ڕاپۆرتی : فاینانشاڵ تایمز   وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن لەساتی دەستبەکاربونییەوە فەرمانی بە هەموو وەزیر و بەرپرسەکانی کابینەکەی کرد بۆ ئامادەکاری تەواوەتی بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا «بەبێ ڕێککەوتنی» برێگزت، ئەمەش مەترسی دروست کردووە بۆ بازاڕی دراو و بازرگانی. بەڵینەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا بە گەشتن بە ڕێککەوتنێک یان بێ ڕێککەوتن لە ٣١ی تشرینی یەکەم مانای ئەوەیە هەردوولا بەشێوەیەکی مەترسیدار وەستاون لەنزیک لێواری قەدپاڵێکدا، کە ئەمەش بە کەم سەیرکردنی ئەگەری روودانی کورتهێنانی پێداویستی پزیشکی و  پەکخستنی گەشتەکان و  قەرەباڵغی بێکۆتایی سەرسنوورەکانە.  برێگزت تا چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر چوار ملیار و ٢٠٠ ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخانکرابوو بەڵام لە ١ی ئەم مانگەوە حکومەت دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن پاوەندی خستە سەر بودجەکەی. لەلایەکی تریشەوە کۆمسیۆنی ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی هیچ پلانێکی جێگرەوەی نەبێت لەحاڵەتی دەرچوونی بەریتانیا پێش ٣١ی تشرینی یەکەم.  «بڕێگزت» کورتکراوەی «بریتیش ئێگزت»ە کە بەمانای دەرچوونی گەلی بەریتانی دێت. بڕێگزت ڕیفراندۆمی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ بوو  کاتێک ڕێژەی ١٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتن بەسەر  دەنگی ١٥ ملیۆن و ١٠٠ هەزار  هاوڵاتی بەریتانی کە نەیاندەویست وڵاتەکەیان جیاببێتەوە لە یەکێتییەکە. ڕیککەوتنەکە لە ٣١ی تشرینی یەکەم بەسەردەچێت و دەبێت هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنی نوێ یاخود ئەو  سیناریۆیەی کە ئەگەری روودانی زۆرە، ئەویش دەرچوونە بەبێ ڕێککەوتن. سەرهەڵدانی برێگزیتی هۆی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران بوو لەوکاتەدا و گەلی بەریتانی پێیان باشتربوو جووڵەی ئازادی پەنابەران نەهێڵن لە وڵاتەکەیاندا لەسەر حسابی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا.  لەئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە سێ مانگی داهاتوودا، بەرپرسانی ئەوروپی حسابی ئەوە دەکەن دەرچوونی پێش وەختەی «کارەساتباری» بەریتانیا راستەوخۆ لە ١ی تشرینی دووەم دانوستانکارانی وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ برۆکسل تا بتوانن بەردەوامی دەستەبەر بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.  لێرە لە «زە فاینانشاڵ تایمز»  گەورەترین کارگەرییەکانی «برێگزیتی بێ ڕێکەوتن» لێک دەدەینەوە و ئەوە دەخەینەڕوو لەکوێدا زەبری دەبێت.  هاتوچۆی زانیاری قەبارەیەکی زەبەلاحی زانیاری تایبەتی هاوڵاتیانی بەریتانیا و ئەوروپا ڕۆژانە لەلایەن کەرتی بازرگانی و دامەزراوە حکومیەکانەوە دەگوازرێنەوە. لەژێر «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» دا یاسایەتی هاتوچۆی ئەم زانیارانە دەچنە ژێر پرسیارەوە و کاریگەری لەسەر چەند کەرتێک دەبێت، لەوانە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان، تەندروستی یان هەر کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری تر کە لەگەڵ بەکاربەرانی ئەوروپیدا مامەڵە دەکەن.  ئەگەر ئەمە روووبدات هاوڵاتیانی ئەوروپی کە لە بەریتانیا دەژین، یاخود بە پێچەوانەوە، بێبەش دەبن لەو خزمەتگوزاریانەی پێشتر بەهۆی بیمەوە  دەستیان دەکەوت. دانیشتوانی ئەوروپی لە بەریتانیا ژمارەیان سێ ملیۆنە و دانیشتوانی بەریتانیش لە وڵاتە ئەوروپییەکان ژمارەیان یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزارە.  پەکخستنی هاتوچۆی زانیاری دەبێتە بەربەستێکی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕ و لە خراپترین حاڵەتیشدا دەگونجێت کۆمپانیا بەریتانییەکان ناچار بکات کارەکانیان لە وڵاتە ئەوروپییەکان رابگرن.  هەرچەندە بەپێی یاسایەکی یەکێتی ئەوروپا، ئەو کۆمپانیایانەی ئەوروپی نین دەتوانن بەردەوامبن لە کرداری گواستنەوەی زانیاری بەمەرجێک پابەندبن  بە یاسای ئەوروپییەوە کە ڕەنگە ئەمە ببێتە چارەسەرێک بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان.  چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بەریتانی پێشبینی «برێگزتی بێ ڕێککەوتن»یان کردووە بۆیە ڕەنگە هەوڵی ئەوەیان دابێت خۆیان لەژێر ئەو یاسایەدا بهێڵنەوە. بەڵام زۆربەی کۆمپانیا مامناوەند و بچوکەکان زانیاری تەواویان لەسەر ئەوە نییە ئاخۆ «برێگزتی سەخت» مانی چییە و بژاردەکانیان چی دەبێت.  «بڕیگزتی سەخت» وەک «برێگزتی بێ ڕێککەوتن»ە بەڵام جیاوازیەکەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنی بازرگانی تێدایە.  لە مەودای درێژخایەندا، بەریتانیا دەیەوێت ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاتوچۆی زانیاری کە ئەمەش وادەکات بەریتانیا بە وڵاتێکی یەکێتییەکە هەژمار بکرێت لەکاتێکدا دەرچووە لێی. ئەم ڕێککەوتنانە لەنێوان یەکیتی ئەوروپا و وڵاتانی تریشدا هەیە بەڵام بەرپرسانی برۆکسڵ ئەوەیان راگەیاندووە ساڵانێکی زۆری پێدەچێت تا بەتەواوی ئەوە بگاتە ئەنجام و کۆتایی پێ بێت.  حوکم: هەردوولا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا، رووبەڕووی زیانی یەکسان دەبنەوە.  گومرگ بەریتانیا لەژێر «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» دەکرێتە دەرەوەی یەکێتی گومرگی ئەوروپی، بەمانای ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەبێت فۆرمی گومرگ پربکەنەوە، زانیارینامەی پێچراو لە بەرهەمی خۆراکی بگۆڕن، پشکنینی تەندروستیان پێ بێت بۆ بەرهەمە هەناردەکان کە بەرهەمی ئاژەڵیان تێدایە. لەئێستادا کۆمپانیا بەریتانیەکان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن لەسەر دەستەبەکردنی کەمی زانیاری دەربارەی ئەو بابەتە. بۆ نمونە نازانن چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ گومرگی نوێ و پڕکردنەوەی فۆرمی گومرگی ئەگەر «بڕێگزتی بێ ڕێکەوتن» ڕوویدا یان «بڕێگزتی سەخت».  سام لو، توێژەری سەنتەری چاکسازی ئەوروپی دەڵێت، «کۆمپانیاکان شکستیانخواردووە لە خۆئامادەکردن چونکە پێیانوانەبووە برێگزتی بێ ڕێککەوتن واقیعی بێت، زۆربەی کۆمپانیاکان خۆیان تۆمارنەکردووە لە ڕێنمایی (ژمارەی هەناردەکاران) کە ڕێدەدات  هەناردە و هاوردەیان بەردەوام بێت دوای برێگزت.  لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی بەریتانیا نوسراوی بۆ ١٤٥ هەزار کۆمپانیا کرد کە لە ئەوروپا مامەڵە دەکەن و پێی راگەیاندن خۆیان تۆمار بکەن لە سیستەمێکدا کە پڕکردنەوەی فۆرمی گومرگ ئاسانتر دەکات و باجدانی هاوردەکردن دوادەخات. بەپێی قسەی رۆبیرت هاردی، شارەزای گومرگ لە کۆمپانیای لۆجیستی «ئۆکلاند ئینڤێکتا»، تەنها دە هەزار کۆمپانیا بۆ ئەو سیستەمەی حکومەت ناویان تۆمارکردووە. گومرگ تێچووی هەناردەی بەرهەمی بەریتانی بەرز دەکاتەوە ئەوەش زیانی دەبێت بۆ هەناردەکاران چونکە کاڵاکانیان لە ئەوروپادا گران دەبێت. هەندێک لەو زیانە بەر پاوەندیش دەکەوێت و  بەهای دادەبەزێت. هەروەها گومرگ نرخی هاوردەش بەرز دەکاتەوە بۆ ناو بەریتانیا. یەک لەسەر سێی خواردنی وڵات لە ئەوروپاوە دێت. لەسەدا ٧٤ گومرگ لەسەر جگەرە و لەسەدا ٢٢ لەسەر شەربەت و لەسەدا ١٠ لەسەر ئۆتومبیل هەیە لە ئیستادا. نرخی بەرزتری کاڵای هاوردە هەڵاوسان دروست دەکات و دەبێتە هۆی نزمکردنەوەی ئاستی ستانداردی ژیان بۆ دانیشتوانی بەریتانیا. سنورری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا مانای ئەوەیە دەبێت هەموو هاوردەکان بە گومرگدا تێپەڕببن، ئەمەش دواکەوتن دروست دەکات و دواکەوتنیش کورتهێنانی خۆراک  دروست دەکات چونکە لەئێستادا بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە بەرهەمهێنانی خۆراکی ناوخۆیی کەمیکردووە لە بەریتانیا. حوکم: بەریتانیا بەئاستێکی گەورەتر و بەرچاوتر زیانی بەردەکەوێت وەک  لە یەکێتی ئەوروپا  گواستنەوە کەرتی گواستنەوە  هیوابەخشترە بەبەراورد بە کەرتەکانی تر چونکە کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئامادەکاریان کردووە بۆ سیناریۆی «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» تا ئەوەی پەکخستن کەمبکەنەوە.  هێڵی ئاسمانی دەتوانن بەردەوامبن لە کارەکانیان بەڵام وەک جاران مەبەستی بزنس نابێت. کۆمسیۆنی ئەوروپی دوو یاسای تێپەراند کە ڕێدەدات هێڵە ئاسمانییەکان گەشتی خاڵ بۆ خاڵ ئەنجام بدەن لەنێوان بەریتانیا و شارەکانی ئەوروپا، بەمانای ئەوەی ناتوانن لەشارێکی ئەوروپییەوە بۆ شارێکی تری ئەوروپی گەشتیار هەڵگرن و گەشت بکەن بەڵکو تەنها لە بەریتانیاوە بۆ یەک شاری ئەوروپی و پاشان گەڕانەوە بۆ بەریتانیا. ئەم یاسایە تا مارسی ٢٠٢٠ کاری پێدەکرێت کە ڕێچکەیەکی بچوکی هێشتوەتەوە بۆ هەردوولا تا بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژتر. کۆمپانیاکانی وەک «ڕیانئێر» و «ئیزیجێت» و «ئای ئەی جی» کە سەر بە کۆمپانیای «بریتیش ئێروەیس»ن  دەبێت ڕێنماییەکانی کۆنترۆڵ و خاوەندارێتی یەکێتی ئەوروپیان تیدا بێت بەمانای ئەوەی خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت زۆرینەی لەلایەن هاوڵاتیانی ئەوروپییەوە بێت.  خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای «گێتلینک یۆرۆ تەنێڵ» بەردەوام دەبێت کە ساڵانە ٢٠ ملیۆن گەشتیار، دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتومبیل، ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بارهەڵگر دەگوازێتەوە لەنێوان بەریتانیا و ئەوروپادا. هەروەها کۆمپانیای «یۆرۆستار»یش خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەری بەردەوام دەبێت بەوپێیەی لەگەڵ فەرەنسا و بەلجیکا گەشتوەتە ڕێککەوتن تا ئەوەی کێشە و پەکخستن کەمتر ببێتەوە بۆی.  حوکم: هەردوولا رووبەڕووی پەکخستنی کاتی دەبنەوە.  ڕاوەماسی دوای «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» بەریتانیا لە ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەردەچێت بۆ راوەماسی  ئەمەش  مانای ئەوەیە کەشتییە ئەوروپییەکان ناتوانن داخڵی ئاوەکانی بەریتانیا ببن.  لەبەرئەوەی کەشتییە ئەوروپییەکان ماسی زیاتر دەگرن لەو کەشتییە بەریتانیایانەی کە لە ناوچەی خۆیان دەیگرن، بۆیە راوەماسی یەکێکە لەو کەرتانەی کە یەکێتی ئەوروپا تێیدا زیانی بەردەکەوێت لەحاڵەتی «بێ ڕێککەوتن»دا.  یەکێتی ئەوروپا چالاکی کەشتییە ئەوروپییەکان لە ئاوەکانی بەریتانیادا بە ٥٨٥ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت.  بەڵام کەرتی هەناردەی خۆراکی دەریایی بەریتانیا ڕووبەرووی دواکەوتن دەبێتەوە لەسەر سنور کە ئەمەش بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە ناگونجێت چونکە پشت دەبەستن بە گەیاندنی خێڕا تا ئەوەی بە تازەیی بگەنە دەستی بەکاربەرانی ئەوروپی. زیاتر لە ملیارێک و  ٣٠٠ ملیۆن پاوەند  لە هەناردەی خۆراکی دەریایی بەریتانیا لە بازارەکانی ئەوروپاوە دەستکەوتووە  لەساڵی ٢٠١٧دا.  زۆرێک لە راوچییانی بەریتانی هیوای ئەوەیان هەیە کە سوودی زیاتریان پێ بگات ئەگەر بەریتانیا نەهێڵیت کەشتییە ئەوروپیەکان داخڵ ببن بەڵام کەشتییە بەریتانییەکان بەتەنها توانای ئەوەیان نییە دەستبەجێ ئەو هەلە بقۆزنەوە  و بۆشاییەکە پڕبکەنەوە.  لەحاڵەتی روودانی ئەم ئەگەرەدا یەکێتی ئەوروپا پلانی ئەوەی هەیە قەرەبووی ڕاوچییە ئەوروپییەکان بکاتەوە، هەروەها راشیگەیاندووە ڕێ بە کەشتییە بەریتانیەکان دەدات داخڵی ئاوی وڵاتانی ئەوروپی ببن ئەگەر بەریتانیاش هەمان کار بکاتەوە بۆ ماسیگرانی ئەوروپی.  حوکم: یەکێتی ئەوروپا زیاتر لەدەست دەدات بەبەراورد بە بەریتانیا.

