هاوڵاتی نزیک دەبێتەوە لەسێ هەفتە کە تانک و سەربازەکانی ئیسرائیل لەسنوری غەززە چاوەڕێن، ئەرکی ئەوان وەک دیاریکراوە داگیرکردنی کەرتی غەززەو لەناوبردنی توانستی سەربازی حەماس و نەهێشتنی دەسەڵاتیەتی. دوای زیاتر لەدوو هەفتە لەئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی بزوتنەوەی حەماس کەتێیدا هەزارو ٤٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢١٠ بارمتەش گیران، بەشێکی زۆر لەخەڵکی ئیسرائیل پرسیاری ئەوەیان لا دروست بووە ئاخۆ حکومەتی وڵاتەکەیان چاوەڕێی چییە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکراکرد کەواشنتن فشار لە تەلئەبیب دەکات هێرشە زەمینییەکەی بۆ سەر غەززە دوابخات تاکاتی زیاتر بدرێت بەدەستەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاترو گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە، هەروەها بۆ گەیشتنی کەلوپەلی سەربازی زیاتری ئەمریکا بۆ ناوچەکە. میدیاکانی ئیسرائیل پڕە لە راپۆرت و شیکاری لەسەر ناکۆکی و ئەو خاڵە جیاوازییانەی هەیە لەناو حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی لەگەڵ سوپای وڵاتەکە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمێژە خۆی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە سەرکێشی سەربازی مەترسیدارەو لەئێستاشدا بڕیاری نەداوە کەئایا کەی بڕیاری هێرش دەدات. رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە راپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکراکردووە کەسوپای ئیسرائیل پێیوایە بۆ ئەوەی ئامانجی حکومەتی وڵات بەدەستبهێنیت لەجەنگی دژی حەماسدا دەبێت سوپا بەزووترین کات ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێبکات. ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی سەرەکی جەنگەکە تێکشکان و لەناوبردنی ژێرخانی حەماسەو سوورە لەسەر ئەوەی بزوتنەوەکە لەناوبەرێت دوای هێرشەکەی حەوتی ئەم مانگە. لەدوای هێرشەکەوە ئیسرائیل بەچڕی دەستی بە بۆردومانی غەززە کردووەو بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تائێستا زیاتر لەپێنج هەزار کەس لەغەززە کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش بریندارن. رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کەسوپای ئیسرائیل ئەوەی بەحکومەتی وڵاتەکە راگەیاندووە کە بەتەواوی ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی لەکەرتی غەززەو بڕوای وایە کەئەو ئامانجە بەدیدەهێنێت کە بۆی دیاریکراوە، تەنانەت لەسەر حسابی قوربانییەکی زۆری سەربازەکانی و لەسەروبەندی هێرشەکانی حزبوڵای لوبنانی لەباکوری وڵاتەکەوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە حکومەت هەرگیز فەرمانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە نەدات یان بۆ ماوەی زۆر دوایبخات. لە راپۆرتەکەی تایمز ئۆف ئیسرائیل هاتووە کە سەبارەت بەبارمتەکان، سوپای وڵاتەکە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لەسەروبەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەدا. بەپێی راپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەیە کە تازیاتر حەماس بارمەتە ئازاد بکات سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکە ئۆپەراسیۆنەکە دوابخەن. لەشەوی هەیینی رابردوو حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکردو دواتریش لەدووشەممەی رابردوو دوو بارمتەی تری ئازادکرد. بەپێی هەندێک راپۆرتی میدیا جیهانییەکان ئەم هەنگاوەی حەماس بووەتە هۆی دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامبدرێت ئەوا حەماس زیاتر فشاری دەکەوێتەسەر کە بارمەتەی زیاتر ئازاد بکات. بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەئیسرائیل نەکردووە کە کۆتایی بەئۆپەراسیۆنەکە بهێنێت، بەڵکو ئامۆژگاری ئەوەی داوە کەچاوەڕێ بکات و واشنتن بەتەواوی پشتگیری ئیسرائیل دەکات لەئامانجەکەیدا کە لەناوبردنی حەماسە. لەسەر سنوری غەززە، جەنەڕاڵ هێرزی هالڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لەنوێترین لیدوانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کەسوپا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو بەهۆی هەندێ هۆکاری ستراتیجی ئەنجامدانی دواکەوتووە، دەشڵێت کە هێرشەکەی حەماس «واقیعی ئێمەی گۆڕی». لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هالڤی وتی کە حەماس «پەشیمانە» لەو هیرشەی کردی بۆ سەر ئیسرائیل و «سوپا ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و لەگەڵ سەرکردەی سیاسی وڵات بڕیار لەچوارچێوەو ساتی قۆناغی داهاتوو دەدەین». «ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەم روویدا هەرگیز لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەوە رووینەداوە، بۆیە پێویستی بەگۆڕانکاری بناغەیی هەیە لەواقیعی ئەمنیماندا، ئەوە باجی دەبێت لەوانەش دریژخایەنی جەنگەکە». بەپێی راپرسییەکەی رێکخراوی ئیسرائیل دیموکراسی، لەدوای هێرشەکەی حەماسەوە متمانە بەحکومەتی ئیسرائیل لەنیو خەڵکی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەجۆرێک کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا شتی وا رووینەداوە. راپرسییەکە بەشێوەیەکە کەتەنها لەسەدا 28%ی هاووڵاتیانی جوولەکە و عەرەبە ئیسرائیلییەکان متمانەیان بەکابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ هەیە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس لە ٧ی ئەم مانگە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکی تریدا ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتێکدا کە بەشێک لەخەڵکی ئیسرائیل داوی ئەوە دەکەن ئۆپەراسیۆنەکە زوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێکی تر داوای ئەوە دەکەن پەلە نەکرێت و ژیانی سەربازان بەهەند وەربگیرێت بەشێوەیەک کەکاتی زیاتر بدرێت بەهێزی ئاسمانی تا تونێلەکانی حەماس لەناوببات و سەربازی ئیسرائیلی بەئاسانی بچنە ناو غەززەوە. بەشێک لەو شیکەرەوانە پێیانوایە کەئەوە مانای ئەوەیە کە رەنگە هەرگیز ئۆپەراسیۆنەکە نەکرێت چونکە زۆر مەحاڵە کە تونێلەکان تەنها لەڕێی هیزی ئاسمانییەوە لەناوببرێن بەوپێیەی ئیسرائیل چەندین ساڵە بۆردومانی غەززە دەکات و نەیتوانیوە تونێلەکان لەناوببات تەنها بەشێکی کەمیان نەبێت کەنزیک دەبنەوە لە ٣٢ تونێل. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئیسرائیل ئەم کاتەی بەکارهێناوە تا زیاتر زانیاری هەوڵگری کۆبکاتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی حەماس بکات کە لەخاکی ئیسرائیلدا گیراون، بەڵام مەترسی لەم دواخستنەش بوونی هەیە. نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک رەنگە ئیسرائیل پشتگیری نێودەوڵەتی کەمببێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی ئەوەی کە رۆژ بەڕۆژ ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین زیاد دەکات و قەیرانی مرۆیش لەغەززە تادێت خراپتر دەبێت. لەسەر دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیمانیۆل ناهشۆن، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لەوەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە بەسکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە کەکارێکی «خراپ نییە» بەهۆی ئەو قەیرانەی کەدروستبووە لەسەر بارمەتەکان. ئەو دیپلۆماتکارە ئیسرائیلیە دەڵێت، هێرشەکەی حەماس ئامانج لێی تۆقاندنی خەڵکی ئیسرائیل و پەلەقاژەکردنی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتەکە بوو تاخێرا سەرباز بنێرنە نێو غەززەوە. ئەمەش وایدەکرد کەسوپای ئیسرائیل «بکەوتایەتە هەموو ئەو تەڵەو داوانەوە کە حەماس بەوردی دایڕشتبوو»، بەرپرسەکەی ئیسرائیل وادەڵێت. ناهشۆن پێیوایە ئەو کاتەی کەچاوەڕێیان کردووە «خراپ نەبووە» چونکە کاتی پێویستیان هەبووە لەدۆخەکە تێبگەن و وریابن. بەرپرسەکەی ئیسرائیل دەشڵێت سوپای وڵاتەکە کاتی خۆی بۆ ئامادەکاری وەردەگرێت هەروەک چۆن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کاتی خۆی وەرگرت بۆ هێرشکردنەسەر رێکخراوە تیرۆریستییەکە. «شتێکی خراپ نییە ئەگەر کاتی خۆت وەرگریت بەتایبەتی ئەگەر کاتێک بارمتە لەبابەتەکەدا هەبێت»، ناهشۆن وات وت.
عەممار عەزیز تاپڕێکی ئیشنەکردوو بووەتە مۆتەکە بۆ گۆهدار زێباری رۆژنامەنوس و کەسوکارەکەی دەڵێن، ئەو تۆمەتەی بۆ «هەڵبەستراوە»و چەکەکە خراوەتە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تا سزای بدرێت، ئێستاش باوکی بێهیوا بووە لەئازادکردنی و دەڵێت، «گەشبین نیم بە ئازادكردنی لەوانەیە پێش ئازادكردنی جارێكی تر كێشەیەكی تری بۆ دروست بكەن». محەممەد عەبدولحەمید، باوکی گۆهدار، لەسەر رۆژی دەستگیرکردنەکەی گۆهدار چەند نهێنییەک بۆ هاوڵاتی دەدرکێنێت و دەڵێت، ئەو تاپڕەی سزای پێدراوە لەئۆتۆمبێلەکەی گۆهداردا نەبووەو هێزێکی ئاسایش خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە. «ئەو رۆژەی كوڕەكەم دەستگیركرا لەگوند نەبوو هاتبوو بۆ ماڵی خۆشكی خۆی لەئاكرێ ، دەوروبەری كاتژمێر 9 هێزێكی ئاسایش كەنزیكەی 10 ئۆتۆمبێل بوون گۆهدار دەستگیردەكەن دواتر پشكنینی ماڵ دەكەن، تاپڕێك لەگەڵ چەند فیشەكی تاپڕەكە دەدۆزنەوە دواتر یەكێكیان دەیكاتە ناو ئۆتۆمبێلی گۆهدار تاوەكۆ بڵێن ئەم تاپرەیە هی گۆهدارە، تاپڕەكە هی باپیری گۆهدارەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئەوەندە كۆنە هەر ئیش ناكات تەنیا بۆ جوانی و یادەوەری هەڵگیراوە». گۆهدار زێباری كێیە گۆهدار محەمەد عەبدولمەجید ناسراوە بەگۆهدار زێباری لە 1ی نیسانی 1991 لەگوندی هەشتكا سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ لەدایكبووە ، هەر لەمنداڵی و لەتەمەنێكی كەمدا وانەی ئایینی لەلای مامۆستایانی ئایینی ناوچەكە خوێندووە، لەتەمەنی چوارساڵییەوە وەكو گوێگر خرایە بەرخوێندن دواتر قوناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەقەزای ئاكرێ تەواوكردووە، دبلۆمی لەكارگێڕی یاسادا هەیە. گۆهدارو ئاشنایەتی بەڕاگەیاندن سەرەتای ئاشنایەتی گۆهدار زێباری لەكاری راگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 لەوساڵەوە تا 2015 وەك پێشكەشكارو دەرهێنەر لەڕادیوی پەیام لەئاكرێ كاری كردووە، دواتر دەستیكردووە بەنووسینی وتارو ئامادەكردنی راپۆرت لەگۆڤارەكانی باشورو شەیدا، لەگەڵ ئەوە لەسەرەتای ساڵی 2012 وەك پەیامنێری كەناڵی سپێدە دەستبەكاربوو تا 2015 ، لەساڵی 2014 وەك پەیامنێری سپێدە رۆیشتووە بۆ كۆبانێ بۆ رۆماڵكردنی شەڕی كورد لەو شارە. لە 2015وە پەیوەندی بەئێن ئاڕتی دەكات، وەكو پەیامنێر لەئاكرێ ئیشدەكات تاوەكو 2019 ، لەو ماوەیەی كاری راگەیاندن 14 جار دەستگیركراوە، دوای 2019 بەردەوامی داواكاری راگەیاندن لەگەڵ ماڵپەری پەرەگراف و وڵات، لە 2018 وەك نوێنەری سەنتەری میترو لەئاكرێ دەستنیشانكراوە. سەرەتای دەستگیرکردنی و تۆمەتە جیاوازەکان گۆهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی تر لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر بەشەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدارن و بەتۆمەتی « سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتاو ئاژاوەگێڕی». لەمانگی شوباتی 2022 بەفەرمانێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سزاکەی گۆهدارو هاوڕێکانی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە جگە لەشێروان شێروانی کەسزاکەی بەڕێژەی 50% کەمکرایەوە. بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، وابڕیاربوو 16ی ئازاری 2023 گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بەحەوت مانگی تر زیندانی سزادرا بەتۆمەتی «گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی» پێش دەستگیرکردنی. دوای ئەو حەوت مانگە بڕیاربوو لەمانگی ئابی ئەمساڵ گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» جارێکی تر شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بڕیارەکە لە رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2023 درا بەهۆی تۆمەتی هەڵگرتنی تاپڕێكی سەردەمی ئینگلیز. لەسەر دووبارە سزادانی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری پێشتر بەهاوڵاتی راگەیاند، «دەیانجار وتوومانە ئەو تاپڕە هی گۆهدار نیە، ئەوەندە كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئێستا هەر تەقە ناكات بەڵام بێسوود بووە دادوەر بەو شێوەیە بڕیاری داوە كەئەو چەكە هی گۆهدارە بەڵام ئەمە زۆر دوورە لەڕاستی «. «دایكم سێ جار لەگەڵ باوكم دەهاتە پێش دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك كە دەهات بەیانییەكەی زوو لەخەو هەڵدەساو بەدڵێكی پر هیواوە دەهات، ئاواتی ئەوە بوو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، ئەوەی دادوەر كردوویەتی ناحەقیەكی زۆر گەورەیە، ئەوە دەسەلمێنێت كە بەهیچ شێوەیەك دادگاكانمان سەربەخۆ نین»، زێدان زێباری وای وت. باوکی گۆهدار دەڵێت، «بەو تەمەنەوە زیاتر لە 100 جار لەگەڵ دایكی و براو خوشكەكانی سەردانی هەولێرمان كردووە، زیاتر لەپێنج جاریش بەدڵێكی پر هیواوە دەهاتینە پێش دەرگای دادگای هەولێر تاوەكو گۆهدار لەگەڵ خۆمان ببەینەوە ماڵ، بەردەوام لەپێش دادگا نزامان دەكرد بەڵام دواجار بەدەست بەتاڵی و خەمێكی قوڵەوە گەڕاینەوە ئاكرێ«. بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك، هەر كەسێك بەبێ موڵەت چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە ، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بەبەندكردن بۆماوەیەك سزا دەدرێت كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت و لەسێ ساڵ زیاتر نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لەدوو ملیون كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیون دینار زیاتر نەبێت. رێڤینك یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنووسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت، «بەڵگەی تەواو و دروست نەبووە كە بیسەلمێنێت گۆهدار تاپڕی هەڵگرتووە یان موڵكی ئەو بووە، بڕیارێكی نادادوەرانە بوو، كەیسێك دروستكراوەو لەپێش دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات، دادوەر خۆیشی بڕوای بەبڕیارەكەی خۆی نییە». «ئەو ماددەیەی گۆهداری پێ سزادراوە ، ماددەی 15ی یاسای چەكە، بڕیاری سزادانی شەش مانگە، بەڵام لەبەرئەوەی گۆهدار بۆ ماوەی مانگێك و چواردە رۆژ لەئاسایش راگیراوە، ئەو ماوەیەی بۆ حساب دەكرێت، واتە چوار مانگ و 14 رۆژی تر ئازاد دەكرێت»، رێڤینك یاسین وای وت. «تەحەدا دەكەم بۆ یەك جاریش گۆهدار فیشەكێكی لەكڵاشینكۆف یان هەر چەكێكی تر تەقاندبێتەوە ، زۆر رقی لەچەكەو هەرگیز حەزی نەدەكرد چەك هەڵبگرێت، دوایین كاریشی ئیشی پێشانگای ئۆتۆمبێلی دەكرد لەشاری ئاكرێ « باوكی گۆهدار زێباری وای وت. محەممەد عەبدولحەمید تەنانەت باس لەوە دەکات کە لەسەر ئەو تاپڕە سزای دارایی گۆهدار دراوە. «لەسەر ئەو تاپڕە بەقسەی پارێزەرانی پێشتر وەك سزای دارایی 150 هەزار دیناریان بەدادگا داوە، سەرەتا دادوەر وتی ئەمە هەر بەچەك حساب ناكرێت دواتر بابەتەكەیان گەورە كرد، دۆسیەی سیخوڕیكردن و لۆگۆی ئۆتۆمبێل و تاپڕیان هەموو بەئەنقسەت بۆ گۆهدار دروستكرد». رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەرێكی ترە لەتیمی بەرگری لەڕۆژنامەنوسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت «بەقسەی سێ پۆلیس تاپڕێك لەگەڵ 150 فیشەكی كڵاشینكۆف لەگەڵ دوو (دووربینی سەربازی) لەناو ئۆتۆمبێلەكەی گۆهدار زێباری دۆزراونەتەوە، گۆهداریش رەتیدەكاتەوە كەئەو شتانە هی ئەوبن، دادوەر لەسەر قسەكانی شاهدحاڵەكان بڕیاریدا بەسزادانی شەش مانگ زیندانی «. رەمەزان ئەرتیسی دەشڵێت، « لەهەرسێ دۆسیەی گۆهدار بڕیارەكەی دادگامان تەممیزكردووە، ئەگەر بڕیارەكان دادوەرانە بوونایە بەدڵنیاییەوە تەممیزمان نەدەكرد، گۆهدار دەڵێت ئەو تاپڕو فیشەكانە لەگەڵ دوو دووربینەكە هی من نین، دادوەر بەخۆشی وتی كاك گۆهدار لەوانەیە قسەكانی تو رادەیەك قەناعەت بۆ من دروستبكات بەڵام سێ پۆلیس سوێندیان خواردووە كەئەمانە هی تۆن بۆیە لەسەر قەسەی ئەوان بڕیاری دەركردووەو بەپێی یاسا ئەگەر سێ كەس بوون بەشاهید لەسەر كەسێك هەرچۆنێك بێت تاوانبارە». دوای دەركردنی بڕیارە تازەكە پارێزەران و كەسوكاری گەشبین نین بەئازادكردنی گۆهدار زێباری «ئەو سێ پۆلیسەی سوێندیان خواردووە ماڵی خۆیان وێرانكرد چونكە كوڕەكەم بێتاوانە، هیچ جارێك شەڕە قسەیەك یان شتێكی خراپی نەكردووە، سێ كوڕم هەیە گۆهدارلەهەموویان بچووكترەو زۆرم خوشدەوێت، دوای ئەو هەموو ستەم و بڕیارانەی ناحەق گەشبین نیم بەئازاد كردنی، لەوانەیە پێش ئازادكردنی جارێكی تر كێشەیەكی تری بۆ دروست بكەن، تەنها خوامان هەیە هیچی تر ناڵێم « باوكی گۆهدار وای وت . «هەموو شتێك چاوەڕوانكراوە نازانم دوای چوار مانگی تر چی روودەدات، ناتوانم بڵێم دوای كۆتاییهاتنی حوكمەكەی خۆی ئازاد دەكرێت « رەمەزان ئەرتیسی وای وت.
سەركۆ جەمال لەکاتێکدا هێشتا هەوڵی ئەوە دەدرێت دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەڵبوەشێتەوە بەڵام لە هەولێر کامێرای چاودێری زیاتر دادەنرێت و لە سلێمانیش لەسەر رێگایەکی تر داندراوە، بەڵام نەکەوتوونەتە کار. بەڕێوەبەری كامێراكان لەهاتوچۆی سلێمانی دەڵێت «تائێستا تەنها لەسەر رێگای سلێمانی دوكان كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كاردەكەن، بەڵام لەسەر رێگای تاسڵوجە تاچەمچەماڵیش دانراوەو هێشتا دەستی بەكاركردن نەكردووە»، لەسلێمانی بەسستی كامێراكان دادەنرێن و تائێستا تەنها لەسەر رێگای دوكان سلێمانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ كاردەكەن. عەمید سەعدوڵا، بەڕێوەبەری كامێراكانی هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا تەنها كامێراكانی رێگای سلێمانی دوکان (خاڵ بۆ خاڵ) كەوتوونەتە كارو لەهیچ شوێنێكی دیكە كامێراكان كارناكەن». عەمید سەعدوڵا وتیشی:»هۆكاری ئەوەی كەبۆچی تائێستا كامێراكان لەشوێنی دیكە نەكەوتوونەتەكار پەیوەندی بەكۆمپانیاكەوە هەیە، بەڵام لەئێستادا لەسەر رێگای تاسڵوجە تاچەمچەماڵیش ئامادەكاری بۆ خستنەكاری كامێراكانی (خاڵ بۆ خاڵ) كراوە بەڵام تائێستا نەكەوتوونەتەكار. فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، شەوی شەممە 21-10-2023 ، 36 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەستیان بەكاركردن كردووە. وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر وتیشی: كامێرای خاڵ بۆ خاڵ پابەندت دەكات كە بەخێراییەكی سنووردار شۆفێری بكەی، چونكە كاتێك لەكامێرایەك تێدەپەڕی، لەپشتەوەی ئۆتۆمبێلیش كامێرایەكی دیكە سەرپێچی و خێراییەكان تۆماردەكات. فازڵ حاجی دەشڵێت: لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و دووربوون لەسزای یاسایی، پێویستە شۆفێران پابەندی خێرایی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بن، كە 110 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا دیاریكراوە. وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ گیرفانبڕینی هاووڵاتیان نییە، ئامانج لەدانانی، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیانە. «دوای نووژەنكردنەوەو دروستكردنی چەندین رێگاوبانی تازە، بینرا هاووڵاتیان بەدروستی بەكاریناهێنن و رێژەی مردن و برینداربوون بەهۆی رووداوەكانی هاتووچۆ بەرزببوونەوە، بۆیە بیر لەوەكرایەوە كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابندرێت، لەو شوێنانەی كەكامێرای خاڵ بۆ خاڵ داندراوە، یەك رووداوی هاتووچۆ تۆمارنەكراوەو شوفێران لەئێستادا پابەندن بەخێرایی دیاریكراوی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ.» فازڵ حاجی وادەڵێت. وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەشكرد : درێژی رێگای شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر 26 كلیۆمەترە، ئەگەر شوفێران بەخێرایی دیاریكراو ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، 20 خولەكیان پێویستە، ئەگەر كەمتر لەو خێراییە (110 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا) شوفێر ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، بەسەرپێچی بۆی هەژمار ناكرێت، تەنیا لەو خێراییەی كە دیاریكراوە بەسەرپێچی هەژمار دەكرێت. پێشتریش فازڵ حاجی رایگەیاندبوو، بەپێی سیستمەكە خێرایی ژمارەكان كە لەسەر تابلۆكان دیاریكراوەو لەسەرووی ئەو ژمارانەوە كامێراكان سەرپێچی تۆماردەكەن. ئاماژەی بەوەشكردبوو خێرایی رێگاكان دیاریكراوەو كامێراكانیش تیژڕۆیی سەرووی خێرایی دیاریكراو تۆماردەكەن. پێشتریش هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو، كامێرای خاڵ بۆ خاڵ تاساڵی 2030، رووداوو قوربانییەكانی هاتووچۆ بەڕێژەی 50% كەمدەكاتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كەسەرەتا لەسلێمانییەوە دەستیپێكرد، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، داواكاری گشتی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی كامێراكانیان رەتكردەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم گوێی بەناڕەزایەتی هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگاو داواكاری گشتیش نەداو بەردەوامە لەدانانی ئەو كامێرایانە. بۆ كۆنترۆڵكردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەشەقامەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر بۆ دانانی نزیكەی 500 كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی لەهەرێمی كوردستان كردووە، كە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت كاردەكەن، بەڵام تائێستا لەسلێمانی سیستەمەكە بەخاوی دادەنرێت و لەهەولێریش بەخێرایی. عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەلێكۆڵینەوەی یاساییدان بزانین ئەوە پسپۆڕی دادگای فیدراڵییە، چونكە ئەگەر پسپۆڕی ئەوان نەبێت رەتدەكرێتەوە، دادگای فیدراڵی بۆ ئەو بابەتانەیە كەڕەهەندی دەستوری هەیە». وتیشی:»سەد لەسەد دڵنیا نەبین پسپۆڕی دادگای فیدراڵییە نایبەینە ئەوێ، بۆیە دەبێت پسپۆڕی دەزگا دادوەریەكانی هەرێمەو لەهەرێمیش وەك خۆتان دەزانن حزب باڵادەستە». ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:»لەڕاستیدا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێككەوتنی هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوەو كۆمپانیاكە خاوەنداریەتی بۆ هەردووكیان دەگەڕێتەوە، بۆیە گوێ لەكەس ناگیرێ نە وەزارەتی ناوخۆ نە هیچ لایەنێكی دیكەو داواكاری گشتیش». ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتە ئەوەی چەند جارێك كامێراكان لەسلێمانی تەقەیان لێكراو شكێندران، لەپیرەمەگرونیش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو دژ بەدانانی ئەو كامێرایانە. تاڵب محەمەد یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون، كە دژ بەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێوەچوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: تا ئەم خولەكە هیچ كەس وەڵامی داواكاری ئێمەی نەدایەوە كەگۆڕینی میكانیزمی كامێراكان بوو، نەك ئەوە بەڵكو بەنیازیشن هەموو كوردستان بكەن بەو كامێرایە. پێشتریش فیدراسیۆنی رێكخراوەكان سەبارەت بەدانانی ئەو كامێرایانە هاتووەتە سەرخەت و بەنیازن كەیسەكە بگوازنەوە بۆ دادگا، وەك خۆشیان ئاماژەیان پێدابوو قۆناغی باشی بڕیوەو هەنگاوی داهاتووشیان ئەوەیە پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە بۆ دادپەروەری لەدانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ دەبێت. دیلمان حەمەنادر سەرۆكی رێكخراوی ترافیك بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كەئەو كامێرایە واتە خاڵ بۆ خاڵ، سەرەتا لەئوستورالیاوە سەریهەڵداو تائێستا كامێراكە لەهەر شوێنێك دانرابێت لەپڕ نەبووەو لەشوێنی زۆر دانەنراوە، بەڵكو لەوڵاتان لەو رێگایانە دانراوە كەمەترسی رووداوی هاتوچۆی زۆربووەو قەرەباڵغ بووە. هەروەها وتیشی: ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت نیشانەی پرسیارەو بێگومان بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، 60 ملیار دینار لەمانگێكدا داهاتی كۆمپانیاكەیە لەسلێمانی . دیلمان حەمەنادر دەشڵێت: مانگانە ئەگەر شۆفێریش نەچێت سەرپێچییەكە بدات حكومەت دەبێت ئەو قەرزە بدات بەكۆمپانیاكە كەئەمە دیارە بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، لەهیچ وڵاتێكی دنیا شتی لەو شێوەیە نییە. «لەناو گرێبەستەكەدا وردەكاری هەیەو تەنانەت باسی شەقامی 100 مەتری و 60 مەتریش هاتووە كەهاتوچۆ دەڵێت لەناو شار دانانرێت، بەڵام مادام لەگرێبەستەكەدا هاتووە لەناو شاریش خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت، ئەگەر ئامانج سەلامەتی شۆفێرو هاوڵاتی بوایە دەبوو سەرەتا لەڕێگەی كەلار- سلێمانی دایانبنایە». سەرۆكی رێكخراوی ترافیك وادەڵێت. هاوڵاتی سەبارەت بەوردەكاری گرێبەستەكە پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی هاتوچۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆشەوە كرد، بەڵام نە ئامادەبوون وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی وردەكاری گرێبەستەكەو ئاماری رۆژانەی سەرپێچی تۆماركراو بدەنەوەو خۆشیان بوارد لەوەڵامی ئەو پرسیارەی سەبارەت بەژمارەی كامێراكان لەسەرتاسەری هەرێم و گوژمەی گرێبەستەكە بەگشتی ئاڕاستەیان كران. بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون، لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم نزیكەی 900 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیر دەكرێن، هاوكات سەدان ئۆتۆمبێل وەك خەڵات پێشكەش بەوەزارەتی ناوخۆ كراوە وەك شیرینی گرێبەستەكەی نێوان كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم. رۆژی یەكشەممە 5-5-2023 رێبەر ئەحمەد، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕەخنەكان لەخاڵ بۆ خاڵ، رایگەیاند: مەبەست لەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ ئەوەیە كەپاراستنی سەلامەتی رێگاكان و هاووڵاتیانە ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەویە لەڕێگەی كامێراوە، ئەو كامێرایانەی پێشتر هەبوون كۆن بوون و لەگەڵ سەردەم نەدەگونجان.. «لەسەر بنەمای زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران و كەمئەندامانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بڕیارماندا بەدانانی سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ، ئەو پۆپۆلیستانەی كە وادەڵێن خەڵك زەرەرمەند دەبێت بیر لەسەلامەتی هاووڵاتیان لەسەر شەقامەكان ناكەنەوە، بۆیە حەق وایە ئەو كارە بۆ خەڵكی پسپۆڕ لێبگەڕێن و هەموو سیاسی و پەرلەمانتارو خەڵكی دوور لەواقعی هاتوچۆ باسی دەكەن، حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەیە رووداوەكان كەمببنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە جێبەجێی دەكەین». وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت. كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لە (11-4-2021) گرێبەستەكەی ئەنجامدراوە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023، كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگای دوكان_تاسڵوجە لەپارێزگای سلێمانی كەوتنە كارو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵیش لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر كامێراكان كەوتنەكار. بەپێی گرێبەستەكە تەنها لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە 53 ملیارو 590 ملیۆن دیناری تێدەچێت و ماوەی پرۆژەكەش 500 رۆژە، گرێبەستەكەش بەپێی پاشكۆی (ه)ی رێنمایی ژمارە دووی گرێبەستە حكومیەكان كراوە كەساڵی 2016 دەرچووە، هەر بەپێی گرێبەستەكەش تا تەواوبوونی تێچووی پرۆژەكە 70٪ی داهاتی كامێراكان بەكاش دەدرێتە كۆمپانیاو گرێبەستەكەش بۆ 15 ساڵە.
سەرکۆ جەمال لەدوای ساڵی 2017 ەوە بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی كتوپڕ شەڕ لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق روویدا، بەدیاریكراویش لەبەرزاییەكانی قەرەچووغ لەنزیك مەخمور، كە بەهۆیەوە چەند پێشمەرگەو سەربازێك لەهەردوولا بوونە قوربانی، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش هۆكاری شەڕەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات. شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، 22ی تشرینی دووەمی 2023 لەچیای قەرەچووخ لەنزیك كەمپی ئاوارەكانی مەخمور روویدا، تێیدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو كوژراویش لەسوپای عێراق بوونی هەیە، لەسەر چەند پێگەیەك لەچیای قەرەچووغ كەهەفتەیەك پێش شەڕەكە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چۆڵكردنیانی راگەیاند. غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لەمەخموور لەسەر شەڕەكەی نێوان هێزەكانی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە كە سەر بەپارتییە لەگەڵ سوپای عێراق بەهاوڵاتی وت: «كێشەكە لەسەر گرتنەوەی دوو خاڵی چاودێری بووەو كێشەیەكی گەورە نییە، هەردوولا پەشیمان بوونەتەوە لەسەر بابەتەكە.» دوای رووداوەكە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر بڕیاری لیژنەكە غازی فەیسەڵ وتی: «دواین سەردانی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە بووە و سەردانی شوێنی شەڕەكەیان كردووە بەڵام هێشتا سوپای عێراق لەو شوێنانەن كە بۆی هاتوون و بڕیاری نوێ نەدراوە بەڵام دۆخی مەخمور جێگیرە و هیچ نائارامییەك نییە.» چەند رۆژێك لەمەوبەر فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، رایگەیاند «هێزەكانمان لەكەمپی پەنابەرانی مەخمورو ئەو ناوچانە كشاندووەتەوە.» غازی فەیسەڵ دەڵێت «لەدوو ساڵی رابردوودا توركیا زۆر هێرشی كردووەتەسەر ئەو خاڵە چاودێرییانە بۆیە پەكەكە داوای كردووە سوپای عێراق بیانپارێزێت و ئەو خاڵانە رادەستی ئەوان بكاتەوەو سوپای عێراقیش وتوویەتی كە رادەستی ئێمەی بكەنەوە دەتانپارێزین.» لەسەر هێرشەكە فەرماندەی هێزی خۆبەخشی قەرەچووخ ئەوەی ئاشكراكرد كە «هێزەكانی 80 ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن». «گەریلا كیشەی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و حەزیان نەدەكرد پارتی ئەو خاڵە چاودێرییانە وەربگرێت و داوایان كرد سوپای عێراق دەوروپشتی كەمپەكە وەربگرێت، پارتی زنجیرە شاخی قەرەچووخ بەسنوری خۆی دەزانێت و هێزەكانی 80 ویستیان خۆیان دەستی بەسەردابگرن و حەزیان نەكردووە سوپای عێراقی لێبێت و نزیكیان بێت، بۆیە پارتی هەوڵیدا لەڕێگەی پەیوەندییەكانیەوە وەریبگرێت و نەیانتوانیوە بۆیە هێرشێكی لەناكاویان كردو ئەوە روویدا»، غازی فەیسەڵ وای وت. دوای دروستبوونی ئەو گرژییە لەنێوان هەردوولا، چەند ڤیدیۆیەك لەسۆشیال میدیا بڵاوبووەوە كە باس لەوە دەكرا هێزی حەشدی شەعبی بێت بەرەو مەخمور جووڵەیان پێكرابێت. غازی فەیسەڵ ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستكردەوە كەئێستا لیوایەكی حەشدی شەعبی هاتوونە نزیك مەخمورو جێگیركراون هەرچەندە چەندین ساڵە حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەو ناوچەیە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، دوای ئەوەی گەریلاكانی پەكەكە لەكامپی مەخموورو چیای قەرەچووخ كشانەوە، لەماوەی ٤٨ كاتژمێردا شوێنەكەیان رادەستی فیرقەی ١٤ـی سوپای عێراق كردووە، بەڵام دواتر لەسەر ئەو شوێنانە شەڕ لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزێكی سوپای عێراق روویدا، هەر بەپێی زانیاریەكان ئەو پێگانە بەسێ جار و لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە چۆڵكراون دواین كشانەوەش دوای 10 كاتژمێر سوپای عێراق و پێشمەرگە پێیان زانیوە». لە ١٩ـی تشرینی یەكەم فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی پاراستنی گەل-نەپەگە، لەڕاگەیاندراوێكدا كشانەوەی خۆی لەكامپی مەخموورو رادەستكردنی بەسوپای عێراق راگەیاند، بەمەبەستی ئەوەی هیچ بۆشاییەكی ئەمنی لەو ناوچەیە درووست نەبێت. چیای قەرچووغ دەكەوێتە پشت كامپی شەهید رۆستەم جودی (مەخموور)، كەتیایدا هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەساڵی ٢٠١٤ەوە «بۆ بەرگرییكردن لەخەڵكی ناوچەكە لەهێرشی چەكدارانی داعش جێگیربوون» وەك سەرچاوەیەك لەپەكەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد «هەر هێزێك ئەو چیایە كۆنتڕۆڵ بكات، دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەشتی مەخموورو هەولێردا بسەپێنێت». وتیشی:» زیاتر لە نۆ ساڵە ئەم خاڵە ستراتیژییە لەلایەن گەریلاكانی هەپەگەوە پارێزراوە، لەكاتی هێرشی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە گەریلا هەرێمی كوردستان و هەولێری بەتایبەت پاراست، نەیانهێشت چەكدارانی داعش بچنە ناو هەولێرەوە، هەروەها چیای قەرەچووخ بەیەكێك لەناوچە دەوڵەمەندەكانی نەوت دادەنرێت، چونكە بیری نەوتی زۆری تێدایە».
دلێر عەبدوڵڵا كۆبوونەوەكەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێشنیارو داواكاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە، بەرپرسێكی پارتی بڵاویكردەوە كە لەهەوڵی ئەوەدان یەكێتی و لایەنەكانی تر پەلكێشی ناو رێكەوتنێكی سیاسی بكەن كەئامانج لێی یەكدەنگی كوردو پاراستنی قەوارەی هەرێمە، بەرپرسێكی یەكێتی نییشتمانی كوردستانیش پێی وایە كەئەوەی كراوە خواستی حزبەكەی ئەوانەو لەكۆنگرەی پێنجەمدا لەلایەن سەرۆكی حزبەكەیەوە قسەی لەسەر كراوە. رۆژی سێشەممە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپیرمام، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا. كەتێیدا جەخت لەسەر كۆكردنەوەی تواناكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا كرایەوە. بەپێی راگەیەنراوی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی، هەردوو حزب كۆكبوون لەسەر دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێزو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە بەتایبەت ئەو مەترسییانەی روویان لەهەرێم كردووە. هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەكۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری و پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدراوەو ئامانجی بزووتنەوەكە بۆ ئەوە بووە كەبەرەیەكی فراوان لەهێزو لایەنە سیاسییەكانی دروستبكرێت تا پێكەوە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە هەڵبگرن، لەوبارەوە عیسمەت رەجەب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «كۆبوونەوەكە لەسەر پێشنیاری برایانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، چونكە ئەوان بەدەر لەوە پرسی تر هەبووە كەویستوویانە قسەی لەسەربكەن، هەروەها برادەرانی گۆڕان لەحكومەتن و وەزیریان هەیەو بەشێكن لەدەسەڵات.» یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی هاوبەش و پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەت، گەشبینە بەم كۆبوونەوەیەو پێیان وایە ئەوەی كەكراوە بەشێكە لەسیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەو كۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی بەشێكی سەرەكی سیاسیەتی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە لەكۆنگرەی پێنجەم سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هەمان پەیامی خستەڕوو بۆ هێزو لایەنە سیاسییەكانی تر، ئومێدەوارین بابەتی هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی سەرتاسەری لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەم قۆناغە وادەخوازێت كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخرێتە پێش بەرەژەوەندیە حزبییەكان.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی تر گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەوانە پرسی یاسای نەوت و هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێم، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «بەشێكی تری كۆبوونەوەكە لەسەر وەزعی ئەمڕۆی هەرێم و حكومەت و مەسەلەی بودجە بووە كەحكومەتی ناوەند لەو رووەوە ئاستەنگی لەبەردەم هەرێم دروستكردووە، هەروەها مەسەلەی قانونی نەوت كە لەم مانگەدا تەواو دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی تر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.» بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی رەخنەی بەشێك لەچاودێران بووەتەوەو بەوە تۆمەتبار دەكرێت كەهۆكاری مانەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتییە، لەوبارەیەوە عومەر عەلی چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «هاووڵاتیانی ناڕازی و بەشێك لەئۆپۆزسیۆن چاوەڕێی ئەوەبوون ئەمجارە گۆڕان پاشەكشە لەحكومەت بكات و بێتەوە بەرەی گەل، بەڵام ئەم كۆبوونەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە گۆڕان توانای ئەوەی نییە جارێكی تر بێتەوە بەرەی خەڵك، وەستانەوە بە رووی مەترسییەكان بەكۆبوونەوەو راگەیەنراوی هاوبەش نابێت، دەبێت بە رێگەچارەیەكی سیاسی ئەوتۆ كە بتوانیت جەماوەری ناڕازیی دڵخۆش بكەیت و متمانەی بۆ بگەڕێنیتەوە، لەلایەكی ترەوە كۆتایی هێنان بەو دۆخە ناهەموارەی لەنێوان حكومەت و بەغدا هەیە.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت و ئەو بەرەیە فراوان دەكرێت كە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان پێكهێنراوە، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «پاش ئەوە، بەتایبەت بەكۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، بەرنامەی یەكێتی وایە كەسەردانی ئێمەش بكەن و لەسەر وەزعی عام و هەرێم و بەغدا كۆبوونەوە بكەین و پێكەوە كاری هاوبەشمان هەبێت.» هاوڵاتی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لێدوان و وتەی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، بەڵام زۆرێك لەسەركردەكانی ئەو حزبە بەپاساوی جۆڕاوجۆر رەتیانكردەوە قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن. كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان نوقمی قەیران و گرفتی بەردەوام بووەو هاوڵاتیانی كوردستان گرفتاری چەندان كێشەو ئاریشەی دروستكراون، بەتایبەت دابین نەكردنی مووچەی فەرمانبەران و خراپی ئیدارەدانی هەرێم كە بووەتە مایەی بێزاری و توڕەیی هاوڵاتیان.
فەرماندەی هێزی خۆبەخشی قەرەچووخ: پارتی هێرشێکی لەناکاوی کرد و ویستیان دوو خاڵی چاودێریی چۆڵکراو بگرن
هاوڵاتی فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخمور رایگەیاند کێشەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوخ کۆتای هاتووە و لیژنەکەی حکومەتی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات ئەو خاڵە چاودێرییانە بدرێت بە کام لایەن، دەشڵێت، "هێزەکانی 80 چیای قەرەچووخ بە سنوری خۆیان دەزانن بۆیە ویستییاویانە بیگرن و هێرشێکی لەناکاویان کرد." غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخموور لەسەر شەڕەکەی دوێنێی نێوان هێزەکانی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پارتییە لەگەڵ سوپای عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "کێشەکە لەسەر گرتنەوەی دوو خاڵی چاودێری بووە و کێشەیەکی گەورە نییە، هەردوولا پەشیمان بوونەتەوە لەسەر بابەتەکە." ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد. دوای روداوەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر بڕیاری لیژنەکە غازی فەیسەڵ وتی، "لیژنەکە بەیانی دەگات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خاڵە چاودێرییەکان بدرێتە پیتشمەگە یان لەدەست عێراق بێت." چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، رایگەیاند، "هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئەو ناوچانە کشاندوەتەوە." غازی فەیسەڵ دەڵێت لە دوو ساڵی رابردوودا تورکیا زۆر هێرشی کردووەتە سەر ئەو خاڵە چاودێرییانە بۆیە "پەکەکە داوای کردووە سوپای عێراق بیانپارێزیێت و ئەو خاڵانە رادەستی ئەوان بکاتەوە و سوپای عێراقیش وتوویەتی کە رادەستی ئێمەی بکەنەوە دەتانپارێزین." لەسەر هێرشەکە فەرماندەی هیزی خۆبەخشی قەرەچووخ ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی 80 ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن. "گەریلا کیشەی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و حەزیان نەدەکرد پارتی ئەو خاڵە چاودێرییانە وەربگرێت و داوایان کرد سوپای عێراق دەوروپشتی کەمپەکە وەربگرێت. پارتی زنجیرە شاخی قەرەچووخ بە سنوری خۆی دەزانێت و هیزەکانی 80 وسیتیان خۆیان دەستی بەسەردا بگرن و حەزیان نەکردووە سوپای عێراقی لێبێت و نزیکیان بێت، بۆیە پارتی هەوڵیدا لەرێگەی پیوەندییەکانییەوە وەریبگرێت و نەیانتوانییوە بۆیە هێرشێکی لەناکاویان کرد و ئەوە رویدا"، غازی فەیسەڵ وای وت. بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکە لەگەڵ سوپای عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق و پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە. دوای دروستبوونی ئەو گرژییە لەنێوان هەردوولا، چەند ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبوویەوە کە باس لەوە دەکرا هێزی حەشید شەعبی بێت بەرەو مەخمور جووڵەیان پێکرابێت. غازی فەیسەڵ ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا لیوایەکی حەشدی شەعبی هاتوونە نزیک مەخمور و جێگیرکراون هەرچەندە چەندین ساڵە حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەو ناوچەیە.
