هاوڵاتى هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی هەماهەنگی سەربازیی لەناوچە جێناکۆکەکان، هێشتا نەگەیشتووه بە ڕێککەوتن و تەنها لەسەر نەخشە، شوێنەکانی هەماهەنگییان دیاریکردووە. ماوەی چەند مانگێکە، لەبارەی دروستکردنەوەی هەماهەنگی لەنێوانیاندا، لەناوچە جێناکۆکەکان و روبەڕووبونەوەی پاشماوەکانی داعش، هەردوو وەزارەتەکە دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە،. رۆژی چواری شوباتی ئەمساڵ، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەکۆبوونەوەیەکدا پێنج لیژنەی هاوبەشیان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە ناوچە جێناکۆکەکان، دروستکرد،. پێکهێنانی ئەو لیژنانە دوای زیاتر لە ساڵێک هات، لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپام بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، کاتێک سوپای عێراق بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان هێرشی کرد و تەواوی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکرد کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بوو. رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی هەیئەی ئەرکان لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی بەرگری عێراق کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە لیوا گوهدار بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و ئاسایش و لیوا هاشم بەڕێوەبەری هەواڵگری وێنەیی و نەخشەکان و لیوا زییا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و عەمید خەسرۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە. لەکۆبوونەوەکەدا ئاکامی لیژنە مەیدانییەکان بۆ روپێوکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی لەسەر نەخشە خرایە ڕوو. تێدا بە وردی خاڵەکانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی دیاریکراوە. ئەو لیژنە مەیدانیانە کە لە پێنج لیژنە پێکهاتوون، لەچوارچێوەی کارەکانیاندا سەردانی میحوەرەکانی ناوچە جێناکۆکەکانیان کردووە، وەکو میحوەرەکانی کەرکوک، خانەقین، موسڵ و خاڵەکانی پێشمەرگە و سوپایان لەو ناوچانە لەسەر نەخشە دیاریکردووە. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتى راگەیاند، لیژنەکان رووپێویکردنی هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەکانی خانەقینەوە تا رەبیعە لەسەر نەخشە دیاریکردووە و ئیشەکانی خۆیان تەواوکردووە. وتیشی «لیژنەکە لەسەر نەخشە هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ شیکردوینەتەوە لەبارەی چۆنیەتی هەماهەنگی و ئێمەیان لە وردەکارییەکان ئاگادارکردووەتەوە». جەبار یاوەر باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر رۆشنایی ئەو نەخشەیە کە چۆنیەتی دابەشبوونی هێزەکان و بۆشایی ئەمنییەکان و جموجۆڵەکانی داعشی دیاریکردووە، باسی شوێنی بنکەکانی هێزی هاوبەش و هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنی هاوبەش بکەین. تاوتوێکردنی پرسی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، هاوکاتن لەگەڵ جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعش لەسنوری ناوچە جێناکۆکەکان. ئەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی تێدا هەیە، پێشتر بە هاوبەشی لەلایەن پێشمەرگە و سوپاوە دەپارێزرا، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگەوە، هەماهەنگییەکە کۆتایی هات و بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دروستبوو. بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، تائێستا چەند جارێک جەختیان کردووەتەوە کە داعش سودی لە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە وەرگرتووە، بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی، بۆ ئەوەش بەپێویستیان زانیوە جارێکی تر هەماهەنگی لەنێوانیان دروستبکەنەوە. تا ئێستا بەرپرسانی عێراق، هەڵوێستێکی رونیان رانەگەیاندووە لەبارەی شێوازی هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵام چەند جارێک جەختیان لە هەماهەنگیکردن کردووەتەوە بۆ رێگری لەسەرهەڵدانەوەی داعش بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان. لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتىراگەیاند، ئەو نەخشانەی ئامادەکراون لەبارەی شوێنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا لەناوچەکانی کەرکوک و دیالە و خانەقین و موسڵ، رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بۆ ئەوەی تاوتوێیان بکات و بزانین پێشنیاری داهاتوو چی دەبێت بۆ شێوازی هەماهەنگییەکە. وتیشی «هێشتا کۆبوونەوەی سێیەم نەکراوە لەو بارەیەوە، لیژنەکان نەگەیشتونەتە ئەو خاڵەی کە باس لەوەبکەین شێوازی هەماهەنگییەکە چۆن بێت، لە کۆبوونەوەی سێیەمدا ئەگەر بکرێت، وەزارەتی پێشمەرگە بۆچوونی خۆی لەسەر روپێوییەکە دەخاتەڕوو، باس لە چۆنیەتی هەماهەنگییەکە دەکرێت». لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە لەئازاری ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چەندین جار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەچەند پرسێکدا هەماهەنگ بوون و هەندێک جار پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕاوە. لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا و دوای شکستی سوپای عێراق بەرانبەر هێرشەکانی داعش و پاشەکشەی سوپا لە موسڵ و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، هێزەکانی پێشمەرگە تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵکرد و رێگرییان کرد داعش، دەستبەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت. بەدرێژایی شەڕی دژی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان کە تا کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە ساڵی ٢٠١٧، پێشمەرگە و سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەبوو، پێکەوە شانبەشانی یەکتر لەدژی داعش دەجەنگان. بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ بارودۆخەکە گۆڕا و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپا لە هەماهەنگیەوە بۆ هۆشداری و هەڕەشە گۆڕا، کاتێک هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا و بەغداش هەڕەشەی لەشکرکێشی کرد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، تا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا دەستی بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەدا گرت، بەوەش پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕا. تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە هەماهەنگی نوێی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوشێوەی پێشوو دەبێت، یاخود بەشێوازێکی نوێ دەبێت و هەردووی لەسەری رێکدەکەون. لیوا قارەمان کەمال وتی «ئێمە هیچ لارییەکمان نییە لەسەر دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هێزی عێراقییەکان، بەڵام هەماهەنگییەکە بە چ جۆرێک بێت دیار نییە، ئایا هەماهەنگییەک بێت وەکو پێشتر کە هەبووە، یان شێوازێکی دیکە بێت کە ئایا پێی رازی دەبین یان نا». جەختیشیکردەوە، تا نەزانن وەزارەتی بەرگری عێراق چ جۆرە هەماهەنگییەکی دەوێت، ناتوانن هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن «هیچ کێشەیەک لەلای ئێمەوە نییە، ئەگەر هەبێت لەلای هێزە عێراقییەکانە». وتیشی «تائێستا لامان روون نییە ئەوان چ جۆرە هەماهەنگییەکیان دەوێت، ئایا وەکو جاران دەبێت، کە من پێموانییە بەوشێوەیە بێت، ئایا شێوازێکی نوێیە، کە شێوازەکە چۆن دەبێت، ئایا ئێمە بەوە رازی دەبین یان نا، لەبەرئەوە ناتوانم پێشبینی هیچ شتێک بکەین بۆ شێوازی هەماهەنگییەکە». بە وتەی بەشێک لەبەرپرسانی پێشمەرگە، پرسی هەماهەنگی ئەمجارە هاوپەیمانانیش تێیدا بەشدارن و فشاریان کردووە لەو رووەوە، پێدەچێت میکانیزمەکە بەجۆرێک بێت کە پێشمەرگە و سوپا سنوری ناوچە جێناکۆکەکان بپارێزن و دۆسیەی ئەمنی ناو شارەکان لەلایەن پۆلیسی ناوچەییەوە سەرپەرشتی بکرێت. هەوڵەکانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بۆ پرسی هەماهەنگی لە بواری سەربازیدا، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ بە پێویستی زانیبوو، ستراتیژێکی تازەی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەلایەن هاوپەیمانیی دژی داعشەوە بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراقی دابنرێت، هەروەها ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەربڕی بوو.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌لام عه‌بدوڵا ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، نێچیرڤان بارزانی، جێگرى سه‌رۆکى پارتى روونکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر دواکه‌وتنى پێکهێنانى حکومه‌ت داوه، بۆیە «ده‌بوو یه‌کێتى و گۆڕانیش روونکردنه‌وه بده‌ن». سه‌لام عه‌بدوڵا له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، له‌باره‌ى پرسی بهشداریپێنهکردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له کابینه‌ى نوێی حکومه‌تدا ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، به‌شداری پێنه‌کردنى کۆمه‌ڵ له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تدا، ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى خۆیان. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ده‌موچاوى نوێى پارتى له‌ناو حکومه‌تدا بێت، به‌ڵام بۆ وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌کان، ئه‌گه‌ر که‌سێکى تر‌ى شاره‌زاى وه‌ک ئاشتى هه‌ورامى نه‌بێت، ئه‌وه ته‌نها خۆى داده‌نرێته‌وه«. جه‌ختیشده‌کاته‌وه، پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه، هه‌موو ئه‌وانه‌ى موچه‌ى نایاسایى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرن ببردرێت و ده‌بێت په‌رله‌مان بڕیارى بۆ ده‌ربکات و حکومه‌ت جێبه‌جێى بکات. لەبەشیکی تری قسەکانیدا، باس لە قسەیەکی پشووتری دەکات کە پڕفرۆش‌ترین کتیب لە پێشانگای نێوەدەوڵەتی هەولێر، کتێبە ئاینییەکان بووە، هەروەها دەڵێت «نابێت حزبى عه‌لمانى، پشتیوانى له سه‌له‌فییه‌کان بکات» هاوڵاتى: پێکهێنانى حکومه‌ت زۆر دواکه‌وت، باس له‌وه ده‌کرێت ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستى مانگى شه‌ش، هۆکاره‌که‌ى ڕێکنه‌که‌وتنى لایه‌نه‌کانه له‌سه‌ر پۆسته‌کان؟ یان چ شتێکى تر دوایخستووه؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: وه‌ک له وتاره‌که‌ى کاک نێچیرڤان بارزانیدا باسى لێوه‌کرد، دواکه‌وتنى حکومه‌ت هیچ له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێت، واچاکتره لایه‌نه‌کان بگه‌نه رێکه‌وتن، واباشتریشه ئێستا دواکه‌وێت، نه‌ک دواى حکومه‌تێکى لاواز و ناموتهفیق و ناته‌با بێت، بۆیه دواکه‌وتنى پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌م، هۆکاره‌که‌ى ئه‌وه بێت کارێکى باشه. خه‌ڵک پێی خۆشه زوو حکومه‌ت پێکبهێنرێت، چونکه هه‌موو خه‌ڵک له نیگه‌رانیدا ده‌ژیت، تێناگات ده‌ڵیت ئێمه ده‌نگمان داوه به‌م حکومه‌ته، ماوه‌ى شه‌ش مانگه ته‌شکیل نابێت، ئه‌بوایه رونکردهوهکه له‌لایه‌ن هه‌موو حزبه‌کانه‌وه بدرایه یه‌کێتى و گۆڕانیش وه‌ک پارتى روونکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر دواکه‌وتنى پێکهێنانى حکومه‌ت بدایه. هاوڵاتى: پارتى وه‌زیره کۆنه‌کان داده‌نێته‌وه یان ده‌موچاوى نوێ ده‌هێنێته ناو کابینه‌ى نۆیه‌م؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: من پێمباشه له هه‌موو کابینه‌یه‌کدا ده‌موچاوى تازه بێته پێشه‌وه، ناشکرێت وه‌زیرێک بیست ساڵ له شوێنێکدا بێت، بۆ ئه‌م وڵاته خه‌ڵکى تێدا نیه؟ که‌سى تر پێنه‌گه‌یشتووه؟ که‌سى تر خوێندنى ته‌واو نه‌کردووه؟ که‌سى تر ئه‌زمونى په‌یدا نه‌کردووه، مه‌فروزه گۆڕانکارى هه‌بێت و که‌سى نوێ له‌ناو پارتیدا بکرێته وه‌زیر. هاوڵاتى:پێت وایه به‌دیلى ئاشتى هه‌ورامى هه‌یه بۆ وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌کان لاى پارتى؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: ئه‌وه ئیشێکى ته‌کنیکى تایبه‌ته، چونکه ناتوانرێت هه‌موو که‌سێک بکرێت به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌کان. مه‌سه‌له‌که وزه‌یه که‌پێویسته شاره‌زایى تیا هه‌بێت، له‌و بواره‌دا ئه‌زمونى هه‌بێت، به ته‌ئکید که هه‌بێت داده‌نرێت که نه‌شبێت ئه‌وه دیاره ئاشتى هه‌ورامى داده‌نرێته‌وه. هاوڵاتى: دواى قسه‌کانى عه‌لى باپیر به‌شدارى کۆمه‌ڵ لاى پارتى گه‌شتووەته خاڵى کۆتایى و به‌شدارییان پێ ناکه‌ن؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: عه‌لى باپیر خۆى رونکردنه‌وه‌ى دا وتى ئه‌م حکومه‌ته به شایسته‌ى کۆمه‌ڵ نازانین که به‌شدارى بکات، واته ئه‌وان ئه‌م حکومه‌ته به شایسته‌ى خۆیان نازانن، له‌به‌رئه‌وه به‌شدارى پێنه‌کردنیان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى خۆیان. هاوڵاتى: واته به‌شداری به کۆمه‌ڵ ناکرێت له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تدا؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: به‌و قسانه‌ى خۆیان بێت هه‌ر عه‌یبه بیکه‌ن، چونکه خۆیان ده‌ڵێن شایسته‌ى حزبه‌که‌مان نیه، که شایسته نیه بۆ به‌شدارى تێدا ده‌که‌ن. هاوڵاتى: به‌ڵام پێتوانییه پارتى به ئه‌نقه‌ست گفتوگۆى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ دواخست، بۆ به‌شدارییان له حکومه‌تدا؟ سه‌ڵام عه‌بدوڵا: پارتى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان کردووه‌و ئه‌وان کورسى په‌رله‌مان و ده‌نگه‌کانیان له‌دواى پارتییه‌وه‌یه، به‌پێى ریزبه‌ندى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا ده‌کرێت، کۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسییه‌وه سه‌لام و عهلهیکى لێکراوه. ئه‌وه ئه‌میرى کۆمه‌ڵى ئیسلامییه که بڵێت شایسته نیه، باوه‌ڕ ناکه‌م حزبه‌که‌شى به قسه‌ى نه‌که‌ن، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان خۆیان، خۆیان به‌ند کردووه به‌و لێدوانه‌وه که به‌شدارى حکومه‌ت ناکه‌ن. هاوڵاتى: تا چه‌ند پارتى ئاماده‌یى تێدایه پرۆژه یاسای چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان ئه‌وانه‌ى به‌نایاسایى موچه وه‌رده‌گرن و پارتین موچه‌کانیان ببڕدرێت؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: هه‌موو حزبه‌کان له‌کاتى هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یان داناوه که چاکسازى پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانیان بێت، پێویستیشه ئەوانەی به نایاسایى خانه‌نشین کراون، موچه‌که‌ى ببڕدرێت. هاوڵاتى: واتا پارتى به‌رجه‌سته‌ى ده‌کات به کردارى یا ته‌نها به قسه پشتگیرى ئه‌و پرسه ده‌که‌ن؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: ده‌بێت به بڕیار و یاسا له‌په‌رله‌مان ده‌ربچێت و حکومه‌تیش سور بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى به ته‌ئکید ده‌توانرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدام، ئه‌وانه‌ى پارتیشن موچه‌کانیان ببڕدرێت. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى رابردوودا، وتارێکت نوسیبوو له‌سه‌ر پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى کتێب له هه‌ولێر که کتێبه ئاینییه‌کان پڕفرۆشترینن و ره‌خنه‌ت له‌وباره‌یه‌وه گرتبوو که هه‌ولێر بووه‌ته کابوڵ؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: مه‌به‌ستم له‌وه‌یه که پڕفرۆشن. ئامارێکم ته‌قدیم کرد که ئامارى پێشانگاکه خۆیانه، که ده‌ڵێت ئه‌مساڵ پڕ فرۆشترین کتێب کتێبى ئاینییه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا که سه‌رده‌مى عیلم و زانست و ته‌کنیکه، له وڵاتێکدایت که پڕ فرۆشترین کتێب کتێبى ئاینى بێت، بۆ زانستى، یان ئه‌ده‌بى نه‌بوو، پرسیارم کردووه‌و پرسیاره‌که‌شم پرسیارێکى مه‌نتیقى بووه. هاوڵاتى: به‌ڵام هه‌ندێک که‌س وهڵامیداوهتهوهو به‌شێک له نوسه‌رانى چه‌پیان تۆمه‌تبار کردبوو که شه‌وانه خه‌ریکى خواردنه‌وه‌ن و ئاگایان له کتێب خوێندنه‌وه نه‌ماوه، قسه‌ت چیه له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: ئاخر ئه‌وه ئهقڵهکهیانه، کتیب خوێندنه‌وه و خواردنه‌وه که‌ى په‌یوه‌ندى به یه‌که‌وه هه‌یه، ئه‌وه رۆشنبیرییهکهیانه بۆیه ئه‌و قسه‌یه ده‌که‌ن. هاوڵاتى: سه‌له‌فییه‌کان تا دێت گه‌شه ده‌که‌ن، باس له‌وه ده‌کرێت پارتى و یه‌کێتى پاڵپشتیان ده‌که‌ن، پێتوایه زه‌ره‌ر له پرسى دیموکراسى و مه‌ده‌نى و کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌دات؟ سه‌لام عه‌بدوڵا: پێموایه تێکه‌ڵکردنى ئاین و سیاسه‌ت هه‌ڵه‌یه، چونکه هه‌ریه‌که‌یان ته‌ریقه‌ى خۆیان هه‌یه، بۆیه لاى من به پێویستى نازانم هیچ لایه‌نێک پشتیوانى له‌وانه بکات، که مه‌به‌ستى ئاینه، بابچێت له حزبێکى ئاینى کاروبارى خۆى بکات.نابێت حزبى عه‌لمانى پشتیوانى له سه‌له‌فییه‌کان بکات، چونکه سه‌له‌فییه‌کان پێچه‌وانه‌ى بیروباوه‌ڕى عه‌لمانییه‌تن، ناکرێت پشتیوانیان بکرێت به‌هه‌ر هۆکارێک بێت. بڕواناکه‌م سه‌له‌فییه‌کان ئه‌وه‌نده به‌هێزبن، بتوانن هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى کوردستان بگرن، بڕواناکه‌م کلتورى کوردى ئه‌و توندوتیژیه قبوڵ بکات به‌رامبه‌ر ئافره‌ت یا به‌رامبه‌ر ئاینه‌کانى تر.
هاوڵاتی- نازەنین گۆران، لاڤین مەحمود لەچەند مانگی رابروودا، هاووڵاتیان بەتۆمەتی «تێکدانی» شیرازەی کۆمەڵگاو ئاسایشی خیزان، دەیان سکاڵایان لەسەر هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن تۆمارکردوە. بەپێی رای پسپۆڕانی میدیا، لەهەندێک کەیسدا میدیاکان «پێشێلکارییان» کردووە. بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان ٩٢٠ بڵاوکراوەی چاپکراو هەیە، کە ٥٠ بۆ ٦٠ یان دەردەچێت، هەروەها ١٦٤ تەلەفزیۆن لە هەرێم هەیە، ١٦٠ رادیۆش بونیان هەیە. شێوازی کارکردنی بەشێک لە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان، پسپۆڕانی هێناوەتە ئەو بڕوایەی کە لەهەندێک کەیسدا میدیاکان «پێشێلکارییان» کردووە، بەتایبەتی لەو کەیسانەدا کە پەیوەندییان بە کارەکانی پۆلیس و دادگاوە هەیە. رۆزە حەمەوەیس ماموستای زانکۆ لە بەشی راگەیاندن باس لەوە دەکات، چارەنوسی میدیا بەرەو «رێگەیەکی زۆرخراپ» ئەڕوات، بەتایبەت ئەگەر پێش بڕیارەکانی دادگا بکەوێت. رۆزە حەمەوەیس بە هاوڵاتی وت «میدیا دەبێت هەمیشە چاوەڕێ بکات، پێش دادگا و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدار بەو کەیسانە، نەکەوێـت». لەهەندێک کەیسدا، بەشێک لە میدیاکان بەشێوەیەک مامەڵە دەکەن کە دەیانەوێت دەستپێشخەری رۆژنامەنوسی بۆ ئەوان بێت، بە وتەی رۆزە، دەبێت بەشێوەیەک کاربکات، کە زیان بەکەیسەکان نەگەیەنێت. رۆزە حەمەوەیس رەخنەی لەو میدیایانە گرت کە لە باسکردنی کەیسە کۆمەڵایەتییەکان مەبەستیانە کە هەستی خەڵکی بجوڵێنن، «ئەمەش کارێکی زۆرهەڵەیە و کەمتوانایی میدیاکە دەردەخات» . لە هەرێمی کوردستان، ئازادیی کاری رۆژنامەنوسی و مافی زانیاری بە یاسای رۆژنامەگەری «ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧» و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری «ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣» پارێزاون، بەڵام یاساکان بەتەواوی لە هەرێم جێبەجێناکرێن. هەندێک لەپسپۆڕانی بواری میدیا پێیانوایە، نەک میدیا خەریکە ئەبێتە بەشێک لەتاوان، بەڵکو زۆرێک لەتاوانەکان لەرێگەی راگەیاندنەوە دەکرێت. سامان فەوزی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی یاسا کە ساڵانێک مامۆستا بووە لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو کێشە و سکاڵایانەی لە دادگاکانن، لەرێگەی راگەیاندنەوە ئەنجام دەدرێن. سامان فەوزی بە هاوڵاتی وت «ئەوە ناوزڕاندن و ئیستغلالکردنی راگەیاندنە، وەک هەڵماڵینی تایبەتمەندی کەسەکان، تادەگاتە ئەوەی هەندێجار مەسائیلی ئاسایشی نەتەوەیش دەگرێتەوە». لە یاسای سزادانی عیراقی دا کە لە ساڵی دەرچووە ١٩٦٩ئەو جۆرە لە باسکردنی کەس و دەڵێت «نابێت ئەوانەی پەیوەندیدارە بەدادگاکانەوە بڵاوبکرێتەوە، یەکێک لەو بابەتانەی دەڵێت هەر دۆسیەیەک کە لەقۆناغی لێکوڵینەوەدا بێت، نابێت هیچ هەواڵ و زانیاری لەسەر بڵاوبکرێتەوە، چونکە ئەو قۆناغە قۆناغێکی نهێنیە و نابێت بڵاوبکرێتەوە، مەگەر دادگا خۆی رێگەبدات، بۆیە بڵاوبونەوەی ئەو دۆسێیانە لەکاتی لێکوڵێنەوەدا کاریگەریی دەبێت لەسەر رەوتی دادوەری و لەروی یاسایەوە قەدەغەکراوە». لە یاسای سزادانی عێراقی دا ئەوە هاتووە کە نابێت وێنەو تۆمەتبار بڵاوبکرێتەوە پێش دادگایی‌کردنی، هەروەها نابێت ناوی وێنەی کەسانی خوار هەژدە ساڵ بڵاوبکرێنەوە. سامان فەوزی وتی «هەموو ئەمانەمان بینیوە لە میدیای کوردی‌دا بڵاوکراوەتەوە، حاڵەتێکی تری دیار ئەوەیە کە تاوانبارەکە وەک پاڵەوانێک نیشان بدەی، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی چەند کەسی تر چاوی لێ ببڕێت و ئەو تاوانە دووبارە بکەنەوە» . بە وتەی سامان فەوزی، رۆژنامەگەری کوردی لەڕووی تەکنیکیەوە پێشکەوتووە، بەڵام لەروی ئیتیکیەوە پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەنوسی، جێگای سەرنج و رخنەیەکی زۆرە. «کەناڵ نابێت بەدوای ئەوەبگەڕێت، ژمارە بۆخۆی زیاد بکات، لەهەمانکاتدا دەبێت چۆنایەتی هەواڵەکان و میسداقییەت بهێڵێتەوە». سامان فەوزی وتی زۆربەی هەڵەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن، کە زۆربەی میدیاکان، تەنها بیرلەوەدەکەنەوە کە تاچەند هەواڵەکەیان خوێنەری دەبێت، کە رەنگە ئەمە ببێتە هۆی ئاستی دابەزاندنی پرۆفیشناڵی ئەو کەناڵانە. سامان فەوزی داواکاری گشتی بە «کەمتەرخەم» دادەنێت لە تۆمارنەکردنی سکاڵا دژی پێشێلکارییەکانی کەناڵەکان، وتی «ئەوان نوێنەری خەڵکن و سکاڵا تۆمارکردنیش لەسەر ئەو جۆرە کەناڵانەی کە دەست بۆ کاری وادەبەن، ئەرکی داواکاری گشتییە کە سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئەو پارێزەری بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام داواکاری گشتی بەکاری خۆی هەڵنەساوە و کەمتەرخەم بووە.» لەبەرامبەردا دڵشاد فایز وتەبێژی داواکاری گشتی باس لەوەدەکات، لە رێگەی یەکێتی زانایانی کوردستان و ١٠٠ هاوڵاتییەوە، داوایان لێکراوە سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر کەناڵی نێت تیڤی، ئەوانیش بەو کارە هەستاون، ئەنجامی ئەو سکاڵایەش گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری، ئەنجامەکەشی دەرکردنی بڕیاری داخستنی ئەو کەناڵە بوو بۆ ماوەی یەک هەفتە. بەڵام فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوڵاتی راگەیاند کە ئەوان بڕیارەکەی داواکاری گشتییان جێبەجێ نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوەبەری کەناڵەکە داوای لێبوردنی کردوە و سزای کارمەندەکانی داوە. لەمانگی رابردوودا، کەناڵی نێت تیڤی چەند دیمەنێکی پەخشکرد، کە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و دوای چەند رۆژێکیش، ئەڤین ئاسۆ پێشکەشکاری دیاری کەناڵەکە، داوای لێبوردنی لە بینەرەکانی کرد و رایگەیاند تەواوی ئەو کارمەندانەی سزا داوە کە بەرهەمی لەم شێوەیەیان نمایشکردووە. دڵشاد فایز وتی «ئێمە لەرێگەی ئەو زانیارییانەی لەخەڵکەوە بەدەستمان دەگات، بەدواداچوون دەکەین کە ئایا ئەو کەناڵانەی سەرپێچی دەکەن، سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین یاخود نا». باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی کەناڵەکە ئەوە پشتڕاستبکەنەوە کە باسی دەکەن گوایە هەڵە بەسەر کارمەندەکانیاندا تێپەڕیوەو سزایان دەدەن. وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بنەمای یاسای کاری رۆژنامەنوسی مامەڵە لەگەڵ میدیاکان دەکات و هەر میدیایەک پابەندی یاسا و رێنماییەکان نەبێت، سزای جۆراوجۆری بەسەردا دەسەپێنێت کە لە غەرامەکردنەوە تا سزادانی تێدایە. فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوڵاتی راگەیاند، هەرکەناڵێک سەرپێچی رێنماییەکان بکات، بە لەبەرچاو گرتنی یاسای کاری رۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. رونیشیکردەوە «کەناڵ هەیە داخراوە، کەناڵ هەیە مۆڵەتی لێ وەرگیراوەتەوە، کەناڵ هەیە ئاگادارکراوەتەوە. لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەتوانم بڵێم بەدەیان کەناڵمان داخستووە، هەر کاتێک بەهەر سەرپێچیەک بێت، بەڵام بە دیاریکراوی نازانم چەند کەناڵ بوون». بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، هەرکەناڵێک کە دابخرێت دەبێت بڕیاری داخستنەکەی لەسەر شاشەکەی بمێنێتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە بڕیاری داخستنی دراوە. فەرهەنگ گۆمەشینی وتی «ئەگەر هەر کەناڵێک هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە سزاکەی قورس‌تر دەبێت، بۆ نموونە کەناڵ هەیە هەفتەیەک دایدەخەین، ٢٤ کاتژمێر پێش ئەمە ئاگاداری ئەکەینەوە کە لەبەر فڵان بابەت کەناڵەکەی ئێوە ئەبێت دابخریت». باسی لەوەشکرد، زیاتر سەرپێچییەکان لە ریکلام و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دا بووە، یان پابەندنەبوون بووە بە بە نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان یان پابەند نەبوون بووە بە پێنەدانی باج و پارەی مۆڵەتپێدان.
ئارا ئیبراهیم بریاره دواى پێکهێنانى حکومه‌ت پرۆژه یاساى چاکسازى خانه‌نشینى له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکرێت و مووچه‌ى زیاتر له 100 هه‌زار که‌س ببڕدرێت که به‌شێکى زۆریان مووچه‌ى دووباره‌و بندیواری و خانه‌نشینى نایاسایین، له کۆى 224 هه‌زار خانه‌نشینى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى له‌هه‌رێمى کوردستاندا موچه وه‌رده‌گرن. پرۆژه یاساى چاکسازى و خانه‌نشینان له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کرا له خولى چواره‌مدا، بەڵام نه‌توانرا گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت و هه‌ڵگیرا بۆ خولى پێنجه‌م و بڕیاره کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم، جارێکى دیکه پرۆژه‌که ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکاته‌وه. به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتى، که له‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌ستیکه‌وتووه «زیاتر له سه‌د هه‌زار که‌س موچه‌کانیان ده‌بڕدرێت». سه‌رچاوه‌یه‌ک له وه‌زاره‌تى دارایی به هاوڵاتى راگه‌یاند، نزیکه‌ى 100 ملیار دینار بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌وپێیه‌ش له کۆی 881 ملیار دینارى ته‌رخانکراو بۆ مووچه‌خۆران، بڕەکهى که‌مده‌بێته‌وه بۆ 780 ملیار دینار. سه‌رچاوه‌که وتیشی «هه‌موو حزبه‌کان کادرو به‌رپرسى باڵایان هه‌یه به پله‌ى وه‌زیرو راوێژکارو پله‌ى سه‌ربازى لیوا و عه‌قید و عه‌مید خانه‌نشین کراون که له‌هه‌موو حزبه‌کانى تێدایه و زۆرینه‌یان به‌ر پارتى و یه‌کێتى ده‌که‌وێت و ئه‌وانى تر گۆڕان و ئیسلامییه‌کان و لایه‌نه‌کانى تریشى تێدایه«. هاوکات وتى «ئه‌گه‌ر که‌سێک به پله‌ى وه‌زیر یا لیوا و هه‌ر پله‌یه‌کى تر خانه‌نشین کرابێت و له‌بنه‌مادا وا نه‌بێت ده‌بڕدرێت، ئه‌گه‌ر حه‌قى ئه‌وه‌ى هه‌بێت وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کى کۆن، ئه‌وا خزمه‌ته‌که‌ى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، وه‌ک فه‌رمانبه‌رێک خانه‌نشین ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌یرى خزمه‌ت و ته‌مه‌نه‌که‌ى ده‌کرێت که به‌پێى یاساى خانه‌نشینى عێراقى خانه‌نشین ده‌کرێن، که 15 ساڵ خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان 50 ساڵ ببێت». به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتى، 57 به‌رپرسى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان که له گردى زه‌رگه‌ته ده‌وام ده‌که‌ن، موچه‌ى خانه‌نشینیان هه‌یه. جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «کۆمه‌ڵێک هه‌ن که خانه‌نشین کراون به پله‌ى وه‌زیر و وه‌زیر نه‌بون، یا پێشمه‌رگه‌ى کۆن نه‌بووه و وه‌ک ئه‌وه له قه‌ڵه‌م دراوه، ئه‌و کات وه‌ک خزمه‌ت بۆى ئه‌ژمار ده‌کرێت وه‌ک فه‌رمانبه‌رێکى ئاسایى وه‌ربگرێت، ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ى که وه‌همین، یان دوباره‌ن، ئه‌وانه ده‌بڕدرێن و وه‌ک گۆڕان پشتیوانى ده‌که‌ین». وتیشى «ئه‌و پرۆژه‌یه یه‌کێکه له خاڵى ڕێکه‌وتنى نێوان ئێمه و پارتى، سه‌د له سه‌د پشتیوانى ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه یاسایه هه‌ر که‌لێنێکى تێبکه‌وێت ده‌بێته هۆى لێکدوورکهوتنهوهى ئێمه‌و پارتى، به‌ڵام دڵنیان، پارتى وه‌ک ئێمه به په‌رۆشه«. له‌لایه‌کى تره‌وه په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که حزبه‌که‌ى پشتیوانى هه‌موو چاکسازییه‌کى ئابوورى ده‌کات. زیاد جەبار، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان به هاوڵاتى وت «پشتیوانى له سه‌رخستنى پرۆژه‌ى چاکسازى ئابوورى ده‌که‌ین، چونکه به‌گشتى پرۆژه‌ى چاکسازییه‌که که ببێته یاسا و هه‌مووى جیبه‌جێ بکرێت، ئه‌وکاته نزیکه‌ى 100ملیار ده‌گه‌رێته‌وه بۆ داهاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان». ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که له ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانیانه پرۆژه‌ى چاکسازی خانه‌نشینى و پشتیوانى ته‌واوى ده‌که‌ن «ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک موچه‌که‌ى ئیستحقاقى خۆى نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ده‌ستکارى بکرێت و ببڕدرێت، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى یاسا و پۆلێنکردنى خزمه‌تى ئه‌و که‌سانه‌دا». هه‌روه‌ها سه‌لام عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى له چاوپێکه‌وتنێکیدا که له‌م ژماره‌یه‌ى ئه‌مڕۆى هاوڵاتى بڵاوکراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت «هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى موچه‌ى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرن و نایاساییه، ده‌بێت په‌رله‌مان بڕیار‌و یاساى بۆ ده‌ربکات و حکومه‌تیش جێبه‌جێى بکات، ئێمه له‌گه‌ڵیداین ئه‌وانه‌ى نایاساین پێویسته موچه‌کانیان ببڕدرێت».
هاوڵاتى دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامی بە فشارەکانیان دەدەن بۆ سەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی ئەو وڵاتە کە هەدەپە «خۆی بەسەرکەوتوو» دەبینێت تێیدا. یەکێک لە فشارەکانی پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونە بە بەشێک لەکاندیدە دەچووەکانی هەدەپە، بە پاساوی ئەوەی ئەو کەسانە پێشتر لەچوارچێوەی بڕیارەکانی باری نائاسایدا دورخراونەتەوە، بەوەش ژمارەی ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بەدەستی هێنابوون کەمبووەتەوە. فشارێکی دیکە، بەردەوامی دەستگیرکردن و بەرپرسانی هەدەپەیە لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان و درێژەدان بەو پڕۆسەیە کە لەدوای هەرەسی پڕۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری تورکیادا، هەدەپە ٥٨ شارەوانی لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان بەدەستهێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ژمارەی شارەوانییەکانی کەمبووەتەوە. هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا، بەشێک لەو کەسانەی کاندیدکردەوە کە بە پاساوی جۆراوجۆر، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەکارەکانیان دورخرابوونەوە، لە هەڵبژاردنەکەشدا بەشێک لەو کەسانە سەرکەوتنیان بەدەستهێنایەوە، بەڵام حکومەتی تورکیا فەرمانی دەستبەکاربوونی بەو کەسانە نەدا. حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە هاوڵاتى راگەیاند، حکومەتی تورکیا رەتیکردووەتەوە فەرمانی دەستبەکاربوون بداتە ژمارەیەک کاندیدی هەدەپە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو. وتیشی «پاساوی تورکیا، بوونی دۆسیەی ئەو کەسانەیە لە داواکاری گشتی کە پێشتر بۆیان کراوەتەوە، لەکاتێکدا ئەوان توانیویانە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن». بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕێوەچوو، لەکۆی نزیکەی ١٠٠ سەرۆک شارەوانی کە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٤دا هەدەپە بەدەستی هێنا و دواتر قەیوم لەجێگەیان دانرا، هەدەپە زیاتر لە نیوەی ئەو شارەوانییانەی بەدەستهێناوەتەوە. بەپێی ئەنجامەکان، هەدەپە ٥٨ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێناوە، کە لە هەشت پارێزگا و ٥٠ قەزا پێکهاتوون، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێنابوو. هەدەپە لە هەشت پارێزگا، سەرۆکایەتی شارەوانی ناوەندی پارێزگاکانی بردووەتەوە کە پێکهاتوون لە (ئامەد، وان، مێردین، ئێلە، سرت، جولەمێرگ، قەرس، ئیدر). جگە لەو چەند کاندیدەی هەدەپە کە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان پێ‌نادرێت، بەشێک لە کاندیدەکانی ئەو پارتە دەستبەکاربوون و بەشێکی دیکەشیان هێشتا چاوەڕوانی وەرگرتنی رەزامەندین، بۆ دەستبەکاربوونیان. دوان لەو کاندیدانەی کە دەستبەکاربوون، عەدنان سەلجوق مزراکلی و هولیا ئالۆکمەن هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەدن کە دوای ١٦ رۆژ بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت. مزراکلی لە بەردەم دادگای ئامەد بە کوردی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی «هەر چەند درەنگیش بێت، بەڵام بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونمان وەرگرت. پێش رژێمی قەیوم، گەل لە رۆژی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی بە ئێمە بەخشی». وتیشی «ئێمە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون وەک تۆمارێکی فەرمی و ئیداری کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە بەدەستهاتووە، سەیر دەکەین. ئێمە سپاسی گەلی ئامەد دەکەین، کە بە رێژەیەکی بەرز دەنگیان پێداین و ئەو دەرفەتیان پێبەخشین.» لای خۆشیەوە، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ماردین، دوای وەرگرتنی فەرمانی دەستبەکاربوونی رایگەیاند «شارەوانی شوێنی خزمەتکردنە. ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ خزمەتکردن کار دەکەین. بە ورە و حەماسەتێکی گەورەوە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین». جەختیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن. دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، پارتی داد‌و گەشەپێدان تانەی لەئەنجامی دەنگەکانی چەند ناوچەیەکی باکوری کوردستاندا، کە هەدەپە تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام تانەکان ئەنجامەکانی نەگۆڕی و دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان جارێکی تر هەدەپە سەرکەوتەوە. یەکێک لەوانە ناوچەی ئەردیش-ی سەر بە پارێزگەی وانە، کە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار هەدەپە بە جیاوازی ٣ هەزار دەنگ بەسەر ئاکەپەدا سەرکەوتبوو، بەڵام ئاکەپە لە دەستەی هەڵبژاردن، تانەی لە ئەنجامەکە دابوو و داوای سەرلەنوێ ژماردنەوەی دەنگەکانی کردبوو. پاش ٧ ڕۆژ لە ژماردنەوەی دەنگەکان، دیسان هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە. جگە لەوە هەدەپە تانەی لەئەنجامی هەڵبژاردن لە چەند ناوچەیەک گرت کە ئەکەپە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابوو، بەڵام بەشێک لە سکاڵاکانی لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیاوە رەتکرانەوە. حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەکرد، تانەکانی ئەکەپە لەسەر ١٠ ناوچە بووە، بەڵام ئەنجامەکان نەگۆڕان و هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. هەدەپە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی کۆتایی مانگی رابردوودا، خۆی بەسەرکەوتوو دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی بەخۆداچوونەوەی دەستپێکردووە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئەو ناوچانە دەکات کە لەدەستی داون. محەمەد ئۆجەلان پەرلەمانتاری هەدەپە بە هاوڵاتى راگەیاند، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەنجامی تانەکان، هەدەپە سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان بوو لەلایەن دەوڵەتەوە. وتیشی «سەرەڕای ئەوە ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و هەڵسەنگاندنمان کردووە بۆ ئەنجامەکان، تا وانەیان لێوەربگرین، بەڵام ئێمە سەرکەوتین». جگە لە پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەشێک لە کاندیدەکانی هەدەپە، تورکیا بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە و لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە، چەندین کەسی دیکە دەستگیرکراون. رۆژی حەوتی ئەم مانگە، فاتما گوندوز هاوسەرۆکی ناوچەیی هەدەپە-ی سڵۆپی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا. سێ رۆژ دواتر جەلیل چەلەبی و رەزمەزان دیریل ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی وێرانشاری هەدەپە و ٦ کەسی تر دەستگیرکران. هەروەها رۆژی ١١ی ئەم مانگە، هولیا ئەرتاش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە فڕۆکەخانەی ئامەد بە پاساوی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، دەستگیرکرا. لەساڵی ٢٠١٦ەوە تورکیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەرپرس و هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ئەندامانی هەدەپەی دەستپێکردووە و تا ئیستاش پرۆسەکە بەردەوامە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دۆسیەیان بۆ کراونەتەوە و خراونەتە زیندانەوە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ هەدەپە لەکاتێکدابوو، ئەو حزبە لەژێر فشارێکی توندی دەوڵەتدا بوو، بەشی زۆری سەرکردەکانی خرابوونە زیندانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا، هەدەپە بۆ یەکەمجار لەگەڵ حەوت پارتی دیکەی کوردی‌دا، بەهاوپەیمانێتییەک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، هەروەها ئەکەپە و مەهەپە بە هاوپەیمانێتی کۆمار بەشدار بوون و جەهەپە و ئی پارتیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی میللەتدا بەشداربوون. هەرچەندە هەدەپە هیچ هاوپەیمانێتییەکی فەرمی لەگەڵ جەهەپەدا نەبوو، بەڵام هەماهەنگییان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کاندیدەکانی یەکتر بکەن، تا شکست بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار بهێنن لە زۆترین ناوچەدا، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئەستەنبوڵدا. ئەکەپە بە ئەنجامەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ رازی نییە و داوای دووبارەکردنەوەی دەنگەکان دەکات. عومەر ئۆجەلان وتی «ئەگەرێکی کەم هەیە هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ دوبارە بکرێتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئابوری تورکیا زیاتر دادەڕوخێت».
سازدانی: هاوڵاتی زەردەشت بابان راوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاشکرا بە بەرپرسانی هەرێم و عێراقیان راگەیاندووە کە پێویستە پابەندبن بەسزاکانی سەر ئێرانەوە. ئەمریکا تائێستا بەچەند قۆناغێک سزای بەسەر ئێران‌دا سەپاندووە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی ئابوری بەهێزی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. سزاکان زیاتر کەرتی وزە و بانکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە دراوی تمەنی ئێرانی بەرێژەیەکی بەرچاو نرخەکەی نزمبووەتەوە، بەڵام هێشتا عێراق و هەرێم بەردەوامن لە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران و بەشی زۆری پێداویستییەکانیان لەو وڵاتەوە دابین دەکەن. زەردەشت بابان لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باسلەوە دەکات، لە سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان و وەزیری وزە، بەشێوەیەکی ئاشکرا روونیان کردبوویەوە بۆ بەرپرسانی هەرێم و عێراق کە پێویستە پابەندبن بە سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران هەم وەکو وڵات هەم وەکو تاکەکەس، چونکە سزاکان تاکەکەسیشیان لەخۆ گرتووە، لەگەڵ وڵات و کۆمپانیا، بۆیان رونکرابووەوە کە رێگایە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی دیکەوە پێداویستییەکانیان دابین بکەن. وتیشی «عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای ٩٠ رۆژی کردبوو، تا لە سزاکان ببەخشرێن، کە دووجار بۆی درێژکراوەتەوە، بەڵێنی دابوو کە لەو ماوەیەدا کاربکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و پەیوەندی لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە». زەردەشت بابان روونیکردەوە «ئێمە باسی قەبارەی گەورەی بازرگانی دەکەین، نەک تانکەرێک نەوت کە لە ئێرانەوە بێتە هەرێم و عێراق یان بە پێچەوانەوە، باسی قەبارەی بازرگانی ملیۆنان دۆلار دەکەین، باسی ئابڵوقەی خواردەمەنی و دەرمان ناکەین کە سزاکان نایانگرێتەوە». ئێران لەگەڵ هەریەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بازرگانی بەرفراوانی هەیە و چەندین خاڵی سنوری بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، قەبارەی بازرگانی ساڵانە لەنێوان عێراق و ئێران لە ئێستادا ١٢ ملیار دۆلارە و تاران خواستی خۆی خستووەتەڕوو بۆ بەرزکردنەوەی ئەو قەبارەیە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار. زەردەشت بابان وتی «عێراق دەبێت پابەندبێت بە سزاکانی ئەمریکاوە، ئەگەر وانەبێت توشی سزا دەبن، تائێستا عێراق نەیتوانیوە سەرچاوەیەکی دیکە جگە لە ئێران بدۆزێتەوە بۆ دابینکردنی کارەبا و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتویەتی کارەبا بەشێکە لە ئاسایش و ئارامی عێراق، چونکە نەبوونی ئەوە کێشە دروستدەکات». لەئێستادا عێراق جارێکی دیکە داوایکردووە وڵاتەکەی لە سزاکانی سەر ئێران ببەخشرێن، بەوپێیەی ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئێران دەبەستێت. زەردەشت بابان پێیوایە لەسەدا ٧٠ ئەگەر هەیە جارێکی تر وادەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی سەر ئێران دریژ بکرێتەوە «هێشتا سیاسەتمەداری زۆرهەن لە ئەمریکا کە گوێ لە پاساوی بەرپرسانی عێراق دەگرن لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی گرفتی ناسەقامگیریی ئاسایش نەبێتەوەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەکەوێتە مەترسییەوە». ساڵی رابردوو کێشەی کەمی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاریی، خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە پارێزگای بەسرەی زۆرینە شیعی لە باشوری عێراق لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەترسن هەر کێشەیەکی دیکەی لەو شێوەیە، کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایش درووست بکات. پاراستنی کوردی رۆژئاوا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دژی داعش، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کوردانی رۆژئاوا و پاراستنیانە لەلایەن ئەمریکاوە کە بەدرێژایی شەڕی دژی داعش هاوپەیمانی یەکتر بوون. راوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمریکا پێیوایە، ئەمریکا چاوەڕوانی هیچ شتێک نییە لەناوچەکە لەهیچ کەسێک، ستراتیژی ئەمریکا تەنها لەناوبردنی داعش بوو، چاوەڕوانی هیچ شتێک نییە لە سوریا و بەنیازی هیچ شتێکش نییە. وتیشی «ئەگەر ئێمە باسی پارێزگاری لە کوردەکان بکەین، ئەوە روونە کە سەرۆک ترەمپ لەو بارەیەوە کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، لەبەرئەوە بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بهێڵێتەوە، بۆ پارێزگاریکردن لە کورد، کە ئیستا بڕیارە ژمارەیان لە ٤٠٠ سەربازەوە بکرێتە هەزار سەرباز». بە وتەی زەردەشت بابان، مانەوەی سەربازەکان دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەم هێزانە دەکەونە ناوچەیەکی نێوان سنوری ئوردن و سوریاوە لە ناوچەی تەنەف، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو کارانە بکات کە ئێران پێی هەڵدەستێت، ببێتە رێگرێک لەبەردەم ئێران‌دا کە دەیەوێت پردێکی زەمینی لەنێوان بەغدا و تاران و دیمەشقدا درووست بکات. «کەواتە ستراتیژییەتی ئەو هێزە بۆ چاودێریکردنی ئێران و پاراستنی کوردەکانە، هەڵمەتێکی گەورە کرا بۆ ئەوەی کورد نەکەوێتە بەر هێرشی تورکیا و لەکۆتاییدا سەرۆک تڕەمپ بەوە رازی بوو». باسی لەوەشکرد، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە ئەمڕۆ ئەمریکا دەڵێت ئەو سەربازانە دەهێڵێتەوە بۆ چاودیریکردنی ئێران و پارێزگاری لە کورد، بەڵام رەنگە سبەینێ بڕیارەکە بگۆڕێت، «چونکە سەرۆک ترەمپ زۆر تاکڕەوانە بیردەکاتەوە». هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەدرێژایی شەڕی دژی رێکخراوی داعش و تا ئێستاش ئەمریکا هاوکاریی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، بەڵام بەپێی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، پنتاگۆن بەنیازە بۆ ساڵی داهاتوو هاوکارییەکە بۆ نیوە زیاتر کەمبکاتەوە. زەردەشت بابان وتی «هەر بەشێک لە بەشەکانی ئیدارەی ئەمریکا، وەک وەزارەتی بەرگری یان دەرەوە بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە، پنتاگۆن خۆی بەرپرسیارە کە ئەو پارەیە چۆن لەو ناوچانە سەرفدەکات کە چالاکییەکانی پنتاگۆی تێدایە، شتێک نییە بەناوی بودجەی تایبەتەوە، چونکە لێرە کە بودجە پەسەندەکرێت بۆ ساڵێکە، ئەوەش بەپێی بودجەی پنتاگۆن دەگۆڕدرێت». وتیشی «بۆ ساڵی داهاتوو بڕیارە بودجەکە زیادبکرێت، بەڵام تا ئیستا دیموکراتەکان بەوە رازی نەبوون و بەنیاز نین دەنگی پێ بدەن، کەواتە لە حاڵەتی کەمبونەوەی بودجەکە خەرجکردنی پارەکە کۆدەبێتەوە لەو ناوچانەی پنتاگۆن چالاکی تێدا ئەنجام دەدات». لەبارەی تێڕوانینی ئیدارەی ترەمپ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، زەردەشت بابان دەڵێت عێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی دانراوە بە وڵاتی شکست، کە کەم وڵات هەیە بەو شێوەیە پۆلێن کرابن، کەواتە پێشبینی سیاسەتمەدار و ئیدارەی ئەمریکا نزمدەبێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە. رونیشیکردەوە «ئەمریکا لەمامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە عێراقی جیاناکاتەوە، کەواتە کە باسی عێراق دەکات بەگشتی باسی هەرێمیش دەکات، سیاسەتمەدارانی ئەمریکا دەزانن کە حکمڕانی لەکوردستان بەگوێرەی پێویست نییە، گەندەڵی زۆری تێدایە، مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێن، ئەوەش شتێکی شاراوە نییە، هەرچەندە بەرپرسانی کورد کە دێنە ئێرە ئەوە رەتدەکەنەوە». زەردەشت بابان ئەوەشی خستەڕوو، لە فەرهەنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە وڵاتێک ناودەنرێت بە وڵاتی شکست، واتە ئەو وڵاتە هیچ مقەوماتێکی وڵاتی تێدا نییە، رێز ناگیرێت لە یاسا، سیستەمی حوکمڕانی باش نییە و گەندەڵی هەیە.
هاوڵاتی، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د پاش تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر پڕۆسه‌ى ئه‌نفالدا تا ئێستا حکومه‌تى عێراق نه‌چووه‌ته ژێر بارى قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانه‌وه، هۆکاره‌که‌شى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ شێوازى دادگاییکردنى سه‌رکرده‌کانى رژێمى به‌عس. دواى روخانى رژێمى سه‌دام، له ئازارى ساڵى 2003دا و ده‌ستگیرکردنى سه‌دام حوسه‌ین و سه‌رکرده‌کانى رژێمى به‌عس، پڕۆسه‌ى دادگاییکردنى سه‌دام حوسه‌ین و سه‌رکرده‌کانى دیکه‌ى به‌عس به‌ڕێوه‌چوو، له‌سه‌ر چه‌ندین دۆسیه له‌ناویاندا دۆسیه‌ى ئه‌نفال. هه‌رچه‌نده دادگا سزاى بۆ سه‌رکرده‌کانى به‌عس ده‌رکرد و ئهنفالیشى به جینۆساید ناساند، به‌ڵام هێشتا نه‌چووه‌ته ژێربارى قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانه‌وه. ڕه‌مه‌ک ڕه‌مه‌زان، قایمقامى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له لێدوانێکیدا به هاوڵاتی وت «به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانمان له عێراق وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى، تائێستا حکومه‌تى عێراقى نه‌بووەته ئه‌ندام له دادگاى لاهاى، هه‌ر وڵاتێکیش نه‌بێته ئه‌ندام و به‌شدارى واژووکردنى هه‌ر رێکه‌وتننامه‌یه‌ک نه‌کات، ئه‌وا پا به‌ند ناکرێت به‌و ئه‌ک و واجباتانهى پێیان ده‌سپێردرێت». وتیشى «عێراق خۆى ئه‌م تاوانه‌ى له ناوخۆى وڵات‌دا ئه‌نجامداوه، له ساڵانى رابردوو دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى پێکهێنا، له ئه‌نجامى ئه‌وه‌ش په‌رله‌مان ئیجبارى ئه‌م دادگایه‌ی کرد و خۆشبه‌ختانه تاوانى جینۆسایدى ئه‌نفال به ره‌سمى به تاوانى جینۆساید ناسێندرا». ڕه‌مه‌ک ڕه‌مه‌زان باسیله‌وه‌کرد، هه‌ر دهوڵەتێک تاوانى جینۆساید بهرهسمى بناسێنێت، ده‌بێت قه‌ره‌بووى مادى و مه‌عنه‌وى که‌سوکارى قوربانیان بکاته‌وه، به‌ڵام عێراق تا ئێستا نایه‌وێت خۆى بخاته ژێر ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌وه. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، حکومه‌تى عێراق له‌رووى مه‌عنه‌وییه‌وه به‌ڕه‌سمى داواى لێبووردنى کردوه، «به‌ڵام به‌رپرسانى به‌عس به سیفه‌تى شه‌خسى دادگایی کران، نه‌وه‌ک به سیفه‌تى وه‌زیفى، که ئه‌مه هه‌ڵه گه‌وره‌که بوو ، فێڵێکى گه‌وره بوو وه‌ک چۆن عه‌ره‌به‌کان ئهنفالیانکردین، ئاوا فێڵێک بوو له گه‌لى کورد کرا». جه‌ختیشیکرده‌وه، نه‌ده‌بوو سه‌دام حسێن و هه‌موو به‌رپرسانى عێراق بهسیفهتى شه‌خسى دادگایى بکرێن، به‌ڵکو ده‌بوو به سیفه‌تى وه‌زیفى بکرایه، چونکه گه‌ر وابوایه ئه‌و به‌ر پرسیارێتییه ده‌که‌وته سه‌ر وه‌زیفه‌ى سه‌رۆک کۆمارى ئێستا و وه‌زیفه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و هێزه چه‌کداره‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى مادى زیان لێکه‌وتووان بکه‌نه‌وه، به‌ڵام به هۆکارى ئه‌و جۆره دادگایکردنه، وایکرد ئه‌وان له‌ناوبچن و دۆسیه‌که‌ش دابخرێت. شاڵاوى ئه‌نفال که له ساڵى 1988 ده‌ستیپێکرد، به هه‌شت قۆناغ به‌ڕێوه‌چوو، به‌هه‌زاران هاوڵاتى کورد خرانه گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه و زینده‌به‌چاڵ کران. تائێستا به‌شێکى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسى به‌شى زۆرى ئه‌نفالکراوان نادیاره. ته‌نها له سنورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، نزیکه‌ى 3214 خێزانى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان بونیان هه‌یه که ژماره‌ى شه‌هیده‌کانى هه‌ر خێزانێک له یه‌ک بۆ 10 شه‌هیده. له شاڵاوى ئه‌نفالدا 500 گوندى سنوره‌که خاپورکرا. موچه‌ى هه‌ر خێزانێک ئه‌گه‌ر له‌که‌سێکه‌وه بۆ سێ که‌سى ئهنفالکرابێت 450 هه‌زار دیناره، به‌ڵام خێزانێک گه‌ر له سێ که‌س بۆ سه‌ره‌وه شه‌هیدو ئه‌نفالى هه‌بێت ئه‌وا موچه‌که‌ى 900 هه‌زار دیناره. ئه‌دیب له‌تیف به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى سلێمانى باسى له‌وه‌کرد، له ئێستادا له هه‌وڵدایه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ى هاوسه‌رگیرى کچ و کوڕى شه‌هیدو ئه‌نفالکراوان که پێشتر ئه‌و پاره‌یان ده‌درایه، به‌بڕى پێنج ملیۆن دینار و لێیان وهرنهدهگیرایهوه. وتیشى له پێشتردا قه‌ره‌بووى که‌س و کارى ئه‌م قوربانیانه کراوه به پێدانى پارچه زه‌وییه‌ک به رووبه‌رى 200 مه‌تر و له هه‌ر شوێنێک خۆیان بیانه‌وێت، له‌گه‌ڵ 27 ملیۆن نیو دینار بۆ ته‌واوکردنى خانوه‌کانیان، هه‌روه‌ها پاره‌ى خوێندن و ته‌ندرووستیان که تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و پێیان ده‌درێت. له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ، گه‌وره‌ترین مۆنۆمێنتى ئه‌نفال چه‌ند ساڵێکه دروستکراوه، که چه‌ندین به‌شى وه‌کو مۆزه‌خانه و گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانى له خۆگرتووه. هابیل شێخ ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ به هاوڵاتی وت، مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ له ئێسادا خاوه‌نى 838 رووفاته که یه‌که‌مین رووفات هێنرایه‌وه بۆ هه‌رێمى کوردسان 106 منداڵ بوو له گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا دۆزرانه‌وه سه‌ر به‌و سنووره بوون، دواتر 730 رووفاتى تر هێنرایه‌وه بۆ گه‌رمیان. به‌پێی ئاماره‌کان، 1780 شه‌هید و ئه‌نفالکراو له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ هه‌یه که خه‌ڵکى 14 گوند بوون، هه‌روه‌ها گوندى جه‌له‌مۆرد یه‌کێکه له‌و گوندانه‌ى له سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى کوردستاندا، خاوه‌نى زۆرترین شه‌هید و ئه‌نفالکراوه که ژماره‌که‌ى 480 که‌سه. به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ وتى «ئه‌وه‌ى له لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه کراوه قه‌ربوو نییه به‌ڵکو خزمه‌ته، ئه‌وه ئه‌رکى سه‌رشانى حکومه‌تى عێراقه که ده‌بێت قه‌ره‌بووى که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و سه‌رخان و ژێرخانى هه‌رێمى کوردستان بکاته‌وه، به‌ڵام حکومه‌تى ناوه‌ند ناچێته ژێر ئه‌و باره‌وه«.
هاوڵاتی، دیمه‌ن ئیساعیل فهیمه کۆچه‌ری پشتێنێکى حاجیانه‌ى زه‌ردی لهکهمهرى و مێخه‌کی له ملی پێچابوو، سه‌رى به ههورییهک به‌ستبوو. له‌ناو خانوویه‌کى نیمچهڕووخاوى گه‌ڕه‌کێکى رزگاری، نیشتیمانى ئه‌نفاله‌کان، بۆنى کراسی ئه‌و که‌سوکارانه‌ى ده‌کرد، که هه‌موویان سێ ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر به چاوتروکانێک تیاچوون. فهیمه حه‌مه ئه‌مین، ته‌مه‌ن 63 ساڵ ناسراو به فهیمه کۆچه‌ری، ئه‌و ژنه‌ى که‌چه‌ندین جار زیندانه‌کانى حکومه‌تى به‌عسی بینیوه‌و هه‌موو که‌سوکاره‌که‌ى له‌شاڵاوى ئه‌نفال دا له‌ده‌ست داوه، ئێستا له خانویه‌کى نیمچه ڕوخاو له خۆرئاواى ناحیه‌ى ڕزگارى سه‌ر به قه‌زاى که‌لار ده‌ژی. فهیمه 28 ساڵه به‌ته‌نها ژیان له‌گه‌ڵ ته‌نیاییدا به‌سه‌رده‌بات. فهیمه له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌کارییه‌وه که‌سێکى چوست و یاخی بووه، ئه‌و له‌و کاته‌دا ڕووبه‌ڕووى باوکى ده‌بێته‌وه، کاتێک ده‌یه‌وێت ژن به ژنى پێ بکات بۆ خۆى، بهداواکهى باوکی رازی نابێت و ماڵ به‌جێده‌هێڵێت و ده‌بێته پێشمه‌رگه. ئه‌و کاته‌ى فهیمه چه‌کى پێشمه‌رگایه‌تى له شان کردووه، شۆڕشى کورد توشى هه‌ره‌س بووه له ساڵى 1975، دواتر په‌یوه‌ندیى به کۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانه‌وه ده‌کات که ئه‌و کات کۆمه‌ڵه‌یه‌کى چالاکی سیاسی بوون، له‌وێ درێژه به کارى ڕێکخستن و پێشمه‌رگایه‌تى داوه له ناوچه‌کانى گه‌رمیان و سه‌نگاودا. «من وه‌ک و ژنێک ته‌واوى ژیانم له شاخ به‌سه‌ربردوه، شانبه‌شانى پیاوان پێشمه‌رگایه‌تیم کردووه، ئێستاشى له‌گه‌ڵ بێت، ده‌توانم به هه‌مان گڕوتینى جارانه‌وه دیسان چه‌ک هه‌ڵبگرم و دژى داگیرکه‌رانى خاکى کوردستان بجەنگم» فهیمه کۆچه‌ری وای وت. هاوکار و پشتیوانى ئه‌و کچانه‌ش بوه که ده‌یانویست ڕووبه‌ڕووى ئه‌و دابونه‌ریته بێزراوه ببنه‌وه و له‌سه‌ر مافه‌کانى خۆیان به ده‌نگ هاتوون. به جێهێشتنى ماڵى باوکى به ناچارى و حاشالێکردنى له لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه و گه‌ڕان و بارکردن و نیشته‌جێبونى له ناوچه‌یه‌که‌وه بۆ ناوچه‌یه‌کى تر، وا ده‌کات هاوڕێکانى نازناوى کۆچه‌رى پێ ببه‌خشن. سه‌ره‌تاى هه‌شتاکان، ئه‌و که‌سانه‌ى خۆیان ڕاده‌ستى حکومه‌ت کردووه، به‌ره‌و خواروى عێراق براون و بێسه‌روشوێن کراون، بۆیه فهیمه هه‌وڵ ده‌دات بگاته که‌سوکاره‌که‌ى له گوندى ملهسورهى ناحیه‌ى ڕزگاری. بەڵام پێش ئه‌وه‌ى بگات، برا و که‌سه‌کانى به‌ره‌و قه‌زاى کفرى ڕۆیشتوون، تا ئێستاش شه‌و و ڕۆژ له چاوهڕوانیاندایه و نهیبینیونهوه. فهیمه کۆچه‌ری، به هاوڵاتی وت «به سوتفه نه‌که‌وتمه به‌ر شاڵاوى ئه‌نفال، دواى ئه‌وه‌ى جه‌یش گه‌یشته کوڵه‌جۆى ناوچه‌ى گه‌رمیان، من له‌ناو ته‌نورێکدا خۆم حه‌شاردا و ساجێکى نانکردنم دا به‌سه‌ر خۆمدا.» له پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا، فهیمه به ته‌نیا خۆى ده‌رده‌چێت، سێ برا و نۆ برازا و 21 خاڵۆزا و پورزاى ئه‌نفال ده‌کرێن، سه‌رجه‌م که‌سه نزیکه‌کانى، زیاتر له 50 که‌سن به‌ر شاڵاوى ئه‌نفال که‌وتون. فهیمه له ئه‌نفالی قۆناغی سێ ده‌ربازی بووه، که دڕندانه‌ترین قۆناغی ئه‌نفال بوو، ته‌نها له‌و رۆژدا 14/4/1988 زیاتر له 20 هه‌زار له خه‌ڵکی ناوچه‌ى گه‌رمیان له گۆڕه به کۆمهڵەکانى بیابانه‌کانى عێراق، زینده‌به‌چاڵکران. ئه‌نفال به هه‌شت قۆناغ له ساڵانى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا له لایه‌ن ڕ‌ژێمى به‌عسه‌وه به‌رامبه‌ر گه‌لى کورد ئه‌نجام درا و سه‌رجەم ناوچه‌کانى کوردستانى گرته‌وه، که تێیدا پێنج هه‌زار گوند روخان و 182 هاوڵاتى ئه‌نفال کران. که‌سوکاره‌که‌ى فهیمه له‌و که‌سانه‌ن که به‌ر شاڵاوه‌که که‌وتوون و له‌و کاته‌وه هه‌واڵیان نازانێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فهیمه وره‌ى خۆى به‌رنه‌داوه. به‌و پێیه‌ى پێشمه‌رگایه‌تى کردووه، شاره‌زای گونده‌کانى ناوچه‌که بووه و توانیویه‌تى هه‌ندێک له خه‌ڵکى ناوچه‌که رزگار بکات. «ئاگر له دڵم به‌ر بووبوو کاتێک زانیم که‌سوکاره‌که‌م هه‌مووى حکومه‌ت گرتونی، به‌ڵام به‌و خه‌مه گه‌وره‌وه وره‌م له ده‌ست نه‌دا، که‌وتمه ڕزگارکردنى ئه‌و که‌سانه‌ى به قسه‌یان ده‌کردم» فهیمه کۆچه‌ری وتى. ئه‌و که به هۆى ئه‌وه‌ى شاره‌زاى ناوچه‌که بووه، ڕێبه‌ریى 250 هاوڵاتى ناوچه‌که‌ى کردوه له ژن و منداڵ و گه‌نج و پیاوى به‌ته‌مه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له شاڵاوى ئه‌نفال ڕزگاریان بێت. به‌و هۆیه‌شه‌وه، ئه‌م ژنه گه‌رمیانییه دواى شه‌ش مانگ خۆ حه‌شاردان و دواجار له لایه‌ن حکومه‌تى به‌عسه‌وه ئاشکرا ده‌کرێت و سێ جار زیندانى ده‌کرێت و دواتر ئازاد ده‌کرێت. له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێک بۆ خۆ حه‌شاردان ده‌چێته ئێران و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه. دواى سێ ساڵ له رووداوی ئه‌نفال، فهیمه، به‌شدارى ڕاپه‌ڕینه‌که‌ى ساڵى 1991 کردووه. 15 ڕۆژ پێش راپه‌رینه‌که فهیمه ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌و خۆى ئاماده بکات، بۆ راپه‌ڕین. له‌وێ ده‌ڕوات بۆ به‌ره‌کانى جه‌نگ «جلى پیاوانه‌ى کوردیم له‌به‌ر کرد و سه‌روچاوم هه‌ڵپێچا و عهینهکێکى ڕه‌شم له‌چاو کرد، که‌س نه‌یده‌زانى ژنم، به‌وشێوه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه به‌رده‌وام بووم تاوه‌کو ڕزگارکردنى خانه‌قین، به‌شداریى ڕاپه‌ڕینم کرد». فهیمه کۆچه‌رى که به «حاجی فهیم»یش له گه‌رمیان ناوده‌برێت، به وته‌ى خۆى ژیانى (50) پێشمه‌رگه‌ى له سه‌رده‌مى ڕ‌ژێمى به‌عسدا ڕزگارکردووه، سه‌ڕه‌ڕاى ئه‌و هه‌موو خه‌باته‌ى که له ڕابردوو هه‌یبووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ته‌واوى خێزانه‌که‌ى له‌شاڵاوى ئه‌نفالدا له‌ده‌ستداوه، دواى ڕاپه‌ڕین تێکه‌ڵ به‌کارى سیاسى و حزبى بوه‌و بۆ ماوه‌یه‌ک کارگێڕى کۆمیته‌ى ڕێکخستنى ڕزگارى یه‌کێتى نیشتیمانى بووه. فەیمە هەمیشە ورەی داوە بە دەوروبەرەکەی و هانی داون پێش ئەنفال و دوای ئەنفالیش. لاله ژاڵانی، (60 ساڵ) کە پێشمه‌رگه‌یەکی دێرین و هاوڕێى فهیمهیە، شایه‌تى له‌سه‌ر «چاونه‌ترسى و به‌جه‌رگی» ئەو ژنە دەدات و دەڵیت «ئه‌و سهرکێشییانهى ده‌یکرد، زۆرجار پێشمه‌رگه پیاوه‌کان نه‌یانده‌توانى بیکه‌ن، وجودى فهیمه له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌کاندا خۆى بۆ خۆى وره‌یه‌کى به‌رزى پێ ده‌به‌خشین». ژاڵانی، جه‌ختى له‌وه کرده‌وه له ڕزگارکردنى هاوڵاتییانى گه‌رمیان له شاڵاوى ئه‌نفال، ئه‌وه‌ى پێى کرا به زیاده‌وه کردی، ئه‌و به ته‌نیا بوو، به‌ڵام ده‌یان خێزانى ڕزگار کرد «له‌نێو ڕزگارکراواندا وه‌جبه‌یه‌ک پێشمه‌رگه گیریان خواردبوو، سوپاى عێراق گه‌مارۆى دابون، ژیانیان که‌وتبوه مه‌ترسیه‌وه، فهیمه گیانى خۆى خسته مه‌ترسیه‌وه‌و ڕزگاریکردن״. فەیمە ئێستا بە تاقی تەنها لە خانوویەکی گڵی نیمچە رووخاودا دەژیت لە ناحیەی رزگاری، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالن. سه‌رچاوه‌ى بژێویى فهیمه موچه‌ى شه‌هیدانه‌ى که‌سوکاره ئهنفالکراوهکانیهتی، ئەو له‌ناو ئەو خانووە گڵەدا، تەنها مۆبایلێک ده‌یبه‌ستێته‌وه به دنیای ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌له‌فزیۆنیشی نیه، به‌ڵام وه‌کو هه‌میشه چه‌کێک له‌ماڵه‌که‌یدا هه‌یه. به‌رپرسانى ناوچه‌که کاره‌کانى ئه‌م ژنه گه‌رمیانیه به «خه‌باتێکى گه‌وره« ناوده‌به‌ن له رابردوودا. جه‌بار عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانى گه‌رمیان، به هاوڵاتی وت «فهیمه خاوه‌نى خه‌باتێکى گه‌وره‌یه و ژنێکى ماندوه« فهیمه یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ى که به «تاقانه‌ى ئه‌نفال» ناوده‌برێت، ئه‌و نازناوه‌ش بۆ ئه‌وانه به‌کارده‌هێنرێت که ته‌نها خۆیان له‌ناو خێزانه‌کانیاندا ماونه‌ته‌وه‌و هه‌موویان تیاچوون. جه‌بار عومه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان سه‌رقاڵى پێدانى تایبه‌تمه‌ندیه به‌و که‌سانه‌ى تاقانه‌ى ئه‌نفالن. فهیمه ده‌ڵێت که جگه له ئازادى و سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کورد، هیچ شتێکى تر‌ى ناوێت. دواى تێپه‌ڕبوونى نزیکه‌ى سێ ده‌یه به‌سه‌ر شاڵاوى ئه‌نفالدا، هێشتا خه‌یاڵى که‌سه‌کانى له دڵیدا زیندوون، وتى «شه‌وانه به دیار وێنه و بۆنکردنى جلوبه‌رگى برا ئهنفالکراوهکانمهوه ده‌گریم تا خه‌و ده‌مباته‌وه«. حاجى فهیم، له‌ئێستادا لهخانویهکى هاوشێوه‌ى که‌لاوه‌دا ده‌ژیت له‌ڕزگاری، به‌ڵام ئه‌و خانوه‌ى که وه‌کو شه‌هیدانه پێدراوه له گه‌ڕه‌کى شه‌هیدانى که‌لار، داویه‌تى به ماڵه هه‌ژارێکى تاکو تێیدا بژین وتى «ئێستا له‌م خانوه‌دا ئاسوده‌م که ژیانم تێیدا ده‌گوزه‌رێنم ، خانویه‌کم هه‌یه له شه‌هیدان داومه به ماڵێکى هه‌تیو تاکو تیایدا بژین» فهیمه داوای کردووه که خانوه نیمچه رووخاوه‌که‌ى بۆ تاپۆ بکرێت به‌ڵام بۆی نه‌کراوه، وتى «خانوه‌که‌م کۆنه حکومه‌ت ڕێگه نادات تاپۆى بکه‌م، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ن که تاپۆیان کردوه، به‌ڵام من چه‌ندین جار ڕۆشتومە بۆ سلێمانى و هه‌ولێر، به‌ڵام هیچ کارێکیان بۆ نه‌کردووم». سه‌ربارى ئه‌وه‌ى که فهیمه، له زۆر چالاکى په‌یوه‌ندیدار به ئه‌نفال و جینۆسایدى گه‌لى کوردستان دا ڕۆڵى هه‌بوه، ته‌نانه‌ت داکۆکی له حاکمێکى ناوچه‌که کردووه که کاری کردوه له‌سه‌ر ئه‌و موستهشارانهى که ده‌ستیان هه‌بووه له پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا، دواتر لە کفرییەوە گواسترایەوە بۆ ئامیدی، حاکم هاوژین لەو کاتەدا ئەوەی بە «سزا» ناوبرد. فهیمه کۆچه‌ری وتى «بۆ پشتیوانى کردنى (حاکم هاوژین) ڕۆشتمه مه‌کته‌بى ڕێخستن تاوه‌ک و هاوکارى بکه‌ن له‌ده‌ستگیرکردنى موسته‌شاره‌کان، به‌ڵام هیچیان بۆ نه‌کردین» وتیشى « داوا ده‌که‌م ئه‌و موسته‌شارانه ده‌ستگیربکرێن و به‌سزا بگه‌یه‌نرێن» ئه ژنه گه‌رمیانییه ده‌ڵێت جگه له موسته‌شاره‌کان، ناوى چه‌ندین مه‌لای لایه که له عێراق ئیمزایان کردوه‌و ده‌ستیان هه‌بوه له‌که‌یسى ئه‌نفالدا، له‌م بارەیه‌وه زیاتری نه‌وت. هه‌رچه‌نده دوای ئەنفال، فەیمە کۆچەری خه‌مى له‌ده‌ستدانى ئازیزانى و ته‌نیایى و نه‌هامه‌تییه‌کانى ژیان، وایان لێکردووه کە نیشانه‌کانى پیرى زوو به‌سه‌ر ڕووخساریەوە دەربکەون، به‌ڵام ئەو ئازارانە نەیانتوانی چۆکی پێدابدەن و درێژه‌ی به خه‌بات دا، هەروەها لە شه‌ڕى داعشیشدا، خۆی ئامادەکردووە بۆ روبەڕووبونەوەیان. فەیمە کۆچەری وتی «له سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعشدا، له‌گه‌ڵ چوار که‌سى تردا که خۆم چه‌که‌کانم بۆ کڕین، ڕۆیشتین بۆ به‌ره‌کانى جه‌نگ له جه‌له‌ولا، ئه‌و ڕۆژه‌ى پێشمه‌رگه له جه‌له‌ولا کشایه‌وه له‌وێ بووم، دواى ئه‌وه‌ى فه‌رمانده‌یه‌ک ئاگادارى کردمه‌وه ئینجا جه‌له‌ولام جێهشێت». فهیمه له هێرشى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى جهلهولاشدا به‌شدار بووه، جگه له‌به‌شداریکردن له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا، حه‌وت سه‌ر مه‌ڕى بۆ پێشمه‌رگه سه‌ربڕیوه‌و نان و خواردنیشى بۆ ئاماده کردوون، «یه‌کێک له‌و پێشمه‌رگانه‌ى که پاره‌م پێدا شه‌هید بوو، له‌سه‌ر پاره‌که‌ى نووسیبووى فهیم کۆچه‌ری».
هاوڵاتی سەعدوڵڵا مەسعودیان کونسوڵی ئێران لە شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت چەندین وەفدی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکی، چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ ئەوەی قەناعەت بە بازرگانەکانیان بهێنن کە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بن، بەڵام پێشوازی لە داواکارییەکەیان نەکراوە. سەعدوڵڵا مەسعودیان بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندوە، هۆکاری رەتکردنەوەی داوای ئەمەریکا ئەوەیە، ئەو کاڵایەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە دەکرێت، زیاتر بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە و کەمتر بەرژەوەندی ئێرانی تیدایە. مەسعودیان وتی «بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە دەکرێت، کاڵای زەروورین و ئەگەر لە ئێرانی نەکڕن، ناچارن بە نرخی زیاتر لە جێگایێکی دیکەوە دابینی بکەن. ئەمریکییەکان تا ئەم کاتەش هەوڵیان داوە زیان بە بازرگانە عێراقییەکان بگەیەنن، بەڵام لەو کارەی خۆیاندا سەرنەکەوتوون». ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، 20% بەرز بووەتەوە هەروەها سەعدوڵڵا مەسعودیان کونسووڵی ئێران لە شاری سلێمانی لەبارەی هۆکاری جێبەجێ نەکرانی پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێران وتی «هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە بەغداوە ڕێنمایی دەربکرێت بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە هاووڵاتیانی ئێرانی». ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر، بە گەشتیارانی هەردوو وڵات لە سەردانەکەی ئەم دواییەی حەسەن ڕۆحانی بۆ عێراق واژۆ کرا و کونسووڵخانەکانی ئێران بەپێی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە ڤیزەی بێ بەرانبەریان بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکردووە و هەموو جۆرە ڤیزایەکی گەشتیاری و خوێندن و تەندروستی، بە بێ بەرانبەر بە هاوڵاتییانی عێراقی دراوە. بەڵام تا ئەم کاتەش هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە و 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرێت. سەعدوڵڵا مەسعوودیان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت و لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و ئەویش ڕایگەیاندووە کە هەرکاتێک لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە ڕێنمایی‌یان بۆ دەربکرێت، دەستبەجێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکەن و تا ئەم کاتەش ڕێنماییان بۆ دەرنەکراوە، هەر بۆیەش بۆ پێدانی ڤیزە پارەیان لە هاووڵاتییانی ئێرانی وەرگرتووە. عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشتریش لە پرێس کونفڕانسێکدا وتبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکان لە دەوڵەتی ناوەندەوە وەردەگرێت و ئەگەر ڕێنمایی بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێرانی بگاتە دەستیان پێبەندی دەبن. عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشتریش لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا وتبووی، ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر ڕێککەوتنێکی فەرمییە و بێگومان پاش ئەوەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کران، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت. کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لەبارەی پێدانی ڤیزەی 3 مانگە و 6 مانگ لەلایەن کونسوڵخانەکانی ئێرانەوە دەڵێت «بەشێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزەی 3 مانگ و 6 مانگ لە لایەن ئێرانەوە ڕاگیراوە و چاوەڕوانین ڕای بەغدا لەبارەی پێدانی ئەو دوو ڤیزەیەشەوە وەربگرین. مەسعوودیان وتیشی «کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەیە ئەگەر بەغدا ڕەزا بێت ڤیزەی 3 و 6 مانگیش بە هاوڵاتییانی عێراقی بدات و بۆ ئەو مەبەستە تەنها چاوەڕوانی بڕیاری بەغدا دەکەین.» مانگی ڕابردوو سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقیان کرد و محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیداری کرد. مەسعودیان لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانی ڕۆحانی و زەریف بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وتی «سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی ئیجابیی زۆری هەبوو. سەردانەکە سەلماندی هەردوولا سوورن لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان و ئاسانکاریی زۆریش بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی بازرگانی نێوان هەردوو لا و لە کۆتایی 2019دا هەرێمی کوردستان داتاکانی بڵاو دەکاتەوە و هەڵکشانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێن». هەروەها وتی «نوێنەرانی هەردوولا، پێداگرن لە سەر فراوانکردنی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەی زیاتر لە 20% و هیواداریشین بتوانین زیاتر لەوەش تۆمار بکەین». کونسووڵی ئێران لە سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد ئێستا وەکوو جاران کێشە و ئاستەنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نەماوە و بەرنامەی تۆکمە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان داڕێژراوە. مەسعوودیان وتیشی «کۆمەڵێک لە ئاستەنگەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ کە دەوڵەتی عێراق دایناوە و گومرگی هەرێمی کوردستانیش ڕێنمایی لە بەغداوە وەردەگرێت، بۆیە هیواخوازین بە بەدواداچوونی ئێمە کێشەکان لای دەوڵەتی ناوەندیشەوە چارەسەر بکرێت.» بەپیی وتەکانی مەسعودیان لایەنی ئێرانی چاوەڕوانی ئەوە دەکات، دەوڵەتی بەغدا ڕێگە بە هاوردەکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی زەرووری بدات کە هاوردنیان لە ئێرانەوە بۆ عێراق قەدەغەیە. هەندێک لەو شتانەش بریتین لە دەرمانەکانی کەرتی جووتیاری و کۆمەڵێک بەرهەمی نەوتی و پێترۆکیمیایی. پاش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە گەماری ئابووریی خستە سەر ئێران و ئێرانیش وەفدی ناردە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێم فراوان بکات کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لە بارەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بۆ پابەندوبوون بە سزاکانی ئەمریکا. مەسعودیان وتی «وەفدی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکی چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی قەناعەت بە بازرگانەکانی ئەو وڵاتە بهێنن کە پێبەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بن، بەڵام پێشوازی لە داواکارییەکەیان نەکراوە». وتیشی «هۆکاری ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەشیان ڕوونە. هۆکارەکە ئەوەیە ئەو کاڵایەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە دەکرێت، زیاتر بە قازانجی لایەنی عێراقییە و ئەوەندەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە ئەوەندە بە قازانجی ئێران نییە. بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە دەکرێت کاڵای زەروورین و ئەگەر لە ئێرانی نەکڕن ناچارن بە نرخی زیاتر لە جێگەیەکی دیکەوە دابینی بکەن».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى پۆلیسى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ده‌یانه‌وێت ئارامى سلێمانى تێکبده‌ن و داوامان کردووه سه‌رتاسه‌رى سلێمانى بکرێت به کامێرا. سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، تۆڕه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تى کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى زیاد کردووه و کوڕێکیان ده‌ستگیرکردووه 2 هه‌زارو 780 وێنه‌ى ئافره‌تى پێبووه‌و دهستکارییانى کردووه‌و داواى پاره‌ى له یه‌کێک له ئافره‌ته‌کان کردووه. ئاماژه به‌وه‌شده‌کات، چاودێرییه‌کان زۆر چڕ و پڕن، به‌ڵام پێویستیان به‌دامه‌زراندنى پۆلیسى تر هه‌یه، داوایان کردووه که 300 پۆلیسیان بۆ دابمه‌زرێنرێت، بۆ ناو قه‌زاى مه‌رکه‌زى سلێمانى. هاوڵاتی: له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو چه‌ند ڕوداوێک ڕویدا وەک کوشتنى مه‌ریوان و تارقى به‌قاڵ، تۆمه‌تبارێک بتوانێت تاوانێک ئه‌نجام بدات و پاش سێ مانگ ده‌ستگیر نه‌کرێت و تاوانى تر ئه‌نجام بدات، هۆکاره‌که‌ى چیه، ئایا بۆشایى ئه‌منی نییه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: له هه‌موو دنیادا وایه که روداوێک ده‌بێت، لێکۆڵینه‌وه‌ى تێدا ده‌که‌یت، به‌ڵام مه‌رج نییه که ده‌ستگیرى بکه‌ین، زانیارى کۆده‌که‌یته‌وه له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌که و له شوێنه‌که، له‌سه‌ره‌تاى حاڵه‌ته‌که‌ى (تاریق) ى به‌قاڵه‌وه خه‌ریکین له‌گه‌ڵ ئاسایش تا به تاوانێکى تره‌وه تۆمه‌تباره‌کان ده‌ستگیر کران. تۆمه‌تبار هه‌یه زۆر له‌وه زیره‌کتره، ئه‌م بانده کاریان له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که خاوه‌نى ئه‌و ئوتۆمبێلانهیان له‌ژێر ده‌ستى خۆیان هێشتۆته‌وه تا له خاڵى پشکنین ئوتۆمبێله‌که به‌ڕێده‌که‌ن، دواتر که‌سه‌که یان ده‌یکوژن یان به‌ری ده‌ده‌ن. بۆیه نه‌وه‌ک زوو په‌یوه‌ندى به پۆلیسه‌وه بکات و له بازگه‌کان بگیرێن، به‌ڵام له جیهاندا نیه تاوانێک بکه‌ن و نه‌گیرێن، هه‌ر ئاسه‌وارێک به‌جێده‌هێڵن و ده‌گیرێن ته‌نها کاتى ده‌وێت. هاوڵاتی: تاریقى به‌قاڵ کوشتنه‌که‌ى نوێ بووه یان ئه‌م بانده که گرتویانه یه‌کسه‌ر کوشتویانه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ئه‌وه‌ى ئێمه له خه‌ڵکه‌که‌مان بیست، وتیان له‌و کاته‌دا شه‌ڕێک بووه له‌و شوێنه‌دا، دوکاندارێک پێی وتین، شه‌ڕه‌که دوو سێ دهقهیى بووه و فیشه‌کێک ته‌قیوه و دواى هه‌موو که‌سه‌کان به‌و ئوتۆمبێله ڕۆیشتون، بۆیه دواى ده‌رده‌که‌وێت که به‌رگرى کردووه فیشه‌کێکیان ناوه به ڕانیه‌وه و دواى هه‌ر به‌رگرى کردووه تا فیشه‌کێکى تریان پێوه ناوه و ئیتر په‌کى که‌وتووه و سوارى ئوتۆمبێلهکهى بون و بردویانه. هاوڵاتی: کاتێک فیشه‌کێک له شوێنێک بته‌قێت، پۆلیس ناچێت؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: بیست ده‌قیقه دواى ڕوداوه‌که په‌یوه‌ندیمان پێوه کراوه چووین بۆ شوێنى کوشتنى تاریق، که پۆلیس چووه، وتراوه لێره شه‌ڕه‌که بووه و دواى ئه‌وه به‌دواداچونمان ده‌ستپێکردووه. ئێستا گه‌ڕه‌که‌کان زۆرن، له به‌ختى ئه‌وانیشدا له کامێراى چاودێرییه‌وه هیچ ده‌رنه‌که‌وتبوو. هاوڵاتی: پێتانوانیه پێویسته کامێراى چاودێرى زیاتر دابنرێت و رێوشوێنه‌کان توندتر بکه‌نه‌وه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: پێشتر پرۆژه‌یه‌ک هه‌بوو، پێش قه‌یرانه‌که، بۆیه له به‌ختى سلێمانى به‌هۆى قه‌یرانه‌وه دانه‌نرا، کامێره‌مان هه‌یه له شوێنى چاک، به‌ڵام پێویستمان به زیاتره. هاوڵاتی: ئایا بریکارى وه‌زیرى ناوخۆ، ناتوانێت پرسى دانانى کامێراکان یه‌کلایبکاته‌وه تا دوانه‌خرێت؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ده‌توانێت، به‌ڵام کاتێک ده‌چێته سه‌ر ئه‌وه‌ى پاره‌ى بۆ خه‌رج بکرێت، ده‌ڵێن بودجه نییه، ئه‌وه به کۆمپانیا ده‌کرێت، پاره‌که‌ش نه‌بێت کاره‌که ناکرێت. داوامان کردووه سه‌رتاسه‌رى سلێمانى بکرێت به کامێرا، لیژنه‌یه‌ک داده‌نێین ئه‌و شوێنانه‌ى که پێویستن داده‌نرێت، ئێستا له‌سه‌ر حسابى خۆمان و هاوکارى خه‌ڵک، چه‌ند شوێنێک هه‌یه که چه‌ند کامێرایه‌کمان تیا داناوه و وه‌ک بازاڕى له‌نگه‌ى ژنان. بۆ حاڵه‌تى دزین و ئاسایش له شه‌قامه گشتییه‌کان کامێرهیان هه‌یه و مروریش کامێرهیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه به‌س نین، ئێمه ده‌مانه‌وێت کۆنتڕۆڵى گه‌ڕه‌که‌کانیش بکه‌ین. هاوڵاتی: سه‌باره‌ت به‌و دوو کوڕه‌ى باوکى خۆیان کوشت له گه‌ڕه‌کى چوارباخ، ئایا دایکیان گیراوه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: دایکى کوڕه‌که‌مان گرت به بڕیارى دادوه‌ر که بانگمان کرده بنکه دانى پێداناو دادوه‌ر ڕایگرت، چونکه له‌و کاته‌دا تاوانباره‌کان رایان کردبوو، بۆیه که خۆیان ڕاده‌ستى ئاسایش کرد، دانپێدانانى کوڕه‌که خۆى ده‌ڵێت که دایکم گیرا من خۆم ڕاده‌ست کردووه. هاوڵاتی: که دایکى نه‌گیرایه له‌وانه‌یه نه‌گیرایه تاوانباره‌که؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ڕه‌نگه وابوایه خۆى راده‌ست نه‌کردایه، نیازى نه‌بوو خۆى راده‌ست کات. هاوڵاتی: هۆکاره‌که چى بوو په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌بوو که باوکى ژنى تر‌ى هێناوه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ئه‌و کێشه‌یه‌ى که باس ده‌کرێت هه‌ر ئه‌وه‌یه که به‌نیاز بووه ژن بهێنێت و نه‌یهێناوه، ماڵه‌که‌یمان پشکنیوه، نۆ ملیۆن دینارمان دۆزییه‌وه که‌س ئاگاى له‌و پاره‌یە نه‌بووه و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه راده‌ستى که‌سوکارى پیاوه‌که کراوه‌ته‌وه. هاوڵاتی: شۆفێرى ته‌کسیه‌ک که پاره‌ى ئاڵوگۆڕ کردووه و لێیان سه‌ندووه له نزیک تاسوڵجه، پێتوایه ئه‌وه دڵه‌ڕاوکێ ده‌کاته دڵى هاوڵاتییانه‌وه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ئه‌مه ته‌نیا بۆ تێکدانى دۆخى سلێمانییه، ئه‌مه یه‌که‌م حاڵه‌ته، بۆ ئه‌م شوفێره خێرا په‌یوه‌ندى نه‌کرد به هێزى ئه‌منیه‌وه؟ بۆ سکاڵاى تۆمار نه‌کردووه؟ چونکه بۆ کارى یاسایى پێویستى به بڕیارى دادگا هه‌یه. هاوڵاتی: پێتوایه ده‌ستێکى سیاسى هه‌بێت له پشتى یه‌وه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ڕه‌نگه به مه‌به‌ستى ئه‌وه بێت و بڵێن سلێمانى. هاوڵاتی: ئه‌و تاوانانه‌ى که ده‌کرێن به‌شێکیان به چه‌کى بێ مۆڵه‌ته، بۆ ئیجرائاته‌کان توندتر ناکه‌ن؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ئێمه پێشنیارمان کردووه که بابه‌ته یاساییه‌که تونتر بکرێته‌وه، هه‌ڵگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت و به مۆڵه‌تیشه‌وه قورس بکرێت، بۆیه که‌سێک دوکانێکى هه‌یه و هیچ کێشه‌یه‌کى نیه، پێویست ناکات که چه‌کى هه‌بێت و مۆڵه‌تى پێبدرێت. مۆڵه‌تى چه‌ک له‌لایه‌ن پارێزگاوه ده‌کرێت، پێویستى به کۆمه‌ڵێک مه‌رج هه‌یه، با ئه‌و که‌سانه مه‌رجه‌کانیش یان تێدا بێت، به‌ڵام که پێویستى نه‌بێت پێى نه‌درێت، ده‌مانچه بۆ که‌سانێک پێویسته که کۆمپانیایه‌کیان هه‌بێت، پێویستیانه، ئه‌ویش له‌وکاته‌دا دهماچهیهک و کڵانشیکۆفێکى ده‌ده‌یت بۆ حه‌ره‌سه‌کان و ده‌ورات ده‌کات، ده‌درێت به که‌سێک که له‌ماڵه‌وه دایده‌نێت کێشه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه و ره‌نگه مناڵێکى به‌کاریبهێنێت بۆ کارێکى خراپ. ئێستا رێوشوێنه‌کان توند کراونه‌ته‌وه، زۆر شوێنى پێ ده‌که‌ن، ئاسایش، لیژنه‌ى پزیشکى، به‌ڵگه‌ى تاوان، که‌سه‌که فیشه‌کى پێدهتهقێنن و بۆیه که حاڵه‌تێک ڕ‌وى دا دیراسه‌ى بکه‌ن، بۆیه هه‌ندێک خه‌ڵک هه‌یه که له‌وه ده‌ترسێت و ناچێت نایکات، تا ئیجرائاتهکه توند بێت خه‌ڵک که‌متر ده‌یه‌وێت. هه‌ندێک خه‌ڵک هه‌یه که ئاستى رۆشنبیرییان به‌رزه، نایه‌وێت خۆى توشى کێشه کات و چه‌کى بێ مۆڵه‌ت هه‌ڵگرێت و پۆلیس بیگرێت و لێپرسینه‌وه بکات له‌سه‌رى، خه‌ڵکیش هه‌یه که خولیاى کڕینى چه‌که، که‌سى وا هه‌یه که سێ ده‌مانچه‌ى هه‌یه، تائێستا فیشه‌کێکى پێ نه‌ته‌قاندووه. هاوڵاتی: ئه‌و چه‌کانه له وڵاتانى ئیقلیمیه‌وه دێنه هه‌رێم؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: هه‌ندێک ده‌چن له ده‌ره‌وه ده‌یکڕن و رێگریمان لێکردووه، له مانگێکدا 50که‌سمان گرتووه که 50 چه‌کیان پێ بووه. ئه‌و سنورانه کراوه‌ن، له ئێران و تورکیاوه دێن، 10 که‌سمان گرتووه له‌سه‌رئه‌وه‌ى له فه‌یسبوک ڕه‌سمى چه‌کى داناوه بۆ فرۆشتن، له‌رێگه‌ى ئه‌وه‌ى کاتمان لێوه‌رگرتوه که بێت لێى بگرین و گرتومانه، چاودێرى ده‌کرێت، به‌ڵام رێژه‌ى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت زۆره. هاوڵاتی: مه‌سه‌له‌ى ئه‌م کوشتن و باندانه هۆکاره‌که‌ى بۆشایى ئه‌منى نییه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ئه‌وه‌ى که له سلێمانی ده‌ژى، ده‌زانێت بۆشایى ئه‌منیى بوونى نییه، لیژنه‌یه‌کی وه‌زاره‌تى ناوخۆى به‌غداد هاته سلێمانى، بۆ ئه‌وه‌ى چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان بکه‌ن که بزانن دۆخیان چۆنه، چونکه وا باس ئه‌کرا له جنوبى عێراق هه‌ر عه‌ره‌بێک بێته سلێمانى چاره‌نوسى نادیار ده‌بێت، ئه‌وه‌بوو له سه‌راى سلێمانى چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ 10 عه‌ره‌ب زیاتر کرد، وتیان سلێمانییان پێ خۆشتره وه‌ک له جنوب و رێزمان لێده‌گیرێت . ئێمه و ئاسایش له هه‌ر شوێنێک ته‌قه‌کردن هه‌بێت، روداو هه‌بێت، که په‌یوه‌ندیمان پێوه بکرێت یه‌کسه‌ر ده‌چینه ئه‌و شوێنه و رێزمان له هه‌موو که‌سه‌کان گرتووه به عه‌ره‌ب و تورک و هه‌مویانه‌وه و به ده‌میانه‌وه چوین. هاوڵاتی: پێویستتان به‌دامه‌زراندنى پۆلیس نییه، واتا بۆشاییتان نییه له‌رووى که‌مى کارمه‌نده‌وه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: چاودێرییه‌کان زۆر چڕ و پڕن، به‌ڵام هه‌ر پێویستمان به‌دامه‌زراندنى پۆلیسى تر هه‌یه، داوامان کردووه که 300 پۆلیس مان بۆ دابمه‌زرێنرێت، بۆ ناو قه‌زاى مه‌رکه‌زى سلێمانى. ئێمه هێزێکى تایبه‌تمان داناوه زیاتر له 60 کارمه‌ندن، حازرن بۆ ڕوداوى نه‌خوازراو له‌هه‌ر کات و شوێنێکدا بێت. هاوڵاتی: ئه‌و که‌سانه‌ى له‌کاتى ده‌وامدا چه‌کیان پێیه لێیان وه‌رده‌گیرێت یا ده‌توانن بیبه‌نه ماڵه‌وه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: فەرمانمان کردووه بۆ پۆلیسى ته‌واوى شوێنه‌کان، که‌س بۆى نییه چه‌ک بباته‌وه بۆ ماڵه‌وه بێجگه له ئه‌فسه‌ر و مفهوزى لێکۆڵینه‌وه، یا ئه‌و که‌سانه‌ى که ڕاسپێردراون به کارێک، بۆنمونه مه‌فره‌زه‌یه‌کمان هه‌یه که له‌وانه‌یه شه‌و ئیشمان پێ بێت، بۆیه بێجگه له‌وانه که‌س ناتوانێت چه‌ک بهرێتەوە ماڵه‌وه. هاوڵاتی: خه‌ڵک گومانى لا دروست بووه له‌ناو لایه‌نه سیاسییه‌کان، یا که‌سانى ناو حزبه‌کان داڵده‌ى تۆمه‌تباران ده‌ده‌ن ئه‌وه راسته؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: حاڵه‌تى وا هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى کۆبونه‌وه‌یه‌کمان کرد که هێزه‌کانى 70 و هه‌ندێک لایه‌نى تر ئاماده‌بوون، باسیان له‌وه‌کردووه که هه‌ر ئه‌فسه‌رێکى ئێمه تۆمه‌تبار بوو ئاگادارمان بکه‌نه‌وه ته‌سلیمیان ده‌که‌ین، هه‌ر که‌سێکیش که زانرا که ئه‌مه ده‌سه‌ڵاتداره و که‌سێکى حه‌شارداوه ئاگاداریان بکه‌ن، که‌سێک ئه‌گه‌ر تاوانبارێکى حه‌شارداوه که‌یسى بۆ ده‌کرێته‌وه له دادگا و به شه‌ریک له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، پێویسته ئه‌مه چاودێرى بکرێت که له‌شوێنێکدا که چه‌کدارى له‌گه‌ڵ نیه بدرێت به سه‌ریدا و ده‌ستگیر بکرێت. ره‌نگه له قه‌زا و ناحیه‌کان که کابرا سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکه، حساب بۆ پۆلیس هه‌ر نه‌کات، خۆى چه‌کداره و نازانێت یاسا چییه، نازانێت که خۆى بدا به‌ده‌سته‌وه باشتره، ره‌نگه له‌ده‌ره‌وه بێت خه‌ڵکانى تر بیکوژن. هاوڵاتی: هاوڵاتیانى سلێمانى هاوکاری ده‌زگا ئه‌منییه‌کان ده‌کەن؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: ده‌توانم بڵێم هه‌ر تاکێک خۆى به پۆلیس ده‌زانێت، هه‌ر شتێک ببینێت ئاگادارمان ده‌کاته‌وه، ئه‌و ئاسایش و ئارامییه‌ى که هه‌یه نیوه‌ى به‌هۆى خه‌ڵکى شارى سلێمانیه‌وه‌یه، له‌ڕێگه‌ى ته‌له‌فونى هاوڵاتیه‌که‌وه توانیومانه تاوانبارى گه‌وره ئاشکرا بکه‌ین و ده‌ستگیریان بکه‌ین. هاوڵاتی: پێتوایه به‌هۆى په‌یوه‌ندییه‌کانى تۆڕه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تى و سۆشیال میدیاوه کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زۆر بوون و ئه‌رکى ئێوه‌شیان قورس‌تر کردووه؟ سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د: حاڵه‌تى په‌یوه‌ندییه‌کان سۆشیال میدیا و ئینته‌رنێت و سناپ چات و ئه‌مانه زۆرن، له به‌ختیارى کوڕێک گیراوه 2 هه‌زارو 780وێنه‌ى ئافره‌تى پێبووه 10وێنه‌یان هى یه‌ک ئافره‌ته و ئافره‌ته‌که زیره‌ک بووه و شکاتى کردووه، که هه‌ڕه‌شه‌ى لێکردووه و که ئه‌وه‌نده پاره‌ى نه‌داتێ بڵاوى ده‌کاته‌وه، وێنه‌کانى ده‌ستکارى کردووه، که خه‌ڵک له ئه‌مه تێناگات و که‌سوکارى تا له ئه‌م راستییه تێده‌گه‌ن، یان ده‌بێت خۆى بکوژێت یا که‌سوکارى تا تێده‌گه‌ن تیا ده‌چێت، که به‌نیاز بووه هه‌موو خاوه‌نى ئه‌و وێنانه وا لێبکات، ئه‌مه کێشانه بوونیان هه‌یه و پۆلیس دۆسیه‌ى بۆ ده‌کاته‌وه‌و ره‌وانه‌ى دادگا ده‌کرێت. بۆنمونه ژنێک هاته لام و زۆر گریا و ماڵ و منداڵى هه‌بوو، وتى» له‌گه‌ڵ که‌سێکدا ده‌ستم تێکه‌ڵ کردووه و هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌کات که ڤیدیۆکان دائه‌به‌زێنم» بۆیه ناشتوانرێت بچێته بنکه‌یه‌ک و داوا تۆمار بکات و له‌گه‌ڵ داواکارى گشتى قسه‌مان کردووه که ئه‌م که‌سانه ده‌که‌ینه هه‌واڵده‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده هاتوچۆى پێ نه‌کرێت و مێرده‌که‌ى لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بکات و له‌ماڵه‌وه ئاشکرا ببێت ته‌نانه‌ت به‌هۆى تۆڕه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌یوه‌ندى کوڕ و کوڕیش هه‌یه که زیاتر به خۆى فهیسبوکهوهیه و ئه‌و کوڕانانهن که ته‌بیعه‌تیان ئافره‌تانه‌یه. بڕیارێکمان هه‌یه وه‌ک پۆلیس، هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى شتى نه‌شیاو بڵاو بکاته‌وه، ئه‌مه بابه‌تێکى یاساییه و داواکارى گشتى سکاڵاى له‌سه‌ر ده‌جوڵێنێت.
ھاوڵاتی به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کانی هه‌رێم رایدەگەینێت کە هاتنه ناوه‌وه‌ی روسنه‌فت بۆ ناو که‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان «بۆ غاز بوو نه‌ک بۆ نه‌وت.» ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوو ساڵی رابردوودا چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی نەوتی هەرێم کردووە. هەروەها به‌رپرسێکی تری باڵای حکومه‌تی هه‌رێمیش رایگەیاندووە «له دوخێکی مه‌ترسیداری سیاسی و ئابوری‌دا، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی رزگار کرد روسیا بوو». بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی، هەرێم پێنج ملیار دۆلاری قەرزی تورکیای بە نەوت قەرەبوو کردۆتەوەو هەروەها ملیارێکی دیکەی لی قەرزکردوە لە ٢٠١٦دا، بەوەش شەش ملیار دۆلاری لەو وڵاتە وەرگرتووە لەبەرامبەر نەوت. راپۆرتەکە دیتە سەر باسی گرێبەستی هەرێم و روسنەفت و تێیدا به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کانی هەرێم، نه‌یویستوه ناوی بهێنرێت، رایگەیاندوە «روسیا ته‌نها ده‌یویست مافی په‌ره‌پێدانی هێڵی گواستنه‌وه‌ی غاز مسۆگه‌ر بکات (بۆ ئه‌وروپا). پڕۆژه‌ی نابۆکۆ شکستی هێنا، بۆیه روسیا هاته پێشه‌وه. ئه‌وروپییه‌کان سه‌رزه‌نشت ده‌کران. ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ی بۆری غازه‌ی که ده‌بوو سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌دیلی غاز بۆ وڵاتانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا دابین بکات و پشتبه‌ستنی ئه‌و وڵاتانه به هه‌نارده‌ی غازی روسیا که‌م بکاته‌وه.» له هه‌رێمی کوردستان، ده‌ستکه‌وتی دیپلۆماسیی روسیا وا ده‌رده‌که‌وێت که زۆر سنوردارتر بێت به‌هۆی نادڵنیایی سیاسی و رێگرییه ته‌کنیکی و ئیدارییه‌کانه‌وه. له راستیدا، به وته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک که به ئه‌لجه‌زیره‌یان راگه‌یاندوه، روسنه‌فت هێشتا چاوه‌ڕێی قازانجه له‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی که به‌بڕی زیاتر له (4) ملیار دۆلار کردویه‌تی له گرێبه‌سته نه‌وتی و گازییه‌کاندا. که‌واته، دوو ساڵ دوای ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌کانی روسنه‌فت به‌کۆتا گه‌یشتن، روسیا چی به‌ده‌ستهێنا له سه‌رکێشیی (قومار)ه‌که‌ی هه‌رێم؟ لە راپۆرتەکەدا هاتووە له (2016)دا حکومه‌تی هه‌رێم ده‌یناڵاند به‌ده‌ست قه‌یرانی توندی سیاسی و ئابورییه‌وه. حکومه‌تی هه‌رێم له ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕی دژ به داعشدا بوو که بووه هۆی سه‌رچاوه‌ی نائارامی و باگرانییهکی قورسی دارایی. بودجه‌ی هه‌رێم گورزێکی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وت له‌پاش دابه‌زینی نرخی نه‌وت له (2014) و به‌و هۆیه‌شه‌وه، داهاته‌که‌ی زۆر که‌می کرد. هه‌روه‌ها ناکۆکییه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌ی مافی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و له ده‌ره‌نجامدا بووه هۆی بڕینی پشکی بودجه‌ی هه‌رێم له بودجه‌ی فیدراڵیی عێراق. هه‌بونی قه‌رزێکی زۆر که‌ڵه‌که‌بوو به نزیکه‌یی له نێوان (20) بۆ (25) ملیار دۆلار (که له‌سه‌رو قه‌باره‌ی ئابورییه‌که‌یه‌وه بوو)، وایکرد حکومه‌تی هه‌رێم هیچ بژارده‌یه‌کی له‌به‌رده‌م نه‌مێنێت بۆ رزگاربونی له مایه‌پووچی. له ئازاری (2016)دا، حکومه‌تی هه‌رێم پشکه سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌وتی خسته‌به‌رده‌م تورکیا له‌به‌رامبه‌ر لێخۆشبونی له (5) ملیار دۆلار قه‌رزی کاش و بڕی یه‌ک ملیار دۆلار قه‌رزی دیکه که پێشتر حکومه‌تی ئه‌نقه‌ره دابویه هه‌رێم. گرێبه‌ستی سه‌ره‌کیی دیکه به‌هه‌مان شێوه خرابونه به‌رده‌م کۆمپانیا ئه‌مه‌ریکییه‌کان. تورک و ئه‌مه‌ریکییه‌کان وا پێده‌چوو دوودڵبن له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆفه‌رانه‌ی خرابوونه به‌رده‌ستیان. له‌مانگی حوزه‌یران، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ره‌و روسیا به‌ڕێکه‌وت بۆ ئاماده‌بون له کۆڕبه‌ندی ئابوریی سانت پترسبۆرگ (کۆڕبه‌ندێکی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنانه ساڵانه به سه‌رپه‌رشتی ڤلادیمێر پوتن به‌ڕێوه ده‌چێت). له‌و کۆڕبه‌نده‌دا، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا کۆبوه‌وه بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردولا له که‌رتی نه‌وت و غازدا. حه‌وت مانگ دواتر و له (21)ی کانونی دوه‌مدا، روسنه‌فت چووه پاڵ گازپڕۆم وه‌ک وه‌به‌رهێنێکی سه‌ره‌کی له کوردستان له ڕێگه‌ی ئیمزاکردنی گرێبه‌ستێک به به‌های (21) ملیار دۆلار که ئه‌و بڕه پێشوه‌خته وه‌رگیرا بۆ نه‌وتی (2017) بۆ (2019) و به‌وه‌ش بووه یه‌که‌م کۆمپانیای گه‌وره‌ی نه‌وت که پێشوه‌خته پاره‌ی نه‌وت بداته حکومه‌تی هه‌رێم. ئه‌و پاره پێدانه پێشوه‌خته‌یه بۆ ئه‌وکات زۆر یه‌کلاکه‌ره‌وه بوو. به‌پێی وته‌ی بیلال وه‌هاب له په‌یمانگای واشنتۆن له ئه‌مه‌ریکا، ئه‌و پارهپێدانه یارمه‌تیده‌ر بوو له وه‌لانانی کاره‌ساتی دارایی و رووگیربوونی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌رێم، ئه‌ویش له‌ڕێی پێدانی توانا به هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکییه‌کانی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای دانه‌غاز و هیلال (Crescent Petroleum) به‌رله دانیشتنێکی دیکه له‌لایه‌ن دادگای له‌نده‌ن که به‌رنامه‌ی بۆ دانرابوو له به‌هاری هه‌مان ساڵ ئه‌نجام بدرێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بڕی یه‌ک ملیار دۆلاریان دایه کۆمپانیا ئیماراتییه‌کان و بڕی (1.24) ملیار دۆلاریشیان رێکخسته‌وه که قه‌رزار بون. گرێبه‌سته‌که تاڕاده‌یه‌ک شه‌رعیه‌تی دابوه پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه، که به‌غدا له‌مێژ بوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ئه‌و هه‌نارده‌کردنانه نایاسایین و له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه رێگایان پێ نه‌دراوه. له (2)ی حوزه‌یراندا، جارێکی تر نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ی لوتکه‌ی سانت پیترسبۆرگ بوو و ئیمزاشی کرد له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆمپانیای روسنه‌فت و رێگه‌ی خۆشکرد بۆ سێ گرێبه‌ستی دیکه، له‌نێویشیاندا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ک به به‌های (400) ملیۆن دۆلار بۆ پشکنین له پێنج بلۆک له باشوری رۆژئاوای هه‌رێمی کوردستان. به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی رۆیته‌رز، له (18)ی ئه‌یلولدا، هه‌فته‌یه‌ک به‌رله دیاریکردنی واده‌ی ئه‌نجامدانی راپرسیی سه‌ربه‌خۆیی، حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند که گرێبه‌ستێکی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا روسییهکهدا ئیمزا کردوه بۆ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی بۆریی غاز له هه‌رێم له‌رێگه‌ی وه‌به‌رهێنانێک به به‌های یه‌ک ملیار دۆلار. پڕۆژه‌که بنیاتنانی بۆرییه‌کی غاز له‌خۆ ده‌گرێت به توانای ره‌وانه‌کردنی (30) ملیار مه‌تر سێجا له غاز له ساڵێکدا و گرێ ده‌درێت به تۆڕی غازی تورکیاوه و له کۆتاییدا غازی کوردستان هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا ده‌کرێت. دواتر له مانگی تشرینی یه‌که‌مدا، سێ رۆژ دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی سه‌ر به به‌غدا شاری که‌رکوکی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وتیان کۆنتڕۆڵ کرده‌وه و له‌ژێر ده‌ستی کورد ده‌ریانهێنا، حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند که (60%)ی پشکه‌کانی خۆی له‌و کۆمپانیایه‌ی که بۆرییه نه‌وتییه‌کانی هه‌رێم به‌ڕێوه ده‌بات فرۆشتوه به کۆمپانیای روسنه‌فت، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به‌به‌های (1.8) ملیار دۆلار. به وته‌ی دیپلۆماتکارێکی پێشوی روسیا، هه‌مو ئه‌م گرێبه‌ستانه به پابه‌ندبونێکی ناڕه‌سمی کران له به‌ر امبه‌ر پشتیوانیی سیاسییانه‌ی مۆسکۆ. ده‌شڵێت، هه‌رچه‌نده روسیا به ره‌سمی هه‌ڵوێستێکی بێلایه‌نانه‌ی راگه‌یاند له‌ئاست راپرسییه‌که‌ی هه‌رێم، کرملن به ناڕه‌سمی ئه‌وه‌ی رونکرده‌وه که به‌نیازه پشتیوانی له مه‌سعود بارزانی بکات. ئه‌مه متمانه‌ی ته‌واوی دایه سه‌رکردایه‌تیی کورد بۆ ئه‌وه‌ی هانیان بدات له (25)ی ئه‌یلولدا ده‌نگدان بکه‌ن سه‌ره‌ڕای زنجیره‌یه‌ک هۆشداری له‌لایه‌ن به‌غداوه. راستیی ئه‌وه‌ی که ژماره‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی ئیمزا کران له دۆخێکی بێوێنه له نادڵنیایی و نا ئه‌منی له هه‌رێمی کوردستان، هه‌روه‌ها راسته‌وخۆ دوای له‌ده‌ستدانی کۆنتڕۆڵی که‌رکوک له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه، ده‌ریخست که روسیا راست و دروست بوو له پابه‌ندبونه‌کانی. هه‌روه‌ک به‌رپرسێکی باڵای حکومه‌تی هه‌رێم به جه‌زیره‌ی راگه‌یاندوه «له دوخێکی وا مه‌ترسیداری سیاسی و ئابوری‌دا، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی رزگار کرد روسیا بوو! حکومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌مان شێوه هه‌ژمونی زیاتری په‌یدا کرد، له ده‌ستپێکردنی دانوستانه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا. له مانگی ئازاردا، بۆ یه‌که‌مجار و دوای ساڵی (2014)، حکومه‌تی عێراق پاره‌ی موچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی ره‌وانه کرد، له ده‌ره‌نجامدا، بۆ یه‌که‌مجار له‌دوای چه‌ندین مانگ فەرمانبەرانی حکومه‌تی هه‌رێم موچه‌ی ته‌واوه‌تییان به‌بێ پاشه‌که‌وت وه‌رگرت. له‌کاتێکدا حکومه‌تی هه‌رێم قازانجی ئه‌و گرێبه‌ستانه کۆ ده‌کاته‌وه، ده‌سکه‌وته‌کانی روسیا و روسنه‌فت له‌و وه‌به‌رهێنانه پڕ مه‌ترسییه‌دا هێشتاکه به‌دینه‌هاتون. ئه‌وه‌ی وا ده‌رده‌که‌وێت که بوبێته ده‌ستکه‌وتێکی سه‌ره‌کی له وه‌به‌رهێنانه‌کانی روسنه‌فت له هه‌رێمی کوردستان، بریتییه له زامنکردنی گرێبه‌ستی هێڵی بۆریی گواستنه‌وه‌ی غاز له ئه‌یلولی (2017). به وته‌ی به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کانی هه‌رێم که نه‌یویستوه ناوی بهێنرێت، هاتنه‌ناوه‌وه‌ی روسنه‌فت بۆ ناو که‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان «بۆ غاز بوو نه‌ک بۆ نه‌وت.» له‌ئێستادا، گازپڕۆم هه‌نارده‌ی غازی روسیای بۆ ئه‌وروپا قۆرخ کردوه. به وته‌ی ساڵح یه‌ڵماز لێکۆڵیار له ئاژانسی بلومبێرگ، له‌رێگه‌ی زامنکردنی گرێبه‌ستی غاز له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم، روسنه‌فت هه‌وڵده‌دات نه‌ک به ته‌نها بۆ زیادکردنی هه‌نارده‌ی غاز له‌ژێر کۆنتڕۆڵی روسیا بۆ ئه‌وروپا، به‌ڵکو هه‌وڵیش ده‌دات بۆ رووبهڕوبونهوهو رکابه‌ریی گاز پڕۆم. به وته‌ی یه‌ڵماز، په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی هێڵی بۆری غاز له هه‌رێمی کوردستان ره‌نگه دوو ساڵ بخایه‌نێت له باشترین دۆخدا، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی گرژی و ئاڵۆزییه به‌رده‌وامه‌کان له هه‌رێم و هه‌روه‌ها له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه‌ی که هیچ داواکارییه‌که‌ی به‌په‌له نیه بۆ هه‌نارده‌ی ئه‌و غازه، ره‌نگه پڕۆژه‌که زۆر زیاتریش بخایه‌نێت. رونیشیکردهوه «له‌ئێستادا، ره‌نگه پڕۆژه‌ی زۆر باشتر بونیان هه‌بێت، بۆیه پێم وایه ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌کاتێکی وا زوودا ته‌واو نابێت.» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کۆسپێکی دیکه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه که ده‌بێ د‌رکی پێبکرێت، ئه‌م گرێبه‌سته و گرێبه‌سته‌کانی دیکه‌ی که له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و روسنه‌فت ئیمزا کراون، پێشتر به‌غدا ره‌تیکردوونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه به‌بێ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و ئیمزا کراون. عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به جه‌زیره‌ی راگه‌یاند «حکومه‌ته سه‌رکه‌وتووه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق تێبینی و هه‌ڵوێست و رێگرییه‌کانی خۆیان بۆ چالاکییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ربڕیوه (له‌باره‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست). ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستا به‌نیازه ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکات له‌ڕێی دیالۆگی جددیه‌وه.» سنوردایی هه‌ژمونی روسیا له عێراق به‌وه سه‌لمێنرا که گرێبه‌ستێکی کاتی له ناوه‌ڕاستی تشرینی دوه‌می ساڵی (2018)دا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئیمزا کرا بۆ دووباره ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ده‌رهێنانه نه‌وت (50 بۆ 100 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێکدا) له کێڵگه نه‌وتییه‌کانی که‌رکوک و ره‌وانه‌کردنی به‌ڕێی بۆریی نه‌وتی بۆ تورکیا. به وته‌ی به‌رپرسێکی پێشوی روسیا، روسییه‌کان زۆر به‌ئاگان له‌وه‌ی که دۆخی گرێبه‌سته‌کانی روسنه‌فت هێشتا «جێی گومانه». هه‌وڵه نێوه‌ندگیرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئه‌وانی نیگه‌ران کردووه و ترسیان له‌وه هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان که‌م بکات. ئه‌گه‌ر واشنتۆن بڕیاربدات له‌باره‌ی توندکردنه‌وه‌ی که‌مپه‌ین و فشاره‌کانی له‌سه‌ر ئێران، عێراق ده‌بێته یه‌کێک له مه‌یدانه سه‌ره‌کییه‌کانی شه‌ڕ که تیایدا ئێرانییه‌کان پاشه‌کشه‌یان پێ ده‌کرێت. هیچ شتێک ئاسانتر نیه له تێکدانی حکومه‌تێک که پێشتر ناسه‌قامگیر بووه، له‌گه‌ڵ کۆکردنه‌وه‌ی میلیشیا چه‌کداره لایه‌نگره‌کانی ئێران بۆ جارێکی تر له وڵات.
هاوڵاتی، زانا عه‌لى عه‌دنان عه‌لى، ته‌مه‌ن 40ساڵ، دانیشتووی چەمچەماڵەو خاوەن چەکی خۆیەتی، بەبێ ئەوەی لە ریزی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کار بکات، بەڵام ئەو هەمیشە چەک لە ماڵەکەیدا بە پێویستی دەزانێت. عه‌دنان وتی «هه‌موو ماڵێک پێویستى به چه‌ک هه‌یه، چونکە هێزه ئه‌منییه‌کان ناتوانن گیانى خه‌ڵک بپارێزن، که چه‌کم لانه‌بێت، هه‌ست به ئارامى ناکه‌م». ئەگەرچی حکومەتی هەرێم، بڕیارێکی دەرکردوە بۆ چەکداماڵین، ئەوەش دوای چەندین رووداوی تاوانکاریی هات کە لە رێگەی چەکەوە ئەنجامدراون، بەڵام هیشتا دیاردەی چەکهەڵگرتن کۆنتڕڵنەکراوە. لەگەڵ ئەوەی عه‌دنان عه‌لى بڕیاری چەک داماڵین لەلایەن حکومەتەوە بە «کارێکی باش» ناو دەبات، ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەر حکومەت لەو کارەیدا سەرکەوتووبێت و کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بکات، ئامادەیە دەستبەرداری ئەو چەکەی بێت کە خۆی دەڵێت بۆ بەرگری لە ماڵەوە دایناوە. عه‌دنان وتی «بڕیارێکى ئاوا، بێگومان له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بێ جیاوازى لێپرسینه‌وه له هه‌موو که‌س بکرێت که چه‌کى هه‌یه و ئه‌وانه‌ش که ده‌یفرۆشن». وتیشی «ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بتوانن گیانى خه‌ڵک بپارێزن، که‌س پێویستى به چه‌ک نابێت». وه‌زاره‌تى ناوخۆ له نوسراوێکدا کە سەرەتای ئەمساڵ دەریکرد، رایگەیاند هه‌ڵمه‌تێکى چه‌ک داماڵینیان به مه‌به‌ستى نه‌هێشتنى دیارده‌ى چه‌کدارى ده‌ستپێکردووه، به تایبه‌ت چه‌کى قورس و مام ناوه‌ند و هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و چه‌کانه ته‌نها له ده‌ست هێزه چه‌کداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت رێگە دەدات کە چەکی سوک لە ماڵان‌دا هەبن، بە مەرجی پێویستی و دەرهێنانی مۆڵەتی چەکەکە. سامى جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ڕونیکرده‌وه، به‌پێى یاساى چه‌ک ڕێگه دراوه به هه‌ردوو جۆرى ده‌مانچه‌و کڵاشینکۆف و وتى «ئێمه له قۆناغى یه‌که‌م ته‌نها تۆمارییان ده‌که‌ین، به‌ڵام له قۆناغى دووه‌مدا پۆلێنیان ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ى ڕێنماییه‌کانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت، مۆڵه‌تى چه‌کیان پێده‌درێت و ئه‌وانه‌ى تریش لێیان ده‌سێنرێته‌وه«. سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ى کهچهکى قورسیان هه‌یه‌و ڕاده‌ستى حکومه‌تى ده‌که‌ن وتی «به هیچ شێوازێک قه‌ره‌بوو ناکرێنه‌وه«. ئه‌م به‌ڕێوەبه‌ره ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که «ئه‌و که‌سانه‌ى که چه‌که‌کانیان ڕاده‌ست ناکه‌ن، سزا ده‌درێن». هه‌روه‌ها وتى»بڕیاره‌که به‌بێ جیاوازى، هه‌موو که‌س و ئاسته‌کان ده‌گرێته‌وه«. لەهەندێک لە شارەکانی کوردستاندا، چەک فرۆشتن بازاڕی خۆیان هەیەو بە ئاشکرا کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکرێت. سه‌باره‌ت به‌بازاڕى چه‌ک فرۆشان وتى «دواى ته‌واوبوونى ئه‌م بڕیار‌و ڕێنماییانه ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌ین که چۆن چاره‌سه‌رى ئه‌م کێشه‌یه بکه‌ین یان ڕێک ده‌خرێته‌وه یا به‌ته‌واوه‌تى داده‌خرێت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ زۆر سورە له‌جێ به‌جێکردنى ئه‌و بڕیاره‌ى که ده‌رکراوه و ڕێوشوێنى توند ده‌گرێته‌به‌ر «. چه‌ک فرۆشانیش ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن، له دواى ئه‌و بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆوه، بازاڕیان وشک بووه، له‌کاتێکدا چه‌ندین ماڵ و خێزان بژێوییان له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌یه. کامه‌ران به‌کر، ته‌مه‌ن45ساڵ، زیاتر له15ساڵه له‌بازاڕى چه‌ک فرۆشان له چه‌مچه‌ماڵ کارى چه‌ک فرۆشییه، به هاوڵاتی وت «تائێستا هیچ ڕێوشوێنیک نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر نه که‌س گیراوه و نه که‌سیش ئاگادارى کردووینه‌وه، بۆیه که بیانه‌وێت ده‌توانن ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو چه‌که بێ مۆڵه‌ته‌کاندا بگرن». ئه‌و چه‌ک فرۆشه وتیشى «زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى چه‌ک ده‌کڕن، نزیکن له‌حیزب و بهربرسهکان و یان پۆست و پله‌یان هه‌یه له‌ناو حکومه‌تدا، به‌شێکى که‌میان هاوڵاتى ئاسایین». سه‌باره‌ت به‌چه‌کى قورس کامه‌ران وتى «خه‌ڵکى ئاسایى تواناى کڕینى چه‌کى قورسى نییه، ئه‌وانه‌ى ده‌یکڕن پاڵپشتى به‌هێزیان له‌حکومه‌ت و حزبه‌کان هه‌یه، چونکه زۆر گرانن». ئه‌م پیاوه وتیشى «ڕاسته تائێستا که‌س نه‌هاتووه ئاگادارمان کاته‌وه، به‌ڵام هه‌موو که‌س هه‌واڵه‌که‌ى بیستووه و بازاڕى چه‌ک وشکبووه و که‌س لێى ناپرسێت». به‌هۆى زۆربوونى حاڵه‌ته‌کانى ته‌قه‌کردن و بریندارکردن و کوشتن و هه‌ڵکوتانه سه‌رماڵى خه‌ڵکى و چه‌ندین ڕوداوى یه‌ک له دواى یه‌کى تر له‌هه‌رێمى کوردستان که ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ ڕ‌وى له‌زیادبوونه، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م ڕوداوانه‌ش، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆرى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت و نایاسایی. «جۆرى ئهوچهکانهى کڕین و فرۆشتنى پێوه ده‌که‌ن زیاتر چه‌کى ده‌مانچه و کڵاشینکۆفن، چه‌کى ڕووسى له‌بازاڕدا زۆره‌و چه‌کى ئه‌ڵمانی و ئه‌مریکى، ئه‌و چه‌کانه‌ى دراون به پێشمه‌رگه، به‌هه‌موشێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌کى قورس‌دا وه‌ک رومانه و بیکه‌یسى و ئاڕبیجى به‌ئاشکرا نافرۆشرێت، به‌ڵکو به‌قاچاغ ده‌ست ده‌که‌وێت». ئومێد ئیبراهیم، دوکانى چه‌ک فرۆشتنى هه‌یه له‌قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ وای وت. ئومێد ته‌مه‌نی 37ساڵە، زیاتر له شەش ساڵه کارى چه‌ک فرۆشى ده‌کات وتی «له‌و کاته‌ى بڕیاره‌که ده‌رچووه، کاریگه‌رى کردووەته سه‌ر نرخى چه‌ک و بازاڕى وشک کردووه«. ئومێد چوار منداڵى هه‌یه و بژێوى له‌سه‌ر ئه‌م کاره‌یه، وتى «ئه‌مه ته‌نها کارى منه و بژێوى ماڵ و منداڵم له‌سه‌ر ئه‌م کاره‌یه، بۆیه که بڕیارێکى ئاوا ده‌رده‌کرێت، پێویسته بیر له‌وه بکرێته‌وه که کارێک بۆ ئێمه بدۆزرێته‌وه«. لەگەڵ ئەوەی کە بریارەکە دەرچوەو بازاڕی چەکفرۆشان کزبووە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە. بەڵام هەندێک لە بەرپرسە حکومیە محەلییەکان دەڵێن ئەگەر رێنمایشیان بۆ دەرنەچێ دەتوانن بەپێی یاسا کارپێکراوەکان رێوشوێن بەرامبەر دیاردەی چەکفرۆشن بگرنە بەر. ڕه‌مک ڕه‌مه‌زان، قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ، به هاوڵاتی وت «تائێستا هیچ نوسراوێکی فه‌رمى به‌ده‌ست ئێمه نه‌گه‌یشتووه شێواز و ئالییهتى جێبه‌جێکردنه‌که‌ى و زانیاریمان نیه له‌سه‌رى، بەڵام ئێمه خۆمان کارمان له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌کردنى چه‌ک کردووه به‌پێى ئه‌و یاسا کارپێکراوانهى له‌به‌رده‌ستماندایه، هه‌رکه‌سێکیش داواى مۆڵه‌تى چه‌ک بکات، به‌پێى یاساکه مۆڵه‌ته‌که‌ى ده‌درێتێ». وتیشی «چه‌ک له‌هه‌مووکه‌س قه‌ده‌غه ناکرێ، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تى ناوخۆ و سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌رانى هێزه‌کانى ئاسایش چه‌ک هه‌ڵده‌گرن، هه‌موو خاوه‌ن کارێک ده‌توانێت چه‌ک هه‌ڵگرێ که کاره‌که‌ى وا بێویست بکات». چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکرێت، بەراورد بە شوێنەکانی تر. قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ وتی «ناوچه‌که هه‌میشه جه‌نگى تێدابووه، بۆیه لاى هاوڵاتیان ئاساییه چه‌ک هه‌ڵگرن». لەگەڵ ئەوەی قایمقامی چەمچەماڵ، پییباشە دیاردەی چەک هەڵگرتن بنەبڕ بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدایە قەرەبووی چەک هەڵگرەکان بکرێتەوە. ڕه‌مک ڕه‌مه‌زان وتی «هه‌مومان به‌رپرسین له‌پاراستنى ئارامى و ئاسایشى خه‌ڵک و سه‌روه‌ت و سامانیان و چه‌کیش به‌شێکه له‌سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵک، ڕه‌نگه پاره‌یه‌کى زۆریان پێدابێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بیه‌وێ چه‌ک بنبڕبکات، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت ئه‌وچه‌کانه بکڕێته‌وه له خه‌ڵک». له‌باره‌ى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى که گرتویانه‌ته به‌ر، بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بازاڕى چه‌ک فرۆشان له چه‌مچه‌ماڵ وتى «هه‌نگاوى باش نراوه، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه، که خه‌ڵکانێک هه‌ن بژێویان له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌یه، بۆیه ناتوانرێت به په‌له ئه‌و کاره بکرێت». لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکفرۆشی بەڵام خەڵکانیک بە گومانن ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکڕیت و پییان وایە کەسانێک هەن لە دەرەوەی یاسا، دەرباز دەبن و حکومەتیش بەهۆکاری سەرەکی دەزانن. «من چه‌ک بۆ پاراستنى خۆم هه‌ڵده‌گرم، نه‌ک بۆ کوشتنى که‌س، بۆیه که‌سانى وه‌ک من پێشیان بێت زیانیان نیه، به ئاساییش ده‌توانن لێمان قه‌ده‌غه که‌ن، چونکە پشتمان نیە» گۆران محه‌مه‌د، 39ساڵ، وای وت. وتیشی «بریارەکە ته‌نها لەسەر فه‌قیر و هه‌ژاران جێبه‌جێ ده‌کرێت، چونکه که‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن پشت و په‌نا به‌رده‌وام چه‌کیان پێیه و ناتوانن لێى بسه‌نن».
هاوڵاتى عومه‌ر به‌شیر سیاسه‌تمه‌دار و که‌سایه‌تى سه‌ربازى سودانى، که له‌ساڵى 1989 به کوده‌تاى سه‌ربازى ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست، دواجار و پاش 30 حکومڕانى هه‌ر به کوده‌تا رۆیشت و ده‌سه‌ڵاتى لێسه‌نرایه‌وه. به‌شیر که له‌لایه‌ن دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه یاداشتى ده‌ستگیرکردنى بۆ ده‌رکراوه، له‌ساڵى 1944 له گوندى حوش بانقاى نزیک له شارى شندى له باکورى سودان له‌دایک بووه. به‌شیر بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له زانستى سه‌ربازیدا به‌ده‌ستهێناوه له‌ساڵى 1981. بهشر ئینتیماى بۆ ره‌وته ئیسلامییه‌کان نه‌ده‌شارده‌وه، به‌ڵام له‌ساڵى 1989 سه‌رۆکایه‌تى کوده‌تایه‌کى کرد دژى حکومه‌تى سادق مه‌هدى که له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه پشتیوانى ده‌کرا. ئه‌و به خوێندکارێکى بیرمه‌ندى ئیسلامى کۆچکردوو دکتۆر حه‌سه‌ن تورابى داده‌نرێت، بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ هاوڵاتیانى سودان ده‌یانوت به‌شیر به رۆژ سه‌رۆکه و به‌شه‌ویش خوێندکاری تورابییه و تورابی حاکمى کرده‌یی وڵاته. به‌ڵام به‌شیر دواتر کوده‌تاى به‌سه‌ر تورابیدا کرد و چه‌ند جارێک خستییه زیندانه‌وه. به‌شیر به‌شى زۆرى ژیانى له‌ناو سوپا به‌سه‌ربردووه و له‌ته‌مه‌نێکى که‌مدا چووه‌ته ریزى سوپاوه، تا گه‌یشت به‌به‌رزترین پله، به‌ڵام ده‌روازه‌ى گه‌یشتنى به‌ده‌سه‌ڵات له‌رێگه‌ى کوده‌تاى سه‌ربازییه‌وه بوو. له‌سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاتیدا به‌شیر ره‌تیده‌کرده‌وه سازش بکات له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى ئاین به ده‌وڵه‌ت و پێدانى مافى چاره‌ى خۆنوسین به باشوری سودان. سه‌رۆکایه‌تى به‌شیر به‌چه‌ندین وێستگه‌ى جیاجیادا رۆیشت، که دیارترینیان شه‌ڕى باشورى سودان و کێشه‌ى دارفۆر بوو. ساڵى 2008 دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى بۆ عومه‌ر به‌شیر ده‌رکرد، به‌تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى له دارفۆر. ساڵى 2009 به‌شیر سێیه‌م سه‌رۆکى وڵات بوو که دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رکرابێت. ساڵى 2013 هاوڵاتیانى سودان له‌ژێر کاریگه‌رى به‌هارى عه‌ره‌بیدا رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و داواى رۆیشتنى رژێمیان کرد، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌کان به‌توندى وه‌ڵامیان دنه‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 که‌س کوژران و هه‌زارانى دیکه‌ش ده‌ستگیرکران. له‌کۆتایی ساڵى 2018 سودانییه‌کان جارێکى دیکه رژانه سه‌ر شه‌قام و داواى باشکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانیان کرد، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ى داواى رۆیشتنى ده‌سه‌ڵاتى به‌شیر بکه‌ن. دواى چه‌ند مانگێک له به‌رده‌وام بوونى خۆپیشاندانه‌کان، هاوڵاتیانى سودان له‌به‌رده‌م باره‌گاى فه‌رمانده‌یی ئه‌رکانى سوپا مانیان گرت و داوایان له سوپا کرد ده‌ستوه‌ردان بکات بۆ له‌کارخستنى به‌شیر. به‌ره‌به‌یانى 11ى نیسانى 2019 سوپاى سودان ده‌ستى به‌سه‌ر رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى سوداندا گرت و به‌شیرى له‌ده‌سه‌ڵات دورخسته‌وه.
هاوڵاتی، شاناز حەسەن - سهروهرمحەمەد چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر تاریق رۆسته‌م ته‌مه‌ن 40 ساڵ که سه‌رقاڵى کارى بهقاڵى بوو، کاتێک سه‌رقاڵى گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ ماڵى خۆى و چه‌ند زه‌رفێک میوه‌ى به‌ده‌سته‌وه بوو که بۆ خێزانه‌که‌ى بباته‌وه، له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه رفێنرا و بێسه‌روشوێن بوو. تاریق که ماوه‌ى 22 ساڵ بوو، به شه‌ریکى له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کى دوکانێکى دانابوو بۆ فرۆشتنى سه‌وزه و میوه، تا رۆژى هه‌شتى ئه‌م مانگه بێ سه‌روشوێن بوو، تا ئاسایش چاره‌نوسى ئاشکراکرد و رایگه‌یاند له‌لایه‌ن باندێکه‌وه کوژراوه و خراوه‌ته ژێر خاکه‌وه. تاریق دوو برا و 10خوشکى هه‌یه، له پۆلى سێى بنەڕەتی بۆ یارمه‌تى دانى باوکى وازى له خوێندن هێنا، به‌ڵام زۆرى نه‌برد، باوکى کۆچى دوایی کرد، کاتێک له‌کاتى کارکردن‌دا له کوورهیەکدا لە تاسڵوجه که‌وته خواره‌وه. تاریق له دواى مردنى باوکى ئه‌رکى سه‌رشانى قورس بووه و به کارى بهقاڵى، ویستویه‌تى بژێوى ژیان بۆ خوشکه‌کانى دابین بکات. مه‌ولود فارس، خاڵى تاریقى به‌قاڵ له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات که ئه‌و ماوه‌یه‌ى که تاریق دیار نه‌بووه «ناخۆشترین ڕۆژى ته‌مه‌نمان بووه، وامان لێهات بوو گومان له‌خۆمان و که‌سه نزیکه‌کانمان ده‌کرد، هێنده ماوه‌یه‌کى به‌ئازار و ناڕه‌حه‌ت بوو». به وته‌ى که‌سوکاره‌که‌ى، تاریق به‌رده‌وام وتوویه‌تى دوای مردنی باوکى بارێکى قورسى بۆ جێماوە، هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بژێوى ژیانى خوشک و خێزانه‌که‌ى دابین بکات. خوشکێکى تاریق وتى «نه‌مزانى تاریق باره‌که‌ى باوکى تا کۆتا هه‌ڵناگرێت و خۆشى بار‌مان بۆ جێده‌هێڵێت، نازانم چۆن توانیان 14 زه‌عیفه بێ‌ناز و بێکه‌س بکه‌ن». تاریق خانوویه‌کى به ده‌سته‌کانى خۆى و به ماندووبونى خۆى، بۆ خوشک و خێزانه‌که‌ى دروستکردووه، که تا ئێستاش له‌سه‌رى قه‌رزاره. هاوسه‌ره‌که‌ى تاریق وتى «هه‌رگیز نه‌یده‌هێشت ئێمه هه‌ستى پێبکه‌ین که ئیشی باش نییه و کاره‌که‌ى قورسه و قه‌رزاره، بۆ ئه‌وه‌ى من و دایکى خه‌فه‌ت نه‌خۆین». کاتژمێر نۆى ئه‌و شه‌وه‌ى تاریقى تێدا رفێنرا، هه‌رگیز له بیرى تریفه‌ى خوشکى تاریق ناچێته‌وه، کاتێک به‌ته‌له‌فۆن له بێسه‌روشوێن بوونى براکه‌ى ئاگادارکرایه‌وه «یه‌کسه‌ر دڵم خورپه‌ى کرد، وامزانى دایکم نه‌خۆشه و له نه‌خۆشخانه‌یه، نه‌مزانى هه‌واڵى دیارنه‌مانى برا و که‌سه‌که‌ى ژیانم پێده‌گات». له‌و کاته‌وه تریفه ئاگاى له‌ماڵ و منداڵى نه‌ماوه و به دواى براکه‌یدا گه‌ڕاوه و هیچ شوێنێک و که‌سێکى باڵا و ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ماوه نه‌چێته لاى و هاناى بۆ نه‌بات. له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ى تۆمه‌تباره‌کاندا، ته‌رمه‌که‌ى تاریق له‌لایه‌ن تیمى تایبه‌ت به هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى ته‌رمه‌وه، له‌و شوێنه‌دا ده‌رهێنرا که لێی شاردرابووه‌وه. ئێستا ئازارى ئه‌م خێزانه ئه‌وه‌یه، بۆچى تاریق به‌و شێوازه نا مرۆڤایه‌تییه کوژراوه‌و ته‌رمه‌که‌ى شاردراوه‌ته‌وه. تریفه‌ى خوشکى باسى له‌وه‌کرد که له‌کاتى دۆزینه‌وه‌یدا نه‌یان هێشتووه بچنه سه‌ر ته‌رمى براکه‌ى «بێبه‌شبوین له ماچکردنێک و ماڵئاوایکردن له براکه‌م، مه‌لاکه وتویهتى زۆر به زاڵمانه کوژراوه و شاردراوه‌ته‌وه، که ده‌ستى لێبه‌یت کوت کوت ده‌بێت». تریفه تائێستا نه‌یتوانیوه ده‌رگاى ماڵى براکه‌ى بکاته‌وه و وتى «جه‌رگم کوت کوت ده‌بێت چۆن بتوانم ده‌رگاى براکه‌م بکه‌مه‌وه و برا جوانه مهرگهکهمى تیا نه‌بێت». هاواری تریفە بۆ براکەی به گەروویەکی تاساوەوە هەموو دەورەبەرەکەی تریفه تاساندبوو، داواشیاندهکرد کام سزایه زۆر به ئازاره بۆ ئه‌و که‌سانه دابنرێت که تاریقیان به‌و چاره‌نوسه گه‌یاند. که‌سوکارى تاریق، بڕیاریانداوه بچنه به‌رده‌م دادگا، بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌تباره‌کان به سزا بگه‌یه‌نرێن. هاوسه‌ره‌که‌ى تاریق باسى له‌وه‌کرد که ته‌رمى تاریق زۆر شێواوه و نه‌ده‌توانرا بشۆرێت «به‌بێ شۆردن له سێ کفنمانهوه ئاڵاندو و کردمانه گۆڕ، لاشه‌که ته‌واو بۆگه‌نى کردبوو، که که‌س خۆى له‌به‌ر بۆنه‌که‌ى نه‌ده‌گرت». تاریق دوو کوڕ و دوو کچى هه‌یه، کوڕه گه‌وره‌که‌ى له شه‌شى سه‌ره‌تاییه و ناوى محه‌مه‌ده، کچه بچوکه‌که‌ى سێ ساڵانه. هاوسه‌ره‌که‌ى تاریق ئه‌م ماوه‌یه له‌ماڵى دایکى تاریق بووه و ته‌نها بۆ شتى پێویستى منداڵه‌کانى گه‌ڕاوه‌ته‌وه و وتى «دوو ڕۆژبوو خه‌ریکى ماڵ پاککردنه‌وه بوم، وتم تاریقهکهم ده‌گه‌ڕێته‌وه، گومانمان له که‌س نه‌کردووه، چونکه کێشه‌ى له‌گه‌ڵ که‌س نه‌بووه و زۆر بێوهى بوو و سه‌رگه‌رمى ماڵ و ژیانى خۆى بووه«. ئه‌وه‌شى گێڕایه‌وه زۆر جار باسى له‌وه ده‌کرد کە چۆن بێ باوکى کاریگه‌رى هه‌بووه له‌سه‌رى، وتیشی «تاریق به‌رده‌وام بۆ من و منداڵه‌کانى باس ده‌کرد که بێ باوکى چه‌نده سه‌خته و له نیوه‌ى قسه‌کاندا ده‌گریا و منداڵه‌کانى ماچ ده‌کرد، به‌ڵام نه‌یده‌زانى که منداڵه‌کانى خۆشى ئه‌و ئازاره ده‌چێژن». هاوپیشه‌کانى تاریق، تا ئێستاش شۆکى له‌ده‌ستدانى تاریق به‌رینه‌داون و باس له‌وه‌ده‌که‌ن که تاریق کێشه‌ى له‌گه‌ڵ که‌س نه‌بووه. ڕێکار حه‌مه‌عه‌لى، دراوسێى دوکانى تاریقى به‌قاڵه له شه‌قامى مه‌وله‌وى، له‌سه‌ر مێزى دووکانى ماسى فرۆشییهکهى خه‌یاڵ بردبوویه‌وه وتى»تائێستا پهشۆکاوین و له بیرى ئه‌و ڕووداوه دڵتهزێنهدان، له‌وه‌ته‌ى ئه‌وه‌م بیستوه، تاقه‌تى ئیشکردنم نیه هه‌ر ئه‌وه‌یه ئیشه‌که به‌ڕێ ئه‌که‌ین». ئه‌و بانده‌ى که ده‌ستیان چووه خوێنى تاریق، دانیان به کوشتنى که‌سێکی تریشدا ناوه به‌ناوى مه‌ریوان دارا، کاتێک ویستویه‌تى به‌رگرى له باوکى بکات. مه‌ریوان 28 ساڵ دانیشتووى سلێمانیه و ژیانى هاوسه‌رى پێکنه‌هێنابوو، له‌لایه‌ن دوو ده‌مامکداره‌وه که به مهبستى دزینى پارە لە دوکانەکەی باوکى داویانه به سه‌ر دوکانه‌که‌یاندا، له به‌رامبه‌ر پاسه‌کانى به‌ختیارى به‌ڵام کوڕەکەی کە گوێی لە دەنگە دەنگ و هاوار بووە، به‌خێرایی خۆی گەیاندۆتە دوکانەکە، لەوێ فیشه‌کیان لێداوه‌و کوشتوویانە. دانا براى مه‌ریوان باسله‌وه ده‌کات، شه‌وێکى ته‌ماوى و باراناوى که که‌س به‌ده‌ره‌وه نه‌بووه، باوکى به ڕێکه‌وت به لاى دوکانه‌که تێده‌په‌ڕێت کاتێک بینیوتى کاره‌با هاتۆته‌وه، ئه‌ڕوات گڵۆپه‌کانى دوکانه‌که بکوژێنێته‌وه، دوو ده‌مامکدار په‌لامارى ئه‌ده‌ن و ئه‌یبه‌نه ژووره‌وه‌و زۆرى لێده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌که‌ى بڕفێنن. وتیشى «له‌و کاته‌دا دوو برام کاتێک ئه‌بینن دووکانه‌که کراوه‌ته و دوو ده‌مامک دار له باوکم ئه‌ده‌ن، خۆیان پێناگیرێت و مه‌ریوانى برام به راکردن را ئه‌کات بۆئه‌وه‌ى بچێته ژووره‌وه و به‌رگرى بکات له باوکم، پێش ئه‌وه‌ى مه‌ریوان بچێته ژووره‌وه ئه‌م دووکه‌سه له ترسى ژیانى خۆیان، فیشه‌کێک ئه‌نێن به سه‌ر دڵییه‌وه و خێرا گیان له ده‌ستت ده‌دات، به راکردن شوێنه‌که جێده‌هێڵن». شەوی رابردوو ئاسایشی سلێمانی، ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو باندەی بڵاوکردەوه کە له سێ گەنج پێکهاتبوون و باسیان لەوە دەکرد کە چۆن هەریەکە لە مەریوان و تاریقیان کوشتووە.
شاناز حه‌سه‌ن ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت پرسى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جێگه‌ى ناکۆکى نێوان یه‌کێتى گۆڕانه و "پارتیش نێوه‌ندگیریان ده‌کات". بریاربوو ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆ په‌سه‌ندکردنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى په‌رله‌مانتاران به‌هۆى" ناکۆکى" گۆڕان و یه‌کێتیه‌وه بهباشزانراوه دوابخرێت. ئیدریس ئیسماعیل، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى" دواخستنه‌که به‌هۆى ڕێکنه‌که‌وتنى سێ حزبى گه‌وره‌وه بووه(یه‌کێتى، گۆڕان، پارتى) و ناتوانین بچینه کۆبونه‌وه‌یه‌ک که ناکۆکى نێوان لایه‌نه‌کان هه‌بێت". هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد که پارتى هیچ کێشه‌یه‌کى له‌سه‌ر پرسى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم نییه، وتیشى" پارتى به دانوسان هه‌موو لایه‌نه‌کان رازى ده‌کات و نیوهندگیرى له نێوان گۆڕان و یه‌کێتیدا ئه‌نجام ده‌دات تا رازیان بکات". بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان له 18ى شوباتى ئه‌مساڵ له‌سه‌ر به‌شدارى کردنى حکومه‌ت رێککه‌وتن و پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم دراوه‌ته گۆڕان، به‌ڵام یه‌کێتى داواى پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌و پارتیش چاوه‌رێى بۆچونى گۆڕان ده‌کات. جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له فراکسیۆنى گۆڕان له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد وه‌ک لیژنه‌ى یاسایى له هه‌ست کردنیان به به‌رپرسیارێتى بۆ ئه‌وه‌ى کۆده‌نگی له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌بێت تا کۆتا قسه‌ى لایه‌نه‌کانى تێدابێت بۆیه بریارى دواخستنى کۆبونهوهکهیانداوه. په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆڕان ده‌شڵێت:" گۆران په‌یوه‌سته به ڕێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ پارتى و داوامان لێ کردوون په‌یوه‌ستبن پێوه‌ى، چونکه پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم هى ئێمه نه‌ده‌بوو پرسى جێگرى دووه‌م بکه‌وێته دانوسانى نێوان یه‌کێتى و پارتییه‌وه". هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ "یه‌کێتى ته‌نها پۆست داتاشینه". رۆژى 30 ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجامدراوه‌و لوکاتهوه تا ئێستا 192 رۆژ به‌سه‌ریدا تێپه‌ر بووه‌و هێشتا لایه‌نه‌کان لهدانوسان به‌رده‌وامن، به‌ڵام نه‌گه‌شتونه‌ته ئه‌نجامى کۆتایى.