عەممار عەزیز «10 ساڵی رێكە هیچ خۆشیم نەبینیوە ، ئێش و ئازاری گۆڕم لەسەر ژیان وەرگرتووە»، ئەمە وتەی دایكێكە لە ناوەندی دهۆك كە دوو منداڵی ئۆتیزمی هەیە، ئەو بەتەواوی بێهیوا بووە چونكە سەنتەری حكومی منداڵەكانی وەرناگرێت و ناتوانێت بیانباتە سەنتەری ئەهلی بەهۆی ئەوەی پارەیان نیە . ئاواز قادر، ئەو ژنەی سەنتەری شاری دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « كچەكەم كە تەمەنی 10 ساڵەو كورەكەم تەمەنی حەوت ساڵە ، رێژەی ئۆتیزم لەهەردوو منداڵەكەم سەرووی 75 لەسەدە ، بەس خوا دەزانیت حاڵم چۆنە ئەوەندە ناخۆشە ناتوانم وەسفی بكەم، بەو دوو منداڵە ئەوەندە ئازارو ناخۆشیم بینیوە پێموایە عەزاب و ناخۆشی گۆڕیش هەر ئەوەندەیە، پێش ئەوەی بمرم عەزاب و ناخۆشی گۆڕم بینی». ئاواز قادر تەمەنی 37 ساڵە ، پیاوەكەی پێشمەرگە بووەو لەمانگی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. ئاواز خاوەنی پێنج منداڵە لەهەمووی گەورەتر كچەكەیەتی كەتەمەنی 16 ساڵە ، ئێستا لە ژووری خوێندنگایەكی ناو سەنتەری دهۆك دەژین چونكە هیچ خانوویەك نیەو پارەشیان نیە لەشوقەیەك یان خانوویەكی كرێدا بژین. «سەنتەری حكومی تەنها ساڵێک كچەكەمیان وەرگرت، دوای ساڵێك كچەكەمیان دەركردو وتیان كچەكەت شەڕی منداڵان دەكات ، ئێستاش ناتوانم بیبەم بۆ سەنتەرێكی ئەهلی، هیچ داهات و پارەیەكمان نیە، خێرخوازان هاوكاریمان دەكەن، نازانم شەوو رۆژ چیە هەر خەرێكی دوو منداڵەكەمم، ئەگەر بەرپرسان راست دەكەن با فەرموون یەك خولەك سەردانی من بكەن بزانن حاڵم چۆنە»، ئاواز وای وت. لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەنها یەك سەنتەری حكومی هەیە، لەبەرامبەریشدا 10 سەنتەری ئەهلی هەن، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێكی ئۆتیزم لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار . شاكر مەحمود، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزمی زاخۆی ئەهلی بەهاوڵاتی وت: « 30 منداڵمان وەرگرتووە، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێك بەپێی رێژەی ئۆتیزمە لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار، رۆژانە تا كاتژمێر یەک و نیو هەرچی پێویستە بۆیان دەكەن، ئەوەی پێویستی بەمامۆستاو پزیشكی دەروونییە بۆیان دابین دەكەن، جگە لەمەش ژەمێكی خواردنی سەرەكییان پێدەدەین». بەكردنەوەی سەنتەری تازە بارگرانی و فشار لەسەر سەنتەرەكان كەمدەبێتەوە، لەئێستادا سێ سەنتەری ئەهلی لەزاخۆ هەن، دوو سەنتەری تری ئەهلی بەمنزیكانە دەكرێنەوە لەگەڵ سەنتەرێكی حكومی، هاوكات لەناوەندی دهۆكیش پێنج سەنتەری ئەهلی هەن. شاكر مەحمود دەشڵێت، « تەنها لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 220 منداڵی تۆماركراو هەن كەنەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، ئێمەش حەزدەكەین نەك سەنتەرێک 10 سەنتەری حكومی بكرێنەوە لەجیاتی ئەوەی پارە بدەن بەخۆڕایی بێت، چونكە ئەوانەی منداڵی ئۆتیزمان هەیە زۆرینەیان هەژارن و ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوان زۆرە، بەڵام چارەی تر نیە». ئەمساڵ لەسەنتەری حكومی لەشاری دهۆك 90 منداڵی ئۆتیزم وەرگیراون، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەرووی هەزار توشبووی ئۆتیزم هەیە. شێرزاد هلوری، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت، « ئەمساڵ 90 توشبووی ئۆتیزممان وەرگرتووە، كە ئێستا لەسەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم چاودێرییان دەكرێت و هەموو شتێكیان بۆ دابینكراوە، بەمنزیكانە سەنتەرێكی تر لەقەزای ئاكرێ دەكەینەوە، هەروەها لەبەرنامەشماندایە سەنتەرێكی تر لەسنوری قەزای سێمێل بكەینەوە». شێرزاد هلوری دەشڵێت « ئەو سەنتەرەی كەئێستا هەمانە شوێنی هەموو توشبووانی ئۆتیزم ناگرێتەوە، بۆیە زۆر پێویستیمان بەسەنتەری تازەیە تابتوانین ژمارەیەكی زۆرتر لەتوشبووان وەربگرین، زۆرمان پێناخۆشە كەسوكاریان لەبەرنەبوونی شوێن منداڵەكانیان دەبەنە سەنتەری ئەهلی، چونكە بارگرانییەكی زۆرە بۆ ئەوان، هەموو هەوڵێك دەدەین كێشەكانیان چارەسەربكەین».
هاوڵاتی یەڤگینی پریگۆژین نزیکەی ١٠ ساڵی پێچوو تا گروپی چەکداری ڤاگنەر دروست بکات. گروپەکی ئەڤگینی بووە سەرەکیترین گروپ لەجەنگی روسیا دژی ئۆکرانیاو سەربازەکانی پریگۆژین یارمەتیدەربوون بۆ زیادکردنی هەژمونی روسیا لەئاستی جیهانیدا، لەڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لەئەفریقاو سوریا. ئێستا کە یەڤگینی لەمەیدانەکە نەماوە، مردنەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین گومان لەسەر داهاتووی ڤاگنەر. شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی سەربازی رۆژئاوا بیر لەوەدەکەنەوە کەکێ جێگەی دەگرێتەوە و چی بەسەر ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەدا دێت کە پریگۆژین سەرکردایەتی دەکردن. چۆن کوژراو بۆچی کوژرا؟ یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لەچوارشەممەی رابردوو لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەک لەهەرێمی تڤیر لەنزیک مۆسکۆ لەگەڵ نۆ سەرنشینی تر گیانی لەدەستدا. بەشێک لەسەرنشینەکان فەرماندەی باڵاو نزیکی پریگۆژین بوون. سەرەتا روسیا نکۆڵی دەکرد کە فڕۆکەکە پریگۆژینی تێدا بووبێت بەڵام دوای چەند رۆژێک لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەڕێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە. لەلێکۆڵینەوەی لیژنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە «پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووەو ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لەفرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لەفرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە.» ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. مردنی پریگۆژین چەندین سیناریۆی جیاوازی دروستکردووەو دەوترێت کە دەستی روسیا خۆی تێدا بووە. تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاو ئۆکرانیا بڕوایان وایە کە کاری روسیا خۆی بێت. یەڤگینی یەکیک بوو لەنزیکەکانی ڤلادمیر پوتن، بەڵام ئەو نزیکایەتی و هاوڕێیەتیە لەمانگی حوزەیراندا کۆتایی هات کاتێک پریگۆژین دژی فەرماندە باڵاکانی سەربازی روسیا جوڵایەوە و چەکدارەکانی لەئۆکرانیاوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکرد کەوەک هەڵمەتێکی «کودەتا» لیکدرایەوە و تەنانەت پوتین خۆشی رایگەیاند کە کارێکی خیانەت بوو. تەنها دوای چەند رۆژیک لەکودەتا شکستخواردووەکە، کە دواتر پوتن رێککەوتنی لەگەڵ پریگۆژیندا کردو رەوانەی بیلاڕوس کرا، سەرۆکی روسیا بەڕوونی وتی کە کارەکەی گروپی ڤاگنەر جۆرێک بوو لەخیانەت. هەرچەندە ناوی پریگۆژینی نەبرد بەڵام «رێکخەرانی یاخیبونەکەی» بە خیانەت کردن لە روسیا ناوبرد. میدیاکانی رۆژئاوا سوورن لەسەر ئەوەی کە کوشتنی پریگۆژین تۆڵەکردنەوەی پوتنە، بەڵام کۆشکی کریملن دەڵێت، کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت «گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیەکی بێ چەندوچونە». هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستتێوەردانی کریملن و هیزە ئەمنییەکانی روسیا ببەستێەوە بەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەش تائیستا نەزانراوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە هۆشداری ئەوەیان داوە کەهێشتا زووە بگەیتە ئەنجام دەربارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە، بەڵام ژمارەیەک ئەگەر رەچاو کراوەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، لەوانەش دانانی بۆمبێک لەناو فڕۆکەکە کەبووەتە هۆی تێکشکانی. هاوکات سی ئێن ئێن دەڵێت، لەهەمانکاتدا هەندێک کەس کە ناویان نەهاتووەو ئاشنان بەکاری هەواڵگری بڕوایان وایە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە ئەنقەست بووبێت و ئامانجی سەرەکی ئەوە بووبێت کە پریگۆژین بکوژرێت. پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، رایگەیاندووە ئەوان زانیارییان نییە کە فڕۆکەکەی پریگۆژین بەموشەکی هێزی بەرگری ئاسمانی تێکشکابێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە بڕوایان وایە پریگۆژین کوژرابێت نەک رووداوێکی رێکەوت بێت. تەنانەت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە پوتن لەپشت تێکشکانی فڕۆکەکە بووبێت. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لەگەڵ چەند کەسێکی روسیا قسەی کردووە، بەبێ ئەوەی پلەو پۆستیان ئاشکرا بکات بەهۆی ترسیان لەئاشکرابوونیان، هەندێکیان بەڕاشکاوانە قسەیان لەسەر بابەتەکە کردووەو دەڵێن، «پریگۆژین لەلایەن پوتنەوە کوژراوە کە لەخیانەت خۆش نابێت، پوتن لەپشتی ئەم کارە بووە، رەنگە دارودەستەکەی بووبن بەڵام ئەو زانیویەتی و رەزامەند بووە لەسەری». پشتڕاستکردنەوەی گومانەکان لەلایەن میدیای رۆژئاواوە لەوە دێت کەهەندێک مدیای روسیا بڵاویانکردەوە کە ئۆکرانیا لەپشت کوشتنی پریگۆژینەوە بێت، بەڵام لەو بارەیەوە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، «ئێمە پەیوەندیمان بەدۆخەکەوە نییە، بەڵام هەموو کەس ئەزانێت کێ پەیوەندی هەیە بەو بابەتەوە». پریگۆژین «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا» دوای رۆژێک لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پوتن قسەی بۆ رایگشتی کردو وتی سەرکردەکەی ڤاگنەر کەسێکی «بەهرەمەند بوو» بەڵام «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا». سەرۆکی روسیا لەدەمی رابردوو دەربارەی پریگۆژین قسەی کردو وتی کە «ماوەیەکی زۆر بوو» سەرکردەکەی ڤاگنەری دەناسی. «ئەو پیاوێک بوو کە دیار بوو چارەنووسی سەخت دەبێت، هەروەها هەندێک هەڵەی جددی لە ژیانیدا کردووە و ئەوەی بەدەستهێناوە کە پێویست بووە خۆی و کە منیش داوامکردووە بۆ ئامانجێکی هاوبەش»، پوتن وای وت. دوای مردنی پریگۆژین، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕکەرانی ڤاگنەر. لەچەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکردو لە رۆژی هەینیدا واژۆی کردووە کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیاو لانەدان لەفەرمانی سەرۆکی وڵات. لەبەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لەفەرمانی فەرماندەو سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لەبڕیارەکانیان بکەن. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەرو گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە کودەتاکەی مانگی حوزەیران کە ترسی دروست کردووە دووبارە ببنە هۆی مەترسی و جارێکی تر ترس بۆ دەسەڵاتی وڵات دروست بکەن. ڤاگنەر دوای پریگۆژین چی لێدێت؟ مردنی پریگۆژین دوای دوو مانگ لەکودەتاکە گومانی لای شارەزایان دروستکردووەو دەڵێن پوتن پێویستی بەو ماوەیە هەبووە تاجێگرەوەیەک بۆ پریگۆژین دابنێت. بینۆیت برینگەر، رۆژنامەنوس کە بەڵگەفیلمێکی لەسەر گروپی ڤاگنەر کردووە بۆ بی بی سی قسەی کردووەو دەڵێت، یەکێک لە بەربژیرە هەرە سەرەکییەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی پریگۆژین ئەندرێی ئەڤریانۆڤە کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی هەواڵگری روسیایە. برینگەر دەڵێت، «وادیارە پوتن کاتی پێویست بووە بۆ ئەوەی بەنهێنی ئەم گۆڕانکارییە رێکبخات، ئەمەش ئەو هۆکارە رووندەکاتەوە کە بۆچی دوو مانگ وەستا تا پریگۆژین لەکۆڵ بکاتەوە». تەنانەت عەباس گالیامۆڤ، وتارنووسی پێشووی پوتن لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاوڕایەو بۆ ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، رەنگە بۆیە پریگۆژین رێیدرا دوای کودەتاکە لەکارەکەی بەردەوام بێت چونکە بەرپرسانی روسیا دەبوو چەند کەسێک بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی. گالیامۆڤ دەڵێت،»کات پێویست بوو بۆ دروستکردنی رێگای نوێ و میکانیزمی نوێی دەستبەسەرداگرنتی ئەو پرۆژانەی» یەڤگینی هەیەتی لەسوریا و ئەفریقاو ئۆکرانیا. شارەازیان پێیانوایە کە رەنگە ڤاگنەر دوای پریگۆژین وەک خۆی نەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەوان دەڵێن، رەنگە لەدۆخی مامناوەند مەودادا ئۆپەراسیۆنەکانی ڤاگنەر زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت، بەڵام لەدۆخی دوورمەودادا شیوازی تر وەردەگرێت. «ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڤاگنەر جیاببێتەوە بۆ دوو گروپ، کە ئەو لایەی لە بیلاڕوسیایە و بێ سەرکردە ماوەتەوە هەڵبوەشێتەوە، پارچەکانی تر ئەوانەی کە لەدەرەوەی روسیا کاران ببنە یەک گروپ و ئامراز کە سیاسیەتی دەرەوەی روسی بتوانێت سوودیان لێوەربگرێت،» ئێمڵی فێریس توێژەر لەبواری سەربازی ئەمەی بە بی بی سی وت. رۆژنامەنوس برینگەر لەسەر نەمانی پریگۆژین و ئەو کەلەپورەی بەجێیهێشتووە دەڵێت: ڤاگنەر ئەوەی بەکریملن نیشانداوە کەچۆن سوپایەکی شاراوەی تایبەت لەدەرەوەی یاسا دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ جەنگ و زیادکردنی هەژموونی روسیا لەدەرەوە، رەنگە ناوی ڤاگنەر نەمێنێت بەڵام چەکدارە بەکرێگیراوەکانی مەیدان و ئەو رێبازەی پریگۆژین دروستی کرد وەک خۆیان دەمێنێتەوە».
دلێر عەبدوڵڵا لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و بەشێوەیەكی نایاسایی 602 كەس لەهێزی دژەتیرۆری یەكێتی دامەزرێنران و بەپێی نووسراوێكیش خراونەتە سەر یەكەی (70)ی وەزارەتی پێشمەرگە، پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە، سەرۆكی حزبكێش لەشاری هەولێر مووچەی 200 پۆلیسی راگرتووەو داوای بەڵێننامەیان لێدەكات. عەلی حەسەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان بڵاویكردەوە كە بەپێی نووسراوێك فەرمانی دامەزراندن بۆ 602 كەس كراوەو بەشێوەیەكی نایاسایی پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە. لەكاتێكدا دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە بەفەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە. نووسراوەكە بە ژمارە (8338) لە رێكەوتی 1/11/2022 تۆماركراوەو بەپێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەمانگی رابردوودا ئەو دامەزراوانە موچەی خۆیان لە رێی فەوجی هێزەكانی حەفتا وەرگرتووە، پارەكەش لە رێی داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابینكراوە. دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە لەچەكداری حزبی لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا بەشێوەیەكی نایاسایی لەكاتێكدایە كە حكومەت بەهۆی نەبوونی پارەو بودجەی پێویست پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی راگرتووە، لەوبارەوە عەلی حەمەساڵح بەهاوڵاتی وت «ئەم دامەزراندنانە لەكاتێكدایە كە حكومەت رایدەگەیەنێت پارە بۆ پرۆژەو دەرمان و رێگاوبان نییە، پارە بۆ مامۆستای وانەبێژو فەرمانبەری گرێبەست نییە، بۆ پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستا نییە، دامەزراندن بۆ دەیان هەزار دەرچووی زانكۆكان نییە». لەگەڵ ئەوەی ئەو فەرمانەی دامەزراندنەكەی پێكراوە لەناو دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیەوە كراوە، بەڵام موچەی دامەزراوەكان لەناو هێزەكانی حەفتاوە دەدرێت، كە هێزەكانی حەفتاش سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمە، لەوبارەیەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئاگادارنین و هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە». ئەمە یەكەمین جار نییە یەكێتی و پارتی دامەزراندن لەناو هێزی سەربازی سەر بە یەكە سەربازییەكانیان دەكەنەوە، كە بەڕای عەلی حەمەساڵح، هەردوو حزب دەیانەوێت زۆرترین چەكدار لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بۆ ئامانج و خزمەتی خۆیان بەكاریانبهێنن. جگە لەیەكێتی و پارتی، دامەزراندنی سەربازی لەناو حزبەكانی تریشدا بوونی هەیەو هەر حزبەو بەپێی قەبارەی خۆی، ئەندام و كادرانیان كراونەتە موچەخۆرو لەسەر بودجەی حكومەت پارەیان پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی هەریەكە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و حزبی سۆسیالیست و شیوعی دامەزراندنی سەربازییان بۆ كراوەو چەندین كادریان كراونەتە پۆلیس و سەرباز. ئەو حزبانەی پۆلیس و سەربازی دامەزراویان هەیە، لەكاتی ناكۆكی و كێشە ناوخۆییەكانیاندا قۆرخی موچەی ئەندامانیان دەكەن و بۆ هەندێك جاریش حكومەت بەكاردەهێنن بۆ مەرامە تایبەتەكانی خۆیان. هەروەك ئەوەی ئێستا كێشەی بڕینی مووچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەئارادایە. بزووتنەوەی ئیسلامی كە بەمدواییە ناكۆكی تێكەوت و بووە دوو باڵ، باڵێكیان بەسەرۆكایەتی كامیلی حاجی عەلی وەزیری پێشوتری ئەوقافی حكومەتی هەرێم و باڵەكەی تریش بەسەرۆكایەتی عیرفانی مەلا عەلی كوڕی رابەری كۆچكردووی ئەو حزبە خۆیان راگەیاندو هەرباڵەو خۆی بەخاوەنی حزبەكە دەزانێت و بەرامبەریشی بە ناشەرعی و نادروست لەقەڵەم دەدات. بەهۆی بوونی ئەو كێشە ناوخۆییەوە، موچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوە راگیراوەو بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عیرفانی مەلا عەلی دەستی بەسەردا گرتوە، لەوبارەوە كەمال سازانی پارێزەری باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «بەبڕیارێكی سیاسی و لەلایەن عیرفانی مەلا عەلی قوت و مووچەی پۆلیسەكانمان لەهێزی زێرەڤانی راگیراوەو حكومەت و وەزارەتی ناوخۆشمان ئاگاداركردووەتەوە كە پێویستە بێلایەن بن و تەرەفگیری نەكەن». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، موچەی ئەو 200 پۆلیسەی بۆ بزووتنەوەكەی عیرفانی مەلا عەلی خەرجكردووەو ناوبراویش دەستی بەسەرداگرتووەو داوای لەپۆلیسەكان كردووە بەڵێننامە پڕبكەنەوە كە پەیوەندی بە باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یەوە نەكەن، لەوبارەوە پارێزەرەكەی باڵی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «حزب دەڵێ ئێمە نین و حكومەتە، حەكومەتیش دەڵێت ئێمە نازانین و بڕیارێكمان پێگەیشتووەو جێبەجێی دەكەین. یاساش تائێستا یەكلایی نەكردووەتەوە كە بزووتنەوە موڵكی كام باڵەیە. حكومەتیش دەڵێت ئێمە داومانە بە رابەری بزووتنەوە، ئەویش لای خۆیەوە دەیەوێت بەڵێننامە پڕبكاتەوە بە پۆلیسەكان كە نەچنە ریزی باڵەكەی ئێمەوە، ئەمەش بریارێكی ناشەرعییەو پێمان وایە كە دەبوو وەزارەتی ناوخۆ رۆڵێكی باشی هەبێت نەك لایەنگری بكات، بۆیە ناچارین لە رێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە سكاڵا تۆماربكەین». بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەپۆلیس و سەربازی دامەزراوی حزبە سیاسیەكان لەناو حكومەتدا، بووەتە بار بەسەر بودجەوەو بەهۆی ئەمەوە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم شێوێنراوە، هەربۆیە حكومەتی ناوەندی گرفتی لەگەڵ لیستی موچەخۆراندا هەیەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی دانی نەناوە بەو ژمارەیەی لیستی فەرمانبەران كە بۆ وەرگرتنی بودجەی هەرێم پێشكەشی حكومەتی ناوەندی دەكرێت.
ڤانە حەمە کۆماری ئیسلامی ئێران فشار دەخاتەسەر هەرێمی کوردستان بۆ چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو حزبانە هەڕەشەکان بە «چاوسوورکردنەوە» ناودەبەن و دەڵێن ئامانجی تاران ئەوەیە ئاگری شەڕەکە لەناوخۆی ئێران دووربخاتەوە لەیەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەشڵێن ئامادەکاری دەکەن بۆ هەر هێرشێکی ئێران و چەک دانان لای ئەوان «هێڵی سوورە». تاران مۆڵەتێکی داوە بەحکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەبێت حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ١٩ی ئەیلولی ئەمساڵ چەک بکرێن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی گیانلەدەەستدانی ژینا ئەمینی لەژێر زەبری هێزدا بەجیاوازی تەنیا سێ رۆژ. ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەئێران گیانی لە دەستدا دوای ئەوەی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی بەزەبرێکی توند ئازاریان دابوو بەبیانووی ئەوەی لەچکەکەی توند نەبووە، ئەوەش گڕی بەردایە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران، بەجۆرێک وێنەی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەییان لەشەقامەکاندا دەسووتاند و خۆپیشاندانەکان بەشۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسرا. لەساڵی ٢٠١٨ەوە ئێران چەندین هێرشی موشەکی کردووەتەسەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەرێم، دوایین هێرشی تاران بۆسەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بوو کە سوپای پاسداران بەمووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیدا و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی عێراق، ١٣ کەس شەهید بوون. ناسر کەنعانی، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆشداریدا بە حکومەتی عێراق و رایگەیاند مۆڵەتی چەککردنی حیزبە «دژبەرەکانمان» لە هەرێمی کوردستان «درێژ ناکەینەوە» کە بەپێی رێکەوتنەکە ١٩ی ئەیلول دوا مۆڵەتە. لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا لەبارەی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە بەناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە. بەپێی رێککەوتنەکە پێویستە حزبەکانی رۆژهەڵات لەچەک دابماڵرێن و بارەگاکانیشیان چۆڵ بکەن، دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هەریەک لەحکومەتی عێراق و کوردستان لەکەمپی ئاوارەکاندا جێگیر ببن کە بۆیان دیاری دەکرێت. لەوەڵامی ئەم داواکاریەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە هاوڵاتی وت» تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بەفەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە یان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەئێمە نەگەیشتووە، دەشڵێت، «چەکدانان لەلای ئێمە هێڵی سورە». عەتا ناسر سەقزی پیێیوایە دیاریکردنی ئەو مۆڵەتە لەو کاتەدا لەترسی نزیکبوونەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییە کە ئێران نایەوێت دووبارە خۆپیشاندان لەوڵاتەکە دووبارە ببێتەوە. «کۆماری ئیسلامی ئەمە وەك چاو سورکردنەوەیەک بەکاردەهێنێت ئەمەش لەترسی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و مەترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکان لەئێران، بۆیە پێمانوانییە ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت»، عەتا ناسر وای وت. لەبارەی هەر هێرشێکیشەوە بۆ سەر بارەگاکانیان ئەندامەکەی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وتی، «ئێمە ئەمڕۆ بەهاوبەشی لەگەڵ حەوت حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووینەوە و ئامادەباشی خۆمان دەکەین بۆ هەر هێرشێک». عەتا ناسر سەقزی باسیشی لەوەکرد کە ئامادەکاریەکانمان بەجۆرێکە «کەمترین زیانمان لەهەر هێرشێک بەربکەوێت، هەروەک ئەوەی کە لەدوایین هێرشیشدا قوربانیەکی کەممان داو ژن و منداڵمان گواستەوەو بارەگاکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو چۆڵکرد». لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان بەغدا و تاراندا ئەنجمادراوە بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد لەتاران و لەوەڵامدا وتی، « ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، نوینەرایەتییەکەمان شکڵییە و ئێمە بەشداری ئەو کۆبوونەوانە نەبووین و ئاگادار نین، ئەوەی هەیە تەنها ئەو زانیاریانەن کە بیستومانن». نازم دەباغ وتیشی، « پێویستە هەر هەڕەشەیەک کە لەقەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەهەند وەربگیرێت و گرنگی پێبدرێت». لەبارەی مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەر حکومەتی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە، هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەڵام رەتیکردەوە کە لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات و وتی لیژنەکەیان کۆبوونەوەیان لەوبارەیەوە نەکردووە، باسیشی لەوەکرد ئەو بەروارەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دایناوە مەرج نیە بەوجۆرە جێبەجێ بکرێت و پێشتریش هەڕەشە کراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەگەرێک کراوەیە. تاوەگۆزی وتیشی، لەئێستادا کێشەی بودجە و پرسی موچە لەپێشترە لەنێوان هەرێم و بەغدا. هەر لەچوارچێوەی ئەو هۆشداریەی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، کاکۆ ئالیار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانیکدا بۆ هاوڵاتی وتی» ئەم قسانەی ئێران شتیکی زۆر نوێ نیە، ئەمانە تەنها پەیوەندی بە بارودۆخی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە کە بەهۆی شۆڕشی ژینا ئەمینییەوە سەریهەڵداوە و ئێستاش ساڵیادەکەی نزیکە». کاکۆ ئالیار، جەختیشی لەوەکردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بابەتیکی فەرمی و جددی لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەوان باس نەکراوە و «ئێمە ساڵ و دوو ساڵ نییە کە لەهەرێمی کوردستانیان، ئێمە نابینە سەرئێشە بۆ هەرێم». «لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگین و لەسەر خەتبووین، تا ئەو رادەیەی پێویست بێت ئامادەییمان تێدایە زەحمەتیەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمبکەینەوە، بەڵام ئێمەش بۆ خۆمان هێڵی سورمان هەیە»، کاکۆ ئالیار وای وت. تا ئێستا حکومەتی عێراقی لەبارەی دوا مۆڵەتەکەی ئێرانەوە وەڵامێکی روون و ئاشکرای نەداوەتەو سەبارەت بەوەی کە کەی و چۆن بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت جگە لە تاکە لێدوانی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق کە دووشەممەی رابردوو ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ وتی، «سهروهری خاكی عێراق پێویستی به لێكتێگهیشتنی ئهمنی ههیه بۆ پاراستنی سنوورهكان لهههر دهستدرێژییهك». وتیشی «لهسهر ئهم بنهمایه عێراق رێككهوتنێكی لهگهڵ ئێران ئیمزا كردووه سهبارهت بهڕێگریكردن لهدزهكردنی چهكداران، رادهستكردنهوهی داواكاران، چهكداماڵین و لابردنی كهمپهكان، بۆ ئهم مهبهستهش ئهوهی لهسهر عێراق بووه سهرجهم خاڵهكانی جێبهجێ كردووه«.
مستەفا زاهیدی لەچەند رۆژی رابردوودا میدیای کوردی خەڵکیان بەکەشتیوانێکی ناساوە سەرقاڵ کرد کەگوایە خەڵکی مەهابادەو کوردە، ئەو کەشتیوانە بووەتە یەکەم کورد کەگەشتی بۆشایی ئاسمان بکات، بەڵام دوای بەدواداچوونێکی وردی هاوڵاتی دەرکەوت ئەو ژنە نە کوردەو نە بنەماڵەکەشی خەڵکی مهابادن. یاسەمین موقبیلی ئەو ناوە دیارە بوو کە لەمیدیای کوردیدا بەرچاوکەوت و بەشێکی زۆر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ماڵپەرو میدیا دیارەکان، ئەم خاتوونەیان بەکورد ناوبرد. بەشێکی زۆر لەمیدیاکان، بە بیستراوو بینراوەوە، بەو میدیایانەوە کە پشتیوانییەکی ماددی گەورەیان لەپشتە، زۆر بەپەلە باسیان لەوەکرد کە ئەم خاتوونە کوردەو خەڵکی مەهابادە. هەواڵەکە جێی گومان بوو چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێت یاسەمین کوردە، بۆیە هاوڵاتی هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەم خاتوونە نە کوردەو نە خەڵکی مەهابادە. ئاژانسی ناسا لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣، بڵاویکردەوە کەشتی ئاسمانی سپەیس ئێکس ٧ دراگۆن گەیشتووەتە بۆشایی ئاسمان و لەنگەری لەوێستگەی نیودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان گرتووە. ناسا بڵاویشیکردەوە کەپرۆژەکەیان نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس کراوە. ناسا باسی لەوەش کرد کەچوار کەشتیوان گەشتەکەیان کردووە کە یەکێک لەوان یاسەمین موقبیلییەو بەنوێنەرایەتی ناسا گەشتەکەی کردووەو ئەو سەرپەرشتی گەشتەکە دەکات. یاسەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ پێشتر لەسوپای ئەمریکا وەک فڕۆکەوان خزمەتی کردووەو دواتر لە ٢٠١٧ چووەتە ئاژانسی ناسا. وەک خۆی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی دەڵێت، لەمنداڵییەوە خەونی ئەوە بووە ببێتە کەشتیوانی ئاسمانی. «شتەکە زۆر سەیرە چونکە لەقوتابخانە کاتێک لەکتێبی ساڵنامە هەموان ئەوە دەنووسن کە دەیانەوێت گەورە ببن، ببن بەچی، من نووسیم: کەشتیوانی ئاسمانی». چۆن دەرکەوت یاسەمین کورد نییە؟ بەپێی هەندێک بەڵگە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە دەریدەخات کە یاسەمین کورد نییەو بنەماڵەکەشی خەڵکی مهاباد نین، تەنانەت کەسوکاری خۆشی نکۆڵی لەوە دەکەن کەکوردن. یەکێک لەبەڵگەکان کە دەریدەخات وتەی رۆژنامەنووس هەرمان وەتمانییە کە خەڵکی مەهابادەو دەڵێت نازناوی موقبیلی هەرگیز لەمەهاباد بوونی نەبووە. هەرمان وەتمانی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، « لەماوەی یەک دوو رۆژی رابردوو هەواڵێک بەشێوەیەکی چڕوپڕ بڵاوبووەتەوە کە یەک لەو چوار کەشتیوانەی ناسا ناردویەتییە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، ئافرەتێکی بەرەچەڵەک کوردو خەڵکی مەهابادە بەناوی یاسەمین موقبیلی. بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردم هەر لەچرکەساتی یەکەمەوە راستی ئەو هەواڵەم بۆ نەسەلماو تەنانەت بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوو تەواو جێی متمانە کامبەخشی باوکی و باپیرو باپیرەگەورەی بەناوی نێعمەتوڵڵا هەر خەڵکی تاران بوون و لەناوچەی نیاوەران نیشتەجێ بوون. نازناوی موقبیلیش لەمەهاباد نەبیستراوە». یەکێکی تر لەبەڵگەکان ئەوەیە کەخودی کەسوکاری یاسەمین نکوڵی لەوە دەکەن کەکوردبن. ئەفشین ئیبراهیمیان، کەچالاکوانێکی شاری مهابادە، پەیوەندی بە پژمان موقبیلی، کەسی نزیکی بنەماڵەی یاسەمین کردووە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دایک و باوکی یاسەمین بەڕەچەڵەک کوردن، پژمان موقبیلی دەڵێت، «نەخێر کورد نین». بەڵگەیەکی تر کە دەیسەلمێنێت یاسەمین موقبیلی رەچەڵەکی کورد نییە چاوپێکەوتنیکی باوکیەتی لەماڵپەڕی کەنیسەیەک لەئەمریکا. لەماڵپەڕی ST. Pauls Episcopal Church کەماڵپەڕێکی ئایینیەو باس لەنەریتەکانی ئایینی مەسیحیەت کراوە، وتووێژێک لەگەڵ کامی موقبیلی، باوکی یاسەمین کراوە وەک کەسایەتییەکی مەسیحی و قەشەیەکی مەسیحی. کامی موقبیلی دەرباری ژیاننامەی خۆی دەڵێت، «ساڵی ١٩٥١ لەتاران لەبنەماڵەیەکی شیعە دایکبووم، باوکم پزیشک بووەو دایکم پەرەستار بووە. قوناغی سەرەتایی خوێندنم لەخوێندنگەی (کاسۆلیکی رۆمی) تەواوکردووە. دواتر بەشێوەی پیشەییانە بیناسازی و ئەندازیاری بیناسازی خوێندووە. هەر لەتەمەنی لاوییەوە رەحمەتی خودا بەسەریدا باریوە لەگەڵ مەسیحییەت ئاشنا بووە. وەک دیارە کامی موقبیلی جگە لەشوێنی لەدایکبوونی و مەزهەبەکەی هیچ زانیارییەکی تر ناخاتەڕوو کە لەچ نەتەوەیەکە و لەدیمانەکەدا دەڵێت، هەر لەم سەردەمانەدا لەگەڵ فێری کە پێدەچێت کورتکراوەی فریشتە بێت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ساڵی ١٩٨٠ و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی جێهێشتووەو چووەتە ئەڵمانیا. وەک خۆی دەڵێت، چوار ساڵ لەئەڵمانیا ماوەتەوەو دوو مناڵی بووە بە ناوەکانی کاوەو یاسەمین، کەمتر کاتی خۆی تەرخان ئەکات بۆ ئەو بوارەی کەشارەزایە تێیدا کەمەبەستی تەلارسازییە و دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بەمەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بەعیساو بەدوای خودادا دەگەڕێت وەک پەناگەو هێزێکی پشتیوان. بەپێی چاوپێکەوتنەکە، ساڵی ١٩٨٣ لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تۆلستۆی کە رێکخراوێکی دژە کۆمۆنیستی بوون، کامی موقبیلی لەگەڵ خێزانەکەیدا روو دەکەنە ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێدەبن و لەئێستادا چالاکێکی ئایینی مەسیحییە. پێش ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا، یاسەمین لە ئەڵمانیا لەدایک دەبێت. لەماڵپەڕی ناساو نیویۆرک تایمز بەوردی باس لەژیاننامەی یاسەمین موقبیلی کراوە، هەردوو سەرچاوەکە دەڵێن کە بنەماڵەکەی ئێرانین و خۆی ساڵی ١٩٨٣ لەئەڵمانیا لەدایکبووە. لەهیچ سەرچاوەیەکدا باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونەو بنەماڵەکەی نەکراوە. هیچ زانیارییەک لەسەر بنەماڵەو رەچەڵەکی دایکی یاسەمین بەردەست نییە. تەنانەت لەئینستاگرامی خۆشی کەزیاتر لە ٢٦٥ هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، بەهیچ شێوەیەک باس لەکوردبوونی ناکات و باس لەئێرانیبوونی خۆشی نەکردووە. تەنها لەبەشی بایۆکەی نووسیویەتی: دایک، فرۆکەوانی هێزی دەریایی، فرۆکەوانی تاقیکاری و کەشتیوانی ناسا. تاکە سەرچاوە کەباس لەکوردبوونی یاسەمین دەکات دوو سەرچاوەن کەهیچیان باوەڕپیکراو نین و رەنگە هەواڵی میدیا کوردییەکان سەبارەت بە یاسەمین موقبیلی لەم دوو سەرچاوەیەوە هاتبێت. دوو سەرچاوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە کە باس لەکوردبوونی یاسەمین موقبیلی دەکەن. یەکەمیان ماڵپەڕی ویکیپیدیایە، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت وەک سەرچاوەی متمانەپێکراو پشتی پێ ببەسترێت. سەرچاوەیەکی تر کە باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونە دەکات، بابەتێکە لە ماڵپەڕی «عصر ایران» لەنووسینی نهال موسەوی کەدووبارە کردنەوەی زانیارییەکانی ویکیپیدیایەو هیچ شتێکی نوێ و سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی تێدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم خاتوونە کوردو مەهابادییە.
عەممار عەزیز «ئەو غەدرەی لەدهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە» ئەمە وتەی شوفێرێكی پارێزگای دهۆكە كەنیگەران و تووڕەیە لەكەمی پشكی پارێزگای دهۆك لەبەنزینی 750 دیناری و دەپرسێت بۆچی لەپارێزگاكانی تر رێژەكە زیاترە. ئیبراهیم سەعید ، ئەو شوفێرەی پارێزگای دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « لە 2023داین هێشتا ئێمە لەسەرەی بەنزین رزگارنەبووین ، چ خوا قبوڵ دەكات زیاتر لە سێ كاتژمێر چاوەڕێی بكەین تا 40 لیتر بەنزین وەربگرین، ئەو غەدرەی لەپارێزگای دهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە ، زۆرم پێ سەیرە بۆچی بەشی پارێزگای دهۆك لەبەنزین كەمترە بەراورد بەپارێزگاكانی تر، ئەگەر لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە بێت زۆرترین ئاوارەو پەنابەر لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە جگە لەدانیشتوانی خۆجێی شارەكە». ئیبراهیم سەعید ناڕازیەو دەڵێت «چەند هاواربكەین بێسوودە ، هیچ شتێك ناگۆڕێت حاڵی ئێمە هەروا دەمێنێتەوە ، خۆ دونیا خراپ نابێت ئەگەر لە شەش بەنزینخانە بیكەن بە10 بەنزینخانە بەلایەنی كەمی تۆزێك نۆرە لەبەنزینخانەکان كەمتر دەبێت، بەڵام نایكەن». زیاتر لەمانگێكە كێشەی كەمی بەنزینی 750 دیناری سەریهەڵداوە، ئەمەش وایكردووە نۆرەیەكی زۆر لەبەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست بێت، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت لەناردنی بەنزین غەدر لەدهۆك دەكرێت . لەسنوری پارێزگای دهۆك 17 هەزار تاكسی ، 800 مینی پاس و هەزار كۆستەر هەن، كۆی گشتی ئۆتۆمبێلەكانی تایبەت و گشتی سەرووی 190 هەزار ئۆتۆمبێلن ، رۆژانە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێویستی بەملیۆنێك و 700 هەزار لیترە. عەبدولسەمەد تێلی ، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت، «لەزۆر شت غەدر لەدهۆك دەكرێت بەنموونە پشكی بەنزین بۆ سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حكومەت هەر رۆژێك بڕێك بەنزین بۆ پارێزگای دهۆك دەنێریت، ئەم رێژەیەش جێگیر نیە، رۆژێك پێنج تانكەر، رۆژێكی تر حەوت تانكەرو رۆژی دواتر هەشت تانكەرو بەو شێوەیە ، هەر تانكەرێك 36 هەزار لیتر لەخۆدەگرێت». عەبدولسەمەد تێلی دەشڵێت « لەبەرئەوەی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت بەش ناكات، بۆیە نۆرەیەكی زۆر لەپێش دەرگای بەنزینخانەكان دروست دەبێت ، ئێمە هەر شتێك بكەین سوودی نیە، چونكە ئەوە لە دەستەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە، ئەوان بڕەکە دیاردەكەن ، بەدڵنیاییەوە رێژەی هەولێرو سلێمانی زیاترە لەدهۆك، بەڵام بەتەواوی نازانم جیاوازیەكە چەندە». «هیچ رێكخستن و چاودێری لەسەر ئەم بابەتە نیە لەبەرئەوە ئەوانیش بەئارەزوی خۆیان هەر رۆژێك بڕێك بەنزین دەنێرن، بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستەڵاتی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا نیە، تەنها پەرلەمان نەبێت ، خودی پارێزگاریش ناتوانێت فشار لەسەر وەزارەت بكات تا رێژەكە زیادبكات» عەبدولسەمەد تێلی وای وت. هەلكەفت عزەت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای باسكەدێر تایبەت بەبەنزین و خاوەنی بەنزینخانەی شۆڕش لەناوەندی دهۆك بەهاوڵاتی وت « لەهەولێر رۆژانە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەكەن لەدهۆك، تەنها شەش بەنزینخانەن، هەر 10 رۆژ جارێك ئەو جۆرە بەنزینە بەر ئێمە دەكەوێت كەتەنها 36 هەزار لیترە ، رۆژانە شەش تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت كەدەكاتە 216 هەزار لیتر، دواینجار داوامانكردووە رێژەكەمان بۆ زیادبكەن بەڵام بێسوود بووە «. هەلكەفت عزەت زیاتر دەڵێت « ئەو بەنزینخانانەی 750 دیناری دابەشدەكەن رۆژانە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل لەنۆرەدان، هەر شوفێرێك بەلایەنی كەمی دەبێت سێ كاتژمێر چاوەڕێ بكات تا بەنزین وەربگرێت تا یەك لیتر بمێنێت بەنزینخانەكان بەنزین دابەش دەكەن». مەحمود سلێمان، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت « نەك بەنزین بەڵكو غازو نەوتی ماڵان و زۆر شتی تر رێژەی دهۆك كەمترە بەراورد بەپارێزگایەكانی تر، لەهەموو شتێك غەدر لەدهۆك دەكرێت، ئەم گلەیی و ناڕازییە لەكاتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ دهۆك ئاراستەی ئەویش كراوە، بەو هیواییەن چارەسەربكرێت «. مەحمود سلێمان دەشڵێت « پرسیارمان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە ئەوانیش وەكو ئێمە دەڵێن ئێمەش نازانین بۆچی رێژەكەی دهۆك كەمە، ئاماژەیان بەوەش كرد كەهیچ پێوەرێك نیە بۆ پشكی پارێزگاكان «.
هاوڵاتی پێریل رامافۆسا، سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، لە دوایین رۆژی ١٥ هەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی برێکس لە ژۆهانسبۆرگی پێتەختی ئەفریقای باشوور، رایگەیاند کە داواکاری ٦ وڵات بۆ ئەندامبوون لەم رێکخراوەیە پەسەند کراوە. بە پێی وتەکانی سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور داواکاری هەریەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، ئەرژەنتین، ئیمارات، ئەسیۆپیا، میسر لە لایەن پێنج ئەندامی فەرمی ئەو رێکخراوە پەسەند کراوەو بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەفەرمی بەئەندامبوونیان دەست پێ بکات. یەکێکیتر لە بڕیارە گرینگەکانی بەرپرسانی برێکس، دانانی پلاتفۆڕمێکە بۆ بازرگانی هاوبەش و سود وەرگرتن لەدراوە نێودەوڵەتییەکان بەم پێیە وەزیری ئابووری و بانکی ناوەندی وڵاتانی ئەندام راسپێردراو رێکاری گونجاو بۆ دانانی ئەم پلاتفۆرمە بدۆزنەوە. بەکار هێنانی دراوی نەتەوەیی وەستانەوەیە بەرامبەر بە ئەمریکا و ئابووری رۆژئاوا. ئەمریکا بە وردی چاودێری رووداوەکان ئەکات، لەبەر ئەوەی ئەزانێت رووسیا دەیەوێت کۆتایی بە باڵادەست بوونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکان نێودەوڵەتییەکان بهێنێت و سەرەتای ئەم خەونەشی لە برێکسەوە دەست پێکردووە. بەڕازیل، رووسیا، هندستان، چین و ئەفریقای باشوور پێنج وڵاتی دامەزرێنەری رێکخراوی برێکسن کە لە ئێستادا ئەفریقای باشوور سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆبوونەوەکان ئەکات. جگە لە رووسیا، هیچکام لە وڵاتانی ئەندام نایانەوێت دژایەتی دۆلار بکەن. وڵاتانیتر زیاتر بە شوێن ئەوەوەن کە رێگای جیاواز بدۆزنەوە بۆ سیستەمی پاکتاوی بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی و سەربەخۆ لە پێوەرە رۆژئاواییەکان. لە سەدا ٤٠ی دانیشتوای گۆی زەوی لە پێنج وڵاتی ئەندامی برێکسن ( بەڕازیل، رووسیا، هێندستان و چین و ئەفریقای باشوور) و ئەم ٥ وڵاتە ٢٥٪ ئابووری دونیایان بە دەستە. چین بە تەنها خۆی ٧٠ لەسەدی ئابووری ئەم جەمسەرە نوێیە ئابوورییە پێک دەهێنێت. هەر ئەمە بووە بە هۆی جێگەی نیگەرانی هێندستان چونکە پێی وایە گەورەکردنەوەی برێکس دەبێت بە هۆی بەهێزتربوونی چین لە باری ئابوورییەوە، بە تایبەت دوای پەیوەستبوونی ئەم ٦ وڵاتە نوێیە کە ئەندامییەتیان پەسەندکراوە. وڵاتانی ئەندامی برێکیس هاوئامانج نین لە پەرەپێدانی ئەم رێکخراوەو هەر وڵاتەی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەم رێکخراوە گەورەتر بێت. لەکاتێکدا چین بە شوێن ئامانجی بازرگانی و ئابووری تایبەتی خۆیەوەیە لە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی برێکس، ڕووسیا دەیەوێت ئەم رێکخراوە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ (جی ٧). گرووپێک کە پێشتر رووسیا ئەندامی بوو و بە (جی ٨) دەناسرا و دوای ئەو رێفراندۆمەی لە ( کریمیا) ئەنجامدارا بە مەبەستی بوون بە بەشێک لە ڕوسیا لە ٢٠١٤، ئەندامیەتی رووسیا هەڵپەسێردرا. لە لایەکیترەوە بەڕازیل و هندستان دەیانەوێت هاوسەنگییەک دروست بێت و سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی ژۆهانسبۆرگدا بە ئاشکرا باسی لەوە کرد نایانەوێت دژ بە وڵاتانی پیشەیی بوەستنەوە کە مەبەستی (جی ٧ ) بوو. هێندستانیش خوازیاری دروستبوونی ئەم هاوسەنگیەیە نەک رقەبەرایەتی و ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رووسیایە. لۆلا داسیلڤا سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە قسەکانیدا وتی :" وڵاتەکەی لەم رێکخراوەیەدا مەبەستی نییە دژی (جی ٧) یان ( جی ٢٠) یان ئەمریکا بوەستێتەوە. ئێمە تەنها دەمانەوێ دۆخی ئابووری خۆمان باشتر بکەین. " پانزەهەمین کۆبوونەوەی برێکس رۆژانی ٢٢ و ٢٣و ٢٤ی ئاب، لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو و ٦٧ وڵاتی (باشوور) و ئەفریقا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابوون. برێکس و ئابووری ئێران ئاخۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی برێکس ئەتوانێت یارمەتی ئابووری رووخاوی ئێران بدات؟ ئاخۆ ئەندامبوونی ئێران لەم رێکخراوە یارمەتیدەرە بۆ چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە ئابوورییە؟ دەربارەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی باس لە هاوکاری لەگەڵ گرووپی برێکس ئەکات، ژمارەیەک لە ئابووریناسەکان و شارەزایانی پرسی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بیروباوەڕەن هاوکاریکردنی گرووپی برێکس، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یارمەتی ئێران نادات و لەهەمانکاتدا بوونی ئێران لەو گرووپە جگەلەوە خزمەت بەو گرووپە ئابووری- سیاسیە ناکات، رێگرە لەبەردەمیان. شاهین مودەڕس پسپۆڕ و کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" برێکس هەوڵیداوە هاوتەریب لەگەڵ گرووپی ٧ بە دامەزراندنی بانکی گەشەی نوێ، مۆدێلێکی گەشەی خۆی پەیڕەو بکات. گەمارۆکان رێگرن لەوەی کە ئێران بتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە "برێکس" پەرە پێ بدات، کەوایە لە ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپە، جگە لەوەی نابێت بە هۆی باشتربوونی دۆخی ئەم گرووپە، بەڵکوو رێگرە لەوە بتوانێت کارەکانی بە باشی بباتە پێش ". هەر لەم پەیوەندەدا " مەجید گولپوور" کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەربارەی ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لە برێکس بە دەنگی ئەمریکای وتووە:" پرسی سووود وەرگرتن لە بازاڕەکانی نزیک بە برێکس، وەهمێکە لە ناو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا دروستبووە. کۆماری ئیسلامی بە هۆی کێشە یاسایی و بانکییەکانەوە، لە برێکسیشدا هیچ دەستکەوت و پێگەیەکی نابێت".
دلێر عەبدوڵڵا ئەمریكا بۆ دوایین جار هۆشداریدا بەحكومەتی هەرێمی كوردستان و داوای ئەوە دەكات كەكەسێك دیاریبكرێت بۆ وەزیری پێشمەرگەو چاكسازییەكانیان بەپێی یاداشتی لێكگەیشتن لەنێو وەزارەتەكەدا دەستپێبكەن، بەپێچەوانەوە هاوكارییەكان دەبڕدرێت و چیدی هێزەكانی هاوپەیمانان پاڵپشتی دارایی پێشمەرگە ناكەن، چاودێرێكی سیاسیش رایدەگەیەنێت كە هیچ نیەتێك نییە بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی یەك دامەزراوەی نیشتمانیدا یەكبخرێتەوە. رۆژی یەك شەممەی رابردوو، ماتیۆ ماكفارلین فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رایگەیاند كەپێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكە خێراتر بكەن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هاوكارییەكانیان رابگرن. لەڕۆژی 21ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەشاری هەولێر یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پیناتگۆن) و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا. بەپێی ئەو رێكەوتنە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازی لەبواری رێكخستن و دارایی پێشمەرگەدا بكات، كە خۆی لەیەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا دەبینێتەوە، لەبەرامبەردا ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەپشتیوانیكردن و پاڵپشتی پێشمەرگە لەڕووی سەربازی و داراییەوە. بەپێی بڕگەیەكی رێكەوتنەكە، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بوو بەخاڵەكان و هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی بدات، ئەوا ساڵانە یاداشتەكە نوێدەكرێتەوە، لەوبارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «ساڵانە یاداشتەكە نوێدەكرێتەوە، بەو مەرجەی كەچاكسازییەكان وەك ئەوەی لە رێكەوتنەكە هاتووە ئەنجامبدرێت». لەگەڵ نزیكبوونەوە لەتێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر یاداشتەكەدا، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك رووینەداوە، وەك ئەوەی ماكفارلین بەنیگەرانییەوە باسی كرد «نەبوونی وەزیرێك لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بووەتە هۆی لاوازبوونی وەزارەتەكەو سستی لەئەنجامدانی چاكسازی، بۆیە هانی حكومەتی هەرێم دەدەین وەك بەڵگەیەك لەسەر هەبوونی نیازپاكی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاری بكات». ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری ئەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژی لەسەر دەستلەكاركێشانەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە. لەماوەی رابردوودا فەرماندەو بەرپرسانی سەربازی یەكێتی و پارتی، بەهەڵدانەوەی لاپەڕەی كۆنی مێژووی خوێناوی شاخیان، برینی ناكۆكی نێوانیان قوڵتر كردەوە، كەئەمەش لای چاودێرانی سیاسی ئاماژەی مەترسیداربوون بۆ پەكخستنی هەوڵەكان بەئاراستەی چاكسازی لەنێو وەزارەت، لەوبارەوە دكتۆر بەهرۆز حەعفەر سەرۆكی پەیمانگای میدتریانە بۆ لێكۆڵینەوەی هەرێمایەتی بەهاوڵاتی وت: «باسكردنی كارەساتی هەكاری و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی شەڕی نێوان جەلالی و مەلایی كەكاریگەری خراپی لەسەر نەوەكانی رابردوو و ئێستاو داهاتووش هەبووە، لەكاتێكدا دنیا لەقۆناغی پێشكەوتنی یەكجار گەورەدایە، ئەمە مانای وایە نیەتێك نییە بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی یەك دامەزراوەی نیشتمانیدا یەكبخرێتەوە». لەئەگەری بەدەمەوەنەچوونی داواكارییەكانی ئەمریكا، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پینتاگۆن بیر لەوە دەكاتەوە هاوكارییەكانی رابگرێت، لەوبارەوە جەبار یاوەر بەهاوڵاتی وت «ئێمە زۆرمان هاوار كرد، داوامان لەبەرپرسان كرد كە كاری جددی بۆ ئەوە بكەن كەئەمریكا داوای كردووە، بەڵام بەداخەوە كەس گوێی لێ نەگرتین، بۆیە ئەگەر هەیە یاداشتەكە نوێنەكرێتەوەو هاوكارییەكانیش ببڕدرێت، ئەمەش بۆ داهاتووی هەرێم پڕ مەترسیەو رەنگە رووبەڕووی گرفت و كێشەی گەورەمان بكاتەوە». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەریەكە لەوڵاتانی ئەڵمانیاو هۆڵەنداو بەریتانیاش بەجیا هەرێمیان ئاگاداركردووەتەوەو لەبارەی پەكخستنی هەوڵەكانی چاكسازییەوە نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە حكومەتی هەرێم، لەوبارەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «بەجیاش ئەڵمانیاو هۆڵەندا بەریتانیاش هەمان داواكاری ماكفارلینیان پێشكەشی هەرێم كردووە، بەڵام دیارە نازانم هۆكار چییە كە وەك پێویست بەدەم داواكارییەكانەوە ناچین، ناتوانم كەس تۆمەتبار بكەم هەمووی لەزیانی كوردە». هێزەكانی حەفتای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەشتای پارتی دیموكراتی كوردستان، تائێستاش بوونیان لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا ماوە، ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە لەناو ئەو دوو هێزەدا ماونەتەوەو لەدەرەوەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتەوەن كەئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، ئەمەش خاڵی سەرەكی نیگەرانی ئەمریكایە هەروەك ئەوەی ماكفارلین لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی پێدا كەویستی سیاسی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بكرێت. لەنێو یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان پینتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، دوو خاڵی سەرەكی و گرنگ بووەتە جێی بایەخی هێزەكانی هاوپەیمانان، یەكەمیان پرسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە لەچوارچێوەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەفتاو هەشتای یەكێتی و پارتی، دووەمیشیان پرسی جێبەجێكردنی پرۆژەی ریفۆرم كە خۆی لە 36 خاڵ دەبینێتەوە.
هاوڵاتی ئۆكرانیا نزیك دەبێتەوە لەبەدەستهێنانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16، ئەویش وەك هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توانا سەربازیەكانی رووسیا، بەڵام پسپۆڕان و هەواڵگری وڵاتان رایان جیاوازە لەسەر ئەوەی بەكاتێكی كەم یان درێژ كاریگەری دەردەكەوێت یاخود نا. مارك رووتە سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند وڵاتەكەی و دانیمارك ژمارەیەك فڕۆكەی ئێف 16یان داوەتە ئۆكرانیا و ئەو وڵاتەش مەرجەكانی جێبەجێكردووە. وتەكانی رووتە لەمیانی سەردانێكی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هات بۆ هۆڵەندا كەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو بوو، ئەویش دوای دوو رۆژ بوو لەڕاگەیاندنی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێت بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەهەریەك لەهۆڵەندا و دانیمارك تابیگەیەننە هێزە ئاسمانیەكانی ئۆكرانیا. رەزامەندیەكەی ئەمریكا دوای چەند هەفتەیەك دێت لەداواكاری ئۆكرانیا بەپێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەهێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی و زیلینسكی لەبنكەیەكی سەربازی شاری ئایندهۆڤنی باشوری هۆڵەندا لەگەڵ مارك رووتە فڕۆكەكانی وەرگرت. سەرۆكی ئۆكرانیا باسی لەوەشكرد ژمارەیەك فڕۆكەیان بەدەست گەیشتووەو دوای راهێنانی چەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێك هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی لەشەڕی ئۆكرانیا دژ بەڕووسیا بەكاریدەهێنن. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی، رەزامەندی پێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بە ئۆكرانیا لەڕێگەی هۆڵەنداو دانیماركەوە گۆڕانكاری لەشەڕی ئۆكرانیا دروستدەكات و گۆڕانكارییەكەش بەكاتێكی كەم روودەدات، لەكاتێكدا هەژدە مانگە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكرانیا درێژەی هەیە. ویستی پێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەئۆكرانیا لەكاتێكدایە چەندین جار ئەو وڵاتە داوایكردووە هێزە ئاسمانیەكەی لەبەرامبەر رووسیا بەهێز بكرێت، لەمدواییەشدا بەبێ بوونی هێزێكی ئاسمانی كاریگەر بەرامبەر رووسیا، ئۆكرانیا توانیویەتی لەڕێگەی درۆنەوە چەند دژە هێرشێك دژ بەڕووسیا ئەنجام بدات، هەرچەندە بەدرێژایی جەنگی ئۆكرانیا هێزەكانی ئەو وڵاتە لەژێر رەحمی بۆمبهاوێژو فڕۆكە جەنگیەكانی رووسیادا بوون، بەڵام لەڕۆژی هەینی رابردووەوە بەپێدانی رەزامەندی لەلایەن ئەمریكاوە بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە بەئۆكرانیا چاوەڕواندەكرێت مەیدانی جەنگ لەبەرژەوەندی ئۆكرانیەكان بێت. هەریەك لەحكومەتەكانی هۆڵەنداو دانیمارك لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكدا كە لە 11 وڵات پێكهاتووە راهێنان بەهێزە ئۆكرانیەكان دەكەن لەو چوارچێوەیەشدا راهێنان بەچەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێكی ئۆكرانی دەكەن بۆ كارپێكردنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف16ی دروستكراوی ئەمریكا كە تائێستا زۆر وڵات نەیانتوانیوە ئەمریكا رازی بكەن بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە. پێشتر ئەمریكا رەزامەندی نیشاندابوو بەپێدانی چەند تانكێكی جۆری «ئەبرامز» راشیگەیاندبوو شان بەشانی فڕۆكەی ئێف 16 دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروستبكات لەشەڕی دژ بەڕووسیا لەئۆكرانیا. پێدانی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووانە بەئۆكرانیا لەلایەن ئەمریكاوە لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە پشتی بەفڕۆكەی كۆنی مێك 29 و سۆخۆی رووسی دەبەست، بەڵام بەپێچەوانەوە وەك پسپۆڕان دەڵێن فڕۆكەی ئێف 16 جگە لەوەی پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای سەربازی تێدا بەكاهێنراوە توانایەكی وردی هەیە لەبەئامانجگرتنداو فرەجۆریشە. وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك جەختیكردەوە رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 دوای جێبەجێكردنی مەرجەكان دێت كە لەگەڵ ئەمریكاو هاوبەشەكانیان دایان ناوە. بەشێك لەمەرجەكان كەئاشكراكراون تەنها راهێنانی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان نییە، بەڵكو پێویستە ژێرخانی فڕۆكەكەو خزمەتگوزاری لۆجیستی بۆ دابین بكرێت. لەلایەن خۆیەوە، ئیرینا چۆكرمان پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژی بە سكای نیوزی وتووە: رەزامەندی ئەمریكا بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەئۆكرانیا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت گۆڕانكاری لەدرێژ مەودادا لەشەڕی ئۆكرانیا دروستبكات. چۆكرمان باس لەوەشدەكات هاوبەشانی یەكێتی ئەوروپا كە بەشدارییان لەبەرنامەی راهێنانی فڕۆكەوانە ئۆكرانیەكان بۆ ئێف 16 كردووە بەكرداری دەستیان بەڕاهێنان كردووە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی رەزامەندی ئەمریكا بكەن لەناردنی فڕۆكەكان. ئەو پسپۆڕە ستراتیژی و ئەمنییە جەختدەكاتەوە بەخستنەگەڕی فڕۆكەی ئێف 16 ئۆكرانیا دەتوانێت بەچەند رێگایەك توانای هێزە ئاسمانیەكانی زیاتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا و لەو بنبەستیەی پێشوو تێیكەوتبوو دەربچێت. جگە لەو پسپۆڕە ئەمریكییە پسپۆڕانی سەربازی ئەوروپاو هەواڵگری سەربازی ئەو وڵاتانە باس لەوەدەكەن، رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 بەسوپای ئۆكرانیا دەتوانێت گۆڕانكاری لەسەر ئاستی مەیدانی دروستبكات و یارییەكە لەبەرژەوەندی كییڤ كۆتایی پێبهێنێت، چونكە وەك چاودێرانی سەربازی دەڵێن دەتوانێت كۆتایی بەو هێرشە بەردەوامانەی رووسیا بهێنێت كە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەیكاتە سەر هێزە سەربازیەكانی ئۆكرانیا لەشارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. هەرچەندە بەشێك لەپسپۆڕان باس لەوەدەكەن بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 گۆڕانكاری لەمەیدانی شەڕی ئۆكرانیا و رووسیا روودەدات، بەڵام هەواڵگری بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەكەن راهێنانی تەواوەتی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان 18 مانگی پێدەچێت، بەوەش پێدانی فڕۆكەكان لەسەر ئاستی نزیك مەودا كاریگەری دروستناكات، لەكاتێكدا ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر سوپای رووسیا دەستپێكردووەو بەدرۆنیش هێرشی كردووەتە سەر چەند شارێكی.
ڤانە باهیر داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان ناڕوونە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت چیتر ناتوانن بەبێ خەرجی بەردەوام بن لەکارەکانیان بۆیە یەک بەیەک گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێننەوە، بەوپێیەی ناتوانێت شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات. رۆژنامەی «ئینێرجی ڤۆیس»ی بەریتانی لەڕاپۆرتیکیدا بەناونیشانی «بەرهەمهێنەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە» دەڵێت، داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان تاریکەو بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە کە یەکێکیان کۆمپانیای «گەنەڵ ئینیرجی»ە. لەڕاپۆرتێکەی ئینێرجی ڤۆیسدا، کەتایبەتە بە بواری وزەدا، ئەوە هاتووە کەئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن باسیان لەوە کردووە گومانیان هەیە کوردستان بتوانێت قەرزەکانیان بداتەوە. کۆمەڵەی ئاپیکور کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا دروستکراو تێیدا هەریەک لەکۆماپنیاکانی دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن و شامارانن داوای قەرزەکانیان و شایستەکانیان دەکەن و نائومێدن لەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە. لەڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیای ئێچ کەی ئین وتوویەتی» روون نیە کەکوردستان بتوانێت دڵنیایی بدات بە بەرهەمهینەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان». کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیش لەماوەی رابردوودا رایگەیاندووە کە دەستبەرداری پشکەکانی دەبێت لەکێلگەی سارتا. ئەم کۆماپنیایە لەساڵی ٢٠٢٢ شدا وازی لەمۆڵەتەکەی لەقەرەداغ هێنا. هاوپێچ لەگەڵ نائومێدبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە گرفتی پێدانەوەی قەرزەکانیان هەیە بەجۆرێک وەک لەو راپۆرتەی ڤۆیس ئینیرجیدا هاتووە کەکۆمپانیای ئێچ کەی ئێن دەڵێت، «بودجەی عێراق پارەی نەختینەی پێویست بۆ کوردستان دابین ناکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان و دانەوەی قەرزەکانی کۆماپانیاکان». هاوڵاتی لەبارەی قەرزی کۆماپنیاکانەوە پەیوەندی بە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدات و وتی، «پەیوەندی بەئێمەوە نییە».هاوکات پەیوەندیکردن بەوەزارەتی سامانە سروستیەکانیشەوە بی ئەنجام بوو. هەر بۆ ئەو مەبەستە هاوڵاتی پەیوەندی بەدکتۆر نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی داراییەوە کردو وتی»وەک لیژنەی دارایی تەنها ئەوەم لایە نزیکەی دوو ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (کە٤٠٠ هەزار بەرمیلە) دیاریکراوە لەبودجە لەگەڵ یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیاریش بۆ کرێی گواستنەوەکەی». هاوکات لەوەڵامی پرسیاریکی دیکەی هاوڵاتیدا سەبارەت بەنیگەرانی و فشاری کۆمپانیاکانی نەوتی هەریمی کوردستان کە شاندی هەریمی کوردستان بەحکومەتی ناوەندی گەیاندبێت وتی، «ئێمە ئاگادار نین، چونکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە هیچ بەپەرلەمانتاران ناڵێت». لەبارەی چارەنووسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیاش بۆ عێراق نەرمین مەعروف وتی، وەزارەتی نەوتی عێراق لەهەوڵدایە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها وتیشی درەنگکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم مەترسی دروستناکات لەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و موچە. ئەمەش لەکاتێکدایە کەهەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕیاریکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، لەدوای ئەوەشەوە چەندین کۆمپانیا کارەکانیان راگرت یاخود بەرهەمهێنان و خەرجیەکانیان کەمکردەوە کەدواینیان کۆمپانیای « پێتۆیلە»ی تورکییە لەناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کەکارمەندانی ئاگادارکردەوە لە رابردوودا بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەهەفتەی داهاتووەوە کارەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگرێت کەبەرهەمی رۆژانەی هەزارو ٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بەرمیلە.
دلێر عەبدوڵڵا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناكات و ئەندامێكی چڤاتیش رایدەگەیەنێت كە نە خەڵك متمانەی بەدەنگدان ماوەو نە ئەوانیش متمانەیان هەیە خەڵك دەنگیان پێبدات، رۆژنامەنووسێكیش پێی وایە كەگۆڕان بەم هەڵوێستەی خزمەت بەپارتی دەكات. بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ناكات و بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكات لەپارێزگای كەركوك. لەوبارەوە خەلیل سەركانی ئەندامی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەشداری ناكەین و بڕیارمان داوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەین، بۆچی بەشداری هەڵبژاردنێك بكەین كە لێمان دیارە ئەنجامەكەی چۆنەو كێ براوە دەبێت». بزوتنەوەی گۆڕان كە لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی نوێنەرایەتی بەدەستبهێنێت و ئاست و پێگەی جەماوەری دابەزی، لەهەڵبژاردنی ئەمجارەشدا ترسی هەیە كەدەنگی پێویست نەهێنێت، بۆیە بڕیاری بایكۆتی داوە، ئەندامەكەی چڤات بەهاوڵاتی وت، «خەڵك بێهیوا بووە لەگۆڕان و هەموو هێزەكانی تر، لەیەكێتی و لەپارتی و لەهەموو هێزەكان، خەڵك موچەی نییە ئیتر بەشداری هەڵبژاردنی چی بكات، متمانەمان بەدەنگدەر نەماوەو لەهەموو لایەكەوە ئێمە دژایەتی دەكرێین، وەك ئەوەی ئێمە مووچەو بودجەو قوتی خەڵكمان بڕیبێت، وەك ئەوەی ئێمە بین هۆكاری تەسلیمكردنەوەی نیوەی خاكی هەرێم بەناوەند». ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم بڕیارەی بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیاندووەو لەهیچ ئۆرگان و دەزگایەكی فەرمیەوە بڵاوینەكردووەتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی چڤات تەئكید لەوە دەكەنەوەو پێیان وایە كەئەوە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕانە. ئاراس وەلی ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت، «گۆڕان بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە كەبایكۆت دەكات، تائێستاش كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوەو بڕیارەكە رانەگەیەنراوە». لەماوەی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەی ئەوەی دەكرد كەئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن و بەڵێنی ئەوەی بەجەماوەرەكەیدا كە بەشێوازی نوێ و گوڕوتینێكی بەهێزەوە دەگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بزووتنەوەكە بۆ دۆخی رابردوو دەگەڕێننەوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاری ئەوە دراوە كە بایكۆتی گرنگترین هەڵبژاردنی داهاتوو بكات، بۆ ئەوە خەلیل سەركانی بەهاوڵاتی وت: «راستە ئێمە پێشتر بانگەشەی ئەوەمان كردووە، بەڵام ئەوەی كەركوك جیاوازە، خۆی باشتربوو كورد لەوێ بەیەك لیست بەشداری بكات و هەموو لایەنەكان لەخەمی كوردا بوونایە، بەڵام كەئەوە نەكرا ئیتر گرنگ نییە ئێمە بەشداری بكەین». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لەگۆڕان كردووە كە لەهاوپەیمانێتیەكەیدا بەشداری بكات، بەڵام گۆڕان ئەوەی رەتكردووەتەوە، بۆ ئەوەش خەلیل سەركانی وتی «پارتی داوای لێمان كرد كەبچینە هاوپەیمانێتیەكەیان، بەڵام ئێمە پێمان باشبوو كەهەموو هێزەكان لەژێر چەتری یەك بەرەدا بەشداری بكەن، نەك بەو پەرش و بڵاوییە كە پێمان وایە دواجار كورد زیانی گەورەی بەردەكەوێت». لەگەڵ ئەوەی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دراوە، بەڵام تائێستا گۆڕان بڕیاری نەداوە دەنگیان بۆ كام لیست و هاوپەیمانێتی كوردی دەبێت لەهەڵبژاردنەكەدا، هۆشیار عومەر عەلی رێكخەری ژووری پەیوەندی دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت: «تائێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسە نەكراوە، هەر بڕیارێكیش هەبێت بزووتنەوەكە بەشێوەیەكی فەرمی بڵاویدەكاتەوە». گۆڕان كە لەئێستادا نزیكایەتی لەپارتی هەیەو لەحكومەتی سێقۆڵیدا بەشدارە، گومانی ئەوەی لێدەكرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنەی كەركوك دەنگی بۆ پارتی بێت، هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «گۆڕان بەحكومی نزیكایەتی لەپارتی، لەو هەڵبژاردنە دەنگی بۆ پارتی دەبێت، ئەم بایكۆتەی بەسودو قازانجی ئەوانە». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی كەركوك، بڕیاری چڤات نییەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوە، ئەوەی هەیە تەنها بڕیاری كوڕانی نەوشیروان مستەفایە، هەربۆیە بزووتنەوەكە تائێستا بەفەرمی بڕیاری بایكۆتی رانەگەیاندووە، لەوبارەوە هۆشیار عومەر بەهاوڵاتی وت: «ئاگادارنیم كە بڕیاری بایكۆت درابێت، دوورو نزیك ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم، سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان روونەو هەر بڕیارێك هەبێت بەفەرمی بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت». بەڕای چاودێرانی سیاسی، بزووتنەوەی گۆڕان لەپاشەكشەی بەردەوامدایە، بۆیە ترسی لەهەڵبژاردن هەیەو نایەوێت جارێكی تر ئەزموونی شكست بكات. لەوبارەوە هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووە، باش دەزانن كە دەنگ ناهێنن، بۆیە نایانەوێت خەرجی بانگەشە بكەن و دووبارە شكستێكی تر ببینن، تازە ئەوان مردوون، سەردەمی عیساش نەماوە تا بەموعجیزە گۆڕان زیندو ببێتەوە». لەقۆناغی ئێستادا، گۆڕان سەرقاڵە بەخۆڕێكخستنەوەو ئەنجامدانی كۆنفرانس بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیكەری حزب، چونكە لەئێستادا بەشێك لەئەندامانی چڤات وازیانهێناوەو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، لەوبارەوە خەلیل سەركانی وتی: «گۆڕان لەئێستادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كۆنفرانس رێكبخات، سەرلەنوێ حزب رێكبخرێتەوە، تا بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەبكەین». بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی جەماوەری لە 25ی تەمموزی ساڵی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو توانی لەیەكەمین بەشداری خۆیدا لەپرۆسەی هەڵبژاردن 25 كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری لەسیاسەتی حزبەكەو پەیوەندیكردنی چەندان سەركردەو پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە بەپارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی ترەوە، متمانەی بزووتنەوەی گۆڕان كەمیكردو لەدوایین هەڵبژاردنی عێراقیشدا نەیتوانی هیچ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت.
شەنای فاتیح بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتمانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەرایەکی گەورەی لەنێو خەڵکی هەرێمی کوردستان ناوەتەوە، رۆژ لەدوای رۆژ نارەزایەتییەکان زیاتر دەبن و حکومەتیش هیچ وەڵامێکی بۆ خەڵک نییە. ئەو خەونەی کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ دەیەیە هەیانەو بەئاواتەوەن ٢٤ کاتژمیر کارەبایان پێبدرێت، ئێستا لێی رادەکەن. سیستەمی پریپەید کە سیستەمێکی نوێیەو سەرەتا بۆ سیتییەکان داندراوە، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ پیدانی کارەبا تا بکرێت بە ٢٤ کاتژمێری، بەڵام کێشەکە کاتێک دروست دەبێت کە بەچەند پێوەرێک نرخی ئەم جۆرە کارەبایە زیادکراوە. دارا عەبدوڵا، نوێنەری سیتییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم سیستەمی پریپێدە 24 کاتژمێریە نرخەکەی زۆر گرانەو هاووڵاتی پێینادرێت، کێشەکە ئەوەیە سیتیەکانیان بەهای کۆست داناوە». پێوەری های کۆست یەکێک لەو پێوارانەی حکومەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ سیتییەکان و مەەبست لێی شوێنە دەوڵەمەندنشینەکانە. دارا عەبدوڵا لەسەر ئەم پێوەرە دەڵێت، «های کۆست هیچ بنەمایەکی نیە خۆیان بەپێوەری خۆیان ئەمەیان کردووە نەک بێن لێکۆڵینەوە بکەن، مەرج نیە ئەوەی لەسیتیا بژی دەوڵەمەند بێت و ژیانی های کوالێتی بێت، نەخێر خەڵکی فەرمانبەری تێدایە کە شوقەی کڕیوە یان خانووی کڕیوە بەقیستی ساڵانە و مانگانە ئێستا قیستی لەسەرە دەبێت بیداتەوە». لەماوەی رابردوودا دانیشتوانانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتیمانی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو داوای کەمکردنەوەی نرخەکەیان کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە. سیستەمە کۆنەکە پێشتر بۆ کارەبای نیشتیمانی یەک کیلۆوات نرخەکەی ١٨ دیناربوو، ئێستا حکومەت کردوویەتی بەسیستەمی پریپەیدی ٢٤ کاتژمێری کە بۆ هەولێربە ١٧٥ دینارو بۆ سلێمانی ١٥٦دینارە. پیشتر بەسیتسەمە کۆنەکە ماڵێکی ئاسایی بەهەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ٨٠ هەزار دیناری خەرجی بوو بەڵام ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار مانگانە خەرجی کارەبایە. لەماوەی رابردوودا گردبوونەوەکانی خەڵکی ناڕازی ئەنجامی نەبووە و بەپێی قسەی دارا عەبدوڵا وەزیری کارەبا تەنها پێی وتوون، «ئەمە تێست لەسەر سیتیەکان دەکرێت گەر زانیمان کێشەی بۆ دروست دەبێت بەنرخەکەیدا دەچینەوە». لەسلێمانیس دۆخەکە بەهەمانشێوەیە و نرخ زیادکردن سەرەتا لە سیتییەکاندایە و هاووڵاتیانی ئەو سیتیانە دەڵێن مانگانە بەبێ هەڵکردنی ئامارە قورسەکان نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار خەرجیانە. ئازاد عەلی، نوێنەری سیتییەکانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم حاڵەتە بۆ خەڵک بارگرانییە چونکە ئەگەر بێت و هاووڵاتی بەلایەنی کەمەوەو کەمترین کارەبا سەرف بکەیت ٩٠٠ کیلۆوات کارەبا سەرفدەکرێت، ٩٠٠ لێکدانی١٥٦ دەکاتە ١٥٠ هەزار دینار، بەبێ بەکارهێنانی بۆیلەرو سپلیت و غەسالە، کە ئەمە بۆ سیتییەکان نییەو بۆ دەرەوەی سیتییەکانیشەو سبەی و دوو سبەی لەوێش جێبەجێدەکرێت». سیستەمی پریپەید بەجۆرێکە کە لەپێشدا پیویستە پارەکە بدەیت بەپێچەوانەی پێشوو کە کارەبات سەرف دەکردو دواتر پارەی کارەبات دەدا. ئێستا لەڕێگەی کڕینی یەکەوە پارەی کارەبا دەدەیت کە لەڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمەش تا زیاتر کارەبا سەرف بکەیت دەبێت یەکەی زیاتر بکڕیت. کێشەیەکی سیستەمە نوێیەکە ئەوەیە کە کارەبای هاووڵاتیان بەگشتی کەمدەکرێتەوە تا کارەبای ٢٤ کاتژمیری سیتییەکان دابین بکرێت. «ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێریەی دەدرێتە ئێمە لەکارەبای نیشتیمانی هاووڵاتیانی دەرەوەی سیتییەکان دەدرێتە ئێمە، واتە کارەبای نیشتیمانی ئەوان دەفرۆشنە ئێـمە و زیاتر مۆلیدە بۆ ئەوان ئیشپێدەکەن و پارەی زیاتری مۆلیدە بۆ ئەوان دێتەوە،» ئازاد عەلی وای وت. رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەبەرپرسانی وەزارەتی کارەباوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە. لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای سلێـمانی لەبارەی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردو سکاڵای یاساییان لە دادگا تۆمارکردووەو راشیانگەیاند کە لەهەوڵدان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ قایمقامییەت و لیژنەکانی دیکە تاکو دەنگی نیشتەجێبووانی سیتییەکان بەحکومەت بگەیەنین. نوێنەرانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی باس لەوە دەکەن ئەم سیستەمە کارێکی باشە هەم بۆ پاراستنی ژینگە و هەم بۆ نەهێشتنی مۆلیدەکان و هەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کارکردنی سیستەمکە بەم جۆرە ئێستا رەتدەکەنەوەو «کۆڵنادەن» هەتا سیتەمەکە چالکسازی تێدا نەکرێت و نرخەکان کەمنەکرێنەوە کە تاکۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیان داوەتە حکومەت.
نیگار عومەر لەچەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق دەستدەکات بەدەرهێنانی نەوت لەناوچە جێناکۆکەکان و هیچ پرسێکی بەهەرێمی کوردستان نەکردووە و لایەنی پەیەندیداریش لەسەر بابەتەکە بێگایی خۆیان دەربڕی و دەڵێن، «هیچیان پێ رانەگەیەندراوە و زانیارییان نییە». باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوت بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەزارەت کار بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سامانی نەوت و گاز دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەچەندڕۆژی داهاتوودا چەند بیرە نەوتێک لەقەزای کفری لێدەدرێت. لایەنی ئیداری قەزای کفری بێئاگایە لەبابەتەکە و حکومەتی عێراق قەزای کفری وەک قەزایەکی دیالە ناودەبات، ئەگەرچی ئەو ناحیەی کەکاری دەرهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت لەئێستادا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای خانەقینە، بەڵام حکومەتی عێراق ناحیەی قەرەتەپە وەک ناحیەیەکی سەر بەقەزای کفری ناودەبات. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەو پێنج گوندەی کەکاری دەرهێنانی نەوتی تێدادەکرێت دوو لەو گوندانە کوردنشینن. وەسفی عەلوان بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بۆ هاوڵاتی وتی،» لەچەندڕۆژی داهاتوودا کارەکانی لێدانی چەند بیرە نەوتێک لە ناحیەی قەرەتەپە دەستپێدەکات و کارەکانی دەرهێنانی نەوت دراون بەکۆمپانیایەکی ئیماراتی، لەپێنج گوندی ناحیەکە کارەکان دەستپێدەکات ئەوانیش ئەبوعەلەک، گڵابات، چاڵەوخاڵد،حوزەیفە، شۆکە، لەم پێنج گوندە دوو گوندیان کوردنشین». جگە لەو گوندانە، ناحیەی قەرەتەپە چەند گوندێکی تری تیدایە کەحکومەتی عێراقی پلانی هەیە نەوتی تێدا دەربهێنێت. عەلوان لەسەر پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دەرهێنانی نەوت وتی، « ناحیەی قەرەتە و جەبارەو کۆکز سەر بەقەزای کفرین و بەشێکن لەدیالە هەربۆیە باس لەوە کراوە کەبیرەکان لەقەزای کفری دەبن و جگە لەو گوندانە چەند گوندێکی دیکەش لەسنوری ناحیەی قەرەتەپە نەوتی تێدایەو حکومەتی عێراق پلانی دەبێت بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی نەوتی تێدابکات وەک نارین و چەند شوێنکی دیکە». بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە لیدانی بیرە نەوتییەکان سوود بەهاووڵاتیانی ناوچەکە دەگەیەنێت و هەلی کار زیاد دەکات. «سنورەکەمان دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی وەک نەوت وگا و هەمو کارئاسانیەک دەکەین بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی تێدابکرێت سودی بۆ ناوچەکە هەبێت کەهەلی کاری زیاتر دەخاتە سنورەکەوە، لەم رۆژانەدا کار بۆ ئەوە دەکەین ئەو زەویانەی کە هی هاووڵاتیانی سنورەکە بن قەرەبویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک دروستنەبێت بۆ کارەکان،» عەلوان وای وت. هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئاگایان لە بابەتەکە نییە، بەڵام پارێزگاری دیالە باس لەوە دەکات لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و بەرنامەیان هەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن. موسەنا تەمیمی پارێزگاری دیالە بۆ هاوڵاتی وتی،» بەڵێ ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو ئێمە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی رێکارەکانی دیکە کەماوەتەوە بۆ ئێمە پێکەوە تەواوی بکەین، ئەگەرچی بڕیاری دەرهێنان و لێدانی بیرەکان کارەکانی تەواو بووە لەلای وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان، بەڵام کارە ئیداریەکانی لەلای ئێمە دەبێت و ئێمە لەبەرنامەماندایە کە لەسەر ئەم بابەتە دانشین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان». پارێزگاری دیالە دەشڵێت، « کفری سەر بەدیالەیە ئەگەر چی لەڕووی بەڕێوەبردنەوە لەلایەن هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێت، لەچەند شوێنێکی دیکەی پارێزگاکەدا لە کۆنەوە نەوت بوونی هەیە بەڵام کار بۆ دەرهێنانی نەکراوە لەئێستاشدا بەهیواین دەرهێانی نەوت لەو سنورەش خێرێکی باشی هەبێت بۆ هەموو سنورەکە چونکە سنورەکە بەگشتی پێویستی بەکارکردنی باشترو هەلی کار بۆ گەنجەکان هەیەو لەڕێژەی دەرهێانی نەوتیشدا وەک تەواوی ئەو پارێزگایانەی کە نەوتی تێدایە بەشێکی بۆ پارێزگاکە سەرف دەکرێت و پشکی خۆی دەبێت». سەبارەت بەم بابەتە هاووڵاتی پەیوەندی کرد بە د.عزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەپشکی هەرێم و هەروەها قایمقامی کفریەوە ، بەڵام هەردوو لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان بێئاگایی خۆیان دەربڕی کەهیچ زانیاریەکیان لەسەر ئەم بابەتە نیەو کەس هیچی پێ رانەگەیاندون. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر پرسەکە دەڵێت، هەر کارێکی دەرهێنانی نەوت بکرێت لەکفری دەبێت لەگەڵ هەرێمدا هەماهەنگی بکرێت، چونکە لەڕووی ئیدارییەوە قەزاکە ناوچەیەکی کێشەلەسەر نییە سەر بەهەرێمە. فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هاوڵاتی وتی،» کفری ناوچەی کێشەلەسەر نیە و لەڕووی ئیدارەیەوە سەر بەهەرێمەو قەزایەکە سەر بەئیدارەی گەرمیان و بۆ ئەو ناحیانەی کە لەکفریەوە نزیکن و ناوچەی جێناکۆنن بیرە نەوتی تێدا هەڵدەکەنرێت، پێویستە لەگەڵ هەرێمدا کۆبوونەوەو تەنسیق بکرێت لەنێوان هەردوولادا بۆئەوەی کێشەکان گەورە نەبێت «. فەهمی بورهان دەشڵێت، «هەرچەندە لەسەر ئەم بابەتە ئاگادارنیم، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئیدارەی گەرمیاندا هەماهەنگی هەبێت و پێکەوە کارەکانی دیکەی ئەنجامبدەن چونکە ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو بەشێکی زۆری گوندەکانی کوردنشینن و ئەگەرچی لەئێستادا بەدەست کوردەوە نین لەڕووی بەڕێوەبردنەوە».
هاوڵاتی لەسەروبەندی نزیکبونەوەی یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، هێزە ئەمنییەکانی ئێڕان فشاررەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو دەستپێکردووە. بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ناو ئێران بڵابوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٦ی ئاب، هێزە ئەمنییەکان ئێران، بنەماڵەی "کۆمار دەرئوفتادە"یان دەستگیرکردووە لەبەر ئەوەی لە ساڵیادی لەدایکبوونیدا لە سەر قەبری کوڕەکەیان کۆببوونەوە. بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی کۆمار؛ دایک و باوکی کۆمار (حەسەن دەرئوفتادە و هاجەر بەرزەنجی) و خوشک و براکانی کۆمار (ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە) دەرئوفتادە، دەستبەسەر کراون لەکاتێکدا ژێکاف و میدیا دەرئوفتادە منداڵن. هەروەها دایکی کۆمار بە هۆی فشارەکانەوە باری تەندروستی تێکچووەو گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە. لەو بارەیەوە ماڵپەری هەنگاو دەڵێت، بنەماڵەی کۆمار سوکایەتیان پێکراوە و لە بازگەی دەروازە شاری پیرانشار ناچارکراون کە جلە کوردییەکانیان داکەنن و دەستیش گیراوە بەسەر کەلوپەلانی تریاندا. دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنیان، بنەماڵەی کۆمار ئازادکران. هاوکات دەنگۆی ئەوەیە هەیە کە رۆژی شەممەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە حەسەن دەرئوفتادەیان وتووە نابێت مەراسیم رێکبخات بۆ ساڵیادی گیان لەدەستدانی کۆماری کوڕی. هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران پەیوەندیشیان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینیەوە کردووەو پێیان راگەیاندووە کە نابێت بە بۆنەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی کچەکەیانەوە هیچ رێورەسمێک ئەنجام بدەن بەڵام ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی نووسیویەتی، "گیانی من لە گیانی کچەکەم ئازیزتر نییە، مەرگێکم لەپێشە و گیانێکم هەیە، کچەکەم چووە کوێ، منیش بۆ ئەوێ ئەڕۆم، کەوایە رێورەسم ئەنجام ئەدەم. جگەلەمانەش لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیاوە نامەیان بۆ ناردووم و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە و منیش بەوپەڕی رێزەوە خۆم ئامادە کردووە بەوەی رێورەسم بەڕێوە ببەم." رۆژی پێنج شەممە 10ی ئابی 2023، موژگان ئێفتخاری, دایکی ژینا، وێنەیەکی نوێی ژینا ئەمینی لە ستۆری ئێنستاگرام بڵاوکردەوەو نووسی، "حەزرەتی عەشق، سێ رۆژ بەر لە شەهیدبوونی." بەلەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لایەنە ئەمنییەکانی بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە بە هاندانی خەڵک لێک ئەدەنەوە. پێشتریش و لە رۆژی 1ی ئابی 2023، ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، برایە بەردەم دادگا و تۆمەتی تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و تێکدانی بیروڕای خەڵکی درایە پاڵ. ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی سەقزی، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە، بەو بیانوی ئەوەی کە حیجابەکەی تەواو نەبووە دەستگیرکراو و لە ژێر ئەشکەنجەدا باری تەندروستی تێکچوو. دوای سێ رۆژ، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لە دەستدا و گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ سەقز، دەستپێکی ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە کە بەشۆڕشی ژینا ناسراوە.
هاوڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان تادێت كار لەسەر دۆسیەی دەستگیركردنی وەهاب هەڵەبجەیی سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و یەكێتیش كە بەئاشکرا وەڵامی بۆ هەوڵەكانی پارتی نییەو وا دەریدەخات کەبێباکە، دەیەوێت لەژوورە تاریكەكانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئەو حزبە، كۆتایی بەم پرسە بهێنێت و پارتی ناچار بكات دەست لەم دژایەتیە هەڵبگرێت. لەدوایین هەوڵیدا بۆ بەرتەسكردنەوەی بازنەی كاری بەرپرسی دژەتیرۆری یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێی نووسراوێكی دەزگای ئاسایشی هەولێرەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراقی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجومەنی دادوەری ئاگاداركردووەتەوە كە هەوڵ بۆ دەستگیركردنی وەهاب مەجید باقی بدرێت كە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیەو بە وەهاب هەڵەبجەیی ناسراوە. رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عەقید هاوكار جاف ئەفسەری دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لەشاری هەولێر لەهەوڵێكدا تیرۆركرا، هەرزوو بەرپرسانی ئەمنی شاری هەولێر بڵاویانكردەوە كەئەو هەوڵە لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانیەوە ئەنجامدراوەو بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی چەند دەستگیركراوێك، تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارەیان خستەپاڵ وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی. پێداگری پارتی لەسەر ئەم دۆسیەیەو بەجیهانی كردنی كێشە یاساییەكەی بەرپرسەكەی دژەتیرۆری یەكێتی، نەخشەو پلانێكی نوێی سیاسی پارتییە بەرامبەر یەكێتی. بەڵام ئەوەی مایەی سەرسامییە بێدەنگی یەكێتییە بەرامبەر ئەم هەوڵە نوێیەی پارتی. كە بەڕای چاودێرانی سیاسی لاوازی یەكێتی و نەبوونی سەركردایەتیەكی كارامە، ئەم پرسەی ئاڵۆزكردووە. عەزیز رەوف چاودێری سیاسی لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت، «یەكێتی لەدوای مام جەلال لاواز بووەو ئەو كاریگەرییەی نەماوە، بۆیە پارتی بەئاسانی دەتوانێت گەمە بەچارەنووسی بكات و بەو جۆرەی كەهەیە گرفت و كێشەی بۆ دروستبكات». پاش نووسراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەولێر، بۆ حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری عێراق، پارتی لەنوێترین هەوڵیدا كۆمكاری عەرەبی ئاگاداركردەوەو بەشێوەیەكی فەرمی داوای هاوكاری كرد بۆ دەستگیركردنی ئەو بەرپرسە سەربازییەی یەكێتی. لەبەرامبەردا یەكێتی هیچ هەڵوێستێكی فەرمی رانەگەیاند، لەوبارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەهاوڵاتی وت «بەلای ئێمەوە ئەوە كێشە نییەو هەر سیحەتت باشەكە وەڵامی ئێمە دەبێت.» سەعدی ئەحمەد پیرە لە رۆژی پێنجی تەمموزی ٢٠٢٣ لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک کاتێک لێی پرسی وەهاب هەڵەبجەیی رادەستی دادگا دەکەن، بەتەنزەوە وتی، «سیحەتت باشە؟» لەگەڵ ئەوەی یەكێتی هەڵوێستی فەرمی نییەو بەرامبەر دوایین هەوڵی پارتی لەبارەی ئەم دۆسیەوە بێدەنگە، بەڵام بەرپرسێكی باڵای پارتی نایشارێتەوە كە لەكۆبوونەوە تاریكەكانی نێوان هەردوو حزب باسی ئەو پرسە كراوە، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەهاوڵاتی وت «لەكۆبوونەوەكاندا یەكێتی باسی ئەو پرسە دەكات و داوا دەكات كۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام تائێستا وەڵامی پارتی بەدڵی یەكێتی نەبووە». ئەگەرچی ئەمە یەكەمین جار نییە پارتی لەڕێی دادگاكانەوە هەوڵی راگرتن و دەستگیركردنی نەیارە سیاسییەكانی دەدات، بەڵام دۆسیەكەی وەهاب هەڵەبجەیی جیاوازەو پارتی دەیەوێت لەڕێی ئەم پرسەوە خواستەكانی خۆی بەرامبەر یەكێتی جێبەجێ بكات، لەوبارەوە عەزیز رەوف بەهاوڵاتی وت «پارتی دوو ئامانجی لەمەدا هەیە، یەكەمینیان ئەوەیە كە كێشەو گرفتەكان بخاتە ناو سلێمانی، دووەمینیش یەكێتی ملكەچی خواستەكانی بكات». بەكارهێنانی دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییەكان، بووەتە نەریتێك و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بۆ شكاندنی یەكتری ئەو رێگەیە دەگرنەبەر، ئالان ژاژڵەیی راوێژكاری یاسایی بەهاوڵاتی وت «ئەمە یەكەمین جار نییە كە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار شكۆی دادگاو یاسا دەشكێنن، ئەوان بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتە سیاسییەكانی خۆیان پەنا بۆ دادگا دەبەن، لەكاتێكدا بەدانپێدانانی هەردوولا، هیچكامیان متمانەی بەدادگاو دادوەری لایەنەكەی تر نییە. ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر شكۆی دادگا دروستكردووە». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی سەرۆك لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو كێشەیە، چەندین جارو بەشێوەی فەرمی داوای لەسەرۆكی پارتی كردووە ئەم دۆسیەیە دابخرێت، لەوبارەوە ئاراس حەسۆ میرخان بەهاوڵاتی وت «بەڵێ یەكێتی داواكاری هەیەو رەنگە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا گفتوگۆ لەو بارەوە بكرێت و ئەگەریش هەیە ئەم كێشەیە یەكلایی بێتەوە». بەپێی قسەكانی سەركردەكەی پارتی، یەكلایی بوونەوەی ئەم كێشەیە ئەگەرێكی كراوەیە. لەوەها دۆخێكیشدا پرسیاری گەورە لەسەر كۆی پرۆسەی دادوەری هەرێم دروستدەبێت، هەروەك ئەوەی ئالان ژاژڵەیی دەڵێت « پرسیارە گەورەكە ئەوەیە پاش چارەسەری گرفتەكەو داخستنی ئەو دۆسیەیە، پارتی چی وەڵامی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجومەنی دادوەری بەغدا دەداتەوە؟ چۆن و بەچ نووسراوێكی تر كۆمكاری عەرەبی ئاگاداردەكاتەوە؟ كەدواجار ئەمەش وێنای خراپی هەرێم لەجیهانی دەرەوە نیشاندەدات».