کاکەلاو عەبدوڵا سێ وڵاتە ئەستۆگرەکەی پرۆسەی ئاشتی ئەستانە - رووسیا، ئێران، تورکیا - دوای دوو ڕۆژ لە کۆبونەوە شکستیان هێنا لە گەشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرنامەی کاری خولی سێزدەهەمی پرۆسەی ئاشتی سوریادا هەبوو، جگە لە دژایەتیکردنی کورد و گەشتن بە ئاگربەستێک لە ئیدلیب هیچی تری لی سەوز نەبوو.  لوتکەکە لە نور سوڵتان (ئەستانە)، پایتەختی کازاغستان بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەند ولاتێکی عەرەبی وەک عێراق و لوبنان و ئەردەن.  بەپێی راپۆرتێکی شەرقلئەوسەت گفتوگۆکانی لوتکەکە نەگەشتونەتە هیچ رێککەوتنێک  و دەشڵێت «ئەو سێ وڵاتە نەگەشتوون بەو دەرئەنجامەی کە چاوەڕێیان دەکرد.  هەر سێ وڵات ڕاگەیاندنی دروستکردنی  لیژنەیەکیان دواخست  کە ئەرکی نوسینەوەی دەستوری سوریای پێدەدرێت بۆ سەردەمی دوای جەنگی سوریا، لەجیاتی ئەوە ڕێککەوتن دروستکردنی لیژنەکە لە لوتکەی داهاتوودا کە مانگی داهاتوو لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت ڕابگەیەنن». لایەنەکانی بەشداربووی لوتکەکە هەر ئەجێندایەکیان ڕەتکردەوە کە دژی ئەجێندای ئەوان بێت و وەزارەتی دەرەوی تورکیا بە ئاماژە بۆ کوردانی سوریا رایگەیاند «بەرنامەی جیاواز کە هەڕەشە دروست بکات بۆ یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هەرێمیی سوریا لە لوتکەکەدا ڕەتکراوەتەوە». هەروەها وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاند، «لایەنەکان جەختیان لە نارەزایی خۆیان کردوە بۆ هەر هەوڵیک کە بیەوێت واقیعی نوێ دروست بکات لەژێر ناوی جەنگان دژی تیرۆریزم وەکو هەرێمی خۆ بەڕێوبەری». لەکۆتایی لوتکەکەشدا لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا هەر سێ وڵات رایانگەیاند دژی هەرێمی سەربەخۆن کە لەلایەن سوپای سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە دامەزراوە و ئاماژەیان بەوە کرد  کە دەبنە هەڕەشە بۆ وڵاتە درواسێکان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تورکیا کە لە ئێستادا لە هەوڵی دوورخستنەوەی کوردایە لە سوریا.  لەهەمانکاتدا، وڵاتانی بەشداربوو لە پرۆسەی ئاشتی ئەستانە بۆچونیان جیاوازبوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی «سۆتچی» کە لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئیمزاکرا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوتا رووسیەکەی، ڤلادمیر پۆتین.  بەپێی ڕێککەوتنەکە هەردوولا گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی ناوچەیەکی چەک داماڵراو بەقوڵایی ١٥ بۆ ٢٥ کم  دابمەزرێنن لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا واتە ئیدلیب و هەموو توندوتیژییەک تێیدا بوەستێت. لەئێستادا ئیدلیب دواین پیگەیە کە بەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ماوە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبێتەوە لەلایەن حکومەتی سوریا و فرۆکەی ڕووسییەوە.  بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەنقەرە ڕازیبوو هەموو چەکدارە میلیشیاکانی ، لەنێویاندا بەرەی ئازادی نەتەوەیی، دووربخاتەوە لە ئیدلیب یان مانەوەیان بەڵام بەبێ چەکی قورس لەبەرامبەر ڕاگرتنی  هێرشە ئاسمانییەکان. بەڵام بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەردوولاوە، هێرشە ئاسمانییەکانی حکومەتی سوریا بەهاوکاری رووسیا زیاتربوو. زیاتر لە ٥٠٠ کەس تەنها لە تەمموزدا کوژراون بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە تێیدا هاتووە ئەم ژمارەیە زۆرترین ڕێژەیە تا ئێستا لەمساڵدا. نزیکەی ٧١٥ هەزار هاوڵاتی لە ئیدلیب ئاوارەبوون لە ٢ی شوبات تا ٢٩ تەمموز کە ٤٤٠ هەزاریان تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودایە.  لە لوتکەی ئەستانەدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا رازیبوو بە ئاگربەست لەگەل حکومەتی سوریا. ئاگربەستەکە لەنێوان نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا و وڵاتانی ئەستۆگری پرۆسەی ئاشتی ئیمزا کراوە.  یرژان موکاش، بەڕێوبەری لقی ئاسیا و ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی کازاغستان  هەیینی ڕابردوو ئەوەی راگەیاند کە «بەپێی قسەی بەشداربووانی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە».  ڕێکخراوی چاودێری  سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دوای ڕێککەوتنەکە رایگەیاند ئیدلیب «ئارامی» بەخۆیەوە بینیوە  چونکە فڕۆکە جەنگییەکان نەبینراون لە ئاسمانی ئیدلیبدا.  هەرچەندە بەپێی وتەی وتەبێژێکی بەرەی ئازادی نەتەوەیی کە تورکیا پشتگیری دەکات، ڕایگەیاندووە بەفەرمی هیچیان پێنەوتراوە دەربارەی ئاگربەست. هەروەها دەشڵێت، «نەمانی هێرشی ئاسمانی مانای ئەوە نییە کە ئارامە، لەئێستادا تۆپهاوێژەکانی رژێم بۆمبارانی چەندین ناوچە دەکەن لە پارێزگای حەما و ئیدلیب، نازانم ئەگەر بەمە بوترێت ئاگربەست ئەگەر تەنها هێرشی ئاسمانی نەمابێت».  لەلایەکی ترەوە نوێنەری حکومەتی سوریا لە لوتکەی ئەستانە ڕایگەیاند سەرکەوتنی ئاگربەستەکە دەکەوێتەوە سەر تورکیا کە چەکی قورس داماڵێت لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناوچەی بەربەست دابمەزرێنێت و جێبەجێی بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتنی سۆتچی.  نوێنەری حکومەتی سوریا، بەشار جەعفەری دژی هەبوونی میلیشیای تورکی بوو لە ئیدلیبدا و داوای لە بەشداربوانی کۆڕبەندەکە کرد گوشار بخەنە سەر تورکیا تا ئەوەی ئەرکەکانی لە ڕێککەوتننامەی سۆتچی جێبەجێ بکات و میلیشیاکانی تورکیاشی بەوە تۆمەتبار کرد کە هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانەی بەدەست حکومەتەوەیە «لەو ناوچانەی ئیدلیبەوە کە بەدەست تورکیاوەیە». هەروەها وتیشی، «هەرچەندە ئێمە ئارامگرین بەڵام ئەمجارە ئارامیەکەمان سنوردار ئەبێت و لەسەر تورکیا ناوەستین  تا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات». 

سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کردووه‌، ره‌خنه‌ ده‌گرێت و گه‌نده‌ڵیه‌کانى یه‌ک به‌ یه‌کى وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌کان ئاشکرا ده‌کات. عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، ده‌ڵێت «له‌گەڵ ئه‌و بۆچونه‌دا نین که‌ قاچێکت نابێت له‌ حکومه‌ت بێت و قاچێکت له‌ئۆپۆزسیۆن، ئێمه‌ په‌رله‌مانتارین و گه‌نده‌ڵیه‌کان ده‌خه‌ینه‌ روو». ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شداره‌ له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم و چوار وه‌زاره‌ت و جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم و حکومه‌تى بۆ چاکسازى وه‌ک پشکى بزوتنه‌وه‌که‌ وه‌رگرتووه‌. عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات بۆ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم گرنگه‌ نه‌ک چاکسازى به‌ته‌نها له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌کاندا بکات، به‌ڵکو دواى ئه‌وه‌ ده‌بێت چاکسازى له‌ کۆکردنه‌وه‌ى داهاته‌کاندا بکات. هاوکات، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌«گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ له‌ بوارى نه‌وتدا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت دوو بوار که‌ زۆربه‌ى داهاتى نه‌وتى بۆ ده‌ڕوات به‌ناوى خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش کۆمپانیاکانى نه‌وت ده‌که‌ن پاره‌یه‌کى زۆر ده‌به‌ن که‌ له‌ژێر چاودێریدا نین و پشتیوانیه‌کى به‌هێزى حزبیان هه‌یه‌«. ‌هاوڵاتی: حکومه‌ت به‌نیازه‌ لەکۆتایى مانگى ئه‌یلولدا پرۆژه‌ یاساى چاکسازى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات،  ئه‌مه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ ده‌کرێت به‌شێک له‌پاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ى گشتى؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: پڕۆژه‌یه‌کى گشتگیر و فراوانه‌ و ئه‌و نادادیانه‌ و ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ى که‌ له‌ رابردودا کراوه‌ پرۆژه‌که‌ هه‌وڵده‌دات لایبات، هه‌رچه‌نده‌ جێبه‌جێکردنیشى  عه‌مه‌لیه‌کى ئاسان نیه‌، به‌تێکڕا 90رۆژ بۆ سه‌د ڕۆژ داده‌نرێت بۆ جێبه‌جێکردنى. پرۆژه‌که‌ به‌شێکیم خوێندۆته‌وه‌ و لیژنه‌یه‌کى بۆ دروست ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ى بۆ ده‌کرێت و له‌ په‌رله‌مانیشدا جارێکى دیکه‌ پێداچونه‌وه‌ى بۆده‌کرێت و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌مه‌ ته‌نیا چاکسازییه‌. ‌هاوڵاتی: واتا پێتانوایه‌ پاکسازى له‌داهاتدا، داهاتى زیاتر بۆ حکومه‌ت ده‌گه‌رێنێته‌وه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: به‌شێکى تر که‌ زۆر گرنگه‌ پاکسازى له‌ داهاتدا بکرێت، له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکدا له‌ گفتوگۆداین و داهاتى خاڵه‌ سنوریه‌کان و پێداچونه‌وه‌یه‌کى گشتگیر به‌ سیسته‌مى باج دا بکرێت که‌ به‌شێک له‌ کۆمپانیا گه‌وره‌کان ئه‌وانه‌ى که‌ له‌خاڵه‌ گومرگیه‌کانه‌وه‌ مه‌واد هاورده‌ ده‌که‌ن گومرگ ناده‌ن، جا چ به‌ناوى لێبوردنه‌وه‌ بێت، یان به‌ناوى ترانزێته‌وه‌ کاڵا داخڵده‌که‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى  کۆمه‌ڵێک بوارى تر هه‌یه‌ داهات و خه‌رجى که‌ داهاته‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام کۆمپانیا بۆ خۆى ده‌بات به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌مه‌ى چاکسازى له‌ خه‌رجیدا ده‌کرێت، ‌هاوڵاتی: دۆسیه‌ى نه‌وت گه‌نده‌ڵى تێدایه‌ تا پاکسازى تێدا بکرێت؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ له‌ بوارى نه‌وت دا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت دوو بوار که‌ زۆربه‌ى داهاتى نه‌وتى بۆ ده‌ڕوات به‌ناوى خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش کۆمپانیاکانى نه‌وت ده‌که‌ن پاره‌یه‌کى زۆر ده‌به‌ن که‌ له‌ژێر چاودێریدا نین و پشتیوانیه‌کى به‌هێزى حزبیان هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ خه‌ده‌ماتێک 10هه‌زار ببات، ئه‌مان چوار قات و پێنج قات پاره‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌.  به‌ناوى کۆمپانیاى ئه‌منییه‌وه‌ له‌سه‌دا 48 پاره‌ى موچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێم بۆ هێزى ئه‌منى و سه‌ربازى ده‌ڕوات که‌ به‌رپرسه‌کان کۆمه‌ڵێک کۆمپانیاى ئه‌منى و سکویریتیان داناوه‌ بۆیه‌ به‌شێکى باشى داهاتى نه‌وت بۆ ئه‌وان ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ چاکسازى  له‌ خه‌رجیه‌کاندا گرنگه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که‌ ته‌واو بێت، پێویسته‌ چاکسازى له‌ داهاتیشدا بکرێت. ‌هاوڵاتی:زۆر باسى دوو موچه‌ و سێ موچه‌ و پێنج موچه‌ش کراوه‌، بایۆمه‌ترى توانى بندیوار نه‌هێڵێت؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: تائێستا هیچ ئامارێک نیه‌، به‌ڵام ده‌توانین بلێین بایۆمه‌ترى نه‌بووه‌ هۆى که‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى موچه‌خۆران و ڕێشى له‌ بندیواری نه‌گرت، بڕى ته‌رخانکراوى بودجه‌ دواى بایۆمه‌ترى زیادیکرد بۆ موچه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا. ناکرێت له‌یه‌ک کاتدا که‌سێک موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ى دێرین وه‌رده‌گرێت و زیندانى سیاسیش وه‌رده‌گرێت و له‌ گفتوگۆداین که‌ چى به‌ مینحه‌ هه‌ژمار بکرێت و چى به‌ موچه‌ دیارى بکرێت. ‌هاوڵاتی: کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ بڕى نزیکه‌ى سه‌د ملیار دینار بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت؟ پێتوایه‌ ئه‌مجاره‌ش هه‌مان نیه‌ت هه‌بێت له‌لایه‌ن کابینه‌ى نۆیه‌مه‌وه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: پێموایه‌ هه‌رژماریه‌ک باسبکرێت ده‌قیق نیه‌، هیچ که‌س به‌ته‌واوى نازانێت دواى په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ى چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان چه‌ندێک پاره‌ بۆ حکومه‌ت ده‌گه‌رێته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان زۆربه‌یان خه‌ڵکیان بۆ خانه‌نشین کراوه‌، گۆڕان ئاماده‌یه‌ ئه‌وانه‌ى خانه‌نشین کراون به‌پێى یاسا موچه‌کانیان رێکبخرێته‌وه‌؟ ئێوه‌ ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بن بۆ پشتیوانیکردنى؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بین، به‌ڵکو ئه‌مه‌ قانونه‌که‌ دایناوه‌ و ئه‌بێت ببڕدرێت که‌ نه‌بردرێت ئه‌بێت ئه‌وه‌ى پێشوو تریش لێى وه‌ربگیرێته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: له‌ماوه‌ى رابردودا  شۆڕش حاجى، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندنى گۆران  باسى له‌وه‌کرد که‌ چاودێرى وردى حکومه‌ت ده‌که‌ن، ئێوه‌ به‌شدارى حکومه‌تان کردووه‌ کێشه‌تان بۆ دروست ناکات له‌گه‌ڵ پارتى که‌ پێشتر ده‌یانوت نابێت قاچێکت له‌ حکومه‌ت بێت و چاچێکت له‌ ئۆپۆزسیۆن؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م مه‌هفومه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ئێمه‌ به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئیش ده‌که‌ین و له‌هه‌ر وه‌زیرێک و وه‌زاره‌تێک گه‌نده‌ڵى و گومان و ناڕۆشنى و لێڵى و هه‌ڵه‌ له‌کاره‌کانیدا هه‌بوو ده‌یخه‌ینه‌روو ئاشکراى ده‌که‌ین و چاوپۆشى له‌که‌موکورییه‌کانى حکومه‌ت ناکه‌ین و چاودێرى ده‌که‌ین. په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان دایناوه‌ پرسیارى ئاراسته‌ ده‌که‌ین و بانگهێشتى وه‌زیره‌کان ده‌که‌ین و قسه‌ى له‌سه‌رى ده‌که‌ین و هه‌ر لایه‌نێک که‌موکورتى هه‌بێت قسه‌ى جدیمان ده‌بێت و له‌ئێستاشه‌وه‌ چه‌ندین فایلمان ئاماده‌کردووه‌ بۆ کابینه‌ى نوێ و به‌پێى وه‌زاره‌ته‌کان که‌یسه‌کانى گه‌نده‌ڵى ڕه‌وانه‌ ده‌که‌ین بۆ چاره‌سه‌ر.  به‌هیچ شێوه‌یه‌ک  گرفتمان بۆ دروست نابێت که‌ که‌سێک پێى وابێت ئێمه‌ له‌ حکومه‌تداین چاوپۆشى له‌ گه‌نده‌ڵى و کوموکورتى و نادادپه‌روه‌رى ده‌که‌ین ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وه‌زیره‌کانى خۆشمان بێت چاوپۆشیان لێ ناکه‌ین. ‌هاوڵاتی: حکومه‌تى هه‌رێم له‌مساڵدا پرۆژه‌ى  بودجه‌ى  2020ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان، ئه‌م پرۆژه‌ى چاکسازییه‌ ده‌کرێته‌ یاسا تا فریاى پرۆژه‌ى بودجه‌ بکه‌وێت؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: نه‌خێر پرۆژه‌ى بودجه‌ دواى پرۆژه‌ى چاکسازى ده‌که‌وێت و به‌ته‌ئکید گۆڕانکارى تێدا ده‌کرێت و به‌سێ مانگ پرۆژه‌ى چاکسازى ده‌چێته‌ بوارى جیبه‌جێکردنه‌وه‌. ‌هاوڵاتی: پۆستى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆکاروبارى چاکسازى و پۆستى سه‌رۆکى داهاته‌ نه‌وتیه‌کان وه‌ک پشکى گۆڕان له‌کابینه‌ى نۆیه‌م یه‌کلاکراوه‌ته‌وه‌، پۆسته‌کان پێویستى به‌یاسایه‌ تا ده‌ستبه‌کاربن یا گفته‌که‌ چیه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: یاساى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌کان یاساى بۆ ده‌رچووه‌و بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ چاکسازى له‌گفتوگۆداین.

