شەنای فاتیح كێشە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان لەهەرێمی كوردستاندا پەرەی سەندووەو دەیان منداڵ لەزیندانەكاندا شەوو رۆژ دەكەنەوە بەهۆی ئەوەی كەدایكیان بەهۆی رووداوێكەوە لەزیندانەكاندایە. بەپێی نوێترین ئامار كەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتووە لەهەرسێ چاكسازی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ٣٠٧ ژن لەزیندانەكاندا دەمێننەوە لەگەڵ ٦٧ منداڵ. تاڤگە عومەر، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەو منداڵانە لەزۆربەی مافەكانیان بێبەشن و بەدڵنیاییەوە گەر بەوشێوەیە ژیان بەسەربەرن تاكێكی تەندروست دەرناچن و هەوڵدەدرێت گفتوگۆ لەگەڵ كەسوكاریاندا بكرێت بۆئەوەی وەریانبگرنەوە. هەروەها وتیشی:» بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی چاودێری نەوجەوانان لەهەرێمی كوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، چاودێری ئەو بابەتە دەكەن، گەربێت و لەلایەن كەسوكاریانەوە رەتبكرێنەوە ئەوا ئەو منداڵانەی تەمەنیان سەروو سێ تاچوار ساڵە لەناو چاكسازییەكاندا لەدایكیان جیادەكرێنەوە. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكرد كەئەو منداڵانە دەخرێنە شوێنێكی تایبەت، یان شوێنێكیان بۆ دەكرێتەوەو لەناو خانەكانی چاودێری نەوجەواناندا بەجیا دادەنرێن. تاڤگە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كەچەندین جار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە. دەشڵێت: وەزیری كار بەفەرمی لیژنەیەكی پێكهێناوە لەسەر كەیسی ئەو منداڵانەو تا بتوانن ئەو منداڵانەی سەروو سێ تا چوار ساڵان شوێنێكی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت تاسەرجەم ئەو مافانەی بۆ منداڵان پێویستن بەتایبەت مافی خوێندن و بەرجەستەكردنی مافەكانیان وەك منداڵانی ئاسایی بۆیان دابین بكرێت. بەپێی ئاماری دەستەی مافی مرۆڤ كەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتووە ٣٠٧ ژن لەچاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندان بەم شێوەیە: چاكسازی هەولێر ٥١ گیراو (سزادراو)، ١٥٢ راگیراو چاكسازی سلێمانی ٤٤ گیراو، هیچ بەندكراوێكی راگیراو نییە چاكسازی دهۆك ٣٧ گیراو، ٢٣ راگیراو بەپێی هەمان ئامار ژمارەی ئەو منداڵانەی لەنێو چاكسازییەكاندا لەگەڵ دایكیاندا دەمێننەوە ٦٧ منداڵن و تەمەنیان لەشیرەخۆرەوە تا 13 ساڵییەو زۆرترین منداڵ لەچاكسازی هەولێردا دەمێننەوە بەم شێوەیە چاكسازی هەولێر ١٩ منداڵی نێرو ٢٧ منداڵی مێ چاكسازی سلێمانی دوو منداڵی نێر چاكسازی دهۆك نۆ منداڵی نێرو ١٠ منداڵی مێ نوشار قاسم، توێژەری كۆمەڵایەتی و بەرپرسی هۆبەی توێژینەوە لەچاكسازی هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لەلایەن خودی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو منداڵانەو هەوڵیش هەبووە تا لەپڕۆژەی (خێزانی جێگرەوە) بدرێن بەو خێزانانەی كەدەخوازن منداڵ بەخێوبكەن. هەروەها نوشار قاسم وتیشی:» ئەو قوتابخانەیەی لەچاكسازییەكەماندا هەیە بەپێی یاسا تایبەتە بەسزادراوان، تیایدا هاوكاری زۆری ئەو منداڵانە كراوەو كاتێك هەندێك لە ژنە سزادراوەكان دەچن بۆ قوتابخانە، منداڵەكانیشیان لەگەڵیاندایەو لەلایەن مامۆستایان و تیمی قوتابخانەكەمان یارمەتی دەدرێن و هەوڵیان لەگەڵ دەدرێت بۆ فێربوون و پێداویستییەكانیان بۆ دابیندەكرێت». «لەئێستادا چەند رێكخراوێكی نێودەڵەتی و ناوخۆیی كار لەگەڵ ئەو منداڵانە دەكەن بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو رۆژەكانی هەفتە چالاكی هونەری، فێركردن، وەرزشی ئەنجام دەدەن». نوشار قاسم وادەڵێت. بەرپرسی هۆبەی تووێژینەوە لەچاكسازی هەولێر باسی لەوەشكرد كەپێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك خۆراك، جلوبەرگ، شیر، پێداویستی تەندروستی، بەبەردەوامی چاكسازییەكەیان دابینی كردووە. نوشار قاسم هەروەها دەشڵێت:» تەنانەت لەسەختترین بارودۆخیشدا لەڕێگەی رێكخراوەكان و كەسانی خێرخوازیشەوە ئەو پێداویستیانە دابینكراون، بەڵام داوا دەكەین كە شوێنێكی تایبەت بۆ ئەو منداڵانە دروستبكرێت و نەهێنرێنە ناو چاكسازی، چونكە تێكەڵ بەكەسانی تر دەكرێن و چاویان لەژینگەیەك دەكرێتەوە كەنابێت ئاشنایەتییان هەبێت بەو شوێنە». ئەو تووێژەرە باس لەوەشدەكات بینای چاكسازییەكە باش نییەو قەرەباڵغە بەهۆی زۆری ژمارەی راگیراوان و سزادراوان، بۆیە داوا دەكەن ئەو منداڵانە لەشوێنێكی باشترو ئارامتر دابنرێن. پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانەوەی ئەو منداڵانە لەزینداندا یاساییە چونكە بەفەرمانی دادوەرەو پێش ئەوەی منداڵەكە رەوانەی زیندان بكرێت دادوەر كەسوكاری منداڵەكە بانگهێشتی دادگا دەكات بۆ ئەوەی بزانن كە ئەو منداڵە دەگرنەخۆ یان نا، لەحاڵەتی لەخۆنەگرتنی منداڵەكە لەلایەن كەسوكاریانەوە دەبرێنە زیندان». ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ئەو منداڵەی لەنێوان چوار دیواردان وەك ئەوە نییە لەژینگەیەكی دیكەدا بژین و بێگومان بۆشایی دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە هیچ شتێكیان بۆ دابین نەكراوە بەڵكو هەندێك پێداویستیان بۆ دابینكراوە هەرچەندە كەموكووڕی هەیە. «وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێویستە زیاتر بەدەم ئەم بابەتەوە بچێت و ژینگەیەكی تایبەت بەو منداڵانە دروستبكات، لەناو زیندانەكاندا لەژێر سەرپەرشتی دایكیان و رێكخراوەكانی تایبەت بەمافی منداڵان تا هەست نەكەن لەناو چوار دیواردان»، نەریمان ئەحمەد وای وت.
