هاوڵاتی هەنگاوە نوێیەکانی دسەڵاتدارانی تورکیا بەرانبەر بەکورد پێش دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئەستەنبوڵ خوێندنەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری کورد‌و شارەزا لە کاروباری تورکیا هەرچەندە پێیوایە ئەو هەنگاوانە «تاکتیکی ئەردۆغان و ئەکەپەیە»، بەڵام بەپێویستی دەزانێت کورد بەشێوەیەکی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات. دوای هەشت ساڵ لە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەو رێگەنەدان بە پارێزەرەکانی بۆ بینینی، تورکیا لەم مانگەوە بەتەواوی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان هەڵگرت و بەو هۆیەشەوە ئۆجالان دوو پەیامی بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەکات. ئۆجالان هەروەها لەڕێگەی نوێترین پەیامییەوە کۆتایی بە گۆشەگیریی ئەندام و لایەنگری هەدەپە و زیندانیانی کورد لە باکوری کوردستان هێنا، کە ماوەیەکی درێژ بوو بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان مانیان لە خواردن گرتبوو. هەنگاوەکەی تورکیا راستەوخۆ دوای دۆڕانی پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هات لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییە لەهەردوو گەورە شاری ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی هەدەپە پشتیوانی لە پارتی گەلی کۆماری جەهەپە کرد کە رکەبەری سەرسەختی ئەکەپەیە. محەمەد ئەمین پێنجوێنی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی پێیوایە، ئەم هەنگاوەی تورکیا بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەوەوە هەیە کورد رۆڵی هەیە لە سیاسەتی تورکیا و کورد دەتوانێت رێگری بکات لەسیاسەتی حکومەتی ئێستای تورکیا و دەتوانێت یارمەتیدەریش بێت لەهەمانکاتدا. وتیشی «کورد پرسێکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە حساباتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیشی بۆ دەکرێت، ئەردۆغان لەسەرووی هەمویانەوە بۆی مەعلوم بوو بەو هاوکارییەی لەگەڵ مەهەپە کە ویستیان لە بزوتنەوەی کورد بدەن و لەناوی ببەن، بۆیان نەکراو کورد توانی بە سیاسەت تۆڵەی خۆی لەئەردۆغان بکاتەوە، کاتێک بە هاریکاری ژێربەژێر یان ئاشکرا لەگەڵ جەهەپە توانی شکست بە ئەکەپە بهێنێت لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ، بۆ حکومەتی تورکیا مەعلوم بوو کە کورد رۆڵی هەیە، هێرش و فشارەکانی سەر هەدەپەو پەکەکە دادیان نادات و بۆیان ناچێتە سەر». لەسەر ئاستی فەرمی تائێستا هەدەپە دەڵێت هاوشێوەی پێشوو پشتیوانی لە جەهەپە دەکات، بەڵام دیار نییە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دوبارە لە ئەستەنبوڵ بەردەوام دەبن لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، بەهۆی نەرمی نواندنی ئەکەپە بەرانبەر دۆسیەی کورد لە ئێستادا. لەبارەی چۆنیەتی سود وەرگرتن لەو دۆخە نوێیە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی پێیوایە حزبە کوردیەکان و پەکەکە پێویستە بە «مەنتیقی و عەقڵانی» دیراسەی ئەو پرسە بکەن، ئەردۆغان ئامانجی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا ئەستەنبوڵ بەدەستبهێنێتەوە، پێدەچێت هەندێک هەنگاوی دیکەش بنێت بەرانبەر کورد بۆ پیشاندانی نیازپاکی، بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەلای خۆیدا رابکێشێت و بەو پیلانە دەیەوێت سەربکەوێت. وتیشی «کورد تا ئێستا ئەوەندەی من بزانم لەسەر ئەوە سورن کە دەنگی خۆیان نادەن بە ئەکەپە، بەردەوام دەبن لە هاریکاریکردنیان لەگەڵ جەهەپە هەرچەندە دا‌واشیان لە جەهەپە کردووە کە هەڵوێستی سیاسەتی روونی هەبێت بەرانبەر دۆسیەی کورد‌و گرتنی ئۆجالان، نامەکەی ئۆجالانیش سیاسی و دیبلۆماسی بوو لەکاتی خۆیدا بوو، کە تێیدا جەختدەکاتەوە ئەمە دیالۆگ نییە لەگەڵ حکومەت، بەڵام داوا لەحکومەت دەکات بکەونە دیالۆگ بۆ ئەوەی ئاشتییەکی راستەقینە بەدیبێت لە تورکیا‌و چارەسەری پرسەکە بکرێت. پێشیوایە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت زیاتر یارییەکی حکومەتی تورکیایە، بۆ ئەوەی ئەستەنبوڵ بباتەوە، هەرچەندە ناچار بووە سازش بکات بۆ کورد لە پرسی، لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان. ئۆجالان لە نامەکەیدا ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، بەڵام تائێستا دیار نییە ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە یان نا کە لەدوای هەرەسهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥ەوە راوەستاوە. لەو کاتەوە شەڕی سەخت لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، دوای دووساڵ ئارامی بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە، ئەو پڕۆسەیەی هەر لەسەر پەیامێکی ئۆجالان دەستیپێکرد گەیشتە ئەو رادەیەی پەکەکە بیر لەچەکدانان بکاتەوە. محەمەد ئەمین پێنجوێنی پێیوایە هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ زەنگێک بوو بۆ ئەردۆغان، کە بۆی مەعلوم بوو بەبێ کورد ناتوانێت لەو شارە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەدەپەو جەهەپەو ئەگەری بەردەوامی یان پچڕانی ئەو پەیوەندییە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی «قیاداتی جەهەپە و سەرکردەکانیان هەر عەقڵیەتی کەمالیستە و ئینکاری لە وجودی کورد و مەسەلەی کورد دەکەن و دەڵێن پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی نییە، بەڵام لەناو ئەوانیشدا رەوت هەیە کەدەڵێن پێویستە مامەڵە لەگەڵ کورد بکەین، ئەو ململانێیەش هەیە لەناو ئەواندا». وتیشی «هەدەپە بەشێوەیەکی تەکتیکی هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە کرد، بۆ ئەوەی پیشانی حکومەتی ئەردۆغانی بدات کە کورد بوونی هەیە و کارتەکەیان رۆڵی هەیە». تا ئێستا دیار نییە ئەگەر ئەردۆغان لەدوبارەکردنەوی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵدا جارێکی تر شکستدەهێنێت یان نا، دیاریش نییە دوای ئەو هەڵبژاردنە هەڵوێستی بەرانبەر کورد چۆن دەبێت. محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی «ئەوەی توانی کردی بەرانبەر هەدەپەو پەکەکەو کورد، هەموو کارتەکانی بەکارهێنا، هەموو شێوازی داپڵۆسینی بەکارهێنا، لەدەستدانی ئەستەنبوڵ زەنگێکی گەورە بوو، چونکە ئەوان پێشتر بە دەنگی کورد هاتنە سەر دەسەڵات، ئێستاش بەدەنگی کورد شکستەکانیان دەستیپێکردووە، ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دارایی ئەمریکا نەتوانێت فشار لەسەر تورکیا دروستبکات، کورد دەتوانێت دەسەڵاتی ئەردۆغان بەرەو لەناوچوون ببات». هەروەها پێشبینیدەکات، حکومەتی ئێستای تورکیا ناتوانێت تا دوو بۆ سێ ساڵی دیکە حکوم بکات، چونکە بڕیارێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە کە دەبێت دەسەڵاتی ئەکەپە نەمێنێت یان کەمبێتەوە لەتورکیا، دۆزی کوردیش بەرەو باشی دەڕوات. لەبارەی مانگرتنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی باسی لەوەکرد، ئەو مانگرتنە شتێکی گەورە بوو، لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ رۆژ خەڵک مانیان گرت لەخواردن و خواردنەوە، گەیشتنە ئامانجەکەیان و تورکیا گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان هەڵگرت و توانیان بە چەکی مانگرتن چۆک بەحکومەت دابدەن. لەمانگرتنەکاندا هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش باری تەندروستیان رووی لەخراپی کرد.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم عه‌مید فه‌ره‌یدون عومه‌ر، به‌رێوه‌به‌رى گشتى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، ره‌خنه‌ى هاوڵاتیان له‌سه‌ر رسوماتى ژینگه و پاره‌ى رێگاوبان له‌جێگه‌ى خۆیدایه، به‌ڵام بڕیارى وه‌رگرتنى ئه‌و پارانه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ده‌رچووه که سندوقى تایبه‌ت به رێگه‌وبان دابنرێت و ئه‌و پارانه بچێته ئه‌و سندوقه‌وه، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سندوقه کارا نییه و جێبه‌جێنه‌کراوه. عه‌مید فه‌ره‌یدون له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی ئاماژه به‌وه‌ده‌کات، داهاتى مانگانه‌یان سه‌رو 10 ملیار دیناره، که له سه‌دا 17ى وه‌رده‌گیرێت بۆ په‌ره‌پێدانى هاتوچۆ و ئه‌و پرۆژانه‌ى ده‌یخه‌نه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه له دانانى هێماکانى هاتوچۆ و رێگاکانى ناو شار‌و دانانى هێماکانى نێوان شار‌و شارۆچکه‌کان و تاسه‌ى پلاستیکى که چه‌ندین ملیار دینارى بۆ خه‌رج ده‌که‌ن له‌مساڵدا. هاوڵاتی: دواى ده‌ستبه‌کاربوونتان چیتان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى رۆتینات نه‌هێڵن؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: هه‌ر که ده‌ستبه‌کاربوم تێبینى ئه‌وه‌م کرد قه‌ره‌باڵغیه‌کى زۆر له‌ناو به‌رێوه‌به‌رایه‌تى هه‌یه، کارى هاوڵاتیان تاڕاده‌یه‌ک دواده‌که‌وت، بۆنمونه رۆژانه چه‌ندین که‌س ده‌هاتنه لام و ته‌له‌فونیان بۆ ده‌کردم، تێبینیم کرد رۆژانه 700بۆ800 که‌س مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان رایى ده‌کرد که قهرهباڵهغیهکى زۆر زۆریش هه‌بوو، بۆیه پێداچونهوهیهکمان کرد به شێوازى کارکردن‌دا، توانیمان تواناى کارکردن زۆر بهرزیبکهینهوهو رۆژانه هه‌زارو بۆ هه‌زارو 500 مامه‌ڵه ته‌واو ده‌کرێت له‌ئێستادا. یه‌کێکى دیکه له‌و کارئاسانیانه ئه‌وه‌یه که تۆمارمان نه‌هێشت، به‌ڵگه‌ى کۆمپیوته‌ر حوجهیه له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا، سجیلاتهکان ژماره‌یه‌ک کارمه‌ندى به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردبو، کارى ترمان پێسپاردن و شوێنى ترمان پى پڕکردنه‌وه به‌و کارمه‌ندانه و ئێستا به سیستمى ئه‌لیکترۆنى کاره‌کان رایى ده‌که‌ین. هاوڵاتی: به‌شێک له هاوڵاتیان گله‌یى ئه‌وه ده‌که‌ن رسوماتى هاتوچۆ زۆره له تازهکردنهو و مامه‌ڵه‌کانى هاتوچۆدا؟ چیتان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بژێوى ژیانى هاوڵاتیان بگونجێت؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: راستى هه‌رچى ره‌خنه له‌سه‌ر رسوماتى ژینگه و ئه‌و بابه‌تانه ده‌گیرێت له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه له شوێنى خۆیدایه و هاوڕام له‌گه‌ڵیاندا، به‌داخه‌وه به‌شێک له هاوڵاتیان ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌مان لێده‌گرن ئێمه رسوماتى رێگه‌وبانیان لێوه‌رده‌گرین ئه‌وه‌ش حاڵى رێگه‌وبانه‌کانه، له‌راستیدا ئێمه پێمان خۆش نییه و زۆر نیگه‌رانین، به‌ڵام خۆشتان ئاگادارن مانگى 12ساڵى رابردوو بریار له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ده‌رچوو که سندوقى تایبه‌ت به رێگه‌وبان دابنرێت، ئه‌و پارانه بچێته ئه‌و سندوقه‌وه و تائێستا ئه‌و سندوقه کارا نییه و جێبه‌جێنه‌کراوه، وه‌ک جاران هه‌موو ئه‌و رسوماتانه‌ى که وه‌رده‌گیریت له ژینگه و ریگاوبان وه‌ک رسوماتهکانى تر‌ى هاتوچۆ له سه‌دا 83ى ده‌بێته داهاتى گشتى و ده‌چێت بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و له سه‌دا 17ى ده‌بیته داهات بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ خه‌رجى ده‌کاته‌وه بۆ په‌ره‌پێدانى هاتوچۆ. هاوڵاتی: ئه‌و داهاتانه‌ى که هه‌یه له مانگێکدا چه‌نده؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: ماوه‌ى نۆ مانگه ده‌ستبه‌کاربووم، داهاتمان مانگانه سه‌رو 10 ملیار دیناره، که رێژه‌که به رێژه‌ى له سه‌دا 17 وه‌رده‌گیرێت بۆ په‌ره‌پێدانى هاتوچۆ له خه‌رجییه جێگره‌کانى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى و ئه‌و پرۆژانه‌ى ده‌یخه‌ینه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه له دانانى هێماکانى هاتوچۆ و بۆیه کردنه‌وه‌ى رێگاکانى ناو شار‌و دانانى هێماکانى نێوان شار‌و شارۆچکه‌کان و تاسه‌ى پلاستیکى که چه‌ندین ملیار دینارى بۆ خه‌رج ده‌که‌ین له‌مساڵدا. هاوڵاتی: تاچه‌ند خۆت دهستکراوهیت؟ ئایا کۆسپ له‌به‌رده‌م کاره‌کانتاندا بوونى هه‌یه؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر:راستى په‌یوه‌ندى ئۆرگانى خۆمان زیاتر له‌گه‌ڵ به‌ریوبه‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆ له‌هه‌ولێر و وه‌زاره‌تى ناوخۆدایه، ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى که‌من لێره‌م له روى دابه‌شکردنى پرۆژه‌کان و ئه‌وانه له‌راستیدا هه‌نگاوى باش نراوه بته‌وێت و نه‌ته‌وێت کۆسپ هه‌بووه وه‌ک هه‌ندێک رۆتیناتى ئیدارى و هه‌وڵمانداوه به‌سه‌ریاندا زاڵ بین تا باشتر و ئاسانتر پرۆژه‌کان و کاره‌کانمان ئه‌نجام بده‌ین. هاوڵاتی: گله‌یى ده‌کرێت که ئه‌و تهندهرانهى بۆ پرۆژه‌کانى په‌ره‌پێدانى هاتوچۆ ده‌رده‌چێت بۆ خه‌ڵکى دیارى کراوه؟تا چه‌ند ئاگادارن؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: له‌راستیدا ته‌نده‌ره‌کان هه‌مووى له وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌کرێت یا له پاریزگا که زۆربه‌ى زۆرى له وه‌زاره‌ت ده‌کرێت و له‌به‌ر زۆرى که‌موکوریه‌کان هه‌وڵمانداوه شت زیاتر بۆ ئه‌م پارێزگایه بپچرین و که‌موکوریه‌کان پرکهینهوه. وتومه بۆ من گرنگ ئه‌وه‌یه که ئیشه‌که‌م بۆ بکرێت و به‌شێوازى یاسایى بکرێت و منیش به‌رپرسیار نیم و هه‌موو ئه‌وانه له‌به‌شى گرێبه‌سته‌کان ده‌کرێت، به‌ڵام خه‌ڵکێک هه‌یه گله‌یى هه‌یه و ره‌خنه ده‌گرێت و گرێبه‌ستى تهندرهکان لاى من نییه، تا ئێستا یه‌کجار که‌سێک هاته‌لام و گله‌یى کرد له مه‌سه‌له‌ى ته‌نده‌رین دا و جاریکى تر له دوباره کردنه‌وه‌که‌دا ناوى نیه و بۆکه‌سێکى تر ده‌رچووه. هاوڵاتی: هۆکار چییه مۆڵه‌تى پێدانى تاقیگه‌ى پشکنینى ئوتومبێل راگیراوه؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: له‌راستیدا من سه‌رده‌مێکى تر به‌ڕێوبه‌رى هاتوچۆ بوم به‌داخه‌وه ئه‌و کاته سه‌رده‌مى دووئیدارهى بوو، وه‌زاره‌تى ناوخۆ له سلێمانى بوو بریار وابوو که رێگهنهدهین له پێنج تاقیگه زیاتر هه‌بێت، ئه‌و پێنج تاقیگه‌یه خه‌ڵکى پرۆفیشناڵ و شاره‌زا بون، ئه‌م پشکنینه شێوازێکه له ده‌ره‌وه هێنابومان و ئه‌و که‌سانه له‌و بواره‌دا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ئیشیان کردبوو، داواکارى زۆر بوو که رێگهبدرایه زیاتر له سه‌د دانه داده‌نرا، ئێمه ره‌چاوى ئه‌وه‌مان کرد ئه‌مه بۆ سه‌لامه‌تى گیانى خه‌لکه و بۆ ئه‌وه‌ى کوالیتى دانه‌به‌زێت، چونکه که هه‌موو شتیک زۆر بوو بۆریش ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئیشیان هه‌بێت هه‌ندێکیان له‌وه ده‌چێت ئاسانکارى بۆ ئوتۆمبیله‌کان بکه‌ن و ئێستا به فعلى هه‌یه که ئێستا نوسراوى دوو کۆمپانیام له‌وانه ئیمزا کردووه که رۆژیک پێشتر پشکنینى بۆکراوه و مهرجهکانیشى تیدا نیه، ئێستا 16بۆ17 کۆمپانیاى پشکنینى ئوتومبێل بونیان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ولێر ته‌نها یه‌ک کۆمپانیا هه‌یه و دوو شوێنى کردۆته‌وه و له سلێمانى داواکارى هه‌یه بۆ زیاد کردنى. هاوڵاتی: به‌ڵام باس له‌وه ده‌کرێت ده‌یانکه‌ن به‌یه‌ک و ده‌بنه کۆمپانیایه‌کى هاوبه‌شى پشکدارى؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: ئێمه نامانه‌وێت بیکه‌ین به‌یه‌ک، ئه‌وه داواکاریه‌کى زۆرینه‌ى خۆیانه و ده‌یانه‌وێت بیکه‌نه کۆمپانیایه‌کى پشکدارى و له‌ناو خۆیاندا به‌شدارى بکه‌ن له دروستکردن و به‌رێوه‌بردنیدا و وه‌زاره‌تى ناوخۆش په‌سه‌ندى کردووه و داواى کردووه هه‌مویان یه‌کخرێن، له‌راستیدا ئێمه وه‌ک هاتوچۆ ئیجابیهتێک له‌مه‌دا ده‌بینین بۆیه پشگیرى له‌وه ده‌که‌ین، چونکه ئه‌و کاته داهاتى هه‌مویان به‌ش ده‌کرێته‌وه به‌سه‌ر هه‌مویاندا و له‌و کاته‌دا ناچێت یه‌کێک ئاسانکارى بۆ ئوتۆمبیلێک بکات تا ئیشه‌که‌ى بڕوات. هاوڵاتی: کۆمپانیاکانى پشکنینى ئوتومبێل داهاته‌که‌ى چه‌ندى بۆ هاتوچۆیه؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: تائیستا هیچى بۆ ئێمه نه‌بووه، به‌ڵام به‌شێوه‌ى ئه‌و گرێبه‌سته نوێیه وه‌ک ئه‌وه‌ى له هه‌ولێر هه‌یه، رێژه‌یه‌کى که‌م له‌و داهاته‌یان که ده‌کاته له‌سه‌دا 15 داهاتى گشتیان بۆ هاتوچۆ ده‌بێت. هاوڵاتی: کامێرا جێگیره‌کان که‌ى ده‌که‌وێته‌وه کار؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر : ئیستا ته‌نها کامێره گهرۆکهکانمان کارده‌که‌ن، جێگیره‌کان تائیستاش کارناکه‌ن، چونکه ئه‌و گرێبه‌سته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه که کراوه هه‌ندێک که‌موکورتى تیدا بوو لیژنه‌ى لیکۆڵینه‌وه‌ى بۆ پێکهات. دواجار بڕیار بوو ئه‌و گرێبه‌سته چالاک بکرێته‌وه و ژماره‌ى کامێره‌کان زیاد بکرێت له 29 دانه‌وه بۆ 150 کامێراى جێگیر له پارێزگاى سلێمانى له‌گه‌ڵ هه‌مان کۆمپانیا واژۆ کراوه بۆ زیادکردنى، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادارم جارێ راگیراوه. هاوڵاتی: چه‌ند ئوتۆمبیل له پارێزگاى سلێمانى بوونیان هه‌یه؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: له هه‌موو پارێزگاى سلێمانى 500 بۆ600هه‌زار ئوتومبێل هه‌یه، له هه‌موو هه‌رێمدا یه‌ک ملیۆن و 700 هه‌زارى تێدایه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره زۆریه‌ى ئوتومبێلدا جاده و شه‌قامه‌کان وه‌ک خۆیانن که پێوستمان به چه‌ندین ئه‌نده‌ر پاس هه‌یه نیمانه. یه‌کێک له گرنگترین گرفته بنه‌ره‌تیه‌کان له ناو سلێمانیدا که ره‌وشى ئێمه‌ى قورس‌تر و گرانتر کردوه نه‌بونى گواستنه‌وه‌ى گشتییه‌و که‌رتێکى ناچالاکه، به‌هۆى نه‌بونى گواستنه‌وه‌ى به‌کۆمه‌ڵه‌وه خه‌ڵک ناچاره ئوتومبێلى خۆى به‌کاربهێنێت که بۆته هۆى قه‌ره‌باڵغى جاده و شه‌قامه‌کان. هاوڵاتی: دروستکردنى شه‌قامى سه‌د مه‌ترى لۆدى هاتوچۆ له‌سه‌ر ناوشار که‌مده‌کاته‌وه؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر: دروستکردنى شه‌قامى سه‌د مه‌ترى سودى خۆى هه‌یه و کار ناکاته سه‌ر شه‌قامه‌کانى ناوه‌وه‌ى سلێمانى، لۆد که‌مده‌کاته‌وه، بۆنمونه له‌سه‌ر شه‌قامى شه‌ستى و مه‌نتیقه‌ى سه‌رچنار و رێگه‌ى تانجه‌رۆ و دوکان، ئه‌وه گرنگه ئه‌و شه‌قامى سه‌د مهتریهى که دروست ده‌کرێت تاچه‌ند ده‌به‌سترێته‌وه به تۆڕه‌کانى تر‌ى شه‌به‌که‌ى رێگاوبان له‌ناو شاردا. جا له‌راستیدا ئێمه بیرمان له‌وه کرده‌وه له نه‌بونى گواستنه‌وه‌ى به‌کۆمه‌ڵ و پرد و نه‌فه‌ق و ئه‌وانه‌دا ئاراسته‌ى هه‌ندیک رێگه پێچه‌وانه بکه‌ینه‌وه پلانه‌که سه‌رکه‌وتوو بوو که‌له‌چه‌ند شه‌قامێکى ناو سه‌نته‌رى شارى سلێمانى ئه‌نجامماندا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانویست نه‌یهێناوه‌ته دى، یه‌که‌م زیاده‌رۆیى زۆرى ده‌ستگێر و عه‌ره‌بانه‌کان له‌سه‌ر شۆسته و شه‌قامه‌کان، به‌شێکى پیاده‌ڕه‌و هاوکارمان نیه هه‌ر که‌سه و له‌هه‌ر کوى ویستى ده‌په‌ڕێته‌وه و ئه‌ڕوات به‌تایبه‌ت له‌دواى ته‌واوبوونى ده‌وام له دوانیوهرواندا ئه‌و شه‌قامانه‌ى ئاراستهکهیمان گۆڕیوه قه‌ره‌باڵغیه‌کى زۆریى هه‌یه. هاوڵاتی: باس له‌وه ده‌کرێت پلانتان هه‌یه قۆناغى دووه‌مى گۆرینى هه‌ندێ ئاراسته‌ى تر ئه‌نجام بده‌ن، که‌ى ده‌کرێت؟ فه‌ره‌یدون: قۆناغى دووه‌م په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به قۆناغى یه‌که‌مه‌وه که نه‌توانى ئه‌وه‌ى یه‌که‌م جیبهجێبکهیت وه‌ک ئه‌وه‌ى پلانى بۆ دانرابوو ئه‌وه‌ى دووه‌میش گرفتى بۆ دروست ده‌بێت بۆیه جارێ رامانگرتووه، ئه‌و زۆنه‌ى ده‌ستکارى کراوه تا نیوه‌رۆ باشه، له‌گه‌ڵ شاره‌وانیش کارمان کردووه بۆ ئه‌وه، به‌ڵام نه‌بونى دامه‌زراندن و بێ کارى واى کردووه نا‌توانیت فشار له ده‌ستگێر و عه‌ره‌بانچییه‌کان بکه‌یت له‌و شوێنانه نه‌وه‌ستن. هاوڵاتی: چۆن کارئاسانى بۆ ئوتومبێله بێ سه‌ره‌تاکان ده‌که‌ن تا تابلۆیان پێبده‌ن؟ فه‌ره‌یدون عومه‌ر : به‌پێى ئه‌و رینماییه ساڵى 2017 بریار دراوه ئوتۆمبێلى بێ سه‌ره‌تا تۆمار بکرێت و به ژماره‌ى ساخته نه‌سوڕێنه‌وه، به‌ڵام وه‌ک تێبینى کرا که ئوتومبێله کۆنه‌کان که‌متر به‌ده‌م رێنماییه‌که‌وه چوبوون، ئه‌مساڵ هه‌مان رینمایی کارا کراوه‌ته‌وه به‌هه‌ندێک هه‌موارکردنه‌وه جێبه‌جێ ده‌کرێت، هه‌موارکردنه‌وه له‌سه‌ر پێشنیارى ئێمه بوو، چونکه وتمان ئه‌و ئوتۆمبێله کۆنانه چونکه رسوماتهکانى زۆرن نایه‌ن به‌ده‌م بانگه‌وازه‌که‌وه رسوماتهکانیان بۆ که‌مبکه‌نه‌وه، خۆشبه‌ختانه رسوماتى پێدانى تابلۆیان بۆ که‌مکراوه‌ته‌وه به جۆرێک که هه‌موو ئه‌و ئوتۆمبیلانهى مۆدیل 1994 تا 2000 له‌سه‌دا 70 بۆیان داشکێنرا و ته‌نها له‌سه‌دا 30یان لێوه‌رده‌گیرێت و ئه‌وانه‌ى مۆدیل 2000 بۆ 2005 له‌سه‌دا 50ى بۆ داشکینراوه.
هاوڵاتی ٤٠٠ ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکا رایانگه‌یاندوه، ھاوپه‌یمانه‌کانیان له سوریا رووبه‌ڕووى ھه‌ڕه‌شه بووه‌نه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌مریکا رۆڵى یه‌کلاکه‌ره‌وه ببینێت له سوریا‌و ھێزه‌کانى له‌و وڵاته بھێڵێته‌وه. ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه تورکیا داواى دروستکردنى ناوچه‌یه‌کى ئارام ده‌کات که کورد خواستى له‌سه‌ر نییه. له‌نامه‌یه‌کدا بۆ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکى وڵاته‌که‌یان کۆنگرێسمانه‌کان داوایان له تره‌مپ کردووه، هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له سوریا بمێنێته‌وه ئه‌وه‌ش له پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گرووپه تیرۆرستییه‌کان و پاراستنى ھاوپه‌یمانه‌کانیان که مه‌به‌ست لێى، هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته له زۆرینه‌ى کورد پێکیدههێین و توانییان سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دوا مۆڵگه‌ى داعشدا تۆماربکه‌ن له سوریا. سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا بڕیارى کشانه‌وه‌ى به‌شێک له ھێزه‌کانیدا له سوریا که نیگه‌رانى به‌شێک له ئیدارهکهیى به دواى خۆیدا ھێنا، له‌گه‌ڵ زیادبوونى گوشاره‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر کورد، ئه‌مه‌ریکا هه‌نگاوه‌کانى کشانه‌وه‌که‌ى خاوکرده‌وه‌و تورکیاش داوای‌کرد ناوچهیهکهى ئارام به درێژایى ٣٠ کیلۆمه‌تر له باکورى دروستبکرێت که مه‌بست لێى دورخستنه‌وه‌ى هیزه‌کانى سوریاى دیموکراته. دوکتۆر ئامى هۆڵمز توێژه‌رى زانکۆى هارڤارد، پێى وایه ئه‌گه‌ر ناوچه‌ى ئارام له باکوورى سووریا له‌لایه‌ن تورکیاوه دروست بکرێت، ئه‌وا ژماره‌یه‌کى زۆر ئاواره ده‌بن و به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان کۆچ ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه هه‌ولێر دژى دامه‌زراندنى ناوچه‌ى ئارامه له‌لایه‌ن تورکیاوه. تورکیا له دژى هێزه‌کانى یه‌په‌گه‌و هه‌سه‌ده ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌کى پارێزراو له باکوورى سووریا به قووڵایى 30 کیلۆمه‌تر و درێژیى 400 کیلۆمه‌تر دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگرى له ده‌سه‌ڵاتى هێزه کوردییه‌کان له باشوورى ئه‌و وڵاته بکات. له چه‌ند مانگى ڕابردوودا دانووستانى نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر درووستکردنى ناوچه‌ى پارێزراو و ئه‌وه‌ى که چ لایه‌نێک ئه‌و ناوچه‌یه کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه، درێژه‌ى هه‌یه، به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا ئه‌نجامێکى لێنه‌که‌وتۆته‌وه. دوکتۆر ئامى هۆڵمز مامۆستاى بانگهێشتکراو له زانکۆى هاروارد و توێژه‌رى ئه‌نیستیتۆى ویلسۆن له وتارێکدا له‌باره‌ى چاره‌نووسى ناوچه‌ى پارێزراو ده‌نووسێت «ئه‌مریکاش خواستێکى بۆ درووستکردنى ناوچه‌ى ئارام له باکوورى سووریا نییه که تورکیاوه سه‌رپه‌رشتى بکات. وتیشى «به له‌به‌رچاوگرتنى مێژووى کوشتنى مهسیحییهکانى ناوچه‌که، له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانییه‌کانه‌وه، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر هێزى تورکیا له باکوورى سووریا جێگیر ببێت، ئه‌وا ئاواره‌بوونى مهسیحییهکانى ئه‌و ناوچه‌یه لێبکه‌وێته‌وه که زۆرینه‌یان لهناوچهکانیى ژێر کۆنتڕۆڵى کورددان» هه‌روه‌ها وتى «ته‌نانه‌ت هه‌رێمى کوردستانى عێراقیش که له ناوچه‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کى دۆستانهترى له چاو دیکه‌ى ده‌وڵه‌تان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه، دامه‌زراندنى ناوچه‌ى پارێزراو له باکوورى سووریا قبووڵ ناکات، چوونکه له پاشهاته نه‌رێنییه‌کانى ئه‌و بابه‌ته ده‌ترسێت له ئه‌گه‌رى ئاواره‌بوون و کۆچى ژماره‌یێکى زۆر له خه‌ڵکى ئه‌و ناوچه‌یه بۆ هه‌رێمى کوردستان». دوکتۆر ئامى هۆڵمز له وتاره‌که‌ى که له ماڵپه‌ڕى په‌یمانگاى نه‌شناڵ ئینترستدا بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ى به‌وه کردووه که له‌م دواییه‌دا هه‌رێمى کوردستانى عێراق له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ڕزگارى بووه و هێشتاش نزیکه‌ى یه‌ک و نیو ملیۆن ئاواره‌ى شه‌ڕى داعش له‌و ناوچه‌یه‌دان. ناوبراو ته‌ئکیدى کرده‌وه که ئه‌گه‌ر تورکیا له ناوچه‌ى باکوورى سووریا به بیانووى درووستکردنى ناوچه‌ى ئارام، جێگیر ببێت، ئه‌وا ژماره‌یه‌کى زۆر له خه‌ڵکى ناوچه‌که که نیگه‌رانییان له‌سه‌ر تهعامولى ڕابردووى تورکه‌کان هه‌یه، ناچار ده‌بن ئه‌و ناوچانه بهجێبهێڵن. دوکتۆر هۆڵمز پێشبینى ده‌کات که ئه‌گه‌ر سوپاى تورکیا بچێته ناوچه‌ى ژێر کۆنتڕۆڵى کورد له باکوورى سووریا، ئه‌وا نزیکه‌ى 300 بۆ 400 هه‌زار که‌س له دانیشتوانى ناوچه‌که ئاواره ده‌بن و ڕێگایه‌کیان جگه له په‌نابردن بۆ هه‌رێمى کوردستان، له به‌رده‌مدا نییه، به‌م بۆنه‌وه هه‌ولێر که په‌یوه‌ندییه‌کى دۆستانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره هه‌یه، دروستکردنى ناوچه‌ى پارێزراو له باکوورى سووریا، له‌لایه‌ن تورکیاوه قبووڵ ناکات. مامۆستاکه‌ى زانکۆى هاروارد هۆشدارى ده‌داته ئه‌مریکا که تورکیا له ساڵى 2003دا پێشنیازى ئه‌مریکاى ڕه‌تکرده‌وه و ئیزنى به‌و وڵاته نه‌دا خاکى تورکیا بۆ داگیرکردنى عێراق به‌کار بهێنێت، واشنتۆنیش به شێوه‌ى ڕاشکاوانه دروستکردنى ناوچه‌ى عشقشه له باکوورى سوریا له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه، قبووڵ نه‌کات و کۆتایى به‌و بابه‌ته بهێنێ.
هاوڵاتى ره‌وشى بازرگانى هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و بوژانه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت و له‌ماوه‌ى چوار مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا، زیاتر له ٥٠ کۆمپانیاى نوێى بازرگانى تۆمارکراون و قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نزیکبووه‌ته‌وه له‌ساڵى ٢٠١٣ . له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى له‌ساڵى ٢٠١٤، به‌هۆى دابه‌زینى گه‌وره‌ى نرخى نه‌وت و خه‌رجییه‌کانى شه‌ڕى دژى داعش و بڕینى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، که‌رتى بازرگانى هه‌رێم زیانى گه‌وره‌ى به‌رکه‌وت و قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو نزم بووه‌وه. به‌ڵام له‌مساڵدا و له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا، له‌سه‌ر یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق، که‌رتى بازرگانى و پیشه‌سازى رووى له بوژانه‌وه کردووه و له ئاستى پێش قه‌یرانى دارایى نزیک بووه‌ته‌وه. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى له وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم به هاوڵاتى راگه‌یاند، که‌رتى بازرگانى هه‌رێم له بوژاندنه‌وه‌دایه، رۆژانه که‌ره‌سته‌یه‌کى زۆر هاورده ده‌کرێت، چ ئه‌وه‌ى دێته هه‌رێمه‌وه یان هه‌نارده‌ى ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست و خواروى عێراق ده‌کرێت. وتیشى «به‌هۆى ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى کوردستان سه‌قامگیریى هه‌یه له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه تا مانگى چوار ٥٣ کۆمپانیاى تازه بۆ بازرگانى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکان دامه‌زراون، که به‌راورد به هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو رێژه‌که به‌رزبووه‌ته‌وه که ٢٠ کۆمپانیا بوون». ئاشکراشیکرد، قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم و وڵاتانى دراوسێ نزیکبووه‌ته‌وه له ساڵى ٢٠١٣، له‌گه‌ڵ ئێران نزیکه‌ى شه‌ش ملیار دۆلاره، له‌گه‌ڵ تورکیا ١٢ ملیار دۆلاره. به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم، له‌ئێستادا سێ هه‌زار کۆمپانیاى بازرگانى له هه‌رێمى کوردستان تۆمارکراون، که له بوارى جیاجیادا کارده‌که‌ن. هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا، له‌سه‌ر چه‌ندین پرسى ئابورى و بازرگانى رێککه‌وتن، ئه‌وه‌ش به هۆکارێکى پشت گه‌شه‌ى بازرگانى هه‌رێم داده‌نرێت. یه‌کێک له رێککه‌وتنه‌کان، تایبه‌ته به کارکردنى عێراق به یاساى ٢٢ى ١٩٩٨ تایبه‌ت به بازرگانى که تایبه‌ته به‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکان له‌ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى کوردستان وه‌رنه‌گرتنى باج له‌هه‌ر کۆمپانیایه‌ک که له هه‌رێمه‌وه کاڵا هه‌نارده‌ى ناوچه‌کانى عێراق بکات. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «پێشتر کێشه‌مان هه‌بوو له‌گه‌ڵ عێراق له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌وانه‌ى ده‌یانویست به‌رهه‌مى کارگه‌کانیان له هه‌رێمه‌وه بنێرنه ناوچه‌کانى عێراق رێگریان لێده‌کرد، ده‌یانوت به‌بێ گومرگ نابێت و مامه‌ڵه‌ى کاڵاى هاورده‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرد، ده‌یانوت کاڵاکه به‌رهه‌مى تورکیا بێت یان هه‌ولێر جیاوازى نییه«. رونیشیکردهوه «دواى چه‌ند دانیشتنێک له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، حکومه‌تى عێراق گه‌یشتینه ئه‌و درهنجامهى یاساى ژماره ٢٢ جێبه‌جێ بکرێت، ئیتر ئه‌و کێشه‌یه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌ما، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌مان یاسا و رێنماییه، ئه‌و گومرگ و رسوماتانه‌ى له خاوه‌ن کارگه‌کان وه‌رده‌گیرا نه‌ما». له ئێستادا به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه‌ى له‌ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق کاریانده‌کرد، شوێنى کارکردنیان گواستووه‌ته‌وه هه‌رێمى کوردستان، به‌هۆى چه‌ندین هۆکاره‌وه که یه‌کێکیان په‌یوه‌ندى به کارئاسانییهوه هه‌یه بۆ بازرگانه‌کان. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م باسى له‌وه‌کرد، به‌زۆرى ئه‌و کۆمپانیایانه‌ى له پارێزگاکانى باشور و ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق کاریانکردووه، ئێستا روویان له هه‌رێمى کوردستان کردووه، چونکه سنوره‌کانى عێراق بۆ نمونه ئوم قه‌سر کاڵاکان به مانگێک یان ٢٥ رۆژ ئینجا ده‌رباز ده‌بن، له‌کاتێکدا له هه‌رێمى کوردستان بۆ نمونه ئیبراهیم خه‌لیل له‌هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ى هاورده‌ده‌کرێت کاڵاکان داخڵدهبێت، واته خه‌رجى مانه‌وه‌ى کاڵا نادات، به پێچه‌وانه‌ى عێراقه‌وه که خهرجییهکهش ده‌چێته سه‌ر کاڵاکه و نرخه‌که‌ى گرانتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێیوایه سه‌قامگیریى دۆخى ئه‌منى و ئاسانکاریى بۆ کۆمپانیا بازرگانییه‌کان که له هه‌رێم کارده‌که‌ن و کاڵاکانیان ده‌گوازنه‌وه پارێزگاکانى عێراق هۆکارى گواستنه‌وه‌ى کارى کۆمپانیاکانن بۆ هه‌رێم. به‌رپرسه‌که‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى پێشبینى ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه سیاسییه‌ى نێوان ئێران و ئه‌مریکا زیاتر ته‌شه‌نه بسه‌نێت، ژماره‌یه‌کى زۆرترى کۆمپانیا بازرگانییه‌کان روو له هه‌رێم بکه‌ن. تائێستا گرژییه‌کانى ئه‌مریکا و ئێران، کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وشى بازرگانى هه‌رێم دروستنه‌کردووه و نه‌بووه‌ته هۆى دابه‌زینى گه‌شه‌ى بازرگانی، هه‌رێمى کوردستانیش بڕیاریداوه له‌و پرسه‌دا پابه‌ندى بڕیاره‌کانى عێراق بێت. ئابڵوقه‌ى ئابوورى سه‌ر ئێران، له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه که به‌سێ قۆناغ جێبه‌جێکراون، له قۆناغى کۆتاییدایه، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران نه‌چێته ده‌ره‌وه، له‌کاتێکدا ساڵى رابردوو زیاتر له سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى هه‌نارده ده‌کرد، ئه‌مه وایکردووه له‌م ماوه‌یه‌دا نرخى تمه‌ن زۆر زۆر دابه‌زێت، له‌سه‌دا شه‌ستى به‌هاکه‌ى له‌ده‌ستداوه و هه‌ڵاوسان له ئێران به‌پێى سه‌رچاوه‌کان گه‌یشتووه‌ته له‌سه‌دا ٤٠. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «هه‌رێم له‌و پرسه‌دا پابه‌ندده‌بێت به‌عێراقه‌وه، هه‌ر رێوشوێنێک که حکومه‌تى عێراق به‌رانبه‌ر به ئێران وه‌ریبگرێت، ئێمه‌ش مه‌جبورین پابه‌ندبین پێوه‌ی». سزاکانى سه‌ر ئێران ته‌نها کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ندێ که‌ره‌سته‌ى خۆراکى هه‌بووه، که ئێستا ئێران هه‌نارده‌ى هه‌رێمى ناکات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شى پێداویستى ناوخۆیى وڵاته‌که ناکات. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «پێشتر له ده‌روازه‌کانى ئێران مه‌وادێکى زۆر ده‌هات که زۆر سه‌ره‌کیى نین، وه‌کو سه‌وزه و میوه و کاره‌باییات و ئه‌لیکترۆنیات و پلاستیکی، هه‌ندێک جۆر خۆراک که ئێستا به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شى ناوخۆ ناکات و که‌مبووه‌ته‌وه ئێران هه‌نارده‌ى ناکات». «دواى ریفراندۆم که ئێران شه‌ش مانگ ده‌روازه‌کانى داخست بازرگانه‌کان روویان له شوێنى تر کرد، وه‌ک تورکیا و ئوردن و سوریا و چین، بۆیه ئێستا ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌ى پێشتر دووباره ده‌بێته‌وه، چونکه ئێران خۆى ناهێڵێت هه‌ندێ مه‌وادى خۆراک بچێته ده‌ره‌وه و بێته هه‌رێم، بۆیه زۆر زۆر ئاساییه ئه‌و بازرگانانه رێڕهڕهوى خۆیان بگۆڕن له‌جیاتى ئه‌وه‌ى له ئێرانه‌وه بیهێنن روویان کردووه‌ته تورکیا و جۆرجیا و ئۆزبه‌کستان و ئازه‌ربایجان و روسیا و زۆر وڵاتى دیکه که بوونه‌ته به‌دیلى ئه‌و مهوادهى له ئێرانه‌وه ده‌هات». باسى له‌وه‌شکرد، هۆکارێکى تر بۆ که‌مبونى ئه‌و ماددانه ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌ره‌سته خاوانهى ره‌وانه‌ى ئێران ده‌کرێن له‌ده‌ره‌وه هه‌نارده‌ى ئه‌و وڵاته ده‌کرێن، به‌سه‌دان کارگه هه‌بوو ته‌نها کارى بۆ عێراق ده‌کرد، بۆیه که ئێستا مه‌وادى خاویان بۆ ناچێت مه‌جبورن بوه‌ستن، یاخود به‌رهه‌میان که‌مبێته‌وه.
هاوڵاتی وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقه بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ى داعش جموجۆڵى تێدا ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه، دواى هێرشه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى رێکخراوه‌که. ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه چه‌کدارانى داعش، جموجۆڵیان له‌ناوچه جێناکۆکه‌کان ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى که بۆشایى ئه‌منى تێدایه له‌نێوان هێزه عێراقییه‌کان و پێشمه‌رگه. به‌هۆى هێرشه‌کانه‌وه روبه‌رێکى به‌رفراوانى زه‌وى کشتوکاڵى جوتیاران له سنورى خانه‌قین سوتاون و داعش به‌رپرسیارێتى خۆى له هێرشه‌کان راگه‌یاندووه، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رباز و پۆلیسێکى عێراقى و هاوڵاتى کوژراون و برینداربوون. جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم به هاوڵاتی راگه‌یاند، «هه‌فته‌ى پێشوو لیژنه‌ى باڵاى هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، نوسراوێکى فه‌رمیمان نارد بۆ لیژنه‌ى باڵاى هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، داوامان کردووه به زووترین کات واده‌یه‌ک دیاری‌بکرێت بۆ کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵا له‌هه‌ر شوێنێک بێت، له هه‌رێم یان به‌غدا یان موسڵ یان که‌رکوک و دیاله بێت». وتیشى «کۆبوونه‌وه‌یه‌که، بۆ دانانى رێوشوێنه بۆ دامه‌زراندنى ناوه‌نده‌کانى هه‌ماهه‌نگى و هێزه هاوبه‌شه‌کان و ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى که ئێستا جموجۆڵى داعشى تێدا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى ئه‌و نوسراوه ده‌که‌ین». ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه، له‌باره‌ى دروستکردنه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوانیاندا، له‌ناوچه جێناکۆکه‌کان و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى پاشماوه‌کانى داعش، هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌که ده‌ستیان به کۆبوونه‌وه و گفتوگۆ کردووه. رۆژى چوارى شوباتى ئه‌مساڵ، هه‌ردوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق، له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێنج لیژنه‌ى هاوبه‌شیان، بۆ تاوتوێکردنى پرسى هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوولا له ناوچه جێناکۆکه‌کان درووستکرد. پێکهێنانى ئه‌و لیژنانه دواى زیاتر له ساڵێک هات، له پچڕانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه و سوپا به‌هۆى رووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌رى ٢٠١٧ه‌وه، کاتێک سوپاى عێراق به‌ره‌و ناوچه جێناکۆکه‌کان هێرشى کرد و ته‌واوى ئه‌و ناوچانه‌ى کۆنتڕۆڵکرد که ماوه‌ى چه‌ند ساڵێک بوو له‌ژێر کۆنتڕۆڵى پێشمه‌رگه‌دا بوو. جه‌بار یاوه‌ر هۆکارى جموجۆڵه‌کانى داعشى گه‌ڕانده‌وه بۆ بوونى بۆشاییه‌کى گه‌وره له‌نێوان هێزه‌کانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و دابه‌شبوونى هێزه‌کان له‌و ناوچه‌یه. له‌دوو مانگى رابردوودا، پێنج لیژنه‌ى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق روپێوى هێڵى دابه‌شبوونى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراقیان کرد له‌ناوچه‌کانى خانه‌قینه‌وه تا ره‌بیعه، به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌کاریى بۆ چۆنیه‌تى دروستکردنه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراقدا. ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه باسى له‌وه‌کرد، له روپێویهکهدا ده‌رکه‌وتووه، له هه‌ندێک شوێن زیاتر له ٤٠ کیلۆمه‌تر بۆشایى هه‌یه له‌نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراقدا، ئه‌و بۆشاییانه‌ى له‌و ناوچانه هه‌یه نه هێزى حکومه‌تى ئیتیحادى تێدایه نه هێزى پێشمه‌رگه‌ى تێدایه، هیچ هێزێکیش ناتوانێت بچێته ئه‌و ناوچانه به‌بێ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌که‌ى دیکه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته مۆڵگه‌یه‌ک بۆ بوونى داعش له‌و ناوچانه که ده‌توانن بنکه و باره‌گا دابنێن، کرده‌ى تیرۆریستى ئه‌نجام بده‌ن، زه‌ره‌رو زیان بگه‌یه‌نن به ناوچه‌کان، که‌مین دابنێن بۆ هاوڵاتییان، بۆ هێزه عێراقییه‌کان، خه‌ڵک ده‌ڕفێنن. ئه‌و ناوچانه‌ى داعش جموجۆڵى تێدا هه‌یه، پێشتر به هاوبه‌شى له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و سوپاوه ده‌پارێزرا، به‌ڵام له‌دواى رووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر و کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌وه، هه‌ماهه‌نگییه‌که کۆتایى هات و بۆشایى ئه‌منى له‌و ناوچانه درووستبوو. له‌و کاته‌وه چه‌ندین جار وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه داواى له وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق کردووه که هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى دۆسیه‌ى ئه‌منى ناوچه جێناکۆکه‌کان، به‌ڵام هێشتا به‌غدا وه‌ڵامى داواکانى نه‌داوه‌ته‌وه. جه‌بار یاوه‌ر وتى «ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگى دروستنه‌بێت، له‌نێوان هێزه‌کانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق، جموجۆڵى داعش زیاتر ده‌بێت و ته‌شه‌نه‌ده‌کات، واده‌کات هه‌موو ئه‌و تیرۆریستانه‌ى داعش که له سوریاش نه‌مان و له‌ناوچه‌کان بڵاوبوونه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه، چونکه ئه‌و ناوچه‌یه هیچ هێزێکى لێ نییه، بۆشاییه‌که که نزیکه‌ى هه‌زار کیلۆمه‌تر درێژه له خانه‌قینه‌وه تا ره‌بیعه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته مۆڵگه‌یه‌ک بۆ داعش و هه‌ڕه‌شه‌ک بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێم». تائێستا عێراق ره‌زامه‌ندى ته‌واوه‌تى نیشاننه‌داوه له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه، به ئامانجى بنه‌بڕکردنى شانه نوستووه‌کانى داعش و کۆتایى هێنان به جموجۆڵه‌کانى ئه‌و رێکخراوه. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى جموجۆڵه‌کانى داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کى عێراق له‌ناویاندا ناوچه جێناکۆکه‌کان دواى نزیکه‌ى دوو ساڵ دێت، له راگه‌یاندنى کۆتایى هێنان به‌و رێکخراوه، له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراقه‌وه. یه‌کێک له دیارترین هێرشى شانه نوستووه‌کانى داعش له هه‌فته‌ى رابردوودا بوو، کاتێک ژماره‌یه‌ک چه‌کدارى ئه‌و رێکخراوه هێرشیانکرده سه‌ر خاڵێکى پشکنینى پۆلیسى فیدڕاڵى له‌شارۆچکه‌ى پردێ و به‌هۆیه‌وه سێ پۆلیس کوژران و دوانى تریش برینداربوون. کۆتایى مانگى رابردووش، چه‌کدارانى داعش دیمه‌نى کوشتنى کارمه‌ندێکى ئاسایشى یه‌کێتییان له‌سنوورى مه‌خمور بڵاوکرده‌وه، که چوار رۆژ پێشتر له‌چیاى قه‌ره‌چووغ ده‌ستگیریان کردبوو. جه‌بار یاوه‌ر باسى له‌وه‌کرد، داعش هه‌ر مه‌ترسى بووه، له‌وه‌ته‌ى ده‌ڵێن داعش نه‌ماوه، هه‌ر مه‌ترسى بووه، بۆ سه‌ر ئاسایشى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌که و زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان. جه‌ختیشیکرده‌وه، داعش ته‌نها وه‌کو خه‌لافه‌ت ته‌واوبووه، شارى گه‌وره‌ى به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، به‌ڵام وه‌کو رێکخراوێکى تیرۆریستى جیهانى هێشتا ماوه به‌شێوه‌ى چه‌کدار و فیکری، له‌به‌رئه‌وه رۆژانه کرده‌ى تیرۆریستى له‌ناوچه جیاجیاکانى عێراق ئه‌نجام ده‌دات، هه‌روه‌ها له لیبیا و یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان و میسر و چه‌ندین وڵاتى دیکه. جه‌بار یاوه‌ر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو داعش چالاکى زۆر گه‌وره‌ى کردووه، له‌م ماوه‌یه‌دا له‌نێوان دوبز و که‌رکوک که‌مینیان بۆ حه‌شدى شه‌عبى دانا و نزیکه‌ى ٤٠ که‌سیان کوژران، به‌رده‌وام له ناوچه‌کانى خانه‌قین و قه‌ره‌چوخ و چوارده‌ورى موسڵ کرده‌ى تیرۆریستى ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ زیادبوونى شانه نوستووه‌کانى داعش، هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى چاودێرى و هێرشکردنه سه‌ر مۆڵگه و چه‌کدارانى ئه‌و رێکخراوه‌ى له ناوچه جیاجیاکانى عێراق چڕکردووه‌ته‌وه. جه‌بار یاوه‌ر باسى له‌وه‌کرد، هاوپه‌یمانان به‌به‌رده‌وامى چاودێرى شانه نوستوه‌کانى داعش ده‌که‌ن و تا ئێستاش رۆژانه له ئاسمانه‌وه چاودێرى رێکخراوه‌که ده‌که‌ن و به‌رده‌وام بۆردومانى بنکه و باره‌گاکانیان ده‌که‌ن له‌هه‌ر شوێنێک که بنکه و مۆڵگه‌ى ئه‌و رێکخراوه‌ى لێبێت، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌کى عێراق به‌تایبه‌تى له هێڵى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و بۆردومانه‌کانیان تا ئێستا نه‌وه‌ستاوه.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن شوانە جەزا ئەکتەر و یاریدەدەری دەرهێنەری درامای سەمای تەرزە شانازی بە ڕۆڵی خۆی دەکات لە درامەکەدا سەرەڕای ئەوەی روبەرویی رەخنەیەکی زۆر بۆتەوە. هەروەها وەڵامی ئەو رەخنانەش دەداتەوە. شوانە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا دەڵێت لە هیچ شتێکی درامەکە پەشیمان نیە جگە لەوەی لەکاتی نواندا بە قسەی نیگار عوسمانی نەکردوە کە رٶلی تەرزە ئەبینێ لە درامەکەدا. لەوباریەشەوە دەڵێت "نیگار پێی ده‌وتم زیاتر عهزێتى من بده، شتێک بکه به گیانما، په‌رداخم تێبگره، قژم بسوتێنە به چه‌رخ، به‌ڵام من ده‌موت با جله‌کانمان پیس نه‌بێت، بەڵام نه‌مزانى سبه‌ینى ده‌نگدانه‌وه‌ى زیاترى ده‌بێت، بۆیه ده‌بوایه بمکردایه، به‌س له‌وه په‌شیمانم نه‌مکردووه". ڕه‌خنه‌کانی سەر من هه‌مووى ڕقى شه‌خسى یه و هیچى تر هاوڵاتی: چۆن هاتیته بوارى هونه‌رییه‌وه؟ شوانه جه‌زا: هه‌ر له منداڵیه‌وه حه‌زم به‌کارى هونه‌رى هه‌بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌تم نه‌بوو، بۆیه خوم دابووه گۆرانى و گۆرانیبێژهکانم بانگ ده‌کرد بۆ ماڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى گۆرانیم بۆ بڵێن و سوڕهیهکم لا درووست بێت، به‌ڵام یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنم، رۆژێک بوو له جاده‌ى مه‌وله‌وى دانیشتبوم، جه‌لیل زه‌نگه‌نه له‌وێوه رۆیشت، پێى وتم بۆ کارى هونه‌رى له‌وێوه ده‌ستم پێ‌کرد. هاوڵاتی: که‌ى هاتیته ناو کارى هونه‌ریه‌وه؟ تائیستا چه‌ند کارت کردووه؟ شوانه جه‌زا: له‌ساڵى2006وه هاتمه ناو کارى هونهرییەوە و تائێستا 24کارى هونه‌ریم هه‌یه، له دراما و فیلم و کورته فیلم و کارى سینه‌ما. هاوڵاتی: خه‌ڵاتى ڕیزلێنانت وه‌رگرتووه؟ شوانه جه‌زا: نۆ خه‌ڵاتى فیلم و درامام وه‌رگرتووه، ساڵى پار وه‌ک باشترین ئه‌کته‌رى 2018هه‌ڵبژێردرام، به ده‌ستى شاجوانى کوردستان خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه وه‌ک چالاکترین کارى هونه‌رى و خه‌ڵاتى باشترین ئه‌کته‌رى فیلم ى سینه‌ماى هه‌ڵۆکانى جه‌نگ، که له 42وڵات خه‌ڵاته‌که به من به‌خشرا، له سینه‌ماى دژ به تیرۆر له هه‌ولێر خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه، له دراماى تارمایى تاوان خه‌ڵاتى باشترین ئه‌کته‌رم وه‌رگرتووه و له گه‌رده‌لول دا شەهاده و ریزلینانم بۆکراوه. هاوڵاتی: یه‌که‌م کارى هونه‌ریت؟ شوانه جه‌زا: یه‌که‌م کارى هونه‌ریم به‌شدار کردنم بوو له به‌شى دووه‌مى گه‌رده‌لوول دا. رۆژێک له جاده‌ى مه‌وله‌وى دانیشتبوم جه‌لیل زه‌نگه‌نه له‌وێوه رۆیشت، پێى وتم بۆ کارى هونه‌رى له‌وێوه ده‌ستم پێ‌کرد. هاوڵاتی: کارى سه‌ماى ته‌رزه وه‌ک یاریده‌ده‌رى ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى بەشداریت، دەکرێت بۆمان باس بکه‌یت؟ شوانه جه‌زا: له‌ساڵى2009وه کاروان وه‌ک ده‌رهێنه‌رى کاره‌که، پێکه‌وه نوسیومانه و به‌ناوى خۆمه‌وه نوسى شوانه که هه‌ر ناوى خۆمه و به‌هۆى فیلمێکى سینه‌ماییه‌وه وازمان له‌و کاره هێناو ده‌رفه‌ت نه‌بوو، تا ئه‌مساڵ سپۆنسه‌رمان بۆ په‌یداکردو سیناریۆکه‌مان برد بۆ کاک عه‌بدول و به‌هاوکارى هونه‌ره جوانه‌کان کاره‌که‌مان کرد و نزیکه‌ى نۆ مانگه تا ئه‌مڕۆش ئیشى مۆنتێرى ماوه و ته‌واو نه‌بووه. هاوڵاتی: چۆن بوو تۆ وه‌ک ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى دانرایت له دراماکه‌دا؟ شوانه جه‌زا: کاروان هاوڕێمه و ئه‌یبینى که ئه‌و که‌سایه‌تیه به من به‌رجه‌سته ده‌بێت و بۆیه منى هه‌ڵبژارد، به‌خۆشحاڵیه‌وه 25کارم کردوه و نۆ خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه، به‌قه‌د ئه‌م ده ئه‌ڵقه‌یه ناوبانگم په‌یدا نه‌کردووه و ده‌نگدانه‌وه‌ى نه‌بووه. هاوڵاتی: ڕه‌خنه‌کانت پێ چۆنه له دراماکه؟ چۆن وه‌ڵامى ڕه‌خنه‌کان ئه‌ده‌یته‌وه له کاره‌کته‌رى خۆت؟ شوانه جه‌زا: ڕه‌خنه‌کان هه‌مووى ڕقى شه‌خسى یه و هیچى تر، چونکه هیچى دهستناکاته سه‌ر برینه‌که بڵێت له ئه‌وه‌دا باش نیت، کێ سیناریۆکه یان ئه‌کته‌ره‌که‌ى به‌دڵ نیه بیڵێت، به‌ڵام هه‌رچى ڕه‌خنه‌یه ئه‌ڵێن ئه‌وه که‌ى درامایه. نیگار (تەرزە) پێی ده‌وتم زیاتر عهزێتى من بده شتێک بکه به گیانما، په‌رداخم تێبگره، قژم بسوتێنە به چه‌رخ به‌ڵام من ده‌موت با جله‌کانمان پیس نه‌بێت هاوڵاتی: هۆکارى زۆرى ڕه‌خنه و ده‌نگدانه‌وه‌کان بۆ چى ده‌گێڕیته‌وه؟ شوانه جه‌زا: کاره‌که کارێکى سه‌رده‌میه و حیوارێکى تێدایه که ده‌ڵێم من بۆ ساڵێک ژن ده‌هێنم، ئه‌وه چۆته ناو مۆخى خه‌ڵکه‌وه وه‌ک خرۆکه‌ى سور و ده‌یخوات، که ئه‌وە ده‌ڵێم خەڵک وا ده‌زانێ که من له ئه‌وروپا هاتومه‌وه و ئه‌مه‌وێت ئه‌و ستایله دروست که‌م، به‌ڵام وانیه، چونکه من له بیانوى باوکم ژن ئه‌هێنم و له مهشههدێکدا ئه‌ڵێم من بۆیه وائه‌ڵێم، چونکه کچى به شه‌ره‌فى خه‌ڵکى سلێمانى قه‌د بۆ ساڵێک شوو ناکات، بۆیه خه‌ڵک له باگراونده‌که تێنه‌گه‌یشتووه و پێش حه‌ده‌س ده‌که‌ون. هاوڵاتی: کۆتایى دراماکه چییه؟ شوانه جه‌زا: نامه‌وێت بیڵێم بۆئه‌وه‌ى ئیستا بۆته برینێک و ئه‌و ئەڵقهیهى که هێنام بووه، دوو برین و که ته‌ڵاقى ئه‌دەم ده‌بێت برینێکى گه‌وره‌تر و خه‌ڵک په‌یوه‌ست ده‌بێت پێوه‌ى تا دوا ئه‌ڵقه و ئه‌م درامایهمان کردۆته سى به‌ش، بۆ ئه‌وه‌ى به دوایدا بچێت. هاوڵاتی: تۆ له‌کاره‌کاندا ته‌نها کارى ئه‌کته‌رى ناکه‌یت؟ شوانه جه‌زا: له هه‌موو ئه‌و کارانه‌ى که من کردومه وه‌ک ئه‌کته‌ر و یاریده‌ر و نوسهرى کاره‌کان کارم کردووه. هاوڵاتی: به‌چ کارێکت ناسراویت و چ کارێکت زۆر شانازى پێوه ده‌که‌یت؟ شوانه جه‌زا: تائیستا ته‌حه‌داى هه‌موو هونه‌رمه‌ندان ئه‌که‌م که که‌س نیه له ساڵێکدا سێ خه‌ڵات به‌رێت، شاجوان خه‌ڵاتى پێداوم، ته‌نانه‌ت هه‌شت مانگ له جه‌له‌ولا له وهزعێکى ناخۆشدا بۆکارى هونه‌رى مامه‌وه، به‌ڵام هیچى نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م کاره، هیچیان به قه‌د ئه‌م کاره پێی مورتاح نیم. هاوڵاتی: له چ به‌شێکى دراماکه په‌شیمانى؟ شوانه جه‌زا: نیگار پێی ده‌وتم زیاتر عهزێتى من به شتێک بکه به گیانما، په‌رداخم تێبگره، قژم بسوتاندایه به چه‌رخ، به‌ڵام من ده‌موت با جله‌کانمان پیس نه‌بێت، نه‌مزانى سبه‌ینى ده‌نگدانه‌وه‌ى زیاترى ده‌بێت، بۆیه ده‌بوایه بمکردایه به‌س له‌وه په‌شیمانم نه‌مکردووه. زۆرجار خەڵکی ئەچن وێنە لەگەڵ شۆڕشى برام دەگرن، وائه‌زانن منم ئه‌ویش خۆى تێکنادات و وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرێت. هاوڵاتی: هه‌ندێک که‌س پێیان وایه چیرۆکى ئه‌م درامایه دوره له بارودۆخى ئێستاى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارییه‌وه؟ شوانه جه‌زا: وانیه، سه‌یرى دادگاکان رۆژى دووهه‌زار که‌س جیاده‌بنه‌وه، هه‌یه ساڵێک یان چه‌ند مانگێک پێکه‌وه بون، سه‌یرى دایک و باوکیشمان که یه‌کى 35بۆ40ساڵ پێکه‌وه ژیاون، تا مردن پیکهوهبون، به‌ڵکو ئه‌وه واقیعه و واقعى کۆمه‌ڵگه‌که‌مان وایه. هاوڵاتی: ریش چییه لاى شوانه؟ بۆ به‌رده‌وام ئاوا ده‌رده‌که‌وێت؟ شوانه جه‌زا: په‌یوه‌ندى به‌کارى هونه‌رییه‌وه نیه و زروف و زه‌مانه‌ى تایبه‌ت به‌خۆم و حه‌زئه‌که‌م وابم. هاوڵاتی: هه‌بووه کارێک له‌به‌ر ڕیشت رەتبکەیتەوە؟ شوانه جه‌زا: به‌ڵى زۆر کار هه‌بووه که وتویانه ریشت چاکه، ره‌فزم کردووه، دراماى دوپشک وتیان ریش چاکه نه‌مکرد، تا له‌م کاره‌شدا کاروان وتى بیتاشه نه‌مکرد خه‌تم تێکرد. هاوڵاتی: هه‌بووه له وڵاتانى ده‌ره‌وه داواى کارێکت لێبکه‌ن؟ شوانه جه‌زا: له ئێران پێیان وتم بۆ کارێک وه‌ک ئه‌وه‌ى حه‌زره‌تى یوسف، چوم و کاره‌که‌م کرد‌و هه‌ڵبژێردرام، شه‌ش مانگ پرۆڤه‌یان پێکردم، به‌ڵام چونکه من فارسییه‌که‌م نه‌ده‌زانى رهفزکرام. هاوڵاتی: پێش کارى هونه‌ریت چ کارێکت ده‌کرد؟ شوانه جه‌زا: بەڵێ له جاده‌ى مه‌وله‌وى کارم کردووه و پێشتر له ده‌ره‌وه مۆبایلم ده‌هێنا و ده‌مفرۆشته‌وه به بازاڕه‌کانى ئێره، ئه‌و ئهسێیهى که تۆ ئه‌یبینى من مۆبایلم بۆ ئه‌هێنا، به‌ڵام ساڵ و نیوێکه زۆر سه‌رقاڵى کارى هونه‌ریم که مه‌جالى هیچم نیه. هاوڵاتی: باسله‌وه ده‌کرێت ئێستاش له جاده‌ى مه‌وله‌وى کارى مۆبایل ده‌که‌یت؟ شوانه جه‌زا: نه‌خێر ئه‌وە شۆڕشى برامه و زۆر کات ئه‌چن وێنه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌گرن، وائه‌زانن منم، ئه‌ویش خۆى تێکنادات و وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرێت. هاوڵاتی: کارى شانۆیت نه‌کردووه؟ بۆ؟ شوانه جه‌زا: حه‌زم پێی نیه، بینهریکى که‌مى هه‌یه و نامێنێته‌وه، به‌ڵام دراما و فیلم بۆ مێژووه و ده‌مێنێته‌وه و زیاتر ده‌چێته ناو خه‌ڵکه‌وه. هاوڵاتی: کارى درامات بۆ ئاسانتره یان سینه‌ما؟ شوانه جه‌زا: کارى دراما ئاسانتره، کارى سینه‌ماى زاویه‌ى جیاوازى هه‌یه و قورستره، به‌ڵام کارى درامام حه‌ز لێیه وه‌ک حه‌ز، چونکه هه‌موو ئه‌وانه‌ى که قسه ئه‌که‌ن که دوو کارى سینه‌ماى منیان ببینیایه ئاوا قسه‌یان نه‌ده‌کرد، سینه‌ما کارێکى ونه، ئه‌بێت خۆت باسى خۆت که‌یت. هاوڵاتی: ئه‌کته‌رێک هه‌یه که حه‌ز بکه‌یت ده‌ور بینیت له‌گه‌ڵى؟ شوانه جه‌زا: شوان عه‌توف زۆر حه‌زئه‌که‌م کارى له‌گه‌ڵ بکه‌م. هاوڵاتی: وێنه‌یه‌کت بینرا له‌گه‌ڵ گۆران ئینزیبات و ئه‌حمه‌د خه‌لیل؟ بۆ ئه‌و کاره دیار نه‌بوو؟ شوانه جه‌زا: ئه‌وه به‌ناوى هاوڕێ بوو دواى کردمانه دوو به‌ش و ناومان نا هاوڕێی یه‌ک و هاوڕێی دوو. دواى دوومانگ ى سه‌ره‌تا کاره‌کانى گۆران مان کرد‌و هه‌مووى ته‌واو بوو، دواى دوو مانگ ئه‌حمه‌د خه‌لیل په‌شیمان بوه‌و بێ وه‌عدى کرد، بۆیه کاره‌که‌م وه‌ستا، بۆیه کاروان نورى له شوێنى ئه‌حمه‌د خه‌لیل ده‌بێت. هاوڵاتی: بۆچى ئێستا گۆرانیبێژه‌کان ده‌کرێنه دراماکانه‌وه بۆ؟ شوانه جه‌زا: چونکه ئه‌وان جمورێکى زۆریان هه‌یه و تایبه‌تن، زیاتر بۆیه ده‌یان هێنرێت. هاوڵاتی: حیوارێکى خۆتمان پێی بڵێ زۆر به دڵته؟ شوانه جه‌زا: «من ژن ئه‌هێنم بۆ ساڵێک» زۆر زۆرم به دڵ بوو که ده نگدانهوهیهکی زۆری هه‌بوو وشه‌ی «عاشقی دایکمم»ئه‌و دوو حیوارهم زۆر به‌دڵ بوو. ٧٥٠٠ دۆلارم لە گرێبەستی درامای سەمای تەرزە وەرگرتووە هاوڵاتی: گرێبه‌سته‌که‌تان چۆن بوو؟ شوانه جه‌زا: گرێبه‌ستى کاره‌کانم من سێ کاری قورس له‌سه‌ر ئه ستۆم بوو وه‌ک یاریده‌ری ده‌رهێنه‌ر و به‌رنامه‌ڕیژی دراماکه و ئه کته‌ری سه‌ره‌کیش بۆ هه‌ر یه‌ک له کاره‌کانم :25گه‌ڵا بووه، واته 75گه‌ڵام وه‌رگرتووه، هه‌موو ئه‌کته‌ره‌کانیش به‌هه‌مان شێوه‌و که‌ناڵه‌که‌ش به‌نرخێکى باش پێی فرۆشراوه‌و ریکلامى شه‌ش مانگیش بۆ سپۆنسه‌ره‌که. هاوڵاتی: هه‌ندێک جار زۆر به توندى وه‌ڵامى کۆمێنته‌کان ده‌ده‌یته‌وه؟ شوانه جه‌زا: قسه‌ی زبر له کۆمینتا من نیم، هه‌ر که‌سێکه فه‌یسبوکی داناوه له‌وه‌ی من ئه‌چێ، وێنه‌کانی بۆ ناشرینکردنی من دایناوه، من نیم به دڵنیاییه‌وه. هاوڵاتی: جله مارۆنیهکهى تۆ و مهکسیه سوره‌که‌ى ته‌رزه بۆ؟ بێ مه‌به‌سته یان به مه‌به‌ست دانراوه؟ شوانه جه‌زا: بۆ جلەکان هیچ گەنجێک بەوشێوازەی من ستایلی جیاواز و زەق نەبووه، تا ببێت بەجێی باس، بۆیه منیش وا جیاواز خۆم پیشاندا، تەنها بۆ ئەوەی ببێتە جێی باس. جلی مارونی ته‌نها بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی ستایلم و جیاوازتر له دراماکانیتر و ئه‌و گه‌نجانه‌ی له درامایا رۆڵ ئه‌بینن، ته‌نها بۆ وروژاندنی کۆمه‌ڵگایه، له نه‌بوونی جل و به‌رگى کچه‌که‌ش، له خێزانێکى هه‌ژار نا‌توانیت وه‌ک ستایلی سه‌رده‌می ژیان گوزه‌ر بکه‌ن، هه‌ر رۆژه‌ی به‌جۆرێک بیت بۆ ئه‌وه دامان ناوه. هاوڵاتی: تازه‌ترین کارت که دواى دراماى سه‌ماى ته‌رزه بینه‌ر چاوه‌ڕى بێت؟ شوانه جه‌زا: کارێکى درامیهو دواى جه‌ژن ته‌واو ده‌بێت، به‌ناوى له‌ودیو ڕه‌نگه‌کانه‌وه، دواى ئه‌ویش چه‌ندین کارى ترم به ده‌سته‌وه‌یه که وه‌ک ئه‌کته‌ر ده‌ورى تێدا ده‌بینم.
ئارا ئیبراهیم دوو ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق، ئاماژه به «توند»ییه‌کانى لایه‌نه عێراقییه‌کان ده‌که‌ن که فشار ده‌خه‌نه سه‌ر وه‌زیرى دارایى عێراق، له‌سه‌ر ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان. دوێنێ سێشه‌ممه لیژنه‌ى دارایى عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى و بازرگانى و کۆمپانیاى (سۆمۆ) بۆ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى عێراق کۆبونه‌وه. شیروان زرار ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت» له کۆبونه‌وه‌که‌دا ئه‌ندامه عه‌ره‌به‌کانى لیسته عێراقییه‌کان، به‌تایبه‌ت مالیکى و سه‌درییه‌کان توندن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که هه‌رێمى کوردستان نه‌وت ناداته به‌غداو ناکرێت هه‌موو مانگێک 453 ملیار دینار بنێردرێت بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، له‌وه‌ڵامدا وه‌زیرى دارایى باسى ئه‌وه‌ى کردووه که یاسا جێبه‌جێ ده‌کات». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم په‌رله‌مانتاره کورده‌کانى «ئیحراج» کردووه و وتى» نازانین ئه‌مساڵ حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌کات یان نا و هیچ شتێکى ره‌سمییان لاى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه پێنهگەیشتووە«. هه‌روه‌ها شیروان زرار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که به‌و پێیه‌ى نرخى نه‌وت به‌رزبۆته‌وه، په‌رله‌مانتاره عه‌ره‌به‌کان داوا ده‌که‌ن به‌پێى نرخى ئه‌مڕۆى نه‌وت پاره له بودجه‌ى هه‌رێم ببڕدرێت و پێیانوایه نابێت له 325 ملیار دینار زیاتر بۆ هه‌رێم بنێردرێت، وه‌زیرى دارایش پێى راگه‌یاندن که ئه‌وه به‌شى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ناکات. هاوکات ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانى عێراق بۆ هاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه راپۆرتێک ده‌درێته په‌رله‌مانى عێراق له‌لایه‌ن لیژنه‌ى داراییه‌وه. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى به هاوڵاتی وت «ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه راپۆرتێک له‌لایه‌ن لیژنه‌ى داراییه‌وه ده‌ده‌ینه په‌رله‌مانى عێراق و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم». ناوبراو ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که مالیکى و سه‌درییه‌کان زۆر به‌توندى قسه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى عێراق کردووه« ئێمه وه‌ک په‌رله‌مانتارى کوردى لیژنه‌ى دارایى نهرمبووین». ده‌رباره‌ى ئیستحقاقى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان که لاى به‌غدایه‌و تا ئێستا نه‌نێردراوه بۆ هه‌رێم، شیروان زرار ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که وه‌زیرى بازرگانى عێراق باسى ئه‌وه‌ى کردووه که 499 ملیار دینار ئاماده‌یه بۆ ناردن و چاوه‌رێى واژۆى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ده‌که‌ین.
ئارا ئیبراهیم پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدایە نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە دەستبەسەری لە لوبنان بمێنێتەوەو ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکرێت، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە ناو فڕۆکەخانەی بەیروت دەستگیرکرا، لەسەر سکاڵایەکی دادگای کەرکوک کە ساڵێک لەمەوبەر دەریکردبوو. شوان داودی پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی بە ھاوڵاتی وت «نەجمەدین کەریم پیرێ چوەتە لوبنان و دوێنێ لە فڕۆکەخانە سەرکەوتوە بچێت بۆ نەمسا، بەڵام لە ناو فڕۆکەخانە دایانگرتووە». وتیشی «ئەمر قەبزەکەی لەسەر گەندەڵییە و لەدادگای نەزاهەوە دەرچوە و ئێستا دەستبەسەرە". بەپێی بەدواداچونەکان پارتى لەهەوڵدایە نه‌جمه‌دین که‌ریم راده‌ستى به‌غدا نه‌کرێت بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبوە. پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، نەجمەدین کەریم ئاڵای کوردستانی لەسەر بینای پارێزگار هەڵکردو پشتگیری خۆشی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارەکە دەربڕی، دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شارەکەی بەجێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێ بوو. دواتر ساڵێک لەمەوبەر، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵکی گوستراوە و نەگواستراوەی نەجمەدین کەریمی دەرکرد. دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک لە نوسراوێکدا لە (٢٣/٥/٢٠١٨) کە ئاراستەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوکی کرد، داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای کرد بۆ دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم، بەپێی ئەحکامەکانی مادەی (٣١٦)ی یاسای سزاکانی عێراق و دەستەی نەزاھەی کەرکوک بەپێی مادەی (١٢١). مانگی رابردوو نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنێکی ھاوڵاتی دا ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە دادگای کەرکوک دابوویە پاڵی. نەجمەدین کەریم پێش دەستگیرکردنی بە ھاوڵاتی وت «ئه‌و سکاڵایانه هه‌موو درۆن و ئه‌سڵ و ئه‌ساسیان نییه... من وتووشمه فه‌رموو با هه‌رچی دادوه‌ریان هه‌یه بینێرن بۆ ئێره‌و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دادی ئێره رێکبکه‌ون و ته‌نانه‌ت ئاماده‌شم بۆ هه‌ر شوێنێکی تر بێت، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی بێ بنه‌مایه‌و ده‌زانین کێی له‌پشته.» فەرمانی گرتنەکە ساڵی رابردوو لە لایەن دادوەر سەباح محەمەد ئیبراهیم دەرکرا کە لە دادوەرێکی کوردە و پێشتر سەرۆکی دادگای شارۆکەی داقووق بووە. نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنەکەی ھاوڵاتی دا وتی «کوردێکیان داناوه‌و کردوویانه به واجیهه‌ی خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن کورد کردوویه‌تی. ئێمه ده‌زانین کێی له‌پشته‌و له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێکی کوردیش‌دا ئه‌م شتانه رێکده‌خه‌ن. ئه‌م سکاڵایانه 100% سیاسین». هەروەها وتی «ئێمه شه‌ش ساڵ و نیو پارێزگاری که‌رکوک بووین و رۆژێک له‌ڕۆژان که‌س نه‌هات بڵێت شتێکی هه‌یه. وه‌ک باسیشم کرد ته‌حه‌دای هه‌موو که‌سێک ده‌که‌م بڵێت 20%ی ئه‌وه‌ی له‌که‌رکوک کراوه له‌هه‌ر پارێزگایه‌کی تر کراوه، له‌به‌غداوه بیگره هه‌تا به‌سڕه، هه‌تا موسڵ، هه‌تا رومادی ئه‌وه‌ی لهنێوانیشیانه«. رۆژی (١٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٧) فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مەرسومی کۆماری بۆ لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیمزا کرد، ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ دەستگیرکردنی.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ئیسماعیل تاڵه‌بانى له‌ساڵى 2006 دا یه‌که‌م شیعری به‌ناوى تافى پیریه‌وه بڵاوکردووەتەو به شیعری «له مه‌یدانى کوردایه‌تى» ناوی ده‌رکرد که له 17ی شوباتی ساڵى 2011 بۆ خۆپیشاندانه‌کانى ئه‌وکاتەی نووسی و بورهان مه‌جید کردی به گۆرانی. تازه‌ترین کاریشی شیعری گۆرانی دراماى ته‌رزه‌یه که درامایه‌کى رهمهزانییهو له که‌ناڵى ئێن ئاڕتی 2 په‌خشده‌کرێت. ناوى ئیسماعیل عومەر عەبدولقادره ناسراوه به ئیسماعیل تاڵه‌بانى له چه‌مچه‌ماڵ له دایکبووه‌و له‌ئێستادا دانیشتووى شارى سلێمانیه، له سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى فه‌رمانبه‌ره. ئیسماعیل تاڵه‌بانى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باسی ئه‌زموونى شعری خۆی ده‌کات. هاوڵاتی: چى شتێک ئیسماعیل تاڵه‌بانى به‌ره‌و نوسین ئاراسته‌کرد؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هه‌ڵبه‌ت هه‌ر مرۆڤێک له هه‌ر بوارێک‌دا کار بکات، ده‌بێت عیشق و خۆشه‌ویستییه‌ک له ناخیدا هه‌بێت، به تایبه‌ت له بوارى ئه‌ده‌بدا به‌ده‌ر له باگراوندێکى سه‌قافى و مه‌عریفى. من له مێژه‌وه حه‌زم به دونیاى کتێب و خوێندنه‌وه‌و نووسین کردووه بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئیسماعیل تاڵه‌بانى که‌مه‌ندکێش کردووه بۆ نێو دوونیاى ئه‌ده‌ب ئه‌و عیشق و خۆشه‌ویستییه بووه که له‌ناخمدا هه‌بووه. هاوڵاتی: هه‌ست بهتوڕهبوونێکى قوڵ ده‌کرێت له شیعرەکانت؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من کار و ئه‌رکى مرۆڤایه‌تى و ئه‌خلاقى خۆم هه‌ڵده‌ستم، له هۆنراوه‌کانمدا هه‌میشه ویستوومه ڕاستگۆیى له‌گه‌ڵ خوودى خۆم و خۆێنه‌رانى تایبه‌ت به دونیاى ئیسماعیل تاڵه‌بانیدا به‌رجه‌سته بکه‌م. وێنه‌کێشان له دونیایى شیعردا که بریتین له دونیایى واقیع و خه‌یاڵ، هه‌میشه هه‌وڵمداوه له دونیایى جوانى خه‌یاڵدا خوێنه‌ران له‌گه‌ڵ خودى خۆمدا ئاوێته بکه‌م و له دونیاى واقیعدا، به‌شداربم له دونیایى ئه‌واندا، به تایبه‌ت ئه‌وکاتانه‌ى له ئازار‌و ناخۆشییه‌کانیاندا پێویستیان به‌منه و ئه‌رکێکى تر‌ى من یاخى بوون و یاخیگه‌رییه له دونیاى تایبه‌تى هۆنراوه‌کانى مندا، ده‌مه‌وێت به ئاسووده‌یى و به ویژدانه‌وه بژیم و بمرم، چوونکه ئه‌وه‌یه ئه‌رکى سه‌رشانى من ناتوانم بێده‌نگ بم. هاوڵاتی: جۆرێک له بێزارى زۆر له ژیان به شیعره‌کانته‌وه دیاره، هۆکارى چییه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: ئێمه هیچ کاتێک به دڵى خۆمان نه‌ژیاوین و دڵنیایشم له‌وه‌ى به‌دڵى خۆشمان نامرین، چونکه سهخستى ڕۆژگار و سیسته‌مى حوکمڕانى ئه‌م هه‌رێمه کاریگه‌رى کردووەته سه‌ر زۆرینه‌ى تاکى کورد، گه‌ر ئاوڕێک له شاعیرانى پێش ئێمه بده‌یته‌وه، ده‌بینیت چۆن و به چى شێوه‌یه‌ک ژیاون، ئه‌ویش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌وانه بۆ ئێمه، لاى من ژیان جگه له مه‌رگ و مه‌رگیش له ژیانێکى دووباره هیچى تر نییه. هاوڵاتی: ڕه‌نگ به‌شێکه له شیعره‌کانى تۆ، ره‌نگ لەلای تۆ چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ بۆ ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵى تێکسته‌کانتى ده‌که‌ى؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من هه‌موو ڕه‌نگێکم خۆش ده‌وێت و به‌کاریان ده‌هێنم، نه‌ک له هۆنراوه‌کانمدا به‌ڵکو له جل و بهرگیشمدا ڕه‌نگدانه‌وه دروست ئه‌کات. ئه‌وه ڕه‌نگه پێمان ئه‌ڵێت، منم له سیمایى مرۆڤهکاندام له سرووشت و شاخهکاندام له نێو ڕسته‌و وشهکاندام، منم ده‌توانم ئێوه کهمهندکێشکهم بۆ نێوى خۆم به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه ئێمه‌ین ڕه‌نگه‌کان به جوانى نابینین، له‌برى ئه‌وه‌ى جوانیان که‌ین، ناشیرینیان ئه‌که‌ین. له‌برى تۆخیان که‌ینه‌وه، کاڵیان ئه‌که‌ینه‌وه و ناتوانین له یه‌کتر جیایان بکه‌ینه‌وه‌و بیان ناسینه‌وه‌و به‌کارى بێنین، تا ژیان و مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌نگ ئاشنا‌و ئاشتکه‌ینه‌وه. هاوڵاتی: زۆر جار به‌هۆى تێڕوانینى سیاسییه‌وه به‌شێک له خوێنه‌ره‌کانت نیگه‌رانن له ناسناوه‌که‌ت، خۆت ده‌ڵێیت چى؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: نازناوى تاڵه‌بانى شوناسى منه، ناتوانم نکۆڵى لێ بکه‌م، خۆشحاڵم وه‌ک تاڵه‌بانییه‌ک خزمه‌تێکى به‌رچاوى ئه‌م نیشتیمانه‌و مرۆڤایه‌تى و هاو زمان و کۆمه‌ڵگاکه‌ى خۆمم کردبێت. وه شانازى پێوه ئه‌که‌م ده‌بێت کۆمه‌ڵگاش خۆێندنه‌وه بۆ ناخ و ناوه‌ڕۆکى من بکه‌ن و به ویژدانه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت و پێشنیاریان هه‌بێت بۆ من نه‌ک به شووناسهکهمهوه تاڵه‌بانییه. هاوڵاتی: هیچ کاتێک ئه‌و نازناوه کێشه‌ى بۆ دروست نه‌کردویت؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: بێگومان چه‌ندین جار ڕووبه‌ڕووى ڕه‌خنه‌و پێشنیار بومه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆرکاتیش پاراستوومى. من خۆم ده‌ناسم، داواکارم خه‌ڵکیش وه‌ک ڕه‌فتار و گوفتاره‌کانم بڕیارم له‌سه‌ر بده‌ن و بمناسن نه‌ک وه‌ک نازناوه‌که‌م. هاوڵاتی: تۆ زیاتر به شیعرى مه‌یدانى کوردایه‌تى له خۆپیشاندانه‌کانى ١٧ى شوبات ناسراى، چۆن بوو له‌و کاته‌دا ئه‌و شیعره‌ت نوسی؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: له‌سه‌ره‌تایى دروستبوونى خۆپیشاندانه‌کانى 17 شوباتدا بوو، هونه‌رمه‌ندى خۆشه‌ویست، بورهان مه‌جید ڕێز و حورمه‌تم بۆیى هه‌یه، داواى لێکردم ئازار و موعاناتى ئه‌و خه‌ڵکه‌ى بۆ بکه‌م به هۆنراوه‌یه‌ک، منیش داوایهکهیم قبووڵ کرد‌و ئه‌و هه‌له‌م بۆ خۆم قۆسته‌وه، چونکه به‌ده‌ر له من به‌چه‌ند شاعیرێکى تر‌ى وت بوو، داوه‌که‌یان ڕه‌تکردبووه. من توانیم له‌ماوه‌ى یه‌ک شه‌ودا، هۆنراوه‌که‌ى بۆ ئاماده‌بکه‌م، ئه‌ویش له‌ماوه‌ى یه‌ک ڕۆژدا کردى به گۆرانى، چونکه له‌سه‌ر ئاوازه‌که‌ى ئه‌و هۆنراوه‌که‌م ئاماده‌کرد، که یه‌کێکه له‌و هۆنراوانه‌ى من له‌سه‌رى له سێداره‌م بدرێم، لێى په‌شیمان نیم شانازیشى پێوه ئه‌که‌م. هاوڵاتی: یه‌کێک بوى له دیمه‌نه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى ١٧ى شوبات، ئێستا خوێندنه‌وه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و کاته چییه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هۆنراوه‌ى له مه‌یدانى کوردایه‌تى مووڵکى هیچ ڕه‌نگ و حزبێک نییه و ئازار‌و مووعاناتى خه‌ڵکى به‌شمه‌ینه‌تى کوردستانه، 17 ى شووبات مێژوویه‌کى پڕ له سه‌روه‌رییه بۆ من و نابێت هه‌رگیز له‌یاد بکرێت، چونکه ده‌نگى ڕه‌واى خه‌ڵکى ئازا‌و بوێر و مافخوراوى تێدا به‌رزبووه‌و توانیان به ده‌سه‌ڵات وحیزبى کوردى بڵێن، ئیتر تائێره‌و به‌س. هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر داوات لێبکه‌ن، شیعر له‌سه‌ر سیسته‌مى سیاسى بنوسی به هه‌مان هه‌ستى ١٧ شوبات ده‌ینوسى؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من له پێشتردا باجى زۆرم داوه له پێناو خه‌ڵک و ڕه‌نگدا، مێژوو خه‌ڵک گه‌واهیده‌رى منن. به ئێستاشه‌وه به‌رده‌وام و بێده‌نگ نیم و بێده‌نگ نابم و له هه‌موو زه‌مه‌ن و ته‌مه‌نێکدا بوونم هه‌یه تا ناعه‌داله‌تى و نایه‌کسانى له‌م وڵاته‌و ئه‌م هه‌رێمه‌دا بوونى هه‌بێ و به‌رده‌وام بێت، من بوونم ده‌بێت و به‌رده‌وام یاخیم، به‌ڵام جارێکى تر ئاماده‌نیم باج له پێناو هیچ ڕه‌نگ و حزبێکى تردا بده‌م، چوونکه ئێمه به‌رده‌وام باجى گه‌مژه‌کان ئه‌ده‌ین، منیش گه‌مژه‌نیم. هاوڵاتی: ده‌ستێکى باڵات هه‌یه له نوسینى شیعرى منداڵاندا، ئه‌مه حه‌زى خۆته یان چى؟ کارکردن له دونیاى منداڵاندا قورس نییه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: مناڵ‌یش وه‌ک ئێمه مرۆڤن، دونیایى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، ئه‌وه ئه‌رکى ئێمه‌یه وه‌ک ئه‌وان بچووک بین، ئه‌وانیش مافى خۆیانه وه‌ک ئێمه گه‌وره‌بن. بێگومان قورسه زمان و بیرکردنه‌وه‌ى ئه‌وان جیاوازتره له ئێمه خه‌ونى زیاتر و داواکارى زۆرتریان هه‌یه، ده‌بێت به زمانى خۆیان بدوێن به‌حه‌ز و خولیاى ئه‌وان هه‌ستین. ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ى ئه‌وان پێى دڵخۆش و سه‌رسامن، ئه‌وه‌یان بۆ بخه‌ینه نێو وشه‌و ڕسته‌کانه‌وه، بۆ خوودى مناڵ، واتا ده‌مه‌وێت بڵێم کارکردن له‌سه‌ر مافى مناڵ و داواکردنى له گه‌وره، کارکردنێکى جیاوازتره وه‌ک له‌وه‌ى کار له‌سه‌ر خوودى دونیایى تایبه‌ت مهندییهکانى مناڵ بکه‌یت بۆ مناڵ و مناڵی. هاوڵاتی: عه‌بدوڵا په‌شێو لاى تۆ چى ده‌گه‌یه‌نیت؟ تا چه‌ند کاریگه‌رى به‌و شاعیره؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من ڕێز له کار‌و پیشه‌و شووناس و دونیا‌و خه‌ونى تایبه‌تى هه‌موو مرۆڤێک ده‌گرم. عەبدوڵا په‌شێو یه‌کێکه له‌و مرۆڤ و شاعیره جوانانه‌ى لاى من گرنگى و تایبه‌ت مه‌ندى خۆیى هه‌یه، له هۆنراوه‌کانیدا ڕاستگۆ و ویژدان زیندووه. له ژیاندا دووجۆر مرۆڤ هه‌ن، ئه‌وانه‌ى مێژوو دروستیان ئه‌کات زو وون ده‌بن و له ناو ده‌چن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى مێژوو دروست ئه‌که‌ن، بۆ هه‌میشه ئه‌مێننه‌وه‌و له پێش چاو له‌نێو و دڵى خه‌ڵکیدا ئه‌بن. عەبدوڵا په‌شێویش یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ى مێژوویه‌کى بۆ خوودى خۆیى دروست کردووه، هه‌میشه له به‌ره‌ى خه‌ڵکدا. هاوڵاتی: شیعری گۆرانی دراماى سه‌ماى ته‌رزه تۆ نوسیوتە ئەمە چۆن بوو؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من هه‌ر کاتێک داواى هۆنراوه‌یه‌کم لێ بکرێت، به‌تایبه‌ت له بوارى درامى و لۆگۆدا، یان له‌سه‌ر سیناریۆى دراماکه کار ده‌که‌م، یان لۆگۆیى ئه‌و شوێن و شووناسه. هه‌ڵبه‌ت هۆنراوه‌ى درامای سه‌ماى ته‌رزه‌ش، یه‌کێک بوو له‌و هۆنراوهنهم که له‌سه‌ر سیناریۆى دراماکه و داواى ده‌رهێنه‌ر، ئاماده‌م کردبوو، زۆر پێوه‌ى ماندووبووم، به‌هۆى که‌مته‌رخه‌مى ستافه‌که و به قسه‌ى خۆیان، نه‌بونى پاره که کولفهیهکى ده‌ویست بۆ گۆرانیبێژهکهو ئاوازدانه‌ره‌که، به‌وه‌ى خاوه‌نى به‌ڵێنى خۆم بووم په‌یامى خۆم گه‌یاند چوونکه به‌ڵێن لاى من ڕاستگۆیى و ڕه‌وشته. هاوڵاتی: تائێستا چه‌ند شیعرت نوسیوه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: تائێستا زیاد له 200 هۆنراوه‌م نووسیوه له مه‌وداى نووسین و دونیاى ئه‌ده‌بى خۆمدا. هاوڵاتی: چه‌ند شیعرت کراون به گۆرانی؟ هونه‌رمه‌ندان یان دراماکان؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: زیاد له 30 هۆنراوه‌م کراوه به مارش و سرود و گۆرانى، نوێترین کاریشم مارشێکه که هۆنراوه‌یه‌کى جوانم بۆ نووسیووه بۆ هه‌موو خاوه‌ن پێداویستیه تایبه‌ته‌کانى کوردوستان که له ئاینده‌یه‌کى نزیکدا، ده‌یخه‌ینه پێش چاوى بینه‌ران و بیسه‌ران. هاوڵاتی: کام شیعرت بۆ خۆت نوسیوه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هۆنراوه‌کانم به ته‌نها بۆ خۆمم نه‌نوسیون. ڕاسته ئیلهام و ئیحساسى خۆمن له هه‌مانکاتدا، موڵکى هه‌موانن. خوێنه‌رانى دونیاى ئیسماعیل تاڵه‌بانى ئه‌وه ده‌زانن، زۆربه‌یان خۆیان له هۆنراوه‌کانى مندا ده‌بیننه‌وه. هاوڵاتی: شیعرى کوردى له‌ئێستادا له چ ئاستێکدایه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: به‌و پێیه‌ى که فلته‌رێک نییه کار له‌سه‌ر دونیایى ئه‌ده‌بیاتدا بکات و پێیدا تێپه‌ڕبێت، ده‌توانم بڵێم له ئاستێکى زۆر زۆر خراپدایه. هاوڵاتی: له‌ئێستادا زۆر شاعیرمان هه‌یه؟ ڕات چییه سه‌باره‌ت به شاعیره تازه‌کان؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: زۆربه‌مان هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین، که فهوزایهکى زۆر که‌وتووەته ناو ئه‌ده‌بى کوردییه‌وه، له هه‌موو بواره‌کاندا، به‌تایبه‌ت دونیاى هۆنراوه، خه‌ڵکى جوانمان هه‌یه که نایانه‌وێت ده‌ربکه‌ون، یان خۆیان که‌مته‌رخه‌من و یان ده‌زگایه‌ک نیه هاوکارییان بکات. داواکارم له و که‌سانه‌ى حه‌زیان به دونیاى هۆنراوه نوسینه، خۆیان به‌رپرسیار بزانن له ئاست وشه‌و ڕسته‌و ئه‌ده‌بیاتى کوردی‌دا و به ئاگاوه مامه‌ڵه بکه‌ن. هاوڵاتی: شیعر لاى تۆ چیه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: شیعر لاى من جوانییه خۆشه‌ویستییه، گه‌مه‌یه‌کى هه‌میشه‌یى نێو ڕوحى شاعیره، ده‌روازه‌یه‌که بۆ وشه‌و ڕسته قهدیسماوهکانى نێو ڕوحى شاعیر، شیعر زمانێکى تر‌ى مرۆڤه. هاوڵاتی: بۆ کتێبى شیعرى لهچاپدراوت نییه؟ ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من زۆر به‌که‌مى هۆنراوه ده‌نوسم، چونکه به‌ر پرسیارێتییهکى گه‌وره‌یه، هه‌میشه هه‌وڵم داوه هۆنراوه من بانگ بکات بۆ لاى خۆیى، نه‌ک من بچم بۆ لاى ئه‌و. تائێستا کتێبى له چاپدراوم نیه. به‌ڵام زۆرینه‌ى هۆنراوه‌کانم له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه کراون به گۆرانى به‌و پێیه‌ى ئێستا زۆرینه‌مان تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌کاردێنین. نووسینه‌کان به گشتى زووتر ده‌چێته پێش چاوى خۆێنه‌ر، من نامه‌وێت له قورسایى و به‌هاى کتیب و لهچاپدراوهکان که‌م که‌مه‌وه، چونکه هه‌میشه گرنگى و تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه، ئه‌و هۆنراوانه‌ى که له به‌رده‌ستى خۆمدان موڵکى خۆمن له چاپدراو چووه پێش چاوى خۆێنه‌ر ئه‌بێت به مووڵکى ئه‌وان هیوادارم له داهاتوودا شتێک بکه‌م ببێته جێى ڕه‌زامه‌ندى خوێنه‌رانى کورد.
دیمەن ئیسماعیل دانیشتوانی ناحیەی باوەنور نزیکەی مانگێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، بەوتەی خۆیان شياو نیە بۆخواردنەوە، بەڕیوەبەری ناحیەی باوەنوریش رایدەگەیەنێت "ئاوەکە کێشەی نیەو شیاوە بۆخواردنەوە. سەیوان مەحمود،هاولاتیەکی دانیشتوی ناحیەی باوەنورە،بە "هاولاتی" وت "ناحیەی باوەنور نزیکەی مانگێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، خەڵکی ناحیەکەش پەنا بۆ ئاوی کانیاوەکانی دەورو بەری باوەنور ئەبەن و بوە بەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە ئاوی پێدێنن، ئەوانەشی ئۆتۆمبێلیان نیە نزیکەی 2 کیلۆمەتر چەندین دۆڵ ئەبڕن تاکو ئاو بهێنن" وتیشی "تاکو ئەم خولەکەی قسەبۆتۆ دەکەم کێشەکە بەردەوامە، بەڵام ئەوان ئەڵێن چارەسەری سەرەتایمان کردوە، ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور خراپە، بۆماوەی بیست ڕۆژە کەس بەکاری ناهێنێت، بەهۆی ئەوەی زێرابی ناحیەکە بەتەنیشتی دا تێدەپەڕێت، تام و ڕەنگ و بۆنی ئاوەکە خراپ بوە" سەیوان کە دانیشتوی ناحیەکەیە زیاتر بۆ هاولاتی دواو وتی "سەرەڕای ئەوەش ئێستا کۆمپانیا پارەی ئاو کۆدەکاتەوە، واتەکۆمپانیا دێت پارەکە لەخەڵک وەردەگرێت حەقی بەخراپبونی ئاو شکانی بۆری و ئەو شتانە نیە، حکومەت چاکی دەکاتەوە لەهەمان کاتدا پارەکە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا، ئێستا ئێواران خەڵکی ناحیەکە یان لەبازاڕ ئاودەکڕن یان دەچن لەکانی ئاودێنن" ئارام جەبار، چالاکوانی مەدەنیە لە ناحیەی باوەنور، لەبارەی پیسی ئاوی خواردنەوەوە بە هاولاتی وت "خەڵکی باوەنور ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان پێیە دەچن لەئاوەخوێڕی یاخود مەتعمەکان ئاودێنن، ئەوەشی ئۆتۆمبێلی نیە ناچار لەو ئاوە دەخواتەوە:" وتیشی "هەفتەی ڕابردوش وەک گروپی هیوا سەردانی مدیر ناحیەمانکرد پێی ڕاگەیاندین سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵی چاککردنی ئەدەن، بەڵام ڕەنگە بەهۆی زۆری ئاوەوە گرفت دروست بوبێت" رونکردنەوەی زیاتری دا "ناحیەی باوەنور بیست و حەوت ساڵە کێشەی ئاوی هەیە لەڕوی نەبون ودابەش کردنەوە هەر هۆکارێکی هەبێت خەڵکی بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنێت" بەرێوەبەری ناحیەی باوەنور لەبەرامبەر دا وتی کە ئاوەکە کێشەی نیەو شیاوە بۆخواردنەوە عەزیز محەمەد، بەرێوەبەری ئاوی باوەنور بە هاولاتی راگەیاند "سەبارەت بەئاوی باوەنور بەوشێوازە نیە کەتێکەڵی زێراب بوبێت، چونکە دوێنێ پشکنینی بۆکراوە کێشەی نیەو لەپشکنین دەرچوە و شیاوە بۆ خواردنەوە،بەلام گرفتمان هەیە بەهۆی لافاوی سیروانەوە کۆمەڵێک زەرەرو زیانی داوە لە پرۆژەکان، بیرێکمان بەتەواوەتی خاپور بوەو ئاوبردویەتی" وتیشی "ئێستا هەنگاوی سەرەتای ئێمە، دوڕێگە چارەمان هەیە ڕێگەچارەی یەکەم ئێمە ئێستا حەوزو تەنکیەکانمان پاککردوەتەوە سبەینێش بیرەکان یەک یان دوانی پاک دەکەینەوە، ئەوانەشی کەئێستا ئاوی لێهێنین کێشەی نیە و دوڕۆژە حەفارە ئیش لە ئاوەڕۆکان دەکات" عەزیز محەمەد، رونیکردەوە کە پلانیان بۆ داهاتو هەیەو "ئێمە دەرخستەو پرۆژەیەکی ترمان هەیە بۆئەوەی شوێنی پرۆژەکە بەگشتی بگوازینەوە بچینە شوێنێکی ئەوەیان دەرخستەیەکی تەواوەو لەوەزارەتی داراییە 800 ملوێن دیناری ئەوێ، بەهۆی قەیرانەوە ساڵێکە پێمان دەڵێن نیە و دەستی دەستیمان پێدەکەن، ئەگەر ئەو پارە سەرف بکەن ئێمە ئەو پرۆژەیە بکەین ئەوە چارەسەرێکی ڕیشەییە بۆئەوەی لەمەترسی لافاو پیسبون و هەموشتێک پارێزراوبێت و ئاوێکی بەردەوام بەخەڵک بدەین" ماوەی ساڵێکە ئەو پرۆژە لەوەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕۆشتوە بۆ وەزارەتی دارای بوئەوەی پارەی تەرخانبکرێت بکرێت بەلام وتویانە پارە نیە. عەزیز محەمەد جەختیکردەوە ئەوئاوە شیاوە بۆخواردنەوە و وتی "پشکنینی بیرەکان و تەنکیەکان و حەوزەکانیان کردوە شیاوە بۆخواردنەوە لەڕوی ئەوەوە هیچ مەترسیەکی نیە تێکەڵ بەزێراب نەبوە، زێرابەکە نزیکیەتی، بەڵام دڵنیایتان ئەدەینێ بۆئەوەی هاوڵاتیش بزانێت ئێمە ئێستا پشکنینمان لەبەردەست دایە، شیاوە بۆخواردنەوە، ئەو هەنگاوانەمان ناوە، لەم چەندڕۆژەداهەنگاوی تریشمان دەبێت، بەڵام لەڕوانگەی ئێمەوە ئەوە چارەسەرە ئەو دەرخستە تازەیەمان بۆبخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆئەوەی بەیەکجاری شوێنی پرۆژەکە بگۆڕین بۆشوێنێکیتر و سەلامەت تر‌و تەندروست تربێت" ڕونیشیکردەوە "لەئێستادا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو پرۆژەیە کەلەسەر سیروان ئاو وەردەگیرێت و دواتر ئەدرێت بەهەردو تەنکیەکەی باوەنور، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێک هەیە ڕەنگە له ودۆڵ و شیوانە ئاویان ڕاکێشابێت بۆخۆیان و ئاویتریان هەبێت بەڵام ئاوی سەرەکی هەرئەوەیە". لەبەرامبەر دا سەیوان محمود وتی "ئەگەر ئاوەکە شیاوی خواردنەوە بێت، بۆچی هاوڵاتیان رو لەکانیاوەکان دەکەن بۆ هێنانی ئاو؟" ناحیەی باوەنور دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی کەلار سلێمانی، لە نێوان هەردو قەزای کەلار و دەربەندیخان، هەمو ساڵێک روبەروی کێشەی نەبونی ئاو دەبێتەوە. ڕوباری سیروان بەتەنیشت ئەم ناحیەیەدا تێپەڕ دەبێت.
هاوڵاتی، کاکەلاو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و ترسی ئەوە هەیە کە پێکدادان دروست ببێت. گومانی ئەمریکاش لە هەڕەشەکانی ئێران، وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن تا ئامادەبن بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاو. بەدەر لە گوشاری بەردەوامی ئابوری لەسەر ئێران، لە هەڵمەتێکی نوێ‌دا ئەمریکا دەستی کرد جوڵاندنی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناردنی سیستەمی موشەکی پەیتریۆتی بۆ نزیکی کەنداوی فارس ڕاگەیاند. بڕیارە سیستەمەکە لەگەڵ کەشتی جەنگی ئارلینگتۆن ڕەوانە بکرێت، بۆ یاوەری کردنی کەشتی جەنگی ئەبراهام لینکن. سیستەمی بەرگری موشەکی پەیتریۆت دەتوانێت دژی موشەکی بالیستی و موشەکی دەریایی و فڕۆکەی پێشکەوتوو بوەستێتەوە. ئەم سیستەمە توانای هەیە لەدووری ١٠٠کم جوڵەی هەر موشەکێک دیاری بکات کە جێی هەڕەشە بێت و لەماوەی ٩ چرکەدا بەرپەرچی بداتەوە. ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە، دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا لە هەینی ڕابردو ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هەر ئەگەرێکی هێرش دەدەنەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، «ئامادەیی چڕی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن» وایکردووە کە ناردنی کەشتی جەنگی پێویست بێت. هەر بەپێی بەیاننامەکە بێت، ئەمریکا چاوی لە هەڵگیرسانی شەڕ نییە دژی ئێران، بەڵکو تەنها ئەو چالاکییە سەربازییانە بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەبێت بۆ بەرگری. هەر لەدوای ڕاگەیەندراوەکەش، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم بڕیارەی ئەمریکای بە «جەنگی دەروونی» وەسف کرد دژی ئێران کە ئامانج لێی ترساندنی وڵاتەکەیەتی. مەرجەعێکی باڵای شیعەش، ئەیەتوڵا تەباتەبی نەژاد، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانن کەشتیگەلەکەی ئەمریکا بە یەک موشەک لەناوبەرن. وتیشی، «ئەگەر هەوڵی هەر جوڵەیەک بدەن، ئەوا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک موشەکی ئێمە دەبنەوە.» هەروەها ئەمیر عەلی حاجیزادە، بەرپرسی بەشی ئاسمانی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە ئەوەی پێشتر هەڕەشە بووە بۆ ئێران ئێستا وەک هەلێک دەبینرێت. وتیشی «کەشتییەکی جەنگی کە لانی کەم ٤٠ بۆ ٥٠ فڕۆکەی لەسەرە و شەش هەزار سەربازی لەخۆگرتووە، پێشتر بە هەڕەشە دادەنرا بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە گۆڕاوە بۆ دەرفەت و ئەگەر ئەمریکییەکان هەر جوڵەیەک بکەن، لەسەریان دەدەین و مێشکیان دەپژێنین.» سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ویلیا‌م فاڵۆن، فەرماندەیەکی پێشووی ئەمریکی، پێیوایە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە سەرناکێشێت بۆ جەنگ بەپێچەوانەی ئەو زیادەڕەوییە میدیاییەی کە هەیە. وتیشی، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ چەند دەیەیەکە بەردەوامە و هیچ دەرئەنجامێکی جدی لێنەبینیوە. هەروەها حیشمەتوڵا فەلاحەت کە بەرپرسی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە لە پەرلەمانی ئێران، بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئێڕان چاوی لەوە نییە قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، مایک پۆ‌مپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەدواین لێدوانی‌دا ئەوەی نەشاردەوە کە دەرگای دانوستان و لێکتێگەشتن هێشتا دانەخراوە بەڕووی ئێران‌دا و دەیانەوێت ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەن هەرچەندە ئێران هەڕەشەیەکی چالاکە بۆ سەر ئەمریکا. هەروەها وتیشی، سزاکانیان تەنها گوشارێکە لەسەر ڕژێمی ئێران و هەوڵدانێکە تا بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە و گۆڕانێکی سیاسی دروست ببێت تا ئەوەی خەڵکی ئێرانیش بەوە ئاواتە بگەن کە دەیانەوێت. سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد ترەمپ، پێشتر داوای ئەوەی لە سیاسییەکانی ئێران کردبوو کە پەیوەندی پێوە بکەن تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە «ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە» بەڵام کاربەدەستانی ئێران دووپاتی ئەوەیان کردووەتەوە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. هەروەک یەدوڵا جەڤانی، بەرپرسی سیاسی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند «هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکرێ و ئەمریکیەکان جورئەتی ئەوەیان نابێت کردەی سەربازی دژمان ئەنجام بدەن.» ئەم جۆرە لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئێران سەرۆکی ئەمریکا بە کەسێکی نابەرپرسیار وەسف دەکات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیانوایە جێی متمانە نییە. لەدواترین هەنگاویشیدا، ئێران ڕایگەیاند کە دەگەڕێتەوە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەر وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا ڕێگەچارەیەک نەدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و بانکیدا. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە هەندێک بەندی سەرەکی ڕیکەوتنەکەی ٢٠١٥ پاشەکشە دەکات کە بونەتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی وڵاتەکە. هۆشداری ئەوەشیدا بە وڵاتە ئەوروپییەکان کە ماوەی ٦٠ ڕۆژیان هەیە تا چارەسەرێک بدۆزنەوە. وڵاتە ئەوروپیەکانیش، بەتایبەتی وڵاتە بەشداربووەکانی ناو ڕێککەوتنەکە کاردانەوەی جیاوازییان هەبوو سەبارەت بە ڕاگەیندراوەکەی ڕۆحانی. لەنێویاندا وەزیری بەرگری فەرەنسا، فلۆرێنس پارلی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە ئەگەر پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەوەکەوە، ئەوا سەپاندنەوەی سزا ڕەچاودەکەنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیاش، ئەنجێلا مێرکل وتی، «ئێمە وەک ئەوروپی و وەک ئەڵمانییەکان کاری خۆمان بەجێدەگەیەنین لە ڕێکەوتنەکەدا و چاوەڕێی پابەندبوونی تەواوەتیش لە ئێران دەکەین.» لەهەمانکاتدا، ڕووسیا ئەمریکا بە تۆمەتبار دەزانێت بۆ درووستبوونی ئەم قەیرانە. سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا تۆمەتبارە بۆ ئەم بارودۆخە و واشی لە ئێران کردووە کە نەتوانێت بەتەواوی ئەرکەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ بکات. وتەبێژی فەرمی ڤلادمیر پۆتینش، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد «سەرۆک چەند جارێک باسی لە ئاکامەکانی هەنگاوی بێباکانە کردووە پەیوەست بە ئێرانەوە کە ئەویش ئەو بڕیارانەیە لەلایەن واشنتۆنەوە دەدرێن.» ئەوەشی وتووە کە بڕیاری هەڵەشە و تاکڕەوانە سەردەکێشێت بۆ گوشاری بێ‌پاساو بۆ سەر ئێران و هەنگاوی تری نەخوازراو دروست دەکات، کە لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەوەین.» بارودۆخەکە قوڵتربوەتەوە و سزاکانی سەر ئێران چوونە قۆناغێکی نوێوە، بەو پێیەی ئەمریکا ئەمجارە بەرهەمەکامی ئێران لە پۆڵا و مس و ئەلەمنیۆمی کردە ئامانج، کە ئەمەش بەتەواوی ئێران دەخاتە حاڵەتێکی ئابووری مەترسیدارەوە. لەدواین لێدوانی‌دا، حەسەن ڕۆحانی تاڕادەیەک دان بە گەورەیی مەترسییەکانی سزاکانی ئەمریکا دەنێت و پێیوایە ئەم شەپۆلانە لە سزا قورسترین شەپۆلن کە تائێستا ئێرانی گرتبێتەوە و بە بێهاوتا وەسفیانی کرد، تەنانەت لە سزاکانی جەنگی عێراق-ئێران خراپترن. وتیشی، «ئەم شەپۆلی سزایانە ئاماژەن بۆ جەنگ و ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.» لەنوێترین لێدوانیشدا، یوڤال ستاینتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل، ترسی خۆی دەربڕی لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و سەرکێشانی ئەم گرژیانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، یاخود هێزە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵاوە. ڕاشیگەیاند، «کێشەکان تادێت قوڵتردەبنەوە، بۆیە هەموو بژاردەیەک ئەگەری ڕوودانی هەیە و ڕەنگە ئێران موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات، یاخود تەنانەت شێت ببن و جەنگ دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕابگەیەنن.» ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا هۆشداریدابوو کە ڕەنگە ئێران یان هێزە پرۆکسییەکانی کەشتی ئەمریکی یاخود هاوپەیمانەکانی بکانە ئامانج لە ناوچەکەدا. لەدواین پێشهاتیشدا، وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، چوار کەشتی بازرگانی کراونەتە ئامانج بۆ هێرش بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات. هەروەها خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو کەشتی نەوت هەڵگری سعودی لەکەناراوەکانی ئیمارات تێکشکێنراوە لە هێرشێکدا کە زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە. هەر دوای ڕاگەیەندراوەکەی سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری کردووە لەسەر ئەو ڕووداوە. وتەبێژی وەزارەت، عەباس موسەوی ڕایگەیاند کە دەبێت ڕوونکردنەوەی زیاتر دەربارەی ڕووداوەکە بڵاوبکرێتەوە. هۆشداری ئەوەشیدا کە نابێت سەقامگیری و ئاسایشی دەریایی ناوچەکە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بە ڕێکخستنی پیلان و موئامەرە لەلایەن کەسانی قین لە دڵەوە.
هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ شاری ئەستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنتڕۆڵی شارەکەی لەدەستدا بۆ پارتی جەهەپە. ئەم بڕیارە، جارێکی تر لیرەی تورکی دابەزاند و جەهەپەش بە کودەتا ناوزەندی کرد. لەدواین لێدوانی‌دا، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ئەنستەنبوڵ، باشترین هەنگاوە بۆ وڵاتەکەی. وتیشی، «ئەم بڕیارە بە باشترین هەنگاو دادەنێین کە ئیرادەمان بەهێز دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا.» سەرۆکی تورکیا ڕاشیگەیاند کە «دزەکان» لەسەر سندوقی دەنگدانەکان «ئیرادەی نیشتمان»یان دزیوە. ئەم لێدوانەی دوای ئەوە دێت کە باسی لەوە کردبوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵدا کاری نایاسایی و دەستێوەردان کراوە لە ئەنجامەکاندا. بەپێچەوانەوە کەمال کیلشدارۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە رۆژی دووشەممە، داوای لە ئەردۆغان کرد کە ئەگەر دزی کراوە با بەڵگە بخاتەروو لەسەر ئەو بابەتە. وتیشی، «ئەوەی دزراوە ئیرادەی خەڵکی تورکیایە و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دیکتاتۆریەتی سیستەمەکە دەسەلمێنێت.» جێگری سەرۆکی پارتی جەهەپەش، ئۆنۆرسال ئەدیگوزێل، ڕایگەیاند ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ئەوە پیشان دەدات بردنەوە لە ئاک‌پارتی نایاساییە و بڕیارەکەی بە «دیکتاتۆرێتی تەواوەتی» وەسف کرد. وتیشی «ئەم سیستەمە کە زاڵە بەسەری ئیرادەی هاونیشتمانیان و یاسا وەلادەنێت، نە دیموکراتییە و نە یاساییە.» ئەکرەم ئیمامۆگلوش کە بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەک کاندیدی جەهەپە و دواتر نازناوەکەی لێسەندرایەوە، ئیدانەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی کرد و وتی کە کاریگەری پارتی دەسەڵاتداریان لەسەرە. ڕاشیگەیاند، «ئێمە هەرگیز ساش لە بنەما سەرەکیەکانمان ناکەین. ئەم وڵاتە ٨٢ ملیۆن نیشتمانپەروەری تێدایە کە دەجەنگن بۆ دیموکراسی تا دوا هەناسە.» هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی مارسدا ئەنجامدرا کە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان، ئاک‌پارتی، براوە بوو بەڵام هەر سێ شارە گەورەکەی تورکیا، ئەستەنبوڵ و ئەزمیر و ئەنقەرەی دۆڕاند بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە. ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش، دوای ناڕەزایی ئاک‌پارتی لە ئەنجامەکان، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا لە ئەستەنبوڵ لە ٢٣ی حوزەیران. دوای ئەم بڕیارەش، هەندێک لەناو پارتی جەهەپە داوای بایکۆتکردن دەکەن بەوپێیەی پارتەکەی ئەردۆغان جێی متمانە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. بەڵام سەرکردایەتی جەهەپە دەڵێن کە دووبارە کەمپین ڕێکدەخەن، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی و چەند پارتێکی دیکەش پشتگیری‌یان لێدەکەن. ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ئەم دواییە بونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ئابووری تورکیا. هەر دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان، لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر لەدەستدا کە لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا کەمترینی تۆمارکرد بەشێوەیەک کە یەک دۆلار بەرامبەر ٦.٢٤ لیرەی تورکییە لەکاتێکدا کە پێش بڕیارەکە دۆلارێک بەرامبەر لە کەمتر لە ٦ لیرە بوو. بەوپێیە بێت، بانکی ناوەندی ڕووبەڕووی پەستانی زیاتر دەبێتەوە بۆ جێگیرکردنی دراوەکە بە زیادکردنی ڕێژەی سوود، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەردۆغان بێزار دەکات، چونکە بە بەردەوامی داوای ئەوە دەکات، سوودی قەرز کەمبکرێتەوە. ئابوری‌ناسان بڕوایان وایە کە حکومەت پەستانی خستووەتە سەر بانکە حکومییەکان تا دراوی بیانی بفرۆشن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لیرە لە داڕمانێکی خراپتر بپارێزن. بەپێی قسەی بازرگانان بێت، خاوەن قەرزەکان زیاتر بە بەهای ٤٠٠ ملیۆن دراوی بیانیان فرۆشتووە، دوای ئەوەی لیرە خراپترین ئاستی تۆمارکرد لە حەوت مانگی ڕابردوودا. هەر بەپێی قسەی بازرگانان بێت، ئەم بڕە دواتر زیاد بوو بۆ یەک ملیار. ئابوریناسێکی تورکی، موستەفا سۆنمیز، پێیوایە کە ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی بەهای لیرە لە ڕێی کەرتی حکومییەوە، تەمەنی کورت دەبێت چونکە بۆ جێگیرکردنی ئاڵوگۆری دراو، بانکی ناوەندی دەبێت ڕێژەی سوود زیاد بکات، ئەگینا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا لەژیر پاڵەپەستۆیەکی توندا خۆی دەبینێتەوە لەبەرئەوەی ئەردۆغان و بازرگانانی ناوخۆیی بەتوندی لەدژی ئەم هەوڵە دەوەستنەوە. وتیشی، «داڕمانی لیرە تەنها پەیوەست نییە بە گرژی سیاسی ناوخۆی و نادڵنیایی لە هەڵبژاردنەکان بەڵکو هۆکاری تر هەیە، وەک کەشی سیاسی جیهانی. یەکێکیش لەوانە گرژی و ئاڵۆزی نیوان ئەنقەرە و واشنتۆنە کە ئەمەیان کاریگەرییەکی بەردەوامی هەبووە لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە.» پێشبینی ئەوەشی کرد کە لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستبدات لەحاڵەتی ڕازیبوونی تورکیا بە هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی بە بەهای دوو ملیار دۆلار کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سزاکانی ئەمریکا لەسەر تورکیا و دەگونجێت سزاکان دوای ئەم هەنگاوە زیاتریش ببن.
هاوڵاتی، سه‌روه‌ر خه‌لیل گوندنشینانی کورد له‌که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه جارێکی‌تر رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌رکردن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وییه‌کان بوونه‌ته‌وه‌و حکومه‌تی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی شاره‌که، به‌بیانووی جۆراو له‌ناوچه جیاجیاکانی پارێزگاکه، مه‌ترسی دەرکردنی له‌سه‌ر دروستکردوون. دوێنێ به‌سه‌دان که‌س له عه‌شیره‌تى شه‌ممه‌ر چوونه گوندی پەلکانەو خۆیان وه‌کو خاوه‌ن زه‌وى ناساند‌و له‌گه‌ڵ کورده‌کانى ناوچه‌که‌دا تووشی گرژیی بوون. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له‌دوای ساڵی 2003وه دوای چه‌ند ساڵێک ئاواره‌بوون له‌ناوچه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان، گه‌ڕانه‌وه شاره‌که‌یان و له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه به‌بڕێک پاره قه‌ره‌بوو کرانه‌وه‌و له‌سه‌ر زه‌وی گونده‌کانیان خانوویان دروستکرد، به‌ڵام دوای کشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه جارێکی‌تر مه‌ترسی که‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان. ئیبراهیم، ته‌مه‌ن 65 ساڵ دانیشتووی گوندی هه‌نجیره‌ی سنووری پارێزگای که‌رکوکه، ئه‌و جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و به‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکوور هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵکردنی گونده‌که‌ی ئه‌و و دوو گوندی هاوسنووری ده‌که‌ن. گونده‌کانی هه‌نجیره‌و باجوان و چوپلیجه ئه‌و سێ گونده‌ن که له‌لایه‌ن به‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکووره‌وه سکاڵای یاسایی دژی دانیشتوانه‌که‌یان تۆمارکراون. ئیبراهیم ده‌ڵێت «ئێمه دوای 2003 که گه‌ڕاینه‌وه که‌رکوک، بینیمان که گونده‌کانمان خراونه‌ته‌وه ناو دیواری کۆمپانیای نه‌وتی باکووره‌وه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و کاتی که‌رکوک پێیانوتین بڕۆن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه خانوو دروستبکه‌ن که ئێستا تێیدا نیشته‌جێین، به‌ڵام دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر په‌رپرسانی کۆمپانیای نه‌وتی باکوور به‌هێزه‌وه هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر گونده‌کانمان و داوای چۆڵکردنی ده‌که‌ن چونکه زه‌وییه‌کان موڵکی کۆمپانیای ناوبراوه، به‌ڵام ئێمه گونده‌که‌مان جێنه‌هێشتووه بۆیه له‌دادگاش سکاڵایان له‌دژمان تۆمارکردووه«. ئه‌و سکاڵا یاساییانه‌ی دژی خه‌ڵکی ئه‌و سێ گونده تۆمارکراون له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌کانه‌وه، ده‌بینرێن و له‌ئه‌گه‌ری یه‌کلاییبونه‌وه‌ی دۆسییه‌کاندا ئه‌گه‌ری زیندانیکردنی خه‌ڵکه‌که ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه. ئیبراهیم دووپاتیده‌کاته‌وه که «دادگا بۆ ئه‌وه‌ی پشێوی دروست نه‌بێت هه‌ر جاره‌و ژماره‌یه‌ک خێزان بانگهێشتی به‌رده‌م دادگا ده‌کات». هاوکات عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ر که عه‌شیره‌تێکی عه‌ره‌به‌و له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌لایه‌ن حیزبی به‌عسه‌وه له‌ناوچه‌کانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه هاورده‌ی سنووره‌که کراون، له‌نوسراوێکدا بۆ پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکوک داوای چۆڵکردنی شانزه گوندی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان و قه‌زای دووبز ده‌که‌ن به‌و پێیه‌ی «ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و گوندانه‌ن و له‌ساڵی 2003 له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه راگوێزراون». پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکوکیش له‌سه‌ر هه‌مان داواکاری نوسراوی ئاڕاسته‌ی هێزه ئه‌منییه‌کانی سنووره‌که کردووه به‌ده‌م داواکاری عهشیرهتهکهوه بچن، به‌ڵام دوای هه‌ڵکوتانه سه‌ر گونده‌که له‌لایه‌ن عه‌شیره‌تی ناوبراوه‌وه، چه‌ند جارێک شه‌ڕو ئاژاوه له‌نێوان خێزانه کورده‌کان و خێزانه عه‌ره‌به‌کان دروستبووه که دواترینیان شه‌ڕه‌که‌ی دوێنێی گوندی په‌ڵکانه بوو. هه‌ڵۆ جه‌وهه‌ر، دانیشتووی گوندی په‌ڵکانه‌ی سنووری ناحیه‌ی سهرگهڕانهو له‌شه‌ڕ و پێکدادانه‌که‌ی دوێنێدا، باوکی و برایه‌کی و ئامۆزایه‌کی ده‌ستگیرکراون و به‌که‌فاله‌ت ئازادکراون، ئه‌و ده‌ڵێت «عه‌ره‌به‌کان ده‌یانه‌وێت به‌زۆر له‌ماڵه‌کانمان ده‌رمان بکه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌کانماندا بگرن، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه قبوڵناکه‌ین چونکه ئێمه له‌سه‌ر زه‌وی خۆمانین». له‌باره‌ی شه‌ڕه‌که‌شه‌وه ده‌ڵێت «سه‌ره‌تا هێزه ئه‌منییه‌کان پاڵپشتی عه‌ره‌به‌کان بوون، به‌ڵام دوای هاتنه سه‌ر خه‌تی به‌رپرسانی پارتی و خودی کاک مه‌سعود دۆخه‌که پێچه‌وانه بووه‌و هێزه ئه‌منییه‌کان خێزانه عه‌ره‌به‌کانیان له‌و خانووانه ده‌رکرد که ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو و ژماره‌یان 12 خانوو بوو». له‌لایه‌کی تره‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌کانی که‌رکوک، رووپێویی بۆ زه‌وییه‌کانی سنووری شاره‌وانی پردێ کردووه به‌مه‌به‌ستی دابه‌شکردنیان به‌سه‌ر که‌سوکاری زیندانیانی سیاسی و شه‌هیدانی عێراق. ئه‌و زه‌وییانه‌ی بڕیاره له‌پردێ دابه‌شبکرێن، رووبه‌ری 200 دۆنم زه‌وی کشتوکاڵییه‌و ده‌که‌ونه سنووری گوندی قهرهبهگهوهو پێش 2003 له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌عسه‌وه له‌خاوه‌نه‌کانیان وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌و کوژێنراونهتهوهو دواتر کراون به‌موڵکی شاره‌وانی پردێ، خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌کانیش بۆ عه‌شیره‌تی ساڵه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه که دوای ساڵی 2003 گه‌ڕانه‌وه سه‌ر زه‌وییه‌کان و له‌به‌شێکیدا خانوویان دروستکردووه. عه‌شیره‌تی ساڵه‌یی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بڵاو کراوه‌ته‌وه، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری مافی خۆیان نابن، له‌موڵکداری زه‌وییه‌کانیان و رووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌وڵێک ده‌وه‌ستنه‌وه بۆ لێسهندندنهوهی زه‌وییه‌کانیان. هاوکات محه‌مه‌د نه‌جیب به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی پردێ به‌وه‌کاله‌ت جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌وان ورده‌کاری و رێوشوێنه‌کانی دابه‌شکردنی ئه‌و زه‌وییانه نین، چونکه وه‌ک خۆی ده‌ڵێت «ئه‌و لیژنه‌یه‌ی روپێویی بۆ زه‌وییه‌که ئه‌نجامداوه سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌کانی که‌رکوکه‌و خۆیان سهرپەرشتی ئه‌و بابه‌ته ده‌که‌ن». به وته‌ی ئه‌و «به‌پێی بڕیارێکی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی عێراق، خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی له‌مه‌رجی شوێنی له‌دایکبوون به‌خشراون بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی نیشته‌جێبوون، واتا ئه‌وان ده‌توانن له‌هه‌ر شوێنێکی عێراق بێت، سوودمه‌ند بن له‌وه‌رگرتنی زه‌وی نیشته‌جێبوون». ئه‌مه له‌کاتێکدایه که به‌پێی ده‌ستووری عێراق و یاسا په‌یڕه‌وکراوه‌کان، که‌رکوک و ناوچه جێناکۆکه‌کان دۆخێکی تایبه‌تیان پێدراوه‌و پێشتر رێگه نه‌ده‌درا ئه‌و که‌سانه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی شاره‌که نین ببنه خاوه‌نی زه‌وی و خانوو له‌شاره‌که، بۆ رێگرتن له‌گۆڕانکاری دیموگرافی له‌شاره‌که‌دا. هاوکات له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌قه‌زای داقوق ژماره‌یه‌ک پارچه زه‌وی به‌سه‌ر که‌سوکاری کوژراوانی حه‌شدی شه‌عبیدا دابه‌شکران. به وته‌ی لویس فه‌ندی قائیمقامی قه‌زای داقوق به‌وه‌کاله‌ت «فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له داقوق دوو دۆنم زه‌وی لهجوتیارێکی کورد کڕیوه‌و کردوویه‌تی به‌زه‌وی نیشته‌جێبوون و به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌کانی حه‌شدی شه‌عبیدا دابه‌شیکردوون». ئه‌و جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که «ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و زه‌وییانه سوودمه‌ند بوون له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی داقوقن». لای خۆیه‌وه جه‌مال شکور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌وان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ رێگرتن له‌و پێشێلکارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به گوندنشینانی کورد ده‌کرێت له‌که‌رکوک، ده‌ڵێت «ئێمه له هه‌وڵی بهردهومداین له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان و له‌دانیشتن و نوسراوهکانماندا جه‌ختمان له‌وه کردووه‌ته‌وه که به‌پێی یاسا‌و راسپارده‌ی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و زه‌وییانه بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌کانیان له‌کورد و تورکمان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه«. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆک کۆمار، لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت پێکهاتووه بۆ تاوتوێکردنی پرسی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی که‌رکوک که له نوێنه‌رانی کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و په‌رله‌مانی عێراق و نوێنه‌رانی سه‌رۆک کۆمار‌و سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زاره‌ت و ده‌سته په‌یوه‌ندیداره‌کان پێکهاتوون». ئه‌و پێیوایه یهکگنهگرتوویی لایه‌نه کوردییه‌کان و هۆکاره بۆ درێژه‌دان به‌و «پێشێلکارییانه«، داواش ده‌کات که لایه‌نه کوردییه‌کان «به‌زووترین کات» هه‌وڵه‌کانیان یه‌کبخه‌ن بۆ رێگه‌نه‌دان به دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و «پێشێلکارییانه«
هاوڵاتی د. یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پیشووی پەرلەمان رایدەگەیەنێت "هاوپەیمانێتیەکی پیس" دژیان بەریوەدەچێت دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەنگدان بە یاساکە لەلایەن گۆڕانەوە. یوسف محەمەد لە ١٦/ ٣/ ٢٠١٦ لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی لە وتارێکدا وتی "لەسەردەمی ئەمڕۆماندا حوكمڕانی زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە مەعریفە هەیە پێویستی به زانست هه‌یه، بۆیە حوكمڕانی بە خەڵكی نەخوێندەوار ناكرێ چاكسازیش بە خەڵكی نەخوێندەوار ناكرێ". دوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رەخنە لە گۆڕان گیراو قسە لەسە ئەم وتەیەی یوسف محەمد کراو رەخنەی ئەوەیان لێگرت کە لە قسەکانی پەشیمان بۆتەوە چونکە مەرجی بروانامە هەڵگیرا بۆ کاندیدانی سەرۆکایەتی هەرێم. یوسف محەمەد لە وتارێکدا دەڵێت " هەڵبەت مەعریفە تەنها بە بەدەستهێنانی بڕوانامە بەدەستنایەت، خاوەن بڕوانامەی زۆری نەخوێندەوارمان هەن... كێشەی ئێوە ئەوە نییە سەرۆكەكەتان نەخوێندەوار دەبێ یان نا. بەڵكو كێشەی ئێوە گرێی دەرونی و خواستتانە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان". هەروەها دەلێت "لەوانەی كەواسوری بەرلەشكری ئەم هەڵمەتە بون، یان خۆیان هیچ بڕوانامەیەكیان نییەو ئێران و توران گەڕاون تا شەهادەیەكی تەزویریان دەستخستوە، یان ئەو كۆلكە خوێندەوارانە بون كە بە قبوڵ خاص و نمرەی نزم و بە گرتنی شوێنی خوێندكارێكی خاوەن نمرەی بەرزی بێ پشتوپەنا، بێ وەگرتنی هیچ مەعریفەیەك، بڕوانامەیەكی زانكۆییان داگیر كردوە" لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دەڵێت "هەڵبەت ئەم هەڵایەی ئەمجارە ئەڵقەیەك بوو لە زنجیرەیەك كەمپەین كە بە ڕێكخراویی و بەردەوامی لەلایەن تەحالوفێكی پیس (خبیث)ەوە دژمان بەڕێوە ئەچێ". کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکەی یوسف محەمەد
هاوڵاتی: شاناز حه‌سه‌ن په‌رله‌مانى کوردستان، پشتگیریى ده‌داته په‌رله‌مانتاران، بۆئه‌وه‌ى به قیست ئۆتۆمبێل بکڕن و هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێکیش پێشه‌کى پێنج هه‌زار دۆلارى له نرخى ئۆتۆمبێله‌که بۆ ده‌درێت، به‌پێی رێککه‌وتنێکى نێوان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و کۆمپانیاى جیهان. به‌پێی به‌دواداچونى هاوڵاتی، به‌شى زۆرى په‌رله‌مانتاران ناوى خۆیان نوسیوه بۆ کڕینى ئۆتۆمبیل به‌شێوه‌ى قیست، له‌ناو کۆمه‌ڵى ئیسلامیشدا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یى و عوسمان کانی کوردەیی کڕیویانە. ئه‌گه‌رچی ئه‌و قیستهى وه‌ریانگرتووه قازانج ده‌چێته سه‌ری و به‌پێی فیهی ئیسلامی حه‌ڵاڵ نه‌کراوه، بەڵام ئەو دوو مەلایەی کۆمەڵ وەریانگرتووە. عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە هاوڵاتی راگەیاند کە جگە لە هەورامان گەچێنەیی و عوسمان کانی کوردەیی هیچ پەرلەمانتارێکی تریان ئەو قیستەی وەرنەگرتووە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەورامان گەچێنەیی لە خولی پیشووشدا پەرلەمانتار بووەو ئۆتۆمبێلی هەبووە. هاوڵاتی په‌یوه‌ندیکرد به گهچێنهییهوه به‌ڵام وتى ئاماده نییه له‌و بارەیه‌وه قسه بکات. هەروەها مەلا عوسمان وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە. هەرچی سەبارەت بە فراکسیۆنی یەکگرتووە، شێرکۆ جه‌وده‌ت، په‌رله‌مانتارى یه‌کگرتوو له په‌رله‌مانى کوردستان، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتى «تائێستا له فراکسیۆنى ئێمه که‌س نه‌یکڕیوه و ئێمه پیشتریش له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوین له‌سه‌ر دارایى گشتى ئوتۆمبێل نه‌کڕدرێت». ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌یکڕن، له‌جۆرى تۆیۆتان و زۆربه‌شیان تۆیۆتا لاندکلۆزهرى مۆدێل 2019 (ناسراو به وه‌نه‌وشه)ن که هه‌شت بستۆنن و نرخی هه‌ر ئۆتۆمبێلێک حه‌فتا هه‌زار و 500 دۆلار (حه‌وت ده‌فته‌ر و نیوه)، به‌ڵام به قیست ئۆتۆمبیله‌کان له‌سه‌دا حه‌وتى نرخ ده‌چێته سه‌ریان که ده‌بێته 90 هه‌زار دۆلار (نۆ ده‌فته‌ر دۆلار). هیوا نه‌سره‌دین، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتى «هه‌موو ئه‌ندام په‌رله‌مانێک له موچه‌که‌ى خۆى مانگانه ئۆتۆمبێل به قیست ده‌کڕێت و ئێمه ته‌نها پشگیرییان ده‌که‌ین که بتوانن ئۆتۆمبێله‌که له‌و کۆمپانیایه بکڕن». سه‌باره‌ت به‌و 5000 دۆلاره‌ى ده‌درێته په‌رله‌مانتاران، هیوا نه‌سره‌دین وتى «ئه‌وه په‌یوه‌ندى به سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه هه‌یه و له‌گه‌ڵ کۆمپانیا قسه‌یان کردووه و که په‌رله‌مانتاره‌کان له‌و پاره ببه‌خشن، مودیر عام سه‌یاره‌ى بۆ ده‌کڕدرێت وه‌زیر بۆى ده‌کڕدرێت، 50 وه‌ره‌قه چ کێشه‌یه‌کى هه‌یه«. ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه که هه‌ر په‌رله‌مانتارێک بیه‌وێت، به‌و پێیه‌ى موچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کان لاى ئه‌وانه، پشگیرییه‌کى پێ ده‌ده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه مانگانه قیستى ئوتۆمبێله‌که له موچه‌که‌یان ده‌بڕدرێت. تائێستا 20 په‌رله‌مانتار به‌پێی رێککهوتنهکهى نێوان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و کۆمپانیاى جیهان، ئۆتۆمبێلیان له کۆمپانیاکه کڕیوه. رۆژى 7ى شوباتى ئه‌مساڵ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان کۆبووه‌وه و دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاندبوو، به فراکسیۆنه‌کانیان راگهیاندووهکه چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابین بکرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیارێکیان پێدراوە کە بەقیستی مانگانە لە مووچەکانیان بە زەمانەتی پەرلەمان، ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابین بکەن. له‌خوله‌کانى پێشووى په‌رله‌ماندا، په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ئۆتۆمبێلیان بۆ ده‌کڕدرا، به‌مه‌رجێک له‌دواى ته‌واوبوونى ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ په‌رله‌مان. سه‌فین گه‌ردى، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان، که له کۆمپانیاى جیهان ئۆتۆمبێلێکى له جۆرى لاندکلۆزهر 2019 ى وه‌نه‌وشه کڕیوه وتى «ئه‌و ئۆتۆمبێله‌م به قیست کڕیوه و پێشه‌کى 2300 دۆلارمان داوه و په‌رله‌مانیش 5000 دۆلارى بۆ داوین». ئاماژه‌شى به‌وه‌دا فراکسیۆنه‌کان هه‌مویان به‌و شێوازه رازى بون بۆیه قبوڵکراوه و له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلیان له کۆمپانیا کڕیوه. سه‌رکۆ ئازاد په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى کوردستان وتى «هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ره‌فزیان کردووه که ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتاران بکڕدرێت، ته‌نها ئه‌و شێوازه قبوڵکراوه که به قیست له‌سه‌ر موچه‌که‌ى خۆیان بۆیان بکڕدرێت واته ته‌نها پشتگیرى بکات و یه‌ک دینار سه‌رف نه‌کات». وتیشى «له‌وانه‌یه داشکاندن کرابێت، چونکه ناکرێت 50 وه‌ره‌قه درابێت به هاوڕێیه‌کمان نه‌درێت به ئێمه ئه‌وه قبوڵ کراو نییه«. به‌ڵێن ئیسماعیل، په‌رله‌مانتارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، باسله‌وه ده‌کات که له‌ناو گۆڕان دا هه‌شت په‌رله‌مانتار پێویستیانه و داوایان کردووه و خۆشم»کڕیومه«. وتیشى «من جارێ هیچ پاره‌م نه‌داوه و له ورده‌کارییه‌کان ئاگادار نیم ته‌نها ئه‌وه ده‌زانم هه‌موو ورده‌کار و مه‌سروفاته‌کان له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار خۆیه‌تى». ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى که ئێستا له کۆمپانیاى جیهان ئۆتۆمبێلیان کڕیوه، مانگانه بڕى دوو ملیۆن و 60 هه‌زار دینار له موچه‌که‌یان ده‌بڕدرێت و ده‌درێته قیستى ئۆتۆمبێله‌که.