‌شاناز حه‌سه‌ن له‌ قۆناغى یه‌که‌مى هەڵدانەوەی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى سه‌ماوه‌ لە مانگی رابردوودا 171 رووفات ده‌رهێنراون، کە 74 رووفات منداڵن و 97 رووفاتیش ژن بون. هه‌موویان ڕه‌وانه‌ى په‌یمانگه‌ى پزیشکى دادوه‌رى به‌غداد کراون به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى نموونه‌ی دى ئێن ئه‌ی. قۆناغى یه‌که‌مى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌که‌ى سه‌ماوه‌ له‌ 23ى مانگى7ى 2019 ده‌ستیپێکرد، کە پێشتر هەڵدانەوەی دواخرا له‌سه‌ر داواى ته‌یمور عه‌بدوڵلا کە تاقایەنەیەکی ئەفالە و لە ساڵی ١٩٨٨ یەکێک بووە لەوانەی لە سەماوە ویستراوە زیندەبەچاڵ بکرێت بەڵام توانیویەتی خۆی رزگاربکات. سیروان جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان له‌وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى وت»له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى سه‌ماوه‌ 171 رووفات ده‌رهێنران، 74 رووفات منداڵن و 97 رووفاتیش ژن بون». وتیشى»هه‌موو رووفاته‌کان هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ و ڕه‌وانه‌ى په‌یمانگه‌ى پزیشکى دادوه‌رى به‌غداد کران به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى نموونه‌ی دى ئێن ئه‌ی بۆ هه‌ر یه‌که‌یان». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌دواى ته‌واوبونى نمونه‌ى سامپڵى ئێسک، بۆ رووفاته‌کان ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێنه‌وه‌ و هه‌ر یه‌که‌یان له‌زێدى باوک و باپیرانیان به‌خاک ده‌سپێردرێنه‌وه‌و پاشان نمونه‌ له‌خێزان و کەسوکاریان وه‌رده‌گیرێت و هه‌ر گۆڕێک کۆدێکى له‌سه‌ر ده‌بێت و به‌ناوى خاوه‌نه‌که‌یه‌وه‌ ده‌نوسرێت. وتیشى» به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌کى زۆرى پێده‌چێت و نزیکه‌ى شه‌ش مانگى پێده‌چێت تا له‌ به‌غداد دێنه‌وه‌«. سیروان جه‌لال ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد» زۆربه‌ى ده‌ستیان به‌ده‌ستى دایکیانه‌وه‌ بووه‌و دایکێک ده‌ستى له‌ملى چوار منداڵى خۆى کردبوو». گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەدووری 100کم دەکەونە بیابانەکانی باشووری شاری سەماوە ناوەندی پارێزگای موسەننا. ئەم رووفاتانە بەشیک بوون لەوانەی کە کەوتنە بەر پەلاماری ‌حکومەتی بەعس لەژیر ناوی ئەنفال کە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 لەلایەن حکومەتی بەعس بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن دژی کورد دەستیپێکرد. لە ئەنجامدا و لە هەشت قۆناغدا زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو ١٧١ روفاتە سەرجەمیان خەڵکی گەرمیانن بەتایبەتی ناحیەی کوڵەجۆ کە بە دووری ١٧ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری کەلار.  فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌ ‌هاوڵاتى ڕاگه‌یاند «پێشبینى چه‌ندین گۆڕى دیکه‌ له‌ سه‌ماوه‌ ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تاوه‌کو ئێستا دیاره‌ دوو گۆڕى دیکه‌ هه‌یه‌‌و دواى پشووه‌کانى جه‌ژنى قوربان کارى هه‌ڵدانه‌وه‌یان بۆ ده‌که‌ین». وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان باسى له‌وه‌شکرد گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانى سه‌ماوه‌ له‌وه‌ زیاتر  رووفاتیان تێدایه‌ که‌پێشبینى ده‌کرێن «گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌که‌ى یه‌که‌م پێشبینیمان ده‌کرد 80 روفاتى تێدابێت، که‌چى 171 رووفاتى تێدابوو». له‌سنوورى پارێزگاى سه‌ماوه‌ چه‌ندین گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ئه‌نفالکراوانى کوردستان هه‌یه‌ ‌و تاوه‌کو ئێستا سێ گۆڕى به‌کۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ئاسۆ کانه‌بى، له‌ساڵى 1992 له‌دایکبووه‌ و له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌هره‌ى وێنه‌کێشانى هه‌بووه‌ و به‌شى شێوه‌کارى په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌کان و کۆلێژى هونه‌رى  لقى په‌یکه‌رسازى ته‌واو کردووه‌، به‌شدارى چه‌ندین پێشانگاى له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات کردووه‌، 12ساڵه‌ کارى په‌یکه‌رسازى ده‌کات، له‌پاڵ هونه‌ره‌که‌یدا کارى ده‌لاکى ده‌کات.   هاوڵاتى: هونه‌رى په‌یکه‌رسازى چییه‌ لاى تۆ؟ ئاسۆ کانه‌بى:  به‌ڕاى من هونه‌رى په‌یکه‌رسازى له‌کۆندا زیاتر بۆ په‌رستن به‌کارده‌هات، به‌ڵام له‌ئێستادا بۆ وروژاندنى بابه‌تێک یان په‌یامێک یان جوانى پێشکه‌ش به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌که‌وه‌، به‌تایبه‌تیش به‌بڕواى من هه‌موو شتێک دوو لایه‌نى هه‌یه‌، ده‌کرێک له‌ ڕێگه‌ى هونه‌رى په‌یکه‌رسازیه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ ئاینى ئیسلام بکرێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: ئایا هونه‌ره‌که‌ت بۆته‌ دابین کردنى بژێوى ژیانت؟ ئاسۆ کانه‌بى:  له‌ کوردستاندا تاکو ئێستا نه‌بۆته‌ کار و بژێوى ژیانى هونه‌رمه‌نده‌که‌ دابین بکات، به‌ڵام بۆمن تائاستێکى باش بۆته‌ بژێوى ژیانم له‌ ڕێگه‌ى فرۆشتنى کاره‌کانمه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: چۆن ده‌توانیت هونه‌ره‌که‌ت پێشبخه‌یت؟پلانت چییه‌؟ ئاسۆ کانه‌بى:  له‌ئێستادا سه‌رقاڵى کردنه‌وه‌ى ناوه‌ندێکم به‌ناوى ئاسۆ که‌ ده‌بێته‌ ئاسۆیه‌ک بۆ هونه‌رى په‌یکه‌رسازى له‌ کوردستان و به‌ بزنزکردنى هونه‌رى شێوه‌کارى و ده‌ربازبون له‌و گێژا‌وه‌ى که‌ هونه‌رى شێوه‌کارى تێیکه‌وتووه‌، وه‌ ناوه‌نده‌که‌ ده‌بێته‌ ئاسۆیه‌ک بۆ ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ى ده‌یانه‌وێت په‌ره‌ به‌ تواناکانى خۆیان بده‌ن و ببێته‌ جێگایه‌ک بۆ کڕین و فرۆشتنى کارى هونه‌رى. هاوڵاتى: هه‌ندێک له‌ په‌یکه‌ره‌کانت که‌سایه‌تى سیاسین، ئه‌مه‌ داوات لێکراوه‌ یان حه‌زى خۆته‌؟ ئاسۆ کانه‌بى: له‌ڕاستیدا زۆرجار داوام لێکراوه‌ که‌ کاریان بۆبکه‌م، هه‌ندێک له‌ کاره‌کانیشم خواستى خۆم بووه‌. هاوڵاتى: جگه‌ له‌ په‌یکه‌رى مردووه‌کان؟هى زیندوه‌کانیش ده‌تاشیت له‌سه‌ر خواستى خۆیان؟ ئاسۆ کانه‌بى:  ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕیوه‌ هه‌ر په‌یکه‌ر بۆ مردوو بکه‌ین، من زۆر جار په‌یکه‌رى که‌سایه‌تیه‌کان یان ئه‌و که‌سه‌ى کارێکى ده‌وێت، من هه‌ر وه‌ک لایه‌نى ئیستاتیکى ده‌یکه‌م، یان لایه‌نى ماددى، چونکه‌ پێم وایه‌ هونه‌ر لاى من هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو دروست کردنى په‌یکه‌ر ته‌نیا بۆ جوانیه‌ و هیچى تر، هونه‌ر له‌ ناخى خۆمدا شتێکى تره‌ که‌ ده‌بێت کارى هونه‌رى په‌یامێکى له‌ پشته‌وه‌ بێت ئه‌و کات پێى ده‌وترێت هونه‌ر.  هاوڵاتى: تائێستا کێ داواى لێکردویت که‌ په‌یکه‌رى بۆ بتاشیت؟ ئاسۆ کانه‌بى:  زۆرێک له‌ خه‌ڵکى ئاسایى و که‌سى سیاسى و که‌سایه‌تى حکومى، به‌ڵام من زیاتر کار بۆ که‌سه‌ تایبه‌ته‌کان ده‌که‌م، که‌متر کار بۆ سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌که‌م. هاوڵاتى: کێ خه‌رجیى کاره‌کانت دابین ده‌کات؟ ئاسۆ کانه‌بى: ته‌نیا خۆم، خۆم ناوه‌ندێکم هه‌یه‌ که‌ کاره‌کان ده‌که‌م و ده‌یانفرۆشم که‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ به‌شێکى سه‌ره‌کى داهاتى من تا بتوانم په‌ره‌ به‌توانا و کاره‌کانم بده‌م له‌ئێستادا. ‌هاوڵاتى: په‌یکه‌رێک چه‌ند کاتى پێویسته‌ بۆ دروست کردنى؟چه‌ندى تێده‌چێت؟ ئاسۆ کانه‌بى:  به‌پێى په‌یکه‌ره‌که‌ جیاوازه‌ و کات و تێچووى ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌ گشتى پۆترێت به ‌300 دۆلار  ده‌که‌م و مه‌دالیا به‌ 100 دۆلار. هاوڵاتى:ئایا ئه‌مه‌ نرخێکى ستانداره‌ و یان هونه‌رمه‌نده‌که‌ دیاریده‌کات؟ ئاسۆ کانه‌بى: زۆرجار پێمان ده‌وترێت که‌ ئه‌مه‌ نرخێکى زۆر هه‌رزانه‌ و به‌ڵام له‌ڕاستیدا من ده‌مه‌وێت ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ بینه‌رى کورد ئاشناکه‌م و زیاتر که‌سى ئاسایى حه‌ز به‌م هونه‌ره‌ بکات، کاره‌کانم بچێته‌ ماڵ به‌ ماڵى ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌، چونکه‌ پێم وایه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ به‌م شێوازه‌ پێشکه‌وتنى به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ، له‌وه‌ش تێبگه‌ن که‌ په‌یکه‌ر بۆ په‌رستن نیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا. هاوڵاتى: به‌کارى چ په‌یکه‌رسازێکى جیهانى سه‌رسامیت؟ ئاسۆ کانه‌بى:  ئۆگیست ڕۆدانى فه‌ره‌نسى به‌رده‌وام به‌دواداچون بۆ کاره‌کانى ده‌که‌م که‌ زۆر پێى سه‌رسامم و  کاره‌کانى چێژم پێده‌به‌خشێت. هاوڵاتى: هونه‌ر لاى تۆ چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئاسۆ کانه‌بى: هونه‌ر ده‌بێت داهێنان بێت په‌یامێک له‌ پشتیه‌وه‌ بێت جا گرنگ نیه‌ هونه‌رمه‌نده‌که‌ به‌ چ شێوازێک ده‌یگه‌یه‌نێت، لاى من له‌ڕێگه‌ى دروست کردنى په‌یکه‌ره‌وه‌ ده‌توانم به‌و ئامانجه‌ بگه‌م، چونکه‌ ئازادى ته‌واو ده‌سته‌به‌ره‌ تیایدا و کاتێک خه‌ریکى کارێکى په‌یکه‌رسازین چێژى ته‌واو ده‌به‌خشێت به‌ روح و بیرکردنه‌وه‌ى من، هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستى و بونى خۆم ده‌که‌م، له‌و کارانه‌ى که‌بۆ خۆمى ده‌که‌م ده‌توانم جیاوازتر بیربکه‌مه‌وه‌ له‌که‌سانى ئاسایى و زۆر جوانکارى تێداده‌که‌م و ته‌نانه‌ت واى لێده‌که‌م هه‌ست ده‌که‌م هونه‌ر نیه‌، به‌ڵام هه‌ندێک جار من بۆ ده‌ستکه‌وتنى پاره‌ ده‌یکه‌م، بۆئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌ره‌ به‌هونه‌ره‌که‌م بده‌م. ‌هاوڵاتى: له‌ کوردستان هونه‌رى په‌یکه‌رسازى له‌ چ ئاستێکدایه‌؟ ئاسۆ کانه‌بى: له‌ ئاستێکى زۆر لاوازدایه‌، به‌داخه‌وه‌ که‌ که‌سانێکى زۆر به‌توانا و باش هه‌ن، به‌ڵام هیچ که‌س و لایه‌نێک نیه‌ هاوکارت بێت و ده‌ستت بگرێت تا بگه‌یته‌ سه‌ر پێى خۆت، چونکه‌ هونه‌رێ: نیه‌ ئاسان بێت و له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ک بتوانى بیکه‌یت، بۆیه‌ پێویستى به‌ شوێنى تایبه‌ت و که‌ره‌سته‌ى باش هه‌یه‌، لێره‌ش که‌ که‌سێک داواى کارێک ده‌کات ده‌تبه‌ستێته‌وه‌ به‌ ئه‌و مه‌رجانه‌وه‌ که‌ بۆت داده‌نێت و ئاوا بێت و ئاوا بێت که‌ ئه‌وه‌ رێگرى ده‌کات له‌ داهێنان و کارى نوێگه‌رى.

بڕیار دڵشاد لێرەدا مەبەست لەچەمکی «هاوسەرگیری نێوان خزمان» ئەوەیە کە هەر هاوسەرگیرییەک ڕووبدات لەنێوان دوو کەسدا کە لانی کەم باپیرێک (باوانێک)ی هاوبەشیان هەبێت. واتا ئەم دوو کەسە لە نەوەی یەک خانەوادەبن، وەکو ئامۆزا، خاڵۆزا یاخود پوورزای یەکتری بن. تەنانەت ئەکرێت ئەم پەیوەندییە دوورتریش بێت و کەسەکان خزمی دوورتریش بن وەکو ئامۆزازا (ئامۆزای دووەم) ئەمەش هەر بەهاوسەرگیری نێوان خزمن دادەنرێت. ئەم دیاردەیە لەنزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی گۆی زەویدا دەبینرێت کە ئەمەش دەکاتە زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ، هەروەها ئەم دیاردەیە زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە ناوچەکانی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و ڕۆژئاوای ئاسیادا. بە هەمان شێوە ئەم دیاردەیە لە نێوان کۆچبەرەکانی ئەم وڵاتانەدا دەبینرێت کە لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا دەژین، بەپێی سەرژمێرییەکان دەردەکەوێت کە هاوسەرگیری نێوان خزمان نزیکەی (20_50) لە سەدی سەرجەم هاوسەرگیرییەکان پێکدەهێنن لەم ناوچانەدا. ئەوەی لێرەدا بەدیدەکرێت ئەوەیە کە لەم هاوسەرگیرییانەدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان لە منداڵەکانی ئەم خێزانانەدا زیاترن لەچاو خێزانەکانی دیکەدا، هەروەها ئەم ڕێژەیە زیاتریش دەبێت هەرچەندە هاوسەرەکان خزمی نزیکتر لە یەکدی بن. ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییە بەزیوەکان (نەخۆشییەکە کە پێویستی بەدوو دەلیلی نەخۆشییە کە هەیە تا دەربکەوێت) زۆر زیاترن بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. هەروەها توێژەران ئەمە دەگێڕنەوە بۆ هاوسەرگیری خزمان، چونکە ئەم هاوسەرگیرییە وا دکات کە ئەگەر نەخۆشییەک لە بۆماوەی خانەوادەکەدا هەبێت ئەوا ئەم نەخۆشییە بەردەوام لە نەوەکانیاندا دەربکەوێت چونکە هەردوو هاوسەرەکە دەکرێت هەمان کێشەیان لە جینەکەیاندا هەڵگرتبێت و بەمەش بیگوازنەوە بۆ نەوەکانیان. بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان لە جیهاندا (2-3) لە سەدە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەو خێزانانەدا کەخزمی یەکن، بەرزدەبێتەوە بۆ (٥_٦) لە سەد. بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ئەم کێشەیە، لە ساڵی 2013 دا زانکۆی (عین شمس) هەستا بەئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەک. کە تێیدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان، لەبارچوونی منداڵ وە لەدایکبوونی منداڵ بەمردوویی بەراورد کرا لەنێوان ئەو هاوسەرانەی کە خزمی یەکن و ئەوانەی تریش کە خزمی یەک نین. لەتوێژینەوەکەدا 10 هەزار هاوسەری تەندروست بەشداربوون کە ئەمانە هەشت هەزارو 109 منداڵی نەخۆشیان هەبوو. کە لەم خێزانانەدا ٥٤.٤٪ ی خێزانەکان ئەو خێزانانە بوون کە هاوسەرەکان خزمی یەکترن. لێرەدا توێژەران نەخۆشییەکانیان دابەشکرد بۆ چوار کۆمەڵە: کۆمەڵەی یەکەم: ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی خانەدا هەیە، وەکو نەخۆشی داون (مەغۆلی) و چەند نەخۆشییەکی دیکە، کە ئەم کێشانە بەهۆی کەمبوون یاخود زیادبوونی ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی خانەوە ڕوودەدەن، لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کەخزمایەتی هاوسەرەکان هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییانە. کۆمەڵەی دووەم: نەخۆشییە جینییەکان: لەم جۆرەدا کێشەکان تەنها لە یەک بەشێکی کرۆمۆسۆمێکدان (واتا کێشەکە لەیەک جینی ناو کرۆمۆسۆمەکەدایە، بەڵام ژمارەی کرۆمۆسۆمەکان کێشەیان نییە) کە ئەم نەخۆشییە جینییانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە. -نەخۆش جینیی بەزیو (واتا ئەم کێشەیە لە جینەکانی هەردوو هاوسەرەکەدا هەبووە، ئەمە وای کردووە کە دایک و باوکەکە هەڵگری نەخۆشییەکە بن و بەمەش منداڵەکانیان نەخۆشییەکەیان بۆ گوازراوەتەوە بەشێوەیەکی بۆماوەیی)، نموونەی ئەم جۆرە نەخۆشییە وەکو نەخۆشی تالاسیمیا: هەروەها توێژەران ئەوەیان خستۆتەڕوو کە دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشییانە لەنێو ئەو خێزانانەدا کە هاوسەرەکان خزمی یەکترن 78.8٪ بووە و ئەو خێزنانەش کە خزم نەبوون 21.2٪ بووە. واتا ئەگەری تووشبوونی منداڵان بەتالسیمیا چوار هێندە زیاد دەکات لەو خێزانانەدا کەهاوسەرەکان خزمی یەکن. _نەخۆشییە جینییە زاڵەکان(واتا بە بوونی نەخۆشییەکە لەسەر جینەکانی یەکێک لە هاوسەرەکان ئەکرێت منداڵەکانیان تووشی نەخۆشییەک ببن)، وەکو نەخۆشی مارفان: توێژەران لێرەدا بۆیان دەرکەوت کە خزمایەتی هاوسەرەکان کارناکاتە سەر ڕێژەی دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشییانە. -نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کرۆمۆسۆمی X کە ئەم نەخۆشییانە لە دایکانەوە تەنها دەگوازرێتەوە بۆ کوڕەکانیان، کەڕێژەی ئەم نەخۆشییانەش پەیوەندی نییە بەهاوسەرگیری نێوان خزمانەوە. کۆمەڵەی سێیەم: نەخۆشییە فرە هۆکارەکان، وەکو بوورانەوە (صرع) و لاوازیی توانای مێشک، کە ئەم نەخۆشییانە کۆمەڵێک هۆکاری جینی و چەندەها فاکتەری ژینگەیی دەبنە هۆکاری ڕوودانیان. لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە 69.8٪ی نەخۆشەکان لەو خێزانانەدا بوون کە هاوسەرەکان خزمی یەکتری بوون، و 2.30٪ لەو خێزانانە بوون کە خزمی یەکتری نەبوون. لێرەشدا دەردەکەوێت کە هاوسەرگیری نێوان خزمان دوو هێندە ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بەبوورانەوەو لاوازی توانای مێشک زیاددەکات. کۆمەڵەی چوارەم: نەخۆشییەکانی سیستەمی بەرگری و نەخۆشی شەلەل دەماغ، کە لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان هاوسەرە خزمەکان و هاوسەرەکانی دیکەدا. هەروەها لە هەمان توێژینەوەدا ئەوەش دەرکەوتووە کەڕێژەی لەبارچوونی منداڵ لەهاوسەرگیری نێوان خزماندا نزیکەی سێ هێندە زیاترە بە بەراورد بەو هاوسەرانەی کەخزمی یەک نین. سەبارەت بەنەخۆشییەکانی وەکو بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە و نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە تاکو پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەم نەخۆشییانە زیاتر دەربکەون لەو خێزانانەدا کەهاوسەرەکان خزمی یەکن. لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهاوسەرگیری نێوان خزمان تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەترسییەکی تەندروستییە بۆ دەرکەوتنی چەندەها نەخۆشیی.

کاکەلاو عەبدوڵا چەند بەرپرس و لایەنێکی عێراقی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندی نزیکیان هەیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران ترسیان لێنیشتووە لەوەی رووبەڕووی سزا ببنەوە دوای ئەو سزایانەی بەسەر چەند بەرپرسێکی عێراقی و سەرکردەی سەربازی حەشدی شەعبیدا سەپێنران  لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بەهۆکاری ئەنجامدانی گەندەڵی و پیشێلکاری  مافی مرۆڤ. ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقی سەپاند  کە دوانیان پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەلاحەدین بوون و دوانەکەی تریش سەرکردەی حەشدی شەعبین بەهۆی کەیسی گەندەڵی و زەوتکردنی زەوی و سامانی هاوڵاتیانی پارێزگای نەینەوا و چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ.  سزاکان بەهۆی «یاسای ماگنێتسکی»یەوە سەپێنراوە کە یاسایەکە ڕێدەدات بە حکومەتی ئەمریکی سزا بسەپێنیت بەسەر ئەو کەسایەتییە جیهانیانەی بەرپرسن یان تێوەگلاون لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و گەندەڵی. سزاکان ئەو سامانانە بە ئامانج دەگرێت کە کەسایەتییەکان هەیانە یان خاوەنی بەشێکن لەو سامان و پشکانە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکیدابن یاخود  لەژێر دەستی قەوارە و کەسایەتی ئەمریکیدا بن.  هەروەها سزاکان توانای گەشتکردن و ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان سنوردار دەکەن. هەفتەیەکیش دوای راگەیاندنی بەیاننامەکەی ئیدارەی ترەمپ، بانکی ناوەندی عێراقی هەموو هەژمارەکانی چوار کەسایەتییەکەی هەڵپەسارد و مامەڵەکانیانی ڕاگرت. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات ئەم سزا نوێیانە پەیوەندییان بە کەمپینە فراوانەکەی ئەمریکاوە هەیە بەمەبەستی گۆشەگیرکردنی ئێران. بەپێی راپۆرتەکە، یەکێک لەو چوار کەسایەتییانەی بە ئامانج گیراون پەیوەندی نزیکی هەبووە لەگەڵ چەکدارە میلیشیاکانی ئێران و هاوکاری تەواوەتی کردوون کە لەکاتێکدا بەرپرسی حکومی بووە. هەیسەم ئەلجبوری، بەرپرسی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات کە ئەم سزایانە سەرەتایەکن بۆ سەپاندنی چەند شەپۆلێکی فراوانتر لە سزا بەسەر بەرپرسە عێراقیەکاندا. پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێت، «هەندێک سەرچاوە هەن پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دروستکردنی لیستێکی ٦٧ کەسی کە پێکهاتوون لە بەرپرس و کەسایەتییە عێراقییەکان تا ئەوەی سزایان بەسەردا بەسەپێنێت». بەپێی راپۆرتێکی شەرقولئەوسەت، کە زانیاریەکانی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە وەرگرتووە بەڵام ناوی نەهێنراوە، ئەوە خراوەتەروو ئەو کەسایەتییە عێراقیانەی نزیکن یان سەر بە ئێرانن دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سەروەت و سامانەکانیان لە عێراقەوە بۆ ئێران لە ترسی ئەوەی نەکەونە بەر هێرشی چاوەڕوانکراوی سزاکانی ئەمریکا. سەرچاوەکە دەشڵێت، «هەستێکی ترس پەیدابووە لەناو ئەو کەسایەتیانەی دڵسۆزی ئێرانن و سامانێکی زەبەلاحیان کۆکردوەتەوە لە عێراقدا لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەندێک لەو بەرپرسانە ئاگاداری ئەوەن کە شەپۆلە نوێیەکەی سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە  بۆیە بروایان وایە ئێران باشترین وڵاتێکە بۆ پاراستنی سامانەکانیان و ئەمریکا دەستی پێی ناگات». سەرچاوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو ئەو بەرپرسە عێراقیانە لەڕێی دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتییەوە لە دامەزراوە حکومیەکان ئەو سامانانەیان پێکەوەناوە، جگە لەوەی سوودیان بینیوە لە قاچاغی نەوت لە پارێزگای نەینەوا و بەسرە. لەکاتی راگەیاندنی بەیاننامەکەی ئەمریکا، سیگڵ ماندڵکەر سکرتێری دووەمی وەزارەتی خەزێنە بۆ کاروباری هەواڵگری تیرۆریزم و دارایی وتی، «ئێمە بەردەوام دەبین لە دەستنیشانکردنی ئەو تاوانبارانەی تێوەگلاون لە پێشێلکاری جدی مافی مرۆڤ لەنێویاندا کوشتن و بڕینی کەمە نەتەوایەتییەکان، ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی پلەکانیان دەقۆزنەوە لە حکومەتدا بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان لەسەر حسابی هاوڵاتیان». لەو چوار کەسایەتییە عێراقییەی سزایان بەسەردا سەپیوە دوانیان سەرکردەی حەشدی شەعبین، ئەوانیش ڕەیان ئەلکلدانی و وەعد قادۆن. ڕەیان ئەلکلدانی سەرکردایەتی یەکەی ٥٠ عەشدی شەعبی دەکات و وەعد قادۆش فەرماندەی یەکەی ٣٠ی حەشدی شەعبییە. ڕەیان ئەلکلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابیلۆنی مەسیحییە کە سەر بە حەشدی شەعبییە. یەکەی ٥٠ی ئەلکلدانی تۆمەتبارکراوە بە دانانی بەربەستی سەرەکی لەڕێی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ ماڵ و گوزەرانی خۆیان لە نەینەوا کە بەهۆی داگیرکاری داعشەوە ئاوارەبوو بوون. جگە لەمەش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بزوتنەوەکەی ئەلکلدانی بە ماڵبڕین و تاڵانکاری سیستیماتیکی شارۆچکەی بەتنایا تۆمەتبار دەکات کە شارۆچکەیەکی ئاشوریە و سەر بە پارێزگای نەینەوایە. سەرەڕای ئەمانەش ئەلکلدانی کیڵگەی کشتوکاڵی فرۆشتتوە کە بەزۆرو داگیرکاری دەستی بەسەرداگرتووە و لەپارچە ڤیدیۆیەکدا کە لە ئایاری ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە دەردەکەوێت گوێچکەی زیندانییەکی کەلەپچەکراو دەبڕێت. هەروەها وەعد قادۆ کەناسراوە بە ئەبو جەعفەر ئەلشەبەکی و سەرکردایەتی یەکەی ٣٠ی شەبەکی حەشدی شەعبی دەکات پێشێلکاری جدی ئەنجامداوە دژی مافەکانی مرۆڤ. وەزارەتی خەزێنە بەوە تۆمەتباری دەکات پارەی نایاسایی کۆکردوەتەوە لەڕێی «دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان، دەستگیرکردنی نایاسایی، ڕفاندنی هاوڵاتیان»ی شارۆچکەی بەرتلەی نەینەوا. جگە لەمانەش ئەندامانی یەکەی ٣٠ی حەشدی شەعبی تۆقاندن و جەردەیی و دەستدرێژی سێکسیان ئەنجامداوە بۆ سەر هاوڵاتیان. مایکڵ نایتس، توێژەی واشنتۆن ئینستیتوت بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کە زۆر سەردانی عێراق دەکات و توێژینەوەی مانگانەی هەیە لەسەر بابەتە گرنگەکان لە راپۆرتی ئەم مانگەیدا دەڵێت: «یەکەی ٣٠ و ٥٠ی حەشدی شەعبی نایانەوێت فەرمان لە سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدی وەربگرن و ناشیانەوێت دەستبەرداری ئەو مامەڵە بازرگانیانە  ببن کە پارەی زەبەلاحیان تێیدا دەستدەکەوێت، جگە لەوەی لە ئاستی ناوخۆیدا حەزناکەن دەستبەرداری دەسەڵاتی مافیاییان ببن». دوو کەسایەتییەکەی تریش نەوفل حەمادی و ئەحمەد ئەلجبورین کە هەردووکیان بەهۆی گەندەڵی لە ئیدارە و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە. نەوفل حەمادی پارێزگاری پێشووی نینەوا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرپرسە لە، یاخود تێوەگلاوە لە «گەندەڵی وەکو خراپ بەکارهێنانی داهاتی حکومی، دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی ئەهلی بۆ قازانجی تاکەکەسی، ئەو گەندەڵیانەی پەیوەندیان هەیە بە گرێبەستی حکومی و بەرتیل خواردن و دەرهێنانی سەرچاوەی سروشتی». دەستەی نەزاهەی عێراقی لەسەرەتایی ئەمساڵدا رایگەیاند ئەو بەرپرسانەی نزیک بوون لە نەوفل حەمادییەوە بەرپرسن لە دزینی ٦٤ ملیۆن دۆلار لە خەزێنەی گشتی. ئەو پارەیە، کە گومان دەکرێت دوای نقومبوونی کەشتیەکەی موسڵ کە لە ئازاری ئەمساڵدا روویدا دزرابێت،  رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠٠ کەس.  لەو ٦٤ ملیۆنە ٤٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی موسڵ. نەوفل حەمادی دوای بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنە هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و رایگەیاند، «داوا لە وەزارەتی خەزێنە دەکەم بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، ئەوان پێویستە  زیاتر لەو زانیاریانە بکۆڵنەوە کە دەستیان دەکەوێت، ئەم بڕیارەیان نادروست و سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە». ئەحمەد ئەلجبوری کە پارێزگاری پێشووی پارێزگای نەینەوا بوو و لەئێستاشدا پەرلەمانتارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەلجبوری یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی تەوەرەی نیشتمانی کە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ یەکلایکردنەوەی پۆست و پلە حکومیەکان. ئەلجبوری بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی سزای بەسەردا سەپێنراوە و پێشتریش بەهۆی رێژەی زۆری گەندەڵیەکانی لە پۆستی پارێزگار دورخرایەوە لە ٢٠١٧دا  و سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچوو بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و سامانی گشتی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی . لەکاتی دەرچوونی فەرمانەکەوە ئازادە و بەوە ناسراوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەکات بە پشتگیریکردن و هاوکاری کردنی لایەنگرانی ئێران و میلیشیا ئێرانیەکان کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کار دەکەن. دژی بڕیارەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش  چەند خۆپیشاندانیک ئەنجامدرا کە لەلایەن پارێزگاری ئێستایی سەلاحەدین، عەممار جابر ئەلجبوریەوە سازکرابو و خۆپیشاندەران دژی بڕیارەکەی ئەمریکا وەستانەوە و  پشتگیری خۆیان بۆ «سەرکردە ئەفسانیییەکەیان» ئەحمەد ئەلجبوری دەربڕی. لەسەر ئاستی سیاسیشدا، پەرلەمانتاری عێراقی هەیسەم ئەلجبوری داوای بەپەلەی لە پەرلەمانی عێراق کرد تا ئیدانەی کارەکەی ئەمریکا بکات «تا ئەوەی ئەمریکا دەست نەخاتە نێو کاروبار و یاسای عێراقەوە». هەروەها پەرلەمانتار ئەلیا نسەیف ١٠٢ ئیمزای هاوپیشەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی تاوتوێی ئەو بابەتە بکات و ئیدانەی سزاکانی ئەمریکا بکرێت لە پەرلەماندا.

سازدانى: ئارا ئیبراهیم جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ پارێزگاى که‌رکوک هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ئه‌نجام ده‌درێت و 14 کورسى به‌ کورسیه‌کى کۆتاى مه‌سیحییه‌کانه‌وه‌ بۆ دیارى کراوه‌. رزگار حه‌مه‌ محێدین، جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو که‌ به‌پێى مادده‌ى 35ى له‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان وردبینى له‌ تۆمارى ده‌نگده‌راندا ده‌کرێت و داوا له‌ ئاواره‌کانى که‌رکوک و دیاله‌و موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین ده‌کات په‌یوه‌ندى بکه‌ن به‌ بنکه‌کانى ده‌نگدانه‌وه‌ تا مافى ده‌نگدانیان نه‌فه‌وتێت. ناوبراو جه‌ختله‌وه‌شده‌کاته‌وه‌ هه‌ر لیستێک و حزبێکى نوێ بیه‌وێت به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان بکات  رێکاره‌ یاساییه‌کان ده‌بێت تێپه‌رێنێت، ئه‌گه‌ر کێشه‌ى یاسایى هه‌بێت ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌و رێگه‌ نادرێت به‌شدارى بکات. ‌هاوڵاتى:  مادده‌ى 35 له‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان چ کاریگه‌ریه‌ک له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانى پارێزگاى که‌رکوک دروست ده‌کات؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: که‌رکوک وه‌کو پارێزگاکانى دیکه‌ى عێراق به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات کار به‌ مادده‌ى 35 ده‌کرێت، که‌ کۆمسیۆن ده‌بێت وردبینى له‌ تۆمارى ده‌نگده‌رانى که‌رکوک بکات، به‌راوردکارى تۆمارى ده‌نگده‌ران بکات له‌گه‌ڵ فۆرمى خۆراک و پێناسى بارى شارستانى و بایۆمه‌ترى بکرێت، ئه‌وانه‌ى به‌راوردکارى پێناس و فۆرمه‌که‌یان له‌گه‌ڵ تۆماره‌که‌دا وه‌ک یه‌ک نه‌بێت مافى ده‌نگدانیان نابێت. ئه‌وانه‌ى مادده‌ى 140 ده‌یانگرێته‌وه‌ پێناس و فۆرمى خۆراک و تۆماره‌که‌یان وه‌ک یه‌ک بێت مافى ده‌نگدانیان ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک یه‌ک نه‌بێت ناتوانێت ده‌نگ بدات. ئێمه‌ لیژنه‌مان پێکهێناوه‌ بۆ وردبینى تۆمارى ده‌نگده‌ران، تا 31ى 12ى 2020 ده‌بێت به‌راوردکارییه‌کان بکرێت. یه‌ک ملیۆن و 194 هه‌زار که‌س له‌ که‌رکوک مافى ده‌نگدانیان هه‌یه ‌هاوڵاتى: به‌ڵام هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان مانگى نیسانى 2019 یه‌، بۆ به‌راوردکارى پێناسى ده‌نگده‌ر و تۆماره‌که‌ى ده‌که‌وێته‌ ئه‌وکاته‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان یه‌کى نیسانى 2020 ئه‌نجام ده‌درێت، ئێمه‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتى خۆیدا ده‌که‌ین خۆ به‌راوردکارى پێناسى ده‌نگده‌ر و تۆمارى ده‌نگده‌ران کاتى ده‌وێت و هه‌ر وا ئاسان نییه‌، ئێمه‌ لیژنه‌مان پێکهێناوه‌ خه‌ریکى ده‌بین که‌ى ته‌واو بوو رایده‌گه‌یه‌نین، مه‌رجیش نییه‌ بگاته‌ ئه‌وکاته‌ ره‌نگه‌ پێشتر ته‌واو ببێت. که‌رکوک 13 کورسى بۆ دیارى کراوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک کورسى بۆ کۆتاى مه‌سیحییه‌کان که‌ ده‌بێته‌ 14 کورسى به‌پێى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ‌هاوڵاتى:له‌عێراقدا چه‌ند که‌س مافى ده‌نگدانى هه‌یه‌و له‌ پارێزگاى که‌رکوک چه‌نده‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: له‌هه‌موو عێراق 24 ملیۆن که‌س مافى ده‌نگدانى هه‌یه‌و له‌ پارێزگاى که‌رکوک ملیۆنێک و 194 هه‌زار که‌س مافى ده‌نگادنیان هه‌یه‌. ‌هاوڵاتى: بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک 10 کورسى دیارى کراوه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌که‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک که‌ ده‌نگده‌رى ملیۆنێک که‌متریش بێت 10 کورسى بۆ دیارى کراوه‌، ئه‌گه‌ر پارێزگایه‌ک ده‌نگده‌رى له‌ ملیۆنێک زیاتر بوو بۆ هه‌ر 200 هه‌زار ده‌نگێکى زیاده‌ کورسیه‌کى بۆ زیاد ده‌کرێت. هاوڵاتى: پارێزگاى که‌رکوک چه‌ند کورسى بۆ دیارى کراوه‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: که‌رکوک 13 کورسى بۆ دیارى کراوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک کورسى بۆ کۆتاى مه‌سیحییه‌کان که‌ ده‌بێته‌ 14 کورسى به‌پێى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق. ‌هاوڵاتى: به‌شێکى زۆرى کورد  ئاواره‌ن و نه‌چونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌کانى خۆیان، ئه‌مه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ده‌نگى کورد دروست ناکات؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: بۆ هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ى که‌ هه‌یه‌ و ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستاندان و خه‌ڵکى که‌رکوک و موسڵ و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دینن، به‌هۆى هه‌موارى یاساکه‌ که‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق په‌سه‌ندکراوه‌ ده‌بێت به‌ فۆرمى بایۆمه‌ترى ده‌نگ بده‌ن، په‌له‌ بکه‌ن بۆ گه‌رانه‌وه‌ى بۆ ناوه‌نده‌کانى ده‌نگدان و ناوى خۆیان تۆمار بکه‌ن تا به‌راوردکارى له‌نێوان فۆرمى بایۆمه‌ترى و خۆراک و پێناس له‌گه‌ڵ تۆماره‌که‌یاندا بکرێت تا ده‌نگه‌کانیان نه‌فه‌وتێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ نه‌که‌ن مافى ده‌نگدانیان نامێنێت. ‌هاوڵاتى: دڵنیان له‌وه‌ى وه‌ک کۆمسیۆن ده‌توانن له‌ مانگى نیسانى 2020 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ئه‌نجام بده‌ن؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: وه‌کو کۆمسیۆن هه‌موو هه‌نگاوه‌کانى خۆمان ته‌واو کردووه‌و خشته‌ى دیارى کردنى کاتى هاوپه‌یمانییه‌کان و لیسته‌کانمان هه‌مووى دیارى کردووه‌ بۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردن و پێشکه‌ش کردنى لیستى نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌مووى ته‌واو کراون، به‌ڵام له‌یاساکه‌دا دیارى کراوه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌کى نیسانى 2020 ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌موو ئه‌و کاتانه‌ى دیارى کراوه‌ بۆ حزبه‌ سیاسییه‌کان و هاوپه‌یمانێتى و لیسته‌ نوێیه‌کان و ماوه‌ى بانگه‌شه‌ و لیستى کاندیده‌کان له‌ کۆنگره‌ى رۆژنامه‌نوسى رایده‌گه‌یه‌نین و کاته‌کان روونده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حزبه‌کان لایان ئاشکرا بێت. ئیجرائاته‌ یاساییه‌کان هه‌مووى ته‌واو ده‌کرێت ئه‌و کات رێگه‌ ده‌درێت حزبێک یا لیستێک به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بکات ‌هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر که‌س و لایه‌نێک تۆمه‌تبار بێت به‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى  ده‌توانێت به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان بکات؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: هه‌ر لیست و حزبێک ده‌بێت مۆڵه‌تى ره‌سمى وه‌ربگرێت و واژۆى دوو هه‌زار که‌س کۆبکاته‌وه‌و ژماره‌ى مۆبایلى هه‌ر دوو هه‌زار که‌سه‌که‌ى تێدا بێت و واژۆیان کردبێت له‌گه‌ڵ هاوپێچکردنى په‌یره‌وى ناوخۆى حزبه‌که‌. دوابه‌دواى ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ده‌زگا و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌دواداچون بۆ بروانامه‌ى کاندیده‌کان و کێشه‌ى یاساییان هه‌یه‌ یان نا بۆ ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌رى ره‌وانه‌ ده‌کرێت و ئیجرائاته‌ یاساییه‌کان هه‌مووى ته‌واو ده‌کرێت ئه‌و کات رێگه‌ ده‌درێت حزبێک یا لیستێک به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بکات، واته‌ ده‌بێت هه‌موو لیسته‌کان رێکاره‌ یاساییه‌کان ته‌واو بکه‌ن، ئه‌گه‌ر لیستێک کێشه‌ى یاساى هه‌بێت ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبار بێت به‌ دۆسیه‌یه‌ک یا گه‌نده‌ڵى و هه‌ر شتێکى تر ئه‌وکاته‌ یاسا رێگه‌ى پێنادات به‌شدارى بکات. ‌هاوڵاتى: جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان پاش هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌ستى ده‌بێت یا ئه‌لیکترۆنى؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ده‌نگدان وه‌کو هه‌ڵبژاردنه‌کانى رابردوو ده‌بێت، جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان به‌ ده‌ستى جیاناکرێنه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ ئه‌لیکترۆنى ئه‌نجامده‌درێت.

