فرانس پرێس هەر کە ئۆتۆمبیلێک لە سوچێکی هەولێردا رایگرت، شه‌ش حه‌وت کرێکاری ئێرانی وروژمیان بۆ برد. بەهۆی فشاری سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر تاران، لە دەرەوەی سنووری خۆیان راوی کار دەکەن. ئەوان کە زۆریان کوردن، ناچارن کاری رۆژانەی بیناسازی یان کرێکاری و کاری سەرەتایی بکەن لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپبوونی دۆخی ئابوورییان لە وڵات. کڵاو له‌سه‌ریاندا و توره‌که‌ی خام بە کەمەریانەوە لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەولێر دەوەستن تا خەڵکێک کە پێویستی پێیانە بۆ پاککردنەوە یان کاری بیناسازی و بۆ کرێکار دەگەڕێن، هەڵیانبگرن. رۆستەم، 31 ساڵ، کە کرێکارێکی خەڵکی ورمێی ئێرانە وتی: «کرێی رۆژانەم لە ئێران تەنیا بەشی کڕینی مریشکێک دەکات -- بەڵام خێزانێک پێویستی بە زیاتر لە تەنیا مریشکێک هەیە.» ئەو کە باوکی دوو منداڵە نەیویست ناوی راستەقینەی ئاشکرا بکرێت لە ترسی ئەوەی ئاکامی خراپی هەبێت بۆ خێزانەکەی لە وڵاتەکەی خۆی. رەزا رۆستەمی، کرێکار، وتی کرێکاران دەتوانن «لەنێوان 25هەزار بۆ 30هەزار دیناری عێراقی (20 - 25 دۆلار)ی رۆژانە بەدەستبهێنن». هەروەها وتی «پارەیەکی باشە» که‌ نزیکەی سێ هێندەی ئەوەیە لە ئێران دەستتدەکەوێت. رۆستەمی وتیشی «ئابووریی ئێران پێشبینی ناکرێت. دەکرێت بەیانییەک بەخەبەربێیته‌وه‌ و ببینیت نرخی خۆراک دووقات بووە بەراورد بە رۆژی پێشوو.» ئابووریی ئێران «به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت» کرێکارانی ئێرانی سنوور دەبڕن بۆ نێو هەرێمی کوردستانی عێراق وەک گەشتیار بە ڤیزەیه‌کی یەک مانگی. بۆ ماوەی 28 رۆژ کاردەکەن و دواتر بۆ پشوویەک دەڕۆنەوە ماڵەوە و چا و دایبی و شمەکە بازرگانییەکانی دیکە له‌گه‌ڵ خۆیان دەبەنەوە کە لەئێستادا له‌ ئێران زۆر گرانن. دوای هەفتەیەک، هەمان سووڕ دەستپێدەکاتەوە. عادل باخەوان لە خوێندنگەی توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان له‌ پاریس وتی کرێکارەکان «هەم پێویستی پڕدەکەنەوە، هەم وەک سەرچاوەی سامان دەبینرێن». باخەوان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوان نەک تەنیا ئەو کارانە دەکەن کە لە کۆمەڵگەی کوردیی عێراق بە کەم دەبینرێن، بەڵکو کرێکارەکان پاره‌ش خەرج دەکەن.» لەسەر شاڕێگەیه‌کی جەنجاڵی سەرەکی لە هەولێر، خاوەنکارێکی کوردی عێراق بینایەکی کۆنی نوێکردۆتەوە و کردوێتی بە میوانخانه‌یه‌کی هەرزان بۆ نیشتەجێکردنی شەپۆلی کرێکارانی رۆژانەی ئێرانی. خورشید شەقڵاوەیی، 54 ساڵ، وتی  «پایزی رابردوو، تەنیا 58 کرێکاری ئێرانی لە میوانخانه‌که‌م هەبوون. ئێستا 180 که‌س هەن.» ناوبراو دوو بینای لەو نزیکانە بەکرێگرتووە، بەڵام ئەوەش بەش ناکات. وتیشی «ئێستا میوانی نوێ رەتدەکەمەوە، هەموویان ئێرانین، لەبەرئەوەی هەر سێ میوانخانه‌که‌ پڕن.» ژوورەکانی نزیکەی نۆ مەتری چوارگۆشەن و تا چوار کرێکار لەخۆدەگرن، کە بۆ شەوێک مانەوە و کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت هەریەکەی 3 دۆلار دەدەن. زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان پەرۆشی قسەکردن بوون بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بەڵام بەمەرجی ناونەهێنان، چونکە نیگەران بوون لە ئەگەری ئاکامە نەرێنییەکانی بۆ خێزانەکانیان لە ئێران. لەنێویاندا دەرچووانی زانکۆ هەن که‌ ناچارن کاری سەرەتایی کرێکاری بکەن چونکە کاریان دەستناکه‌وێت لە وڵاتی خۆیان و رەشبین بوون به‌رامبه‌ر به‌ داهاتوو. کرێکارێکی 24 ساڵە وتی  «پێموایە دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت لە ئێران.» کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیان ئاماری کرێکارانی ئێرانییان لا نیە و عێراقیەکانیش وتیان شەپۆلەکە نیگەرانی نەکردوون. رێبین سیامەندی، وەستایه‌کی 27 ساڵەی عێراقی، وتی «هەمان کرێی کرێکارانی خۆمان وەردەگرن. جیالەوەش، بەپێچەوانەوەی کرێکارە ئێرانیەکانەوە، پەیوەندیی باشمان هەیە. بەرده‌وام لەگەڵ ئەندازیاران و خاوەن پرۆژەکاندا کاردەکەین.» سیامەند وتی بەڵام گەر ئێرانییەکان بە ژمارەیەکی زیاترەوە بێن و کرێی کەمتر وەربگرن، ئەوە دەکرێت ببنە بار بەسەر عێراقیەکانەوە. سلێمان تەها لەسەر رێگەیەکی تەپوتۆزاوی بوو که‌ بەرەو ناوچە گوندنیشنەکان ده‌چوو، لە پشتی پیکابێکی نیسانی شیندا دانیشتبوو، کە لە ئێران بەرهەمهێنرابوو بە ژمارەیەکی ئێرانییەوە. ناوبراو کە 28 ساڵە و دەرچووی بەشی بیرکاری و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە، لە شوباتەوە هاتووه‌ بۆ عێراق بۆ فرۆشتنی پەیکەری گەچینی بەدەست دروستکراوی ئاژەڵان. وتی ئێرانیەکان تەرکیزیان لەسەر پەیداکردنی بژێویی رۆژانەیە و ناتوانن پلان بۆ شتی تر دابنێن. وتیشی: «پێش سزاکانی ئەمدواییانە، هەفتانە سێ جار گۆشتمان دەخوارد. لەئێستادا دەتوانین تەنیا هەفتەی جارێک گۆشت بخۆین.» تەها بۆ پەیداکردنی شوێنێکی کرێ دەگەڕا لە هەولێر چونکە زۆرێک لە هاوڕێیان و خزمانی بیریان لە سنووربڕین دەکردەوە بۆ کارکردن. وتیشی «بەمە دەڵێم کۆچکردن، کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی خێزانەکانمان لە وڵات.»

راپۆرت: ناوەندی توێژینەوەی کارنەیجی وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا گروپی ڤاگنەر بە ئامانجە جییۆپۆلەتیکەکانی کریملین جۆش دەدرێت، بەڵام شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵاتی تایبەتی (شەخسی) چالاکییەکانی ئاراستە دەکات.   گەڕانەوەی رووسیا بۆ سەکۆی جیهانی وەک ‌هێزێکی سەرەکی پشتی بەستووە بە چەند زنجیرە ئامرازێکی  دیپلۆماتی، زانیاری، ئەمنی، ئابوری کە یارمەتی کریملن دەدەن لە سنوری خۆی زیاتر پەلبهاوێت. یەکێک لە ئامرازە نوێیەکانی گروپی ڤاگنەرە، کە گروپێکی نهێنی چەکداری بەکرێگیراوی دڵسۆزی کریملنە و لەلایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەو کەسایەتییەی یەکێکە لە دەستەی ڤلادمیر پۆتین. میدیاکانی ڕۆژئاوا و رووسیا ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ شوینپێی ئەم گروپە دەکەن لە ئۆکرانیا و سوریاوە بۆ سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەراست و تەنانەت بۆ لیبیا و فەنزوێلا. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەموو سەرنجانەی پێی دەدرێت، تێگەشتنی ڕۆژئاوا بۆ رۆڵ و توانستی ڤاگنەر هێشتا کەموکورتی هەیە، ئەمەش بەشێکی بۆ کەمپین و هەوڵەکانی مۆسکۆ دەگەڕێتەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە بۆ نکۆڵیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە. زیاتر لێڵکردنی بابەتەکە ئەوەیە لێکدانەوەی هەڵە هەیە سەبارەت بە ڤاگنەر کە کۆمپانیایەکی ئەهلی سەربازی بێت وەک گروپی ئەکادیمی ئەمریکی و «داین کۆر»ی نێودەوڵەتی. ڕەنگە گروپی ڤاگنەر شێوازی نوێ دەستەبەر نەکات بۆ کریملین بۆ هەڵگیرسانی شەڕ یان بنیادنانی کاریگەری، بەڵام هەبوونی سیمبولە بۆ ئەوەی کە چۆن ڕووسیایەکی زیاتر خۆسەپێن هەوڵدەدات خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەو چالاکیانەی لە دەرەوەی سنوری ئەنجامی دەدات. گروپی ڤاگنەر دەلاقەیەکیشە بۆ جموجوڵە فراوانەکانی رژێمەکەی پۆتین، لەوانە چۆن مەرام و بەرژەوەندی کەسانی تایبەتی وەک پریگۆژین کۆنترۆڵ و ئاراستە بکات بۆ دروستکردنی ئامرازی ئاسان دەسخەر و نکۆڵی لێکراو. ڤاگنەر ئامرازێکە بەدەست کریملنەوە بەکاریدەهێنێت بۆ دامەزراندن و ڕاهێنان پێکردن و جوڵەپێکردنی سەربازی بەکرێگیراو کە یان لە جەنگدا بەکاریان دەهێنێت یان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیەت و ڕاهێنانی سەربازی بۆ ڕژێمە هاوپەیمانەکانی. سەرچاوە رۆژئاوایی و ڕووسیەکان زۆرکات پێی دەڵین کۆمپانیای سەربازی ئەهلی بەڵام دەکەوێتە دەرەوەی ئەو قاڵبەوە هەرچەندە وەک ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کارەکانی ئەنجام دەدات. ڤاگنەر قەوارەیەکی راستەقینەی بازرگانی نییە کە لە بازاڕی جیهانیدا مامەڵە بکات، هیچ کەس لەوانەی بەڕێوەی دەبەن دانی پێدا نانێن و تەنانەت کۆمپانیایەکی یاسایی تۆمارکراو نییە لە ڕووسیادا. پێگەی ڤاگنەر لە دەرەوەی بازاڕە جیهانییەکان و ئەو نهێنییەی دەوری داوە لە بنچینەوە وەک پێکهاتەیەکی شاراوەی سوپای رووسیا هەڵقوڵاوە  بۆ خزمەتکردنی ڕژێمەکەی پۆتین. تەنانەت لە ماستەر پلانی ڕووسیاشدا نەبووە. مەیلی مۆسکۆ بۆ کرداری تایبەت بە بابەتێک پێکهاتەی گروپەکەی هێناوەتە بوون و دواتر پەلەکانی فراوان بوون و دەستبەکاربوو لەکاتێکدا کریملین بەدوای شێوازی بەسوود و سیاسیدا دەگەڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە جەنگەکانی ئۆکرانیا و سوریا لە ٢٠١٤-٢٠١٥. شاراوەیی و نهێنی گروپی ڤاگنەر وایکردووە دیاریکردنی ئەندامەکانی، تێکڕای ژمارەیان، تواناکانیان سەخت بێت. ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی سێ هەزار  و  600 بۆ  پێنج هەزار جەنگاوەرەکەی هاوڵاتی ڕووسین بەڵام هاولاتی ئۆکرانی و وڵاتانی تریشی تێدایە. تۆڕە ئۆنلاین و نافەرمییەکانی سەربازە خانەنشینکراوەکان و گروپی تر یارمەتی دەدەن لە دامەزراندنی کاندیدی نوێ. جەنگاوەرە هەڵبژێردراوەکان دەچنە بنکەی ڤاگنەر لە باشوری ڕووسیا بۆ هەڵسەنگاندن، ئەگەر قبوڵکران بەڵێن دەدەن نهێنیەکەی بپارێزن و ئیمزا لەسەر گرێبەستی سێ مانگی بۆ شەش مانگی دەکەن کە مەرجی نوێکردنەوەی تێدایە. جەنگاوەرەکان تەمەنیان جیاوازە، لە ٢٠ ساڵییەوە دەست پێدەکات بۆ ناوەراستی ٥٠ ساڵی. هەندێکیان پێشینەی نایابی سەربازیان هەیە لەکاتێکدا هەندێکی تریان ئەزمونیان کەمە بەڵام ڕاهێنانەکانیان وادەردەکەوێت سنورداربێت. هیچ هاندەرێکی تاک نییە بۆ چوونە نێو ئەم گروپەوە، بەڵام موچەی مانگانەی بەرز هاندەرێکی گەورەیە چونکە موچەی ئەمان سێ هێندە بۆ چوار هێندە بەرزترە لە موچەی ئاسایی کەسێکی  ڕووسی. موچەی هەر شەڕکەڕێکی گروپی ڤاگنەر لە جەنگی سوریادا بۆ ساڵی ٢٠١٧ مانگانە سێ هەزار و ٦٢٩ دۆلار بووە لەکاتێکدا موچەی ئاسایی مانگانەی رووسیا ٥٩٢ دۆلارە. لەپاڵ ئەمەشدا هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن هەندێک شەڕکەر نیشتمانپەروەری و خزمەتکردنی وڵات هانیان دەدات بچنە نێو گروپەکەوە. یەکێک لە شەڕکەرانی گروپەکە بەناوی سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «لەسەدا ٩٠ی چەکدارە نوێیەکان نازانن بۆ کوێ دەنێردرێن، هەر کە دەکەونە گێژاوێکی ترسناکەوە دەڵین ئێمە نەهاتووین بمرین بەڵکو بۆ پەیداکردنی پارە هاتووین».  مۆسکۆ یەکەمجار گروپی ڤاگنەری لە ئۆکرانیا بەکارهێنا لەکاتێکدا کریملن پێویستی بەشەڕکردنی جەنگێکی نهێنی و شاردنەوەی قوربانی لە رای گشتی بوو لەگەڵ هێورکردنەوەی کاردانەوەی نێودەولەتی سەبارەت بە سەرپێچیکردن لە سەروەری وڵاتە درواسێکانی. بەکارهێنانی چەکداری بەکرێگیراو مێژوویەکی دێرینی هەیە لە رووسیا کە بەزۆری لە جەنگی سارددا بەدیدەکرا. بە بەکارهێنانی ئەم چەکدارانە، مۆسکۆ ژمارەی ئەندامە فەرمییەکانی کەمکردەوە. وەرگرتنی ئەم چەکدارانە بەخێرایی لە ٢٠١٤ گەشەی سەند و کریملن ڕووی خۆی وەرگێرا بۆ ئەکتەرە حکومی و ئەهلییەکان بۆ تەرخانکردن و بەڕێوبردنی ئەو گروپانە. یەکێک لەو گروپە نەشازانەی مۆسکۆ کۆیکردنەوە ئەو پیاوانەی تێدا بوو کە دواتر ڤاگنەریان دروستکرد. لەگەڵ پاڵپشتی هەواڵگری سەربازی ڕووسی، توانیان پلەی گروپی «پیاوانی بچوکی سەوز»تێپەڕێنن، ئەو گروپەی کە هیچ هێمایەکی فەرمی بە جلەکانیانەوە نییە و ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکرانیایان گرت. ئەم یەکەیەی ڤاگنەر لەژێر دەسەلاتی دمیتری ئوتکین چالاکیان ئەنجام دەدا کە سەربازێکی خانەنشینە لە بەشی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری ڕووسی. گروپەکەی ئوتکین کە لە بەهاری ٢٠١٤دا ناوی خۆیاننا ڤاگنەر بنکەیان لە شاری لوهانسک بو و لە چەندین شەڕی دژ بە هێزەکانی ئۆکرانیا بەشداریان کرد. دەستێوەردانی ڕووسیا لە سوریا لەساڵی ٢٠١٥دا، ژیانێکی نوێی بەخشی بە گروپی ڤاگنەر. کریملن ترسی هەبوو لە قوربانییە مرۆییەکان و دەیویست ئامادەگی فەرمی دووربخاتەوە لەخۆی. ستافی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، یاخود بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری رووسی ئەمەی وەک دەرفەتێک بینی بۆ بەرەوپێشبردنی پلانە درێژخایەنەکانی تا بتوانێت هێزێکی  چەکداری بەکرێگیراوی هەمیشەیی دروست بکات. بە گۆڕینی گروپی ڤاگنەر بۆ کۆمپانیانیەکی سەربازی ئەهلی، هەواڵگری رووسی دەیتوانی یارمەتی هێزەکانی حکومەتی سوریا بدات لە وشکاییدا و قوربانی بدات بەبێ دانپێدانانی قوربانییەکان بۆ رای گشتی. ئوتکین بە فەرماندەی گروپەکە مایەوە و ڤاگنەریش بەپێی کات فراوان بوو لە ئەرک و چالاکییەکانی سوریادا. فراوان بوونەکە پیاوی زیاتری بەخشییە ڤاگنەر و ڕێگەی بە مۆسکۆدا  بەر بە تێکەڵبوونەوەی کەسانی شەڕخواز و سەربەکێشە بگرێت بۆ ناو ژیانی مەدەنی لە رووسیا. سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «شەڕکەرەکانی ڤاگنەر کە لە سوریادا بوون زۆربەیان لەژیانیاندا بێ بەخت بوون، پۆلیسی خانەنشین یا پێشوو، تاوانبار، سەرباز بوون. نزیکەی سەدا ٤٠%یان پێشتر لە زینداندا بوون بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورەی وەک کوشتن و تاڵانی و هتد»... هەواڵگری رووسی یەڤگین پریگۆژینی کردە تەرخانکەری بودجەی گروپەکە لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستی زەبەلاحی بەرگری لەلایەن پریگۆژینەوە کە بەهاکەی بەسەدەها ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت بۆ دەستەبەرکردنی پاککردنەوە و خۆراک و دروستکردنی باڵەخانە و خزمەتگوزاری تر بۆ دامەزراوە سەربازییەکان، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو پارەیە بەکارهێنراوە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ فراوانکردنی ڤاگنەر. تا پایزی ٢٠١٥، هێزی نوێی چەکداری بەکرێگیراوی رژێمەکەی پۆتین ئامادە بوون بۆ ئۆپەراسیۆن و مۆسکۆ بەنهێنی سەدەها چەکداری ڤاگنەری نارد بۆ سوریا لە سەرەتای دەستێوەردانی لە وڵاتەکەدا. ئاماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی ڤاگنەر لە سوریا دەگاتە ٢٠٠ کوژراو لەکاتێکدا تەنها ١٩ کوژراوی فەرمی سوپای رووسیا هەیە لە هەمان ساڵدا. تێگەشتن لە ڤاگنەر پێویستی بە سەیرکردنێکی وردی پریگۆژین و پێگەکەی لەناو ڕژێمەکەی پۆتین هەیە لەگەڵ  ئەوەی چۆن شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵات بریکارێتی ئامرازەکانی کریملن ئاراستە دەکات. پریگۆژین تەرخانکەری سەرەکی دارایی و بەڕێوبەری ڤاگنەرە، هەرچەندە نکۆڵی دەکات لە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ گروپەکەدا هەیبێت. دوای بەسەربردنی ماوەیەک لە زینداندا بەتۆمەتی دزیکردن لە کۆتا ساڵەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا، پریگۆژین بووە بەڕێوبەرێکی سەرکەوتووی بواری خواردەمەنی کە چەندین ڕێستۆرانتی لە سانتپترسبۆرگ بەڕێوە دەبرد. لەناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ ، دوای ئەوەی میوانداری لە پۆتین کرد لە ڕیستۆرانتەکانیدا، پریگۆژین خۆی خزاندە نێو بازنەکەی سەرۆکەوە و لەکۆتایشدا خواردنی بۆ بۆنەکانی کریملن ئامادە دەکرد و نازناوی «شێفی پۆتین»ی بەسەردابڕا. لەم چەند ساڵانەی دواییدا، پریگۆژین بەشێوازی تایبەتتر سوودی بە پۆتین گەیاند. سەرکردایەتیکردنی  ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێت یان ناوە بازاڕییەکەی «کارگەی گاڵتەپێکردن»لەسەرەتای ٢٠١٣ەوە دەستی پێکرد کە میکانیزمێکی گرنگی بەخشییە کریملن بۆ قۆستنەوەی دیبەیتە سیاسییەکان و زراندنی ناو و پێگەی ڕەخنەگرەکانی ناوخۆ. «کارگەی گاڵتەپێکردن»پێشەنگی بەکارهێنانی کەسایەتی ساختەی ئینتەرنێتی گرت بۆ پەرەپێدانی ئەجێندای کریملن لەناوخۆی ڕووسیا و بەپێی کاتیش چالاکییەکانی فراوان کرد بۆ دروستکردنی گرژی سیاسی و دووبەرەکی لە دەرەوەی وڵات، تەنانەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش.وەزارەتی دادی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٨ پریگۆژین و ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێتی تاوانبارکرد بە دەستتێوەردانی لە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠١٦. نیاز و هاندەرەکانی پریگۆژین بەزۆری بەستراوەتەوە بە ئەندامێتی لەنێو دەست و پێوەندی پۆتیندا. بە بەکارهێنانی ڤاگنەر و «کارگەی گاڵتەپێکردن»بۆ پاڵپشتیکردنی مەرامەکانی ناوخۆ و جیۆپۆڵەتیکەکانی پۆتین، پریگۆژین دەتوانێت داخوازییەکانی خۆی بەهێز بکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و سەرچاوە بەنرخەکان. هەتا زیاتر پریگۆژین پۆتین قایل و دڵخۆش بکات، زیاتری دەدرێتێ. ڤاگنەر ناتوانێت بوونی هەبێت بەبێ ڕەزامەندی پۆتین و پریگۆژینیش ڕەنگە پێویستی بە ڕەزامەندی کریملین بێت بۆ بڕیاری ستراتیجی، بۆ نمونە کەی و لەکوێ ڤاگنەر بجوڵێنێت. هێشتنەوەی ڤاگنەر لەژێر دەستی پریگۆژین سوودی دیار دەبەخشێت بە کریملن. یەکەم، کریملن هێزێکی چەکداری بەکرێگیراوی هەیە بەبێ ئەوەی پارەی بداتێ. دووەم، دەتوانێت نکۆڵی لە هەموو بەرپرسیاریەتییەکی ڤاگنەر بکات بە هێشتنەوەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت.ساڵی ٢٠١٨ پۆتین خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕووسیا هیچ لێپرسراویەتێکی لەسەرشان نییە سەبارەت بەوەی پریگۆژین دەیکات چونکە پریگۆژین هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە. ئەمە باوەڕپێکراو نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگە نافەرمییە بە دۆکیۆمێنتکراوەی لە ڕژێمەکەی پۆتیندا هەیەتی. پریگۆژین پەیوەندییەکانی کریملن بەکاردەهێنێت بۆ دەستکەوتنی قازانج لەو سەرچاوە سروشتییانەی ئەو ناوچانەی ڤاگنەر چالاکە تێیدا. ئەمە لە ٢٠١٦-٢٠١٧ دەستی پێکرد لە سوریا کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕازیبوو پارەی خزمەتگوزرای سەربازیی بداتە کۆمپانیایەکی بەرەی ڤاگنەر کە لەلایەن پریگۆژینەوە کۆنترۆل دەکرێت. هەروەها گرێبەستەکە یەک لەسەر چواری قازانجی ئەو کێڵگە نەوت و غازانەی لە سنوری چالاکی ڤاگنەردان دەبەخشێتە پریگۆژینکە بەناوی ڕژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەردا دەگرێت. کاتێک ڤاگنەر دواتر جوڵێندران بەرەو سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، حکومەتی ڕووسیا گەشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا بۆ مافی وەدەستخستنی ئەڵماس لە داهاتوودا و  عەمبارکردنی ئاڵتوون بۆ  کۆمپانیاکانی سەر بە پریگۆژین. ئەم ڕێککەوتنانە زۆر بچوکن لەنێو ئابورییە فراوانەکەی ڕووسیادا. باشترە وەک مووچە و بەرتیل تەماشا بکرێن بۆ پریگۆژین کە یارمەتی دەدەن بودجە بۆ ڤاگنەر پەیدا بکات و قازانجیشی لێ بکات لەبەرامبەر پشتیوانیکردن و سەرخستنی سیاسەتەکانی دەرەوەی کریملن. ساڵی ٢٠١٧ ڤاگنەر پەرەسەندێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کاتێک بەرەو ئەفریقا جوڵەیان پێکرا. ڕۆڵی ڤاگنەر لە سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست وەک ئەو ڕۆڵە نییە کە لە سوریا و ئۆکرانیادا هەیەتی. لەجیاتی ئەوە ڤاگنەر وەک تەرخانکەری ئەمنیەت و یارمەتیدانی ڕژێمەکان بە ڕاهێنان و بەرگریکردن و پارێزگاریکردنی بەرپرسە باڵاکانە. ئەم گۆڕانەش لە کار و چالاکی وای لە ڤاگنەر کردووە ببێتە ئامرازێکی بەسوود بۆ کریملن و پریگۆژین.

