه‌وه‌ش دیسان ده‌بێته‌وه بارگرانیه‌کى زۆر بۆ هاوڵاتیان». له که‌لار که له ئێستادا به‌رپرسانى ئیداره‌که تاوتوێی راگرتنى ده‌که‌ن، دره‌نگتر دانانى پێوه‌ر ده‌ستى پێکردووه و له‌ئێستادا 16 هه‌زار ماڵ پێوه‌رى ئاوى به‌ستووه، له کۆى 27 هه‌زار هاوبه‌شى ئاو له که‌لاردا. سامان ره‌حیم به‌ڕێوبه‌رى ئاوى که‌لار، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «له‌و 16هه‌زار ماڵه‌ى به پێوه‌رى ئاو پاره‌یان لێکۆکراوهتهوه، 302 حاڵه‌تمان هه‌یه که کێشه‌یان هه‌یه و گله‌یى ئه‌وه ده‌که‌ن پاره‌ى زۆریان بۆ هاتۆته‌وه«. وتیشى»داوامان له‌و به‌شداربوانه کردووه که سه‌ردانمان بکه‌ن و له به‌دواداچونداین بۆ ئه‌و ماڵ و هاوڵاتیانه‌ى که پاره‌ى زۆریان بۆ هاتۆته‌وه«. به‌ڕێوبه‌رى ئاوى که‌لار باسى له‌وه‌کرد، ئه‌م پێوه‌ره بۆ ئه‌وه دانراوه که پاره‌ى ئاو به هاوسه‌نگى کۆبکرێته‌وه و ئاوى به‌فیڕۆ چوو گلبداته‌وه بۆیه که ئه‌مانه نه‌کرێت پێویسته به‌دواداچونى وردى بۆبکرێت. بەپێی ئامارەکان، لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەسەدا 85 ماڵان پێوەریان داناوە و مانگی شوباتدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە. تا ئێستا به‌رپرسانى ئه‌و دوو پارێزگایه هیچ بڕیارێکیان له‌باره‌ى پێوه‌ره‌که‌وه نه‌داوه. ئامانج جه‌لال، به‌ڕێوبه‌رى ڕاگه‌یاندنى ئاوى سلێمانى، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى»ئهوانەى کێشه‌یان هه‌یه، ده‌توانن سه‌ردانمان بکه‌ن و به‌دواداچونى بۆ ده‌که‌ین». به‌پێی ئاماره‌کان، له شارى هه‌ولێر له سه‌دا83 بۆ 84 ى ماڵه‌کان پێوه‌رى ئاویان به‌ستووه. ئارى ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ئاوى هه‌ولێر به هاوڵاتى وت «زۆربه‌ى زۆرى کێشه‌کان له داخلکردنى ژماره‌یه‌که به ده‌ست که هه‌ڵه‌ى تێدا کراوه و ژماره‌یه‌کى زیاتر داخڵ ده‌کرێت و کاتێک خوێندنه‌وه‌ى پێشتر ده‌کرێت له‌وه‌شدا هه‌ڵه ده‌کرێت، بۆیه زۆربه‌ى کێشه‌کان ئاوا بووه«. باسى له‌وه‌شکرد، 1018 حاڵه‌ت له شارى هه‌ولێر له سه‌رو ملیۆنێک دیناریان بۆ هاتۆته‌وه و ئه‌وانه‌ش زیاتر له داخڵکردنى ژمارهکاندایه و که ژماره‌یه‌ک به زیاده داخڵ کراوه. ئارى ئه‌حمه‌د وتیشى «ئێمه له‌لایه‌ن لیژنه‌کانمانه‌وه چاودێرى ده‌که‌ین و ده‌ینێرینه تاقیگه و تا له‌راستى و دروستى پێوه‌ره‌که بکۆلێنه‌وه«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا له‌هه‌موو وڵاتێک‌دا پێوه‌رى میکانیکى هه‌یه وه‌ک ئوردن و هه‌مووى به‌هۆى پهستانێکهوه یان جوڵانێکهوه ده‌بێته هۆى جوڵانى پهروانهکهیهوه و ده‌جولێنرێت «له‌ئێستادا له‌وه ده‌کۆڵینه‌وه که وڵاتان چۆن ئه‌و کێشانه‌یان چاره‌سه‌ر کردووه و وتیشى»به‌پێى به‌رنامه لێى ده‌کۆلینه‌وه و چاره‌سه‌رى ده‌که‌ین». له‌سنورى پارێزگاى دهۆک کێشه‌که گه‌وره‌یه، به‌پێی ئاماره‌کان به گشتى له دهۆک له سه‌دا60 ى ماڵه‌کان پێوه‌رى ئاویان به‌ستووه و ته‌نها له سه‌دا 13 یان کێشه‌یان نه‌بووه. عه‌بدولسه‌مه‌د تێلى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد، پێوه‌ره‌که کێشه‌ى زیاد خوێندنه‌وه‌ى هه‌یه و ماڵ هه‌یه زۆر له ڕاده‌ى خۆى زیاتر پاره‌ى ئاوى بۆ هاتۆته‌وه. وتیشى»ماڵ هه‌یه هه‌ر وابڕوات پێویست ده‌کات مانگانه قه‌رز بکات بۆ دابین کردنى پاره‌ى ئاوه‌که‌ى». له‌باره‌ى جۆرى کوالیتى پێوه‌ره‌کانه‌وه، عه‌بدولسه‌مه‌د تێلى وتى «ئه‌م پێوه‌رانه تورکى و ئه‌ڵمانى و ئیتاڵین ئه‌ڵمانیه‌که له هه‌مویان باشتره و چونکه پێوه‌ره ئیتاڵیه‌کان پێویسته به‌رده‌وام خوێندنه‌وه‌ى ئاوى له‌سه‌ر بێت ئه‌گینا له‌برى ئاوه‌که هه‌وا ئه‌خوێنێته‌وه«. بەپێی پێوه‌ره‌که، لەبەرانبەر بەکارھێنانی یەک مەتر سێجا (هەزار لیتر) بڕی ٥٠ دینار لە ماڵان وەردەگیرێت، بەمەرجێک لەنێوان سفر بۆ پێنج مەتر سێجا ئاو بەکاربهنرێت، ئەگەریش بڕەکە لەنێوان پێنج بۆ ١٥ مەتر سێجا بێت نرخەکە دەبێتە ١٥٠ دینار و لە ١٥ تا ٣٠ مەتر سێجا دەبێتە ٤٠٠ دینار و لە ٣٠ تا ٦٠ مەتر سێجا دەبێتە ٦٠٠ دینار و لە ٦٠ مەتر سێجا بەرەو سەرەوە دوو هەزار دینار وەردەگیرێت. هەروەها بۆ پەرستگا و دەزگا حکومییەکان نرخی بەکارهێنانی یەک مەتر سێجا (هەزار لیتر) ٥٠٠ دینارە و بۆ کەرتی نیمچە حکومی و وەبەرهێنان ٧٥٠ دینار و بۆ کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری ھەزار دینار و بۆ شوشتنگەکان دوو ھەزار دینار دیاریکراوە. محه‌مه‌د هۆگر، به‌ڕێوبه‌رى ڕێگه‌پێدراوى کۆمپانیاى گرنگ یه‌کێک له کۆمپانیاکانى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتىوتى «ئێمه ته‌نیا به‌رپرسین له خوێندنه‌وه‌ى پاره‌ى سه‌ر پێوه‌ره‌که و کۆکردنه‌وه‌ى، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێکى دیاریکراو ڕویدابێت ره‌نگه په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌بێت که ژماره‌یه‌ک به هه‌ڵه نوسرابێت، ئه‌گینا هه‌ڵى تێدا نه‌بووه«. وتیشى «کارمه‌نده‌کانى ئێمه پێشتر خولى راهێنانیان پێکراوه و پێویستیشه له‌کاتى سه‌ردانکردندا باج یان پێوه بێت و جیهازى خوێندنه‌وه‌که‌یان پێ بێت تا رێگه بگیرێت له‌هه‌ر حاڵه‌تێک به ناوى کۆمپانیاى گرنگه‌وه بچنه ماڵان و پاره کۆکه‌نه‌وه و که چه‌ند حاڵه‌تێک هه‌بووه و ڕێگرى لێبکرێت». له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا لیژنه‌یه‌کى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ به‌دواداچونى پێوه‌رى ئاوى ماڵان، سه‌ردانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاریان کرد و که‌موکوڕیى پێوه‌ره‌که‌یان راده‌ستى به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌که کرد و داواى چاره‌سه‌رکردنیان کرد. دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ده‌ستپاکى له په‌رله‌مانى کوردستان، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «به‌ده‌ر له پێوه‌ره سینیه‌کان هه‌موو پێوه‌ره‌کان به‌ئاسانى به سیسته‌م ناکرێن و هه‌واو هه‌ر جوڵه‌یه‌ک ده‌خوێننه‌وه، بۆیه بۆ شوێنێک گونجاو ده‌بێت که 24 کاتژمێر ئاوى پێدا بڕوات». وتیشى»پێویست بوو پێش دهۆک کارکردن به پێوه‌رى ئاو له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه گه‌رمیان و راپه‌رین راگیرێت و به‌ڵام ئیستاش دره‌نگ نیه و پێویسته ڕایبگرن». دابان محه‌مه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و وه‌زیرى نوێى شاره‌وانى له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین بۆ ڕاگرتنى ته‌واوه‌تى ئه‌م پرۆسه‌یه، که سودى چه‌ند که‌سێکى نا وه‌زاره‌ت و پێنج کۆمپانیا تێدایه و زه‌ره‌رى زۆر گه‌وره‌ش له‌م پرۆسه‌یه هاووڵاتیانن».
هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا مەلا کرێکار، 62 ساڵ، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام و سەرۆکی ڕەوتی شاخ کە چەند ساڵێکە لە نەرویج دایمەزرادندووە، ١٢ ساڵ سزای بەسەردا سەپێنرا لە لایەن دادگایەکی ئیتاڵیاوە، لەگەڵ پێنج کەسی تر بە سزای حەوت بۆ نۆ ساڵ زیندانیی، ئەوەش بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کاری توندوتیژی لە چوارچێوەی ئەو رەوتەدا. جگە لە مەلا کریکار، هەریەکە لە ئاوات کەرکوکی، ماکوان کەریم رەحیم، وەهاب حەمەساڵح، لەگەڵ هەریەکە لە زانا رەحیم عەبدولڕەحمان، کامیل فەتاح جەلال، رێبوار حەمەد سزای حەوت مانگ و شەش مانگ تا نۆ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. ڕەوتی شاخ چەند ساڵێکە لە نەرویج دامەزرێنەوە لە لایەن مەلا کرێکار و چەند کوردیکی ترەوە کە پێشتر پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ داعش دەربڕیوە، هەروەها بڕوای بە جیهاد هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان. جیهاد چەمکێکی ئیسلامیەو رەوتە ئیسلامیەکان لەسەری نانۆکن، هەندێکیان پێیان وایە جیهاد بە واتای «قتال» (کوشتن) نایات و رەخنە لە رەوتە ئیسلامیە تونژەروەکان دەگرن کە جیهادیان کردۆتە بەهانە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان لە بەرگری شەرعیدا، لە کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نوێنەرایەتی ئەم رەوتە دەکات و بڕوای وایە جیهاد یەکسان نیە بە «قتال». بەڵام رەوتە ئیسلامیە توندڕەوەکان هاوشیوەی داعش و قاعیدەو ڕەوتی شاخی مەلا کریکار بڕوایان وایە جیهاد بە واتای قیتال (کوشتن) دێت و لەم چوارچیوەشدا لە هەرشوینێک بیت گروپی چەکدار دروست دەکەن تا دەگاتە ئەنجامدانی کاری تەقینەوە. مەلاکرێکارو ڕەوتی شاخ بڕوایان بەم کارە هەیە. مەلا کرێکار ئەو پەنابەرەی لە نەرویج زۆرترین قسە و باسی لەسەرە، پێرێ لە ئۆسلۆ دەستگیرکرا لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری پۆلیسی نەرویج لەسەر داواکاری دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا، دەستگیرکردنەکەی دوای ئەوە هات دادگای ئیتاڵیا سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند لەسەر داڕشتنی پلانی کردەوەی تیرۆرستی. دووشەممەی رابردوو نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە کرێکار سزای زیاتری زیندانی بەسەردا سەپێنرا لە ئیتاڵیا زیاتر لەوەی داواکاری گشتی چاوەڕوانی دەکرد. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی تەلەفزیۆن و رادیۆیی نەرویجی لەبەرئەوەی ڕەتیکردوەتەوە بچێتە ئیتاڵیا، دادگای وڵاتەکە بەناچاری دادگاییەکەیان ئەنجامداوە بەبێ بوونی کرێکار بۆ بەرگریکردن لەخۆی و سزای ١٢ ساڵ زیندانیان سەپاندووە بەسەریدا کە داواکاری گشتی داوای ١٠ ساڵی کردبوو. حوکمەکەی لەسەر بنەمای تۆمەتی بونی پەیوەندی بە گروپی «ڕەوتی شاخ» کە لقێکە لە ئەنسارولئیسلام. بەپێی دادگای ئیتاڵیا کرێکار وەک سەرکردەی گروپی ڕەوتی شاخ مامەڵەی لەگەڵ کراوە. جگە لە کرێکار پێنج کەسی تریش سزای ٩ ساڵ زیاتریان بەسەردا سەپاوە بەهۆی پەیوەندیان بە تۆڕە تیرۆریستییەکەوە. گروپی ڕەوتی شاخ بەوە تۆمەتبار کراوە کە پلانی هێرشێکیان داڕشتووە کە تێیدا دیپلۆماتکاری نەرویجی و بەریتانیان بەئامانج گرتووە و پلانی ڕفاندنی چەندین نێردراوی تریان داڕشتووە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی نەرویجی بۆ بەردانی کرێکار لەساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات لە زینداندا بوو. دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا بڕیارێکی نوێیان دەرکرد بۆ دەستگیرکردنی کرێکار و داوای رادەست کردنیان کردووە بۆ ئیتاڵیا جارێکی تر دوای ئەوەی کە پێشتر داوا کراوە لەسەر هەبوونی پەیوەندی بە تۆڕێکی تیرۆرستی لە ئەوروپا بەڵام دواتر ئیتاڵیا لە داواکەی کشایەوە و ڕادەستنەکرا. پۆلیسی نەرویجی شەوی دوشەممە ڕایگەیاند کە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستبەسەرکردنی کرێکار کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ «ئاگادارکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی و بڕیارێکی دەستگیرکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاوە.» پارێزەری کرێکار، برینجار مێلینگ ڕایگەیاندووە تووشی سەرسوڕمان بووە سەبارەت بە گرتنەکەی بەهۆکاری ئەوەی کرێکار بەبەردەوامی لەگەڵ دەسەڵاتداران هەماهەنگی نیشانداوە نەک هەر لە نەرویچ بەڵکو لە سەرتاسەری ئەوروپا و لە ئێستاشدا هیچ هۆکارێک نییە تا کرێکار خۆی بدزێتەوە لە یاسا. هەروەها مێلینگ ڕەخنەی لە چۆنیەتی شێوازی بەڕێوبردنی دادگاییەکە و بڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیا گرت بەهۆکاری ئەوەی کرێکار بێبەشکراوە لە بەرگریکردن لە خۆی لە دادگای بۆلزانۆی ئیتاڵیا. پارێزەرەکەی کرێکار ڕاشیگەیاند مەلا کرێکار ڕەتیکردوەتەوە گەشت بکات بۆ ئیتاڵیا بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەی بێتاوانی خۆی چونکە دادگاکە دڵنیایی پێنەداوە کە ڕادەستی وڵاتێکی تر نەکرێت. تەنانەت ڕێی پێنەدراوە کە لەڕێی ڤیدیۆی راستەوخۆوە بەشداری دادگاییەکە بکات و بەرگری لەخۆی بکات. کرێکار ترسی لەوە هەیە کە رادەستی عێراق بکرێتەوە چونکە پێشتر عێراق رایگەیاندووە هیچ گرەنتییەکی پێنادات بۆ سەلامەتی و ڕەنگە ڕووبەڕووی پەلامار و کوشتن ببێتەوە. حوکمەکەی کرێکار بڕگەیەکی تێدایە داوای دانوستانێکی دادگا دەکات کە تێیدا دادگای نەرویج بڕیار دەدات ئاخۆ ڕادەستی ئیتاڵیای بکەن یاخود نا. مێلینگ ئەوەشی وت کە کرێکار داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەی کردووە و لەدژی هەموو بڕیارێکی ڕادەستکردنەوەیە ئەمەش خولێکی تری نوێی دادگا دروست دەکاتەوە لە نەرویج هەرچەندە پێشتر دادگای باڵای نەرویج ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە بۆ ڕادەستکردنی بە ئیتاڵیا. مادس ئەندیناس پرۆفیسۆری زانکۆی ئۆسلۆ لە بەشی یاسا ڕایگەیاندووە کە داواکاری دەستگیرکردن و رادەستکردنی کرێکار لەسەر بنەمای «یاسایەکی تەواو نوێیە بۆیە وا دەخوازێت کە ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی نوێ ببێتەوە.» ئەندیناس لەئێستادا وەک مامۆستایەکی گرێبەست لە ڕۆما کار دەکات و ئاشنایی هەیە لەگەڵ سیستەمی یاسایی ئیتاڵیادا. ئەندیناس پێیوایە کەیسەکەی کرێکار خراوەتە خانەی کەیسێکی سیاسی و ڕووبەڕووی فشاری سیاسی بوەتەوە لەو حکومەتەی کە ئێستا ئێرنا سۆلبیرگ سەرۆک وەزیرانیەتی. پێشتر کرێکار بەوە توانبار کراوە کە چەندین هەڕەشەی کردووە لەناویاندا هەڕەشە بۆ سەر ئێرنا سۆلبێرگ چەند ساڵێک پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا. پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئەمریکی داوای دەستگیرکردنی کرێکاریان کردووە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا ناوی هەیە. لارس گولە، توێژەرەوەی بواری تیرۆر بە دامەزراوەی تەلەڤزیۆن و رادیۆی نەرویجی ڕاگەیاندووە کە کەیسەکەی کرێکار بەشێکە لە یاریەکی گەورەتری هێزی سیاسی. گولە دەشڵێت «ئێمە دەزانین دەسەڵاتدارانی داوەری نەرویجی لە ئیتاڵیا بوون بە ئامانجی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا قایل بکەن داوای ڕادەست کردنەوەی بکەن، ئەوە مانای ئەوەیە ڕەهەندێکی سیاسی لەئارادایە کە زۆر زەحمەتە لێی بکۆڵیتەوە.» کرێکار ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار چووە نەرویج و داوای مافی پەنابەرێتی کرد وەک پەنابەرێکی کوردستانی عێراق. دواتریش ڕێیپیدرا خانەوادەکەشی بباتە نەرویج. پاشان ئاشکرابوو کە کرێکار سەرپێچی کردووە لە بەندی مافی بەنابەرێتیەکەی بە گەشتکردنی بۆ کوردستان و دامەزراندنی ئەنسارولئیسلام لە ساڵی ٢٠٠١. ساڵی ٢٠٠٣ وازی لە گروپەکە هێنا و گەڕایەوە بۆ نەرویج کە لەو کاتەوە لەلایەن چەندین حکومەتی جیاجیای وڵاتانەوە تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلانی لە چالاکی تیرۆریستی. لەساڵی ٢٠٠٦ەوە ناوی لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ەوە لەلایەن دادگای باڵای نەرویجییەوە وەک «مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» ناسێنرا. لە ٧ی ئازاری ی ٢٠١٢ ماوەی ٥ ساڵ زیندانیکرا لەسەر هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەسایەتی نەرویجی و کوردی. جگە لەمەش سێ جاری تر لە ساڵی ٢٠١٥ دەستگیرکراوە بەتۆمەتی هاندانی کوشتنی کاریکاتێریستەکەی چارلی هیبدۆ و هەبونی پەیوەندی بە داعشەوە.
