کۆچه‌ر عه‌زیز شەیمای تەمەن ١٢ ساڵ عەرەبە و خەڵکی سەڵاحەدینەو لەقەزای خەبات دادەنیشێت و هەفتەی دوو رۆژ بۆ مەلەکردن دەچێتە باخی گشتی دەیەوێت لەگەرمای تاقەتپڕۆکێنی هاوین رزگاری ببێت. شەیماو براکەی بەیانیان زوو لەماڵ دێنە دەرەوە بۆ کارکردن بنێشت و عەلاگە دەفرۆشن، بەڵام زۆربەی رۆژەکان لە دوای کاتژمێر2:00  روودەکەنە باخی گشتی بۆ مەلەکردن بۆ ئەوەی لەگەرمای هاوین رزگاریان بێت و خۆیان فێنک بکەنەوە. شەیما بە ‌هاوڵاتى وت «ئێمە خەڵکی سەڵاحەدینین، بەڵام بەهۆی شەڕەوە هاتوینەتە کوردستان، رۆژانە دێینە بازاڕ کاردەکەین، بەڵام حەزمان لەمەلەکردن هەیە، بۆیە ئەم حەوزە زۆر شوێنێکی خۆشەو بێبەرامبەر دەتوانین مەلەی تێدا بکەین، چونکە ئێمە پارەمان نییە بچین بۆ مەلەوانگە». جگە لەشەیماو براکەی رۆژانە زیاتر لە حەوت بۆ هەشت منداڵی دیکە روو دەکەنە ئەو حەوزە بۆ مەلەکردن کەمنداڵی کوردیشیان تێدایە. لەبەشێک لە پارکەکانی سلێمانیدا چەند حەوزێک هەیە کە بۆ جوانی دیمەنی باخچەکە دانراوە، بەشێک لەمنداڵە عەرەب و ئاوارەکانیش بوونی ئەو حەوزانەیان قۆستوەتەوە بۆئەوەی کە خۆیان پێ فێنک بکەنەوە. منداڵەکان دەڵێن پارەیان نییە بچنە مەلەوانگەکان، بۆیە خۆیان هەڵدەدەنە ناو ئەو ئاوەی ناو باخەکەوە. بەرپرسانی باخچەکەش ناتوانن رێگریی لەو منداڵانە بکەن چونکە پۆلیسیان نیە. ئەگەرچی ئەو مناڵانە بە کەیف و خۆشیەوە خۆیان هەڵدەدەنە ئاوەکەوە، بەڵام پزیشکە پسپۆرەکانی نەخۆشییەکانی هەناوی دەڵێن ئەو منداڵانە تووشی نەخۆشی «گوازراوەو ترسناک» دەبن. تەمیمە، منداڵێکی تر بوو کە لەو کاتەدا مەلەی دەکرد، بۆ ‌هاوڵاتى وتی»ئێمە دەزانین ئەو ئاوە پیسەو بەچاوی خۆم بینیومە خەڵک میزی تێکردوە، بەڵام ئێمە زۆر حەزمان لە مەلەکردنە، بۆیە ناتوانین مەلەی تێدانەکەین». ‌هاوڵاتى لەگەڵ بەشێک لەو کەسانەدا قسەیکرد کە رۆژانە دەچنە ئەو پارکە، ئەو هاوڵاتیانە گلەیی و گازندەیان هەیە و دەڵێن، ئەم باخە موڵکی گشتییە، بەڵام فەرامۆشکراوە، چەندین کەس هەن شەوانە مەشروب و حەبی تێدادەخۆن». لەشاری سلێمانیدا نزیکەی ١٥ باخچە هەیە کەخەڵک بە گشتی بۆ حەوانەوە رووی تێدەکەن، بەڵام هیچ کام لە باخچەکان پۆلیس و پاسەوانی تایبەت بەخۆیان نییە. لەشاری سلێمانیدا نزیکەی 15 باخچە هەیە، بەڵام هیچ کام لەباخچەکان پۆلیسیان نییە، تەنها یەک پۆلیس هەیە ئەویش لە پارکی ئازادییە.  هاوژین عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی بە‌هاوڵاتى راگەیاند، پاراستنی باخچەکان پێویستی بە پۆلیس و پاسەوانی تایبەت هەیە، بەرێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی تەنیا یەک پۆلیسی هەیە ئەویش لە پارکی ئازادییە، لە کاتێکدا بۆ هەر پارکێک بۆئەوەی بەبەردەوامی بپاریزرێت پێویستی بە 10 پۆلیس هەیە، واتا زیاتر لە 150 پۆلیس پێویستە بۆ پاراستنی باخچەکانی سلێمانی. بەڕێوەبەری راگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە چوار ساڵیش دەبێت نوسراویان ئاڕاستەی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی شارەوانی کردوە بۆئەوەی میلاکی پێویستیان بۆ دابینبکەن، بەڵام وەڵامی ئەوان تەنها ئەوەبوە کە ناتوانن، چونکە هیچ میلاک و دامەزراندنێک نییە. وتی «بەس لە کاتی زەرورو  پێویستیدا وەک شەڕکردن و دزیکردن یاخود مەی خوارنەوە لەو حاڵەتانەدا پۆلیس بە هانایانەوە دێت بۆ پاراستنی باخچەکان، بەڵام وەک بەردەوام ئەوانە نییە». وتیشی «هەر شوێنێکیش کە هاوڵاتیان روی تێبکەن بۆ حەوانەوە، بێگومان زیانی بەردەکەوێت، کە زۆرجار باخەوانەکان توشی کێشە دەبن، کە بەو هاوڵاتیانە دەڵێن، هەرچەندە ئەوە ئیشی ئەوانیش نییە».  هاوژین عوسمان، نەیشاردەوە کە ئاگاداری ئەو منداڵانەن و وتی «ئێمە ئاگادارین تا کاتژمێر ٢:٠٠ چاودێرەکانمان کە لەو باخچانەن نا‌هێڵن، بەڵام دوای ئەوە منداڵەکان دەرفەت دەهێنن و دەزانن کەسی لێنیە و مەلەی خۆیان دەکەن». سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ‌هاوڵاتى راگەیاند « تا ئێستا هیچ نوسراوێک لە لایەن باخچەکانەوە بەدەست بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر داواشبکەن ئێمە خۆمان پۆلیسمان کەمە، ناتوانین بۆیان دابمەزرێنین».  ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت باخچەکان خۆیان نوسراو ئاڕاستەی قایمقامییەت و پۆلیسی نەوجەوانان بکەن بۆ بەدواداچون لەسەر ئەو پرسە. وتیشی « ئێمە لەڕوی یاساییەوە ناتوانین بە جلی پۆلیسییەوە لەو منداڵانە نزیک بینەوە و رێگە پێنەدراوە، چونکە لەڕوی دەرونییەوە رەنگە کێشەی بۆ دروست ببێت، وتیشی رەنگە بترسن، یاسا رێگە نادات پۆلیس و نەژدە هەڵکوتێتە سەر منداڵێک بە تاوانی مەلەکردن جا لە هەر شوێنێک بێت، بەڵام ئەرکی ئیدارەی باخجەکانە رێگرییان لێبکەن. پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتیش باسلەودەکات مەلەکردن لە ناو حەوزو مەلەوانگەکاندا لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی هاویندا زۆرە، بەڵام دەبێت ئەو ئاوە پاکژ بێت و بەردەوام ئاوی لەسەر بێت و پلەی گەرمی و کلۆری گونجاوی تێدا بێت رۆژانە پاکبکرێنەوە، بۆئەوەی پێستی مەلەوانەکان نەسوتێنێت. عەقید عابد عەلی پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری بە ‌هاوڵاتى وت «جگە لەوانەش بەشێک لەو هاوڵاتیانە نەخۆشی پێستیان هەیە یان یەکێک لە نەخۆشییە گواستراوەکانیان هەبێت بۆ کەسانی دیکەش دەگوازرێنەوە کە لەمەلەوانگە یان حەوزەکەدا مەلە دەکەن، یان ئەگەر ئاوەکە بچێتە قوڕگیانەوە بۆ هەناسەوکۆئەندامی هەرسیان توشی نەخۆشی دەبن». ئەو پزیشکە دەڵێت «ئەو منداڵانە جلی تایبەتیان لەبەردا نییە بۆ مەلەکردن، لە کاتێکدا دەبێت ئەو کەسانە زۆربەی لەشیان داپۆشن، بۆئەوەی کە ئەگەر برینێک یان ئیفرازاتێک هەبێت بپارێزرێت، یان دیاردەیەکی دیکەش هەیە، ئەو کەسانەی کە لەو شوێنانەدا مەلە دەکەن میز دەکەن زۆر مەترسیدارە، چونکە هەندێک نەخۆشی لە ڕێگەی میزەوە دەگوازرێتەوە». باسی لەوەش کرد لەمساڵیدا چەندین نەخۆش چۆنەتە لایان کە بەهۆی مەلەکردن لەهەندێک لە مەلەوانگەدا کە ئاوەکانیان پیس بوە توشی نەخۆشی پێست و ڤایرۆس و نەخۆشی هەناوی بون.    

  ڕاپۆرت: زە ناشناڵ ئینترێست  وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا دوای چەند مانگێک لە سەرنەکەوتنی وتووێژەکان، تورکیا و  ئەمریکا رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ ڕێکخستنی هەوڵەکانیان تا بتوانن ناوچەیەکی ئارام بنەخشێنن بەدرێژایی زیاتر لە  ٤٠٠ کم لە قەراغ سنوری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تورکیا.  زۆربەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی کوردانی سوریا کۆنترۆڵ دەکرێت کە تورکیا بە رێکخراوی» تیرۆرستیان» دەزانێت، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕاوە لەجەنگی دژی داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکا. لەم چەند ساڵانەی دواییدا، تورکیا دوو پەلاماری سەربازی ئەنجامدا بۆ ناوچەکە بۆ وەدەرنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سنورو رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەم ماوەیەدا وتی پەلاماری سێیەم بۆ ناوچەکانی ژێردەستی یەپەگە لە باکوری ڕۆهەڵاتی سوریا، کەسەدەها سەربازی ئەمریکی تێیدا جێگیرە، بەڕێوەیە. بەهۆی ڕێککەوتنە نوێیەکەوە، خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا وادەردەکەوێت هێورببێتەوە، بەڵام لە داهاتوودا نەگونجان و ناکۆکی دەتەقێتەوە.  بۆ هەر ڕێککەوتنێک تا ئەوەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەربگرێت، دەبێت چارەسەرێکی بەردەوام دەستەبەر بکات بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکاو تورکیا لەگەڵیشیدا نیگەرانی و کێشەکانی کورد ڕەچاو بکات. ڕێککەوتنەکەی ئێستا لە هەموو ئەم لایەنانەوە شکستیخواردووە. هەرچەندە ڕاگەیندراوی هاوبەشی هەردوو وڵات وردەکاری سەرەکی تێدا بەدی ناکرێت، لەوانە کێ کۆنتڕۆڵی ناوچەکە دەکات و بەقوڵایی چەنێک لە خاکی سوریادا درێژدەبێتەوە. تورکیا زۆر لەمێژە داوای نزیکەی ٣٢کم قوڵایی دەکات کە هێزەکانی یەپەگەی تێدا نەبێت و ئەوەی خستوەتەڕوو کە دەیەوێت بەتەنها کۆنتڕۆڵی بکات. ئەگەر بەڕاستی ئەوە پێوەری ناوچە ئارامەکە بێت، ئەوا کێشەی زیاتر دروست دەکات بۆ هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن تێیدا. ناکۆکی لەسەر چەند خاڵێک وایکردووە پێگەی دامەزراندنی ناوچە ئارامەکە لاواز ببێت. یەکەم کێشەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر قوڵایی ناوچەکەیە. تورکیا دەڵێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی ٣٢کم قوڵایی پێداون لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا پلانی ناوچەیەکی ئارامیان پێشکەشکردووە کە پێکهاتووە لە سێ پشتێنەی جیاوازی ئەمنی. لە یەکەم پێنج کیلۆمەتری قوڵایدا تورکیا و ئەمریکا بەهاوبەشی پاسەوانی ناوچەکە دەکەن. کێشەی دووەم ئەوەیە تورکیا داوا دەکات هەموو چەکدارە کوردییەکان وەدەربنرێن لەکاتێکدا ئەمریکا دەڵێت تەنها ئەوانەی پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەیە دەبێت دەربکرێن و زۆربەی هێزەکانی هەسەدە دەبێت لە ناوچەکەدا بمێننەوە. گرفتی سێیەم لەسەر پێکهاتەی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ناوچە کوردییەکانە. واشنتۆن دەیەوێت ئیدارە خۆبەڕێوبەرییەکانی کوردانی سوریا بمێننەوە، بەڵام ئەنقەرە سورە لەسەر ئەوەی ئەو ئیدارانە  لەلایەن زۆرینەی تورکمان و عەرەبەوە بەڕێوەببرێن و یەپەگە بەوە تاوانبار دەکات کە دیمۆگرافیایی ناوچەکەی گۆڕیوە. ناکۆکی چوارەم لەسەر دواخستنی ئەمریکایە بۆ بابەتەکە. تورکیا نایەوێت دروستکردنی ناوچە ئارامەکە دوابکەوێت وەک ئەوەی لە مەنبج کراو هەوڵی ئەوە دەدات سەربازانی ئەمریکی و تورکی تا کۆتایی ئەم مانگە بچنە نێو باکوری سوریاوە و کۆنتڕۆڵی هەندێک ناوچەی دیاریکراو بکەن. کێشەی کۆتایی لەسەر چەکە قورسەکانی یەپەگەیە کە پێنجشەممەی رابردوو مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە بەردەوامی لە ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ «گروپە تیرۆرستییەکان».  لەکاتێکدا داوای راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ یەپەگە، تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەردەوامە لە ناردنی هاریکاری سەربازی بۆ گروپە چەکدارەکانی. دواین کاروانی هاوکاری سەربازی  ئەنقەرە بۆ شارۆچکەی خان شەیخونی سەر بەپارێزگای ئیدلیب بوو لە دوشەممەی رابردوو کە ڕووبەڕووی پەلاماری هێرشی ئاسمانی حکومەتی سوریا بوەوە. سوپای حکومەتی سوریا کاروانەکەی بە کردەوەیەکی هێرشبەرانە وەسف کردو رایگەیاند کاروانەکە بۆ یارمەتی گروپە چەکدارەکان نێردراون.  بەپێی ئاگربەستی نێوان تورکیا و روسیا کە لەئەیلولی ٢٠١٨ ئیمزاکرا، دەبوو ئیدلیب ببێتە ناوچەیەکی بێ لایەن و لە چەکداماڵراو بەڵام بەپێشێلکردنی ڕیککەوتنەکە لەلایەن هەردوولاەوە جەنگ تا ئێستاش لە ناوچەکەدا بەردەوامە. بەشێوەیەکی گشتی ناوچەی ئارام بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکی دادەمەزرێنرێت لەو ناوچانەی جەنگی تێدایە و عادەتەن بەشێویەک دیزاین دەکرێت کە بێلایەنی تێدا بەدی بکرێت و لە چەک داماڵراو بێت لەگەڵ جەختکردنەوە لە ئامانج و هاریکارییە مرۆییەکان. بە چەسپاندنی ناوچەیەکی ئارامی ٣٢کم لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجامە  پێچەوانەکە ڕوودەدات، لەوانەش ئاوارەکردنی زیاتر لە سەدا٩٠ی دانیشتوانی کوردی سوریا، خراپترکردنی دۆخی تەواو خراپی ئێستای مرۆیی، دروستکردنی ژینگەیەک بۆ ململانێی قوڵتر کە پێویستی بەجوڵاندنی هێزی زیاتری سەربازی هەیە. پلانی ناوچە ئارامەکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنیش دەگەیەنێت. ئەمریکا لەمێژە لەهەوڵدایە سەرهەڵدانەوەی داعش نەهێڵێت، پارێزگاری لەو لایەنانە بکات کە لەپاڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەنگان و هەوڵەکانی ئێران پوچەڵ بکاتەوە تا نەتوانێت درێژە بە چالاکییە ئاینییەکانی بدات و ڕاستەوخۆ هەڕەشە بخاتە سەر لایەنەکانی دیکە. هێزە کوردییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کاریگەرترین قەوارەی  شەڕکەرن دژی داعش لە سوریا. هەبوونی ئەوان سەقامگیری بەرپا دەکات و بەڕێوبەری ناوخۆیی دەگەڕێنێتەوە کە گرنگە بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش، هەروەها کۆنترۆڵی ئەوان لە ناوچەکەدا دامەزراوە، جوڵە، سەرچاوەکانی داعش هەڵدەپەسێرێت کە پێویستی پێیەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. چەسپاندنی ناوچەیەکی ئارام کە هێزە کوردییەکان دەربکات دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو هەوڵانە. تورکیا بەرژەوەندییەکی تەواو چەسپیوو ناسراوی هەیە لە زامنکردنی ناوچەکانی سەر سنور کە نەهێڵێت بەکاربهێنرێت وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتییەکانی. ئەنقەرە بانگەشەی ئەوە دەکات هەبوونی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا هەڕەشەی ئەمنی دروستدەکات بۆ تورکیا. لەکاتێکدا کە چەند ڕووداوێک ڕوودەدەن لە سەر سنور، بەڵام  ئەم ڕووداوانە ئاستییان نزمە و کاریگەرییان کەمە و هیچ بەڵگەیەک نییە تا ئاماژە بەوە بکات ناوچەکە وەک سەکۆیەک بەکاردەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا. بە تێکەڵکردنی هاوپەیمانیەتییەکی بچوک لەگەڵ  هێزە کوردییەکان، ئەمریکا دەتوانێت بەقوڵی کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو هێزانە و دواتریش هاریکار دەبێت لەزامنکردنی ئەمنییەتی ناوچەکانی سنوری تورکیا. خەڵکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەرژەوەندیان هەیە، وەک بوژانەوە لە جەنگی چەند ساڵە، پاراستنیان لە هێرش و دەرفەتێک بۆ ژیانکردن لە ئارامی و ئاشتیدا. ئاوارەکردنی دانیشتوانی کورد نەک هەر بێبەشان دەکات لەم مافانە بەڵکو ململانێی قوڵتر  دروستدەکات. ئەوەی پێویستە ناوچەیەکی ئارام نییە، بەڵکو میکانیزمێکی ئەمنی بەردەوامی پێدەرە کە نیگەرانییە تایبەتییەکانی هەموو لایەنەکانی بەشدار ڕەچاو بکات و پێکهاتەیەک دروست بکات کە چاودێری و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بکات، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندییەکان ئاسان بکات لەنێوان هەموو لایەنەکاندا. ئەم میکانیزمە بێ خەوش نابێت و هیچ لایەنێکیش بەتەواوی قایل نابێت بەڵام ئەمە تاکە ڕێگەی پراکتیکییە بەرەو پێشەوە. ئەم ڕێککەوتنە دەبێت سازانی تێدا بێت لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بۆ ڕێخۆشکردن تا ناوچە لاوازەکان بەهاوبەشی چاودێری بکرێت، داماڵینی چەکە قورسەکان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی لە سنورەوە دوورن، هەروەها لابردنی پێگە ئەمنییەکانی سەر سنوور. تورکیا دەبێت خۆی دوورەپەرێز بگرێت لە سووربوون لەسەر هەبوونی هێزەکانی بەهەمیشەیی لە ناوچەکەدا و کار بکات لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەسەر پاسەوانی و چاودێری هاوبەش لەگەڵ خاڵی پشکنینی تێکەڵەی هەردوو سەربازانی وڵات لە شوێنە هەستیارەکانی سەر سنور. دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوامبن لە بەکارهێنانی کاریگەرییەکانیان و ببنە هاوبەشی متمانەپێکراو کە زامنی بەرژەوەندییەکانی لایەنە جیاوازەکان بکەن. کێشەی بێشومار هەن کە دەبێت باسیان لێوە بکرێت ، لەوانە گەڕانەوەی پێویستی پەنابەرەکان کە لە ئێستادا لە تورکیان، دەکرێت بگەڕێنرێنەوە بەڵام لەپێشدا دەبێت میکانیزمێکی هاوبەشمان هەبێت. ئەوەمان لە مەنبج و باشوری سوریا لە هەرێمی ئەلتانف هەیە، کە تێیدا هاوپەیمانی هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیادا کرد بۆ زامنکردنی گەیاندنی سەلامەتی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ کەمپە پەنابەرییەکان. هیچ لەم مۆدێلانە بێ خەوش نین  بەڵام سەرکەوتوون و ژینگەیەکی سەقامگیرترو ئەمنتریان دروستکردووە کە دەرفەت دەدات بەدیبلۆماسییەت بۆ بەدواداچوونی چارەسەری سیاسی مەودا دوور. بەڵام چارەسەری نمونەیی بۆ کێشەی ئەمنییەتی هەموو لایەنە بەشداربووەکان ئەوەیە تورکیا کێشەی ناوخۆیی کورد بەئاشتیانە چارەسەر بکات. لەکاتێکدا بارودۆخەکان لەئێستادا ڕەنگە لەبار نەبن بۆ تورکیا بۆ ئەم چارەسەرە، بەڵام ئەمریکا دەبێت بەردەوام بێت لەدیبلۆماسییەت بۆ پەرەپێدانی چارەسەرێکی ئاشتیانە.

