هاوڵاتی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێشهاتی نەرێنی سەبارەت بەچەكی ئەتۆمی ئێران هەیە كە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی كردەوەی سەربازی و ئێرانیش ئەوە دووپاتدەكاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەی ئاشتی و وزەی وڵاتەكە بەكاردەهێنن. هێرزی هێلڤی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە 23ی ئایار لەكۆنفرانسی هەرزلیە، رایگەیاند: «ئێران لەهەموو كاتێك زیاتر پێشكەوتنی لەپیتاندنی یۆرانیۆمدا بەدەستهێناوە، ئێمە سەیری دەكەین و دەڵێم پێشهاتی نەرێنی لەئاسۆدا هەیە كەدەتوانێت ببێتە هۆی كردار». ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا راشیگەیاند كەتوانای لێدانی ئێرانیان هەیەو بێباك نین لەوەی ئێران هەوڵی ئەوەی لەدەوروبەریان بنیات بنێت و ئەستەمە تاران بێباكانە بێت بەرامبەر بەو هێڵەی كە دەیگرینەبەر. پێشتریش یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لەئێران كرد كەئەگەر بڕیار بدات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بكاتەوە، باجێكی قورس دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەهەموو بژاردەكان لەسەر مێزی ئیسرائیلن بۆ رێگریكردن لەئێران لەدەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەوتارێكدا لەكۆنفرانسی هەرزلییە بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی رایگەیاند، ئەگەر ئێران بەڕێژەی 90% پیتاندنی یۆرانیۆم بكات، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و رژێمی تاران پێویستە بزانێت ئەم هەنگاوە باجێكی قورس و ترسناكی دەبێت و دەرئەنجامەكانی لەئەستۆی خۆیاندا دەبێت». ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا چەندین جار بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج و بەمەترسی گەورەی دەزانن بۆ سەر قەوارەكەیان. وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەلێكنزیكبوونەوە لەگۆڕەپانەكانی دەوروبەردا كرد كەمەترسی بۆ سەر ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، ئەوەی خستەڕوو كەئێران بەشێكی هاوبەشی ئەو هەڕەشانە وتی: «ئێران ساڵانە یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەتیرۆر دەكات و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكەو سەقامگیری جیهان». ژمارەی كوژراوانی ئێرانی لەئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لەمساڵدا زیاتر لەپەنجا چەكدارو بەرپرسی ئەمنی ئێرانی لەخۆگرتووەو لەگەڵ ئێرانییەكانیشدا بەرپرس و سەربازانی سوریا كراونەتە ئامانجی مووشەكەكانی ئیسرائیل. ئیسرائیل بەردەوام مەترسییەكانی ئێرانی لای ئەمریكییەكان و وڵاتانی ئەوروپا باس كردووە، بەڵام هێشتا هەنگاوی سەربازی دژ بەئێران تەنها وەك «لێدوان» ماوەتەوەو ناو بەناو ئیسرائیل هێرش دەكاتەسەر ئەو كەس و لایەنانەی ئێران كە لەخاكی سوریادان. ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمی ئێران لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كەڕاوێژكارێكی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لەنزیك پایتەختی سوریا بەهۆی برینەكانیەوە گیانی لەدەستداوە. ئاژانسەكە رایگەیاندووە، «میقداد میقدانی لەكاتی هێرشی زایۆنیستەكان بەرەبەیانی رۆژی هەینی بریندار بووەو شەهید بووە». بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، میلاد حەیدەری راوێژكاری سەربازی دیكەو ئەفسەری سوپای پاسدارانیش كوژراوە. ئیسرائیل ساڵانێكە هێرش دەكاتەسەر ئەو شوێنانەی كە بەوتەی خۆی ئامانجی پەیوەست بەئێرانن لەسوریا، ئێرانیش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» ئەفسەرەكانی لەسەر بانگهێشتی دیمەشق رۆڵی راوێژكاری لەسوریا دەگێڕن»، لەكاتێكدا كە دەیان ئەندامی سوپای پاسداران لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵا لەسوریا لەكاتی شەڕدا كوژراون. ئاژانسی هەواڵی سوریا، سانا، لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردەوە، «میدیای بەرگری ئاسمانیمان وەڵامی دەستدرێژییەكی ئیسرائیلی دایەوە كە بەمووشەك خاڵەكانی لادێكانی دیمەشقی كردە ئامانج». ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوە كردووە ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بەتەقینەوەی مووشەك لەئاراستەی جۆلانی داگیركراوی سوریا ئەنجامداو شوێنێكی لەلادێكانی دیمەشق كردە ئامانج. وەزارەتی بەرگری سوریا لەبەیاننامەیەكدا كەمیدیای فەرمیی سوریا بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، «سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی ئەنجامدا لەئاراستەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی بەیروتەوەو هەندێك خاڵی لەشاری حومس و لادێكانی كردە ئامانج». سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا بەمیدیای فەرمیی راگەیاند، هێرشەكان هەندێك زیانی ماددی لێكەوتەوەو پێنج سەربازیش برینداربوون. هەڵپەساردرنی كۆبوونەوەكانی پێنج زائید یەك لەگەڵ ئێران بووەتەهۆی ئەوەی كەتاران هەرەشەی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم دەكات، ئەڵمانیاو فەرەنساش لەوبارەیەوە هۆشداری توندیان داوەتە ئێران كەدۆخەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز دەكات. كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاواوە گەمارۆی ئابووری خراوەتەسەرو بەپاڵپشتیكاری تیرۆرو دروستكردنی بۆمبی نەوەوی تۆمەتبار دەكرێت و تارانیش ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەیەكی ئاشتی وزەی وڵاتەكەیان بەكاردەهێنن.
هاوڵاتی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ كورسی دەسەڵات سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەكلاییدەبێتەوە، هەرچەندە ئاژانسەكان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كەچانسی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی سەرۆك كۆمار زیاترە بەراورد بە كلیچدار ئۆغلۆ، بەڵام هێشتا ئۆپۆزسیۆن هیوای ماوە بۆ كەوتنی ئەردۆغان. سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغلۆ دەستپێدەكات كەبڕیارە رۆژی یەكشەممە 28ی ئایار ئەنجامبدرێت. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیادا 88% دەنگدەران بەشدارییان كردبوو، چاوەڕواندەكرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە 85% دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن. چوار رۆژی دیكە (یەكشەممە ٢٨ی ئایار)، دوای ١٤ رۆژ لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، هاووڵاتیانی توركیا دەچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان، هەڵبژاردنی ئەم جارە لەڕووی تەكنیكیەوە ئاسانترە، بەڵام لەڕووی كێبڕكێ و ركابەرایەتیەوە یەكێكە لەسەخترین هەڵبژاردنەكان لەمێژووی توركیادا. هاووڵاتیانی توركیا لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا دوو رێگەیان لەبەردەمدایە، یان كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن، یانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری پێشوو و كاندیدی دەسەڵات هەڵدەبژێرن. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەردۆغان زیاتر لە ٤٩٪ی دەنگەكان و كلیچدار ئۆغلۆش نزیكەی ٤٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو و بەم شێوەیە هیچیان رێژەی یاساییان بەدەستنەهێنا كە ٥٠ +١ی كۆی رێژەی دەنگەكانە. لە پلەی سێیەمدا سینان ئۆغان دێت كەئەویش ١٧.٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. ئەردۆغان لەگەڵ سینان ئۆغان رێككەوتووەو ئەوەش شەقامی توركیای هەژاندو چەندین رەخنەی توند رووبەڕووی سینان ئۆغان بووەتەوە، بەشێكی كەمیش لەدەنگدەرانی پشتگیریان كردووە. چاوەڕوان دەكرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) و سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا دەنگی 50 زائید یەك ببات و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار. لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغلۆ هەوڵێكی زۆریاندا كەدەنگەكانی دەنگدەرانی سینان ئۆغان بەدەستبهێنن، بەڵام ٢٢ی ئەم مانگە لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا سینان ئۆغان بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان ئاشكرا كردو داوای لەدەنگدەرانی كرد، دەنگ بەئەردۆغان بدەن. هاوپەیمانیی ئاتا هەڵوەشایەوە هەرچەندە سینان ئۆغان پشتگیری لەئەردۆغان دەكات، بەڵام ئەو دەنگانەی كە لەخولی یەكەمدا پێی دراون، تەنیا دەنگی لایەنگرانی ئەوو پارتەكەی نین، بەڵكو دەنگی چەندین پارتی دیكەیە كە لەژێر ناوی هاوپەیمانی ئاتا كۆببوونەوە. لەئێستادا پارتی سەركەوتن و پارتی دادپەروەری ناڕەزایەتیان بەهۆی بڕیارەكەی سینان ئۆغان دەربڕیوەو رایانگەیاندووە كە رای ئەوان جیاوازە. پارتی دادپەروەری بەئاشكرا رایگەیاند پشتگیری لەئەردۆغان دەكات و پارتی سەركەوتنیش لەئان و ساتدایە كە پشتگیریەكەی بۆ كلیچدار ئۆغلۆ رابگەیەنێت. بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئاتا كە ١٧.٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە لەخولی یەكەمدا، بەسەر دوو لایەندا دابەشبووە و بەئەگەرێكی زۆر دەنگەكانی بەسەر كلیچدار ئۆغلۆ و ئەردۆغاندا دابەشببێت. پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بە کلیچدار ئۆغلۆ دەکاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بەشێوەیەكی زۆر توند رەخنەیان لە سینان ئۆغان گرت و چەندین هەواڵ و راپۆرت لەبارەی هۆكاری پشتگیریكردنی ئۆغان لە ئەردۆغان بڵاوكرانەوە. بەگشتی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت:» سینان ئۆغان هەرچەندە باسی ئەوە دەكات كەچەندین مەرجی هەبووە بۆ ئەوەی دەنگ بەكاندیدێك بدات، بەڵام بەتەواوەتی خۆی فرۆشتووەو پارەیەكی زۆری لە ئەردۆغان وەگرتووە». هەروەها هەندێك هەواڵیش بڵاوكرانەوە كە ئۆغان لەسەر راسپاردەی ئیلهام عەلیەف سەرۆكی ئازەربایجان پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە، بەهۆی ئەوەی سینان ئۆغانیش بەڕەچەڵەك ئازەریە». راپرسیەك: زۆربەی دەنگدەرانی سینان دەنگ بە كلیچدارئۆغلۆ دەدەن كۆمپانیای سۆدەڤ كە لەبواری لێكۆڵینەوەو راپرسی كاردەكات، راپرسیەكی لەنێو ئەو كەسانەدا ئەنجامدا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە. كۆمپانیای سۆدەڤ ئاماژەی بەوەكرد كەپرسیار لەهەزارو 906 دەنگدەری پێشووی سینان ئۆغان كراوە كە لەخولی دووەمدا دەنگ بەكام كاندید دەدەن؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بووە: كلیچدار ئۆغلۆ ٤٠%، ئەردۆغان ٢٢.١%، دەنگ نادەم ٢٨.٦% و ٤.٣ی دەنگدەرانی پێشووی ئۆغانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە. هەروەها لەزۆربەی ئەو راپرسیانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرەوڕوو لەشەقامەكاندا ئەنجامدەدرێن، هاووڵاتیانی توركیا رەخنەی توند لە سینان ئۆغان دەگرن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە. ماڵپەڕی ئارتی گەرچەكی نزیك لەهەدەپەش لەهەواڵێكی رایگەیاند، تەنیا لەتویتەردا زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس، وەك كاردانەوەیەك لاپەڕەی تایبەتی ئۆغانیان ئەن فۆڵۆ كردووە. هاوپەیمانی ئاتا کە لە ٪٥،١٧ ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە خولی یەکەمدا لە نێوان کلیچدارئۆغلۆو ئەردۆغاندا دابەشبووە پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بەكلیچدار ئۆغلۆ دەكاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە پەرلەمانتارێكی هەدەپە بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات كەژمارەی كورسیەكانی پارتی چەپی سەوز بۆ 65 كورسی لەپەرلەمانی توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەكەنەوە كە لەخولی دووەمیشدا دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەدەن بۆ سەرۆكایەتی توركیا. حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتەكەی لەسەر پارتی ناوی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەشدارییان كرد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بەهۆی ئەو سكاڵایانەی پارتی چەپی سەوز كردوونی، ژمارەی كورسیەكانی بەرزبووەتەوە بۆ 65 كورسی». وتیشی:» تائێستا سوورین لەسەر ئەوەی دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بدەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا». سەبارەت بەو هەواڵەی گوایە جەهەپە داوای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەئێستا لەزیندانە كردووە ریكلام بۆ كلیچدار ئۆغلۆ نەكات، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە رەتیكردەوەو وتی:»ئەوە بانگەشەی ئاكپارتییەو بەهیچ شێوەیەك راست نییە». بەوتەی حەسەن ئوزگونەش پارتی چەپی سەوز تانەی لە 193 هەزار سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا داوەو چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت « ژمارەیەك پارتی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغلۆ راگەیاندووەو ئامادەن لەخولی دووەمدا دەنگی پێبدەن، ئەمەش رەنگە ئەنجامەكە بگۆڕێت». كلیچدار ئۆغلۆ هیوای ماوە رێژەی بەشداریكردن لەخولی یەكەمی هەڵبژارندەكاندا ٨٨٪ بوو، زیاتر لەملیۆنێك و ٢٠ هەزار دەنگیش هەژمار نەكران. هەروەها زیاتر لە ٥٠ هەزار دەنگدەری نوێ هەیەو بەم شێوەیە زیاتر لە ١٨٪ی دەنگدەران، دەنگیان بە ئەردۆغان و كلیچدارئۆغلۆ نەداوە. كەمال كلیچدار ئۆغلۆ تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕیوەو ئەكرەم ئیمام ئۆغلو كەسەرۆكی شارەوانی ئەستانبوڵە كردووەتە بەرپرسی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان. لەلایەكی دیكەوە دەوترێت نزیكەی دوو ملیۆن دەنگی ئەردۆغانیش نائاسایین و ئەم رێژەیەش دەتوانێت، هاوكێشەی هەڵبژاردن بگۆڕێت و بۆیە تاوەكو ئێستا كلیچدارئۆغلۆ هیوایەكی هەیە كە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت.
سەركۆ جەمال دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن. لەدانیشتنی رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023 كەتیایدا فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان دەنگیان لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەرێمدا، سەرئەنجام فراكسیۆنی یەكێتی دژ بەو بڕیارەی فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان وەستانەوەو گرژی دروستبوو. هێوربوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زۆری نەخایاند كە بەدەستپێشخەری ئەمریكاو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەنجامدراو سەرجەم لایەنەكان هیوایان پێوە هەڵواسیبوو، بەڵام جارێكی دیكە ناكۆكیەكانیان لەسەر هەڵبژاردن و یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و كورسی پێكهاتەكان سەریهەڵدایەوە. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكەو كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی بە «مردوو» ناوبرد كەزیندوو نابێتەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش رێكارەكانی «بەیاسایی» ناوبرد . بەڵام رۆژی 23ی ئایاری 2023 وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكردەوەو ناوی هەر نۆ ئەندامەكەی تێدایە كەئامادە دەكرێن بۆ دەنگدان لەپەرلەمانی كوردستاندا. پارتی: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێكی نییە پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆمسیۆن كارایەو نووسراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشی ناوێت». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتیشی:» وادەیەك دیاری دەكرێت بۆ ئامادەبوونی كۆمسیارە نوێیەكان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری كۆمسیۆن دەست بەكارەكانی خۆی دەكات و پێویستی بەهیچ رێكارێكی دیكە نییە». یەكێتی: رێكارەكان گاڵتەجاڕانەیە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین». «ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت. دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا». جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت». وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«. كۆمەڵ: ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز دەركردنی یاساو بڕیار نەبووە عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز پرۆسەی دەركردنی یاساو بڕیارنەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بەتەواوەتی دەسەڵاتی هەڵگرتن و كۆتاییهێنانی بەدانیشتنەكان هەیە». هەروەها وتیشی:» دەرفەتی زۆر هەبوو تا لەدۆخی یاسایی و ئاسایی پەرلەماندا هەم كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، هەم یاساكە هەمواربكرێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دەسەڵات كەسەرۆكایەتی پەرلەمان و زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن نەیانكرد». هاوكات، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند: پێویستە بۆ مانەوەو بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پرەنسیپ و یاساكان بین، هیچ لایەنێك پەرلەمان و حكومەت بەهی خۆی و حزبەكەی نەزانێت». عەلی باپیر وتیشی:»سەپاندنی دۆخێكی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەماكانی تەبایی و پێكەوەژیان و سازانی نیشتیمانییەو هیچ بەرهەمێكی لێ ناچنرێتەوە». بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری «بەبێ رێككەوتن و سازانی نیشتیمانی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كەهیچ گومانێك هەڵنەگرێت هیچ چارەیەكی دیكەمان نییە». بزوتنەوەی گۆڕان: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بەسازان دەبێت گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەردەوام جەختمان كردووەتەوە لەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاساكەی یەك پاكێجەو پێویستە بەسازان بكرێن». وتیشی:»ئێمە بەواژۆكانی خۆمان پابەندین و پێمان گرنگە هێزە سیاسییەكان بەیەكڕیزی یاساكە هەمواربكەنەوەو كۆمسیۆنیش كارا بكەنەوەو بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكەن». یەكگرتوو : لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكە نابێت ببێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە كە « ئەوەی روویدا لەپەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كەدژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو». یەكگرتوو هیواخوازە بڕیارو لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.
هاوڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پرسە داراییەكانی هەرێم رێككەوتن و ئەو كورتهێنانە داراییەی كە لەسەرەتای ئەمساڵدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مینحەی شەهیدان دروست نەبوو چارەسەركرا لەڕێگەی ئەو وەرەقە چاكسازییەی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی ئامادەی كردبوو. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەو تێیدا بڕیاردرا كەدابەشكردنی مووچە بكرێتە سیادی، كەپێشتر تیمی یەكێتی لەحكومەت داوایان كردبوو رێژەی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57% بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك نەمێنێت و ئەوە جێبەجێكرا. بەهۆی میكانیزمی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57 بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك، كورتهێنانی دارایی بۆ مووچە دروست دەبوو بەتایبەت دوای بایكۆتكردنی تیمی یەكێتی لەمانگی تشرینی دووەمی 2022، كە بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی سلێمانی نزیكەی 750 ملیار دینار قەرزارە بەهۆی كورتهێنانی داراییەوە كە لەسەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە دەستیپێكردووە. لەڕێكخستنەوەی دارایی گشتی سەرجەم داهاتەكان دەكرێنە سەر یەك هەژماری بانكی و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس دەبێت و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەنزیكەوە چاودێری دەكەن. هەروەها رێكخستنەوەكە شەفافیەتی داهات زیاتر دەكات و ئەولەویەتی حكومەت بۆ دوانەخستنی دابەشكردنی مووچە بەرجەستە دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەت لەنووسراوێكدا جێبەجێكردنی راسپاردەی رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئیدارەدانی داهات و خەرجكردنەوەی راگەیاند. چیتر مووچە لەسەر بنەمای ٪٤٣ بۆ سلێمانی و ٪٥٧ بۆ هەولێر و دهۆک دابەش ناکرێت بەپێی بڕیارێك كە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرەو ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكان كراوە، بەپێی بڕیارێك كە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، سەرجەمی داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێكدەخرێتەوەو بەناوەندیی دەكرێت. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كەگشت داهاتەكانی ئەژمێری داخراوی تایبەت بەداهاتی گشتی دابنرێن و بەئیشعار بخرێنەسەر ئەژمێری داخراوی تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبانكی منارە. بەو پێیەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووەو لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق كەبڕیارە مانگانە یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار بەكاش بگاتە هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی گومرگ بداتەوە بە بەغداد، بۆیە پارتی و یەكێتی لەئاستی حكومەتدا پێیانوایە بەگەشتنی پارەكەی بەغدا زۆربەی كێشە داراییەكان بەتایبەت بۆ مووچە چارەسەر دەبن، چونكە بەغداد تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شایستەی دارایی پێشمەرگە نزیكەی 910 ملیار دینار رەوانە دەكات كە بەبێ كورتهێنان مووچەی پێ دابیندەكرێت. وەزارەتی دارای بەرپرسی یەکەمە لە کورتهێنانی دارایی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە چاودێری دەکەن سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە بۆ لەمەودوا دەبێت مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەكان لە سێ رۆژ بۆ یەك هەفتەدا دابەشبكرێت هاوشێوەی عێراق، وتیشی:» ئەگەر پڕۆژەی بودجە وەك ئەوەی ئێستا هەیەو دەستكاری ماددەكانی (12،13،14) نەكرێن كەتایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی باش دەبێت و دابەشكردنی مووچە وەك ئێستا نابێت كەمیدیاكان دەیكەنە هەواڵ و سێ هەفتە دەخایەنێت، بەڵكو سێ رۆژ بۆ هەفتەیەك دەخایەنێت». هەروەها باسی لەوەشكرد حكومەتەكەی سودانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی كراوەو بەشدارن لەحكومەتدا و بەشدارن لەئیدارەدانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق» سودانی تێگەیشتووە لەوەی پشتیوانی كردنی كورد پاڵپشتیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامی حكومەتەكەی». هەروەها بەغداد مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان پاش دابینكردنی مووچە نیو ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، تیمی یەكێتی متمانەیان لادروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەو پێیەی چیدیكە كێشەی نەبوونی پارەی كاش بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست نابێت كەئەوە وەك خۆیان دەڵێن لای یەكێتی ئەولەویەتی تیمەكەیان بووە. هەروەها رێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی لەسەر دانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە زیاترە لە 30 ملیار دۆلار بەپێی داتای فەرمی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەو پرسەش پاش پەسەندكردنی بودجەو بەدیاركەوتنی مانەوەی پارە پاش دابینكردنی مووچە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو پارانە بۆ دابینكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت و بەشێكی بۆ دانەوەی قەرزەكان بێت. بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی بۆ ئەو پارەیە دیاری كردووە كە لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و دەیانەوێت زۆرینەی ئەو پارەیە بۆ پاكتاوی قەرزەكانی حكومەت دابین بكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت. بەرپرسانی كارگێڕی لەسلێمانی هۆشدارییان داوەتە یەكێتی كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق پێویستە ئاوەدانی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەچڕی لەسەرجەم ناوچەكان دەستپێبكاتەوەو پارەی بەڵێندەرانی سنورەكە بدرێتەوە تاپڕۆژەی نوێ وەربگرن، ئەو هۆشدارییەش بەفەرمی گەیەندراوەتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
هاوڵاتی بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە. دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە. بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر. وتیشی: بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بەوە نادەین چونکە بەپێی یاسای نەتەوەیەکگرتوەکان ئێمە پەنابەرین و بەبڕیاری ئەوانیش جێگیر بووین و هەمومان خەڵکی مەدەنین ئەو بڕیارەش لەسەر داوای تورکیایە کە دەیەوێت چاودێری توند بکرێتە سەر کەمپەکە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور دەشڵێت پێشتر حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەمپەکە پەنابەری سیاسین و تەلبەندکردنی کەمپەکە لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە. بێوار ئەنوەر هۆشداریش دەدات لەوەی خەڵکی کەمپەکە ئەگەر گیانی خۆشیان بکەنە قوربانی ئامادەنین ڕێگە بدەن کەمپەکە تەلبەند بکرێت و چاودێرییان بخرێتەسەر. هەر لەوبارەیەوە غای فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگە لەسنوورەکە بەهاوڵاتی وت: پێشر وەکو یەکێتی ناوبژیوانیمان کردووە و دانوستانمان ئەنجامداوە، جگە لەوەش بە بەردەوامی لە لایەن پارتییەوە ڕێگیریان لێ دەکرێت بە تایبەتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمەوە ڕێگە نادرێت نەخۆشەکانیان ببەنە نەخۆشخانەکانی هەولێر و خواردن و پێداویستیان پێ بگات. غازى فەیسەڵ ئاماژەى بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵێکدا ١١ جار کامپەکەی بۆردمان کردووە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، پێویستە لە ئاسمانەوە بپارێزرێن، تەنیا دوژمنیش لە ناوچەکەدا، کە زیانی هەیە و پێویستە ڕووبەڕویان ببینەوە چەکدارانی داعشن. کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن
هاوڵاتی هەستیارییەكانی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەرۆكی ئێران دەگرێت بە تایبەت كە ئەو دوو وڵاتە مێژوییەكی دور و درێژییان لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیی یەكتر هەیە و لەو سۆنگەیەوە سەركەوتنی یان شكستی ئەردۆغان و كلچدارئۆغڵو جێگەی بایەخە. ئەردۆغان و كلچدار ئۆغڵو كە دوو ركابەری سەرەكیی پۆستی سەرۆك كۆماریین لە توركیا پلانی و بەرنامەی جیاوازیان هەیە و هەر دووكیان جەخت لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران دەكەنەوە ئەوەشی رونە كۆماری ئیسلامی وەك چۆن لە ساڵی 2001 پشتیوانیی بۆ ئەردۆغان دەربڕی سەرەڕای هەموو ململانێكان لە ئێستاشدا مەیلی بۆ ئەردۆغان هەیە. لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ دەسەڵاتی ئەردۆغاندا ململانێكانی تاران و ئەنقەرە لە سوریا و عێراق و هەرێمی كوردستان تا دەگاتە ئازەربایجان و ناوچەكانی قەوقاز زیاتر بوە و هاوشانی ئەو ململانێیە، توركیا رۆڵی فریادڕەسی بۆ هەندێك قۆناغی كۆماری ئیسلامی بینیوە بە تایبەت كە لە كاتی سزا ئابورییەكانی سەر ئێران لە دوای ساڵی 2018 بۆیە دەسەڵاتی ئێستای توركیا لە بەرامبەر داهاتی زیاتردا هاوكاریی كۆماری ئیسلامی كردوە بۆ دەربازبون لە گەمارۆ و سزاكانی رۆژئاوا. ئەردۆغان كە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابورییەكانیدا پابەندی گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دژی كۆماری ئیسلامی نەبوە و سەركەوتنی دەبێتە مایەی دڵخۆشیی دەسەڵاتی ئێستای تاران بە تایبەت كە ئێران تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەكی رونی لەبەردەمدا نییە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و نەمانی سزا نێودەوڵەتییەكان لەسەری. كلچدارئۆغلو رایگەیاندوە لە ئەگەری سەركەوتنیدا پلانی ستراتیژیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و دەیەوێت لەو چوارچێوەیەدا (توركیا، ئێران، سوریا، عێراق) پێكەو كۆببنەوە و وتیشی بڕوای وایە ئەگەر ئەم چوار وڵاتە لە ژێر چەترێكدا كۆببنەوە ئەوا دەتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن. لێدوانێكی كڵچدارئۆغلو كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند مایەی سەرنجە، ئەو وتی: عەلەوییە و لە دەرسیم لەدایكبوە و رەچەڵەكی دەگەڕێتەوەوە بۆ دانیشتوانی خوراسانی باكور لە ئێران ئەوەش بۆ سیاسەتمەدارانی كۆماری ئیسلامی وەك پەیامێكی سیاسیی لێكدرایەوە كە ئەویش دەتوانێت دۆستایەتیی و دراوسێتیی تاران و ئەنقەرە گەرموگوڕ بكات. ئەردۆغان و كلچدارئۆغڵو هەردووكیان جەختیان لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران كردوەتەوە بەو جیاوازییەی ئەردۆغان ئەزمونێكی 20 ساڵەی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای ململانێكان، حكومەتەكەی ئەو زیاترین پەیوەندیی سیاسیی و هاتوچۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران هەبوە بەڵام سیاسەتی گشتیی ئێستای كلچدارئۆغلو بۆ زیندوكرندوەی پەیوەندییە سیاسییەكانە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا كە لەسەر دەستی ئەردۆغان گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. غاندی توركیا یان كوردی خوراسان كلچدارئۆغلو كە خۆی و پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بە میراتگری مستەفا كەمال ئەتاتورك دەزانێت و سیاسەتی روو لە رۆژئاوا پەیڕەو دەكات و بە غاندی توركیا ناو دەهێنرێت رەنگە لە سزا نێودەوڵەتییەكانی دژی كۆماری ئیسلامی، هاوكاریی زیاتری ئەوروپا و ئەمریكا بكات بۆیە گومانی تێدا نییە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو بۆ سەرۆك كۆماریی توركیا هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەكات و ئەوەش نیگەرانیی ئێرانی لێدەكەوێتەوە. ئەو لە پەیامەێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند ئەبێت هەموو كەس ئەوە بزانێت من موسوڵمانێكی (عەلەوی)م و لە دێرسیم لەدایكبووم كە رەچەڵەكی باوباپیرانم دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانی خوراسان لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران ئەگەرچی ئەو زۆر ئاماژەی بە كوردبونی خۆی نەكردوە، بەڵام ئەوەی رونە ئەو كوردە و بە پێی مێژوی رەچەڵەكی باوباپیرانی لە كوردەكانی خوراسانە كە خاوەنی مێژویەكن لە بەرەنگاربونەوی دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە رابردوودا. كلچدارئۆغلو هیچ پەیوەندیی و ئەزمونێكی سیاسیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا نییە و تا ئێستا نە دۆستایەتیی كردون و نە دوژمنایەتیی بۆیە بە بڕوای شارەزایانی سیاسیی و دیپلۆماسیی لە ناوخۆی ئێران سەركەوتنی ئەو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی توركیا كاریگەرییەكی ئەوتۆی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و تاراندا نابێت. ئەوەی بەدی دەكرێت كرانەوەی كڵچدارئۆغڵوە لەگەڵ كورد لە باكور و دورنییە بەو بانگەشانەی كە كردویەتی بۆ ئازادیی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و سیاسەتمەدارانی كورد لەو بەشەی كوردستان بووبێتە مایەی دڵخۆشیی بۆ ژمارەیەك چالاكوان و سیاسەتمەداری كورد لە بەشەكانی دیكە و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەگەرچی كورد لە رۆژهەڵات هیچ هیوایەكی ئەوتۆی بۆ گۆڕانكاریی گەورەی سیاسیی لە ئەگەری سەركەوتنی كلچدارئۆغلو هەڵنەچنیەوە، بەڵام شكستی ئەردۆغان وەك دەستكەوتێكی گەورە و بەهێزبونی پێگەی كورد لەقەڵەم دەدەن. ئاواتی شكستی ئەردۆغان لە رۆژهەڵات هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە تا ئێستا عەفرین و كۆبانێ و بە گشتی رۆڵی ئەردۆغان لە داگیركردنی بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان بە هۆكاری سەرەكیی دەزانن، هەستیارە و تەنانەت لە رۆژهەڵات ئامادەكاریی كراوبو كە ئەگەر ئەردۆغان سەركەوتن بەدەست نەهێنێت ئاهەنگ ساز بكرێت. بەهۆی ئامادەكارییەكان كورد لە رۆژهەڵات بۆ ئاهەنگێڕانی شكستی ئەردۆغان، هێزی ئەمنیی زۆر لە شارەكانی ئەو بەشەی كوردستان بڵاوەی پێكرابو. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دەركەوتوە ئەو هاوڵاتییانەی توركیا كە دانیشتوای ئێرانن زۆرینەیان دەنگیان بە كلچدارئۆغلو داوە و ئەو توانیویەتی 53.92%ی دەنگەكانی ئەو وڵاتە بۆ خۆی بەدەست بهێنێت و رێژەی 42.8%ی دەنگدەرانی توركیا لەو وڵاتە دەنگیان ئەردۆغان داوە. لە ماوەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا زۆرترین خۆپیشاندان لە دژی سیاسەتكانی ئەو و توركیا لە رۆژهەڵات كراوە و لە ساڵی 2014 و لە كاتی جەنگی كۆبانێ تا داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەیان جار لەو بەشەی كوردستان خۆپیشاندانی سەرەتاسەریی ئەنجام دراوە و وێنە و پۆستەرەكانی ئەردۆغان سوتێنراون و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەك بە رەچەڵك تورك لە رۆژهەڵات و ئێران پشتیوانیان بۆ ئەردۆغان دەربڕیوە كە ئەوەش هەندێكجار بوەتە مایەی پێكدادانی كورد و تورك. بە گشتی پشتیوانی و دژایەتیی ئەردۆغان لە لایەن تورك و كورد لە رۆژهەڵات و ئێران بەدی دەكرێت و تەنانەت پێشبینیی ئەوە كراوە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەردۆغان توندوتیژیی توركە توندڕەوەكانی رۆژهەڵات و ئێران بەرامبەر كورد زیاد بكات. ئەردۆغان 20 ساڵ دۆستایەتی و دژایەتیی ئێران ئیسلامیبونی ئەردۆغان بۆ كۆماری ئیسلامی سەرنجڕاكێشترە بە تایبەت ئەو كاتانەی ئەو بانگەشەی دژایەتیی ئیسرائیل دەكات رەنگە فێنكاییەك بە دڵی بەرپرسانی ئێراندا بێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا تاران بێ ئاگا نییە لەوەی كە پشتیوانییە نەتەوەپەرستییەكانی ئەردۆغان لە وڵاتی ئازەربایجان هۆكارێكی دیكەی توندبونەوەی گرژییەكانی باكۆ و تارانە. ئەگەرچی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەسەرەتای دەركەوتنی پارتی داد و گەشە (ئاكەپە) و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو پارتە مەیلی پشتیوانیی بۆ دەربڕیون، بەڵام لە دوای ساڵی 2011 و لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی «بەهاری عەرەبی» توركیا لە زۆربەی ئاڕاستەكاندا پێچەوانەی كۆماری ئیسلامی هەنگاوی ناوە و جوڵاوەتەوە تەنانەت لە سوریا و عێراق تا دەگاتە میسر و ئەفغانستان دژایەتیی تاران و پشتیوانیی ئەو لایەنانەی كردوە كە نەیاری كۆماری ئیسلامی بون لە ناوچەكە. ئەردۆغان بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە لە ئازەربایجان هۆنراوەی بۆ سەربەخۆیی ئازەرییەكانی ئێران وت و ئاواتی سەربەخۆیی بۆ خواستن كە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند هەڵەتێگەیشتن رویداوە و ئێران بە دۆست و دراوسێیەكی گرنگی وڵاتەكەمان دەزانین. توركیا بە پێشەنگایەتیی ئەردۆغان لە 12 ساڵی رابردودا سیاسەتەكانی هەندێكجار لە ململانێوە بۆ دوژمنایەتییەكی ئاشكرای كۆماری ئیسلامی گۆڕیوە بۆ نمونە سەرەتای تێكچونی دۆخی سوریا دژی رژێمی بەشار ئەسەد كە بە هاوپەیمانی تاران لەقەڵەم دەدرێت، وەستایەوە و پشتیوانیی ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامییانەی كرد كە دژی دەسەڵاتی دیمەشق شەڕیان دەكرد. لەمیسر هانی حكومەتەكەی موحەمەد مورسی دەدا كە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێتەوە و توركیا چوە ژمارەیەك هاوپەیمانێەتییەكی وەك سعودیە و ئیمارات بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەكانی یەمەن كە ئەوانیش سەر بە ئێرانن، لە ئەفغانستان هەوڵی لێكنزیكبونەوەی لەگەڵ رێكخراوی تالیبان دەدا دژی تاران و تەنانەت لەم دواییانەدا بە ئاشكرا لەگەڵ باكو هەوڵی دابڕانی ئێرانیان لە ئازەربایجان دەدا و وای لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد بە بێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ باكۆ، پشتیوانیی لە ئەرمینیا بكات. ئەردۆغان بۆ شوێن لێژكردنی ئێران لە بواری غاز و گواستنەوەی نەوت بۆ ئەوروپا هەموو هەوڵەكانی خستەگەڕ و ئەو هەوڵانەی لە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان و تا دۆزینەوەی غاز لە دەریای رەش هەمووی لە چوارچێوەی پەراوێزخستنی كۆماری ئیسلامی بوو لەو بوارەدا. هەر لە سەردەمی ئەردۆغاندا و بە بیانوی شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و رێگریی لە كۆچبەران زۆرترین سنوری نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان كۆنكرێت كرا و زۆرترین كامێرای چاودێریی بنكەی سەربازیی توركیا لەو سنورانە جێگیر كران. سەرەڕای هەموو ئەو دژایەتییانەی توركیا لەسەر دەستی ئەردۆغان روبەڕوی كۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە بەڵام تاران دەسەڵاتێكی هاوشێوەی ئەردۆغان لە ترسی گواستنەوەی دیموكراسی و ئازادیی لە سنورەكانی توركیاوە بۆ وڵاتەكەی بە باشتر دەزانێت. سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان بە هاوكاریی و ململانێی هاوكات و ركابەرایەتیی لە بەرامبەر ئێران لەقەڵەم دەدرێت بەڵام تاران و ئەنقەرە لە ئێستادا دۆستێكی ستراتیژییان هەیە كە ئەویش مۆسكۆ-یە بۆیە ئێستا كە ئەردۆغان خۆی بە نەیاری ئەمریكا و رۆژئاوا لەقەڵەم دەدات مایەی دلگەرمیی كۆماری ئیسلامی و روسیایە. لەگەڵ هەمو ئەو دژایەتییانەی ئەردۆغان بەڵام ئەوەیكە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابوریدا، توركیا بوەتە شوێنێكی پارێزراو بۆ بازرگانییە شارەواەكانی ئێران و خۆدزینەوە لە سزاكان لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیە و پێناچێت سیاسەتی كلچدارئۆغلو كە نزیكایەتییە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی ئێستای تاراندا بێت. ئابوریی ئەردۆغان لە حەوشەی ئێران لە ئامارەكاندا دەركەوتوە هەناردەی توركیا لە 10 ساڵی رابردودا بۆ سوریا سەرەڕای جەنگ لەو وڵاتە چەند قاتی ئێران بووە و لە ساڵی رابردودا گەیشتوەتە دوو ملیار و 234 ملیۆن دۆلار لە كاتێك هەناردەی ئێران لەو ساڵەدا بۆ سوریا 243 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەوەش 10 هێندە لە توركیا كەمترە. مەسعود خوانساری، سەرۆكی ژوری بازرگانیی ئێران ئاشكرای كردوە؛ ئابوریی وڵاتەكەی 500 ملیار دۆلار لە دوای ئابوریی وڵاتی توركیاوەیە لە كاتێكدا ئەو وڵاتە گیرۆدەی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی جیهانە و دەگاتە زیاتر لە 84%. شیكەرەوانی ئابوریی و سیاسیی ئێران بە دۆڕاوی ململانێی بازرگانیی نێوان ئەنكەر و تاران دەزانن و لە ئامارەكانیشدا دەركەوتوە 30%ی بازرگانیی سوریا لەگەڵ توركیایە بەڵام تەنها 3% بازرگانیی ئەو وڵاتەی كە ئێران شەڕی بۆ دەكات و چەكدارانی پڕچەك دەكات پشكی تێیدایە. بە هەمو ئەمانەشەوە رەنگە بژاردەی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران ئەردۆغان بێت چونكە لە چوارچێوەی سێ كوچكەی روسیا و توركیا و ئێران دژی ئەوروپا و ئەمریكا دەجۆڵێنەوە.
شەنای فاتیح بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات بەشێك لەبەساڵاچوان كەسوكاریان هەیەو ئامادەنین لەخۆیانیان بگرن و بەخێویان بكەن، دەشڵێت:» بەشێكی بەساڵاچووان لەباخچەی خانەكەدا دادەنیشن و كاتەكانیان بەیاری دۆمینەوە بەسەردەبەن». لەهەرێمی كوردستاندا چوار خانەی بەساڵاچووان هەیە ئەوانیش خانەی بەساڵاچووانی هەولێر-سلێمانی-دهۆك-گەرمیان، كە بەساڵاچووان لەخۆدەگرن بەچەند مەرجێكی تایبەت كە. مەرجەكانیش ئەوەیە پێویستە ژنان لەتەمەنی ٥٥ ساڵیداو پیاو لە ٦٠ ساڵیدا بێت و عێراقی بن و نەخۆشی گوازراوەو دەروونی نەبێت و بێ كەس بێت و شوێنی حەوانەوەی نەبێت. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كەدەست هاوڵاتی كەوتووە، لەهەرێمی كوردستاندا لەكۆی چوار خانەی بەساڵاچووان لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان 152 بەساڵاچوو دەمێننەوە كە لەهەولێر 44 پیاوو 24 ژن، سلێمانی 18 پیاوو شەش ژن، دهۆك 26 پیاو و 22 ژن، گەرمیان نۆ پیاوو سێ ژن و ئەم ژمارانە بەردەوام لەگۆڕانكاریدان. بەشێك لەخانە بەساڵاچووەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی نەبوونی بودجەی پێویست و كەمی كارمەندیان هەیەو خێرخوازان مانگانە بەبڕە پارەیەك هاوكاری خانەكان دەكەن. ژیار جەلال بەڕێوبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەساڵاچووانەی لەخانەی بەساڵاچووانی سلێمانیدا دەژین سەرجەمیان بێ كەسوكارنین، زۆربەیان كەسوكاریان هەیەو هەشیانە كەسوكاریان دیار نیە یاخود نەهاتوون بەدەمیانەوە». هەروەها وتیشی:» بەشێكی بەساڵاچووان لەباخچەی خانەكەدا دادەنیشن یان كاتەكانیان بەسەیری تیڤی و یاری دۆمینەوە بەسەردەبەن و بەشێكیشیان مۆڵەت وەردەگرن و دەچنە بازاڕ یان سەردانی كەسوكاریان دەكەن». بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەسەر پرسی خزمەتگوزاری خانەكە باسی لەوەكرد كەخزمەتگوزاری تەندروستی چەند كاروبارێكی سادەی ڕۆژانە لەرێگەی بنكە تەندروستیەكانەوە ئەنجامدەدرێت و بۆ نەشتەرگەری گەورە دەبێت داوا لەخێرخواز یان نەخۆشخانەكان بكرێت بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر یان بەنرخێكی كەمتر ئەنجامبدرێت و بۆ دەرمانەكانیشیان پێویستە بەڕێوەبەرایەتی دابینی بكات یان داوا لەخێرخوازان بكرێت خەرجیی دەرمان دابین بكەن. «هاتنی كەیسی نەگونحاوی وەك نەخۆشی دەروونی و عەقڵی، یان نەگونجانی تەمەنی بەساڵاچووەكە و هەروەها كەمی كارمەندی چاودێر و كارگوزار بۆ خزمەتكردنی بەساڵاچووەكە چەند گیروگرفتێكن لەخانەكەماندا هەیە». ژیار جەلال وای وت. بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: «بەشێكی خەرجی خانە بەساڵاچووەكان حكومەت دابینی دەكات، بەڵام سێ مانگ جارێك پارە وەرەدەگرن كە ئەویش لەكاتی خۆیدا نادرێت، هەروەها بڕێك پارەی خێرخوازیان هەیە كەمانگانە وەریدەگرن و خەرجی خانەكەی پێ دابین دەكەین». بەپێی شەریعەتی ئیسلام، واجبە لەسەر كوڕو كچ یان كەسوكار دایك یان باوك یان مام و خاڵ و پور و داپیرەو باپیرە یان هەر كەسوكاری بێت بەخێویان بكەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن، ئەوەش وەك پاداشتی خوای گەورە دادەنرێت، سەرباری ئەوەی رێژەی 95% خەڵكی هەرێمی كوردستان مسوڵمانن، بەڵام بەشێكی كەم لە كوڕان و كچان دوای هاوسەرگیریان ئامادەنین دایك و باوكیان لەخۆبگرن و خۆیان دەیانبەن بۆ خانەی بەساڵاچوان، ئەوەش بەكارێكی نامرۆڤانە دادەنرێت لەئاستی كۆمەڵایەتی و ئاینیدا. محەمەد زۆراب یەكێكە لەو بەساڵاچوانەی لەگەڵ هاوسەرەكەی تازە لەخانەی بەساڵاچوانی سلێمانی وەرگیراون، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»من كەسوكارم هەیە هەم برا و هەم خوشكەزا، هاوسەرەكەشم بە هەمانشێوە». وتیشی:»بەڵام نە براكانم و نە خوشكەزاكانم نەیانگرتوومەتە خۆ هەرچەندە موڵكێكی زۆرم بۆ بەجێمابوو و پارەی موڵكەكانیشیان لەدەست دەركردم، ئێستاش ئامادەنین بەخێومان بكەن و خۆشمان منداڵمان نییە». وەك ئەو بەساڵاچووە دەڵێت:»هەرچەندە خانووشم هەیە، بەڵام بەهۆی باری تەندروستی خۆم و هاوسەرەكەم ناتوانین كاروباری ڕۆژانەمان ئەنجام بدەین و بەناچاری ڕوومان لەخانەی بەساڵاچوان كردووە».
ڤانە حەمە باوكی یوسفی تەمەن سێ ساڵان بیری لەوە كردووەتەوە چەك هەڵبگرێت، دوای ئەوەی كوڕەكەی توانای رۆیشتنی لەدەستدا بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكیەوە .باوكی یوسف ئەم كارە بۆ تۆڵەسەندنەوە ناكات، بەڵكو بۆ بەرگریكردن لەخۆی دەیەوێت بیکات، ئەوەش دوای ئەوەی ویستی لەرێگای یاساوە مافی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام رووبەڕووی هەڕەشە بووەوە. كۆتایی ساڵی رابردوو كاتێك یوسف تۆفیق، تەمەن سێ ساڵان تووشی سكچوون بوو، باوكی دەستی گرتوو بەپێكانی خۆی چووە لای نۆرینگەیەكی پزیشكی لە گەڕەكەكەی خۆیان، بەڵام لەو سەرەوە بەقاچێكی ساردوسڕی بێجووڵە گەڕایەوە. تۆفیق باوكی یوسف بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «كوڕەكەم ئێستا بەزەحمەت دەتوانێت بجوڵێت، گریان و ئازار ئۆقرەیان لەبەر هەڵگرتووە.» دایك و باوكی یوسف دەڵێن:» یاریدەدەرێكی پزیشك لەنۆرینگەی گەڕەكەیان بەزۆر چوار دەرزی لە یوسف داوە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوان ناڕازی بوون، دەشلێن هەر كە دەرزییەكەی لێدا، راست لەهۆش خۆی چوو». سەرەڕای بوونی راپۆرتی پزیشكیی كە وەك بەڵگەی تێكچوونی دۆخی تەندروستی یوسف خراونەتەڕوو، باوكی یوسف وتی: «ژیانمان لەمەترسیدایەو ناچارم چەك هەڵبگرم بەهۆی هەڕەشەكردن لەسەرمان دژی ئاشكراكردنی ئەو كێشەیە بۆ رای گشتی». باوكی یوسف پەنای بردووەتە بەر دادگا بەڵام دەڵێت كە كاروبارەكان «زۆر بەخاوی» دەڕۆنە پێش وهێشتا دادگا یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام نەداوە لەسەر ئەو كێشەیە. ئەوانەی وەكو باوكی یوسف پەنا دەبەنە بەر دادگا بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان، زۆرجار بەدەست بەتاڵی دێنە دەرەوە، چونكە كەیسەكانی هەڵە پزیشكیەكان لەكوردستان لەبەرژەوەندی خاوەن مافدا یەكلایی ناكرێتەوە. هەندێكیشیان وەكو باوكی یوسف ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە كاتێك بەدوای وەرگرتنەوەی مافی خۆیدا دەڕوات. هیوا حەمەساڵح، قوربانیەكی دیكەی هەڵە پزیشكیەكانە، ئەو بەهۆی بوونی ئازار لەپشتیدا چووەتە لای پزیشك، بەڵام لەو سەرەوە بەئیفلیجی گەڕاوەتەوە. كاتێك ئازاری پشت و قاچ كە بە «ئینزیلاق» ناسراوە هیوای بێهیوا كردبوو، روو لەپزیشكێك دەكات و ئەویش بەڵێنی چارەسەری یەكجارەكی پێدەدات، بەڵام دوای دوو جار لەنەشتەرگەری كردن و پشت بەستن بەبەڵێنەكانی پزیشكەكەی، هیوا بێهیوا دەبێت و ناگاتە هیچ ئەنجامێك و ئازارەكانی زیاد دەكەن و بەشێكی زۆری جەستەی لەكاردەكەوێت. هیوا بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكەم دكتۆرەكەم وتی، بڕۆە ماڵەوەو كێشەت نەماوە، بەڵام ئازارەكەم نەك كەم نەبۆوە، بەڵكو ئەمجارە ئازارەكەم ئەوەندە زۆربوو زەڕبی سەدی بكە». هیوا بەروار و كات و وتەكانی پزیشكەكانی وەك خۆی لەبیرماون هەروەك ئەوەی ئێستا رویان دابێت، درێژەی بەقسەكانیدا و باسی لەوە كرد كە دووبارە چووەتەوە بۆ لای پزیشكەكەی پێی وتووە ئازاری زۆرە، بەڵام پزیشك سەرەتا رێنمایی كردووە كە پشوو بدات، بەڵام دوای فرتنی تیشك شتێكی تر روویدا. هیوا وتیشی: «دووبارە چومەوە لای پزیشكەكەم، هێشتا تەقەڵەكانی یەكەم نەشتەرگەریم پێوە مابوو، بەڵام دوای پشكنین و تیشك پێی وتم، دەبێت دەستبەجێ نەشتەرگەریت بۆ بكەمەوە» هیوا دەشڵێت «بە دكتۆرەكەمم وت تۆ بەڵێنی چارەسەری تەواوەتیت پێدام، بەڵام ئەو پێی وتم چار نیە ئەمە [پزیشكییە]» واتە مەبەستی ئەوە بووە كە لە رووی پزیشكیەوە نابێ نەخۆشەكە قسەی تێدا بكات. هیوا دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دووەم، سەرەڕای چارەسەرنەبوونی ئازارەكەی، هەموو جەستەی سڕ دەبێت و تەنها زمان و دەموچاوی دەجوڵێت، بەڵام پزیشكەكەی لە وەڵامدا پێی دەڵێت «چیولێبكەم ، هەروایە». بەم جۆرە هیوا ناچار دەبێت روو لەئێران بكات، دوای گەڕانەوەی و وەرگرتنی ڕاپۆرتی پزیشكی دەگەڕێتەوە كوردستان و دوو جار داوای یاسایی تۆمار دەكات، بەڵام ئەمجارەش وەك خۆی دەڵێت هەمووشتێك بێ ئەنجام بووە و «شكاتەكەم هیچ دەورێكی نەبوو»، هیچ پارێزەرێكم نەبوو هەم لەبەر باری داراییم هەمیش خۆم هەمووشتەكانم دەزانی، چونكە بە هەر پارێزەرێكم دەوت تەنها وەڵامیان ئەوەبوو « لەگەڵ دكتۆردا پێمان ناكرێت» هەموو هەڵە پزیشكیەكان بەشێوەیەكی فەرمی تۆمار ناكرێن، چونكە هەندێك نەخۆش هۆشیاری نیە بەدواداچوون بكات بۆ مافی خۆی، ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێك لەدەزگاكانی تەندروستی ئامادەنین زانیاریی لەسەر ئەو پرسە بە رۆژنامەنووسان بدەن. هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەك لەبەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو پرسە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەك بۆ رای گشتی لەسەر پرسەكە بخاتەڕوو. ئەوەش لەكاتێكدایە لەسنوری تەندروستی گشتی سلێمانی بۆ ئەمساڵ تاوەكو ئێستا «چوار سكاڵای «یاسایی لەسەر هەڵە پزیشكیەكان تۆماركراون. بەڵام سامان لەتیف، وتەبیژی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: «لەئێستادا كار لەسەر هەر چوار حاڵەتەكە دەكرێت». بەوتەی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دوو جۆر كەیس لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەن، یەكێكیان ئەوەیە كەهاووڵاتی خۆی دەچێتە بنكەیەكی پۆلیس و سكاڵا تۆمار دەكات، پاشان رەوانەی دادگا دەكرێت و لە دادگاشەوە رەوانەی تەندرووستی سلێمانی دەكرێتەوە، جۆرێكی دیكەشیان هاووڵاتی خۆی راستەوخۆ دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و لەبەشی یاسا سكاڵا تۆمار دەكات. سامان لەتیف باسی لەوەشكرد كەدوای تۆماركردنی سكاڵاكە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ پێك دەهێنرێت كە لەپێنج ئەندام پیكدێن، جاری واش هەیە سێ ئەندامن و ئەوانیش پێكدێن لەنوێنەری داواكاری گشتی و پزیشكی پسپۆڕ لەگەڵ نوێنەری بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی. یاسا رێگەدەدات بەنەخۆش كە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام ئەمەش ئاسان نیە بۆ نەخۆشانێك كەهێشتا بەئازارەكانیانەوە دەتلێنەوە، لەكاتێكدا نەبوونی هۆشیاری و نەبوونی توانای دارایی ئەو دەرگایەی بەسەر زۆرێك لە قوربانیەكان داخستووە. ئەحمەد زوهەیر پارێزەرەو لەبارەی سكاڵای نەخۆشەكان لەسەر هەڵە و كەمتەرخەمی پزیشكی بەهاوڵاتی وت: «كەسانێكی زۆر كەم سكاڵا تۆمار دەكەن، ئەوەش زۆربەی جار لەبەر دۆخی دارایی نەخۆشەكانە كە ناتوانن پارێزەر بگرن، یاخود كەم جاریش هەیە داواكە بەسودی نەخۆش تەواو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێكی كەم هۆشیاریان هەیە كە بزانن چۆن داوا تۆمار بكەن و داوای مافی خۆیان بكەن» ئەحمەد زوهەیر كە لەساڵی ٢٠٠٩ وەك پارێزەر كاردەكات، دەشڵێت:» تائێستا دوو حاڵەتم هەبووە كە ئەوانیش تەنها پرس و راوێژ بووە و داوایان تۆمار نەكردووە». زۆرجار كەسوكاری نەخۆش ناتوانن مافی خۆیان وەربگرنەوە ئەگەرهاتوو نەخۆشەكەیان بەهۆی هەڵەی پزیشكیەوە گیانی لەدەستدا، چونكە لەماددەی ٤١١ی سزادانی عێراقیدا باسی كوشتنی بێ مەبەست دەكات، كە ئەوەش زیاتر مردن بە رووداوی هاتوچۆو و هاوشێوەكانی دەگرێتەوە. هەروەها لەماددەی ٤١٦دا كە زیاتر پەیوەستە بە هەڵەی كارو پیشە، كەسی تاوانبار سزا دەدرێت بە بەندكردن (لە ساڵێك كەمتر نەبێت )پێبژاردن (لە ٤٥ هەزار كەمتر نەبێت و لە ٢٢٥ هەزار زیاتر نەبێت) ئەگەر هاتوو بووە هۆی مردن، زیانگەیاندن بە نەخۆش، ئەنجامدانی هەڵەیەكی پزیشكی كە ببێتە هۆكاری كەم ئەندامبوونی نەخۆش ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمی یاخود هەڵەكردن. لەهەموو بارەكاندا، نەخۆش بەئاسانی ناتوانی قەرەبوو وەربگرێتەوە، بەو پێیەی زیانەكانی نەخۆش بە تەنیا دارایی نین و زیانی گیانی و جەستەییشی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی كەیسەكانیان بە ئاسانی ناچیتە پێشەوە، هەروەكو ئەوەی باوكی یوسف وتی كە شەش مانگ هیچ دانیشتنێكی دادگا لەسەر كەیسەكەی نەكراوە. هاوشێوە یوسفی سێ ساڵان كە باوكی بردیە نۆرینەگی گەڕەك، ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵان لە ئاكرێ بەناوی شەریهان كە خاوەنی پێنج منداڵ بوو، بەهۆی پەتایەكی سووكەوە سەردانی نۆرینگەیەكی كرد، بەڵام دوای لێدانی دەرزیەك گیانی لەدەستدا. شەلال كوردی، شوبرای شەریهانە بەهاوڵاتی وت: «هیچ عەیبی نەبوو، پێشتریش لەهەمان نۆرینگە بۆ ئەو پەتایە دەرزی بۆكرابوو، بەڵام ئەمجارەیان كە چوویەوە نۆرینگەكە، راست لەدوای دەرزیەكەی لێیان دا لەهۆش چوو، تاوەكو لەكۆتایدا لە فریاكەوتنی ئاكرێ گیانی لەدەستدا». سەرەڕای گیانلەدەستدانی شەریهان كە وەك پشتڕاستكراوەتەوە بەهۆی دەرزیەكە گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەكەی هیچ سكاڵایەكیان تۆمار نەكردووە و دەڵێن « قەدەری خودایە و بەوە رازین». ئەگەرچی كەسوكاری شەریهان رووداوەكەیان بەستووەتەوە بەقەدەرەوەو سكاڵایان تۆمار نەكردووە، بەڵام ئەوانەشی كەوەكو باوكی یوسف سكاڵا تۆمار دەكەن، هەندێكجار دووچاری گرفتی قورستر دەبنەوە، ئەویش هەڕەشەكردنە لێیان كە دەست لەسكاڵاكانیان هەڵبگرن.
شەنای فاتیح پرسی كامێرای چاودێری تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت بابەتێكی گەرمی نێو هاوڵاتیانە و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان رەخنەی توندیان گرتووە كە تەنها بۆ»كۆكردنەوەی داهاتی زیاترە لە گریفانی شۆفێران»، بەڵام لەئێستادا دوا رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی ماوە تا نزیكەی 300 كامێرا بكەوێتە كار. ساڵی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت تو پۆینتی ڕاگەیاند، كە خێرایی شۆفێران لەشەقامەكاندا سنوردار دەكات و لەنێوان دانانی دوو كامێرادا كاتژمێری گەیشتن بەو شوێنەی دیاریكردووە و شۆفێران بە كەمتر لەو ماوەیە ئەو ڕێگایە ببڕن غەرامە دەكرێن. فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كامێرای تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت لەشاری هەولێردا تەنها لەشەقامی ١٢٠ مەتری كاردەكات». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بۆ دابینكردنی كامێراكان نازانن چ كۆمپانیایەك جێبەجێی دەكات وەك ئەو وتی:» پەیوەندی بەكاری ئێمەوە نییە، هەر شوێنێكیش چەند كامێرای پێویست بێت دادەنرێت و ژمارەیان جێگیر نییە». هەروەها موقەدەم ئازاد، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «سیستەمەكە لەدهۆكدا نەچووەتە بواری جێبەجێنەكردنەوە، چونكە هێشتا پڕۆسەكە قۆناغەكانی لە هەولێر تەواو نەبووە و پاش هەولێر لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و پاشان دهۆك و دواتریش ئیدارە سەربەخۆكان». لەبارەی دەستپێكردنی سیستەمەكە بەختیار محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» سیستەمی كامێرای پۆینت تو پۆینت لە قۆناغەكانی كۆتایدایە، كامێراكانی چاودێری و ئۆفیسی داتا سەنتەر لەبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆش تەواوبوون و تەنها وەرگرتنی رەزامەندی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ماوە بۆ كاركردن». هەروەها باسی لەوەشكرد:» سیستەمەكە لەڕێگای نێوان تاسڵوجە- دوكان تەواوبووە بەپێچەوانەشەوەو كامێراكانی خێرایی دانراون، لەكاتی تەواوبوونی ڕێوشوێنەكان و بەر لەجێبەجێبوونی پڕۆسەكە هاوڵاتیان ئاگاداردەكرێنەوە لە رۆژ و كات و كاتژمێری كارابوونی سیستەمەكە». وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەشكرد «لەئێستادا كامێرای جێگیر كە لەسەنتەری شاری سلێمانیدا كاردەكات كامێرای سەر پردی كۆبانێیەو شوێنەكانی دیكە بەپێی پێویست كامێرای گەڕۆكی بۆ دادەنرێت و لەلایەن شۆفێرانەوە بینراوە، تائێستاش لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود و ڕێگای دەرەوەی شارەكان و سیستەمێكی گەڕۆكە». گرێبەستی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت تو پۆینت بۆ ماوەی 15 ساڵ كراوەو حكومەت خۆی سەرپێچی و سزا دیاریدەكات، بۆ ماوەی دە ساڵ ٪٧٠ی ی بۆ كۆمپانیاو ٪٢٠ی بۆ حكومەت و ٪١٠شی بۆ سیانەی پرۆژەكە دەبێت، هەتا ئەوكاتەی پارەی پرۆژەكە دەردەهێنێتەوە، دوای دەرهێنانەوەی پارەكەش پێچەوانە دەبێتەوە٪٢٠ی بۆ كۆمپانیا و ٪٧٠ی بۆ حكومەت و ٪١٠ی بۆ سیانەی پرۆژەكەیە. لاوەند فەرەیدون، پارێزەری كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەپێی ئەو گرێبەستەی ئەنجامدراوە سەرجەم كارەكانی تەواو بووەو تەنها ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی ماوە، دەبێت ئەوان نوسراوی ڕادەستبوونی بۆ بكەن، پڕۆسەكەش بۆ ناوشار یەك پۆینتەو بۆ دەرەوەی شاریش پۆینت تو پۆینتە». سەبارەت بەپرسی تەقەكردن لەكامێراكانی چاودێری لاوەند فەرەیدوون وتی:» پرسی تەقەكردن لەكامێراكانی چاودێری قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئێمە پەنامان بۆ دادگای لێكۆڵینەوە برد و بكەرانی ئەو كارە نادیارن». «كامێراكانی چاودێری بەپێی گرێبەستەكە هەنگاوی یەكەم دەرەوەی شار پاشان ناوشار دەبێت، لەپارێزگای سلێمانی كۆمپانیای جێبەجێكار كامێراكان دابین دەكات و ژمارەكەی بەپێی ئەو پێویستیەیە كە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆكان داوای دەكەن و پێویستی ئەو شەقامە دەیخوازێت».لاوەند فەرەیدون وای وت.
سەركۆ جەمال لەماوەی ٢٠ ساڵدا لەنێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠١٩ لەنێوان ١٦-٣٩ رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکراون یاخود لەکاتی روماڵی رۆژنامەوانی کوژراون و ئامارەکانیش جیاوازیەکی زۆریان تێدایە کە لە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیردن لە مافی رۆژنامەنوسان و سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان وەرگیراون. بەپێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ لە 5-3-2008 نوسەر و ڕۆژنامەنوس عەبدولستار تاهیر شەریف كە بە فریلانس كاریكردووە لە كەركوك تیرۆركراوە، سۆرانی مامە حەمە لە 21-7-2008 كە لە گۆڤاری لڤین كاریكردووە بە هەمانشێوە لەكەركوك تیرۆركراوە، لە 5-5-2010 سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس كە بەشێوەی فریلانس كاریكردووە لەهەولێر تیرۆركراوە. كاوە گەرمیانی یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی بە فریلانس لەگەرمیان كاریكردووە و لەڕۆژی 5-12-2013 تیرۆركراوە، دەنیز فوڕات كە وەكو پەیامنێرلەمەخمور كاریكردووە لە 8-8-2014 لەكاتی ڕوماڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بەداعش تیرۆركراوە، وەدات حسێن لە 13-8-2016 تیرۆركراوە ئەو وەكو پەیامنێری ڕۆژنیوز لە دهۆك كاریكردووە. هەر بەپێی لیستەكەی سەنتەری میترۆ، شوكری ئامێدی لە 1-12-2016 تیرۆكراوە و وەكو پەیامنێر لەئامێدی بۆ كەناڵی كەی ئێن ئێن كاریكردووە و تەرمەكەی لە گوندێكی نزیكی ئامێدی دۆزرایەوە. مستەفا سەعید كە وەكو كامێرامانی كوردستان تیڤی لەخازر كاریكردووە لەكاتی ڕووماڵی بەرەكانی شەڕ دژ بە داعش لە 14-8-2016 تیرۆركراوە، ئەحمەد هاجەر بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی كەناڵی توركمان ئیلی لەكەركوك لەكاتی ڕوماڵی ڕووداوێكی پێكدادانی چەكداری لەكەركوك تیرۆركرا، محەمەد سابت ڕۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری ڕادیۆی باباگوڕ گوڕ لە داقوق لەڕۆژی 6-12-2016 لەكەركوك تیرۆركرا، هاوكات ئەركان شەریف كە وەكو كامێرامان لە كوردستان تیڤی كاریكردووە لەداقوق، لەڕۆژی 30-10-2017 هێزێك لەناو ماڵەكەی خۆی تیرۆریان كرد، عەبدولقادر قەیسی ڕۆژنامەنوس و پارێزەر كە بەفریلانس كاریكردووە لەڕۆژی 5-12-2017 تەرمەكەی لەسەر ڕێگای كەركوك- بەغدا دۆزرایەوە. شیفا گەردی پێشكەشكار و پەیامنێری مەیدانی لە كەناڵی ڕووداو، لەكاتی ئامادەكردنی بەرنامەیەك لەموسڵ لەڕۆژی 25-2-2017 بۆمبێك پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا، هەروەها ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد كە هەردووكیان ڕۆژنامەنوس بون لە ڕۆژی 20-6-2017 لەموسڵ و لەكاتی ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنی دژ بەداعش گیانیان لەدەستدا، نۆژیان ئارهان یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی سەرنوسەری گۆڤاری سوژن بووە و لەخانەسوری شەنگال لەكاتی ڕووماڵی پێكدادانی چەكداری نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و هێزەكانی یەبەشە گیانی لەدەستدا. بەڵام سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ئامارێكی داوەتە هاوڵاتی كەناوی 39 ڕۆژنامەنوس و میدیاكاری تێدایە و لەساڵی 1999 ەوە تا 2019 تیرۆركراون یاخود لەكاتی رووماڵدا كوژراون. ئەوانیش سوارە بابەكر خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری پاڵە لەهەولێر كەساڵی 1999 تیرۆركراوە و سەربەست مەحمود سەرنوسەری هەفتەنامەی میدیا لەهەولێر كە ئەویش لە هەولێر و لە 31-5-2000 تیرۆركراوە، هاوكات فەرەنسۆ هەریری خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری هەولێر كە هەر لەهەولێر و لە 18-2-2001 تیرۆركراوە، ئەحمەد كەریم یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانە كە پەیامنێری كوردستان تیڤی بووە و لەموسڵ و لە 3-7-2003 تیرۆركراوە، هەروەها ئەحمەد شەوكەوت كە سەرنوسەری ڕۆژنامەیەكی عەرەبی بووە لە موسڵ و لە 28-10-2003 تیرۆركراوە، شەوكەت شێخ یەزدین خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری گوڵان لەهەولێر لە یەكی شوباتی 2004 هەر لەهەولێر لەڕووداوێكی تیرۆریستیدا گیانی لەدەستداوە،هەر لەو ڕووداوەدا هەریەك لە سەعد عەبدوڵا خاوەنی گۆڤاری كشتوكاڵ، مەهدی خۆشناو سەرنوسەری گۆڤاری نوسەری نوێ ، كامەران محەمەد نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان ، ناسح سەلیم نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان، ئەیوب محەمەد وێنەگری گوڵان تیڤی، عەبدولستار كەریم وێنەگری ڕۆژنامەی خەبات، سەفیر نادر وێنەگری گوڵان تیڤی، سەڵاحەدین سەلیم نوسەری ڕۆژنامەی ئیتیحاد، سمكۆ كەریم وێنەگری ڕاگەیاندنی پارێزگا، هێمن حەمەساڵح وێنەگری كوردستان تیڤی و دیدەوان محەمەد وێنەگری كوردستان تیڤیی گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی لیستەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، كەریم حسێن و دنیا محەمەد وێنەگرانی كوردستان تیڤی لەموسڵ لە 10-10-2004 تیرۆركراون، لە 10-2-2005 لایق ئیبراهیم پەیامنێری كوردستان تیڤی لەكەركوك تیرۆركراوە، دلێر عەلی كە پەیامنێری هەفتەنامەی یەكگرتوو بووە لەبەغدا لەلایەن ئەمریكیەكانەوە تەقەی لێكراوە و گیانی لەدەستداوە. وەك لەئامارەكە هاتووە، سامان عەدوی و خەلیل عەبدوڵا پەیامنێرانی كەركوك تیڤی لەكەركوك لە 9-5-2005 تیرۆركراون، هەروەها كامل دەروێش وێنەگری زاگرۆس تیڤی لەكەركوك لە 2-7-2005 تیرۆركراوە، محەمەد ڕەزا نوسەری هەفتەنامەی كۆمەڵ لە 15-10-2006 لەبەغدا تیرۆركراوە، تەیب عەبدوڵا پەیامنێری یەكگرتوو تیڤی لەكەركوك و لە 16-7-2007 تیرۆركراوە، مستەفا گەرمیانی نوسەر لە هەمان ڕۆژدا لەكەركوك تیرۆركراوە، سروە عەبدولوەهاب كە ڕۆژنامەنوسی فریلانس بووە لە كەركوك لە 5-4-2008 تیرۆركراوە. سۆرانی مامەحەمە یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی ناوی لە ئامارەکەی سەندیکادا هاتووە، دیار عەباس كە بۆ تەلەفزیۆنی عێراقیە لەكەركوك كاریكردووە لە ڕۆژی 10-10-2008 تیرۆركراوە، عەبدولستار تاهیر كە نوسەر بوو لە 5-3-2008 لەكەركوك تیرۆركراوە، سەلام عەرەب لەگۆڤاری دیجلە كاریكردووە لە 5-2-2009 لەموسڵ تیرۆر كراوە، سەردەشت عوسمان نوسەری ڕۆژنامەی ئاشتی نامە لەهەولێر لە 6-5-2010 و ڕۆژێك دوای ڕفاندنی لەهەولێر تەرمەكەی لەسەر ڕێگەی موسڵ دۆزرایەوە. لەراپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان هاتووە: كاوە محەمەد سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ لەگەرمیان لە 5-12-2013 لەگەرمیان تیرۆركرا، ویداد حسێن پەیامنێری ڕۆژنیوز لەدهۆك لە 13-8-2016 تیرۆركرا، شیفا زكری لەڕووداو بەهۆی بۆمبێكی چێندراوی تیرۆریستان لە 25-7-2017 گیانیلەدەستدا، ئەركان شەریف پەیامنێری كوردستان تیڤی لەداقوق و كەركوك لە 30-10-2017 تیرۆركراوە، ئامانج بابانی لە كەناڵی ئێن ئاڕتی لەسلێمانی و لە 16-10-2019 تیرۆركراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئامارەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان چەند ڕۆژنامەنوسێكی تیرۆركراوی هەژمار نەكردووە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێداون، ئەوانیش دەنیز فوڕات و شوكری ئامێدی و ئەحمەد هاجەر و محەمەد سابت و عەبدولقادر قەیسی و ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد و نۆژیان ئارهانن، بەڵام ئامارەكەی سەندیكا ئاماژەی بە 13 ڕۆژنامەنوس و میدیاكار كردووە كە لەڕووداوی یەكی شوباتی 2004 لەهەولێر گیانیان لەدەستداوە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێنەكردوون، هاوكات ناوی چەند ڕۆژنامەنوسێك لەلیستی هەریەكەیاندا هاتووە كە لەلیستەكەی دیكەدا ئاماژەی پێنەكراوە. سەردەشت عوسمان یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەیە لەهەرێمی كوردستان كە تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕۆژی 4-5-2010 لەهەولێر رفێندراو ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی موسڵ دۆزرایەوە، تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بەسزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆركراوە. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو هەژماریان كردووە، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئەوکاتی هەولێر ئەوەبوو کە روداوەکە کارێکی تیرۆرستی بووە. بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمان بەهاوڵاتی وت:»كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لای حكومەت داخراوەو هەر باسیشی لێوەناكرێت «. «بەڵگەی زۆر لەبەردەستدا هەبوو كە دەتوانرا بكوژانی سەردەشت دەستگیربكرێن، بەڵام لەلایەن كاربەدەستانی باڵای حكومەتەوە پەردەپۆشكرا» بەشدار عوسمان وایوت. بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ئەنجامیداوە و ئەو زانیاریانەشی لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتوون، لەهەرێمی كوردستان پێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسی ماوەتەوە و بكوژانی ڕاستەقینەی ئاشكرانەكراون. یەكێك لەو كەیسانە كە كاوە گەرمیانییە بكوژە سەرەكییەكەی دەستگیركراوە بەڵام هێشتا كەسوكاری گومانیان هەیە لەوەی ئەو كەسەی لەپشتی كوشتنەكەیەتی بەرپرسێكی باڵایە و بكوژ تەنها جێبەجێكار بووە. ئەو كەیسانەشی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە و گومانیان لەسەرە هەریەك لەكەیسەكانی (سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و عەبدولستار تاهیر شەریف)ە. بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان ئازادی رادەربڕینی تێدایە.
هاوڵاتی بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز كە لەپارتی دیموكراتی گەلان( هەدەپە) و چەند لایەنێكی دیكە پێكهاتبوون، ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەدەسەڵاتەكەی ئەدرۆغان ساختەكاری گەورەیان لەهەڵبژاردنەكاندا ئەنجامداوەو دەشڵێن:»ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەسەركەوتن نابینین». پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) بەهۆی ئەوەی مەترسی داخستنی لەسەر بوو لەدادگای دەستوری توركیا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەكەی 14ی ئایاری كردو لەكۆی 600 كورسی 65 كورسیان مسۆگەر كردووەو لەو ژمارەیە 55 یان كوردن. پارتی چەپی سەوز ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت. بەم شێوەیە مەترسیان لەسەر ئیرادەی ملیۆنان كەس دروستكرد. دیارە كەئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت». هەروەها دەنگەكانیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كەمال كلیچدار ئۆغلو بوو كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ركابەری بوو. ١٤ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی توركیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلایی بووەوە و كورسی لایەنەكان لەپەرلەماندا ئاشكرا بوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی نەبووەتەوەو كێبڕكێكە بەردەوامە. لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات 49.5% دەنگەكان، كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن 44.89%ی دەنگەكان و سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا 5.29% ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا. بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن هیچ كاندیدێك رێژەی ٥١٪ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنەكە چووە خولی دووەم كەبڕیارە ٢٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێتەوە. بەپێی ئەنجامە بەراییەكان هاوپەیمانی كۆمار 49.34%ی، هاوپەیمانی گەل 35.59% و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی 10.35%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا. لەكۆی ٦٤ ملیۆن دەنگدەری ناوەوەو دەرەوەی وڵات، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) ١٨ ملیۆن و ٥٤٨ هەزار و ٧٩٠ دەنگ، پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) ١٣ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار و ٥٦٥ دەنگ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێنج ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٣١ دەنگ، پارتی باش پێنج ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٦٤١ دەنگ، پارتی چەپی سەوز چوار ملیۆن و ٥٧٤ هەزار و ٢٥٨ دەنگ، پارتی رەفاحی نوێ ملیۆنێك و ٣٩٩ هەزار و ٩٣٨ دەنگ، پارتی كرێكارانی توركیا ٨٢٥ هەزارو ٧٣٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. بەم شێوەیە ئاكەپە ٢٦٧ كورسی پەرلەمان، جەهەپە ١٦٩ كورسی، مەهەپە ٥٠ كورسی، پارتی باش ٤٤ كورسی، پارتی چەپی سەوز ٦٢ كورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا چوار كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ ئاكەپە ٢٠ كورسی و پارتی چەپی سەوز، پێنج كورسیان لەدەستداوە. هەروەها مەهەپە كورسیەك، پارتی باش كورسیەكو جەهەپە و هاوپەیمانەكانیشی ٢٣ كورسیان لەپەرلەمان زیاد كردووە. لەڕۆژی هەڵبژاردنەكاندا پارتی چەپی سەوز كە بەر لەهەڵبژاردنەكانیش، رووبەرووی شەپۆلێكی گەورەی دەستگیركردن و فشاری دەسەڵات ببوەوە، لەیەكەم رۆژی هەڵبژاردنەكانیشدا، هێرش كرایە سەر ئەندامانی و رێگە نەدرا لایەنگرانی دەنگ بدەن. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا كە بنكە سەرەكییەكەی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستانە، چەندین ساختەكاری دەسەڵاتی بەبەڵگەوە ئاشكراكرد. لەچەندین شار كاندیدەكانی ئاكەپە لەگەڵ خزم و لایەنگرەكانیان بەكۆمەڵ روویان لەبنكەكانی دەنگدان كردو دەنگیاندا، بەڵام چاودێرانی پارتی چەپی سەوز رێگریان دەكردو بۆیەش چەندین جار ئاڵۆزی لەنێوانیاندا روویدا، لەشاری مێردینیش دوو چاودێری پارتی چەپی سەوز برینداركران. لەلایەكی دیكەوە، چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی بڵاوكرانەوە كە لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز بەهۆی ئەوەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتووە، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، هەروەها بەشێكیشیان رایدەگەیەنن كە ناویان وەك چاودێری سەر سندوقەكانی دەنگدان هاتووەتەوە كە پێویست بوو پێشتر دەنگی خۆیان بدەن و رێگریان لێكراوە دەنگ بدەن. یەكێك لەفێڵ و ساختەكارییەكانی سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاتێك ئاشكرابوو كە تۆماری خام و پسوڵەی مۆركراوی سندووقی ژمارە ١٢٣٤ لەخوێندنگەی سەرەتایی ئەسما ئۆجاك لە ناوچەی بسملی ئامەد، بەراورد كران. لەو سندووقە ٢٣٣ دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دراون، بەڵام لە سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا ئەو دەنگانە بۆ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نوسراون، مەهەپە لەو سندوقەدا یەك دەنگیشی پێنەدرابوو. گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لەئامەد لەو بارەوە بەمیدیاكانی باكوری كوردستانی راگەیاند:»بەم جۆرە ژمارەیەكی زۆر سندووق هەیە كە دەنگەكان بۆ مەهەپە نوسراون. تۆماری خام و هەموو پسوڵە تۆماركراوەكان لەسیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەراورد دەكرێن و سكاڵا تۆمار دەكەن. ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماری ئەو دەنگدانەی بڵاوكردەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە هەژمار نەكراون و رایگەیاند، لە ٢٣ شاری باكوری كوردستان لانیكەم ٣٢٠ هەزار دەنگ هەژمار نەكراون كەهەمووشیان دەنگی پارتی چەپی سەوز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەشارەكانی خارپێت، ئەرزەڕۆم، روحا، دیلۆك و بەدلیسی باكوری كوردستان دەنگی دەسەڵات كەمیكردووە. لەشارەكانی سەر دەریای رەش دەنگی ئاكەپە ١٠٪ كەمیكردووە. لە ریزە كە شاری ئەردۆغانە، بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ دەنگی ئاكەپە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە. لەئەرزەرۆم دەنگی ئاكەپە لە ٥٤.٨٨٪ەوە بۆ ٤٣.٢٦٪ كەمی كردووە. لەخارپێت لە ٥٤.٦٣ەوە بۆ ٤٠.٢٤، لە روحا لە ٥٢.٧٪ەوە بۆ ٤٢.٩٩٪، لە دیلۆك لە ٥١.٤٥٪ەوە بۆ ٤٤.٩٣٪ و لە بەدلیس لە ٤٤.٧٧٪ەوە بۆ ٣٧.١٤٪ كەمی كردووە. دەنگی ئاكەپە بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ لەمەڕەش لە ٥٨.٥٤٪ەوە بۆ ٤٧.٧٠٪، لە كۆنیاش لە ٥٩.٥١٪ەوە بۆ ٤٨.١٤٪ كەمی كردووە. لەئەستەنبوڵیش دەنگی ئاكەپە لە ٤٢.٧٪ەوە بۆ ٣٦.٢٪ و لەئەنقەرە لە ٤٠.٢٪ەوە بۆ ٣٢.٦٪ دابەزیوە. چاودێرانی نێودەوڵەتی: هەڵبژاردنێكی یەكسان و دادپەروەر نەبوو لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، چاودێرانی نێودەوڵەتی لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو راگەیەندراوێكیان خوێندەوە كەتێیدا هاتبوو، « بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی دیموكراسی، زەمینێكی یاسایی نەخوڵقێنراوە». هەروەها ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە كە» ئەردۆغان و دەسەڵات بەسنورداكردنی چالاكیەكانی ئۆپۆزسیۆن رێگەیان نەدا زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەپرۆسەكەدا بكەن». هاوكات ئەوەشیان روونكردووەتەوە كە لەپرۆسەی هەڵبژاردندا، لەنێوان كاندید و پارتەكاندا هەلی بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی یەكسان نەبووە و لەو رووەوە لەخولی دووەمی هەڵبژاردنیشدا چاودێریەكی وردیان دەبێت. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی هەدەپەو چیدەم كلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاكن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان ساز كرد. ئوچار رایگەیاند:»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت.... ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت.» هەروەها پەروین بوڵدان رایگەیاند:» ئێمە لەهەموو كاتێكدا پێداگیریمان لەسەر پاراستنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كرد، پێویستە بەجددی هۆكارەكانی كەمی دەنگەكان قسەی لەسەربكرێت، ئەم پرسە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان باس دەكەین.» كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی گشتی جەهەپەش لەدوایین تویتیدا لەبارەی خولی دووەمی هەڵبژاردن رایگەیاند» هێشتا هەل ماوە كە كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت، خولی یەكەم كۆتایی هات و لەسندوقەكاندا پەیامی گۆڕانكاریمان بینی، ژمارەی ئەو كەسانەی گۆڕانكاریان دەوێت زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم دەسەڵاتە رزگارمان ببێت، پێویستە زیاتر كاربكرێت.» هەروەها عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤە) كە هاوپەیمانی كلچدارئۆغلۆیە رایگەیاند، ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار دەنگ هەیە كە هەژمار نەكراون». خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٢٠ی مانگدا دەستپێدەكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە ئۆپۆزسیۆن متمانەی پێ نییەو بەوە تۆمەتباری دەكات كە لەبەرژەوەندی دەسەڵات كاردەكات، هەنگاوێكی دیكەی ناوە كەگومانەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەكات. كۆمسیۆن بڕیاری داوە لەو وڵاتانەی كەدەنگی كلچدارئۆغلۆ زیاترە ماوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمبكاتەوە. لەوڵاتانی ئەمریكا، ئوستوراڵیا، بەریتانیا، ئیرلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، كەنەدا و لیبیا كە تێیاندا كەمال كلچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەپێشەوەبووە، ماوەی دەنگدانی لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمكردەوە. لەفەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵندا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەبوو، ماوەی دەنگدان دەستكاری نەكراوە. سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رێژەی ٥.٢٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا بووەتە ئەكتەری سەرەكی هەڵبژاردن و هەردوو كاندیدەكەی دیكە لەخولی دووەمدا پێویستیان بە دەنگەكانی ئەوەو بەتایبەتی كلچدارئۆغلۆ هەوڵدەدات دڵی ئۆغان رازی بكات.
هاوڵاتی دوای دەستپێشخەرییەكەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ سێشەممە پارتی و یەكێتی لەسلێمانی كۆبوونەوەو پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ كراوەو گفتوگۆ لەبارەی لیستی هاوبەش كراوەو بەكراوەیی هێشتوویانەتەوە. دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا كە لەڕێگەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەو كونسوڵی ئەمریكا ئەنجامدرا لەڕۆژی 4ی ئایار كەهەریەك لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆكی حكومەتیان بینی و هۆشداریان پێدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە 18/11/2023دا، پارتی گڵۆپی سەوزی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكێتی داگیرساندو دوای چوار رۆژ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كۆبوونەوەیان ئەنجامداو تێیدا رێككەوتن كرا بۆ گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشە دارایی و ئەمنی و كارگێڕییەكان كەیەكێتی داوای دەكرد. هەروەها رۆژی 11ی ئایار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموراتی كوردستان لەكردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی مەلا مستەفا بارزانی بەفەرمی داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كردو رایگەیاند:» لاپەڕەیەكی نوێ لەنێوان لایەنەكاندا هەڵبدرێتەوە بەتایبەت پارتی و یەكێتی و ئەو كێشانەی هەیە لەئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی لەسەربكرێت و لیژنەی هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ چارەسەركردنی پێش 18ی ئایار». دوێنێ سێشەممە وەفدێكی مەتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردو تێیدا چەند پرسێك تاوتوێكراون كە بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی گرنگترینیان بریتی بووە لەوەی لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی پارتی ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەروو هەموویانە پرسی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف و گێڕانەوەی بودجەی دژەتیرۆر. هەروەها چوونەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەگرنگ وەسف كراوە بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كێشە دارایی و دەسەڵاتە كارگێڕییەكان كە بڕیاردراوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر بكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە وەفدی پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە دەیانەوێت پێش 18ی مانگ كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رایگەیاندووە ئەو بڕگەیەی كە تایبەتە بە 11 كورسی مەسیحی و توركمان و ئەرمەن لەگەڵ یەكێتی چارەسەری بكەن و سێ خاڵەكەی دیكە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان پارتی دڵنیایی داوە كە لەڕێكەوتنەكەیان لە لیژنەی هاوبەشی تایبەت بەهەڵبژاردن پاشگەز نەبوونەتەوەو بەم زووانەش كۆبوونەوەكانیان دەستپێدەكاتەوە. هەروەها یەكێتی داوای كردووە سێ كورسی بۆ توركمانەكان و مەسیحیەكان لەسەر بازنەی سلێمانی دابنرێن و بۆ ئەوەش پارتی تاوتوێی دەكەنەوەو دوابڕیاریان دەدەنە ئەو لیژنە تایبەتەی بۆ هەڵبژاردن پێكیانهێناوە. وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی بەیەكێتیان راگەیاندووە كە» هیچ كێشەیەك نابێت بهێڵینەوە بەبێ چارەسەر، بەهاوبەشی و بەگفتوگۆی دۆستانەو دوولایەنە چارەسەریان دەكەین». هاوكات پرسی لیستی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی وەك پێشنیاز لەكۆبوونەوەكەی دوێنێ خراوەتەڕوو كە ئەو پرسە بەكراوەیی لەنێوانیاندا دەمێنێتەوەو كۆتا خاڵ دەبێت گفتوگۆی لەسەربكرێت. یەکێتی داوای سێ کورسی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی بۆ بازنەی سلێمانی کردووە لەدوای كۆبوونەوەكەیان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری مەسعود بارزانی كە لەكاتی پێویستدا هات، هاوڕابوون پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییەو ناوماڵی كوردستانی پێ رێكبخرێتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەردوولا دەستخۆشی لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەن، بۆ پەسەندكردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی دارایی كەپرۆژەی تێكڕای لایەنەكانی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمەو هەردوو مەكتەبی سیاسی بەتەواوی پشتیوانی لێدەكەن. هەردوولا پەرۆش و هاوڕابوون بۆ فەراهەمەكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا. ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە»بڕیاریانداوە وەك یەك تیم كاربكەن و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دیكەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمكردنی كەشوهەوای لەبار لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لەناوچەكەدا هەیە». بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاش كۆبوونەوەكەی وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی جەختی لەوەكردەوە كە بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی لەحكومەتی هەرێمدا كاردەكەن و هەنگاوەكانی بە» ئازایانە» وەسف كردو وتی:»كابینەی نۆ هەنگاوێكی بوێرانەی ناو توانی بەئاڕاستەیەكی دیكە هەنگاوبنێت كە خۆی لەخزمەت بێ جیاوازی و ئەولەویەت بۆ مووچە دەبینێتەوە كە ئەمە جێی دەستخۆشییەو پشتیوانی لێدەكەین، لایەنەكانی دیكەش هاوهەڵوێستن لەگەڵماندا». سەبارەت بەدەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند كە «دڵخۆشین بەو دەستپێشخەرییەو هەر چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد.....كاری هەموومانە بارودۆخەكە باشتر بكەین و پێشموایە تا حزبەكان لەیەكتر نزیكببنەوە دەتوانن هەنگاوی باشتر بەئاڕاستەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان لەهەرێم و عێراق و ناوچەكە بنێن». هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوەكان و گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكان كە رێكارە یاساییەكانی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن تەواوكراون، چاوەڕوانن لەدەرفەتێكی نزیكدا لایەنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانیش بگەنە رێككەوتن. پارتی بۆ یەکێتی: هیچ کێشەیەک نابێت بهێڵنەوە بەبێ چارەسەر و بە هاوبەشی و بە گفتوگۆی دوولایەنە چارەسەریان دەکەین كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی 13 وڵات لەهەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا سەرەڕای خۆشحاڵی خۆیان بۆ گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن كەبریتین لەنوێنەرانی(بەریتانیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، كەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیك، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا) ئەم هەنگاوەی نوێنەری وڵاتان وەك هێڵی كۆتایی دەبینرێت بۆ وشیاركردنەوەی پارتی و یەكێتی تا لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18/11/2023 دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە پێویستیان بەپێنج بۆ شەش مانگە بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان تا بتوانن كارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجامبدەن. یەكێك لەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا بۆ سێ ساڵی دیكە كارەكانیان درێژ دەكرێتەوە، تا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجومەنێكی نوێ لەڕێگەی پەرلەمانەوە پێكبهێندرێت. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت»گفتوگۆكان ئاراستەی ئەرێنی نیشان دەدەن كە لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت». وابڕیارە لەسەر بانگهێشتی پارتی و یەکێتی سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوەو لەسەرۆکایەتی هەرێم راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بڵاوبکەنەوە.
سەركۆ جەمال وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەوان ناڕازیی بووبن لەرێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی، هاوكات ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوڵاتی ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبەشداری تیمی یەكێتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. دوای كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتكردەوە ". بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێكی ئەلكترۆنی." هەروەها لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجییەكانی دیكەش جگە لە مووچە، پێویستە بە میكانیزم و رێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت" بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە." دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك میدیا سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتیی و لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرەكانی گۆڕان وتوویانە رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە. بەڵام دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" ئەمڕۆ لەبڕگەی دووەم كە گفتوگۆ لەسەر دارایی گشتی هەرێم كرا یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكیان كردبوو ڕەشنوسێكیان ئامادەكردبوو بۆ بڕیارێك كە دەنگی لەسەر بدەین، كە ڕەشنوسەكە هاتە بەردەستم و سەیرم كرد دروستكردنی بۆردێكی تێدایە". هەروەها وتیشی:"بۆردەكە هەموو دەسەڵاتەكانی لەئەنجومەنی وەزیران پێ دەسپێردرێت بۆ كاروباری دارایی گشتی كە ئەمەش بەشێك لەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبات هەم بەشێك لەدەسەڵاتەكانی وەزیری داراییش دەبات". هاوكات دانا عەبدولكەریم، دەشڵێت:" تێبینیەكەم لەسەر ئەوەبوو دەبێت شێوازو میكانیزمی كاركردن ئەگەر پێویست بكات بۆردێك دروست بكرێت نابێت بەوشێوەیە بێت، ئەگەرنا بۆ ئەوەی مووچە بكرێت بە ناوەندی و داهاتەكان بەشێوەیەكی دادپەوەرانە بەسەر هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت لەگەڵ بە ئەلكترۆنیكردن و بەستنەوەی بانكەكان و خاڵە سنوریەكان بۆ زانینی داهاتی هەرێم و شەفافكردنی ئێمە پشتیوانیمان كردووە". "دوای گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەكۆی دەنگ بڕیارماندا لەسەر ئەو بابەتە و هیچ گرژییەك لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی دروستنەبووە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم. دانا عەبدولكەریم ئەوەی دووپاتكردەوە كە" شتێكیش نەبووە كە سەرۆكی حكومەت نیگەران بێت لەو گفتوگۆیەی نێوانمان، بەپێچەوانەوە گفتوگۆیەكی زانستیمان كرد لەئەنجومەنی وەزیران، ئێمە وەكو تیمی گۆڕان نەك پشتیوان بووین، بەڵكو داواكاری ئێمەیە كە مووچە ناوەندی بێت و بەدادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەكان دابەش بكرێن". هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ئەویش ڕەتیكردەوە لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناكۆكی لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دروست بوو بێت.
هاوڵاتی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر گەرم بووەو و گەیشتووەتە توندوتیژی، چوار رۆژی دیكە، واتا رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت كە بەیەكێك لەگرنگترین رووداوەكان دەبینرێت، بەو پێیەی ئەنجامەكەی كاریگەری لەسەر زۆر پرسی ناوخۆیی و دەرەوە دەبێت و لەهەمووی زیاتریش پرسی كوردە. كێبڕكێ و بانگەشەی هەڵبژاردن تادێت توندتر دەبێت، لەچەندین شارو ناوچەكە، بە چەك هێرش كرایەسەر ئۆفیسەكانی هەڵبژاردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و دیارترینیان، هێرشی لایەنگرانی دەسەڵات بوو لەبەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ لەشاری ئەرزەڕۆمی باكوری كوردستان. ئەو رووداوە كەنزیكەی ٢٠٠ كەس ئیمام ئۆغلۆیان بەردباران كردو بەو هۆیەوە چەندین كەس برینداربوون، گومانی ئەوەی دروستكردووە كەئەگەری هەیە لەحاڵەتی شكستهێنانیدا، ئەردۆغان و پارتەكەی بەئاسانی دەسەڵات جێنەهێڵن. كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەتوندوتیژییەكان رایگەیاند:" ئێمە كارمان بەداروبەرد نییە، ئەوە كاری ترسنۆكەكانە"، ئیمام ئۆغلۆش وتی" بەرپرسیاری هەر جۆرە ئاڵۆزیەك، لەسەر پارتەكەی ئەردۆغانە". ترسی لەساختەكاری لای لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن پێداگیری لەسەر دەكاتەوە، پاراستنی ئاسایشی سندوقەكانی دەنگدانەو پێی وایە، دەسەڵات هەوڵی ساختەكاری دەدات و دەبێت بەهەموو شێوەیەك رێگری لێبكرێت. كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڕوونی نیگەرانی خۆی لەم پرسەدا دەبڕیوەو رایگەیاندووە، هیچ متمانەیەكی بەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاو وەزارەتی ناوخۆ نییە. بۆیە پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند، راهێنانیان بەنزیكەی 500 هەزار چاودێر كردووەو بەشێوەیەكی ورد لەناوەندەكانی دەنگدان چاودێری دۆخەكە دەكەن. هەروەها پارتەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش چاودێریان ئامادەكردووەو ئەوانیش، هاوشێوەی جەهەپە، لەلێدوانە توندەكانی بەرپرسانی ئاكەپەو مەهەپە نیگەرانن، بەوپێیەی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا بەئاشكرا وتی" ئەم هەڵبژاردنە كودەتایەكی سیاسییە". هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەریەكاندا، ئاماژەیان بەوەداوە كەوڵات بۆ ئۆپۆزسیۆن چۆڵ ناكەن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پەكەكە رێككەوتوون و داهاتووی وڵاتیان خستووەتە مەترسییەوە. لەمبارەیەوە پارتی چەپی سەوز لەڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە "دەنگدان تەنیا بەس نییەو پێویستە هەموو دەنگدەرێك لەهەمان كاتدا، چاودێری سندوقەكانی دەنگدان بكات". سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەحەوت ساڵە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی چالاك لەتویتەردا دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی ئەردۆغان و دەسەڵات كردووە، لەپەیامێكی دەنگیدا دەڵێت:" لەئێوارەی هەڵبژاردندا، ئەگەرێكی زۆر هەیە، دەسەڵات بانگەشەی ناڕاست بڵاوبكاتەوەو بۆیە تائەنجامەكان بەتەواوی ئاشكرانەكرێن، نابێت، ناوەندەكانی دەنگدان چۆڵ بكرێن". راپرسییەكان: ئەردۆغان شكست دەهێنێت دەنگدانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا ٩ی مانگ كۆتایی هات، لەكۆی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگدەری دەرەوەی وڵات، كەمتر لەدوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە. لەهەڵبژاردنی رابردوودا كە لەساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا، ئاكەپەو مەهەپە زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەكانی دەرەوەی وڵاتیان بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی راپرسییەكان، دەنگەكانیان كەم دەكات. دەنگەكانی دەرەوەی وڵات ئێوارەی رۆژی ١٣ی ئایار دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیاو لەئێوارەی ١٤ی ئایاردا لەگەڵ دەنگی هەڵبژاردنی ناوخۆیدا جیادەكرێنەوەو ئەنجامی بەرایی (سەرەتاییەكان) دوای كاتژمێر پێنجی ئێوارە وردە وردە رادەگەیەندرێت. زیاتر لەمانگێكە، بەدەیان راپرسی لەبارەی رێژەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكان بڵاوكراونەتەوەو زۆربەی زۆری راپرسیەكانیش باسی شكستی ئەردۆغان و سەركەوتنی كلچدارئۆغلوو دەكەن. هەروەها راشیانگەیاندووە، بەئەگەرێكی زۆرەوە، ئاكەپە و مەهەپەی دەسەڵاتدار، ئیدی لەپەرلەمان زۆرینە نابن. دوایین راپرسی لەلایەن پێنج كۆمپانیای گەورەی گرەوکرتنەوە ئەنجامدراوە كەپێكهاتوون لەكۆمپانیاكانی (ئێف تی ئێكس، بیتفایەر، پریدیكتلیت، سماركیتس و پۆلایماركێت) رایانگەیاندووە، كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥٥٪ی دەنگەكان و رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات ٤٥٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن. چینی گەنج لەدەسەڵات بێزارە راپرسیەكی دیكە لەلایەن كۆمپانیای گەزیجیەوە ئەنجامدرا كەتایبەتە بەلێكۆڵینەوەو راپرسییەكان، راپرسی ئەم جارەی تایبەت كردووە بە رای چینی گەنج لەتوركیا و تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ئەو چینە گرنگەی نێو كۆمەڵگا كەهێزی گۆڕانكاریە لەدەسەڵات بێزارن. بەپێی راپرسیەكەی گەزیجی، پێنج ملیۆن گەنجی تازە پێگەیشتوو، بۆ یەكەمجار دەنگ دەدەن و ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش بكەوێتە خولی دووەمەوە، ئەوا ٤٧ هەزار گەنجی دیكەش كەتەمەنیان لە ١٨ ساڵ تێپەڕ دەكات، مافی دەنگدانیان دەبێت. كۆمپانیاكە لەكۆڵانەكان و شەقامەكانی پارێزگاكانی توركیاو باكوری كوردستان رای گەنجانی وەرگرتووە، لەبارەی دۆخیان و بۆچوونیان و رایانگەیاندووە كە لەم دۆخەی ئێستای توركیا بێزارن. بۆیە زۆربەی گەنجان دەنگ بەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و كاندیدەكەیان كەمال كلچدارئۆغلوو دەدەن. ئەردۆغان لەمیدیای رۆژئاوا تووڕەیە لەماوەی هەفتەی رابردوودا، ئاژانس و گۆڤارەكانی، فایناشناڵ تایمس، بلۆمبێرگ، ئەكۆنۆمیست، ئەسوشێتدپرێس، چەندین راپۆرتیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڵاوكردووەتەوەو باسیان لەشكستی ئەردۆغان و پێویستی گۆڕینی سیستم و دەسەڵاتی توركیا كردووەو ئەوەش كاردانەوەی توندی دەسەڵاتی توركیای لێكەوتووەتەوە. ئەردۆغان و باخچەلی لەم بارەیەوە قسەیان كردو باسی ئەوەیان كردووە كەئیمپریالیزم پشتگیری لەئۆپۆزسیۆن دەكات و دەیەوێت دەست بەسەر توركیادا بگرێت. سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا كەزۆرترینجار باسی لەبۆچوونی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كردووە، لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند:" جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، دەسەڵات نەك بە كودەتا، بەڵكو پێویستە بەهەڵبژاردن بڕوات و گۆڤاری دێرشپیگڵی فەڕەنسیش نووسیویەتی، نامانەوێت ئەردۆغان ببینینەوە. بۆیەش دەبێت، هاووڵاتیان وەڵامی رۆژئاواییەكان بدەنەوە". رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، ٦٠ ملیۆن و 697 هەزارو 843 دەنگدەر، دەتوانن لەناوخۆی توركیادا، سەرۆك كۆمارێك بۆ پێنج ساڵی داهاتوو و نوێنەرانیان لەپەرلەماندا هەڵبژێرن، كەدەنگەكانیان كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا دروستدەكات.
هاوڵاتی ئابوریی ئێران لەقورسترین قوناغی مێژویی نیوسەدەی رابردوودایەو رێژەی هەڵاوسانی بۆ 46% بەرزبووەتەوە كەئابورییەكەی رادەماڵێت، لەكاتێكدا زیاتر لە 75%ی دانیشوان بەهەژار ئەژماردەكرێن. پێشبینییەكان بەهێزترە بەبەرزبونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 100% كەهاوشێوەی وڵاتانی سودان لەساڵی 2020 و لوبنان لەساڵی 2021، چونكە رۆژانە لەئێران نرخی كاڵاو پێداویستیەكانی رۆژانە بەرزدەبێتەوەو بەهای تمەنیش بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە. لەئێستادا بەپێی هەموو ئامارەكان داهاتی حكومەت لەفرۆشی نەوت و غاز بەراورد بەڕابردوو 50% زیادی كردووەو دەگاتە نزیكەی 60 ملیار دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی رۆژانەی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان دانیشتوانی ئێرانی رووبەڕووی زۆرترین رێژەی هەژاریی كردووەتەوە. گومانەكان لەسەر ئابوریی ئێران زۆرە بەتایبەت كە بەپێوەرە داراییەكان داهات زیادی كردووەو لەبەرامبەریشدا هەژاری و دابەزینی بەهای تمەن بەردەوامە، چونكە بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی حكومەت لەسەر داهات و فرۆشی نەوت و غازو دۆخی گوزەرانی خەڵك هیچ هاوسەنگییەكی تێدا بەدیناگرێت. داهاتی ئێران لەساڵی 2020 نزیكەی 18 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار بووەو لەساڵی 2022 گەیشتووەتە زیاتر لە 58 ملیار دۆلارو هاوشانی زۆربونی داهاتی فرۆشتنی نەوت و غاز، بەڵام هەڵاوسانی ئابوریی لە 35% بۆ 46% بەرزبووەتەوە كە مایەی گومانی زۆربەی شارەزایانی ئابورییە. بەپێی ئامارەكان دۆخی ئێستای گرانیی كاڵاو نەبوونی پێدوایستییەكانی ژیانی دانیشتوانی وڵاتەكە خراپترە لەساڵانی جەنگی هەشت ساڵی نێوان ئێران و عێراق و هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەن بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە و بەهای یەك دۆلاریش لەنێوان 52 هەزار بۆ 56 هەزار رۆژانە بەرزو نزم دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا دەركەوتوە ژمارەی ملیاردەرو دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتە زۆربووە و لەبەرامبەریشدا ژمارەی هەژاران و رێژەی هەژاریی بەرز بووەتەوە. قەیرانی سیاسیی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بەدوو هۆكاری سەرەكیی ناهاوسەنگیی ئێستای ئابوریی ئێران لەقەڵەمدەدرێن و پێشبینی دەكرێت لەئەگەری چارەسەرنەكردن یان روونەدانی گۆڕانكاریی سیاسیی لەشێوازی دەسەڵاتی وڵاتەكەدا، ئێران رووبەڕووی مەترسیدارترین هەڵاوسانی ئابوریی ببێتەوە كە بە (Hyperinflation) ناودەهێنرێت. لەنوێترین راپۆرتی ئاكادیمیای زانایانی ئابوریی ئێران پێشبینی كراوە هەڵاوسانی ئابوریی لەو وڵاتە بگاتە سەروی 100% كەئەوەش بە هەڵاوسانی لەكۆنتڕۆڵ دەرچوو كە بە (Hyperinflation) ناودەهێنرێت. لەو راپۆرتەدا نێوەنجی هەڵاوسانی درێژماوەی ئێران لەساڵانی 1960 تا 2020 بە 16% مەزەندە كراوەو دەركەوتوە لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2018 هەڵاوسانی ئێران بەخێرایی بەرزبووەتەوەو رەنگە بگاتە 100% بۆیە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناچارە چاكسازیی قووڵ و مێژوویی لەئابوریی وڵاتەكەیدا بكات كەگرێدراوی وەرچەرخانی سیاسیی گەورەیە. داهاتی نەوت و غازی ئێران دیار نییە لەبودجەی ئەمساڵی ئێراندا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 85 دۆلار دیاریكراوەو پێشبینی كراوە داهاتی فرۆشی رۆژانەی نەوت 119 ملیۆن دۆلار بێت و لەو ساڵەدا بگاتە زیاتر لە 43 ملیار دۆلار ئەویش بەهەناردەكردنی یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. موحسین مەنسوری، جێگری جێبەجێكاری سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە؛ كەسەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەكان، فرۆشی نەوتی وڵاتەكە گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكداو لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاویكردووەتەوە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی ئێران لەسێ مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 137 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا كە ئەوەش زۆرترین هەناردەی نەوتەكەیەتی لەچوار ساڵی رابردوودا. وڵاتی چین سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوەو بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش ئێران نەوتەكەی بەناوی نەوتی عێراق و بە نهێنی لەڕێگەی كەشتی نەوتهەڵگری بێ ناوو نیشان ساغدەكاتەوە و ئاماری راستەقینەی فرۆشی نەوتەكەی بەبیانوی خۆدەربازكردن لەگەرمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەكان ئاشكرا ناكات و روون نییە پارەی فرۆشی نەوت بەچ شێوەیەك دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت. هەناردەی نەوتی ئێران پێش سزاكانی ئەمریكا رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بووە كە لەساڵی 2019 بەهۆی ئەو سزایانەوە هەناردەی نەوتەكی بۆ كەمتر لە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی و بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی سزاكانی ئەمریكا داهاتی ساڵانەی فرۆشی نەوتی لە 113 ملیارد دۆلارەوە بۆ 13 ملیار دۆلار كەم كردووە. ئێران لەبەردەم سێ سیناریۆی هەڵاوسان ئاكادیمیای زانایانی ئابوریی ئێران بڵاویكردووەتەوە هەر جۆرە گۆڕانكاریی و چاكسازیی ئابوریی وڵاتە پەیوەستە بەوەرچەرخانی سیاسیی گەورە لەشێوازی دەسەڵات و مامەڵەی نێودەوڵەتیدا بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای كۆماری ئیسلامی یان كابینەی حكومەتی ئیبراهیم رەئیسی توانای نییە بڕیاری قورسی لەو شێوەیە بدات. سیناریۆی یەكەمی بەردەم ئێران بۆ كۆنتڕۆڵی هەڵاوسانی ئابوریی چاكسازیی گشتگیری ئابورییە كە بەسەربەخۆكردنی بانكی ناوەندیی و چاكسازیی بنچینەیی ئیداریی لەدامەزراوەكانی حكومەت و دەستنیشانكردنی بودجە بۆ كۆنتڕۆڵی هەڵاوسان و چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجەی گشتیی و رێگریی لەبەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی لەچوارچێوەی پلانێكی پێنج ساڵەدا بەدی دێت كەئەوەش پێشتر لە 90 وڵاتی جیهان بەسەركەوتویی تاقیكراوەتەوە. سیناریۆی دووەم ئەگەر مانەوەی هەڵاوسانی ئێران لەئاستی 50% كەئەو رێژەیەش دوو بۆ سێ هێندەی هەڵاوسانی 50 ساڵی رابردووی وڵاتەكەیە كە لەوڵاتانی وەك (توركیا، پیرۆ، بەرازیل، بیلاروس، ئەنگۆلا) لەدۆخی هاوشێوەدان، بەڵام راگرتنی ئەو دۆخەش دەبێتە هۆی داڕمانی زیاتری بەهای دراوی تمەن لەئاستی جیهاندا. سیناریۆی سێیەم كە لەهەموو ئەگەرو پێشبینییەكان بەهێزترە بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابورییە بۆ زیاتر لە 100% كەهاوشێوەی وڵاتانی سودان لەساڵی 2020 و لوبنان لەساڵی 2021 و ڤەنزوێلاو كۆماری زیمابوی لەساڵی 2015 و كۆماری كۆنگۆ لەساڵی 1991 و بیلاروس لەساڵی 1993 دەبێت چونكە هەڵاوسانی ئابوریی رۆژانە لەئێران بەرزدەبێتەوە بەبێ ئەوەی كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئەوەش وایكردووە پێشبینیی بكرێت هەڵاوسانی ئابوریی ئەگەر تادوو ساڵی دیكە بەم شێوەیە بەردەوامبێت ببێتە سێ ژمارەیی و لە 100% زیاتر بەرز ببێتەوە كەئەوەش بەلوتكە یان سۆنامی هەڵاوسان وەسف دەكرێت. دراوی نوێی تمەن دادی ئێران نادات ئێران لەدوای جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق بەهۆی جەنگەوە رووبەڕووی زیاترین هەڵاوسانی ئابوریی بوەوە و هەڵاوسانی ئابوریی ساڵانی 1994 بۆ 1995ی ئێران لەژێر كاریگەرییەكانی ئەو جەنگە گەیشتە 35% بۆ 49% ئەوەش بەمێژوویەكی تۆماركردنی هەڵاوسانی زۆر لەوڵاتەكە ناودەهێنرێت و بەمەبەستی چاكسازیی ئابوریی چەند جۆرێك تەوژمی نوێ لەدراوی تمەن راگەیەنرا. ئەمساڵیش هەمان سیناریۆ لەئێران خرایەوە بواری جێبەجێكردنەوەو تەوژمی نوێی دراوی 200 هەزار تمەنی لە (11/3/2023 ) خراوەتە بازاڕەوەو تەنها لەتارانی پایتەخت بڕی 900 ملیار تمەن، لەپارێزگاكانی دیكەش بری 700 ملیار تمەن لەو دراوە بەسەر بانكەكاندا دابەش دەكرێت. پێشتر لەئێران دراوی چەكی 50 هەزار تمەنی و 100 هەزار تمەنی وەك دراوی قورس بەكاردەهێنران و لەدوای بڵاوكردنەوەی دراوی 200 هەزار تمەنیش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە دی و بەهای یەك دۆلار لەوكاتەدا گەیشتە نزیكەی 49 هەزار تمەن كەئەو بەرزبونەوەیەی دۆلار تاسنوری 63 هەزار تمەن رۆیشت. دراوی تمەن لەمێژووی چاپكردنیەوە تائێستا نزیكەی 96%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە لەدەستدانی 76%ی لەدەستدانی ئەو بەهایە دەگەڕێتەوە بۆ یەك ساڵی رابردوو. ئەنجومەنی جیهانی زێڕ ئاشكرایكردووە كە دانیشتوانی ئێران لەسێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی 12 هەزار 900 كیلۆگرام لیرەی زێڕو شمشی زێڕیان كڕیوە و ئەوەش زیاترین رێژەیە لەساڵی 2018 تائەمساڵ كە بۆ كڕینی زێڕ لەو وڵاتە تۆماركراوە چونكە ترس لەدابەزینی زیاتری بەهای تمەن هەیە و خەڵك بۆ پاراستنی داراییەكانیان پەنا بۆ كڕینی زێڕ دەبەن. ئێران پارە بلۆككراوەكانی دەست ناكەوێتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا 100 بۆ 120 ملیار دۆلار لەداراییەكانی ئێران لەجیهاندا بلۆك كراوە كەزیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لەعێراق و كۆریای باشورو چین بلۆك كراوە. ئێران پێشتر بانگەشەی ئەوە كردبوو كە بەهۆی رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا بۆ ئازادكردنی سێ هاووڵاتیی (ئێرانی-ئەمریكی) بڕی 10 ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەوڵاتانی عێراق، ژاپۆن و كۆریای باشور بەمەرج ئازاد بكرێن كەدواتر كۆشكی سپی رەتیكردەوە گەیشتبنەتە رێككەوتن لەگەڵ تاران. لەئەگەری رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەو پارانەی كەبڕیاری ئازادكردنیان دەدرێت تەنها دەبێت بەمەبەستی كڕینی پێداویستییە مرۆییەكانی وەك خۆراك و دەرمان بێت و هیچ جۆرە پارەیەك راستەوخۆ بۆ ئەژمارە بانكییەكانی ئێران ناگەڕێنرێتەوە. جەهانبەخش سەنجابی، سەرۆكی گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق رایگەیاندووە كە تاران ناتوانێت بەشێوەی فەرمی قەرزەكانی لەعێراق وەرگرێتەوە، چونكە بانكی ناوەندیی وڵاتەكە رێگەپێدراو نییە دراوی دۆلار بۆ ئێران (حەواڵە) بكات و لەجیاتی بانكی ناوەندیی گواستنەوەی پارە لەوڵاتەوە بە رێگەی نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەنجامدەدرێت و ئەوەش وایكردووە ئاستی هاوردەی كاڵای ئێرانی لەعێراقەوە كەم بكات. پێشتر محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لەبەغداد وتبووی: عێراق 11 ملیار دۆلاری پارەی غازو كارەبای ئێران قەرزارەو تاران لەگەڵ بەغداد رێككەوتووە لەسەر چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە بۆ ئێران. ئێران كەنەتوانێت قەرزەكانی لەدراوسێیەكی نزیكی وەك عێراق وەرگرێتەوە، بۆیە ناكرێت هیوایەكی ئەوتۆ لەپارە بلۆككراوەكانی لەجیهاندا هەڵچنێت و سودیان لێوەرگرێت. مەرگی ژیناو مەرگی چاكسازیی ئابووری لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی زۆرترین سەرمایەی بازرگانەكانی ئێران رەوانەی دەرەوە كرا كە بەزیاتر لە 10 ملیار دۆلار خەمڵینراوەو لەسێ قۆناغیشدا بەهۆی دابەزینی پشكی كۆمپانیاكان بۆرسەی وڵاتەكە رووبەڕووی زیاترین دابەزینی مێژوویی لەپشكەكاندا بووەتەوە كە ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كەئاستی ناڕەزایەتییەكان وایكردووە شڵەژانی ئابوریی رووبدات. هێڵی هەژاریی لەئێران لە 18 ملیۆن تمەن كەدەكاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن كەدەكاتە نزیكەی 380 دۆلار بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا ناوەندی موچەی كرێكارێك هەشت ملیۆن تمەنە كەدەگاتە نزیكەی 140 دۆلارو هەر خێزانێكیش ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار كەمتر بێت لەهێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەكە بەهەژار ئەژمار دەكرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاكوانی كرێكاریی و نوێنەری پێشوی كرێكاران لەئەنجومەنی باڵای كار لە ئێران رایگەیاند؛ حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی كرێكارانی بەرزكردووەتەوە لەكاتێكدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە و بەپێی هەندێك ئامار لەزاری شارەزایانی ئابوریی هەڵاوسانی ئێستا دەگاتە زیاتر لە 80%. لەئامارە فەرمییەكاندا ئێران لەچوار ساڵی رابردودا بەبەردەوامیی هەڵاوسانی ساڵانە زیاتر لە 40%ی تۆمار كردووە لەكاتێكدا لەساڵی 2008 و بەسەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریی جیهان ئاستی هەڵاوسانی ژمارەیەك وڵات گەیشتە 10% و لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو رێژە لەهەڵاوسانە لەهەندێك وڵات دووبارە تۆمار كرا بەڵام هەڵاوسانی ئابوریی بەو رێژەیە بۆ ئێران بووەتە خەونێكی بەدینەهاتوو. مەترسییەكانی هەڵاوسانی ئابوریی وای لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كرد كە لەوتارێكدا رایگەیاند ئەگەرچی پرسی سەرپۆش و باڵاپۆشبوون گرنگە، بەڵام دەبێت ساڵی (1402)ی كۆچی لەئێران ببێتە ساڵی كۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوسانی ئابوریی.