هەناو بابا رەسوڵ بەنزین لەهەولێر گرانترە بەراورد بەسلێمانی و جیاوازی نرخی لترێك بەنزینی نۆرماڵ 200 دینارە، وتەبێژی بەنزینخانەكانی هەولێر دەڵێت:» دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراق هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزینن». نرخی بەنزین جارێكی دیكە لەهەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕێی دابەزینی نرخەكەی بوو، شۆفێران هاواریان لێهەستاوەو بازرگانانیش دەڵێن بەدەست ئەوان نییەو باس لەهۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەن. ئێستا لەهەولێر و دهۆك لیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە هەزارو 100 دینار و لیترێك بەنزینی موحەسەن 1300 دینار و سوپەریش 1450 دینار لەزۆر بەنزینخانەش بەنزینی نۆرماڵ هەرزوو نامێنێ چونكە نرخەكەی لەدوو جۆرەكەی دیكە هەرزانترەو شۆفێران سەرەی بۆ دەگرن، لەسلێمانی و هەڵەبجەش لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 900 دینارە. جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی حكومی هەروەك خۆیەتی ٧٥٠ دینارە، بازرگانییەكەش بەپێی پێویستی كەم بێت گران دەبێت و زۆریش بێت دادەبەزێت». وتیشی:»هۆكاری كەمبوونەكەی ئەوەیە كەپێشتر رێگاكان نەبوو، سامانە سروشتییەكان لەچەندڕۆژی رابردوودا بڕیارێكی دەركرد كەڕێگاكان بكرێنەوە، هەروەها گرانبوونی دۆلار و نەكەوتنە بواری جێبەجێكردنی بودجەشەوە هۆكارن». وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر دەشڵێت :»رەنگە رێگاكان بكرێنەوەو دۆلاریش وا دادەبەزێت ئەگەر هەیە نرخی بەنزین هەرزان بێت». «پاڵاوگەكانی لانازو كار بەنزینی حكومی بە ٧٣٠ دینار دەدەن و بە ٧٥٠ دەفرۆشرێتەوە، بازرگانییەكەش كە هەرئەوان بەشێكی دابین دەكەن ئەمڕۆ بە ١٠٨٠ دینار دراوە بەبەنزینخانەكان». جەنگی مەجید وای وت. نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی بەنزین زۆر گران بووە، هۆكارەكە بەتەواوی نازانرێت و زیاتر ئەوەیە كەبەرهەمهێنانی لەپاڵاوگەكان كەمبووەتەوە». وتیشی:»ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین و لێكۆڵێنەوە لەهۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەین، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش رایگەیاندووە كەئاسانكاری دەكەن بۆ بازرگانەكان كەبەنزین بهێنن». لەساڵی 2019 ەوە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومی بەردەوام باس لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەكەن، بەڵام هێشتا چارەسەر نەكراوە. ئازاد كەریم، شۆفێری تاكسی لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شۆك بووم كە هاتم بینیم بەنزین 75 دینار چووەتەسەر، لەكاتێكدا لە شارەكانی دیكەی عێراق بەنزین كەمترە لە 500 دینارو لێرە(سلێمانی) نۆرماڵ بە 900 یە». ئەو شۆفێرە داوای لەبازرگانەكان كرد «ویژدانیان بەكاربهێنن». وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لەپارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات. بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «نرخەكان وەك خۆیانن، بەنزین لای ئێمە ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەكان وەكو كارو بێجی زیاتر لەمانگێكە لەكاركەوتوون، پاشان ماوەی مانگێكە ئەو بەنزینەی عێراق بڕدراوە كە بە ٧٥٠ دینار بوو «. وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی پێشیوابوو كە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی كاریگەری هەبوو، وتیشی:»هەموو بازرگانێك لەسنووری خۆماندا ئازاد بووەو كەس سوتەمەنی قۆرغ نەكردووەو كێ سوتەمەنی دەهێنێت و دیفرۆشێت ئازادە». «لەئێستادا بەنزینخانەكانمان لەزەرەردان و هەوڵمانداوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، تا ئەو سنورەی بۆمان دیاریكراوە بەنزینخانەكان و بازرگانەكان هەوڵمانداوە نرخ گران نەبێت، بەڵام پاڵاوگەكانی كارو لاناز بەزین گران دەكەن و بەنرخێكی هەرزان نایدەنە بەنزینخانەكان، بەڵام پاڵاوگەیەكی دیكە كەزیاد لەمانگێكە كێشەی سیانەی هەبووە، بڕیارە دەستپێبكاتەوەو هاوكاری بەنزینخانەكان بكاتەوە « بەهمەن قادر وای وت. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری یەكەم و سەرەكی گرانبوونی نرخی بەنزین قۆرغكارییە چ لەلایەن پاڵاوگەكانەوەو چ لەلایەن بازرگان و خاوەن وێستگەكانەوە، جگە لەوەی هیچ دەزگایەك لەهەرێمی كوردستاندا چاودێری نرخی بەنزین ناكات». وتیشی:» هەندێك هۆكاری تریش هەن وەك بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو بەهای نەوت و ئەمانە دەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی زیاد لەپێویست نرخەكەی گران بكەن، لەكاتێكدا پاڵاوگە بۆ خۆی نەوتی خاو پەیدا دەكات و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشێت ئیتر حكومەت چیبكات». «پێویستە حكومەت چاودێری بكات لەڕووی كوالێتییەوەو قازانجەكەی بۆ دیاری بكات و ناكرێت بەمشێوەیە بازاڕی بۆ ئازادبێت و خۆی قازانج بۆ خۆی دیاری بكات، رۆڵی حكومەت لەم پرسەدا خراپەو بووەتە لایەنگیریش ئەگەربێتو لەڕووی نرخ و كوالێتییەوە چاودێری بكرێت نرخی بەنزین كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام حكومەت مەبەستی نییە». كەریم عەلی وادەڵێت. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت:» چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە هەیە، حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان بەنرخی پاڵپشتی بدرێتە هاووڵاتیان، هەروەها رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی كەخاڵێكی زۆر گرنگەو كوالێتی و نرخی بەنزین رێكبخەنەوە تاهەرێمی كوردستانیش لەڕووی سوتەمەنییەوە سەقامگیربێت». كەریم عەلی ئاماژە بەوەدەكات «هەروەها چاودێرییەكی چڕی پاڵاوگەكان و بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكان بكرێت و نرخ و قازانجیان بۆ دابینبكرێت ئەوكاتە كۆنترۆڵی نرخی بەنزین دەكرێت و بەرزی و نزمی روونادات».
سەركۆ جەمال دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون، كە بڕیارە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. پێشنیاركراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئایار یان سەرەتای حوزەیرانی 2024 ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم چاوەڕێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكات. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەكی پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، لەدوایین كۆبوونەوەیاندا ئەو دوو حزبە لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەییو دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا. هەر بەپێی بەدواداچوونەكان، لەسەر ناكۆكیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كوردیش لەكەركوك ئەو دوو حزبە هیچ رێككەوتنێكیان نەكردووە. پێش كۆبوونەوەكە سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكە تەوەری كۆبوونەوەكەی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەبێت». پێشتریش چەند جارێك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە، دواكۆبوونەوەیان رۆژی ٩-٧-٢٠٢٣ بوو لەپیرمام، پێش كۆبوونەوەكەی پیرمامیش هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، لە هەولێر كۆبوونەوە. بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هاوڵاتی پرسی سەرەكی كۆبوونەوەكە هەڵبژاردن بووەو تیایدا هەردوولا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەمكردنەوەی ناكۆكیەكانیان لەناو حكومەت رێككەوتوون، هەروەها لەبارەی كاتی هەڵبژاردنی هەرێم و چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان بەپێویستیان زانیوە گفتوگۆی زیاتر ئەنجامبدرێت. ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یەكێتی هەموو كاتێك ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن ئەوەی دەوترێت یەكێتی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت تەنها هەڵمەتێكی میدیایی پارتییە و راست نییە». وتیشی:»یەكێتی لەڕووی مەبدەئییەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و تەنیا رێگریش لەبەردەم هەڵبژاردن ئەو رێوشوێنانەیە بۆ هەڵبژاردنێكی شەفاف پێویستن». وەك ستران عەبدوڵا ئاماژەی پێدەكات «یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردنێكی شەفاف بكرێت نەك هەڵبژاردنێك پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكراو زانراو بێت». هاوكات دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»سەردانی هەموو لایەنەكانمان دەستپێكردووەو دوای كۆبوونەوەكانیش سەرۆكایەتی هەرێم كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات». ئەمە لەكاتێكدایە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 31-7-2023 رایگەیاند ئەگەر تاكۆتایی مانگی حەوت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكات ناتوانن ئامادەكاریەكان دەستپێبكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەمانگی شوباتی 2024 ئەنجام بدرێت. دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتیو یەكێتیی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەهەولێر كۆبوونەوە. رۆژی 9-7-2023، جارێكی تر كۆبوونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەش هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بافڵ تاڵەبانی بەنیگەرانییەوە هاتە دەرەوەو بە میدیاكانی وت:» یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە». بەڵام دوایین كۆبوونەوەی دەباشان وادەردەكەوێت كەمێك گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كەم كردبێتەوە، بەڵام ناكۆكییەكانی كۆتایی پێنەهێناوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 3-7-2023 ی پارتیو یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بەوەفدی پارتییان وتووە «دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێتو بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووەو یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە». بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لەیەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنیی نوێنو دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن. هاوكات هەر لەكۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لەپارتی كردووە، رێگری دەكەن لەدانانی كەسێك بەوەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییەو ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، لەكاتێكدا پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بەوەكالەت. سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات. نێچیرڤان بارزانی بە نووسراوی فەرمی داوای لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوەو رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بەمەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووەو هەڵبژاردنیش نەكراوە ئەویش بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی رۆژی 3-7-2023 ی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێت:» هەردوولا پشتیوانی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەوكاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لەدوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان». ئەو دەقەی دەڵێت «دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت» دەریدەخات پارتی و یەكێتی تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هەڵبژاردن بكرێت ئەگەرنا لەسەر كاتەكەی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. بەوتەی دوو سەرچاوە لەپارتی و یەكێتی بۆ هاوڵاتی، لەدوایین كۆبوونەوەی پارتیو یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانو شێوازی سازدانی هەڵبژاردن. هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە هێشتا یەكێتی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرەبازنە (چوار بازنەیی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێتو سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە. هەر بەپێی زانیاریەكان، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بەبازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە. بەردەوامیی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی لەكاتێكدایە، بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری 2023 هەڵبوەشێتەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوونو نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت بەنێوەندگیری نەتەوەیەكگرتووەكانیش. هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بەیاسا كۆنەكە بكرێت، كەئەمەش یەكێتی لەگەڵیدا نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لەكوردستان بەشێوەی یەك بازنە دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لەسنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوەو هیچ كوردسییەك بەسنوری سلێمانی نادات. ئەوەش لەكاتێكدایە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6-8-2023 ، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە». وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن». بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت».
سەركۆ جەمال ماوەی چەند رۆژێكە مانگرتن و بایكۆتكردنی دەوام لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم دەستیپێكردووەو فەرمانبەران داوای مووچەكەیان دەكەن، پاش زیاتر لە 40 رۆژیش بەغدا بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم رەوانە بكات، بەوەش هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیەكی دیكەیان دەمێنێت وەریبگرن. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 1-8-2023 دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەوانان كرد. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەشێك لەپشكی هەرێمی كوردستانیان لەبودجەدا ناردووەو ئاماژەی بەوەشكرد، ناردنی پارەكە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە. هەروەها لەبارەی ئەوەی كەپەیوەندی بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند:» رێككەوتنمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەو لیژنەش لەهەردوولا پێكهێندراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنەكە. بڕی 912 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكی هەرێم لەهەولێرو بڕیارە بەغداد دوای لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم پارەی دیكە رەوانە بكات. تایبەت بەدابەشكردنی مووچە لەهەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی گەیشتووەتە بانكی هەرێم و ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی مووچە بڵاودەكەینەوەو دەست بەدابەشكردنی دەكەین». چاوەڕوان دەكرێت رۆژی پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات و لە 10 رۆژدا دابەش بكرێت. بەشێكی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەتە بەنەوت ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوە بكرێت، یان لە ناوخۆدا بەكاربهێندرێت. محەمەد شیاع سوودانی لەو بارەیەوە وتیشی: تاوەكو ئێستا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەستیپێنەكردووەتەوەو رۆژانە 55 هەزار بەرمیل لەهەرێمی كوردستان وەردەگرن. دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەكاتێكدا لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم جوتیار عادل كەئەوكات وتەبێژی حكومەت بوو بەڵێنیدا هەموو 25 ی مانگێك مووچە دابەش بكرێت، بەڵام ئێستا مانگی هەشتە، فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەوە فەرمانبەران لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم بایكۆتی دەوامیان دەستپێكردووە. رۆژی 01-08-2023 دكتۆر زانا عەلی، نوێنەری پزیشكانی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانمان ناچینە سەر كارەكانمان و پێنجشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ لایەنی پەیوەندیدار. رۆژی 31ـی تەممووز، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پزیشكانی پلەبەند راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێدا ئاماژەیان بەوە كرد، «لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 44 رۆژ بەسەر دابەشكردنی كۆتا مووچە و ناڕوونی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 6 و 7، دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناو شاری سلێمانی، دەرەوەی سلێمانی فریاكەوتنەكانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنكە و مەڵبەندە تەندروستیەكان و سەنتەرەكان، بایكۆت دەكەین تاوەكو داواكاریەكانمان جێبەجی دەكرێت.» رۆژی دواتر بەشێك لەپزیشكانی نیشتەجێی خولاوو پلەبەندی نەخۆشخانەی شار لەپێش نەخۆشخانەكە گردبوونەوەو یەكێك لەپزیشكەكان رایگەیاند: بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت گردبوونەتەوە، چەندینجار رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە مووچە لەكاتی خۆی دابەشبكرێت و جێبەجێ نەكراوە.
هاوڵاتی رۆژنامەی "دنیای اقتصاد" کە لە تاران چاپ ئەبێت، راپۆرتێکی مەیدانی لەسەر نرخی خانوو و بەرە و داهاتی خەڵک لە تاران بڵاو کردۆتەوە بە پێی ئەم راپۆرتە گەنجەکانی کە لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٢٦ ساڵیدان، پێویستیان بە زیاتر لە نیو سەدەیە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی خانوو بەهۆی بەرزی نرخیانەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی داهات، ئاستی پاشکەوت، گەنجێکی ٢٥-٢٦ ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران دوای ١٦٦ ساڵ ئەتوانێت ببێت بە خاوەنی خانووی خۆی، بە مەرجێک نرخی خانوو وەک ئێستا بمێنێتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، داهاتی مانگانەی گەنجەکانی ئەم تەمەنە ١١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزارتمەن بۆ ١٢ میلیۆنە و زۆربەیان باسیان لەوە کردووە لە باشترین دۆخدا ئەتوانن مانگێک ١ میلیۆن تمەن (٢٠ دۆلار) پاشکەوت بکەن. باسلەوەشکراوە نرخی خانوو بەرە لە دوو ساڵی رابردوودا بە هۆی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار، لە