لەئێستادا حەشدی شەعبی بەسەر ٦٠ یەکەدا دابەشکراوە، بەڵام کاتێک دەبنە بەشێک لەسوپا کاری رابەرە سەرەکییەکەیان ئاسانتر دەبێت و دەسەڵاتی بەسەریاندا زیاتر دەبێت کاکەلاو عەبدوڵا بەمدواییانە حکومەتی عێراقی بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەموو هێزە میلیشیاکان کە بەپێی یاسا تێکەڵی نێو سوپای عێراقی بکرێن بۆ سنوردارکردنی هەژمونیان بەڵام دەگونجێت بڕیارەکە بەسەر حکومەتی عێراقیدا بشکێتەوە و ئێران ببێتە سوودمەندی یەکەم لەم هەنگاوە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ تێکەڵکردنی هێزە میلیشیاکان بۆ ناو سوپای عێراقی کە دەبێت هەتا کۆتایی ئەم مانگە لەلایەن هەموو هێزەکانەوە پەیڕەو بکرێت. دەکرێت دیسان ئەم بڕیارە عێراق بکاتەوە بە وڵاتێکی بەهێز بەڵام ئەمجارە بەهەبوونی هێزی دڵسۆزی ئێرانی لەناو سوپادا. بڕیارەکە دەڵێت «هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی دەبێت وەک بەشێکی جیانەکراوە لە هێزەکانی سوپا کاربکەن و هەمان یاسای سوپای عێراقییان بەسەردا جێبەجێبکرێت.» هەرچەندە پێشتر یاسایەک دەرچوو کە موچەی حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دابین بکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە پێگەیان پتەو دەکات لەناو سوپادا، هەروەها ملکەچیان دەکات کە وەک دامەزراوەیەکی جیا ڕەفتار نەکەن بەڵکو وەک کەتیبە بچنە نێو سوپای نیشتمانییەوە. بڕیارەکە لەڕواڵەتدا بەشێکی بۆ ئەوەیە توانا و پێگەی حەشدی شەعبی کەمبکرێتەوە چونکە ئەم هێزە توانیویەتی دەست بەسەر زۆرێک لەپیشەسازییە وزەییەکان بگرێت و زۆرێک ڕێڕەوی قاچاغ دابمەزرێنێت بەهۆی ئەوەی کە بنکەو بارەگای زۆری هەیە لە سەرتاسەری عێراقدا. مایکڵ نایتس، لێکۆڵەری واشنتۆن ئینستیتوت بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، «سەرکردە عێراقییەکان هەست بەوە دەکەن کە حەشدی شەعبی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت لە مەترسی لەکەدارکردنی ناوبانگی خۆی نزیک دەبێتەوە بەتایبەتی لەڕووی چالاکییە ئابورییەکانی و ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و وڵاتە دراوسێکان.” مەبەست لە چالاکییە ئابوریەکان چالاکییەکانی حەشدی شەعبیە لە دوای ئازادکردنی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقییەوە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی ڕۆیتەرز حەشدی شەعبی چەندین ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە لە فرۆشتنی پاشماوەکانی داعش و چەندین مەیدانی سکرابی داناوە لەشارەکەدا بۆ ساغکردنەوەی ئەو پاشماوانە کە زۆربەیان ئاسنن و لە کوردستان ساغدەکرێنەوە. دواین چالاکی سەربازیش کە نایتس ئاماژەی بۆ دەکات ئەو هێرشە بوو کە کرایە سەر بۆرییەکی نەوتی سعودی لە عێراق لە ١٤ی ئایاری ٢٠١٩ و ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند هێرشەکە لە ناوخۆی عێراقەوە کراوە و هەروەها هێرشە موشەکیەکەی ناوچەی سەوز نزیک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئایاری ڕابردوو کە دیسان ئیدارەی ترەمپ بەدەستی حەشدی شەعبی دەزانێت. مایکڵ نایتس لەکۆتایی مانگی حوزەیران لە عێراق بووە و چاوی بە خودی سەرۆک وەزیران کەوتووە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە و بەوردی باسی پلانی تێکەڵکردنی هیزە میلیشیاکانی بۆ کراوە بۆیە دەڵێت «پلانەکە لەتوانایدایە یان مەترسی هێزی میلیشیا کەمبکاتەوە یان مەترسیدارانە دەسەڵاتیان زیاتر بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چۆن پلانەکە جێبەجێ دەکرێت.” پلانەکە داوا لە هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی دەکات هەموو بنکە و بارەگا و ئۆفیسەکانیان دابخەن لەگەڵ لابردنی هەموو نازناوەکانی وەک کەتیبە و کەرت و دەستە، هەروەها خۆ بەدورگرتن لەهەموو لایەنێکی سیاسی و تەنها لەژێر دەستوری عێراقیدا بن. هەرچەندە ئەمە بەفەرمی بڵاونەکراوەتەوە تا ئێستا، بەڵام مایکڵ نایتس ئاماژە بەوە دەکات کە پلانەکە ئەوەشی تێدایە کاتێک حەشدی شەعبی بنکە بچوکەکانی خۆیان لابرد، دەگوازرێنەوە بۆ کانتۆنی گەورە بەواتای ئەوەی لە نزیک سنورەکانی سوریا نامێنن و بەرەو سنورەکانی سعودییە دەکشێن کە لەهەمان کاتدا پشتێنێکی بەرگری دروستدەکات لەنێوان ناوچە شیعە نشینەکان و سوننە نشینەکان لەنێوخۆی عێراقدا. مایکڵ پرێگنت، شارەزای سیاسەتی عێراقی لە هەدس ئیستیتوت دەڵێت، «حکومەتی عێراق یان ناتوانێت یان نایەوێت میلیشیاکانی ئێران لە عێراق دەربکات و توانای ئەوەشی نییە ڕایبگرێت لەهێرشکردنە سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا. حکومەتی عێراقی دەسەڵاتی نییە دژی میلیشیاکان بوەستێتەوە بۆیە بڕیاریدا هاوپەیمانی لەگەڵیان پێکبهێنێت، ئەنجامەکەشی ئەوەیە هەردوو لایەن بە سوپایەکی بەهێزەوە دەردەکەون.” پلانی تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی سەرکردەکانی لەوانە جەمال جەعفەر، عەلی ئیبراهیمی، ناسراو بە ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس کە سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانە و لەهەمان کاتیش‌دا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە. لەئێستادا حەشدی شەعبی بەسەر ٦٠ یەکەدا دابەشکراوە بەڵام کاتێک دەبنە بەشێک لە سوپا کاری ئەلموهەندیس ئاسانتر دەبێت و دەسەڵاتی بەسەریاندا زیاتر دەبێت. یەکێکی تر لە خراپییەکانی پلانەکە ئەوەیە بە چوونە نێو سوپاوە، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەفەرمی پێگەی حکومیان دەبێت و دەبنە سەرمەشقی سوپای عێراقی بەشێکی بەهۆی ناڕێکخراوەی و ناکارامەیی سوپاوەیە کە ئەمەش دەبێتە ئەوەی کۆنترۆڵی سیاسەتی سوپای عێراقی بەدەست ئێرانەوە بێت و هێزەکانی راهێنراو لەسەر دەستی قاسم سولەیمانی بە جلوبەرگی فەرمی سوپای عێراقییەوە ببینرێن. مایکڵ پرێگنت دەشڵێت، «بڕیارەکە شەرعیەت دەدات بە میلیشیاکانی سەر بە هێزەکانی قودسی قاسم سولەیمانی و کاریگەریان لەپێشووتر زیاتر دەکات. ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ سولەیمانی لە بڕیارەکانیاندا و لەلایەن هادی عامری و ئەلموهەندیسەوە فەرماندەیی دەکرێن. هەموو ئەمانە بردنەوەیە بۆ سولەیمانی و ئێران.” بەزیادکردنی ١٤٠ هەزار سەربازی حەشدی شەعبی سەرکردەکانی ئەو میلیشیایە بەئاسانی دەستیان دەگات بە هەموو بابەتە هەستیارەکانی حکومەت. جگە لەوەش دەستیان دەگات بە هەموو ئەو هاوکارییە دارایی و کەلوپەلی سەربازی و زنیارییە هەواڵگرییە ئەمریکیانەی کە واشنتۆن بۆ سوپای عێراقی دەستبەر کردبوو لەکاتی جەنگی دژی داعش. لەوکاتەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان گەراونەتەوە بۆ عێراق لەساڵی ٢٠١٤ەوە سوپای عێتراقییان پڕچەک کردووە و جگە لەدەستەبەرکردنی ڕاهێنانی سەربازی. لەساڵی ٢٠٠٨، عێراق ١٤٠ تانکی ئەبرامزی ئەمریکی کڕی بە بەهای ٢ ملیار دۆلار. بەدرێژایی ئەم ساڵانەی دوایی هەندێکیان کەوتونەتە دەست ئەم میلیشیایانەوە و جگە لەوەی بەم بڕیارە بەبێ ئەوەی سەرپێچی لە هیچ یاسایایەکی عێراقی بکەن دەستیان دەگات بە ئەبرامزەکانی تریش و هەموو کەلوپەلە سەربازییەکانی تری سوپا کە لەلایەن ئەمریکا یاخود هاوپەیمانانەوە دابین کرابێت. سەرەڕای ئەمانەش، پلانی تێکەڵکردن پێگەیەکی سەلامەتی دەبەخشێتە حەشدی شەعبی. هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن میلیشیاکان بە ئامانج بگرن بەبێ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر سوپای عێراقی. میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەنانەت بە چوونە نێو سوپای عێراقیشەوە دەتوانن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆڵە ببنەوە.
هاوڵاتى ململانێ و کێشمەکێشی ناو بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی بودجە و موچەی هەرێم چڕبووەتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردیش بەدوری دەزانن ئەو ململانێیە مەترسی لەسەر پشکی کورد‌و موچەی فەرمانبەران دروستبکات. پەرش و بڵاوی کوتلە شیعییەکان لەپەرلەمانی عێراق، دەرگای لەسەر چەندین ململانێ لەنێوانیان کردووەتەوە، لەو نێوەندەشدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران کە هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی نییە پشتیوانی لێبکات، بەر ئاگری ئەو ململانێیە کەوتووە. پرسی بەشە بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، ئێستا بووەتە چەقی ئەو ململانێیانە و هەریەکەیان دەیەوێت لەرێگەیەوە دەستکەوت بۆخۆی تۆماربکات. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نەسر دەکات لە پەرلەمان، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ فشارخستنە سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران تا چیتر بەشە بودجەی هەرێم رەوانە نەکات، بە پاساوی ئەوەی هەرێم نەوتی رادەستنەکردووە. هەروەها رەوتی حیکمە بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم یەکێک لە دیارترین سەرکردە شیعیەکان لە عێراق کە بەم دواییانە ئۆپۆزسیۆن بوونی راگەیاند، بەهەمان ئاڕاستە هەوڵەکانی دەستپێکردووە. بەڵام دیار نییە ئەم ململانێیانە ئەنجامەکەی چیدەبێت، بەتایبەت کە ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە لەسەر پرسی بەشە بودجەی هەرێم و پابەندنەبوونی هەرێم بە رادەستنەکردنی نەوتەوە رۆژی پێنجشەممە وەزیرانی نەوت و دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بکات. شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە راگەیاند، پرسی بانگهێشتکردنی وەزیرەکان و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری سەرۆک وەزیران پەیوەندی بەنەوت و بودجەوە هەیە، بەڵام پێناچێت کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکات، چونکە بەپێی یاسا موچە و بودجەی هەرێم لەیەک جیاکراونەتەوە. وتیشی «ئێمە پێمانوایە وەزیر هیچ موخالەفەیەکی نەکردووە، لەبەرئەوەی جگە لە موچە هیچ بڕە پارەیەکی زیادەی نەناردووە، بەڵام لایەنە عێراقییەکان پێیانوایە بە هەژمارکردنی نرخی ٢٥٠ هەزار بەرمیلەکە بەپێی نرخی سۆمۆ، پارەی زیاتر نێردراوە بۆ هەرێم، بەشێکی تریشیان پێیانوایە هەر نابێت پارە بنێردرێت کە ئەوە لەگەڵ یاساکە یەکناگرێتەوە». ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەو پرسە پەیوەندی بە ململانێی نێوان کوتلە شیعییەکانەوە هەیە، لەنێوان خۆیان و لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا، بەتایبەت کوتلەکانی نەسری عەبادی و حیکمە کە ئۆپۆزسیۆن بوونی راگەیاندووە. ئەو کوتلانە رۆژی دووشەممە لەیەکەم هەوڵیاندا لەو بارەیەوە شکستیانهێنا، کاتێک هەوڵیاندا هەموارکردنەوەی مادەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم بخەنە دەنگدانەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان داواکەی رەتکردەوە. شیروان میرزا پێیوایە، ئەو کوتلە شیعییانە لەرێگەی وروژاندنی ئەو پرسەوە دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی بدەن، بەڵام ئەو زۆرینەیە نین کە مەترسی دروستبکەن. عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەرپرسانی هەرێم بە دۆستی خۆیانی دادەنێن، تا ئێستا لەبەردەم فشارەکان خۆیگرتووە و دەیەوێت لەرێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە لەگەڵ هەرێم بەیەکجاری ئەو پرسە چارەسەر بکات. دوێنێ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەدورگرتنی موچەی خەڵکی هەرێم لە کێشەکان. بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی ئەو پەرلەمانتارە، عادل عەبدولمەهدی باسی لەوەکردووە، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکارێکی جدی حکومەتی فیدراڵ بێت بەوەی موچەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشبکات و یاسای بودجە جێبەجێ بکات «هەردولاش کار بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و بە دامەزراوەیی و شەفافکردنی کەرتی نەوت بکەن». غالب محەمەد ئەندامی لیژنی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی بەبەردەوامی داوای چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات، پێیوایە بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی ئەوە ناگەیەنێت کە مەترسی جدی هەیە لەسەر موچەی فەرمانبەران، چونکە تا مانگی ١٢ بەغدا دەینێرێت. وتیشی «ئێمە دەمێکە وتومانە ئەم وەزعە بەمشێوەیە ناڕوات بەڕێوە، لەدوای مانگی ١٢ەوە مەترسییەکە هەیە، چونکە بودجە تەنها بۆ ئەمساڵە». سەبارەت بە ململانێی لایەنە شیعییەکان لەو بارەیەوە، غالب محەمەد پێیوایە هەرێم بە رادەستنەکردنی نەوت بەبەغدا خۆی بیانوی داوەتە دەست ئەو لایەنانە، «هەرێم ئەگەر نەوت رادەستبکات ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن، بەڵام خۆمان داومان داوە بەدەستیانەوە بۆ ئەوەی تێوەمان بپچێن». رونیشیکردەوە «کوتلەی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ئەو پرسە دەوروژێنێت، کە دژی عادل عەبدولمەهدییە و کار بۆ ئەوەدەکات عەبادی ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران». غالب محەمەد جەختیشیکردەوە، رێگەچارەکە ئەوەیە هەرێم بەپێی یاسای بودجە، رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستبکات، ئەگەر ئەوە نەکات وەزعەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، ئەگەر ئەوەنەکات ساڵی داهاتوو وەک ئەمساڵ نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، بانگهێشتکردنی وەزیرانی دارایی و نەوت رەنگە لەرووی کەسییەوە کاریگەرییان لێبکات، بەڵام لە رووی مەترسی لەسەر موچەوە کاریگەری ئەوتۆ دروستناکات. بودجەی عێراق بڕەکەی ١١٢ ملیار دۆلارە و زیاتر لە ١٩ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە. بەپێی یاسای بودجە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبوو بە هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی بەغداوە، لەو پشکی لەسەدا ١٢.٦٧ی دەبڕدرێت کە بۆی دیاریکراوەو بڕەکەی دەگاتە ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار. هەر بەپێی یاساکە کە سەرەتای ئەمساڵ پەسەندکرا، بڕی ٦٤٧ ملیاری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پیشمەرگەو شەهیدان جێگیرکراوە تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتیش رادەستی بەغدا نەکات. تا ئێستا بەغدا مانگانە بڕە پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی رەوانەکردووە، حکومەتی هەرێمیش هەرچەندە ئامادەیی بۆ رادەستکردنی نەوت پیشانداوە، بەڵام هێشتا هیچ بڕە نەوتێکی رادەستنەکردووە. هەفتەی رابردوو سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، ئامادەن نەوت رادەستی بەغدا بکەن، بەڵام دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ناردنی تەواوی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، وتی نەک وەک ئێستا کە ئەو پارەیەی کەدەینێرێت بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات.
