ڤانە حەمە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ٢١ مانگە هیچ ئامارێکی لەسەر ئەو توندوتیژیانە بڵاونەکردۆتەوە کە بەرامبەر ژنان دەکرێن، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانیش لەسەر ئەو پرسە داوادەکات راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ نەکرێت، چاودرێرانیش دەڵێن پاشەکشەی ئاشکرا لەپرسی ژندا دەبینرێت لەم کابینەیەداو «گومانیان» هەیە لەوەی حکومەت خۆی بێدەنگ کردووە. میدیاکانی هەرێمی کوردستان پڕن لەو هەواڵانەی کەتاوان و توندوتیژیان تێدایە کە بەشێکیان پەیوەندیان بەژنانەوە هەیە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەت ماوەی نزیکەی دوو ساڵە هیچ ئامێرێکی فەرمی ناخاتە بەردەست، ئەوەش لەکاتێکدایە لەپیشتردا هەموو مانگێک ئامارەکان بەشێوەیەکی فەرمی بڵاودەکرانەوە لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاری توندوتیژیی دژی ژنان. لەماوەکانی ردابردوودا خوێنەران چەندین هەواڵی تاساویان بەرچاوکەوتووە لەماڵپەڕو کەناڵەکانی راگەیاندن، هەندێک لەو هەواڵانە جەرگبڕن. بۆ نموونە؛ هەواڵی کوشتنی ژنێک بە ١٧ فیشەک، هەواڵی کوشتنی ژنێکی تر بەچەقۆ، یەکێکی تر بەخنکاندن لەشوقەیەکدا، لەگەڵ جۆرەکانی تری کوشتن و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو کوشتنانە لەو ٢١ مانگەی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە تۆمارکرابن و بڵاویبکەنەوە. لەوبارەیەوە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بەڵام بەتوڕەییەوە وتی کەدەبێت «پێشوەخت» تەلەفون بۆ ئۆفیسەکەی بکرێت و داوای مۆڵەت بکرێت هەرەوەها وتی کەڕۆژنامەنوس نابێت راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ خۆی بکات لەسەر پرسەکانی ژنان. تەنیا وتی رای «زۆرباشە» لەسەر کابینەی نۆیەم سەبارەت بەپرسەکانی ژنان، بەبێ ئەوەی هۆکاری نەبوونی ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان بەشێوەی فەرمی روونبکاتەوە. خانزاد ئەحمەد رۆژانە ئەو هەواڵ و چالاکیانەی خۆی لەپەیجی فەیسبوکی ئەنجومەنی باڵای خانمان بڵاودەکاتەوە کەچۆن بۆ شاندە بیانەکانی رووندەکاتەوە کەپرسەکانی ژنان «پێشکەوتوون »لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ریکخراوەکانی ژنان بەپێچەوانەوە پێیان وایە پاشەکشەی کردووە. بەپێی یەکێک لەو هەواڵانەی کە لەپەیجی ئەنجومەنەکە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەتەوە، خانزاد ئهحمهد لهگەڵ شاندێكی باڵای كهنهدا کۆبووەتەوە، كهپێكهاتووە له ژمارهیهك پهرلهمانتار و سیاسهتمهدارو نوێنهری پارته سیاسییهكانی كهنهدا. لەهەواڵەکەدا هاتووە کەوا باسیان «لەو پێشکەوتنانە» کردوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت بۆ ئافرەتانی رەخساندوویەتی. بەڵام چاودێرانی مافەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم «کەمتەرخەمە» لەوەی کەتوندوتیژیی بەرامبەر ژنان کەمبکاتەوە بەوپێیەی نەیتوانیوە بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت کۆنترۆڵ بکات کەئەو چەکانە هۆکارێکی دیاری کوشتنی ژنانن. شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی لەلایەن حکومەتەوە بە «جێگەی گومان» ناوبرد، هەروەها وتی بەپێی بەدواداچوونی ئەوان ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەم کابینەیەدا روو لەبەرزبوونەوەیە. شەدە بەشیر بەهاوڵاتی وت «بۆ ئێمە وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەساڵانی رابردووشدا کە حکومەت بڵاویان دەکردەوە رەخنەمان لەسەر ئەو ژمارەیەش هەبوو چونکە ئەگەر تەنها بەراوردێکی ئەو ئامارەت بکردایە لەگەڵ هەموو ئەو ژمارەیەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەواڵەکان دەمانبیست، ئەوا جیاوازیەکەی زۆر بوو». وتیشی «حکومەت بۆیە ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، چونکە حکومەت خۆی بەرپرسە لەوەی کەتاوەکو ئێستا دیاردەی بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت هەیە، لەبەر کەمتەرخەمی خۆیەتی». جگە لەوەی نزیکەی دوو ساڵە حکومەت هیچ ئامارێکی بڵاو نەکردووەتەوە، هەروەها لەڕابردووشدا زۆرجار بەرپرسانی دازمەزراوە فەرمیەکانی حکومەت دوو داتای جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە بۆ میدیا ناوخۆییەکان و میدیا جیهانییەکان. بەپێی دواین ئاماری حکومەت کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە لەماڵپەڕی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، تەنها «١٢» ژنکوشتن و خۆسوتاندن لەسەرجەم هەرێمی کوردستان تۆماکراون، بەڵام هەر بۆ هەمان ساڵ بەپێی لێدوانی هیوا کەریم جوامێر لەهەمان بەڕێوەبەرایەتی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کەئاژانسیکی جیهانیە تەنها « ٤٥ « ژن کوژراون. لەم بارەیەشەوە ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، ئاگاداری لێدوانی ئەو بەڕێزە نیم و نازانم لەسەر چ بنەمایەکیش ئەو قسەیەی کردووە. هاوڵاتی لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بەژنان و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانەوە ئاری رەفیق وتی» ئەو ئامارانە لای ئێمە نەماون و لەلایەن ئێمەوە بڵاو ناکرێنەوە». بەڵام بەپێی لێدوانی ئاڤان جاف، چالاکوانی بواری ژنان بۆ دەنگی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٢ دا ٤٤ ژن کوژراون، لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵی ژن، کە تایبەتە بەکێشەکانی ژنان لەساڵی ٢٠٢٢دا ٢٩ ژن کوژراون کە پشکی شێر بەر هەولێرو دهۆک کەوتووە. هاوکات لەبارەی کارەکانی کابینەی نۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و گۆڕانکاری لەبەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ئاری رەفیق وتیشی، بابەتی بەردەوامی حاڵەتەکانی توندوتیژی و تاوانەکان و تاوانی کوشتنیش لەپاڵیدا پەیوەندی بەکابینەیەک و کابینەکانی رابردوو نیە، بەڵکو پەیوەندی بەبارودۆخ و رەوشی کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەوە هەیە کە لەکوردستان هاتووەتە ئاراوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە بابەتی کوشتنی ژنان لەهەموو ساڵەکان وەک یەک نیە، هەر ساڵێک بەجۆرێکە، گەر لە ٢0١٠ تاوەکو ساڵەکانی دواتر سەیری بکەیت، بەوجۆرە نیە کە بڵێی ساڵ بە ساڵ بەرزبووەتەوە. ساڵی وا هەبووە ٥٠ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، بەڵام ساڵی واش هەبووە ٣٣-٣٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە. ژمارەکان بەرزونزمی دەکەن، پێموایە هەڵەیەکی داتاییە کە بڵێی ساڵ بەساڵ زیادی کردووە، حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ساڵ بەساڵ زیاد ناکات، بەڵکو لەساڵێک بۆ ساڵێكی دیکە بەرزونزم دەبنەوەو جیاوازە. لەبەرامبەریشدا شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتن لەم ماوەی ئەم دوو ساڵەدا وتی «خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە بۆ ئێمەش وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە ... بەڕای من وەک چالاکوانێک، ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە ئامارەکە لە بەرزبوونەوەدایە.»
دلێر عەبدوڵڵا لەگەڵ دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەك لەگەڵ بەغدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی ریفراندۆم و گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكان دەهێننە ئاراوەو دەیانەوێت وەك كارتی فشار بەكاریبهێنن، سەركردەیەكی یەكێتیش پێی وایە كە ئەو دوو بابەتە هیچ بەهایەكی نییەو راشیگەیاند كەكورد لەئێستادا هیچ كارتێكی فشاری نییە، بەرپرسێكی باڵای پارتیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانە كارتی فشاری بەهێزن و لەكات و ساتی خۆیدا بەكاریدەهێنن. لەپاش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی هەرێمەوە، هەر گرژی و ئاڵۆزییەك لەنێوان بەغداو هەولێر دروست ببێت، دەسەڵاتدارانی كورد باسی ریفراندۆم و پرسی گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكان دەهێننە ئاراوەو دەیانەوێت وەك كارتی فشار لەسەر بەغدا بەكاریبهێنن، كە بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەم هەوڵ و باسانە عەیبەیەو لەسەر كورد دەكەوێت، هەروەك ئەوەی مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «بەڕاستی زۆر ناشرینە سەركردەكانی كورد باسی ئەم ریفراندۆم و گرتنەوەی ئاو دەكەن، ئەسڵەن ریفراندۆم سوتاوەو ئاویش نازانم لەكێی ئەگرنەوەو چۆن ئەو كارە دەكەن؟ شەرمە بۆ سیاسیەكانی كورد ئەم باسانە دەوروژێنن. وەڵامی ئەوانە نە كارتی فشارن نە هەڕەشەن.» ریفراندۆم كە لەڕۆژی 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 ئەنجامدرا، كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوەو هەرزوو مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لەژێر فشاردا داوای دانوستاندنی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا كرد. بەڵام پارتی و چەند حزبێكی تر پێیان وایە ریفراندۆم كاریگەری ماوەو تاپۆیەكە لەگیرڤانی كورد دەمێنێتەوە. لەوبارەوە فازیل بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی دوانزەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ریفراندۆم كاریگەری خۆی هەیەو تاپۆیەكە لەگیرڤانی كوردایە، ئێمە شانازی پێوە دەكەین و لەهەر كات و ساتێكدا بێت توانامان هەیە وەك كارتی فشاری گەورە دژی بەغدا بەكاریبهێنین، ئاویش لای خۆمانەو ئەوەش دیسانەوە كارتێكی ترە، بەڵام نامانەوێت لەئێستادا بەكاریانبهێنین.» پارتی و یەكێتی كە لەزۆر پرسی نەتەوەییدا ناكۆكن، لەم بابەتەشدا جیاوازییان هەیەو بۆچونیان لەوبارەوە دژبەیەكە، سەركردەیەكی یەكێتی پێی وایە كەكورد كارتی فشاری نییەو ئەوەی پارتی باسی دەكات تەنها بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵكە، دڵپاك تاهیر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ریفراندۆممان تاقیكردەوە، هێزی سەربازیشمان تاقیكردەوە، ئاوی خواردنەوەشمان نییە تا ئەوەش تاقی بكەینەوە، بۆیە من پێموایە مادام ئێمە یەكدەنگ و یەكڕیز نین، بۆیە هیچمان پێناكرێت بەرامبەر بەغدا. ئەسڵەن ئێمە كارتی فشارمان نییە تا بەكاریبهێنین. ئەوقسانە هەمووی بۆ وروژاندنی سۆزی خەڵكەو هەندێكیشیان لەگەڵ رێزما لەنەزانی خۆیاندا ئەو قسانە ئەكەن.» لەكاتی دروستبوونی گرژییەكانی ئەم دواییەی كەركوك، كە بووە هۆی كوژرانی چوار كوردو برینداربوونی دەیانی تر، دوبارە بابەتی ریفراندۆم و گرتنەوەی ئاوەكە، باسكرایەوەو بەشێك لەسەركردەكانی پارتی و سەرۆكی چەندین حزبی تر بانگەشەی ئەوەیان كردەوە كە دژی حكومەتی ناوەند ئەو دوو رێگەیە بگیرێتەبەر، بەڵام سەركردەكەی یەكێتی پێی وایە «ئەوەی لەكەركوك روویداوە هیچ پەیوەندی بەكوردەوە نیەو هەوڵی پارتیە بۆ نانەوەی ئاژاوەو تێكدانی ئارامی شارەكە بۆ مەبەستی سیاسی.» لەماوەی چەند رۆژی رابردوداشدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بلاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو «مەلەفی ئاو بەپێی دەستوور رێكخراوە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق پەیوەندییە هاوبەشەكانیان رێكخستووەو لەسەر بنەمای پێكەوە كاركردن بەردەوام دەبن.» سەرەڕای ئەم روونكردنەوەیەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، بەڵام سەركردەكەی پارتی پێی وایە «پرسی ئاو، كارتێكی فشاری بەهێزەو لەئان و ساتی خۆیدا بەكاریدەهێنین، ئەگەر زۆرمان بۆ بێت و حكومەتی عێراقی تەنگەتاومان بكات ناچارین پەنا بۆ ئەوە بەرین و ئێمەش فشاریان لەسەر دروست بكەین.» ئەگەرچی بەپێی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان بەكارهێنانی ئاو بۆ دروستكردنی فشار رێگەپێدراو نییەو بەدژی بنەماو پرەنسیبەكانی مافی مرۆڤ لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لای سەركردایەتی سیاسی كورد هیچ رێگرییەك نییە ئەگەر بێتو فشارەكانی ناوەند بەردەوام بن لەسەریان، لەوبارەوە فازیل بەشارەتی بەهاوڵاتی وت «كاتی خۆی لەشۆڕشی ئەیلول، كۆمەڵێك كۆنگرێسمانی ئەمریكی بە كیسنجەریان وت كارێكی زۆر بێ رەوشتیتان كرد بەرامبەر بەگەلی كورد كە ئەو شكستەتان بەسەردا هێنان، ئەویش لەوەڵامدا وتی ئێمە پێغەمبەرەكان نین بەدوای ویژدانا بگەڕێین، ئێمە سیاسیەت ئەكەین. جا ئێستاش بۆ ئێمە وەهایە. ئێمە سیاسیەت دەكەین. ئەوەتا ئێران ئاومان لێ دەگرێتەوەو خۆیشی ناوناوە كۆماری ئیسلامی، توركیاش بەهەمان شێوە ئاو لەعێراق دەگرێتەوە.» لاوازی ئێستای كورد بەرامبەر حكومەتی ناوەندی، نەبووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد بیر لە رێگاچارەی جددی بكەنەوە تا بتوانرێت بەرامبەر حكومەتی ناوەندی خواستی كورد بسەپێنرێت، لەوبارەوە دڵپاك تاهیر بەهاوڵاتی وت «بەداخەوە ئێمە تائێستا نەمانتوانیوە هەنگاوی پێویست بنێین، ناكۆكییەكانمان هۆكار بوە بۆ فەرامۆشكردنی پرسە نەتەوایەتییەكان، چەندین جار ئێمە دەستمان درێژكردووەو داوای یەكڕیزیمان كردووە، بەڵام بەداخەوە كەس بەدەممانەوە نایەت و هەوڵ نادرێت بۆ ئەوەی بەكۆدەنگی كردارو گفتارمان یەكبخەین و رووبەڕووی دوژمنی كورد بوەستینەوە.» تاپۆكەی ریفراندۆم و گرتنەوەی ئاو، كە لای بەشێك لەدەسەڵاتدارانی هەرێم ناونراون كارتی فشار. بەڵام تەنها لەچوارچێوەی قسەدایەو كاری پێناكرێت. ئەمەش لای تاكی كوردی بوەتە پرسیارو ئاخۆ كەی ئەم تاپۆ رەشە لەگیرڤانی كورد دەردەهێنرێت، بۆ ئەوە فازیل بەشارەتی دەڵێت «ئێمە نامانەوێت ئەو كارتە فشارە گەورانە بەرامبەر حكومەتی عێراق بەكاربهێنین، چونكە بەتەمای ئەوەین هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموی ئەگەر دەوڵەتیش پێكبهێنین دراوسێیەكی باشبین لەگەڵ یەكا نەك دوژمنی سەرسەخت بین لەگەڵ یەكا، بۆیە ئەو كاراتەو كۆمەڵێك كارتی تر لەگەڵ عێراقدا دەبێتە بێئومێد بوون و نەمانی هیوا لەهەموو دەرگاكانی وتووێژ، ئەگەر هەموو ئەو دەرگایانەمان لێداخرا ئەوكات بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەو كارتانە بەكاردەهێنین و تاپۆكە لەگیرفانمان دەردەهێنین.
شەنای فاتیح بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ مامۆستایان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن لەئەگەری ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچێت. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلوولی بەیەکەم رۆژی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستنیشانکردووە، هەروەها لەمساڵی خوێندندا رۆژانی هەینی و شەممە پشوو دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە شەش رۆژ لەمانگی ئەیلوول تێپەڕیووە بەڵام تائێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزیان وەرنەگرتووە، بۆیە فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی لەئەگەری دواکەوتنی مووچەدا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت:» بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ئەمساڵی خوێندن دڵخۆشکەر نییە». عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشیوەیەکی گشتی بارودۆخێکی نەخوازراو هاتووەتە پێشەوە، ماوەی دوو مانگە مامۆستا مووچەی وەرنەگرتووەو چارەسەری کێشەکانیش تائێستا دیار نییە، بۆیە مامۆستایان دڵەڕاوکێیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەیە بەڵام هێستا زووە بڕیار لەسەر بایکۆت بدرێت. وتیشی: بەبڕوای ئێمە ئەگەر بێت و بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات و دواکەوتنی مووچە بەردەوام بێت مامۆستایان خۆڕسکانە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، چونکە ئەوە مافێکی رەوای خۆیانە لەکاتێکدا کەدەزانن لەهەرێمی کوردستاندا داهاتێکی باش هەیەو بەرپرسان بارودۆخیان باشەو داهاتیان هەیەو سامانی ئەم وڵاتە خەڵکانێک دەیبەن کەهیچ خزمەتێکیش ناکەن، ئەمانە وایانکردووە کەهیچ کەس دڵخۆشنەبیت بەپەروەردەو مامۆستایەتی. بەڵام ئێمە هانی کەس نادەین بۆ ئەم پڕۆسەیەو ئومێدەوارین کەحکومەت بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکات، لەهەمان کاتدا دانانی پشووی شەممان و کەمبوونەوەی بەشە وانەکانی بەشێک لەوانەبێژانی لەجیاتی گرێبەستکردن بۆیان خستووەتە بەر لادان و دەرکردن. عەتا ئەحمەد وای وت. جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان باسی لەوەشکرد کە ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ئەمساڵی خوێندن دڵخۆشی نییە و ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکاری مامۆستایانەوە نەیەت مەترسی بۆ سەر پڕۆسەی خوێندن دروستدەبێت. بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی کەوتووە لەسنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندن هەن بەم شێوەیەی خوارەوە: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێرکردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو کۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری. ئەحمەد فازیل، کەپیشەی مامۆستایە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: مامۆستایان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەگەربێت و مووچە نەدرێت ئەوا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن چونکە مووچە مافێکی رەوای مامۆستیانەو بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیە. وتیشی: چەندین مامۆستای وانەبێژ لادراوە بەهۆی ئەوەی کەڕۆژانی شەممە بووەتە پشوو و بەشە وانە کەمدەکات، ئەوەش بەنسبەت مامۆستایانی وانەبێژەوە شتێکی باش نییە چونکە مامۆستایانی وانەبێژ رەوشێکی ناخۆشیان هەیەو چەندین ساڵە خزمەت دەکەن و چاوەڕێی دامەزراندنن، بەڵام ئێستا بەسوپرایز لادەدرێن. هەر بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەناوەندەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانیدا دەخوێنن بەم شێوەیە: ١٦ هەزارو ٤٠٦ قوتابی باخچە، ٢٨٤ هەزارو ١٥٤ قوتابی بنەڕەتی، چوار هەزارو ٨٦٦ قوتابی دواناوەندی، ٦٨ هەزارو ٨٦٧ قوتابی ئامادەیی، ٩٥١ قوتابی فێرکردنی خێرا، سێ هەزارو ٦٣١ قوتابی پیشەیی، ٥٤٥ قوتابی کۆمەڵگەکان و ٣٨٧ قوتابی نەهێشتنی نەخوێندەواری. هاوکات ژمارەی قوتابیانی پۆلی ١٢ لەسنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ٢٨ هەزارو ٧٣١ قوتابییە کە دەکاتە نزیکەی ١٠%ی هەموو قوتابیانی سنوری پەروەردەی سلێمانی بەم شێوەیە: ٢١ هەزار و ٩٦ قوتابی پۆلی دوانزەی زانستی، شەش هەزار و ١٨٧ قوتابی دوانزەی وێژەیی، هەزار و ٤٤٨ قوتابی پیشەیی. بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە رۆژی ١٣ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دەوام دەبێت و هەفتەی یەکەمیش تایبەت دەبێت بەئامادەکاری و رێنوێنی بۆ دەستپێکردنی خوێندن. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ پێنج رۆژ لەهەفتەیەکدا وانە دەخوێندرێت و رۆژانی شەممە لەناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو. هەروەها کۆی گشتی رۆژەکانی خوێندن لەوەرزی یەکەمدا ٨٣ رۆژە کە لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دەستپێدەکات وتاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزەکەش لە٣-١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ئەنجامدەدرێت، پاش کۆتایهاتنی تاقیکردنەوەکان رۆژانی ١٦-٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ پشووی وەرزی یەکەم دەبێت. سەبارەت بەوەرزی دووەمیش بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە وەرزی دووەمی خوێندن ٨١ رۆژە و لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ یەکەم رۆژی دەستپێکی وەرزی دووەم دەستپێدەکات و رۆژانی ١٤-٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەنجامدەدرێن. هەروەها ٣ی حوزەیران تا یەکی تەمموزی ٢٠٢٤ خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (زانستی-وێژەیی-پیشەیی) ئەنجامدەدرێن.
هاوڵاتی وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەدووشەممەی رابردوو دۆسیەیەکی هەستیاری ئاشکراکرد سەبارەت بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییەکی سویدی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام ناوی ئەو کەسەی نەهێنا کەدەستگیرکراوە. پیتەر ستانۆ، وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول، دەربارەی دۆخی یەکێک لەفەرمانبەرەکانی یەکێتییەکە کە زیاتر لەساڵێکە، لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراوە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، «ئاگاداری دۆسیەی هاووڵاتییەکی سویدی هەین کە لەئێران دەستبەسەرەو لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەی دەکەین». ئەم دیپلۆماتە پلەباڵایەی یەکێتی ئەوروپا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی نایەوێ دەربارەی وردەکاری بابەتەکە قسە بکات، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە:» پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ بەرپرسانی سویدی و کۆنسوڵگەرییەکانی سوید هەیە لەم بارەیەوە». بەڵام لەبەر باری ئەمنی و دۆخی تایبەتی کەسەکە زانیارییەکی زیاتری نەخستەڕوو. بەڵام باسی لەوە کرد دەستبەسەرکردنی ئەم کەسە بەشێکە لەو دەستبەسەرکردن و قۆڵبەستکردنە سەرەڕۆییانەیەی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا کەئێران دەیکات. ستانۆ باسی لەوەکرد، «بەڕاوێژو هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی، لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بدەینە بەرباس بەمەبەستی ئازادکردنی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەوروپی کە لەئێران بەبێ هۆ دەستگیرکراون». ئەوەی ناوی کەسەکەی بۆ یەکەمجار ئاشکراکرد رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بوو. رۆژنامەکە رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول بڵاویکردەوە «یۆهان فلۆدرۆس» فەرمانبەری یەکێتی ئەوروپا، زیاتر لە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە، بەڵام تا ئێستا سویدو یەکێتی ئەوروپا بێدەنگیان بەرامبەر دۆسییەکەی هەڵبژاردووە». هەڵوێستی سوید وەزارەتی دەرەوەی سوید، لەئیمەیلێکدا بۆ نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی:» هاووڵاتییەکی سویدی کە لەدەیەی چوارەمی تەمەنیدایە، لەنیسانی ٢٠٢٢ەوە لەئێران دەستبەسەرەو وەزارەتی دەرەوەی سویدو باڵیۆزخانەی سوید لەتاران لەم دۆسیەیە دەکۆڵنەوەو خەریکی تاوتوێکردنی دۆسیەکەن». وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ئیمەیلەکەیدا ئاماژەی بەوردەکاری رووداوەکە نەداوەو خۆی بواردووە بەوەی لەمبارەوە قسە بکات، بەڵام هەر لەم پەیوەندەدا نووسیویانە:» لەگرنگی بابەتەکە تێئەگەین، بەڵام ئێمە لامان وایە ئەگەر ئەم وەزارەتە بەئاشکرا دەربارەی دۆسیەکەی قسە بکات، تاوتوێکردن و کارکردن لەسەر دۆسیەکە ئاڵۆز ئەکات». یۆهان فلۆدرۆس کێیە؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی یوهان فلۆدرۆس بڵاویکردووەتەوە، یۆهان فلۆدرۆس، تەمەن ٣٣ ساڵ و هاوڵاتی سویدی، بەهاری ٢٠٢٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی ئێرانیان کردووە، رۆژی ١٧ نیسان، کاتێک ویستوویانە لەئێران بێنە دەرەوە لەفڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینی) لەتاران دەستگیرکراوەو دوو مانگ دواترو مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆمەتی سیخوڕی درایە پاڵ و ئێستا لەزیندانی ئێڤین دەستبەسەرە. ئەم هاووڵاتییە سویدییە پێشتر کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتی لەدامەزراوەکانی سەر بەیەکێتی ئەوروپا پێسپێردراوە. فلۆدرۆس لەساڵی ٢٠١٩ەوە، وەک یاریدەدەری ئیلڤا یۆهانسۆن، کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆچ و کۆچبەران کاری کردووە. ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بووە بە «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا»وە. ئەم دامەزراوەیە تێکەڵەیەکە لەوەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی بەرگری یەکێتی ئەوروپا، لەئێستادا جۆزێپ بۆرل، بەپرسایەتی دەکات. هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا بەشی «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا» دەربارەی دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە سویدیە نووسیویەتی:» لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەین، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە کە فلۆدرۆس لەم بەشە کاردەکات یان ئەوەی پێشتر بەهۆی کاروباری یەکێتی ئەوروپاوە سەردانی ئێرانی کردبێت». نەبیلە مێسرالی، یەکێک لەوتەبێژەکانی ئەم دامەزراوەکە، بە ئاماژە بەزیاتربوونی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپاییانەی کە لەئێران دەستگیردەکرێن وتی:» لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بۆ هێنانە بەرباسی ئەم بابەتە بەبەمەبەستی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپیانەی کە سەرەڕۆیانەو بێ هۆکار لەئێران دەستگیرکراون.» جۆزب بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەستگیرکردنی ئەم دیپلۆماتە سویدیەی بەناڕەواو سەرەڕۆیانە ناوبرد کە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە. کەسانی نزیک بە فلۆدرۆس چی ئەڵێن؟ باوکی فلۆدرۆس لەوەڵامی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی کوڕەکەی، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخی کوڕەکەی دەربڕیوە، ئامادە نەبووە لەم بارەوە هیچ بڵێت و تەنها ئەوەندە بووە باسی لەوە کردووە نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیەتی. کەسانی نزیک و ئاگادار بەنیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندوە ئەم هاووڵاتییە سویدیە پێشتر لەچوارچێوەی بەرنامەو پلانی گەشەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێرانی کردووەو هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە. نیۆیۆرک تایمز لەگەڵ شەش کەسی ئاگادار و نزیک لە فلۆدرۆس، لەمبارەوە قسەی کردووە. هەموویان لەترسی دەرئەنجامەکان و هەڕەشەکان، داوایان کردووە کە نەناسراو بمێننەوە ناویان نەبرێت. هەر هەموویان تۆمەتی سیخوڕیکردنی ئەم فەرمانبەرەی یەکێتی ئەوروپایان بەبێ بنەماو ناڕاست زانیوە. ئێران چی دەڵێت؟ ئێران تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هاووڵاتییە سویدیەی بەتاوانی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، بەڵام رۆژی دووشەممە لەم بارەوە پرسیار لەناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراو بێئاگایی خۆی لەدۆسیەکە راگەیاند. مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئێران رایگەیاند هاووڵاتییەکی سویدی کەپێشتر چەند جار سەردانی ئێرانی کردووەو بەتۆمەتی «چالاکی تێکدەرانە» دەستگیرکراوە. هەر ئەوکات رۆژنامەی سویدی «ئافتۆنبلادێت» لە راپۆرتێکدا نووسی، دەستگیرکردنی ئەم کەسە تەمەن نزیک ٣٠ ساڵەیە، پەیوەندی هەیە بەدۆسیەی دادگایی کردنی «حەمید نووری» یەکێک لەتاوانبارەکانی لەسیدارەداناکانی دەیەی ١٩٨٠ی ئێران. نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی: »تاران هاووڵاتییانی بیانی دەستگیردەکات بەمەبەستی مامەڵەکردن پێیانەوە بۆ ئەوەی ئەو ئێرانیانەی لەئەوروپاو ئەمریکا دەستبەسەرن ئازادیان بکات یان ئەوەیە بەمەبەستی ئازادکردنی پارەیەک کە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.» پەیوەندیی نێوان ئێران و سوید لەچەندساڵی رابردوودا پەیوەندی نێوان ئێران و سوید پەیوەندییەکی ساردو سڕە. لەتەمموزی ٢٠٢٢ دا، دادگاییەک لەسوید، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری سەپاند کەیەکێکە لەبەرپرسانی پێشتری سیستەمی دادوەری ئێران. حەمید نووری دەستی هەبووە لەقەتڵ و عامی زیندانییە سیاسییەکان لە ١٩٨٨. لەم ساڵەدا نزیکەی ١٥ هەزار کەس لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارەدران. رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠٢٢، یانی کەمتر لەمانگێک دوای دەستگیرکردنی یۆهان فلۆدرۆس، ئەحمەد رەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەری ئێرانی- سویدی بەتۆمەتی سیخوڕی کردن و هاوکاریکردن بۆ تیرۆری زانا ناوکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەحمەد رەزا جەلالی، ٢٤ی نیسانی ٢٠١٦، لەسەر بانگهێشتی زانکۆکانی تاران و شیراز سەردانی ئێرانی کردو سێ رۆژ پێش گەڕانەوە لەکاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕین لەڕێگای کەرەج دەستگیرکرا. هەر لەم مانگەدا ئێران حەبیب ئەسیوەد، هاووڵاتی ئێرانی – سویدی لەسێدارەدا. حەبیب ئەسیوەد ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە رفێنرا. ئێران، سوید بەوە تاوانبار ئەکات کە لەژێر کاریگەری لۆبی موجاهیدین خەڵقدا، حەمید نووری دادگایی کردووە. شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن سەپاندنی سزای لەسیدارە بەسەر ئەحمەد رەزا جەلالی و لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیوەد، وەڵامدانەوەی ئێران بووە بە رەوتی دادگایی کردنی حەمید نووری، کەئەو دەم نزیک پێنج مانگ بوو بەڕێوە ئەچوو و سەرەنجام لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٢دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا. ئێران و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی ئەوروپاو ئەمریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کەهاووڵاتییەکانیان بەبارمتە دەگرێت بەمەبەستی دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری. تاران لەساڵانی رابردوودا زۆرجار ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە. موحسێن رەزایی، جێگری ئابووری سەرۆککۆماری ئێران، لەگەڵ دیاریکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لەسەردەمی «دۆناڵد ترەمپ» باسی لەوەکرد دەتوانن هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی «دەستگیر بکەین و بەملیۆنان دۆلار پێیان بفرۆشینەوە.» مانگی ئابی ٢٠٢٣ ئەمریکاو ئێران رێککەوتن لەبەرامبەر شەش ملیار دۆلار سەرمایەی ئێران لەبانکەکانی کۆریای باشوور، پێنج هاووڵاتی ئەمریکی، کە لەئێران دەستبەسەرن، ئازاد بکرێن.
هاوڵاتی نزیکەی دوو هەفتەیە شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و شەڕکەرە ناوخۆییەکان، کەزۆرینەیان پێکهاتەی عەرەبن، دروستبووە ئەمەش دۆخی پاریزگای دێرەزووی تێکداوەو بووەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی ناسکی ناوچەیەکی ستراتیجی. هەسەدە کەزۆرینە کوردەو لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت لەساڵی ٢٠١٩دا خەلافەتی داعشی لەسوریا رووخاند. پارێزگای دێرەزور زۆرینەی عەرەبە، کە ناوچەیەکی پڕ لەسەرچاوەی سروشتییەو سنوری لەگەڵ عێراق هەیە، دابەشبووە بەسەر چەند یەکەیەکی کۆمەڵایەتی هۆزەکانداو بەشێکیان لەکاتی شەڕی داعشدا چوونە نێو ریزەکانی هەسەدە بۆ شەڕکردن دژی داعش. کێ لەدێرەزوورە؟ کۆنترۆڵی دێرەزوور دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا کە لەڕۆژهەڵاتی دەریای فوراتەوە بەدەست هەسەدەوەیە، بەڵام هێزەکانی رژێمی سوریا هاوپەیمانە میلیشیاکانی بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەیان بەدەستەوەیە. ناوچەی سنوری دێرەزوور بەسێکە لە رێگایەکی سەرەکی قاچاخ بۆ شەڕکەران، چەک و ماددە هۆشبەرەکان و کەلوپەلی تر. هەسەدە کەکوردو عەرەب و ئەرمەنی و چەکداری تری لەنەژادەکانی تری تێدایە لەکاتی شەڕی داعشدا بەشێکی زۆری پارێزگای دێرەزوویان کۆنترۆڵکرد. بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە دەکات کە کەوتوونەتە باکورو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێی ئەنجومەنی سەربازی و مەدەنی ئەمەش بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بێزاری عەرەبەکان و زۆرجاریش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکاندا دەکەن. هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا، بنکەیان لەبەشی رۆژهەڵاتی روباری فوراتدا هەیە. شانە نوستووەکانی داعش لەپارێزگاکەدا زۆرجار دژی هەسەدەو هیزەکانی رژێمی سوریا هێرش ئەنجامدەدەن، بەتایبەتی لەناوچە بیابانەکاندا. چی بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ؟ لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، هەسەدە ئەحمەد ئەل خەبیلیان دەستگیرکرد کەناسراوە بە ئەبو خەولە کەسەرکردەی سەربازی ئەنجومەنی دێرەزوور بوو، کە ئەم ئەنجومەنە بەشێکە لەهەسەدە. هەسەدە ئەبو خەولەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا دروستکردووەو گومان دەکرێت کە ماددەی هۆشبەری بەقاچاخ بردبێت، ئەمە جگە لەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش. ئەو چەکدارە توڕانەی دڵسۆزی ئەبو خەولە بوون، هێرشیان کردەسەر هەسەدە کە بووە هۆی شەڕو پێکدادان لەچەند گوندو شارۆچکەیەکی پارێزگاکە. بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دۆخەکە کاتێک تەقییەوە کە هەندێک چەکداری رژێمی سوریا رووباری فوراتیان تێپەڕاند و بەشداریان لەشەڕەکە کرد. زیاتر لە ١٧٠ کەس لەشەڕەکەدا تائێستا کوژراون کەزۆربەیان چەکدارانی نزیک ئەبو خەولەن. پیش ئەوەی هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە رابگەیەنێت، هێزەکانی نزیک لە ئەبو خەولە چەندین شارۆچکەو گوندیان داگیرکرد، بەڵام دوای ناردنی هێز و راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بەناوی «توندوتۆڵکردنەوەی ئاسایش»، هەسەدە توانی چەندین شارۆچکەو گوند بگرێتەوە. لەدوایین پێشهاتدا هەسەدە چوونە نێو شارۆچکەی زیبان لەرۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە بەمەڵبەندی هێزە یاخییەکان دادەنرێت و ئەمە دوایین ناوچەیە کە بەدەستی ئەو هێزانەوە بێت. رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلولی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەپۆستێکی تۆڕی ئێکس لەبارەی دۆخی دێرەزوور رایگەیاند، «سەقامگیریمان گەڕاندووەتەوەو ئاشتیی کۆمەڵایەتی پارێزراوە». فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هێشتا تورکیاو هێزە چەکدارەکانی هێرش دەکەنەسەر تەل تەمرو مەنبج بە مەبەستی «شکاندنی ویستی گەلەکەمان و دروستکردنی پشێوی». ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان؟ هەسەدە رەتیدەکاتەوە کە ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان هەبێت و دەڵێت کە پێکدادانەکان لەگەڵ بەشێک لەشەڕکەرانی رژێمی سوریا و سوودمەندەکانی ئەبوخەولەن. هەسەدە داوای لەدانیشتوانی ناوچەکان کردووە کە «پەلکێش نەکرێن بۆ ململانێ و شەڕ» بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە. بەڵام میدیاکانی نزیک لەرژێمی سوریا شەڕەکەیان بەشەڕی هەسەدە دژی هۆزە عەرەبەکان ناوزەند کردووەو رۆژنامەی ئەلوەتەنی سەر بەحکومەتی سوریا باس لەوە دەکات کەشەڕکەرە یاخیبووەکان لە «هێزی هۆزە عەرەبەکانن». بەهیچ شێوەیەک هیچ هێزێک نییە بەناوی هێزی هۆزە عەرەبەکان»، ئەمە وتەی عومەر ئەبو لەیلایە کە چالاکوانێکە و لەبەرپرسی میدیای دێرەزوور ٢٤-ە بۆ رۆژنامەی «نیو عەرەب» قسەی کردووە. عومەر ئەبو لەیلا دەڵێت هەندێ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان لەگەڵ هەسەدە کاردەکەن و هەندێکی تریشیان هاوبەشی حکومەتی سوریان. «ئەو بەرپرسانەی نزیکن لە ئەبو خەولە، بەتایبەتی ئەوانەی کەڵکیان لەقاچاغ وەرگرتووە، شەڕەکەیان دەستپێکرد»، ئەبو لەیلا وای وت. ئەبو لەیلا دەشڵێت، «ئەوەی روودەدات دروستکردنی بێسەروبەرەییە لەلایەن چەند لایەنێکی ناوەکی و دەرەکییەوە، ئەگەر هەموو هۆزە عەرەبەکان رازیبوونایە لەسەر ئەوەی دژی هەسەدە بوەستنەوە، ئەوا ئێستا هەسەدە لەدێرەزوور نەدەما». کێ قازانج دەکات؟ ئارۆن لەند، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شێنچری ئینتەرناشناڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، «گوند، خێزان، هۆز، بازرگانی، قاچاغیکردن هەموو ئەمانە هێندەی رەهەندی نەژادی کورد-عەرەب یان ململانێی سیاسی گرنگن». لەند دەڵێن، بەڵام «ئەگەر شەڕ تەشەنە بکات و پەیوەندی کورد-عەرەب ژەهراوی ببێت، ئەوا لایەنی زۆر دەبێت کە بەتامەزرۆییەوە حەزدەکەن کە بیسەروبەرەییەکە زیاد بکەن». لەیەکشەممەی رابردوودا شەڕ گەیشتە پارێزگای حەسەکە دوای ئەوەی هەندێک شەڕکەری ئەو ناوچانەی بەدەست تورکیاوەیە پاڵپشتی ئەوانەیان دەکرد کەدژی هەسەدەن لەدێرەزوور. ماوەی ١٢ رۆژە هەسەدە رووبەڕووی ئەم چەکدارانە دژی ئەبو خەولە دەبێتەوەو لەو ماوەیە هێزەکانی تورکیا و سوریا تۆپبارانکردنی گوندەکانی نزیک شاری مەنبجیان زیادکردووە، کەشارێکە بەدەست هەسەدەوەیە، جگە لەوەی هەمان کاریش دەکەن لە تەلتەمەر و عەین عیسا. ئەنجومەنی سەربازی تەلتەمەر کە سەر بەهەسەدەیە دەڵێت، تورکیا وادەریدەخات ئەوەی هەسەدە دەیکات دژی هۆزە عەرەبەکانە و شەڕی نیوان کوردو عەرەبە ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم بیانووە وەک پاساوێک بەکاربهێنێت تا هێرش بکاتەسەر هەسەدە. هاوکات لیندزی سنێڵ، رۆژنامەنوسی ئەمریکی کە بێلایەنە، ڤیدیۆیەکی پۆست کرد لە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و رایگەیاند کە حەیات تەحریر شام چووەتە نێو شاری عەزازەوە کە بەدەست تورکیاوەیەو بەرەو مەنبج دەچن بۆ شەڕکردن دژی هەسەدە. لیندزی سنێڵ نوسیویشیەتی: هاوبەشی حەیات تەحریر شام، کە تورکیای ئەندامی ناتۆیە، رێکخەری ئەمەیە. تەنها تورکیا نییە کە دەیەوێت هەسەدە لاواز بکات و دژی شەڕ بکات، بەڵکو روسیاو ئێرانیش ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و هەریەک بەجۆرێک کار لەسەر ئەوە دەکات. هەرچەندە هەرسێ وڵاتەکە جیاوازی و ناکۆکییان هەیە لەسوریادا بەڵام هەرسێکیان یەکگرتوون لەوەی کەدەیانەوێت واشنتن لەپارێزگای دێرەزووی دەوڵەمەند بەنەوت دەربکەن. سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ رۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی کردووە دەڵێت، «روسیا دەیەوێت هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەباکوری سوریا بمێنێتەوە نەک ئەوەی تورکیا ببینێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فراوانتر بکات لەسوریا. ئەو سەرچاوەیە کە ناوی نەهاتووە باس لەوەش دەکات، «دێرەزوور لەوەدا جیاوازە کە ئەمریکا لەوێ لاوازە چونکە کورد لەوێ دانیشتوانێکی زۆری نییە».
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دوایین داواكارییەكانی بەغدادو دەرئەنجامی مامەڵەكردن بەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە، دواتر خشتەی مووچە بڵاودەكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەدوو سەرچاوەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەستیكەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ راگەیەندراوێكیان لەبارەی ئەو مامەڵە ناتەندروستەی حكومەتی سودانی دەبێت، لەناو راگەیەندراوەكەدا بەشێوەیەكی توند وەڵامی بەغداد دەدرێتەوە. سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت:»بەغداد بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، نەك یاسای بودجە». هەروەها فشارەكان لەسەر سودانی زۆر بووە لەبارەی چارەسەركردنی مووچەوە، سەرچاوەکان دەڵێن، یەكێك لەپێشنیازەكان كە لەناو پارتی تاوتوێكراوە، بایكۆتكردنی حكومەتەكەی سودانی بووە، تا چارەسەری دۆخەكە دەكات، بەڵام گرفتەكە ئەوەبووە كە یەكیتی لەگەڵ ئەو پیشنیازەدا نەبووە، بەڵكو داوای كردووە دانوستاندنەكان بەردەوام بن بەشێوەیەك كە هەرێم داتای راست و دروستی تەواو بداتە بەغداد، ئەوكات دەكرێت لەڕێگەی دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق تۆماربكریت. هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم ئیلتیزاماتەكانی جێبەجێ بكات، بەناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوو زائیدەن لە 50%ی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان، بەڵام بەغداد ئیستا 102 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەحكومەتی هەرێم وەردەگرێت. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم رۆژانە 305 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت، لەو رێژەیە 102 هەزار بەرمیل دەداتە بەغداد، 203 هەزار بەرمیلەكەی دیكەی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیا بیانییەكانەوە بەنرخی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەیفرۆشێت كە نیوەی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و نیوەكەی دیكەی بۆ حزبەكانی دەسەڵات دەڕوات، بەشێوەیەك كە 185 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نیوەی داهاتەكەی بۆ پارتی دەڕوات و 18 هەزار بەرمیلەكەی دیكەی نیوەی داهاتەكەی بۆ یەكێتی دەڕوات. لەكاتێكدا داهاتی 203 هەزار بەرمیل ئەگەر بە 42 دۆلار بفرۆشرێت مانگانە 255 ملیۆن دۆلار دەكات، كە مانگانە 127 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ كۆمپانیاكان و نیوەكەی دیكەی بۆ ناچێتەوە وەزارەتی دارایی هەریم. سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» داهاتی نەوتی خاو كە دەدریتە پاڵاوگەكانی ناوخۆ نایەتەوە وەزارەتی دارایی هەرێم و ئاگاداری نییە». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە سودانی، دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ ناردنی 500 ملیار دینار بەقەرز، لەكاتێكدا دەبوو حكومەتەكەی سودانی رۆڵیان هەبوایە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی یاسای بودجە. حكومەتی هەرێم لەئێستادا 500 ملیار دیناری بەغدادو 320 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی و 28 ملیار دیناری هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز، بەڵام كورتهێنانی داراییان بۆ مووچە نزیكەی سەد ملیار دینارە بێجگە خەرجی حكومەت و كارەبا كەمانگانە نزیكەی 150 ملیار دینارە، كێشەكەش ئەوەیە كە لەپێدانی دوو مووچە دواكەوتووە، بەو پێیەی مووچەی مانگی تەمموز لەماوەی 11 رۆژدا دابەشدەكرێت. حكومەتی هەرێم مانگانە پویستی بە 940 ملیار دینارە بۆ مووچەو مانگانە نزیكەی سەد ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت. هاوكات، بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەسەر پێشنیاری وەزیری پەروەردە، داواكراوە بەهۆی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە لەلیستی مووچەدا بكرێتە یەكەم وەزارەت و ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەوەش دەدرێت، بۆ ئەوەی گرفت بۆ پرۆسەی خویندن لەهەرێمی كوردستان دروست نەبێت. سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە، كەسەرۆكی حكومەت لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیاو فەرەنسا، هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە لەڕێگەی دیبلۆماسیەوە هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە لەپێناو جێبەجێكردنی یاسای بودجەو ناردنی شایستە داراییەكان، بێجگە لەوەی وەفدی هەرێم 19 جار سەردانی بەغدادیان كردووە. هەروەها باسی لەوەشكرد، وەفدی هەرێم لەكۆتا سەردانیدا بۆ بەغداد، وەفدی بەغداد روونكردنەوەیان لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم كردووە، بەڵام باسی یاسای ئیدارەی داراییمان كردووە كە پشكی هەرێم ئەوە نییە كە لەیاساكەدا هاتووە، لەكاتیكدا دەبوو مانگانە زیاتر لەترلیۆنیك و 250 ملیار دینار رەوانەی هەریم بكرایە، بەڵام بەوەفدی هەرێمیان وتووە كە شایستەی دارایی هەرێم مانگانە 432 ملیار دینارە. دەربارەی چارەسەری پرسی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوەی روونكردەوە كە حكومەتی هەرێم چاوەڕێی چارەسەركردنی تەواو دەكات لەلایەن سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەگەر دەرئەنجامەكانی نەرێنی بێت ئەوا حكومەت ئەڵتەرناتیڤی دیكەی دەبێت، یەكێك لەوانە فشارە نێودەوڵەتییەكانە، ئەوی دیكەیان هەوڵدانی حكومەتە بۆ قەرزكردن، كۆتا چارەسەر كە نەتوانرێت هیچ هەنگاوێكی دیكە بگیرێتەبەر، داهاتی مانگانە چەند بێت لەسەر ئەو بنەمایە مووچە دابەشبكرێت، كە هیچ كات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت بگاتە ئەو بڕیارە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داهاتی نانەوتی كە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی رایگەیاند، تەنها 320 ملیار دینارە، زیاترەو دەگاتە 390 ملیار دینار، بەڵام شاردنەوەی ئەو 70 ملیار دینارە پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە نییەو تەنها 320 ملیار دینار دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.
دلێر عەبدوڵڵا حكومەتی ناوەندی بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەقەرز نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ نیوەكەی تریش هیچ داهاتێك لەبەردەست نییەو وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند كە پێویستیان بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، شارەزایەكی ئابوریش پێی وایە كەهەموو ئەمانەی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمدا دێت كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمە. پاش سەردانە بەردەوامەكانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداو ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆ دواجار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەڕێی هەردوو بانكی رافیدەین و رەشید، بڕی 500 ملیار دینار بەقەرز بداتە هەرێم تا بەشێك لەمووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابەشبكرێت. ئەمەش دەكاتە نیوەی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگێكی فەرمانبەران پێویستە كەدەكاتە بڕی 940 ملیار دینار. لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم رایانگەیاند كە بەغداد بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەشێوەی قەرز بڕی 500 ملیار دینار رەوانەی حكومەتی هەرێم بكات كە بەپێی وتەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەو بڕە پارەیە بەو هاوكێشەیە هەژمارنەكراوە كە وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی خەرجی فیعلی دیاریكردووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی ناوەند لەڕۆژی 31ی ئابدا وەڵامی شاندی حكومەتی هەرێمی داوەتەوەو پێی راگەیاندون كە ئەو 500 ملیار دینارە تەنها بۆ سێ مانگەو پاشترو بەپێی میكانیزمێكی تر پارەی مووچە رەوانە دەكرێت، لەوبارەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەهاوڵاتی وت «ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد بۆ هەردوو مانگی تەمموزو ئاب ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، بەڵام ئەوان پێیان راگەیاندین كە بۆ سێ مانگ و بەشێوەی قەرز بڕی 500 ملیار دەدەن، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ژمارەی نێو خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2023 تاوەكو 2025». شاندەكەی حكومەتی هەرێم بەڕوونی ئەوەیان خستەڕوو كە توانای دابینكردنی مووچەیان نییەو بۆ ئەوەش حكومەتی ناوەندیان تۆمەتبار كرد كە سیاسەتی برسیكردن بەرامبەر گەلی كورد بەكاردەهێنن، بەڵام گوڵاڵە سدیق شارەزای بواری ئابوری پێچەوانەی شاندەكەی هەرێم رای وایە كەمتەرخەمی لەحكومەتی هەرێمەوەیە، ناوبراو لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «ئەو بیانوەی حكەمەتی هەرێم زۆر ناڕەوایە، چونكە لەئێستادا حكومەتی عێراقی كە بڕیاریداوە بڕی 500 ملیار دینار رەوانە بكات، حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی ناوخۆ كە بڕەكەی سێسەد ملیۆن دۆلارە، توانای ئەوەی هەیە مووچە دابین بكات. چونكە پێشتر كە نەوت لەدەستی حكومەتی هەرێمدا بوو، مانگانە بە بەهای سێسەد بۆ چوار سەد ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت بۆ مووچە تەرخاندەكراو بەشەكەی تری مووچە لەڕێی داهاتی ناوخۆوە دابین دەكرا، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ حكومەتی هەرێم و ئێستاش وەك جاران نیە خەڵك ئاگاداری دۆخەكە نەبێت». ئامادەبوونی ئامانج رەحیم لەكۆنفرانسی شاندەكەی حكومەتی هەرێم وەك نوێنەری یەكێتی، شانبەشانی ئەندامانی پارتی و گۆڕان، پرسیاری ئەوەی دروستكردووە كە هۆكارچییە یەكێتی لەم پرسەدا لەگەڵ پارتی هاوڕاو تەبایە، لەوبارەوە مەحمود یاسین كوردی رۆژنامەنووس بەهاوڵاتی وت «بوونی دكتۆر ئامانج لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی بووە، ئەمە مانای وایە كە یەكێتی و پارتی رێكەوتوون ئەم مانگەش هەموو داهاتی ناوخۆ ببەن بۆ خۆیان و ئەو 500 ملیار دینارەی بەغدا بە 15 رۆژ دابەش بكەن». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكرێت كە حكومەتی ناوەندی بڕیاریداوە وەك بەشێك لەمووچە دابینی بكات، بەڵام هیچ میكانیزمێك لەبەردەم وەزارەتی داراییدا نییە بۆ دابەشكردنی مووچەو تائێستا روون نییە چۆن و بەچ شێوەیەك نیوەكەی تری مووچە دابین دەكرێت، لەوبارەوە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت «تا ئێستا بڕیار نەدراوە بۆ نیوەكەی تری مووچە چی بكرێت، ئەوەی هەیە كە لەبەردەست حكومەتی هەرێمدایە ئەو بڕە پارەیە كە حكومەتی ناوەند بڕیاری رەوانەكردنی داوە، رەنگە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا قسەو گفتوگۆی لەوبارەوە بكرێت و بۆ هەموانی روون بكەینەوە». هونەر جەمال لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت لیستی مووچە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و وەزارەتی پەروەردە پێش وەزارەتی تەندروستی دەکەوێت، وتی کە هیچ زانیارییەکی لەو جۆرە بوونی نییەو گۆڕانکاری ناکرێت، لیستی مووچەش ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاودەکرێتەوە. حكومەتی هەرێم كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا نەیتوانیوە حكومەتی ناوەندی رازی بكات تا ئەو ژمارانەی بۆ رەوانە بكات كە بەپێی یاسای بودجە جێگیركراون، بەڵام شاندەكەی حكومەت رایانگەیاند كە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەند ناچار بكەن بەپێی یاسای بودجە پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات، لەوبارەوە ئامانج رەحیم وتی «ئێمە بەردەوام دەبین لەهەوڵەكانمان بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی لەیاسای بودجەدا هاتوون بۆمان خەرجبكرێت، ئەو قەرزەش كە لەسەرمانە دەبێت لە شایستە داراییەكانی هەرێم پاكتاوبكرێت». لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، بەڵام تا ئێستا كاری جددی نەكراوە بۆ ئەوەی فشار لەسەر حكومەتی هەرێم بكرێت كەوەك سەرەتایی ترین ماف، مووچە دابین بكات. لەبارەی هۆكاری سستی داواكارییەكانی مووچە خۆران بۆ دابینكردنی مافەكانیان، گوڵاڵە سدیق وتی «بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامە كە توانای راگرتنی شەقامی هەبێت، تائێستا نەتوانراوە فشار دروستبكرێت و ئەوەی هەیە تەنها دەنگی ناڕەزایی مووچەخۆرانە». لەمانگی ئازاری رابردوو، حكومەتی ناوەندی بڕیاریدا ناردنی نەوتی هەرێم رابگرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی پابەندكرد بەڕەوانەكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ بەغدا. بەمەرجی ئەوەی مانگانە حكومەتی ناوەندی بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام رێكەوتنەكان وەكخۆی جێبەجێنەكراو هەردوو حكومەت یەكتری بەجێبەجێنەكردنی خاڵەكانی رێكەوتننامەكەی نێوانیان تۆمەتبار دەكەن. بەتایبەتی حكومەتی هەرێم كەهەمیشە دووپاتی دەكاتەوە ئەوەی حكومەتی ناوەندی ئەنجامی دەدات جۆرێكە لەسیاسەتی برسیكردن و فشارهێنان بۆ سەر هەرێمی كوردستان تا رادەی هەڕەشەو دروستبوونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم.
دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاریدا كۆنگرەی پێنجەم ئەنجامبدات، سەركردەیەكی ئەو حزبەش رایگەیاند كە ئەم كۆنگرەیە گۆڕانكاری گەورەی تێدا روودەدات. ئەندامێكیش لە باڵەكەی لاهوری شێخ جەنگی پێی وایە كەئەم كۆنگرەیە بۆ پاكتاوی نەیارانی ئێستای سەركردایەتی یەكێتییەو هەوڵێكە بۆ سفركردنەوەی رۆڵی لاهورییەكان لەناو یەكێتیدا. ئاشكراشی دەكات كە لاهوری شێخ جەنگی لەبارەی كۆنگرەوە قسەو هەڵوێستی دەبێت. بڕیارە رۆژی 27ی مانگی ئەیلولی داهاتوو، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، ئەمەش دەبێتە یەكەمین بڕیاری یەكێتی بەدڕێژایی 48 ساڵی تەمەنی حزبەكە كە كۆنگرە پێش وادەی خۆی بەڕێوەببات. كە لەوەشدا گرفتە ناوخۆییەكان، بەپێی قۆناغەكانی خەباتی سیاسی ئەو حزبە رۆڵ و كاریگەری هەبووە لەدواخستن و ئەنجامنەدانی كۆنگرە لەكات و وادەی خۆیدا. كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، پاش بەڕێكردنی قۆناغێك لەململانێ و گرفتی سیاسی ناوخۆیی لەناو حزبەكەدا، بەڕێوەدەچێت. كە بەڕای سەركردایەتی ئێستای ئەو حزبە ئەم كۆنگرەیە كێشەكان تێدەپەڕێنێت و یەكێتی دەگەیەنێتە قۆناغێكی گرنگ. ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند «سیستمی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەیەكی گشتی دەگۆڕین، هەر لەژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی تا گۆڕینی سیستمی هاوسەرۆكی لەناو حزبدا». بڕیارە لەكۆنگرەدا 600 ئەندام بەشداری بكات، كە ئەمەش بەراورد بەژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی رابردوو، بەڕادەی 400 ئەندام كەمبووەتەوە، هەروەها لەئێستادا بڕیاری ئەوە دراوە سیستمی هاوسەرۆكی كۆتایی پێبهێنرێت و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیش بۆ نیوە كەمبكرێتەوە، كە لەكۆنگرەی پێشوودا 121 كەس بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردران. ئارێز عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەوە وتی «پاش كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، یەكێتی بەقۆناغی راگوزەریدا تێدەپەڕی، بۆیە لەكۆنگرەی پێشوودا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بەو رادەیە بوو، بەڵام ئێستا ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووەو پێویستە گۆڕانكاری بكرێت». ئەگەرچی باڵی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆكی لەكارلادراوی یەكێتی، تائێستا بەفەرمی هیچ قسەو هەڵوێستێكیان لەبارەی كۆنگرەوە رانەگەیاندووە، بەڵام شادمانی مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی لەكارلادراوی ئەو حزبەو كەسی نزیكی لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «ئێمە هیچ گرنگی بەكۆنگرە نادەین، ئەسڵەن نامانەوێت قسەشی لەسەر بكەین، بۆیە خۆمانی پێوە سەرقاڵ ناكەین». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لاهوری شێخ جەنگی لەبارەی ئەو كۆنگرەیەوە نیگەرانە، چونكە پێی وایە كۆنگرەكە بۆ پاكتاوی تەواوەتی ئەندام و لایەنگران و كەسایەتییە نزیكەكانی ئەوە لەناو حزبدا، لەوبارەیەوە زانا عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی و كەسی نزیك لە لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «یەكێك لەئامانجەكانی ئەم كۆنگرەیە پاكتاوكردنی ئەندام و لایەنگران و كەسایەتییە نزیكەكانی كاك لاهور شێخ جەنگییە، ئەوان دەیانەوێت بەتەواوی رۆڵی لاهوری شێخ جەنگی لەناو یەكێتیدا سفر بكەنەوە، بۆیە بەڕاستی ئەمە كۆنگرە نییە، جۆرێكە لەكۆبوونەوەو شەرعەیەتدانە بەهاوسەرۆكی ئێستای یەكێتی وەكو سەرۆك و هێنانە پێشەوەی هەندێ كەس كە لەخۆیانەوە نزیكن، جگەلەوەش ترسێك هەبوو كە بۆ هەڵبژاردن گرفتێك دروستببێت چونكە تا ئێستاش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەو ئەوان دەیانەوێت بەو گۆڕانكارییانەوە داخڵی هەڵبژاردن ببن». لاهوری شێخ جەنگی كە تائێستاش خۆی بەشوێنكەوتەی رێبازی مام جەلال دەزانێت و وەك هاوسەرۆكی یەكێتی مامەڵە دەكات، بڕیاری داوە بۆ كۆنگرەی یەكێتی قسەو هەڵوێستی هەبێت، لەوبارەیەوە زانا عەبدولڕەحمان بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە بەڕێز لاهوری شێخ جەنگی قسەو هەڵوێستی دەبێت، رەنگە پێش كۆنگرە یان پاش كۆنگرە قسەی خۆی بكات و لەوبارەوە راو بۆچوونی خۆی بۆ لایەنگرانی ئاشكرا بكات، چونكە ئەو خاوەن پێگەو كەسایەتییەو سەنگ و قورسایی خۆی هەیە». بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەم لەكاتێكدایە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێك لەنێو ئۆرگان و مەڵبەندو كۆمیتەكاندا نەكراوەو دەرفەتیش بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە لەبەردەست نییە، بۆیە یەكێتی بڕیاریداوە بەشێوەیەكی جیاواز ئەندامانی كۆنگرە دیاری بكات، لەوبارەوە عەبدوڵڵا گۆران رۆژنامەنووس بەهاوڵاتی وت «بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی هەیە 100 ئەندام دیاریبكات، هەروەها 50 كەس لە ئەندامی مەكتەبەكان دیاریكراون و50 كەسیش لە راوێژكاری مەكتەبەكان دیاریكراون. جگەلەوەش 80 كەسیش لەڕێی قوباد تاڵەبانیەوە دیاریكراون لەناو تیمی حكومەت و پەرلەمان. لەناو هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیشدا 100 كەس بەخواستی سەرۆك دیاریكراون. ئەوەی دەمێنێتەوە 100 كەس بۆ ئەندامی كۆنگرە. ئەوانەش لەڕێی هەڵبژاردنی مەڵبەندو كۆمیتەكانەوە دەبێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەكۆنگرەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كە سەرۆكی یەكێتی سێ جێگری هەبێت. ئەمەش لەپێناو رازیكردنی كوتلەو باڵەكانی حزبەكە بەتایبەت باڵی كۆسرەت رەسول كە پشت ئەستوور بەپێگەی جەماوەری ناوبراو، هەمیشە خواستی خۆیان لەناو كۆنگرەكانی یەكێتیدا سەپاندووە، لەوبارەوە رۆژنامەنووس عەبدوڵا گۆران بەهاوڵاتی وت «لەكۆنگرەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت سێ كەس بۆ جێگری بافڵ تاڵەبانی دیاری بكرێت، ئەوانیش هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی و رەفعەت عەبدوڵڵاو شاڵاو كۆسرەت رەسول دەبن». یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تا ئێستا چوار كۆنگرەی ئەنجامداوە. یەكەمین كۆنگرە لەڕۆژی 27/1/1992 لەپاش 17 ساڵ لەدامەزراندنی حزبەكە، ئەنجامدراو جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرا. كۆنگرەی دووەم لەڕۆژی 30/1/2001 ئەنجامدراو بەهەمان شێوە جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی حزبەكە هەڵبژێردرایەوە. پاش زیاتر لە نۆ ساڵ و لەڕۆژی 1/5/2010 كۆنگرەی سێهەم ئەنجامدراو لەو كۆنگرەیەشدا بۆ سێهەمین جار لەسەریەك جەلال تاڵەبانی بەسكرتێر دیاریكرا. كۆتا كۆنگرەش لە رۆژی 21/12/2019 ئەنجامدراو لاهوری شێخ جەنگی دەنگی یەكەمی كۆنگرەی بەدەستهێناو بافڵ تاڵەبانی كوڕی سكرتێری پێشوو بەجیاوازییەكی زۆر دووەمین دەنگی كۆنگرەی كۆكردەوە. پاشترو لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سیستمی هاوسەرۆكی پەسەندكراو هەریەكە لە لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بەهاوسەرۆكی یەكێتی دیاریكران.
شەنای فاتیح لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بیارەو بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە داواکراوە شارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق بەمەبەستی زیاتر راکێشانی گەشتیاری نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە. شارۆچکەی بیارە کەوتووەتە ناوچەی هەورامان سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، ناوچەیەکی گەشتیارییەو ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو سەردانی شارۆچکەکە دەکەن، دوو جۆر گەشتیار سەردانی بیارە دەکەن، جۆرێکیان گەشتیاری گەشتوگوزارن و جۆرەکەی دیکەش گەشتیاری ئاینین بەهۆی ئەوەی کەبیارە خاوەنی (خانەقای بیارەی شەریفە)یە. بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر شوێنێک یان ناوچەیەک بکرێتە گوندی گەشتیاری پێویستە ئەم مەرجانەی تێدابێت: ژمارەی دانیشتونی لە ١٥ هەزار کەس کەمتر نەبێت و هۆتێل و مۆتێل و مۆزەخانەو فڕۆکەخانەی تێدابێت، خاوەنی شارەوانی و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆی خۆی بێت، خاوەنی بەروبوومی کشتوکاڵی و کلتورو فەرهەنگی خۆی بێت، دۆستی ژینگە بێت و دانیشتووانەکەی خاوەن پیشەو کاری دەستی بن و گەشتیاری بیانی سەردانی کردبێت. حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ساڵانە لەعێراقدا ئەم نووسراوانە بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت، هەر ساڵەو شوێنێک دەکرێتە گوندێکی گەشتیاری، ئەمساڵ دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەو ناحیەی بیارە کارمان کردووە بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری بۆ ساڵی ٢٠٢٤. حەمید بارام وتیشی: ناحیەکە بەگشتی ناکرێتە گوندێکی گەشتیاری و تەنها ناو سەنتەری شارۆچکەکە دەکرێت و زۆربەی ئەو مەرجانەشی تێدایە کەبکرێتە گوندێکی گەشتیاری، «ئەگەر ستەممان لێنەکەن بیارە دەبێتە بووکی عێراق». ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت دەبێتە ناوبانگێکی زۆر بۆ ناوچەکەمان و ژمارەیەکی زۆرتر گەشتیار روو لەناوچەکە دەکەن و بەهۆی خانەقای بیارەی شەریفەوە گەشتیاری ئاینی روو لەشارۆچکەکە دەکەن، بەنزیکەیی هەفتانە زیاتر لە ١٥ هەزار گەشتیار سەردانی بیارە دەکەن، حەمید بارام وای وت. ناحیەی بیارە یەکێکە لەناحیەکانی پارێزگای هەڵەبجەو هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ٢٩ گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتووانیشی زیاترە لە١٥ هەزارکەس، هەرچەندە دانیشتوانی بیارە جێگیر نییەو بەپێی وەرز دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی لەوەرزی هاویندا ژمارەکە زیاد دەکات و لەزستاندا کەمدەبێتەوە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند کەپاڵپشت بەنووسراوی ژمارە (٧٤٦)ی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣ دەرچووە داواکراوە یەکێک لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت بۆ ئەوەی وەک گوندێکی گەشتیاری بناسرێت، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەش لەپێناو بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری پارێزگاکە داوای کردووە شارۆچکەی بیارە وەک گوندێکی گەشتیاری بناسرێت. ئامانجیش لێی ناساندنی شارۆچکەکەیە وەک گوندێک لەسەر ئاستی عێراق و زیاتر راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی و بووژانەوەی بازاڕو دابینکردنی هەلی کارو ساغکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی، هەروەها بوژانەوەی ژێرخان و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری. بیارە هەزارو ٤٧ مەتر بەرزە لەسەر ئاستی رووی دەریا و چەندین شوێنەواری مێژوویی و ئاینی تێدایە، خانەقای بیارە یەکێکە لەو ناوەندە ئاینییانەی کە چەندین مامۆستای ئاینی و زانای پێگەیاندووەو ساڵی ١٨٨٥ز لەلایەن شێخ عومەر زیائەدینی بیارەوە دروستکراوەو مەزارگەی شێخانی نەقشبەندی تێدایە، هەروەها لەم خانەقایەدا سێ تاڵە مووی پێغەمبەری ئیسلام هەڵگیراوە. ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشێوەیەکی فەرمی تائێستا داوانەکراوە شارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری، دەستەی گەشتوگوزاری عێراق لەمانگی ئایاردا بەنووسراوێکی فەرمی داوای لەدەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کردووە کە ئەو شوێنانە دەستنیشان بکات کەشیاون بۆ ئەوەی ببنە گوندی گەشتیاری. وتیشی: لەپەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری سلێمانیدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردو لەوێ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە داوای لەسەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کرد کەشارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری. ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەشی خستەڕوو کەچەند ناوچەیەک لەهەرێمی کورستاندا هەن کەپێوەرەکانیان نزیکن لەوەی ببنە گوندێکی گەشتیاری و ئێمە لەدەستەی گەشتوگوزار لەهەوڵی ئەوەداین چەند شوێنێک دەستنیشان بکەین و دواتر لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێردرێن، ئێمە لەئێستادا خەریکی ئەنجامدانی رووپێویەکین بۆ ئەوەی بزانین چەند شوێن لەکوردستاندا شایەنی ئەوەن هەڵببژێردرێن وەک گوندێکی گەشتیاری و ناوی هیچ شوێنێکمان نەداوەتە دەستەی گەشتوگوزاری عێراق. کاتێک شوێنێک لەسەر ئاستی وڵاتێک بەگوندی گەشتیاری دەناسرێت، ناوی دەچێتە سەر نەخشەی گەشتوگوزای جیهانی و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی و نێودەوڵەتی سەردانی ناوچەکە دەکەن. ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت. هارون تاهیر، تەمەن ٣٣ ساڵ کەفرۆشگای بابەتی کولتوری هەیە لەناحیەی بیارەو ماوەی حەوت ساڵە خاوەنی ئەو پیشەیە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کەبیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری بڕیارێکی باشەو دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیارو ساغبوونەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان. وتیشی: پێویستە ئەو شوێنەی دەکرێتە گوندێکی گەشتیاری رێگاوبانەکەی گونجاوبێت و شەقامەکانی رووبەرێکی فراوانیان هەبێت، کەڕێگاوبانی بیارە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات بەتایبەت ر رۆژانی پێنجشەمەو هەینی، هەروەها قیری شەقامەکانیش کۆنە، زیاتریش لەوەرزی هاویندا ژمارەی گەشتیاران لەناوچەکە دەکەن بەهۆی گونجاوی کەشوهەوای ناوچەکە. پیشەکە بژێوی ژیانمان دابین دەکات، من لەدوکانەکەی خۆمدا بۆ جوانکاری و دیکۆری دوکانەکەم و گڵۆپ و تەختە سێ ملیۆن دینارم خەرجکردووە. هارون تاهیر وای وت.
ئیمان زەندی «لەلایەن ھاوڕێکەمەوە فێربووم و تەندروستیم تێکچووە» ئەمە وتەی کچێکی گەنجە کە ئالودە بووە بەدیاردەیەکی نوێ لەناو گەنجاندا، ئەویش جگەرەی ئەلکترۆنییە، کچە گەنجەکە دەشڵێت، بە دزی خێزانەکەیەوە خەریکی کێشانیەتی و ئاگایان لێی نییە. هێڤی عەبدی ناوێکی خوزراوی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵە، ئەو دانیشتوی پارێزگای کەرکوکە، بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، بەدزییەوە لەقوتابخانە کچێک دەیکڕێت بۆیان، نزیکەی ساڵێکە بەکاریدەھێنێت و نرخیشی زۆر نییەو بۆی گونجاوە. هێڤی لەسەر دۆخی تەندروستی خۆی دەڵێت، «ئاو لە سییەکانم دروستبووەو قوڕگیشمی سوتاندووە». هیڤی، کە لەپۆلی هەشتی ناوەندییە، زیاتر ئەو ڤەیپانە بەکاردەهێنێت کە ھەزار نەفەسەو بە ١٥ بۆ ٢٠ ھەزار دینارە، لەڕێگای هاوڕێکانییەوە فێربووە چونکە دەیهێنن بۆ قوتابخانە. جگەرەی ئەلیکترۆنی یان ڤەیپ یاخود ڤەیپینگ، شێوازێکی نوێی ئالودەبوونەو زیاتر لەپێنج ساڵە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بەهەزاران جۆری هەیە، بەپێی نەفەسەکەشی (پووڤز) نرخەکانی دەگۆڕێت. ئەم جگەرەیە لەناو گەنجاندا تادێت رووی لەزیادبوونە بەتایبەتی هەرزەکارو کچان و ژنان. دوکاندارێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بەهاوڵاتی راگەیاند، ڤەیپ یان نێرگەلەی کارەبایی خەزانی تامەکەی گەورەیەو دوکەڵێکی زۆر دەکات، پێویستی بەتامەو تامی ھەموو میوەکان ھەیەو نرخیان گرانە. «دوای ڤەیپ ئێمە پۆدمان ھەیە، کۆیلەکەی بچووکترەو خەزانی تامەکانیان کەمترەو دوکەڵ کەمتر دەکات بۆ ھەڵگرتن ئاسانە، ئەویش بەھەمان شێوە تامی تایبەتیان ھەیە، ئەوەی ئێستا خەڵک بەکاریدەھێنێت لەھەرزەکارو کچ پێی دەڵێین ڤەیپی سەفەری (دیسپۆزەبڵ ڤەیپ) خۆی تامی تێدایە بەکاردەھێنرێت تەواوبوو فڕێ دەدرێت»، دوکاندارەکە وای وت کەپێنج ساڵە فرۆشیاری جۆرەکانی جگەرەیەو ماوەی سێ ساڵیشە جۆرەکانی ڤەیپ لەیەکێک لەقەزاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەفرۆشێت. لەبارەی مەترسی و تەقینەوەی ڤەیپەکانەوە ناوبراو ئاشکرایکرد، تەقینەوەیان راست نییە، «جۆرێکی تریان ھەیە بەتەواوی خەریکە بازاڕ کۆنترۆڵ دەکات ھەر سەفەرییە، بەڵام بەشی خەزانی تامەکەی دەتوانی فڕێیبدەیت و یەکێکی تازەی بۆ بکڕی، تامی ڤەیپەکان لە نیکۆتین و تامی میوەکان تێکەڵ دەکرێت». ئەو دوکاندارە سەبارەت بەنرخەکانیش روونیکردەوە، ئەوان لەبازاڕەکانی جگەرەکەی سلێمانی و هەولێرو دهۆک و بەغدا ئاسایی دەیکڕن و شاراوە نییە، ڤەیپە سەفەرییەکان نرخیان لەنێوان چوار بۆ ٢٠ ھەزارەو ڤەیپە گەورەکانیش نرخیان لەنێوان ٢٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ دۆلاردایە. ئەو نهێنییەک دەدرکێنێت کە چۆن جگەرەی بازرگانی دەتواندرێت بەفەرمی بهێندرێت و رایگەیاند، «ئەوەندەی ئاگاداربم هێنانی بۆ کۆمپانیاکان دەگەڕێتەوە کە کۆنترۆڵی ئەم سنورەیان کردووە، زیاتر کۆمپانیای نۆکانە، کاتێکیش تۆ بڕیار دەدەیت ئەو بازرگانیە بکەیت، ئەگەر کۆمپانیای نۆکان نەیھێنا دەبێت بەشێک لەپشکەکەت بدەی بەو کۆمپانیایە یان لەخێر دەبێت بەشێک بدەیت بەوان». دوکاندارێکی دیکەو شارەزا لەبواری بازرگانیکردن بەجگەرەی ئەلیکترۆنی، هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کۆمپانیایە پشتڕاست کردەوەو بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، جگەرەی ئەلکترۆنی ھاوردەی سەرەکی بۆ کۆمپانیای نۆکان دەگەڕێتەوە، بەڵام «ئەگەر کوالێتی و کۆنترۆڵی تایبەت ھەبێت ناھێڵن بێتە خوارەوە». ئەو شارەزای بواری بازرگانییە دەڵێت، رۆژ بەڕۆژ بەکارھێنانی ڤەیپ روو لەزیادبوونە کچ زیاتر فێربوون وەک لەوەی کوڕ بیکێشێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە «گەنجی ئێستا ھەمووی راڕایەو مێشکی سەرقاڵەو شەو تاوەکو بەیانی ناخەوێت، لەهەندێکیانم پرسیوە بۆچی ئەم شتە دەکێشن! دەڵێن؛ وەڵا تاقەتمان نییە پێنج شەش کەسین تا بەیانی ناخەوین دەیکێشین». ناوبراو لەبارەی تەمەنی بەکارهێنەرانی ڤەیپ لەلایەن کچانەوە دەڵێت، «ئەو کچانەی دێن تەمەنیان ٢٠ بۆ ٢٢ ساڵ بەرەو سەرە، دایک ھاتووە خاوەنی چوار منداڵە دەیکێشێت، یان مامۆستا ھاتووەتە لام وتوویەتی؛ ڤەیپم بەقوتابی پۆلی پێنجی سەرەتایی گرتووە». بۆ دەستکەوتنی ئاماری فەرمی و وەرگرتنی باج لەسەر جگەرەی ئەلکترۆنی، ھاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی کرد بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی ھەرێمی کوردستان، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە. بەپێی ئەو داتاو زانیاریانەی کەهاوڵاتی لە بەدواداچوونەکانیدا دەستی کەوتووە، هاوردەکردنی جگەرەی ئەلکترۆنی لەمەرزەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە بەکۆنتێنەری گەورە دێت و کێشیان لەهەشت تۆنەوە دەستپێدەکات بۆ ٢٧ تۆن کە ساڵانە ١٠ کۆنتێنەری لەو جۆرە دێنە هەرێمی کوردستانەوە. سەبارەت بەقەدەغەکردنی جگەرەی ئەلکترۆنی لەهەرێم، سۆران عەبدولغەفور، چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، «بەڵێ، نووسراو ھەیە قەدەغە بکرێت، بەڵام کۆنترۆڵکردنەکەی زۆر زەحمەتە بۆچی! ئەگەر ئەو قەدەغەکردنە گشتگیرنەبێت ئەوکاتە دەبێت بەشتێکی قاچاغ و تووشی ھەزاران دەردسەریمان دەکات کەبێتە ناوەوە». چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، ھەموو کۆمپانیاکان لەشاری سلێمانی بەفەرمی ڤەیپ دەهێنن، چونکە بازرگانیەکی کراوەیە، ئەگەر بەفەرمی هاوردەنەکرێت و بەقاچاغ بێت، دەبێت دەست بەسەر ھەموویدا بگیرێت. سۆران عەبدولغەفور لەبارەی رێگا قاچاغییەکانەوە دەڵێت، «لەسنوری عێراق و ئێران و تورکیاوە دێتە ناوەوە، ئاماری ڤەیپی سنورەکە لای ئێمە نیە، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان تەنیا جێبەجێکارە». قایمقامیەتی سلێمانی، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی لەلایەن کچان و کوڕانی هەرزەکاری تەمەن خوار ١٨ ساڵی قەدەغەکردووەو هەرکەس بیفرۆشێت راستەوخۆ لێپێچینەوەی یاسایی لەبەرامبەر مارکێت و فرۆشگاکان و بازاڕی جگەرەکە دەگرنەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش لەمساڵدا ١٧ شوێنیان داخستووەو خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە. رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بەدیاریدەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەچەندین کەیسیان ھەبووە، خوشک یاخود دایک یان باوک ڤەیپی بەکوڕە هەرزەکارەکەیان کڕیوە و دەڵێت، «ئەو حاڵەتەشمان راگرتووە». رێکان جەمال باسی لەوە کرد کە مۆدێلەکان و ئەوانەی ڤاینەرن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامی بۆ دەکەن و هانی گەنجان دەدەن ئەم جگەرەیە بکێشن. «نزیکەی ھەشت بۆ نۆ خانمی مۆدێل بووە رێکلامیان بۆ کردووە، لەگەڵ گروپێک کە ڤیدیۆی کۆمیدی بڵاودەکەنەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنەکەی ناوی (أ، چ) لەڤیدیۆکانیاندا دەیانخستە ملیان و گەنجانیان ھاندەدا، کەسێکی دیکە بەناوی (د.چ) لەئیڤێنتێکدا بەنیازبوو بە فلێکس رێکلامیان بۆ بکات، دەستبەجێ بانگکراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە، ئەو گرێبەستەشی کە کردوویانە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەڵمانوەشاندووەتەوە»، رێکان جەمال وای وت. ئەو جگەرە ئەلکترۆنیانەی لیژنەکانی قایمقامیەت دەستی بەسەرداگرتوون، جگەرەی چینی و مالیزی و ئەندەنوسی و کۆری و ئەوروپی بووە. لەسەر پێکهاتەی جگەرەی ئەلکترۆنی، د.سوارە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی وردی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆری خوێن و پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە ھەناوییەکان بەهاوڵاتی راگەیاند، جگەرەی ئەلکترۆنی لەشلەیەک پێکدێت، ئەم شلەیە ماددەی نیکۆتینی تێدایە لەگەڵ ماددەکانی ڤیجیتێر یان گلایکۆڵ یان پۆلی گلایکۆڵ تاوەکو تام ببەخشێت بەو کەسەی دەیکێشێت. «کاتێک ئەو دوو ماددەیە لەگەڵ نیکۆتین و شلەکە تێکەڵاو دەبن دەبنە هەڵم، لەگەڵ ئەم پڕۆسەی بەھەڵمبوونە ماددەی دیکەی کیمیایی دروست دەبن کەھەندێکیان نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکەن، چونکە ھەندێک ماددەی کانزایی قورسی وەکو ئاسن دروست دەبێت و دەبێتەھۆی دروستبوونی قەسەباتی سییەکان». سەبارەت بەوەی لەگەنجان مەترسی زیاترە وەک لە بەتەمەنەکان، د.سوارە عەلی ئەوەی خستەڕوو، خوار تەمەن ٢٥ ساڵ بەکاریبهێنێت کاریگەری دەبێت لەسەر مێشک و تەرکیزی و وریاییان، «ڤەیپینگ جگەرەیەکی مەترسیدارەو ھیوادارم بەکارنەھێنرێت لەبەدیلی جگەرە ئاساییەکە، چونکە تاوەکو ئێستا ھەموو رێکخراوە تەندروستییە جیھانییەکان بەبەدیل دایاننەناوە». ئەو پزیشکی هەناوییە هەندێکیان هەن کە لێیان نووسراوە (نۆ نیکۆتین) بەڵام «کاتێک پشکنینی بۆ دەکرێت تیایدایە، چونکە بازرگانیە و ناچێتە ژێر چاودێری کوالێتی کۆنترۆڵەوە، ھەربۆیە زۆر یاریی لەپێکھاتەکانیاندا دەکرێت». لەبارەی کاریگەرییان لەسەر گەدە ناوبراو دەڵێت، ئەوکەسەی ھەڵیدەمژێت کاریگەریکی زۆر ناکاتەسەر، بەڵام «ئەگەر ڤەیپ کەسەکە دووچاری شێرپەنجە بکاتەوە ئەگەری تووشبونی بەشێرپەنجەی گەدەشی بۆ زیاد دەبێت، چونکە ئەو مادوە قورسانە دەبێتەھۆی تێکچوونی (دی.ئێن.ئەی) خانەکان». بەگوێرەی زانستی پزیشکی ئالودەبوون، واتە مرۆڤ ت ڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بەو ماددەیە یان ئەو خووە. هەر کاتێک ئەو شتەی لێبڕا، یان کەمی کردەوە لە پڕێکدا، ئەوا تووشی کۆمەڵێک گرفتی دەروونی و میزاجی و جەستەیی دەکات. د. فەهمی عەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و ئالودەبوون لەسەر ئالودەبون بۆ هاوڵاتی وتی، ئەو كەسانەی توشبوی نەخۆشییەكانی ئالودەبوونن، تێکچوونیان دەبێت لەبیركردنەوە، ڕەفتارو كاركردنی جەستەییاندا، یان ژەهراویبوون. لەسەر پاڵنەرو هۆکارەکانی ئالودەبوون پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت، «کێشەی دەروونی، کێشەی سەردەمی منداڵی، باری ئابوری، نەبونی یاسا و ڕێسایەکی تۆکمە بۆ ڕێگریکردن، بۆماوەیی، نەخۆشیی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن و نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە»، پاڵنەرن بۆ بەرکارهێنانیان. لەبارەی چارەسەرکردنی ئالودەبووان د. فەهمی عەلی ئەوەی ئاشکراکرد، یەکەمین هەنگاو و کلیلی چارەسەر، بریتییە لەبڕیاردانی کەسەکە بۆ وازهێنان، «زۆر جار وا پێویست دەکات لەنەخۆشخانە داخڵ بکرێت و باری جەستەیی کەسەکە هەڵسەنگێندرێت، لەڕێگای کۆمەڵێک پشکنینی تاقیگەیی و تیشکی و هتد، تا بزانرێت ڕێژەی بەرکەوتنی زیانی جەستەیی بەهۆی ئەو مادەیەوە چەندە، بەمەش باشترین دەرمان و چارەسەر بۆ پاککردنەوەی جەستەی ئەو کەسە بەکاربهێنرێت». لەسەر وازهێنانی لەجگەرەی ئەلکترۆنی، هێڤی ئەوەی ئاشکرا کرد کەبیری لەوە نەکردووەتەوە وازیلێبهێنێت «چونکە کاتێک لەماڵەوە کێشەیەکم دەبێت یان بێتاقەت دەبم دەیکێشم، زۆر ئاساییە لام کێشانی، چونکە ئالودەیبووم و بەبەردەوام نەیخۆم زۆر بێتاقەت دەبم، راستی پێموایە منداڵم بۆیە بیرم نەکردووەتەوە وازیلێبهێنم».
عەممار عەزیز «10 ساڵی رێكە هیچ خۆشیم نەبینیوە ، ئێش و ئازاری گۆڕم لەسەر ژیان وەرگرتووە»، ئەمە وتەی دایكێكە لە ناوەندی دهۆك كە دوو منداڵی ئۆتیزمی هەیە، ئەو بەتەواوی بێهیوا بووە چونكە سەنتەری حكومی منداڵەكانی وەرناگرێت و ناتوانێت بیانباتە سەنتەری ئەهلی بەهۆی ئەوەی پارەیان نیە . ئاواز قادر، ئەو ژنەی سەنتەری شاری دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « كچەكەم كە تەمەنی 10 ساڵەو كورەكەم تەمەنی حەوت ساڵە ، رێژەی ئۆتیزم لەهەردوو منداڵەكەم سەرووی 75 لەسەدە ، بەس خوا دەزانیت حاڵم چۆنە ئەوەندە ناخۆشە ناتوانم وەسفی بكەم، بەو دوو منداڵە ئەوەندە ئازارو ناخۆشیم بینیوە پێموایە عەزاب و ناخۆشی گۆڕیش هەر ئەوەندەیە، پێش ئەوەی بمرم عەزاب و ناخۆشی گۆڕم بینی». ئاواز قادر تەمەنی 37 ساڵە ، پیاوەكەی پێشمەرگە بووەو لەمانگی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. ئاواز خاوەنی پێنج منداڵە لەهەمووی گەورەتر كچەكەیەتی كەتەمەنی 16 ساڵە ، ئێستا لە ژووری خوێندنگایەكی ناو سەنتەری دهۆك دەژین چونكە هیچ خانوویەك نیەو پارەشیان نیە لەشوقەیەك یان خانوویەكی كرێدا بژین. «سەنتەری حكومی تەنها ساڵێک كچەكەمیان وەرگرت، دوای ساڵێك كچەكەمیان دەركردو وتیان كچەكەت شەڕی منداڵان دەكات ، ئێستاش ناتوانم بیبەم بۆ سەنتەرێكی ئەهلی، هیچ داهات و پارەیەكمان نیە، خێرخوازان هاوكاریمان دەكەن، نازانم شەوو رۆژ چیە هەر خەرێكی دوو منداڵەكەمم، ئەگەر بەرپرسان راست دەكەن با فەرموون یەك خولەك سەردانی من بكەن بزانن حاڵم چۆنە»، ئاواز وای وت. لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەنها یەك سەنتەری حكومی هەیە، لەبەرامبەریشدا 10 سەنتەری ئەهلی هەن، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێكی ئۆتیزم لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار . شاكر مەحمود، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزمی زاخۆی ئەهلی بەهاوڵاتی وت: « 30 منداڵمان وەرگرتووە، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێك بەپێی رێژەی ئۆتیزمە لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار، رۆژانە تا كاتژمێر یەک و نیو هەرچی پێویستە بۆیان دەكەن، ئەوەی پێویستی بەمامۆستاو پزیشكی دەروونییە بۆیان دابین دەكەن، جگە لەمەش ژەمێكی خواردنی سەرەكییان پێدەدەین». بەكردنەوەی سەنتەری تازە بارگرانی و فشار لەسەر سەنتەرەكان كەمدەبێتەوە، لەئێستادا سێ سەنتەری ئەهلی لەزاخۆ هەن، دوو سەنتەری تری ئەهلی بەمنزیكانە دەكرێنەوە لەگەڵ سەنتەرێكی حكومی، هاوكات لەناوەندی دهۆكیش پێنج سەنتەری ئەهلی هەن. شاكر مەحمود دەشڵێت، « تەنها لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 220 منداڵی تۆماركراو هەن كەنەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، ئێمەش حەزدەكەین نەك سەنتەرێک 10 سەنتەری حكومی بكرێنەوە لەجیاتی ئەوەی پارە بدەن بەخۆڕایی بێت، چونكە ئەوانەی منداڵی ئۆتیزمان هەیە زۆرینەیان هەژارن و ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوان زۆرە، بەڵام چارەی تر نیە». ئەمساڵ لەسەنتەری حكومی لەشاری دهۆك 90 منداڵی ئۆتیزم وەرگیراون، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەرووی هەزار توشبووی ئۆتیزم هەیە. شێرزاد هلوری، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت، « ئەمساڵ 90 توشبووی ئۆتیزممان وەرگرتووە، كە ئێستا لەسەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم چاودێرییان دەكرێت و هەموو شتێكیان بۆ دابینكراوە، بەمنزیكانە سەنتەرێكی تر لەقەزای ئاكرێ دەكەینەوە، هەروەها لەبەرنامەشماندایە سەنتەرێكی تر لەسنوری قەزای سێمێل بكەینەوە». شێرزاد هلوری دەشڵێت « ئەو سەنتەرەی كەئێستا هەمانە شوێنی هەموو توشبووانی ئۆتیزم ناگرێتەوە، بۆیە زۆر پێویستیمان بەسەنتەری تازەیە تابتوانین ژمارەیەكی زۆرتر لەتوشبووان وەربگرین، زۆرمان پێناخۆشە كەسوكاریان لەبەرنەبوونی شوێن منداڵەكانیان دەبەنە سەنتەری ئەهلی، چونكە بارگرانییەكی زۆرە بۆ ئەوان، هەموو هەوڵێك دەدەین كێشەكانیان چارەسەربكەین».
هاوڵاتی یەڤگینی پریگۆژین نزیکەی ١٠ ساڵی پێچوو تا گروپی چەکداری ڤاگنەر دروست بکات. گروپەکی ئەڤگینی بووە سەرەکیترین گروپ لەجەنگی روسیا دژی ئۆکرانیاو سەربازەکانی پریگۆژین یارمەتیدەربوون بۆ زیادکردنی هەژمونی روسیا لەئاستی جیهانیدا، لەڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لەئەفریقاو سوریا. ئێستا کە یەڤگینی لەمەیدانەکە نەماوە، مردنەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین گومان لەسەر داهاتووی ڤاگنەر. شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی سەربازی رۆژئاوا بیر لەوەدەکەنەوە کەکێ جێگەی دەگرێتەوە و چی بەسەر ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەدا دێت کە پریگۆژین سەرکردایەتی دەکردن. چۆن کوژراو بۆچی کوژرا؟ یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لەچوارشەممەی رابردوو لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەک لەهەرێمی تڤیر لەنزیک مۆسکۆ لەگەڵ نۆ سەرنشینی تر گیانی لەدەستدا. بەشێک لەسەرنشینەکان فەرماندەی باڵاو نزیکی پریگۆژین بوون. سەرەتا روسیا نکۆڵی دەکرد کە فڕۆکەکە پریگۆژینی تێدا بووبێت بەڵام دوای چەند رۆژێک لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەڕێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە. لەلێکۆڵینەوەی لیژنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە «پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووەو ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لەفرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لەفرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە.» ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. مردنی پریگۆژین چەندین سیناریۆی جیاوازی دروستکردووەو دەوترێت کە دەستی روسیا خۆی تێدا بووە. تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاو ئۆکرانیا بڕوایان وایە کە کاری روسیا خۆی بێت. یەڤگینی یەکیک بوو لەنزیکەکانی ڤلادمیر پوتن، بەڵام ئەو نزیکایەتی و هاوڕێیەتیە لەمانگی حوزەیراندا کۆتایی هات کاتێک پریگۆژین دژی فەرماندە باڵاکانی سەربازی روسیا جوڵایەوە و چەکدارەکانی لەئۆکرانیاوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکرد کەوەک هەڵمەتێکی «کودەتا» لیکدرایەوە و تەنانەت پوتین خۆشی رایگەیاند کە کارێکی خیانەت بوو. تەنها دوای چەند رۆژیک لەکودەتا شکستخواردووەکە، کە دواتر پوتن رێککەوتنی لەگەڵ پریگۆژیندا کردو رەوانەی بیلاڕوس کرا، سەرۆکی روسیا بەڕوونی وتی کە کارەکەی گروپی ڤاگنەر جۆرێک بوو لەخیانەت. هەرچەندە ناوی پریگۆژینی نەبرد بەڵام «رێکخەرانی یاخیبونەکەی» بە خیانەت کردن لە روسیا ناوبرد. میدیاکانی رۆژئاوا سوورن لەسەر ئەوەی کە کوشتنی پریگۆژین تۆڵەکردنەوەی پوتنە، بەڵام کۆشکی کریملن دەڵێت، کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت «گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیەکی بێ چەندوچونە». هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستتێوەردانی کریملن و هیزە ئەمنییەکانی روسیا ببەستێەوە بەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەش تائیستا نەزانراوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە هۆشداری ئەوەیان داوە کەهێشتا زووە بگەیتە ئەنجام دەربارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە، بەڵام ژمارەیەک ئەگەر رەچاو کراوەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، لەوانەش دانانی بۆمبێک لەناو فڕۆکەکە کەبووەتە هۆی تێکشکانی. هاوکات سی ئێن ئێن دەڵێت، لەهەمانکاتدا هەندێک کەس کە ناویان نەهاتووەو ئاشنان بەکاری هەواڵگری بڕوایان وایە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە ئەنقەست بووبێت و ئامانجی سەرەکی ئەوە بووبێت کە پریگۆژین بکوژرێت. پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، رایگەیاندووە ئەوان زانیارییان نییە کە فڕۆکەکەی پریگۆژین بەموشەکی هێزی بەرگری ئاسمانی تێکشکابێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە بڕوایان وایە پریگۆژین کوژرابێت نەک رووداوێکی رێکەوت بێت. تەنانەت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە پوتن لەپشت تێکشکانی فڕۆکەکە بووبێت. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لەگەڵ چەند کەسێکی روسیا قسەی کردووە، بەبێ ئەوەی پلەو پۆستیان ئاشکرا بکات بەهۆی ترسیان لەئاشکرابوونیان، هەندێکیان بەڕاشکاوانە قسەیان لەسەر بابەتەکە کردووەو دەڵێن، «پریگۆژین لەلایەن پوتنەوە کوژراوە کە لەخیانەت خۆش نابێت، پوتن لەپشتی ئەم کارە بووە، رەنگە دارودەستەکەی بووبن بەڵام ئەو زانیویەتی و رەزامەند بووە لەسەری». پشتڕاستکردنەوەی گومانەکان لەلایەن میدیای رۆژئاواوە لەوە دێت کەهەندێک مدیای روسیا بڵاویانکردەوە کە ئۆکرانیا لەپشت کوشتنی پریگۆژینەوە بێت، بەڵام لەو بارەیەوە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، «ئێمە پەیوەندیمان بەدۆخەکەوە نییە، بەڵام هەموو کەس ئەزانێت کێ پەیوەندی هەیە بەو بابەتەوە». پریگۆژین «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا» دوای رۆژێک لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پوتن قسەی بۆ رایگشتی کردو وتی سەرکردەکەی ڤاگنەر کەسێکی «بەهرەمەند بوو» بەڵام «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا». سەرۆکی روسیا لەدەمی رابردوو دەربارەی پریگۆژین قسەی کردو وتی کە «ماوەیەکی زۆر بوو» سەرکردەکەی ڤاگنەری دەناسی. «ئەو پیاوێک بوو کە دیار بوو چارەنووسی سەخت دەبێت، هەروەها هەندێک هەڵەی جددی لە ژیانیدا کردووە و ئەوەی بەدەستهێناوە کە پێویست بووە خۆی و کە منیش داوامکردووە بۆ ئامانجێکی هاوبەش»، پوتن وای وت. دوای مردنی پریگۆژین، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕکەرانی ڤاگنەر. لەچەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکردو لە رۆژی هەینیدا واژۆی کردووە کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیاو لانەدان لەفەرمانی سەرۆکی وڵات. لەبەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لەفەرمانی فەرماندەو سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لەبڕیارەکانیان بکەن. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەرو گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە کودەتاکەی مانگی حوزەیران کە ترسی دروست کردووە دووبارە ببنە هۆی مەترسی و جارێکی تر ترس بۆ دەسەڵاتی وڵات دروست بکەن. ڤاگنەر دوای پریگۆژین چی لێدێت؟ مردنی پریگۆژین دوای دوو مانگ لەکودەتاکە گومانی لای شارەزایان دروستکردووەو دەڵێن پوتن پێویستی بەو ماوەیە هەبووە تاجێگرەوەیەک بۆ پریگۆژین دابنێت. بینۆیت برینگەر، رۆژنامەنوس کە بەڵگەفیلمێکی لەسەر گروپی ڤاگنەر کردووە بۆ بی بی سی قسەی کردووەو دەڵێت، یەکێک لە بەربژیرە هەرە سەرەکییەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی پریگۆژین ئەندرێی ئەڤریانۆڤە کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی هەواڵگری روسیایە. برینگەر دەڵێت، «وادیارە پوتن کاتی پێویست بووە بۆ ئەوەی بەنهێنی ئەم گۆڕانکارییە رێکبخات، ئەمەش ئەو هۆکارە رووندەکاتەوە کە بۆچی دوو مانگ وەستا تا پریگۆژین لەکۆڵ بکاتەوە». تەنانەت عەباس گالیامۆڤ، وتارنووسی پێشووی پوتن لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاوڕایەو بۆ ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، رەنگە بۆیە پریگۆژین رێیدرا دوای کودەتاکە لەکارەکەی بەردەوام بێت چونکە بەرپرسانی روسیا دەبوو چەند کەسێک بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی. گالیامۆڤ دەڵێت،»کات پێویست بوو بۆ دروستکردنی رێگای نوێ و میکانیزمی نوێی دەستبەسەرداگرنتی ئەو پرۆژانەی» یەڤگینی هەیەتی لەسوریا و ئەفریقاو ئۆکرانیا. شارەازیان پێیانوایە کە رەنگە ڤاگنەر دوای پریگۆژین وەک خۆی نەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەوان دەڵێن، رەنگە لەدۆخی مامناوەند مەودادا ئۆپەراسیۆنەکانی ڤاگنەر زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت، بەڵام لەدۆخی دوورمەودادا شیوازی تر وەردەگرێت. «ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڤاگنەر جیاببێتەوە بۆ دوو گروپ، کە ئەو لایەی لە بیلاڕوسیایە و بێ سەرکردە ماوەتەوە هەڵبوەشێتەوە، پارچەکانی تر ئەوانەی کە لەدەرەوەی روسیا کاران ببنە یەک گروپ و ئامراز کە سیاسیەتی دەرەوەی روسی بتوانێت سوودیان لێوەربگرێت،» ئێمڵی فێریس توێژەر لەبواری سەربازی ئەمەی بە بی بی سی وت. رۆژنامەنوس برینگەر لەسەر نەمانی پریگۆژین و ئەو کەلەپورەی بەجێیهێشتووە دەڵێت: ڤاگنەر ئەوەی بەکریملن نیشانداوە کەچۆن سوپایەکی شاراوەی تایبەت لەدەرەوەی یاسا دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ جەنگ و زیادکردنی هەژموونی روسیا لەدەرەوە، رەنگە ناوی ڤاگنەر نەمێنێت بەڵام چەکدارە بەکرێگیراوەکانی مەیدان و ئەو رێبازەی پریگۆژین دروستی کرد وەک خۆیان دەمێنێتەوە».
دلێر عەبدوڵڵا لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و بەشێوەیەكی نایاسایی 602 كەس لەهێزی دژەتیرۆری یەكێتی دامەزرێنران و بەپێی نووسراوێكیش خراونەتە سەر یەكەی (70)ی وەزارەتی پێشمەرگە، پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە، سەرۆكی حزبكێش لەشاری هەولێر مووچەی 200 پۆلیسی راگرتووەو داوای بەڵێننامەیان لێدەكات. عەلی حەسەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان بڵاویكردەوە كە بەپێی نووسراوێك فەرمانی دامەزراندن بۆ 602 كەس كراوەو بەشێوەیەكی نایاسایی پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە. لەكاتێكدا دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە بەفەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە. نووسراوەكە بە ژمارە (8338) لە رێكەوتی 1/11/2022 تۆماركراوەو بەپێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەمانگی رابردوودا ئەو دامەزراوانە موچەی خۆیان لە رێی فەوجی هێزەكانی حەفتا وەرگرتووە، پارەكەش لە رێی داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابینكراوە. دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە لەچەكداری حزبی لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا بەشێوەیەكی نایاسایی لەكاتێكدایە كە حكومەت بەهۆی نەبوونی پارەو بودجەی پێویست پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی راگرتووە، لەوبارەوە عەلی حەمەساڵح بەهاوڵاتی وت «ئەم دامەزراندنانە لەكاتێكدایە كە حكومەت رایدەگەیەنێت پارە بۆ پرۆژەو دەرمان و رێگاوبان نییە، پارە بۆ مامۆستای وانەبێژو فەرمانبەری گرێبەست نییە، بۆ پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستا نییە، دامەزراندن بۆ دەیان هەزار دەرچووی زانكۆكان نییە». لەگەڵ ئەوەی ئەو فەرمانەی دامەزراندنەكەی پێكراوە لەناو دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیەوە كراوە، بەڵام موچەی دامەزراوەكان لەناو هێزەكانی حەفتاوە دەدرێت، كە هێزەكانی حەفتاش سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمە، لەوبارەیەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئاگادارنین و هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە». ئەمە یەكەمین جار نییە یەكێتی و پارتی دامەزراندن لەناو هێزی سەربازی سەر بە یەكە سەربازییەكانیان دەكەنەوە، كە بەڕای عەلی حەمەساڵح، هەردوو حزب دەیانەوێت زۆرترین چەكدار لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بۆ ئامانج و خزمەتی خۆیان بەكاریانبهێنن. جگە لەیەكێتی و پارتی، دامەزراندنی سەربازی لەناو حزبەكانی تریشدا بوونی هەیەو هەر حزبەو بەپێی قەبارەی خۆی، ئەندام و كادرانیان كراونەتە موچەخۆرو لەسەر بودجەی حكومەت پارەیان پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی هەریەكە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و حزبی سۆسیالیست و شیوعی دامەزراندنی سەربازییان بۆ كراوەو چەندین كادریان كراونەتە پۆلیس و سەرباز. ئەو حزبانەی پۆلیس و سەربازی دامەزراویان هەیە، لەكاتی ناكۆكی و كێشە ناوخۆییەكانیاندا قۆرخی موچەی ئەندامانیان دەكەن و بۆ هەندێك جاریش حكومەت بەكاردەهێنن بۆ مەرامە تایبەتەكانی خۆیان. هەروەك ئەوەی ئێستا كێشەی بڕینی مووچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەئارادایە. بزووتنەوەی ئیسلامی كە بەمدواییە ناكۆكی تێكەوت و بووە دوو باڵ، باڵێكیان بەسەرۆكایەتی كامیلی حاجی عەلی وەزیری پێشوتری ئەوقافی حكومەتی هەرێم و باڵەكەی تریش بەسەرۆكایەتی عیرفانی مەلا عەلی كوڕی رابەری كۆچكردووی ئەو حزبە خۆیان راگەیاندو هەرباڵەو خۆی بەخاوەنی حزبەكە دەزانێت و بەرامبەریشی بە ناشەرعی و نادروست لەقەڵەم دەدات. بەهۆی بوونی ئەو كێشە ناوخۆییەوە، موچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوە راگیراوەو بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عیرفانی مەلا عەلی دەستی بەسەردا گرتوە، لەوبارەوە كەمال سازانی پارێزەری باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «بەبڕیارێكی سیاسی و لەلایەن عیرفانی مەلا عەلی قوت و مووچەی پۆلیسەكانمان لەهێزی زێرەڤانی راگیراوەو حكومەت و وەزارەتی ناوخۆشمان ئاگاداركردووەتەوە كە پێویستە بێلایەن بن و تەرەفگیری نەكەن». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، موچەی ئەو 200 پۆلیسەی بۆ بزووتنەوەكەی عیرفانی مەلا عەلی خەرجكردووەو ناوبراویش دەستی بەسەرداگرتووەو داوای لەپۆلیسەكان كردووە بەڵێننامە پڕبكەنەوە كە پەیوەندی بە باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یەوە نەكەن، لەوبارەوە پارێزەرەكەی باڵی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «حزب دەڵێ ئێمە نین و حكومەتە، حەكومەتیش دەڵێت ئێمە نازانین و بڕیارێكمان پێگەیشتووەو جێبەجێی دەكەین. یاساش تائێستا یەكلایی نەكردووەتەوە كە بزووتنەوە موڵكی كام باڵەیە. حكومەتیش دەڵێت ئێمە داومانە بە رابەری بزووتنەوە، ئەویش لای خۆیەوە دەیەوێت بەڵێننامە پڕبكاتەوە بە پۆلیسەكان كە نەچنە ریزی باڵەكەی ئێمەوە، ئەمەش بریارێكی ناشەرعییەو پێمان وایە كە دەبوو وەزارەتی ناوخۆ رۆڵێكی باشی هەبێت نەك لایەنگری بكات، بۆیە ناچارین لە رێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە سكاڵا تۆماربكەین». بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەپۆلیس و سەربازی دامەزراوی حزبە سیاسیەكان لەناو حكومەتدا، بووەتە بار بەسەر بودجەوەو بەهۆی ئەمەوە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم شێوێنراوە، هەربۆیە حكومەتی ناوەندی گرفتی لەگەڵ لیستی موچەخۆراندا هەیەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی دانی نەناوە بەو ژمارەیەی لیستی فەرمانبەران كە بۆ وەرگرتنی بودجەی هەرێم پێشكەشی حكومەتی ناوەندی دەكرێت.
ڤانە حەمە کۆماری ئیسلامی ئێران فشار دەخاتەسەر هەرێمی کوردستان بۆ چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو حزبانە هەڕەشەکان بە «چاوسوورکردنەوە» ناودەبەن و دەڵێن ئامانجی تاران ئەوەیە ئاگری شەڕەکە لەناوخۆی ئێران دووربخاتەوە لەیەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەشڵێن ئامادەکاری دەکەن بۆ هەر هێرشێکی ئێران و چەک دانان لای ئەوان «هێڵی سوورە». تاران مۆڵەتێکی داوە بەحکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەبێت حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ١٩ی ئەیلولی ئەمساڵ چەک بکرێن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی گیانلەدەەستدانی ژینا ئەمینی لەژێر زەبری هێزدا بەجیاوازی تەنیا سێ رۆژ. ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەئێران گیانی لە دەستدا دوای ئەوەی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی بەزەبرێکی توند ئازاریان دابوو بەبیانووی ئەوەی لەچکەکەی توند نەبووە، ئەوەش گڕی بەردایە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران، بەجۆرێک وێنەی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەییان لەشەقامەکاندا دەسووتاند و خۆپیشاندانەکان بەشۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسرا. لەساڵی ٢٠١٨ەوە ئێران چەندین هێرشی موشەکی کردووەتەسەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەرێم، دوایین هێرشی تاران بۆسەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بوو کە سوپای پاسداران بەمووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیدا و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی عێراق، ١٣ کەس شەهید بوون. ناسر کەنعانی، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆشداریدا بە حکومەتی عێراق و رایگەیاند مۆڵەتی چەککردنی حیزبە «دژبەرەکانمان» لە هەرێمی کوردستان «درێژ ناکەینەوە» کە بەپێی رێکەوتنەکە ١٩ی ئەیلول دوا مۆڵەتە. لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا لەبارەی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە بەناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە. بەپێی رێککەوتنەکە پێویستە حزبەکانی رۆژهەڵات لەچەک دابماڵرێن و بارەگاکانیشیان چۆڵ بکەن، دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هەریەک لەحکومەتی عێراق و کوردستان لەکەمپی ئاوارەکاندا جێگیر ببن کە بۆیان دیاری دەکرێت. لەوەڵامی ئەم داواکاریەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە هاوڵاتی وت» تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بەفەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە یان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەئێمە نەگەیشتووە، دەشڵێت، «چەکدانان لەلای ئێمە هێڵی سورە». عەتا ناسر سەقزی پیێیوایە دیاریکردنی ئەو مۆڵەتە لەو کاتەدا لەترسی نزیکبوونەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییە کە ئێران نایەوێت دووبارە خۆپیشاندان لەوڵاتەکە دووبارە ببێتەوە. «کۆماری ئیسلامی ئەمە وەك چاو سورکردنەوەیەک بەکاردەهێنێت ئەمەش لەترسی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و مەترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکان لەئێران، بۆیە پێمانوانییە ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت»، عەتا ناسر وای وت. لەبارەی هەر هێرشێکیشەوە بۆ سەر بارەگاکانیان ئەندامەکەی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وتی، «ئێمە ئەمڕۆ بەهاوبەشی لەگەڵ حەوت حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووینەوە و ئامادەباشی خۆمان دەکەین بۆ هەر هێرشێک». عەتا ناسر سەقزی باسیشی لەوەکرد کە ئامادەکاریەکانمان بەجۆرێکە «کەمترین زیانمان لەهەر هێرشێک بەربکەوێت، هەروەک ئەوەی کە لەدوایین هێرشیشدا قوربانیەکی کەممان داو ژن و منداڵمان گواستەوەو بارەگاکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو چۆڵکرد». لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان بەغدا و تاراندا ئەنجمادراوە بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد لەتاران و لەوەڵامدا وتی، « ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، نوینەرایەتییەکەمان شکڵییە و ئێمە بەشداری ئەو کۆبوونەوانە نەبووین و ئاگادار نین، ئەوەی هەیە تەنها ئەو زانیاریانەن کە بیستومانن». نازم دەباغ وتیشی، « پێویستە هەر هەڕەشەیەک کە لەقەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەهەند وەربگیرێت و گرنگی پێبدرێت». لەبارەی مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەر حکومەتی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە، هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەڵام رەتیکردەوە کە لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات و وتی لیژنەکەیان کۆبوونەوەیان لەوبارەیەوە نەکردووە، باسیشی لەوەکرد ئەو بەروارەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دایناوە مەرج نیە بەوجۆرە جێبەجێ بکرێت و پێشتریش هەڕەشە کراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەگەرێک کراوەیە. تاوەگۆزی وتیشی، لەئێستادا کێشەی بودجە و پرسی موچە لەپێشترە لەنێوان هەرێم و بەغدا. هەر لەچوارچێوەی ئەو هۆشداریەی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، کاکۆ ئالیار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانیکدا بۆ هاوڵاتی وتی» ئەم قسانەی ئێران شتیکی زۆر نوێ نیە، ئەمانە تەنها پەیوەندی بە بارودۆخی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە کە بەهۆی شۆڕشی ژینا ئەمینییەوە سەریهەڵداوە و ئێستاش ساڵیادەکەی نزیکە». کاکۆ ئالیار، جەختیشی لەوەکردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بابەتیکی فەرمی و جددی لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەوان باس نەکراوە و «ئێمە ساڵ و دوو ساڵ نییە کە لەهەرێمی کوردستانیان، ئێمە نابینە سەرئێشە بۆ هەرێم». «لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگین و لەسەر خەتبووین، تا ئەو رادەیەی پێویست بێت ئامادەییمان تێدایە زەحمەتیەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمبکەینەوە، بەڵام ئێمەش بۆ خۆمان هێڵی سورمان هەیە»، کاکۆ ئالیار وای وت. تا ئێستا حکومەتی عێراقی لەبارەی دوا مۆڵەتەکەی ئێرانەوە وەڵامێکی روون و ئاشکرای نەداوەتەو سەبارەت بەوەی کە کەی و چۆن بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت جگە لە تاکە لێدوانی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق کە دووشەممەی رابردوو ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ وتی، «سهروهری خاكی عێراق پێویستی به لێكتێگهیشتنی ئهمنی ههیه بۆ پاراستنی سنوورهكان لهههر دهستدرێژییهك». وتیشی «لهسهر ئهم بنهمایه عێراق رێككهوتنێكی لهگهڵ ئێران ئیمزا كردووه سهبارهت بهڕێگریكردن لهدزهكردنی چهكداران، رادهستكردنهوهی داواكاران، چهكداماڵین و لابردنی كهمپهكان، بۆ ئهم مهبهستهش ئهوهی لهسهر عێراق بووه سهرجهم خاڵهكانی جێبهجێ كردووه«.
مستەفا زاهیدی لەچەند رۆژی رابردوودا میدیای کوردی خەڵکیان بەکەشتیوانێکی ناساوە سەرقاڵ کرد کەگوایە خەڵکی مەهابادەو کوردە، ئەو کەشتیوانە بووەتە یەکەم کورد کەگەشتی بۆشایی ئاسمان بکات، بەڵام دوای بەدواداچوونێکی وردی هاوڵاتی دەرکەوت ئەو ژنە نە کوردەو نە بنەماڵەکەشی خەڵکی مهابادن. یاسەمین موقبیلی ئەو ناوە دیارە بوو کە لەمیدیای کوردیدا بەرچاوکەوت و بەشێکی زۆر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ماڵپەرو میدیا دیارەکان، ئەم خاتوونەیان بەکورد ناوبرد. بەشێکی زۆر لەمیدیاکان، بە بیستراوو بینراوەوە، بەو میدیایانەوە کە پشتیوانییەکی ماددی گەورەیان لەپشتە، زۆر بەپەلە باسیان لەوەکرد کە ئەم خاتوونە کوردەو خەڵکی مەهابادە. هەواڵەکە جێی گومان بوو چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێت یاسەمین کوردە، بۆیە هاوڵاتی هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەم خاتوونە نە کوردەو نە خەڵکی مەهابادە. ئاژانسی ناسا لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣، بڵاویکردەوە کەشتی ئاسمانی سپەیس ئێکس ٧ دراگۆن گەیشتووەتە بۆشایی ئاسمان و لەنگەری لەوێستگەی نیودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان گرتووە. ناسا بڵاویشیکردەوە کەپرۆژەکەیان نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس کراوە. ناسا باسی لەوەش کرد کەچوار کەشتیوان گەشتەکەیان کردووە کە یەکێک لەوان یاسەمین موقبیلییەو بەنوێنەرایەتی ناسا گەشتەکەی کردووەو ئەو سەرپەرشتی گەشتەکە دەکات. یاسەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ پێشتر لەسوپای ئەمریکا وەک فڕۆکەوان خزمەتی کردووەو دواتر لە ٢٠١٧ چووەتە ئاژانسی ناسا. وەک خۆی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی دەڵێت، لەمنداڵییەوە خەونی ئەوە بووە ببێتە کەشتیوانی ئاسمانی. «شتەکە زۆر سەیرە چونکە لەقوتابخانە کاتێک لەکتێبی ساڵنامە هەموان ئەوە دەنووسن کە دەیانەوێت گەورە ببن، ببن بەچی، من نووسیم: کەشتیوانی ئاسمانی». چۆن دەرکەوت یاسەمین کورد نییە؟ بەپێی هەندێک بەڵگە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە دەریدەخات کە یاسەمین کورد نییەو بنەماڵەکەشی خەڵکی مهاباد نین، تەنانەت کەسوکاری خۆشی نکۆڵی لەوە دەکەن کەکوردن. یەکێک لەبەڵگەکان کە دەریدەخات وتەی رۆژنامەنووس هەرمان وەتمانییە کە خەڵکی مەهابادەو دەڵێت نازناوی موقبیلی هەرگیز لەمەهاباد بوونی نەبووە. هەرمان وەتمانی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، « لەماوەی یەک دوو رۆژی رابردوو هەواڵێک بەشێوەیەکی چڕوپڕ بڵاوبووەتەوە کە یەک لەو چوار کەشتیوانەی ناسا ناردویەتییە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، ئافرەتێکی بەرەچەڵەک کوردو خەڵکی مەهابادە بەناوی یاسەمین موقبیلی. بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردم هەر لەچرکەساتی یەکەمەوە راستی ئەو هەواڵەم بۆ نەسەلماو تەنانەت بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوو تەواو جێی متمانە کامبەخشی باوکی و باپیرو باپیرەگەورەی بەناوی نێعمەتوڵڵا هەر خەڵکی تاران بوون و لەناوچەی نیاوەران نیشتەجێ بوون. نازناوی موقبیلیش لەمەهاباد نەبیستراوە». یەکێکی تر لەبەڵگەکان ئەوەیە کەخودی کەسوکاری یاسەمین نکوڵی لەوە دەکەن کەکوردبن. ئەفشین ئیبراهیمیان، کەچالاکوانێکی شاری مهابادە، پەیوەندی بە پژمان موقبیلی، کەسی نزیکی بنەماڵەی یاسەمین کردووە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دایک و باوکی یاسەمین بەڕەچەڵەک کوردن، پژمان موقبیلی دەڵێت، «نەخێر کورد نین». بەڵگەیەکی تر کە دەیسەلمێنێت یاسەمین موقبیلی رەچەڵەکی کورد نییە چاوپێکەوتنیکی باوکیەتی لەماڵپەڕی کەنیسەیەک لەئەمریکا. لەماڵپەڕی ST. Pauls Episcopal Church کەماڵپەڕێکی ئایینیەو باس لەنەریتەکانی ئایینی مەسیحیەت کراوە، وتووێژێک لەگەڵ کامی موقبیلی، باوکی یاسەمین کراوە وەک کەسایەتییەکی مەسیحی و قەشەیەکی مەسیحی. کامی موقبیلی دەرباری ژیاننامەی خۆی دەڵێت، «ساڵی ١٩٥١ لەتاران لەبنەماڵەیەکی شیعە دایکبووم، باوکم پزیشک بووەو دایکم پەرەستار بووە. قوناغی سەرەتایی خوێندنم لەخوێندنگەی (کاسۆلیکی رۆمی) تەواوکردووە. دواتر بەشێوەی پیشەییانە بیناسازی و ئەندازیاری بیناسازی خوێندووە. هەر لەتەمەنی لاوییەوە رەحمەتی خودا بەسەریدا باریوە لەگەڵ مەسیحییەت ئاشنا بووە. وەک دیارە کامی موقبیلی جگە لەشوێنی لەدایکبوونی و مەزهەبەکەی هیچ زانیارییەکی تر ناخاتەڕوو کە لەچ نەتەوەیەکە و لەدیمانەکەدا دەڵێت، هەر لەم سەردەمانەدا لەگەڵ فێری کە پێدەچێت کورتکراوەی فریشتە بێت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ساڵی ١٩٨٠ و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی جێهێشتووەو چووەتە ئەڵمانیا. وەک خۆی دەڵێت، چوار ساڵ لەئەڵمانیا ماوەتەوەو دوو مناڵی بووە بە ناوەکانی کاوەو یاسەمین، کەمتر کاتی خۆی تەرخان ئەکات بۆ ئەو بوارەی کەشارەزایە تێیدا کەمەبەستی تەلارسازییە و دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بەمەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بەعیساو بەدوای خودادا دەگەڕێت وەک پەناگەو هێزێکی پشتیوان. بەپێی چاوپێکەوتنەکە، ساڵی ١٩٨٣ لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تۆلستۆی کە رێکخراوێکی دژە کۆمۆنیستی بوون، کامی موقبیلی لەگەڵ خێزانەکەیدا روو دەکەنە ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێدەبن و لەئێستادا چالاکێکی ئایینی مەسیحییە. پێش ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا، یاسەمین لە ئەڵمانیا لەدایک دەبێت. لەماڵپەڕی ناساو نیویۆرک تایمز بەوردی باس لەژیاننامەی یاسەمین موقبیلی کراوە، هەردوو سەرچاوەکە دەڵێن کە بنەماڵەکەی ئێرانین و خۆی ساڵی ١٩٨٣ لەئەڵمانیا لەدایکبووە. لەهیچ سەرچاوەیەکدا باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونەو بنەماڵەکەی نەکراوە. هیچ زانیارییەک لەسەر بنەماڵەو رەچەڵەکی دایکی یاسەمین بەردەست نییە. تەنانەت لەئینستاگرامی خۆشی کەزیاتر لە ٢٦٥ هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، بەهیچ شێوەیەک باس لەکوردبوونی ناکات و باس لەئێرانیبوونی خۆشی نەکردووە. تەنها لەبەشی بایۆکەی نووسیویەتی: دایک، فرۆکەوانی هێزی دەریایی، فرۆکەوانی تاقیکاری و کەشتیوانی ناسا. تاکە سەرچاوە کەباس لەکوردبوونی یاسەمین دەکات دوو سەرچاوەن کەهیچیان باوەڕپیکراو نین و رەنگە هەواڵی میدیا کوردییەکان سەبارەت بە یاسەمین موقبیلی لەم دوو سەرچاوەیەوە هاتبێت. دوو سەرچاوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە کە باس لەکوردبوونی یاسەمین موقبیلی دەکەن. یەکەمیان ماڵپەڕی ویکیپیدیایە، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت وەک سەرچاوەی متمانەپێکراو پشتی پێ ببەسترێت. سەرچاوەیەکی تر کە باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونە دەکات، بابەتێکە لە ماڵپەڕی «عصر ایران» لەنووسینی نهال موسەوی کەدووبارە کردنەوەی زانیارییەکانی ویکیپیدیایەو هیچ شتێکی نوێ و سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی تێدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم خاتوونە کوردو مەهابادییە.