هاوڵاتى، دیمەن ئیسماعیل بەشەوو بەڕۆژ دوکەڵى ئەم بیرە غازە بەسەرماندا دێت، جگە لە بۆنى غازەکەى، بۆنەکەى چاوى کوێر کردوین، هاوڵاتیانى گوندەکەى هەراسان کردووە بەرزان  دانیشتوى گوندى تورکەیە بۆ هاولاتى واى وت. دووکەڵێکی ڕەش، لەڕوبەرێکی بچوکی گوندی توڕکەوە بەرزدەبێتەوە کەهەواکەى دەیباتە سەر ئاسمانی چەمچەماڵ، خەڵکی شارەکەش، ڕۆژانە ئەو دووکەڵە وەک بۆنی تایەی سوتاو هەڵدەمژن و دەچێتە سییەکانیانەوە. ماوەى مانگێکە ئەو دوکەڵە بڵاودەبێتەوە بەشەوانیش بەئاسانى هەستى پێدەکرێت لەڕوى هەستکردن بەبینین و بۆنکردنەوە. سەرچاوەی دوکەڵەکەش، بیرێکی غازە لەگوندی تورکە، سێ‌ کیلۆمەتر لەباکوری خۆرئاوای چەمچەماڵ دورە، تەنیا لەچەمچەماڵ نەماوەتەوە بەڵکو تا نزیکی ناحیەی سەنگاو دەڕوات. تاوەکو ئێستا دوو بیرى تر لەسنورى چەمچەماڵ لێدراوە، لەئێستادا بیری ژمارە سێ لەتورکەدا، لەچوارچێوەی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانەغازو هاوپشکەکانی بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی گاز، کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە. بەرزان مستەفا، تەمەن ٣٥ ساڵ ، خەڵکی گوندی تورکەیە وتى «رۆژانە دەوامم هەیە لەچەمچەماڵ، هاتوچۆ دەکەم و دەبینم ئەم دووکەڵە تەنیا لەگوندەکە نەماوەتەوەو بۆ گوندەکانی دەوروبەرو بۆ ئاسمانی چەمچەماڵ و نزیک سەنگاو درێژبوەتەوە». وتیشى «دووکەڵەکە بەردەوام نییە، هەندێکجار چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و هەندێک ڕۆژیش نیە، بەتایبەت بەیانیان زۆر هەستی پێدەکرێت، دانیشتوانی ئەو سنورەو سنورى چەمچەماڵیش بەشێکیان هەست بە بۆنەکەى دەکەن، بەڵام گوندەکان زیاتر هەستى پێدەکەن بەهۆى نزیکیەوە». گوندى تورکە سەر بە ناحیەى تەکیەیە کە ٢٤ گوندى لەخۆگرتوەو دەکەوێتە ٢٥ کم باکورى چەمچەماڵ . دانیشتویەکى سنورى چەمچەماڵ باس لەوە دەکات کەجگە لە کاریگەرى تەندروستى، ژینگەشى پیس کردوە. محەمەد ساڵح، تەمەن ٢٣ ساڵ ،خەڵکى چەمچەماڵە لە بارەى ئەو دوکەڵە بۆ «‌هاوڵاتى» وتى «بەشێکى خەڵکى چەمچەماڵ هەست بە بۆنەکەى دەکەن و بۆنی تایەی سوتاوى لێدێت و هەناسە توند دەکات». لەئێستا بیرەکە گەیشتووەتە غاز، بەڵام هێشتا کارکردن تێیدا بەردەوامە، بۆ ڕێگریکردنیش لە بڵاوبوونەوەی غازەکە بە ژینگەدا، کۆمپانیاکە ڕێگەی سووتاندن بەکاردەهێنێت. محەمەد سەبارەت بە بونى ئەو بیرە غازە  وتی «بەلامانەوە ئاساییە ئەو بیرە غازە هەبێت لە سنورەکە بەڵام دەتوانرێت بە دوو شێوە دووکەڵەکە دوربخرێتەوە، یان بە دانانی فلتەر یان بە دورخستنەوەی غازەکە لەڕێگای بۆرییەوەو سوتاندنی دوور لە سنوری ئاوەدانی و چەمچەماڵ». قەزای چەمچەماڵ ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی و کۆمپانیای دانەغاز و هاوپشکەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆرو ئێستاش گوندی تورکە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، کە زۆرینەی بەرهەمەکە لەڕێگای بۆرییەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەچەمچەماڵ و هەولێر دەگوازرێتەوە. سالار، هاوڵاتیەکى نزیک بیرە غازەکەى گوندى تورکەیە، باس لەوەدەکات هیچ مەرجێکى تەندروستى ژینگە لەو کۆمپانیایەدا نیە. بۆ ‌هاوڵاتى وتى  «هیچ فلتەرێک بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی غازە زیانبەخشەکان دانەنراوەو دووکەڵی سووتاندنی ئەو غازە ڕاستەوخۆ بەئاسمانی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە». وتیشی «دووکەڵە ڕەشەکە تێستەو بڕیارە دوای دەستکردن بە بەرهەمهێنان چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئەوکاتە دووکەڵەکە هەر بەو شێوەیە بەناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، دیاریش نییە کەی بیرەکە دەگاتە قۆناغی بەرهەمهێنان و کێشەکە چارەسەر دەکرێت». سکاڵای هاوڵاتیانی چەمچەماڵ، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو دووکەڵەوە گەیشتووەتە پەرلەمانتاران، بڕیارە لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکرێت. جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەى وزەو سامانە سروشتیەکان لەپارێزگاى سلێمانى لەهەمان کاتدا خەڵکی ناوچەکەیە بۆ ‌هاوڵاتى  وتی «لەڕێگای لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین». ئەو ناوچانەی لە قەزای چەمچەماڵ غازی سروشتییان لێ بەرهەمدەهێنرێت، لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە زۆر هەژارن، ڕێگاوبان و کارەبا و ئاویان خراپە، نمونەى یەکێک لەو گوندانەش تورکەیە. ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانى رونیکردەوە هەر کۆمپانیایەک وەبەرهێنان بکات پێویستە پابەندى مەرجەکانى تەندروستى بێت، وتى» کۆمپانیای دانەغاز کە لەو بیرە غازەدا وەبەرهێنان دەکات، پێویستە بەپێی ستانداردی وڵاتانی ناوچەکە کاربکات. بەتایبەت بیری ئاوو کۆگای تایبەتی ئاوی هەبێت کە بەڕێگەی پرژاندنی ئاو ئەو دووکەڵەو زیانەکانی کەمبکاتەوە، بەڵام لەو گوندە ئەم مەرجانەى تیا ئەنجام نەدراوە». «گرفتی سەرەکی ئەوەیە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز خۆماڵی نەکراوەو ئەو کۆمپانیا بیانییانەش کەدێنە هەرێم گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، بۆیە ئیدارەی ناوچەکان ناتوانن لەبەرانبەر پێشێلکارییەکاندا لێپێچینەوە لەکۆمپانیاکان بکەن» ڕێبوار ئەحمەد بۆ هاولاتى واى وت. لەڕوى تەندوستیشەوە کاریگەرى بۆ سەر جەستەى مرۆڤ دروستدەکات. د.هێرش سەلیم، جێگرى نەخۆشخانەى تەندروستى سلێمانى وتى «دوکەڵ بەگشتى کاریگەرى بۆسەر تەندروستى مرۆڤ هەیە، دەبێتەهۆى تەنگەنەفەسى، زیانی بۆ کۆئەندامی هەناسە هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییان هەیە، هۆکاریشە بۆ هەوکردنی سنگ، ئەگەر هەستیش بەپیسبوونەکە نەکرێت لەدوورمەودادا دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە». دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، 21 مەرجی ژینگەیی بۆ کۆمپانیا و کارگەکان داناوە، کە دانانی فیلتەر بۆ کەمکردنەوەی غازە زیانبەخشەکان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان. هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ ‌هاوڵاتى وتى: «بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین و ئەگەر مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ‌ نەکرابێت، سزای کۆمپانیاکە دەدەین». وتیشى «چەندین کۆمپانیامان سزا داوە لەبرە پارەیەک لە ٥-١٠ ملیۆن دینار بەهۆى پابەندنەبون بە مەرجەکانى تەندوستى». ‌هاوڵاتى، پەیوەندى لە لێپرسراوانی دانەگازەوە کرد بەڵام یەکێکیان بە پاساوی جیاواز ئامادەنەبون لەو بارەیەوە هیچ شتێک بلێن.

کاکەلاو عەبدوڵا قەیومەکانی حکومەت جێگەی سێ سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یان گرتووە لە شارە کوردییەکانی باشوری ڕۆژهەڵات لە بەرەبەیانی دووشەممەی ڕابردوو. دەسەڵاتدارانی تورکیا بەهانەی خراپ بەکارهێنانی دامەزراوەی حکومی و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی تایبەت بە کەیسی «تیرۆر»یان وەک بناغەی دەرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە ڕاگەیاند لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بڵاوکرایەوە. بەپێی بەیاننامەکە، شارەوانییەکان «بوونەتە ناوەندی لۆجیستی بۆ زامنکردنی سەرچاوەی میلیشیا، هاوکاری دارایی، دابینکردنی کەلوپەل بۆ پاڵپشتیکردنی چالاکی تیرۆرستی». هەڵمەتەکە دوای کەمتر لە پێنج مانگ دێت کە سێ سەرۆک شارەوانییەکە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی مارسدا سەرکەوتن و بەدواین پەلامار دادەنرێت دژی هەدەپە. بەرپرسە لابراوەکان- سەرۆک شارەوانی دیاربەکر عەدنان سەلجوق، سەرۆک شارەوانی ماردین ئەحمەد تورک، سەرۆک شارەوانی وان به‌دیعه‌ ئۆزگۆکچه‌ئه‌رتان - لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە وەک کاندید پەسەندکران پێش هەڵبژاردنەکانی مارس. هەر سێ کاندیدەکەی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەڕێژەی لەسەدا ٦٣، ٥٦، ٥٣ بەڵام دووشەممەی رابردوو دورخرانەوە. لێکۆڵینەوە بەردەوامەکە چەند تۆمەتێکی تێدایە، لەوانە «دروستکردنی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی و ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی چەکداری تیرۆرستیدا». هەروەها وەزارەتی ناوخۆ سەرۆک شارەوانییەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە  هەلی کاریان بۆ ئەندامانی خانەوادەی «کوژراوان»ی پەکەکە دەستبەرکردووەو هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە بۆ پەکەکە بە ئامادەبوون لە پرسەی «کوژراوان»ی پەکەکەدا، گۆڕینی ناوی شەقامەکان بۆ بەرز ڕاگرتنی پێگەی پەکەکە و وەستانی خولەکێک لە بێدەنگی بۆ «کوژراوەکان». له‌ شوێنى سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە، ئه‌رکى به‌ڕێوه‌بردنى گه‌وره‌ شاره‌وانى ئامه‌د درا به‌ حه‌سه‌ن باسرى گوزه‌لئۆغڵو پارێزگارى ئامه‌د، گه‌وره‌ شاره‌وانى مێردین درا به‌ مسته‌فا یامان پارێزگارى مێردین و گه‌وره‌ شاره‌وانى وان-یش درا به‌ محه‌ممه‌د ئه‌مین بیلمه‌ز پارێزگارى وان. ڕەنگە هەتاوەکو هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەکان کە بڕیارە ٢٠٢٤ ئەنجامبدرێت لە پێگەکانیان بمێننەوە. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای پێشووی وڵات، سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەرپرسانی هەدەپە ئیدانەی بڕیارەکەیان کردو بەنادیموکراسی ناوزەندیان کرد. ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆک شارەوانی تازە هەڵبژێردراوی ئەستەنبوڵ لە پارتی جەهەپە ڕایگەیاند کە دانانی قەیومەکان بۆ جێگرەوەی بەرپرسانی هەڵبژێردراو سەرپێچییە لە «بەها دیموکراسییەکان» و «فەرامۆشکردنی ئیرادەی گەل قبوڵ نەکراوە». عه‌بدوڵا گول، سه‌رۆک کۆمارى پێشووى تورکیا ره‌خنه‌ى له‌ بڕیاره‌که‌ گرت و رایگه‌یاند، ‌«دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌ تازه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان، هیچ راست نییه‌ بۆ دیموکراسییه‌که‌مان.» هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ، سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوى تورکیا، له‌کاردانه‌وه‌ى به‌رانبه‌ر به‌ بڕیاره‌که‌،  بڕیارى دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆکەکانى هه‌ر سێ گه‌وره‌ شاره‌وانى ئامه‌د و وان و مێردین-ى به‌ پێشێلکردنى «رۆحى سیستەمى دیموکراسی» ناوبرد‌. سەلیم کەپلان، کە سەرپەرشتی ئیدارەی ناوخۆیی هەدەپەیە، رایگەیاند دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان بەشێکە لە سیستەمێکی بەڕێوبردنی بەردەوام کە بەڕێوبردنی ١٠٠ شارەوانی تورکیای لەلایەن قەیومەکانی حکومەتەوە بەخۆیەوە بینیوە لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ دوای ئەوەی چەندین بەرپرسی کورد لەسەرکار لابران لەسەروبەندی پاکتاوی بەکۆمەڵ بەهۆی هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ەوە. کەپلان دەشڵێت، «ئەوە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی کوردە، هەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارس شکستێکی گەورە بوو بۆ پارتی دەسەڵاتدار ئەکەپە، ئێمە ئەم کارە بە کودەتایەکی سیاسی ناودەبەین نەک هەر دژی ئیرادەی گەلی کوردو شارەوانییەکانمان بەڵکو دژی دیموکراسی تورکیاش».  بە باسکردن لە فشارە بەردەوامەکان لەسەر هەدەپە، کەپلان ڕایگەیاند دوورخستنەوەی هاوسەرۆک شارەوانییەکان ڕەنگە هەوڵێک بێت بۆ وەستاندنی لێکۆڵینەوەکانی هەدەپە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن قەیومەکانی پێشووەوە. ئەو کاندیدانەی هەدەپە کە لە هەڵبژاردنەکانی مارسدا سەرکەوتن ئەوەیان بۆ دەرکەوت چەندین شارەوانی بە قەرزی زەبەلاحەوە جیهێڵدراوە و باسیان لەوە دەکرد کە بڕێکی زەبەلاح لە خەزێنەی گشتی بەناحەقی بەکارهێنراوە لە جوانکاری و نەخشاندنی بیناکانی شارەوانیدا. بەپێی وتەی کەپلان لە هەڵبژاردنەکانی مارسەوە، ٨٨ ئەندامی هەدەپە لە شارەوانییەکان لەکار دوورخراونەتەوە یان بەکاتی لابراون. لە ١٠ی ئاب دوو ئەندامی هەدەپە لەکار لابران لە شارۆچکەی چاڵدێران و ئەدەرمیت لەسەر هەمان تۆمەتی سێ سەرۆک شارەوانییەکە. دواین هەڵمەتی دوورخستنەوە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی فراوانی ئەمنی تورکیا ڕوویدا بۆ دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوانەی پەیوەندیان هەبووە بە پەکەکەوە کە تێیدا ٤١٨ کەس لە ٢٩ پارێزگای تورکیا دەستگیر کران. لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی، یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هەنگاوەکەی حکومەتی تورکیای کردو رایگەیاند، « دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی ئامەد، وان، مێردین گرفت و نیگەرانی جدییە چونکە رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ی مارس دەخاتە ژێر پرسیارەوە››. مایا کۆسیانچیچ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی لە بەیاننامەکەدا دەڵێت، ‹›دورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، گۆڕینیان بە قەیومەکان دەنگدەران بێبەش دەکات لە هەبوونی نوێنەرەکانیان لە ئاستی ناوخۆداو بەجدی دیموکراسی وڵاتەکە دەخاتە بەردەم مەترسی زیان پێگەیاندنەوە». هەروەها وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا داوای بەپەلەی لە تورکیا کرد تا «پرۆسەی سیاسی باوەڕپێکراو دەستپێبکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری بەردەوام و ئاشتیانە». لە دیاربەکر، کەگەورەترین شاری کوردییە لە تورکیا، پۆلیس بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد کە نزیک بینای شارەوانی کۆبوبونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بڕیارەکە. گرژی و ئاڵۆزییەکان لەکاتێکدان کە نۆ بەرپرسی باڵای هەدەپە لە زینداندان کە دیارترینیان سەڵاحەدین دەمیرتاشە لەگەڵ چەندین سەرۆک شارەوانی تر. هێشیار ئۆزسۆی جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاند ئەم زنجیرە رووداوانە ئەنجامی سیاسەتی ناسیۆنالستی حکومییە کە لەلایەن هاوپەیمانی ئەکەپەو مەهەپەوە پێکهێنراوە. ئۆزسۆی وتیشی، «لەم سێ ساڵەی دوایدا، حکومەت هەوڵیداوە ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسی کوردی و پارتی دیموکراتی گەلان تێکبشکێنێت، وادیارە ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردنی سیاسییە و تەنها سنوردار ناکرێت بۆ شارەوانییەکانی هەدەپە بەڵکو لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دوورخستنەوەی دیکەش رووبدات ئەگەر کاردانەوەیەکی بەهێز نەبێت دژی ئەم کارە تەواو نادادپەروەرییە هەم لە ناوخۆیی تورکیاو هەم لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی». وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو سیستەمی هاوسەرۆکیی هەدەپە، کە تێیدا بەرپرسانی پیاوو ئافرەت  پێگەکانیان بەهاوبەشی بەڕێوەدەبەن، لەگەڵ بنەماکانی بەڕێوبردنی تورکیادا ناگونجێت. بەرپرسانی هەدەپەش لەوەڵامدا ئاماژەیان بەوە کرد ئەو کارەی ئەوان یاساییە، بەخستنەڕووی ئەوەی سیستەمی هاوسەرۆکیی سیمبولییە و لەسەر کاغەزو بەفەرمی  تەنها یەک بەرپرس کورسی سەرۆکایەتی شارەوانی پڕدەکاتەوە لەکاتێکدا ئەندامەکەی تر لە ئەنجومەنی شارەوانی پێگەیەک وەردەگرێت. بەپێی یاسای تورکیا، کاتێک بەرپرسانی هەڵبژێردراو بە نەگونجاو بۆ خزمەتکردن لەقەڵەم دەدرێن و لە پۆستەکەیان دووردەخرێنەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانی کەسێک هەڵدەبژێرێت وەک سەرۆک شارەوانی لە ئەندامەکانی خۆی. ئەم پرۆسەیە لە شارەوانییەکانی ئەکەپە و مەهەپەدا لەساڵی ٢٠١٦ جێبەجێکرا بەڵام ئۆزسۆی دەڵێت کە یاسای جیاواز بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە سەپێندراوە. «تەنانەت ئەو پرۆسەیەش ئەنجامنادەن، ئەوە بەتەواوی نایاساییە بەڵام وادەردەکەوێت ئەم کارەیان بەردەوام بێت، ئەم کردەوانە وادەکەن هەڵبژاردن تەواو بێماناو بێسوود دەربکەوێت لە وڵاتدا».