هاوڵاتى سوپای تورکیا لەڕێگەی بە ئامانج گرتنی سەرکردەو دامەزرێنەرانی پەکەکەوە، دەیەوێت ئەو حزبە بەتەواوی لاواز بکات کە چوار دەیەیە لەشەڕێکی خوێناویدایە لەگەڵی، بەڵام پەکەکە جەخت لەبەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتە دەکاتەوە. دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و یەکێک لەدیارترین بەرپرسەکانی پەکەکە، دوایین سەرکردەی ئەو پارتە بوو کە بەهۆی بە ئامانج گرتنییەوە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە بناری قەندیل گیانی لەدەستدا. کەمتر لە ساڵێک لەگیان لەدەستدانی ئەو سەرکردەیەی پەکەکە، زەکی شنگالی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شنگال گیانی لەدەستدا. دیار غەریب یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی ناو پەکەکە کە زیاتر وەکو سەرکردەیەکی سیاسی ناسرابوو نەک سەربازی، لەناو پارتێکدا کە لەساڵی ١٩٨٤ەوە لەشەڕدایە لەگەڵ تورکیا و مۆڵگەی سەرەکیان لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری عێراق و ئێران و تورکیاوە. تا ئێستا وردەکاریی گیان لەدەستدانی دیار غەریب دیار نییە و تورکیا و کەجەکە قسەی جیاواز لەو بارەیەوە دەکەن. بەپێی راگەیەنراوێکی کەجەکە کە حەوتی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، دیار غەریب بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیا لە پێنجی ئەم مانگەداو لەگەڵ دوو گەریلای پەکەکە گیانی لەدەستداوە، بەڵام تورکیا دەڵێت رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو دیار غەریب کراوەتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای تورکیا و دەزگای هەواڵگری میت، لەهەمان ئەو رۆژەی کە بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکەکانی تورکیاوە سێ ئەندامی خێزانێک لەو شوێنە گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون. فایەق گوڵپی سیاسەتمەداری نزیک لە پەکەکە بە هاوڵاتى وت «تورکیا یەکێک لە پلانەکانی ئەوەیە سەرکردەکانی پەکەکە بە ئامانج بگرێت و شەهیدیان بکات، ئەمە پلانێکی درێژخایەنە و پێش هاتنی سەر دەسەڵاتی ئەکەپەش بڕیارێکی تورکیا هەبووە بۆ لەناوبردنی دامەزرێنەرانی پەکەکە». وتیشی «بۆ نمونە ساکینە جانسز کە لەفەرەنسا شەهید کرا یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە بوو، تا ئێستا هەوڵی زۆریانداوە لەو بارەیەوە، پێشتر تیمێکی میت هاتبونە هەرێمی کوردستان بۆ شەهیدکردنی جەمیل بایک کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، تا ئێستا چەند هەوڵێکی دیکەشیان داوە». رۆژی ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ تەرمی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و دوو هاوڕێی دیکەی کە لە ریزەکانی پەکەکە کاریاندەکرد، لە نزیک پەیمانگای کوردی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دۆزرانەوە و پەکەکە تورکیای بە تیرۆرکردنیان تۆمەتبارکرد. هەروەها ساڵی رابردوو پەکەکە دەستگیرکردنی تیمێکی میتی لەنزیک دوکان راگەیاند، کە بەوتەی ئەوان پلانیان بۆ تیرۆرکردنی جەمیل بایک دانابوو. فایەق گوڵپی پێیوایە، هێرشەکانی ئێستای تورکیا هەڕەمەکی نییە کە شوێنێک بۆردومان بکات و بگەڕێتەوە، بەڵکو لەرێگەی سیخوڕەکانییەوە دەیەوێت شوێنی سەرکردەکانی پەکەکە دیاری بکات و بەئامانجیان بگرێت. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێیوایە، دیار غەریب کە ماوەی ٢٥ ساڵ بوو لە ریزی پەکەکەدا بوو، بە رێکەوت نەبووە، بەڵکو «تورکیا لەگەڵ نۆکەر و سیخوڕەکانیدا هێرشێکی پلان بۆکراویان لە دژی ئەنجام داوە». هەروەها میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، باس لە ئەگەری تێوەگلانی پارتی دەکەن لەو رووداوەدا، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنی پاراستنی پارتی رایگەیاند « بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕو نائارامی بۆ ناو هەرێم». ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگلاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێ بنەمایەداوە». هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوەو هێما بۆ ئەوەشدەکات « بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێک ناوچەی هەرێم هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕو نائارامی بۆ ناو هەرێم، چەندین ساڵیشە رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە ٨٠٠ گوند‌و ئاوایی هەرێمی کوردستان». جەختی لەوەشکردەوە «پەکەکە خۆی خستۆتە پەنای گوندەکان و بەوهۆیەشەوە هاوڵاتیانی مەدەنی بونە قوربانی»، ئەنجومەنی ئاسایش دژایەتی خۆشی بۆ سیاسەتی پەکەکە دوپاتدەکاتەوەو داواشدەکات، «کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوەڕوو کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نیە». بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئاژانسی رۆژ نیوزی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، دیار غەریب هەشت ڕۆژ پێش شەهیدبوونی لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکانیدا لەبناری قەندیل کۆبووەتەوە و باسی هێرشەکانی تورکیای کردووە. فایەق گوڵپی پێیوایە، بۆیە تورکیا دیار غەریبی بە ئامانج گرتووە، «چونکە هەوڵیداوە بێدەنگی حزب و رێکخراوەکان و خەڵک لەباشور بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بشکێنێت و وەکو کەسێک دەرکەوتووە کە دەیەوێت پڕۆژەی تورکیا لە باشور تێکبشکێنێت، بۆیە بە ئامانج گیراوە». وتیشی «تورکیا پێش لێدانی لەپەکەکە، ئامانجی ئەوەیە شەڕ لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا دروستبکات و بۆئەوەی فەوزایەک دروستبێت و زەمینەی لەبار بۆ چارەسەری پرسی کورد لەبارببات». بە ئامانجگرتنی دیار غەریب لەلایەن تورکیاوە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و تورکیا کە لەساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکردووەتەوە، دوای هەرەسی پڕۆسەی ئاشتی کە دوو ساڵ بەردەوام بوو. محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەدار پێیوایە، تورکیا شەڕی هەمەلاینەی راگەیاندووە بەرانبەر پەکەکە، ئەوان بەپێی توانای خۆیان روبەڕوویان دەبنەوە، هێرشەکانیش کاریگەری خۆیان دروستدەکەن، چونکە تورکیا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هێرش دەکات. باسی لەوەشکرد، ئەم کارانە کاری دەزگای هەواڵگرییە، کە لەم ناوە بڵاوبوونەتەوەو سیخوڕی زۆریان هەیە، کارەکانیش چاوەڕوانکراون. بەوتەی پێنجوێنی «رەنگە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تا وەرزی زستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە ئەوکات بەهۆی سەختی ناوچەکەوە رەنگە تورکیا نەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوامی پێبدات».
هاوڵاتی - دیمه‌ن ئیسماعیل کاتژمێر 12ى نیوه‌رۆ بوو، سه‌ید قادر پیاوه بهتهمهنهکەی ناحیه‌ى ئاوه‌سپی لهکێڵگە کشتوکاڵیەکەی گه‌ڕایه‌وه، رۆشتە لای تانکی ئاوی حەوشە خۆڵاویەکەیان و ده‌م و چاوى شۆردو دواتر له سێبه‌رى ماڵه‌که‌ى دا بههیلاکى دانیشت. سەید دەستێکی بە ناوچاوانی پڕ لە عارەقی ڕەشهەڵگەراویدا هێناو وتی «چاوه‌رێ ده‌بین خودا هه‌وایه‌کى فێنک هه‌ڵبکات تا که‌مێک فێنک ببینه‌وه". ٤٤ گوندی سنوری گه‌رمیان تا ئێستا بێ کارەبان و بەم هۆیەشەوە زۆرێک لە دانیشتوانەکەی چۆڵیان کردوە. ئەگەرچی حکومه‌ت به‌ڵێنى راکێشانى کاره‌باى پێداون به‌ڵام تاوکو ئێستا کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. سه‌ید قادر، ته‌مه‌ن 70 ساڵ هێشتا دەیەوێت چەند ساڵێکی تریش بەرگەی بێ کارەبایی بگرێت، بەڵام وا دیارە هەڵکشانی تەمەنی یارمەتی نادات. سه‌ید قادر، وتى «ژیانمان زۆر سه‌خته به هیلاکى و ماندوبونى ده‌گه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌وه به‌ڵام کاره‌بامان نیه، شه‌وان له ژێر په‌رده کوله ده‌خه‌وین، مۆلیده‌ى خۆمان به که‌مى ئیش پێده‌که‌ین شه‌وان ناگات به کاتژمێر 9 ده‌خه‌وین» وتیشى «سه‌یر کردنى ته‌له‌فزیۆنیش لاى ئێمه بوه به شتێکى نامۆ، سهلاجهشمان نیه بۆ په‌یداکردنى پارچه‌یه‌ک به‌فر ناچارین به‌یانیان روبکه‌ینه ئه‌و شارانه‌ى ده‌وروبه‌رو بازاڕ بکه‌ین» ئه‌گه‌رچى چه‌ندین جار نوسراویان ئاراسته‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان کردوه به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان بێ ئه‌نجام بوه. سۆران داود، ته‌مه‌ن 38 ساڵ، پێشمه‌رگه‌یه، دانیشتوى گوندى قاسم ئاغایایە لە باشووری رۆژئاوای کەلار، ئەو گوندەش بێکارەبان لەکاتێکدا کەمتر لە ١٠ کیلۆمەتر دوورە لە قەزای کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای لێیەو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە وەزارەتی کارەباوە هەیە. باس له‌وه ده‌کات که ژیانى بژى و مه‌مره ده‌که‌ن، وتى «مۆلیده‌ى بچوکمان هه‌یه کارى پێده‌که‌ین، نیوه‌ڕوان 3 کاتژمێر کارى پێده‌که‌ین، شه‌وانیش 3 کاتژمێر دواتر ده‌یکوژێنینه‌وه« به‌رده‌وام بوو وتى «هه‌موو رۆژێک له گه‌ڵ براکه‌م ده‌ڕۆین بۆ بازاڕى شارى که‌لار به‌فر (سەهۆڵ) ده‌کڕین، به‌هۆى که‌مى کاره‌باى مۆلیده‌که‌وه بهفرگرهکهشمان به‌فر ناکات» «شه‌وانه له ژێر په‌رده کوللهدا ده‌خه‌وین ژیانمان زۆر خراپه، ئه‌گه‌ر شه‌وان کزه‌یه‌ک هه‌ڵبکات فێنکمان بکاته‌وه جگه له‌وه هیچ هه‌واو موبهڕیدهشمان نیه«. گەرمیان بە گەرمترین ناوچەی کوردستان دادەنریت و لە هاویناندا پلەی گەرمیان سەرویی ٤٠ پلەی سەدیەوە زۆرجار دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی، ئەوەش گەرمایەکی تاقەتپڕۆکێنە بەتایبەتی ئەگەر کارەبا نەبێت. قەزای کەلار بە سەرجەم ناحیەو گوندەکانیانەوە ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى دەگاتە نزیکه‌ى 300 هه‌زار که‌س، به‌پێى ئامارى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئیداره‌ى گه‌رمیان له سنوره‌که‌دا به‌گشتى (411) گوند هه‌ن، (343) گوند ئاوه‌دان کراوه‌ته‌وه، (68) گوند چۆڵکراوی هه‌یه. سەرجەم ئەو گوندانە لە مەرگەساتی وێرانکاریی ئەنفالدا خاپورکران، هەندێک دوای راپەڕین بە شێوەیەکی ڕیژەیی ئاوەدان کرانەوە، بەڵام هێشتا دەیان گوندیان با خاپورکراوی و بەبێ ژیان ماونەتەوە. به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌کات که قوباد تاله‌بانى جێگری سەرۆکی حکومەت ساڵی 2018 سه‌ردانى گونده‌کانى کردوه بڕیارى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى داوه، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە. سیامه‌ند محمد، وته‌بێژى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باى گه‌رمیان بۆ هاوڵاتی وتى «تاکو ساڵى 2014 له‌کۆى 198 گوند تاوه‌کو ئێستا کاره‌با بۆ 154 گوند راکێشراوهو کێشه‌ى بێ کاره‌بایى چاره‌سه‌رکراوه« به‌رده‌وام بو وتى «له‌ئێستادا 44 گوند کێشه‌ى هه‌یه به‌ڵام به‌هۆى نه‌بونى بودجه‌وه نه‌مانتوانیوه چاره‌سه‌رى بکه‌ین». سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کانیان وتى «نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت کردوه، رەزامەندی بۆ ده‌رچوه کاتێک کێشه‌ى قه‌یرانى حکومه‌ت نه‌مێنێت بودجه‌ى بۆ ته‌خان ده‌که‌ن و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن» له‌به‌رامبه‌ر دا ئه‌ندامێک ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى رونیکرده‌وه ساڵى 2018 قوباد تاله‌بانى به‌تایبه‌ت سه‌ردانى گونده‌کانى کردوه بریارى چارەسه‌رى داوه، وتی «به‌لام ته‌نیا قسهبوه«. که‌ریم عەلی، ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له لیژنه‌ى وزه‌و سامانه سروشتیه‌کان بۆ هاولاتی وتى «پێش هه‌لبژاردنى سالى 2018 بریارى چاره‌سه‌ر کردن دراوه به‌لام به‌داخه‌وه ته‌نیا قسهبوه« وتیشى «تاوه‌کو ئێستا سێ جار نوسراومان ناردوه بۆ چاره‌سه‌رکردن و دابینکردنى ئه‌و بڕه بودجه‌یه که 4 ملیار دیناره بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کاره‌باى ئه‌و 44 گونده، به‌داخه‌وه گوێیان بۆ نه‌گرتوین» هاوڵاتی په‌یوه‌ندى به «قوباد تاڵه‌بانی»و نوسینگەیەکەوە کرد، به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌دایه‌وه، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ وادەی پۆستەکەی لەکابینەی هەشتەم کۆتایی دێت و بەهەمان پۆست لە کابینەی نۆیەم دەستبەکاردەبێتەوە، بەڵام دانیشتوانی ئەو ٤٤ گوندە بەدیار بەڵێنەکەیەوە دەستووتێن.