تاران و شارەگەورەکان ١٥٠٪ زیادی کردووە و لە هەندێ شوێنی تاران تا ٢٥٠٪ نرخەکەی زیادی کردووە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە گەنجەکانی ئەو تەمەنە باسیان لەوە کردووە هیچ هیوایەکیان بەوە نییە ببن بە خاوەنی خانووی خۆیان و وتوویانە :" بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکەینەوە ببین بە خاوەنی خانوو، بە هیچ شێوەیەکیش بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی و مناڵ خستنەوە ناکەینەوە". ژمارەیەکیتر لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم بڵاوکراوەیەکدا وتوویانە ، هاوڕێکانیان زیاتر لە ٣٠ سالیان تەمەنە و ناتوانن ببن بە خاوەنی خانوو و ماڵی خۆیان و چوونەتە قۆناغێکەوە کە پێی ئەڵێن "سەڵتبوونی رەها" واتە بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری ناکەنەوە. لەم رۆژنامەیەدا لە زمانی ژماریەەک لە لاوەکانەوە نووسراوە :" تەنانەت ناتوانن پاسکیلێک بکڕن بۆ ئەوەی پێی بچنە سەر کار". هەروەها باسیان لەوە کردووە تەنها بەمەرجێک ئەتوانن ببن بە خاوەنی خانوو کە دۆخی ئابووری بگۆڕدرێت، ئەگەر نا بیر لە کۆچ ئەکەنەوە. هاوکات رۆژی ٢٣ی تەمووز نوێنەرێکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند زیاتر لە ٢٨ میلیۆن کەس لە ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ئەژین. ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار و گەمارۆ ئابوورییەکانی بە هۆکاری هەژاری ٢٨ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران ناوبرد. ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانوو بەرە "قەرزی بانکی" بۆ دروستکردن و کڕینی خانووی زیاد کردوەو وەک دەوترێت بڕی "قەرزی بانکی" بۆ کڕین و چاککردنەوەو دروستکردنی خانوو گەیشتۆتە ٩٦٠ میلیۆن تمەن. رۆژنامەی "شەرق" رۆژی ٢٢ی حوزەیران دەربارەی زیادکردنی بڕی قەرزی بانکی و مەرجەکانی پێدانی ئەم قەرزە نووسی :" تەنها کەسانی دەوڵەمەند و ئەو کەسانی کە پێویستیان بە قەرزی بانکی بۆ کڕین و دروستکردنی خانوو نییە، ئەتوانن لەو قەرزە بەهرەمەند بن و وەری بگرن." بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی " دنیای اقتصاد" ٩٦٠ میلیۆن تمەن جگە لەوەی ناکرێت خانوویەکی ٢٠ مەتری بکرێت، بەڵکوو بە قیستی درێژخایەنی ١٢ ساڵە کە دەوڵەت لەبەرچاوی گرتووەو مانگانە ئەبێ ٢٠ میلیۆن تمەن بدرێتەوە، لە حاڵێکدا مووچەی کارمەندێک ٧ میلیۆن تمەنە، ناتوانن ئەم قەرزە بانکییە وەربگرن. هەروەها ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی ئەم قەرزە بانکییە نووسیویانە، لەبەر ئەوەی سوودی بانکییەکەی ٢٨ لە سەدە، ئەبێ ٢ میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەن بدەنەوە و شارەزایەکی ئابووری خانوو بەرە بە رۆژنامەی "شەرق"ی وتووە لە هیچ کوێی دونیا وا نییە سوودی بانکی ٢٨ لە سەد بێت بۆ خانوو و بەرە.
سازدانی: سیروان حەمە رەشید هاوڵاتی: با سەرەتا لەسەر رێككەوتننامەی سیڤەر پرسیار بكەین، لەسیڤەردا رێككەوتن هەبوو كە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەوارەێكی سیاسی بۆ كورد دابمەزرێنرێ، بۆچی ئەو قەوارە كوردییە دروست نەبوو و پاڵنەرو فاكتەرەكانی سەركەوتنی ریككەوتننامەی لۆزان چیبوون؟ دكتۆر بورهان یاسین: سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین كە لەكاتێكدا لەم رۆژانەدا سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت، ئێوە پرسیاری یەكەمتان دەربارەی پەیماننامەی سیڤەرە ، بەمەش دەتانەوێ لەهەمان دەرفەت و گفتوگۆدا بەیەكەوە باس لە هەردوو پەیماننامەی سیڤەرو لۆزان بكەین. لەڕووی مێتودییەوە ئەم بەیەكەوە گرێدانە نەك هەر گرنگە بەڵكو زۆریش پێویستە: 1-ساڵانی دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی (١٩١٨ تا ١٩٢٣) یەكێكە لەچركەساتە هەرە دینامیكی و یەكلاكەرەوەكان لەمێژووی مۆدێرنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ئەمە چركەساتی لە قاڵبدانەوە و لەفۆڕمدانی ئەو ناوچەیە بوو. كورد لەم چركەساتەدا «بەجێما،» و نەبوو بەسەرنشینی شەمەندەفەری بەدەوڵەتبوون! ئیـمڕۆش دوای سەد ساڵ كورد لەهەمان ئەو قاڵب و فۆڕمەدا لەلایەن ژمارەیەك دەوڵەتەوە و بەگشتی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لەناوچەكەدا «دەست بەسەرەو بەبارمتەگیراوە»؛ . 2- هەردوو پەیماننامەكە بەشێكن لەوەی كە لەڕووی مێژووییەوە پێی دەگوترێ «تەرتیباتی ئاشتی» (peace settlements) دوای جەنگی یەكەمی جیهانی كە لە رێككەوتنەكانی ئاگربەست لەساڵی ١٩١٨ دەستپێدەكات، بە كۆنفرانسی پاریس و سیڤەرو سان ریمۆدا تێپەڕدەبێ و بە لۆزان كۆتایی دێت؛. 