کاکەلاو عەبدوڵا هەرچەندە بەهۆی هۆکاری جیاجیاوە بەرهەمی نەوت کەمبوەتەوە بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو بەڵام پێشبینیەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەوە دەردەخەن کە ناهاوسەنگی ڕوودەدات لەنێوان خواست و خستنەڕوودا و خستنەڕوو بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادەی دەبێت. دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە کەمی دابینکردنی خەرجی بۆ پرۆژەی نوێ، گەشەی بەرهەمی نەوت دەبوو بەتەواوی دابەزێت چونکە خواست بەشێوەیەکی سەرسوڕهینەر گۆڕانێکی یەکجارەکی بەسەرداهات لە بازاری نەوتدا. زۆرێک لە کڕیارانی بۆرسە، ئەوانەی پشک دەکڕن تا دواتر بە نرخێکی زیاتر بیفرۆشنەوە، پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئەگەر نرخی بەرمیلیک بگەڕێتەوە ١٠٠ دۆلار ئەوا ٢٠٢٠ ساڵی ئەو گەڕانەوەیە دەبوو. بەڵام بەخێرایی ئەو پێشبینییە لەپوکانەوەدایە چونکە یەکەم خەمڵاندنی فەرمی ٢٠٢٠ کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە  دەرچوو لەناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پشتراستی ئەو پێشبینییە ناکاتەوە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە دابەزین گەراوەتەوە نێو بازارەکان بەهۆی هەرزانفرۆشکردنی پشکە نەوتییەکان هەر لەبەر ئەمەشە نرخی نەوت لە ٦٠ دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک.  بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی کە پێشبینی  کۆمپانیا راوێژیەکان و بازرگانانی نەوتی وەرگرتووە ئەوە نیشان دەدات خستنەرووی زیادە روودەدات، نەک ئەو کورتهێنانەی چاوەڕێ دەکرا رووبدات تا ئەوەی نرخی نەوت بەرز بکاتەوە. هۆکاری ڕوودانی ئەمە سێ فاکتەری سەرەکین کە بریتین لە زیادبوونی بەرهەمێنانی نەوتی بەردین، سستی ئابوری جیهانی، قووڵبونەوەی جەنگی بازرگانی. رۆجەر دیوان، چاودێرێکی ڕێکخراوی ئۆپیک لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری (ئای ئێچ ئیس مارکێک) دەڵێت، «هاوسەنگی خواست و خستنەروو بۆ ٢٠٢٠ نیگەرانکەرە وە کەمبونەوەی بڕی خواست بەپێی ئەوەی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووە هاوسەنگییەکە دەخاتە پۆلێنێکی خراپەوە». بەپێی پێشبینیەکان بێت خستنەڕوو زیاتر دەبێت لە خواست بەجیاوازییەکی گەورەوە. بازاڕی نەوت هەر لەئێستاوە ڕەنگدانەوەی  لەرادەبەدەری خستنەڕوو نیشان دەدات بۆ ساڵی ٢٠٢٠.  هەرچەندە بازاڕی نەوت سستییەکی بەخۆیەوە بینیوە لەم دواییانەدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و فەنزوێلا هەروەها کێشەی پیسبوونی بۆری نەوتی دروژبای ڕووسی، کە قەبارەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت ڕۆژانە دەگوازێتەوە، نرخی نەوت دابەزی بۆ ٦٠- ٦٦ دۆلار. ئەم پێشبینیەی کە کراوە بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە کێشە بۆ هاوپەیمانی رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی بەرهەمهێنی دەرەوەی ئۆپیک. ئەگەر پێشبینیەکە راست دەربچێت ئەوا ئۆپیک ناچارە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان درێژبکاتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لەوەی داندراوە. لەدواین هەنگاویدا، ڕێکخراوەکە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە ڕێککەوتنەکەی بۆ نۆ مانگی تر، واتە تا مارسی ٢٠٢٠ درێژکردەوە کە تێیدا هەموو وڵاتانی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک وەک رووسیا و کازاغستان و هتد. یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە  کەمدەکەنەوە  لە بەرهەمهێناندا ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتنی  ئەگەری ڕوودانی خستنەڕووی زیادە لە سەرمایەی نەوتی جیهانیدا و هاوسەنگکردنی نرخی نەوت و دوورخستنەوەی مەترسی لە دابەزینی زیاتری. ڕێککەوتنەکە داوا لە وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپیک دەکات بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە بەڵام هەندێک وڵات ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاتر کردووە و هەندێکی تریش گەشتونەتە ئەو  ڕێژەیەی بۆیان دیاریکراوە یان  زیاد لەو ڕیژەیە کەمیان کردوەتەوە. ڕووسیا ، سعودیە، کوەیت، ئەنگۆلا،  جەزائیر،  عەمان،  مەکسیک، بەحرەین،  ئازربایجان لەو وڵاتانەن کە بەڵینی خۆیان جێبەجێکردووە یاخود بەزیادەوە تێیانپەڕاندووە لەکاتێکدا عێراق،  کازاغستان، مالیزیا، نێجیریا، ئیکوادۆر، ئیمارات، کۆنگۆ، گابۆن لەو وڵاتانەن بەڵێنەکەیان نەبردوەتە سەر و ڕێژەی بەرهەمهێنانیان نەگەیاندوەتە ئاستی دیاریکراو. لەمانگی تەمموزدا ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە گەشتە ٨٢٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا ئەمەش زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە لە ڕێککەوتنەکەدا بەڵێنیداوە کەمی بکاتەوە، ئەویش ٣٢٢ هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا. بەڵام عێراق بەپێچەوانەوە نەک هەر نەگەشتوەتە ئەو ڕێژەیەی بەڵینی داوە بەڵکو ئاستی بەرهەمهێنانی زیاتر کردووە. لە ڕێککەوتنەکەدا عێراق بەڵێیداوە ١٤١ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا کەمبکاتەوە بەڵام لەمانگی تەمووزدا ئاستی بەرهەمهێنانی گەشتوەتە چوار ملیۆن و ٧١٨ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە چوار ملیۆن و ٦٥٣ هەزار بەرمیل ڕۆژانەوە. گەشەی خستنەڕوو سستی بەخۆیە بینیوە بەهۆی پچرانی بەرهەمهێنانی بۆری نەوتی دروژبای رووسی کە ١%ی تێکرای نەوتی خاوی جیهان پێکدێنێت، لەگەڵ کەمبونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ساڵی ٢٠١٨ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، جگە لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپیکەوە. هەرچەندە ئەمانە کاریگەریان هەبووە بەڵام پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمریکی بەردەوامە لە هەڵگەڕانەوەی سستی بەرهەمهێنان بۆ زیادە بەرهەمهێنان. بێن ڤان بوردن، بەڕێوبەری کۆمپانیای «دەچ شێڵی» هۆڵەندی دەڵێت، « جموجۆڵی بازار بەهۆی نەوتی بەردی شێڵەوە گۆڕاوە».  نەوتی شێڵ جۆرە نەوتێکی جیاوازە کە لە جۆرە بەردێک دەردەهێنرێت بەناوی شێڵەوە و دواتر لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا دەگۆڕدرێت بۆ نەوت و گازی دەستکرد. لەئێستادا ئەمریکا باڵادەستی خۆی نواندووە لە بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵدا کە ١٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێ لە ڕۆژێکدا، بەم پێیەش دەبێتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و پێشی هەریەک لە رووسیا و سعودیە دەداتەوە. بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات لەساڵی ٢٠٢٠ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵی ئەمریکی بگاتە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. ئەوەی کڕیارانی پشک خوێندنەوەیان بۆ نەکردبێت سیاسەتە نامۆکانی دۆنالد ترەمپە کە بەرد لەدوای بەرد هەڵدەداتە گۆمی ئابوری جیهانییەوە. لەسەرەتای مانگی ڕابردوەوە سندوقی دراوی نیودەوڵەتی بەهۆی سیاسەتە نامۆکانی ترەمپەوە پێشبینیەکەی خۆی بۆ گەشەی ئابوری چین کەمکردەوە بۆ ٦% بۆ ساڵی داهاتوو کە ئەمەش کەمترین ڕێژەیە لەساڵی ١٩٩٠ەوە و کەمترە لە نیوەی گەشەی ئابووری ١٤،٢%ی ٢٠٠٧ی چین. مارتین راتس، شیکەرەوەی کەرتی نەوت لە کۆمپانیا و بانکی وەبەرهێنانی مۆرگان ستانلی دەڵێت، «بەڵگەی کەڵەکەبوو هەیە لەسەر سستی و کەمبونەوەی خواست، کەمتر لەوەی پێشبینیکراوە». لە سەرتاسەری کۆمپانیا بەکاربەرەکانی نەوتی جیهانیدا، گەشەی بەکارهێنانی ساڵانە سستی بەخۆیەوە بینی و لە مارسی ئەمساڵدا دابەزی و مانگەکانی تریش بەرزبونەوەیەکی بەرچاویان دەرنەخستووە. هەموو پێشبینیەکانی راوێژکارانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان هاوئاهەنگن لەسەر ئەوەی خستنەروو زیاد دەبێت لەساڵی ٢٠٢٠دا. زیادەی بەرهەمهێنان پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردن هەیە چونکە چاوەڕێی ئەوە ناکرێ ئێران و فەنزوێلا بگەڕێنەوە بۆ دۆخی جارانی بەرهەمهێنایان. ئاستی بەرهەمهێنانی هەردوو وڵات لەساڵی رابردوودا دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزیەوە ئەمەش یەکسانە بەو رێژەیەی ئەڵمانیا بەکاریدەهێنێت. کۆمپانیای ڕاوێژکاری «ئێس ئەند پی گلۆبال پلاتس» زیادەی ساڵی داهاتوو بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنێت ئەمەش لە راپۆرتێکدا کە مانگی ئایار بڵاویکردەوە. بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات ١٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادە هەبێت. کۆمپانیای راوێژکاری «ئینێرجی ئەسپێکتس» زیادەکە بە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا دەخەمڵینێت. هەروەها کۆمپانیای «ئای ئێچ ئێس مارکێت» پێشبینی دەکات ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیادە بێت لە ساڵی داهاتوودا. لەگەڵ ئەمەشدا،  زیادەی خستنەڕووەکە جیاوازییەک دروست دەکات لە بازاڕی نەوتدا چونکە زۆربەی کۆمپانیا راوێژکارییەکان پێیانوایە بارەکە دەکەوێتە سەر بەرهەمی پاڵاوتە نەک نەوتی خاو. بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، تەنها لەحاڵەتێکدا گەشەی ئابوری جیهانی بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت ئەگەر کێشە سیاسییە نێودەولەتییەکان و کێشەی جەنگی بازرگانی چارەسەر بکرێن لەگەڵ گەڕانەوەی متمانە بۆ نێو بازاڕ، ئەمەش مانای ئەوەیە  بەپێی پێشبینیەکان  خواست لەسەر نەوت لە یەک ملیۆن  ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە دەگاتە یەک ملیۆن  و ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەگەر سەقامگیری نێودەوڵەتی دروست ببێت.

شاناز حه‌سه‌ن ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى کوردستان رایدەگەیەنێت 25 کرێکارى نیپاڵى کە لە هەریمی کوردستان کاریان کردوە به‌ شێوازى جۆراوجۆر بازرگانیان پێوه‌کراوه‌، راشیدەگەیەنێت به‌دواداچوون بۆ پرسەکە دەکات و په‌رله‌مانى کوردستانیش لیژنه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێکده‌هێنێت. له‌ هه‌رێمى کوردستاندا به‌هه‌زاران کرێکارى بیانى کارده‌که‌ن، که‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیاکانه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێم و به‌شێک له‌ هاوڵاتیان و کۆمپانیا و دامه‌زراوه‌کان وه‌ک خزمه‌تکار کاریان پێده‌که‌ن. زیا پترۆس، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى رایگه‌یاند، 25 کرێکارى نیپاڵى به‌ شێوازى جۆراوجۆر بازرگانیان پێوه‌کراوه‌، به‌دواداچونیان بۆ ئه‌وه‌ کردووه‌ و سه‌ردانى وه‌زیرى نوێ کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تیمان کردووه‌ و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ن. باسى له‌وه‌شکرد، له‌ هه‌ولێر و سلێمانیش حاڵه‌ت هه‌بووه‌ وه‌ک ئوتیل و سه‌نته‌رى مه‌ساجه‌کان و له‌ماڵان و کۆڵانه‌کاندا، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕینمایى بۆ کۆمپانیاکان ده‌ربکرێت نه‌توانن ئه‌و کارانه‌ بکه‌ن که‌ بونیان هه‌یه‌. زیا پترۆس ئاماژه‌ى به‌وه‌دا به‌شێک له‌و کرێکارانه‌ کۆمپانیا و پارێزه‌ر هاورده‌یان ده‌کات و فرۆشتنى ئه‌و مرۆڤانه‌ بازرگانى کردنه‌ به‌ مرۆڤ، کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کرێت. وتیشى «له‌ئێستادا کڕین و فرۆشتن به‌ ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌وه‌ رێگرى باشى لێ کراوه‌ و ناتوانرێت به‌ شێوه‌یه‌کى ئاسان بکرێت، بۆنمونه‌ گورچیله‌ که‌ ڕێکارى زۆر ورد گیراوه‌ته‌به‌ر و ناتوانرێت به‌ئاسانى بازرگانى پێوه‌بکرێت». به‌پێی ئاماره‌کانى ڕوانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، 27 باند له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ک له‌ پارێزگاکانى دیکه‌ له‌ناویاندا هه‌رێمى کوردستان بازرگانییان به‌ ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ کردووه‌ و ژماره‌یه‌ک ئافره‌تیشیان به‌ زۆر خستووه‌ته‌ ناو تۆره‌کانى له‌شفرۆشییه‌وه‌«. ئاماژه‌ به‌وه‌شکراوه‌، زۆربه‌ى ئه‌و تۆڕانه‌ى بازرگانى به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌که‌ن هه‌رێمى کوردستانى عێراق وه‌ک په‌ناگه‌یه‌کى ئارام بۆ ئه‌نجامدانى تاوانه‌کانیان به‌کار ده‌هێنن. ڕوانگه‌ى عێراق بۆ قوربانیانى بازرگانى به‌ مرۆڤ باسى له‌وه‌کردووه‌، بوونى حه‌وت تۆڕى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ له‌ پارێزگاى سلێمانی-یان به‌ به‌ڵگه‌ کردووه‌ که‌ له‌ رێگه‌ى ده‌ڵاڵه‌کانیانه‌وه‌ قوربانییه‌کان ده‌خه‌نه‌ داوى خۆیانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و تۆڕانه‌ هه‌ندێک هه‌ژمارى ساخته‌ له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. به‌دریه‌ ئیسماعیل، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکیدا بۆهاوڵاتى وتى «له‌لایه‌ن چه‌ند کرێکارێکه‌وه‌ ئاگادار کراوینه‌ته‌وه‌ که‌ کڕین و فرۆشتن به‌ کرێکارانى بیانییه‌وه‌ ‌کراوه‌ و چه‌ند کۆمپانیایه‌کمان خستووه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش له‌ شێوازى گرێبه‌ست و زه‌وتکردنى ئازادییه‌ تاکه‌که‌سیه‌کانیش کێشه‌یان هه‌یه‌، ئازادیه‌کانیان قۆرغکراوه‌«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا وه‌ک لیژنه‌ى مافى مرۆڤ دانیشتنى تایبه‌تیان کردووه‌ و بڕیاره‌ لیژنه‌یه‌کى کاتى پێکبهێنین بۆ کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه‌. به‌دریه‌ ئیسماعیل جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ کڕین و فرۆشتن به‌ ئافره‌ته‌وه‌ کراوه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیا و  خاوه‌نکار یان به‌ده‌ر لەوە خاوه‌ن خیزان و سه‌رپه‌شتیارى خێزانیشه‌وه‌. به‌پێی یاسایه‌ک که‌ ساڵى ٢٠١٧ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ریکردووه‌، هه‌ر که‌سێک بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ له‌سه‌رى ساغببێته‌وه‌ پێویسته‌ سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رب‌کرێت. سه‌لیم شوشکه‌یى، په‌رله‌مانتارى عێراق، له‌ لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتىوتى «ئه‌و کرێکارانه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ مافیان پێشێلکراوه‌و ڕوبه‌ڕوى توندوتیژى جه‌سته‌یى بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌نگى ناره‌زایى ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌ک به‌رز نه‌بۆته‌وه‌ تا په‌رله‌مان بتوانێت کارى له‌سه‌ر بکات». وتیشى «ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستى بێت ده‌توانێت داخوازى ئه‌وان جێبه‌جێبکات و په‌رله‌مانى لێ به‌ده‌نگ بهێنێت و سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌وان تۆمار بکات و تائێمه‌ش کارى له‌سه‌ر بکه‌ین».

هاوڵاتى پەرلەمانى عێراق دەیەوێت لەماوەى ئەم خولەیدا یاساى نەوت و غاز پەسەند بکات، کە پرسێکى جێگەى مشتومڕ و ناکۆکى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدایە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا نەتوانراوە یاساکە دەربکرێت. بەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت کاڵ دەبنەوە بەتایبەتی ئەگەر بە تەوافوقی لایەنەکان تێپەڕێنرێت. ئێستا سێ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقن، یەکەم لە ساڵی 2007 پێشکەش کرا بەڵام لەبەرنەبوونی تەوافوقی سیاسیی ئەو پڕۆژەیاسایە بە هەڵواسراوی مایەوە، پڕۆژەی دووەم لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. پڕۆژەی سێیەمیش لەساڵی 2012 لەلایەن لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانەوە پێشکەش کراوە. پەرلەمانى عێراق لە سێ خولى رابردوویدا نەیتوانى ئەو پڕۆژەیە تێپەرێنێت و گرێی ناکۆکییەکان بکاتەوە. لەساڵى 2007 یەکەم رەشنوسى پرۆژەى تایبەت بە یاساى نەوت و غاز خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام پاش تێبینى زۆرى کورد تێپەڕاندنى شکستى هێنا. رەشنوسەکە دەسەڵاتى دابووە سەرۆکایەتى وەزیران بۆ دانانى سیاسیەتى گشتى نەوت لەناویاندا دەرهێنان و بەرهەمهێنان و گواستنەوە تەنها لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆى نیشتیمانییەوە، ئەوەش لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە رەتکرایەوە و بە پێشێلى دەستور ناویبرد. ماددەى 112ى دەستورى عێراق تایبەتە بە دیاریکردنى دەسەڵاتى هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت بۆ دانانى سیاسەتى نەوت و گەشەپێدانى ئەو کەرتە، هەریەکە لە هەرێم و بەغدا بەشێوەى جیاواز شیکردنەوە بۆ ئەو ماددانەى دەستور دەکەن کە تایبەتن بەو پرسە. غالب محەمەد ئەندامى لیژنەى نەوت و وزه لە پەرلەمانى عێراق (گۆڕان) بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، یاساى نەوت و غاز بەهۆى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداوە تا ئێستا نەتوانراوە تێپەڕێنرێت، چونکە یەکێک بووە لە چەقى ناکۆکییەکانى نێوانیان. وتیشى «لەئێستادا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى یاساکە لەم خولەى پەرلەماندا تێپەڕێنرێت، بەڵام تا ئێستا شتێکى کرداریی نەکراوە لەو بارەیەوە و تێپەڕاندنى بەندە بە رێککەوتنى هەرێم و بەغداوە». بەوتەى غالب محەمەد ئەگەر رێککەوتن لەسەر یاساکە بکرێت، بەشێکى سەرەکى کێشەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت چارەسەر دەبێت، چونکە یاساکە دەسەڵاتى دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنى نەوت رێکدەخات کە هەرێم و بەغدا ناکۆکن لەسەرى. بەهۆى دواکەوتن و نەبوونى یاساى نەوت و غازى عێراق، پەرلەمانى کوردستان لەساڵى 2007 یاساى نەوت و غازى هەرێمى پەسەند کرد، بە پشت بەستن بە دەستورى هەمیشەیی عێراق، بەڵام ئەوە نەبووە هۆى ئەوەى عێراق دان بە سیاسەتى نەوتى هەرێمدا بنێت. ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر زۆرێک لە بڕگە و ماددەکانى یاساى نەوت و غاز، بوونە هۆى پەکخستنى لە خولى یەکەمى پەرلەماندا، ئەوەش حکومەتى ئەوکاتەى عێراقى بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى ناچارکرد لەساڵى 2011 رەشنوسى دووەمى یاساکە ئامادە بکات و رەوانەى پەرلەمانى بکات. رەشنوسەکەى دووەم لەلایەن هاوپەیمانى نیشتیمانیەوە رەتکرایەوە و بەهۆیەوە دانیشتنى ئەوکاتى پەرلەمانى بەجێهێشت کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەرى، دواتریش رەشنوسى سێیەم ئامادەکرا بەڵام ئەویش لەلایەن چەند لایەنێکەوە رەتکرایەوە. لە ئێستادا هەرێم و بەغدا چەند لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان، لەناویاندا دۆسیەى نەوت، کە بەشێکى بەهۆى نەبوونى یاساى نەوت و غازەوە بە هەڵواسراوى ماونەتەوە. هەردوولا لیژنەى هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى چارەسەرکردنى کێشەکان و کەشەکە بەئەرێنى ناودەبەن بۆ چارەسەرى کێشەکان، دواى چەند ساڵێکى درێژ لە ناکۆکى لەو بارەیەوە. دانا جەزا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەى یاساى نەوت و غاز لەم خولەى پەرلەماندا تێپەڕێنرێت، کە یاسایەکى گرنگە و بەشێک لە کێشەکانى هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات. وتیشى «هەردوولا نیەت پاکیان پیشانداوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و چەند رەشنوسێکیش هەیە بۆ یاساکە، تا پەرلەمان پەسەندى بکات». دانا جەزا پێیوایە، پەسەندکردنى یاساکە پەیوەندى بەبەرەوپێشچوونى گفتوگۆکانى هەولێر و بەغداوە هەیە لەسەر کێشە هەڵپەسێرداوەکان، لەناویاندا دۆسیەى نەوت، ئەگەر لەسەر ئەوە بگەنە رێککەوتن ئەو یاسایەش پەسەند دەکرێت. یەکێک لە دیارترین کێشەکان لەسەر یاساى نەوت و غاز، پەیوەندى بە چۆنیەتى پێکهێنانى ئەنجومەنى فیدراڵییە نەوت و دەسەڵاتەکانییەوە هەیە، لەگەڵ دەسەڵاتى خەرجکردنى داهاتەکەى، دەسەڵاتى پارێزگا و هەرێمەکان بۆ بەرێوەبردنى دامەزراوەى نەوتیى. تا ئێستا هەرێم و بەغدا چەندین جار هەوڵیانداوە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر ئەو یاسایە، بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون. ساڵى ٢٠١٢ پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بچوککراوەى بۆ تاوتوێکردنى خاڵە ناکۆکەکان لەسەر یاساکە و دانانى رەشنوسێکى نوێ پێکهێنا، بە ئەندامێتى عەبدولکەریم لوعێبى وەزیرى ئەوکاتەى نەوت و ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکان و نوێنەرانى هاوپەیمانى نیشتیمانى و هاوپەیمانى کوردستانى و لیستى عێراقییە. لیژنەکە رێککەوتن لەسەر تیپەڕاندنى رەشنوسى یاساکە، بەپێی تەوافوقى سیاسی، بەڵام رەشنوسەکە هەر لە پەرلەمان مایەوە و پەسەندنەکرا. بەختیار شاوەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى جەختى لە گرنگى یاساکە کردەوە بۆ رێکخستنى پرسی نەوت و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە. باسى لەوەشکرد، پرسەکە بەشێکى پەیوەستە بەوەى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا بە چ ئاڕەستەیەکدا دەڕۆن بۆ چارەسەرى کێشەکانیان. یاساى نەوت و غاز سێ پرسی سەرەکى لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پێکهێنانى کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى، دامەزراندنى ئەنجومەنى باڵاى ئیتیحادى نەوتى، دانانى میکانیزمى دیاریکراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە لە عیراق کاردەکەن. ئەنجومەنى باڵاى ئیتیحادى نەوت لەئەگەرى پێکهێنانیدا دەسەڵاتەکانى زیاتردەبن لە وەزارەتى نەوت و سەرپەرشتى دانانى سیاسەتى نەوتى دەکات بەشێوەیەکى گشتى. ساڵى 2017 وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، رەشنوسێکى دیکەى یاساى نەوت و غازى ئامادەکردووەو رەوانەى ئەنجومەنى وەزیرانى کردووە، بەڵام هەرێمى کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت بەرەشنوسەکە رازى نەبوون، بەو هۆیەشەوە ئەو هەوڵەش شکستى هێنا و تەنانەت نەتوانرا خوێندنەوەى یەکەمیش بۆ رەشنوسەکە بکرێت.

هێمن حەسەن حکومەتى سوریا لەڕێى فەرماندە عەرەبەکانی ناو هەسەدەوە، دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو ئەو هێزەوەو هۆزە عەرەبەکانیش لە دژى ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان هان دەدات. بەرپرسانى هەسەدەو ئیدارەى رۆژئاواش رایدەگەیەنن رژێمى سوریا دەیەوێ شەڕى کوردو عەرەب هەڵگیرسێنێ. هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) کە زۆرینەى فەرماندەو چەکدارەکانی کوردن، نزیکەى پێنج هەزار شەڕڤانیان هەیە کە عەرەبن. جیا لەوەش ناوچەیەکى فراوانى جوگرافى کە زیاتر لە میلۆنێک هاوڵاتى عەرەبى تێدایەو لەژێر کۆنترۆڵى ئیدارەى کوردیدایە، بەڵام لەئێستا حکومەتى سوریا بە دوو رێگا دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو ریزەکانى هەسەدەو رۆژئاواى کوردستانەوە. لەلایەک حکومەتى سوریا فەرماندەکانى هەسەدە لەڕێى پارەو پێدانى پۆست و پلەى سەربازى هان دەدات لە هەسەدە بێنە دەرەوە یان هەر لەناو ئەو هێزەدا شەڕو ناکۆکى لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکەن بەو هۆیەشەوە تائێستا زیاتر لە ١٠ فەرماندەى عەرەب لە هەسەدە جیابوونەتەوەو چوونەتە پاڵ سوپاى سوریا. رژێمى سوریا لەلایەکى ترەوە هۆزو دانیشتوانە عەرەبەکانى رەقەو دێرەزوورو باغۆزو هەجین و چەندین ناوچەى تر لە دژى دەسەڵاتى ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان بە خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایەتى هان دەدات تا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و بەتایبەت وڵاتانى عەرەبى تێدەگەیەنێت کە هەسەدە دەیانچەوسێنێتەوە. دژوار حەلەب، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە بە ‌ هاوڵاتى راگەیاند «رژێمى بەشار ئەسەد دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو هەسەدەوەو هانى فەرماندە عەرەبەکان و سەرۆک هۆزەکان دەدات کە لە هەسەدە جیاببنەوەو دژی ئیدارەى خۆسەر بوەستنەوە، بەڵام رێگە بەهیچ ناکۆکى و ئاڵۆزییەک نادەین لەناو هەسەدەدا». فەرماندەکەى هەسەدە روونیکردەوە بەشێکى زۆر کەم لە عەرەبەکان چوونەتە پاڵ رژێمى سوریاوەو وتی «هیچ کاریگەرییەکیان لەناو هەسەدە دروست نەکردووە، ئەوانەى جیابوونەتەوە نوێنەرایەتى نەتەوەى عەرەب لە ناوەوەو دەرەوەى هەسەدە ناکەن». ئەوەش لەکاتێکدایە لەناو هەسەدەو ئیدارەى خۆسەریدا پۆستەکان بە سیستمى هاوسەرۆکایەتى دانراون کە ئەگەر یەکێکیان کورد بێت ئەوا ئەوى تریان عەرەبە، بۆیە پێکهاتەى عەرەبەکان لە رووى سەربازى و سیاسى و ئیدارییەوە پێگەیەکى بەهێزیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات تا ئێستا چەند جارێک لێکترازان‌ له‌ناو ریزه‌کانی هه‌سه‌ده‌ روویداوه‌و پێکهاته‌ی عه‌ره‌بی ده‌یه‌وێت له‌ هه‌سه‌ده‌ بکشێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا رێکبکەون. بۆیە لەماوەى رابردوودا ژمارەیەکیان جیابوونەتەوەو پەیوەندیان بە رژێمى ئەسەدەوە کردووە. بەپێى راپۆرتێکی رۆژنامه‌ی «الوطن»ی سوری، حمێدی ده‌هام ئه‌لهادی، سه‌رۆکی هۆزی شه‌مه‌ر که‌ سه‌رپه‌رشتی هێزه‌کانی «الصنادید» ده‌کات له‌ناو ڕیزه‌کانی هه‌سه‌ده‌، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریادا  گفتوگۆى کردووە تاکو بگەڕێنەوە ژێر باڵى دیمەشق یان هێزو ناوچەى تایبەت بەخۆیان هەبێت. ژمارەیەک لە ‌هۆزە عەرەبەکانى دێرەزوور، کە ئێستا ناوچه‌کانیان که‌وتووه‌ته‌ ژێر کۆنترۆڵی  هه‌سه‌ده‌، لە په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق و ده‌یانه‌وێت رێککه‌وتنی ژێربه‌ژێری تاکلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ رژێمی سوریادا بکه‌ن تا جارێکى تر سوپاو دامەزراوەکانى حکومەت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. هەریەکە لە هۆزەکانى (ئه‌لبوبه‌نا، حه‌ناده‌، ئه‌لبوسوڵتان) له‌ شارۆچکەى منبج لە رۆژهەڵاتى فورات چاویان بە نوێنەرى بەشار ئەسەد کەوتووەو دەیانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى سوریاو سوپا لەجیاتى هەسەدە حوکمیان بکات. عەبدولکەریم عومەر، ئەندامى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە) جەخت لەوە دەکاتەوە «هەوڵێکى تێکدەرانە» لە بەشێک لە ناوچەکانى باکوورى سوریا هەیە کە هانى پێکهاتەى عەرەب دەدات لە دژى ئیدارەى خۆسەر بوەسێتەوە کە ئەوە رژێمى سوریاو تورکیایان لەپشتە. عەبدولکەریم عومەر، بە‌ هاوڵاتى راگەیاند «هەڵگرتنى چەک و دروستکردنى شەڕ لە دژى هەسەدە بە واتاى تێکدانى ئاسایش و ئارامییە، ئێمە دەزانین دیمەشق و ئەنقەرە دەیانەوێت برا عەرەبەکانمان لێ هان بدەن و شەڕی کوردو عەرەب دروست بکەن، بەڵام ئێمە هەرگیز رێگە بەوە نادەین». لەماوەى چوار مانگى ئەمساڵ ژمارەیەک فەرماندەى عەرەب لە هێزەکانى هەسەدە چوونەتە دەرەوەو لەئێستادا پشتیوانى لە رژێمى سوریا دەکەن، بەڵام ئەو جیابوونەوانە کاریگەرییان نەکردووەتە سەر ریزەکانى هەسەدەو بەشێوەیەکى تۆکمەو رێکخراو ماونەتەوە، ژمارەی ئەوانەشى جیابوونەتەوە زۆر کەمن و زۆرینەى عەرەبەکان لە ئەرکەکانیان بەردەوامن. رژێمى سوریا چەند جارێک کەسوکارى فەرماندە عەرەبەکانى هەسەدەیان تیرۆر کردووەو دواتر دەنگۆى ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە فەرماندە کوردەکانى هەسەدە ئەو کارەیان کردووەو هاوڵاتیانى عەرەب تیرۆر دەکەن تەنیا بۆ ئەوەى ناکۆکى بخەنە ریزەکانی هەسەدەوە. هاوکات تورکیاش بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە عەرەبەکانى ناو هەسەدە لە ریزەکانى ئەو هێزە دووربخاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى رابردوودا لەڕێی دەزگاى هەواڵگرى میتەوە، چەند رێگایەکى بەکارهێناوە، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەى کوشتن و ئەشکەنجەدانى کەسوکارى نزیک لە فەرماندە عەرەبەکان بەجلى شەڕڤانانى کوردەوە تا فەرەماندە عەرەبەکان لەدژى کورد هان بدات. هەروەها یەکێکى تر لەو رێگایانەی حکومەتى تورکیا بەکاری دەهێنێ، لەرێی هەڕەشەکردن لە کەسوکارى ئەو فەرماندە عەرەبانەى لەناو هەسەدەدان لە کەمپەکانى تورکیا بەنموونە وەک ئەوەى بەرامبەر تەلال سلۆ وتەبێژى فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە کردى و دواتر وازى لە هەسەدە هێنا. تورکیا بەلایەوە گرنگ نییە عەرەبەکانى هەسەدە دەچنە بەرەى بەشار ئەسەدەوە یان لە ماڵەوە دادەنیشن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ناکۆکى بخاتە ریزەکانى هەسەدەو شەڕو ئاڵۆزى لەنێوان فەرماندە کوردو عەرەبەکان دروست بکات. ئەمە بەپێی قسەی بەرپرسانی کوردی رۆژئاوای کوردستان.  

هاوڵاتى له‌کاتێکدا بڕیاره‌ مانگى داهاتوو گه‌ڕى سێیه‌مى گفتوگۆ ناڕاسته‌وخۆکانى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و ئێران ده‌ستپێبکات، هێشتا به‌شێکى سه‌ره‌کى ئه‌و لایه‌نانه‌ بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ ئه‌و نێوه‌ندگیرییه‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ سه‌ربگرێت. له‌چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا چه‌ند رێکخراوێکى نه‌رویجى هه‌وڵێکیان بۆ نێوه‌ندگیریی له‌نێوان ئێران و حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌ستپێکرد، له‌کاتێکدا ئێران روبه‌ڕووى گه‌مارۆیه‌کى سه‌ختى نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ رابه‌رایه‌تى ئه‌مریکا. ئه‌و رێکخراوانه‌ بۆ هه‌وڵه‌که‌یان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى هاوکارى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان گفتوگۆیان کردووه‌، به‌ڵام هێشتا هیچ ئاماژه‌یه‌ک دیار نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵه‌که‌ گفتوگۆى راسته‌وخۆى له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا لێبکه‌وێته‌وه‌ که‌ تا ئێستاش له‌ شه‌ڕو ململانێى قوڵدان. حزبه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵات تا ئێستاش به‌توندى دژایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى ئێستاى ئێران ده‌که‌ن و داواى گۆڕینى ده‌که‌ن، هه‌رچى ئێرانه‌ تا ئێستا دانى به‌هیچ یه‌کێک له‌و پارتانه‌دا نه‌ناوه‌. به‌پێی ماڵپه‌ڕى ئه‌لمۆنیته‌رى ئه‌مریکى، بڕیاره‌ مانگى داهاتوو حزبه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان بۆ جارى سێیه‌م له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ شارى ئۆسلۆ کۆبنه‌وه‌، که‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌رێکى نه‌رویجییه‌وه‌ رێکخراوه‌. پێشتر ئه‌و حزبه‌ کوردییانه‌ و ئێران له‌ مانگه‌کانى ئایار و حوزه‌یرانى رابردوودا دوو جارى تر له‌ نه‌رویج کۆبوونه‌ته‌وه‌. حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى وته‌بێژى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران به‌ ‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، کورد له‌هه‌موو پارچه‌کاندا ئاشتیخوازه‌، به‌ڵام رژێمى ئێران نه‌ باوه‌ڕى به‌ کێشه‌ى کورد و ماف و ئازادییه‌کانى هه‌یه‌ و نه‌ئیراده‌ى چاره‌سه‌رکردنى هه‌یه‌. وتیشى «که‌واته‌ چاره‌سه‌رێک له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نایه‌ته‌ کایه‌وه‌، بریا بتوانرایه‌ چاره‌سه‌رێک هه‌بێت، به‌ڵام هیچ شتێک ناکرێت له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت شتێکى وا بکات ده‌بێت زه‌مینه‌سازى بۆ بکات و دۆخى کورد له‌ رۆژهه‌ڵات باش بکات، به‌ڵام ئه‌وان کارى وا ناکه‌ن». حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران مێژوویه‌کى تاڵى هه‌یه‌ له‌دانوستاندا له‌گه‌ڵ ئێران، عه‌بدولره‌حمان قاسملو رێبه‌رى حزبه‌که‌ پێشتر له‌سەروبەندی دانوستاندا له‌گه‌ڵ ئێران تیرۆرکرا. باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌و رێکخراوانه‌ که‌وتونه‌ته‌ ئه‌و بیره‌ى هه‌وڵى رێکخستنى دانوستان بده‌ن له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان و لایه‌نى ئێرانى قسه‌یان کردووه‌، به‌ڵام ئه‌و رێکخراوانه‌ ده‌بێت بزانن که‌ ئێران نیازى کارى له‌و شێوه‌یه‌ى نییه‌ و پێویسته‌ باش ئه‌و وڵاته‌ بناسن. له‌لایه‌نى ئێرانى، گفتوگۆى رێکخراوه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌ید محه‌مه‌د کازم سه‌جادپور دیبلۆماتکارى پێشوو، راوێژکارى پێشووى محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تى تاران ده‌کات له‌ دانوستانه‌کاندا. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌هه‌وڵى نێوه‌ندگیرییه‌که‌ به‌ ‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ تا ئێستا هه‌وڵى نێوه‌ندگیرییه‌ و هیچ گفتوگۆیه‌کى ڕاسته‌وخۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کراوه‌. تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێکى کرداریی ئه‌و هه‌وڵى نێوه‌ندگیرییه‌ دیار نییه‌، که‌ به‌یه‌که‌م هه‌وڵى له‌و شێوه‌یه‌ دانرێت له‌ حه‌فتاکانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا.  حزبه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان تا ئێستا به‌فه‌رمى هه‌ڵوێستى خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ هه‌ستیاریشه‌وه‌ باسى ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌که‌ن که‌ هێشتا هیچ ئه‌نجامێکى دیار نییه‌. ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌، ناوه‌ندى هاوکارى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که‌چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى زۆربه‌ى حزبه‌ کوردییه‌کانى ئێرانه‌ له‌راگه‌یه‌نراوێکدا رایگه‌یاند، بۆ چاره‌سه‌رى پرسی کورد هه‌ندێ لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌وڵدان. جه‌ختیشیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌وان بڕوایان به‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کورد هه‌یه‌ به‌ رێگه‌ى ئاشتیانه‌، به‌ڵام ئێران بڕواى به‌ گفتوگۆ نییه‌ و دانوستانه‌کانى پێشوتریش له‌و باره‌یه‌وه‌ بێمتمانه‌یی دروستکردووه‌.  حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى وته‌بێژى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران وتى «تا ئێستا هه‌وڵى ئه‌و رێکخراوانه‌ هیچى لێ سه‌وز نه‌بووه‌و هیچیشى لێ سه‌وز نابێت، چونکه‌ ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ ئێران ناناسن». باسی له‌وه‌شکرد، ئێران ئه‌هلى چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کورد نییه‌ و وه‌فاى بۆ خاته‌مى و که‌روبى و موسه‌وى نه‌بووه‌، که‌ رۆڵه‌ى رژێم خۆیانه‌، ئێستا چۆن مافه‌کانى کورد دابین ده‌کات که‌ 40 ساڵه‌ به‌ره‌نگارى ده‌بێته‌وه‌. حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى ده‌ڵێت نه‌زه‌رى خۆیان بۆ رێکخراوه‌کان رونکردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان وتویانه‌ هه‌وڵى خۆیان ده‌ده‌ن و پێیان وتن بچن هه‌وڵى خۆتان بده‌ن له‌و باره‌یه‌وه‌ «به‌ڵام پێمانوانییه‌ هه‌وڵه‌که‌ بگاته‌ ئه‌نجام». له‌گه‌ڵ هه‌وڵى ئه‌و رێکخراوانه‌ بۆ رێکخستنى گفتوگۆ له‌نێوان ئێران و حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵات، ئێران له‌م مانگه‌دا بۆردومانه‌کانى بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێم چڕکرده‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌رپرسێکى باڵاى سوپاى پاسداران له‌رۆژهه‌ڵات کوژرا. به‌رپرسێک له‌حزبه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵات به‌ ‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، ئێران پێیوایه‌ حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵات ئه‌و به‌رپرسه‌یان کوشتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ کارى حزبه‌ کوردییه‌کان نه‌بووه‌. به‌ڵام حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى وته‌بێژى حدکا باسى له‌وه‌کرد، بۆردومانه‌کان په‌یوه‌ندیان به‌و رووداوه‌وه‌ نییه‌، یه‌ک پێشمه‌رگه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌باشورى کوردستانه‌وه‌ نه‌په‌ڕیوه‌ته‌ رۆژهه‌ڵات و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. لە ئێستادا کە گەمارۆکانى سەر ئێران چووەتە قۆناغێکى نوێوە و ئابورى ئەو وڵاتەى روبەڕووى خراپترین دۆخ کردووەتەوە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان جموجۆڵیان دەستپێکردووە بە ئاڕاستەى سود وەرگرتن لە سزاکان لەئەگەرى گۆڕانکاریی سیاسیدا، بەڵام هێشتا هەوڵەکانیان چڕنەکردوەتەوە لەو بارەیەوە.  حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران بەگشتى و لەناویاندا حزبە کوردییەکان ساڵانێکى زۆرە چالاکى جۆراوجۆر دژى دەسەڵاتى ئێران دەکەن بە ئامانجى گۆڕینى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە، بەڵام هەوڵەکانیان کاریگەریی ئەوتۆى دروستنەکردووە. حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان تا چەند مانگێک لەمەوبەر هەندێکجار روبەڕووى پێکدادانى چەکدارى لەگەڵ ئێران دەبوونەوە، بەڵام لەپاش هێرشە موشەکییەکەى ئێران بۆسەر بارەگاکانى حدک و حدکا لەکۆیە پێکدادانى چەکدارى ئەوتۆ لەنێوانیان رووینەداوە. حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ماوەى چەند ساڵێکە ناوەندێکى هاوکارییان دروستکردووە بۆ یەکخستنى هەڵوێستەکانیان لەبارەى رووداو و  گۆڕانکارییەکانى ئێرانەوە، لە ئێستاشدا دەیانەوێت لەم دۆخەدا هاوهەڵوێستیان چڕتر بکەنەوە. سەرەڕاى هەماهەنگییەکانى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەناوخۆیاندا، هێشتا ئەو هەمهەنگییە هەموو حزبەکانى نەگرتووەتە خۆ، هەندێ حزب کە لەدەرەوەى ناوەندەکەن دان بە شەرعیەتی ناوەندەکەدا نانێن، جگە لەوەش ئەو حزبانە و حزبەکانى دیکەى ئۆپۆزسیۆنى ئێران پڕۆژەیەکى یەکگرتوویان نەخستووەتەڕوو بۆ بەدیلى دەسەڵات لەئێران لەئەگەرى هەر گۆڕانکارییەکى سیاسیدا. لە چەند هەفتەی رابردوودا چوار حزبی سەرەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتیبوون لە نوێنەرانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک ئەندامانی «ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران»، لەئەوروپا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دیدارو گفتوگۆیان کردوە. عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە ئێستا سەرۆکایەتی خولیی «ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران» دەکات ئەو هەواڵانەی رەت نەکردەوە کە دانیشتنیان هەبوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەناوبژیوانی رێکخراوی سەنتەری نەرویژی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان. عومەری ئیلخانیزادە، بە بەشی فارسی DWی ئەڵمانی راگەیاند «چونە دانوستان‌و گفتوگۆوە لەگەڵ دەولەتی ئێران پێچەوانەی خواستەکانی کورد نییەو گۆڕانکاریی نییە لەسیاسەتی حزبە کوردییەکاندا، کە لەساڵی ١٩٧٩ەوە گفتوگۆمان کردوەو هیچ کاتێک گفتوگۆمان رەتنەکردوەتەوە». جەند سەرچاوەیەکی حزبە کوردیەکان بە DWیان راگەیاندوە کۆبونەوەی حزبە کوردییەکان لەگەڵ نوێنەرانی پایەبڵندی وەزارەتی دەرەوەی ئێران‌و نوسینگەی عەلی خامەنەئی رابەر بوەو لەلایەنی کوردیشەوە سکرتێری چوار حزبەکە ئامادە بون. لەبەرامبەردا تا ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەوە هیچ لێدوانێکیان رانەگەیاندوە. ئیلخانیزادە وتی «ماوەی زیاتر لەساڵێکە چەندین ناوەندی نێودەوڵەتی ناسراوو ئەڵمانی و نەرویجی و سویدی و بەریتانی دامان لێدەکەن رێگەچارەی ئاشتی بگرینەبەر، ئێمەش وەڵاممان ئیجابی بوە، بەو مەرجەی گفتوگۆکانمان بەئاشکرا بێ، دەربارەی کێشەی کوردستان بێ، لەلایەن رابەری و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە رابگەیەنرێت‌و لەژێر چاودێری ناوەندێکی ناسراوی نێودەوڵەتیدا بێت». ئیلخانیزادە وتیشی «ئێران لەقەیران‌و هەلومەرجێکی نالەباردایە لەئاستی ناوخۆو دەرەوە، بۆیە زیاد لەهەر کاتێک پێویستە مل بەخواستەکانی خەڵک‌و رەوتە دیموکراسیخوازەکان بدات».

ئارا ئیبراهیم کەسە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان دەڵێن چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێده‌کرێت گرێ کوێره‌کان بکاته‌وه‌و ببێته‌ چه‌ترى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکات. لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان پێیانوایه‌ نێچیرڤان بارزانى به‌پێى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌توانێت گرێکوێرەکان بکاتەوە کە لەناوخۆی و دەرەوە یەخەی بەهەرێم دەگرن و هەوڵی یەکخستنی لایەنە سیاسیەکان بدات. مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به‌‌ هاوڵاتى وت «نێچیرڤان بارزانى خۆى قاڵبۆته‌وه‌ له‌ کێشه‌و گرقته‌کانى خه‌ڵک که‌ پێویسته‌ چاودێرى کاره‌کانى حکومه‌ت بکات به‌پێى ده‌سه‌ڵاته‌کانى وه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێم». وتیشی «دەبێت یەکێک له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌ گرنگکەکانی ئەوەبێت کە هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان یه‌کگرتوو بکات و هه‌وڵبدات ته‌با و برایه‌تى دروستبکات له‌نێوانیاندا». پێشیوابوو «گرنگه‌« پاڵپشتى یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکات که‌ ببێته‌ هێزێکى نیشتمانى نه‌ک هێزى یه‌کێتى و پارتى.  مسته‌فا چاوه‌ڕش یه‌کێکى دیکه‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێمى به‌وه‌  ده‌زانێت که‌ «ئاوڕى جدیى» له‌ ژیانى پێشمه‌رگه‌ بداته‌وه‌ که‌خه‌ڵکێکى که‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژارن به‌و پێیه‌ى به‌رپرسى یه‌که‌می هێزه‌ چه‌کداره‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌. ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ى یه‌کێتى داواى له‌سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان کرد، به‌رنامه‌ى باش دابنێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم به‌غداو گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و ده‌توانێت سه‌رپەرشتى بکات. وتیشى «نێچیرڤان بارزانى ده‌توانێت واز له‌ململانێى حزبى بهێنێت و سه‌رۆکى هه‌موو لایه‌نه‌کان بکات، ئه‌و ته‌وقه‌ بشکێت جیاوازى له‌نێوان هه‌ولێرو سلێمانى نه‌کات ناو به‌ناو بێته‌ سلێمانى». نێچیرڤان بارزانى، وه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا له‌به‌روارى 28ى حوزه‌یرانى 2019 و له‌وتاره‌که‌یدا به‌ڵێنیدا ئازادى مافى تاک و کۆمه‌ڵگا بپارێزێت. یه‌حیا رێشاوى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتووى ئیسلامى به‌‌ هاوڵاتى وت «ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ ژیانى هاوڵاتیان باشتر بکات و رۆڵى هه‌بێت له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران و چاودێرى کاره‌کانى حکومه‌ت بکات له‌ڕووى باشکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانی رێگاوبان و ئاوو کاره‌باوه‌ که‌پێویستى رۆژانه‌ى هاوڵاتیانه‌«. هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌شى کرد باشکردنى په‌یوه‌ندیه‌کانى به‌غداو جێگربوونى دۆخى دارایى و ئابوورى هاوڵاتیان گرنگه‌ که‌ سه‌رۆکى هه‌رێم به‌پێى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ده‌توانێت کارى بۆ بکات. ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى پارتى پێیوایه‌ سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌توانێت گرێکان بکاته‌وه‌و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و ببێته‌ چه‌ترێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ى هه‌موو جەمسەرەکان. هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى وت «بۆ ئه‌وه‌ى پاڵپشتى ته‌واو هه‌بێت سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌کان ئه‌وانه‌ى ئۆپۆزسیۆنن و ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵاتدان چه‌ترێک بێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو جەمسەرەکان». هه‌روه‌ها ده‌شڵێت «نێچیرڤان بارزانى ده‌توانێت هه‌موو گرێکان بکاته‌وه‌، بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئاوه‌که‌ به‌دروست بڕژێت و سوود له‌په‌یوه‌ندى تورکیاو ئێران وه‌ربگیرێت و کێشه‌ ده‌ستورییه‌کان که ‌له‌نێوان به‌غداو هه‌رێم هه‌یه‌ چاره‌سه‌رى بکات».  ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى بڕواى وایه‌ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ته‌نها له‌هه‌ولێر دانانیشێت، به‌ڵکو چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له‌سلێمانى و دهۆک  دابنیشێت، واقعى کوردستان وا ده‌خوازێت که‌ ده‌توانێت هه‌ندێ بڕیار که‌ ده‌یدات له‌سلێمانى رایبگه‌یه‌نێت». ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داوا له‌سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى هه‌رێم پێکبهێنێت و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا بکات و راو بۆچونیان وه‌ربگرێت له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کان. چالاک موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى وت»  سه‌رۆکى هه‌رێم که‌ ده‌سه‌ڵاتى زۆرى له‌به‌رده‌ستدایه‌ چه‌ترێکى باش بێت له‌نێوان حکومه‌ت و هاوڵاتیان و هه‌موو پارێزگاکانى کوردستان به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا بکات به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌ پارێزگایه‌کى ته‌واو که‌وه‌ک پێویست کارى بۆ نه‌کراوه‌«. ناوبراو یه‌کێک له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم به‌وه‌ وه‌سف ده‌کات که‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى له‌گه‌ڵ حزبه‌کان پێکبهێنێت تا ماڵێکى ئارام دروستبکات»، ئه‌وه‌ش به‌سه‌رکرده‌ى زیره‌ک ده‌کرێت که‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌توانێت ئه‌نجامى بدات». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غداو پرسی که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان چاره‌سه‌ر بکات و خاکه‌که‌ى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان. ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو ده‌ڵێت، سه‌رۆکى هه‌رێم دۆخى ئابوورى هاوڵاتیان باش بکات له‌ڕێگه‌ى چاودێریکردنى کاره‌کانى حکومه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌.

سازدانی: ماری لۆمۆنێ وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین   ماری لۆمۆنێ: وەک چۆن هەر لەسەردەمی فرۆیدەوە باس لە (بەرزە - من) ی مرۆڤ دەکرێت، تۆیش وەک ئاماژەیەک بەحەز و خولیای هەندێک موسوڵمان بۆ شێوەیەک لەشێوەکانی بازرگانی و کڕین و فرۆشی ئایینی، باسی موسوڵمانی باڵا (بەرزە – موسوڵمان) دەکەیت. بەڵام ئەوە دۆخێکی تایبەت نیەو لەسەرتاپای بناغەی جیهانی ئیسلامیدا کاری خۆی دەکات. چۆن گەیشتیتە داهێنان و خوڵقاندنی ئەم چەمکە؟ فەتحی بن سەلامە: بەدرێژایی ١٥ ساڵ کارکردن لەبواری دەروونناسی کلینیکیدا لە ناوچەی (سین سان دۆنی) ی باکوری خۆرهەڵاتی پاریس، خێوی ئەم (بەرزە موسوڵمانە) بەدوامەوەیە و لێم نابێتەوە. من بەهۆی کارە کلینیکیەکانمەوە بۆم دەرکەوتوە کە چۆن هەندێک لەو موسوڵمانانەی تا ئەو کاتە نەریتئاسا و بە شێوەیەکی ئارام پەیوەندی خۆیان بە ئیسلامەوە ژیاون، توشی جۆرێک لە دۆخی ئازارو ئەشکەنجەی دەروونی بێکۆتا هاتوون و پێیان وایە بەپێی پێویست موسوڵمان نین (واتە ئەوە نین کە دەبوو ببن)، بەڵکو کەوتونەتە دۆخێکەوە هاوشێوەی لادان و هەڵگەڕانەوە لەئاینەکەیان. ئەوان هەستێکی قوڵ بە گوناه دەژێن، پێیان وایە لەئاست چاوەڕوانیەکانی موسوڵمانی باڵادا نین و ئارەزوویانە ئەو شکۆو حورمەتە شکاوو لەدەستچووەی خۆیان بگەڕێننەوە، هەر بۆیە دەبێت زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتر بن کەئێستا هەن، بەوەی ئەستۆی خۆیان لە گوناه و خراپەی زۆر موسوڵمان نەبوونەکەیان پاکبکەنەوە و داخوازی زیاتریان بۆ دادپەروەریی زیاتر بەرامبەر بە شوناسی موسوڵمانانەیان هەبێت. لە یادمە ئەو کاتە بەردەوام باسمان لە فەندەمێنتالیزمی ئایینی دەکرد، بەڵام دواتر، پاش قوڵبوونەوەی زیاتر لەتوێژینەوەی گوتاری بزوتنەوەی ئیسلامیخوازی و سەرهەڵدانی، چەشنێکی دیکە لەموسوڵمانی بریندارم بۆ دەرکەوت کە بۆ خۆی پەناگەو شوێنێکی گونجاوی بانگەشەکردنە بۆ ریفۆرم (ئەمە گەر هاتوو نەڵێین تۆڵەسەندنەوە) لەڕێی ئایینەوە. هەر ئەم پێکگەیشتنەی نێوان کلینیک و دۆخی کۆمەڵایەتیش بوو وای کرد وێنەی بەرزە موسوڵمانێک لەبەردەممدا قووتبێتەوە کە دەشێت لە شێوەی ئاڕاستەیەک یان لە چەندین شێوەی تری جیاوازدا بەرجەستە ببێت کە خۆنمایشکردن و دەربڕینیەتی لە خۆی بۆ ئەوەی زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتر بێت کە هەیە، تا لەڕێی ئەو کەفوکوڵە ئایینیە زیاد لە پێویستەوە، لەو هەستکردن بە شەرم و گوناهە ڕزگاری ببێت و کەمێک ئاسودەبێت. ماری لۆمۆنێ: دەتوانین بزانین لەسەر ئاستی مێژوویی، ئیسلامیزم چۆن ئەم وێنەیەی بەرهەمهێناوە؟ فەتحی بن سەلامە: جیهانی ئیسلامی زیاد لە سەدەیەکە لەدۆخی جەنگدایە. بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە کەوتۆتە بەر پەلاماری سەربازی و لە هەموو پارچەکانیدا بە شاراوەیی بووبێت یا بە ئاشکرا، دوچاری جەنگی ناوخۆ هاتووە.  ئەو بەردەوامیەی جەنگیش ئەو دۆخەی دروستکردووە کەئێستا دەیبینین: ڕستێک کۆمەڵگەی تێکشکاو، لە هەندێک دۆخدا خودکوشندە و خۆوێرانکەر. بەڵام دیمەنی یەکەم و سەرەتای ئیسلامگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکەی ناپلیۆن بۆ سەر میسرو شۆکی ئەو بەریەککەوتنە توندوتیژە بەهێزی خۆرئاوایی. هەر خودی ئەو شۆکە ئازاربەخشەیشە کە جەنگێک لەناو خودی ئیسلامدا هەڵدەگیرسێنێت و دەیکات بە دوو بەرەوە، بەرەی ڕۆشنگەرەکان و بەرەی ئەوانەی داگیرکردنەکەی ناپلیۆن بە خاپورکردنی ژیارەکەیان دەزانن. ئەگەر هەندێک ئیلیت و هەڵاوێرد هەوڵیان دەدا هەڵبژاردنی سیاسیانەی ئەوروپی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا بە گونجاو بزانن و بەکاری بهێنن، بەشێوەیەک کە چ وەک باوەڕ و چ وەک ئاکاریش لەگەڵ ئیسلامی وێناکراودا تەبادێتەوە – کە ئەمەیش لەسەدەی نۆزدەیەمدا دەبێتە مایەی لەدایکبوونی بزوتنەوەی ڕێنیسانسی عەرەبی- ئەوا کاردانەوەی هەندێکی تریان بریتی بوو لەڕەتکردنەوەو دژایەتیکردنی ئەو بزاوتە ڕۆشنگەرانەیە. چرکەساتی یەکاڵاکەرەوەی لەدایکبوونی کەڵکەڵەی ئیسلامگەرایی لەگەڵ داڕمانی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە ساڵی 1924 دەستپێدەکات، دۆخێک کەزۆر کەس پێیان وابوو داڕمانی نمونەو ئیدیاڵی ئیسلامییە. خودی هەستکردنەکەیش بە ناپاکی و چەوسانەوە، ئا لێرەوە دێت، هەستێکی ئەوتۆ بە شکان و دۆڕاندن، هاوشێوەی ئەو شکستەی ئەڵمانیا لەجەنگی جیهانی یەکەمدا توشیهات. هەر لەساڵی  1924 یشەوەیە کە ئیسلامگەرایی لە یەکەمین فۆرم و بونیادی سەرەتایی خۆیدا لەڕێی (ئیخوان موسلمین)ەوە دەردەکەوێت و دەکەوێتە دژایەتیکردنی خۆرئاوا وەک داهێنراوێکی سیاسی، واتە ژیانێکی هاوبەش بەبێ دەستتێوەردانی خودا. بنەمای بیرکردنەوەی ئیخوانیانە بریتیە لەگەڕانەوە بۆ ئایین وەک چارەسەرێک بۆ هەموو گرفتەکان (دروشمەکەی ئیخوان بریتیە لە: ئیسلام چارەسەرە). خواست و ویستی موسوڵمانانیش بۆ چەمکی (بەرزە موسوڵمان) هەر لێرەوە لەدایک بووە، وەک چۆن هەر لەسەرەتایشەوە ئیسلامگەرایی جۆرێک بوو لەچاکە دژ بەوەی کەسیاسی بووە. ئا لەم ڕوانگەیەوەیە کە من پێم وایە پێناسەکردنی ئیسلامگەرایی وەک ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی بێت بۆ خۆی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە ئامانجە سەرەکیەکە، مەبەستم بەرهەمهێنانی هێزێکی بانئایینیە کە دیسانەوە بمانبەستێتەوە بەموقەدەسێکی دێرین و سەرلەنوێ بەخەساربردنەوەی قوربانیەوە. دیارە ئەمانە کۆمەڵێک بۆچونن کە مرۆڤ لەئەوروپا لەیادی کردوون و تەواو فەرامۆشکراون... خۆی سروشتی مەسەلەکەیش هەر وایە، خۆ فەندەمێنتالیزم شتێک نیە بەتەنها تایبەت بێت بەجیهانی ئیسلامی. هەریەک لە (ئولیڤێ روا) و (مارسیل غۆشێ) دەریانخستووە کە ئیسلامی رادیکالی وەک دەرەنجامی خاپورکردنی بونیادە ترادسیۆنالیەکان لەلایەن مۆدێرنەوە، بەتەنها ڕوویەکە لەڕووەکانی ئەو توندڕەویەی کە لەزۆربەی ئایینەکانی جیهاندا هەیە. رەنگە تایبەتمەندێتیەکەی ئیسلام لەوەدا بێت کە بەهۆی جەنگەکانەوە، بەشێک لە فەندەمێنتالیزمەکەی چەکدار بووبێت. ماری لۆمۆنێ: ئەمە بەبێ ئەوەی ئەوەمان لە یادبچێت کەئیسلامگەرایی گرەوی لەسەر ئەو بیرۆکەیەیە کە گوایە کۆتایی ئیمپراتۆریای خەلافەت واتە جیابوونەوە و نەمانی پەیوەندی موسوڵمان بەو (نەتەوە)یەوە کە وەک دایکێکی ئامێزگەرم و باوەشکەرەوە لەناوچووە و دەبێت دووبارە دروستبکرێتەوە. دیارە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ و پەشۆکانێکی زۆر بۆ هەوادارانی شوناسی ئیسلامی. فەتحی بن سەلامە: لەبنەڕەتدا ئەمە ئەو سەرلێشێواندنە گەورەیەی ئیسلامگەراییە لەدروستکردنی ئەو وەهمەدا کە گوایە دەبێت گروپی ئایینی، هاوتاو تەبای ئیمپراتوریا بێت. لە دیدی موسوڵمانانەوە، نەتەوە واتە گروپێکی ڕۆحی، مێژووی جیهانی ئیسلامییش زۆری لەوە بەخۆیەوە بینیوە کە چۆن نەتەوە هاوشان و هاوتای ئیمپراتۆریای ئیسلامی بووە، بەڵام تازە ئیمپراتۆریاکە ڕوخاوە، بونیادنانەوەیشی کارێکی مەحاڵە. پێویستە موسوڵمانان واز لەو ئایدیایە بهێنن. پێشتر بەلێشاو ئیمپراتۆریا لەمێژوودا هەبوون، ئیمپراتۆریای ڕۆمانی، فەرەنسی یا ئینگلیزی کەخەڵکی پێیان وابووە هەرگیز خۆریان لێ ئاوا نابێت و ناڕمێن... بەڵام نەیشماون و لەناوچوون. لەناوچوونی ئیمپراتۆریای ئینگلیزی نەبووەتە بەربەست لەوەی کەئینگلیز خاوەن ژیارێکی گەورە و مەزن بن. پەیوەندی نێوان ئیمپراتۆریای رۆمانی و کرستیانتی (مەسیحیەت) پچڕا، بەڵام کرستیانتی هەر بەردەوام بوو. بۆ نمونە فەرەنسا خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هێشتا بەدەست تێپەڕاندنی ئەو ڕابردووە ئیمپراتۆریەیەوە دەناڵێنێت کە وەک خێوێک بە دوایەوەیەتی و لێی نابێتەوە، ئەی نابینیت؟ ڕۆژ نیە سیاسیەک نەیەتە سەر شاشە و نەڵێت: ((پێویستە فەرەنسا مەزنی و گەورەییەکەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە)). بەڵام فەرەنسا بۆ ئەوەی مەزن بێت، پێویستی بەوە نیە ئیمپراتۆریا بێت: ژیاری فەرەنسی بوونی هەیەو لەبەرچاوماندایە و دەیبینین، ئەمە جگە لەوەی کەژیارێکی زۆر مەزنەو چ وەک کولتور و چ وەک پێشکەوتنیش، گەورەیە. کەواتە پێویستە موسوڵمانانیش واز لە وەهمی ئیمپراتۆریا بهێنن و دانی پێدابنێن کە ئیمپراتۆریاکەیان ڕوخاو شکستی هێنا. رەنگە دۆڕان و شکستێک بێت زۆر سەربەرزانەتر بێت لە سەرکەوتنێک، ڕەنگە سەرکەوتنێکیش بێت کە لانیکەم هەرچی و پەرچیەکان (ئۆباشەکان) خاوەنی نین. بانگەشەخوازەکانی ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان  په‌نا دەبەنە بەر هەرزەکاران، لەبەرئەوەی بە سروشتی خۆیان زیاتر جۆرێک لە نەرێنی و دۆخی نێگەتڤ بەرامبەر بە ژیان سەرنجیان دەبات ماری لۆمۆنێ: لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەیشدا کە تۆ باستکردن، هێشتا هەر کەسانێک دەبینین پێیان باشترە لەپێناوی ئەو (خەلافەتە) فانتازی و خەیاڵیەدا خۆیان بدەن بەکوشت. بەڕای تۆ بۆچی ئەو چەشنە مەرگە (خۆکوژیە، خۆتەقاندنەوەییە) زیاتر لەناو هەرزەکاراندا ئارەزووکراوە (سێ بەشی ئەو خۆکوژانەی کردەوەی خۆتەقاندنەوەکان ئەنجام دەدەن تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵاندایە)، بە تایبەتیش لەناو لاوانی خۆرئاوادا کە وەک پرەنسیپ هیچ گرنگیەک بەو ئایدیاڵە ئیسلامیە بریندارە نادەن و باکیان پێی نیە؟ فەتحی بن سەلامە: مەرگ زۆر لەوە زیاتر ئارەزووکراوترە کە ئێمە دەیزانین و باوەڕمان پێیەتی: لە فەرەنسادا ساڵانە ٢٠٠ هەزار هەوڵی خۆکوشتن هەیە، هەر بەڕاستیش بەهۆی کوشتنەوە، ساڵانە ١٠ هەزار کەس دەمرن، ١٠٠٠ کەس لەو ١٠ هەزار کەسە لاوانن. لەمڕۆدا جۆرێک لە بانگەشە و داخوازی بۆ خودکوژی و شەهیدبوون ئاڕاستەی لاوانی موسوڵمان دەکرێت کە گوتارێکی تر پاڵپشتیەتی و دەیبزوێنێت: ئەویش مەرگە لە پێناوی بەرگریکردن لە مەسەلەیەکی بەرز و پیرۆزدا. کەواتە ئەوە خودی داخوازیەکەیە کەهەوڵدان بۆ خۆکوشتن بەهۆی نائومێدی و شکستی دەروونیەوە دەگۆڕێت بە کردەیەکی پاڵەوانانە. ئەڵبەتە ئێمە کێشەکە بە زاراوەکانی داخوازی یا کڕین و فرۆشی بازرگانیی ناپێوین، بەڵام دواجار بازاڕێکیش هەیە بۆ مەرگی ئارەزوکراو، یا خۆقوربانیکردن. بانگەشەخوازەکانی ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان  په‌نا دەبەنە بەر هەرزەکاران، لەبەرئەوەی بە سروشتی خۆیان زیاتر جۆرێک لە نەرێنی و دۆخی نێگەتڤ بەرامبەر بە ژیان سەرنجیان دەبات، جگە لەوەی کە هەرزەکاران قۆناغێکی ئاڵۆز لە گۆڕانی خود و خۆدورگرتن لە ئایدیالیزم دەژێن، قۆناغێک کە تیایدا دەستەوسانن بەرامبەر بە ژینکردنیان لە جیهانە ئەرێنی و پۆزەتڤەکەی مناڵییان و لەڕێی سەرلەنوێ خودداڕشتنەوەوە، بە دوای لایەنگیریی بۆ مەسەلە و گروپی نوێدا دەگەڕێن. ئا لێرەدا کە (گەر بە سوکە ئاماژەیەکیش بێت) پێیان دەوترێت دەتوانن لە ڕێگەی گیانفیدایی و خۆقوربانیکردنەوە بگەنە ئەو چێژە ڕەها و پاڵەوانانەیە، هاوکات بیشگەن بە جیهانێکی باشتر لە قیامەتدا. خۆی ئەمەیشە کە مانا دەبەخشێتە مەرگ، یا رەنگە لەوە زیاتریش بڵێین: ئەوە پاشەڕۆژێک دەبەخشێتە مەرگ و قیامەت. ئەمە خۆی مانای ئاواتی ئایینیە. ئەو لاوانە ساویلکە نین وەک هەندێک کەس پێمان دەڵێن، بێگومان لە ناویاندا کەسی ساویلکە و سادە هەن، بەڵام ئارەزوو بۆ مەرگ شتێکە بوونی هەیە، شتێکی بێمانا و هەروا بە خۆڕایی نیە، هەر بۆیە دەبێت بەهەند وەری بگرین.