شاناز حه‌سه‌ن یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تاوتوێی پرسی ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگاریان نه‌کردووه له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه، که پێشتر له‌سه‌رى رێککه‌وتبوون، له‌کاتێکدا په‌رله‌مان ماده‌ى تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى هه‌موارکردووه‌ته‌وه، به‌جۆرێک ده‌کرێت له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نیش هه‌ڵبژێردرێت. په‌رله‌مانى کوردستان دووشه‌ممه 8\7\2019 یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى هه‌موارکرده‌وه، به‌پێی هه‌مواره‌که، هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن یان له‌نێوانیاندا به‌زۆرینه‌ى ره‌هاى ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن ده‌بێت له ماوه‌یه‌کدا که له (٣٠) ڕۆژ له مێژووى یه‌که‌م دانیشتنیان تێپه‌ڕ نه‌کات. له‌چه‌ند ساڵى رابردوودا یه‌کێتى و گۆڕان رێککه‌وتنێکیان واژۆکرد بۆ ئاڵوگۆڕى پۆسته‌کانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ر دوو ساڵ جارێک لاى یه‌کێکیان بێت، تا ئێستا جارێک ئه‌و ئاڵوگۆڕه کراوه، به‌ڵام دیار نییه ئه‌مجاره‌ش ئاڵوگۆڕ به پۆسته‌کان ده‌که‌ن یان نا له ئێستادا که واده‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان چه‌ند مانگێکه کۆتایی هاتووه‌و په‌رله‌مان تا هه‌ڵبژاردنى خولى نوێ واده‌ى کارکردنیانى درێژکردووه‌ته‌وه. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى له پشکى گۆڕان وتی «هێشتا ئه‌و پرسه باس نه‌کراوه و بابه‌تێکى یاساییه و زیاتر په‌یوه‌ندى به ماوه‌ى درێژکردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانه‌وه هه‌یه«. وتیشى «ئێمه ماده‌م ده‌سه‌ڵاتێکى جێبه‌جێکردنمان هه‌بوو، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که شه‌رعیه‌تى هه‌بوو، له رابردوودا گرفت بۆ ماوه‌ى یاسایى دروست ببوو، هه‌موارکردنى یاساکه زیاتر له پێناوى پێویستى بابه‌تیانه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌کان بوو، تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو درێژکراوه‌ته‌وه«. نزار محه‌مه‌د، جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان له هه‌ڵه‌بجه، له لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتى «به فه‌رمى تائێستا باسى ئاڵوگۆڕى پۆسته‌کان نه‌کراوه، رێکه‌وتنه‌که وایه دوو ساڵ به دوو ساڵ بێت، به‌و پێیه‌ش بێت پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه وه‌رده‌گرین». ئاماژه‌ى به‌وه‌دا تائێستا یه‌کێتى هیچ رێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵیان جێبه‌جێنه‌کردووه «ده‌بوو جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه و جێگرى قایمقاممان پێ بدرێت، به‌ڵام پێمان نه‌درا». ساڵى رابردوو گۆڕان رێککه‌وتنه سیاسییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌ڵپه‌سارد، به‌و هۆیه‌شه‌وه په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه پچڕا و تا ئێستاش ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه. وشیار ئیسماعیل، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت»رێکه‌وتنى دوو ساڵ به دووساڵ له‌نێوان یه‌کێتى و گۆران له‌سه‌ر پۆستى پارێزگارى سلێمانى کۆتایى هاتووه«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد تا ئێستا به ره‌سمى و نا ره‌سمى یه‌کێتى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گفتوگۆى له‌گه‌ڵ گۆڕاندا نه‌کردووه «هه‌ر گفتوگۆیه‌ک له‌وباره‌یه‌وه بکرێت ده‌کرێته دواى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه«. هه‌ریه‌که له پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان ده‌نگیان به هه‌موارى یاساى پارێزگاکاندا، به‌ڵام چوار فراکسیۆن که پێکهاتوون له نه‌وه‌ى نوێ، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو، شیوعى ده‌نگیان پێنه‌دا. ڕوپاک ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتى «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووین له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا که‌سێک هه‌ڵبژێردرێت وه‌ک پارێزگار و واده‌ى ئه‌نجومه‌ن درێژبکرێته‌وه«. هه‌روه‌ها ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌گکرتوو، بۆ هاوڵاتی وتى «دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆته پیشه‌یه‌کی خراپى ده‌سه‌ڵات، بۆته نه‌ریت، ئێمه نه‌مانتوانیوه تائێستا یه‌ک هه‌ڵبژاردن له کاتى خۆیدا ئه‌نجام بده‌ین و هه‌موو خوله‌کان درێژکراوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ى نهیسپێرین به ئاینده‌یه‌کى نادیار بۆیه ده‌نگمان پێنه‌دا». لاى خۆشیه‌وه، مژده مه‌حمود، لەفراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، له لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی له‌وه دوا که ده‌نگیان به هه‌موارى یاساکه نه‌داوه و وتى» ئیمه پێمان وایه که ئه‌م حکومه‌ته لێی بووه به نه‌ریت، واده‌ى په‌رله‌مان درێژده‌کاته‌وه، هه‌ڵبژاردن درێژده‌کاته‌وه، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان درێژده‌کاته‌وه، واده‌ى حکومه‌ت درێژده‌کاته‌وه که راسته‌وخۆ کارده‌کاته سه‌ر کارى هاوڵاتیان به باشى نه‌ڕوات و پرۆژه‌ى نوێ پێشکه‌ش نه‌کرێت و کارى باش نه‌کرێت». هه‌روه‌ها وتیشى «هه‌موارى یاساکه له به‌رژه‌وه‌ندى حزبه نه‌ک خه‌ڵک، هەروەها هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له ده‌ره‌وه، خاڵێکى زه‌ق بوو که ده‌نگمان پێنه‌دا چونکه پێویسته خه‌ڵک خۆى ده‌نگى پێبدات و هه‌ڵیبژێرێت، ئاستى گه‌نده‌ڵى ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه«
هاوڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاستی سەربازی تێپەڕێنێت بەرەو ئاستی دیبلۆماسی و سیاسی، لە چوارچێوەی سوریاشدا پەیوەندییەکانیان درێژە پێبدەن. بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو تا ئێستاش ئەمریکا کە رابەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی داعش دەکات، هەماهەنگی سەربازی بەردەوامی هەبووە لەگەڵ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە پشتیوانی ئەمریکا ئەو هێزانە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی داعشیان لە سوریا کۆنترۆڵکردەوە. دوایین پێگەی رێکخراوی داعش لە باغۆزی سوریا بوو، کە هەسەدە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا توانیان کۆنتڕۆڵی بکەنەوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە تێکەڵەیەکە لە هێزی کوردی و عەرەب و سریانی ساڵی ٢٠١٥ دامەزرێنرا، بەمەبەستی پاراستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە و تا ئێستاش هەماهەنگی سەربازی ئەمریکا و شەڕڤانان بەردەوامە، بەڵام پەیوەندییەکان زیاتر سەربازین و کەمتر پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی بووە. سلێمان عارەب سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان کە نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدەیە لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، لەکاتی شەڕی دژی داعشەوە تا ئێستا رۆژئاوای کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و جیهان هەبووە، بەتایبەتی ئەمریکا کە بەردەوام هەماهەنگی سەربازی لەنێوانیان هەبووە. وتیشی «پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای شەڕ لەدژی تیرۆر و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانە، لەو بوارەشدا پەرەمان بە پەیوەندییەکانمان داوە». کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەراورد بە چەند مانگێک لەمەوبەر کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیدا، ئێستا دڵنیاترن لە پاراستنیان لە لایەن ئەمریکاوە، بەتایبەت کە ترەمپ هەفتەی رابردوو لەوتەیەکدا لەکۆبوونەوەی لوتکەی جی بیست لە ژاپۆن بەئاشکرا وتی کە رێگری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە هێرش بکاتە سەر کوردانی سوریا و بیانسڕێتەوە. لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لەلایەن ترەمپەوە، نیگەرانی کوردەکان لەسەر بە ئامانج گرتنیان لەلایەن تورکیاوە زیادیکرد، تا ئەوکاتەی ترەمپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانیان لەو وڵاتە بمێنێتەوە، کە بەشێکیان لەرۆژئاوای کوردستان جێگیربوون. لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا بەبەردەوامی هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هێز رەوانەی سنوری رۆژئاوا دەکات، بەڵام مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە رێگری سەرەکی بەردەم لەشکرکێشییەکە دادەنرێت. لەبارەی وتەکانی ترەمپ و پاراستنی کوردانی رۆژئاوا لەلایەن ترەمپەوە، سلێمان عارەب باسی لەوەکرد، ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە و تێڕوانینی خۆی هەیە لەبارەی رووداوەکان، بەڵام شەڕڤانان پێش هاتنی هێزەکانی ئەمریکاش بۆ سوریا و یارمەتیدانی شەڕڤانان لەلایەن ئەو وڵاتەوە، خۆیان بەرگریان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەو بەرانبەر داعش و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا وەستاونەتەوە و لەجیاتی هەموو جیهان لەدژی تیرۆر جەنگاون. بەدرێژایی شەڕی دژی داعش ئەمریکا بەبەردەوامی کەرەستەی سەربازی و چەکی قورسی رادەستی شەڕڤانان کردووە و مەشق و راهێنانی پێکردوون، بەوتەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان تا ئێستاش هەمانگی نێوانیان بەردەوامە. بەڵام پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا زیاتر لەرووی سەربازییەوە ماونەتەوەو نەپەڕیوەتەوە بۆ ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی، کە بەوتەی سلێمان عارەب بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان دەوڵەت نییەو تەنها ئیدارەیەکە لە چوارچێوەی سوریادا. وتیشی»دەمانەوێت ئاستی پەیوەندییەکانمان لەسەربازییەوە بچێت بەرەو سیاسی و دیبلۆماسی، دەمانەوێت لەو بوارەشدا پەیوەندیمان هەبێت، بەتایبەتی ئێستا کە نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە واشنتۆن کراوەتەوە». پێدەچێت بەشێک لە هۆکاری نەبەستنی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی واشنتۆن لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە نیگەرانییە بەردەوامەکانی تورکیای هاوپەیمانی واشنتۆنەوە بێت لە ناتۆ، بەرانبەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئەنقەرە خستونیەتە «لیستی تیرۆرەوە». بەڵام ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا روبەڕووی نیگەرانییەکانی تورکیا بووەتەوەو دەیەوێت پارێزگاری لەهاوپەیمانەکەی لە سوریا بکات کە ئێستا گەورەترین ناوچەی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەد بەدەستەوەیە، کە دەکاتە سێیەکی کۆی روبەری خاکی سوریا. بەتایبەت کە هەژمونی تاران و مۆسکۆ لەلایەک و ئەنقەرە لەلایەکی دیکەوە تادێت زیاتر دەبێت. سلێمان عارەب جەختیکردەوە، ئەوان لە چوارچێوەی سوریادا دەیانەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بمێنێتەوە و لەچوارچێوەی مانەوەیاندا لەناو ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەکان رێکبخەن. پێش کۆتایی هێنان بە داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆز، کوردانی رۆژئاوای کوردستان دانوستانی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ سوریا دەستپێکرد، لەرێگەی مۆسکۆوە بەمەبەستی گه‌یشتن بە رێککەوتن لەبارەی ناوچەکانی ژێر دەستیان و نەخشە رێگایەکیان رادەستی سوریا کرد. تا ئێستا دیمەشق، وەڵامی نەخشە رێگاکەی نەداونەتەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانی، تایبەتە بەوەی هێزەکانی هەسەدە بکرێنە چوارچێوەی سوپای سوریاوە، بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانی سوریا لەهەر هەڕەشەیەک ئەگەر دیمەشق مافەکانی کورد و پێکهاتەکان گرەنتی بکات لە دەستورێکی نوێ‌دا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەکەشیان پارێزراوبێت لەچوارچێوەی ئەو وڵاتەدا. ئامینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە هاوڵاتی راگەیاند، پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئەمریکا پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای پشتیوانی و هاریکاری لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. وتیشی «هۆکاری سەرەکی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا بنەبڕکردنی داعشە کە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان، پەیوەندییەکە ئێستا تەنها لە چوارچێوەی پشتیوانی سەربازییدایە». ئامینە عومەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان باسی لێدوانەکانی ترەمپ ناکەن، بەڵام بەباشی ئاگاداری نیازی داگیرکاریی و فراوانخوازیی تورکیا و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەن بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە نەک تەنها بۆ سەر کورد. جەختیشیکردەوە، لەسەر ئەمریکا پێویستە ئەو هاوپەیمانانەی بپارێزێت کە لەشەڕی دژی داعشدا لەپاڵیدا وەستان و رێگری لەهەر هێرشێک بکات کە ناوچەکانیان بە ئامانج بگرێت.
ئارا ئیبراهیم حکومه‌تى هه‌رێم کێشه‌ى ئه‌و هه‌زاران باخه‌ى به هه‌ڵپه‌سێردراوى هێشتووه‌ته‌وه، که له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراقه‌وه له ناوچه جیاوازه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دروستکراوه و دیار نییه که‌ى و چۆن ئه‌و پرسه یه‌کلایی ده‌کاته‌وه. به‌پێى ئامارێکى فه‌رمى، زیاتر له 15 هه‌زار باخ له سیته‌ک و ده‌وروبه‌رى و ناحیه‌ى سورداش و مێرگه‌پان و بانى مه‌قان نزیک چه‌مچه‌ماڵ بوونى هه‌یه، بێجگه له‌وه‌ى له مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین و شه‌قڵاوه‌و ناوچه‌کانى پارێزگاى دهۆک بوونیان هه‌یه‌و حکومه‌ت کێشهکهیانى به هه‌ڵواسراوى هێشتۆته‌وه هه‌رچه‌نده له نوسینگه‌کاندا مامه‌ڵه‌ى کڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌کرێت به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى. به‌هره حه‌مه سه‌عید، سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک، له‌لێدوانێکدا به وت «زه‌ویه‌کان هى وه‌زاره‌تى داراییه‌و هێشتا هیچ زه‌وییه‌ک نهکوژێندراوتهوه و بخرێته سه‌ر شاره‌وانى و هێشتا ماستهرپلانیشمان بۆى نییه، ته‌نها گوندى سیته‌ک نه‌بێت که ئێستا خه‌ریکین و له‌هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ى خانووه‌کانیان بۆ تاپۆ بکرێت». ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، فۆرمێکیان ئاماده کردووه‌و 10 هه‌زارو 37 باخ بوونیان هه‌یه له سیته‌ک و ده‌وروبه‌رى، ناردوویانه بۆ ناحیه تا داخڵى کۆمپیوته‌رى بۆ بکرێت و بۆیان بهێننه‌وه تا ئه‌و کاته‌ى چاره‌نوسیان یه‌کلایده‌کرێته‌وه. سنورى شاره‌وانى سیته‌ک له تونێله‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات تا بازگه‌ى چوارتا که هه‌زار و 600 دۆنمه و سێ هه‌زار باخى تێدایه. سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک باسى له‌وه‌کرد، داوایان کردووه زه‌وییه‌کان بکرێن به‌ناوى شاره‌وانییه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه چوار ساڵه داواکارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن به حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و حکومه‌ت ره‌تیکردۆته‌وه. به‌هره حه‌مه سه‌عید ده‌ڵێت تا ئێستا چاره‌نوسى باخه‌کان روون نییه‌و لهسهڵاحیاتى په‌رله‌مانه پرۆژه‌یاسایه‌ک ده‌ربکات و بکرێته یاسا و حکومه‌ت جێبه‌جێ بکات بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه که بونه‌ته ئه‌مرى واقع. وتیشى «پێشنیارمان کردووه بیناى ناو باخه‌کان تاپۆ بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى به‌کاریده‌هێنن و زه‌وى باخه‌که بدرێته ئیجارو ساڵانه به‌کرێ پێیان بدرێت ئه‌وه‌ش ده‌بێته داهاتێکى گه‌وره بۆ حکومه‌ت و ئێمه‌ش وه‌ک شاره‌وانى ده‌توانین مه‌جارى و ئاویان بۆ رابکێشین و ناوچه‌که زیاتر خزمه‌ت بکه‌ین». به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر زه‌وییه‌ک خانوو دروست بکات، ده‌بێت سه‌رۆکى وه‌حده‌ى ئیدارى خانوه‌که به‌و که‌سه بروخێنێت که دروستى کردووه و خۆیشى خهرجییهکهى بدات، به‌ڵام به‌وته‌ى سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک ئه‌و یاسایه نه له به‌رژه‌وه‌ندى حکومه‌ته نه هاوڵاتیان ده‌کرێت هه‌مواربکرێته‌وه بۆ خزمه‌تى هه‌ردولا. دروستکردنى باخ زۆربه‌ى ناوچه‌کانى گرتۆته‌وه له‌ناحیه‌ى سورداش زیاتر له سێ هه‌زار باخ دروست کراون که زۆرینه‌یان له مێرگهپانن. به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سورداش ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان حکومه‌ت ئه‌م دۆسیه‌یه به هه‌ڵواسراوى نه‌هێڵیته‌وه که بۆته ئه‌مرى واقع و چاره‌سه‌ر بکات تا ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌تى هه‌رێم. محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان جه‌لال، به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سورداش له‌لێدوانێکدا به وت «ئه‌و فۆرمه‌ى له سیته‌ک کرا بۆ ئه‌وانه‌ى باخیان دروستکردووه، ئێمه‌ش ویستمان به‌ڵام که‌س نه‌یوێرا بێت فۆرمه‌که پربکاته‌وه«. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که زیاتر له سێ هه‌زار باخ له‌سنورى ناحیه‌ى سورداشدا بوونیان هه‌یه‌و زۆرینه‌یان له‌ناوچه‌ى مێرگهپانن، وتیشى «پێشنیارمان بۆ حکومه‌ت کردووه که تازه ئه‌مه بۆته ئه‌مرى واقع زه‌ویه‌کان له سهخهرییهوه گۆراون بۆ نیشته‌جێبوون و باخ و کاره‌بایان پێگهشتووهو جاده‌ى قیریان هه‌یه، ئه‌وانه‌ى تاپۆى خۆی هه‌یە سنفى زه‌ویه‌که بگۆرێت له زراعییهوە بۆ سهکهنى و باخ و پاره‌یان لێ وه‌ربگیرێت و ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌ت، ئه‌وانى دیکه‌ش چاره‌سه‌رێک بکرێن که له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و حکومه‌تدا بێت». جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که «ده‌یان به‌رپرسى باڵا که له حکومه‌ت و حزبدان باخیان هه‌یه‌و که‌س ناوێرێت بڵێت به‌رى چاوتان کلى پێوه‌یه با بێن چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه بکه‌ن و کێشه‌که به هه‌ڵواسراوى نه‌هێڵنه‌وه«. ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری ئه‌و باخانه که به هه‌زاران باخ هه‌ژمارى ده‌کات پێویستى به گفتوگۆى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى رێکخراوه ناحکومییه‌کان هه‌یه که خه‌ڵکى شاره‌زا قسه‌ى تێدا بکات و دواتر بکرێته پرۆژه یاسا و بێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بکرێن. جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران له‌لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به وت» چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه‌ى که دروستکراون له‌هه‌رێمى کوردستاندا به‌وه ده‌بێت رێکخراوه ناحکومییه‌کان دیبه‌ت و کۆڕى بۆ بکه‌ن و پرۆژه‌یه‌ک بده‌نه په‌رله‌مان تا بکرێته پرۆژه یاسا و گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ته‌نها له سیته‌ک و مێرگه‌پان باخ نه‌کراوه له بان مه‌قان نزیکى چه‌مچه‌ماڵ زیاتر له‌هه‌زار باخ کراوه‌و له شه‌قڵاوه‌و مه‌سیف و چه‌ندین ناوچه‌ى دیکه باخ کراوه‌و ڤێلاو خانووى تێدا کراوه. جه‌لال محه‌مه‌د جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه دواى پرۆژه یاساکه ده‌کرێت حکومه‌ت چاره‌سه‌رێک دابنێت که له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و حکومه‌تدا بێت و هه‌م ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌ت و ئه‌و باخانه‌ى ده‌توانرێت بگه‌رێندرێته‌وه که زه‌وى له‌وه‌رگا بوون یان سه‌خه‌رى و ناوچه‌ى سه‌وز بوون حکومه‌ت وه‌ریبگرێته‌وه.
هاوڵاتى هێزێکى چه‌کدارى نزیک له پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) که بانگه‌شه‌ى پاراستنى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا دامه‌زرێنراوه، به‌رپرسانى په‌که‌که ده‌ڵێن هێزه‌که سه‌ربه‌خۆیه و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام به‌رپرسێکى سه‌ربازى هه‌رێم هێزه‌که به «هێزى فه‌یسبووک» ناوده‌بات. هه‌فته‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرش و بۆردومانه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه سنورییه‌کانى هه‌رێم و بنارى قه‌ندیل، له میدیاکانى نزیک له په‌که‌که‌وه دروستکردنى هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى باشورى کوردستان راگه‌یه‌نرا. هێزه‌که له‌به‌یاننامه‌ى دامه‌زراندنیدا که له‌لایه‌ن ئاژانسى فورات نیوزى نزیک له په‌که‌که بڵاوکراوه‌ته‌وه ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه، «دروستکردنی هێزەکەیان لەبەرامبەر ئەو بێدەنگییەیە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان هەیانە». هه‌روه‌ها جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه، پێگەی «هێزە داگیرکەرەکان» لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج. به‌پێی دوو گرته‌ى ڤیدیۆیی که ئاژانسه‌که بڵاویکردووه‌ته‌وه، چه‌ند که‌سێک ده‌رده‌که‌ون که جلوبه‌رگى کوردی‌یان له‌به‌ردایه‌و ده‌موچاویان داپۆشراوه و هه‌ریه‌که‌یان چه‌کێکى جۆرى کڵاشینکۆفى پێیه. یه‌کێک له ئه‌ندامانى هێزه‌که رایگه‌یاندووه «ئێمە کەسانێک نین بۆ تێکدانی ئارامی بۆ شێوانی کوردستان دروست بووبین، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەمانەوێت بەخوێنی خۆمان و بەئیرادە و شەڕ و بەرخودانی خۆمان بە شێک بین لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان». ئه‌وه یه‌که‌مجاره هێزێکى چه‌کدارى نزیک له په‌که‌که له هه‌رێمى کوردستان رابگه‌یه‌نرێت که هاوکاته له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که. هێرشه‌کانى تورکیا له‌چوارچێوه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى «چنگ»دایه که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یه‌نرا، به‌ئامانجى کۆنترۆڵکردنى چیا سه‌خته‌کانى خواکوڕک که پێگه‌یه‌کى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌یه‌و ده‌که‌وێته سه‌ر سنورى ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئێران. دیار ده‌نیز ئه‌ندامى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌په‌گه به هاوڵاتى راگه‌یاند، هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى باشورى کوردستان هێزێکى سه‌ربه‌خۆیه و ئامانجى پاراستنى باشور و گه‌لى کوردستانه له‌هێرشه‌کانى تورکیا، به‌تایبه‌ت که ئێستا تورکیا له‌شکرکێشى کردووه بۆ نا خاکى باشور. وتیشى «ئه‌گه‌ر حکومه‌تى عێراق و هێزى باشور به‌رانبه‌ر تورکیا بوه‌ستنایه و هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه، ئه‌و هێزه دروستنه‌ده‌کرا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان هیچ شتێک ناکه‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا ئه‌و هێزه دروستکراوه«. جه‌ختیشیکرده‌وه، ئه‌و هێزه گرێدراوى په‌که‌که نییه‌و ده‌یانه‌وێت خاکى باشور بپارێزن. دروستکردنى ئه‌و هێزه له‌کاتێکدایه، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا و له راگه‌یه‌نراوێکدا جه‌ختیکرده‌وه قبوڵى ناکات له خاکه‌که‌یه‌وه هێرش بکرێته سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، له ئاماژه‌یه‌کى روون‌دا بۆ په‌که‌که که ماوه‌ى چوار ده‌یه‌یه له‌گه‌ڵ تورکیا له‌شه‌ڕێکى خوێناویدایه. حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردبوو، له‌سه‌ر بۆردومانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى تورکیا نیگه‌رانییان گه‌یاندووه‌ته تورکیا. به‌هۆى بۆردومانه‌کانه‌وه له بنارى قه‌ندیل سێ هاوڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا و پێنجى دیکه‌ش برینداربوون. سه‌باره‌ت به راگه‌یه‌نراوه‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێم، دیار ده‌نیز باسى له‌وه‌کرد، په‌که‌که هێزێکى کوردییه و ده‌یه‌وێت خاکى کوردستان بپارێزێت له‌هه‌ر شوێنێک بێت، به‌رانبه‌ر «داگیرکارییه‌کانى» تورکیا. وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا به‌فه‌رمى بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه به‌رانبه‌ر دروستکردنى ئه‌و هێزه چه‌کدارییه‌ى نزیک له په‌که‌که. به‌رپرسێکى سه‌ربازى به هاوڵاتى راگه‌یاند «ئێمه له‌سه‌ر هێزى فه‌یسبووک هیچ قسه‌یه‌ک ناکه‌ین». هاوڵاتى په‌یوه‌ندى به‌چه‌ند به‌رپرسێکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه کرد، به‌ڵام ره‌تیانکرده‌وه هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و هێزه بکه‌ن. به‌پێی یاسا هه‌ر هێزێک له هه‌رێمى کوردستان دروستبکرێت پێویسته له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا بێت، به‌ڵام هێشتا لیواکانى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌که ماونه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌یان. عه‌مید عادل کاکه‌یی شرۆڤه‌کارى سه‌ربازى به هاوڵاتى راگه‌یاند، له‌رووى یاساییه‌وه هیچ هێزێکى سه‌ربازى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه نابێت بوونى هه‌بێت، هه‌موو هێزه‌کان ده‌بێت له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تدا بێت. وتیشى «دروستکردنى ئه‌و هێزه ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه بێت نایاساییه، چونکه په‌که‌که گۆڕه‌پانى کارکردنى له باکورى کوردستانه و حزبێکى رێگه‌پێدراونییه له‌هه‌رێم تا بتوانێت کاربکات و گروپى چه‌کدارى دروستبکات».
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ئازاد که‌ریم، ناسراو به ئازاده ڕه‌ش، له‌ساڵى1965 له دایک بووه و خه‌ڵکى گوندى شێخ هۆمه‌رى سه‌ر به ناحیه‌ى عه‌ربه‌ته، باوکى کوڕ و کچێکه، ساڵانێکى زۆر پێشمه‌رگایه‌تى کردووه و یه‌که‌م که‌س بووه په‌یامى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى راگه‌یاندووه، ئیستا وه‌ک پیشمه‌رگه‌ى دیرین خانه‌نشینه، زیاتر له بیست به‌رهه‌مى گۆرانى و ده‌یان به‌رنامه‌ى ته‌له‌فزیۆنى تۆمارکراوى هه‌یه که هه‌ریه‌که‌ى چه‌ندین گۆرانى له‌خۆ ده‌گرێت. هاوڵاتی: نازناوى ئازاده ڕه‌ش له چییه‌وه هاتووه؟ ئایا پێت ناخۆش نیه؟ ئازاد که‌ریم: له یه‌که‌م چرکه ساتى له دایک بوونم ئافره‌تێکى گونده‌که‌ى خۆمان وتبووى دڵتان به چى خۆشه منداڵتان بووه شتێکى ڕه‌شى ناشیرینه ئیتر ره‌شه بوو به نازناوم ئێستاش خه‌ڵکى گونده‌که‌و خزمه‌کانم هه‌ر به ڕه‌شه ناوم دێنن خه‌ڵکى دیکه به ئازاده ڕه‌ش ناوم دێنن، هه‌رگیز پێم ناخۆش نه‌بووه به پێچه‌وانه‌وه زۆرم پێ خۆشه. هاوڵاتی: یه‌که‌م جار که‌ى ده‌ستت به گۆرانى وتن کرد؟ ئازاد که‌ریم: له منداڵیه‌وه حه‌زم له وتنى گۆرانى بووه به‌رده‌وام گۆرانیم وتووه به‌ڵام وه‌ک تۆمارکردن ساڵى ١٩٩٢ یه‌که‌م به‌رهه‌مم تۆمار کرد به‌ناوى (شه‌ماڵ بیشه‌نێ) له‌گه‌ڵ تیپى شنروێ ئاوازى ئازاد ساڵح بوو. هونه‌رمه‌ندان له‌کوردستان ناتوانن سه‌ربه‌خۆ بن چونکه کار‌و مووچه‌و ژیانیان به‌ستراوه بهدهزگاکان و ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌م هه‌رێمه‌وه هاوڵاتی: کام به‌رهه‌مه‌ى خۆتت زیاتر خۆشه‌ده‌وێت و هه‌ست ده‌که‌ى به دڵى خۆت بووه؟ ئازاد که‌ریم: هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان وه‌ک یه‌کن لاى خۆم لاى خه‌ڵک جیاوازیان هه‌یه به‌پێى حه‌زو ویستى خه‌ڵک خۆی، من ته‌نها هه‌ندێکیان وه‌ک شێوازى تۆمار کردن تێبینى بچوکم له‌سه‌ریان هه‌یه له‌و سه‌رده‌مه‌ش هیچ رێگاى دیکه نه‌بوه وه‌ک ئێستا به‌یه‌ک جار تۆمار ده‌کران. هاوڵاتی: هیچ کام له به‌رهه‌مه‌کانت ئاماژه به ده‌ربرینى ناخى خۆت ده‌کات ؟ ئازاد که‌ریم: هه‌موو ئه‌وانه‌ى که هۆنراوه‌ى خۆمن سه‌د له‌سه‌د په‌یوه‌ندى به ژیانى خۆم و کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه. هاوڵاتی: تا چه‌ند به گرنگى ده‌زانى یاخود مه‌رجه هونه‌رمه‌ند خۆى هۆنراوه نوس و ئاواز دانه‌رى گۆرانییه‌کانى خۆی بێت؟ ئازاد که‌ریم: ئه‌گه‌ر ته‌نها گۆرانى بڵێى شتێکى ئاسایى یه و هه‌ر ده‌بێ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیر بى و مۆسیقى و ئاواز دانه‌ر بیت ئه‌وه به‌هره‌که گه‌وره‌تره‌و زۆر باشتره. هاوڵاتی: بۆچى به‌شێکى که‌مى گۆرانییه‌کانت تا ئێستا کلیپ کراون ؟ ئازاد که‌ریم: خۆم زۆر که‌یفم به کلیپ نه‌بووه ته‌نها ده‌نگ تۆمار کردن لاى من مه‌به‌ست بووه ئێستاش حه‌زم له کلیپ نیه هه‌موو ئه‌و کلیپانهش که کراون به هه‌وڵى تیپه‌کان یان مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغى و دۆسته‌کانم له که‌ناڵه‌کان کردویانه. هاوڵاتی: خۆت دایمه که‌سێکى ونیت و که‌متر ده‌رده‌که‌ویت بۆچى؟ ئازاد که‌ریم: پێم خۆشه جار جار ون ببم که‌س پێویستى به ده‌رکه‌وتنى ئێمه نه‌بووه جار جار به زۆر ده‌رم ده‌خه‌ن ده‌ترسم خه‌ڵکى پێیان خۆش نه‌بێت زوو زوو بمبینن. هاوڵاتی: وه‌ک پێویست گۆرانییه‌کانت له کهناڵەکانى ڕا گه‌یاندنه‌وه ده‌رناکه‌وێت بۆچى؟ تا چه‌ند له گهناڵه کانى ڕاگه‌یاندن رازین؟ ئازاد که‌ریم: من سوپاسى هه‌موو که‌ناڵه‌کان ده‌که‌م هه‌رگیز منیان فه‌رامۆش نه‌کردووه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ک هونه‌رمه‌نده دیاره‌کان کاریان بۆ منیش کردووه به‌لام چه‌ند ساڵێک به‌هۆى تێکه‌ڵ بوونم به ململانێ سیاسیه‌کان به‌رهه‌مه‌کانم ڕاگیران ئه‌ویش هه‌قى خۆیان بوو چونکه که‌ناڵه‌کان حزبى بوون و به‌ڕه‌سمى فه‌رمانیان بۆ چوبوو ئێستاش نیزامى په‌خش و ئامێره‌کان گۆڕاون و به ئێچ دى په‌خش ده‌کرێن بۆیه به‌رهه‌مه‌کانى من له ئێستادا نابینرێن به ڤى ئێچ ئێس کراون و به‌سه‌ر چوون، هه‌ندێ که‌ناڵ په‌یدا بوون ده‌رگایان خستۆته سه‌ر پشت به‌جۆرێک على حسن مجید چى له کوردستان کرد ئه‌وانیش هه‌مان شتیان به‌رامبه‌ر هونه‌رى کوردى کردووه دۆخێکى وه‌هایان خولقاندووه جیلى ئێستا نازانن هونه‌رمه‌ند کامه‌یه‌و هونه‌رى ڕاسته‌قینه‌ش کامه‌یه. هاوڵاتی: گۆرانییه‌کانى تۆ زیاتر بۆن و بهرامى ژیانى لادێ و کورده‌وارى هه‌یه تا چه‌ند به گرنگى ده‌زانیت هونه‌رمه‌ند کلتور و ڕه‌سه‌نایه‌تى بپارێزێت؟ ئازاد که‌ریم: ته‌بیعه‌تى ژیانى خۆم وابووه ئێستاش نیوه‌ى کاته‌کانم به سه‌ردان بۆ ده‌شت و لادێکان ته‌رخان ده‌که‌م پێم خۆش بووه به‌و جۆره کارى هونه‌رى بکه‌م هه‌م ڕه‌سه‌نایه‌تى پێوه دیاره هه‌م پڕاو پڕى خۆزگه‌ى خۆمه. هاوڵاتی: تائێستا له ژیانى خۆتدا له چى په‌شیمان و له چى نیگه‌رانى ؟ ئازاد که‌ریم: ئه‌گه‌ر بڵێم له هیچ په‌شیمان نیم بڕوام پێ بکه‌ن چونکه کاره باشه‌کانم بوونه‌ته جێگه‌ى شانازى بۆ خۆشم و بۆ خه‌ڵکیش خراپه‌کانیش وانه‌م لێ وه‌رگرتوون بۆ ناسین و دۆزینه‌وه‌ى شته باشه‌کان. هاوڵاتی: په‌شیمان نیت له‌و ئاواز‌و سرودانهى بۆ لایه‌نێکى سیاسى له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا وتووته؟ ئازاد که‌ریم: نه‌ک هه‌ر ئاواز‌و سروود به‌ڵکو تێڕوانین و فکرى من بۆ گۆڕانکارى و چاکسازى زۆر فراوان و هه‌مه لایه‌نه بووه له سه‌رده‌مى شاخیش جیاواز بیرم ده‌کرده‌وه‌و جێگه‌ى تێڕامانى هه‌ڤاڵه‌کانم و به‌رپرسه گه‌وره‌کانیش بووه یه‌کێک له‌وانه که زۆربه‌ى جوڵه‌کان و تێڕوانینى منى په‌سه‌ند بووه کاک نه‌وشیروان مسته‌فا بوو له زۆر جێگه‌ش باسى ئه‌و ڕاستیه‌ى کردووه به نمونه ڕاپه‌ڕینى شارى سلێمانى یان دروست کردنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له ساڵى ٢٠٠٧ من به‌ناوى گۆڕانه‌وه بانگه‌وازم ده‌ست پێ کرد‌و کارم له‌سه‌رکرد، واته دووساڵ پێش هه‌ڤاڵانى ڕیفۆرم خواز من به ناوى گۆڕانه‌وه ده‌ستم پێ کرد. به‌ڵام زۆر نیگه‌ران و بێزارم به ڕاده‌یه‌ک بڕوام به هیچ سیاسیه‌ک و حکومڕانێکى کوردستان نه‌ماوه، هه‌ر که‌سێک به نمایشى ئه‌سحابه هاته پێشه‌وه چووه پله‌و پۆست له‌و سه‌ره‌وه وه‌ک به‌چکه فرعه‌ون هاتنه ده‌ره‌وه بۆیه زۆر بێ هیوام ئێستا به‌وپه‌ڕى باوه‌ڕمه‌وه چاوه‌ڕوانى هاتنى محمدى مه‌هدى ده‌که‌م و خۆم به شوێن که‌وته‌ى ئه‌و ده‌زانم هه‌موو ژیانم بۆ خۆشه‌ویستى و مرۆڤایه‌تى و سروشت و خه‌ڵک و خاک ته‌رخان کردووه نه‌ک پاره‌و ماڵ، ئه‌گه‌ر محمدى مه‌هدی ش هات خوا بکات ئه‌ویش پێش بانگه‌وازى دادپه‌روه‌رى و یه‌کسانى نه‌چێته باره‌گا حزبیه‌کان و ده‌زگاکانى ئه‌م هه‌رێمه و خوى ئه‌وان وه‌رنه‌گرێ. هاوڵاتی: بهکهسێکى توند داده‌نرێیت به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لات ئایا ئه‌کرێت هونه‌رمه‌ند لایه‌ندارى بکات یان موڵکى هه‌موو لایه‌ن و کۆمه‌ڵگا بێت؟ ئازاد که‌ریم: من له چوارده ساڵیه‌وه پێشمه‌رگه بووم زیندانى سیاسى بووم له سێداره گه‌ڕاومه‌ته‌وه ڕۆح و ژیانم خستبووه پێناوى ئازادى و عه‌داله‌ت و مافى خه‌ڵک له‌هه‌ر کات و شوێنێک پێویست بکات ده‌بێ بجه‌نگین بۆ ئه‌و باوه‌ڕو دروشمانه‌ى خه‌باتى شاخ و شارمان بۆ کردووه و خوێنمان بۆى ڕژاوه‌و سه‌دان هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رمان شه‌هید بوون و گیانیان به‌خشى به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێک بێت پێویسته هه‌مان هه‌ڵوێستى شاخ و ڕابردوومان هه‌بێت. هاوڵاتی: رۆڵى هونه‌رمه‌ندان له پرسه نیشتیمانى و به‌رگریکردن له ماف و هه‌ژاران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنى؟ ئازاد که‌ریم: هونه‌رمه‌ندان له کوردستان ناتوانن سه‌ربه‌خۆ بن چونکه کار‌و مووچه و ژیانیان به‌ستراوه به ده‌زگاکان و ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌م هه‌رێمه‌وه بۆیه زۆر زه‌حمه‌ته هونه‌رمه‌ند به زه‌قى بکه‌وێته ململانێى ده‌سه‌ڵات چونکه هه‌موو ده‌رگاکانى لێ داده‌خرێت و ده‌بێته نه‌هامه‌تى بۆ خۆیى و ماڵ و منداڵه‌کانى. هاوڵاتی: به‌گشتى ده‌بینیت هونه‌رمه‌ندان له به‌رگریکردن له دۆخى ژیانى خه‌ڵک بێده‌نگن پێتوایه ئه‌و بێده‌نگییه بۆچییه؟ ئازاد که‌ریم: هۆکاره‌که‌ى ترسه له گۆشه گیرکردنیان له‌لایه‌ن حکومڕانهکانهوه ده‌یانه‌وێ وه‌ک خه‌مخۆرى بێ ده‌نگ و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌ربکه‌ون له‌وه زیاتر هیچ چاره‌یه‌ک شک نابه‌ن بۆیه بێ ده‌نگن ئێمه بۆیه که‌مێک جیاوازین به‌ر له‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند بین جه‌نگاوه‌رى دیار بووین بۆیه پێمان کراوه. هاوڵاتی: بیرت له‌وه نه‌کردوه‌ته‌وه یاده‌وه‌رییه‌کانت بنوسیته‌وه؟ ئازاد که‌ریم: هه‌رگیز بیرم لێ نه‌کردۆته‌وه چونکه مشته‌رى نیه خه‌ڵک باوه‌ڕى به‌هیچ نه‌ماوه به‌ڵام جار جار به‌پێى مناسه‌به شتێک ده‌نوسم و ده‌ڕوات. هاوڵاتی: ماوه‌یه‌کى زۆر دابڕاوى هۆکارى ئه‌و دابڕانه چییه؟ ئازاد که‌ریم: به‌هۆى ململانێى سیاسیه‌وه بوو ئێستا باوه‌ڕم به‌هیچ سیاسیه‌ک نه‌ماوه ده‌مه‌وێ زیاتر خه‌ریکى کارى هونه‌رى و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانم بم. هاوڵاتی: ئێستا چى به‌رهه‌مێکى تازه‌ت هه‌یه؟ ئازاد که‌ریم: سێ به‌رهه‌مم ئاماده‌یه ماوه‌یه‌کى زۆره له‌ڕێگه‌ى کاک جه‌مالى ده‌لاک و نوسینگه‌ى وه‌زیرى ڕ‌ۆشنبیرى داواى هاوکارى و پشتگیریم له وه‌زیر کردووه بۆ یه‌که‌م جاریشمه ئه‌ویش ده‌نگى نه‌بوو تا ئه‌و سێ به‌رهه‌مه تۆمار بکه‌م له‌گه‌ڵ برایانم له گروپى مۆزیکى لوڕ.