3- بۆ هەردوو پەیماننامەكە رێككەوتنی سایكس-پیكۆ (١٩١٦) وەك «منداڵدان» وایە. بەم مانایەش گرنگی سایكس-پیكۆ لەوەدایە كە سایكس-پیكۆ رێككەوتنێكی سادە نییە، بەڵكو لەوە زۆر زیاتر: ئەم رێككەوتنە جیهانبینی، نەخشە رێگاو فەلسەفەی سیاسی هێزە كۆڵۆنیالیستەكانە، بۆ شێوازی ئیدارەدانی دونیای دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەدیاریكراویش دونیای دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی. ئەوە زۆر گرنگ نییە كە نەخشەی سایكس-پیكۆ كتومت، وەك خۆی، جێبەجێ ناكرێ، بەڵكو گرنگ ئەو نەخشە رێگاو جیهانبینییەی پشتی رێككەوتنەكەیە، كەوەك خۆی دەمێنێتەوە و لەكۆمەڵێك وێستەگەدا ئەزموون دەكرێ و لەدوا وێستگەشیدا، كە لۆزانە، كۆتایی بەدەوڵەتی عوسمانی دێت و سنوورەكانیش دیاریدەكرێن؛. 4- كەم جار لەلێكۆڵینەوەی مێژوویی روودەدات كە، كەم یا زۆر، هەمان وەڵاممان بۆ دوو دانە پرسیار هەبێت. دوو پرسیارمان هەن كە ئەوانیش هۆكارەكانی شكستی پەیماننامەی سیڤەر لەلایەك و لەلایەكی ترەوە ئەو پێدراوو فاكتەرانەی رێگایان خۆش كرد بۆ سەركەوتنی لۆزان، یا راستتر بڵێین سەركەوتنی توركە ناسیۆنالیستەكان، بەسەركرادایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك، لە لۆزان. (لە راستیدا، جوڵانەوەی نەسیۆنالیستە توركەكان، كە لەساڵی ١٩١٩ لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ سەریهەڵدا و هەر زووش ئەنكەرەی دەستنیشان كرد وەك پایتەختی جێگرەوە، هەر زوو دژایەتی خۆی بۆ پەیماننامەی سیڤەر راگەیاند و پوچەڵكردنەوەی ئەم پەیماننامەیەی كرد بەیەكێك لەئامانجە هەرە سەرەكییەكانی خۆی). بە واتایەكی تر ئەم دوو پرسیارە وەك دوو دیوی هەمان دراو وان، لە دیوێكەوە شكستی سیڤەر نووسراوە، بەڵام لە دیوەكەی تریان سەركەوتنی لۆزان. دەكرێ وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەكە لەیەك وەڵامدا كۆبكرێتەوە، كە ئەویش تێگەیشتنێكی وردو هەمەلایەن و فررەهەندە بۆ كۆی رووداوەكانی دوای راگەیاندنی سیڤەر لە(١٠/٨/١٩٢٠) تا دەگاتە رۆژی راگەیاندنی لۆزان، واتە ٢٤/٧/١٩٢٣؛)ە، ئەگەر سیڤەر وەك ترۆپكێك و دەستكەوتێكی گەورەی ناسیۆنالیزمی كوردی (هەڵبەتە دوور لەهەموو ئەو سەرنجانەی كە لەسەر پەیماننامەی سیڤەر هەمانە)، ئەوا بێگومان لۆزان كتومت دژەكەیەتی: لۆزان سەركەوتنی ناسیۆنالیستە توركەكانە، نەك هەر لەكۆتاییهێنان بە سیڤەر بەڵكو لەدامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەك (واتە توركیا) كە لەسەد ساڵی رابردوودا دڵڕەقترین پڕۆژەی تواندنەوەی نەتەوەیی دژ بەكورد لە باكوری كوردستان و توركیا جێبەجێ كردووە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو ئەو دەوڵەتە یەكێك بووە لەگەورەترین رێگرەكانی گەیشتنی كورد بەمافەكانی، تەنانەت لەبەشەكانی تری كوردستانیش، بە تایبەتی لەباشور و رۆژئاوای كوردستان. لەپرسیارەكەتاندا دەڵێن «لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەوارەیەكی سیاسی بۆ كورد دابمەزرێنرێ.» لە راستیدا، بەپێی ئەو نەخشەیەی كە لەكۆنفرانسی سیڤەردا بۆ ئەو «قەوارە» دیاریكرابوو، ئەو قەوارە تەنها لەسەر بەشێك لەو خاكە پێكدەهات كە ئێستا پێی دەگوترێ باكوری كوردستان. لەوەش ئەولاتر، گرنگە ئەوەش بزانرێ كە تەنانەت، بەپێی پەیماننامەی سیڤەر، بەشێك لەو خاكەی كە باكوری كوردستان بوو، وە بەر ئەو دەوڵەتە دەكەوت كە بڕیار بوو بۆ ئەرمەنەكانی ئەنادۆڵ دابمەزرێنرێ. بەم مانایەش پەیماننامەی سیڤەر، یا راستتر بڵێین بەندەكانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ لەبەشی سێهەمی ئەو پەیماننامەیە، كە بۆ كوردستان تەرخان كرابوو، كۆمەڵێك ئەگەرو گرێ كوێرەی لەخۆگرتبوو كە هەموویان دەهاتنە سەر رێگای جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پەیماننامە كە تایبەت بوو بەكوردستان: لە قۆناغی یەكەم، لەماوەی ساڵێكدا، قەوارەكە ئۆتۆنۆمی دەبێت، دواتر، دوای زۆر ئەگەر و پەناو پێچ، دەكرا ئەو ئۆتۆنۆمیە ببێ بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نیشتمانی خۆی. . . سەرەڕای ئەم سەرنجانە لەسەر سیڤەر، گرنگی ئەو پەیماننامەیە لەوەدایە كە یەكەم و دوایین بەڵگەنامە و رێككەوتنی نێو دەوڵەتییە كە دان بەقەوارەیەكی كوردیدا دەنێت وە رەوایەتی پێدەدات لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە. هەر لەبەر ئەوەش زۆربەی نووسەرانی بواری لێكۆڵینەوەی كوردۆلۆژی كۆكن لەسەر ئەوەی كە سیڤەر «خاڵێكی بۆ گەڕانەوەی» واتە (point of reference)ێكی یەكجار گرنگە بۆ ناسیۆنالیزمی كوردی. لەبەرامبەردا، زۆر كەم شت هەیە، ئەگەر ئەسڵەن شتێك هەبێ، بە رادەی پەیماننامەی سیڤەر، كە لەسەد ساڵی رابردوودا بەو رادەیە حزوری هەبووبێ لە رۆح و حاڵەتی دەروونیی ناسیۆنالیزمی توركیدا. ئەم حزورە بووە بە «كۆدەرد» (syndrome) و گرێ لەقوڵایی دەروونیی ناسیۆنالیزمی توركیدا. لە لۆژیكی ئەم كۆدەردو گرێیەدا، لەهەر كات و جێگایەك باسی دۆزی كورد كرا یا ناوی كورد یا كوردستان هێنرا، بە تایبەتی