کاکەلاو عەبدوڵا لەسەروبەندی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تەنانەت لەدوای ڕووخانی خەلافەتی داعشیش یارمەتییەکان نەوەستاون. مانگانە دوو بۆ سێ جار دەستەیەکی نوێ لە بارهەڵگر دەنێردرێن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پێک دێت لە هەمەر، ئۆتومبیلی زرێپۆش، چەک، جبەخانە، هاریکاری لۆجیستی. لەکۆتایی ئازاری ئەمساڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل دواین پێگەی داعشیان لە شارۆچکەی باغۆز کۆنترۆڵکرد و سەرەتای مانگی نیسانیش ئەمریکا بەفەرمی کۆتایهاتنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند. سەرەڕای نەمانی داعش لە سوریا بەڵام هاوکارییەکانی واشنتۆن نەوەستاون بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بەڕێوەدەبرێت. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، دوای ڕووخانی داعش نزیکەی دوو هەزارو 100 بارهەڵگەر لەتێکرایی ٢٢ دەستە نێردراون بۆ ئەو ناوچانەی بەدەست هێزەکانی سوریای دیموکراتەوەیە کە زۆربەیان  لەڕێی خاڵی سنوری سمێڵکای نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان گەشتوون. ئەشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ١٧ی ئازاری ٢٠١٦ واتە ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن یەپەگەوە، لە وەسفی ئەو هێزە چەکدارە کوردییەدا وتی، «سەلماندوویانە کە هاوکار و هاوبەشی ناوازەی ئێمەن لە رووبەڕووبونەوەی داعش، ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە و نیازمان وایە بەردەوام بین لەسەری». تەنها لە دوو- پێنجی مانگی ئابی ئەمساڵدا نزیکەی ١٧٠ بارهەڵگر لە خاڵی سنوری سمێڵکا و سوەیدییە گەشتوونەتە دەست یەپەگه کە پێک هاتوون لە چەک و تەقەمەنی، جبەخانە، ئۆتومبیلی زرێپۆشی هەمەر، تانک، هاوەن، هاریکاری لۆجیستی. تورکیا کە لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا لە باکوری سوریا، یەپەگە بە «هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» هەژمار دەکات و دەیەوێت بەهۆی ناوچەی ئارامەوە لە باکوری سوریا وەدەری بنێت. تا ئیستا بەفەرمی هەردوولا درێژی و قوڵی ناوچە ئارامەکەیان ڕانەگەیاندووە بەڵام واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات  واشنتۆن ڕێککەوتنێکی پێشکەش کردووە بە ئەنقەرە کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی ناوچەکە بەدرێژایی ١٤٠ کم و قوڵایی ١٤ کم. هاندەرەکان لە پشت هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە دوای ڕووخانی داعش ڕوون نییە بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت لەترسی هێرشی تورکیا بێت بۆ سەر باکور و  ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەئێستادا ١٤ هەزار سەربازی ئامادەکردووە بۆ هەڵمەتەکە لەسەر سنوور. هەرچەندە ئەردۆغان مانگی ڕابردوو هەڕەشەی هێرشی کرد بۆ سەر ئەو ناوچانەی بەدەست یەپەگەوەیە بەڵام لە ١٤-١٧ی هەمان مانگ ٤٨٠ بارهەڵگری هاوکاری ئەمریکا گەشتن بەدەستی هەسەدە لە چەک و هەمەر و جبەخانە. هەروەها لە ڕۆژی ١٠-١٢-١٧ حوزەیران نزیکەی ٣٨٠ بارهەڵگری هاوکاری لەڕێی خاڵی سنوری سمێلکاوە گەشتونەتە ئەو ناوچانەی بەدەست هەسەدەوەیە. مانگی ئایاریش سێ باری جیاوازی هاوکاری سەربازی لۆجیستی بەخۆیە بینیوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و شار و شارۆچکەکانی پارێزگای حەسەکە. هەسەدە لە ٢-٦-١٠ی ئایار زیاتر لە ١٨٠ بارهەڵگری بەدەست گەشتووە. لە ٢٧ی نیساندا ٧٠ بارهەڵگر کە هەڵگری کەلوپەلی جیاوازی سەربازی، ئەمبولانس، کەرەڤان بوون لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست هەسەدە گەشتوون کە لەنێویاندا ١٥ تەنکەری پڕ لە سووتەمەنی بوونی هەبووە. لە ٢٢ی هەمان مانگیشدا نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر گەشتونەتە عامودە و حەسەکە لەکاتێکدا ١٥٠ بارهەڵگر لە ١٩ی نیساندا سنوری سمێلکایان بڕیوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات. نزیکەی ٩٥ بارهەڵگر کە هەڵگری ئۆتومبیلی زرێپۆشبوون لە ١٥ی نیساندا گەشتوونەتە خاکی سوریا کە بەشێکیان بەرەو عەینلعەرەب بەڕێکراون و بەشێکی تریشی بەرەو شارۆچکەی ئەلشەدادی پارێزگای حەسەکە نێردراون. لە ڕۆژانی ٨-٦- ١ ی نیسان نزیکەی ٤٠٠ بارهەڵگر کە هەڵگری هەمەر، تانکی زرێپۆش، چەک، ١٠ تەنکەری سووتەمەنی بوون  بەسەر ناوچەکانی دێرەزوور، شەدادییە، عەینلعەرەب، تەل تەمر دابەشکراون. هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٩دا هاوکاری بەردەوامی هەسەدە کراوە لەلایەن ئەمریکاوە بە ناردنی سەرباز، هێرشی ئاسمانی، بارهەڵگری چەک و ئۆتومبیلی زرێپۆش، تەنانەت پێشکەشکردنی مەشقی سەربازی بە چەکدارەکانی یەپەگە. لە جەنگی دژی داعش تەنها ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوونیان هەبوو لەگەڵ ٦٠ هەزار سەربازی  هەسەدە، کە زیاتر ئەمان بەرەی پێشەوەیان گرتبوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش. دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ کشانەوەی لەسەرخۆی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لەئێستادا تەنها هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا بوونیان هەیە. هاوپەیمانی ئەمریکا و یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی پێکرد کاتێک یەپەگە لەسەروبەندی گرتنەوەی کۆبانێدا بوو. هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی هاوکاری یەپەگە بوون لە ئازادکردنی کۆبانێدا. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ پنتاگۆن بڕیاریدا ١٢٠ تەن سندوقی پڕ هاوکاری سەربازی لەڕێی ئاسمانییەوە بگەیەنێتە ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە. ساڵی ٢٠١٦ هێزەکانی ئەمریکا چەندین مەشقی سەربازیان بە سەربازانی هەسەدە کردووە و چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەزیرە، تێل عەبیاد، ڕۆژئاوای ئەلباب، حەسەکە، ڕەققە. سەرەتای ٢٠١٧ چەندین تانکی زرێپۆش بەدەست هەسەدە گەشتوون کە ژمارەیان دەگاتە ٥٠ دانە. تاوەکو ناوەراستی تەمووزی ٢٠١٧ ، هەشت هەزار و  ٥٠٠ سەربازی هەسەدە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە مەشقیان پێکراوە و ژمارەی ئۆتومبیلە زرێپۆشەکانیش گەشتوونەتە ٤٠٠ دانە لەگەڵ کەلوپەلی سەربازی. ڕێکخراوی تاوان و گەندەڵی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە  لە سەرەتای دەستپێکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە تا کۆتایی ٢٠١٧، پنتاگۆن بە بەهای دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی ڕەوانەی ناوچەکانی دەسەڵاتی هەسەدە کردووە. لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٨ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بودجەی تایبەت بە هاوکارییەکانی هەسەدەی بڵاوکردەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە دەگاتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار. لە نیسانی ٢٠١٩دا و دوای ڕووخانی داعش مایکڵ مولڕۆی، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا پێشبینی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکای کرد و هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدەی بە مۆدێلیک وەسف کرد کە دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت بۆ داهاتوو وەک هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و پێشمەرگە لەدژی سەدام حوسەین یان هاوپەیمانی باکور لە ئەفغانستان دژی بزوتنەوەی تاڵیبان.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ده‌رهێنه‌رى زنجیره‌ دراماى گه‌رده‌لول ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا به‌شى چوار و پێنجه‌مى به‌رهه‌مبهێنێت و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌کات که‌ ئاگادارى مێژووى ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوون. جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ره‌خنه‌ له‌ وه‌زیرى پێشووى رۆشنبیرى و ده‌گرێت و ده‌ڵێت کاره‌کان ده‌درێنه‌ کۆمپانیاکان و پاره‌ بۆ ده‌رهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌کان خه‌رج ده‌کرێت و نادرێنه‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانى سلێمانى تا دراما به‌رهه‌مبهێننن. جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ له‌ساڵى 1969 یه‌که‌م سیناریۆى نوسیوه‌ بۆ ده‌قێکى شانۆیى به‌ناوى برسێتى و په‌نجا ساڵه‌ کارى هونه‌رى ده‌کات، وه‌ک ئه‌کته‌ریش یه‌که‌م کارى به‌ناوى کچه‌ (ڵاڵ)ه‌که‌، رۆڵى حه‌مه‌ى حه‌ماڵ ى بینیوه‌، یه‌که‌م مامۆستاى هونه‌ری سه‌لمه‌ فایه‌ق کاکه‌یى بووه‌، دایکى خه‌ڵکى سلێمانیه‌ و باوکى زه‌نگه‌ییه‌. هاوڵاتى: بڕیاربوو درامایه‌ک به‌ناوى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى به‌رهه‌م بهێنیت؟کاره‌کانى گه‌یشت به‌ کوێ بۆ دواکه‌وت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ته‌واو بووه‌ و له‌ 2014بردمان بۆ وه‌زیر و وتى بۆت ئه‌که‌م به‌ڵام به‌هۆى مه‌سه‌له‌ى داعشه‌وه‌ نه‌یتوانى، تا مانگى10ى ساڵى رابردوو، وتى ته‌واو بووه‌ و وه‌ره‌ بیکه‌، بۆ درامایه‌کى 25بۆ30 ئه‌ڵقه‌ى وتى نیوه‌ى پاره‌که‌م بۆ داناویت، ئه‌وه‌ى ترى له‌گه‌ڵ کوردسات بیکه‌، وتم په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ کوردسات باشه‌ و بزانم چیم بۆ ده‌که‌ن، کوردسات زۆر باش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و هه‌رچى جیهاز و ئامێره‌کانه‌ دابینیان کرد، واته‌ ئه‌و پاره‌ى وه‌زیر پێى ئه‌داین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کوردسات هیچى زیاتر نه‌بوو، واش دواى ماوه‌یه‌ک پرۆپۆزه‌لمان ته‌قدیم کردو ویستمان کاره‌که‌ بکه‌ین، به‌ڵام وه‌زیر په‌شیمان بۆوه‌ و وتى ئه‌مه‌ کارى حکومه‌ته‌ و به‌نیازین ئه‌و پاره‌یه‌ى داومانه‌ بیده‌ین به‌ کۆمپانیا و ئه‌وان ئیشه‌که‌ بکه‌ن و بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌یانویست بۆم بکه‌ن. ئه‌و کۆمپانیایه‌ که‌سى حزبى و حکومى تێدایه‌، ته‌نیا داواى من ئه‌وه‌ بوو  پاره‌ى من وه‌ک ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى بێت و له‌و که‌متر نه‌بێت وه‌ک ڕێزگرتنێک بۆ کاره‌که‌ى من، له‌ کۆتایدا زانیم که‌ وه‌زیرێک بۆمن له‌ هه‌فته‌یه‌کدا سێ بڕیاری ده‌رکرد، بۆئه‌وه‌ى پاره‌که‌ بدات به‌ ئێرانیه‌ک شوعله‌ شه‌ریعه‌تى، ئه‌وکاره‌که‌ى پێ بکات، بۆیه‌ پاره‌که‌ درا به‌ ئیرانیه‌ک و کارى من دواخرا.  هاوڵاتى: چیرۆکى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى باسى چیده‌کات؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: باسى خۆشه‌ویستى و تازه‌گه‌رى و ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌کات، باسى ئه‌وه‌ ده‌کات کچ و کوڕێک یه‌کتریان خۆش ده‌وێت واز له‌ یه‌کترى نایه‌نن و ته‌حه‌داى زۆر شت ده‌که‌ن و به‌یه‌کیش ده‌گه‌ن و خۆشه‌ویستى سه‌ر ده‌که‌وێت، ئایا ئه‌مانه‌ کارى باشن یان کلتورى تورکى و به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌. هاوڵاتى: ده‌ستپێکردن و کارکردنى گه‌رده‌لولى به‌شى چوار باس ده‌کرێت؟ باس له‌ چیرۆکى چ سه‌رده‌مێک ده‌کات؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌ئێستادا له‌کاتى قسه‌کردندام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى ئێش و ئازارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان بینیوه‌ و له‌و شۆڕشه‌دا به‌شدار بون و له‌ ساڵى1984وه‌ ده‌ست پێده‌کات تا1987 و دوابه‌دواى به‌شى چوار و به‌شى پێنج له‌ 88وه‌ ده‌ست پێده‌کات تاساڵى 1991 تا ڕاپه‌ڕین، باسى هه‌موو ئه‌و ستمه‌ و زوڵمه‌ ده‌کرێت که‌ شه‌ڕیان به‌کورد فرۆشتووه‌ و باسى به‌ره‌ى کوردستانیش ده‌که‌م. هاوڵاتى: پێتوایه‌ زیاتر گرنگى به‌ کارى هونه‌رمه‌ند و که‌سه‌ بیانیه‌کان ده‌درێت وه‌ک له‌ کوردێک؟ غه‌دره‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندێک بسه‌ندرێته‌وه‌ بۆ که‌سێکى بیانى جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: به‌داخه‌وه‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندى کورد بسه‌نرێته‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندى ئێرانى و بیانى و له‌کاتێکدا ئه‌مه‌ پایته‌ختى ڕۆشنبیریه‌ و بۆیه‌ پایته‌ختى تاریکستان، ئێران خۆى ده‌وڵه‌ته‌ و پێویستى به‌ ئێمه‌ نیه‌، بۆیه‌ خه‌دره‌ پاره‌ له‌ هونه‌رمه‌ندێک بسه‌ندرێته‌وه‌ بۆ که‌سێکى بیانى. هاوڵاتى: ئه‌مه‌ مافخورانى هونه‌رمه‌ندى کوردستان ده‌زانیت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ئه‌مه‌ ماف خورانه‌، له‌م پێناوه‌دا بێده‌نگ نابم و شکاتیان لێده‌که‌م، ده‌یکه‌مه‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌م کارانه‌دا ئه‌یانهێنم و ئه‌یاندامه‌ دادگا، به‌سه‌ تاکه‌ى ده‌بێت هونه‌ر و شانۆى سلێمانى کۆمپانیایه‌ک هه‌ڵسێت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى، ئه‌ى چۆن ده‌بێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى هه‌بێت و کۆمپانیا به‌ڕێوه‌ى ببات، ئه‌م کۆمپانیایه‌ ته‌نیا بۆ پاره‌ خواردنه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى کارێک چه‌ندى تێبچێت سێ ئه‌وه‌نده‌ى بۆ بنوسرێت. هاوڵاتى: هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماکارانى کورد ده‌توانن له‌رێگه‌ى به‌رهه‌مه‌کانتانه‌وه‌ کۆتایى به‌ هه‌ژمونى فلیمى بیانى بهێنین؟  جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌:ئه‌گه‌ر هاوکارى و هاندان هه‌بێت ده‌توانین شتى باش و گه‌وره‌ بکه‌ین، هونه‌رمه‌ند و که‌سى زۆر باشمان هه‌یه‌، نه‌ک به‌ به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌کان کلتورى ئێمه‌ تێکبده‌ن و به‌مه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌وانه‌مان بۆ ده‌نێرن بۆئه‌وه‌ى ئه‌زمون و کلتورى ئێمه‌ تێکبده‌ن. هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت شوان عه‌توف پێشتر سیناریۆى به‌رهه‌مى ساتێک بۆ خۆشه‌ویستى تۆى خوێندۆته‌وه‌ و بیرۆکه‌که‌ى به‌کارهێناوه‌ بۆ فیلمى سینه‌ماى په‌یکه‌رى دڵ؟ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ڕاسته‌ شوان عه‌توف دووجار سیناریۆکه‌ى خوێنده‌وه‌ و  ویستمان ده‌ورى سه‌ره‌کى پێبده‌ین، ده‌ستکارى کردووه‌ و سودى لێبینیوه‌ و که‌سێکى زۆر خۆشه‌ویسته‌ و ئاسایى بووه‌ لام، بۆیه‌ له‌ وه‌زاره‌تیش ئه‌وه‌یان کرده‌ به‌هانه‌ بۆ شوان عه‌توف شته‌که‌ى بردووه‌ و شکاتى لێناکات، هه‌ر هه‌مان ناوه‌ڕۆکه‌ و منیش پێموابوو  ئه‌مانه‌ هه‌مووى به‌هانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ بخۆن و بۆخۆیانى هه‌ڵگرن. هاوڵاتى: ئایا به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا هونه‌رى کوردى پێشده‌که‌وێت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: ئه‌مانه‌ى ئێستا سه‌قافه‌ت و هونه‌ر و شانۆ و دراما و سینه‌ماى سلێمانیان تێکداوه‌ و ئه‌گه‌ر ئاوا بێده‌نگ بین، به‌رده‌وام خراپتر ده‌بێت، مه‌ڵبه‌ندى ڕۆشنبیرى سلێمانى چۆن ده‌بێت که‌ ڕۆشنبیریه‌کى تێدابێت له‌ناو خۆیدا کرم بچێنێت، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان. هاوڵاتى: ئایا ئێمه‌ سه‌رمایه‌ى مرۆیى باشمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کارى جوان بکرێت؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌ کارتێکدا کارێکى گه‌وره‌ بکرێت ئاساییه‌ که‌سێک بهێنرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ به‌شدارى پێبکرێت که‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا ده‌کرێت، به‌ڵام ئێمه‌ که‌سى باشمان هه‌یه‌ و گه‌نجى باش هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌کته‌رى خۆمان ئیبراز نه‌که‌ین، و جانس به‌ ئه‌وانه‌ى خۆمان بده‌ین ده‌توانن کارى زۆر جوان و باش بکه‌ین. هاوڵاتى: به‌رهه‌مێکى هونه‌رى زۆر تێده‌چێت بۆیه‌ هاوکارى ناکرێن؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: هونه‌رمه‌ندێکى وه‌ک کازم زاهیر کلیپێکى حه‌وت ده‌قه‌یى کرد ملیۆنێک دۆلارى تێچوو، من کارێک ده‌که‌م 20 ئه‌ڵقه‌ 20 ده‌فته‌رم ئه‌ده‌نێ و  ئه‌وه‌شم ناده‌نێ به‌ته‌واوى، نه‌خێر هیچ زۆرى تێناچێت، ئێمه‌ به‌رهه‌مه‌کانمان وه‌ک ڕۆڵه‌ى خۆمانن ده‌بینین بۆیه‌ به‌ دڵسۆزى کارى بۆده‌که‌ین و کارى جوانیش به‌ دڵنیایه‌وه‌ کولفه‌ى ده‌وێت. هاوڵاتى: ئایا به‌ به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ و بیانیه‌کان ئێمه‌ پێشده‌که‌وین، ئایا ئه‌مه‌ ئاڵوگۆڕى کلتوره‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: شیرازه‌ى کۆمه‌ڵگه‌ ته‌واو تێکچووه‌ به‌ تورکى و فارسى و بیانیه‌کان، ئێستاش ئه‌مان به‌س بۆ پاره‌ ئیش ده‌که‌ن، بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانمان زه‌ره‌ره‌، ئه‌و لایانه‌ هه‌مووى دوژمنمانن و هه‌مویان ده‌یانه‌وێت شیرازه‌مان تێک بده‌ن و خۆشه‌وستى یه‌کمان بیر به‌رنه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت له‌ناو یه‌کدا بمانکه‌ن به‌ دوژمن. هاوڵاتى: هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند کارى زۆر ده‌که‌ن؟ئایا ئه‌وانیش هاوکارى ناکرێن؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: له‌م وڵاته‌دا ته‌نیا کاره‌ هاوکارى ئه‌وانه‌ ئه‌وانه‌ ده‌کرێت که‌ هونه‌رمه‌ند نین، چونکه‌ مه‌عقوڵ نیه‌ که‌ هونه‌رمه‌ندێک به‌ مانگێک 100کار بکات، ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نیه‌، کار بۆ ئه‌وانه‌ ده‌کرێت و ئه‌وانه‌یان پێباشه‌، به‌ هیچ فلته‌رێکیدا ناڕوات. هه‌موو وڵاتێک به‌ هونه‌ره‌وه‌ ده‌ناسرێن بۆ هه‌وڵى ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین خۆمانى پێ بناسێنین هاوڵاتى:بۆ ئێمه‌ى کورد چى گرنگه‌ و پێویسته‌، بتوانین پێشبکه‌وین له‌ ڕوى هونه‌ره‌وه‌؟ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌: خۆشه‌ویستى بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ بمانه‌وێت ڕقمان له‌یه‌کترى بێت دڵنیابه‌ پێشناکه‌وین، لایه‌کى کورد که‌وت هه‌مووى ده‌ڕوخێت و ئه‌م ئه‌زمونه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وان سه‌یرى داهاتوو ده‌که‌ن، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ هونه‌رمه‌ند هیلاکه‌ و پێویسته‌ قسه‌ بکات، هه‌موو وڵاتێک به‌ هونه‌ره‌وه‌ ده‌ناسرێن بۆ هه‌وڵى ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین خۆمانى پێ بناسێنین هه‌مووى خه‌تاى خۆمانه‌ و ناتوانین پێشى خه‌ین، بۆیه‌ پێش هه‌موو شتێک دڵسۆزى و خۆشه‌ویستى گرنگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن، ئێمه‌ ته‌نیا له‌وه‌مان که‌مه‌.  

  ئاماده‌کردنى: لاڤین مه‌حمود تا دێت  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان  له‌نێو ماڵاندا  زیاتر ده‌بێت و  به‌ وته‌ى پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان زیان ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن. هاوکات به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، پشکنین بۆ سه‌رجه‌م   که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کرێت. به‌مه‌به‌ستى پاککردنه‌وه‌ى  ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى 15 جۆر  که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ رۆژانه‌ به‌کارده‌هێنرێن. هاوکات سه‌رجه‌مى  که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌هێنرێن، به‌ وته‌ى به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ، ده‌زگاکه‌یان پشکنین بۆ مه‌واده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کات. جاسم قادر، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى کۆنتڕۆڵى هه‌رێم، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" سه‌رجه‌م تاقیگه‌کان و هه‌موو مواده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕاده‌ستى سنوره‌کان کراوه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگا، تاقیگه‌ى گه‌وره‌ له‌سه‌ر سنوره‌کان هه‌یه‌ نمونه‌یه‌کى لێوه‌رده‌گرن و پاشان ده‌یبه‌نه‌ بۆ پشکنین". له‌لایه‌کى تره‌وه‌  له‌ ناوخۆدا لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان چاودێری کاڵا پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌که‌ن و له‌ کاتى نه‌شیاوێتى به‌کارهێنانیاندا ڕێوشوێنى یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر. له‌و باره‌یه‌وه‌  گۆران قادر، ئه‌ندامى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى،  به‌  هاوڵا تى راگه‌یاند" له‌ڕێگه‌ى له‌لایه‌ن تاقیگه‌کانى خاڵه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌  پشکنین ده‌کرێت بۆ ئه‌و شتانه‌ى هاورده‌ گده‌کرێن، هه‌ریه‌که‌ به‌ پێى جۆر و به‌پێى پسپۆڕییه‌که‌ى خۆى، دوواتر ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوشار و عه‌مبار ده‌کرێت تا ده‌فرۆشرێت به‌ خاوه‌ن مارکێته‌کان و دوکانه‌کانى ناوبازاڕ". "مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن" مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن هه‌روه‌ک ئه‌وه‌شى وت" ئێمه‌ له‌ کاتى سه‌ردانه‌کانمان له‌ هه‌ندێک ڕێگاوه‌ توشى ئه‌مه‌ ده‌بین یان ڕاسته‌وخۆ له‌ مارکێت و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌کان یاخود له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌ى کۆگاکانمان کاتێک سه‌ردانى کۆگاکان ده‌که‌ین، بابه‌تى پاکه‌ره‌وه‌ یان هه‌ربابه‌تێکى تر له‌شوێنه‌ گشتیه‌کان گومانمان بۆ دروست ببێت له‌سه‌ر نه‌شیاوێتى ئه‌و ماده‌یه‌ ئێمه‌ نمونه‌ى لێوه‌رده‌گرین ڕه‌وانه‌ى تاقیگه‌ى په‌یوه‌ندیدارى ده‌که‌ین،  مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ ئیجرائاتکردنیان  گۆران قادر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد"  ئه‌گه‌ر پشکنینه‌که‌ ئه‌رێنى بوو ڕێگه‌ى پێده‌درێت بیفرۆشێت، ئه‌گه‌ریش نه‌رێنى بوو ئێمه‌ ڕێگرى له‌ فرۆشتنى ده‌که‌ین و ئه‌و بڕه‌ی ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌که‌وه‌ له‌ناوده‌برێت". هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى پڕکردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌کانى رۆژانه‌ى زیاتر به‌ پشت به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێت و زۆربه‌ى کاڵاکان له‌ وڵاتانى تورکیاو ئێران و وڵاتانى تره‌وه‌  ده‌هێنرێنه‌ نێو هه‌رێمه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ خراپى و نزمیى کوالێتى که‌ره‌سته‌کان کێشه‌ى بۆ هاوڵاتییان دروستکردووه‌.   کۆساڵان موسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى فرۆشتن و ژمێریاریى یه‌کێک له‌ کۆمپانیاکانى سلێمانى ، له‌ لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى"سه‌رجه‌م  ئه‌و موادانه‌ى ده‌یهێنین تورکیه‌، هه‌ندێک کۆمپانیا لێره‌ موادى تێکه‌ڵ ده‌که‌ن به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى ١٥ جۆر موادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رجۆرێک لقى لێئه‌بێته‌وه‌، هه‌موو مواده‌کان به‌ ڕه‌سمى دێنه‌ ئێره‌ حوکمه‌ت ئاگاداره‌ و کوالێتى کۆنتڕۆل بینیویه‌تى".   هه‌روه‌ک کارزان محه‌مه‌د، خاوه‌ن مارکێت، که‌ موادى پاککه‌ره‌وه‌ ده‌فرۆشێت،  له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" هه‌موو مواده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان باشى هه‌یه‌و خراپى هه‌یه‌، هیچ شتێکى ئه‌وروپى به‌ هه‌مان کوالێتى نایه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان،  زیاتر خه‌ڵکى شتى باشیان ده‌وێت. که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاککه‌ره‌وه‌ له‌ ئێستادا وه‌کو  پێداویستییه‌کى رۆژانه‌ به‌تایبه‌تى له‌ نێو ماڵاندا به‌کارده‌هێنرێت، له‌ کاتێکدا  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ زیان به‌ ته‌ندروستیى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت. به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست ‌دکتۆر نزار محێدین، پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌کانى سنگ و دڵ و هه‌ناو، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى وت "به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست، ئه‌م ماده‌ پاککه‌ره‌وانه‌ ماده‌ى ئامۆنیایان تێدایه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر دووان له‌ و مادانه‌ تێکه‌ڵبکرێن کارلێکى کیمیایى ده‌که‌ن، دواتر ماده‌یه‌کى ژه‌هراوى دروست ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌ش زیانى زیاتر به‌کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ ده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ڵیمژێت توشى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و حه‌ساسیه‌ت و کۆکه‌ ده‌بن و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى ڕه‌بۆ". ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد" جگه‌ له‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سوربونه‌وه‌و هه‌ندێ جاریش دروستبونى برین له‌ سه‌ر پێسته‌که‌".  له‌باره‌ى زیانه‌کانیشیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ منداڵ ‌دکتۆر نزار رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ریش هاتوو که‌سێک نه‌زانێت بیخواته‌وه‌ به‌تایبه‌ت منداڵ، ده‌بێته‌ هۆى سوتاندنه‌وه‌ى کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و سورێنچک له‌کۆتایدا ده‌بێته‌ هۆی دروستبونى قورحه‌ى مه‌عیده‌".   هاوکات  یاد نه‌قشبه‌ندى وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى وتى "زۆرجار هه‌بووه‌ که‌سه‌که‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌نى هه‌بووه‌، یاخود ڕه‌بۆى هه‌بوه‌ به‌ هۆى به‌کارهێنانى ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ بارودۆخى خراپتر بوه‌" باسی له‌وه‌ش کرد"زیاتر ئافره‌تان تووشى ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌بن،چونکه‌ ئافره‌تان له‌ ئیشوکارى ناوماڵدا به‌کارى ده‌هێنن، وه‌ زۆرجاریش منداڵان تووش ده‌بن به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وکه‌ره‌ستانه‌ له‌ شوێنى سه‌لامه‌ت دانانرێت منداڵه‌کان ده‌یخۆنه‌وه‌"  

 ماردین نوره‌دین "له‌ ئێواره‌خوانێکدا ئاماده‌کارى ده‌کرا بۆ ئاهه‌نگى خه‌نه‌به‌ندانى ئامۆزاکه‌ى، سه‌رجه‌م خزم و دۆستان کۆببونه‌وه‌، له‌پڕ گوێیان له‌ گفتوگۆى نێوان عه‌لى و ماریا بوو، ئه‌م دوو منداڵه‌،ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (۹ـ۱٠)ساڵان بوو، هه‌ر یه‌که‌یان ئایپادێکیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو عه‌لى به‌ ماریا ده‌وت، له‌ یوتیوب بینیومه‌ گه‌وره‌کان سمێڵیان ده‌تاشن، منیش چوم سمێڵم تاشى، ماریا تۆش بچۆ بیتاشه‌" ئه‌مه‌ وته‌ى ئه‌حلان عه‌زیز ته‌مه‌ن 44 دایکى على. هه‌روه‌ها ئه‌حلان عه‌زیز ئه‌وه‌شى خسته‌رو ئه‌مه‌ هه‌موو خێزانه‌که‌ى توشى شۆک کرد، بینیان پێدانى ئایپاد به‌ منداڵه‌کانیان چۆن به‌ لاڕێیاندا ده‌بات. به‌کارهێنانى ئایپاد له‌لایه‌ن مناڵانه‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان زیادى کردووه‌و چه‌ندین چیرۆکى ناخۆشى لاى دایک و باوکانیان دروست کردووه‌. وه‌فا دایکێکى ته‌مه‌ن ۲۹ساڵه‌ بۆ هاوڵاتى ده‌ڵێت:" دوعاى کچم له‌گه‌ڵ هێلینى پورزاى که‌ ته‌مه‌نیان پێن ساڵه‌ دو کوپى پڕ له‌ ئاویان هێنا له‌دراماکه‌دا گه‌وره‌کان خواردنه‌وه‌ى کهولیان ده‌خوارده‌وه‌ کوپه‌کانیان به‌یه‌کدا داکێشاو ئاهانگیان ده‌گێرا، بینیم ئه‌م دوو منداڵه‌ش هه‌مان کاریان دوباره‌ کرده‌وه‌ کوپه‌کانیان به‌یه‌کدا ئه‌کێشاو ده‌یان وت به‌خۆشیت". شاره‌زایانى ده‌روناسى ده‌ڵێن منداڵان به‌گشتى بونه‌وه‌رێکى لاسایکه‌ره‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌تى لاسایى کردنه‌وه‌ى که‌سانى دیارو به‌ناوبانگ. پاڤێ جه‌میل، دکتۆرا له‌ده‌رونناسى ڕاگه‌یاندن به‌ هاوڵاتى وت:"سۆشیاڵ میدیا له‌ڕێى ئایپاد، مۆبایلى زیره‌ک شێوازى به‌ده‌ست هێنانى زۆر ئاسان بووه‌، هه‌موکه‌س ده‌توانێت به‌ده‌ستى بێنێت به‌تایبه‌تى مناڵان". هه‌روه‌ها پێشیوابوو له‌ئێستادا مناڵه‌کان له‌ دایک وباوکیان بابه‌ته‌کان وه‌رناگرن، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ى مامۆستا یان هاوڕێ یان مۆبایلی زیره‌ک و ئایپاده‌وه‌ زانیاریه‌کان وه‌رده‌گرن. پاڤێ جه‌میل جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ مرۆڤ به‌گشتى و به‌تایبه‌ت منداڵان" بونه‌وه‌رێکى لاسایکه‌ره‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌تى لاسایى کردنه‌وه‌ى که‌سانى دیارو به‌ناوبانگ، له‌به‌رئه‌وه‌ى منداڵان بیره‌وه‌ریه‌کى وێنه‌ى هه‌یه‌، خۆى ناتوانێ شرۆڤه‌ى بابه‌ته‌کان بکات ئه‌وه‌ى ئه‌یبینێ دوباره‌ى ده‌کاته‌وه‌ و وه‌ک وێنه‌ له‌ مێشکیدا ده‌مێنێته‌وه‌". هه‌روه‌ها وتیشى"کاریگه‌رى خراپ و باش یان هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ دایک و باوک ئاگادارى منداڵه‌کانیان بن و باش و خراپه‌کانیان بۆ ڕونکه‌نه‌وه‌ و تا به‌ لایه‌نه‌ باشه‌که‌یدا ئاڕاسته‌ بکرێن، وه‌ ناشبێت ڕاى تایبه‌تى خۆى به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، چونکه‌ شتى قه‌ده‌غه‌کراو خواستى که‌سه‌که‌ى له‌سه‌ر زیاد ده‌بێت". پزیشکێکى چاره‌سه‌رکردنى ده‌رونى منداڵان، ده‌ڵێت:" کۆمه‌ڵه‌ى پزیشکانى ده‌رونى ئه‌مریکا خشته‌یه‌کیان دیارى کردووه‌ که‌ منداڵانى خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵان بۆیان نییه‌ هیچ کام له‌ ئامێره‌ زیره‌که‌کان به‌کاربهێنن".  زامدار حمه‌ ڕه‌سوڵ، پزیشکى پسپۆڕى ده‌رونى و چاره‌سه‌رکارى ده‌رونى منداڵان و مێردمنداڵان وتى"مۆبایل، ئایپاد کاریگه‌رى له‌سه‌ر مناڵان هه‌یه‌، له‌ کۆتا ڕێنمایى کۆمه‌ڵه‌ى پزیشکانى ده‌رونى ئه‌مریکا(خشتیه‌ک)ى داناوه‌، تا ته‌مه‌نى پێنج ساڵى بۆیان نیه‌ هیچکامیان له‌و ئامێرانه‌ به‌کار بهێنن". هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد بۆ مناڵانى (5_ 12) ساڵ بۆیان هه‌یه‌ ته‌نیا بینه‌رى چه‌ند پڕۆگرامێکى ته‌له‌ڤزیۆنى بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ یاریه‌کان بۆ به‌سه‌ربردنى کاتێکى خۆش ئه‌وه‌ش کاته‌که‌یانى بۆ دیارى کردووه‌ له‌ دوو کاتژمێر تێنه‌په‌ڕ نه‌کات. دکتۆر زمدار ئاماژه‌شى به‌وه‌کرد، مناڵ که‌سایه‌تى دانه‌مه‌زراوه‌ ناتوانێت ماماڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکى سۆشیاڵ میدیادا بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌کارهێنانه‌ ته‌نها به‌سه‌ربردنى کات نیه‌ به‌ڵکو ئاشنابونه‌ به‌ جیهانێکى ساواتر که‌ ڕووبه‌ڕووى کۆمه‌ڵێ وێنه‌، ڤیدیۆ، چیرۆک ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ جیهانى مناڵاندا یه‌ک ناگرێته‌وه‌.  له‌باره‌ى زیانه‌ ته‌ندروستیه‌کانى زۆر به‌کارهێنانیشى، ئه‌و پزیشکه‌ وتى" وشکبون و کزبونى چاوى منداڵان کاتێک زۆر ئایپادو مۆبایل به‌کار ده‌هێنێت، دروست بونى ئازار له‌مل و به‌شێک له‌ فه‌قه‌راته‌کانى مل، دروست بونى گۆڕانکارى له‌ کێشیاندا، کاتێک بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر ئایپاد به‌کار ده‌هێنن بۆ مه‌به‌ستى یارى کردن، خراپ بوونى یاده‌وه‌ریه‌کان، دروست بونى سه‌رئێشه‌".  ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له‌گه‌ڵ منداڵانى سه‌رده‌مى پێشودا ده‌بینین جیاوازیه‌کى زۆر ده‌رده‌که‌وێ له‌ نێوان مناڵاندا بۆ به‌سه‌ر بردنى کاتێکى خۆش بۆ یارى کردن. گه‌لاوێژ عه‌بدوڵڵا، ته‌مه‌ن ٥٥ساڵ، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"سه‌رده‌مى ئێمه‌ مۆبایل و ئایپاد نه‌بوو، ئێمه‌ بۆ خۆمان له‌ماڵه‌وه‌ بوک مان دروست ده‌کرد له‌ دارو یاریمان پێده‌کرد، یاخود موورو مورێن یا خه‌تخه‌تێن و چاوشارکێ و کۆمه‌ڵى یارى ترمان کردووه‌و چێژى خۆشى تێدا بووه‌". "کاتێک منداڵبووم له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک یاری هه‌ڵماتێن و دوگۆڵى و هه‌لوکێنمان ده‌کرد کاتێک پشوی هاوین ده‌هات یاریمان به‌باسکیل ده‌کرد و پێشکه‌وتنمان پێده‌کرد، ته‌واوی سه‌رده‌می مناڵیم به‌م یاریانه‌ به‌سه‌ربردووه‌"، وه‌لیدعه‌لى، ته‌مه‌ن34ساڵ واى وت.  

سازدانى: ئارا ئیبراهیم راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات سه‌رۆک کۆمار رۆڵى هه‌بووه‌ له‌ باشکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غداو ده‌شڵێت:» هه‌وڵده‌درێت رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ سێ ساڵ بێت، نه‌ک هه‌موو ساڵێک کێشه‌ى بودجه‌و نه‌وت سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌«. سالار مه‌حمود، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌ گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى قوربانیانى ئه‌نفالکراوه‌کان ده‌دات که‌ ده‌یان گۆڕى دیکه‌ له‌ سه‌ماوه‌ بوونیان هه‌یه‌ و جه‌ختله‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم»که‌مته‌رخه‌م»ى کردووه‌ له‌وه‌ى که‌ تا ئێستا پشکنینى دى ئێن ئه‌ى بۆ که‌سوکارى ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کردووه‌. سه‌رۆک کۆمارى عێراق رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ خێرا نزیک بونه‌وه‌ى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق و ئه‌مه‌ هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى داهاتوودا  پشکى هه‌رێم دیاریکراو بێت و  رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن بۆ سێ ساڵى تر ئه‌نجام بدرێت ‌هاوڵاتى: دوا زانیارى له‌سه‌ر گۆڕە‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانى سه‌ماوه‌ چییه‌؟ سالار مه‌حمود: هه‌ڵمه‌تێکى نوێ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕە‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان، دۆزینه‌وه‌ى سێ گۆڕى به‌کۆمه‌ڵ بوو که‌ یه‌کێکیان هه‌ڵدرایه‌وه‌ 171ته‌رم و ئیسک و پروسکى تێدابوو، 74منداڵ و ئه‌وانه‌ى ترى ژنن و له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌رکه‌وت به‌ پێى به‌ڵگه‌نامه‌کان، ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵى 1988و له‌ ئه‌نفالکراوه‌کانن و کوردن، دواى ئه‌م پشکنینانه‌ سه‌رجه‌میان گه‌یه‌نراونه‌ته‌ به‌غداد و له‌ئێستا لەپه‌یمانگاى پزیشکى دادوه‌رى به‌غدادن و له‌مانگى داهاتوو ده‌ست ده‌کرێت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌و دوو گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌ى تر که‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ردووکیان گۆرى ئه‌نفالکراوه‌کانن و له‌لایه‌ن تیمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى هه‌رێم و حکومه‌تى ئیتیحادى به‌ هاوبه‌شى ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه‌. حکومه‌تى هه‌رێم»که‌مته‌رخه‌م»ى کردووه‌ له‌وه‌ى که‌ تا ئێستا پشکنینى دى ئێن ئه‌ى بۆ که‌سوکارى ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کردووه‌ هاوڵاتى: بێجگه‌ ئه‌و دوو گۆڕه‌ى ئاشکرا بووه‌، گۆڕى  به‌کۆمه‌ڵى دیکه‌ له‌سه‌ماوه‌ بوونى هه‌یه‌؟ سالار مه‌حمود: دیاره‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بۆسه‌لماندنى تاوانبارێتى ڕژێمى به‌عسى که‌ ئه‌نجامده‌رى تاوانه‌کانه‌، له‌ساڵى 2005و 2006چه‌ند پشکنینێکیان کردو چه‌ند گۆڕێکیان هه‌ڵدایه‌وه‌، به‌شێکیان بونه‌ به‌ڵگه‌ى تاوان له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌کان له‌ دۆسیه‌ى ئه‌نفال، له‌دواى ئه‌مه‌وه‌  که‌مته‌رخه‌میه‌کى زۆر هه‌بووه‌ که‌ نه‌توانراوه‌ به‌دواداچونێکى جدى بکرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زیاد له‌ چه‌ندین گۆڕ ده‌ستنیشانکران، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێشبینى بۆ ده‌که‌ین و به‌ ڕاسته‌وخۆش له‌ پارێزگارى سه‌ماوه‌ گوێمان لێبووه‌، نزیکه‌ى 60بۆ70گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ئه‌نفالکراوه‌کان ته‌نیا له‌ ده‌شتاییه‌کانى سه‌ماوه‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌ چاوى خۆمان بینیمان، له‌نزیک قه‌ڵاى نوگره‌ سه‌لمان، چه‌ندان گۆڕى به‌ته‌نیا هه‌ن، ئه‌و که‌سانه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان، به‌ ته‌نیا له‌به‌رچاوى که‌سوکاره‌کانیان کوژراون، سه‌ربازه‌کان بردویانن له‌ نزیکى قه‌ڵاکه‌ ناشتویانن، له‌وێ چه‌ندین به‌ڵگه‌ هه‌ن و پێمان ده‌ڵێن که‌ئه‌مانه‌ له‌و که‌سانه‌ن که‌ ساڵى 88کوژراون، ئێمه‌ له‌ ڕۆشتنماندا بۆ قه‌ڵاکه‌ شوانێکمان بینى، که‌ که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانى بینى به‌ جلوبه‌رگى کوردیه‌وه‌، هات و وتى ئه‌زانم ئێوه‌ به‌ دواى ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێن و بردینیه‌ سه‌ر گۆڕێکى به‌کۆمه‌ڵ، وتى ئێمه‌ شوانى ده‌که‌ین لێره‌ هه‌موو جارێک گۆڕە‌کان داده‌پۆشینه‌وه‌. هاوڵاتى: واته‌ ده‌توانن بڵێن سه‌ماوه‌  بۆته‌ خاکى ئه‌نفالکراوان؟ سالار مه‌حمود: به‌دڵنیاییه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و خاکه‌ چۆڵه‌وانیه‌ و هه‌ندێک جاریش به‌ حوکمى ئه‌وه‌ى ڕوبه‌ره‌که‌ زۆره‌ و خۆڵه‌ و له‌ ڕوى  ئه‌منیه‌وه‌ ناتوانرێت بپارێزرێت، بۆیه‌ پێموایه‌ هۆکارى ئه‌منى و سیاسى هه‌بووه‌ له‌ ڕابردوودا که‌ گۆڕه‌کان هه‌ڵنه‌درێنه‌وه‌. هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى که‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ پشکنینیان بۆ ده‌کرێت؟چۆن که‌سوکاریان ده‌دۆزرێته‌وه‌؟ سالار مه‌حمود:ژانرى مه‌ترسى دوباره‌بونه‌وه‌ى جینۆساید له‌م وڵاته‌ به‌ به‌رده‌وامى ئاماده‌یى هه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ کار ناکرێت که‌ ڕوداوه‌کانى ڕابردوو به‌ جۆرێک له‌ یاده‌وه‌ریدا بهێڵدرێته‌وه‌ که‌ هیچ لایه‌نێک سڵى ئه‌وه‌ نه‌کات، یان کۆمه‌ڵگه‌ خۆى ئاماده‌ بکات، که‌ ڕێگر بێت له‌وه‌ى که‌ جینۆساید بکرێته‌وه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ که‌یسى  ئه‌نفالدا بۆ مه‌سه‌له‌ى ناساندنه‌وه‌ى ئێسک و پروسکه‌کان، حکومه‌تى کوردستان که‌مته‌رخه‌مى زۆرى هه‌بووه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى تائێستا نمونه‌ى خوێنى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانى وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆئه‌وه‌ى که‌ پشکنینى دی ئێن ئه‌ى ده‌کرێت به‌راورد بکرێت و بزانرێت له‌ چ خێزانێکه‌، هۆکارى نه‌کردنى هه‌رچى بوبێت هۆکارێکى نازانستییه‌ و پێویسته‌ ئه‌وه‌ بکرایه‌ و ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌که‌ ئه‌وه‌بێت بڵێن  که‌ ناسرایه‌وه‌ هه‌ر که‌سه‌ى ئیسکوپروسکى خۆى ده‌باته‌وه‌ و له‌ گوندێک له‌ جێگه‌یه‌گ ده‌ینێژێت، شتى له‌و بابه‌ته‌ نیه‌ و که‌سوکارى ئه‌نفالکراوه‌کان که‌سانى به‌رپرسیارن و ئه‌وه‌یان به‌ به‌رزى ڕاگرتووه‌ و ئه‌وه‌ى که‌ هه‌یه‌ ئه‌و که‌مته‌رخه‌میانه‌ زۆر زۆرن و بونى بێباکیه‌کى زۆره‌ سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌یه‌ بۆیه‌ نه‌بۆته‌ دۆسیه‌یه‌کى گه‌وره‌. هاوڵاتى: ئه‌و ئێس و پروسکه‌ى ئه‌نفاله‌کان که‌ 171 دانه‌یه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غداد، زۆریان پێده‌چێت بۆ پشکنینى دى ئێن ئه‌ى؟ سالار مه‌حمود:له‌ڕاستیدا ئێمه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا، له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێرى ده‌که‌ین و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پێش هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌کان مه‌راسیمێکى شایسته‌یان بۆ بکرێت و پێویسته‌ کارێک بکه‌ین له‌ به‌غدادش به‌ بێده‌نگى نه‌هێنرێنه‌وه‌ به‌رپرسانى عیراقیش، له‌به‌رده‌م ته‌رمى پیرۆزى شه‌هیده‌کانماندا بوه‌ستن و به‌بیرى نوێنه‌رى وڵاتان و سه‌فاره‌ته‌کان و وڵاتان و یۆئێن و شوێنه‌ ڕه‌سمیه‌کانى وڵاتان له‌ عێراقى بهێنینه‌وه‌، که‌ به‌مجۆره‌ ژن و منداڵى کورد شه‌هیدکراون. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى رابردوو کێشه‌یه‌کى زۆر هه‌بوو له‌ داقوق؟ کێشه‌کان هه‌ر وه‌ک خۆیانن؟رۆڵى سه‌رۆک کۆمار له‌ کێشه‌ى ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان چییه‌؟ سالار مه‌حمود:ئه‌و ڕوداوانه‌ى که‌ ڕوده‌ده‌ن له‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کان به‌ جیاوازى کاته‌کان کێشه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامن و به‌حوکمى یه‌کلانه‌بونه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ له‌ ڕوى ده‌ستوریه‌وه‌، بۆته‌ پێگه‌یه‌ک بۆ تیرۆرستان، به‌ هۆى بۆشایى ئه‌منیه‌وه‌ لێره‌ و له‌وێ په‌لامارى پێکهاته‌کان ده‌درێت. له‌ دواى ڕوداوه‌کانى ساڵى2017وه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ نه‌ما بۆشاییه‌کى گه‌وره‌ دروست بوو، له‌ دواى روخانى سه‌دامه‌وه‌ تائێستا ئه‌و ناوچانه‌ ئارامى و ئۆقره‌یى به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، که‌ ئه‌ویش په‌یوه‌سته‌ به‌ ململانێى سیاسى و ده‌ستور و نه‌بونى ڕێکه‌وتنى حه‌قیقى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد، هه‌وڵى جدى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌نن و کۆترۆڵ بکرێت. سه‌رۆک کۆمار له‌ نزیکه‌وه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ى دیراسه‌ کردووه‌ له‌ ڕێگه‌ى خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ به‌شێک له‌ خه‌ڵکه‌که‌ بینراون، که‌ حکومه‌تى ئیتیحادى راسپێردراوه‌ که‌ جوهدى زیاتر بکه‌ن نه‌ک ته‌نیا بۆ داقوق به‌ڵکو بۆ ناوچه‌کانى تریش هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و ناهه‌قیه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه‌ لابدرێت، داموده‌زگاکانى حکومى بیلایه‌ن بکرێن له‌هه‌ر دۆخێک له‌و ناوچانه‌ که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ ململانێى سیاسیه‌وه‌. هاوڵاتى: ڕۆلى سه‌رۆک کۆمار بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى خێراى دانانى پارێزگارى که‌رکوک چیه‌؟ سالار مه‌حمود: پرسى پارێزگارى که‌رکوک پرسێکه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوکه‌وه‌ و که‌ى ئه‌نجومه‌ن کۆبووه‌وه‌ بریاریدا پارێزگارێکى نوێ هه‌ڵببژێردرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێوشوێنێکى ده‌ستورییه‌و پێویسته‌ هه‌ر گۆرانکاریه‌ک بکرێت که‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى که‌رکوک تائێستا ئه‌نجومه‌نێکى شه‌رعى و دانپێدانراوه‌، ده‌توانێت کاروبارى خۆى به‌ڕێوه‌ به‌رێت. ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک بڕیار بدات که‌ پارێزگارێکى نوێ دابنێت هیچ لایه‌ن له‌ ڕوى ده‌ستورى و قانونیه‌وه‌ ناتوانێت تانه‌ى لێبدات هاوڵاتى: ئایا که‌ ئه‌نجومه‌نى که‌رکوک هه‌ر بریارێک بدات به‌غدا ده‌توانێت رایبگرێت؟ سالار مه‌حمود: کاتێک که‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ بریاریدا پارێزگار بگۆرێت و  پارێزگارێکى نوێ دابنێت، کێشه‌ و ململانێى ڕویدا، به‌ڵام ئیراده‌یه‌کى گشتى له‌ناو ئه‌نجومه‌ن بریاریدا که‌ پارێزگارێکى نوێ دابنێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک بڕیار بدات که‌ پارێزگارێکى نوێ دابنێت هیچ لایه‌ن له‌ ڕوى ده‌ستورى و قانونیه‌وه‌ ناتوانێت تانه‌ى لێبدات. له‌ دواى روداوه‌کانى ساڵى 2017  که‌ ڕویدا به‌شێکى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌م سه‌رۆک کۆماره‌وه هاوڵاتى: به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆمارى عێراق چى بۆ کورد کردووه‌ له‌ماوه‌ى ده‌ستبه‌کاربونیدا تا ئێستا؟ سالار مه‌حمود: ئه‌م پۆسته‌ نوێنه‌رایه‌تى ده‌وڵه‌ت ده‌کات، له‌ ڕوى ده‌ستوریه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى دیارن وتوانیویه‌تى پێگه‌که‌ى پته‌وتر بکات و بیپارێزێت، بۆ کورد له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌یى و ده‌توانرێت پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان ورده‌ ورده‌ به‌هێزتر بکات له‌سه‌ر ئاستى عێراق، له‌ دواى روداوه‌کانى ساڵى 2017  که‌ ڕویدا به‌شێکى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌م سه‌رۆک کۆماره‌وه‌، به‌تایبه‌ت پرسى بودجه‌ى  هه‌رێمى کوردستان سه‌رۆک کۆمار رۆڵى هه‌بووه‌ و که‌ قوتى فه‌رمانبه‌ران نه‌بێته‌ ململانێى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان. هاوڵاتى: چى کردووه‌ له‌پرسى رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟ سالار مه‌حمود: رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ خێرا نزیک بونه‌وه‌ى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق و ئه‌مه‌ هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى داهاتوودا  پشکى هه‌رێم دیاریکراو بێت و  رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن بۆ سێ ساڵى تر ئه‌نجام بدرێت و  ببێته‌ رێکه‌وتنى بنچینه‌یى، سه‌رۆک کۆمار له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێرى ئه‌مه‌ ده‌کات و رۆڵى هه‌بووه‌ و ته‌رح کردنى ئه‌وه‌ى گفتوگۆ و رێکه‌وتنه‌کان بۆ سێ ساڵه‌که‌ بێت نه‌ک بۆ ساڵێک بێت و کێشه‌ى بودجه‌و موچه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.

پشتیوان سه‌عدوڵڵا تادێت ژماره‌ى ئه‌و پۆستانه‌ى له‌ پارێزگاى که‌رکووک له‌ کورد وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت، به‌پێى به‌دواچوونه‌کانى ‌هاوڵاتى  له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌، نزیکه‌ى 50 پۆستى باڵاى حکومی له‌ کورد وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. له‌ نوێترین گۆرانکاریشدا وه‌زاره‌تى ناوخۆى  عێراق بڕیارى لابردنى (247) ئه‌فسه‌رى پۆلیسى که‌رکووکى له‌  کورد و تورکمان داوه‌. ڕاوێژکارى  سه‌رۆک کۆمارى عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات» له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه‌«. وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌ ئیداریی و ئه‌منییه‌کانى  پارێزگاى که‌رکوک له‌ کورد دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى 2017 دێت، که‌ له‌و کاته‌وه‌ به‌شێک له‌ به‌رپرسانى ئه‌منى و ئیداری شاره‌که‌یان به‌جێهێشت و تائێستاش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌دوا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانى عێراقدا کورد له‌ کۆى 41 کورسى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا، 26 کورسى به‌ده‌ستهێناوه‌. هه‌روه‌ک له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردووى ئه‌نجومه‌نى  نوێنه‌رانى عێراقیشدا له‌ کۆى 12 کورسی، کورد شه‌ش کورسى به‌ده‌ستهێناوه‌. ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک:حکومه‌تى عێراق به‌هێز که‌رکوک و  چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تری کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش به‌هێز حکوم ده‌کات. ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌هاوڵاتى راگه‌یاند»له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ سیاسه‌تى حکومه‌تى عێراقیی به‌شێوه‌یه‌که‌ نایه‌وێت  مافه‌ یاسایى و ده‌ستوورییه‌کانى که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌ده‌ستبهرێت، له‌و کاته‌وه‌ حکومه‌تى عێراق هه‌مان سیاسه‌ته‌کانى حزبی به‌عس په‌یڕه‌وده‌کات». وتیشى» حکومه‌تى عێراق به‌هێز که‌رکوک و  چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تری کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش به‌هێز حکوم ده‌کات. تائێستاش له‌ که‌رکوک ئه‌حکامى عه‌سکه‌رى حکوم ده‌کات، نه‌ک ئه‌حکامى مه‌ده‌نى و ئیداریی». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: ده‌یان پۆستى ئیداریی و ئه‌منى  و پۆستى باڵا له‌ کورد سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و خه‌ڵکى تر له‌ شوێنیان دانراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى راگه‌یاند»حکومه‌تى عێراقیی هه‌وڵده‌دات ئه‌و بارودۆخه‌ عه‌سکه‌رتارییه‌ته‌ى که‌به‌سه‌ر که‌رکوکدا سه‌پێنراوه‌ وه‌کو خۆی بهێڵێته‌وه‌و ئه‌و ناوچانه‌ به‌هه‌ڵواسراوى بهێڵرێته‌وه‌«. به‌ بڕواى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌رده‌وامیدان به‌ بارودۆخى ئێستاى که‌رکوک، مه‌ترسی بۆ ئاینده‌ى پارێزگاکه‌ هه‌یه‌. یه‌کێتى و پارتى  که‌ له‌ ڕابردوودا زۆرینه‌ى پۆسته‌کانى که‌رکوکیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو،  له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى  ڕابردوودا ناکۆک بوون و  زۆرجاریش یه‌کترییان به‌هۆکارى چاره‌سه‌رنه‌کردنى  تۆمه‌تبارکردووه‌، به‌تایبه‌تى  له‌سه‌ر پرسی دانانى پارێزگارى که‌رکوک،  که‌ له‌ئێستادا  پێکهاته‌ى عه‌ره‌بیی  به‌وه‌کاله‌ت  به‌ڕێوه‌ى ده‌بات. جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتیى له که‌رکوک: دانانى پارێزگارى که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆى خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک حکومه‌تى عێراق غه‌فور صاڵح، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان، له‌لێدوانیکیدا به‌‌هاوڵاتى راگه‌یاند»  ئێمه ‌وه‌کو کورد له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ فشارمان له‌سه‌ره‌ و پۆست له‌کورد ده‌سه‌نرێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى گوێ بده‌نه‌ مافى ده‌ستوورییمان». هه‌روه‌ک وتیشى »هه‌موو کێشه‌کانى که‌رکوک و ئه‌وه‌ى له‌ رابردوو  به‌سه‌ر که‌رکوکدا هاتووه‌ هۆکاره‌که‌ى  خۆمانین، 100% که‌مته‌رخه‌مین، به‌تایبه‌تى دانانى پارێزگارى که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆى خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک حکومه‌تى عێراق». به‌پێى به‌دواداچوونى ‌هاوڵاتى زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌که‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى  عێراق بڕیارى لابردنى (247) ئه‌فسه‌رى پۆلیسى که‌رکووکى له‌  کورد و تورکمان داوه‌و لیستێکى نوێى ناوى ئه‌فسه‌رانى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌،‌ به‌پێى بڕیاره‌که‌ ژماره‌یه‌ک  پۆسته‌کان دراون به‌ عه‌ره‌ب و به‌شێکیشى به‌ تورکمانه‌کان دراون، به‌ڵام ژماره‌یه‌کى زۆر پۆست له‌ کورد وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌، که‌ زۆرینه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رى بنکه‌ و به‌شن. عه‌دنان که‌رکوکى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى  سه‌رکردایه‌تى (که‌رکوک ـ گه‌رمیان)ى پارتى: دانانى  پارێزگارى  که‌رکوک  له‌م  بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک  پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له‌ بارودۆخه‌که‌ ناگوڕێت و چاره‌سه‌ر نییه له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌دنان که‌رکوکى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى  سه‌رکردایه‌تى (که‌رکوک ـ گه‌رمیان)ى پارتى دیموکراتى کوردستان، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند» دوایین بڕیاری وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق (247)  ئه‌فسه‌رى پۆلیس له‌نه‌ته‌وه‌ى کوردو تورکمان ده‌گۆڕدرێن و ئه‌فسه‌رى عه‌ره‌ب شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام  جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌ راگیراوه‌.ناڕه‌زایه‌تى  لێکه‌وتوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن کوردو تورکمانه‌وه‌. ئه‌مه‌  هه‌مووى ده‌ره‌نجامى 16ى  ئۆکتۆبه‌ره‌  که‌ له‌و کاته‌وه‌ حکومه‌تى  عێراق ده‌ستى واڵابووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دیمۆگرافیاى شارى  که‌رکوک بگۆڕن». عه‌دنان که‌رکوکى، باسى له‌وه‌شکرد: ده‌بێت  که‌یسى که‌رکوک  نه‌کرێته‌ که‌یسى  حزبی،  چونکه‌ که‌یسى  نێوان هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمه‌« ده‌بێت  کورد ڕێ له‌م  شاڵاوه‌ عه‌سکه‌رتارییه‌ته‌ بگرێت و ئیداره‌ى مه‌ده‌نى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌که‌، ئه‌و هێزانه‌ى له‌دواى  16ى  ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌  هاتوونه‌ته‌  ئه‌م  ناوچانه‌ بڕۆنه‌وه‌ شوێنى  خۆیان». «دانانى  پارێزگارى  که‌رکوک  له‌م  بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک  پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له‌ بارودۆخه‌که‌ ناگوڕێت و چاره‌سه‌ر نییه‌« سه‌باره‌ت به‌  دانانى  پارێزگارى که‌رکوک، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى، وتى» دانانى  پارێزگارى  که‌رکوک  له‌م  بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک  پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له‌ بارودۆخه‌که‌ ناگوڕێت و   چاره‌سه‌ر  نییه‌،   هیچ  ده‌سه‌ڵاتێکیشى  نابێت،  ئه‌مڕۆ  حکومێکى  سه‌ربازیی له‌ که‌رکوک هه‌یه‌، فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى  حکوم  ده‌کات و  بڕیارده‌رده‌کات».  گۆڕانکارییه‌که‌ ئیداریى  و ئه‌منییه‌کانى پاڕێزگاى که‌رکوک کاردانه‌وه‌ى کورد و به‌شێکى زۆرى تورکمانه‌کانى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، چونکه‌ پێیانوایه‌، ره‌چاوى مافه‌کانیانى تێدا نه‌کراوه‌. نه‌جات حوسێن، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى که‌رکووک له‌ پێکهاته‌ى تورکمان راگه‌یاند «له‌گۆڕانکارییه‌کانى پۆلیسى که‌رکووکدا هیچ هاوئاهه‌نگییه‌ک له‌گه‌ڵ تورکمان نه‌کراوه‌ و ره‌چاوى مافه‌کانمان نه‌کراوه‌«. هاوکات له‌گه‌ڵ یه‌کلایینه‌کردنه‌وه‌و چاره‌سه‌رنه‌کردنى پرسی که‌رکوک و  ئاسایینه‌کردنه‌وه‌ى بارودۆخى شاره‌که‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌ک پێکهێنراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان. مانگى رابردوو لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى  له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌ردانى شارى که‌رکوکیان کردو دوواتر له‌ ڕێگه‌ى ڕاپۆرتێکه‌وه‌  داوای ئاساییکردنه‌وه‌ى  دۆخى  که‌رکوکیان کرد. دیلان غه‌فور، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان، له‌لێدوانێکیدا به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند»پێشێکارى به‌رامبه‌ر به‌مافه‌کانى کورد له‌ که‌رکوک کراوه‌و ده‌یان پۆست له‌ کورد سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ش هاوسه‌نگى نێوان پێکهاته‌کان تێکدراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى  نایاسایی». هه‌روه‌ها وتیشى» ئێمه‌ وه‌کو نوێنه‌رانى کورد له‌ئاستى ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى که‌ تایبه‌تن به‌ پۆسته‌کانى که‌رکوک بێده‌نگ نابین و  دواى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى دانیشته‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران قسه‌ى جدییمان ده‌بێت» به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، له‌ ئاستى ده‌ره‌کى و ناوخۆییشدا بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى بارودۆخى که‌رکوک لیژنه‌ پێکهێنراوه‌و چاوه‌ڕوانى ده‌ره‌نجامى گفتوگۆکان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک وتیشى» لیژنه‌ پێکهێنراوه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان سه‌رپه‌رشتى ده‌کات، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى گفتوگۆکان ده‌که‌ین، دواتر هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌بێت».  هاوکات به‌ وته‌ى سالار مه‌حمود: ڕاوێژکارى  سه‌رۆک کۆمارى عێراق، له‌ناو سه‌رۆکایه‌تى کۆماردا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ پرسى که‌رکوک دانراوه‌ و په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆیان هه‌یه‌، بۆ به‌دواداچونى ئه‌و پرسانه‌. سالار مه‌حمود ڕاوێژکارى  سه‌رۆک کۆمارى عێراق: له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه‌   ڕاوێژکارى  سه‌رۆک کۆمارى عێراق، ئه‌وه‌شى  به‌ ‌هاوڵاتى وت» به‌ حکومى نه‌بونى یه‌کڕیزیى کورد  له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه‌، بۆیه‌ کێشه‌کان کێشه‌ى بۆماوه‌یین و که‌ڵه‌که‌بوونى ڕوداوه‌کان واى کردووه‌ دۆخه‌که‌ زۆر ئالۆز بێت». ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند»  که‌رکوک به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام نابێت و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نى پاریزگاى که‌رکوک به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ستێت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان کۆتایى به‌ ململانێکانى نێوانیان بهێنن».

ئارا ئیبراهیم گفتوگۆکانى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا چۆته‌ قۆناغێکى نوێوه‌و دوو لیژنه‌ى لاوه‌کى پێکهێندراوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێکكه‌وتنێکى درێژخایه‌ن که‌ پرسى نه‌وت و بودجه‌ یه‌کلایبکاته‌وه‌و لیژنه‌یه‌کى باڵا بریارى کۆتایى له‌سه‌ر بدات. کێشه‌کانى (نه‌وت، بودجه‌، ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان و گه‌رانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌) هه‌ستیارترین ئه‌و کێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ن که‌ به‌درێژایى چه‌ندین ساڵى رابردوو نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌رى کۆنکرێتیان بۆ بکرێت، به‌ڵام کابینه‌ى نۆیه‌م وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن نیه‌تى جدى هه‌یه‌ که‌ کێشه‌کان ته‌نها »به‌نج» نه‌کرێت، به‌ڵکو چاره‌سه‌رى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت.  دواى ده‌ستبه‌کاربونى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم، له‌مانگى رابردوودا، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌ یاوه‌رى وه‌زیرانى پێشمه‌رگه‌و دادو دارایى سه‌ردانى به‌غدایان کرد و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامدا که‌ گه‌شبینى بۆ گه‌یشتن به‌ رێکه‌وتن به‌ وه‌فدى هه‌ردوولاوه‌ به‌دیده‌کرا. وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌ نیه‌تى جدى و باش له‌ نێوان هه‌ردوولادا بۆ رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن بوونى هه‌یه‌ که‌ ته‌نها به‌نجکردنى کێشه‌کان نابێت. سه‌میر هه‌ورامى، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم زۆر به‌جدى نیه‌ت پاکى هه‌یه‌ له‌وه‌ى که‌ رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق ئه‌نجام بدات، واتا هه‌موو ساڵێک له‌مانگى 10 و 11 دا پرسى بودجه‌و نه‌وت نه‌بێته‌وه‌ به‌ کێشه‌ و باسکردن له‌نێوان هه‌ردوولادا». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد تا ئێستا باسى ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک رێکه‌وتن بکرێت، به‌ڵام  ناشمانه‌وێت رێکه‌وتنێک بێت ته‌نها بۆ به‌نج کردنى کێشه‌کان بێت، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت رێکه‌وتنێک بکرێت چاره‌سه‌رى ریشه‌یى کێشه‌کان بکات. سه‌میر هه‌ورامى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو له‌یه‌که‌م سەر‌دانى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ سه‌رۆکایه‌تى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت که‌ چه‌ند وه‌زیرێکیان له‌گه‌ڵدا بووه‌ «به‌ نیه‌تێکى جدیه‌وه‌ و ده‌ستخرایه‌ سه‌ر برینه‌کان به‌وردى تا چاره‌سه‌رێکى بنچینه‌یى بکرێت بۆ کێشه‌کانى نه‌وت و بودجه‌و ناوچه‌کێشه‌له‌سه‌ره‌کان». وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ یه‌که‌م سه‌ردانیاندا بۆ به‌غدا که‌ سێ کۆبونه‌وه‌ى گرنگیان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراقدا کرد و نیه‌تى باشیش له‌ لایه‌نى عێراقى هه‌یه‌ که‌«رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن ئه‌نجام بدرێت له‌نێوان هه‌ردوولادا». هه‌ورامى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌دوو لیژنه‌ى لاوه‌کى پێکهێنراوه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا و دواى تاوتوێکردن و گه‌شتن به‌ رێکه‌وتن به‌رزده‌کرێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ى باڵاى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا تا رێکه‌وتنى له‌سه‌ر بکرێت. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو نه‌وته‌که‌ى که‌ به‌رهه‌مى ده‌هێنێت ته‌سلیمى به‌غداى بکات، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ له‌هیچ کۆبونه‌وه‌یه‌کى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، لایه‌نى عێراقى داواى ته‌سلیمکردنى هه‌موو ئه‌و نه‌وته‌یان نه‌کردووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى ده‌کات که‌ به‌پێى راپۆرتى کۆمپانیاى دیلۆت رۆژانه‌ 430 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌کات و به‌غداش ئه‌مه‌ ده‌زانێت، وتیشى» ئێمه‌ مانگانه‌ 881 ملیار دینار ده‌ده‌ینه‌ موچه‌و به‌غدا که‌متر له‌ 500 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، چاوه‌روان ده‌کرێت که‌ رێکه‌وتن له‌سه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ بکرێت که‌ ته‌سلیمى به‌غدا بکرێت و له‌به‌رانبه‌ردا بودجه‌ و پشک و ئیستحقاقى هه‌رێم به‌ته‌واوى بداته‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان». وه‌زیرێکى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت زۆر گرنگه‌ حکومه‌تى هه‌رێم رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجام بدات تا ئارامى ئابوورى دروست ببێت. کوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیرى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێین رێکه‌وتن بکرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک بۆئه‌وه‌ى  موچه‌ و قوتى خه‌ڵک به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت هه‌موو ساڵێک  له‌ دڵه‌ڕاوکێدابن و  ببڕدرێت، به‌ڵکو که‌ رێککه‌وتنێکى ئاوا بکرێت خه‌ڵک رزگار ببێت، ئه‌وه‌ نه‌ک ئومێدى گۆڕانه‌ ئومێدى هه‌موو خه‌ڵک و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌«. ناوبراو وتیشى:»به‌هۆى نائیستیقراریی ئابوریه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ موچه‌ى چاودێرى خێزان بڕاوه‌ که‌ داماوترین خه‌ڵکن که‌ بودجه‌ نه‌بێت زۆرترین ئه‌وانه‌ زه‌ره‌رمه‌ندن که‌ له‌خوار هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن و له‌ سنورى وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه‌دان، بۆیه‌ له‌هه‌موو که‌سمان زیاتر پێ خۆشه‌ که‌ رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌نجام بدرێت». وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى، ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌ هێشتا کۆبونه‌وه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غداد له‌ سه‌ره‌تادان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ هه‌ستى پێده‌کرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم زۆر به‌ جدیى ده‌یانه‌وێت رێککه‌وتن و چاره‌سه‌رى کێشه‌ هه‌ڵپەسێراوه‌کانى هه‌رێم و به‌غدا بکرێت. راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق رۆڵى هه‌بووه‌ له‌ نزیککردنه‌وه‌ى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق که‌ رێکه‌وتنێکى درێژخایه‌ن بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ئه‌نجام بدرێت. سالار مه‌حمود، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد سه‌رۆک کۆمار رۆڵى له‌ نزیکبونه‌وه‌ى زیاترى نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بووه‌و وتیشى» ئه‌مه‌ رۆڵى هه‌یه‌ له‌وه‌ى که‌ رێکه‌وتنى درێژخایه‌ن بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ تا ته‌واوبونى کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئه‌نجام بدرێت، له‌ هه‌ردوولاشه‌وه‌ نیه‌تى باش هه‌یه‌«.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن بابه‌کر دڕه‌یى، له‌ماوه‌ى 4ساڵى کارکردنى وه‌ک به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، شانۆى ڕۆمانى و کارخانه‌ى کارگه‌ى جگه‌ره‌که‌یان ته‌واو کردووه‌ که‌ به‌ وته‌ى خۆى ئه‌مانه‌ دوو موڵکى گرنگه‌ بۆ شارى سلێمانى، زیاد له‌ 900چالاکى جۆراوجۆریان له‌ سلێمانیدا ئه‌نجام داوه‌ و پێشى وابوو گه‌وره‌ترین کێشه‌ى ڕاگرتنى کۆپى ڕایت ئینته‌رنێته‌، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.   هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى چوار ساڵى کارکرنت، چیت کردووه‌ بۆ بوارى هونه‌ر ؟ بابه‌کر دڕه‌یى: کارى زۆر جۆراوجۆرمان کردووه‌، تائێستا 900چالاکیمان ئه‌نجامداوه‌ و که‌ ئه‌مه‌ش زۆره‌ و زۆر چالاک بوین وه‌ک به‌ڕێوبه‌رایه‌تى، له‌ناو ته‌لارى هونه‌ریشدا 2000چالاکى کراوه‌ و و له‌ هۆڵى ڕۆشنبیریشدا زۆر بۆنه‌ و چالاکى کراوه‌ و له‌بوارى ئیداریه‌وه‌ توانیومانه‌ شانۆى رۆمانى ته‌واو بێت و کارخانه‌که‌ى کارگه‌ى جگه‌ره‌که‌ ته‌واو بوه‌ و که‌ ئه‌مانه‌ دوو مڵکى گه‌وره‌ن بۆ سلێمانى، تائێستاش له‌بوارى تازه‌کردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێداندا چه‌ندین هۆڵمان تازه‌کردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام کارمان هه‌بووه‌، بۆ پته‌وکردنى ژێرخانى ڕۆشنبیرى. هاوڵاتى:  ئایا ناو سلێمانى یان ده‌وروبه‌رى سلێمانى چالاکن بۆ کارى هونه‌رى ؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ و ڕانیه‌ زۆر چالاک بون، ناو سلێمانیش چالاکن و که‌سى به‌ئه‌زمونى تێدایه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک شوێن باش نیه‌ که‌ خۆیان کادریان که‌م بووه‌ و چالاکیان زۆر نه‌بووه‌. هاوڵاتى: ناوبانگى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڕۆشنبیرى چۆنه‌ له‌ناو خه‌ڵکدا؟ بابه‌کر دڕه‌یى: له‌سلێمانى به‌ شێوه‌یه‌ک ناوبانگى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌مان باشه‌، که‌ زۆر شوێن هه‌ر حه‌زده‌کات بچین له‌کاتى بۆنه‌ و یادێکى تایبه‌تیدا، یان هه‌ندێک خه‌ڵک حه‌زده‌کات خه‌ڵاتێکى به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ى ئێمه‌ى هه‌بێت. هاوڵاتى: له‌ وڵاتانى دراوسێ و وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کانه‌وه‌ تاچه‌ند ناسراون؟ تاچه‌ند به‌شدارى بۆنه‌ و یاده‌کان ده‌که‌ن؟ بابه‌کر دڕه‌یى: له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ رێکخراوى کوردى په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌که‌ن که‌ کتێب مان بۆبنێرن و بانگهێشتى بۆنه‌کانمان ده‌که‌ن، له‌ فیستیفاڵه‌کانى سنه‌ و هه‌موو ئێران به‌رده‌وام گروپه‌کانمان بانگهێشت ده‌کرێن و له‌ سوید بۆ فیستیفاڵى سینه‌ما بانگهێشت کراوین و وتارم هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ تورکیا که‌متر ده‌رفه‌ت هه‌بووه‌، ئێستاش ئه‌ڵمانیا به‌نیازن بانگهێشتمان بکه‌ن.  هاوڵاتى: بۆچى هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتى به‌رده‌وام گله‌یى له‌ ئێوه‌ ده‌که‌ن که‌ هیچ تان بۆ نه‌کردون؟ بابه‌کر دڕه‌یى: له‌ سلێمانى بۆڵه‌بۆڵکردن و گله‌یى بۆته‌ مۆدێل، به‌ ته‌حه‌داوه‌ ده‌یلێم کێ هه‌بووه‌ بێته‌ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ و هاوکارى نه‌کرابێت، که‌سێک هه‌بێت بێت بۆ چالاکى و بۆمان نه‌کردبێت،  به‌داخه‌وه‌ له‌ناو کوردى ئێمه‌دا ته‌قدیرى کارى ئه‌وى تر که‌مه‌، که‌س زمان ناکاته‌وه‌ بۆ کارى باشه‌ى به‌رامبه‌ره‌که‌ى، ته‌قدیر نه‌بۆته‌ نه‌ریت لاى ئێمه‌، که‌سه‌که‌ خۆى هاوکارى کرابێت ناچێت له‌ میدیاوه‌ بڵێت من هاوکارى کراوم و هه‌ر واى پێ باشه‌ بلێت گله‌یم هه‌یه‌، هه‌موو که‌س به‌و زمانه‌ قسه‌ ده‌کات و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بگۆڕین  که‌سێک کارێکى جوانى کرد ڕێزى لێده‌گرین و ته‌قدیرى ده‌که‌ین. هاوڵاتى: ئایا هونه‌ر پێویسته‌ هه‌ر حکومه‌ت پشتیوانى بکات؟یان خۆى خۆى بژیێنێت؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌مه‌  مه‌سه‌له‌یه‌کى جدییه‌ و له‌ وڵاتانى پێشکه‌وتوودا ساغ بۆته‌وه‌، هونه‌ر پێویسته‌ خۆى خۆى بژییه‌نێت، هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ له‌م شاره‌دا شه‌وى 1000دۆلار په‌یدا ده‌کات و که‌سێک خۆى هونه‌ره‌که‌ى به‌هێز نیه‌ ئێمه‌ چیبگه‌ین، جا بۆ ده‌بێت حکومه‌ت هاوکارى بکات له‌هه‌موو شتێکدا و ئه‌مه‌ سیستمێکى ڕوسى کۆنه‌ وبیه‌وێت ده‌م بکاته‌وه‌ و ببێته‌ چۆله‌که‌ بۆ حکومه‌ت، حکومه‌ت ده‌بێت سپۆنسه‌ر بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى فعله‌ن هونه‌رمه‌نده‌ و ناتوانن بیکه‌نه‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌، بۆنمونه‌ که‌سێک هونه‌رمه‌نده‌ و پاره‌ى نیه‌ بۆ کلیپێک، ئه‌زانێت کلیه‌که‌ چووه‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ پاره‌ ده‌کات، هونه‌رمه‌ندێکى گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت فلیمێک بکات، 500ملیۆنى هه‌یه‌ و بیه‌وێت تۆش شتێکى بۆبکه‌یت، نه‌ک که‌سێک له‌ سفره‌وه‌ بێت و ئێمه‌ هاوکارى بین ناکرێت و حه‌سه‌ن زیره‌ک و عه‌لى مه‌ردان و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کان خۆ حکومه‌ته‌کان پشتیوانیان نه‌کردووه‌، خۆیان خۆیان پێگه‌یاندووه‌، له‌م وڵاته‌ پێویسته‌ ئه‌م ته‌قلیده‌ بڕوات، هونه‌ر ئاوا پێشناکه‌وێت، به‌ڵکو زۆر دواده‌که‌وێت. هاوڵاتى: وا باس ده‌کرێت ساڵانه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى ڕۆشنبیرى 20ملیار دینار ته‌رخان ده‌کات بۆ بوارى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ڕاسته‌ بڕیاره‌که‌ وایه‌، که‌ ده‌بوو هه‌موو ساڵێک 20ملیاره‌که‌ هه‌بوایه‌، به‌ڵام ته‌نیا2013وه‌رگیراوه‌ و به‌ هۆى قه‌یرانه‌که‌وه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، به‌ ڕه‌سمیش له‌ کابینه‌ى تازه‌ باسنه‌کراوه‌ و بۆیه‌ نازانرێت جارێ چۆن ده‌بێت، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیر باس کرێت و به‌پێى یاساکه‌ى پێشتر هه‌قى سلێمانى وه‌رگیرێت.  سلێمانى ناوه‌که‌شى لێکه‌یته‌وه‌ هه‌ر شارێکى چالاکه‌ له‌ بوارى هونه‌ر و ڕۆشنبیریدا هاوڵاتى: ئایا سلێمانى شایسته‌ى ناوه‌که‌یه‌تى؟  بابه‌کر دڕه‌یى: سلێمانى که‌ناوه‌که‌شى لێکه‌یته‌وه‌ هه‌ر شارێکى چالاکه‌ له‌ بوارى هونه‌ر و ڕۆشنبیریدا، شاعیر و که‌سى گه‌وره‌ى تێدا ژیاوه‌ و وه‌ک شارێک به‌پێى جوگرافیاکه‌ى  له‌ ئێران و عوسمانیش نزیکه‌ و له‌ کلتورى عه‌ره‌بیشه‌وه‌ زۆر دورنه‌بووه‌ بۆیه‌ له‌نێوه‌ندى سێ ئیمپراتۆریه‌ت دروست بووه‌، وه‌مێژووه‌ سیاسیه‌که‌ى له‌گه‌ڵ شۆڕشدا ئه‌مه‌ش واى کردوه‌  به‌رده‌وام خه‌ڵکى بۆ هاتووه‌و شایسته‌یى هه‌یه‌ بۆ ئه‌م ناوه‌.  هاوڵاتى: چى پێویسته‌ بۆ سلێمانى بکرێت وه‌ک پایته‌ختى ڕۆشنبیرى؟  بابه‌کر دڕه‌یى: زۆر شت ماوه‌ بۆ سلێمانى بکرێت، پێویستى به‌ ئه‌وه‌یه‌ ساڵانه‌ دوو فیستیفاڵى تێدابکرێت، مۆسیقى یان هه‌ڵپه‌رکێ بۆ تێکه‌ڵى له‌گه‌ڵ شاره‌کانى تر، بۆ یادى سلێمانى بکرێت و گه‌لانى ترو گه‌لانى ترى کورد بێن و پێکه‌وه‌ ئه‌وه‌بکه‌ن و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌کى باش یشى ده‌وێت له‌نێوان ڕۆشنبیرى و گه‌شتوگوزار و په‌روه‌رده‌. هاوڵاتى: بۆ نه‌توانراوه‌ ڕێگه‌ له‌ کۆپى ڕایت بگیرێت؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ڕاسته‌ پێویسته‌ کۆپى ڕایت ڕێگرى لێبکرێت، به‌ڵام یاساکه‌ پێویستى به‌ چاکسازییه‌ و کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یوتیوب و ئینته‌رنێت مه‌جالێکى زۆر که‌م ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ڕێگریکردن له‌ کۆپى ڕایت، ئینته‌رنێت هۆکارێکى زۆر به‌هێزه‌ بۆ ڕێگرى کردن له‌ کۆپى ڕایت،چونکه‌ شتێک نه‌چێته‌ بازاڕه‌وه‌ له‌ ئینته‌رنێت دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌پێى سیسته‌مى جیهانى بزانین ئه‌وان چیده‌که‌ن بۆ ڕێگرى کردن، چونکه‌ بابه‌تێکى گرنکه‌، ڕێگرى ده‌کات له‌ پێشکه‌وتنى هونه‌رمه‌نده‌کانمان.   هاوڵاتى: بۆچى ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ ئاستى هۆلیود؟ئایا به‌رهه‌مى باشمان نیه‌؟یاخود که‌سى هونه‌رى باشمان نیه‌؟  سه‌رمایه‌دارى ئێمه‌ سه‌رمایه‌دارى ڕۆشنبیر نین بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌وه‌ خه‌یاڵه‌ و زۆر وڵاتى گه‌وره‌ ناگه‌ن به‌وه‌ نه‌ک ئێمه‌، هۆلیود مێژوویه‌کى کۆنى هه‌یه‌ و توانیویه‌تى بینه‌رى جیهانى کۆبکاته‌وه‌، به‌ هه‌زاران که‌سى جیهانى شتى بۆ ده‌نوسن، کێشه‌ى وڵاتى ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌وتى ئه‌وه‌یه‌، که‌سه‌کانى تر پێویستیان به‌ هونه‌ر نامێنێت، که‌س سه‌رمایه‌گوزارى ناکات، خه‌ڵک له‌ وڵاتان پاره‌ ده‌کاته‌ فلیمه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت قازانج بکه‌م، لاى ئێمه‌ سه‌رمایه‌داره‌کان ده‌یانه‌وێت سه‌د له‌ سه‌د پاره‌که‌یان ده‌ست که‌وێته‌وه‌، سه‌رمایه‌دارى ئێمه‌ سه‌رمایه‌دارى ڕۆشنبیر نین، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ مه‌که‌ن بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌. هاوڵاتى: هۆکارى چییه‌ که‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ له‌ تیڤیه‌کانه‌وه‌ نابینرێت؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌مه‌ کێشه‌که‌یه‌ که‌ به‌رهه‌مى ناوخۆت نه‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بێت په‌نا بۆ به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ به‌ریت، به‌ هه‌رزانتریش بۆت یێت، هونه‌ر خواردنێکى ڕوحییه‌ که‌ خۆت به‌رهه‌مى نه‌هێنیت، پێویستت پێیه‌ له‌ وڵاتێکى تره‌وه‌ بۆت بێت. هاوڵاتى: چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ زیادکردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ و کارى هونه‌رى جوان؟ بابه‌کر دڕه‌یى: پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ک به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌ستمان داوه‌ته‌ کارى بچوک و ئه‌وانه‌ى که‌ پاره‌ى که‌م تێده‌چێت، ئه‌مساڵ ده‌ستمان کردووه‌ به‌کارێک له‌ سه‌هۆڵه‌که‌ى سلێمانى بۆ کارێکى میوزیکى سه‌ر شه‌قام، هیچى تێناچێت و به‌رده‌وامه‌ و له‌ناو خه‌ڵکدایه‌ و ئێستا ئێمه‌ لایه‌نگیرى فیستیفاڵ نین. هاوڵاتى: چ جۆره‌ به‌رهه‌مێکمان پێویسته‌؟ بابه‌کر دڕه‌یى: کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ هه‌موو جۆره‌ به‌رهه‌مێکمان پێویسته‌ و جۆره‌ها کۆمه‌ڵگا و تاکى جیاوازمان هه‌یه‌، که‌ پێویسته‌ هه‌موو به‌شه‌کان پێکه‌وه‌ بایه‌خیان پێبدرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى به‌رین. هاوڵاتى:  کام به‌رهه‌م ده‌توانرێت له‌ سلێمانى زیاتر بایه‌خى پێببرێت و پێشخرێت؟ بابه‌کر دڕه‌یى: له‌سلێمانى شانۆ ته‌ریقه‌یه‌کى کۆنى هه‌یه‌ و هونه‌رمه‌ندى باشى هه‌یه‌، زه‌مینه‌یه‌کى باشى هه‌یه‌و باشتر ده‌توانین پێشى بخه‌ین وه‌ک له‌ سینه‌ما سینه‌ما کارى زۆرى ده‌وێت و ئیمکانیه‌تى ته‌کنیکى و فکرى ده‌وێت، بۆیه‌ باشتره‌ کار له‌ شانۆیدا بکه‌ین. هاوڵاتى:  له‌ سینه‌ما سالم هه‌ندێک به‌رهه‌م ڕێگرى لێده‌کرێت؟ بابه‌کر دڕه‌یى: ده‌زگایه‌کى تایبه‌تى حکومیه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌ و به‌ڵام جارێک هاتونه‌ لاى ئێمه‌ وه‌ک هه‌قى خۆیان داکۆکیمان لێکردون، ئه‌وه‌ش فه‌زایه‌کى سیاسى تایبه‌ته‌ له‌ کوردستان هه‌یه‌، ئه‌م فه‌زاییه‌ پێویسته‌ ئاگامان لێبێت  نه‌هێڵین هه‌م ئازادى ژێرپێبنرێت و هه‌م فه‌زاى وڵاته‌که‌ش تێکبچێت. هاوڵاتى: وه‌ک خۆت ئاستى هونه‌ر و ڕۆشنبیرى له‌ چ ئاستێکدایه‌ و چۆنه‌ و چیمان پێوسته‌؟ بابه‌کر دڕه‌یى: پێویسته‌ که‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ و کوردیش نه‌بن بڕیار له‌وه‌ بدات و من خۆشم که‌سێکى ئیداریم، هونه‌رمه‌ندیش نیم، به‌ بڕواى من ئێمه‌ هه‌وڵى خۆمان داوه‌، ماندوو بوین و بڕیاردان بۆ خه‌ڵک و میدیا جێدهێڵین.   

شاناز حه‌سه‌ن هونه‌رمه‌ندێکی ئاوازدانه‌رو میوزیک ژەن پێیوایه‌ زۆرێک له‌به‌رهه‌مه‌ تازه‌کان دواى ساڵێک گوێگریان نامێنێت به‌پێچه‌وانه‌ى به‌رهه‌مە کۆنه‌کانه‌وه‌ که‌دواى ده‌یان ساڵ گوێگریان هه‌رماوه‌.  ئازاد ساڵح شنروێ له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌هاوڵاتى دا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌دواى ڕاپه‌ڕین، کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌مى جوان به‌رهه‌مهێنراون له‌بواره‌کانى هونه‌رو له‌ تاکه‌ ته‌له‌فزیۆنی ئه‌وکاتی گه‌لى کوردستان په‌خشده‌کرا. هەروەها دەشڵێت ئه‌وکات زۆر به‌ئاسانى ئیشه‌کان ده‌کراو به‌ڕۆژێک شه‌ش گۆرانییان تۆمار ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا گۆرانى به‌رهه‌مهێنان ئه‌رکى زۆره‌و پاره‌یه‌کى زیاترى تێده‌چێت. ‌هاوڵاتى: چۆن هاتیته‌ بوارى هونه‌ره‌وه‌و مۆسیقا به‌تایبه‌تى؟ ئازاد ساڵح شنروێی: هه‌ر له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌کارییه‌وه‌ حه‌زم به‌مۆسیقا بوو، گروپى سلێمانى ده‌هاتن له‌هه‌ڵه‌بجه‌ نمایشى کارى مۆسیقیان ده‌کرد، کارى شانۆییان ده‌کرد، مامۆستا محه‌مه‌د هه‌بوو وانه‌ى مۆسیقاى پێده‌وتین و خه‌ونه‌که‌ى لا کردین به‌خولیاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێ کۆبوینه‌وه‌، من دایکم لیره‌یه‌کى بۆ فرۆشتم و باوکم پێنج دینارى دامێ که‌مانچه‌یه‌کم پێکڕى، یه‌کى ئاله‌تێکى مۆسیقیمان کڕى و پێکه‌وه‌ تیپێکمان دروستکرد به‌ناوى تیپى مۆسیقاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستمان کرد به‌کارى هونه‌رى. کاره‌ کۆنه‌کان تاموچێژى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ و کۆن نابن ‌هاوڵاتى: یه‌که‌م کارى هونه‌ریت که‌ى بوو؟ ئازاد ساڵح شنروێی: ئاهه‌نگێکمان له‌ساڵى1973 گێڕا، یه‌که‌م کارى تیپه‌که‌مان بوو له‌وێوه‌ ده‌ستیپێکرد، هه‌ر ئه‌و کاره‌مان برد بۆ ته‌وێڵه‌و خورماڵ و پێنجوێن و شاره‌کانى تر. ‌هاوڵاتى: له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌، به‌رهه‌مى ئێوه‌و گروپه‌کانى ترى ناو سلێمانى زۆربون، به‌ڵام ئێستا زۆر که‌متر ده‌بینرێن؟ ئازاد ساڵح شنرویى: له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچونى کۆمه‌ڵگه‌ و ئاستى ڕۆشنبیرى خه‌ڵک و تێکه‌ڵاوبون به‌تراکى تورکى و فارسى، به‌ڵام کاره‌ کۆنه‌کان تاموچێژى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ و کۆن نابن، دواى چه‌ندین ساڵ که‌ ئێستا به‌رهه‌مێکى کۆن لێده‌درێته‌وه‌ حه‌زده‌که‌ى گوێى لێبگریت، له‌کاتێکدا به‌رهه‌مى تازه‌ى وا هه‌یه‌ به‌ساڵێک ده‌ڕوات و نامێنێت. ‌هاوڵاتى: بۆ گه‌نجى ئێمه‌ زیاتر گوێ له‌به‌رهه‌مه‌ تازه‌کان ده‌گرن؟ بۆ که‌متر په‌خش ده‌کرێن؟ ئازاد ساڵح شنروێی: به‌داخه‌وه‌ ئاستى گه‌نجى ئێمه‌ ئاوایه‌، ئه‌وه‌نده‌ نازانن به‌دواى شتى باش و به‌رهه‌مى جواندا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌نده‌ قووڵ نه‌بوونه‌ته‌وه‌و به‌دواى ماناى قوڵى گۆرانیه‌که‌دا ناگه‌ڕێن، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتیش وه‌عى ئه‌وه‌یان نیه‌ که‌سه‌ سیاسیه‌کان و ڕۆشنبیره‌کان، نازانن ماناى مۆسیقا چییه‌، بۆنمونه‌ له‌ ئه‌وروپا زۆربه‌ى که‌سه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان یان له‌ خوێندنگه‌کاندا مۆسیقا ده‌خوێنرێت، ئێستا شته‌کان تێکه‌ڵاو بووه‌، ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یاندنکاره‌کان و گۆرانیبێژه‌کان هه‌مووى بونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان. دواى ڕاپه‌ڕین، هه‌موو بواره‌کانى هونه‌ر، ته‌نیا تاکه‌ ته‌له‌فزیۆنێک هه‌بوو هه‌موو گروپه‌که‌مان کۆکرده‌وه‌و باره‌گاکه‌مان هێنایه‌ سلێمانى و ده‌ستمانکرد به‌کارى هونه‌رى، زیاتر له‌و تاکه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ په‌خش ده‌کراو ده‌نگى ده‌دایه‌وه‌، من وه‌ک خۆم له‌ هه‌موو بوارێکدا ئیشم کردووه‌، زۆر به‌ئاسانى ئیشه‌کان ده‌کرا، به‌ڕۆژێک شه‌ش گۆرانیمان تۆمارده‌کرد، ئێستا ئه‌رکى زۆر زیاتره‌ و پاره‌یه‌کى زیاترى تێده‌چێت، پێشتر له‌حکومه‌ته‌وه‌ هاوکارى ده‌کراین و هه‌ر گروپه‌ى مینحه‌یه‌کى هه‌بوو. ‌هاوڵاتى: چى لاى به‌رهه‌مى ئێستا زۆر کاریگه‌ره‌و ده‌چێته‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌؟ ئازاد ساڵح شنروێی: زۆر ڕاسته‌ نه‌وه‌ى ئێستا واده‌زانن به‌رهه‌مى ئێستا به‌س ده‌بێت کلیپێکى بۆبکات کچێکى له‌گه‌ڵ بێت و له‌ته‌نیشت ده‌ریایه‌ک بێت و ناوه‌ڕۆکى گۆرانیه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نیه‌، پێکه‌وه‌به‌ستنێک نیه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق و سیناریۆکه‌، به‌ڵام به‌رهه‌مى کۆن وانیه‌، ته‌واو په‌یوه‌سته‌ به‌گۆرانیه‌که‌وه‌. ‌هاوڵاتى: بۆ به‌رهه‌مه‌ کۆنه‌کان له‌ تیڤیه‌کانه‌وه‌ که‌متر پیشانده‌درێن؟ ئازاد ساڵح شنروێی: ته‌له‌فزیۆنه‌کان گرنگى به‌وه‌ ناده‌ن ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ڕه‌سه‌نه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ که‌سه‌که‌ ناوى ده‌رکرد ئه‌وه‌ گرنگه‌ پێیان تا به‌رهه‌مه‌که‌ى بڵاوبکه‌نه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌کانى ئێستا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ ئازاد ساڵح شنروێی: به‌رهه‌مى ئێستا یه‌ک لیقاع و یه‌ک ڕیتمه‌، کاتێک سه‌یرى به‌رهه‌مێکى کۆن بکه‌ى چه‌ندن مه‌قام و لیقاعى تێدایه‌ و هه‌ندێک له‌ هونه‌رمه‌نده‌کان نازانن مۆسیقا چییه‌ ته‌نیا، بۆیه‌ له‌ ریتمه‌که‌ لاده‌ده‌ن. ‌هاوڵاتى: خۆت وه‌ک که‌سێکى شاره‌زا له‌مۆسیقا چێژ له‌به‌رهه‌مه‌ تازه‌کان ده‌بینى؟ ئازاد ساڵح شنروێی: به‌رهه‌مه‌ تازه‌کان خۆم چێژى لێوه‌رناگرم، چونکه‌ من مۆسیقام وه‌ک شتێکى قوڵى فه‌لسه‌فى وه‌رگرتووه‌ و هه‌ستى من ناجوڵێنن، ته‌نانه‌ت له‌ مۆسیقاى شه‌رقیدا نیو تۆن هه‌یه‌ و چاره‌که‌ تۆن هه‌یه‌، ناتوانێت ئه‌و چاره‌که‌ تۆنیه‌ بژه‌نێت و واته‌ شته‌کان ڕوحى نیه‌، وه‌ره‌ ده‌یان فلیمى سه‌مفۆنى دانێ له‌و سلێمانیه‌دا بزانه‌ له‌ کلتورى ئه‌وروپى، فیرقه‌یه‌کى ئه‌وروپى چونکه‌ ئه‌وان له‌کلتورى خۆیانه‌ و تائێستاش مۆسیقاى سه‌مفۆنى هه‌ر ڕه‌واجى هه‌یه‌و مۆسیقاى تازه‌ و جازو زۆر شتى تر به‌پێى حه‌زى تاکه‌کان و ئاسته‌کان ده‌گۆڕێت. ‌هاوڵاتى: چى پێویسته‌ بکرێت بۆ پاراستنى ڕه‌سه‌نایه‌تى کوردى؟ ئازاد ساڵح شنروێی: دڵسۆزى بۆ کارو بۆ به‌رهه‌مه‌کان و بۆ شاره‌که‌ى هه‌بێت که‌ ڕه‌سه‌نایه‌تى بپارێزرێت، حکومه‌ت و وه‌زاره‌ت و خه‌ڵکێکى وانیه‌ که‌ئه‌و شتانه‌ بپارێزێت، به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیه‌کى تایبه‌تى نیه‌ وه‌ک وڵاتان که‌ شته‌ ڕه‌سه‌نه‌کانى خۆیان نوسیوه‌ته‌وه‌ تا گه‌نجه‌کان له‌سه‌رى بڕۆن و بپارێزرێت و به‌رده‌وام به‌ڕۆشنى بمێنێته‌وه‌، عه‌ره‌ب ئه‌وروپى هه‌مووى نوسراوه‌ته‌وه‌، هه‌ورامان ئه‌و هه‌موو مه‌قاماتانه‌مان هه‌یه‌، کلتورێکى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌مووى تائێستا نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ماوده‌م وتراوه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: چیبکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ره‌سه‌نى کوردى بپارێزین؟ ئازاد ساڵح شنروێی: تازه‌ هه‌وڵى تاکه‌که‌سى ده‌ستى پێکراوه‌ که‌هه‌وڵده‌ده‌ن بینوسنه‌وه‌، من بۆ پاراستنى به‌رهه‌مه‌کانى خۆم وا له‌ به‌رهه‌مه‌کانى خۆمه‌وه‌ ده‌ستم پێکردووه‌ له‌فه‌یسبوکه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ینوسمه‌وه‌، که‌س نیه‌ ده‌رباره‌ى که‌سه‌ هونه‌رمه‌نده‌ دیاره‌کان و هه‌مووى کۆبکاته‌وه‌ و بکرێته‌ توێژینه‌وه‌و کتێب و بمێنێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: هه‌ڵسه‌نگاندنى تۆ چییه‌ بۆ که‌سێک که‌ بێته‌ لات و بیه‌وێت گۆرانى بڵێت و ببێته‌ هونه‌رمه‌ند؟ ئازاد ساڵح شنروێی: پێویسته‌ له‌ره‌له‌ره‌کانى ده‌نگى نه‌شاز نه‌بێت، تۆنى ده‌نگى خۆش بێت، که‌س هه‌یه‌ له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت من ده‌نگم خۆشه‌، ته‌نانه‌ت بۆ فێربونی مۆسیقاش کاتى نیه‌ و پێویسته‌ که‌سه‌که‌ خۆى وه‌ک به‌هره‌ به‌شێوه‌ى خۆرسک تێیدا بێت، ئه‌نجا له‌ڕێگه‌ى مامۆستایه‌که‌وه‌ په‌ره‌ى پێبدات. ‌هاوڵاتى: گروپى فێرگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ چۆنەو ئومێدى چى به‌ده‌رچوانى ئه‌و فێرگه‌یه‌ ده‌که‌ى؟ ئازاد ساڵح شنروێی: گروپى فێرگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و فێرگه‌یه‌ فێرگه‌یه‌کى نوێیه‌ و پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ کرێى ئۆفیسه‌که‌مان بۆ ده‌دات و ئامێرى باشمان بۆ دابینکرده‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى هاوڕێیەتیه‌وه‌، ئه‌گینا هیچ که‌سێک هاوکارى نه‌کردوین، مۆسیقا شتێکى روحیه‌ و فێرخوازه‌کان ژماره‌یان زۆره‌ و په‌یوه‌ست بون پێوه‌ى و به‌رده‌وام به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، که‌ دوو ڕۆژ نه‌چم ته‌له‌فۆنم بۆده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ مۆسیقادا ده‌چین، بۆیه‌ هیوام پێیانه‌ که‌سى مۆسیقى باشیان لێ په‌روه‌رده‌ بێت. ‌هاوڵاتى: هونه‌ر چى لێسه‌ندویته‌وه‌؟ ئازاد ساڵح شنروێی: هونه‌ر ژیانى تایبه‌تى زۆر وێران کردم، جارى وایه‌ چاکه‌ى زۆر ده‌که‌یت له‌گه‌ڵ که‌سێکدا زۆر خراپ ده‌که‌وێته‌وه‌ به‌سه‌رتاو پێى نازانێت، یان بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن به‌رهه‌مێکت به‌کارده‌هێنێت به‌ناوى خۆته‌وه‌یه‌و به‌کاریده‌هێنێت، له‌ماڵى خۆتدا کارى بۆ ده‌که‌یت، منافه‌سه‌ هه‌بێت خۆشه‌، به‌ڵام منافه‌سه‌ جوان نیه‌ که‌ بتشکێنێت، جاران ئیش به‌ڕوحى خۆشه‌ویستى و هاوکاریه‌وه‌ ده‌کرا، کار به‌پێی پاره‌ ده‌کرا، به‌ڵام ئێستا به‌ پاره‌ش به‌ منه‌ته‌وه‌ ده‌کرێت و ڕوحى یارمه‌تى هه‌بوو واته‌ چێژ له‌کاروه‌رگرتن نه‌ماوه‌، ته‌نیا بۆ پاره‌یه‌. ‌هاوڵاتى: هه‌موو که‌سێکى مۆسیقى ده‌توانێت ئاوازێکى باش دابنێت؟ ئازاد ساڵح شنروێی: هه‌موو مۆسیقیه‌ک ناتوانێت له‌حن دابنێت و که‌س هه‌بووه‌ مۆسیقى نه‌بووه‌ له‌حنى داناوه‌ تائێستاش ماوه‌ته‌وه‌، که‌سیش هه‌یه‌ مۆسیقیه‌ ناتوانێت له‌حنى جوان دابنێت.

دیاری ئەبوبەکر ڕژێنی سایرۆیدی، یاخود غوده‌ی ده‌ره‌قی که‌ له‌نێو خه‌ڵکدا باوه‌، ڕژێنێکه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌شی ناوه‌ڕاستی مله‌وه‌. که‌تێیدا هۆڕمۆنی سایرۆید دروستده‌کرێت و ده‌رده‌درێت. هۆڕمۆنی سایرۆیدیش پێویسته‌ بۆ زینده‌چالاکییه‌کانی لاشه‌مان و چه‌ندین کاری گرنگی لاشه‌. هه‌ر تێکچوون و ناڕێکییه‌ک له‌ درووستبوون و ده‌ردانی ئه‌م هۆرمۆنانه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێکچوونی لاشه‌و ده‌روونی که‌سی تووشبوو. ‎کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆن ، حاڵەتێکە کەتێیدا سایرۆیدەڕژێن لەتوانایدا نییە بڕی تەواو لەهۆڕمۆنی سایرۆید بەرهەم بێنێت کەبەرپرسە لەڕێکخستنی زیندەچالاکییەکانی لەشمان، هەرکات ڕێژەکەی کەم بکات ئەوا زیندەچالاکییەکانی لەشمان خاودەبنەوە. ‎هەرچەندە خەمڵاندنەکان جیاوازن، بەڵام نزیکەی ١٠ ملیۆن ئەمەریکی پێدەچێت توشی ئەم حاڵەتە تەندروستیە بووبن. لەڕاستیدا ، لەسەدا١٠ی ئافرەتان دەناڵێنن بەدەست کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان . هەروەها له‌ توێژینه‌وه‌یەکی ساڵی 2015دا، له‌نێو  دوو هەزارو 13 به‌شداربوودا له‌شاری ڕانیه‌، نزیکه‌ی 70 بۆ 100ی که‌سه‌کان دووچاری که‌می ده‌ردانی سایرۆید بووبن. له‌ نێوانیشاندا 87 که‌س تووشی زۆری ده‌ردانی ئه‌م هۆرمۆنه‌ بوبوون. له‌توێژینه‌وه‌یەکی دیدا که‌ له‌نێو 60 نه‌خۆشی شاری هه‌ولێردا کراوه‌و له‌گۆڤاری پزیشکی بابیلۆن بڵاوبۆته‌وه‌ له‌ساڵی 2018دا. بینراوه‌ که‌ڕێژه‌ی تووشبوون به‌نه‌خۆشی که‌می ده‌ردانی سایرۆید له‌و ژنانه‌دا زیاترن که‌تووشی جۆری دووی شه‌کره‌ بوون. ‎دیاردەی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان، زۆر لەوە بەربڵاو ترە کەبیری لێ ئەکەیتەوە ! ‎بەملیۆنان کەس توشی کەمی سایرۆید بوونە، بەڵام پێیان نەزانیوەو درکیان پێ نەکردووە . ‎هۆکارەکانی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆن : ‎دوو هۆکاری سەرەکی و بەربڵاومان هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە . ‎* یەکەم: پەیدا ئەبێت لە ئەنجامی هەوکردنی سایرۆیدە ڕژێن کەپێشتر تووشت بووەو ڕزگارت بووە لێی، یاخود هێشتا هەوکردنەکە بەردەوامە . ‎کە ئەم هەوکردنە رێژەیەکی زۆر لە خانەکانی سایرۆیدە ڕژێن تێکدەشکێنێت یاخود لەناویان دەبات، بەمەش لەتوانایاندا نییە کەبڕی تەواو سایرۆیدە هۆڕمۆن بەرهەم بهێنن . ‎یەکەم بەربڵاوترین هۆکار بۆ تێکچوونی سایرۆیدەڕژێن پێی دەوترێت (خۆیەبەرگرییە هەوکردنی سایرۆید) ‎و پێشی دەوترێ (هەوکردنی  hashimoto )، کەبریتییە لەشێوەیەکی هەوکردنی سایرۆید، هێرشی سیستەمی بەرگری لەشی نەخۆشەکە بۆ سەر سایرۆیدەڕژێنەکانی خۆی هۆکارە بۆ ئەوەی توشی ئەم نەخۆشییە ببێت. ‎*دووەم بەربڵاوترین هۆکار بریتییە لە «چارەسەرە پزیشکییەکان» ‎چارەسەرکردنی زۆر حاڵەتی نەخۆشی سایرۆیدەڕژێن بە لابردنی بەشێک یان تەواوی سایرۆیدەڕژێن دەبێت . ‎ئەگەر تێکڕای بارستایی ئەو خانانەی کە سایرۆید بەرهەمدەهێنن و ماونەتەوە پاش نەشتەرگەری، نەیانتوانی ڕۆڵی تەواو بگێڕن بۆ لاشە، ئەوا نەخۆشەکە توشی کەمچالاکی سایرۆید ئەبێت و ئەم حاڵەتە زۆرجار بەهۆی نەشتەرگەری شێرپەنجەی سایرۆیدییەوە ڕووئەدات . ‎بەڵام هەندێک کات نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت بۆ لابردنی گرێی مەترسیدار، کە تیایدا نیوەی سایرۆید  (پل)ێکی ئەهێڵرێتەوە بەبێ شێواندن . ‎هەندێک جار ئەم تاکە «پل»ەی سایرۆیدە ڕژێن کە ماوەتەوە هەڵده‌سێت بەبەرهەمهێنانی بڕی تەواوی سایرۆید کە لەش خواستی لەسەرەو پێویستییەتی . ‎بەڵام لەهەندێک نەخۆشدا، ڕەنگە دوای چەند ساڵێک دەربکەوێت کە «پل»ە ماوەکەی سایرۆیدەڕژێن ناتوانێت بڕی خوازراوی هۆڕمۆن بۆ لەش دابین بکات . ‎هەروەها، هەڵئاوسان و هەندێک حاڵەتی ناتەواوی دیکەی سایرۆیدەڕژێن دەتوانرێ چارەسەر بکرێت بەبەکارهێنانی ئایۆدینی تیشکدەر. ئامانج لەچارەسەرکردن بەم ئایۆدینە تیشکدەرە (لەحاڵەتە نامەترسیدارەکان لەناوبردنی ئەو بەشەی سایرۆیدەڕژێنە بەمەبەستی ڕێگری کردن لەهەڵئاوسان و گەورەبوونی زیاتری ڕژێنەکە، یاخود ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری سایرۆیدە هۆڕمۆن (زۆر چالاکی سایرۆیدەڕژێن). ‎هەندێکجار، بەهۆی بەکارهێنانی گەردی ئایۆدینی تیشکدەر بەمەبەستی چارەسەر، ئەوا ژمارەیەکی زۆر لەخانەکانی سایرۆیدەڕژێن زیانیان پێئەگات و تێکئەشکێن، بۆیە نەخۆشەکە پاش یەک دوو ساڵ دوای چارەسەرییەکە توشی کەمی سایرۆید دەبێت. ‎هەرچۆنێک بێت ئەم حاڵەتەیان (کەمچالاکی سایرۆیدەڕژێن ) بەباشتر دائەنرێت ، وەک لەحاڵەتە بنچینەییەکە (زۆر چالاکی سایرۆیدەڕژێن ) . ‎هەروەها کۆمەڵێک هۆکاری تری دەگمەن هەن کە دەبنەهۆی توش بوون بەکەمی سایرۆید . ‎* یەکێک لەوانە هەبوونی سایرۆیدەڕژێنێکی ئاسایی و بێ کێشەیە کەچی بڕی تەواو سایرۆیدە هۆڕمۆن بەرهەم ناهێنێت! ئەمەش بەهۆی هەبوونی کێشە لە «ژێر مێشکە ڕژێن». ‎ئەگەر ژێر مێشکەڕژێن بڕی تەواو لە «هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیدەڕژێن TSH « بەرهەمنەهێنێت، ئەوا سایرۆیدەڕژێن ئاگاداری پێناگات بۆ بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن! هەربۆیە هۆڕمۆن بەرهەمناهێنێت . ‎نیشانەکانی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان : ‎ماندوێتی ‎لاوازی ‎زیادبوونی کێش ، یاخود قورسی لە دابەزاندنی کێش ‎ڕەقبوون و وشکبوونی موو ‎زبربوون و وشکبوونی پێست ‎قژ هەڵوەرین ‎بەرگە نەگرتنی سەرما (واتا ناتوانیت بەرگەی سەرما بگریت وەک ئەو کەسانەی لە دەورتن) ‎کۆڵنج کردن و زۆری ئازاری ماسولکە ‎قەبزی ‎خەمۆکی ‎هەڵچوون (زوو توڕەبوون ) ‎لەبیرچوونەوە ‎سوڕی مانگانەی نائاسایی ‎کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکس ‎هەر نەخۆشێک ژمارەیەک لەم نیشانانەی تێدا دەردەکەوێت، توندی نیشانەکان بەپێی ڕێژەی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان، بەتێپەڕبوونی کات نیشانەکان خراپتر دەبن . ‎ڕەنگە تۆ یەکێک لەم نیشانانەت تێدا دەرکەوتبێت، لەکاتێکدا نەخۆشێکی تر ئەو نیشانەیەی تۆی تێدا دەرنەکەوتووە، بەڵکو نیشانەیەکی تری تەواو جیاوازی تێدا دەرکەوتووە . ‎زۆریەنی خەڵکی زۆرێک لەم نیشانانەیان پێکەوە تێدا دەرئەکەوێت . ‎بەڵام جاروبار، هەندێک نەخۆش کەتووشی کەمی سایرۆید دەبن هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، یاخود نیشانەکان زۆر بەکەمی دەرئەکەون کەهەستی پێناکرێت . ‎ئەگەر تۆ ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوتووە، ئەوا پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکەیت لەگەڵ دکتۆرەکەت . ‎سەرەڕای ئەوەش ڕەنگە پێویست بکات زانیاری زیاتر پەیدا بکەیت لەپسپۆڕێکی کوێرەڕژێنزانی . ‎مەترسییەکان کە دەشێت لەگەڵ توشبوون بەکەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان ڕووبدەن : ‎بەهۆی ئەوەی لاشە چاوەڕوانی بڕێکی تەواو ئەکات لەسایرۆیدە هۆڕمۆنەکان، بۆیە ژێر مێشکەڕژێن بەمەبەستی هاندانی سایرۆیدە ڕژێن بۆ بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی زیاتر هەڵەستێت بەدەردانی بڕێکی زۆر لە «هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیدەڕژێن  TSH». ‎زۆر ئاگادارکردنەوەی سایرۆیدەڕژێن بۆ بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن لەلایەن TSH ەوە ڕەنگە ببێتەهۆی گەورەبوون و ئاوسان لەسایرۆیدەڕژێن، کە ئەمەش سەرئەکێشێت بۆ تووشبوون بەگەورەبوونی سایرۆیدەڕژێن (غودە). ‎ ئەگەر ئەم حاڵەتە بەچارەسەرنەکراوی بهێڵرێتەوە، ئەوا نیشانەکانی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان زیادئەکەن و توندتردەبن.  لەهەندێک حاڵەتی دەگمەندا ئەکرێ ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ ژیانی کەسەکە (خەمۆکی، ناتەواوی دڵ، لەهۆشخۆچوون). ‎کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان ئەکرێت دەستنیشانبکرێت لەڕێی پشکنینی ئاسایی خوێن: ئەمەش بەپێوانی ڕێژەی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان لەخوێندا، ‎بەڵام لەهەندێک کەسدا بەو ئاسانییە دەستنیشان ناکرێت و پێویستی بەپشکنینی وردتر هەیە. گرنگترین شت ئەوەیە پەیوەندی و هاتووچۆی بەردەوامت هەبێت لەگەڵ دکتۆرەکەت . ‎کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان، نەخۆشییەکی تەواو چارەسەرکراوە لەزۆربەی نەخۆشەکاندا، ئەویش بەتەنها خواردنی حەبێکی بچوک یەکجار لەڕۆژێکدا. هەرچەندە ئەمە چارەسەرێکی سادەیە، بەڵام هەموو حاڵەتەکان بەم شێوەیە سادە نین. ‎ چەند جۆرێکی تێکچوونی سایرۆیدی هەیە، هەربۆیە بەکارهێنانی یەک جۆر دەرمان چارەسەرنییە بۆ هەموو نەخۆشەکان بەڵکو دەرمانەکان بەپێی نەخۆشەکان دەگۆڕێن. ‎ چەند پرسیارێک کەئەکرێت لەدکتۆرەکەتی بکەیت  ‎هۆکاری کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان چین؟ ‎ئایا من توشی نەخۆشی hashimoto بووم؟ ‎ئەنجامی پشکنینی خوێنەکەم چی ئەڵێت؟ ‎تاماوەی چەندێک پێویستە بەردەوام بم لەسەر دەرمانەکانم ، هەروەها کاریگەرییەکانی دیکەی دەرمانەکە چین لەسەر لاشەم؟ ‎ئایا پێویستە ڕێژەی TSH ی من چەند بێت (؟ دوای ئەوەی کە TSH ەکەم گەیشت بەڕێژەی ئاسایی، ئایا پێویست ئەکات بگەڕێمەوە بۆ دڵنیابوونەوە کەئایا ڕێژەی خواردنی حەبەکانم پێویستیان بەگۆڕانکاری هەیە؟  (چەند کاتی دەوێت تا نیشانەکانی کەمی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکانم کەم ببنەوە ؟ ‎ئایا هیچ شتێکی ڕۆتینی ژیان هەیە بیگۆڕم تاکو نیشانەکانی نەخۆشیەکە کەم ببنەوە؟ ‎کاتێک تۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەت دەستکەوت، ئەوا دکتۆرەکەت تێگەیشتنێکی باشتری ئەبێت لەبەرامبەر حاڵەتەکەت و پێداویستییەکانت، هەروەها ئەتوانێت هەموو زانیارییەکان بەکاربهێنێت و ڕەچاویان بکات لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵت دەربارەی دانانی «پلانێک بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێژەی سایرۆید«.

شاناز حه‌سه‌ن جه‌لال عه‌لى، ته‌مه‌ن 56ساڵ، به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستێت و سویچی تاکسیه‌که‌ى ده‌گرێته‌ ده‌ست ‌و ‌ به‌ره‌و ئه‌و شه‌قامانه‌ ده‌ڕوات که‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی لێوه‌ستاون بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ سه‌رکاره‌کانیان. جه‌لال 12ساڵه‌ شۆفێرى تاکسیه‌ له‌ناو شارى سلێمانى، ڕۆژانه‌ 35بۆ 40هه‌زارى ده‌ستده‌که‌وێت، به‌ڵام ده‌ترسێت دواى پرۆژه‌یه‌کى نوێی حکومه‌ت پاره‌یه‌کى که‌متری ده‌ستکه‌وێت. پڕۆژه‌که‌ بریتیه‌ له‌وێستگه‌ى تاکسى له‌گه‌ڕه‌که‌کانى شارى سلێمانى و هێشتا نه‌خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌. به‌رپرسانى حکومه‌ت ده‌ڵێن پرۆژه‌کە بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى کاروبارى تاکسییه‌کانه‌و له‌سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغى یه‌که‌م دیاریکردنى لۆگۆیه‌ بۆ جیاکردنه‌وه‌ى تاکسییه‌کانى ناوشارو ده‌ره‌وه‌ى شار، قۆناغى دووه‌میش دروستکردنى کارته‌ بۆ تاکسییه‌کانى ناوشار، قۆناغى سێیه‌مى پرۆژه‌که‌ش دروستکردنى وێستگه‌ى تاکسى گه‌ڕه‌که‌کان ده‌بێت. بڕیاره‌ تاکسیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى شار ڕه‌نگى قاوه‌ییان پێبدرێت‌، ئه‌وانه‌ى تابلۆى سلێمانى بن یان تابلۆى باریک و ئاڕمى سلێمانییان هه‌بێت کارتیان پێده‌درێت، به‌ڵام ئاڕم و لۆگۆ به‌و تاکسییانه‌ نادرێت که‌ژماره‌ى دهۆک یان هه‌ولێر بێت. به‌ڵام جه‌لال عه‌لی گله‌یى زۆرى له‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئه‌وه‌ ڕێگریکردنە له‌کارى سه‌ربه‌خۆى هاوڵاتیان. جه‌لال عه‌لى پێنج منداڵى هه‌یه‌، هه‌موو ڕۆژێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌چێته‌ سلێمانى بۆ ئه‌وه‌ى له‌ناو شارى سلێمانیدا کارى تاکسی بکات و وتى «له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا کارى تاکسی که‌مه‌، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ دێمه‌ ناو سلێمانى و کارده‌که‌م». وتیشى «ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ زه‌ره‌رى منه‌، چونکه‌ من له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دام ڕۆژى دوو داخلى ناکرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ بیر له‌ئێمه‌ش بکرێته‌وه‌ که‌ خاوه‌نى ماڵ و منداڵین و کاره‌که‌مان بۆته‌ پیشه‌مان و بژێویمانى له‌سه‌ره‌«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا له‌وکاته‌وه‌ى ئه‌وه‌ى بیستووه‌، به‌نیازه‌ ماڵى بهێنێته‌وه‌ ناو سلێمانى و وتى « مه‌گه‌ر بۆ په‌یداکردنى بژێویم، هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ جێبهێڵم و بێمه‌وه‌ سلێمانى». یه‌کێک له‌شۆفێره‌ ته‌کسیه‌کانى ناو شارى سلێمانیش خۆشحاڵه‌ به‌پڕۆژه‌که‌ و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌یه‌ که‌زوو جێبه‌جێبکرێت و وتى «کارێکى باشه‌ و ئێمه‌ش ڕێوشوێنى خۆمان ده‌زانین». مه‌ریوان جه‌زا، 32ساڵ، وتى» ڕۆژى وایه‌ به‌یانى تائێواره‌ ئه‌سوڕێمه‌وه‌ پێنج داخلى ناکه‌م تابتوانم به‌شى به‌نزینه‌که‌و قازانجێکم بۆ بمێنێته‌وه‌، چونکه‌ ژماره‌ى ته‌کسیه‌کان زۆر زۆره‌«. مه‌ریوان گله‌یى ئه‌وه‌شى هه‌بوو تاکسی ده‌ره‌وه‌ى شار دێن و له‌گه‌راجه‌کان ناوه‌ستن، دێنه‌ شاره‌وەو کارده‌که‌ن و وتى «به‌ئه‌مه‌ ماڵى ئێمه‌ وێران بوو، داخلى ده‌ره‌وەی شار له‌ئێمه‌ ده‌گرن و هه‌م له‌ناو شاریش ده‌سوڕێنه‌وه‌ تا له‌گه‌راجه‌که‌ى خۆیان سه‌ره‌یان دێت». جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌  بۆ ژن و ماڵ و مناڵ زۆر باشه‌ و وتى «من خۆم ژن و خوشکم هه‌یه‌، ڕۆژانه‌ ئه‌وه‌نده‌ شت ده‌بیستیت ناوێریت به‌هه‌موو ته‌کسیه‌کان بیاننێریت، بۆیه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆر زۆر باشه‌«. له‌ هه‌رێمى کوردستان، یەک ملیۆن  و (607) هەزارو (65) ئوتۆمبێل هه‌یه‌، که‌ له‌ ناویاندا به‌ نزیکه‌ى (94) هەزارو (252) تاکسی هه‌یه‌. له‌ پارێزگاى هه‌ولێر، (79١) هەزارو (720) ئوتۆمبێل هه‌یه‌ و له‌ناویاندا نزیکه‌ى (41)  هەزار تاکسی هه‌یه‌. له‌ پارێزگاى سلێمانى (534) هەزار ئوتۆمبێل هه‌یه‌ که‌نزیکه‌ى (37) هەزار تاکسی هه‌یه‌. له‌پارێزگاى دهۆک (248) هەزارو (400) ئوتۆمبێل هه‌یه‌ که‌نزیکه‌ى (18) هەزار تاکسی هه‌یه‌. سه‌باح جه‌وهه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى گواستنه‌وه‌ى هه‌رێم، له‌لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى» له‌ئێستادا له‌پارێزگاکانى تر ڕێگه‌ى پێنه‌دراوه‌، ته‌نیا باس کراوه‌«. وتیشى «بێگومان سودى ده‌بێت و پێویستى به‌ پلان هه‌یه‌  بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ژماره‌ى وێستگه‌کان دیاریبکرێت و کات و شوێنه‌که‌ى به‌پێی زۆنه‌کان دیاریبکرێت، سودى هه‌م بۆ هاوڵاتیان ده‌بێت و بۆ خاوه‌ن ته‌کسیه‌کانیش». له‌ئێستادا له‌پارێزگاى سلێمانى پرۆژه‌ى دروستکردنى وێستگه‌ى تاکسی که‌وتۆته‌ کۆتایى پرۆژه‌که‌و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستده‌کرێت به‌ جێبه‌جێکردنى، که‌هه‌ندێک شوفێرو هاوڵاتیانیش به‌باشى ده‌زانن و هه‌ندێکیش به‌پرۆژه‌یه‌کى لاوه‌کى داده‌نێن. سدیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گواستنه‌وه‌ى هه‌رێم، له‌لێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «من خۆم پرۆژه‌یه‌کم لا گه‌ڵاله‌ بوو بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى کارى تاکسی له‌پارێزگاى سلێمانى». له‌سلێمانى نزیکه‌ى (37) هه‌زار ته‌کسی هه‌یه‌، که‌ هه‌ڵگرى تابلۆى پارێزگاى سلێمانیه‌، له‌ناو سه‌نته‌رى پارێزگاى سلێمانى زیاتر له‌ 15 هه‌زار تاکسی هه‌یه‌ که‌ کارى تاکسی گه‌ڕۆک ئه‌که‌ن. وتیشى «ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ بۆته‌ قه‌ره‌باڵغى له‌سه‌ر جاده‌و شه‌قامه‌کان و پیسکردنى ژینگه‌ى شاره‌که‌، تێچوى به‌نزینێکى زۆرە، بۆیه‌ بیرمان له‌م پرۆژه‌یه‌ کرده‌وه‌و له‌ڕێگه‌ى دروستکردنى وێستگه‌وه‌، بۆ شۆفێرى ته‌کسیش که‌م مه‌سره‌فتره‌ و بۆ خه‌ڵکیش باشتره‌«. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌سێ قۆناغدا ده‌ڕوات، لە قۆناغى سه‌ره‌تا له‌زگه‌ی شین ده‌درێت له‌ هه‌موو ته‌کسیه‌کى گه‌ڕۆکى ناو شارى سلێمانى، لێدانى له‌زگه‌ى قاوه‌یى و ئاڕم و لۆگۆ له‌تاکسی خه‌ته‌کان، ئه‌وانه‌ى له‌قه‌زا و ناحیه‌کانه‌وه‌ یان شاره‌کانى تره‌وه‌  هاوڵاتیان ده‌هێننه‌ ناو شاره‌وه‌، له‌ئێستادا ئه‌م قۆناغه‌ له‌پارێزگاى سلێمانیه‌وه‌ ته‌نده‌رى بۆ کراوه‌و  نێردراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و له‌وێوه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمپانیایه‌ ده‌کرێت که‌ بۆى ده‌رچووه‌ و له‌هه‌فته‌ى داهاتوودا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ  کۆمپانیاکه‌ ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا ته‌واو بکرێت. ئه‌م به‌ڕێوبه‌ره‌ وتیشى «سودى ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناتوانرێت تاکسی خه‌ته‌کان که‌ نه‌فه‌ر ده‌هێنن، له‌ناو شاردا نه‌فه‌رى تر هه‌ڵگرن». دوا به‌دواى ئه‌مه‌ قۆناغى دووه‌م ده‌ستپێده‌کات کارتى کارکردن بۆ تاکسی شار ده‌کرێت و وتى «له‌م قۆناغه‌ به‌دواوه‌ که‌س ناتوانێت بێ پرس بتوانێت بچێت تاکسی بکڕێت و بێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌مه‌ش سودى شۆفێره‌ ته‌کسیه‌کانى تێدایه‌«. له‌دواى ئه‌م قۆناغه‌، قۆناغى سێیه‌م شارى سلێمانى دابه‌ش ده‌کرێت به‌سه‌ر (100) وێستگه‌دا و هه‌ر شوێنه‌ى به‌پێى ژماره‌ى دانیشتوانى، وێستگه‌ و ژماره‌ى تاکسی بۆ داده‌نرێت، له‌و کاته‌دا به‌ته‌له‌فون تاکسی ده‌توانێت بچێته‌ ماڵه‌وه‌ یان شوێنى کارکردن و هاوڵاتیان هه‌ڵگرێت. مه‌رجه‌کانى ئه‌و که‌سه‌ى که‌شۆفێرى تاکسی ده‌کات، پێویسته‌ مۆڵه‌تى گشتى هه‌بێت و موچه‌خۆرى حکومه‌ت نه‌بێت، کارتى کارکردنى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى هه‌بێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌دا له‌ئێستادا مۆدێلى ئوتۆمبێله‌که‌ دیارى نه‌کراوه‌و وتى» نامانه‌وێت که‌س بێکار بکه‌ین و ئه‌وه‌ى ئێستا تاکسی پێیه‌ وه‌ک خۆى ده‌یهێڵینه‌وە، به‌ڵام دواجار بڕیار له‌سه‌ر ته‌مه‌نى ته‌کسیه‌که‌ش ده‌درێت». ئه‌و ژماره‌ ته‌کسیه‌ى  له‌ناو شاردا ده‌مێنێته‌وه‌، دابه‌ش ده‌کرێت به‌سه‌ر وێسگه‌کاندا و وتى «ئێمه‌ به‌که‌س ناڵێین بڕۆ ماڵه‌وه‌و ئیش مه‌که‌، بۆ ئه‌وه‌ش دابه‌شیان ده‌که‌ین، واته‌ دیاریکراو نیه‌ وێستگه‌کان چه‌ند تاکسی تێدا داده‌نرێت».

راپۆرت: بی بی سی  وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا   بڕیارە نوێیەکە هەینی رابردوو ٢ی ئابی ٢٠١٩ ڕاگەیەندرا کە ڕێ بە ئافرەتانی تەمەن سەروو ٢١ ساڵ دەدات داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتن، ئەمەش دەیانخاتە خانەیەکی یەکسانەوە بەرامبەر بە پیاوان. هەروەها ئافرەتان مافی تۆمارکردنی لەدایکبونی منداڵەکانیان لەگەڵ هاوسەرگیری و تەڵاقیان پێدراوە. بەمدواییانە شانشین دەستی سووک کردووە لەسەر سنورە باوەکانی تری کۆمەڵگا بۆ سەر ئافرەتان بەڵام چالاکوانانی وڵات دەڵێن زۆر شت ماوە تا بکرێت بۆ مافی ئافرەتان. بەشێوەیەکی بەرچاو سعودییە کەوتوەتە ژێر لێکۆڵینەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ هاوڵاتییە مێیەکانی، ئەو کێشەیەی بەهۆی چەند کەیسێکی باڵای ژنانی سعودیەوە کە هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان داوە بووەتە جێی باس. بڕیاردەری ڕاستەقینەی وڵات، شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، هەوڵی زۆریداوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سنورانەی لەسەر ئافرەت هەن، یەکێک لەوانە لابردنی قەدەغەکردنی شۆفێری ئۆتومبیل بوو لەساڵی ڕابردوو ئەمەش بۆ ئەوەی وڵاتە پارێزکارەکەی زیاتر بکاتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا هەڵمەتی پاکتاوکردنی ئەنجامداوە بۆ سەر چالاکوانانی مافەکانی ئافرەتان، کە هەندێکیان لەم چەند مانگەی دواییدا ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە. چی لە گۆڕاندایە؟ سیستەمی وەلی ئەمری سعودیە دەسەڵات دەدات بە مێرد و باوک و خزمی نێری نزیکی تر تا ئەوەی بڕیاری هەستیار بۆ ئافرەتەکانیان بدەن. هەتا پێش دەرچوونی بڕیارەکە ئافرەتان لە سعودیە دەبوو داوای ڕەزامەندی ئەو کەسانە بکەن بۆ وەرگرتن یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت و ڕۆشتنیان بۆ دەرەوەی وڵات. بەڵام بڕیارە شاهانەییەکە کە لە هەفتەنامەی فەرمی شانشین «ئوم ئەلقوڕا گازێت»ەوە بڵاوکرایەوە فەرمانی ئەوە دەدات کە پاسپۆرتی سعودی بدرێت بە هەر هاوڵاتییەک کە داواکاری تۆمار دەکات بۆی وە هەر هاوڵاتییەک لەسەروو تەمەنی ٢١ ساڵەوە بێت پێویستی بە ڕەزامەندی نییە بۆ گەشت کردن. گۆرانکارییەکان ڕێ دەدەن بە ئافرەتان بۆ یەکەمجار لەدایکبونی منداڵەکانیان تۆمار بکەن لەگەڵ مافی تۆمارکردنی هاوسەرگیری و تەڵاق. گۆرانکارییەکان ڕێنماییەکانی دامەزراندنیش دەگرێتەوە کە دەرفەتی کار فراوان دەکات بۆ ژنان. بەپێی یاساکە، هەموو هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە کار بکەن بەبێ ڕووبەڕووبونەوەی جیاکاری ڕەگەزی، کەمئەندامی یان تەمەن. ئافرەتان کاردانەوەیان چییە؟ زۆرێک لە ژنانی سعودییە بۆ دەستخۆشی و خۆشی دەربڕین لە تویتەر قسەی  خۆیان کردووە، لەنێوانیاندا کەسایەتی بەناوبانگ و ڕۆژنامەنوس «مونا ئەبو سلەیمان» کە نوسیویەتی: نەوەیەک گەورە دەبن کە بەتەواوی ئازاد و یەکسانن لەگەڵ براکانیاندا». یەکەم ئافرەتیش کە بوبێتە نوێنەری شانشین، باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا ڕیما بنت بەندەر ئەلسعود گۆرانکارییەکانی بەرز نرخاند: «ئەم ڕێنماییە نوێیانە دروستکردنی مێژووە. فەرمانی بەشداری هاوبەشی ژنان و پیاوان دەکەن. بڕیارەکە ڕێبازێکی گشتگیرە بۆ یەکسانی ڕەگەزی کە بەبێ گومان گۆڕانکاری راستەقینە دێنێتە کایەوە بۆ ئافرەتانی سعودیە». کریستین دیوان، ئەندامی ئینستیتوتی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو دەڵێت، «ئەگەر جێبەجێبکرێت ئەوا دەبێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ ڕێدان بە ئافرەتانی سعودیە لە گرتنی جڵەوی ژیان و گوزەرانی خۆیان». هەرچەندە هەندێک کەسی تر بەگومانن لە بڕیارەکە. هاوڵاتییەکی سعودی نوسیویەتی: پێش ئەوەی خۆشی دەرببڕین بۆ ئەم چاکسازییانە دەبێت ئەوەمان بیربێت کە حکومەتی سعودی ئەوەندە ئاستی ستانداردی مافی مرۆڤی بە کەم داناوە کە هەر  چاکسازییەکی بچووک هەمیشە بە گرنگ و گەورە دەردەکەوێت. هەروەها هەندێک هاوڵاتی پارێزکار لە وڵاتەکەدا نێگەتیڤانە لە بڕیارەکە دەڕوانن و یەکێک لەو ئافرەتانە دەڵێت: «بیر لەوە بکەرەوە ئەگەر کچەکانت گەورە ببن و بەجێتبهێڵن و نەگەڕێنەوە، ئەوکات دڵخۆش دەبیت؟» چ سنوردارییەک ماوەتەوە؟ بەپێچەوانەی دواین چاکسازییەکانەوە، لایەنەکانی تری سیستەمی وەلی ئەمر هێشتا کاریان پێ دەکرێت، لەوانە وەرگرتنی ڕەزامەندی لە پیاوی نزیک بۆ هاوسەرگیری کردن یان گوزەران کردن بەتەنها هەروەها بەجێهێشتنی بەندینخانە ئەگەر دەستبەسەرکرابن. ئافرەتان هێشتا ناتوانن خۆیان مافی ڕەگەزنامە بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان و ناشتوانن ڕەزامەندی دەرببڕن بۆ هاوسەرگیری کردنی منداڵەکانیان. لە هەوڵی زیاتر کردنەوەی وڵاتەکەدا، محەمەد بن سەلمان لەساڵی ٢٠١٦ پلانێکی راگەیاند بەناوی «روئیای ٢٠٣٠» کە مەبەست لێی گۆڕانکاری ڕیشەییە لە ئابوریدا تا ساڵی ٢٠٣٠، کە بەشێکی ئامانج لێی ئەوەیە بەشداری ئافرەتان لە دەستی کاردا زیاد بکات لە ٢٢%ــەوە بۆ ٣٠%. بەڵام گروپ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەی توندیان ئاراستەکردووە لەماوەی ساڵی رابردوودا بەهۆی پاکتاوکردنی بۆ سەر چالاکوانە بەناوبانگەکانی وڵات کە کەمپینیان ئەنجامداوە  بۆ مافی شۆفێری کردن یا مافی یەکسانی. ئەو ژنە چالاکوانانە، لەوانە چالاکوانی پێشەنگ و بەناوبانگ «لوجەین ئەلهەزلول»،  لەئێستادا داداگایی دەکرێن و هەندێکیان دەڵین ئەشکەنجەدراون لەکاتی دەستبەسەربوونیاندا. کۆمەڵێک کەیسی بەناوبانگ لەمدواییانەدا هەبوون کە کەیسی ئەو ئافرەتانەن هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان داوە لە وڵاتانی رۆژئاوا، وەکو کەنەدا. بابەتەکە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد کاتێک رەهاف محەمەد ئەلقونون لە سعودیە ڕایکرد بەهیوای گەشتن بە ئوستورالیا بەڵام لە فرۆکەخانەی بانگکۆک خۆی بینییەوە بەهۆی دروستبوونی کێشەوە بۆی. دوای داواکاری نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی، کەنەدا داواکەی بۆ مافی پەنابەرێتی قبوڵکرد. لەمارسی ئەمساڵدا دوو خوشکی گەنجی سعودییە کە لە هۆنگ کۆنگ خۆیان حەشاردابوو ڤیزەی مرۆییان پێدرا بۆ وڵاتی سێیەم. لە کەیسێکی هاوشێوەدا، مانگێک دواتر دوو خوشکی تر ڕایانکرد بۆ جۆرجیا دوای ئەوەی داوای یارمەتی نیودەوڵەتییان کرد لە تویتەردا و پاشان گەیەنرانە وڵاتێکی تر. چی لە پشت بڕیارەکەوەیە؟ ئەمە گەورەترین هەنگاوە تا ئێستا بۆ لەناوبردنی سیستەمی وەلی ئەمر لە سعودیەدا. ژنە چالاکوانانی سعودیە بەسەختی جەنگاون بۆ لابردنی زۆربەی ئەو سنورداریانەی لەسەر ژیانیان هەیە- سێ ساڵ لەمەوبەر سکاڵایەکیان پێشکەشی بەرپرسانی دادوەری کرد کە تێیدا هاتووە داوای گۆڕانکاری دەکەن. بەڵام ئەو ژنانەی کەپێشڕەوی ئەو کەمپینەیان کردووە لەئێستادا یان دەستبەسەرن یاخود لەدەرەوەی وڵاتن. لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەوڵەکانیان ئاوڕی بێپایانی لێ دراوەتەوە بەڵام لە خودی سعودیەدا شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و ڕاوێژکارەکانی هێشتا سوورن لەسەر نکوڵی کردن لە پێدانی خاوەندارییەتی پێیان سەبارەت بەو گۆرانکارییانە، ئەمەش وادەکات چاکسازییەکان وادەربکەوێت کە لەسەرەرەوە روودەدەن. بۆ زۆربەی سعودییەکان- هەردوو ڕەگەز لەپیاوو ژن- ئەم گۆڕانکارییانە شازادەی جێنشینی کردووەتە پاڵەوان. لەدەرەوەی سعودیە، ئەم جۆرە بڕیارانە یارمەتی دەدات وێنای خۆی سەر لەنوێ نوێ بکاتەوە کە بەهۆی کوشتنی ڕۆژنامەنووس، جەمال خاشقچییەوە لێڵی تێکەوتووە. بەڵام هەردوولایەن، چ پارێزکارە سەرسەختەکان و چ چالاکوانەکانی مافەکانی ژنان، یەکگرتوون لەسەر گەڵاڵەبوونی گومانیان سەبارەت بە نیازەکانی محەمەد بن سەلمان و ئەو بۆچوونەیان کە دەڵێن هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە دەسەڵاتی خۆی قایم بکات جا چ سیاسی، دارایی، یان کلتوری بێت.

ڕاپۆرت: فۆرن پۆلیسی وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا   لەڕۆژێکی گەرمی ناوەڕاستی تەمموزدا، ئاڵا ڕەشەکەی داعش لەکەمپی ئاوارەکانی ئەلهول هەڵدرا کەدەکەوێتە باکوری ڕۆژهەلاتی سوریا. لەچەند ڤیدیۆیەکدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبونەوە، ژن و منداڵ دەبینرێن کە هاوار دەکەن و خۆشی دەردەبڕن بۆ ئاڵا شەکاوەکەی نێو کەمپەکە، ئەو کەمپەی ٧٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لەخۆگرتووە بەهۆی جەنگە ناوخۆییە وێرانکەرەکەی سوریاوە. ئەم جۆرە پەرەسەندنانە ئەلێکس گرینکویچ، جێگری فەرماندەی سوپای هاوپەیمانی بۆ تێکشکانی داعشی نیگەرانکردووە. «مەترسی راستەقینە نەوەی داهاتووی داعشە کە لێرەدا، لەم کەمپانەدا بەرنامەڕێژ دەکرێن، من ئەمە بەمەترسییەکی دڕێژخایەنی ستراتیجی دەبینم بۆ تێکرای کەمپینە جیهانییەکەی دژی داعش»، ئەمە وتەی ئەلێکس گرینکویچە لە دوایین چاوپێکەوتنیدا. لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، کەزۆربەی لەلایەن هێزی هاوپەیمانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا کۆنترۆڵ کراوە لەگەڵ هاوکارەکەی، سوپای سوریای دیموکرات، نزیکەی ١٣٠ هەزار ژن و منداڵ لەکەمپە پانەبەرییە قەرەباڵغەکاندا دەژین وەک کەمپی ئەلهول. لەکاتێکدا زۆربەی تەرکیزەکان لەسەر قەیرانی مرۆیین، بەڵام سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەوانە گرینکویچ قەیرانی ئایدۆلۆژیش دەبینن چونکە کەمپەکان بوونەتە جێگەی گەشەی بیری توندڕەویی تەنانەت لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا پلانی کشانەوەیان دادەنێنن. لەوکاتەوەی دوایین پێگەی داعش لە مارسی ئەمساڵدا ئازادکرا، کەشارۆچکەی باغۆز بوو، ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریادا خراوتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی هەموو هێزەکانیان بکشێنێتەوە جگە لەچەند سەد سەربازیک نەبێت، هەرچەندە تائێستا کاتێکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ کشانەوەکە. شارەزایان دەڵێن هەبوونی ئەمریکا پێویستە نەک هەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش نەگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ناوبژیکردنی ئەو ئاشتییە لەقەی هەیە لەنێوان سوپای سوریای ئازادو حکومەتی سوریادا، هەروەها لەگەڵ تورکیاشدا کە ئەنقەرە سوپای سوریای دیموکرات بەهەڕەشەیەکی دیار دەبینێت. بەڵام لە بەجێهیشتنی پێشوەختەی سوریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی دەشۆرێت لەقەیرانێکی ئەمنی گەشەسەندوو: هەزارەها شەڕکەری داعش و  ئەندامانی خێزانەکانیان کە لەسەرتاسەری کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەژین، لەگەڵ ئەگەرێکی کەم بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی. هێزی هاوپەیمانی بەفەرمی هیچ دەسەڵاتێکی لەو کەمپە ئاوارە ناوخۆییانەدا نییە کە لەلایەن ڕێکخراوی ناحکومی بەڕێوەدەبرێن و چاودێری و پاسەوانیکردنیشیان لەلایەن سوپای سوریای دیموکراتەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام گرینکویچ پەرۆش و نیگەرانە سەبارەت بەکۆمەڵیک شەڕکەری ئافرەتی داعش کەپێیوایە هەوڵدەدەن مێشکی دانیشتوانەکانی تر بشۆنەوە و نەوەیەکی نوێی توندڕەو دروست بکەن. سوپای سوریای دیموکرات بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆمەڵەیە پیاوەکانی ناردووە بۆ زیندان، لەکاتێکدا ئافرەتەکان و منداڵەکان- ئەوانەی وا هەژمارکراون شەڕکەر نین- نێردراون بۆ کەمپی ئاوارەکان وەک کەمپی ئەلهول. بەڵام لەڕاستیدا هەندێک لەو ژنانەی نێردراون بۆ ئەلهول شەڕیان بۆ داعش کردووەو ئامادەیی ئەوان لەو کەمپەدا دانیشتوانە میانڕەوەکە دەخاتە بەردەم مەترسی تووندڕەویبوونەوە، بەپێی بۆچوونی گرینکویچ. گرینکویچ دەڵێت، «لەئێستادا، بەشێکی ئەلهول هەیە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو کەسانەی تێدایە کە من پێیان دەلێم هەڵگرانی سەرسەختی ئایدۆلۆژیای داعش کە واڕێکەوتووە ئافرەت بن و منداڵەکانیان لەگەڵ بێت،» کە بەخەمڵاندنی فەرماندەکەی ئەمریکا نزیکەی ٢٠ هەزار گومانلێکراوی «سەرسەختی داعش» بونیان هەیە لە کەمپەکەدا. بەگوێرەی وتەی گرینکویچ، ئەلهول گەورەترین کەمپەو شوێنی گوزەرانی ٥٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵە. ژمارەی کەمپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد دوای ئەوەی ئەمساڵ هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دوایین ناوچەکانی سوریایان ئازادکرد لەژێر دەستی داعشدا. بارودۆخەکان لە کەمپەکەدا «بەربڵاوو لەبارن» بۆ بیری توندڕەوی تا پێگەی خۆی قایم بکات، مێلیسا داڵتن وا دەڵێت کە توێژەرە لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی. داڵتن دەشڵێت، «پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە ئاسەواری خراپی ئەمنی و مرۆیی بەجێ بمێنێت لەناوچەکەدا». بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی لەئەلهول و کەمپەکانی تردا قەیرانی مرۆییش دروستدەکات. ئەو کێشانەش دەبێت باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا هێزی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوکارانی تریدا لە هەماهەنگیدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی هاوبەش بۆ ڕووبەرووبونەوەی بیری توندڕەوی لەو کەمپانەدا، گرینکویچ وای وت. هەروەها فەرماندەکەی ئەمریکا دەشڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئەو کێشەیە ئەرکێکی سەربازی نییە تا چارەسەر بکرێت بەڵکو مەترسییەکی ستراتیجییە بۆ هاوپەیمانی». هاوکاران بەکۆدەنگی چاویان لەکۆمەڵێک بژاردەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیری توندڕەوی، لەوانە جیاکردنەوەی جەنگاوەرە ئافرەتەکان لەوانی ترو دواتریش راگواستنیان بۆ پرۆگرامی چارەسەری گەڕاندنەوەیان بۆ بارودۆخی ئاسایی و تەندروستی. بەڵام یەکەمجار هەنگاوی سەرەکی کەمکردنەوەی دانیشتوانی خودی کەمپەکە دەبێت. ئەوە هەنگاوێکی ئاڵۆزە لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نایانەوێت ئەو هاوڵاتیانەیان بۆ بگەڕێتەوە کە لەنێو داعشدا بوون. هەرچەندە سوپای سوریای دیموکرات هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لەم بوارەدا بەو پێیەی ٨٠٠ ئافرەت و منداڵ لە شاری  ڕەققەو تەبقە بەمدواییانە راگوازراونەوتەوە بۆ گوندەکانی خۆیان. چارلس لیستەر، توێژەری ئینستیوتی میدڵ ئیست ئیدانەی کەمتەرخەمی و کەمی پلانی هێزی هاوپەیمانی کرد بۆ ئەو کێشەیەی کە ئەو ناوی دەبات بە کێشەیەکی پێشبینیکراو - ژمارەی زۆری ئاوارەکان و جەنگاوەرە بیانییەکان کە خزێنراونەتە کەمپەکانەوە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی. لیستەر دەشڵێت، «ئەمە مایەی توڕەوبونە کە بەردەوام لە بەرپرسە باڵاکانەوە گوێبیستی دەبین تازە هەست بەوە دەکەن کە ئەمە بوەتە کێشە، لەکاتێکدا دەبوو پێنج ساڵ لەمەوبەر چارەسەری ئەوەمان بدۆزیایەتەوە کاتێک دەستمان کرد بەشەڕ، ئەمە نەدەبوو سەری کەس بسوڕمێنێت، بەڵام وادیاربوو کەس پلانی بۆ دانەنابوو». فەرماندە گرینکویچ جیاوازییەکی خستەڕوو لەنێوان کێشەکان لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان وەک کەمپی ئەلهول و بەندینخانەکان لەسەرتاسەری باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە ١١ هەزار شەڕکەری خەلافەت لەخۆدەگرن. نزیکەی دوو هەزاریان شەڕکەری بیانین. گرینکویچ داوای لە حکومەتە بیانییەکان کرد بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکانیان بگرنەوە خۆیان تا ئەوەی لەوڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشڕەوی ئەم هەنگاوە دەکات، مانگی ڕابردوو هاوڵاتییەکی ئەمریکی کە تۆمەتباربوو بەشەڕکردن بۆ داعش لە سوریاوە گەڕێندرایەوە خاکی ئەمریکا تا ئەوەی لەوێ دادگایی بکرێ. هەروەها  باکوری مەقدۆنیا، کازاغستان، مەغریب، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، ئیتاڵیا، عێراق سەدەها شەڕکەریان گەڕاندوەتەوە. گرینکویچ دەشڵێت، «ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەو وڵاتانە کێشەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان نەک بیخەنە ئەستۆی ئەو کەسانەی لە سوریادان، چونکە بەدڵنیاییەوە توانای ئەوەیان نییەو ڕانەهێنراون کە ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە ببنەوە لەمەودای درێژخایەندا». فەرماندەکەی ئەمریکا ئاماژەشی بەوەکرد کە لە مەودای درێژخایەندا پرۆگرامی  چارەسەرکردن  بۆ گەڕاندنەوە بۆ دۆخی ئاسایی پێویست دەبێت بۆ زۆربەی ئەو شەڕکەرانەی لە زیندانەکاندان. لەهەمان کاتدا، هێزی هاوپەیمانی کار دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سوپای سوریای دیموکرات بەدروستی توانای ڕێکخستنی بەندینخانە قەرەباڵغەکانی هەبێت. گرینکویچ باس لەوە دەکات کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ٦٠ سەربازی سوپای سوریای دیموکرات لە کۆرسێکی ڕاهێنان دەرچوون کە مەبەست لێی وەرگرتنی ڕاهێنانی پرۆفیشناڵانەیە بۆ پاسەوانەکان. بەوردتر، هێزی هاوپەیمانی «ڕێگەی ناتوندوتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیندانییەکان» فێردەکات لەگەڵ جەختکردنەوە لە بایەخدان بە مافەکانی مرۆڤ. لەپاڵ ئەمەشدا هاوپەیمانی هەوڵدەدات گەرەنتی ئەوە بکات زیندانییەکان شوێنی نیشتەجێبوون و خواردنیان هەبێت لەگەڵ ئەو پێداویستییە پزیشکیانەی پێویستیانە بەدەستیان بگات. لەکاتێکدا گرینکویچ ئەوەی خستوەتەڕوو هێزی هاوپەیمانی «لەکاتی دیاریکراودا» سەرکردەی باڵا دەنێرێت تا ئەوەی  بزانن بارودۆخی بەندینخانەکان چۆنە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی نییە تا بتوانێت مامەڵەی گونجاو بچەسپێنێت و جێبەجێی بکات. هەرچەندە مێلیسا داڵتن هیچ راپۆرتێکی نەبینیوە باس لە «سەرپێچی جدی» سوپای سوریای دیموکرات بکات لە بەندینخانەکاندا، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کە ڕەنگە ئەو دۆخە بگۆڕێت لەئەگەری کشانەوەی سوپای ئەمریکی. داڵتن دەشڵێت: «پرسی ئەوە هەیە کە سوپای ئەمریکا تا چەنێکی تر لەوێ دەمێنێتەوە و چەندێک دەبێت ئەم کێشەیە بەجدی سەیر بکرێت». چارلس لیستەر باس لەوە دەکات کە شارەزایان هیچ چارەسەرێکی باش نابینن بۆ ئەو کێشەیەی کە چۆن مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵە زۆرە ئاوارە ناوخۆییانەی کەمپەکان و زیندانەکان- بەتایبەتی ئەگەر سوپای ئەمریکا بکشێتەوە وەک ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوەی کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە ئەوەیە ئەمریکا هێشتا دیدگایەکی ڕۆشنی نەخستوەتەڕوو بۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە بەرەوپێشچوونی سوریادا. لیستەر ئەوەش دەخاتەڕوو، «ئەگەر ئێمە بمێنینەوە، هەرچەندە ئامادەییەکی کەمیشمان هەبێت، ئەوا دەبێت پلانێکی مەودا درێژ هەبێت کەخەرجکردنی پارەی زیاترو وەبەرهێنانی زیاتری ژێرخان لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کەمپانە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەگەر پلانی بەجێهێشتنی سوریامان هەبێت، جا دانبنێن بەوەدا  بۆ رای گشتی یاخود نا، ئەوکات دەبێت زۆر بەجدی کاربکەین لەپشت پەردەوە تا ئەوەی وڵاتێکی تری ئەستۆگر وەک جێگرەوە بدۆزینەوە».