عەممار عەزیز دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەحەوت مانگ بەسەر ئازادكردنی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك ئامادەنییە جارێكی تر رێگا بە شڤان سەعید، ناسراو بەمەلا شڤان بەرۆشكی بدات وتاری هەینی بدات و زیاتر لەدوو ساڵیشە مووچەكەی بڕاوە. شڤان سەعید، یەكێك بوو لەزیندانكراوانی بادینان، لە 20ی تشرینی یەكەمی 2020 بەتۆمەتی «سیخوڕیکردن و تێکدانی ئاسایشی گشتی» لەگەڵ چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی تردا دەستگیركرا. هەر لەو مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆك فەرمانی لادان (فەسڵ) كردنی مەلا شڤانی دەركرد. لەوکاتەوە تائێستا مووچەكەی بڕاوە، زۆر جار هەوڵیداوە بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی بەڵام بێسوود بووە . شڤان سەعید بەروشكی، باسی وردەكاری کێشەکەی خۆی دەكات بۆ هاوڵاتی و دەڵێت،»دوای ئازادبوونم رۆژێك چوومە ئەوقافی دهۆك بەو نیازە رۆیشتم كەهەموو شتێك كۆتایی هاتووە بەئاسانی دەگەڕێمەوە سەر دەوامی خۆم، بەڵام بەداخەوە مامەڵەیەكی زۆر خراپیان لەگەڵ كردم، بەڕێوەبەرەكە وتی تۆ دەمێكە فەسڵكراوی تازە تەواو، نابێت جارێكی تر وتار بدەی و پێشنوێژی بكەی، منیش وتم مافی خۆمە بگەڕێمەوە سەر دەوام بەڵام بێسوود بوو «. شڤان سەعید بەرۆشكی، كۆڵنادەت و بێهیوا نابێت بۆیە جارێکی ترلەگەڵ پارێزەرەكەی دەچنە لای وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی تابگەڕێتەوە بۆ سەر سەردەوامی خۆی، بەڵام ئەو هەنگاوەشی هیچ ئەنجامی نەبوو. مەلا شڤان دەڵێت، «پێش سێ مانگ لەگەڵ پارێزەرەكەی خۆم سەردانی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیمان كرد، باسی بابەتەكەی خۆم كرد لەگەڵ وەزیر، ئەویش زۆر بەشێوەیەكی جوان و رێكوپێك وتی مافی خۆتە بگەڕێیتەوە بۆ سەر دەوام و هەوڵت بۆ دەدەم ئەو مووچانەی لێت بڕاون جارێكی تر بۆت بگەڕێنینەوە». رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ لای پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، شڤان سەعید پەیوەندییەکی تەلەفونی لەبەڕێوبەرایەتی ئەوقافی قەزای دهۆکەوە بۆ دێت و پێی دەڵێن، «سەردانمان بکە تامامەڵەکانت بۆ تەواوبکەین. «ئەوقافی دهۆک لەوێ هەموو شتێكیان بۆ کردم و دواتر وتیان بڕۆ مامەڵەكەت ببە بەڕێوەبرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك تا نووسراوەكە لای خۆیان (هاتوو و رۆشتوو -واردە و سادیرە) بكەن، هەفتەیەک هاتوچۆیان پێکردم و نەیانهێشت بچمە لای بەڕێوەری گشتی، ئیتر مامەڵەكەی من هەڵواسراوەو دیار نییە دەگەڕێمەوە یان نا»، شڤان سەعید وای وت. شڤان سەعید بەرۆشكی لە 2003 تاوەكو 2013 بەشێوەیەكی خۆبەخش وتاربێژ و پێشنوێژ بووە. لەساڵی 2013 فەرمانی دامەزراندنی دەرچووەو دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ لە 2018 ئەوقافی دهۆك بڕیاری راگرتنی دەدات لەوتاربێژی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرجار لەوتارەكانی رەخنەی لەحكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگرت. دوای زیاتر لەدوو ساڵ زیندانیكردن لەئاداری 2023 ئازاد كرا. شڤان سەعید دەڵێت بێدەنگ نابێت لەسەر دۆسیەکەی و لەکۆنگرەیوەکی رۆژنامەوانیدا هەموو شتێک ئاشکرا دەکات تامافەکەی بگەڕێننەوە. بەدەل بەرواری، شێروان تەها، مەسعود شنگالی، جەمال زاخۆیی لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگایەكی ئاكرێ، کە سەرجەمیان زیندانیکراوی بادینان بوون، گەڕاونەتەوە سەركاری خۆیان دوای ئازادکردنیان. رێڤینك یاسین، پارێزەری خۆبەخش لەدۆسیەی زیندانكراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت، «پێویستە مەلا شڤان سکاڵایەکی ئیداری كردبا بۆ گەڕانەوەی خۆی چونكە ناكرێت ئەوانەی تر گەڕانەوتەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان و تەنیا ئەو مابێت، پێشكەشكردنی سکاڵای ئیداری لەسنوری كاری ئێمەدا نییە وەكو تیمی پارێزەران و دەبێت ئەو خۆی بەدواداچوون بۆ كێشەكەی بكات». « نەگەڕانەوەی ئەو بۆ سەر دەوام مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوە هەیە، هەروەها مەلا شڤان تائێستاش هەڵوێستەكانی خۆی لەسەر نادادوەری و گەندەڵی نەگۆڕیوەو هەر بەردەوامە لەسەر ئەم پرسانە بۆیە رێگای پێنادرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی»، رێڤینك یاسین وای وت. رێبەر نێروەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند کەبڕیاری گەڕانەوەی مەلا شڤان بۆ وتاربێژی لەدەسەڵاتی محەممەد خالید، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆکەو ئەوان نووسراویان بۆ کردووە تا بیباتە لای و «ئەوەی لەسەر شانی» ئەوان بووە کردوویانە. رێبەر نێروەیی جەخت لەوەدەكاتەوە كە مەلا شڤان دوورخراوەتەو دەڵێت، « ئێمە بەسیاسەت ئیش ناكەین، بەپێچەوانەوە رێز لەهەموو مامۆستایانی ئایینی دەگرین، مەلا شڤان فەسڵ كراوە بۆچی تائێستا نەگەڕاوەتەوە سەر دەوامی خۆی ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە هەیە لەدەستەڵاتی ئەودایە «. پەیامنێری هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە. بەشدار حەسەن، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنوسان و چالاکوانی بادینان بە هاوڵاتی وت، «لەگەڵ مەڵا شڤان سەردانی وەزیری ئەوقاف و بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتمان كرد، هەردووكیان بەڵێنیاندا ئەو ماوەیەی مووچەی لێی بڕاوە جارێكی تر بۆی خەرج بكەن و جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی، وەزارەت نووسراوی فەرمی بۆ ئەوقافی دهۆك كردووە بەڵام بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆك نووسراوەكەی راگرتووەو وەڵام ناداتەوە».
شەنای فاتیح ٣٥ رۆژ بەسەر دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنی قوتابخانەو پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام لەبەشێكی زۆری قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی خوێندن كراوە، لەهەندێ قوتابخانەش خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن. پاش وەرگرتنی موچەی مانگی تەمموز لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان مامۆستایان بەردەوامن لەبایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، دابەشكردنی موچەكانی مانگی ئاب و ئەیلول بەمەرجی چوونەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن دادەنێن، سەرەڕای بایكۆتكردنیش لەبەشێكی قوتابخانەكان خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن. هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا داوای لەمامۆستایان كرد بایكۆت بشكێنن و بچنەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن، هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە كرد، ئامادەنەبوو لێدوان لەو بارەیەوە بدات. ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رێگر نەبووە لەبایكۆتكردنی مامۆستایان، لەسەرەتای پڕۆسەی خوێندن ژمارەیەك لەمامۆستایان بایكۆتیان كردووەو ژمارەیەكی دیكەش لەمامۆستایان بایكۆتیان نەكردووە، ئێمە رێزمان لەهەڵوێستی هەردوولا گرتووە، هەڕەشەش لەكەس نەكراوە». وتیشی:» مامۆستا هەیە لەفەیسبووكی خۆی یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانج دەدات و هەڕەشە دەكات، ئەوە كیشەی بۆ مامۆستاكە خۆی دروستكردووەو رەنگە رێكارێك بەرامبەری گیرابێتە بەر». ئەحمەد گەرمیانی وتی: «لقەكانمان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان پشتگیری بایكۆتكردنی مامۆستایانیان كردووە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە پێیان خۆشە خوێندن دەستپێبكاتەوە». « دیارە لەوێش جۆرە هەڕەشەیەك لەمامۆستایان هەیە كەئەوەی دەوام بكاتەوە وێنەی لەفەیسبووك بڵاودەكرێتەوەو تەشهیری پێدەكرێت كەئەوەش كارێكی خراپە». سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وای وت. سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەشكرد « ئێمە ئەزموونێكمان هەیە لەبایكۆتكردن كەدوو مانگیش بایكۆتكراوەو هیچ سوودی نەبووە، حكومەت كەپارەی نەبێت بەچی دوو موچەو سێ موچە بدات؟ زۆرجار مامۆستایان دەڵێن بایكۆتمان دژی حكومەتی عێراق كردووە، حكومەتی عێراق پێی خۆشە دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن و نەخوێندەواری و نەهامەتی لەناو گەلی كورددا هەبێت، بۆیە جەنگەكە دارایی و بەڕێوەبردن نییەو سیاسییە». بەوتەی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بایكۆتكردن لەوە زیاتر مەترسییەكی گەورە دەخاتە سەر خوێندن دەشڵێت «ئێمە ناڵێین هەرێمی كوردستان شامی شەریفە، دەكرێ كۆمەڵێک كێشەو كەموكوڕی هەبێت، بەڵام بەگفتوگۆ چارەسەر دەبێت و پێویستە پێشوەختە چۆن مامۆستایانی بەسرەو بەغداو ئەنبار موچەیان پێدەدرێت ئێمەش موچەمان پێبدرێت». عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بایكۆتكردن بڕیارێكی خۆرسكانەی مامۆستایان بووە، چەند داخوازییەكی شەرعی و رەوای خۆیان هەیە كەموچەكانی مانگی ئاب و ئەیلوولە، تائێستا حكومەت یەك هەنگاوی نەناوە بۆ ئەوەی داخوازییەكانیان جێبەجێبكات، هەر ئەمەش وایكردووە كەزۆربەی مامۆستایان بەردەوام بن لەبایكۆتكردن». جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: «ئێمە پشتگیری سەرجەم داواكارییەكانی مامۆستایانین، ئومێدەواریشین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكات و هەنگاوێكی جددی و كرداریانە بنێت بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانی مامۆستایان». هاوڵاتی پەیوەندی بەلقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن بەبیانووی هەستیاری بارودۆخەكەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەشێك لەقوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابیانی پۆلی نۆو ١٢ دەوام دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كەساڵانی رابردووش مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان دەكرد خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوامیان دەكردو پاش ماوەیەكیش لەبایكۆتكردن مامۆستایان بۆ خوێندكارانی پۆلی نۆیەم بایكۆتیان دەشكاند. ئەحمەد فازیل، مامۆستا لەسنووری پەروەردەی كۆیە بەهاوڵاتی وت: «لەسنوری پەروەردەی كۆیە ٢١٥ قوتابخانە بایكۆتیان كردووە، لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكەی ئێمەدا هیچ مامۆستایەك هەڕەشەی لێنەكراوەو بایكۆتكردن لە ١٣ی ئەیلوولەوە بەردەوامە، خوێندكارانی پۆلی١٢ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێوە دەوام دەكەن». عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەكۆبوونەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەكاندا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوای لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكان و مامۆستایان بەتایبەت ئامادەییەكان كردووە كەدەرگای خوێندنگاكان بكەنەوە، ئەوەش راگەیەندراوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەوەردەی سلێمانی رێكار دژی هەر كەسێك دەگرێتەبەر كە بێڕێزی بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامبدات». ئەو مامۆستایە وتیشی: «ئێمە درێژە بەبایكۆت دەدەین تا ئەوكاتەی كەداواكارییەكانمان جێبەجێدەكرێن، لەو باوەڕەشدا نین كەقۆناغی بنەڕەتی و قۆناغەكانی دیكە وا زوو دەست بەدەوام بكەنەوەو ئومێدیشمان هەیە كەدەستپێنەكاتەوە تا ئەوكاتەی لەبەغداوە پرسی موچە چارەسەری ریشەیی بۆ دەدۆزرێتەوەو مامۆستایان و فەرمانبەران لەمساڵدا هیچ موچەیەكیان نەفەوتێت». هاوكات، دەستەی مامۆستایانی وانەبێژی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا شكاندنی بایكۆتیان رەتكردەوەو رایانگەیاند «پەكخستنی پڕۆسەی خوێندن لەئەستۆی سەرۆكی حكومەت و لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتە، بایكۆت و خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن تا ئەوكاتەی حكومەت بەفەرمی وەڵامی داواكاریەكانیان دەداتەوە». لەساڵی ٢٠١٤وە پاش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان و پاشەكەوت و لێبڕینی موچە، ساڵانە مامۆستایان بەتایبەت لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەیەك بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و دواتر دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن و بەشێكی پڕۆگرامی خوێندنیش كەمدەكرێتەوە. زۆرترین بایكۆتیش ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ بوو كەمانگی (11) كانوونی دووەمی ٢٠١٧ مامۆستایان بایكۆتیان شكاند
ئا: رادیۆ فەردا لەفارسییەوە: هاوڵاتی هێرشی کوتوپڕی هەفتەی رابردووەی حەماس و دەرئەنجامی ئەو هێرشە، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کە پەرچەکرداری زۆری لە ناوچەکەو دونیا لێکەوتەوە، کاریگەریشی دروست کردووە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیل. دەرکەوتەی ئەم کاریگەری دانانە، پێکهێنانی کابینەی یەکێتی نەتەوەییە بەبەشداری ژمارەیەک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگری دەوڵەتی بێنیامین ناتانیاهۆ. جگە لەمە لەم ماوەیەدا و دوای دەستپێکی جەنگ، کۆمەڵێک رەخنە هاتووەتەسەر دەوڵەت لەسەر ئاستی ئامادەیی دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل بەوەی ئامادەییان نەبووە کە هێرش کراوەتە سەریان. پرسی جۆرو ئاستی پشتیوانی ئێران لەحەماس لەم هێرشەدا، یەکێکی ترە لەپرس و بابەتە گرنگ و رۆژەڤەکانی میدیاکان لەهەفتەی رابردوودا. ژمارەیەک لەم پرسانە لەگەڵ ئۆهۆد ئۆلمیرت سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، لەم وتووێژەدا هاتۆتە بەرباس و راو بۆچوونی لەم بارەوە وەرگیراوە. سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئیسرائیل لەم وتووێژە کە لەگەڵ رادیۆ فەردا کراوە، وەڵاپی پرسیارەکانی پەیامنێری رادیۆ فەردا دەداتەوە دەربارەی هێرشی حەماس و پەرچەکرداری ئیسرائیل و لای وایە حەماس بەبێ پشتیوانی ئێران نەیدەتوانی وەها چالاکییەک بکات، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشەی حەماس. رادیۆ فەردا: سوپاست دەکەم بەوەی کاتی خۆتان پێمان بەخشیوە. لەئێرانەوە دەستپێبکەین. تۆ پێشتر « حەماس و حزبوڵڵای لوبنان»ت وەک « باسکی درێژکراوەی ئێران» لەباشوورو باکووری ئیسرائیل ناوبردووە. لات وایە هێرشی ئەم دواییانەی حەماس، بەئاماژەی تاران بووە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: تۆ ئەزانی ئێمە پێش ئەم تاوانەی حەماس، ئاگامان لێ نەبوو کەوەها پلانێکیان هەیە. کە وایە ئەگەر لووتبەرزانە بانگەشەی ئەوە بکەین جگە لەوەی دەزانین چۆن ئەم کارەیان کردووە، بەڵکو تەنانەت دەشزانین کێ ئاماژەی پێداون و هێرشەکە چۆن کراوە، تاڕادەیەک زێدەڕۆیی دەکرێت. ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە ئەو لایەنەی کە رێپیشاندەری حەماسە، پارەو چەک و چۆڵ دەدات پێیان، ئێرانە. ئەم هێرشە، چالاکییەکی زۆر گەورە بوو کە دەکرێ دەرئەنجامی زۆر بەرفراوانی ببێت، زۆر بەرفراوانتر لەناوچەی غەزە. کەوایە لام وایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران دەستی بووبێت لەپلاندانانی ئەم هێرشەدا. جا ئەوەی ئێران مۆڵەتی دابێت ئەم هێرشە لەم کاتە دیاریکراوەدا بکرێت، یان نا. نازانرێت. بەڵام هیچ گومانێکم نییە بەبێ پشتیوانی ئێران، حەماس ناتوانێت وەها هێرشێک بکات. نە پارەی ئەم هێرشەی هەیە، نە چەک و چۆڵ، نە پشتیوانی لۆجستیکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی وەها هێرشێک، کەئەمانە زۆر گرنگ و پێویستن. بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرزنرخاندنی ئەم هێرشەو پیرۆزبایی پێ وتنی ئەم هێرشە لەلایەن ئیرانەوە کەوەک سەرکەوتن بۆ حەماس چاوی لێدەکات، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، زۆر زوو و بەشێوەی ئاشکرا رایگەیاند ئەم چالاکییە، کاری خودی گرووپە فەلەستینییەکان بووە. لەڕاستیدا رەنگە بەجۆرێک هەوڵیدابێت بەم پەیامە، کۆماری ئیسلامی دووربخاتەوە لەم هێرشە. لەلایەکی ترەوە هەندێ لەلێکدانەوە ئەمریکاییەکان ئاماژەن بەوە ئێرانییەکان بێئاگابوون لەم هێرشە. ئەوی راستی بێت من جۆرێکی تر بیر دەکەمەوە. لام وایە ئەمریکا لەگۆشە نیگایەکی ترەوە- هەڵبەت تێدەگەم لەمەبەستیان- بۆ بابەتەکە دەڕوانێت، دەیەوێت پرسەکە لەم ناوچەیەدا سنووردار بکات و بەر بەئەگەرەکانی تەشەنەسەندنی بگرێت، شتێک کەڕەنگە دەرئەنجامی زۆرترو جددیتری بۆ کۆی ناوچەکە لێبکەوێتەوە. کەوایە باشترین کار کەئەمریکییەکان دەیانتوانی بیکەن ئەوەبوو کەهێزەکانیان بگوازنەوە بۆ سنوورەکانی نزیک ئیسرائیل و لوبنان و لەسەر ئەو باوەڕەم، بەم شێوەیە ئەو پەیامەیان گەیاندە حزبوڵڵا و ئێران کەئێمە لێرەین و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر هەر کەسدا کە بیەوێت بێتە ئەم جەنگەوە دەوەستینەوەو بێدەنگ نابین. لەلایەکی ترەوە، هەموو هەوڵیان ئەوەیە تا ئەو جێگەی بۆیان دەکرێت دۆخەکە ئارام بکەنەوە. کەوایە دەبێ بەپێی ئەو دۆخەی هەیە ئەو قسانە تەفسیر بکرێن و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت. رادیۆ فەردا: گریمان، ئیسرائیل یان هاوپەیمانەکانیان کۆمەڵێک بەڵگەیان دەستبکەویت کەئەوە بخاتەڕوو ئێران راستەوخۆ لەم هێرشەدا دەستی بووە، ئاخۆ ئێسرائیل دەبێ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە پێویست بکات ئیسرائیل راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە. لام وا نییە ئەم کارە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بێت. تەنها دەتوانم بڵێم ئەمریکاییەکان هاوکارمانن بەوەی بتوانین قەیرانەکە لەباری فیزیکییەوە لەناوچەیەکی بچووکتردا سنووردار بکەین، واتە ئیسرائیل و غەزە، وا نەبێت کە بەربڵاوتر بێت. لەلایەکی ترەوە ناکریت ئەم راستییە لەبەرچاو نەگرین بەبێ پشتیوانی ئێران، حزبوڵڵاو حەماس، لانیکەم توانا، چەک و چۆڵ، کەرەستە و پارەی پێویستیان نییە بۆ وەها هێرشێکی گەورە. ساڵی ٢٠٠٦، ئەو دەمەی سەرۆکوەزیران بووی، دەبوایە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی جەنگی دووهەمی حزبوڵڵا رووبەڕوو بایەتی، جەنگێک کەوەک یەکەم جەنگی نوێنەرایەتیکردنی ئێران و ئیسرائیل دەناسرا. هەرچەن لایەنەکانی ئەو جەنگە، لەم جەنگەی ئێستا زۆر بچووکتر بوو، بەڵام بوو بەهۆی ئەوەی بەوە تۆمەتبار بکرێی کە بەخراپە کارگێڕی جەنگت کردووە. ئەودەم، تۆ باست لەئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردبوو... یەکەم ئەوەی ئەو رووداوە ١٧ ساڵ لەوە پێشبوو. دووهەم ئەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئێستا زۆر جیاواز بوو، لاموایە ئێمە بەڕاستی هیچکات نەماندەویست راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچینە جەنگەوە. ئەودەم هێرشمان کردەسەر حزبوڵڵا، لەڕاستییدا ئەمە وەڵامی ئێمەبوو بۆ هێرشەکانی ئەوان. ئەوان ئاڵەنگارییەکیان لەبەردەممان دانا. سەربازە ئیسرائیلییەکانیان دزی. هەشت سەربازی ئیسرائیلیان لەسەرسنوور و لەناو خاکی ئیسرائیل کوشت. کەوایە چارەیەکمان نەبوو، ئەبوایە کارێکمان کردبا. بەڵام ئیسرائیل زۆر بەتوندی وەڵامیدانەوە، کە لام وابوو وای لەحزبوڵڵاو لەپلەی یەکەمدا ئێران کرد، واز لەوە بهێنن کارێکی زیاتر بکەن و بیر لەهەنگاویتر بکەنەوە. ئەمە راستییەکە حزبوڵڵا لە ١٧ ساڵی رابردوودا، تەنانەت یەکجاریش نەبووە فیشەکێک ئاراستەی سنوورەکانی ئیسرائیل بکات، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی دروستبووە، تەنها تەقەی لەدامەزراوە سەربازییەکان کردووە. زۆر وریابوون و ئاگایان لەوە بووە تەقە لەناوەند یان تاکە مەدەنی و ناسەربازییەکان نەکەن، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن دەستبەجێ و زۆر بەتوندی لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵام دەدرێنەوە. کەوایە ئەو وەڵامەی ئێمە لە ٢٠٠٦، تەنها پەیامێک نەبوو بۆ حزبوڵڵا، بەڵکو بۆ ئێرانیش بوو. رادیۆ فەردا: وەک وتت، ١٧ ساڵ تێپەڕیوە، ئێستا هێرشی حەماس، زۆر کەس و لایەنی لەکون و قوژبنی دونیا- تەنانەت لەخودی ئیسرائیلش- شۆک کردووە. ئاسان نییە بڕوا بکرێت بەوەی وەها رووداوێک لەبەر لووتی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرایل روویداوە. لات وایە کێشەکە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: خۆزگە دەمزانی. دڵنیانیم وەڵامەکەی بزانم. لام وایە هێشتا زووە. بەڵام شتێک بەتەواوی روون و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە شکستمان هێناوە. مەبەستم ئەوەیە لەباری سەربازییەوە شکستمان هێناوە. خەڵک بەوپەڕی بوێرییەوە دەجەنگن. ئەو کەسە مەدەنیانەی کە لەناو ئەم هێرشەدا گیریان کردبوو، وەها جەنگان و وەستانەوە کە دەبێ لەمێژووی ئیسرائیلدا تۆمار بکرێت. زۆر کەس مردن. زیاتر لەهەزارو ٤٠٠ کەس بوون بەقوربانی. ئەستەمە بڕوا بەمە بکرێت و بەبێ ئەوەی هەڵەیەک کرابێت و شکستێکی سەربازی روویدابێت، ئەمە رووبدات. بەڵام دەبارەی خودی ئەم هەڵەیە، ئەوەی کەچۆن ئاگامان لێی نەبووە، یان ئەوەی چۆن نەمانتوانیوە نیشانەیەک لەجووڵەکانی حەماس ببینین و بەدروستی تەفسیری بکەی، ئەمە ئەو شتەیە دەبێ لێی بکۆڵینەوە. شتێک کەئێستا دەتوانین بیڵێین ئەوەیە، زۆر لووتبەرز بووین. تواناکانی حەماسمان بەکەم زانی. لامان وابوو، دەی باشە چییان لەدەست دێت؟ جا چییان هەیە؟ جا ئەوێرن تەنانەت بیر لەوەبکەنەوە باشووری ئیسرائیل داگیربکەن؟ ئەویش لەبەرامبەر ئیسرائیلی بەهێزدا. لام وایە ئەمە جۆرێک لێکدانەوەی هەڵە بوو بەهۆی خۆبەزلزانین و لووتبەرزی بێ جێی ئێمەوە. بەڵام ئەم هەڵانە نابن بەوەی دەرئەنجامی کۆتایی ئەم جەنگە دیاری بکەن. ئەنجامی ئەم جەنگە زۆر قورس و خوێناوی دەبێت بۆ حەماس. هەموو شوێن دەگەڕێین. ژێر دانە بەدانەی بیناکانی غەزە دەپشکنین و رێبەرەکانی حەماس دەدۆزینەوە. ئەمەم لێوەربگرن. یەک بەیەکیان دەگرین. گومانتان نەبێت . رادیۆ فەردا: هەر دوێنێ، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا ناسەرکەوتوو بووە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییەکانی. ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە لەباری سیستەمی زانیاری و موخابەراتەوە کێشەیەکمان ببێت. مەبەستم ئەوەیە لەباری تەکنیکی یان سایبێرییەوە کێشەیەکمان ببێت. ئێمە دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. نەک تەنها لەغەزە، بەڵکو تا دڵی ئێران، وڵاتانی ترو تەنانەت دڵی حزبوڵڵا، دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. بەڵام وەک چۆن پێم وتی، خۆبەزلزانین و بەکەم زانینی دژومن وایکرد تووشی کێشە بین. ئەویش بەناخۆشترین و تراژیترین شێوە. رادیۆ فەردا: ژمارەیەک لەلێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن، دروستکردنی شارۆچکە جوو نشینەکان، کێڵگە هاوبەشەکان، یان رێکخستنی کۆنسیرت لەنزیک سنوورەکانی غەزە، کارێکی هەڵەیەو تەنانەت هاندەریشە بۆ حەماس. رای تۆ چییە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: کێشەکە لێرە جیاوازە. یەکەم ئەوەی سەرجەم ئەم شارۆچکە جوو نشینانە، زۆر پێشتر لەپاشەکشەی ئێمە لەغەزە، هەر بوونیان هەبووە، ساڵانێکی پێشتر. بۆ وێنە کێڵکەی هاوبەشی ( بێئری) کە لەم هێرشەدا زۆرترین زیانی بەرکەوت، ساڵی ١٩٤٦ دروستکرداوە، لەدۆخێکی تەواو جیاوازدا. وانییە. نزیکبوونی فیزیکی بەعەرەب و فەلەستینییەکان، خۆی لەخۆیدا، کێشەی نییە، بەو مەرجەی ئەوان شەڕخواز نەبن و بەدوای جەنگەوە نەبن. ئەگەر بەدوای جەنگیشەوە بن و شەڕخواز بن، ئێمە دەبێ ئەوەنە بەهێزبین بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین. هیچ پاساوێک نییە بەوەی بتوانین بەهەموو هێزمانەوە بەرگری لەو شتانە بکەین. دەبێ بەباشی لێکۆڵینەوە بکرێت دەربارەی ئەو شتەی روویداوە. بەڵام کاتێک باسی نزیکی بەغەزە دەکرێت، دەی خۆی نزیک بە دوو میلیۆن هاووڵاتی عەرەب لەناو سنوورەکانی ئیسرائیلدان. دووری ئیسرائیل لەگەڵ سنوورەکانی کەرتی رۆژئاوا، زۆر کەمترە لەمەودای ئیسرائیل لەگەڵ غەزە، دەی خۆ دانیشتوانی کەرتی رۆژئاواش فەلەستینین. بەڵام بەپێچەوانەی حەماس و غەزە بەدوای ئەوەوە نین کردەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن. کەوایە هیچکام لەم فاکتەرانە، وەڵامێک نین بۆ ئەم دۆخە. ئێمە باسی رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش، ئەلقاعیدەو تاڵیبان دەکەین. ئەم رێکخراوانە، هیچ پەیوەندییەکیان بە اشتی لەگەڵ دیترانەوە نییە. نایانەوێ سازش و وتووێژ بکەن. تەنها دەیانەوێ تێکی بشکێنن، سەرببڕن، دەستدرێژی بکەن، تاوان بکەن. هەر ئەو کارەی لەئەفغانستان، پاکستان و ئێران کردیان. ئیستا دەیانەوێ ئەمکارە لێرە بکەن. تەنها جیاوازییەکەی ئەوەیە لێرە وەڵامێکیان پێدەدرێتەوە تێکیان دەشکێنێت، لەناویان دەبات. دڵنیات دەکەمەوە وایە. رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر دەوڵەتی یەکێتی نەتەوەیی و کابینەی دۆخی ناکاوو کوتووپڕ؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە یەکگرتنی ئەم دوو دەوڵەتەو ئەندامیەتی گانتێزو ئایزنکۆت، دوو کەس لەفەرماندە باڵاکانی پێشتری سوپا، وەڵامێکە بۆ خواستێکی پۆپۆلیستی. ئیسرائیلییەکان و لەڕاستییدا خەڵک لەهەموو شوێن، نەک تەنها ئیسرائیل، جۆرێک ناوەندگەرایی هێزیان پێ خۆشە، لەبەرئەوەی هەستێکی باشتریان پێدەبەخشێت. من لام وانییە ئەم دەوڵەتە کەڵکێکی ئەوتۆی ببێت. لام وایە ئەوان لەدەرەوەی دەوڵەتیشەوە ئەگەر پێویست بکات دەتوانن راوێژ بەسەرۆک وەزیران بدەن. لاموایە پێکهاتنی ئەم دەوڵەتە رەنگە ببێت بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان زۆر زیاتر بباتەسەر لەپەیوەند لەگەڵ چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل. ئەودەم ئەگەر وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵک نەدرێتەوە، رەنگە دەرئەنجامی زۆر قورستری هەبێت لەسەر کۆمەڵگاو دەروونی خەڵک. رادیۆ فەردا: رات چییە دەربارەی ستراتیژی نوێی دەوڵەت؟ مەبەستم گەمارۆی تەواوی غەزەیەو ئەوەی کەدەوڵەتی ناتانیاهۆ باس لەوەدەکات دەیانەوێ حەماس بەتەواوی لەناو ببەن و رێبەرەکانیان بکوژن و رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دابڕێژن. لات وایە وەها بانگەشەیەک جێبەجێ دەکرێت و گونجاوە، یان تەنها قسەی سیاسین؟ هاوڕای لەگەڵ سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: سەرەتا ئەوە بڵێم، من هیچکات نەموتووە سەرجەم ئەندامانی حەماس دەکوژین و ئەم رێکخراوەیە بەتەواوەتی لەناودەبەین. من وام نەوتووە. بەو شێوەیە بیرم نەکردووەتەوەو لام وانەبووەو نییە کەدەکرێت ئەم کارە بکرێت. ناتانیاهۆ ئەم قسانە دەکات، ئەوەیش دەرئەنجامی دەستەوەستانبوون و شکستی ئەوە. ئەوەیش بەهۆی شۆک و گوشارێکەوەیە کە نەک تەنها لەلایەن رای گشتی ئیسرائیلەوە، بەڵکو بەتایبەت لەلایەن ژمارەیەک لەپشتیوانەکانیەوە لەسەریەتی. ناتانیاهۆ ساڵی ٢٠٠٩ کە بوو بەسەرۆکوەزیران، بانگەشەی ئەوەی کرد گرنگترین کاری ئەوە دەبێت کەحەماس لەناوببات، بەڵام بەکردەوە هاوکاری حەماسی کرد. ئەویش بە بەهای تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی فەلەستینی بەڕێبەری مەحمود عەباس. کە وایە لام وایە قسەی لەمجۆرە، کۆمەڵێک بانگەشەن کە دەبن بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان بچنە سەرەوە، زۆر ئەستەمە جێبەجێ بکرێن. لام وانییە پێویست ناکات بوترێت هەموو شت لەناودەبەین. دەبێ ئەوەی پێویستە و لەدەستمان دێت جێبەجێی بکەین. ئەویش بەباشترین شێوەو بەکەمترین تێچووەوە بۆ ئیسرائیل. لام وانییە وەها قسەکردنێک بەهێزترین کەرەستە بێت کە لەبەردەستمانە. بەهێزترین کەرەستە و ئامرازی بەردەستمان، بوێری و بەهێزی ئەرتەشەکەمانە. رادیۆ فەردا: پرسی چارەنووسی بەبارمتەگیراوەکان، لەئێستادا یەکێکە لەو باسانەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت. ئاخۆ سیناریۆیەک هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی گیلعاد شەلیت(1) لەئارادایە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: نازانم چی بڵێم. لەبەرئەوەی لاموایە دۆسیەی گیلعاد شەلیت، هەڵەیەکی گەورە بوو لەباڵاترین ئاستی ئاسایشی نەتەوەییدا روویدا. هەڵەیەک کە رەنگە تۆوی ئەو کارەساتە بێت کە لەتشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا. لەبەرئەوەی سەرجەم رێبەرانی ئێستای حەماس، لەلایەن ناتانیاهۆوە وەک بەشێک لەو رێکەوتنە ئازادکران. ئەودەم باس باسی سەربازێکی ئیسرائیلی بوو. ئێستا خەریکین باسی نزیک بە ١٥٠ بارمتەگیراو دەکەین. چیرۆکەکە زۆر جیاوازە. نازانم چی بڵێم و تەنانەت ئەگەر ئایدیایەکیشم هەبێت باشتر وایە بەشێوەی ئاشکراو گشتی باسی نەکەم و لەشوێنی خۆی، بەبێدەنگ، لەپشتی پەردەوە، هەر کارێک پێویست بێت بیکەم. نەک ئەوەی هەندێ قسە بکەم کە ببێت بەهۆی هاندانیان، ئەو قسانەی کە لەوەها دۆخێکدا دەکرێن. رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر داهاتووی ناتانیاهۆ؟ دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، یان ئەم رووداوانە کۆتایی کاری ئەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: ناتانیاهۆ تەواو بووەو بووە بەبەشێک لەمێژوو. لەئێستادا بەشێوەی فەرمی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام کاتی ئەوەیە بڕوات، دەرفەتێکی کەمی لەبەردەمە. رادیۆ فەردا: لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی تۆدا، نزیک ببوونەوە لەڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ مەحمود عەباس، بۆ جێبەجێکردنی رێگاچارەی دوو وڵات. دەکرێ بڵێین ئەمە هی دوو دەیە لەوەپێش بوو. ئێستاش باوەڕت بەو رێگەچارەیە هەیە؟ لات وایە ئەگەرێک هەیە بەوەی جێبەجێ بکرێت؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: هیچ جێگرەوەیەکی تر بۆ رێگاچارەی بوونی دوو وڵات، بوونی نییە. من ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەبوو مازن هەیە. هەڵبەت مەبەستم ئەم رۆژانەی دوایی نییە، بەڵام تا ئەم دواییانە هەر پەیوەندییەکی بەردەوامم لەگەڵی هەبوو. ئامانجمان داڕشتنی بەرنامەیەکە لەسەر بنەمای ئەو شتەی کەساڵی ٢٠٠٨ پێشنیارم کردبوو. ئەو شتەی کە لام وایە بەلای هەردوو لایەنەوە پەسەندکراوە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی روویداوە، وەک ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک باس بکرێت. لەبەرئەوەی ئێستا رێکخراوی فەلەستینی و مەحموود عەباس، ئەو دەرفەتەیان لەبەردەمە رووخسارێکی جیاواز لەفەلەستینییەکان بخەنەڕوو و نیشانی بدەن. هیچ بژاردەیەکی تر نییە جگە لەوەی دوو وڵات بوونیان هەبێت. رادیۆ فەردا: هیچ پەیامێکی راستەوخۆت هەیە بۆ حکومەت و خەڵکی ئێران؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە تەنها پەیامێک کە دەتوانم بۆ ئەوانم هەبێت ئەوەیە نالۆژیکیانە ئەو کارتانەی بەدەستانەوەیە بەکاری مەهێنن. شەممەی رابردوو سەرکەوتنێکتان هەبوو. بەڵام ئێستا وەڵامی قورس دەبینن لەلایەن ئیسرائیلەوە. دۆخەکە لەوەی کەهەیە خراپتر مەکەن. لەبەرئەوەی ئەنجامێکی زۆر خراپ و تراژیک و خوێناوی دەبێت بۆ هەرکەس کە بیەوێت دۆخەکە خراپتر بکات. رادیۆ فەردا: ئەی بۆ خەڵک؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکی ئێران نەبووەو نییە. زۆرن ئەو ئێرانیانەی پشتیوانی لەخەڵکی ئیسرائیل دەکەن و ئەو دەمەش جووە ئێرانییەکان هێشتا لەوە ئەژیان، پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە. ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێران لەجەنگدا نین. جەنگ و شەڕی ئێمە لەگەڵ ئایەتوڵڵاکانە، لەگەڵ ئیسلامگەراو توندڕەوەکانی ناوخۆی ئێرانە. بەدڵنیاییەوە خەڵکی ئێران جیاوازن. رادیۆ فەردا: ئۆهۆد ئۆڵمێرت، زۆر سوپاس بەو کاتەی کەپێت بەخشین. 1-(گیلعاد شەلیت): رۆژنامەنووسی وەرزشیو پلەی عەریفی هەبوو لەسوپای ئیسرائیل، ٢٥/٦/٢٠٠٦ لەنزیک سنوورەکانی غەزە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراو دوای ٥ ساڵ زیندانی بوون بەرامبەر بەئازادکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل ١٠٢٧ زیندانیی فەلەستینی ئازاد کرد
دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، وەك تاكە هێزی عەلمانی لەهەرێمی كوردستان لەسەر شەڕی حەماس و فەلەستین هاتەدەنگ، ئیسلامییەكانیش وەك هەمیشە كەوتنەبەر رەخنەو توانجی عەلمانییەكان بەوەی كە بەرامبەر پرسە نەتەوەییەكان بێهەڵوێستن و تەنها دەنگیان بۆ جیهانی ئیسلامی هەیە، سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند «هیچ هێزێك هێندەی ئیسلامییەكان هەڵوێستی نەتەوەییان نییە». گرژی و شەڕی سەختی ئەمدواییەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ناكۆكی و ململانێی لەنێوان لایەنگری حزبە سیاسیەكانی كوردستاندا دروستكردووە، هەرێمی بۆ دوو بەرەی جیاواز دابەشكردووە، بەرەیەكی هاوسۆز لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و چالاكییەكانی ئەو گروپە دژی ئیسرائیل كەخۆیان لەئەندام و لایەنگری ئیسلامییەكان و زۆرینەی موسڵمانانی هەرێم دەبینێتەوە، بەرەیەكیش دژی هەڵوێست و بیركردنەوەی بەرەی یەكەم، كەزیاتر كەسانی بێلایەن و ئەندامانی حزبە عەلمانی و نیشتمانییەكانن. لایەنە ئیسلامییەكان، پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ حەماس و پرسی فەڵەستین دەربڕیوەو هەڵوێستی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی كارەكانی بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە، لەوبارەوە رۆژنامەنووس هێمن مامەند بەهاوڵاتی وت : «ئیسلامییەكان بۆ فەڵەستین و غەززە شین و رۆڕۆیانە، ئێمەش پێمان ناخۆشە ئەوەی بەسەر فەڵەستین دێت، بەڵام بۆچی ئەوان بێدەنگن لەبەرامبەر گەلی خۆیان كە رۆژانە لەلایەن توركیای داگیركەر سزا دەدرێت، توركیا لە رۆژئاوا نانەواخانەو نەخۆشخانە وێران دەكات، دارە زەیتونەكانی عەفرین دەبڕێتەوە، ئەوان بۆ دەنگیان نییە؟ هەرلەبەر ئایەتی التین والزیتون حەقە دەنگیان هەبێت.» بەپێچەوانەوە ئیسلامییەكان پێیان وایە كە لەهەموو پرسە نەتەوەییەكاندا هەڵوێستیان هەبووەو زیاتر لەعەلمانی و نەتەوەییەكان بەرگریان لەدۆزی رەوای كورد كردووە، لەوبارەیەوە رێبوار حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «ئێمە پێمان وایە كەئەركی هەموو خاوەن ویژدانێكە بەرگری لەستەملێكراو بكات، گەلی فەڵەستینش وەك ئێمە سزا دەدرێن و خاكیان داگیركراوەو لەژێر حوكمی ئاگرو ئاسندان، حەقە ئەوانە بخرێنە ژێر پرسیارەوە كەبەرگری لەستەملێكراو ناكەن». ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری وتیشی:» ئەوانەی كە داوا دەكەن گەلانی دونیا هاوسۆزیان بن لەپرسە نەتەوەییەكانی كورددا، بەڵام خۆیان لەگەڵ ستەمكاران هاوسۆزن و لەگەڵ ستەملێكراو هاوسۆز نین، ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەری هەر بابەتێك پەیوەندی بەهەر میللەتێكی ستەملكێراوەوە هەبێت بەواجبی خۆمانی دەزانین هاوسۆزبین لەگەڵیان، ئەوانەی رەخنە لەئێمە دەگرن پێموانییە لەهیچ هەڵوێستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەپێش ئێمەوە بن.» ئیسلامییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لەپرسە نەتەوەییەكاندا وەك پێویست هەڵوێستیان نییە، لەبەرامبەردا بۆ كێشەی فەڵەستین زیادەڕەوی دەكەن بە رادەی هاندانی گەنجان بۆ چوونە غەززەو پەیوەندیكردن بەبزووتنەوەی حەماس، بەڵام سەركردەكەی كۆمەڵ پێی وایە كەئەو قسانە هیچ بنەمایەكی نییەو بۆ لەبیربردنەوەی قەیران و دۆخی خراپی ئیدارەدانی هەرێمە، هەروەك ئەوەی رێبوار حەمەد دەڵێت: «ئێمە ئەركی خۆمان بەزیادەوە بەجێهێناوە، چەندین كەمپەینمان كردووە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا، ئێمە لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەكانمان هاوكاریمان كۆكردووەتەوەو بەڕێگەی سەخت و دژوار خۆمان گەیاندووەتە رۆژئاوا، ئەو دەسەڵاتەی كە رەخنەمان لێدەگرێت خۆیان بوونەتە رێگر لەگەیاندنی دەستی هاوكاریمان بۆ كوردانی رۆژئاوا، هەروەها بۆ كوردانی باكوور هەڵوێستمان هەبووە هەر كارەساتێك روویدابێت ئێمە رۆڵمان هەبووە لەهاوكاریكردنیان، لەبۆردومانەكانیشدا هەڵوێستمان هەبووەو فراكسیۆنەكانمان بەیاننامەیان دەركردووە.» جیاواز لەئیسلامییەكان، كە باكگراوندی ئاینی پاڵنەرە بۆ پشتگیریكردنی دۆزی فەڵەستین. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پشتگیری خۆی بۆ فەڵەستین دەربڕی و سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلی كرد بۆسەر غەززە، لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، بڵاویكردەوە:» داوا لەكۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەكەین بەئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆیان هەستن لەپێناو رێگریكردن لەپێشێلكارییەكان و هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر كەرتی غەززە.» یەكێتی بەم هەڵوێستەی، بووە یەكەمین حزبی نیشتمانی و عەلمانی لەهەرێمی كوردستان كەدەنگ بۆ غەززە هەڵببڕێت و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە، لەوبارەوە ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەڵوێستی یەكێتی ئەو بەیاننامەیەیە كە فراكسیۆنەكان دەریكردووە، لەبەرئەوە هیچ قسەیەكی ترمان نییە.» بەڵام هێمن مامەند پێی وایە «یەكێتی وابەستەیە بەئێران، ئێرانیش دژی ئیسرائیلە بۆیە دەبێت ئەو حزبە پشتگیری فەڵەستین بكات و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە.» میدیاكانی نزیك لەدەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، رەخنەیەكی زۆر لەئیسلامییەكان دەگرن و بەشێوەی كاریكاتێر توانج لەسەرۆكی كۆمەڵ و ئەو حزبە دەدەن، بەوەی كە هانی گەنجان دەدەن بچنە غەززە، بەڵام منداڵی خۆیان لەئەوروپا ژیان بەسەر دەبەن، لەوەڵامی ئەو رەخنەو توانجانەدا، رێبوار حەمەد دەڵێت: «رەخنەمان لێدەگرن كە بۆچی ناچین بۆ غەززەو بەرگری بكەین، ئەی باشە بۆچی خۆیان ناچنە رۆژئاوا، كێیە رێگەی رۆژئاوای گرتووەو ناهێڵێت هاوكاری بگاتە كوردانی رۆژئاوا؟ كۆمەڵ و ئیسلامییەكانن؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەم قسانە چەواشەكارییەو شێواندنی واقیعەكەیە لای خەڵكی.» لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و مقۆمقۆی نێوان ئیسلامی و نەتەوەییەكانی باشوری كوردستان، توركیا بۆردومانەكانی بۆسەر خاكی رۆژئاوا چڕتركردووەتەوەو بەپێی راپۆرتی میدیاكانی توركیا، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 180 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراوە.