لەلایەن دەوڵەت و دامەزراوە رۆژئاواییەكانەوە، ئەوا سیڤەر بەتوندی ئامادە دەبێ و دەبێتە هۆی شڵەژانی دەرونی ناسیۆنالیستە توركەكان، لەئاستی فەرمی و نافەرمیدا؛. بەڵام بۆ وەڵامی ئەوەی كە «ئایا بۆ كوردستانی سەربەخۆ» دروست نەبوو، بەواتایەكی دیكە ئەو گۆڕاوو پێدراوانە چی بوون وایانكرد كە پەیماننامەی سیڤەر شكست بهێنێ و لەبەرامبەریشدا لۆزان سەربكەوێ، پێویستیمان بەوەیە لەهەموو ئاستەكانی سیاسەت و ئەو هاوكێشە ستراتیژی ئیقلیمی و جیهانییەی كە لەماوەی سێ ساڵی نێوان سیڤەرو لۆزاندا هاتنەكایەوە، بخەینە بەر باس و لێكۆڵینەوە: 1- رۆڵی جوڵانەوەی ناسیۆنالیستە توركەكان بەسەركردایەتی ئەتاتورك لەشكستپێهێنانی سیڤەر: هەر وەك گوترا، ئەم جوڵانەوەیە هەر لە سەرەتادا، كە پەیماننامەی سیڤەر راگەیاندرا، سەرسەختانە دوژمنایەتی خۆی بۆ راگەیاند. . . بە تایبەتی پێنج پێدراوو گۆڕاو پێگەی ئەم جوڵانەوەیەی بەهێزتر كرد، تا رادەی ئەوەی ئەم جوڵانەوەیە توانی ئاراستەی سیاسی و ستراتیجی هێزە كۆلۆنیالیستەكان بگۆڕێ، بەرهەمی ئەم گۆڕانكارییە لەكۆنفرانسی لۆزان بەلوتكە گەیشت و كۆتای بەسیڤەر هات: أ- سەركەوتنەكانی ئەم جوڵانەوەیە دژی ئەرمێنیا (دواتر ئەرمێنیای سۆڤیاتی) و مۆركردنی رێككەوتنی ئەلێكساندرۆپۆل لە ١٧ی نۆڤێمبەری١٩٢٠ لەگەڵ ئەو وڵاتە. بەپێی ئەم رێككەوتننامەیە، ئەرمێنیا دەستبەرداری بیرۆكەی ئەرمینیای گەورە بوو، واتە بەیەكجاری دەستی لە «یەكگرتنەوە» لەگەڵ «ئەرمینیای ئەنادۆڵ» هەڵگرت؛ ب- سەركەوتنی جوڵانەوەكە بەسەر یۆنانییەكاندا لە پایزی ١٩٢٢. ئەم سەركەوتنە لەزۆر رووەوە یەكلاكەرەوە بوو؛ ج- رێككەوتنی جوڵانەوەكە لەگەڵ حكومەتی بەلشەفی لە بەهاری ١٩٢١. ئەم رێككەوتنە بووە هۆكارێكی گرنگ لەبەهێزكردنی پێگەی دیپلۆماسی جوڵانەوەكە و دواجار گۆڕینی هەڵوێستی بەریتانیا، فەرەنساو ئیتاڵیا بەرامبەر كۆی مەسەلە پەیوەندیدارەكان بەدواڕۆژی ئەنادۆڵ؛ د- ناسیۆنالیستە توركەكان توانیان لەكۆنفرانسی لەندەن (لە شوباتی ١٩٢١) خۆیان وەك نوێنەری «توركیا» بسەپێنن، لەبەرامبەردا نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی كۆنفرانسەكەی جێهێشت، بەمەش ناسیۆنالیستە توركەكان پێگەی خۆیان جێگیر كرد وەك جێگرەوەی حكومەتی عوسمانی لەئیستانبۆڵ؛ ح- پڕۆژەی ئەتاتۆرك لە دامەزراندنی دەوڵەتێك تەنها لەسەر خاكی ئەنادۆڵ، دەستهەڵگرتن لە هەموو ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێشتر لەژێر ركێفی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون (جگە لەویلایەتی موسڵ)، یەكانگیر بوو لەگەڵ دیزاین و ستراتیجی هێزە كۆڵۆنیالیستەكان، چونكە دەوڵەتێكی ئەوها زەمانەتێكی یەكلاكەرەوە بوو بۆ خواستی ئەو هێزانە بۆ لەگۆڕنانی یەكجارەكی ئیمپراتۆریی عوسمانی. هەروەها ئەم دەوڵەتە (واتە توركیا) جێگرەوەیەكی باش دەبوو وەك بەربەست لە نێوان سۆڤیەت لەلایەك و ناوچەی بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزە كۆڵۆنیالیستانە لە رۆژهەڵاتی ناوەست؛ 2- دوودڵی و ناكۆكی لەنێوان هێزە سەرەكییەكان (بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا) لە مەسەلە پەیوەندیدارەكان بەچارەنووسی دەوڵەتی عوسمانی. لە راستیدا، هەر لەكاتی گفتوگۆكانی كۆنفرانسی لەندەن (شوباتی ١٩٢١) فەرەنسا و ئیتاڵیا ئامادەبوون أ- دەستبەرداری سیڤەر ببن؛ ب- دەستبەرداری «پشكەكانی خۆیان لەخاكی ئەنادۆڵ» ببن و رێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتەكەی توركە ناسیۆنالیستەكان بكەن؛. 3- راستییە مێژووییەكە ئەوەیە كەئەو دیزاینەی لەناو پەیماننامەی سیڤەردا بۆ كوردستان كێشرابوو زیاتر دەربڕی ئەو یەكانگیرییە بوو كە لەو چركەساتەدا لە نێوان خەونی بەدەوڵەتبوونی كورد لە لایەك و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكانی ئەوكاتە، بەكۆمەڵێك هۆكار، فەراهەم بوو. . . بە هەر حاڵ تەمەنی ئەم یەكانگیربوونە لەنێوان خەونی كوردان لە لایەك و بەرژەوەندییەكانی زلهێزە براوەكانی ئەو كاتە یەكجار كورت بوو، تەنانەت ئەو یەكانگیربوونە بەشی ئەوەشی نەكرد هەنگاوێكیش لەئاراستەی جێبەجێكردنی پەیماننامەی سیڤەر بهاوێژرێ. . . دواجار لە لۆزاندا نەك هەر ئەم یەكانگیربوونە نەما، بەڵكو جێگرەوەكەی، یا راستتر بڵێین دژەكەی، یەكانگیربوون بوو لەنێوان بەرژەوەندی وڵاتە كۆڵۆنیالیستەكان لە لایەك و خواست و بەرژەوەندییەكانی ناسیۆنالیستە توركەكان، بوو بەئەمری واقیع! 4-سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بەكورد پڕ بوو لە دژایەتی و ناجێگیری: دواجار دەبوایە بەریتانیا لەنێوان پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی سیڤەر لە لایەك، بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ لە لایەكی دیكەوە یەكێکیان هەڵبژێرێ: بەریتانیا ویلایەتی موسڵی هەڵبژارد! كاتێك كەهەموو قسە و باسەكانی ناو كