تادێت سوپای ئیسرائیل خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تا غەززە داگیربکات و حەماس «ریشەکێش بکات»، بەڵام مەترسی چوونە نێو غەززە مەترسییەکی گەورەیەو تونێلەکانی حەماس دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە کەسوپای ئیسرائیل بێزارو خاو دەکاتەوە. مەترسی ئەوە هەیە کەشەڕی ناو غەززە سەربکێشێت بۆ ململانێیەکی گەورە لەنیو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیڕ لەچەند بەرەیەکەوە دروست ببێت، شەڕێک کەئێستا حەماس دەڵێت سەریان سوڕماوە لێی چونکە چاوەڕێی شتێکی لەو جۆرە نەبوون. تەنانەت ئێستا ئیسرائیل خەریکی شەڕکردن و بەرپەرچدانەوەی مووشەک و گولـلە تۆپەکانی حزبوڵایە کە لەبەرەی لوبنانەوە هێرش دەکاتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. فراوانبونی بەرەی شەڕ ترسی دروستبوونی بەرەی تری شەڕ لەدووشەممەی رابردوو زیاتر بووە کاتێک حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە رەنگە «بەرەی بەرەنگاری» کە بەمەست لێی حەماسە بەرەیەکی بەرەنگاری بکاتەوە تا نەهێڵێت ئیسرائیل بێتە نێو غەززەوەو داگیری بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کەفراونابوونی بەرەی زیاتر: دەگاتە قۆناغێك کەگەڕانەوەی مەحاڵە». شیکەرەوە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کەئێران و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی گرێکوێرەیەک بوونەتەوە کە ئاخۆ ململانێکە لەغەززە دەمێنێتەوە یاخود پەل دەکێشێت بۆ چەند بەرەیەکی شەڕ. لەچەند دەیەی رابردوودا ئێران زنجیرەیەک هێزی بەهێزی دروستکردووە لەلوبنان و عێراق، یەمەن و سوریا ئەمە جگە لەهاوکاریکردنی حەماس کە رەنگە هەموو ئەمانە ببنە پاڵپشت بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ. لەلایەکی ترەوە واشنتن پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوەو دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست داناوە کەهەردووکیان هەڵگری زیاتر لە ١٢٠ فڕۆکەی جەنگین. تەنانەت حەشدی شەعبی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق. حوسییەکانی یەمەنیش هەڕەشەی خۆیان کردووە. بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەهەموو ئەمانەدا مەترسیدارترین گروپ حزبوڵایە چونکە هەم لەئیسرائیلەوە نزیکەو هەمیش ١٣٠-١٥٠ هەزار مووشەکی هەیە کەدەتوانێت ئاراستەی ئیسرائیلی بکات. بەڵام دەکرێت ئیسرائیلیش زیانێکی گەورە لەلوبنان بدات وەک چۆن لەجەنگی ٢٠٠٦ ئەنجامیدا. لەدووشەممەی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری ئەوەیدا بەحزبوڵا کە «ئەو باجەی کە دەیدەین قورستر دەبێت لەهەموو» شەڕەکانی پێشوو. لەگەڵ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخولایەوە، هاوتا ئێرانییەکەی سەردانی هاوپەیمانەکانی تارانی دەکرد لەسوریا، لوبنان و قەتەر. تەنانەت لەبەیروت حەسەن نەسڕوڵا، سەرکردەی حزبوڵاو ئیسماعیل هەنیئە، سەرکردەی حەماسی بینی. وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی لەئیسرائیل کرد کە رووبەڕووی «بومەلەرزەیەکی گەورە دەبێتەوە» ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت. بەڵام وادەردەکەوێت هەردوولا نیازی کردنەوەی بەرەیەکی جەنگیان نەبێت و حەزیان بەگەورەکردنی شەڕەکە نەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەی بەئاشکرا دەیڵێن. بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێک کە ئاشنایە بەگفتوگۆکانی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست قسەی کردووە، ئێران نایەوێت شەڕ تەشەنە بستێنێت و پەرۆشە بۆ ئەوەی کە رێگەشیواز بدۆزیتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی جەنگ. دیپلۆماتکارەکە دەشڵێت، لەکاتێکدا کە تاران جەخت لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ شەڕ بەڵام هەم ئێران و هەم حزبوڵاش بەئاشکرا هێڵی سوریان دیارینەکردووە کەدەبێت لەغەززە چی رووبدات تا ئەوان بێنە نیو شەڕەکەوە – کە رەنگە خۆی ببینێتەوە لەهێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، یان ئەگەری مەترسی لەناوچوونی حەماس و تەواو تێکشکانی. لەلایەکی ترەوە، لەسەروبەندی سەردانکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ پێشاندانی هاوخەمی و پشتگیریکردنی وڵاتەکە، سوپای ئسیرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدەن. لەکاتێکدا هەزارەها سەربازی ئیسرائلی لەسنورەکانی غەززە کۆبوونەتەوە، ریچار هێچت، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە غەززە داگیر نەکەن. ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ، ئێمە نەمانوتووە کە ئەو قۆناغانە چین، هەموان باس لەهێرشی زەمینی دەکەن، رەنگە شتێکی جیاواز بێت»، هێچت وای وت. حەماس تووشی «سەرسوڕمان» بووە بەرپرسێکی باڵای حەماس کە بۆ واشنتن پۆست قسەی کردووە سوورە لەسەر ئەوەی ئێران لەو هێرشەدا بەشداری نەکردووە کە تێیدا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و ٢٠٠ کەسیش بەدیل گیراون. ئەو دەڵێت، حەماس چاوەڕێی تێکشکانی بەرگری ئیسرائیلی نەکردووە بەو شێوە گەورەو خێرایەو حەماسیش خافڵ بووە لەوەڵامی "دڕندەیی" ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کەتێیدا  نزیک بەسێ هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لەملیۆنێکیش ئاوارە بوون. عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس لەبەیروت دەڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان یارمەتیمان دەدەن و راهێنانمان پێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بەتایبەتی زۆر نهێنی بووە». ئەو دەڵێت مەبەست لەئۆپەراسیۆنەکەی حەماس ئاڵوگۆڕکردنی چەند بارمتەیک بووە لەبەرامبەر چەند زیندانییەکی فەڵەستینی و «ئۆپەراسیۆنێکی سنوردار» بووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە کە ئسیرائیل هێرشی ئاسمانی بکات پێش ئەوەی بێتە نێو دانوستانی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانەوە. بەرپرسەکەی حەماس باس لەوەش دەکات، «تێکشکانی سوپای ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمانی کردین، بۆیە رووداوەکەش ئاوا گەورە بوو». داگیرکردنەوەی غەززە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کەداگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت چونکە حەماس «گوزارشت نییە لەهەموو گەلی فەڵەستین» بەڵام لەناوبردنی «توندڕەوەکان کارێکی پێویستە». چوونە نێو غەززە کارێکی گران و قورس دەبێت بۆ ئیسرائیل و زیانێکی گەورەی دەبێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیکۆنۆمستی بەریتانی، داگیرکردنی غەززە جەنگێکی ترسێنەر دەبێت بۆ ئیسرائیل چونکە حەماس بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتی بەتونێلەکانی بەستووە. بەپێی قسەی بزوتنەوەی حەماس، تونێلەکانیان نزیک دەبێتەوە لەهەزارو ٣٠٠ تونێل کەهەموویان ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبن ئەمەش 10 جار لەدرێژی غەززە زیاترە. ئەم تونێلانە لەلایەن حەماسەوە بۆ پەیوەندی، دروستکردنی چەک، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و خۆدزینەوە لەتەکنەلۆجیای ئیسرائیل و جەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت. بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی راندی ئەمریکی لەساڵی ٢٠١٤ەوە هەوڵی دروستکردنی ستافی تونێلی حەماس ٩٠٠ کارمەندی بەردەوامی دامەزراندووەو هەر تونێلێک سێ مانگی پێچووە و ١٠٠ هەزار دۆلاریشی بۆ دروستکردنی ویستووە. رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست دەڵێت حەماس سەرمایەی بۆ ئەم تونێلانە بەشێویەک کۆکردووەتەوە کە لەنێو غەززە وەک وەبەرهێنانی بازرگانی پیشانی داوەو لەمزگەوتەکاندا پارەی بۆ کۆکردووەتەوە. ئیکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات بۆچوونی ئەوە هەیە کەئێران و کۆریای باکور یارمەتی حەماسیان دابێت لەبنیادنانی، دابینکردنی پارەو ئەندازیاردا. یەکەم تونێل کە لەو ناوچەیەدا دروستکراوە لەلایەن هۆزی بەدوەنەکانەوە بووە لەسنوری غەززە-میسر لەساڵی ١٩٨١. یەکەم هێرشی تونێلی لەکەرتی غەززەوە لەساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکرد، بەڵام لە ٢٠٠١دا بوو کاتێک بزوتنەوەی حەماس لەدوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ٢٠٠٥ دەستیکرد بە دروستکردنی تۆڕێکی گەورەی تونێل. یەکەم مەبەستی تونێلەکانی حەماس بەقاچاخبردنی کەلوپەل و چەک بوو لەمیسرەوە بۆ غەززە بەڵام دواتر حەماس بەکارهێنانی فراوانترکرد تائەمڕۆ. فەرماندەکانی حەماس لەم تونێلانەوە خۆیان دەشارنەوەو دەتوانن پەیوەندی بکەن بەیەکەوە بەبێ ئەوەی پشت بەتۆڕی پەیوەندی غەززە ببەستن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێت. لەناو تونێلەکان چەکی جۆراوجۆر دەشارنەوەو بەرهەمی دەهێنن و دەشتوانن بەکاریبهێنن بۆ هێرشی لەناکاوو هێرشی سنور بڕ بۆ نێو ئیسرائیل وەک چۆن کاتێک لەساڵی ٢٠٠٦ عەقید گیلاد شالیتیان رفاندو دواتر لەبەرامبەر زیاتر لەهەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادیان کرد. ئێسرائیل چەندین ساڵە بشێوەیەکی چر وەبەرهێنانی سەربازی و مرۆیی و دارایی دەکات بۆ لەناوبردنی تونێلەکانی حەماس، لەساڵی ٢٠١٤ ئۆپەراسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانە راگەیاند کە تێیدا ٣٢ تونێلی لەناوبرد بەدرێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر کە ١٤ دانەیان دزەیان کردبووە خاکی ئیسرائیلەوە. دوای جەنگی ٢٠١٤ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل، لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل ئامادەیی نەبووە بۆ ئەو مەترسییانەی تونێلەکان بۆ سوپای دروستدەکات لەگەڵ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان ئاگادارکردەوە ئەو تونێلانە یەکێکن لەو پێنج هەڕەشە جددییانەی کە مەترسین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سوپای وڵاتەکەی تەنها چەند رۆژێکیان پێدەچێت بۆ خاپورکردنی تونێلەکان لەکاتێکدا چەندین هەفتەی پێچوو. جەنەڕاڵێکی خانەشینی ئیسرائیل ئەوەی بە ئیکۆنۆمیست وتووە کە دۆزینەوەی تونێلەکان زۆر سەخت بووەو تەنها بەشیوازی تیۆری زانیارییان لەسەر هەبووەو لایەنی پراکتیکییان کەم بوووە. تەنانەت لەنابردنی تونێلەکان قورستر بوون چونکە پێویستیان بەتەقینەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بەپێی مەزندەی ناوەندی توێژینەوەی راند، هەر تونێلێک پێویستی بە نۆ بۆ ١١ تۆن تەقەمەنی هەبووە تا لەناوببرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی سوپای ئیسرائیل تووشی دەبێت لەئەگەری چوونە نێو تونێلەکانەوە تاریکی تونێلەکانە چونکە تەنانەت کەلوپەلی تایبەت کەپێی دەوتری «گاگڵ» و بۆ تاریکی شەو بۆ چاو بەکاردێت لەناو تونێلەکان بێسوودن و هەروەها ترسی ئەوەی هەیە کە حەماس گازی ژەهراوی لەناو تونێلەکان بڕێژێت، ئەمە جگەلەوە کە ناو تونێلەکان ساردن و پلەی گەرمییان ١٠ پلەی سیلیزی کەمترە لەپلەی گەرمی ئاسایی. سەربازێکی بەریتانی کە مەشقی لەچەند تونێلێکی هاوشێوە کردووە دەڵێت، «کاتێک دەچیتە ناوەوە هەست بەوە دەکەیت کە ئەگەر بە رێکوپێکی راهێنانت پێنەکرابێت و ماوەیەکی زۆرت بەسەر نەبردبێت، ناتوانی بەخێرایی بجوڵێیت». ئاڵنگارییەکەی تر بۆ سەربازانی ئیسرائیل ئەوەیە کە دەنگی تەقەی چەکەکان زیاترە لەبۆشاییەکی داخراوی وەک تونێلەکان. چاودێری سەربازی ئەمریکی جۆ ڤیگا لەسەر ئەوە دەڵێت، لەبەر ئەوەیە کە تیمێکی گەورە پیویستە بۆ قەڵاچۆکردنی تونێلەکان «چونکە دەبێت بە بەردەوامی سەربازەکان بگۆڕی و بیانهێنیتە دەرەوەو سەربازی تر ببەیتە ژوورەوە چونکە ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن.» ئەو کاریگەرییەی کە دروست دەبێت پێی دەوترێت پەستانی بەرز کە وادەکات تەقەی چەکەکان تۆزو خۆڵ دروست بکەن و مەودای بینین کەمبکەنەوە.  سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان رۆبۆت بەکاردەهێنێت پێش ئەوەی بچێتە تونێلێکەوە تا هەموو هێرشیکی لەناکاوو بۆمبی مینڕێژکراو پووچەڵ بکاتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لەبەر ئەم هۆکارانە سوپای ئسیرائیل رووبەڕووی ئەرکێکی زەحمەت دەبێتەوە. لەڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، جەنەڕال هێرزی هالڤی، بەرپرسی ستافی سوپای ئیسرائیل، بەڵێنیدا کە بچنە نێو غەززەوەو بۆ ئەو شوێنانەی کە حەماس تێیدا ئامادەکاری دەکات و پلان دادەڕێژێت و هێرشی تێدا ئەنجامدەدات و هێرشیان بکاتەسەر لەهەموو شوێنێک و هەموو ژێرخانەکان خاپوور بکات لەگەڵ گرتن و کوشتنی هەموو فەرماندە و چەکدارێکدا، بەڵام ئیکۆنۆمیست پێیوایە کە لەڕووی پراکتیکییەوە ئەم کارە کارێکی ئاسان نابێت و چەندین ساڵی پێدەچێت نەک چەند هەفتەو مانگێک بۆ لەناوبردنی سەدەها کیلۆمەتر لەتۆڕێکی ژێرزەمینی.

سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی «هەژماری من»ی راگەیاندووەو دەیەوێت پێدانی مووچەی فەرمانبەران بكاتە ئەلكترۆنی، بەڵام لەڕێگەی سێ بانكەوە كەهەرسێكیان ئەهلین، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت «هەر فەرمانبەرێك ئەو هەژمارەی بۆ دەكرێتەوە سەرەتا 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بۆ راكێشانی پارەش عمولە دەدات»، مامۆستایەكیش دەڵێت « ئەوانەی داهێنەری هەژماری منن، هەرئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزان،  بۆیە  متمانە  گرنگە». رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان بۆ دەكرێتەوەو تائێستا نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەر مامەڵەیان بۆ كراوە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی «هەژماری من» دەستپێكرد، مانگی شوباتی ئەمساڵ پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان 841 فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد،هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت «تاوەكو ئێستا 77 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوەو رۆژانە نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر هەژماری نوێیان بۆ دەكرێتەوە». «سێ مانگ سیستەمەكە لەژێر تاقیكردنەوەدا بووە» حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەژمارەوە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بەسیستمی بانكی خەرج بكات، هونەر جەمال، بەهاوڵاتی وت: «دوای سێ مانگ تاقیكردنەوەی سیستمەكە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، گفتوگۆمان لەگەڵ كارمەندەكان كرد بۆ ئەوەی رای خۆیان لەسەر لایەنەكانی پرۆسەكە دەرببڕن، دەركەوت تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووەو بەشێك لەفەرمانبەران یەك لەسەر سێی مووچەكانیان پاشەكەوت كردبوو، لەبەرئەوەی لەنێو هەژماری بانكییان بووەو بەكاش لەبەر دەستیان نەبووە». نۆ بانك بۆ بەشداریكردن لەپڕۆژەی «هەژماری من» ناویان تۆماركردبوو كە لەناویاندا چوار  بانك وەرگیراون، وەكو هونەر جەمال ئاماژەی پێدەدات «مەرجەكان بۆ بەشداریكردن، دەبێت بانكەكان دیجیتاڵی و پێشكەوتوو بن و توانای مرۆیی و مادییان هەبێت و لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق دانیان پێدانرابێت.» « ئەو پرۆژەیە وەكو سەرەتا، لەفەرمانبەرانی پارێزگای هەولێرەوە دەستیپێكردووەو ئێستا دەمانەوێ لەپارێزگای دهۆك و سلێمانی داتای فەرمانبەران كۆ بكەینەوەو دواتر ناویان تۆماردەكرێت و هەژماریان بۆ دەكرێتەوە، حكومەت ئەگەر 30٪ كورتهێنانی مووچەی هەبوو دەتوانێت بەكارتێك 70٪ی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر هەژمارەكەیان كەبتوانن پارەی لێ رابكێشن و 30٪ یەكەی دیكەش بەكارتێكی دیكە بێت و بۆ نموونە بتوانێت لەبەنزینخانەیەكی حكومی بەنزین تێبكات یاخود پارەی ئاوو كارەبای پێبدات». هونەر جەمال وای وت.  وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من» و دەشڵێت:» هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا ئەو فەرمانبەرەی هەژماری نەبێت، رەنگە كێشەی لەوەرگرتنی مووچە بۆ دروستبێت.  دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە كەحكومەت لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە قەرزەكانی لەفەرمانبەران وەردەگرێتەوە، بەڵام وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسف كردو وتی: «پرۆژەكە ئەوەندە پەیوەندی بەحكومەتەوە هەیە تاوەكو هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، كە مووچەكە چووەسەر هەژمارەكەی، تەنیا خۆی دەتوانێت بەكاری بهێنێت و حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لەهەژمارەكەیدا بكات، وەكو هەموو ئەو هەژمارانەی ئێستا هاووڵاتیان لەبانكە ئەهلییەكاندا هەیانە».  هونەر جەمال باسی لەوەش كرد»دوای تەواوبوونی پڕۆژەی «هەژماری من»، كاتێك سەرجەم فەرمانبەران هەژماری بانكییان بۆ كرایەوە، پلانمان هەیە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم بۆ راكێشانی پارە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابنێین و ئەو ژمارەیەش بۆ سەرەتا كەم نییەو گرنگیشە فەرمانبەرێكی كەلار بتوانێت لەزاخۆ یان لەهەر شارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش مووچەكەی وەربگرێت و بەكاری بهێنێت».   شارەزایەكی بانكی دەڵێت ئەو پرۆژەیە خزمەت بەچەند بانكێكی ئەهلی دەكات سەبارەت بەو هەژمارە گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری و بانك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەر وڵاتێكدا ئەگەر بتەوێ سەیری پێشكەوتوویی ئەو وڵاتە بكەیت دەبێت لەبانكەكانەوە دەستپێبكەیت، بەڵام نەك سیستەمێكی بانكی بەقاسەیەكی بەتاڵەوە، ناكرێت بڵێیت با هەژماری بانكیت هەبێت بەڵام بەتاڵ بێ، خەڵك دەناسم پارەی خانەنشینیەكەی باوكی مانگانە دەچێتە سەر هەژمارەكەی بەڵام لەمانگی دووی 2023 ەوە دەیەوێت ئەم پارەیە رابكێشێت تائێستا نەیتوانیوە رای بكێشێت، تەنانەت پێیان وتووە بۆ دوای مووچە بزانین چیمان پێدەكرێت بۆت بكەین». ئەو شارەزای بانكییە وتیشی:» نەتوانینی ئەوەی پارە رابكێشیت لەبانكەكان بێمتمانەییەكی گەورەی دروستكردووە لەنێوان خەڵك و بانكەكاندا، ئێران كەچەنێك بەهای پارەكەیان دابەزیوە بەڵام هێشتا هاووڵاتیەكانی متمانەیان بە بانكەكانیان هەیەو دەوڵەتی ئێران دەستی نەبردووە بۆ مووچەی خەڵك، حكومەتی بیر لەوە دەكاتەوە هەژماری بانكی بۆ من بكاتەوە بەناچاری و 10 هەزار دینارم لێ بسەنێت، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ كەمووچەكەم چووە سەر هەژمارەكە سنورێكم بۆ دادەنێت كەنەتوانم بڕێك پارە زیاتر رابكێشم كەئەمەش قەیرانێكی دیكە دروستدەكات و هەژمارەكەش لەبانكێكی ئەهلییە و قازانجەكەش بۆ ئەوانەو ئەمە دەریدەخات حكومەتی هەرێم لەخەمی بانكی ئەهلیدایە، لەكاتێكدا لەكاتی راكێشانی پارەكەش عمولەی دەچێتە سەر». بەوتەی ئەو شارەزا بانكییە حكومەتی هەرێم لەفەرمانبەرە پلە باڵاكانەوە دەستیپێكردووەو فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستانیش ئەو هەژمارە بانكیەیان بۆ كراوەتەوە». یەكێك لەفەرمانبەرانی هەولێر، كە ناوەكەی لەلای هاوڵاتی پارێزراوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» فۆڕممان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی پڕكردووەتەوە بەڵام هێشتا مامەڵەمان تەواو نەبووە، حكومەت چوار بانكی بۆ دیاریكردووین ئێمەش لەو چوار بانكە یەكێكیان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی هەژمارە بانكیەكەمان بكەینەوەو لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرین». ئەو فەرمانبەرە وتیشی:» هەریەك لەبانكی جیهان و ئاشوور و ئاڕتی بانك و بانكی BBAC هەڵبژێردراون تا فەرمانبەران هەژماری بانكی تێدا بكەنەوەو پێشیان وتووین تەنیا پارەی كردنەوەی هەژمارە بانكیەكە دەدەین كە 10 هەزار دینارە». بەرهەم مستەفا مامۆستایە لەبارەی «هەژماری من» بەهاوڵاتی وت:» هەژماری بانكی  لەژێر ناوی (هەژماری من) هەرگیز  نابێتە  جێگرەوەی بانكی  TBI، چونكە  ئەوانەی  خاوەنی  داهێنانی  «هەژماری من»ن، هەر ئەوانە بوون  خاوەندارێتی  ئابوری سەربەخۆیان  كرد و هەموانیان  ماڵوێران كرد». ئەو مامۆستایە دەشڵێت:» ئەوانەی داهێنەری «هەژماری من»ن ، هەر ئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزارن ، بۆیە  متمانە  گرنگە  پێش «هەژماری من». بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من» ، لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت « پرۆژەی «هەژماری من» دەبێتەهۆی دروستبوونی كێبڕكێیەكی تەندروست لەنێوان بانكەكان و بەگوێرەی پێداویستی هاووڵاتیان، رێگە بەسوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات بانكی دڵخوازیان هەڵبژێرن، هەروەها زانیاری روون لەسەر كرێی بانكی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان دەدات». لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر هەن، بۆ هەر مووچەخۆرێك كە هەژماری بانكیی بۆ دەكرێتەوە بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەكۆی گشتی زیاتر لە 12 ملیارو نیو قازانج دەچێتە گیرفانی ئەو بانكانەی هەژمارەكان بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستدەكەن.

دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی لەهەوڵی ئەوەدایە شۆڕش ئیسماعیل رازی بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسێكی سەربازی ئەو حزبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كەهاوپەیمانان زۆر تووڕەو نیگەرانن، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات كە هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبەرنامەی چاكسازی ناو وەزارەتی پێشمەرگە رووینەداوەو ئەگەری ئەوە هەیە كەهاوپەیمانان بڕیاری توند بدەن. دوو مانگ بەسەر هۆشدارییەكەی ماتیۆ ماكفارلین فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تێپەڕیوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەجێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووینەداوەو كێشەو ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت بەردەوامی هەیەو تائێستاش هیچ كەسێك بەوەزیری پێشمەرگە دیاری نەكراوە. ماتیۆ ماكفارلین، وەك هۆشدارییەك بۆ بەرپرسانی هەرێم رایگەیاندبوو كە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكە خێراتر بكات، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هاوكارییەكانیان رابگرن. كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی رێگرە لەدانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ململانێ و ناتەبایی ستافەكانی ناو وەزارەت هۆكاری جێبەجێنەكردنی چاكسازییەكانە، لەوبارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی رۆڵی نەرێنی هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها ناكۆكی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا دیسانەوە كاریگەری خراپی هەیەو هەندێ خاڵی تریش كەپەیوەندی بەخراپی ئەدای جێبەجێكارانی پرۆسەكەوە هەیە هۆكارە بۆ كێشەكان.» یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، خواست و داواكاری سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی پێویست نەنراوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی و تووڕەیی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی حەفتا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانان لێمان تووڕەن، نیگەرانن لەوەی تائێستا هیچ كارێك نەكراوەو شتەكان بەپێی بەرنامەكانی ئەوان نەڕۆشتووە.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە یەكێتی لەپاش كۆنگرە لەهەوڵی ئەوەدایە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكات و شۆڕش ئیسماعیل بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەت یان كەسێكی تر دیاری بكات بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ پاش كۆنگرە قسە لەسەر ئەوە كراوەو دیارە چوونی سەرۆكی یەكێتی و هەڤاڵان بۆ لای شۆرش ئیسماعیل پەیوەندی بەوەوە هەیەو رەنگە رازی بكەن بگەڕێتەوە یان كەسێكی تر دیاری بكرێت بۆ ئەو پۆستە.» ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ستافەكانی ناو وەزارەت زیاتر بووەو تادێت گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «نەبوونی وەزیری پێشمەرگە كاریگەری خراپی بەجێهێشتووەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا قووڵتر بووەتەوە، مەترسی هەیە كێشەكان گەورەتربن و هێزەكانی هاوپەیمانانیش بڕیاری قورس لەدژمان بدەن.» ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت و نەبوونی وەزیرێك بۆ راییكردنی كاروبارەكانی پێشمەرگە، ئەركی فەرماندەو پلەدارەكانی ناو وەزارەتی قورس كردووەو جۆرێك لەبێئومێدی دروستكردووە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «راستییەكەی ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت، كاروبارەكان بەسستی دەڕوات، چاوەڕێ دەكەین بەڵكو كێشەكان چارەسەر بكرێن.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بە بەردەوامی و رۆژانە هێزەكانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەت دەكەن و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكان راسپاردەی نوێ دەدەن بەوەزارەت و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەدڵنیاییەوە رۆژانە ئەوان دێن و دەچن، ئەمڕۆ ئیتاڵییەكان لام بوون و لەوبارەیەوە گفتوگۆمان كردووە. ئەوان ناوەستن و كاری خۆیان دەكەن.» مانەوەی كێشەكان بەمجۆرەو جێبەجێنەكردنی بەرنامە چاكسازییەكان و داواكارییەكانی هاوپەیمانان، بووەتە تانە لەسەر كوردو حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە جەبار یاوەر بەهاوڵاتی وت «بوونی هێزی چەكداری حزب و یەکنەخستنیان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی، بووەتە تانەیەك لەسەرمان هەم لەناو عێراق و لەسەر ئاستی دەرەوەش، هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت، ئارامی و سەقامگیری بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەكاتی ناكۆكی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، مەترسی دروستبوونی شەڕ نامێنێت. جگەلەوەش هەموو هێزە یەكخراوەكان دەبنە هێزی پارێزەری كیان و هەرێمەكەمان، نموونەیەكی جوان پیشانی عێراق و دنیا دەدرێت بەوەی كە هێزی چەكداری بەدەست حزبەوە نییە. هەروەها هاوپەیمانانیش زیاتر هاوكاری و پشتیوانیمان دەكەن لەڕووی مەشق و راوێژكاری و ماددیشەوە.»  وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاكە وەزارەتە كە تائێستا یەكنەخراوەو كاروبارەكانی بەپێی بەرژەوەندی حزبی بەڕێوەدەچێت. لەناو ئەو وەزارەتە چەندان هێزی جیاوازو یەكنەخراو بوونی هەیە، لەوانە هێزەكانی حەفتاو هەشتا كە یەكەمیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو دووەمیشیان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە. هەروەها چەندان هێزو فەرماندەیی تر لەناو وەزارەتەكەدا هەن و چەند هێزێكی تریش لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتەكەن كە بەئاڕاستەو جوڵەی حزبی تر بەڕێوەدەچن، لەوانە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست كە چەند لیواو فەرماندەییەكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەناو وەزارەتەكەدا.

سەركۆ جەمال وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت سەردانەكە ئارەزومەندانەیەو هیوادارن ئەنجامی هەبێت.  بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023 وەفدی  دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەغداو ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكات. هەر بەپێی زانیارییەكان، وەفدەكە هەمان ئەو وەفدە تەكنیكیە دەبێت كەپێشتر سەردانی بەغدایان كردووەو گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی فیدراڵی كردووە. وەفدەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتە پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بەسەردانەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەم سەردانە شتێكی باشەو وەڵامە بۆ ئەوەی كە لەلیژنەی دارایی كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەبوون واژۆیان كۆدەكردەوەو ئاستەنگیان دروستدەكرد، دەیانوت كەپرسیاری جۆراوجۆریان هەیە لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەم سەردانە ئاشكرایە كە بانگهێشت نییەو فەرمان نییە بەڵكو ئارەزوومەندانەیە، چونكە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە نەك پەرلەمانی عێراق». لە هەفتەی رابردوو، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەگەر بەمزوانە ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا نەکات و بەشدار نەبێت لە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەوا ناچار دەبن قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە ببڕن چونکە سەردانی ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لە مەرجەکانی رێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرکوەزیرانی عێراق. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانیشتنەکە دەڵێت، «لەدانیشتنەكەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبووە، هیچ رێككەوتنێك نییە كە واژۆ بكرێت بەڵكو هەر لەچوارچێوەی ئەو چوونە پێشەوانەی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە ئێمە بەو نیەتەوە دەچین هیوامان وایە حكومەتی عێراقیش وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان». پێشتر هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەفدەدا دەبێت،  بەگوێرەی بانگهێشتنامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكەی وەزیری دارایی رۆژی 18ی تشرینی یەكەم لەگەڵ لیژنەكە دەكرێت». بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە، پێنجـی تشرینی یەكەمی 2023 بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە ببێت كەوەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لیژنەكەی ئاگاداركردبووەوە كەدوو هەفتەی دیكە دەتوانێت سەردانی لیژنەكە بكات. هونەر جەمال، لەوبارەیەوە وتی:» بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوامان لەلیژنەی پەرلەمان كرد سەردانەكە دوو هەفتە دوابخرێت». وتیشی: «بانگهێشتێكی نوێمان لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشەفافیەتەوە دەباتە بەردەم ئەو لیژنەیە». رۆژی 11-10-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوەو ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات. لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم. لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان. دوای ئەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم  دەڵێت «ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان كردووە» چاوەڕوانیش دەكرێت دوای سەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب و وەفدی یاوەری چارەنووسی دوو 700 ملیارەكەی دیكە كە بڕیاردراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت روون ببێتەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق ئەو زانیاریانەی وەزیری دارایی هەرێم دەیداتە بەغدا لەسەر فەرمانبەران لەگەڵ زانیاریەكانی خۆی بەراورد دەكات و دواتر دەیداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

هاوڵاتی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا و قەتەر رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە ئازادکرا دوبارە لە بانکەکانی قەتەر دەستی بەسەردا بگیرێتەوە. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ٥ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا و قەتەر رێککەوتن بەوەی بەر بەوە بگرن ئێران دەستی بەو ٦ میلیار دۆلارە بگات کە دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە گوێزرانەوە بۆ بانکەکانی قەتەر، بە مەبەستی ئازاد کردنی بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست،  نووسیویەتی: ڤالی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەل نوێنەرانی دیمۆکرات لە پەڕلەمان وتوویەتی بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون لەسەر بلۆککردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران. ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی فەرمی و سەرچاوەیەک لە کۆنگرە کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ بەڵێنی بە یاساداڕێژەرانی ئەمریکا داوە بەم زوانە ئێران دەستی بەو پارەیە ناگات". هەر لەم پەیوەندەدا ڕۆژنامەنوسێکی  کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS  لە کۆشکی سپی لە تویتەر نووسیویەتی :" ئەمریکا و قەتەر بە بێدەنگی رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو ٦ ملیار دۆلارەی پارەی ئێران کە لە بانکەکانی قەتەرە ئازاد نەکرێن." ئەو بڕە پارەیە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە لایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوور بلۆک کرابوون، دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥ هاوڵاتی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەر بوون، ئەو بڕە پارەیە گوێزرایەوە بۆ قەتەر بە مەبەستی ئازادکردنی و ناردنی بۆ ئێران . نانسی کۆردێس، ڕۆژنامەنوسی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی :" ئەم گۆڕانە دوای ئەوە روویداوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل  ئێران بە دابینکردنی سەرچاوەی ئابووریی و پەروەردە و راهێنانی هێزەکانی حەماس تۆمەتباردەکەن. ئەو ڕۆژنامەنوسە  نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە باسی لەم رێکەوتنە کردووە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی سەر بە حیزبی دیموکراتی پەڕلەمان و پێی وتوون ئەم پارەیە بەمزوانە ئازاد ناکرێت". بەرپرسانی ئەمریکا تا ئێستە لەم بارەوە هیچیان نەوتووە. ماڵپەڕی (نوورنیوز) کە نزیکە بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لەمبارەوە نووسیویەتی :" بە پێچەوانەی بانگەشەی واشنگتۆن پۆست، ئەو بڕە پارەیە کە لە بانکەکانی قەتەرە بە تەواوەتی لە بەردەستماندایە. هیچ گۆڕانێک لە پرسی دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بەم بڕە پارەیە لە بانکەکانی قەتەر نەهاتۆتە پێش و رێککەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە".  هەر لەم پەیوەندەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی :" قەتەر پێبەندە بەم رێککەوتنەوەو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ئەکات و بە بێ راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی هیچ کارێک ناکات". نوسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی رۆژنامەی " واشنگتۆن پۆست" دەربارەی بەرگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئیران بەو بڕە پارەیەی کە گوێزراوەتەوە بۆ قەتەر وتی:" سیناتۆرەکان ودەوڵەتی ئەمریکا بە باشی ئاگادارن کە ناتوانن ئەو رێککەوتنە تێک بدەن. ئەم بڕە پارەیە مافی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامییە و بڕیار وایە ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی گەمارۆی ئابووریان لەسەر نییە بە کار بهێنرێن". هەر لەم پەیوەندەدا، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە لە ئیسرائیل وتی :" ئەمریکا چاودێری وردی ئەو پارەیە دەکات کە گوێزراوەتەوە بۆ بانکەکانی قەتەر و تا ئێستە هیچی لێ سەرف نەکراوەو ئێرانی نەیتوانی دەستی پێی رابگات" دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی جۆبایدن رەخنەی توندیان لە ئازادکردنی ئەو ٦ ملیار دۆلارە گرت و باسیان لەوەکرد حەماس بە پارەی ئێران، ئەو پارەیەی لە لایەن ئەمریکاوە ئازاد کراوە، هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل.        

هاوڵاتی «من دیلی توركیا نیم بەڵكو دیلی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتیم، كە پڕۆسەكە لەسوریاوە دەستیپێكرد بۆ ئیمراڵی و گەورەترین پیلانگێڕیی گلادیۆی ناتۆیە لەمێژوودا» عەبدوڵا ئۆجەلان بەمشێوەیە پێناسەی «پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەكەمی ١٩٩٨ دەكات»  كەدواتر بووە هۆی دەستگیركردنی و رەوانەكردنی بۆ دوورگەی ئیمراڵی. لەپەرتووكی «مێژوویەك لەئاگر»ـدا جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكە، دەڵێت: «كاتێك حكومەتی رەزا شا لەئێراندا باڵادەست بوو، ناوەندی (CIA) لەتارانی پایتەختی ئێران بوو،  كاتێك حوكمی شا‌ رووخێندراو شۆڕشی گەلانی ئێران بەرپابوو، ئەو سەفارەتە لەلایەن ئێرانییەكانەوە دەستی بەسەرداگیراو ئەو بەڵگانەی لەسەفارەتەكەدا هەبوون بڵاوكرانەوە، لەیەكێك لەو بەڵگانەدا كونسوڵخانەی ئەمریكا لەئەدەنە زانیاری بۆ سەفارەتی ئەمریكا لەتاران دەنێرێت، تێیدا دەڵێت چەپی تورك و گرووپە كوردییەكانی تر، نە بۆ ئێمەو نە بۆ توركیا مەترسیدار نین، بەڵام تەڤگەرێك هەیە بەناوی “ئاپۆچی” تادێت ئەو تەڤگەرە گەشە دەسێنێت و بەهێز دەبێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، پێویستە لەبەرامبەر ئەو تەڤگەرەدا، هەندێك رێكار بگرینەبەر». پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ٩ـی تشرینی یەكەم چۆن و كەی دەستیپێكرد؟ كاتێك عەبدوڵا ئۆجەلان لەسوریا بوو، لە ٩ـی تشرینی یەكەمی ١٩٩٨ نەخشەی پیلانگێڕییەك بۆ رفاندنی و رادەستكردنی بەتوركیا داڕێژرا، بەوتەی بەرپرسانی پەكەكە بەریتانیا داڕێژەرو ئەمریكا جێبەجێكاری پیلانگێڕییەكە بوو، بەسەرپەرشتی دەزگا سیخوڕییەكانی (میت، مۆسادو سی ئای ئەی). سلێمان دێمریلو، سەركۆماری ئەو كاتەی توركیا لەپەرلەماندا بڕیاری بەكارهێنانی هێزی دەركرد دژی سوریا، لەدۆخێكدا كە ئۆجەلان لەخاكەكەی دەرنەكات، دوای ئەم بڕیارە سوپای توركیا بە ٣٥ هەزار سەربازەوە لەخاڵی سفری سنووری سوریا جێگیربوون، بەهاوكاری فڕۆكەی جەنگیی لەئاسمانەوە، هەر لەو سەروبەندەدا ئەمریكا-ئیسرائیل-توركیا هێزێكی سەربازیی هاوبەشیان لەدەریای ناوەڕاست مۆڵداو موشەكی گەورەو دوورهاوێژیان جێگیركرد. وەك بەرپرسانی پەكەكە دەڵێن پیلانگێڕییەكە وا داڕێژرابوو، كە  ئۆجەلان لەسوریا دەربچێت و بیخەنە تەڵەوە، دواجار ئۆجەلان بەناچاری سوریای جێهێشت بەرەو یۆنان كەوتەڕێ، كاتێك دەگاتە یۆنان، هەر لەفڕۆكەخانە جوابی دەكەن و داوای لێدەكەن بەجێی بهێڵێت، سا بۆیە ناچار دەبێت بچێتە روسیا، بەڵام لەوێ بۆی روون دەبێتەوە كەڕوسیاش بەشێكە لەپیلانگێڕییەكەو جێگای ناكەنەوە، ناچار ئۆجەلان ئەو وڵاتە بەرەو ئیتاڵیا بەجێدەهێڵێت و لەڕۆما دەگیرسێتەوە. ئیتاڵیا لەژێر فشاری یەكێتیی ئەوروپادا عەبدوڵا ئۆجەلان ناچار بەجێهێشتنی وڵاتەكەی دەكات، جارێكی تر بەناچاریی دەگەڕێتەوە بۆ روسیاو لەوێشەوە دەچێتەوە یۆنان. پیلانگێڕییەكە لەیۆنانەوە گەیشتە لوتكەو هەموو رێگاكان لە عەبدوڵا ئۆجەلان داخران، لەوێوە بەناوی رەوانەكردنی بەرەو هۆڵەندا ئۆجەلان دەبرێتە نایرۆبی پایتەختی كینیا. عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی بەمشێوەیە  باسی ئەو چركەساتانە دەكات: «رۆژی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩هێزەكانی كینیا دەوری باڵیۆزخانە دەتەنن و ناچار كرام، سواری ئەو ئۆتۆمبێلە ببم كە بۆیان ئامادە كردبووم، بەرەو فڕۆكەخانەی سەربازیی بەڕێكرام و بەدەرزییەك بێهۆش كرام». ئۆجەلان دەشڵێت:» كاتێك بەهۆش هاتمەوە لەناو فڕۆكەیەك بووم، كەكارمەندی مۆسادو (CIA  تێدابوو بەچەكی ئۆتۆماتیكییەوە، دواجار هێزی تایبەتی توركیا بەسەرمیان داداو چاویان بەستمەوەو هەموو شتەكانیان لێسەندم و گرێیاندام، فڕۆكەكە دووجار نیشتەوە جارێك لەمیسرو جارێكیش لەئیسرائیل یان قودس، كە منیان بەكەشتی بەرەو دوورگەی ئیمراڵی هێنا، بەرەبەیانی ١٦ـی شوبات بوو». لەمیانی قسەكردنیدا بۆ كەناڵی ئێن تیڤی توركی، جەواد ئونیش یەكێك لەكاربەدەستەكان و جێگری سەرۆكی میت، ئەوەی راگەیاند كە ئۆجەلان لەلایەن ئەمریكییەكانەوە قۆڵبەستكراو رادەستی دەسەڵاتی توركیا كراوە بۆ دادگاییكردن. لەدوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، بەهەزاران كورد لەوڵاتانی جیهان ئیدانەو گردبوونەوەیان رێكخست لەبەردەم باڵیۆزخانەكانی یۆنان و ئیسرائیل. لەكاتی دەستگیركردنیەوە، ئۆجەلان خراوە زیندانێكی تاكەكەسیی لەدوورگەی ئیمراڵی لەدەریای مەڕمەڕە لەتوركیا، ئۆجەلان تاكە زیندانكراوی ئەو شوێنەبوو و زیندانییەكانی دیكە گواسترانەوە بۆ زیندانەكانی دیكەی توركیا، هەروەها زیاتر لە ١٠٠٠ چەكدار بۆ پاسەوانیكردن لە ئۆجەلان دانران. ئۆجەلان بەتۆمەتی «خیانەتی نیشتمانی و جوداخوازی» لەڕۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٩ فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام توركیا لەكانوونی دووەمی ٢٠٠٠، بڕیاریدا فەرمانی لەسێدارەدانی ئۆجەلان دوابخات تاكو دادگای مافەكانی مرۆڤ لەیەكێتیی ئەوروپا پێداچوونەوە بۆ بڕیارەكە دەكات. لەئابی ٢٠٠٢، توركیا سزای لەسێدارەدانی لەوڵاتەكەی نەهێشت، هەربۆیە لەتشرینی یەكەمدا سزای ئۆجەلان گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. دوایین دیدار كەدەسەڵاتدارانی توركیا رێگەیان بەپارێزەرانی ئۆجەلان دا سەردانی ئۆجەلان بكەن ساڵی ٢٠١٧بوو، دوایین دیداریش كەئیدارەی زیندانیەكە رێگەیان بەپارێزەرانی دابێت پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی بوو لەمانگی ٢ی ٢٠٢٠، لەوكاتەوە تائێستا ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی و دیداری لەگەڵ ئەنجامنەدراوەو بەوتەی بەرپرسانی پەكەكەش 31 مانگە هیچ زانیارییەك لەسەر رەوشی ئۆجەلان نییە. بەدەستگیركردنی ئۆجەلان، ئەو خەیاڵەی توركیا بۆ كۆتایی هێنان بەپەكەكە و جوڵانەوەی كورد لەباكوری كوردستان هەیبوو، نەك هەر نەهاتەدی، بەڵكو بیری ئۆجەلان لەزیندان فراوانتربوو، وەك «قانع «ی شاعیر دەڵێت: بیری ئازادی لەزیندان فراوانتر دەبێت قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بەبەندیخانەیە دوای زیاتر لە دوو دەیە لەزیندانیكردن، نەك هەر بیری ئۆجەلان كاڵ نەبووەوە، بەڵكو ئۆجەلان تێزەكانی بۆ ژیان و ئازادی فراوانتربوون، بەشێوەیەك لەزیندان توانی زیاتر لە 10 كتێب بنوسێت ، لەوانەش پێنج بەرگی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتیك، مرۆڤی ئازاد، نەخشەڕێگا. جگە لەنوسینی كتێب، كاریگەری ئۆجەلان لەباكوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان زیاتربوو، تەنانەت لەڕۆژئاوای كوردستان لەژێر كاریگەری بیری ئاپۆدا لەساڵی 2011 هێزە كوردیەكان ئیدارەی خۆسەرییان پێكهێنا و تائێستاش ئەو ئیدارەیە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و دژایەتیەكانی بەردەمی بەردەوامە.

نیگار عومەر (ژیان) لەڕێێ دوبارە بەکارهێنانەوە و پاڵاوتنی ئاوی زێراب و ڕێگریکردن لە تێکەڵبونی ئاوی زێراب بەسەرچاوەکانی تری ئاو، بۆتە هەوڵێکی خۆجێی ناحیەی شۆڕش بۆ بەرگرتن لە کەمبونەوەی سەرچاوە پاکەکانی ئاوخواردنەوە لە سەرتاسەری عیراقدا. قەزای چەمچەماڵ، بەتایبەت ناحیەی شۆڕش-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی بۆخۆی گرفتی کەم ئاوی هەیە و دانیشتوانەکەی چەندین جار بەهۆی کەمئاویەوە کە هەفتەی یەک ڕۆژ یان کەمێک زیاتر لەوە ئاوی خواردنەوەیان بەسەردا دابەشدەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە گردبونەوەیان کردووە. ناحیەکە ڕۆژانە پێویستی 60 هەزار لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە ڕۆژێکدا 17 هەزار لیتر ئاوی پێ دەگات لە بەنداوی دوکانەوە، زیاد جاندار بەڕێوبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ وای وت. ئەو پرۆژەیەی (پاکردنەوەی ئاو)ی دەزگای ژیان لەساڵی 2019وە دروستکراوە کە ئاوی زێراب پاکیدەکاتەوە و بۆ کارەکانی نێو سەنتەری ڕێکخراوی ژیان کە چارەسەری دەروونی تێدا پێشکەشدەکرێت بۆ خەڵکی ناوچەکە. هێرۆ ئەحمەد، کارمەندی دەزگای ژیان لە قەزای چەمچەماڵ و چارەسەرکاری دەروونی کە دە ساڵە لەگەڵ ڕێکخراوی ژیان فاوەندەیشندا کاردەکات باس لەو پرۆژەیە دەکات،" ئێمە لەساڵی 2019 سەنتەرێکی چارەسەرکاریی دەروونیمان کردەوە لەقەزای چەمچەماڵدا بیرمان لەوەکردوە کە چۆن ئاو بۆ کارەکانی نێو ئەم سەنتەر دابینبکەین و ڕێگری بکەین لەوەی کە ئاوی زێرابی سنورەکە تێکەڵ بە سەرچاوی ئاوی خواردنەوە بێت. ژیان فاوندەیشن ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە قەزای چەمچەماڵ بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات، لە ساڵی 2010ەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستی بەکارەکانی کردوە، لەبوارەکانی یاسایی، دەروونی، پزیشکیی، کۆمەڵایەتیی و هۆشیاریی خزمەت گوزاریەکانی پێشکەش بە خەڵک دەکات. عبدول موتەلیب ڕەفعەت، پسپۆری ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، "ئێستا کۆى ئاوى نێو بەنداوەکانى عیراق لە ١٠ ملیار م٣ کەمترە. لە کاتێکدا، لە ٢٠١٩دا زیاتر لە ٧٠ ملیار م٣ ئاو خەزنکراوو هەبووە، لە مێژووى عیراق ئەمە یەکەمجارە ئاستى ئاو بەو شێوەیە داببەزێت، هاوکات یەکێک لەو ناوچانەی بەدەستی کەمئاوییەوە دەناڵێنن قەزای خورماتوو سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە لەمەشروعێک پێکدێت کە لە بەنداوی دوکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێوەیەکی سەر کراوە ڕاکێشدراوە بۆ نێو قەزاکە و بەدرێژای ئەو ماوەی کە تێدەپەڕێت پاشماوەی ماڵان و ئاوی زێرابی تێدەچێت بەوتەی شارەزایانی ئاو لەقەزاکە شیاوی خواردنەوە نییە. قەزای خورماتوو سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە کە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای کەرکوک ژمارەی دانیشوانەکەی زیاتر لە 200 هەزار خەڵک دەبێت تەنها سەرچاوەی ئاوی خاوردنەوە قەزاکە ئەو پرۆژەیەی ئاوەیە کە بۆی ڕاکێشراوە. قەزای خورماتوو دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای چەمچەماڵەوە و (٧٩) کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە. ئاو ئاوەدانی دروستدەکات و لە هەرچ جێگەیەک ئاوی لێ بوبێت، خەڵک کۆچیان بۆکردووە و ژیانی خۆیان لەنزیک سەرچاوە ئاویەکان درێژە پێداوە، بۆیە ئێستا دانیشتوانیی خورماتووش بەدوای زامنکردنی بەشە ئاوی پاکیی خۆیاندا دەگەڕێن. ئاو و ئاوەدانی جگە لەو سودە ژینگەییەی پڕۆژەکە کە پاڵاوتنی ئاوی زێرابە و تێکەڵ نابێت بەسەرچاوەی ئاوی پاک، چەند سودێکی دیکەی هەیە وەک کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری . پرۆژەکە پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوی زێرابە و گۆڕینی ڕێڕەی ئاوی زێرابە بۆ نێو سەنتەرەکە و دواتر لەڕێگەی شەش فلتەرەوە ئاوەکە پاکدەکرێتەوە کە ڕۆژانە زیاتر لە 15هەزار لیتر ئاو دەپاڵێوێت. هێرۆ دەڵێت، "ئەو پرۆژەیە لەڕێگەی کۆمەڵێ ئامێر و ڕێگەی دەستکرد کەهەمو کارەکانی لەلایەن خۆمانەوە کراوە بەجێ گەیەندراوە؛ ئاوەکە پاکدەکەینەوە دواتر بەکاری دێنینەوە، سودی پرۆژەکە ئەوەیە ڕێگری دەکەین لە پیسبونی ئاوی خواردنە و بەکارنەهێنانی ئاوی پاک بۆ کارەکانمان". هێرۆ دانیشتوی ناحیەی شۆڕشە و لەگەڵ ئازار و مەینەتێکیەکانی ڕزگاربوانی شاڵاوێ ئەنفالدا گەورەبوە، بۆیە هەوڵدەدات پارێزگاری لە ژینگە بکات و بیخاتە خزمەتی ژنان و منداڵان و خەڵکەوە. " ئامانجمان پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و دروستکردنی ژینگەیەکی جوانە تا چارەسەریی دەروونی تیادا بکەین،" هێرۆ وا دەڵێت. لە نێو سەنتەرەکەدا، هەوڵیان داوە کە ئەو ژیانە سروشتییەی پێشتر خەڵکی گوندەکان تێیدا دەژیان هاوشێوەی ئەو سروشتە بەکار بێنین بۆ چارەسەر. "باخچەیەکی فراوانمان دروستکردوە کە میوە جۆراو جۆری تێدایە بە ڕێگەی ئاودێریی زانستی ئاوی دەدەین؛ ئاژەڵی جۆراو جۆر بەخێو دەکەین؛ جگە لەوەی خانوی قوڕمان دروستکردوە و چارەسەرەکانی تێدا ئەنجامدەدەین، ئەو کەسانەی کە دێن و سەردانمان دەکەن تێکەڵی سروشتیان دەکەینەوە ،" هێرۆ وای ووت. بەشی زۆری کێشەکەی خورماتوو لە شوینێکی ترەوە دەست پێدەکات؛ نەبیل موسا چالاکوانی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو وتی،" ئاوی قەزای خورماتو کە لەدوکانەوە دێت لێرەوە هەرچی زێرابی سلێمانیە تێکەڵی دەبێت و تا دەگاتە ئەو شوێنەش لە چەندین شوێنی دیکەش بەهەمان شێوە ئاوی زێراب تێکەڵی دەبێت ئەم ئاوە مەترسیە بۆ تەندروستی چەندین گرفت دروست دەکات، دەتوانرێت لەڕێی دانانی پاڵاوگەی پاکردنەوەی ئاو یان لە جێگەی مەشروعی سەرکراوە بە بۆڕی ڕابکێشرێت بۆ ڕزگاربوون لە زبڵ و خاشاک و زێرابی ماڵان ". بەکر نەجمەدین شارەزای ئاو و خاوەنی دوکانی وەرشەی دانای فلتەر بۆ ماڵان دانیشتوی قەزای خورماتو وتی،" ڕێژەی پیس بون لەئاوی خورماتودا لەم ڕۆژانەی کە فحسم بۆ کردوە زیاتر بوە لە (700TDS)، ئەم ڕێژەیە لەئاوی ئاسایدا دەبێت 40 لەسەد بێت بەڵام هەندێ کات ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ (TDS1300). (TDS) ) ڕێژەی پیسبونە لە ئاودا. بە ووەتەی ئەو خاوەنکارە، "جاری وایە ئاوەکە ئەوندە پیسدەبێت کرمی تێدایە و لەئامێرەکانەوە دەردەچێت و بە ئامێر دەیبینین. زۆر جار پیسی نێو ئاوەکە بە جیهازی فلتەریش پاک نابێتەوە پێویستی بەوەیە پاڵاوگەی ئاوی بۆ دابنرێت و پاک بکرێتەوە بەڵام دیارە حکومەت خەمی خەڵکی نیە و نایکات". نەبیل موسا ئەوەشی وت،" ئەو مەوادانەی کە لەئاوی زێرابدایە نەک زیانی بۆ مرۆف هەیە بەڵکو کشتوکاڵ دەسوتێنێت و ماسی لەناو دەبات و خاک دەسوتێنێت، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە ئاوی زێراب پاکبکرێتەوە، خەڵکی بەتوانامان هەیە دەتوانێ هەر لەکوردستان بەئامێری ناوخۆ گەورەترین پرۆژە دروست بکریت بۆپاک کردنەوەی ئاوی زێراب و ڕزگارکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەمان، تێچوی ئەم کارانە هەر بەقەد ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەیی تێدەچێت."  پرۆژەکەی ناحیەی شۆڕش لەلایەن ئەڵمانیاوە کۆمەکی دارایی کراوە و تێچوی پرۆژەکە نزیکەی (١٥٠) هەزار دۆلار دەبێت. هاوڕێ ڕەسۆڵ بەڕێوبەری دەزگای ژیان لەچەمچەماڵ وتی،" ئەم پرۆژەیە کە بۆ سەنتەرێکی چارەسەری دەرونی دروست کراوە لە مانگێکدا نزیکەی 3هەزار خەڵک دێت و سەردانمان دەکات و چارەسەری دەرونی وەردەگرن کە چەند خزمەت گوزاریەکی دیکەشمان هەیە هاوڵاتی سنورەکە سودی لێ دەبینێت". وتیشی،" بەزۆری ئەو کەسانەی کە دێت سەردانمان دەکەن ژن و منداڵن بۆیە ئێمە لە ڕێگەی ژینگەوە هەم خزمەت بەژینگە دەکەین وە سودی لێ دەبینین بۆ چارەسەری دەرونی". عبدل موتەلیب ڕەفعەت وتی،" پرۆژەی پاڵاوتنی ئاو لە جیهاندا گرنگی پێدەدرێت؛ دەتوانرێت سودی لێ ببینێرت بۆ پیشەسازی، بیناسازی، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، چونکە ساڵانە 70 لە سەدی ئاوی جیهان بۆ کشتوکاڵ دەچێت؛ ئەگەر سود لەئاوی زێراب وەربگرین، پاشەکەوتێ ئاوی خواردنەوە دەکرێت. پرۆژەکەی چەمچەماڵیش هەیە وادەکات هاوکاربێت کە ئاوی خواردنەوە بەکار نەهێنرێت بۆ کاری تر". ئەگەر چی بەڕێوبەری ئاوی قەزای خورماتو سەرچاوەی ئاوەکەیان بە شیاو ناو دەبات بەڵام نۆکۆڵی لەوە ناکات کە خاشاک و زێرابی تێ دەچێت ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوبەری ئاوی قەزای خورماتو وتی،" ئێمە دەزانین سەرچاوەی ئاوەکەمان خەڵک خاشاکی تێ فڕێ دەدات بەڵام چەندین جار داوامان کردوە کە ڕێگەی دیکە بەکاربێنین بۆ ئەوەی ئاوێکی شیاوتر بۆ دانیشتوانی قەزاکە دابین بکەین بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە". وتیشی،" جێگەی خەزانێکی ئاوی کۆنمان هەیە، دەتوانرێت ئەوە چاک بکرێتەوە و ئامێری پاڵاوتنی بۆ دابینبکەین بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەری خۆمان دەکەین هاوکارمان بن" نازەنین محمد چالاکوانی ژنان لە قەزای خورماتو وتی،" زۆر جار دەڕۆین سەردانی پزیشک دەکەین پێمان دەڵێن هۆکاری زۆری هەوکردن و نەخۆشیەکانی گورجیلە و میزڵدان بەهۆی ئاوی پیسەوەیە، بەهەمان شێوەش کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، بەڵام لایەنی ئیداری قەزاکە بەدەنگی ئەم گرفتە نەهاتون بە بابەتێکی سەرەکی نازانن". وتیشی،" پێویستە هۆشیاری زیاتر بڵاو بکەینەوە لەسەر ئەم بابەتە چونکە ئەمە پەیوەندی بەژیانی هەمومانەوە هەیە وە حکومەت هەوڵ بدات خەزانی پاڵاوتن دروستبکات". جگە لەوەی ئاوی خورماتوو بۆ خواردنەوە شیاو نییە، بەڵام مەترسی نەمانی لەسەرە. پڕۆژەیەک و زیاتر لە ئامانجێک پرۆژەکەی ناحیەی شۆڕش مانگانە زیاتر لە سێ هەزار کەسێک سودی ڕاستەوخو ونا ڕاستەوخۆی لێ دەبینێت. ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەری چارەسەری دەرونی دەکەن بە شوێنێکی بەسوود، دڵڕفێن و جوان ناوی دەبەن. لەیلا محمد، کە سەنتەرەکە چارەسەر وەردەگرێت وتی،"سەنتەرە کە بوەتە شوێنێکی ئارام بۆ خەڵکەکە؛ ئەو کاتانەی سەردانی ئەوێ دەکەین وادەزانین بەهەشتە هەرچی خەم و کێشەمان هەیە بیرماندەچێتەوە؛ تێکەڵی سروشتی جوانی ئەو شوێنە دەبین و باخەکان خزمەت دەکەین و میوەو بەرهەمەکانیش دەخۆین." هاوکات، بەڕێوبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ پرۆژەکە بەپرۆژەیەکی "سەرکەوتوو و گرنگ" ناوی دەبات کە خزمەت بە ژینگە دەکات. زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ وتی،" ئەو پرۆژەیە سەرکەوتوو و گرنگەو خزمەتی بە سەرچاوەکانی ئاوی سنورەکەی کردوە، چونکە چەمچەماڵ خۆی بە بەردەوامی گرفتی کەم ئاوی هەیە ". وتیشی،" ڕۆژانە قەزای چەمچەماڵ پێویستی بە 50بۆ 60 هەزار لیتر ئاو هەیە، بەڵام ڕۆژانە 17 هەزار لیتر ئاومان پێدەگات؛ ناتوانین وەک پێویست ئاو دابەشبکەین، بۆیە پڕۆژەی لەو شێوازە پێویستە زیاتر بایەخی پێ بدرێت ". نەبیل موسا دەڵێت، ئەو جۆرە کارانە وەک هەوا پێویستن. " کاتێک ئاوی خواردنەوە بەکار دێنیت بۆ کشتوکاڵ گرفتی کەمئاوی دروست دەکات". گرفت لە کوێدایە سەرەڕای "سوود و گرنگی پڕۆژەکە"، بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەی (پاکردنەوەی ئاو)ی ناحیەی شۆڕش لە چەند روویەکەوەیە. هێرۆ باسی گرفتەکانی پرۆژەکە دەکات و وتی ،"لەکاتی باراناودا کە ڕێژەی ئاو زیاد دەبێت زەختێک دەکەوێتە سەر فلتەرکان بۆ پاک کردنەوەی ئاوەکە بۆیە ناچار دەبین لەو ڕۆژانەدا کار بە ئامێرەکانی پاکردنەوەی ئاوەکە ناکەین وە کێشەیەکی دیکەی ئەوەی کە هەموو خەڵک حەز بەکارکردن ناکات لەم پرۆژەدا ڕەنگە هۆکاری بۆنی ئاوەکە بێت تا ئێستاش لای خۆمان خەڵک ئەوە قبوڵ ناکات کە ئاوی زێراب بەکاربێنێتەوە". عەبدول موتەلیب ڕەفعت وتی، "دەبێت ڕێژەی مادەی زیانی بەخشی ناو ئاوەکە زۆر کەم بکرێتەوە گەر کەمنەکرێتەوە لە ڕێگەی رووەک یان ئاژەڵەوە دەگوزرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە." هاوکات بۆنی ئاوەکە کێشەیەکی ترە، بەکر نەجمەدین، شارەزای بواری ئاو،" گەورەترین کێشەی ئاوی زێراب بۆنی ئەو ئاوەیە کە لەهەر شوێنێک بێت بۆنێکی ناخۆشی هەیە و ئەمەش مەترسی نەحۆشی بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە کاری لێ دەکەن یان نزیکی بن". ئەوەشی وت،" لەکاتی باراناودا ڕێژەی ئاوەکە زۆر دەبێت و هەندێ کات دەمی فلتەرەکان دەگرێت و ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی ئاوەکە بەباشی پاک بێتەوە بۆیە دەبێت لەو کاتەدا زو زو فلتەرەکان پاک بکرێتەوە". هێرۆ وتی،"ئەم پرۆژەیە لەلایەن خەڵکی شارەزاو پسپۆری بوارەکەوە دروست کراوە و هەوڵمان داوە گرفتی بۆنی ناخۆشی ئاوەکە چارەسەربکەین بەتێکردنی کلۆر و ڕێگەی داخراوی بۆ بەکار بێن تا دەگاتە نێو فلتەرەکان دواتر پاکی بکەینەوە، وە کارمەندی تایبەتمان داناوە تا هەرچ کات پێویستی بەپاک کردنەوە بوو فلتەرەکان بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە ڕێگە نەدەین هیچ موادێکی زیان بەخش بە فلتەرکاندا تێپەڕێ". هێرۆ ئەوەشی وت، ئامانجیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتیە لەهەرچ شوێنێک بێت، بۆیە ئەم پێشنیازە دەخەینە ڕو بۆ دەزگای ژیان تا بتوانین هاوشێوەی پرۆژەی (پاکردنەوەی ئاو)ی ناحیەی شۆڕش لە ناوچەکانی دیکەش جێبەجێ بکەن. شوێنی تر زۆرن لە عێراق کە پێویستییان بە پڕۆژەی لەو شێوەیەیە، بەڵام پێدەچێت خورماتوو یەکێک بێت لە کاندیدە شایستەکان. ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەنگەکانمان کە ڕێکخراوی ئینتەرنیوز جێبەجێی دەکات، بەرهەم هاتووە.

دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی هەوڵەكانی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان دەستپێكردو بەڕاسپاردەی سەرۆكی ئەو حزبەش، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دیاریكرا بۆ ئەوەی دەست بەكۆبوونەوە بكرێت لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان، لەبەرامبەر باڵەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كردنەوەی دەرگای تۆماری قەوارەكان دەكات لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ئەوەی وەك لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن. پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی ئەو حزبە بڕیاریداوە كە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ كۆبوونەوەو دانیشتن لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكانی حزبەكەی، تا بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و دووبارە دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە. لەوبارەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی سەركردە دابڕاوەكان، یەكێكە لەبڕیارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، لەكۆنگرە پێشنیاركراو دواجار كرا بەبڕیارو بۆ ئەوەش لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بۆ ئەو پرسە كە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت.» ئەگەرچی دوای كۆنگرە بڕیار لەسەر ئاشتكردنەوەی سەركردە تۆراوەكان دراوە، بەڵام چاودێرێكی سیاسی پێی وایە كەپێش كۆنگرە ئامادەكاری بۆ ئەوە كراوەو یەكێتی و خودی سەرۆكەكەشی بەرنامەڕێژییان كردووە تا پاش كۆنگرە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن، لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمە صاڵح چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەی ئاشتەواییە لەدوای كۆنگرە بیری لێنەكراوەتەوە، پێش كۆنگرە بەرنامەی بۆ دانراوە. لەسەر ئەو بنەمایەی كە لەناو كۆنگرە ئەوە یەكلایی بووەوە كە سەرۆكی یەكێتی دەسەڵاتی ئەوەی پێبدرێت هەموو كورسییەكان لەناو كۆنگرە یەكلایی نەكرێتەوە بەتایبەت لەناو سەركردایەتی و ئەنجومەنەكان، بۆ ئەوەی بوارێك بهێڵرێتەوە لەدوای كۆنگرە ئەو كۆمەڵەیەی نەهێنرانە ناو كۆنگرە، خۆیان لەپاش كۆنگرە بانگهێشتیان بكەنەوە ناو حزب.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە بكات كە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لیژنەكە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و ئەندامێتی هەڤاڵ عومەر شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و هەڤاڵ شێخ جەعفەر بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەیەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەم بابەتە تاوتوێكرا بۆ ئەوەی بڕیارەكە بكەوێتە بواری پراكتیكیەوە و لەدووەم كۆبونەوە رۆژی 10ی ئەم مانگە دیاریكرا بۆ ئەوەی لیژنەكە دەستبەكاربێت، ئەمڕۆ سەردانی چەندین هەڤاڵ كراوەو لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ كراوە، بۆیە هەڤاڵ عومەر شێخ مووس دیاریكراوە چونكە ئەو یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، كەسێكی نزیك بوو لەهەڤاڵ مام جەلال، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لەخەبات و لەلایەن هەموو هەڤاڵانەوە رێز لە عومەر شێخ مووس دەگیرێت و لەناو كۆنگرەی پێنجەمیشدا كاتێك مشتومڕێك دەهاتە كایەوە ئەم بەنەرم و نیانی و ئەزموونی خۆی وای دەكرد كە ببێتەهۆی كۆكردنەوەی بیروبۆچوونەكان و گەیشتن بە ئەنجام و بڕیارێكی هاوبەش. دەتوانین بڵێین رۆڵی كاریگەری هەبووە لەسەرخستنی یەكێتی.» لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یەكێتی بۆ كۆكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كرانەوەی دەرگای تۆماركردنی لیست و قەوارەكان دەكات لەكۆمسیۆن تا وەك هێزێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردن تۆماربكرێت، لەوبارەوە بەختیار كاوانی كەسی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «هێشتا قەوارە لەكۆمسیۆن داوا نەكراوە، ئەوەی هەیەو نییە كاك لاهور گوتویەتی لیستم دەبێت. تەنها ئەوە هەیەو هیچی تر، سەبر بگرن لەداهاتوودا هەموو شت یەكلایی دەبێتەوە.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەهەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، رێگرییە بەرامبەر هەر هەوڵێكی لاهوری شێخ جەنگی بۆ بەهێزكردنی لیستەكەی، لەوبارەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «یەكێتی دەبوو پێش كۆنگرە ئەوەی بكردایەو هەموو جەمسەرەكان لەكۆنگرە بەشداربووان، تا بەهۆیەوە یەكێتی بەهێز بووایە. نەك ئەو فەراغە هەبێت و یەكێتی بەو پەرتەوازەییە بهێلِرێتەوە، ئاشكرایە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە ئەو سەركردە دابڕاوانە پەنا بۆ هێزو كەسایەتی تر نەبەن، بەڵام یەكێتی هەڵەی كرد دوای كۆنگرە ئەوە دەكات، دەبوو پێش كۆنگرە بەوكارە هەستایە.» هەوڵەكەی یەكێتی بەچەند قۆناغێك دەبێت، سەرەتا سەركردەكان و دواتریش ئۆرگان و مەكتەبەكان. كە بۆ ئەوەش لیژنەی تایبەتمەند پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لەدوای كۆنگرە هەوڵەكانمان بە ئاراستەی كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی یەكێتیە، كۆكردنەوەی هەڤاڵانمانە لەهەموو ئۆرگانەكان. لەیەكەم هەنگاویشدا لەسەركردەكانەوە دەستپێدەكات و هەمو ئۆرگانەكان دەگرێتەوەو بەدروشمەكەی مام جەلال كە دەڵێت كەسمان لێ زیاد نییە، بەردەوام دەبین لەكۆكردنەوەی یەكێتییەكان.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە لیژنەكە لەگەڵ تەواوی سەركردە دابڕاوەكان جگە لەنزیكەكانی لاهوری شێخ جەنگی كۆدەبێتەوەو دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت، لەوانە حاكم قادرو مەلا بەختیار، لەئێستاشدا گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ سامان گەرمیانی ئەنجامدراوەو ناوبراو نزیكبووەتەوە لە پەیوەندیكردنەوەی بە یەكێتی، هەروەك ئەوەی لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «دوێنێ یەكەم دانیشتن ئەنجامدراوەو گفتوگۆ لەگەڵ هەڤاڵ سامان گەرمیانی كراوە، ئومێدمان هەیەو دەتوانین بڵێین ئەنجامی باشمان دەبێت.» بەهۆی كێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە، دەیەها سەركردەو كادیری پێشكەوتوی ئەو حزبە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو لەیەكێتی دووركەوتنەوە. بەتایبەت پاش رووداوەكانی هەشتی تەمموزی ساڵی 2021 كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەم كرایە دەرەوەی حزبەكەو بەدوایدا چەندان سەركردەی تر دەركران و چەندانی تریش وازهێنانی خۆیان راگەیاند.

سەركۆ جەمال هێشتا پرسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا جێگەی مشتومڕە، هەرچەندە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە ئەگەر پڕۆژەكە لەپەرلەمان تێپەڕێت جێبەجێی بكات، بەڵام پارتی بەپڕۆژەیەكی نامەعقولی دەزانێت، لایەنەكانی دیكەش پشتیوانی دەكەن، لەكاتێكدا زیاتر لە 60 هەزار واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایانی بۆ كۆكرایەوە. سودانی بەمەرج پڕۆژەكە دەكاتە بڕیارو جێبەجێی دەكات غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شەوی یەكشەممە لەگەڵ یوسف كیلابی پەرلەمانتاری شیعەكان قسەمكردووە دەڵێت سەردانی محەمەد شیاع سودانیم كردووە وتوویەتی لەدەسەڵاتیدا نییە جێبەجێی بكات بەڵام ئەگەر بیخەنە بودجەوە ئەوكات ئامادەیە جێبەجێی بكات». وتیشی:»نزیكەی دوو هەفتەی دیكە بودجەی 2024 دەست دەکرێت بەگۆڕانكاری و ئەگەر تیایدا جێگیر بكرێت و لەپەرلەمان تێپەڕێت پێویستە جێبەجێ بكرێت، لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیشیدا دەكرێت پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببرێت». «ئەو پڕۆژەیە دەبێت جێبەجێ بكرێت ناكرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەوشێوەیە بدرێت، دەبێت لەلایەن پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا هەوڵی جددی بۆ بدرێت، چونكە ئەو 700 ملیارە بۆ سێ مانگ بەمەرج نێردراوە كەیەكێكیان پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هەرێمە». غالب محەمەد وای وت. ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەشڵێـت:»زۆربەی پەرلەمانتارە كوردەكان لەپارتی دەترسن بۆیە كار بۆ ئەو پرسە ناكەن، پێم سەیرە خۆیان مووچەیان لەسەر بەغدایەو نایانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بەغدا بیدات». نەوەی نوێ پێی وایە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە چیتر مووچە نابێتە هەواڵ لەبەرامبەردا رێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر ئەم پڕۆژەیە وەك خۆی  جێبەجێ بكرێت و وەك ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە، بەڵێ گرفتی دابەشكردن و دواكەوتنی مووچە لەهەرێم كۆتایی دێت». وتیشی:»مانگانە پارە دەچێتە سەر هەژماری تی بی ئای و لەكاتی خۆیدا دەچێتە سەر هەژماری مووچەخۆرانی هەرێم و دواناكەوێت، ئەوكات بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت و چیتر مووچە نابێتە هەواڵ». پێشتر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی كراوە هەوڵێكەو واژۆ كۆكراوەتەوە دەبێت لەپەرلەمان تێپەڕێت دواتر حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئەگەر نیسابی دانیشتنەكە تەواو ببێت و پەنجا كۆیەكی پەرلەمان دەنگی لەسەربدات دەبێتە بڕیار». پارتی پڕۆژەكە بە «نامەعقول و دەستبڕین» ناودەبات شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەو پڕۆژەیە دەستبڕینە و تەنها بۆ موزایەدەیە لەڕێگەی چەند پەرلەمانتارێكی شیعەوە كەپێشتر لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم سكاڵایان تۆماردەكرد، ئێستا چۆن رازی دەبن مووچەی زیاتر لەملیۆنێك فەرمانبەر راستەوخۆ لەبەغداوە بێت». وتیشی:»ئەو پڕۆژەیە سەرناگرێت چونكە بانكی تی بی ئای لەهەرێم تەنها سێ لقیان هەیە كەبچووكن جگە لەوەش دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی ئەوانەوەو بەكارتی زیرەك كاتێكی زۆری پێدەچێت و قسەیەكی نامەعقولە». بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم بۆ هاوڵاتی:»ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەك بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا جێبەجێ ناكرێت و دوای ناردنی دوو گوژمەی دیكەی 700 ملیار لەلایەن بەغداوە دەبێت حساباتی نێوان هەرێم و بەغدا تەسفیە بكرێت ئەوكات كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی دەكرێتەوە». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی دەستیكەوتووە، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەهەرێمی كوردستان ماونەتەوەو راپۆرتی خۆیان لەبارەی ژمارەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نووسیوەو رادەستی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەكەن. هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆری هەیە، بەڵام (658 هەزار) فەرمانبەری هەرێم لای بەغداد تۆماركراوە كەدەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە (48%)ی مووچەخۆرانی هەرێم بەفەرمی ناویان لای بەغداد نیە. دوای فراوانبوونی داواكاریەكان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر مووچە لەبابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت. ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانی وەك جۆرێك لە رازیبوون لێكدرایەوە كەكێشەی نیە بەغداد راستەوخۆ مووچە بدات، بەڵام دەبێت لەڕێگەی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێـت. ئێستا چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بەهەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، بۆ ئەویش بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان لەڕێگای بەغدادەوە راستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لەیاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پاڵپشت بەلایەنە شیعەكان كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لەبابەتەكانی تری پشكی هەرێم و بخرێتە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراقەوە، سودانی و بەشێك لەپەرلەمانتارانی شیعەو لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە لەهەمواری یاسای بودجەدا كەكۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەكرێت، چارەسەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت و جیگەی بۆ بكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (2023-2024-2025 ) بەڵام دەبێت ساڵانە هەمواربكرێت و خشتەو (تەخسیسات) و ژمارەكان بگۆڕدرێن، بۆیە بەپێی ئەو دوو رێگا چارەیەی خراوەتەڕوو دەتوانرێت لەكاتی گۆڕینی خشتەو ژمارەو تەخسیساتەكان پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش چارەسەربكرێت و بخرێتە ناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقەوە جا راستەوخۆ بەغداد لەڕێگەی ئەژماری ئەلكترۆنی و بانكی (TBI) بێت یاخود بەمەبلەغ بنێردرێت و حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی بكات. لەحاڵەتی جێگیركردن و جیاكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەبابەتەكانی دیكەو خرایە خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە، ئەوا دوو رێگە هەیە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم:  رێگای یەكەم ئەوەیە لەهەمواری یاسای بودجەداو لەناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقدا جێگەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە، بەڵام پشكی مووچەی مووچەخۆران راستەوخۆ لەبەغدادەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێم خۆی مووچەكە دابەش دەكات، كە لەیاسای بودجەی عێراقدا ئەوەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار بەم شێوەیە: - كۆی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەخشتەكانی یاسای بودجەدا ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە. -كۆی مووچەی تەرخانكراو بۆ ساڵێك:  (9 ترلیۆن و 300 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار. -بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم ساڵانە (ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینارو  مانگانە دەكاتە (112) ملیار دینار. -بۆ موچەی (23)هەزار پێشمەرگە ساڵانە ( 228) ملیار دینار مانگانە دەكاتە (19) ملیار دینار واتا كۆی ئەو مووچەیەی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخانكراوە، دەكاتە (906) ملیار دیناری مانگانەو ئەگەر وەك خۆی بێت ئەوا لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان بەئاسانی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات. رێگاچارەی دووەم ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت و بەغداد راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانكی (TBI)ەوە بدات ئەوكات گۆڕانكاری درووست دەبێـت، چونكە ژمارەكان جیاوازن ئەوەی لای بەغدایە لەگەڵ ئەوەی هەرێم، جیاوازیەكە (597 هەزار) موچەخۆرە،  ئەوەی لای بەغداد تۆماركراوە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە دەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەژمارەیان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆرە بەم شێوەیە: -ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم: (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) مووچەخۆر -ژمارەی فەرمانبەر: (752 هەزارو 959) كەس  بەڕێژەی (60%) -ژمارەی مووچەخۆر: 502 هەزارو 364) كەس بەڕێژەی (40%) -فەرمانبەری مەدەنی: 430 هەزارو 231 كەس -سەربازی: 217 هەزارو 979 كەس -پۆلیس و ئاساییش: 104 هەزارو 699 كەس -خانەنشینی: 246 هەزارو 269 كەس -چاودێری كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 158 كەس -شەهیدان: 96 هەزارو 937 كەس ئەگەر بەغداد بڕیار بدات تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات كە لای خۆی تۆماركراوەو ژمارەیان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم جگە لە مووچەخۆران (752 هەزار) فەرمانبەری هەیە ئەوانەی لەكاردان، واتا نزیكەی (100هەزار) فەرمانبەری فیعلی هەرێم بێ مووچە دەبن، لەگەڵ ئەوەی (597 هەزار) مووچەخۆری هەرێم بێ مووچە دەبن. چونكە ئەگەر بەغداد بیەوێت راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆران بدات دەبێت كۆی فایل و ئەوەلیات و پلەبەندی و خزمەت و ناونیشانی مووچەخۆران بداتە بەغداد كە ئەمەش ئاسان نیە، كە تەنیا (52%)ی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەلیاتیان لای بەغدادە، خاڵێكی تر  پرسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە كەنزیكەی (48%)ی كۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سلكی سەربازیەو ژمارەیان (433) هەزار كەسەو كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینار مووچەكانیانە كەدەكاتە 48%ی كۆی مووچەی مووچەخۆران كە بۆ مانگێك (944 ملیار) دینارە.

شەنای فاتیح لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما خواستی هاووڵاتیان لەسەر سوتەمەنی و بەتایبەت نەوتی سپی زیاد دەبێت، بەهۆی ئەوەش كەحكومەتی هەرێم پاڵپشتی نرخی نەوتی سپی ناكات، نرخەكەی بەرزدەبێتەوە،  فرۆشیارێكی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەماوەی هەفتەیەكدا نرخی نەوتی سپی 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەپڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان دەستیپێكردووەو سەرەتا لەناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكەن. هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بودجەی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینكراوەو هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت لەبەرامبەر 100 هەزار دیناردا. بەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بڕی شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دابینكراوە كە لەپێنجی تشرینی یەكەمەوە دەست بەدابەشكردنی كراوە. گەیلان جەمال، بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئاگاداری  پرسی دابەشكردنی نەوت نیم و زانیاریم نییە، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوەی ئەمساڵ بەرمیلێك نەوت بە 100 هەزار دینار بەهاووڵاتیان دراوە». وتیشی: «نەوت لەناو شارەكان دابەشنەكراوەو ساڵی رابردوو و رابردووتریش دابەشكردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەكان كۆتایی پێنەهاتووە». هاوڵاتی گفتوگۆی لەگەڵ چەند فرۆشیارێكی نەوتدا كردو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كەنرخی نەوتی بازرگانی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 65 هەزار دینار زیادیكردووە،  هەروەها باسیان لەوەشكرد كە بەهۆی ئەوەی هێشتا لەوەرزی پایزداین  نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزنەبووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەوەرزی زستاندا نرخەكەی زیاتر بەرزببێتەوە». عەلی فوئاد، كە پیشەی نەوتفرۆشە لەسەنتەری شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خواستی هاووڵاتیان لەسەر نەوت تاهەفتەیەك بەر لەئێستا زۆر باشبوو، بەڵام بەهۆی دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە لەچەند ناوچەیەك كەمێك بازاڕ لاواز بووەو هاووڵاتیان گلەییان لەبەرزی نرخی نەوت هەیە». سەبارەت بەنرخی نەوت ئەو نەوتفرۆشە باسی لەوەشكرد « هەفتەیەكە نرخی نەوت لە 165 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 185 هەزار دینار،  پێنج رۆژ لەمەوبەر لیترێك نەوتمان بە 680 دینار كڕیوەو لەم رۆژانەدا بە 770 دینار كڕیومانە، بەدابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە نرخی نەوتی بازرگانیش دادەبەزێت». «نرخی نەوت لە 21ی ئازاری ساڵی رابردوو 120 هەزار دیناربوو تانزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر، ئەو كاتە بوو بە 150 هەزارو پاشان بەرزتربووەوە بۆ 160 هەزار دینار،  بەڵام لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 185 هەزار دینارە». عەلی فوئاد وای وت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی نرخی جۆرەكانی نەوت لەبازاڕدا جیاوازەو نەوتی كەركووك هەرزانترین نرخی هەیە، كەبەم شێوەیەن: نرخی نەوتی بێجی بە 185 هەزار دینارە،  نەوتی بەغدا بە 170 هەزار دینارو نرخی نەوتی كەركوكیش بە 160 هەزار دینارە. ئەمە لەكاتێكدایە كە زستانی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 305 هەزار دینار کە بەرزترین ئاست بوو بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت نرخەکەی دەستی بەدابەزین کرد. هاووڵاتیان گلەییان لەنرخی نەوت هەیەو دەڵێن ئەو نەوتە هاوردەكراو نییە تا باجی بچێتە سەر. ئەحمەد عەبدوڵا، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە بەهاوڵاتی وت: بۆ ئەمساڵ بەر لەهاتنی وەرزی زستان بەرمیلێك نەوتم كڕیوە بە 170 هەزار دینار كە لەم بارودۆخە داراییە ناهەموارەدا ئەو نرخە زۆرە چونكە نەوتەكە لەدەرەوە بۆمان نایەت و هی وڵاتی خۆمانە. ساڵانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك یان دوو بەرمیل نەوت بەرامبەر بڕێك پارە بەهەر خێزانێك داوە لەوەرزی زستاندا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆكاری قەیرانی داراییەوە پڕۆسەكە خاو بووەتەوەو زۆرجار هاووڵاتیان ناچارن لەوەرزی زستاندا نەوتی بازرگانی بكڕن كەهەندێكجار بەسێ هێندەی نرخی راستی كڕیویانە.

دلێر عەبدوڵڵا   لەپەرلەمانی بەغداوە هەوڵی ئەوە دەدرێت هەمواری یاسای بودجە بكرێتەوە تا لەڕوی یاساییەوە گرفت بۆ هەوڵەكانی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا دروستنەبێت، پەرلەمانتارێكی عەرەب ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەهەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەربگرێت و هۆشداریشیدا بەوەی كە ئەگەر بێتو وەزیری دارایی هەرێم بەردەوام بێت لەپەكخستنی ئامادەبوونەكەی لەبەردەم لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا پارەداركردنی هەرێم رادەگیرێت و چیتر بەغدا پارە رەوانەی هەرێم ناكات. هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا، بەردەوامی هەیەو لەئێستادا بووەتە پرسێكی سەرەكی و چەندین پەرلەمانتارو لایەن و فراكسیۆنی جیاواز كاری لەسەر دەكەن، بەتایبەت یوسف كیلابی پەرلەمانتاری عەرەب لەبەغدا كە دەیەوێت ئەو هەوڵە بگەیەنێتە كۆتایی، لەوبارەوە ناوبراو بەهاوڵاتی وت «داواكاری موچەخۆرانی هەرێم بەهەند وەردەگرین، ئێمە زیاتر لە 60 هەزار واژۆمان بۆ هاتووەو وەك نوێنەرێكی راستەقینەی گەلانی عێراق، هەوڵ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەدەین و تاكۆتاییش بەردەوام دەبین.» ئەگەرچی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، پێدانی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە گرفتی هەیە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامن و موچەخۆرانیش لەچاوەڕوانیدان تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت، بەپێی وتەی عەبدولقادر ساڵح راوێژكاری یاسایی بۆ هاوڵاتی، «گواستنەوەی مووچە بۆسەر حكومەتی ناوەندی، پێچەوانەی مادەی 117ی دەستوورە. چونكە ئەو ماددەیە دانی ناوە بەحكومەتی هەرێم و سێ دەسەڵاتەكە، كەواتە پێدانی مووچە لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەو ئەو جیهەتە تایبەتمەندە بەو پرسە. بۆیە بەبڕوای من حكومەتی هەرێم ئەگەر خۆیشی بیەوێت ئەو كارە بكرێت، بەڵام دەستوور رێگرەو ئەو كارێكی ئەستەمە. بۆ؟ چونكە بەجێبەجێبوونی ئەو حاڵەتە، حكومەتی بەغدا لەحكومەتێكی فیدڕاڵییەوە دەبێتە مەركەزی و ئەوەش پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ دەستووردا. دەكرێت حكومەتی بەغدا پابەند بكرێت بەدابینكردنی پارەو پێدانی مووچە بەهەرێم، نەك بەپێچەوانەوە راستەوخۆ بەغدا موچە بدات بەفەرمانبەران. جگەلەوەش ئەوە پێچەوانەی یاسای موازەنەیەو بەهیچ جۆرێك یەكناگرێتەوە لەگەڵیدا، لەلایەكی ترەوە بەبڕوای من حكومەتی عێراقی ناچێتە ژێر باری ئەو ژمارە خەیاڵیانەی كە لەهەرێمدا هەیە. بۆیە بەكۆی گشتی پێمان وایە رێگری یاسایی و دەستووری و واقیعیش هەیە بۆ ئەوەی كە نەتوانرێت مووچە راستەوخۆ لەبەغداوە بدرێت بەفەرمانبەرانی هەرێم.» سەرەڕای ئەو رێگرییە دەستووری و یاساییە، بەڵام یوسف كیلابی و نەوەی نوێ سوورن لەسەر هەوڵەكانیان و دەیانەوێت بەڕێگەیەكی یاسایی هەوڵەكانیان بگەیەننە ئامانج، ئەویش هەمواركردنەوەی یاسای بودجە. لەوبارەوە كیلابی بەهاوڵاتی وت «هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاسایەك پێشكەش دەكەین بۆ هەمواری یاسای بودجە، پاش ئەوەش دەتوانین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازینەوەو ئاواتی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خۆشەویست بەدیبهێنین و هەموو هەوڵێكیش ئەدەین و تاكۆتایی لەگەڵیدا دەڕۆین و پشت بەخوا سەركەوتووش دەبین.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە، پێشنیاری لایەنێكی سیاسی هەرێمە، هاوكات چەندین پەرلەمانتارو فراكسیۆنی جیاوازی عێراقی، دەنگیان یەكخستووەو لەهەوڵی ئەوەدان پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكەن، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەنەوەی نوێ بە هاوڵاتی وت «دەنگێكی زۆرمان كۆكردوەتەوەو زۆرینەی لایەنە كوردییەكان و بەشێكی زۆری عەرەبەكانیش لەگەڵماندان.» لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی هەرێم لەدانیشتنی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارەداركردنی هەرێم لەلایەن بەغداوە رابگیرێت، لەوبارەوە یوسف كیلابی بەهاوڵاتی وت « نەهاتنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ ئێرەو وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكەی لیژنەی دارایی بەئامادەنەبوونی لەدانیشتنی میوانداریكردنیدا، مانای وایە كە كێشەو گرفت و ناڕوونی هەیەو ئەوان نایانەوێت دەركەوێت و بۆ ئێمەی روون بكەنەوە، كێشەكانیش لەژمارەی فەرمانبەراندایە، ئەوان نایانەوێت ئەو پارەیەی دەینێرین بیدەن بەفەرمانبەر، واتە ئەگەر ئەوان گرفت و كێشەیان نەبێت ئەوا شتەكان روونن و پێویست بەم دواخستن و پەكخستنە ناكات و ئامادە دەبوون، لەبەرئەوە پێمان وایە كە هۆكاری سەرەكی ئەو كێشانە وەزیری داراییە، دەبوو ئەم هەفتەیە بێتە ئێرە، بەڵام نەهاتووە. ئەگەربێتوو بەردەوام بێت لەسەر دواخستنی ئامادەنەبوون، ئەوكات كێشەو گرفتی بۆ دروست دەبێت، بەدڵنیاییەوە پرۆسەی ناردنی پارە كۆتایی دێت و ئیتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بنێرینە هەرێم. چونكە ئەمە رێكەوتنە، ئەوكاتەی كە مەسرور بارزانی هاتە بەغداو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، لەسەر دوو بڕگە رێكەوتن، یەكەم پێشكەشكردنی داتای راست و دروستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها ناردنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا. بەڵام دەبینین هیچكام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەبوون، بەواتایەكی تر واتە بارزانی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد.» چەندین جار بەهۆکاری جیاواز دانیشتنی پەرلەمان بۆ بانگێشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دواخراوە و لەهەفتەی رابردووشدا حکومەتی هەرێم بەنووسراوێک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاگادارکردەوە کە ئاوات شیخ جەناب تا دوو هەفتەی تر ناتوانێت سەردانی بەغدا بکات. بەپێی نووسراوەکە، «ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیەو هەفتەی داهاتووش ناتوانێت ئامادەبێت لە لیژنەی دارایی، چونکە لەوەزارەتەکەیدا سەرپەرشتی ئامادەکردنی داواکارییەکان دەکات بۆ دەستکردن بەوردبینی ژمارەو بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەهەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان». بابەتی موچەی فەرمانبەران، بووەتە كێشەو گرفتی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و رێگریش لەهەر هەوڵێك دەكات بۆ ئەوەی پێدانی موچەی فەرمانبەران بگوازرێتەوە بۆ بەغداد، ئەمەش نیگەرانی لای موچەخۆران دروستكردووەو بەگومانەوە لەهەر هەوڵێك دەڕوانن كە بەئاراستەی چارەسەری كێشەكەیان بدرێت.  

سەركۆ جەمال   نزیكەی هەفتەیەكە توركیا بەچڕی لەزەوی و ئاسمانەوە بۆردوومانی ناوچە كوردیەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، بەپێی ئامارێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات،  لەپێنج رۆژی هێرشەكەدا 72 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوەو 55 دامەزراوەی مەدەنی و پەیوەست بەژیانی هاووڵاتیانی كردووەتە ئامانج، بەهۆی هێرشەكانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین. سیامەند عەلی، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێرشەكانی توركیا دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان چڕبوونەوە، تائێستاش لەڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین». وتیشی:»لەو كەسانەی شەهیدبوون 11 كەسیان مەدەنین و ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزە ئەمنیەكانن كە 29یان ئەندامی ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرن و زۆربەی زیانەكانیش لەحەسەكەن». وتەبێژی یەپەگە باس لەوەشدەكات توركیا لەڕێگەی 34 هێرشی ئاسمانیەوە 23 دامەزراوەی مەدەنی لەڕۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج لەوانەش (پێگەی نەوتی لەشارۆچكەی كرداهۆڵ، وێستگەی سیكركا، وێستگەی تەقل بەقڵی نەوتی، وێستگەی ئاوی خانا، وێستگەی كارەبای مالیكیە، ناوچەی پیشەسازی دەوروبەری حەسەكە، نووسینگەیەكی دراو لەمشیرفە، رادیۆی ستار، دەوروبەری كەمپی رۆژ، كارگەیەك لەكۆبانی، كارگەی رستن و چنین لەعامودا، یاریگەیەكی وەرزشی لەكۆبانی، نەخۆشخانەی كۆرۆنا لەكۆبانی، كۆمپانیایەكی نەوت لەقەحتانیە، وێستگەی ئاوی باكوری حەسەكە، وەرشەی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل لەباشوری رۆژئاوای سررین،  وێستگەی ئاو لەگوندی رەكبە لەدەوروبەری تل تەمر، وێستگەیەكی كارەبا لەدەوروبەری حەسەكە، وێستگەیەكی كارەبا لەقامیشلۆ، قوتابخانەی گوندی داد عەبداڵ لەدەوروبەری تل تەمر. بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هێرشانەی توركیا لەسوریا ئەنجامیاندەدات، تاوانی جەنگە بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، داواش دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش فشار بخەنەسەر حكومەتی توركیا كە ئەو هێرشانە بوەستێنێت، هاوكات ئامادەیی خۆشی نیشاندەدات دۆسیەكانی پەیوەست بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەكان و كوشتنی هاووڵاتیان بگەیەنێتە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان. ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: لەڕۆژی نۆی تشرینی یەكەمی 2023 لەكاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی هێزەكانمان لەگوندەكانی (ئوم شەعیفە، باب ئەلفەرج، تل محەمەد، ئەلداودیە و عەبدولحەی) لەدەوروبەری شارۆچكەی زركان لەباكوری حەسەكە، هێزەكانی توركیای داگیركەریان كردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە چوار سەربازیان كوژراون و پێنجی دیكەش برینداربوون. ئارام حەنا دەشڵێـت: لەچوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سوپای توركیا، هێزەكانمان توانیویانە لەچەندڕۆژی رابردوودا 15 سەربازی توركیا بكوژن و 13 ی دیكەش برینداربكەن. وتەبێژی هەسەدە وتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش رەتدەكاتەوە كەڕایگەیاندبوو لەهێرشەكانیاندا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا 194 پێگەیان بەئامانج گرتووەو بەهۆیەوە 162 ئەندامی هەسەدە «كوژراون» . ئارام حەنا دەشڵێت: سەرجەم ئەو پێگانەی توركیا بۆردوومانی كردوون پێگەی خزمەتگوزاری و مەدەنی و ژێرخانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بوون، بەهۆی هێرشەكانیشەوە 45 كەس شەهیدبوون كە 11 یان مەدەنین، ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەربوون كە لەكاتی مەشق و راهێناندابوون. لەبارەی هێرشەكانەوە ئەڤین سوێد، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لەهەرێمی كوردستان، بەهاوڵاتی وت:»توركیا لە 4-10-2023 ەوە هێرشێكی قورسی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووە، هێرشی ئەمجارە زیاتر لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و درۆنەوەیە، وەك چۆن لە 2018 بەوشێوەیە هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێكرد، دواتریش لە2019 دا بۆ سەر سەرێكانی بەهەمانشێوە دەوڵەتی توركیا هێرشی ئەنجامدا». وتیشی:» تائەمڕۆ هێرش بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، بەڵام هێرشی ئەمجارە جیاوازە دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتی هێرش دەكەینەسەر ژێرخانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەوكاتەوە هەموو كایەكانی پەیوەست بەژیانی خەڵك بۆردوومانكراون، لەوانە وێستگەی كارەباو سوتەمەنی و پڕۆژەی ئاوو تەنانەت بەنداوەكانیش». «ئەو سیاسەتە بۆ ئەوەیە خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كۆچ بكەن و لەجێگەی ئەوان لەناوچە كوردیەكان چەتەكانی نزیك لەخۆیان نیشتەجێ ببن، دەیانەوێت گۆڕانكاری دیموگرافی دروست بكەن، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیەو زیاتر خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج» . ئەڤین سوێد وای وت. بەوتەی نوێنەری رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان «بەئامانجگرتنی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن توركیاوە بۆ ئەوەیە رێگری لەكاری ئەوان بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر كەتوركیاو گروپەكانی نزیك لێی كاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر دەكەن». نورشان حسێن ئاماژە بەوەشدەكات «لەبەرامبەر هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان تائێستا چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و خەڵكی سلێمانی و چەند وڵاتپارێزێك هەڵوێستی خۆیان پێشان داوە، ئەو هێرشە رەنگە بەردەوامبێت و ئامانج لێی لەباربردنی دەستكەوتەكانی كوردە بۆیە پێویستە هەموو كەسێك هەڵوێستی هەبێت چونكە كاریگەری دەبێت لەسەر رای گشتی». هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریكا جگە لەئیدانەكردنی هێرشەكان و خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركیا كەنزیكببوەوە لەهێزەكانیان، هیچ هەڵوێستێكی دیكەی نەبووە، بەڵام بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رۆژی 10-10-2023 ئەمریكا 30 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی لەڕێگەی دەروازەی وەلید لەهەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش كردووە لەدەوروبەری حەسەكە. وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەكانی توركیا،  بەتایبەت ئەو هێرشەی كە هەشتی ئەم مانگە كردیەسەر ئەكادیمیای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەڕۆژئاوای كوردستان و بووە هۆی شەهیدبوونی 29 ئەندامی ئەو هێزانەو برینداربوونی 28 ی دیكە، لەسەرتاسەری رۆژئاوای كوردستان سەرجەم دامەزراوەكان و خوێندنگە و بازاڕەكان لەناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا داخران و ئەو داخستنە گشتییەش سێ رۆژ دەخایەنێت. هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەكاتێكدایە، داعش لەهێرشەكانی بۆ سەر هێزە ئەمنیەكانی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامەو حكومەتی سوریاش ناوبەناو لەڕێگەی بەشێك لەهۆزەكان بەتایبەتیش لەدێرەزوور دەیەوێت گرفتی ئەمنیی بۆ هێزە كوردییەكان دروستبكات. رۆژئاوای كوردستان لەوكاتەوەی لەساڵی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانە ناوخۆییەكانی سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراندووە، بەردەوام لەلایەن توركیاو ئێران و پاشانیش گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیاو لە2014 لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش رووبەڕووی هێرش و پەلامار بووەتەوەو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیش لەلایەن توركیاو گروپەكانی نزیك لێی لە 2018و 2019 داگیركران.

راپۆرتی: واشنتن پۆست وەرگێرانی: هاوڵاتی   هێرشە گەورە ئاڵۆزەکەی سەر ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا لەلایەن چەکدارانی کەرتی غەززەوە ئیسرائیلییەکانی شۆککردووە، کە بەترس و تۆقانەوە سەیری چەکدارەکانیان دەکرد بەئاسانی بەنێو یەکێک لەپێشکەوتووترین سیستەمی ئەمنی جیهانیدا تێدەپەڕین. لانی کەم هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزارو ٦٠٠ کەسی تریش لەئیسرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ بارمتە گیراون. ئیسرائیل بەبەردەوامی غەززە بۆردومان دەکات و بەپیی قسەی بەرپرسانی فەڵەستینی، بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە لانی کەم ٧٠٠ کەسی کوژراون. «پەرژینە زیرەکەکە» کە ئیسرائیلی لە غەززە جیادەکردەوە بە تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو سەردەم پڕچەککراوەو ئەم پەرژینە بۆ ئەوە بنیادنراوە کە هەرچی دزەپێکردنێکی ئەمنی هەیە ئاشکرای بکات. ئا بەم جۆرەی خوارەوە چەکدارانی حەماس پێیدا تێپەڕین.   «دیواری ئاسنین» لەساڵی ٢٠٢١ ئیسرائیل تەواوکردنی «پەرژینە زیرەکەکەی» راگەیاند کە بەربەستێکی ٦٤ کیلۆمەترییە بەدرێژایی کەرتی غەززە کەکۆسپێکی کۆنکرێتی ژێرزەمینیش لەخۆدەگرێت. پرۆژەکە ساڵی ٢٠١٦ بەفەرمی راگەیاندرا دوای ئەوەی حەماس تونێلی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی ٢٠١٤دا. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، پرۆژەکە پێویستی بە ١٤٠ هەزار تۆن ئاسن و پۆڵا بووە لەگەڵ دانانی سەدەها کامێرا، رادارو هەستەوەر. نزیکبوونەوە لەپەرژینەکە لە بەری غەززەوە تەنها سنوردارکرابوو بۆ جوتیاران ئەویش تەنیا بەپێ. لەبەری ئیسرائیلەوە، تاوەری چاودێری و تەپۆڵکەی لمی دانراون بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەو دزەکەرە هێواشەکان. لەساڵی ٢٠٢١، بێنی گانتز کە وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بوو وتی، بەربەستەکە «دیوارێکی ئاسنین» لەنێوان حەماس و باشوری ئیسرائیلدا دادەنێت. بەڵام لەشەممەی رابردوو، هەوڵیکی زنجیرەیی رێکخراو یارمەتی حەماسی دا دیوارەکە تێپەڕێنێت. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل، پەرژینەکە لە ٢٩ خاڵەوە دزەیپێکرا. هەرچەندە پاسەوانی ئیسرائیلی لەتاوەرەکان لەهەر ٥٠٠ پێیەک بەدرێژایی نزیک لەدیوارەکە جێگیرکرابوون، بەڵام چەکدارانی حەماس رووبەڕووی بەرەنگارییەکەی کەم بوونەوە. دواتر دەرکەوت کە سنورەکە ستافێکی کەمی تێدا جێگیرکراوەو بەشێکی زۆری سوپای ئیسرائیل ئاراستەیان بەرەو ئەو پشێویانە گۆڕاوە کە لەکەرتی خۆرئاوا هەبوون. «سەرنجڕاکێشترین بەشی سیستەمەکە ئەوانەن کە هەستەوەرو ئاگادارکەرەوەیان تێدایە، بەڵام هەر کە لەپێشدا نەتبینی کە کەسێک خۆی رێکدەخات لەبەردەم پەرژینەکە، ئیتر پەرژینەکە هەر دەبێتە پەرژینێکی ئاسایی، پەرژینێکی گەورە بەڵام هەر پەرژینێکی ئاسایی»، ماتیو لێڤیت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک وا دەڵێت. بەم جۆرە چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نیو پەرژینەکەوە و تێیانپەڕاند: 1-درۆنەکان تەقینەوەیان دەخستە خوارەوە. بەدرێژایی سنورەکە، حەماس بە بەکارهێنانی درۆنی بازرگانی بۆردومانی تاوەرە چاودێرییەکان، ژێرخانەکانی پەیوەندی و سیستەمەکانی چەکیان کرد. 2-هەڵدانی موشەک و هێزی مرۆیی رێکخراو ئیسرائیل دەڵێت، حەماس زیاتر لەسێ هەزار موشەکی بۆ وڵاتەکە هەڵداوە کە هەندێکیان نزیکبوونەتەوە لە تەلئەبیب و ئۆرشەلیم (قودس). چەکدارانی حەماس بە پاراگلایدەرەوە سنوریان تێپەڕاند. 3-تەقینەوە بەدرێژایی پەرژینەکە. چەکدارانی حەماس تەقینەوەشیان بەکارهێنا بۆ تەقاندنەوەی بەشێک لەبەربەستەکە. بەشێک لەچەکدارانی تر بەسەر ماتۆرسکیلەوە بەناو ئەو بۆشاییانەی دروستبوون دەڕۆشتن. 4-فراونکردنی بۆشاییەکە. بلدۆزەرەکان، ئەوەی مابوو کردیان، بەمەش رێگەیان خۆشکرد بۆ کردنەوەی بۆشاییەکی فراوانتر تا ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕببێت. شارەزایان دەڵێن ئەم هێرشە چەند هەفتەیەکی لەئامادەکاری و پلانی فێڵکردن پێویستە. «کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کەلوپەلەکان پێشتر لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بخەیتە شوێنی مەبەست و دواتر بیخەیتە نیو باڵەخانە یان ژێر خێمە»، مایکڵ ئۆهانلن، توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگەی برۆکینگی ئەمریکی وا دەڵێت. مایکڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەگونجێت بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان  لەبەرچاودا بووبێتن لەگەراجی ئۆتۆمبێل یان ناوچەکانی باڵاخانە دروستکردن. بەڵام لیڤیت پێیوایە کە «بیرۆکەی هێنانی بلدۆزەر بەو نزیکییە لە پەرژینەکەوە سەرسوڕهێنەرو مێشک تێکدەرە».

هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی  سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل  سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی.  کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە.  بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم  لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن

عەممارعەزیز   زیاتر لە 15 ساڵە كێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گشتیمان هەیە، جگە لەمەش ئەو بنكانەی تەندروستی كەهەن پزیشك و دەرمان بەپێی پێویست نیە، بۆ بچووكترین نەخۆشی دەبێت سەردانی ئاكرێ‌ و شارەكانی تر بكەین»، ئەمە قسەی حەلیمە عەبدولڕەحمانە کەدانیشتوویەکی قەزای بەردەڕەشە لەسنوری پارێزگای دهۆک. حەلیمە عەبدولڕەحمان، تەمەنی 49 ساڵەو لەبەردەڕەش دادەنیشێت کەگرفتاری تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتییە. ئەو دەڵێت نەخۆشی شەکرەی هەیەو زۆرجار بۆ دەرمان کڕین سەردانی دەرەوەی بەردەڕەش دەکات چونکە هەندێکجار لەبەردەڕەش «دەرمان نامێنێت یان پزیشکی لێ نییە»و «ئەگەر خوا نەكات تووشی نەخۆشیەكی تر بین دەبێت سەردانی ئاكرێ‌ و دهۆك بكەین، ئاكرێ‌ كەنزیكترین قەزایە بۆ ئێمە بەهەمانشێوەی بەردەڕەش قەزایە بەڵام دوو نەخۆشخانەی هەیە نەشتەرگەری دەكرێت و ئەمانە لەبەردەڕەش نیە». نەخۆشخانەی بەردەڕەش لەساڵی 2012وە بەردی بناغەی بۆ دانراو گوژمەی پرۆژەكە 40 ملیار دینار بوو کەنەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەییە بەڵام تەنها ماوەیەكی كەم ئیشی لەسەر كرا كەتەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكراو زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن لەپرۆژەكەدا وەستاوە. بەردەڕەش لەساڵی 2007وە بووەتە قەزاو ١٥٠ هەزار دانیشتووی هەیە، لەسێ‌ ناحیەو 106 گۆند پێكهاتووەو تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی نییە. ئەوەی هەیە تەنها دوو بنكەی تەندروستییە لەسەنتەری قەزا لەگەڵ 16 بنكەی ناحیەو ناوچەكانی تر. شەهاب ئەحمەد کە هاووڵاتیەكی دیكەی شاری بەردەڕەشە دەڵێت، کاتێک نەخۆشخانەکە بەردی باغەی بۆ دانرا ئەو زۆر دڵخۆش بووە چونکە پێیوابووە رزگاری دەبێت لەکێشە تەندروستییەکان، بەڵام بەوتەی خۆی ئەو دڵخۆشییە بوو «بەخەون و ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر پرۆژەكە كراو دواتر وەستا  تائێستاش چارەنووسی دیارنیە، نازانین جارێكی تر دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت یان نا». لەدوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ چەندین پرۆژە لەهەرێمی کوردستان وەستاوەو تائێستا تەواونەکراون، نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەشیش یەکێکە لەو پڕۆژانە. شەهاب ئەحمەد باس لەوە دەکات کە «زۆر پێویستە بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بكرێت تاخەڵك كەمێك پشووبدات، گوناهی ئەو خەڵكە چیە رۆژانە دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەن بۆ لای پزیشك.» سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی پرۆژەکەو کارکردن تێیدا ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند، «دوو نەخۆشخانەی گشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە، یەكێكیان نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و ئەوەی تر نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەشاری دهۆك زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن تیادا وەستاوە ، ئەگەر بودجە لەبەغداوە بگات، ئەوا جارێكیتر دەست بەكارەكانی دروستكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەكەینەوە، هیچی نوێ لەسەر دەستپێكردنەوەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نیە، لەبەرنامەماندایە جارێكی تر دەست بەدروستكردنی بكەینەوە بەڵام چاوەڕێی پارە دەكەین». ئەفراسیاب موسا دەشڵێت، «نەخۆشخانەیەكی تر دروستكراوە لەسەنتەری بەردەڕەش وەكو بینایە تەواو بووە بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی نەخۆشخانە هەركات تەواوبن بەفەرمی بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، هیچ جیاوازی لەنێوان قەزاو شارەكاندا ناكەین بەپێچەوانەوە لای ئێمە هەموویان وەك یەكن، بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستمانە پزیشك و پەرستارو دەرمانی پێویست بۆ بەدەڕەش و دەوروبەریمان دابینكردووە.» بەڵام حەلیمە عەبدولڕەحمان کەچەندین ساڵە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە بێهیوا بووە لەبەڵێنی بەرپرسان و دەڵێت، «ماوە ماوە لەتەلەڤزیۆن و شوێنەكانی تر دەبیستین كەكێشەكان چارەسەر دەكەن بەڵام تەنها قسەیەو كردارمان نەبینیوە».