دیارى ئەبوبەکر له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا له نه‌خۆشخانه‌ی (شار)ی سلێمانی حاڵه‌تێکی مه‌ترسی تۆمارکرا، که یه‌کێک له نه‌خۆشه‌کان ئه‌و به‌کتریایه‌ی که تووشی بووه به‌رگری بۆ زیاد له 15 دژه‌به‌کتریای به‌هێز درووستکردووه. دژه‌به‌کتریاکان دەرمانن بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگرتن و چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریایی، بەڵام ساڵانە ئەم بەکتریایانە بەرگری پەیدا دەکەن بەرامبەر دەرمانەکان و لەناو ناچن. بەرگری دژه‌به‌کتریا یەکێکە لە گەورەترین مەترسیەکان بۆ سەر تەندروستی جیهانی، بەرگری دژه‌به‌کتریا دەبێتە هۆی مانەوەی زیاتر لە نەخۆشخانە، تێچوونی زیاتر بۆ تەندروستی و بەرزبوونەوەی رێژەی مردن. بەرگری دژەبهکتریا خێراتر دەبێت لەڕێگای هەڵە بەکارهێنان و زێدە بەکارهێنانی دژه‌به‌کتریا. بەرگری دژه‌به‌کتریا زانیارییە گرنگەکان •بەرگری دژه‌به‌کتریا یەکێکە لە گەورەترین مەترسیەکان بۆ سەر تەندروستی جیهانی، ئاسایشی خۆراک و گەشەسەندن لەمڕۆدا. •دەکرێت بەرگری دژه‌به‌کتریا کار لە هەر کەسێک بکات، لەهەر تەمەنێک، لەهەر وڵاتێک. •بەرگری دژه‌به‌کتریا بە شێوەیەکی سروشتی ڕوودەدات، بەڵام بەهەڵە بەکارهێنانی دژه‌به‌کتریاکان لە مرۆڤ و ئاژەڵدا کردەکە خێراتر دەکات •ژمارەیەکی گەشە سەندوو لە هەوکردنه به‌کتریاییه‌کانی- وەکو(pneumonia, tuberculosis, gonorrhoea) لەگەڵ (salmonellosis)- چارەسەریان زەحمەتتر دەبێت هەرچەندە کاریگەری ئەو دژهبهکتریایانە کەم دەبێتەوە کە بۆ چارەسەر کردنیان بەکار دەهێنرێت. •بەرگری دژه‌به‌کتریا دەبێتە هۆی مانەوەی زیاتر لە نەخۆشخانە، تێچوی زیاتر بۆ تەندروستی و بەرزبوونەوەی رێژەی مردن پێشەکی دژه‌به‌کتریاکان یان دژه‌به‌کتریاکان (antibiotic) دەرمانن بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگرتن و چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریایی. بەرگری دژه‌به‌کتریا روودەدات کاتێک بەکتریا سیسته‌می به‌رگری خۆی دەگۆڕێت وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە. بەکتریا بەرگری بۆ دژه‌به‌کتریا پەیدادەکەن کاتێک بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ڕووبه‌ڕووی دژه‌به‌کتریایه‌کی تایبه‌ت ده‌بنه‌وه. ئەو بەکتریایانە لەوانەیە مرۆڤ و ئاژەڵ تووشبکەن ، ئەو هەوکردنانەی کە ئەوان دەبنە هۆی زەحمەتتر چارەسەر دەکرێن لەوانەی کە بەهۆی ئەو بەکتریایانە کە هێشتا بەرگری دژه‌به‌کتریایان پەیدا نه‌کردووه. بەرگری دژه‌به‌کتریا دەبێتە هۆی مانەوەی زیاتر لە نەخۆشخانە، تێچوی زیاتر بۆ تەندروستی و بەرزبوونەوەی رێژەی مردن. پێویستە جیهان بەخێرایی ئەو شێوەیە بگۆڕێت کە لەڕێیەوە دژه‌به‌کتریا ڕادەسپێرێت یان بەکاری دەهێنێت. تەنانەت ئەگەر دەرمانی نوێش پێبگەیەنرێت، بەبێ گۆڕانی چۆنێتی به‌کارهێنانی ده‌رمانه‌کان، بەرگری دژه‌به‌کتریا وەکو مەترسییەکی گەورە دەمێنێتەوە. پێویسته شێوازی خۆپاراستنمان له هه‌وکردن ته‌نها به به‌کارهێنانی ده‌رمانه دژه‌به‌کتریاکان نه‌بێت، به‌ڵکو ده‌بێت شێوازی خۆپاراستنمان بۆ کەم بوونەوەی بڵاوبوونەوەی هەوکردن لەڕێگای کوتان، دەست شۆردن، ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسی سەلامەت، لەگەڵ پاکوخاوێنیەکی باشتر بۆ خواردن بگرێتەوە. مەودای گرفتەکە بەرگری دژه‌به‌کتریا خه‌ریکه بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار لە هەموو بەشەکانی جیهان. میکانیزمی نوێ بۆ بەرگریکردن له لایه‌ن به‌کتریاکانه‌وه دژ به ده‌رمانه‌کان دەردەکەون و بڵاودەبنەوە لە سەرتاسەری جیهان، هەڕەشە لە توانای ئێمە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیە هەوکردنییە باوەکان. لیستێکی گەشەسەندوو لە هەوکردنەکان- وەکو pneumonia, tuberculosis, ژەهراوی بوونی خوێن، gonorrhoea، لەگەڵ -foodborne diseases خه‌ریکه زەحمەتتر دەبن چاره‌سه‌ر بکرێن، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا له نه‌خۆشخانه‌ی (شار)ی سلێمانی حاڵه‌تێکی مه‌ترسی تۆمارکرا، که یه‌کێک له نه‌خۆشه‌کان ئه‌و به‌کتریایه‌ی که تووشی بووه به‌رگری بۆ زیاد له 15 دژه‌به‌کتریای به‌هێز درووستکردووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆر مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه و زۆر به‌رکه‌وتن به به‌کتریاکانی نێو نه‌خۆشخانه‌که و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر به‌کارهێنانی دژه‌به‌کتریا ده‌گه‌ڕێته‌وه. لەو شوێنانەی کە دژه‌به‌کتریاکان دەتوانرێ بکڕدرێ بۆ بەکارهێنانی بۆ مرۆڤ یان ئاژەڵ بەبێ ڕاسپاردنی دکتۆر، سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی بەرگری دژهبهکتریاهکان خراپتر دەبێت، بەهەمان شێوە، لەو ووڵاتانەی کە ڕێوشوێنی چارەسەرکردنی ستانداردیان نییە، زۆرجار دژه‌به‌کتریاکان بەشێوەیەکی زیاد ڕادەسپێردرێن لەلایەن کارمەندانی تەندروستی و دکتۆرانی ئاژەڵەوە هەروەها بە زیادەڕۆیی بەکاردەهێنرێن لەلایەن خەڵکی. بەبێ کردەی خیرا، ئێمە بەرەو سەردەمی دوای نەمانی دژه‌به‌کتریا دەڕۆین، کە هەوکردنە باوەکان و برینداربوونە سووکەکان دەتوانن جارێکی تر ببن به مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانمان. ڕێگەگرتن و کۆنتڕۆڵکردن بەرگری دژەبهکتریا خێراتر دەبێت لەڕێگای هەڵە بەکارهێنان و زێدە بەکارهێنانی دژه‌به‌کتریا. هەروەها لاوازی ڕێگری‌کردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکان، هەنگاوەکان دەتوانرێ بگیرێنەبەر لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ئه‌م کاره‌ساته. تاکەکان بۆ ڕێگەگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی بەرگری دژه‌به‌کتریا، تاکەکان دەتوانن: •تەنها ئەوکاتانە دژه‌به‌کتریا بەکاربهێنن کە ڕاسپێردرابێت لەلایەن پیشەگەری تەندرووستی باوەڕپێکراو. •هەرگیز داوای دژه‌به‌کتریا مەکە ئەگەر کارمەندی تەندرووستیت بڵێت تۆ پێویستت پێی نییە. •هەردەم بەدوای ڕێنمایی کارمەندی تەندرووستیت بکەوە لە کاتی بەکارهێنانی دژهبهکتریادا. •هەرگیز دژه‌به‌کتریا به‌سه‌رچووه‌کان بەکار مەهێنە و بەشداری پێ مەکە. •ڕێگە لە هەوکردنەکان و نه‌خۆشییه گواستراوه‌کان بگرە بە شۆردنی دەستەکانت بەبەردەوامی، ئامادەکردنی خواردن بەپاکوخاوێنی. دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن لەگەل کەسانی نەخۆش، ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسی سەلامەتتر، کووتاوەکان بە نوێیی بهێڵهرهوە. •خواردن ئامادەبکە بە پاک‌وخاوێنی، لەڕێگای شوێنکەوتنی پێنج ڕینماییەکەی WHO بۆ خۆراکێکی سەلامەت تر(بەپاکی بمێنەوە، خواردنی خاو و کووڵاو جیابکەوە، بەتەواوی بیکوڵێنە، خواردن لە پلەی گەرمی سەلامەت بهێڵەوە، ئاوی سەلامەتتر بەکاربهێنە لەگەڵ کەرەستەی پڕۆسێس نەکراو). پیشەگەری تەندرووستی بۆ ڕێگرتن و کۆنتڕۆلکردنی بڵاوبوونەوەی بەرگری دژه‌به‌کتریا، پیشەگەرانی تەندرووستی دەتوانن: •ڕیگری بکەن لە هەوکردنەکان بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەستەکان و کەلوپەلەکان و ژینگەکەت خاوێنن. •پێدان و ڕاسپاردنی دژه‌به‌کتریا تەنها لەوکاتانەی کە پێویستن، بەگوێرەی ڕێوشوێنەکانی ئێستا. •ڕاگەیاندنی هەوکردنەکانی بەرگری دژه‌به‌کتریا بۆ تیمەکانی چاودێری. •قسە لەگەڵ نەخۆشەکانت بکە دەربارەی چۆنیەتی وەرگرتنی دژه‌به‌کتریا بە شێوەیەکی درووست. •قسە لەگەڵ نەخۆشەکانت بکە دەربارەی ڕێگرتن لە هەوکردنەکان( بۆ نموونە، کووتان، دەست شۆردن، پەیوەندی سێکسی سەلامەتتر، لەگەڵ داپۆشینی لووت و دەم لەکاتی پژمین). کەرتی کشتوکاڵ بۆ ڕیگریکردن و کۆنتڕۆلکردنی بڵاوبوونەوەی بەرگری دژه‌به‌کتریا، کەرتی کشتوکاڵی دەتوانێ: •دژه‌به‌کتریا بدرێ بە ئاژەڵ تەنها لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتیرنەری •دژه‌به‌کتریا بەکار نەهێنن بۆ زیادکردنی گەشە یان بۆ ڕیگرتن لە نەخۆشی لە ئاژەڵی تەندرووست •ئاژەڵەکان بکوتن بۆ کەمکردنەوە پێویستی بە دژه‌به‌کتریا و جێگرەوە بۆ دژه‌به‌کتریا بەکاربهێنن لەوکاتەی کە بەردەستە •بەرەو پێشبردن و جێبەجێکردنی کردەوەی باش لە هەموو هەنگاوەکانی بەرهەمهێنان و دەستکاری کردنی خۆراک لە سەرچاوە ئاژەڵی و رووەکیەکان دواترین پێشکەوتنەکان لەکاتێکدا کە هەندێک دژه‌به‌کتریا لە پەرەپێداندان، هیچیان پێشبینی ئەوەیان بۆناکرێ کە کاریگەربن بەرامبەر مەترسیدارترین ئه‌و بەکتریایانهی بەرگری دژه‌به‌کتریایان بۆ درووست بووه. لەگەڵ ئاسانی و بەردەوامی گەشتکردنی خەڵکی لە ئێستادا، بەرگری دژه‌به‌کتریا کێشەیەکی جیهانییە، پێویستی بەهەوڵی هەموو نەتەوەیەک و سێکتەری زۆرە. کاریگەری کاتێک چیدی نەتوانرێ هەوکردنەکان لەڕێگای دژه‌به‌کتریا یەکەمییەکانەوە چارەسەر بکرێ، پێویست دەکات دەرمانی گرانبەهاتر بەکاربهێنرێت، ماوەیەکی درێژتر لە نەخۆشی و چارەسەر، بەزۆری لە نەخۆشخانەکان، نرخی چاودێری تەندرووستی بەرزدەکاتەوە، هەروەها دەبێتە بارگرانی ئابووری لەسەر خێزانەکان و کۆمەڵگا. بەرگری دژه‌به‌کتریا بەدەستهاتەکانی دەرمانی سەردەمیانە دەخاتە مەترسییەوە. گواستنەوەی ئەندامەکان، چارەسەری کیمیایی و نەشتەرگەرییەکان وەکو لەدایکبوون لەڕێی نەشتەرگەری سکەوە مەترسیدارتر دەبن بەبێ دژه‌به‌کتریای کاریگەر بۆ ڕێگەگرتن و چارەسەرکردنی هەوکردنەکان. وەڵامی WHO چارەسەرکردنی بەرگری دژه‌به‌کتریا کارێکی لەپێشینەیە بۆ WHO. پلانێکی کردەیی بۆ بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەکان، کەبەرگری دژه‌به‌کتریا دەگرێتەوە، پەسەندکرا لە ئەنجومەنی تەندرووستی جیهانی لەمانگی پێنجی ٢٠١٥. پلانە کردەییە جیهانییەکە ئامانجی دڵنیابوونە لە ڕێگرییکردن و چارەسەرکردنی هەوکردنە نەخۆشییەکان لەڕێگای دەرمانی سەلامەت و کاریگەر «پلانە کردەییە جیهانیەکەی بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان» پێنج ئامانجی ستراتیژی هەیە •بەرەو پێشبردنی هۆشیاری و تێگەیشتن لە بەرگرییە دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان. •بەهێزکردنی چاودێری و لێکۆڵینەوە. •کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بەهەوکردن. •چاککردنی بەکارهینانی دەرمانی دژه‌به‌کتریاکان. •دڵنیابوون لەبەردەوامی وەبەرهێنانى ده‌رمانی نوێ لە وەڵامدانەوەی بەرگری دژه‌به‌کتریا. ڕاگەیاندراوێکی سیاسی پەسەندکرا لەلایەن سەرکردەی ویلایەتەکان لەئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانگی نۆی ٢٠١٦ ئاماژەی بەپابەندبوونی جیهان کرد بۆگرتنەبەری نزیکبوونەوەیەکی فراوان و کۆنتڕۆڵکراو بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری بنەڕەتی بەرگری دژه‌به‌کتریا. WHO پشتگیری ویلایەتە ئەندامەکان دەکات بۆ پەرەپێدانی پلانێکی کردەیی نەتەوەیی لەسەر بەرگری دژه‌به‌کتریا، WHO پێشەنگی کردووە لەچەندەها دەستپێشخەری بۆ دەستنیشانکردنی بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان: هەفتەی هۆشداری دژه‌به‌کتریا جیهانی ئەنجامدەدرێ هەموو مانگی یازدەیەک لەساڵی ٢٠١٥ەوە لەگەڵ بابەتی سەرەکی «دژه‌به‌کتریا: بەئاگاییەوە بە کاری بێنە»، هەڵمەتی جیهانی فرە ساڵی قەبارەی چاڵاکییەکانی فراوان کردووە لەماوەی هەفتەیەک لەهەڵمەتەکە. سیستەمی جیهانی چاودێری بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان (GLASS) سیستەمی پاڵپشتیکراوی WHO پشتگیری لێک نزیکبوونەوەیەکی بەستانداردکراو دەکات بۆ کۆکردنەوە و، شیکردنەوە و بەشداری پێکردنی زانیاری پەیوەست بە بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان لەسەر ئاستێکی جیهانی بۆ ئاگادار کردنەوەی بڕیاردان، ئاڕاستە کردنی کردەی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی و هەرێمی. لێکۆڵینەوەو پەرەپێدانی هاوبەشی جیهانی بۆ دژه‌به‌کتریا (GARDP) جومگەی دەستپێشخەریی WHO و دەرمان بۆ دەسپێشخەری نەخۆشی فەرامۆشکراو(DNDi), GARDP لێکۆڵینەوەو پەرەپێدان هان دەدات لەڕێگای هاوبەشیکردنی گشتی و تایبەتی. لە ٢٠٢٣ هاوبەشییەکە ئامانجی گەیاندن و پەرەپێدانی تاوەکو چوار چارەسەرهەیە، لەڕێگای باشترکردنی ئەو دژە زیندەیانەی کە لە ئێستادا هەیە لەگەڵ خێراترکردنی تۆمارکردنی دەرمانی دژه‌به‌کتریای نوێ گرووپی هەماهەنگی نێوان ئاژانسەکان لەسەر بەرگری دژه‌به‌کتریا وردیلەییەکان (IACG) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (IACG)ی دامەزراند بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی لەنێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەروەها بۆ دڵنیابوون لەکاریگەری ئەو کردە جیهانییە کە لە دژی ئەو مەترسییە لەسەر ئاسایشی تەندرووستی. (IACG) هاوسەرۆکی دەکرێت لەلایەن جێگری سکرتێری گشتی UN و ڕێکخەری گشتی WHO هەروەها لە نوێنەرانی پەیوەندیدار لە ئاستی باڵای ئاژانسەکانی UN لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ڕیکخراوی نیودەوڵەتی تر و تاکی پسپۆر لەناو سێکتەرە جیاوازەکان. ئه‌وه‌ی پێویسته له کۆتاییدا بیزانین ئه‌وه‌یه که له داهاتوویه‌کی نزیکدا جیهان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره ده‌بێته‌وه، مه‌ترسییه‌ک که واده‌کات مرۆڤه‌کان بکه‌ونه ژێر ڕه‌حمی به‌کتریا بچووکه‌کانه‌وه. گه‌ر به‌رده‌وامبین له‌سه‌ر ئه‌م به هه‌ڵه بهکارهێنانهمان بۆ ده‌رمانه دژهبهکرتیاییهکان، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی مه‌ترسییه‌کی کوشندهبین بۆ وه‌چه‌کانی داهاتوو.
لە ئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی ژان بودریار، لەم چاوپێکەوتنەدا باس لەوە دەکات لە ئەمریکا، ئەوەی کە گرنگە کردارە، ئیدی گرنگ نیە کە بیرۆکەی کار و کردارەکە باشە یا خراپ. هەروەها دەڵێت هێشتا ئەمریکا زۆر لە ئەوروپا زیندووترە. -لەدوا کتێبتدا بە ناونیشانی (ئەمریکا)، نووسیووتە: (لە ناکاو بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەو بابەت و تێمایانەی لە کتێبەکانی پێشوومدا بەردەوام پەردەم لەسەر هەڵماڵیون، زۆر کۆنکرێتی هاتنەوە بەرچاوم)، پرسیار دەربارەی لەدەستدان، ون‌کردن و بزرکردنی واقیع، بایەخ و گرنگیی وێنە و بوونی بە تێمای سەرەکی و پلە یەک، نەرێنیبوونی کۆگەل / نێگەتڤبوونی جەماوەر، ئەمە جگە لە باسکردنی ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا شتێک نیە بە ناوی ئومێدەوە. پرسیارەکە بۆ من ئەوەیە کە داخۆ ئەو شتەی ئومێد بە تۆ دەبەخشێت چیە؟ بودریار: من پێشتریش وتوومە کە ئومێد شتێکی گرنگ و پێویست نیە، ئەمە جگە لەوەی کە هەر خۆیشمان لە سەردەم و قۆناغێکدا دەژین کە خودی ئومێد بیرۆکەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا نیە. دیارە بێ‌ئاگا نیم لەوەی کە لە ئەمریکادا یۆتۆپیاکان زۆر چالاکن، جا بزووتنەوەی سەوز بێت، فێمێنیزم بێت یان ئەو بزاوتانەی تر کە گوایە ئومێدبەخشن و خواستیانە ببنە بزاوتی شۆڕشگێڕانە. بەڵام لە ڕاستی کردەگییانە و ڕاستەقینەی (زێدە-واقیعییانە)[1]ی ئەمریکیدا، ئەم بزووتنەوانە لە گەمەی بڵاوکردنەوە و ریکلامکردن زیاتر نین. لەوانەیە بەشێک نەبن لە دەسەڵاتی فەرمی، بەڵام هەرگیز ڕۆڵێکی سەرەکی لەو پڕۆسەی بانگەشە قەبە و زلەدا دەگێڕن کە ناوی ئەمریکایە. ناڵێم بێبەرین لەوە یان دەستیان تێیدا نیە، بەڵام هەڵوێستێکی زۆر ڕووکەشانەیشیان هەیە بەرامبەری. ئەوان بەردەوام دەبن لە گۆڕان، بزووتنەوە سەرهەڵدەدەن و بزاوت دیارنامێنن و بزر دەبن، لێ لەبەرئەوە نا کە ئایدیاکان باشن یا خراپ، بەڵکو وەک بەڵگەیەک بۆ زیندووبوون، زیندووبوونی ماتەریاڵانەی ئەو واقیعە ئەمریکیەی کە لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە. ئا لێرەوەیە کە من پێم وایە کە ناکرێت بە زاراوە سیاسیەکان ئەو چەشنە کێشانە باسبکرێن. من خۆم باوەڕم بە بزووتنەوەی ژینگەدۆستی نیە، بەس ژینگە دەپارێزم. مەرج نیە مرۆڤ بۆئەوەی ژینگە بپارێزێت، ناچاربێت کە باوەڕی بە پاراستنی ژینگە هەبێت، دواییش بڵێت حەزدەکەم ژینگە بپارێزم. لە ئەمریکا، ئەوەی کە گرنگە کردارە، ئیدی گرنگ نیە کە بیرۆکەی کار و کردارەکە باشە یا خراپ. وەک نمونەیەک بۆ گۆڕاندن و ئاڵوگۆڕی وزە، هێشتا هەر ئەمریکا زۆر لە ئەوروپا زیندووترە. - لە کتێبی (ئەمریکا) دا وا باسی کولتوری ئەمریکا دەکەیت کە زۆر بازاڕییە، بەڵام زۆر ئاسان و سادەیشە، کولتورێکە کە ڕۆشنبیرەکانی ناتوانن شیکارییبکەن. ئایا ئەم قسەیە بەو مانایە نایەت کە جۆرێک لە نۆستالژیت هەیە بۆ کولتوری ئەوروپی، بەتایبەتی کولتووری ئەکادیمی؟ بودریار: بەڵێ، هەڵوێستی ئەوروپی زۆر ئاڵۆزە. نمونەی ئەوروپی وا سەیری کولتوری ئەمریکی دەکات کە ڕووکەشیە، هەر بۆیەیشە کە ڕووکەشانە شیکاری دەکات، وەک ئەوەی کە بەتەنها کو‌لتوور یان کولتووری نا-ئەمریکی ڕەسەن بێت. دیارە ئەمە تەنها لە کەموکوڕیی کولتوورییانەدا کورتنابێتەوە، وەک چۆن پێویستیش ناکات بە شێوەیەکی نەرێنیانە لێکبدرێتەوە. دەبێت وشەی سادە / ڕووکەش بخەینە نێوان دوو کەوانەوە، چونکە من خۆم ئەو ڕێچکە زۆر ئاسایی و بازاڕیەم بۆ بینینی ئەمریکا گرتەبەر و پاشتر گۆڕیم و گەشەم پێدا. خۆی ئەم چەشنە نا-کولتوورەیش لە خۆیدا شتێکی ئەرێنیە و نابێت بە چاوی نۆستاڵژیای ئەوروپی لێی بڕوانین. - گەر ڕۆشنبیرانی ئەمریکی نەتوانن لە کولتوورەکەی خۆیان تێبگەن، ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە تۆ لەگەڵ (ئیمبێرتۆ ئیکۆ) دا تەبادێیتەوە کاتێک دەڵێت: دەبێت مامۆستایانی زانکۆ لە ئەمریکا خانەنشین بکرێن؟ ئەی ئە گەر ڕۆشنبیرەکانی نەتوانن، ئایا چۆن دەکرێت خوێندکارانی قۆناغی دواناوەندی تێڕوانینێکی ڕوونیان بۆ کۆمەڵگەکەیان هەبێت؟ بودریار: بەڵێ، دەشێت لەڕێی بەرچاوڕوونیەوە جۆرێک لە ئەگەر بۆ تێگەیشتن هەبێت. بەڵام ڕۆشنبیری ئەمریکی ناتوانێت لە کولتوورەکەی خۆی تێبگات، چونکە خۆی کۆت و دیلی ناو گێتۆیەکی کولتوورییە. شێوازە بەرگریکارانەکەیشی کە خۆی لە لاسایکردنەوەی کولتووری ئەوروپیدا دەبینێتەوە، ڕوونیدەکاتەوە کە بۆچی ئەو کەلێن و جیاوازیە گەورەیە لە نێوان ڕۆشنبیری ئەمریکی و کولتووری ئەمریکیدا هەیە. بەدڵنیایەوە، لاوان خاوەن بەرچاوڕوونیەکی زیندووترن و لەو دۆخە ساختەیەدا ناژین کە رۆشنبیران دەیگوزەرێنن. من خۆم کە ویستم لە دیاردەی (زیادەڕەویکردن لە واقیع) ی ئەمریکیدا بکۆڵمەوە، هاوڕێکانم نەیانوسیت لەگەڵمدا بەشداربن و ڕەتیانکردەوە، هەربۆیە من وەک ئیکۆ ناڵێم دەبێت خانەنشین بکرێن، بەڵکو لە ڕاستیدا خوازیارم کە بیاننێرم بۆ بیابان. - ئەها بەڵێ، بیابان! تۆ دەڵێیت: ((بیابانەکان پێکهاتەی باڵانمان و لە هەر کۆمەڵگەیەک، یا هەر چەشنە سۆزداربوون و سێکسواڵتیەکەوە، دوورن)). هەروەها پێشنیاریش دەکەیت کە ((مرۆڤ دەبێت هەمیشە شتێک وەکو قوربانی بهێنێت بۆ بیابان تا بیکات بە قوربانی: ژن. گەر شتێک هەبێت لە بیاباندا شاراوە، شتێک کە لە جوانیدا هاوشێوە و هاوتای بیابان بێت، بۆچی ئافرەت نەبێت؟)). ئامانجی تۆ لەم قسە جاڕزکەر و بێ پاساوە چیە کە دەبێتە مایەی توڕەکردنی ئەوانی تر؟ ئایا دەرەنجامە ئاساییەکەی ئەوەیە کە لە ناوجەرگەی شاردا قوربانی بە فەیلەسوفێکی پۆست‌مۆدێرن بدرێت؟ بودریار: ڕەنگە بیرۆکەیەکی باش بێت کە بە ئاشکرا فەیلەسوفێکی پۆست‌مۆدێرن بکرێتە قوربانی. بێگومان لەو وێنەیەدا کە پێشنیارمکردووە بۆ قوربانیدان بە ئافرەت، بڕێکی دیاریکراو لە تووڕەکردن و جاڕزبوون هەیە، بەڵام وەک خۆم، بەڕاستی زاراوەی (قوربانیدان یا بەقوربانیکردن)، بە شتێکی نەرێنی و نێگەتڤ نابینم. من وا سەیری دەکەم کە پۆزەتڤ و ئەرێنیە. خۆی لە خودی فریودان (seduction) دا جۆرێک لە قوربانیدانی ئاڵوگۆڕکارانە هەیە. بۆ نمونە دەبێت شتێک بمرێت و نەمێنێت، بەڵام مەرج نیە ئەو شتەی کە دەمرێت سڕینەوەی کەسێکی تر بێت لە بووندا، ڕەنگە ئەوە حەزچڵێسی و خۆشەویستی بن کە دەبێت بمرن. قوربانیدان بە ئافرەتێک لە بیاباندا پرۆسەیەکی لۆژیکیە، چونکە مرۆڤ لە بیاباندا شوناسی خۆی لەدەست دەدات. لێرەدا قوربانیدانەکە کردەیەکی باڵانمایە و بەشێکە لە درامای بیابان خۆی. رەنگە کردنی ژنیش بە بابەتی قوربانیدانەکە زیاتر جێی ستایش بێت وەک پێشکەشکردنی قوربانیەک بە بیابان خۆی. - لەو دواییانەدا لە نیۆرک، پێشانگایەک هەبوو بە ناونیشانی بەرەنگاربوونەوە دژ بە بودریار کە چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ بەشدارییان تێدا کردبوو. هەستی تۆ بەرامبەر ئەوە چیە کاتێک دەبینیت نووسینەکانت وایان لێهاتووە کە خەڵکی دژی دەوەستنەوە و وا باسی دەکەن کە ڕەشبینانەن و دەبنە مایەی نائومێدکردنی خەڵکی، جۆرێک لە ئیفلیجبوون و دەستەوسانی پەخشدەکەنەوە، سەرباری ئەوەی کە هیچ نەخشەڕێگایەکیان بۆ ئێمە پێ نیە تا بەرەو پێشەوە بڕۆین؟ بودریار: وەک پێشتریش وتم، هەمیشە لە نووسینەکانمدا ڕەگەزێک هەن کە خەڵکی توڕە و جاڕزدەکەن، ئەمەیش بۆ خۆی جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوە توشی ڕۆشنبیر و خوێنەر دەکات هاوشێوەی فۆرمێک لە گەمە. بێگومان کە تۆ خەڵک توڕەبکەیت، دەبێت چاوەڕێی ئەوەیش بکەیت کە توڕەت بکەن و کارادانەوەی نەرێنیان بۆت هەبێت. ئەو پیسیی و خراپەیەیشی کە لە پشت ئەم دیاردەیەوەیە، شتێکی زۆر خۆشە و من خۆم تامەزرۆییم و ئارەزووی دەکەم، چونکە لەوێدا دەردەکەوێت ڕەنگە ناهۆشیارانە، نەرێنینبوونەکەی منیان بۆ گواسترابێتەوە، ئەوەیش شتێکە خۆم چاوەڕوانی بووم. دەتوانم بڵێم لە کاردانەوەدا بۆ ئیشەکانم جۆرە زیادەڕەوییەک لە خودی کاردانەوەدا هەیە[2]، لەو ڕوانگەیەشەوە دەسەلمێت کە من سەرکەوتوو بووم لە کارەکەمدا. - ئەی سەبارەت بە پێگەی ژنان لەم کتێبەتدا چی دەڵێیت، بە شارەزاکانی فریودانیان دەزانیت؟ بودریار: من ناکۆکم بەو ئایدیۆلۆژیا دەمارگیرانەیەی فێنێنیزم کە دەڵێت ژن وەک فریودەر، گوزارشت لە ڕۆڵێکی بێ‌نرخ و سووک دەکات. بە ڕای من، ستراتیژی فریودان بۆ خۆی هێزێکی درەوشاوە و ڕزگارکەری ژنانە کە خۆراک لە لاساییکردنەوەوە، وەردەگرێت. بەداخەوە، لە فێمێنیزمدا هەر شتێک کە شانسی ئەوەی هەبوو مێیینە بێت، بەرگری لێدەکرێت، جا نووسینی مێیینە بێت، شیعر بێت یا هەر چەشنە داهێنانێکی هونەری، کە ئەمەیش وا دەکات ببێتە ئاوێنەیەکی لاسایکردنەوەی نێرسالاریی. بێگومان ئەو لاساییکردنەوەیە نەرێنینە و مایەی خەمباریە. بەلای منەوە، ستراتیژی مێیینە بۆ فریودان بەمانای نامۆبوونی ژنان نایەت وەک ئەوەی کە فێمێنیستەکان باوەڕیان پێیەتی. دەبێت مرۆڤ گەورەتر لە شەڕی نێوان دوو ڕەگەز لەو مەسەلەیە بڕوانێت و لە نامۆبوونی سێکسیی دووربکەوێتەوە. پێویست ناکات ژنان و پیاوان دژایەتی یەکتری بکەن. بە باوەڕی من دەبێت فریوی مێیینە وەک چاکەیەکی پۆزەتڤ و ئەرێنی ببینرێت. ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردنی ژن و فریوەکانی. بەڵام بێگومان دیسان مەترسی ئەوە هەیە کە بە خەڵکی بە هەڵە لەم بۆچوونەم تێبگەن. - ئایا بینینی ژن وەک بوونەوەرێکی باڵا، بۆ خۆی دیدیێکی ڕۆمانتیکییانە نیە؟ ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێک لە فێمێنیستەکان هەر بەڕاستی ڕەخنەی ئەو کرۆکگەراییە (essentialism) یان کردووە کە تۆ ڕەخنەی دەکەیت. بودریار: گرنگترین شت ئەوەیە کە وەک ژن، ڕەخنە لە ژن بگرین. فریودان نە بە تەنها ستراتیژێکی سێکسییە و نە تاک لایەنانەیشە، بەڵکو لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای هەماهەنگی و ڕێککەوتن درووستبووە. ئەم گەمەیە یاسای خۆی هەیە، گەمەیەکی زۆر جەستەییە و یەکسانیخوازانەیە کە تیایدا هەردوو لایەنەکە زۆر بە قووڵی ڕۆدەچن و چەندەها گرەو و قوماری لەسەرە. تا ڕادەیەک ئایدیۆلۆژیایەکە بە زیانی دیموکراسی دەشکێتەوە. پیاوان لە ئێستادا هەوڵدەدەن ئایدیۆلۆژیایەک بدۆزنەوە کە پێناسەیان بکات، پێیشم وایە کە دەبێت مێیینە دوورتر لە سنوورە بەرتەسکەکانی خۆی بڕوات، واتە دوورتر لەو ڕێگایەی کە لە ئێستادا خۆی تێدا دەبینێتەوە. - ئەی باشە، لەم حاڵەتەدا دەتوانین باس لە خۆشەویستی بکەین؟ بودریار: یاخیبوونێک هەیە، بەڵام بەڕاستی نازانم چۆنە. لەڕاستیدا من هیچ شتێکی ئەوتۆی وام نیە کە لەبارەی خۆشەویستیەوە بیڵێم. - مناڵت هەیە؟ هیچ جۆرە گەشبینیەکت پێدەبەخشن؟ بودریار: دووانم هەیە کە تەمەنیان گەورەیە. ڕەنگە من باوکێکی خراپ بم بەوەی کە هیچ ئومێدێکی تایبەتی خۆمم لەسەر هەڵنەچنیوون. ئیتر ئەوە بوو خۆیان ڕێگای خۆیان هەڵبژارد و ئەوەی کە ویستیان، کردیان. - قوماردەکەیت؟ بودریار: بە ڵێ، لە لاس ڤێگاس. هەندێک جار قومارچییش نیم. - ئەی دەکرێت ئیشەکەی خۆت بە قومار لە قەڵەمبدرێت؟ ئەگەر وا بوو، گرەوەکانت لەسەر چیین؟ بودریار: نازانم گەر بتوانن بە گرەوی کو‌لتووریی ناوی ببەن. بەڵام نابێت گرەو تێکەڵ بە ئەنجامەکان بکەن. گرفتەکە ئەوە نیە کە کارەکە بچووکبکەنەوە، بەڵکو کێشە ئەوەیە کە کارێکە تا تەواو دەبێت، هەر بە چواردەوری خۆیدا دەخولێتەوە[3] (دیارە کارکردن خۆی هیچ گرەوێک ناکات). گرەو وەک ئەوەی من باوەڕم پێیەتی، بریتیە لە جموجۆڵ و زیندووبوونی کارکردنەکە خۆی، تا ڕادەیەک لە یاری پۆکەر دەچێت. بەشێوەیەک لە شێوەکان، گرەوکردن گەمەیەکە دوورتر لە زیادکردن تا ببینیت چ کارتێک لە دەستی ئەوانی تردایە. گرەو ئەوەیە کە ئەوانی تر نیشانی بدەن چی‌یان لە دەستایە. - لە نەشوەی سۆسیالیزم (The Ecstasy of Socialism) دا باس لە سادەگۆیی ناماقوڵانەی ئایدیای سۆسیالیزم دەکەیت. ئایا ئەو دۆخە ڕەنگدانەوەی نائومێدبوونتە لە سیاسەتەکانی پاش ٦٨؟ ئایا هەرگیز لەگەڵ هیچ سیاسیەکدا لەسەر بایەخدان و سەرمەستبوون بە ناماقووڵبوونی کلتووری بەکاربردن، نەبووە بە دەنگەدەنگتان؟ بودریار: لێرەدا گرفتێکی دیاریکراومان هەیە، چونکە نەوەی ٦٨ هەموو کارتەکانیان لە یاریەکەدا بەکارهێنا. ئەوان زۆر سەرسوڕهێنەرانە نکۆڵییان لە کو‌لتوور دەکرد، قوربانییان بە بەها سیاسیەکان دەدا. بێگومان لە دوای پرۆسەی قوربانیدانیشەوە، هەمیشە جۆرێک لە بەتاڵیی دەبینین: بەتاڵییەکی کولتووری. ئەوەی لە ئەمریکادا ئەم بەتاڵیەی پڕکردەوە کو‌لتوور نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە توانیان دیمەنە سیاسیەکانی ٦٨ بگۆڕن بە گەمەی ئاگرینی کو‌لتووریی. رادیکالیزمی ٦٨ بوو بە مایەی بڵاوبوونەوەی چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر، وەک چۆن ڕادیکالیزمی ئەمریکی بووە مایەی داڕمانی بازار و بۆرسە یا سەرهەڵدانی ئایدز، ڕادیکالیزمێک کە ڕۆشنبیر هیچ شوێن و پلەوپایەیەکی تێیدا نیە. مەبەستم لە ڕۆشنبیرە بە مانا زۆر باوەکەی. ڕادیکالیزمی کولتووری بوو بە مایەی هەندێک ڕووداو و تیایشیدا ڕۆشنبیر پاسڤ و بێلایەن کرا. ڕۆشنبیر هیچ پاشەڕۆژێکی نیە. سەرچاوە: BAUDRILLARD LIVE : Selected interview، Edited by Mike Gane, London and New York, Routledge 1993.لاپەڕەکانی ١٥٢/١٥٥.
بەهۆی گەرمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، سەدان ئێرانی روو لە عێراق دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان هەڵهاتوون بەهۆی رەوشی خراپی ئابوورییەوە، ئەوەش بۆ گەڕان بەدوای هەلی کاردا لە شارە گەورەکانی عێراق. شاری نەجەف پڕبووە لە سواڵکه‌رانی ئێرانی و ئه‌و دەستگێڕانهی سنووریان بڕیوە بۆئەوەی شمەک بە نرخی داشکاو بفرۆشن، ئەمە لەکاتێکدا کرێکارانی ئێرانیش بە رێژەیەکی زۆر لە شاری هەولێرن و پێشبڕکێ دەکەن لەگەڵ کرێکارانی عێراقی بۆ ئەو کارانەی حه‌قده‌ستیان نزمه. حەیدەر کەریم، خاوەن ئوتێلێک لە نەجەف، بە دیارونای وت پێشتر رۆژانه سەدان سەردانکەری ئێرانی ده‌هاتنه شارەکە بۆ گەشت و سەردانی شوێنە ئایینییەکان. وتی بەڵام ئەو ژمارەیەی گەشتیاران زۆر کەمیکردووە، چونکە زۆربەی ئێرانییەکان ئێستا بۆ گوزەران دێن -- نەک بۆ خەرجکردنی پارە لەکاتی سەردانە ئایینییەکاندا. وتیشی «ئەمڕۆ، ئێرانییەکان دەبینین دەرۆزەدەکەن لە شەقامەکانی نەجەف و کەربەلا،» لەکاتێکدا ئەو ژمارە کەمەی گەشتیاران زۆر بە وریاییەوە مامەڵەدەکەن تا زۆر پارە خەرج نەکەن بەهۆی داشکانی به‌های ریاڵی ئیرانییه‌وه». تەلەفزیۆنی سەتەلایتی دیجلەی عێراق لە ئایاردا راپۆرتێکی پەخشکرد لەسەر ئەو چەند ژنە ئێرانییەی لەسەر شەقامەکانی بەغدا ئەنگوستیلەی هەرزان و تەسبیح دەفرۆشن. راپۆرتەکە ژنانی بەتەمەن نیشاندەدات کە بە عەبای ئیرانی و بە زاراوەی فارسی شمەکەکان دەفرۆشن. رەتیانکردەوە لێدوان بدەن بۆ پەیامنێری تەلەفزیۆنەکە و دەموچاویان شاردەوە بۆئەوەی رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی نەبنه‌وه. بەپێی راپۆرتەکە، ئەو ژنانە رووبەڕووی بێڕێزیی عێراقییەکان بوونەتەوە چونکە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن و رێگریشن لە دهاتووی کرێکارە گەنجە عێراقییەکانی دەیانەوێت ببنە دەستگێڕ. ئەحمەد خۆشناو بەلێندەری عێراقی، بە دیارونای وت لە هەمانکاتدا سەدان کرێکاری بیناسازیی کوردی ئێران لە شارەکانیان هەڵهاتوون و لە هەولێر نیشتەجێن بۆئەوەی لە بێ‌کاری رزگاریان ببێت بەهۆی رەوشی سەختی ئابورییه‌وه لە وڵاتەکەیان. وتی «زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان کاری سادەی بیناسازی دەکەن و کاری دیکە دەکەن بە پارەیەکی کەمتر لە کرێکارە عێراقییەکان.» هاتنی کرێکارە ئێرانییەکان بۆ عێراق و وڵاتانی دیکە کە ئابورییان بەهێزە دەرئەنجامێکی سروشتیی ئەوفشارە ئابوریەیە که ئێران کەوتۆتە ژێری بەهۆی ئابڵوقەکانەوە، عەبدولهادی راکانی وتی، کە راوێژکاری باڵای رێکخراوی گەشەپێدانی پیشەسازی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق. فشاری ئابووری یەکەمجار کۆچی سەرمایەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، دواتر کاریگەرییەکانی زیاددەکات و وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە. هەروەها وتی «ئابوری ئێران دەکرێت سوودوەربگرێت لە کۆچی کرێکارەکان کە دراوی بیانی دەنێرنەوە وڵاتەکەیان، ئەوەش سەرچاوەیەکی گرنگە بۆئەوەی بتوانێت تەحەمولی کێشە ئابوریەکان بکات بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار». وتیشی «لەهەمانکاتدا ئەم کۆچکردنە دەکرێت په‌ره‌بسێنێت بۆ کۆچکردنی وەبەرهێنان و سەرمایە بۆ دەرەوەی ئێران، «ئەوەش بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری لەسەر ئابوری دادەنێت». عودەی بیجائی، سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی زیقار، وتی رەوشی نالەباری هاوڵاتیانی ئێرانی وایلێکردوون بگەڕێن بەدوای کاری نوێ‌دا لە عێراق و شوێنانی دیکە. بەدیارونای وت ئەو کرێکارانە «جیاوازی به‌های گۆڕینەوەی دراو دەقۆزنەوە و بە پارەیەکی کەم کاردەکەن، سوود وەردەگرن لە بەئاسان ناردنی پارە بۆ وڵاتەکانیان لەگەڵ سروشتی ئابوری ره‌یعی (به‌رخۆری) له عێراق». وتی «ئەمە دەکرێت کاریگەرییەکی خراپی هەبێت بۆ چینی کرێکاری عێراقی، کە زۆربەیان کرێکارن به موچەی کەم یان ئەو کارانە دەکەن کە شارەزایی کەمیان پێویستە و ناتوانن لەگەڵ کرێکاری بیانی پێشبڕکێ بکەن، کە زۆرتر شارەزاییان هەیە و پارەی کەمتر وەردەگرن». نەجم عەقابی، سەرۆکی بەشی راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی «وەزارەتەکە کاردەکات بۆ زیادکردنی شارەزایی کرێکارانی عێراق بۆئەوەی بچنە بازاڕە ناوخۆیەکەوه و پێشبڕکێ بکەن بۆ هەلی کار». وتیشی «وەزارەتەکە چەندین بنکەی راهێنانی کاری هەیە کە پابەندن بە راهێنانی کرێکارانی عێراقییه‌وه لەسەر چەندین پیشە و شارەزایی تا بچنە بازاڕه ناوخۆیه‌کانه‌وه.» سەرچاوە: دیارونا
سازدانی: شەعبان هەورامانی ئەبوبکر هەڵەدنی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەی -دا لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناوچەکانی خواکوڕک و برادۆست لە باشووری کوردستان ئیدانە دەکات و بە «فەزاحەت» ناوی دەبات. هەروەها دەنگدانی هەدەپە بۆ کاندیدی جەهەپە لە هەلبژاردنەکان بە «هەڵەیەکی گەورەناودەبات» چونکە پێیوایە جەهەپە دژایەتی پرسی کورد دەکات لە تورکیا. ئەبوبەکر هەڵەدنی لەم چاوپیکەوتنەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دەداتەوە تایبەت بە مردنی محەمەد مورسی و هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەستەنبول و لەشکرکیشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم. هاوڵاتی ڕوداوی مردنی محمد مورسی دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسلامیەکان لەناوچەکەدا پێداچونەوە بە سیاسەتەکانیاندا بکەن؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئیسلامیەکان دەبێت پەند وەرگرن لە ئەزمونی حوکمڕانی هەمو شوێنێکی دونیا، چ ئیسلامی بێت یا عەلمانی وەیا هەرهێزێکی تری نیشتیمانی، ئەبێت ئیسلامیەکان هەریەک لەوڵاتی خۆیاندا ڕەنگدانەوەی سروشتی کۆمەڵگای خۆیان بن. هێزی نیشتیمانی بن بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان بۆ گەلەکەی خۆیان سیاسەت بکەن، هەڵقوڵاوی ناوخەڵک بن وەزیاتر مۆرکێکی خۆماڵییان هەبێ. هاوڵاتی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌سته‌نبول دوباره ئاک‌پارتی شکستی هێنا، له‌کاتێکا ئۆ‌ردۆگان سه‌ره‌تا له ئهستەنبولهوه ئه‌ستێره‌که‌ی ده‌رکه‌وت، چۆن ئه‌مه ههڵدهنسگێنن؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەدڵنیاییەوە شکستی ئاک‌پارتی لەئەنقەرەو لە ئەستەنبوڵ و پاشەکشەکردنی دەنگەکانی بەرهەمی ئەو سیاسەتەیە لەچەندساڵی ڕابردودا گرتویەتیەبەر،چ بەرامبەر دۆسیەی ئاشتەوایی لە باکوری کوردستان،چ بەرامبەر دۆسیەی ئۆجەلان، دەرکەوت کە ئۆجەلان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە، چ بەو سیاسەتانەی بەرامبەر بە گولەنیەکان و لەناو خۆی خۆ‌یا سیادی کرد، ئاک‌پارتی جۆرێک لە غرورو خۆ بەزلزانین و بێ منەتی و بێ باکی بۆ دروست بوبوو، هەمان ئەو نەغمەیەی کەدەسەڵاتدارانی کوردستانیش هەیانە، بێ باکن لە خەڵک و لە میللەت. بۆیە ئەوە بەرهەمی ئەو بێ باکیە بوو هەرچەندە من پێم وایە لە ڕاستیا سەرکەوتنی جەهەپە هیچ دڵخۆشکەرنیە چونکە بەدرێژای مێژووی ئەم پارتە سەرسەخترین و توندڕەوترین پارت بوە بەرمبەرا بە خواستەکانی گەلی کوردستان لە باکوردا. ئیسلامیەکانی باشوری کوردستان بەخۆیاندا بچنەوە، خیتاب و گوتارەکانیان مۆرکی خۆماڵی پێوە دیاربێت نیشتیمانیانە بێت و لەسەر هەندێ ئایدۆلۆژیا بێنەخوارەوە هاوڵاتی پشتگیرو لاینگیریکردنی کورد لە باکور بۆ جەهەپە چۆن دەبینن؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەڕای من ئەوە هەر ئەو پەندە کوردییە کە دەڵێ دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە، تەنها وەکو کاردانەوەیەک وەکو سیاسەتێکی تاکتیکی مەرحەلی قۆناغ بەندی پەنایان بۆ بردووە، بەڵام. لەداهاتودا بۆیان دەردەکەوێت هەڵەیەکی گەورەیانکرد. چونکە لەوکاتەوە کە جەهەپە دروست بووە وەکە حیزبێکی سیاسی دژی خواستەکانی گەلی کوردبوە لەباکور و هەرچی نەهامەتی و نەگبەتیەک بەسەر کوردا هاتووە لەو پارچە ئەزیزەی کوردستانا لەسەر دەستی ئەو شۆڤێنیستە توندڕەوانە بەسەریدا هاتووە. هاوڵاتی ئایا مردنی محمد مورسی و شکستی ئۆردۆغان لە هەفتەیەکدا، بە نسکۆی ئیسلامییەکان هەژمارناکرێت؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەخێر ئەوەی پەیوەندی بە مورسییەوە هەیە ئەوە دیارە مەزڵومیەتیەکە لە چ ئاستێکایە، بەزەبری کودەتاو عەسکەرتاریەت و پشتتێکردنی ئەوروپای درۆزن لەگەڵ دیموکراتیا ئەو ڕویداوە، کە بەرگری لە سیستەمێکی تۆتالیتا‌ر کە بەزەبری خوێن. هاتووە، ئینقیلابی بەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵکدا کردووە ئەمە بە پێچەوانەوە ئەبێت ئیسلامیەکان والێبکات گەرموگوڕتریان بکاتەوە، ئەوەش پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە ڕاستە پارتێکی ئیسلامی لەسەر کورسی حوکمڕانیە بەڵام. دەبێت لەبیرمان بێت کە ئیمەی ئیسلامی،، هەروەها ئەوەی حکومەت و دەستەڵاتەکان دەهێڵێتەوە عەدالەت و دادپەروەری و ڕێزگرتنە لە شکۆی مرۆڤ و گەل و نەتەوە جیاوازەکان. نەک ئەوەی ئەم. سیستەمە ئیسلامیە یاخود عیلمانییە ئیسلامی بون و عیلمانی بون فریایی کەس ناکەوێت، چەندە ئەو سیستەمانە لە خزمەتابن عادالەت بەر جەستە ئەکەن و شکۆی مرۆڤ بەرز ڕادەگرن. هاوڵاتی ئایا مردنی محمد مورسی و شکستی ئەردۆغان چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر حزبەکانی باشوری کوردستان؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەدڵنیاییەوە کایگەریان دەبێت، چونکە تورکیا وڵاتێکی دراوسێی نزیکە و لەولاشەوە ئیخوانیش وەکو پارتێکی ئیسلامی حەتمەن پارتە ئیسلامیەکان لەهەموو دونیادا ئەزمونەکانیان بەستووە بە ئیجابی کاریگەرییان. لەسەر ئەوانیش هەیە. ئومێدەوارم ببێتە هۆی ئەوەی ئیسلامیەکانی باشوری کوردستانیش بەخۆیاندا بچنەوە، خیتاب و گوتارەکانیان مۆرکی خۆماڵی پێوە دیاربێت نیشتیمانیانە بێت و لەسەر هەندێ ئایدۆلۆژیا بێنەخوارەوەو و دروشمیان و شێوازی کارکردنیان وەڵامدەرەوەی خواستی ئێستای کۆمەڵگاکان بێت، وەڵامدەرەوەی ئەو کێشەو گرفتانەبێت کە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بەتایبەتی لە باشوری کوردستان ئێمە بەدەستیەوە دەناڵێنین، وتارێکی گشتگیربێت، ئەبێت حزبە ئیسلامیەکان حزبی هەمو خەڵکبن، حزبی جەماوەری و نیشتیمانی بن و لەسەروی هەموشیەوە بەرگری لێ بکەن. لە هەموو ئەو دەستکەوتانەی خەڵکی کوردستان و لە خەبات و ماندوبونی سەدەیەکی نەتەوەکەمان. چونکە هەموو ئیسلامیەکانی دونیا هەریەک بۆ گەل و نەتەوەو قەوارەی خۆی ئیش دەکات و خەبات ئەکات، خزمەتی دەکات و ئەبێت ئێمەش بۆ گەل و نەتەوەو قەوارەکەی خۆمان لەپێش هەموو شوێنێکی ترەوە دابنێین، لەپێش هەموو ئایدۆلۆژیایەکەوە دایبنێین. هاوڵاتی ئایا ئێوە وەکو حزبێکی ئیسلامی لەباشوری کوردستان پێتان. باشبوو کورد لە ئەستەنبوڵ دەنگ بەچ لایەنێک بدات؟ بۆچی؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: من باوەڕم بەسیاسەتی دەستتێوەردان نیە لەکاروباری پارچەکانی تر، ئەوەی کە پارتی و یەکێتی پیادەی دەکەن، ئێمە ئەبێت هاوکاری پارچەکانی تری کوردستان بین، لەلای منەوە ئەبوایە هەدەپە و کورد لەباکوری کوردستان وەسیەت و ڕاسپردەکانی ئۆجەلانیان جێبەجێ بکردایە، بۆ ئەوەی ببوایە بەهەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئەوەی جارێکی تر پرۆسەی ئاشتەوایی لەباکوری کوردستان لەتورکیا بکەوتایەتە سەرپێ، چونکە هەمولایەک بۆیان دەرکەوت کە توندوتیژی و شەڕوخوێن نەک چارەسەرنیە نەک بژاردەیەکی تەندروست نیە بەڵکو ئەوە ماڵوێرانی دێنێتەکایەوە. شکستی ئاک‌پارتی لەئەنقەرەو لە ئەستەنبوڵ و پاشەکشەکردنی دەنگەکانی بەرهەمی ئەو سیاسەتەیە لەچەندساڵی ڕابردودا گرتویەتیەبەر، چ بەرامبەر دۆسیەی ئاشتەوایی لەباکوری کوردستان، چ بەرامبەر دۆسیەی ئۆجەلان هاوڵاتی ئایا لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاک و سنورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی برادۆست و هەنێک ناوچەی ترچۆن هەڵدەسەنگێنن ؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئەو لەشکرکێشیانە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە بەحوحکمی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ڕێزنەگرتنە لە نەریتی دراوسێیەتی و دەستتێوەردانە لەکاروباری ناوخۆی هەرێمێکی تر‌و وڵاتێکی تر، ڕاوەدونانی چەکدارانی پەکەکە و سنوردارکرنی چالاکیەکانیان هیچ پاساونیە. بەم فەزاحەتە تورکیا لەشکرکێشی بکات بۆسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئیدانەکرنی ئەو ڕەفتارانەین و ئەمەش لاوازی پێگەی عێراق و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەگەیەنێ. لەبەرئەوەی تورکیا زۆرترین سودمەندە لەداهاتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕێز بۆ بچوکترین عورف و نەریتی دراوسێیەتی دانانێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دامەزراوەیی نین، دەناڵێنن بەدەست گەندەڵییەکی ترسناک و ڕێکخراوەوە. ئابوری ئەم وڵاتە، بڕیاری ئەم وڵاتە لەدەست کۆمەڵێک گروپ و بنەماڵەو حزبی سیاسی گەندەڵدایە. بۆیە بەداخەوە بونەتە لەکەیەک بۆ هەرێمی کوردستانیش و عێراقیش، بۆیە ئەوان. لەپێگەیەکی لاوازەوە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێکی هەرێمایەتی گەورەی وەکو تورکیا دەکەن. ئەگەر ئێمە دیموکراسی ڕاستەقینەمان بەرجەستە بکردایە، هاوڵاتیان لەپشتی حکومەتەکانی خۆیانەوە بونایە، عەدالەت و دیموکراسی ڕاستەقینە هەبوایە بەدڵنیاییەوە ئەوکاتە گەلیش قبوڵی نەدەکرد. بەڵام ئەم دوو سۆنگییەی لەنێوان گەل و دەسەڵاتدا هەیە بووەتە عاملێکی لاوازی بۆ پێگەی هەردوو حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێمی کورستان بەرامبەر بەدراوسێکانی.