تادێت سوپای ئیسرائیل خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تا غەززە داگیربکات و حەماس «ریشەکێش بکات»، بەڵام مەترسی چوونە نێو غەززە مەترسییەکی گەورەیەو تونێلەکانی حەماس دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە کەسوپای ئیسرائیل بێزارو خاو دەکاتەوە. مەترسی ئەوە هەیە کەشەڕی ناو غەززە سەربکێشێت بۆ ململانێیەکی گەورە لەنیو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیڕ لەچەند بەرەیەکەوە دروست ببێت، شەڕێک کەئێستا حەماس دەڵێت سەریان سوڕماوە لێی چونکە چاوەڕێی شتێکی لەو جۆرە نەبوون. تەنانەت ئێستا ئیسرائیل خەریکی شەڕکردن و بەرپەرچدانەوەی مووشەک و گولـلە تۆپەکانی حزبوڵایە کە لەبەرەی لوبنانەوە هێرش دەکاتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. فراوانبونی بەرەی شەڕ ترسی دروستبوونی بەرەی تری شەڕ لەدووشەممەی رابردوو زیاتر بووە کاتێک حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە رەنگە «بەرەی بەرەنگاری» کە بەمەست لێی حەماسە بەرەیەکی بەرەنگاری بکاتەوە تا نەهێڵێت ئیسرائیل بێتە نێو غەززەوەو داگیری بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کەفراونابوونی بەرەی زیاتر: دەگاتە قۆناغێك کەگەڕانەوەی مەحاڵە». شیکەرەوە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کەئێران و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی گرێکوێرەیەک بوونەتەوە کە ئاخۆ ململانێکە لەغەززە دەمێنێتەوە یاخود پەل دەکێشێت بۆ چەند بەرەیەکی شەڕ. لەچەند دەیەی رابردوودا ئێران زنجیرەیەک هێزی بەهێزی دروستکردووە لەلوبنان و عێراق، یەمەن و سوریا ئەمە جگە لەهاوکاریکردنی حەماس کە رەنگە هەموو ئەمانە ببنە پاڵپشت بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ. لەلایەکی ترەوە واشنتن پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوەو دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست داناوە کەهەردووکیان هەڵگری زیاتر لە ١٢٠ فڕۆکەی جەنگین. تەنانەت حەشدی شەعبی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق. حوسییەکانی یەمەنیش هەڕەشەی خۆیان کردووە. بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەهەموو ئەمانەدا مەترسیدارترین گروپ حزبوڵایە چونکە هەم لەئیسرائیلەوە نزیکەو هەمیش ١٣٠-١٥٠ هەزار مووشەکی هەیە کەدەتوانێت ئاراستەی ئیسرائیلی بکات. بەڵام دەکرێت ئیسرائیلیش زیانێکی گەورە لەلوبنان بدات وەک چۆن لەجەنگی ٢٠٠٦ ئەنجامیدا. لەدووشەممەی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری ئەوەیدا بەحزبوڵا کە «ئەو باجەی کە دەیدەین قورستر دەبێت لەهەموو» شەڕەکانی پێشوو. لەگەڵ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخولایەوە، هاوتا ئێرانییەکەی سەردانی هاوپەیمانەکانی تارانی دەکرد لەسوریا، لوبنان و قەتەر. تەنانەت لەبەیروت حەسەن نەسڕوڵا، سەرکردەی حزبوڵاو ئیسماعیل هەنیئە، سەرکردەی حەماسی بینی. وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی لەئیسرائیل کرد کە رووبەڕووی «بومەلەرزەیەکی گەورە دەبێتەوە» ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت. بەڵام وادەردەکەوێت هەردوولا نیازی کردنەوەی بەرەیەکی جەنگیان نەبێت و حەزیان بەگەورەکردنی شەڕەکە نەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەی بەئاشکرا دەیڵێن. بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێک کە ئاشنایە بەگفتوگۆکانی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست قسەی کردووە، ئێران نایەوێت شەڕ تەشەنە بستێنێت و پەرۆشە بۆ ئەوەی کە رێگەشیواز بدۆزیتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی جەنگ. دیپلۆماتکارەکە دەشڵێت، لەکاتێکدا کە تاران جەخت لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ شەڕ بەڵام هەم ئێران و هەم حزبوڵاش بەئاشکرا هێڵی سوریان دیارینەکردووە کەدەبێت لەغەززە چی رووبدات تا ئەوان بێنە نیو شەڕەکەوە – کە رەنگە خۆی ببینێتەوە لەهێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، یان ئەگەری مەترسی لەناوچوونی حەماس و تەواو تێکشکانی. لەلایەکی ترەوە، لەسەروبەندی سەردانکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ پێشاندانی هاوخەمی و پشتگیریکردنی وڵاتەکە، سوپای ئسیرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدەن. لەکاتێکدا هەزارەها سەربازی ئیسرائلی لەسنورەکانی غەززە کۆبوونەتەوە، ریچار هێچت، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە غەززە داگیر نەکەن. ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ، ئێمە نەمانوتووە کە ئەو قۆناغانە چین، هەموان باس لەهێرشی زەمینی دەکەن، رەنگە شتێکی جیاواز بێت»، هێچت وای وت. حەماس تووشی «سەرسوڕمان» بووە بەرپرسێکی باڵای حەماس کە بۆ واشنتن پۆست قسەی کردووە سوورە لەسەر ئەوەی ئێران لەو هێرشەدا بەشداری نەکردووە کە تێیدا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و ٢٠٠ کەسیش بەدیل گیراون. ئەو دەڵێت، حەماس چاوەڕێی تێکشکانی بەرگری ئیسرائیلی نەکردووە بەو شێوە گەورەو خێرایەو حەماسیش خافڵ بووە لەوەڵامی "دڕندەیی" ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کەتێیدا نزیک بەسێ هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لەملیۆنێکیش ئاوارە بوون. عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس لەبەیروت دەڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان یارمەتیمان دەدەن و راهێنانمان پێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بەتایبەتی زۆر نهێنی بووە». ئەو دەڵێت مەبەست لەئۆپەراسیۆنەکەی حەماس ئاڵوگۆڕکردنی چەند بارمتەیک بووە لەبەرامبەر چەند زیندانییەکی فەڵەستینی و «ئۆپەراسیۆنێکی سنوردار» بووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە کە ئسیرائیل هێرشی ئاسمانی بکات پێش ئەوەی بێتە نێو دانوستانی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانەوە. بەرپرسەکەی حەماس باس لەوەش دەکات، «تێکشکانی سوپای ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمانی کردین، بۆیە رووداوەکەش ئاوا گەورە بوو». داگیرکردنەوەی غەززە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کەداگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت چونکە حەماس «گوزارشت نییە لەهەموو گەلی فەڵەستین» بەڵام لەناوبردنی «توندڕەوەکان کارێکی پێویستە». چوونە نێو غەززە کارێکی گران و قورس دەبێت بۆ ئیسرائیل و زیانێکی گەورەی دەبێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیکۆنۆمستی بەریتانی، داگیرکردنی غەززە جەنگێکی ترسێنەر دەبێت بۆ ئیسرائیل چونکە حەماس بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتی بەتونێلەکانی بەستووە. بەپێی قسەی بزوتنەوەی حەماس، تونێلەکانیان نزیک دەبێتەوە لەهەزارو ٣٠٠ تونێل کەهەموویان ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبن ئەمەش 10 جار لەدرێژی غەززە زیاترە. ئەم تونێلانە لەلایەن حەماسەوە بۆ پەیوەندی، دروستکردنی چەک، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و خۆدزینەوە لەتەکنەلۆجیای ئیسرائیل و جەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت. بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی راندی ئەمریکی لەساڵی ٢٠١٤ەوە هەوڵی دروستکردنی ستافی تونێلی حەماس ٩٠٠ کارمەندی بەردەوامی دامەزراندووەو هەر تونێلێک سێ مانگی پێچووە و ١٠٠ هەزار دۆلاریشی بۆ دروستکردنی ویستووە. رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست دەڵێت حەماس سەرمایەی بۆ ئەم تونێلانە بەشێویەک کۆکردووەتەوە کە لەنێو غەززە وەک وەبەرهێنانی بازرگانی پیشانی داوەو لەمزگەوتەکاندا پارەی بۆ کۆکردووەتەوە. ئیکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات بۆچوونی ئەوە هەیە کەئێران و کۆریای باکور یارمەتی حەماسیان دابێت لەبنیادنانی، دابینکردنی پارەو ئەندازیاردا. یەکەم تونێل کە لەو ناوچەیەدا دروستکراوە لەلایەن هۆزی بەدوەنەکانەوە بووە لەسنوری غەززە-میسر لەساڵی ١٩٨١. یەکەم هێرشی تونێلی لەکەرتی غەززەوە لەساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکرد، بەڵام لە ٢٠٠١دا بوو کاتێک بزوتنەوەی حەماس لەدوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ٢٠٠٥ دەستیکرد بە دروستکردنی تۆڕێکی گەورەی تونێل. یەکەم مەبەستی تونێلەکانی حەماس بەقاچاخبردنی کەلوپەل و چەک بوو لەمیسرەوە بۆ غەززە بەڵام دواتر حەماس بەکارهێنانی فراوانترکرد تائەمڕۆ. فەرماندەکانی حەماس لەم تونێلانەوە خۆیان دەشارنەوەو دەتوانن پەیوەندی بکەن بەیەکەوە بەبێ ئەوەی پشت بەتۆڕی پەیوەندی غەززە ببەستن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێت. لەناو تونێلەکان چەکی جۆراوجۆر دەشارنەوەو بەرهەمی دەهێنن و دەشتوانن بەکاریبهێنن بۆ هێرشی لەناکاوو هێرشی سنور بڕ بۆ نێو ئیسرائیل وەک چۆن کاتێک لەساڵی ٢٠٠٦ عەقید گیلاد شالیتیان رفاندو دواتر لەبەرامبەر زیاتر لەهەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادیان کرد. ئێسرائیل چەندین ساڵە بشێوەیەکی چر وەبەرهێنانی سەربازی و مرۆیی و دارایی دەکات بۆ لەناوبردنی تونێلەکانی حەماس، لەساڵی ٢٠١٤ ئۆپەراسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانە راگەیاند کە تێیدا ٣٢ تونێلی لەناوبرد بەدرێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر کە ١٤ دانەیان دزەیان کردبووە خاکی ئیسرائیلەوە. دوای جەنگی ٢٠١٤ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل، لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل ئامادەیی نەبووە بۆ ئەو مەترسییانەی تونێلەکان بۆ سوپای دروستدەکات لەگەڵ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان ئاگادارکردەوە ئەو تونێلانە یەکێکن لەو پێنج هەڕەشە جددییانەی کە مەترسین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سوپای وڵاتەکەی تەنها چەند رۆژێکیان پێدەچێت بۆ خاپورکردنی تونێلەکان لەکاتێکدا چەندین هەفتەی پێچوو. جەنەڕاڵێکی خانەشینی ئیسرائیل ئەوەی بە ئیکۆنۆمیست وتووە کە دۆزینەوەی تونێلەکان زۆر سەخت بووەو تەنها بەشیوازی تیۆری زانیارییان لەسەر هەبووەو لایەنی پراکتیکییان کەم بوووە. تەنانەت لەنابردنی تونێلەکان قورستر بوون چونکە پێویستیان بەتەقینەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بەپێی مەزندەی ناوەندی توێژینەوەی راند، هەر تونێلێک پێویستی بە نۆ بۆ ١١ تۆن تەقەمەنی هەبووە تا لەناوببرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی سوپای ئیسرائیل تووشی دەبێت لەئەگەری چوونە نێو تونێلەکانەوە تاریکی تونێلەکانە چونکە تەنانەت کەلوپەلی تایبەت کەپێی دەوتری «گاگڵ» و بۆ تاریکی شەو بۆ چاو بەکاردێت لەناو تونێلەکان بێسوودن و هەروەها ترسی ئەوەی هەیە کە حەماس گازی ژەهراوی لەناو تونێلەکان بڕێژێت، ئەمە جگەلەوە کە ناو تونێلەکان ساردن و پلەی گەرمییان ١٠ پلەی سیلیزی کەمترە لەپلەی گەرمی ئاسایی. سەربازێکی بەریتانی کە مەشقی لەچەند تونێلێکی هاوشێوە کردووە دەڵێت، «کاتێک دەچیتە ناوەوە هەست بەوە دەکەیت کە ئەگەر بە رێکوپێکی راهێنانت پێنەکرابێت و ماوەیەکی زۆرت بەسەر نەبردبێت، ناتوانی بەخێرایی بجوڵێیت». ئاڵنگارییەکەی تر بۆ سەربازانی ئیسرائیل ئەوەیە کە دەنگی تەقەی چەکەکان زیاترە لەبۆشاییەکی داخراوی وەک تونێلەکان. چاودێری سەربازی ئەمریکی جۆ ڤیگا لەسەر ئەوە دەڵێت، لەبەر ئەوەیە کە تیمێکی گەورە پیویستە بۆ قەڵاچۆکردنی تونێلەکان «چونکە دەبێت بە بەردەوامی سەربازەکان بگۆڕی و بیانهێنیتە دەرەوەو سەربازی تر ببەیتە ژوورەوە چونکە ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن.» ئەو کاریگەرییەی کە دروست دەبێت پێی دەوترێت پەستانی بەرز کە وادەکات تەقەی چەکەکان تۆزو خۆڵ دروست بکەن و مەودای بینین کەمبکەنەوە. سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان رۆبۆت بەکاردەهێنێت پێش ئەوەی بچێتە تونێلێکەوە تا هەموو هێرشیکی لەناکاوو بۆمبی مینڕێژکراو پووچەڵ بکاتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لەبەر ئەم هۆکارانە سوپای ئسیرائیل رووبەڕووی ئەرکێکی زەحمەت دەبێتەوە. لەڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، جەنەڕال هێرزی هالڤی، بەرپرسی ستافی سوپای ئیسرائیل، بەڵێنیدا کە بچنە نێو غەززەوەو بۆ ئەو شوێنانەی کە حەماس تێیدا ئامادەکاری دەکات و پلان دادەڕێژێت و هێرشی تێدا ئەنجامدەدات و هێرشیان بکاتەسەر لەهەموو شوێنێک و هەموو ژێرخانەکان خاپوور بکات لەگەڵ گرتن و کوشتنی هەموو فەرماندە و چەکدارێکدا، بەڵام ئیکۆنۆمیست پێیوایە کە لەڕووی پراکتیکییەوە ئەم کارە کارێکی ئاسان نابێت و چەندین ساڵی پێدەچێت نەک چەند هەفتەو مانگێک بۆ لەناوبردنی سەدەها کیلۆمەتر لەتۆڕێکی ژێرزەمینی.
سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی «هەژماری من»ی راگەیاندووەو دەیەوێت پێدانی مووچەی فەرمانبەران بكاتە ئەلكترۆنی، بەڵام لەڕێگەی سێ بانكەوە كەهەرسێكیان ئەهلین، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت «هەر فەرمانبەرێك ئەو هەژمارەی بۆ دەكرێتەوە سەرەتا 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بۆ راكێشانی پارەش عمولە دەدات»، مامۆستایەكیش دەڵێت « ئەوانەی داهێنەری هەژماری منن، هەرئەوانەن كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران قەرزان، بۆیە متمانە گرنگە». رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان بۆ دەكرێتەوەو تائێستا نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەر مامەڵەیان بۆ كراوە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی «هەژماری من» دەستپێكرد، مانگی شوباتی ئەمساڵ پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان 841 فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد،هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت «تاوەكو ئێستا 77 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوەو رۆژانە نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر هەژماری نوێیان بۆ دەكرێتەوە». «سێ مانگ سیستەمەكە لەژێر تاقیكردنەوەدا بووە» حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەژمارەوە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بەسیستمی بانكی خەرج بكات، هونەر جەمال، بەهاوڵاتی وت: «دوای سێ مانگ تاقیكردنەوەی سیستمەكە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، گفتوگۆمان لەگەڵ كارمەندەكان كرد بۆ ئەوەی رای خۆیان لەسەر لایەنەكانی پرۆسەكە دەرببڕن، دەركەوت تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووەو بەشێك لەفەرمانبەران یەك لەسەر سێی مووچەكانیان پاشەكەوت كردبوو، لەبەرئەوەی لەنێو هەژماری بانكییان بووەو بەكاش لەبەر دەستیان نەبووە». نۆ بانك بۆ بەشداریكردن لەپڕۆژەی «هەژماری من» ناویان تۆماركردبوو كە لەناویاندا چوار بانك وەرگیراون، وەكو هونەر جەمال ئاماژەی پێدەدات «مەرجەكان بۆ بەشداریكردن، دەبێت بانكەكان دیجیتاڵی و پێشكەوتوو بن و توانای مرۆیی و مادییان هەبێت و لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق دانیان پێدانرابێت.» « ئەو پرۆژەیە وەكو سەرەتا، لەفەرمانبەرانی پارێزگای هەولێرەوە دەستیپێكردووەو ئێستا دەمانەوێ لەپارێزگای دهۆك و سلێمانی داتای فەرمانبەران كۆ بكەینەوەو دواتر ناویان تۆماردەكرێت و هەژماریان بۆ دەكرێتەوە، حكومەت ئەگەر 30٪ كورتهێنانی مووچەی هەبوو دەتوانێت بەكارتێك 70٪ی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر هەژمارەكەیان كەبتوانن پارەی لێ رابكێشن و 30٪ یەكەی دیكەش بەكارتێكی دیكە بێت و بۆ نموونە بتوانێت لەبەنزینخانەیەكی حكومی بەنزین تێبكات یاخود پارەی ئاوو كارەبای پێبدات». هونەر جەمال وای وت. وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من» و دەشڵێت:» هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا ئەو فەرمانبەرەی هەژماری نەبێت، رەنگە كێشەی لەوەرگرتنی مووچە بۆ دروستبێت. دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە كەحكومەت لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە قەرزەكانی لەفەرمانبەران وەردەگرێتەوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسف كردو وتی: «پرۆژەكە ئەوەندە پەیوەندی بەحكومەتەوە هەیە تاوەكو هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، كە مووچەكە چووەسەر هەژمارەكەی، تەنیا خۆی دەتوانێت بەكاری بهێنێت و حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لەهەژمارەكەیدا بكات، وەكو هەموو ئەو هەژمارانەی ئێستا هاووڵاتیان لەبانكە ئەهلییەكاندا هەیانە». هونەر جەمال باسی لەوەش كرد»دوای تەواوبوونی پڕۆژەی «هەژماری من»، كاتێك سەرجەم فەرمانبەران هەژماری بانكییان بۆ كرایەوە، پلانمان هەیە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم بۆ راكێشانی پارە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابنێین و ئەو ژمارەیەش بۆ سەرەتا كەم نییەو گرنگیشە فەرمانبەرێكی كەلار بتوانێت لەزاخۆ یان لەهەر شارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش مووچەكەی وەربگرێت و بەكاری بهێنێت». شارەزایەكی بانكی دەڵێت ئەو پرۆژەیە خزمەت بەچەند بانكێكی ئەهلی دەكات سەبارەت بەو هەژمارە گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری و بانك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەر وڵاتێكدا ئەگەر بتەوێ سەیری پێشكەوتوویی ئەو وڵاتە بكەیت دەبێت لەبانكەكانەوە دەستپێبكەیت، بەڵام نەك سیستەمێكی بانكی بەقاسەیەكی بەتاڵەوە، ناكرێت بڵێیت با هەژماری بانكیت هەبێت بەڵام بەتاڵ بێ، خەڵك دەناسم پارەی خانەنشینیەكەی باوكی مانگانە دەچێتە سەر هەژمارەكەی بەڵام لەمانگی دووی 2023 ەوە دەیەوێت ئەم پارەیە رابكێشێت تائێستا نەیتوانیوە رای بكێشێت، تەنانەت پێیان وتووە بۆ دوای مووچە بزانین چیمان پێدەكرێت بۆت بكەین». ئەو شارەزای بانكییە وتیشی:» نەتوانینی ئەوەی پارە رابكێشیت لەبانكەكان بێمتمانەییەكی گەورەی دروستكردووە لەنێوان خەڵك و بانكەكاندا، ئێران كەچەنێك بەهای پارەكەیان دابەزیوە بەڵام هێشتا هاووڵاتیەكانی متمانەیان بە بانكەكانیان هەیەو دەوڵەتی ئێران دەستی نەبردووە بۆ مووچەی خەڵك، حكومەتی بیر لەوە دەكاتەوە هەژماری بانكی بۆ من بكاتەوە بەناچاری و 10 هەزار دینارم لێ بسەنێت، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ كەمووچەكەم چووە سەر هەژمارەكە سنورێكم بۆ دادەنێت كەنەتوانم بڕێك پارە زیاتر رابكێشم كەئەمەش قەیرانێكی دیكە دروستدەكات و هەژمارەكەش لەبانكێكی ئەهلییە و قازانجەكەش بۆ ئەوانەو ئەمە دەریدەخات حكومەتی هەرێم لەخەمی بانكی ئەهلیدایە، لەكاتێكدا لەكاتی راكێشانی پارەكەش عمولەی دەچێتە سەر». بەوتەی ئەو شارەزا بانكییە حكومەتی هەرێم لەفەرمانبەرە پلە باڵاكانەوە دەستیپێكردووەو فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستانیش ئەو هەژمارە بانكیەیان بۆ كراوەتەوە». یەكێك لەفەرمانبەرانی هەولێر، كە ناوەكەی لەلای هاوڵاتی پارێزراوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» فۆڕممان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی پڕكردووەتەوە بەڵام هێشتا مامەڵەمان تەواو نەبووە، حكومەت چوار بانكی بۆ دیاریكردووین ئێمەش لەو چوار بانكە یەكێكیان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی هەژمارە بانكیەكەمان بكەینەوەو لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرین». ئەو فەرمانبەرە وتیشی:» هەریەك لەبانكی جیهان و ئاشوور و ئاڕتی بانك و بانكی BBAC هەڵبژێردراون تا فەرمانبەران هەژماری بانكی تێدا بكەنەوەو پێشیان وتووین تەنیا پارەی كردنەوەی هەژمارە بانكیەكە دەدەین كە 10 هەزار دینارە». بەرهەم مستەفا مامۆستایە لەبارەی «هەژماری من» بەهاوڵاتی وت:» هەژماری بانكی لەژێر ناوی (هەژماری من) هەرگیز نابێتە جێگرەوەی بانكی TBI، چونكە ئەوانەی خاوەنی داهێنانی «هەژماری من»ن، هەر ئەوانە بوون خاوەندارێتی ئابوری سەربەخۆیان كرد و هەموانیان ماڵوێران كرد». ئەو مامۆستایە دەشڵێت:» ئەوانەی داهێنەری «هەژماری من»ن ، هەر ئەوانەن كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران قەرزارن ، بۆیە متمانە گرنگە پێش «هەژماری من». بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من» ، لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت « پرۆژەی «هەژماری من» دەبێتەهۆی دروستبوونی كێبڕكێیەكی تەندروست لەنێوان بانكەكان و بەگوێرەی پێداویستی هاووڵاتیان، رێگە بەسوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات بانكی دڵخوازیان هەڵبژێرن، هەروەها زانیاری روون لەسەر كرێی بانكی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان دەدات». لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر هەن، بۆ هەر مووچەخۆرێك كە هەژماری بانكیی بۆ دەكرێتەوە بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەكۆی گشتی زیاتر لە 12 ملیارو نیو قازانج دەچێتە گیرفانی ئەو بانكانەی هەژمارەكان بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستدەكەن.
دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی لەهەوڵی ئەوەدایە شۆڕش ئیسماعیل رازی بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسێكی سەربازی ئەو حزبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كەهاوپەیمانان زۆر تووڕەو نیگەرانن، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات كە هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبەرنامەی چاكسازی ناو وەزارەتی پێشمەرگە رووینەداوەو ئەگەری ئەوە هەیە كەهاوپەیمانان بڕیاری توند بدەن. دوو مانگ بەسەر هۆشدارییەكەی ماتیۆ ماكفارلین فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تێپەڕیوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەجێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووینەداوەو كێشەو ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت بەردەوامی هەیەو تائێستاش هیچ كەسێك بەوەزیری پێشمەرگە دیاری نەكراوە. ماتیۆ ماكفارلین، وەك هۆشدارییەك بۆ بەرپرسانی هەرێم رایگەیاندبوو كە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكە خێراتر بكات، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هاوكارییەكانیان رابگرن. كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی رێگرە لەدانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ململانێ و ناتەبایی ستافەكانی ناو وەزارەت هۆكاری جێبەجێنەكردنی چاكسازییەكانە، لەوبارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی رۆڵی نەرێنی هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها ناكۆكی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا دیسانەوە كاریگەری خراپی هەیەو هەندێ خاڵی تریش كەپەیوەندی بەخراپی ئەدای جێبەجێكارانی پرۆسەكەوە هەیە هۆكارە بۆ كێشەكان.» یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، خواست و داواكاری سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی پێویست نەنراوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی و تووڕەیی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی حەفتا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانان لێمان تووڕەن، نیگەرانن لەوەی تائێستا هیچ كارێك نەكراوەو شتەكان بەپێی بەرنامەكانی ئەوان نەڕۆشتووە.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە یەكێتی لەپاش كۆنگرە لەهەوڵی ئەوەدایە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكات و شۆڕش ئیسماعیل بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەت یان كەسێكی تر دیاری بكات بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ پاش كۆنگرە قسە لەسەر ئەوە كراوەو دیارە چوونی سەرۆكی یەكێتی و هەڤاڵان بۆ لای شۆرش ئیسماعیل پەیوەندی بەوەوە هەیەو رەنگە رازی بكەن بگەڕێتەوە یان كەسێكی تر دیاری بكرێت بۆ ئەو پۆستە.» ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ستافەكانی ناو وەزارەت زیاتر بووەو تادێت گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «نەبوونی وەزیری پێشمەرگە كاریگەری خراپی بەجێهێشتووەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا قووڵتر بووەتەوە، مەترسی هەیە كێشەكان گەورەتربن و هێزەكانی هاوپەیمانانیش بڕیاری قورس لەدژمان بدەن.» ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت و نەبوونی وەزیرێك بۆ راییكردنی كاروبارەكانی پێشمەرگە، ئەركی فەرماندەو پلەدارەكانی ناو وەزارەتی قورس كردووەو جۆرێك لەبێئومێدی دروستكردووە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «راستییەكەی ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت، كاروبارەكان بەسستی دەڕوات، چاوەڕێ دەكەین بەڵكو كێشەكان چارەسەر بكرێن.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بە بەردەوامی و رۆژانە هێزەكانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەت دەكەن و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكان راسپاردەی نوێ دەدەن بەوەزارەت و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەدڵنیاییەوە رۆژانە ئەوان دێن و دەچن، ئەمڕۆ ئیتاڵییەكان لام بوون و لەوبارەیەوە گفتوگۆمان كردووە. ئەوان ناوەستن و كاری خۆیان دەكەن.» مانەوەی كێشەكان بەمجۆرەو جێبەجێنەكردنی بەرنامە چاكسازییەكان و داواكارییەكانی هاوپەیمانان، بووەتە تانە لەسەر كوردو حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە جەبار یاوەر بەهاوڵاتی وت «بوونی هێزی چەكداری حزب و یەکنەخستنیان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی، بووەتە تانەیەك لەسەرمان هەم لەناو عێراق و لەسەر ئاستی دەرەوەش، هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت، ئارامی و سەقامگیری بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەكاتی ناكۆكی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، مەترسی دروستبوونی شەڕ نامێنێت. جگەلەوەش هەموو هێزە یەكخراوەكان دەبنە هێزی پارێزەری كیان و هەرێمەكەمان، نموونەیەكی جوان پیشانی عێراق و دنیا دەدرێت بەوەی كە هێزی چەكداری بەدەست حزبەوە نییە. هەروەها هاوپەیمانانیش زیاتر هاوكاری و پشتیوانیمان دەكەن لەڕووی مەشق و راوێژكاری و ماددیشەوە.» وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاكە وەزارەتە كە تائێستا یەكنەخراوەو كاروبارەكانی بەپێی بەرژەوەندی حزبی بەڕێوەدەچێت. لەناو ئەو وەزارەتە چەندان هێزی جیاوازو یەكنەخراو بوونی هەیە، لەوانە هێزەكانی حەفتاو هەشتا كە یەكەمیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو دووەمیشیان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە. هەروەها چەندان هێزو فەرماندەیی تر لەناو وەزارەتەكەدا هەن و چەند هێزێكی تریش لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتەكەن كە بەئاڕاستەو جوڵەی حزبی تر بەڕێوەدەچن، لەوانە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست كە چەند لیواو فەرماندەییەكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەناو وەزارەتەكەدا.
سەركۆ جەمال وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت سەردانەكە ئارەزومەندانەیەو هیوادارن ئەنجامی هەبێت. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023 وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەغداو ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكات. هەر بەپێی زانیارییەكان، وەفدەكە هەمان ئەو وەفدە تەكنیكیە دەبێت كەپێشتر سەردانی بەغدایان كردووەو گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی فیدراڵی كردووە. وەفدەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتە پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بەسەردانەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەم سەردانە شتێكی باشەو وەڵامە بۆ ئەوەی كە لەلیژنەی دارایی كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەبوون واژۆیان كۆدەكردەوەو ئاستەنگیان دروستدەكرد، دەیانوت كەپرسیاری جۆراوجۆریان هەیە لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەم سەردانە ئاشكرایە كە بانگهێشت نییەو فەرمان نییە بەڵكو ئارەزوومەندانەیە، چونكە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە نەك پەرلەمانی عێراق». لە هەفتەی رابردوو، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەگەر بەمزوانە ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا نەکات و بەشدار نەبێت لە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەوا ناچار دەبن قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە ببڕن چونکە سەردانی ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لە مەرجەکانی رێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرکوەزیرانی عێراق. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانیشتنەکە دەڵێت، «لەدانیشتنەكەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبووە، هیچ رێككەوتنێك نییە كە واژۆ بكرێت بەڵكو هەر لەچوارچێوەی ئەو چوونە پێشەوانەی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە ئێمە بەو نیەتەوە دەچین هیوامان وایە حكومەتی عێراقیش وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان». پێشتر هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەفدەدا دەبێت، بەگوێرەی بانگهێشتنامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكەی وەزیری دارایی رۆژی 18ی تشرینی یەكەم لەگەڵ لیژنەكە دەكرێت». بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە، پێنجـی تشرینی یەكەمی 2023 بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە ببێت كەوەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لیژنەكەی ئاگاداركردبووەوە كەدوو هەفتەی دیكە دەتوانێت سەردانی لیژنەكە بكات. هونەر جەمال، لەوبارەیەوە وتی:» بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوامان لەلیژنەی پەرلەمان كرد سەردانەكە دوو هەفتە دوابخرێت». وتیشی: «بانگهێشتێكی نوێمان لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشەفافیەتەوە دەباتە بەردەم ئەو لیژنەیە». رۆژی 11-10-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوەو ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات. لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم. لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان. دوای ئەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دەڵێت «ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان كردووە» چاوەڕوانیش دەكرێت دوای سەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب و وەفدی یاوەری چارەنووسی دوو 700 ملیارەكەی دیكە كە بڕیاردراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت روون ببێتەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق ئەو زانیاریانەی وەزیری دارایی هەرێم دەیداتە بەغدا لەسەر فەرمانبەران لەگەڵ زانیاریەكانی خۆی بەراورد دەكات و دواتر دەیداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا و قەتەر رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە ئازادکرا دوبارە لە بانکەکانی قەتەر دەستی بەسەردا بگیرێتەوە. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ٥ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا و قەتەر رێککەوتن بەوەی بەر بەوە بگرن ئێران دەستی بەو ٦ میلیار دۆلارە بگات کە دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە گوێزرانەوە بۆ بانکەکانی قەتەر، بە مەبەستی ئازاد کردنی بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست، نووسیویەتی: ڤالی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەل نوێنەرانی دیمۆکرات لە پەڕلەمان وتوویەتی بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون لەسەر بلۆککردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران. ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی فەرمی و سەرچاوەیەک لە کۆنگرە کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ بەڵێنی بە یاساداڕێژەرانی ئەمریکا داوە بەم زوانە ئێران دەستی بەو پارەیە ناگات". هەر لەم پەیوەندەدا ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS لە کۆشکی سپی لە تویتەر نووسیویەتی :" ئەمریکا و قەتەر بە بێدەنگی رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو ٦ ملیار دۆلارەی پارەی ئێران کە لە بانکەکانی قەتەرە ئازاد نەکرێن." ئەو بڕە پارەیە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە لایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوور بلۆک کرابوون، دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥ هاوڵاتی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەر بوون، ئەو بڕە پارەیە گوێزرایەوە بۆ قەتەر بە مەبەستی ئازادکردنی و ناردنی بۆ ئێران . نانسی کۆردێس، ڕۆژنامەنوسی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی :" ئەم گۆڕانە دوای ئەوە روویداوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بە دابینکردنی سەرچاوەی ئابووریی و پەروەردە و راهێنانی هێزەکانی حەماس تۆمەتباردەکەن. ئەو ڕۆژنامەنوسە نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە باسی لەم رێکەوتنە کردووە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی سەر بە حیزبی دیموکراتی پەڕلەمان و پێی وتوون ئەم پارەیە بەمزوانە ئازاد ناکرێت". بەرپرسانی ئەمریکا تا ئێستە لەم بارەوە هیچیان نەوتووە. ماڵپەڕی (نوورنیوز) کە نزیکە بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لەمبارەوە نووسیویەتی :" بە پێچەوانەی بانگەشەی واشنگتۆن پۆست، ئەو بڕە پارەیە کە لە بانکەکانی قەتەرە بە تەواوەتی لە بەردەستماندایە. هیچ گۆڕانێک لە پرسی دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بەم بڕە پارەیە لە بانکەکانی قەتەر نەهاتۆتە پێش و رێککەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە". هەر لەم پەیوەندەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی :" قەتەر پێبەندە بەم رێککەوتنەوەو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ئەکات و بە بێ راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی هیچ کارێک ناکات". نوسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی رۆژنامەی " واشنگتۆن پۆست" دەربارەی بەرگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئیران بەو بڕە پارەیەی کە گوێزراوەتەوە بۆ قەتەر وتی:" سیناتۆرەکان ودەوڵەتی ئەمریکا بە باشی ئاگادارن کە ناتوانن ئەو رێککەوتنە تێک بدەن. ئەم بڕە پارەیە مافی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامییە و بڕیار وایە ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی گەمارۆی ئابووریان لەسەر نییە بە کار بهێنرێن". هەر لەم پەیوەندەدا، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە لە ئیسرائیل وتی :" ئەمریکا چاودێری وردی ئەو پارەیە دەکات کە گوێزراوەتەوە بۆ بانکەکانی قەتەر و تا ئێستە هیچی لێ سەرف نەکراوەو ئێرانی نەیتوانی دەستی پێی رابگات" دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی جۆبایدن رەخنەی توندیان لە ئازادکردنی ئەو ٦ ملیار دۆلارە گرت و باسیان لەوەکرد حەماس بە پارەی ئێران، ئەو پارەیەی لە لایەن ئەمریکاوە ئازاد کراوە، هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل.