شەنای فاتیح پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠١٩وە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا داخرا، ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا و پرتوگال کراوەتەوە، بەمەبەستی برەودان بەپەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا. بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا لەئاستێکی مامناوەندا بووە، بەڵام پاش ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ تاڕادەیەک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاستێکی خراپی بەخۆیەوە بینی، چونکە ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیاو هەرێمی کوردستان پشتگیری ریفراندۆمەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بوو. لەساڵی ٢٠١٩وە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لەئیسپانیا نییە، بەڵام لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال کرایەوە بەئامانجی گەشەدان بەپەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، وەك نوێنەرایەتیەكە دەڵێت لەڕوانگەی پێشخستنی ئابووری و سێکتەری کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و هاندانی کۆمپانیاکان لەڕێی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە. لەیەکەم هەنگاویشدا بانگهێشتی سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەگەڵ دەستە خوشکی نێوان شاری هەڵەبجە و شاری گێرنیکای ئیسپانیادا. دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەئیسپانیا تازە هەڵبژاردن تەواو بووەو چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێن، تا لەگەڵیدا پەیوەندی دروستبکەین لەنێوان وەزارەتەکان بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە کەسیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیا دادەڕیژێت. وتیشی: ئامانجمان گرنگیدانە بەسێکتەری گەشتوگوزارو کشتوکاڵ و هاندانی کۆمپانیاکانی ئیسپانیا بۆ وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستاندا بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، هەروەها پلان هەیە هەندێ فێرگەی وەرزشی ئەکادیمی بهێندرێنە کوردستان بەتایبەت ئێستا کار لەسەر ئەتلەتیکۆ مەدرید کراوە کەیاریزانی تۆپی پێ بەشێوەیەکی پیشەیی پێبگەیەنن کەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کارئاسانی دەکات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی یاریزانەکانی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەمەبەستی سودوەرگرتن لەئەزموونی وڵاتی ئیسپانیا بەفەرمی بانگهێشتی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی حکومەتی هەرێممان کردووە بۆ ئیسپانیا، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم سەردانی ئیسپانیا بکەن، هەروەها بانگهێشتنامەی فەرمی نێردراوە بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش مانگی تشرینی دووەم دێنە ئیسپانیا بۆ سودوەرگرتن لەکەرتی تەندروستی وڵاتی ئیسپانیا. «پلانێکی دیکەی درێژخایەنمان گەشەدانە بەپەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، یەکێک لەئامانجەکانمانیشمان لەنزیکترین کاتدا بریتییە لەئامادەکاری بکەین بۆ دیداری ئاستی باڵا کەسەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا.» دارەوان حاجی حامید وای وت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال وتیشی: لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەئیسپانیاو پرتوگالدا هەفتانە حەوت رۆژ دەوام دەکرێت بەبێ بوونی هیچ پشوویەک بۆ ئەوەی ئەو پلانەکانانەی دامانناون بەباشی جێبەجێیان بکەین، یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانیشمان کردنەوەی کونسوڵخانەی ئیسپانیایە لەڕێی دەستەخوشکی شارەکانەوە. دەشڵێت: یەکێکی دیکە لەهەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە دەستەخوشکی شاری گێرنیکای ئیسپانیا. شاری هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیابارانکرا، شاری گێرنیکاش ساڵی ١٩٣٧ بەڕابەرایەتی سەرۆکی دیکتاتۆری ئیسپانی فرانکلین بەهاوکاری هیتلەر کەئەوکات شاری گێرنیکا داوای ئازادیان دەکرد بەو هۆیەوە خاپورکرا. نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا باسی لەوەکرد کە لەیەکەم هەنگاویاندا شاری دهۆک و هەڵەبجەیان هەڵبژاردووە چونکە پێشتر شارەکانی هەولێرو سلێمانی چەندین کرانەوەیان هەبووەو دەستەخوشکی دیکەیان هەبووە بۆیە نابێت ئەو دوو پارێزگایەش لەبیربکرێن، پێشنیاری شاری بلباومان کردووە کەببێتە دەستەخوشکی شاری دهۆک، بەڵام هێشتا دڵنیا نین، وردتر دەگەڕێین تاشارێک بکەیەنە دەستەخوشکی دهۆک، بۆیە شاری بلباومان پێشنیارکردووە چونکە لەڕووی کەشوهەواو هەبوونی چیاوە لەدهۆکەوە نزیکە بەڵام هێشتا رێکارەکانی ماوە، لەئێستادا تەنها هەنگاوەکانی دەستەخوشکی هەڵەبجەو گێرنیکامان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. دارەوان حاجی حامید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کەسەردانی شاری گێرنیکایان کردو لەلایەن پارێزگاری گێرنیکاوە پێشوازیان لێکراوە، باسی بیرۆکەی دەستەخوشکییەکەو شاری هەڵەبجەو کیمیابارانکردنی شارەکەیان کردووە، ئەوانیش رایگەیاندووە کە لەگەڵ سێ شاردا دەستەخوشکیان هەیەو دەستەخوشکی زۆر ناکەن کەتەنها بڕیارێک و نووسراوێک بێت و بەکرداری کاری لەسەر نەکرێت، دەبێت هەردوولا سودمەند بن، بۆ ئەوەش پێشنیاری کرد کەپارێزگاری هەڵەبجە بانگهێشت دەکات لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەم و دواتر وەفدێکی ئەوان دێنە پارێزگای هەڵەبجە، پێشنیارکراوە ئەگەر هەموو رێکارەکان باش بەڕێوەبچن لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤ دەستە خوشکییەکە ئیمزا بکرێت. ئەگەر دەستەخوشکی نێوان دوو شار بکرێت کۆمپانیاکان، زانکۆکان، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ئەو دوو شارە پەیوەندیدار دەبن بەیەکەوە، هەروەها پەیوەندییەکان پێشدەخات و خەڵکی گێرنیکا سەیردەکەن بزانن شارەکەیان دەستەخوشکی چ شارێکی سەردانی ئەو شارە دەکەن بەمەش خەڵکی ئەو شارە هەڵەبجە دەناسن و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی شارەکە هەیە. دەستەخوشکی شارەکان، ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٥ پاش جەنگی دووەمی جیهانی کاتێک ئەوروپا داڕووخا، کاتێک کلتورو وەرزشی شارەکان زیندوو بکرێتەوە بۆیە دەستەخوشکی لەوکاتەوە لەنێوان شارەکانی فەڕەنساو ئەڵمانیادا هەنگاوی نا، پاشان بۆ هەموو جیهان سەریهەڵدا. رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی بەبرپرسانی پارێزگای هەڵیبجەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەو پرسە، بەڵام هیچکامێکیان ئامادە نەبوون لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.
دلێر عەبدوڵڵا بەچەند هۆكارێك، وادەی بانگهێشتكردنەكەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواخرا، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كەچاوەڕێی هەرێم دەكەن و لەماوەیەكی نزیكدا بانگهێشتكردنەكە بەڕێوەدەچێت. وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمیش رایگەیاند كە هەموو ئامادەكارییەكیان كردووەو چاوەڕێی بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمن، دڵنیاییشیدا بەموچەخۆران هیچ موچەیەك ون نابێت و بەپێی ئەو نەخشەیەی لەبەردەستیاندایە موچە دابەش دەكەن. بڕیاربوو رۆژی دووشەممە رابردوو دانیشتنی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیری دارایی هەرێم بەڕێوەبچێت. دەربارەی دواكەوتن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و گفتوگۆ لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانەوە كە بەلای حكومەتی بەغدادەوە گرفت و كێشەی تێدایە. بەڵام بەچەند هۆكارێك دانیشتنەكە نەكراو بانگهێشتكردنەكە دواخرا بۆ كاتێكی نادیار. بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی هاوڵاتی، هۆكاری دواكەوتنەكە بۆ هەردوو لایەن دەگەڕێتەوە، واتە رێوشوێنەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆتایی نەهاتووەو لایەنی هەرێمیش چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران دەكات تا ئامادەی دانیشتنەكە بێت، لەوبارەوە مستەفا گەرعاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەك لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕێی رێوشوێنی ئامادەكارییەكان دەكەین بۆ میوانداری وەزیری دارایی هەرێم.» هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیش بەهاوڵاتی وت «چاوەڕێی ئەوەین ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی بدات». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە هۆكارێكی تری دواكەوتنی بانگهێشتكردنەكەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ هەبوونی جیاوازی لەداتاو زانیارییەكان دەگەڕێتەوە لە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم، لەوبارەوە وتەبێژەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بەهاوڵاتی وت «لانی كەم ئەوەی هەیە واقیعەكە وەك خۆی دەخەینەڕوو. داتاو زانیاری ئامادەكراوەو پێشتریش پێشكەش كراوەو رەنگە هەندێ جیاوازی هەبێت ئەوەش پەیوەندی بەو دابڕانەوە هەیە كە ماوەیەكی زۆرە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، جگەلەوەش لەساڵی 2021 ەوە بەردەوام دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرە بوونی هەیەو وەك پێویست ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانن، بۆیە رەنگە لەو رووەوە گرفتێكی ئەوتۆ نەبێت». سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد كە سەردانەكەی ئەمدواییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، هۆكار بووە بۆ دواخستنی وادەی بانگهێشتكردنەكەو سەرۆكی حكومەت لەگفتوگۆی لەگەڵ سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری بەغدا، داوای كردووە رێكەوتن لەبارەی گرفت و كێشەكانەوە بكرێت و هەردوولا بەپێی لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەن، لەوبارەوە یوسف كیلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی موچە بووە، رەنگە قسە لەسەر ئەوە كرابێت بەڵام ئێمە وەك لیژنەی دارایی لەچەندڕۆژی داهاتوودا بانگهێشتی وەزیرەكەی هەرێم دەكەین». لەماوەی رابردوودا عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە كە هەڵەو كەموكوڕییەكی زۆر لەداتاو ژمارەكانی موچەخۆرانی هەرێمدا هەیەو ئەوەش بووەتە بەشێك لەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی ناردنی موچەو بودجەی پێویست بۆ هەرێم، بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی دارایی دەڵێت «ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان كردووەو كێشەمان نییە، بەڵام ئیتر لەوانەیە لەكاتێكی تردا وادەی بانگهێشتكردنەكە بەڕێوەبچێت. پێدەچێت هۆكاری دواخستنەكە تەكنیكی بێت نەك بابەتی سیاسی یان رێكەوتن، یان بوونی هەڵە لەداتاكان، وەك روونە نزیكەی 10 ساڵە دابڕان لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، ئەوە وایكردووە هەندێ جیاوازی لەداتاكان دروست ببێت». لەئێستادا هیچ وادەیەكی تر دیارینەكراوە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات و بەفەرمی مۆڵەت بەوەزیری دارایی دەدرێت بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات تا بەدەم بانگهێشتەكەی لیژنەی داراییەوە بچێت، لەوبارەوە هونەر جەمال بەهاوڵاتی وت «ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان كردبوو بۆ رۆژی دوو شەممەی رابردوو، بەڵام وەك ئاشكرا دەبێت ئەو بڕیارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بدرێت و ئەوان ئاگادارمان بكەنەوە. چونكە وەزیر بەنوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەچێتە بەغداو ئەوەش پێویستی بەئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی ئەنجومەنی وەزیران هەیە. بۆیە پێموایە لەكۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە قسە لەوبارەوە بكرێت». بەشێكی گرنگی دانیشتنەكەی نێوان وەزیری دارایی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا، باسكردنە لەبارەی گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەوبارەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشی سەرەكی و گرنگی دانیشتنەكەمانەو پەرۆشیمان بۆ خەڵكی كوردستان ناچاری ئەوەی كردوین بەكاری خۆمان هەستین». لەگەڵ دواخستنی ئەم بانگهێشتكردنەشداو بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە، دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە رەنگە بەهۆی كەمی پارەكەی بەغداوە موچەی دوو مانگی فەرمانبەران بزر ببێت، بەڵام سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی بەفەرمانبەران داو لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «دەربارەی مووچە، ئێمە ئامادەكارییمان كردووە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی حەوت و مانگەكانی تریش دابەش دەكرێت. دڵنیاییش دەدەینە موچەخۆران كە هیچ موچەیەك ون نابێت و وەك خۆی دابەشدەكرێت». سەرەڕای هەبوونی چەندان كێشەو گرفتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خراپی حوكمڕانی لەهەرێم، بەڵام بابەتی پێنەدان و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووەتە گرفت و كێشەی سەرەكی موچەخۆران و هاووڵاتیان، كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕو جموجۆڵی ئابووری لەهەرێمی كوردستان دروستكردووە.
عەممار عەزیز وەرگرتنی زانیاریی لەبەرپرسانی حکومی و حزبی مافی سەرەتایی هەموو رۆژنامەنووسێکە، بەڵام جیاکاری کردن لەنێو دەزگاکاندا لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەدهۆک بووەتە دیاردەیەکی زەق، تەنانەت جیاکارییەکە بەجۆرێکە کەدەزگاکانی راگەیاندنی نزیک لەحزبەکانی دەسەڵات زووتر دەستیان بەزانیارییەکان دەگات. بۆ مەروان یەحیا کە رۆژنامەنووسێکی شاری دهۆکە ئەو کێشەیە رۆژانەیەو بەنمونە باس لەچیرۆکێکی خۆی دەکات بۆ هاوڵاتی کە بەسەریدا هاتووەو دەڵێت، «جارێكیان لەسەر دزینی پارەی كارەبا لەلایەن یەكێك لەفەرمانبەرانی دهۆك، داوای زانیاریم كرد كەزانیان دەزگاكەی من سەر بەحزبی دەستەڵات نییە هەر تەلەفونی بەسەرمدا داخست». مەروان یەحیا کە پەیامنێری ماڵپەری شار پرێسە لەپارێزگای دهۆك، دەڵێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاتی تەلەفوندا کەداوای زانیارییان لێدەکات گرنگی بەکێشەکە نادەن، بەڵکو سەرەتا پرسیاری ئەوە دەکەن کە سەر بەچ دەزگایەکن. بەپێی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی بەدەستكەوتنی زانیاری لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، لەماددەی (5) دا هاتووە کەهەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە داوای بەدەستهێنانی زانیاری پێشكەش بكات، ئەگەر ئەو بەڵگەنامەیەی كەزانیاریە داواكراوەكەی تێدایە لای ئەم دەزگایە بێت كە داواکارییەکەی ئاراستە كراوە ئەوا پێویستە دانایەك لەو بەڵگەنامەیەی پێبدات. هەروەها لەبڕگەی 1 ماددەی حەڤدەی یاساكە ئاماژە بەوە كراوە، هەر كەسێك داواكاری دەسكەوتنی زانیاری رەتكراوەتەوە، مافی هەیە ناڕەزایی دەرببڕێت لەدادگای بەرایی سکاڵا تۆماربكات . نژیار نێروەیی کە رۆژنامەنووسێکی تری شاری دهۆکە باس لەوەدەکات کەجیاکاری لەنێو دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێت و ئەولەویەت دەدرێت بەو میدیایانەی کە سەر بەدەسەڵاتن لەڕووی پیدانی زانیارییەوە. «جیاكاری لەنێوان دەزگا راگەیاندنەكان دەكرێت، ئەو دەزگایانەی سەر بە لایەنی دەسەڵاتن یان نزیكن لەئەوان رۆژنامەنووسەكانیان هیچ كێشەیان نیە هەركاتێك بیانەوێت زانیاری و داتای تەواویان پێدەدرێت «. نژیار کێشەی ئەوەی هەیە کەهەندێک جار هاووڵاتیان رەخنەی ئەوە دەگرن کە راپۆرتەکانی لێدوانی فەرمی یان لێدوان و زانیاری کەمی تێدایە، بەڵام ئەو دەڵێت «چەند جارێك تەلەفون بۆ بەڕێوەبەرێك دەكەین تا زانیاری لێوەربگرین وەڵامی تەلەفونەكە نادەنەوە، ناچاربووین لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەبكەین كە بەڕێوەبەر ئامادە نەبووە زانیاریمان بداتێ، دواجار بینەر یان خۆینەر دەڵێن ئەو راپۆرتە هیچ زانیاری ئەوتۆی تێدا نەبوو، ئەوان نازانن كەئێمە زۆر هەوڵمان داوە بەڵام بێسوود بووە». لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەزارو 563 رۆژنامەنوس لەسەندیكای رۆژنامەنوسان تۆماركراون بەجۆرێک هەزارو 400 کەسیان لەدهۆکن و 163 رۆژنامەنوسی تر لەزاخۆن. کێشەی زۆربەی رۆژنامەنوسان لەپارێزگای دهۆک ئەوەیە زانیارییان درەنگ بەدەست دەگات بەبەراورد بەڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات. مەروان یەحیا هاوڕایە لەگەڵ نژیار نێروەیی و دەڵێت، «ئەوەی دەبینین روون و ئاشكرایە كە زیاتر زانیاری بەكەناڵەكانی نزیك بەدەسەڵات دەگات هەر بۆیە زۆرجار گرفتمان بۆ دروستدەبێت لەلایەن خۆێنەرو بینەرمان چونكە زانیاریەكان لەدوای كەناڵەكانی دی پێمان دەگات». ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت، «هەندێكجار رووداوێكی گرنگ روودەدات بەرپرسەكان خۆیان دەزگاكانی نزیك لەخۆیان ئاگادار دەكەنەوە تا پێشمانبكەون و سەرەتا ئەوان رووماڵ بكەن». لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسان ئاگاداری بابەتەکەیەو دەڵێت، چەندین رۆژنامەنووس هەبووە رووبەڕووی پێنەدانی زانیاری بووەتەوە. ڤیان عەباس، بەرپرسی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسان بەهاوڵاتی وت، «یاسای بەدەستهێنانی زانیاری پێویستە كارابكرێتەوە تائێمەش بتوانین باشترو زیاتر داكوكی لەمافی رۆژنامەنووسان بكەین، رۆژنامەنووس هەبووە بەئێمەی وتووە فڵان كەس یاخۆد فڵان بەڕێوبەرایەتی زانیاری بەمن نەداوە یاخود قسەی نەكردووە بەڵام نەیكردوە بەسكاڵا، بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە 5 دانیشتنمان كردوە، ئەوەش بەئامادەبوونی بەرپرسان و رۆژنامەنوسان تاپێكەوە كێشەكە چارەسەربكەین». ڤیان عەباس دەشڵێت، «دانیشتنێكی تایبەتمان لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ئەنجامداوە كەتایبەت بۆ پێدانی زانیاری و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووسان بووە.»
دلێر عەبدوڵڵا پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەوڵەكانی بۆ كردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كەركوك پاشەكشەی كردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە پێی وایە كە بەشێوەیەكی كاتی بڕیاری ئەوەیانداوە ئەو پرسە دوابخەن و جارێ چاوەڕێی ئارامبوونەوەی دۆخەكەو بڕیاری لیژنەكەن. پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت. لە 27ی مانگی رابردوو بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەم مانگە کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کردو چوار هاووڵاتی کورد شەهیدبوون و 16 کەسی تریش برینداربوون. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی، کەژمارەیان 33 بارەگایە، راگرت. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، پارتی پاشەكشەی لەو هەڵوێستەی كردووەو لەئێستادا دۆسیەی كردنەوەی بارەگاكەی لەكەركوك داخستووە، لەوبارەوە دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، بەهاوڵاتی وت، «بەشێوەیەكی كاتی وازمان لەداواكەمان هێناوە، نامانەوێت پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر دروست ببێت، ئێمە بەشێوەیەكی مەدەنی داوای خۆمان كردووەو مافێكی ئاسایی خۆمانە وەك حزبێك بارەگامان لەو شارەدا هەبێت». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە لەژێر فشارێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی، پارتی لەو هەڵوێستەی پاشەكشەی كردووەو ئەو بریارە بەناچاری دراوە، لەوبارەوە لەتیف فاتیح فەرەج نوسەرو رۆژنامەنوس بەهاوڵاتی وت، «فشاری عێراق و توركیاو خەڵكی تریش بۆسەر پارتی هەبوو، بۆیە ئەو حزبە بڕیاریدا پاشەكشە بكات، جگەلەوەش كەركوك ئەوە ناخوازێت لەئێستادا پشێوی تیا دروست ببێت، كەركوك پێویستی بەئارامی هەیەو ناكرێت بەو جۆرە كێشەی بۆ دروست بكرێت». لەناوخۆی پارتیشدا، ناڕەزایی هەبووەو بەشێك لەسیاسی و رۆشنبیرەكانی ئەو حزبە پێیان وابووە كە پارتی كەوتۆتە هەڵەوەو داواكاری كردنەوەی بارەگا نیشانەی بچوكبوونەوەی حزبەكەیە، لەوبارەوە لەتیف فاتیح فەرەج بەهاوڵاتی وت «جگە لەو فشارانە، لەناو خودی پارتیشدا هەڵوێستەیەك كرا، ئەگەر ئاگاداربن كادری پارتی رەئی وابووە ناكرێت لەداواكاری كەركوك دڵی كوردستانەوە بێیتە سەر ئەوەی داوای بارەگایەك بكەیت. تۆ هەموو كەركوك هی تۆیە نەك تەنها بارەگایەك، رۆژنامەنووسێكی پارتیش بڵاویكردەوە كە هەموو ماڵێكی كەركوك دەكرێت ببێتە بارەگای پارتی نەك تەنها داوای كردنەوەی بارەگایەك بكەیت». لەكاتی پشێوییەكانی كەركوك، بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەك راسپێردرا بۆ بەدواداچوون و چارەسەری كێشەكان، بەڵام تا ئێستا لیژنەكە هیچ بڕیارێكی نەداوەو پارتیش چاوەڕێی ئەوە دەكات، لەوبارەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «ئێمە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەكەین، چونكە وەك چۆن بڕیاری چۆڵكردنی بارەگاكان دراوە، دەبێت بەهەمان شێوەش بڕیاری كردنەوەی بارەگاكەی ئێمەش بدرێت، ئەنجا ئێمە بۆ ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز نەبێت، بۆیە ویستومانە بەشێوەیەكی ئاسایی و یاسایی بڕۆینەوە كەركوك. پاش گەڕانەوەمان بۆ كەركوك سەرەتایەكە بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری هەڵبژاردن بكەین و كاریگەریمان هەبێ و سەنگی كورد زیاتر بكەین لەشارەكەدا». پاشەكشەی پارتی لەهەڵوێستەكەی، گوڕوتین و پەرۆشی كوردانی شارەكەی خامۆش كرد، كە لەسەرەتای كێشەكانەوەو بەهەڵوێستێكی نیشمانیانەوە لەگەڵ داواكارییەكەی پارتیدا بوون، بەڵام سەركردەیەكی یەكێتی پێی وایە كەئەوەی روویدا سیناریۆ بوو. ئامانج لێی كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بوو بۆ هەڵبژاردنەكان و هاووڵاتیان قوربانیەكەیان دا، دڵپاك تاهیر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەهاوڵاتی وت «ئەوەی روویدا بۆ مەرامێكی سیاسی بوو، هیچ ئامانجێكی نەتەوەیی لەپشت نەبوو، ئێمە دەمانزانی كەهەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پشێوی شارەكە بشوێنێت، تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سودی لێوەربگرن». پێشتریش راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بڵاویكردەوە كە لەناو ئاوەڕۆی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك چەندین لاشە دۆزراوەتەوە، كە گومان دەكرێت پاش ئەشكەنجەدان تیرۆركرابن، بەڵام پارتی رەتیدەكاتەوە، دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان بەهاوڵاتی وت «هیچ بنەمایەكی نییەو ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بۆ ناشرینكردنی وێنای كورد و پارتییەو دەیانەوێت بەو رێگەیە بەربەست لەبەردەم بڕیاری گەڕانەوەمان دروست بكەن». پاش رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر، پارتی لەكەركوك كشایەوەو بڕیاریدا تا رزگاكردنی یەكجاری شارەكە، نەگەڕێتەوەو هیچ بارەگایەك نەكاتەوە. بەڵام ئەو حزبە لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەوەو لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە داوای گەڕانەوەو وەرگرتنەوەی ئەو بارەگایە دەكات.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، پرسی گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن بووە بە باسی رۆژ چونکە داهاتی مامناوەندی مانگانەی خێزانێک هەشت ملیۆن تمەن (160 دۆلار)ە و تێچووی پێداویستییەکانی خوێندنی هەر مناڵێک زیاترە لە شەش ملیۆن تمەن (120 دۆلار). بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تجارت نیوزی ئێرانی کە رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، نرخی کەرەستەکانی خوێندن 50% زیادی کردووە، ئەمەش بارگرانی زۆر دروست ئەکات بۆ زۆربەی خێزانەکانی وڵاتەکە. بەپێی ئەو راپرسییەی ماڵپەڕکە کردوویەتی، 53% قوتابیەکانی پارێزگای تاران بە پێ ئەچن بۆ قوتابخانە، لەبەرئەوەی تێچووی هاتووچۆ زیاتر لە 50% لە چاو ساڵی پێشوو زیادی کردووە. لەم راپرسییەدا، قەڵەم و کاغەز و کەرەستەکانی خوێندن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، 50% گرانتر بوون و ئەم گرانبوونی تێچووی خوێندنە وا ئەکات مناڵان لە خوێندن داببڕێن، بەتایبەت مناڵانی خێزانە هەژار و کەم داهاتەکان. لەسەر گرانی نرخەکان ماڵپەڕی دیدبان ایران لە راپۆرتێکدا چەند خێزانێکی ئێرانی دواندووە و دایکێک بەم جۆرە باس لە خەرجی کەرەستەکانی قوتابخانەی منداڵێکی دەکات: یەک ملیۆن تمەن (20 دۆلار)م دانابوو بۆ کڕینی کەرەستەکانی خوێندنی کچەکەم، توانیم بایی 800 هەزار تمەن (16 دۆلار) دەفتەر و 200 هەزار تمەن (چوار دۆلار) جاف بکڕم... کچەکەم ئەمساڵ پێویستی بە جانتا و پێڵاوی نوێ نەبوو، ئەگینا نەمدەزانی چی بکەم و چۆن بۆی بکڕم." بەپێی راپۆررتەکەی (دیدبان ایران) بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵێک ئامادە بکرێت، هەر لە پێڵاوی نوێ، جانتا و دەفتەر و قەڵەم و جاف و شتە پێویستییەکانەوە بگرە تا کتێبی خوێندن، خێزانێک زیاتر لە شەش ملیۆن تمەنی (120 دۆلار)ی پێویستە لەکاتێکدا موچەی مانگانەی کرێکارێک نزیکە لە حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەن (140 بۆ 160 دۆلار). بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ١٧ هەزار قوتابی لە پارێزگای " کەهکیلۆییە و بۆیەر ئەحمەد" نزیکەی سێ هەزار و 700 قوتابی توانای کڕینی کتێب و دەفتەر و جانتا و پێویستییەکانی تری خوێندنیان نییە و زۆربەیان واز لە خوێندن دەهێنن. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ایلنا) هەژاری و گرانی پێداویستییەکانی خوێندن، تەنگی بە بنەماڵەکان هەڵچنیوەو بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان مناڵەکانیان نانێرنە بەر خوێندن. ماڵپەڕەکە دەڵێت، زیاتر لە 911 هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن دابڕاون، بەڵام ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردەی ئێران باس لەوە ئەکات نزیکەی ملیۆنێک منداڵ، بە هۆکاری هەژاری و هۆکارەکانیتر، لە خوێندن دابراون.
هاوڵاتی رۆژی ١٩ی ئەیلوول ٢٠٢٣، مۆڵەتەكەی ئێران كە بۆ چەككردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران لەھەرێم دیاری كردبوو، كۆتایی ھات، ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت هەموو رێككەوتنە ئەمنییەكەی عێراق و ئێران جێبەجێكراوە تەنها ئەوە نەبێت كە پەیوەستە بەڕادەستكردنەوەی داواكراوەكان. لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، واژوویان كرد، یەكێك لەخاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بەكۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان ھەردوو وڵات. رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلوول ھێزێكی پاسەوانی سنوور رەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لەناحیەی سیدەكان سەر بەپارێزگای ھەولێر كرا، بەڵام لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە، رێگری لەجێگربوونی ھێزەكە كراو بەوھۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ھەردوولا روویدا. ھاوكات رۆژی ١٥ی ئەم مانگە فەرماندەیی ھێزەكانی پاسەوانی سنوور رایگەیاندبوو كە لەچوارچێوەی ھەوڵەكانیانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێكی سەر بە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی كۆماندۆی ناوچەی سنووری یەك بەپاڵپشتی ھێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران كۆنترۆڵ بكەن. دووشەممە 18-9-2023 رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێم، و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بەئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لەھەولێر كۆبوونەوەو لەمیانیدا رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ كرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران رایگەیاندووە تەواوی بارەگاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسنورەكانی نێوان هەردو وڵات بەشێوەیەكی بنەڕەتی دورخراونەتەوە. بەڵام سەرچاوەیەك لەكۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت:»رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئێستا ئەگەر بڵێین رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە ئێران فشاری زیاتر دەخاتەسەر هەرێم، ئەگەر بشڵێین چەككراوین كاریگەری خراپی لەسەر كۆمەڵگەكەی خۆمان هەیە بۆیە جارێ قسەی لێنەكرێت باشترە». وتیشی:» هیچ هێزێكی غەیرە كوردی نەهاتووەتە ئەو شوێنانەی كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆڵیان كردووەو بەشێك لەو هێزانە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانن و پێشتریش لەو شوێنانە بوون بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات وەك ناوبژیوانیكردن». هەرچەندە لەڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران ئاماژە بەوەشكراوە، «تەواوی گروپەكان لەچەك داماڵراون و وەكو پەنابەر بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی پەنابەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و هەروەها لەسنورەكان و ئەو ناوچانە، هێزی سوپای عێراق جێگیركراون بەبەردەوامیی». هەر بەپێی راگەیەندراوەكە «لایەنی عێراقی جەختی كردووەتەوە لەوەی پابەندن بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی نێو رێككەوتنەكە و هەروەها چارەسەركردنی هەر ئاستەنگ و گرفتێك كە بێتە پێشەوە». لەلایەكی دیكەوە نەوید میهرئاوەرد، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت:»هەموو رێككەوتنە ئەمنییەكەی عێراق و ئێران جێبەجێكراوە تەنها ئەوە نەبێت كە پەیوەستە بەڕادەستكردنەوەی داواكراوەكان كە خۆشم یەكێكم لەو داواكراوانە». وتیشی:»خێزانی پێشمەرگە و خێزانەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە مەدەنین هەموویان لەجێگاكانی خۆیانن». لەلایەكی دیكەوە، ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بەهاوڵاتی وت: «بۆ ئەوەی هەرێم تووشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لەسنوور کشاندووەتەوە، بارەگاکانیشمان تەنها خەڵکی مەدەنی تێدایە.» بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ناوخۆ «لەسەروو خۆیانەوە ئاگاداركراونەتەوە بەهیچ شێوەیەك دەربارەی ئەو رێككەوتنە ئەمنییە لێدوان بۆ میدیاكان نەدەن». بەوتەی سەرچاوەكە «چیتر رێگە بەحزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چونکە هەرێم لەژێر فشاری گەورەدایە». بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەحزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران « ئێران لەڕێگەی عێراقەوە داوای دەستگیرکردن و رادەستکردنی 22 سەرکردەی حزبە کوردییەکان دەکات، لەحاڵەتی رادەست نەکردنیشیاندا هۆشداری داوەتە عێراق و هەرێمیش». بەوتەی سەرچاوەکان بەشێک لەناوەکان بریتین لە «مستەفا هیجری، رەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدان پەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربارو چەند کەسێکی تر.» سەرچاوەكە وتیشی»هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لەبارەگاکانی کۆمەڵەو دیموکرات لەزڕگوێزو کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لەناو بارەگاکاندا نەماون.» کۆنترۆڵکردنی بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناوچەی زڕگوێزو کۆیە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو هێزە چەکدارەکانی سەر بەو دوو پارتە لەناوچە سنوورییەکانی ئێران کشانەوە. لەبەدواداچوونەكانی هاوڵاتی دەركەوت، هەرچەندە بارەگاکانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهێزی چەکداری چۆڵ کراون، بەڵام هەتا ئێستا چۆنیەتی لەچەکداماڵینی ئەو هێزە کوردییانە یەکلایی نەکراوەتەوە.
کاکەلاو عەبدوڵا – سەرکۆ جەمال لەچەند مانگی رابردوودا سلێمانی بووەتە مەیدانی جەنگی درۆنی تورکیا، ئەنقەرە چیتر هێرشەکانی سنوردار نییە لەناوچە سنورییەکانداو ئێستا هێرش بۆ سەر پێگەکانی نزیک لەشارەکە ئەنجامدەدات. تەنها لەماوەی مانگێکدا تورکیا پێنج هێرشی درۆنی لەسنووری سلێمانی ئەنجامداوەو تێیدا 15 کەس شەهیدبوون. دواترینیان هێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بوو کەتێیدا سێ ئەندامی دژەتیرۆری سلێمانی و سێ ئەندامی تر برینداربوون. لەسەر وردەکاری هێرشەکە کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPT بەهاوڵاتی راگەیاند، «تورکیا بەدوو درۆن هێرشی کردەسەر فرۆکەخانەکەو چوار جار هێرشی کردووە». بەڵام لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشە بەیەک درۆن کراوەو تورکیا هێرشەکەی کردووە، عێراق «مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت». لەپاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە هێرش کرایەسەر فرۆکەخانەکە، کەفرۆکەخانەیەکی بچووکە لەعەربەت و بەمەبەستی کشتوکاڵی بەکاردێت، بەڵام دژەتیرۆری یەکێتی بەشێکی بەکاردەهێنێت بۆ مەشقکردن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، هێرشەکە لەکاتی مەشقی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی و هێزێکی تر بووە کە تائێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە. دوای هێرشە درۆنییەکەی تورکیا، دژە تیرۆری یەکێتی بەبێ ئەوەی ناوی تورکیا بهێنێت، رایگەیاند کەچارەنووسی هێرشکاران بێ سزا تێناپەڕێت و «هەر لایەن و جاسوسێک هاوکار بووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لەئەستۆی ئێمەیەو ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات». دژە تیرۆر داوای لەحکومەتی عێراقیش کرد کەئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت و رێگە بەپێشێلکاریی نەدات چونکە «ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کەئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانییە». ئەوەی جێی سەرنج بوو جگە لەلێدوانەکەی لیوا یەحیا رەسوڵ هیچ لایەنیکی فەرمی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە نەکرد کەهێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەبێ ئەوەی ناوی تورکیا بهێنێت پەیامێکی لەسەر هێرشەکە بڵاوکردەوەو وتی: «رووداوەکەی فرۆکەخانەی عەربەت دڵگرانی کردووین، پێویستە بەزووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەهۆکارو چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستییەکان ئاشکرابکرێن.» سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، «سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتەهۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان». تورکیا لەساڵی رابردووەوە سنوری هێرشەکانی فراوان کردووە بۆ ناوچە مەدەنییەکان لەهەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارێکی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، تورکیا لەمانگی شوبات بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2022، 20 هێرشی درۆنی ئەنجامداوە. ئامارێکی رێکخراوی CPT دەریدەخات کەساڵی 2022 کوشندەترین ساڵ بووە لەساڵی 2015ەوە بۆ کوژرانی خەڵکی سڤیل بەهێرشی تورکیا لەهەرێمی کوردستان. لەساڵی 2023ش، تورکیا 87 پێگەی بەئامانج گرتووە لەهەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPT بەهاوڵاتی وت، «لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تا 18ی ئەیلولی 2023 تورکیا 87 پێگەی لەهەرێمی کوردستان بەئامانج گرتووە لەڕێی درۆن و فرۆکەی جەنگی و ئۆپەراسیۆنەکانیەوە». بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەڕۆژی 6ی مانگی رابردوو، واتە مانگی ئاب، تا 18ی ئەم مانگە، تورکیا پێنج هێرشی درۆنی لەناوچەکانی سلێمانی ئەنجامداوە کە ناوچەی مەدەنین و دوورن لەپێگە سنورییەکان. لە ٦ی مانگی ئابی 2023، درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەنزیک ناحیەی ئاخجەلەری سەر بەقەزای چەمچەماڵ کردە ئامانج، دواتر دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند لەهێرشەکەدا (بەرپرسێکی سەربازی پەکەکە کوژراوە). لە 9ی مانگی ئابی 2023، درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەنزیک قەزای دوکان بەئامانج گرت کە تێیدا هاووڵاتییەک بەناوی نەژوان عەبدوڵاو کەسێکی تر شەهیدبوون. دوکان 135 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە. دوای دوو رۆژو لە 11ی ئابدا، درۆنی تورکیا دووبارە ئۆتۆمبێلێکی لەپێنجوێن کردە ئامانج کە 210 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە. لەو هێرشەدا سێ هاووڵاتی مەدەنی کە بەڕێوەبوون بۆ ئێران شەهیدبوون. لە ٢٧ی هەمان مانگیش تورکیا بەدرۆن ئۆتۆمبێلیکی لەسنوری ناحیەی گەرمک لەپێنجوێن بەئامانج گرت و تێیدا سێ کەس شەهیدبوون کە بەپێی راگەیاندراوی دژەتیرۆری کوردستان – پارتی چەکداری پەکەکە بوون. تورکیا بەبیانوی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە و دژەتیرۆری کوردستان – پارتیش لەسەر هەرسێ هێرشەکە رایگەیاند کە «چەکدارانی پەکەکە بەئامانجگیراون». دوایین هێرشی تورکیاش بۆ سەر سلێمانی کە بەدرۆن ئەنجامیدا، هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت بوو کەتێیدا سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەهیدبوون. لەسەرەتاوە هەندێک میدیا باسیان لەشەهیدبوونی نۆ کەس دەکرد کە شەشیان ئەندامی دژەتیرۆرن و سێ کەسەکەی تریش وەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، ئەندامی دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستان بوون. بەڵام هیچ سەرچاوەیەک لەئاسایشی هەرێم و بەرپرسانی رۆژئاواش ئامادەنەبوون لەسەر ئەو بابەتە قسە بۆ هاوڵاتی بکەن و ئەو زانیارییە پشتڕاست یان رەتبکەنەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، «دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکەو یەپەگە لەفڕۆکەخانەکە مەشقو راهێنانیان کردووە». تورکیا پێگەی خۆی لەهەرێمی کوردستان بەهێز کردووەو لەناوچە سنورییەکان چەندین بارەگای هەیە کەئەمە بۆی ئاسان دەکات تاهێرشی درۆنی ئەنجامبدات لەسلێمانی و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان. ساڵی رابردوو وەزارەتی بەرگری عێراق رایگهیاند، تورکیا بەقوڵایی 105 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوەو زیاتر لە 100 بارەگای هەیە لەناوچە سنورییەکان. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT، تورکیا 35 کیلۆمەتری لەناوچە سنورییەکان قوفڵ کردووەو لەڕێی درۆنەوە هێرش دەکاتەسەر هێزەکانی پەکەکەو هاووڵاتیانی مەدەنی. کامەران عوسمان دەڵێت، «توركیا لەڕێگەی 64 بنكەو بارەگای سەربازی بەقوڵایی 12 بۆ 35 كیلۆمەتر، سنوری نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق - توركیای لەگوندی دورنەخ لەپارێزگای دهۆكەوە تاوەكو دەڤەری برادۆست لەپارێزگای هەولێری قفڵ كردووەو لەئێستادا لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكەنجی و بایراكتەر لەئاسمان و تیمی راهێنراوی هەواڵگری لەسەر زەوی نەیارەكانی لەهێزەكانی گەریلاو هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانج دەگرێت». جگە لەئۆپەراسیۆن و هێرشە درۆنییەکان، گومان دەکرێت کەتورکیا ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ی شەهیدکردبێت لەهەولێر، لەهەمان رۆژ کەهێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەکەی سنوری سلێمانی ئەنجامدرا، هەرچەندە هیچ لایەنێکی فەرمی تائێستا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەنقەرە درێژنەکردووە. لەدوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە کەسێکی نەناسراو هیرشی کردەسەر بارەگای کەنەکە لەهەولێرو ئەندامێکی کەنەکەی بەناوی دەنیز گەڤەری «تیرۆر» کرد. خالید قادر، ئەندامی کەنەکە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت، «لەدوای كۆنگرەی لۆزانەوە هەڕەشە لەسەر ئەندامەكانمان زیادیكردووە، بەڵام یەكەمجارە لەهەرێمی كوردستان بەئاشكرا ئەندامێكمان تیرۆر دەكرێت». وتیشی:»ئەو كەسەی لەهەولێر بەڕۆژی رووناك ئەندامەكەكانی تیرۆركرد بەئاشكرا هاتووەتە بارەگای كەنەكە و لەدەرگای داوە، كاتێك ئەو هەڤاڵەمان دەرگای كردووەتەوە راستەوخۆ تیرۆری كردووەو هەڵاتووە، هێزە ئەمنیەكانیش هاتنە بارەگاكەو بەئێمەیان وت لێكۆڵینەوە دەكەین». بەوتەی ئەو ئەندامەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، ئەوان ماوەی 10 ساڵە بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان بارەگایان بەفەرمی هەیەو پاراستنی گیانیان لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
سەركۆ جەمال سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم و بەغدا ئەوە بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات كەبەغدا بەفشاری ئەمریكا پارەی بۆ هەرێم ناردووە، پەرلەمانتارێكیش دڵنیایی دەدات كە بۆ ئەمساڵ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بووە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت پێویستە بۆ دوای سێ مانگەكە هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكاتەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە 17-09-2023) بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار بەقەرز بداتە هەرێمی كوردستان بۆ سێ مانگ، بەكۆی گشتی دەكاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوڵاتی هێشتا هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم نەكراوە، بەڵام وەك ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێكرد لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئەو پارەیەی بەغدا رەزامەندی لەسەر داوە دەگاتە هەرێم و دەست بەدابەشكردنی دەكرێت. سەرچاوەیەكی دیكە لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستكردەوەو وتی: «تا پێنجشەممە 700 ملیاری بەغدا دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەهەفتەی داهاتوودا دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت». هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دڵنیانین لەوەی دوای سێ مانگی تر هەرێم و بەغدا رێكدەكەون یاخود نا، لەچارەنووسی موچەكانیشیان دڵنیانین بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دڵنیایی دەدات. شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەم سێ مانگە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان زامن كراوە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم لەگفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت تادوای ئەو سێ مانگە كێشەی مووچە دروست نەبێت». وتیشی:»بەڵام دوای سێ مانگەكە خەرجی عێراق زۆرتردەبێت و بەوەش كێشەی بودجەی هەرێم سەدا سەد چارەسەر دەبێت بۆ ئەمساڵ، بۆ ساڵی داهاتووش بودجەی 2024 دێتەوە پەرلەمانی عێراق و هەر بڕگەیەك پێویستی بەدەستكاریكردن بێت لەپەرلەمانی دەستكاری دەكرێت». وەك ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت:»هەرێم حساباتی داهاتی ناوخۆ و نەوتیشی رادەستی بەغدا كردووەو هیچ بیانوویەك نەماوە تا بەغدا بودجە جێبەجێ نەكات و پارە نەنێرێت». بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دیاری بكات بۆ دوای ئەو سێ مانگە. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دیار نییە جارێ بۆ كۆتایی ساڵ چۆن مووچە دابەش دەكرێت، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا باس لەوەدەكات ئەو پارەیەی وەریدەگرێت، لەمانگی حەوتەوە دەست دەكات بەدابەشكردنی مووچە، واتە بۆ مانگەكانی حەوت و هەشت و نۆیە، كەواتە بۆ كۆتایی ساڵ پێویستە هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دیاریبكات بۆ دابەشكردنی مووچە». وتیشی:»ئەگەر هاتوو بودجەی حكومەتی فیدراڵی عێراق واتە بودجەی وەبەرهێنان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوكاتە لەگەڵ بودجەی بەكاربردن بڕەكەی زۆرتربێت و خەرجییەكان زۆرتربێت ئەمەش وادەكات بودجەی هەرێم لەو خەرجییە فعلیانە زیاتر بێت كەڕەنگە بگاتە ترلیۆنێك دیناری مانگانە بۆ شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەرێمی كوردستان بتوانێت لەپشكی خۆی مووچە دابەش بكات، بەڵام جارێ دیارنییە هەتا كۆتایی ساڵ ئەوە دەردەكەوێت». ناردنی پارەی مووچە بۆ سێ مانگ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەكاتێكدایە، رۆژی دووشەممە، 18-9-2023 یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەناوی ژمارەیەك پەرلەمانتاری ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە رایگەیاند: پێدانی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بەقەرز لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بەهەرێمی كوردستان، سەرپێچییەكی روونی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بانكەكانە. هاوكات نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سێ مانگ دەڵێت: پێشوازی كورد لەڕێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد بۆ پێدانی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران، ئاماژەیە بۆ نزیكبوونەوەی وادەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە لەوادەیەكدا كەكۆتایی مانگی داهاتوو تێناپەڕێنێت. هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت:» هەرێم و بەغداد لەبارەی كێشەی موچەی فەرمانبەران گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەوەش وەرزێك لەقەیرانێكی گەورە كۆتایهات، كەسەركردایەتی كوردی خستە بەردەم ئاستەنگێكی مەترسیدار و ناچاری كرد هانا بۆ ئەمریكا بەرێت بۆ دەربازبوون لێی». وتیشی: قووڵی قەیرانەكە، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی والێكرد رووبكەنە بەغداد، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی مووچەو پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق، سەردانەكەش بەهاندانی ئەمریكا بووەو بەڵێنیداوە فشار لە سودانی بكات بۆ رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان, كە لەلێواری قەیرانێكی مەترسیداردایەو هەڕەشە لەقەوارەكە دەكات». وەك ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی:»ئەو سانكاری و تێگەیشتنەی سودانی پیشانیدا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەن بۆ ئەوەی فشارەكانی ئەمریكا رۆڵی هەبووە لەو مەسەلەیەدا». لەدوایین لێدوانیدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:» ئەمەی بۆمان دێت بەداخەوە تەمویلی مانگی 7و 8و 9و 10و 11و 12، نیە وەك ئەوەی ئێمە وەك حكومەتی هەرێم داوامانكردووە، بەڵكو ئەمە قەرزە، حكومەتی هەرێمیش ئازادە بۆ چ مانگێكی خەرجدەكات». وتەكانی ئاوات شێخ جەناب لەكاتێكدایە، عەدنان فیحان، سەرۆكی كوتلەی سادقونی سەر بە (عەسائیی ئەهلی حەق) لەپەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب، بەمەرجی ئەوە رازیبووە، لەسەر قەرزەكە، پارەكە بدرێت بەمووچەخۆران، پێویستە وردبینی لەداراییەكانی هەرێم بكرێت، لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی. وتیشی: دوو مەرجمان داناوە بۆ هەرێم یەكەمیان: وردبینیكردن لەحساباتەكانی هەرێم، دووەمیان پارەكە بگاتە دەستی فەرمانبەران.
هەناو بابارەسوڵ بەشێك لەگەنجانی كورد تەنانەت خێزانەكانیش بەپارەیەكی زۆر یاخود چاوپێكەوتن ڤیزای توركیا وەردەگرن، ئامانجی سەرەكیشیان ئەوەیە لەتوركیاوە بەیەكێك لەڕێگا قاچاغەكان خۆیان بگەیەننە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكی زۆر لەچاوەڕوانی و چارەنووسێكی نادیاردا دەمێننەوە. زۆرێك لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە دەچنە توركیا روودەكەنە ئەستەنبوڵ بەدیاریكراویش ناوچەی «فاتیح» و ئاكسەرای كە ئەو شوێنە بەشێكی زۆر لەقاچاغچیەكان و رێبەرەكانیان تێیدا دەمێننەوەو نەفەر بۆ رێگا قاچاغەكانیان كۆدەكەنەوە. ئەیوب كەریم، بەخۆی و خێزانێكی چوار كەسییەوە كە سێ منداڵی پێییە رووی كردووەتە ئەستەنبوڵ و چاوەڕێی ئەوەیە بچێتە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، ئەوان جارێك بەڕێگای وشكانیدا هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بەپێ رۆیشتن پۆلیسی یۆنان دەستگیریكردوون و گەڕاندوونیەتیەوە بۆ توركیا، جگە لەوەی وەك خۆیان دەڵێن پۆلیسی یۆنان چییان پێبووە لێیان سەندوون. وەك ئەیوب بۆ هاوڵاتی باسیكرد، سەرەڕای ئەوەش كۆڵیان نەداوەو لەچاوەڕوانیدابوون تا بەڕێگای ئاو یان رێگایەكی دیكە بگەنە یۆنان یان ئیتاڵیا، بەڵام بۆ ئەو گەیشتنەش دەبێت چاوەڕوان بن و نازانن دەردەچن یاخود نا، بۆ ئەوەش دەبێت پارەیەكی زۆر بدەن بەقاچاغچیەكان تا ئیتاڵیا، پێشیان وتوون لەئەگەری دەستگیركردنیان لەئاوەكانی یۆنان رەنگە دیپۆرت بكرێنەوە یاخود بۆ ماوەیەكی زۆر لەكەمپدا بن لەیۆنان و سەرەڕای ئەوەش پەنجەمۆریان پێبكرێت، لەوحاڵەشدا نیوەی پارەكەیان دەڕوات. پەیامنێری هاوڵاتی لەكاتی گفتوگۆی نێوان ئەیوب و رێبەری یەكێك لەچاغچیەكان بەناوی (هەرێم) ئامادەبوو وەك نەفەر خۆی ناساند، رێبەری قاچاغچیەكە باسی لەوەدەكرد كە یەختەكەیان 34 مەترەو تەنها (200) كەسی تێدەكەن، بۆ ئەوەش دەبێت بۆ هەر نەفەرێك هەشت هەزارو پێنجسەد دۆلار بدەن و بۆ منداڵەكانیش نیوەی پارەكە بدەن. وەك رێبەری یەكێك لەقاچاغچیەكانی توركیا باسی كرد، لەئەگەری گەیشتنیان بەیۆنان و گیرانیان ئەگەر دیپۆرت نەكرانەوە نیوەی ئەو پارەیەیان دەوێت. لەناوچەی ئاكسەرای كەبۆ زۆرێك لەو كەسانەی بەقاچاغ چوونەتە ئەوروپا یاخود چاوەڕێن بچن ناوێكی ناسراوە، دەیان رێبەرو قاچاغچی رۆژانە مامەڵە دەكەن لەگەڵ نەفەرەكان و بەشێكیان نەفەرەكان دەبەنە شوقە یان شوێنی مانەوە كە خۆیان بەكرێیان گرتووە تا نەفەرەكان دەردەچن. لەبەدواداچوونەكانی هاوڵاتیدا دەركەوت زۆرێك لەقاچاغچیەكان وەك كاڵا مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران دەكەن، واتە بەشێك لەكۆچبەران دەفرۆشرێن بەڕێبەری (روس و تورك و پاكستانی) واتە ئەوان تەنها مامەڵەكە دەكەن و دواتر بەبڕە پارەیەك ئەو كۆچبەرانە دەدەنە دەست رێبەری دیكەو خۆیان تەنانەت ناچنە سنورەكانیش بۆ بەڕێكردنیان. هەرچەندە توركیا رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەیە كەڕێگربێت لەوەی بەقاچاغ كۆچبەران بگەنە ئەوروپا، بەڵام جدیەتێكی زۆر لەو رێككەوتنە بەدیناكرێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو بەشێك لەو كەسانەی بەو رێگایانەدا رۆیشتوون دەڵێن پاسەوانی سنورەكانی توركیا بەڕێگای وشكانی بەرەو یۆنان هیچ ڕێگرییەك ناكەن تاكۆچبەران بپەڕنەوە بۆ یۆنان. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی پەیامنێری هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كرد، ناوی (كاروان)ە، ئەو خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو، وەك خۆی ئاماژەی پێدا نزیكەی 40 رۆژە لەتوركیایەو شەش جار بەڕێگای وشكانی هەوڵیداوە بپەڕێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام هەوڵەكانیان سەرینەگرتووە، سەرەڕای ئەوەش دەڵێت بەردەوام دەبن و كۆڵ نادەن. بەوتەی ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئاگرەكانی یۆنان مەترسییەكی دیكەیە بۆ سەر كۆچبەران، لەمانگی تەمموزدا كاتێك شەپۆلێكی گەرمای درێژخایەن یۆنانی گرتەوە و پلەی گەرمی لە باشوور (٤٦) پلەی سەدی تێپەڕاند، چەندین ئاگر لەدارستانەكان كەوتەوە، كەمەترسیدارترینیان لە دوورگەكانی ڕۆدس لە دەریای ئیجە لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەو كۆرفو لەدەریای ئایۆنی لەباكووری رۆژئاوای یۆنان روویداوە بووە هۆی چۆڵكردنی هەزاران ناوچە لەدانیشتووان. وتیشی: لەسەرەتای وەرزی هاوینەوەو ئاگركەوتنەوەكان لانیكەم (٢٥) كەس گیانیان لەدەستداوە كەدەسەڵاتداران تەرمی (٢٠) كەسیان دۆزیوەتەوە لە نزیك شاری ئەلێكساندرۆپۆلی و رایانگەیاندوە كە بەئەگەری زۆرە كۆچبەرن. ئاری جەلال دەشڵێت زۆرێك لەكۆچبەران بەتایبەتی لەگوندە سنوورییەكانی توركیا دوای بەزاندنی رووباری ئێڤرۆس پێیدا تێدەپەڕن، بەو پێیەی بەشێكی زۆریان ناچارن بۆ ماوەی چەندڕۆژێك لەڕێگا لاوەكییەكاندا بەپێ بڕۆن و خۆیان لەدارستانەكاندا بشارنەوە لە ترسی ئەوەی پۆلیس دەستگیریان دەكات و بە زۆر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ توركیا. ئەمەش لە كاتێكدایە كە رۆژی هەینی یەكی ئەیلولی ئەمساڵ دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، گروپێكیان رزگار كردوە كە لە (٢٥) كۆچبەر پێكهاتبوون، تەواوی كۆچبەران لەهاووڵاتی سوریاو عێراق و لوبنان پێكهاتبوون. رۆژانە لەمیدیاكانی یۆنان و ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستانیش هەواڵی خنكان یان رزگاركردنی كۆچبەران لەخنكان لەئاوەكانی یۆنان و ئیتاڵیا بڵاودەكرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی دەزگای لوتكە لەهەفتەی سەرەتای مانگی تەمموزی 2023 دا ٢٦ حاڵەتی گەڕانەوەی بەلەمەكان لەئاوەكانی یۆنان بۆ توركیا تۆماركراوە، كە ٨٢١ پیاوو ژن و منداڵ بوون ، كەتەنها لەو هەفتەیەشدا ٨٠ بەلەم توانیویانە بپەڕنەوە بۆ ئاوەكانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنانیش توانیویانە بەشێوەیەكی نایاسایی ٢٦ بەلەمیان بەهەمان رێگەدا ناردووەتەوە بۆ توركیا. سەرەڕای ئەوەش هەر بەپێی زانیاریەكانی ئەو دەزگایە لەو هەفتەیەی سەرەتای تەمموزدا، بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لەهەزارو 300 پیاوو ژن و منداڵ بەسەلامەتی گەیشتوونەتە دوورگەكانی یۆنان . وەك دەزگای لوتكە ئاماژەی پێدەكات هاتنی تۆماركراو لەدوورگەكانی یۆنان بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ١٤٠% زیادیكردووە، هاوكات ژمارەی بەلەمەكانی گەیشتن بەدوورگەكانی یۆنان لەشوباتی ٢٠٢٠ەوە زیاتربووە. لەیۆنانیش ژمارەی كۆچبەران لەكەمپەكانی ئەو دوورگانە بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا واتە لە 2020 ەوە زیاتر لەهەشت هەزارو 220 كەس ناویان تۆماركراوە، كەزۆرترین ژمارەی ئەو كەسانە تۆماركراون لەدوورگەكانی یۆنان لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ بووە. *ئەو ناوانەی هاوڵاتی لەڕاپۆرتەكەیدا بەكاریهێناون واتە ناوی كۆچبەرو رێبەرەكان سەرجەمیان ناوی خوازراون.
هاوڵاتی ئیدارەی بایدن نزیکە لەپەسەندکرندی ناردنی موشەکی دوورمەودای بۆمبی هێشوویی (دەستەیی) بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش توانایەکی گەورەو بەرچاو دەداتە کیێڤ تا بتوانێت گورزی کوشندە بدات لەڕوسیا لەناو خکای خۆیدا. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەزاری چوار بەرپرسی ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە، ئیدارەی بایدن ئەو مووشەکە دوورمەودایانە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و چەکەکان دەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن بەو ناوچانەی لەژێر دەستی روسیادان. پێشتر واشنتن چەکی هێشوویی ١٥٥ ملیمی ناردووە بۆ ئۆکرانیاو لەتۆپهاوێژەکاندا بەسەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوەو لەجەنگی دژی روسیا بەکاریهێناوە. موشەکی هێشوویی بەو موشەکانە دەوترێت کەچەندین بۆمبی بچوکتری لەخۆی گرتووەو زیانێکی زۆر دەگەیەنێت کاتێک هەڵدەدرێت و رەنگە هەندێکی نەتەقێت، ئەمەش مەترسییەکی ترە بۆ سەر خەڵکی سڤیل کە رەنگە دوای چەندین ساڵ زیانیان پێبگەیەنێت. بەپێی قسەی سێ بەرپرسی ئەمریکی کە بۆ رۆیتەرز قسەیان کردووە، دوای سەرکەوتنی بەکارهێنانی ئەو بۆمبانە، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە دوو جۆری تری سیستەمی موشەکی بنێرێت بۆ ئۆکرانیا کە یەکەمیان سیستەمی موشەکی تاکتیکی سوپایەو دەتوانێت ٣٠٦ کیلۆمەتر ببڕێت یان سیستەمی هەڵدەری چەند موشەکی کەتوانای هەیە زیاتر لە ٧٢ کیلۆمەتر ببڕێت و پڕدەکرێت لەبۆمبی هێشوویی. بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، ئەگەر هەرکامیان پەسەند بکرێت، ئەوا ئامادەن بەخێایی بنێردرێن بۆ کیێڤ. لەئێستادا ئۆکرانیا تۆپهاوێژی ١٥٥ ملیمی هەیە کەتۆپەکانی ٢٨ کیلۆمەتر دەبڕن و دەتوانن ٤٨ بۆمبی بچوک هەڵبگرن. سیستەمی یەکەم کە لەپێداچوونەوەدایە بۆ ناردن دەتوانێت زیاتر لە ٣٠٠ بۆمبی بچوک هەڵبگرێت و سیستەمی دووەمیش کەچەند مانگێکە ئۆکرانیا هەیەتی، دەتوانێت زیاتر لە ٤٠٠ بۆمبی بچوک هەڵبدات. دووان لەسەرچاوەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا دژی روسیا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە دیوە، ئیدارەی بایدن سوورە لەسەر ئەوەی توانستی سوپای ئۆکرانیا لەم کاتە گرنگەدا زیاد بکات. هەر چوار سەرچاوەکەی رۆیتەرز باس لەوە دەکەن کە ناردنی هەردوو سیستەمەکە یان یەکیکیان بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوەو رەنگە ئەگەرەکە هەڵبوەشێتەوە. ئیدارەی بایدن چەندین مانگە کێشەی بۆ دروستبووە لەبڕیاردانی ناردنی سیستەمی یەکەم، چونکە ترسی ئەوەی هەیە ناردنیان بۆ ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە وەک هەنگاوێکی زۆر «شەڕانگێزانە» لێکبدرێتەوە. سیستەمی یەکەم، یان سیستەمی موشەکی تاکتیکی سوپا، بۆ مەبەستی «هێرشی قوڵ لەهێزەکانی دووەمی بەرگری دوژمن» دروستکراوەو دەکرێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی فەرمان، ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردن، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و شوێنە لۆجستییەکان بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆ بەشەکانی پشتەوەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگیش دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت. کیێڤ چەندینجار داوای لەئیدارەی بایدن کردووە بۆ رەوانەکردنی ئەم سیستەمە کە دەتوانێت لەهێرشەکانیدا سوودی لێ ببینێت و هێڵەکانی سەرچاوەی سەربازی سوپای روسیا پەکبخات و هێرش بکاتەسەر بنکە ئاسمانی و تۆڕە ئاسنیینەکان لەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون. هەفتەی رابردوو دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاو هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن، گفتوگۆیی ناردنی موشەکی دوورمەدایان کردو وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا هیوای خواست بڕیارێکی ئەرێنی لەبارەوە بدرێت. یەکێک لەسەرچاوەکان دەڵێت، «ئێستا کاتییەتی» چونکە هێزەکانی ئۆکرانیا لەهەوڵی ئەوەدان بدەن لەهێڵەکانی سوپای روسیا لەباشوری شاری ئۆرکیڤ بەمەبەستی پەرشوبڵاوکردنی هێزەکانی روسیاوهەڕەشە دروستکردنی بۆ سەر هێڵەکانی سەرچاوەی سەربازی سوپای روسیا. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەو دوو سیستەمە بەو توانایانەیانەوە نەک هەر ورەی ئۆکرانییەکان بەرزدەکەنەوە، بەڵکو گورزێکی کوشندەی تاکتیکیش دەدەن لە روسیا. بەپێی قسەی سەرچاوەکان، پلانەکەی ئەمریکا بەجۆرێکە کە ئەو چەکانە لەخۆبگرێت کە بۆمبی تێدایە. لە ئێستادا ئۆکرانیا تەنها یەک تۆپهاوێژی دروستکراوی ئەمریکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە تۆپی ١٥٥ ملیم لەخۆدەگرێت و لەمانگی تەمموزدا راگەیاندرا کە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە. چەکە نوێیەکان توانای ئەو سیستەمە بەهێز دەکەن کە لەئێستادا ئۆکرانیا هەیەتی و مووشەکەکانی توانای بڕینی ٢٨ کیلۆمەتریان هەیە و دەتوانن ١٠٠ هەزار پارچە هەڵبدەن نەک بۆمبی بچوک. ئەمریکا چەندین جار لەدەستپیکی جەنگەوە چەکی جۆراوجۆری بۆ ئۆکرانیا ناردووە و لەئێستادا ئەو فەرمانەی کەهەیە بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بە زوویی جێبەجێ دەکرێت کە لەنێوان چەند رۆژێک بۆ چەند هەفتەیەکدایە. دوو لەبەرپرسەکانی ئەمریکا ئەوەیان بە رۆیتەرز وتووە کەپێش ئەوەی ئەو سیستەمانە بنیردرێن، پێویستە ئەپگریەد یان تازەکردنەوە لەو سیستەمانەدا بکرێت کە ئێستا ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ سیستەمە نوێیەکان بیانگونجێنێت. بەڵام چونکە بڕیاری کۆتایی نەدراوە لەسەر ناردنی ئەو سیستەمانە، روون نییە کە ئەو چەکانە دەبنە بەشێک لەوانەی کە دیاریکراون بۆ ناردن لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە. رەنگە چەکەکان ببنە پاکێجێکی ناردن لەگەڵ چەکی تردا لەدەوروبەری ١٩ی ئەم مانگە. بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، رەنگە دژی ناردنی سیستەمەکان بڕیاربدات یان رەوانەکردنیان دوابخات. چەکی هێشوویی لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ وڵاتەوە قەدەغەکراوە. روسیاو ئۆکرانیاو ئەمریکا لەو پەیماننامەیە بەشداریان نەکردووە کەچەکی هێشوویی قەدەغە دەکات، کە بەپێی پەیماننامەکە بەرهەمهێنانی، عەمبارکردنی، بەرکارهێنانی و گواستنەوەی ئەو جۆرە چەکە قەدەغەیە. ئەو چەکانە بۆیە قەدەغەن چونکە مەترسییەکی گەورەن و لەجارێکدا ژمارەیەکی زۆر بۆمبی بچوک بەناوچەیەکی فراواندا بڵاودەکەنەوە کە رەنگە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بکوژێت. ئەگەری هەیە کەهەندێکیان نەتەقن و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی سڤیل، تەنانەت چەندین ساڵ دوای کۆتایهاتنی جەنگیش. لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە کە روسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، واشنتن بەبەهای ٤٠ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی کیێڤی کردووە.
ڤانە باهیر لەکارکەوتن و دروستبوونی بەرگری دەرمانە دژە زیندەییەکان کە بە «ئەنتی بایۆتیک» ناسراون بووەتە مەترسییەکی گەورەی جیهانی، لەدوایین هەوڵدا بۆ رووبەڕوونەوەی ئەم کێشەیە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەرجەم نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا بەشێکی تایبەتی كردووەتەوە. لەسەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێم بەشێكی تایبەت دەكرێتەوە سەرچاوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: لەسەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی تایبەت دەکرێتەوە بۆ توویژینەوە لەسەر دەرمانە دژە زیندەییەکان، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بەرگری میکرۆبەکان دژی دەرمانەکان، ئەو بەشە سێ کەسی پسپۆڕی تایبەتی بۆ دادەنرێت کە لەناویاندا دەرمانسازێک و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکانیش هەیە. وتیشی: کردنەوەی ئەو بەشە تایبەتە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق بووەو لەئێستادا وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش کار لەسەر ئەو پرۆسەیە دەکات. مەترسی بەرگری دەرمانە دژە زیندەییەکان و لەکارکەوتنیان پرسێکی گرنگی جیهانیە، بەپێی راپۆرتیکی گۆڤاری لانسێت تاساڵی ٢٠٥٠ ئەگەر بەم شێوەیە دەرمانە دژە زیندەییەکان بەکاربهێندرێت ئەوا ساڵانە زیاتر لە « 10 ملیۆن» کەس دەکوژێت، لەئێستاشدا ساڵانە هۆکاری مردنی زیاتر لە « ٧٠٠ هەزار کەسە». عێراق و هەرێمی کوردستان بەدورنین لەم مەترسییە، هەربۆیە عێراق بەپێی پلانێک کەماوەی جیبەجیکردنەکەی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٢یە بەهەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵیداوە رووبەڕووی ئەم کێشەیە ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی یەکێک لەبەندەکانی پلانەکە کەمکردنەوەی بەکارهینانی دەرمانە دژە زیندەییەکانە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵیش، دەرمانەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەربڵاو لەسەرجەم دەرمانخانەکان دەتواندرێت مامەڵەی پێوەبکرێت. لەبارەی ئەو پلانە نیشتیمانیەی عێراقەوە لەسەر پرسی بەرگری دەرمانەکانی دژە زیندەییەکانەوە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە دکتۆر نەجمەدین حەسەن نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەپارێزگای سلێمانی، بەڵام رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو پلانە بن. وتیشی: لەماوەی رابردوودا رێکخراوی تەندروستی جیهانی تەنها پاڵپشتی چوار رۆژ راهێنانی کرد لەسەر چاودێری و تاقیگەیی بۆ بەرگری دژی ئەنتی بایۆتیک» کە لەشاری هەولێر مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، چوار ستافی تەندروستیش لەپارێزگای سلێمانییەوە بەشداربوون. محەمەد عەلی کەپزیشکێکی دەرمانسازە لەیەکێک لەدەرمانخانەکانی سلێمانی کاردەکات لەبارەی هەڵە بەکارهێنانی دەرمانە دژە زیندەییەکانەوە بەهاوڵاتی وت: ئێستا وایلێهاتووە نەخۆش خۆی دەرمان دیاریدەکات، ئێمە هەندێک جار وەک دوکانێکی ئاسایی مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت کەتەنها فرۆشتنی دەرمانمان لەسەرە، چونکە هیچ چاودێریەکی جددی نیە لەسەر دەرمانخانەکان ئەگەر منیش دەرمانەکە نەفرۆشم بەنەخۆشەکە ئەوا یان خۆی توڕە دەکات یاخود لەدەرمانخانەیەکی دیکە دەستیدەکەوێت. ئەو پزیشكە دەرمانسازە دەشڵێت: دژە زیندەییەکان بەناڕێکی و نازانستی بەکاردەهێندرێت بەشێکیان لاوازبوون و تاڕادەیەک کاریگەریان نەماوە، کەیەکێک لەوانەش دەرمانی ئەمۆکسیسیلینە کە بۆ چارەسەری هەوکردنی سییەکان و کۆئەندامی میزو میزەڕۆ، هەروەها چەندین بەشی دیکەی لەش بەکاردەهێندرێت. هاوڵاتی لەبارەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ پێدانی دەرمان بەنەخۆش پەیوەندی بە د.ئاسۆ حەوێزی وتەبیژی وەزارەتی تەندروستییەوە كرد، ناوبراو وتی: لەمیژە ئێمە رێنمایی تایبەتیمان دەرکردووە بۆ هەموو دەرمانخانەکان کە چۆن دەرمان بدەن بەنەخۆش ئەوەش لەڕێگەی سەندیکای دەرمانسازانەوە بۆ هەموو دەرمانخانەکان نێردراوە، لەئەگەری هەر سەرپێچیەکیش ئێمە لیژنەی چاودێریمان هەیە کە بەرپرسن لەو بابەتە. هاوکات د.هێرش سەلیم، جیگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: کاتێک کەسێک دەرمانخانە دەکاتەوە هەموو رێنماییەکانی پێدەدرێت کەپێویستە کام دەرمانانە بەڕەچەتەی پزیشک بدرێتە نەخۆش لەناویشیاندا دژە زیندەییەکان، بەڵام کە جێبەجێ ناکرێت ئەوا سزای هەیە ئەگەر هاتوو ئاشکرابێت ئەو دەرمانخانەیە بەبێ رەچەتە دەرمانێکی بەنەخۆش داوە. لەبارەی رێنمایی و سزاکانی سەندیکاوە، رەنج محەمەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بەهاوڵاتی وت: ئێمە رێنمایی و سزامان هەیە بۆ سەرجەم دەرمانخانەکان کەپێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرمانەکان بکەن، بەڵام بەڕاستی ئەوەش قورسە جێبەجێکردنی، چونکە ئێمە تەنها لایەنی پەیوەندیدار نین بەڵکو سەرجەم پزیشکان و وەزارەتی تەندروستیش بەرپرسیارن لەمە، ئەگەر دەرمانخانەکەش دەرمانەکە بەنەخۆش نەدات ئەوا نۆرینگەیەکی» لاکۆڵان» دەرمانەکە بەنەخۆش دەدات. رەنج محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کەکەمتەرخەمیەکی زۆر هەیە لەچاودێریکردنی فرۆشتنی دەرمان بۆ ئەوەش داوامان لەوەزارەتی تەندروستی کردووە زیاتر وردبن لەسەر ئەم پرسە، باسیشی لەوەکرد پێویستە هاوڵاتی وەک لایەنیکی گرنگی ئەم کێشەیە زیاتر خەمی خۆی بێت. بەرگری دژی دەرمانەکانی ناسراو « ئەنتی بایۆتیک» چەندین هۆکاری سەرەکی هەیە کەدیارترینیان ئەمانەن: کاتیک نەخۆش بۆ ماوەی دیاریکراو کەپزیشک بۆی دیاریکردووە دەرمانەکە وەرنەگرێت، کاتێک بەناڕێکی دەرمانەکە وەربگرێت یاخود دەرمانەکانی خۆی بۆ کەسە نزیکەکانی بەکاربهێنێت یاخود بەبێ ئەوەی دڵنیابیتەوە ئەو دەرمانە بۆ نەخۆشیەکەی کاردەکات بەکاری بهێنیت. کاریگەرترین رێگاش بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی تاقیگەیی « ئەنتی بایۆتیک سێنستیڤیتی تێست»ە بۆ نەخۆش.
عەممار عەزیز «هەولێر و سلێمانی كێبڕكێی یەكتر دەكەن لەهەموو روویەكەوە، بەڵام دهۆك بەپێچەوانەوە ئەوەش لەبەر داخراوەیی و بەهێزی لایەنی خێڵەکی»، ئەمە وتەی شارەزایەكی كۆمەڵگایە لەپارێزگای دهۆك، ئەو نیگەرانە لەوەی ئەو پارێزگایەی ئەوی تیدا دەژی لەڕووی هەژاری یەكەمە لەسەر ئاستی هەرێم و لەڕووی نەخوێندەواریش دووەمە لەسەر ئاستی عێراق. هەفتەی رابردوو وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیاند، پارێزگای موسەننا یەكەم و دهۆكیش دووەمە لەزۆری رێژەی نەخوێندەواری، لەبەرامبەریشدا وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەڵێت «پێویست بوو شیكاری وردتر پێشكەش بكرایە». ساڵح زاهێر، کەمامۆستای ئامادەییە لەپارێزگای دهۆك، نیگەرانە لەو ئامارەو دەڵێت، یەکێک لەهۆکارەکانی بەرزی رێژەی نەخوێندەواری لەدهۆک دەگەڕێتەوە بۆ زری ئاستی هەژاری کە بەهۆیەوە منداڵان واز لەخوێندن دەهێنن. ساڵح زاهیر دەڵێت، « ئەم رێژەیە جێی داخەو ناكرێت هەروا بەئاسانی تێپەڕیت، بەبڕوای من هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواری لەپارێزگای دهۆك دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك كە پێموایە هۆكارەكان گشتین و هەموو پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە لەوهۆكارانە ، بەرزی رێژەی هەژاری كاریگەری لەسەر ئەوە كردووە كەزۆرێك لەمنداڵەكان واز لەخوێندن بهێنن و كاربكەن». ئەو مامۆستایە پێیوایە کە نەبوونی دامەزراندن بێهیوایی دروستکردووە و «سەرەڕای نەبوونی بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و رێگەنەگرتن لەمنداڵەكانیان بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەخوێندن و واز لەخوێندن نەهێنن، زۆر ناوچەی دوورە دەست هەن كەخوێندنگای ناوەندی و دواناوەندییان نیە، دەبێت پلانێكی باش دابنرێت تائەم رێژەیە دابەزێنن». بەپێی دوایین ئامار كەدەست هاوڵاتی كەوتووە، لەسنوری پارێزگای دهۆك 37 هەزارو 589 مامۆستای هەمیشەیی هەن كە بەسەر 10 پەروەردەدا دابەشكراون، 18 خوێندنگا سێ دەوامین و هەروەها 518 خوێندنگا دوو دەوامین. هاوکات 16 هەزارو 84 خوێندنگای سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و باخچەی منداڵان هەن و خوێندنگاكانی پیشەیی و ئیسلامی یەکی پەیمانگایەكان هەیە . شەهاب بۆتانی، شارەزای كۆمەڵگاو توێژەری کۆمەڵایەتییە لەپارێزگای دهۆک پێیوایە جوگرافیای دهۆک رێگر بووە لەوەی جموجوڵی بازرگانی دروست ببێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر خوێندن تەواوکردن داناوەو بەپێی وتەی خۆی «کەمتر تێکەڵاوی دروست دەبێت». «پارێزگای دهۆك بەم دواییانە پلەی یەكەم و دووەمی گرتووە لەشتە گرنگەكان وەك رێژەی هەژاری و بژێوی ژیان و بێكاری و نەخوێندەواری دەستنیشان كراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كەدهۆك پارێزگایەكی داخراوە بەراورد بەشارەكانی تری هەرێم، هەروەها لایەنی خێڵەكی زۆر زەقەو دیارە، ئەوەش وایكردووە كەمتر تێكەڵاوی دروست بێت و خوێندن تەواو بكەن، لەڕووی جوگرافیشەوە ناوچەكە نەبووەتە شوێنێكی بازرگانی و پرۆژەی جۆراوجۆری كاركردن»، شەهاب بۆتانی وای وت. بۆتانی دەشڵێت پێیوایە کە هەولیرو سلێمانی هەمیشە لەکێبڕکیدان و دهۆک لەو کێبڕکییە لەدەرەوەیە چونکە «هەولێر وەك پایتەختی هەرێم و سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری بەردەوام كێبڕكێی یەكتر دەكەن لەهەموو روویەكەوە، بەڵام دهۆك لەنێو ئەو كێبڕكێیەدا نییەو ناشبێت، ئەوەی دهۆك لێی یەكەمە ملكەچبوون و پابەندبوونیەتی بۆ حزبایەتیەكی تۆخ، كەچی لەبەرامبەریشدا حزبەكەیان بەو رادەیە نەبووە بۆیان و تەواوی كەموكورتیەكانیان بۆ پڕبكاتەوە». وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە «رێژەی نەخوێندەواری لەپارێزگای دهۆك لەساڵی 2012 بریتی بۆ لە 27.2% لەساڵی 2018 دابەزیوە بۆ 23.2% دواتر لەساڵی 2021 بووە بە 18.7% ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، كە لەساڵانی 2012و 2018و 2021 بەهاوبەشی ئەنجامیانداوە بەهاوكاری رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەسەر ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 10 ساڵە تادەگات بەوەی لەژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی روپێوی. هوشیارحەمەد حاجی ، بەرپرسی بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت: «ئەو داتایانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاویكردووەتەوە پرس بەئێمە نەكراوەو بەهیچ شێوەیەك ئاگادارنین، ناكرێت هەروا داتا بڵاوبكرێنەوە دەبێت روپێوو سەرژمێری تازە بكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێمە بێت ئینجا داتا دیاریبكرێت». هۆشیار حەمەد حاجی دەشڵێت، « ئێمە لەوەزارەتی پەروەردە گرنگیەكی زۆر بەنەهێشتنی نەخوێندەواری دەدەین لەهەموو پارێزگاكان بنكەی جێگیرمان هەیە، ئەوەی كراوە دوورو نزیك پەیوەندی بەئێمەوە نیە، بۆ ئەمساڵیش چەندین بنكەی تازە دەكەینەوە هاوكات هەڵمەتی تایبەتیشمان دەبێت بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان».
نیگار عومەر بەشێک لەخۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵا كەنزیکەی هەشت ساڵە خۆبەخشن ماوەی نزیکەی چوار مانگە هیچ جۆرە هاوکاری و موچەیەکیان پێنەدراوە لەكاتێكدا سەختی و ناڕەحەتیەکانی باری دارایی خۆبەخشان بەجۆرێکە کەچەندین گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردوون. سومەیە کەریم، تەمەنی 30 ساڵەو بۆ ماوەی هەشت ساڵە خۆبەخشە بۆ هاوڵاتی وتی: لەکاتی سەرهەڵدانی کۆرۆنادا ئێمە کۆمەڵێ خۆبەخش بووین لەنێو نەخۆشخانەکانی دیکەی سنوری گەرمیاندا درێژەمان بەکارەکانمان داو ژیانی خۆمان خستە مەترسییەوەو خزمەتی تووشبوانی کۆرۆنامان کرد. وتیشی: لەو کاتەدا کەهیچ کارمەندێکی تەندروستی ئامادەنەبوو لەوێ دەوام بکات، بەڵام ئێمەی خۆبەخشان ئەرکی ئەو نەخۆشخانەیەمان گرتە ئەستۆ، لەماوەی کۆرۆنادا من دووگیان بووم و بەزەحمەت دەوامم دەکرد، هەندێ کات ئەو ژنانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون پێیان دەوتم لێرە دەوام مەکە چۆن دەتوانی بەم دووگیانییەوە لێرە دەوام بکەی. سومەیە زیاتر باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: من و مێردەکەم هەردووکمان لەوێ دەوام دەکەین دوو منداڵیشمان هەیە، ئەمە چەند مانگە ئێمە هیچ موچەو هاوکاریەکمان وەرنەگرتووەو لەتەنها ژوورێکدا دەژین ژیان و گوزەرانمان زۆر زەحمەتە کەناتوانین پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسایی بۆخۆمان دابین بکەین. خۆبەخشانی نێو نەخۆشخانەی قەڵا ژمارەیان نزیکەی 70 کارمەند دەبێت و ماوەی سێ ساڵە لەقەڵا دەوام دەکەن، چەندین جار گردبوونەوەتەوە بۆ ئەوەی دامەزراندیان بۆ بکرێت . سەنگەر عەلی، خۆبەخشێکی دیکەی نەخۆشخانەی قەڵایە بۆ ماوەی شەش ساڵە خۆبەخشە، تەمەنی 29ساڵە و خێزاندارە بۆ هاوڵاتی وتی: لەسەردەمی کۆرۆنادا کاتێک من بەخۆبەخشی دەوامم دەکرد کار گەیشتە ئەوەی خێزانم لێم بسێننەوە دەیان وت تۆ لەقەڵا دەوام دەکەیت و دوای دێنە ماڵ ئێمەو ئێمە تووشی نەخۆشیەکە دەکەیت بەزۆر قەناعەتم پێکردن کەبتوانم بەردەوام بم خزمەت بکەم، بەم شێوازە تائێستا بەردەوامین، بەڵام بۆ ماوەی چوار مانگە هیچ موچەیەکمان وەرنەگرتووە. ئەو خۆبەخشە وتیشی: من چوار مانگە کرێ خانوم نەداوە، کاتێک خاوەن خانوەکە دەبینم شەرم دەکەم سەیری بکەم و نازانم چی پێبڵێم بەبۆنەی ئەمەشەوە رێگری لەوە دەکەین کەمنداڵمان ببێت چونکە ناتوانم بەخێوی بکەم، ترسی ئەوەشمان هەیە ئەگەر رۆژێ تەعینات هەبێ خاوەن واستەکان پێش ئێمە دابمەزرێن. سەنگەر باس لەوەش دەکات هۆکاری دانەمەزراندنی ئەوان پشتگوێخستنی گەرمیان و کەرتی تەندروستیەو لاوازی تەندروستی گەرمیانەو ئەگینا هاوڕێکانیان لەهەموو شوێنەکانی دیكە دامەزراون. نەخۆشخانەی قەڵا لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوه، ئەم نەخۆشخانەیە لەسەرشانی خۆبەخشان دەچێت بەڕێوەو لهئێستاشدا کارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەردەوامە سەڕای سەختی ژیانی خۆبەخشان کاری تێدادەکەن.
دلێر عەبدوڵڵا خەریكە لەسەر گرفت و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كۆدەنگی لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت و تاڕادەیەكی زۆر پەنجەی تۆمەت روو لەبەغدایەو زۆرینە لەهەرێمی كوردستانەوە پێیان وایە كە بەغدا بەخواست و ویستی هێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان سزای هەرێمی كوردستان دەدات، پەرلەمانتارێكیش پێی وایە كە ئەوەی روودەدات بەخواستی ئێرانەو گرفتەكان پەیوەندییان بەوڵاتانی دراوسێوە هەیە. نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بووەتە سەرەكیترین كێشەو گرفتی نێوان بەغداو هەولێرو لەگەڵ ئەوەی لەپێشتردا بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان، حكومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەكرد، بەڵام ئێستا پەنجەی تۆمەت روو لەبەغدایەو نەیارانی دوێنێی حكومەت پێیان وایە سزای حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان دەدرێت و ویستێك لەسەروو بەغداوە هەیە بۆ ئەوەی سزا بەسەر هەرێمدا بسەێنێت. ماوەی دوو مانگە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەیان وەرنەگرتووەو لەسەرەتای ئەم مانگەشدا حكومەتی عێراقی بڕیاریدا بەشێوەی قەرزو بۆ هەر مانگێك بڕی 500 ملیار دینار بدرێت بە حكومەتی هەرێم، بەڵام بەهۆی كورتهێنان لەپڕكردنەوەی شایستەی دارایی یەك مانگی موچەخۆرانی هەرێم كە بڕەكەی 940 ملیار دینارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو پارەیە وەنەگرێت و هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی بەغدا ناچاربكات بڕە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات. بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی هەشتەمی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێمی نەیتوانی موچەی فەرمانبەران دابین بكات، پێویستە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر كە خۆی لەپارەداركردنی هەرێمدا دەبینێتەوە، بەڵام تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەكاری خۆی هەڵنەستاوە، تەنها ئەوە نەبێت لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی كێشەكان پێكهێناوەو بڕیاری لیژنەكەش بەدڵی شاندی حكومەتی هەرێم نییە، بۆیە جارێكی تر حكومەتی هەرێم بڕیاری ناردنی شاندەكەی داوەتەوە بۆ بەغدا. لەسەرەتای دروستبوونی گرفت و كێشەی مووچە، حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە كەهەموو مەرجەكانی بەغدایان جێبەجێكردووەو ئەوەی پابەند نییە حكومەتەكەی سۆدانییە نەك هەرێم، لەبەرامبەردا لایەنەكانی تر بەتایبەت بەرەی ئۆپۆزسیۆن حكومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا ناكات. بەڵام لەئێستادا هەست بەبوونی كۆدەنگییەكی زۆر دەكرێت دەربارەی ئەو پرسەو زۆرینە پێیان وایە ئەوەی دەگوزەرێت جۆرێكە لەسزا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت «راستە ئەوەی دەرچووە یاسایە، بەهەموو كەموكوڕییەكانیشەوە ئەگەر جێبەجێ بكرێت دەبێت پشكی زیاتر بۆ هەرێم بێت، بەڵام جۆرێك لەمامەڵەی تۆڵە سەندنەوە لەهەرێم بەرچاودەكەوێت، هەندێك بەچاوێكی ترەوە سەیری هەرێم و كوردستان دەكات، پێیان وایە هەرچی بنێردرێت بۆ هەرێم نابێت و زیادەیە». لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی پێیان وایە كەئەوەی دەگوزەرێت، سزادانی خەڵكی هەرێمە نەك یەكێتی و پارتی، راگرتنی بوژانەوەی كوردستانە نەك تۆڵەكردنەوە لەدەسەڵاتی هەردوو حزب. لەوبارەیەوە دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان بەهاوڵاتی وت: «بەتێگەیشتنی من ئەوەی هەیە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە خراپ ئیدارەدانی هەرێم لەلایەن خۆمانەوە، هەروەها ناكۆكی قووڵ و ناڕەوای حزبەكانە لەسەر دەسەڵات، كە بووەتەهۆی لاوازبوونی هەرێم. هەروەها لەبەغداوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی دیدی كورد بەئاراستەی عێراقدا ببەن نەك هەرێم، دەیانەوێت بمانكەن بەنموونەیەك كە ئایا تۆ بەغدایەكت دەوێت كەموچە لەكاتی خۆیدا دەدات و پێشینە دەدات و بەنزینی نەوت دابەشدەكات، یان هەرێمێك كە سێ مانگە موچەی نەداوە، واتە دەیانەوێت كورد بەئاراستەی حكومەتی ناوەندیدا بەرن تاپشتیان لەهەرێم و وڵاتی خۆیان بێت. پارێزگاری سلێمنای دەشڵێت، «كەواتە حكومەتی بەغدا سزای هاووڵاتیانی كوردستان دەدات نەك یەكێتی و پارتی. چونكە ئەو دوو حزبە بەشی ئەوە پێگەو دەسەڵاتیان هەیە خۆیان بهێڵنەوەو بەهێزبن، ئەوەی ئەمڕۆ زیانی بەركەوتووە كۆی هاووڵاتیانی هەرێمن، هەروەها موچەخۆران و بەڵێندەرو وەبەرهێنەران و هێزی كارو هێزی نیشتمانی ئەم وڵاتەن، كە ئەمەش بەشێكە لەجینۆسایدی ئابوری وڵاتەكەمان». وڵاتانی دەرەكی بەتایبەتی ئێران، رۆڵی لەم گرفتەدا هەیەو بەڕای چاودێران، رژێمی ئێران كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندی هەیە، لەوبارەیەوە كاروان صاڵح شارەزای ئابوری بەهاوڵاتی وت: «ئێران رۆڵ و كاریگەری لەسەر حكومەتی بەغدا هەیەو دواكەوتنی موچەو ئەو گرفتانەی كەهەیە، فشارێكە لەسەر هەرێم تا ناچاری بكات رێكەوتنی ئەمنی بۆ چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵات بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا جێبەجێ بكات». هەر لەوبارەیەوە سۆران عومەر بەهاوڵاتی وت: «بەشێكی تری ئەم گرفتانە سیاسییە، لەم كاتەدا پەیوەندی بەو داواكارییەوە هەیە بۆ دەركردنی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان، راستە یاسا بەركارەكان لەعێراقەوە دەدرێن، بەڵام هێندەی سیاسین، یاسایی نین». ئەوەی لەم نێوانەدا ماوەتەوە، هاووڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێمن. كە متمانەیان بەقسەو بۆچوونی هەڵوێستی لایەنەكانی هەرێم نییە، هەربۆیە بایكۆت لەهەندێ فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتی لەزۆنی سەوز راگەیەنراوەو تادێت هەڵوێستی موچەخۆرانیش توندتر دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت دۆخی هەرێم بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار بڕوات، هەروەك ئەوەی دكتۆر فایەق گوڵپی سیاسەتمەداری كورد بەهاوڵاتی وت «ساڵی 1975 بەهۆی هەڵەی سیاسییەوە ئاشبەتاڵی یەكەمم دی، ساڵی 1988 بەهۆی هەڵەی سەربازییەوە ئاشبەتاڵی دووەمم دی، پێموایە بەهۆی هەڵەی ئابورییەوە ئاشبەتاڵی سێهەمیش لەساڵی 2023 بەچاوی خۆم دەبینم».
هاوڵاتی حکومەتی ئێران لەساتەوەختی نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو، فشارەکانی زیاتر کردووە بۆ سەر خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی، تەنانەت لەهەندێک شار سیمای بەسەربازگەکردنی پێوە دیارە. ئەو فشارانە زیاتر بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەتتر بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینییە کەهەڕەشە لەباوکی کراوە رێوڕەسم بۆ گیانلەدەستدانی کچەکەی نەگێڕێت. فشار بۆ سەر بنەماڵەکان رۆژی 13ی ئەیلولی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بەهۆی «رەچاونەکردنی باڵاپۆشی»، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیرکراو دوای تێکچوونی باری تەندروستی لەبنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ی هەمان مانگ لەگۆڕستانی ئایچی سەقز لەناو ئاپۆڕای خەڵکدا بەخاکسپێدرا. دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2022، خۆپیشاندانی فراوان لەئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکراو بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بەتوندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو لەئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون. ئەم خۆپیشاندانانە دواتر لەنێو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە «شۆڕشی ژینا» ناسرا. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەمیدیا جیهانییەکان و ناوخۆی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە ٢٣ بنەماڵە، لەبنەماڵەی کوژراوانی شۆڕشی ژینا لەدوو مانگی رابردوودا بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنییەکان، هەڕەشەیان لێکراوە یان دەستگیرکراون. ئاژانسی رادیۆ فەردا، لەڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە ٢٣ بنەماڵەی کوژراوان بانگکراونەتە بنکە ئەمنییەکان و دەستگیرکراون. لەمانگی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، بەرپرسانی ئێران «خێزانی قوربانییەکانیان رووبەڕووی رەشبگیری و دەستگیرکردن کردووەتەوەو سنوردارییەتی توندیان چەسپاندووە کەنابێت لەسەر گۆرەکانیان گردبوونەوە سازبکرێت و هەندێکجاریش گۆڕی قوربانییەکانیان شێواندووە». ئەم فشارانە زیاتر بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینییە کە بەردەوام لەژێر چاودێریدان و هەڕەشەیان لەسەرە. کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی ژینا ئەمینی لەسەر ئەو دۆخەی بنەماڵەکەی قسەی بۆ هاوڵاتی کرد بەڵام نەیویست لەبەر دۆخی ئەمنی خۆی ناوی ببرێت. ئەو دەڵێت، تەلەفۆن و هاتووچۆی بنەماڵەی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لەژێر چاودێریدایە. «چەندجار بەفەرمی بەبنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە نابێت رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی بەڕێوە ببەن، بەڵام بنەماڵەی ئەمینی بەبێ گوێدانە هەڕەشەکان رایانگەیاندووە کە رۆژی ١٦ی ئەیلوول، لەگۆڕستانی ئایچی و لەسەر گڵکۆی ژینا رێورەسمی نەریتی، ئایینی بەڕێوە دەبەن». لەهەفتەی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کەهێزە ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا ئەمینییان دەستگیرکردووەو بەبێ فەرمانی دادگا ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون، دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکی کەسی خاڵی ژینا ئەمینیدا. ئەو کەسەی نزیکی بنەماڵەی ژینا پشتڕاستیکردەوە کە سەفا عائلی، خاڵی ژینا، ئەمینی دەستگیرکراوە. هەروەها رۆژی ٦ی ئەیلول، ئومێد قەدیمی، برای فوئاد قەدیمی یەکێک لەکوژراوانی «شۆڕشی ژینا»، لەشاری دیواندەرە دەستگیرکرا. کەسێکی نزیک بەبنەماڵەی ئومێد قەدیمی بەهاوڵاتی وت، «فشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی قەدیمی هەر لە رۆژی یەکەمەوە بەردەوام بوو. سەرەتا لەژێر گوشاردا باوکی فوئاد قەدیم»یان ناچارکرد بڵێت فوئاد قەدیمی بەدەستی حزبە کوردییەکان کوژراوە. پاشان فشاریان بۆ بنەماڵەکەی دەهێنا بەوەی ملکەچی خواستەکانیان بن. دەستگیرکردنی ئومید قەدیمی بەمەبەستی ئەوەیە بنەماڵەکە بیدەنگ بکەن، بەڵام بنەماڵەی قەدیمی بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن». فشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی فشارەکان بۆ سەر چاکوانانیش دەستپێکردووەو هەر چالاکییەک سازبکەن یان دەوەستێندرێت یان سنوردار دەکرێت. ئەفخەم مورادیان چالاکی مەدەنی شاری سەقز، لەکۆتاییەکانی مانگی ٦ی ٢٠٢٣ەوە دەستبەسەرە. کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی ئەفخەم مورادیان بەهاوڵاتی وت، «ئەفخەم بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیرکراوە. تائێستاش ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی روون نییە. ماوەی نزیک بەسێ مانگە لەگرتووخانەی شاری سنەیە. تەنها دوو خولەک توانیویەتی بنەماڵەکەی ببینێت. ئاسەواری ئەشکەنجە و ئازار بەڕوخسارییەوە دیار بووە. مافی بوونی پارێزەری نییە. هەوڵی بنەماڵەکەشی بۆ ئازادکردنی بێئەنجام بووە. نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی تەباتەبایی شاری تاران، ئەو کچە رۆژنامەنووسەی کە بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی وتووێژی کرد، لەمانگی شەشەوە تائێستا دوو جار دەستگیرکراوە. بەگشتی لەماوەی ساڵێکدا چوار جار دەستگیرکراوە. دوایین جار رۆژی ٣٠ی ئاب ٢٠٢٣ لەماڵەکەی خۆی و بەجلی خەوەوە دەستگیرکرا. دوایین جار، لەگرتووخانە دەستدرێژی سێکسی کرایەسەری. نازیلا لەپەیامێکی دەنگی لەزیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :» لەحاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە لەگرتووخانە دەستدرێژی کراوەتە سەری. مەعرووفیان رۆژی ١٠ی ئەیلوول، بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازادکرا. هەر لەدرێژەی فشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٠ی ئەیلوول، ٣٥ کەس لەئەندامانی چیای سەوزی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتر ٣٢ کەسیان ئازادکران بەڵام تائێستا سێ کەسیان چیا بەناوەکانی مادێح خۆشنەواز، کاوە کەریمیان، کاوە دەستان دەستبەسەرن. یەکێک لەئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:» رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن دەربارەی کارو چالاکییەکانمان، ژینگەو کوژاندنەوەی ئاگرەکان و بەرینی ئاگرەکان بەڕێوەچوو. لەکاتی کۆبوونەوەکەدا هێزە ئەمنیەتییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆبوونەوەکەو ٣٥ کەسیان دەستگیرکردووە». چالاکێکی مەدەنی شاری مەریوان هەر لەمبارەوە بەهاوڵاتی وت:» ئەنجومەنی سەوزی چیا چەن ساڵە لەبواری ژینگە کاردەکات، کاری ئەوان خزمەتە بەژینگە. ئەوەی کە بەم شێوەیە ئەم ژمارە زۆرە لە ئەندامانی چیا دەستگیرکراون، پەیوەندی هەیە بەنزیکبوونەوە لە ١٦ی ئەیلوول، ساڵڕۆژی مەرگی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا». بەسەربازگەکردنی شارەکان لەسەرەتای مانگی ٩وە، بەشێکی زۆر لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سیمایەکی سەربازگە بوویان پێوە دیارە. خاڵی پشکنین لەزۆربەی زۆری شارەکان دانراوە. لێکۆڵینەوە توند بووە. لەسەر ئەم دۆخە سەربازییە مامۆستایەکی زانکۆی مەریوان، بەهاوڵاتی وت:» شار سیمایەکی سەربازی پێوە دیارە. ژمارەی ئەو کامێرایانەی جێگیرکراون لەناوشار زیاتر بووە. دەیانەوێ بەر بەهەرچەشنە جووڵەیەک بگرن». هاووڵاتییەکی شاری جوانڕۆ بەهاوڵاتی راگەیاند کەخاڵە پشکنینەکان زیادیان کردووەو لێکۆڵینەوەکان تووند کراونەتەوە، جگەلەوەی «پشکنین وسووکایەتی بەو کەسانە دەکەن دەیانەوێ بچنە ناوشار». دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی اعتمادی ئێران بڵاوی کردووەتەوە ، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆماری ئێران، ١١٠ مامۆستای زانکۆو ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆکان لەسەر کار دەرکراون. بەپێی زانیارییەکان، لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ٥٢ مامۆستای زانکۆو ئەندامی لێژنەی زانستی، بەتاوانی پشتیوانیکردن لەشۆڕشی ژیناو پشتیوانیکردن لەمانگرتن و خواستی خوێندکاران لەسەرکار دەرکراون. لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی شوێنەکانی تری ئێران، دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ بەشێک بووە لەو فشارەی کە بۆ سەر کۆمەڵگا بوونی هەیە. رۆژی ٤ی ئەیلوول، بەهرۆز چەمەن ئارا، مامۆستای بەشی کوردی زانکۆی سنەو ئەندامی لێژنەی زانستی ئەو بەشە، لەئەژمارەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند کە لەسەر کار دەکراوە. چەمەن ئارا نووسیویەتی، « لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیتلاعاتی پارێزگای سنەوە پێیان راگەیاندووم کەشیاوی وانەوتنەوە نیەو ناتوانێت لەلیژنەی زانستیدا بمێنێتەوە. دکتۆر سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆی و ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی ئازادی سەقز لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە لەگرتووخانەی شاری سنە دەستبەسەرە. پاشایی تائێستا لەمافی پارێزەر بێبەرییە. سەردار پاشایی، برای سامان پاشایی، لەهەژماری تایبەتی خۆی لەفەیسبووک نووسیویەتی: هەڕەشەکان بۆ سەر سامان بەردەوامە، دەیانەوێت بەزۆری دان بەهەندێ شتدا بنێت کە نەیکردووە. فشار بۆ سەر حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی رابردووداو لەگەڵ دەستپێکی «شۆڕشی ژینا»، فشار بۆ سەر حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، هەر لەبۆردومانکردنی کەمپەکانیانەوە بگرە تا تیرۆری ناو شارەکان. ئێران ١٩ی ئەیلوولی وەک دوایین مۆڵەت بۆ چەککردنی حزبەکان دیاریکردووە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات لەئەگەری چەک نەکردنیان. عەبدوڵڵا ئازەربا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پرسی چەککردنی حزبەکانی بەهێڵی سوور ناوبرد، بەڵام باسی لەوەکرد کەهێزەکانیان لەسەر سنوور کێشاوەتەوەو هەندێ ئاڵوگۆڕی شوێنی نێشتەجێبوون هەیە. دەربارەی ئەگەری هێرشی زەمینی ئێران، ئازەربا ئەو ئەگەرەی بەلاواز زانی، لەهەمانکاتدا وتی هیچ شتێک «سەدا سەد نییە، ئێمە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین، ئەو چەکانەی پێمانە بۆ پاراستنی خۆمانەو ئامادە نین بەهیچ شێوەیەک دای بنێن، ئەگەری ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەدرۆن یان مووشەک هێرش بکات بۆ سەر کەمپەکان زۆر زیاترە لەوەی هێرشی سەربازی و زەمینی بکات».