  شاناز حه‌سه‌ن هاوکار حاجى ته‌مه‌ن 20 ساڵ، هه‌موو شه‌وێک سێ کاتژمێر له‌کافتریاکاندا ده‌مێنێته‌وه‌و نێرگه‌له‌ ده‌کێشێت، باس له‌وه‌ده‌کات نێرگه‌له‌ ئارامى ده‌کاته‌وه‌و شوێنى زۆر شتى ترى بۆ ده‌گرێته‌وه‌. هاوکار خوى به‌چونه‌ کافتریاوه‌ گرتووه‌و ده‌ڵێت هه‌ر شه‌وێک نه‌چێته‌ کافتریا و تۆزێک نێرگه‌له‌ نه‌کێشێت، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ ئه‌و شه‌وه‌ى به‌ڕێنه‌کردبێت و کات وه‌ستابێت. رۆژانه‌ هاوکار له‌لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه‌ ئاگادارده‌کرێته‌وه‌ له‌ زیانى کێشانى نێرگه‌له‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى خوى پێوه‌گرتووه‌ نه‌یتوانیوه‌ وازى لێبهێنێت «زۆر له‌وه‌ باشتره‌ بسوڕێینه‌وه‌و کێشه‌ بۆ خه‌ڵک دروستکه‌ین و گه‌نجى وایه‌ ئه‌سوڕێته‌وه‌ کێشه‌ بۆ خۆى  و خه‌ڵک دروستده‌کات، ئێمه‌ زیانمان به‌س بۆ خۆمان هه‌یه‌«. له‌هه‌رێمى کوردستاندا ژماره‌یه‌کى زۆر کافتریاو ڕێستۆرانت هه‌یه‌ نێرگه‌له‌ى تێدا ده‌کێشرێت، به‌تایبه‌ت گه‌نجان به‌شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو ڕویان له‌کێشانى نێرگه‌له‌ کردووه‌. زۆربه‌ى نێرگه‌له‌کێشه‌کان درک به‌وه‌ده‌که‌ن که‌کێشانى نێرگه‌له‌ روبه‌ڕووى کێشه‌ى ته‌ندروستى جۆراوجۆریان ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ چێژ وه‌رگرتن خویان پێوه‌ گرتووه‌. به‌پێی ئاماره‌کان، له‌هه‌رێمى کوردستان، زیاتر له‌ 1850 کافتریاو ریستۆرانت هه‌یه‌، له‌هه‌ولێر، 149 کافتریا هه‌یه‌ که‌مۆڵه‌تى گه‌شتوگوزاریان هه‌یه‌و له‌سلێمانى 315 کافتریا هه‌یه‌.  سالار سه‌ردار، خاوه‌نى کافتریاى ئه‌ربیل-سپۆرت له‌هه‌ولێر، له‌لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «کافتریاکه‌ى من تایبه‌ته‌و گه‌نجانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ناتوانن بێن و داواى نێرگه‌له‌ بکه‌ن، چونکه‌ خراپه‌و زیانى ته‌ندروستى زۆره‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌«. وتیشى «له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ى  ته‌مه‌نى منداڵ بوو، ڕێگه‌ى پێنادرێت نێرگه‌له‌ بکێشێت، به‌داخه‌وه‌ لاى ئێمه‌ که‌س هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى ناکات، مادده‌ بۆته‌ هه‌موو شتێک». کافتریاکان به‌ڕێگه‌ى جیاجیا هه‌وڵى راکێشانى گه‌نجان ده‌ده‌ن، هه‌ندێکیان به‌ ئۆفه‌رى جۆراوجۆرو هه‌ندێکى دیکه‌شیان له‌ڕێگه‌ى دانانى کارمه‌ندى کچه‌وه‌ کوڕان بۆ کافتریاکانیان راده‌کێشن. کافتریاى ئه‌ربیل-سپۆرت چوار ساڵه‌ له‌شارى هه‌ولێر کراوه‌ته‌وه‌و ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌کى که‌م سه‌ردانى ده‌که‌ن، خاوه‌نه‌که‌ى پێ وابوو، هۆکاره‌که‌ى ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ «کچێک نه‌کراوه‌ به‌کارمه‌ندو کار بکات له‌کافتریاکه‌م». سالار سه‌ردار، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا زۆربه‌ى زۆرى ئه‌وانەی سه‌ردانى کافتریا ده‌که‌ن، گه‌نجن و ته‌مه‌نێکى که‌میان هه‌یه‌، ته‌نیا بۆ نێرگه‌لەکێشان سه‌ردان ده‌که‌ن « گه‌نجى ئێمه‌، وا ده‌زانن کافتریا به‌س بۆ نێرگه‌له‌ کێشانه‌، گه‌نجى ئێوه‌ وه‌عى ئه‌وه‌ى نیه‌ کافتریا بۆ جه‌و گۆڕینه‌، بۆ بینینى هاوڕێکانته‌«. له‌م ساڵانه‌ى دواییدا کێشانى نێرگه‌له‌ له‌کافتریاکاندا به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى هۆشداریی به‌رپرسان و شاره‌زایانى ته‌ندروستى له‌باره‌ى زیانه‌کانى کێشانى نێرگه‌له‌وه‌. زرنگ محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن 23ساڵ، له‌ڕێگه‌ى  هاوڕێیه‌کیه‌وه‌ سێ ساڵه‌ فێرى نێرگه‌له‌کێشان بوه‌و وتى» ڕاسته‌ توشى حه‌ساسیه‌تى قوڕگى کردوم، به‌ڵام زۆر قورسه‌ که‌ وازى لێبهێنم». زرنگ ده‌زانێت که‌نێرگه‌له‌کێشان زیانى ته‌ندروستى هه‌یه‌، به‌ڵام پێی وابوو هه‌موو شتێک ئه‌وه‌نده‌یه‌ تا فێرده‌بیت، که‌ فێر بویت ناتوانى وازى لێبهێنیت. له‌هه‌رێمى کوردستان ژماره‌ى کافتریاکان تادێت زیاتر ده‌بێت و ئه‌وانه‌شى سه‌ردانى ده‌که‌ن له‌زیادبوندایه‌، به‌رپرسانى ئیداریش بۆ رێگرى له‌زیادبوونى زیاترى کافتریاکان پێدانى مۆڵه‌تیان راگرتووه‌. له‌به‌ر زۆرى ژماره‌ى کافتریاکان له‌سلێمانى، مۆڵه‌تى پێدانى کافتریا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕاگیراوه یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، له‌لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى»له‌به‌ر زۆرى ژماره‌ى کافتریاکان له‌سلێمانى، مۆڵه‌تى پێدانى کافتریا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕاگیراوه‌، ئه‌گه‌ر رامان نه‌گرتایه‌ ژماره‌ى کافتریاکان زۆر زیاتر ده‌بوو». وتیشى «مۆڵه‌ت نیه‌ بۆ نێرگه‌له‌، به‌ڵکو مۆڵه‌ت ده‌درێت بۆ کافتریاو ڕیستۆرانت، له‌وێدا نێرگه‌له‌ داده‌نرێت، کێشه‌ى سه‌ره‌کیمان ئێستا ئوتێل و ریستۆرانتى پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌ که‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن و دواتر نێرگه‌له‌ى تێدا داده‌نرێت». «بێگومان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ ڕێنماییان ده‌رکردووه‌و ئاگادارمان کردونه‌وه‌ نابێت خواردن و نێرگه‌له‌ له‌شوێنێکدا بێت و پسوڵه‌ى سه‌رپێچیان بۆکراوه‌و  ئاگادارکردنه‌وه‌و لیژنه‌کان سه‌ردانى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌ویش کاتى ده‌وێت و ناتوانرێت به‌ته‌واوى کۆنتڕۆڵ بکرێت»، یاد نه‌قشبه‌ندى وایوت. له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى، 315 کافتریا مۆڵه‌تیان هه‌یه‌، له‌کاتێکدا زۆر شوێنى تر هه‌یه‌ به‌ناوى ڕیستۆرانت مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ و نێرگه‌له‌ى تێدا دانراوه‌.    سه‌روه‌ر جه‌زا، خاوه‌نى یه‌کێک له‌کافتریاکانى سلێمانى به‌ناوى شه‌وانى سلێمانى، باس له‌وه‌ده‌کات که‌ شه‌وو ڕۆژێک نزیکه‌ى 100 که‌س سه‌ردانى ده‌کات و هه‌موشى نێرگه‌له‌ ده‌کێشن. سه‌روه‌ر که‌ خۆشى نێرگه‌له‌ ده‌کێشێت، وتى «ڕاسته‌ زیانى هه‌یه‌، به‌ڵام تازه‌ بۆته‌ خویه‌ک و ئالوده‌ى بوین، خۆشم به‌رده‌وام نێرگه‌له‌ ده‌کێشم». له‌باره‌ى موشته‌ریه‌کانیه‌وه‌، سه‌روه‌ر باسى له‌وه‌کرد زۆربه‌یان ته‌مه‌نى 20ساڵ و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ن، چونکه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ زیاتر سه‌ردانى کافتریا ده‌که‌ن و کات به‌سه‌رده‌به‌ن. له‌کافتریاکه‌ى سه‌روه‌ر 35 نێرگه‌له‌ هه‌یه‌، ئه‌و شه‌وانه‌ى که‌ یارى تۆپى پێ هه‌یه‌ گه‌نجى زیاتر سه‌ردانى ده‌که‌ن. کافتریاکه‌ى سه‌روه‌ر پێنج ساڵه‌ کراوه‌یه‌و باس له‌وه‌ده‌کات تائێستا هیچ لیژنه‌یه‌ک نه‌هاتون و سه‌ردانیان نه‌کردون بڵێن نێرگه‌له‌ له‌ڕوى ته‌ندروستیه‌وه‌ باش نییه‌ و خراپه‌، «ته‌نیا ڕێنمایى ئه‌وه‌یان پێداوین که‌منداڵ نێرگه‌له‌ نه‌کێشێت». به‌پێی رێنماییه‌کان، مۆڵه‌تى کافتریاکان له‌لایه‌ن گه‌شتوگوزارى پارێزگاکانه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێده‌درێت و ئه‌وان به‌رپرسن له‌پێدانى رێنمایی به‌کافتریاکان. نه‌ریمان فازل، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى گه‌شتوگوزارى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى»ئه‌و کافتریایانه‌ى که‌ مۆڵه‌تى گه‌شتیاریان لاى ئێمه‌ هه‌یه‌ به‌رده‌وام سه‌ردانیان ده‌که‌ین و له‌ژێر چاودێرى خۆماندان». وتیشى «پێویسته‌ ئه‌وانه‌ى له‌ کافتریادا کارده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش که‌ ده‌چنه‌ کافتریا ته‌مه‌نیان سه‌روو 18 ساڵ بێت و له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵتر نێرگه‌له‌ به‌کارنه‌هێنن». نه‌ریمان فازڵ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ڕاسته‌ نێرگه‌له‌ خراپه‌، به‌ڵام ناتوانرێت به‌ ته‌واوى ڕێگرى لێبکرێت. له‌هه‌رێمى کوردستان تائێستا چه‌ندین هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى سازکراوه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى کێشانى نێرگه‌له‌ به‌و پێیه‌ى زیانى ته‌ندروستى هه‌یه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ساڵى رابردووه‌وه‌ ده‌سته‌و پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ هه‌ڵمه‌تێکى نیشتیمانی ده‌ستپێکردوه‌و هاوڵاتیان له‌مه‌ترسیه‌کانى نیرگه‌له‌و جگه‌ره‌ ئاگادارده‌که‌نه‌وه‌. زۆر له‌وه‌ نیگه‌رانین که‌ده‌بینین خوار ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵ له‌کافتریاکاندا کارده‌که‌ن یان نێرگه‌له‌ ده‌کێشن و ڕێگریان لێناکرێت هه‌ندرێن شێخ راغب، وته‌بێژى ده‌سته‌و پاراستن و چاککردنى ژینگه‌، له‌لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاگادار بون و هاوکارمان بون، به‌ڵام  به‌داخه‌وه‌ بڕیارى پێویست نه‌دراوه‌ تائێستا که‌بتوانن ڕێگرى لێبکه‌ن». وتیشى «ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ نیگه‌رانین که‌ده‌بینین خوار ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵ له‌کافتریاکاندا کارده‌که‌ن یان نێرگه‌له‌ ده‌کێشن و ڕێگریان لێناکرێت

  شاناز حه‌سه‌ن-لاڤین مه‌حمود ‌ شێنێ محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن ٢٧ساڵ، هه‌رچه‌نده‌ روخسارى خۆى به‌دڵ بووه‌، به‌ڵام بۆ جوانکردنى لێوه‌کانى نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری کردووه‌و ئێستاش ده‌یه‌وێت نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارى بۆ برۆکانى بکات. شێنێ که‌ده‌رچووى زانکۆیه‌، پێش نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ش روخسارى خۆى به‌دڵ بووه‌، به‌ڵام ئێستا پێی وایه‌ جوانتره‌«من پێشتریش ڕازیبوم به‌ڕوخسارى خۆم، خۆشم پێ جوان بوو، به‌ڵام هه‌ستمکرد لێوم که‌مێک باریکه‌ له‌ئێستاشدا باوى لێوى گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ستمکرد جوانترده‌بم». وتیشى»حه‌زیش ده‌که‌م له‌داهاتودا جوانکارى بۆ برۆکانم بکه‌م و که‌مێک به‌رزیان بکه‌مه‌وه‌، هه‌ر شتێک وابکات که‌مورتاح نه‌بیت بیکه‌یت باشه‌، چونکه‌ ژیان شایه‌نى ئه‌وه‌یه‌ دڵخۆش بین تیایدا». ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارى له‌کوردستان بره‌وى سه‌ندووه‌، خه‌ڵکێکى زۆر که‌زۆربه‌یان له‌کچان و کوڕانى گه‌نج پێکدێن ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ ده‌که‌ن تا روخساریان جوانتر بکه‌ن. نه‌شته‌رگه‌رییه‌کان سه‌رجه‌میان له‌ سه‌نته‌رو نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌کان ده‌کرێن که‌ساڵ له‌دواى ساڵ ژماره‌یان له‌هه‌رێمى کوردستان له‌ زیادبوندایه‌. به‌پێی به‌دواداچوونه‌کانى ‌هاوڵاتى، نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کان جۆراوجۆرن و له‌ 300 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات تا ملیۆن و نیوێک دینار. زۆرترین ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ش ده‌کرێن نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارى لوته‌، دواى ئه‌و نه‌شته‌گه‌رییه‌کانى دیکه‌ دێن. شادیار ئه‌کره‌م، پسپۆرى جوانکارىو نه‌خۆشیه‌کانى پێست له‌ سلێمانى، بۆ‌ هاوڵاتى وتى»ڕێژه‌ى ئه‌وکه‌سانه‌ى جوانکارى ئه‌که‌ن به‌به‌راورد به‌ساڵانى ڕابردوو زیادیکردووه‌ به‌تایبه‌تى دواى که‌مبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایی». ئه‌م پزیشکه‌ هۆکارى زۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانى بۆ به‌کارهێنانى زۆرى سۆشیال میدیاو سه‌فه‌رکردنى خه‌ڵک بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، وێنه‌گرتنى زۆر، گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ به‌وته‌ى ئه‌و وایکردووه‌ زیاتر خۆیان ببینن و شتى جوانتریش ببینن. شادیار وه‌ک پزیشکێکى جوانکارى به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له‌مانگێکدا ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ جوانکارى له‌سه‌نته‌ره‌که‌یدا ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێى وه‌رزه‌کان و مانگه‌کان و بۆنه‌کان ئه‌گۆڕێت. خواسته‌کان له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارى به‌پێی ته‌مه‌نه‌کان ده‌گۆڕێت، ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان زیاتره‌داواى توندکردنه‌وه‌ى پێست ئه‌که‌ن یان ڕێکردنه‌وه‌ى له‌شولار چه‌ورى زیاده‌و لابردنى چرچ و لۆچى، به‌ڵام گه‌نجه‌کان ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان٣٠-٣٥ساڵه‌ زیاتر داواى بۆتۆکس و فیله‌ر ده‌که‌ن. شادیار ئه‌کره‌م وتى»خه‌ڵک هه‌بووه‌ داواى جوانکارى بکات و پێویستى نه‌بێت، ڕێنماییمان کردووه‌و هه‌بووه‌ په‌شیمان بۆته‌وه‌و که‌سى واش هه‌یه‌ که‌سور بووه‌ له‌سه‌ر کردنى و جوانکاریه‌که‌ى کردووه‌«. پیاوانیش وه‌ک ئافره‌تان جوانکارى ده‌که‌ن ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا له‌ئێستادا پیاوانیش وه‌ک ئافره‌تان جوانکارى ده‌که‌ن «ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیادبوونى رۆشنبیرى تاک، چونکه‌ پێشتر خه‌ڵک واتێده‌گه‌یشت جوانکارى تایبه‌ت به‌ئافره‌تانه‌ به‌ڵام کارى جوانکارى ئێستا بۆ ڕازیکردنى خودى که‌سه‌که‌ له‌خۆیى و زیادبونى متمانه‌ به‌خۆى ده‌کرێت». پیاوان زیاتر داواى جوانکارى لابردنى چرچ و لۆچى، لابردن و ڕێکخستنه‌وه‌ى ڕیش، ڕێکردنى لوت، لابردنى په‌ڵه‌ى پێست له‌سه‌ر ڕوخسارو ده‌رخستنى خه‌تى شه‌ویلگه‌ ده‌که‌ن. شادیار پێیوایه‌، هه‌ر جوانکاریه‌ک به‌ که‌ره‌سته‌ى گونجاو به‌جوانى بکرێت، که‌سه‌که‌ سودى لێوه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و که‌سى شاره‌زا و پسپۆر نه‌یکات بێگومان زیانى ته‌ندروستیشى ده‌بێت بۆ که‌سه‌که‌. به‌پێی ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌هه‌رێمى کوردستان، نزیکه‌ى هه‌شت هه‌زار پزیشک هه‌یه‌، که‌ 50 یان پزیشکى پسپۆڕى جوانکارین. به‌پێی ئاماره‌کان، له‌و ژماره‌یه‌ 3 هه‌زار و200 پزیشکیان له‌هه‌ولێرن که‌ 30 پزیشکیان پسپۆڕى جوانکارین، له‌سلێمانیش نزیکه‌ى 3 هه‌زار و 604پزیشک هه‌یه‌ که‌ 20 پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى تێدایه‌. هه‌ریاد جه‌زا، ته‌مه‌ن 28ساڵ، که‌جوانکارى بۆ لوتى کردووه‌  وتى» زۆر قه‌له‌ق و بێزاربوم به‌لوتم، زۆر ناشرین بوو، بۆیه‌ لێم ببووه‌ واهیمه‌ که‌ نه‌ده‌چومه‌ ده‌ره‌وه‌و ناو هاوڕێکانم، نه‌ هیچ وێنه‌یه‌کم ده‌گرت». ئه‌م کوڕه‌ باسى ئه‌وه‌ى گێڕایه‌وه‌ که‌ یه‌که‌م جار هاوڕێیه‌کى پێی وتووه‌ لوت گێزه‌رو ئه‌مه‌ش هه‌ستى ئه‌وه‌ى لادروستبووه‌ که‌ لوتى گه‌وره‌یه‌و پێویستى به‌نه‌شته‌رگه‌رییه‌، به‌ڵام دواى نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ش هه‌ریاد له‌قسه‌ى هاوڕێکانى رزگارى نه‌بووه‌ «پێشتر له‌ناو هاوڕێکانمدا بووه‌ نوکته‌و بۆ یه‌کیان ده‌گێڕایه‌وه‌، که‌ئێستاش جوانکاریم کردووه‌ هه‌ر به‌زمه‌که‌یه‌و ده‌یگێڕنه‌وه‌ که‌جوانکاریم کردووه‌، خه‌ڵک لاى ئێمه‌ ئازادى که‌مه‌و له‌ڕێگه‌ى توانج لێدانه‌وه‌ ئازادییه‌کان کۆت ده‌کرێت». به‌شى زۆرى ئه‌و که‌سانه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارى ده‌که‌ن له‌کچان و ژنان پێکهاتوون، که‌ نه‌شته‌رگه‌ریی جۆراوجۆر ده‌که‌ن بۆ جوانکردنیان. سه‌رمه‌د نورى، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى له‌هه‌ولێر، له‌ لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «مانگانه‌ 30 بۆ 35 نه‌شته‌رگه‌رى جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌ده‌م و به‌پێی کات و وه‌رزه‌که‌ش ده‌گۆڕێت، ئه‌وانه‌ى سه‌ردانم ده‌که‌ن ته‌مه‌نیان  له‌نێوان 17 بۆ 55 ساڵیدان و ئافره‌ت زیاتر نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى ده‌کات وه‌ک له‌ پیاوان». وتیشى «هه‌ندێک جار داواکاریه‌کان زانستى نین و  ڕه‌تده‌کرێنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کى جوان که‌سه‌که‌ تێده‌گه‌یه‌نین بۆ ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ پسپۆرى بیانى نه‌بات و متمانه‌ به‌ پسپۆڕى خۆماڵى بکات». پسپۆڕانى ده‌رونى و پزیشکى به‌رده‌وام رێنمایی ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیان له‌باره‌ى نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ى هه‌ندێکجار نه‌شته‌رگه‌رییه‌کان کاریگه‌ریی پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى که‌سه‌که‌ جێده‌هێڵن. حسێن حه‌مه‌د، توێژه‌رى ده‌رونى، بۆ ‌هاوڵاتى وتى »زۆر پێویسته‌ مرۆڤ له‌ڕوى ده‌رونیه‌وه‌ ئاسوده‌ بێت، بۆئه‌وه‌ى له‌ژیانیدا سه‌رکه‌وتوو بێت و به‌بڕوا به‌خۆبونه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت». له‌ئێستادا نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى زۆربه‌ى بۆته‌ مۆدیل و  بیر له‌کاردانه‌وه‌کانى دواى نه‌شته‌رگه‌رى ناکه‌نه‌وه‌ پێشیوایه‌ له‌ئێستادا نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى زۆربه‌ى بۆته‌ مۆدیل و  کچان ته‌نیا بۆ مۆدیل ده‌یکه‌ن «کچان به‌تایبه‌تى و کوڕانیش ته‌نیا بۆ مۆدیل جوانکارى ده‌که‌ن و بیر له‌کاردانه‌وه‌کانى دواى نه‌شته‌رگه‌رى ناکه‌نه‌وه‌و زۆرجار پێش جوانکاریه‌که‌ که‌سه‌که‌ جوانتره‌«. وتیشى زۆر که‌س له‌ته‌مه‌نێکى گه‌نجیدا نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى بۆ شوێنێکى ده‌کات له‌ڕوى ده‌رونیه‌وه‌ زیاتر کاریگه‌رى له‌سه‌رى ده‌بێت و « له‌دواى نه‌شته‌رگه‌ریه‌که‌ زیاتر هه‌ست به‌ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ شتێکى کردووه‌و له‌ لایه‌نى ده‌رونیه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌ست ده‌کات که‌ نه‌قسێکى هه‌بووه‌ بۆیه‌ کردویه‌تى و ئاسوده‌ نابێت».  

‌هاوڵاتى ئه‌ندامێکى کورد له‌ لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق هۆشداریدا له‌ئه‌گه‌رى له‌ده‌ستدانى 30 بۆ 40 پۆستى پشکى کورد عێراق، به‌هۆى په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى نێوان لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌.  له‌دواى ده‌نگدان به‌ حکومه‌تى نوێی عێراق به‌سه‌رۆکایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌مانگى ئۆکتۆبەری ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، هێشتا پۆستى بریکارو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و باڵیۆزه‌کان له‌عێراق پڕنه‌کراونه‌ته‌وه‌.  ژماره‌ى ئه‌و پۆستانه‌ به‌ نزیکه‌ى سێ هه‌زار پۆست داده‌نرێت، که‌پشکى کورد تێیدا به‌ 400 پۆست دیاریکراوه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ یه‌کێک له‌و پۆستانه‌ پڕنه‌کراونه‌ته‌وه‌ و فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کانیش هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌کیان نییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ى پشکى کورد له‌و پۆستانه‌.  جه‌مال کۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر پشکى یه‌کگرتوو له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند هه‌وڵێکیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگ بن، تا سیناریۆى ململانێ له‌سه‌ر پۆسته‌کانى به‌غدا وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌م کابینه‌ نوێیه‌دا روویدا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌کان بێئه‌نجام بوون تائێستا.  وتیشى «هۆکارى بێ ئه‌نجامى هه‌وڵه‌کان ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا پارتى و یه‌کێتى سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ریه‌که‌یان خۆى بچێته‌ دانوستانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌کان، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ کورد له‌و ژماره‌یه‌ که‌متر پۆست وه‌ربگرێت که‌ بۆى دیاریکراوه‌«.  به‌وته‌ى جه‌مال کۆچه‌ر، له‌کۆى ئه‌و 400 پۆسته‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ کورد 30 بۆ 40 پۆست که‌متر وه‌ربگرێت، به‌وپێیه‌ى هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ک له‌نێوان فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کاندا نییه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌مه‌سه‌له‌ى پۆسته‌کانى دیکه‌دا کورد هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌کى نه‌بوو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌پشکى کورد له‌وه‌زیره‌کان که‌مبووه‌ و له‌جیاتى چوار وه‌زاره‌ت کورد سێ وه‌زاره‌تى به‌رکه‌وت.  دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ساڵى رابردوودا ململانێیه‌کى توند له‌نێوان پارتى و یه‌کێتیدا سه‌ریهه‌ڵدا له‌سه‌ر پشکه‌کانى کورد له‌به‌غدا، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمارو وه‌زاره‌تى دادى عێراق، که‌دواتر له‌پرسى سه‌رۆک کۆماردا به‌قازانجى یه‌کێتى شکایه‌وه‌، ئه‌و ململانێیه‌ تائیستاش به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر باڵیۆزو بریکارو به‌ڕێوه‌به‌رە گشتییه‌کان.  جه‌مال کۆچه‌ر به‌پێویستى زانى کورد یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست بێت و پێکه‌وه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بکه‌ن، تا پشکه‌کانى کورد زیانى به‌رنه‌که‌وێت، به‌ڵام وتى له‌ئێستادا هیوایه‌ک نییه‌ بۆ ئه‌و یه‌کده‌نگییه‌. کێشه‌ى نه‌وت له‌باره‌ى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غداوه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق پێیوایه‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ناکۆکییه‌کان مه‌حاڵه‌ رێککه‌وتن بکرێت، چونکه‌ به‌شێک له‌ناکۆکییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌ململانێی نفوزو شتى دیکه‌وه‌ هه‌یه‌. وتیشى «به‌ڵام ده‌کرێت له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌به‌غدا، پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بگه‌نه‌ ئه‌نجام». به‌پێی یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق که‌ که‌متر له‌چوار مانگى ماوه‌ بۆ کارکردن پێی، ده‌بێت هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، له‌به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌کانى که‌ زیاتره‌ له‌ 10 ترلیۆن دینار. به‌ڵام یاساکه‌ به‌غداى پابه‌ندکردووه‌ به‌ ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وتیش راده‌ست نه‌کات. حکومه‌تى به‌غدا تائێستا بڕه‌ پاره‌ى تایبه‌ت به‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى ناردووه‌، به‌ڵام هه‌رێم نه‌وتى راده‌ستنه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ش کێشه‌کانى نێوانیانى زیاتر کردووه‌. هه‌ردوو حکومه‌ت له‌م ماوه‌یەى دواییدا چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان کردو لیژنه‌ى هاوبه‌شیان پێکهێناوه‌ بۆ گه‌شتن به‌چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر خاڵه‌ ناکۆکه‌کان، به‌ڵام هێشتا هیچ ئه‌نجامێک دیار نییه‌. عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق پێش جه‌ژنى قوربان جه‌ختى له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان کردبووه‌وه‌ به‌گفتوگۆ، دڵنیایشى دابوو که‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نابڕن. جه‌مال کۆچه‌ر وتى «ده‌بێت هه‌ردوولا بگه‌نه‌ رێککه‌وتن، چونکه‌ کات زۆرى نه‌ماوه‌، لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانى به‌غداش فشاریان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى دروستکردووه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێککه‌وتن له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا قورسه‌ پشکى کوردو پاره‌ى تایبه‌ت به‌موچه‌ وه‌کو ئه‌مساڵ جێگه‌ى بکرێته‌وه‌«. وتیشى «له‌ڕووى کردارییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌واوه‌ که‌ هه‌رێم نه‌وتى راده‌ستنه‌کردووه‌و به‌غداش پاره‌ى ناردووه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت پێش کۆتایی هاتنى ئه‌مساڵ که‌ واده‌ى کارکردن به‌یاساى بودجه‌ کۆتایی دێت». هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا جه‌خت له‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان به‌گفتوگۆ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام کێشه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ که‌ به‌و پاره‌یه‌ى به‌غد ره‌وانه‌ى ده‌کات ناتوانێت کۆى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بکات، قه‌رزى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانیش کێشه‌یه‌کى دیکه‌ى بۆ دروستکردووه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ دانوستانه‌کانیدا له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و دوو پرسه‌ چاره‌سه‌ربکرێت پاشان نه‌وت راده‌ست بکات. حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ پێویستی به‌ نزیکه‌ى 900 ملیار دیناره‌ بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ به‌بێ پاشه‌که‌وت، به‌ڵام به‌غدا مانگانه‌ 454 ملیار دینارى بۆ ده‌نێرێت، ئه‌وه‌ى دیکه‌ له‌ پاره‌ى فرۆشتنى نه‌وت دابین ده‌کات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆى پاره‌ى تایبه‌ت به‌موچه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.  کێشه‌ى پشکنه‌رە گشتییه‌کان له‌به‌شێکى دیکه‌ى چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا جه‌مال کۆچه‌ر باسى له‌ کێشه‌ی نێوان په‌رله‌مان و حکومه‌تى عێراق کرد له‌باره‌ى دانانى پشکنره‌کانى گشتى و رایگه‌یاند، ئه‌و کێشه‌یه‌ هێشتا به‌چاره‌سه‌رنه‌کراوى ماوه‌ته‌وه‌. جه‌مال کۆچه‌ر وتى «کێشه‌که‌ له‌وه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا که‌ حکومه‌ت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان پشکنه‌رانى گشتى له‌وه‌زاره‌ته‌کان داناوه‌، په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت حکومه‌ت مافى ئه‌وه‌ى نییه‌ و ده‌بێت هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه‌و دواتر له‌په‌رله‌مان ده‌نگدانیان بۆ بکرێت». وتیشى «پێشتر په‌رله‌مان پشکنه‌رانى گشتى لابردبوو به‌ڵام حکومه‌ت دایناونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌ت هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه‌و دواتر له‌په‌رله‌مان بخرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌«.

هاوڵاتى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) هه‌وڵه‌کانى ده‌ستپێکردووه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورى بنه‌ڕه‌تى تورکیا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سیسته‌مێکى دیموکراتى بنیات بنرێت که‌ مافه‌کانى کوردى تێدا پارێزراو بێت. هه‌وڵه‌که‌ى هه‌ده‌په‌ دواى به‌رده‌وامیدانى تورکیا دێت به‌ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى و ده‌ستگیرکردنى به‌رپرس و ئه‌ندامانى ئه‌و پارته‌ کوردییه‌، به‌چه‌ندین تۆمه‌تى جیاجیا له‌ناویاندا بوونى په‌یوه‌ندییان به‌ په‌که‌که‌وه‌. هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى هه‌موارى ده‌ستورییه‌وه‌ رێگرى سه‌ره‌کى له‌و کارانه‌ى ده‌وڵه‌ت بکات، بۆ ئه‌وه‌ش داواى له‌ پارته‌ هاوپه‌یمانه‌کانى کردووه‌ پێکه‌وه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ کاربکه‌ن. حه‌سه‌ن ئۆزگه‌نوش په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت ده‌ستورى تورکیا هه‌مواربکرێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ک گره‌نتى سیسته‌مێکى دیموکراتى بکرێت و مافى کورد و هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزراوبێت. وتیشى «ده‌ستورى ئێستاى تورکیا نادیموکراتییه‌، ماف و ئازادییه‌کانى تێدا به‌پێی پێویست نه‌پارێزراوه‌، داوامان له‌پارته‌کانى دیکه‌ کردووه‌ پێکه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ بده‌ین و ده‌ستور هه‌مواربکرێته‌وه‌«. ده‌ستورى تورکیا ساڵى 2017 له‌ ریفراندۆمێکى گشتیدا هه‌موارکرایه‌وه‌ و سیسته‌مه‌که‌ له‌په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تى گۆڕدرا، ئه‌وکات هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ به‌نه‌خێر دژى ئه‌و هه‌مواره‌ ده‌نگیاندا و جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ نوێیه‌ سیسته‌مێکى «دیکتاتۆرى» ده‌هێنێته‌ کایه‌وه‌ و رۆڵى په‌رله‌مان سنوردار ده‌کات. به‌پێی هه‌مواره‌که‌، زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌لاى سه‌رۆک کۆمار کۆکراونه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر ده‌ستى په‌رله‌مان ده‌رهێنراون، ماوه‌ى خولى سه‌رۆکایه‌تیش له‌ چوار ساڵه‌وه‌ کراوه‌ به‌ پێنج ساڵ. کورد به‌توندى دژى زیادکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆک کۆمار وه‌ستایه‌وه‌و به‌ هه‌وڵێک بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێکى دیکتاتۆرى ناویبرد، به‌ڵام پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ تورکیا زیادکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکى به‌هه‌وڵی به‌هێزکردنى پڕۆسه‌ى دیموکراسی ناوبرد. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ به‌میدیاکانى تورکیاى راگه‌یاندبوو، هه‌ده‌په‌ زه‌مینه‌ خۆشده‌کات بۆ هه‌مواری ده‌ستووری تورکیا بۆئه‌وه‌ی مافی کورد به‌پێی ماده‌ یاساییه‌کان له‌خۆبگرێت و له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت. ده‌میرتاش که‌ له‌ساڵى 2016ه‌وه‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ باسى له‌وه‌شکردووه‌، بۆ چارەسەری کێشەی کورد، هەدەپە کار بۆ کاراکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دەکات و بێ هه‌ده‌په‌ش تورکیایه‌کی دیموکرات بنیادنانرێت. هه‌ده‌په‌ له‌دوو هه‌فته‌ى رابردوودا کۆنفرانسێکى گشتى به‌ست و تێیدا جه‌ختیکرده‌وه‌، لەگەڵ ئەوەی به‌ قۆناغێکی سەخت و فشارێکى گران تێپەڕبوون، بەڵام لەهەر ڕەوشێکی سیاسیدا ڕۆڵی دیموکراسی خۆیان گێڕاوەو ئەمەش لە هەڵبژاردنی کۆتایی خۆجێی بەچاو بینراوە کە لەسیاسەتی تورکیادا هەدەپە نوێنەرێکی دیموکراتیە. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، لەسەر پرسی دیموکراتی بون و چارەسەری پرسی کورد لەبەرپرسیارێتی سیاسی و مێژویی پێویستە هەموو لایەنەکان هەڵوێستیان نیشان بدەن. عابد ئیکه‌ نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، کارى ئێستاى ئه‌وان له‌سه‌ر دوو پرسه‌، یه‌که‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى که‌ تورکیا ناچاره‌ ئه‌وه‌ بکات، دووه‌میشیان پرسی کارکردنه‌ بۆ ده‌ستورى نوێی تورکیا. جه‌ختیشیکرده‌وه‌، پێویسته‌ پارته‌کان پێکه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ داڕشتنى ده‌ستورى نوێ، تا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکرێت و سیسته‌مێکى دیموکراسی له‌تورکیا مسۆگه‌ر بکرێت. له‌دواى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانى تورکیا که‌تێیدا ئه‌که‌په‌ دوو گه‌وره‌ شارى له‌ده‌ستدا، هه‌ده‌په‌ هه‌وڵه‌کانى چڕترکردوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندوکردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى ئاشتى چاره‌سه‌رى پرسی کورد، که‌ له‌ساڵى 2015ه‌وه‌ دواى دوو ساڵ له‌ ده‌ستپێکردنى شکستى هێنا. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌دا عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌رى زیندانیکراوى په‌که‌که‌ له‌ دورگه‌ى ئیمراڵى، به‌م دواییانه‌ له‌چه‌ند په‌یامێکیدا جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى کێشه‌ى کورد کردووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ وه‌ستانى شه‌ڕى چه‌کدارى په‌که‌که‌ و تورکیا ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ هانگاوى پێویست بگرێته‌ به‌ر. ئۆجالان 12ى ئه‌م مانگه‌ لە دیدارێکیدا لەگەڵ مەمەد ئۆجالانی برای جەختی لە چارەسەری پرسی کورد بەشێوازی ئاشتیانە و یەکێتی نەتەوەیی کورد کرده‌وه‌و و وتویەتی «بۆ ئاشتی ئامادەین و پێویستە لە بری شەڕ ئاشتی بەرقەرار بێت». ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، «بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئێمە رۆڵ و ئەرکی خۆمان بەجێدەگەیه‌نین، ئەو کێشەیە بە رشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر نابێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین و هەمیشە دژی شەڕین». تا ئێستا به‌رپرسانى تورکیا هیچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه‌ له‌سه‌ر هه‌موارى ده‌ستورو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى چاره‌سه‌رى پرسی کورد، له‌جیاتى ئه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌که‌یان بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ چڕترکردووه‌ته‌وه‌، له‌ شاره‌کانى باکورى کوردستانیش درێژه‌ده‌ده‌ن به‌ده‌ستگیرکردنى ئه‌ندام و لایه‌نگرانى هه‌ده‌په‌. تائێستا دیار نییه‌ هه‌وڵه‌کانى هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورى نوێی تورکیا به‌کوێ ده‌گات، دیاریش نییه‌ زۆربه‌ى کۆده‌نگى پارته‌کانى له‌سه‌ر دروستده‌بێت یاخود نا. ئه‌وه‌ى روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌دواى دوباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانه‌وه‌ له‌ تورکیا، ده‌نگى هه‌ده‌په‌ گه‌وره‌تر بووه‌ له‌ تورکیا، به‌تایبه‌ت که‌ له‌رێگه‌ى ده‌نگه‌کانییه‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ شکستى به‌ پارتى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌و وڵاته‌ هێنا.

ئارا ئیبراهیم کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم دواى ده‌ستبه‌کاربوونیان له‌مانگى رابردوودا سه‌ردانى به‌غدادیان کرد و یه‌کێک له‌و ته‌وه‌رانه‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق باسکراوه‌ قه‌رزه‌کانى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان بووه‌ تا بخرێته‌ سه‌ر به‌غدا. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2014 بودجه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ بڕاوه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ قه‌رزێکى زۆرى له‌کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان کرد که‌ به‌قه‌رزى»ئاجل» داده‌نرێت و ناخرێته‌ لیستى قه‌رزه‌وه‌. قه‌رزه‌کان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه‌ ورده‌ى که‌ رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى ئه‌نجامى داوه‌، حکومه‌تى هه‌رێم له‌گفتوگۆکانیدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى باسى ئه‌وه‌یان کردووه‌ که‌ 24 ملیار دۆلار قه‌رزارن، به‌ڵام ورده‌کارى قه‌رزه‌کانیان نه‌خستۆته‌ڕوو، لایه‌نى عێراقیش ورده‌کارى قه‌رزه‌کانیان ده‌وێت که‌ شه‌فافیه‌تى تێدا بێت. له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا مه‌سرور با‌رزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى راگه‌یاندووه‌ که‌«  24ملیار دۆلار قه‌رزارین، به‌شێکى ئه‌و قه‌رزه‌ به‌هۆى هاتنى دوو ملیۆن ئاواره‌وه‌ بووه‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌و خه‌رجیه‌کى زۆریان هه‌بووه‌و به‌ئامار لامانه‌ چه‌ندیان بۆ خه‌رج کراوه‌و حکومه‌تى عێراق یه‌ک دینارى پێنه‌داوین». سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ به‌غداده‌وه‌ که‌ ئاگادارى گفتوگۆکان بووه‌ بۆ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد لایه‌نى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت ئه‌و قه‌رزه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌غداد، چونکه‌ «حکومه‌تى هه‌رێم له‌وه‌دا قه‌رزار بووه‌ که‌ شایسته‌ى دارایى خۆى له‌ساڵى 2014  بۆ نه‌هاتووه‌ و بۆیه‌ قه‌رزار بووه‌«. له‌کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا رێباز حه‌ملان که‌ وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بوو ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که‌ له‌سه‌ره‌تاى 2018 ساڵى مانگانه‌ برى 250 ملیۆن دۆلار قه‌رز ده‌ده‌نه‌وه‌.  له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2018وه‌ تا ئێستا مانگانه‌ ئه‌گه‌ر 250 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ درابێته‌وه،‌ ئه‌وا له‌ساڵى 2018 سێ ملیار دۆلارو له‌ 2019 تا مانگى ئابى ئه‌مساڵ دوو ملیار دۆلارو تا کۆتایى ئه‌مساڵیش یه‌ک ملیار دۆلارى دیکه‌ بداته‌وه‌و به‌وپێیه‌ بڕى شه‌ش ملیار دۆلار ده‌کات که‌ له‌ 24 ملیار دۆلار ده‌رده‌کرێت 18 ملیار دۆلار ده‌مێنێته‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌ دۆسیه‌ى دارایى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ «که‌ (قه‌رزى ئاجل) تایبه‌ته‌ به‌ کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان که‌ئه‌وه‌ هه‌ژمار ناکرێت به‌قه‌رز، چونکه‌ نه‌وت ده‌فرۆشین و مانگ بۆ مانگ ئه‌و قه‌رزانه‌ که‌م ده‌بێته‌وه‌« هه‌روه‌ها وتیشى» له‌سه‌دا 40ى داهاتى هه‌رێم له‌داهاتى هه‌رێم ده‌درێته‌وه‌ به‌ قه‌رز، مانگ بۆ مانگ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌که‌ جیاوازى هه‌یه‌ و مه‌رج نییه‌ هه‌موو مانگێک 250 ملیۆن دۆلار بده‌ینه‌وه‌ زیادو که‌م ده‌کات». حکومه‌ت خاوه‌ن قه‌رزه‌ هه‌ر به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى ‌هاوڵاتى، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نزیکه‌ى هه‌شت ملیار دۆلارى لاى هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌رو کۆمپانیا و بازرگانانه‌. قه‌رزه‌کان بریتین له‌ پاره‌ى (پێشینه‌ى خانوبه‌ره‌، پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى، پاره‌ى کاره‌باو ئاو، پێشینه‌ى کشتوکاڵى و پیشه‌سازى، پرۆژه‌ى بچوک). هه‌روه‌ها له‌کابینه‌کانى رابردووى حکومه‌تدا قه‌رز دراوه‌ته‌ کۆمپانیاکانى وه‌به‌رهێنان و بازرگانان. ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌تى هه‌رێم قه‌رزه‌کانى له‌هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانان وه‌ربگرێته‌وه‌ ته‌نها 10 ملیار دۆلار قه‌رزار ده‌بێت. سەرچاوە ئاگادارەکەی دۆسیەی دارایی هەرێم بە‌هاوڵاتى وت: حکومەتی هەرێم نزیکەی 10 ملیار دۆلاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایە، ئەگەر بێت‌و قەرزەکانی وەربگرێتەوە زۆربەی پارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەداتەوە، ئەویش لەڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران‌ کەقەرزی حکومەتیان لەلایە لەو رێگەیەوە وەریبگرێتەوە. نه‌وتى هه‌رێم و ته‌سلیم کردنى به‌به‌غدا حکومه‌تى هه‌رێم  له‌زارى جوتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم له‌دوو رۆژى رابردوو رایگه‌یاند که‌هه‌رێم ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات. حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 435 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌کات، تا کۆتایى ئه‌مساڵ نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ 475 بۆ 500 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌. حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌و رێژه‌یه‌ 250 هه‌زار به‌رمیلى بداته‌ به‌غداو 225 بۆ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت خۆى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بکات ئه‌وه‌ش له‌پێناوى دانه‌وه‌ى قه‌رزى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان که‌ له‌سه‌رى ده‌مێنێت له‌ 2020دا که‌ نزیکه‌ى پێنج ملیار دۆلارى ده‌مێنێته‌وه‌و نه‌وتیان پێده‌دات له‌جیاتى ئه‌و پاره‌ کاشه‌ى وه‌ک قه‌رزى ئاجل وه‌ریگرتووه‌. هاوکات قه‌رزى چه‌ند بانکێکى ناوخۆیى ئه‌هلى و کۆمپانیاى ناوخۆیى قه‌رزاره‌ که‌ بڕه‌که‌ى نزیکه‌ى پێنج ملیار دۆلار ده‌بێت، به‌ڵام به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه‌ خاوه‌نى پاڵاوگه‌ى نه‌وتن و له‌ڕێگه‌ى پێدانى نه‌وت به‌پاڵاوگه‌کان قه‌رزه‌کان ده‌داته‌وه‌. « هه‌رێم شه‌فاف بێت له‌ قه‌رزه‌کانیدا به‌غدا به‌شێکى چاره‌سه‌ر ده‌کات» ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد هه‌رێم  ده‌یه‌وێت قه‌رزه‌کانى بخاته‌ سه‌ر عێراق، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى قه‌رز له‌عێراقدا به‌یاسا جێگیر ده‌کرێت یا ده‌بێت له‌ناو یاساى موازه‌نه‌ بێت یان به‌پرۆژه‌یاسایه‌کى فه‌رمى بێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌پێى ده‌ستور. هه‌روه‌ها وتیشى» هه‌رێمه‌کان و پارێزگاکان ده‌توانن قه‌رز وه‌ربگرن به‌مه‌رجێک ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق رازى بێت، به‌ڵام بۆ قه‌رزه‌کانى هه‌رێم حکومه‌تى عێراق رازى نییه‌و ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم خۆى بیداته‌وه‌، چونکه‌ نازانرێت چۆن کراوه‌ و فائیده‌و عموله‌ى چه‌نده‌و پێویسته‌ شه‌فافیه‌تى تێدا بێت». ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید باسى له‌وه‌شکرد ‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت ئه‌سڵى قه‌رزه‌کان بێنێت، به‌ڵام کێشه‌ى هه‌رێم ئه‌وه ‌بووه‌ که‌ یاساى بودجه‌ى نه‌بووه‌ له‌ 2014وه‌ تا ئێستا، وتیشى» ئه‌وانه‌ى قه‌رزیان داوه‌ به‌هه‌رێمى کوردستان موئه‌سه‌ساتى نێودەوڵەتی نین، که‌رتى تایبه‌ت بوون،  قه‌رزى که‌رتى تایبه‌ت سوودى زۆره‌و قه‌رزى سه‌ر عێراق هیچى سوده‌که‌ى له‌سه‌دا سێ تێناپه‌ڕێت،  به‌ڵام ئه‌وانه‌ى هه‌رێم له‌سه‌دا نۆى سودى چۆته‌سه‌ر». ناوبراو پێیوابوو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى دانوسانى هونه‌رییه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات و خه‌ڵکى شاره‌زاى بۆ دیارى بکات که‌ باسى ئیحتیاتى نه‌قدى بکات که‌ پشکى هه‌رێمى تێدا بووه‌و بڕاوه‌، له‌گه‌ڵ 35 ملیار دۆلار له‌ئیحتیاتى نه‌قدى که ‌له‌عێراق که‌مى کردووه‌، هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌مه‌ بجوڵێنێت.

شاناز حه‌سه‌ن چاوه‌ڕوانده‌کرێت ئاستى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌رزبێته‌وه‌، دواى ره‌زامه‌ندیدانى تاران بۆ به‌فه‌رمى کردنى سێ ده‌روازه‌ى سنورى له‌گه‌ڵ هه‌رێم، که‌ته‌نها ره‌زامه‌ندى به‌غداى ماوه‌ بۆ ده‌ستبه‌کاربوونیان. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا ئێران به‌فه‌رمى ڕه‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر به‌فه‌رمیکردنى مه‌رزه‌کانى کێلێ، شوشمه‌، پشته‌، وه‌ک مه‌رزی بازرگانى و گه‌شتیارى. ئه‌و مه‌رزانه‌ پێشتر له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌و کارى بازرگانى و هاتوچۆیان پێداکراوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقى و ئێرانه‌وه‌ نه‌کرابونه‌ ڕه‌سمى و نێوده‌وڵه‌تى. ‌کاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى ئێران به‌نوسراوێک له‌ به‌روارى 10-8-2019 ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر به‌ فه‌رمیکردنى مه‌رزه‌کانى (کێلێ) و (شۆشمێ - ته‌وێڵه‌) و (شێخ ساڵح- پشته‌) وه‌ک مه‌رزى بازرگانى و گه‌شتیاریى ده‌ربڕیوه‌«. وتیشى «هه‌نگاوى داهاتوو گه‌یاندنى ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیه‌یه‌ به‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى عێراقى و ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوریه‌کانى عێراق، بڕیاریشه‌ له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا هه‌ردوو لایه‌نى عێراقى و ئێرانى کۆبونه‌وه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجامبده‌ن، چونکه‌ بڕیارى کۆتایى له‌ده‌سه‌ڵاتى هه‌ردوو حکومه‌تى عێراقى و ئێراندایه‌«. بڕیاره‌ کۆبونه‌وه‌ى  لیژنه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و ئێران، له‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌فه‌رمیکردنى ئه‌و سێ مه‌رزه‌. کاوه‌ عه‌لى وتى «چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین حکومه‌تى عێراق ڕازى بێت و بیکه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تى، چونکه‌ عێراق پێشتر خۆى داواى کردووه‌و له‌ئێستاشدا نه‌ کێشه‌ى فه‌نى و نه‌ کێشه‌یه‌کى وا گه‌وره‌ى سیاسیش نه‌ماوه‌ له‌ نێوانیان».  به‌پێی ئاماره‌کان مه‌رزى پشته‌ له‌ئێستا له‌ مانگێکدا نزیکه‌ى ملیارێک دینار ئاڵوگۆڕى بازرگانى تێدا ده‌کرێت. جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، به‌فه‌رمى کردنى ئه‌و دوو مه‌رزه‌ ده‌بێته‌هۆى زیادبوونى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بۆ بازرگانى و گه‌شتیاری. دیارترین خاڵه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌تورکیا و ئێران بریتین له‌، ئیبراهیم خه‌لیل، په‌روێزخان، باشماخ، حاجى ئۆمه‌ران. یاسین ڕه‌حیم، جێگرى سه‌رۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «ڕاسته‌ ئێران باسى کردوه‌، به‌ڵام ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ مه‌سه‌له‌ى سیاسین و پێویستى به‌ڕێکه‌وتنى حکومه‌تى عیراقیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌زامه‌ندى بدات له‌سه‌ر کردنیان به‌فه‌رمى». جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌هه‌بونى ده‌روازه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دراوسێکان گرنگى خۆى هه‌یه‌، چونکه‌ هاتوچۆکان ئاسانتر ده‌بن و کارئاسانى ده‌بێت بۆ خه‌ڵک و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیه‌کان. یاسین ره‌حیم ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، به‌فه‌رمى کردنى ئه‌و مه‌رزانه‌ کاریگه‌رى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێت، چونکه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ڕاستى مه‌رزه‌کان و شاره‌کانى ترو دەبێتە پردى په‌ڕینه‌وه‌ «ده‌بێته‌ بوژاندنه‌وه‌ى ناوچه‌که‌و به‌رزبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاڵوگۆڕى ئابورى بۆ ناوچه‌که‌و بۆ هه‌رێم به‌گشتى». به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگ له‌وه‌زاره‌تى دارایى، رایگه‌یاند، کۆمه‌ڵێک ده‌روازه‌یان هه‌یه‌، که‌تائێستا به‌ڕه‌سمى نه‌ناسێنراون، بۆیه‌ ئێستا ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌و سێ مه‌رزه‌ بکاته‌ نێوده‌وڵه‌تى و ئێستا بڕیارى حکومه‌تى عێراقى ماوه‌ تا به‌فه‌رمى بناسێنرێن. ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان له‌ لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتیشى»ئێمه‌ خوازیارین عێراقیش مۆڵه‌ت بدات و بکرێنه‌ ڕه‌سمى». «به‌پێی سنوره‌ هاوبه‌شه‌کانمان له‌گه‌ڵ زۆر ده‌وڵه‌تى ترو ناوچه‌که‌ى ئێمه‌ شاخاوییه‌، بۆیه‌ پێویست ده‌کات ژماره‌یه‌کى زیاتر له‌ده‌روازه‌مان هه‌بێت و هه‌موو سنوره‌کان له‌سنورى خۆمانه‌وه‌ کارى بازرگانى بکه‌ین»، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان وایوت. جه‌ختیشیکرده‌وه‌، کردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌روازانه‌ گوڕێکى باشتر به‌ بازرگانى ده‌دات هه‌م بۆ هه‌رێم و بۆ عێراق. به‌پێی ئاماره‌کان، ژووری بازرگانی ئێران، ئاستى قه‌باره‌ى بازرگانی و هەناردە کردنی ئێران بۆ عێراق گەیشتووەتە نزیکه‌ى ٩ ملیار دۆلار، که‌نزیکه‌ى سێ ملیار دۆلارى له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان بووە.  سەرۆکی ژووری بازرگانی کرماشان و ئەندامی لیژنه‌ى سه‌رۆکایه‌تى ژووری بازرگانی ئێران رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان دەروازەی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ عێراقەو سەدا ٦٠ی هەناردە کردنەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەیە.

فرانس پرێس هەر کە ئۆتۆمبیلێک لە سوچێکی هەولێردا رایگرت، شه‌ش حه‌وت کرێکاری ئێرانی وروژمیان بۆ برد. بەهۆی فشاری سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر تاران، لە دەرەوەی سنووری خۆیان راوی کار دەکەن. ئەوان کە زۆریان کوردن، ناچارن کاری رۆژانەی بیناسازی یان کرێکاری و کاری سەرەتایی بکەن لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپبوونی دۆخی ئابوورییان لە وڵات. کڵاو له‌سه‌ریاندا و توره‌که‌ی خام بە کەمەریانەوە لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەولێر دەوەستن تا خەڵکێک کە پێویستی پێیانە بۆ پاککردنەوە یان کاری بیناسازی و بۆ کرێکار دەگەڕێن، هەڵیانبگرن. رۆستەم، 31 ساڵ، کە کرێکارێکی خەڵکی ورمێی ئێرانە وتی: «کرێی رۆژانەم لە ئێران تەنیا بەشی کڕینی مریشکێک دەکات -- بەڵام خێزانێک پێویستی بە زیاتر لە تەنیا مریشکێک هەیە.» ئەو کە باوکی دوو منداڵە نەیویست ناوی راستەقینەی ئاشکرا بکرێت لە ترسی ئەوەی ئاکامی خراپی هەبێت بۆ خێزانەکەی لە وڵاتەکەی خۆی. رەزا رۆستەمی، کرێکار، وتی کرێکاران دەتوانن «لەنێوان 25هەزار بۆ 30هەزار دیناری عێراقی (20 - 25 دۆلار)ی رۆژانە بەدەستبهێنن». هەروەها وتی «پارەیەکی باشە» که‌ نزیکەی سێ هێندەی ئەوەیە لە ئێران دەستتدەکەوێت. رۆستەمی وتیشی «ئابووریی ئێران پێشبینی ناکرێت. دەکرێت بەیانییەک بەخەبەربێیته‌وه‌ و ببینیت نرخی خۆراک دووقات بووە بەراورد بە رۆژی پێشوو.» ئابووریی ئێران «به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت» کرێکارانی ئێرانی سنوور دەبڕن بۆ نێو هەرێمی کوردستانی عێراق وەک گەشتیار بە ڤیزەیه‌کی یەک مانگی. بۆ ماوەی 28 رۆژ کاردەکەن و دواتر بۆ پشوویەک دەڕۆنەوە ماڵەوە و چا و دایبی و شمەکە بازرگانییەکانی دیکە له‌گه‌ڵ خۆیان دەبەنەوە کە لەئێستادا له‌ ئێران زۆر گرانن. دوای هەفتەیەک، هەمان سووڕ دەستپێدەکاتەوە. عادل باخەوان لە خوێندنگەی توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان له‌ پاریس وتی کرێکارەکان «هەم پێویستی پڕدەکەنەوە، هەم وەک سەرچاوەی سامان دەبینرێن». باخەوان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوان نەک تەنیا ئەو کارانە دەکەن کە لە کۆمەڵگەی کوردیی عێراق بە کەم دەبینرێن، بەڵکو کرێکارەکان پاره‌ش خەرج دەکەن.» لەسەر شاڕێگەیه‌کی جەنجاڵی سەرەکی لە هەولێر، خاوەنکارێکی کوردی عێراق بینایەکی کۆنی نوێکردۆتەوە و کردوێتی بە میوانخانه‌یه‌کی هەرزان بۆ نیشتەجێکردنی شەپۆلی کرێکارانی رۆژانەی ئێرانی. خورشید شەقڵاوەیی، 54 ساڵ، وتی  «پایزی رابردوو، تەنیا 58 کرێکاری ئێرانی لە میوانخانه‌که‌م هەبوون. ئێستا 180 که‌س هەن.» ناوبراو دوو بینای لەو نزیکانە بەکرێگرتووە، بەڵام ئەوەش بەش ناکات. وتیشی «ئێستا میوانی نوێ رەتدەکەمەوە، هەموویان ئێرانین، لەبەرئەوەی هەر سێ میوانخانه‌که‌ پڕن.» ژوورەکانی نزیکەی نۆ مەتری چوارگۆشەن و تا چوار کرێکار لەخۆدەگرن، کە بۆ شەوێک مانەوە و کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت هەریەکەی 3 دۆلار دەدەن. زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان پەرۆشی قسەکردن بوون بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بەڵام بەمەرجی ناونەهێنان، چونکە نیگەران بوون لە ئەگەری ئاکامە نەرێنییەکانی بۆ خێزانەکانیان لە ئێران. لەنێویاندا دەرچووانی زانکۆ هەن که‌ ناچارن کاری سەرەتایی کرێکاری بکەن چونکە کاریان دەستناکه‌وێت لە وڵاتی خۆیان و رەشبین بوون به‌رامبه‌ر به‌ داهاتوو. کرێکارێکی 24 ساڵە وتی  «پێموایە دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت لە ئێران.» کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیان ئاماری کرێکارانی ئێرانییان لا نیە و عێراقیەکانیش وتیان شەپۆلەکە نیگەرانی نەکردوون. رێبین سیامەندی، وەستایه‌کی 27 ساڵەی عێراقی، وتی «هەمان کرێی کرێکارانی خۆمان وەردەگرن. جیالەوەش، بەپێچەوانەوەی کرێکارە ئێرانیەکانەوە، پەیوەندیی باشمان هەیە. بەرده‌وام لەگەڵ ئەندازیاران و خاوەن پرۆژەکاندا کاردەکەین.» سیامەند وتی بەڵام گەر ئێرانییەکان بە ژمارەیەکی زیاترەوە بێن و کرێی کەمتر وەربگرن، ئەوە دەکرێت ببنە بار بەسەر عێراقیەکانەوە. سلێمان تەها لەسەر رێگەیەکی تەپوتۆزاوی بوو که‌ بەرەو ناوچە گوندنیشنەکان ده‌چوو، لە پشتی پیکابێکی نیسانی شیندا دانیشتبوو، کە لە ئێران بەرهەمهێنرابوو بە ژمارەیەکی ئێرانییەوە. ناوبراو کە 28 ساڵە و دەرچووی بەشی بیرکاری و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە، لە شوباتەوە هاتووه‌ بۆ عێراق بۆ فرۆشتنی پەیکەری گەچینی بەدەست دروستکراوی ئاژەڵان. وتی ئێرانیەکان تەرکیزیان لەسەر پەیداکردنی بژێویی رۆژانەیە و ناتوانن پلان بۆ شتی تر دابنێن. وتیشی: «پێش سزاکانی ئەمدواییانە، هەفتانە سێ جار گۆشتمان دەخوارد. لەئێستادا دەتوانین تەنیا هەفتەی جارێک گۆشت بخۆین.» تەها بۆ پەیداکردنی شوێنێکی کرێ دەگەڕا لە هەولێر چونکە زۆرێک لە هاوڕێیان و خزمانی بیریان لە سنووربڕین دەکردەوە بۆ کارکردن. وتیشی «بەمە دەڵێم کۆچکردن، کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی خێزانەکانمان لە وڵات.»

راپۆرت: ناوەندی توێژینەوەی کارنەیجی وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا گروپی ڤاگنەر بە ئامانجە جییۆپۆلەتیکەکانی کریملین جۆش دەدرێت، بەڵام شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵاتی تایبەتی (شەخسی) چالاکییەکانی ئاراستە دەکات.   گەڕانەوەی رووسیا بۆ سەکۆی جیهانی وەک ‌هێزێکی سەرەکی پشتی بەستووە بە چەند زنجیرە ئامرازێکی  دیپلۆماتی، زانیاری، ئەمنی، ئابوری کە یارمەتی کریملن دەدەن لە سنوری خۆی زیاتر پەلبهاوێت. یەکێک لە ئامرازە نوێیەکانی گروپی ڤاگنەرە، کە گروپێکی نهێنی چەکداری بەکرێگیراوی دڵسۆزی کریملنە و لەلایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەو کەسایەتییەی یەکێکە لە دەستەی ڤلادمیر پۆتین. میدیاکانی ڕۆژئاوا و رووسیا ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ شوینپێی ئەم گروپە دەکەن لە ئۆکرانیا و سوریاوە بۆ سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەراست و تەنانەت بۆ لیبیا و فەنزوێلا. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەموو سەرنجانەی پێی دەدرێت، تێگەشتنی ڕۆژئاوا بۆ رۆڵ و توانستی ڤاگنەر هێشتا کەموکورتی هەیە، ئەمەش بەشێکی بۆ کەمپین و هەوڵەکانی مۆسکۆ دەگەڕێتەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە بۆ نکۆڵیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە. زیاتر لێڵکردنی بابەتەکە ئەوەیە لێکدانەوەی هەڵە هەیە سەبارەت بە ڤاگنەر کە کۆمپانیایەکی ئەهلی سەربازی بێت وەک گروپی ئەکادیمی ئەمریکی و «داین کۆر»ی نێودەوڵەتی. ڕەنگە گروپی ڤاگنەر شێوازی نوێ دەستەبەر نەکات بۆ کریملین بۆ هەڵگیرسانی شەڕ یان بنیادنانی کاریگەری، بەڵام هەبوونی سیمبولە بۆ ئەوەی کە چۆن ڕووسیایەکی زیاتر خۆسەپێن هەوڵدەدات خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەو چالاکیانەی لە دەرەوەی سنوری ئەنجامی دەدات. گروپی ڤاگنەر دەلاقەیەکیشە بۆ جموجوڵە فراوانەکانی رژێمەکەی پۆتین، لەوانە چۆن مەرام و بەرژەوەندی کەسانی تایبەتی وەک پریگۆژین کۆنترۆڵ و ئاراستە بکات بۆ دروستکردنی ئامرازی ئاسان دەسخەر و نکۆڵی لێکراو. ڤاگنەر ئامرازێکە بەدەست کریملنەوە بەکاریدەهێنێت بۆ دامەزراندن و ڕاهێنان پێکردن و جوڵەپێکردنی سەربازی بەکرێگیراو کە یان لە جەنگدا بەکاریان دەهێنێت یان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیەت و ڕاهێنانی سەربازی بۆ ڕژێمە هاوپەیمانەکانی. سەرچاوە رۆژئاوایی و ڕووسیەکان زۆرکات پێی دەڵین کۆمپانیای سەربازی ئەهلی بەڵام دەکەوێتە دەرەوەی ئەو قاڵبەوە هەرچەندە وەک ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کارەکانی ئەنجام دەدات. ڤاگنەر قەوارەیەکی راستەقینەی بازرگانی نییە کە لە بازاڕی جیهانیدا مامەڵە بکات، هیچ کەس لەوانەی بەڕێوەی دەبەن دانی پێدا نانێن و تەنانەت کۆمپانیایەکی یاسایی تۆمارکراو نییە لە ڕووسیادا. پێگەی ڤاگنەر لە دەرەوەی بازاڕە جیهانییەکان و ئەو نهێنییەی دەوری داوە لە بنچینەوە وەک پێکهاتەیەکی شاراوەی سوپای رووسیا هەڵقوڵاوە  بۆ خزمەتکردنی ڕژێمەکەی پۆتین. تەنانەت لە ماستەر پلانی ڕووسیاشدا نەبووە. مەیلی مۆسکۆ بۆ کرداری تایبەت بە بابەتێک پێکهاتەی گروپەکەی هێناوەتە بوون و دواتر پەلەکانی فراوان بوون و دەستبەکاربوو لەکاتێکدا کریملین بەدوای شێوازی بەسوود و سیاسیدا دەگەڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە جەنگەکانی ئۆکرانیا و سوریا لە ٢٠١٤-٢٠١٥. شاراوەیی و نهێنی گروپی ڤاگنەر وایکردووە دیاریکردنی ئەندامەکانی، تێکڕای ژمارەیان، تواناکانیان سەخت بێت. ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی سێ هەزار  و  600 بۆ  پێنج هەزار جەنگاوەرەکەی هاوڵاتی ڕووسین بەڵام هاولاتی ئۆکرانی و وڵاتانی تریشی تێدایە. تۆڕە ئۆنلاین و نافەرمییەکانی سەربازە خانەنشینکراوەکان و گروپی تر یارمەتی دەدەن لە دامەزراندنی کاندیدی نوێ. جەنگاوەرە هەڵبژێردراوەکان دەچنە بنکەی ڤاگنەر لە باشوری ڕووسیا بۆ هەڵسەنگاندن، ئەگەر قبوڵکران بەڵێن دەدەن نهێنیەکەی بپارێزن و ئیمزا لەسەر گرێبەستی سێ مانگی بۆ شەش مانگی دەکەن کە مەرجی نوێکردنەوەی تێدایە. جەنگاوەرەکان تەمەنیان جیاوازە، لە ٢٠ ساڵییەوە دەست پێدەکات بۆ ناوەراستی ٥٠ ساڵی. هەندێکیان پێشینەی نایابی سەربازیان هەیە لەکاتێکدا هەندێکی تریان ئەزمونیان کەمە بەڵام ڕاهێنانەکانیان وادەردەکەوێت سنورداربێت. هیچ هاندەرێکی تاک نییە بۆ چوونە نێو ئەم گروپەوە، بەڵام موچەی مانگانەی بەرز هاندەرێکی گەورەیە چونکە موچەی ئەمان سێ هێندە بۆ چوار هێندە بەرزترە لە موچەی ئاسایی کەسێکی  ڕووسی. موچەی هەر شەڕکەڕێکی گروپی ڤاگنەر لە جەنگی سوریادا بۆ ساڵی ٢٠١٧ مانگانە سێ هەزار و ٦٢٩ دۆلار بووە لەکاتێکدا موچەی ئاسایی مانگانەی رووسیا ٥٩٢ دۆلارە. لەپاڵ ئەمەشدا هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن هەندێک شەڕکەر نیشتمانپەروەری و خزمەتکردنی وڵات هانیان دەدات بچنە نێو گروپەکەوە. یەکێک لە شەڕکەرانی گروپەکە بەناوی سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «لەسەدا ٩٠ی چەکدارە نوێیەکان نازانن بۆ کوێ دەنێردرێن، هەر کە دەکەونە گێژاوێکی ترسناکەوە دەڵین ئێمە نەهاتووین بمرین بەڵکو بۆ پەیداکردنی پارە هاتووین».  مۆسکۆ یەکەمجار گروپی ڤاگنەری لە ئۆکرانیا بەکارهێنا لەکاتێکدا کریملن پێویستی بەشەڕکردنی جەنگێکی نهێنی و شاردنەوەی قوربانی لە رای گشتی بوو لەگەڵ هێورکردنەوەی کاردانەوەی نێودەولەتی سەبارەت بە سەرپێچیکردن لە سەروەری وڵاتە درواسێکانی. بەکارهێنانی چەکداری بەکرێگیراو مێژوویەکی دێرینی هەیە لە رووسیا کە بەزۆری لە جەنگی سارددا بەدیدەکرا. بە بەکارهێنانی ئەم چەکدارانە، مۆسکۆ ژمارەی ئەندامە فەرمییەکانی کەمکردەوە. وەرگرتنی ئەم چەکدارانە بەخێرایی لە ٢٠١٤ گەشەی سەند و کریملن ڕووی خۆی وەرگێرا بۆ ئەکتەرە حکومی و ئەهلییەکان بۆ تەرخانکردن و بەڕێوبردنی ئەو گروپانە. یەکێک لەو گروپە نەشازانەی مۆسکۆ کۆیکردنەوە ئەو پیاوانەی تێدا بوو کە دواتر ڤاگنەریان دروستکرد. لەگەڵ پاڵپشتی هەواڵگری سەربازی ڕووسی، توانیان پلەی گروپی «پیاوانی بچوکی سەوز»تێپەڕێنن، ئەو گروپەی کە هیچ هێمایەکی فەرمی بە جلەکانیانەوە نییە و ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکرانیایان گرت. ئەم یەکەیەی ڤاگنەر لەژێر دەسەلاتی دمیتری ئوتکین چالاکیان ئەنجام دەدا کە سەربازێکی خانەنشینە لە بەشی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری ڕووسی. گروپەکەی ئوتکین کە لە بەهاری ٢٠١٤دا ناوی خۆیاننا ڤاگنەر بنکەیان لە شاری لوهانسک بو و لە چەندین شەڕی دژ بە هێزەکانی ئۆکرانیا بەشداریان کرد. دەستێوەردانی ڕووسیا لە سوریا لەساڵی ٢٠١٥دا، ژیانێکی نوێی بەخشی بە گروپی ڤاگنەر. کریملن ترسی هەبوو لە قوربانییە مرۆییەکان و دەیویست ئامادەگی فەرمی دووربخاتەوە لەخۆی. ستافی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، یاخود بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری رووسی ئەمەی وەک دەرفەتێک بینی بۆ بەرەوپێشبردنی پلانە درێژخایەنەکانی تا بتوانێت هێزێکی  چەکداری بەکرێگیراوی هەمیشەیی دروست بکات. بە گۆڕینی گروپی ڤاگنەر بۆ کۆمپانیانیەکی سەربازی ئەهلی، هەواڵگری رووسی دەیتوانی یارمەتی هێزەکانی حکومەتی سوریا بدات لە وشکاییدا و قوربانی بدات بەبێ دانپێدانانی قوربانییەکان بۆ رای گشتی. ئوتکین بە فەرماندەی گروپەکە مایەوە و ڤاگنەریش بەپێی کات فراوان بوو لە ئەرک و چالاکییەکانی سوریادا. فراوان بوونەکە پیاوی زیاتری بەخشییە ڤاگنەر و ڕێگەی بە مۆسکۆدا  بەر بە تێکەڵبوونەوەی کەسانی شەڕخواز و سەربەکێشە بگرێت بۆ ناو ژیانی مەدەنی لە رووسیا. سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «شەڕکەرەکانی ڤاگنەر کە لە سوریادا بوون زۆربەیان لەژیانیاندا بێ بەخت بوون، پۆلیسی خانەنشین یا پێشوو، تاوانبار، سەرباز بوون. نزیکەی سەدا ٤٠%یان پێشتر لە زینداندا بوون بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورەی وەک کوشتن و تاڵانی و هتد»... هەواڵگری رووسی یەڤگین پریگۆژینی کردە تەرخانکەری بودجەی گروپەکە لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستی زەبەلاحی بەرگری لەلایەن پریگۆژینەوە کە بەهاکەی بەسەدەها ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت بۆ دەستەبەرکردنی پاککردنەوە و خۆراک و دروستکردنی باڵەخانە و خزمەتگوزاری تر بۆ دامەزراوە سەربازییەکان، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو پارەیە بەکارهێنراوە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ فراوانکردنی ڤاگنەر. تا پایزی ٢٠١٥، هێزی نوێی چەکداری بەکرێگیراوی رژێمەکەی پۆتین ئامادە بوون بۆ ئۆپەراسیۆن و مۆسکۆ بەنهێنی سەدەها چەکداری ڤاگنەری نارد بۆ سوریا لە سەرەتای دەستێوەردانی لە وڵاتەکەدا. ئاماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی ڤاگنەر لە سوریا دەگاتە ٢٠٠ کوژراو لەکاتێکدا تەنها ١٩ کوژراوی فەرمی سوپای رووسیا هەیە لە هەمان ساڵدا. تێگەشتن لە ڤاگنەر پێویستی بە سەیرکردنێکی وردی پریگۆژین و پێگەکەی لەناو ڕژێمەکەی پۆتین هەیە لەگەڵ  ئەوەی چۆن شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵات بریکارێتی ئامرازەکانی کریملن ئاراستە دەکات. پریگۆژین تەرخانکەری سەرەکی دارایی و بەڕێوبەری ڤاگنەرە، هەرچەندە نکۆڵی دەکات لە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ گروپەکەدا هەیبێت. دوای بەسەربردنی ماوەیەک لە زینداندا بەتۆمەتی دزیکردن لە کۆتا ساڵەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا، پریگۆژین بووە بەڕێوبەرێکی سەرکەوتووی بواری خواردەمەنی کە چەندین ڕێستۆرانتی لە سانتپترسبۆرگ بەڕێوە دەبرد. لەناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ ، دوای ئەوەی میوانداری لە پۆتین کرد لە ڕیستۆرانتەکانیدا، پریگۆژین خۆی خزاندە نێو بازنەکەی سەرۆکەوە و لەکۆتایشدا خواردنی بۆ بۆنەکانی کریملن ئامادە دەکرد و نازناوی «شێفی پۆتین»ی بەسەردابڕا. لەم چەند ساڵانەی دواییدا، پریگۆژین بەشێوازی تایبەتتر سوودی بە پۆتین گەیاند. سەرکردایەتیکردنی  ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێت یان ناوە بازاڕییەکەی «کارگەی گاڵتەپێکردن»لەسەرەتای ٢٠١٣ەوە دەستی پێکرد کە میکانیزمێکی گرنگی بەخشییە کریملن بۆ قۆستنەوەی دیبەیتە سیاسییەکان و زراندنی ناو و پێگەی ڕەخنەگرەکانی ناوخۆ. «کارگەی گاڵتەپێکردن»پێشەنگی بەکارهێنانی کەسایەتی ساختەی ئینتەرنێتی گرت بۆ پەرەپێدانی ئەجێندای کریملن لەناوخۆی ڕووسیا و بەپێی کاتیش چالاکییەکانی فراوان کرد بۆ دروستکردنی گرژی سیاسی و دووبەرەکی لە دەرەوەی وڵات، تەنانەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش.وەزارەتی دادی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٨ پریگۆژین و ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێتی تاوانبارکرد بە دەستتێوەردانی لە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠١٦. نیاز و هاندەرەکانی پریگۆژین بەزۆری بەستراوەتەوە بە ئەندامێتی لەنێو دەست و پێوەندی پۆتیندا. بە بەکارهێنانی ڤاگنەر و «کارگەی گاڵتەپێکردن»بۆ پاڵپشتیکردنی مەرامەکانی ناوخۆ و جیۆپۆڵەتیکەکانی پۆتین، پریگۆژین دەتوانێت داخوازییەکانی خۆی بەهێز بکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و سەرچاوە بەنرخەکان. هەتا زیاتر پریگۆژین پۆتین قایل و دڵخۆش بکات، زیاتری دەدرێتێ. ڤاگنەر ناتوانێت بوونی هەبێت بەبێ ڕەزامەندی پۆتین و پریگۆژینیش ڕەنگە پێویستی بە ڕەزامەندی کریملین بێت بۆ بڕیاری ستراتیجی، بۆ نمونە کەی و لەکوێ ڤاگنەر بجوڵێنێت. هێشتنەوەی ڤاگنەر لەژێر دەستی پریگۆژین سوودی دیار دەبەخشێت بە کریملن. یەکەم، کریملن هێزێکی چەکداری بەکرێگیراوی هەیە بەبێ ئەوەی پارەی بداتێ. دووەم، دەتوانێت نکۆڵی لە هەموو بەرپرسیاریەتییەکی ڤاگنەر بکات بە هێشتنەوەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت.ساڵی ٢٠١٨ پۆتین خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕووسیا هیچ لێپرسراویەتێکی لەسەرشان نییە سەبارەت بەوەی پریگۆژین دەیکات چونکە پریگۆژین هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە. ئەمە باوەڕپێکراو نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگە نافەرمییە بە دۆکیۆمێنتکراوەی لە ڕژێمەکەی پۆتیندا هەیەتی. پریگۆژین پەیوەندییەکانی کریملن بەکاردەهێنێت بۆ دەستکەوتنی قازانج لەو سەرچاوە سروشتییانەی ئەو ناوچانەی ڤاگنەر چالاکە تێیدا. ئەمە لە ٢٠١٦-٢٠١٧ دەستی پێکرد لە سوریا کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕازیبوو پارەی خزمەتگوزرای سەربازیی بداتە کۆمپانیایەکی بەرەی ڤاگنەر کە لەلایەن پریگۆژینەوە کۆنترۆل دەکرێت. هەروەها گرێبەستەکە یەک لەسەر چواری قازانجی ئەو کێڵگە نەوت و غازانەی لە سنوری چالاکی ڤاگنەردان دەبەخشێتە پریگۆژینکە بەناوی ڕژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەردا دەگرێت. کاتێک ڤاگنەر دواتر جوڵێندران بەرەو سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، حکومەتی ڕووسیا گەشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا بۆ مافی وەدەستخستنی ئەڵماس لە داهاتوودا و  عەمبارکردنی ئاڵتوون بۆ  کۆمپانیاکانی سەر بە پریگۆژین. ئەم ڕێککەوتنانە زۆر بچوکن لەنێو ئابورییە فراوانەکەی ڕووسیادا. باشترە وەک مووچە و بەرتیل تەماشا بکرێن بۆ پریگۆژین کە یارمەتی دەدەن بودجە بۆ ڤاگنەر پەیدا بکات و قازانجیشی لێ بکات لەبەرامبەر پشتیوانیکردن و سەرخستنی سیاسەتەکانی دەرەوەی کریملن. ساڵی ٢٠١٧ ڤاگنەر پەرەسەندێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کاتێک بەرەو ئەفریقا جوڵەیان پێکرا. ڕۆڵی ڤاگنەر لە سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست وەک ئەو ڕۆڵە نییە کە لە سوریا و ئۆکرانیادا هەیەتی. لەجیاتی ئەوە ڤاگنەر وەک تەرخانکەری ئەمنیەت و یارمەتیدانی ڕژێمەکان بە ڕاهێنان و بەرگریکردن و پارێزگاریکردنی بەرپرسە باڵاکانە. ئەم گۆڕانەش لە کار و چالاکی وای لە ڤاگنەر کردووە ببێتە ئامرازێکی بەسوود بۆ کریملن و پریگۆژین.

کاکەلاو عەبدوڵا لەسەروبەندی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تەنانەت لەدوای ڕووخانی خەلافەتی داعشیش یارمەتییەکان نەوەستاون. مانگانە دوو بۆ سێ جار دەستەیەکی نوێ لە بارهەڵگر دەنێردرێن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پێک دێت لە هەمەر، ئۆتومبیلی زرێپۆش، چەک، جبەخانە، هاریکاری لۆجیستی. لەکۆتایی ئازاری ئەمساڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل دواین پێگەی داعشیان لە شارۆچکەی باغۆز کۆنترۆڵکرد و سەرەتای مانگی نیسانیش ئەمریکا بەفەرمی کۆتایهاتنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند. سەرەڕای نەمانی داعش لە سوریا بەڵام هاوکارییەکانی واشنتۆن نەوەستاون بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بەڕێوەدەبرێت. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، دوای ڕووخانی داعش نزیکەی دوو هەزارو 100 بارهەڵگەر لەتێکرایی ٢٢ دەستە نێردراون بۆ ئەو ناوچانەی بەدەست هێزەکانی سوریای دیموکراتەوەیە کە زۆربەیان  لەڕێی خاڵی سنوری سمێڵکای نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان گەشتوون. ئەشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ١٧ی ئازاری ٢٠١٦ واتە ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن یەپەگەوە، لە وەسفی ئەو هێزە چەکدارە کوردییەدا وتی، «سەلماندوویانە کە هاوکار و هاوبەشی ناوازەی ئێمەن لە رووبەڕووبونەوەی داعش، ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە و نیازمان وایە بەردەوام بین لەسەری». تەنها لە دوو- پێنجی مانگی ئابی ئەمساڵدا نزیکەی ١٧٠ بارهەڵگر لە خاڵی سنوری سمێڵکا و سوەیدییە گەشتوونەتە دەست یەپەگه کە پێک هاتوون لە چەک و تەقەمەنی، جبەخانە، ئۆتومبیلی زرێپۆشی هەمەر، تانک، هاوەن، هاریکاری لۆجیستی. تورکیا کە لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا لە باکوری سوریا، یەپەگە بە «هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» هەژمار دەکات و دەیەوێت بەهۆی ناوچەی ئارامەوە لە باکوری سوریا وەدەری بنێت. تا ئیستا بەفەرمی هەردوولا درێژی و قوڵی ناوچە ئارامەکەیان ڕانەگەیاندووە بەڵام واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات  واشنتۆن ڕێککەوتنێکی پێشکەش کردووە بە ئەنقەرە کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی ناوچەکە بەدرێژایی ١٤٠ کم و قوڵایی ١٤ کم. هاندەرەکان لە پشت هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە دوای ڕووخانی داعش ڕوون نییە بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت لەترسی هێرشی تورکیا بێت بۆ سەر باکور و  ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەئێستادا ١٤ هەزار سەربازی ئامادەکردووە بۆ هەڵمەتەکە لەسەر سنوور. هەرچەندە ئەردۆغان مانگی ڕابردوو هەڕەشەی هێرشی کرد بۆ سەر ئەو ناوچانەی بەدەست یەپەگەوەیە بەڵام لە ١٤-١٧ی هەمان مانگ ٤٨٠ بارهەڵگری هاوکاری ئەمریکا گەشتن بەدەستی هەسەدە لە چەک و هەمەر و جبەخانە. هەروەها لە ڕۆژی ١٠-١٢-١٧ حوزەیران نزیکەی ٣٨٠ بارهەڵگری هاوکاری لەڕێی خاڵی سنوری سمێلکاوە گەشتونەتە ئەو ناوچانەی بەدەست هەسەدەوەیە. مانگی ئایاریش سێ باری جیاوازی هاوکاری سەربازی لۆجیستی بەخۆیە بینیوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و شار و شارۆچکەکانی پارێزگای حەسەکە. هەسەدە لە ٢-٦-١٠ی ئایار زیاتر لە ١٨٠ بارهەڵگری بەدەست گەشتووە. لە ٢٧ی نیساندا ٧٠ بارهەڵگر کە هەڵگری کەلوپەلی جیاوازی سەربازی، ئەمبولانس، کەرەڤان بوون لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست هەسەدە گەشتوون کە لەنێویاندا ١٥ تەنکەری پڕ لە سووتەمەنی بوونی هەبووە. لە ٢٢ی هەمان مانگیشدا نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر گەشتونەتە عامودە و حەسەکە لەکاتێکدا ١٥٠ بارهەڵگر لە ١٩ی نیساندا سنوری سمێلکایان بڕیوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات. نزیکەی ٩٥ بارهەڵگر کە هەڵگری ئۆتومبیلی زرێپۆشبوون لە ١٥ی نیساندا گەشتوونەتە خاکی سوریا کە بەشێکیان بەرەو عەینلعەرەب بەڕێکراون و بەشێکی تریشی بەرەو شارۆچکەی ئەلشەدادی پارێزگای حەسەکە نێردراون. لە ڕۆژانی ٨-٦- ١ ی نیسان نزیکەی ٤٠٠ بارهەڵگر کە هەڵگری هەمەر، تانکی زرێپۆش، چەک، ١٠ تەنکەری سووتەمەنی بوون  بەسەر ناوچەکانی دێرەزوور، شەدادییە، عەینلعەرەب، تەل تەمر دابەشکراون. هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٩دا هاوکاری بەردەوامی هەسەدە کراوە لەلایەن ئەمریکاوە بە ناردنی سەرباز، هێرشی ئاسمانی، بارهەڵگری چەک و ئۆتومبیلی زرێپۆش، تەنانەت پێشکەشکردنی مەشقی سەربازی بە چەکدارەکانی یەپەگە. لە جەنگی دژی داعش تەنها ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوونیان هەبوو لەگەڵ ٦٠ هەزار سەربازی  هەسەدە، کە زیاتر ئەمان بەرەی پێشەوەیان گرتبوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش. دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ کشانەوەی لەسەرخۆی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لەئێستادا تەنها هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا بوونیان هەیە. هاوپەیمانی ئەمریکا و یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی پێکرد کاتێک یەپەگە لەسەروبەندی گرتنەوەی کۆبانێدا بوو. هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی هاوکاری یەپەگە بوون لە ئازادکردنی کۆبانێدا. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ پنتاگۆن بڕیاریدا ١٢٠ تەن سندوقی پڕ هاوکاری سەربازی لەڕێی ئاسمانییەوە بگەیەنێتە ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە. ساڵی ٢٠١٦ هێزەکانی ئەمریکا چەندین مەشقی سەربازیان بە سەربازانی هەسەدە کردووە و چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەزیرە، تێل عەبیاد، ڕۆژئاوای ئەلباب، حەسەکە، ڕەققە. سەرەتای ٢٠١٧ چەندین تانکی زرێپۆش بەدەست هەسەدە گەشتوون کە ژمارەیان دەگاتە ٥٠ دانە. تاوەکو ناوەراستی تەمووزی ٢٠١٧ ، هەشت هەزار و  ٥٠٠ سەربازی هەسەدە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە مەشقیان پێکراوە و ژمارەی ئۆتومبیلە زرێپۆشەکانیش گەشتوونەتە ٤٠٠ دانە لەگەڵ کەلوپەلی سەربازی. ڕێکخراوی تاوان و گەندەڵی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە  لە سەرەتای دەستپێکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە تا کۆتایی ٢٠١٧، پنتاگۆن بە بەهای دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی ڕەوانەی ناوچەکانی دەسەڵاتی هەسەدە کردووە. لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٨ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بودجەی تایبەت بە هاوکارییەکانی هەسەدەی بڵاوکردەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە دەگاتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار. لە نیسانی ٢٠١٩دا و دوای ڕووخانی داعش مایکڵ مولڕۆی، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا پێشبینی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکای کرد و هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدەی بە مۆدێلیک وەسف کرد کە دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت بۆ داهاتوو وەک هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و پێشمەرگە لەدژی سەدام حوسەین یان هاوپەیمانی باکور لە ئەفغانستان دژی بزوتنەوەی تاڵیبان.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ده‌رهێنه‌رى زنجیره‌ دراماى گه‌رده‌لول ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا به‌شى چوار و پێنجه‌مى به‌رهه‌مبهێنێت و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌کات که‌ ئاگادارى مێژووى ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوون. جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ره‌خنه‌ له‌ وه‌زیرى پێشووى رۆشنبیرى و ده‌گرێت و ده‌ڵێت کاره‌کان ده‌درێنه‌ کۆمپانیاکان و پاره‌ بۆ ده‌رهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌کان خه‌رج ده‌کرێت و نادرێنه‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانى سلێمانى تا دراما به‌رهه‌مبهێننن. جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ له‌ساڵى 1969 یه‌که‌م سیناریۆى نوسیوه‌ بۆ ده‌قێکى شانۆیى به‌ناوى برسێتى و په‌نجا ساڵه‌ کارى هونه‌رى ده‌کات، وه‌ک ئه‌کته‌ریش یه‌که‌م کارى به‌ناوى کچه‌ (ڵاڵ)ه‌که‌، رۆڵى حه‌مه‌ى حه‌ماڵ ى بینیوه‌، یه‌که‌م مامۆستاى هونه‌ری سه‌لمه‌ فایه‌ق کاکه‌یى بووه‌، دایکى خه‌ڵکى سلێمانیه‌ و باوکى زه‌نگه‌ییه‌. هاوڵاتى: بڕیاربوو درامایه‌ک به‌ناوى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى به‌رهه‌م بهێنیت؟کاره‌کانى گه‌یشت به‌ کوێ بۆ دواکه‌وت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ته‌واو بووه‌ و له‌ 2014بردمان بۆ وه‌زیر و وتى بۆت ئه‌که‌م به‌ڵام به‌هۆى مه‌سه‌له‌ى داعشه‌وه‌ نه‌یتوانى، تا مانگى10ى ساڵى رابردوو، وتى ته‌واو بووه‌ و وه‌ره‌ بیکه‌، بۆ درامایه‌کى 25بۆ30 ئه‌ڵقه‌ى وتى نیوه‌ى پاره‌که‌م بۆ داناویت، ئه‌وه‌ى ترى له‌گه‌ڵ کوردسات بیکه‌، وتم په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ کوردسات باشه‌ و بزانم چیم بۆ ده‌که‌ن، کوردسات زۆر باش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و هه‌رچى جیهاز و ئامێره‌کانه‌ دابینیان کرد، واته‌ ئه‌و پاره‌ى وه‌زیر پێى ئه‌داین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کوردسات هیچى زیاتر نه‌بوو، واش دواى ماوه‌یه‌ک پرۆپۆزه‌لمان ته‌قدیم کردو ویستمان کاره‌که‌ بکه‌ین، به‌ڵام وه‌زیر په‌شیمان بۆوه‌ و وتى ئه‌مه‌ کارى حکومه‌ته‌ و به‌نیازین ئه‌و پاره‌یه‌ى داومانه‌ بیده‌ین به‌ کۆمپانیا و ئه‌وان ئیشه‌که‌ بکه‌ن و بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌یانویست بۆم بکه‌ن. ئه‌و کۆمپانیایه‌ که‌سى حزبى و حکومى تێدایه‌، ته‌نیا داواى من ئه‌وه‌ بوو  پاره‌ى من وه‌ک ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى بێت و له‌و که‌متر نه‌بێت وه‌ک ڕێزگرتنێک بۆ کاره‌که‌ى من، له‌ کۆتایدا زانیم که‌ وه‌زیرێک بۆمن له‌ هه‌فته‌یه‌کدا سێ بڕیاری ده‌رکرد، بۆئه‌وه‌ى پاره‌که‌ بدات به‌ ئێرانیه‌ک شوعله‌ شه‌ریعه‌تى، ئه‌وکاره‌که‌ى پێ بکات، بۆیه‌ پاره‌که‌ درا به‌ ئیرانیه‌ک و کارى من دواخرا.  هاوڵاتى: چیرۆکى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى باسى چیده‌کات؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: باسى خۆشه‌ویستى و تازه‌گه‌رى و ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌کات، باسى ئه‌وه‌ ده‌کات کچ و کوڕێک یه‌کتریان خۆش ده‌وێت واز له‌ یه‌کترى نایه‌نن و ته‌حه‌داى زۆر شت ده‌که‌ن و به‌یه‌کیش ده‌گه‌ن و خۆشه‌ویستى سه‌ر ده‌که‌وێت، ئایا ئه‌مانه‌ کارى باشن یان کلتورى تورکى و به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌. هاوڵاتى: ده‌ستپێکردن و کارکردنى گه‌رده‌لولى به‌شى چوار باس ده‌کرێت؟ باس له‌ چیرۆکى چ سه‌رده‌مێک ده‌کات؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌ئێستادا له‌کاتى قسه‌کردندام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى ئێش و ئازارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان بینیوه‌ و له‌و شۆڕشه‌دا به‌شدار بون و له‌ ساڵى1984وه‌ ده‌ست پێده‌کات تا1987 و دوابه‌دواى به‌شى چوار و به‌شى پێنج له‌ 88وه‌ ده‌ست پێده‌کات تاساڵى 1991 تا ڕاپه‌ڕین، باسى هه‌موو ئه‌و ستمه‌ و زوڵمه‌ ده‌کرێت که‌ شه‌ڕیان به‌کورد فرۆشتووه‌ و باسى به‌ره‌ى کوردستانیش ده‌که‌م. هاوڵاتى: پێتوایه‌ زیاتر گرنگى به‌ کارى هونه‌رمه‌ند و که‌سه‌ بیانیه‌کان ده‌درێت وه‌ک له‌ کوردێک؟ غه‌دره‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندێک بسه‌ندرێته‌وه‌ بۆ که‌سێکى بیانى جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: به‌داخه‌وه‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندى کورد بسه‌نرێته‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندى ئێرانى و بیانى و له‌کاتێکدا ئه‌مه‌ پایته‌ختى ڕۆشنبیریه‌ و بۆیه‌ پایته‌ختى تاریکستان، ئێران خۆى ده‌وڵه‌ته‌ و پێویستى به‌ ئێمه‌ نیه‌، بۆیه‌ خه‌دره‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندێک بسه‌ندرێته‌وه‌ بۆ که‌سێکى بیانى. هاوڵاتى: ئه‌مه‌ مافخورانى هونه‌رمه‌ندى کوردستان ده‌زانیت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ئه‌مه‌ ماف خورانه‌، له‌م پێناوه‌دا بێده‌نگ نابم و شکاتیان لێده‌که‌م، ده‌یکه‌مه‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌م کارانه‌دا ئه‌یانهێنم و ئه‌یاندامه‌ دادگا، به‌سه‌ تاکه‌ى ده‌بێت هونه‌ر و شانۆى سلێمانى کۆمپانیایه‌ک هه‌ڵسێت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى، ئه‌ى چۆن ده‌بێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى هه‌بێت و کۆمپانیا به‌ڕێوه‌ى ببات، ئه‌م کۆمپانیایه‌ ته‌نیا بۆ پاره‌ خواردنه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى کارێک چه‌ندى تێبچێت سێ ئه‌وه‌نده‌ى بۆ بنوسرێت. هاوڵاتى: هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماکارانى کورد ده‌توانن له‌رێگه‌ى به‌رهه‌مه‌کانتانه‌وه‌ کۆتایى به‌ هه‌ژمونى فلیمى بیانى بهێنین؟  جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌:ئه‌گه‌ر هاوکارى و هاندان هه‌بێت ده‌توانین شتى باش و گه‌وره‌ بکه‌ین، هونه‌رمه‌ند و که‌سى زۆر باشمان هه‌یه‌، نه‌ک به‌ به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌کان کلتورى ئێمه‌ تێکبده‌ن و به‌مه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌وانه‌مان بۆ ده‌نێرن بۆئه‌وه‌ى ئه‌زمون و کلتورى ئێمه‌ تێکبده‌ن. هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت شوان عه‌توف پێشتر سیناریۆى به‌رهه‌مى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى تۆى خوێندۆته‌وه‌ و بیرۆکه‌که‌ى به‌کارهێناوه‌ بۆ فیلمى سینه‌ماى په‌یکه‌رى دڵ؟ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ڕاسته‌ شوان عه‌توف دووجار سیناریۆکه‌ى خوێنده‌وه‌ و  ویستمان ده‌ورى سه‌ره‌کى پێبده‌ین، ده‌ستکارى کردووه‌ و سودى لێبینیوه‌ و که‌سێکى زۆر خۆشه‌ویسته‌ و ئاسایى بووه‌ لام، بۆیه‌ له‌ وه‌زاره‌تیش ئه‌وه‌یان کرده‌ به‌هانه‌ بۆ شوان عه‌توف شته‌که‌ى بردووه‌ و شکاتى لێناکات، هه‌ر هه‌مان ناوه‌ڕۆکه‌ و منیش پێموابوو  ئه‌مانه‌ هه‌مووى به‌هانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ بخۆن و بۆخۆیانى هه‌ڵگرن. هاوڵاتى: ئایا به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا هونه‌رى کوردى پێشده‌که‌وێت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ئه‌مانه‌ى ئێستا سه‌قافه‌ت و هونه‌ر و شانۆ و دراما و سینه‌ماى سلێمانیان تێکداوه‌ و ئه‌گه‌ر ئاوا بێده‌نگ بین، به‌رده‌وام خراپتر ده‌بێت، مه‌ڵبه‌ندى ڕۆشنبیرى سلێمانى چۆن ده‌بێت که‌ ڕۆشنبیریه‌کى تێدابێت له‌ناو خۆیدا کرم بچێنێت، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان. هاوڵاتى: ئایا ئێمه‌ سه‌رمایه‌ى مرۆیى باشمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کارى جوان بکرێت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌ کارتێکدا کارێکى گه‌وره‌ بکرێت ئاساییه‌ که‌سێک بهێنرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ به‌شدارى پێبکرێت که‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا ده‌کرێت، به‌ڵام ئێمه‌ که‌سى باشمان هه‌یه‌ و گه‌نجى باش هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌کته‌رى خۆمان ئیبراز نه‌که‌ین، و جانس به‌ ئه‌وانه‌ى خۆمان بده‌ین ده‌توانن کارى زۆر جوان و باش بکه‌ین. هاوڵاتى: به‌رهه‌مێکى هونه‌رى زۆر تێده‌چێت بۆیه‌ هاوکارى ناکرێن؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: هونه‌رمه‌ندێکى وه‌ک کازم زاهیر کلیپێکى حه‌وت ده‌قه‌یى کرد ملیۆنێک دۆلارى تێچوو، من کارێک ده‌که‌م 20 ئه‌ڵقه‌ 20 ده‌فته‌رم ئه‌ده‌نێ و  ئه‌وه‌شم ناده‌نێ به‌ته‌واوى، نه‌خێر هیچ زۆرى تێناچێت، ئێمه‌ به‌رهه‌مه‌کانمان وه‌ک ڕۆڵه‌ى خۆمانن ده‌بینین بۆیه‌ به‌ دڵسۆزى کارى بۆده‌که‌ین و کارى جوانیش به‌ دڵنیایه‌وه‌ کولفه‌ى ده‌وێت. هاوڵاتى: ئایا به‌ به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ و بیانیه‌کان ئێمه‌ پێشده‌که‌وین، ئایا ئه‌مه‌ ئاڵوگۆڕى کلتوره‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: شیرازه‌ى کۆمه‌ڵگه‌ ته‌واو تێکچووه‌ به‌ تورکى و فارسى و بیانیه‌کان، ئێستاش ئه‌مان به‌س بۆ پاره‌ ئیش ده‌که‌ن، بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانمان زه‌ره‌ره‌، ئه‌و لایانه‌ هه‌مووى دوژمنمانن و هه‌مویان ده‌یانه‌وێت شیرازه‌مان تێک بده‌ن و خۆشه‌وستى یه‌کمان بیر به‌رنه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت له‌ناو یه‌کدا بمانکه‌ن به‌ دوژمن. هاوڵاتى: هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند کارى زۆر ده‌که‌ن؟ئایا ئه‌وانیش هاوکارى ناکرێن؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌م وڵاته‌دا ته‌نیا کاره‌ هاوکارى ئه‌وانه‌ ئه‌وانه‌ ده‌کرێت که‌ هونه‌رمه‌ند نین، چونکه‌ مه‌عقوڵ نیه‌ که‌ هونه‌رمه‌ندێک به‌ مانگێک 100کار بکات، ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نیه‌، کار بۆ ئه‌وانه‌ ده‌کرێت و ئه‌وانه‌یان پێباشه‌، به‌ هیچ فلته‌رێکیدا ناڕوات. هه‌موو وڵاتێک به‌ هونه‌ره‌وه‌ ده‌ناسرێن بۆ هه‌وڵى ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین خۆمانى پێ بناسێنین هاوڵاتى:بۆ ئێمه‌ى کورد چى گرنگه‌ و پێویسته‌، بتوانین پێشبکه‌وین له‌ ڕوى هونه‌ره‌وه‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: خۆشه‌ویستى بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ بمانه‌وێت ڕقمان له‌یه‌کترى بێت دڵنیابه‌ پێشناکه‌وین، لایه‌کى کورد که‌وت هه‌مووى ده‌ڕوخێت و ئه‌م ئه‌زمونه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وان سه‌یرى داهاتوو ده‌که‌ن، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ هونه‌رمه‌ند هیلاکه‌ و پێویسته‌ قسه‌ بکات، هه‌موو وڵاتێک به‌ هونه‌ره‌وه‌ ده‌ناسرێن بۆ هه‌وڵى ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین خۆمانى پێ بناسێنین هه‌مووى خه‌تاى خۆمانه‌ و ناتوانین پێشى خه‌ین، بۆیه‌ پێش هه‌موو شتێک دڵسۆزى و خۆشه‌ویستى گرنگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن، ئێمه‌ ته‌نیا له‌وه‌مان که‌مه‌.  

  ئاماده‌کردنى: لاڤین مه‌حمود تا دێت  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان  له‌نێو ماڵاندا  زیاتر ده‌بێت و  به‌ وته‌ى پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان زیان ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن. هاوکات به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، پشکنین بۆ سه‌رجه‌م   که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کرێت. به‌مه‌به‌ستى پاککردنه‌وه‌ى  ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى 15 جۆر  که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ رۆژانه‌ به‌کارده‌هێنرێن. هاوکات سه‌رجه‌مى  که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌هێنرێن، به‌ وته‌ى به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ، ده‌زگاکه‌یان پشکنین بۆ مه‌واده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کات. جاسم قادر، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى کۆنتڕۆڵى هه‌رێم، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" سه‌رجه‌م تاقیگه‌کان و هه‌موو مواده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕاده‌ستى سنوره‌کان کراوه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگا، تاقیگه‌ى گه‌وره‌ له‌سه‌ر سنوره‌کان هه‌یه‌ نمونه‌یه‌کى لێوه‌رده‌گرن و پاشان ده‌یبه‌نه‌ بۆ پشکنین". له‌لایه‌کى تره‌وه‌  له‌ ناوخۆدا لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان چاودێری کاڵا پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌که‌ن و له‌ کاتى نه‌شیاوێتى به‌کارهێنانیاندا ڕێوشوێنى یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر. له‌و باره‌یه‌وه‌  گۆران قادر، ئه‌ندامى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى،  به‌  هاوڵا تى راگه‌یاند" له‌ڕێگه‌ى له‌لایه‌ن تاقیگه‌کانى خاڵه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌  پشکنین ده‌کرێت بۆ ئه‌و شتانه‌ى هاورده‌ گده‌کرێن، هه‌ریه‌که‌ به‌ پێى جۆر و به‌پێى پسپۆڕییه‌که‌ى خۆى، دوواتر ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوشار و عه‌مبار ده‌کرێت تا ده‌فرۆشرێت به‌ خاوه‌ن مارکێته‌کان و دوکانه‌کانى ناوبازاڕ". "مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن" مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن هه‌روه‌ک ئه‌وه‌شى وت" ئێمه‌ له‌ کاتى سه‌ردانه‌کانمان له‌ هه‌ندێک ڕێگاوه‌ توشى ئه‌مه‌ ده‌بین یان ڕاسته‌وخۆ له‌ مارکێت و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌کان یاخود له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌ى کۆگاکانمان کاتێک سه‌ردانى کۆگاکان ده‌که‌ین، بابه‌تى پاکه‌ره‌وه‌ یان هه‌ربابه‌تێکى تر له‌شوێنه‌ گشتیه‌کان گومانمان بۆ دروست ببێت له‌سه‌ر نه‌شیاوێتى ئه‌و ماده‌یه‌ ئێمه‌ نمونه‌ى لێوه‌رده‌گرین ڕه‌وانه‌ى تاقیگه‌ى په‌یوه‌ندیدارى ده‌که‌ین،  مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ ئیجرائاتکردنیان  گۆران قادر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد"  ئه‌گه‌ر پشکنینه‌که‌ ئه‌رێنى بوو ڕێگه‌ى پێده‌درێت بیفرۆشێت، ئه‌گه‌ریش نه‌رێنى بوو ئێمه‌ ڕێگرى له‌ فرۆشتنى ده‌که‌ین و ئه‌و بڕه‌ی ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌که‌وه‌ له‌ناوده‌برێت". هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى پڕکردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌کانى رۆژانه‌ى زیاتر به‌ پشت به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێت و زۆربه‌ى کاڵاکان له‌ وڵاتانى تورکیاو ئێران و وڵاتانى تره‌وه‌  ده‌هێنرێنه‌ نێو هه‌رێمه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ خراپى و نزمیى کوالێتى که‌ره‌سته‌کان کێشه‌ى بۆ هاوڵاتییان دروستکردووه‌.   کۆساڵان موسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى فرۆشتن و ژمێریاریى یه‌کێک له‌ کۆمپانیاکانى سلێمانى ، له‌ لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى"سه‌رجه‌م  ئه‌و موادانه‌ى ده‌یهێنین تورکیه‌، هه‌ندێک کۆمپانیا لێره‌ موادى تێکه‌ڵ ده‌که‌ن به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى ١٥ جۆر موادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رجۆرێک لقى لێئه‌بێته‌وه‌، هه‌موو مواده‌کان به‌ ڕه‌سمى دێنه‌ ئێره‌ حوکمه‌ت ئاگاداره‌ و کوالێتى کۆنتڕۆل بینیویه‌تى".   هه‌روه‌ک کارزان محه‌مه‌د، خاوه‌ن مارکێت، که‌ موادى پاککه‌ره‌وه‌ ده‌فرۆشێت،  له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" هه‌موو مواده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان باشى هه‌یه‌و خراپى هه‌یه‌، هیچ شتێکى ئه‌وروپى به‌ هه‌مان کوالێتى نایه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان،  زیاتر خه‌ڵکى شتى باشیان ده‌وێت. که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاککه‌ره‌وه‌ له‌ ئێستادا وه‌کو  پێداویستییه‌کى رۆژانه‌ به‌تایبه‌تى له‌ نێو ماڵاندا به‌کارده‌هێنرێت، له‌ کاتێکدا  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ زیان به‌ ته‌ندروستیى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت. به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست ‌دکتۆر نزار محێدین، پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌کانى سنگ و دڵ و هه‌ناو، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى وت "به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست، ئه‌م ماده‌ پاککه‌ره‌وانه‌ ماده‌ى ئامۆنیایان تێدایه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر دووان له‌ و مادانه‌ تێکه‌ڵبکرێن کارلێکى کیمیایى ده‌که‌ن، دواتر ماده‌یه‌کى ژه‌هراوى دروست ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌ش زیانى زیاتر به‌کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ ده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ڵیمژێت توشى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و حه‌ساسیه‌ت و کۆکه‌ ده‌بن و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى ڕه‌بۆ". ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد" جگه‌ له‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سوربونه‌وه‌و هه‌ندێ جاریش دروستبونى برین له‌ سه‌ر پێسته‌که‌".  له‌باره‌ى زیانه‌کانیشیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ منداڵ ‌دکتۆر نزار رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ریش هاتوو که‌سێک نه‌زانێت بیخواته‌وه‌ به‌تایبه‌ت منداڵ، ده‌بێته‌ هۆى سوتاندنه‌وه‌ى کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و سورێنچک له‌کۆتایدا ده‌بێته‌ هۆی دروستبونى قورحه‌ى مه‌عیده‌".   هاوکات  یاد نه‌قشبه‌ندى وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى وتى "زۆرجار هه‌بووه‌ که‌سه‌که‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌نى هه‌بووه‌، یاخود ڕه‌بۆى هه‌بوه‌ به‌ هۆى به‌کارهێنانى ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ بارودۆخى خراپتر بوه‌" باسی له‌وه‌ش کرد"زیاتر ئافره‌تان تووشى ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌بن،چونکه‌ ئافره‌تان له‌ ئیشوکارى ناوماڵدا به‌کارى ده‌هێنن، وه‌ زۆرجاریش منداڵان تووش ده‌بن به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وکه‌ره‌ستانه‌ له‌ شوێنى سه‌لامه‌ت دانانرێت منداڵه‌کان ده‌یخۆنه‌وه‌"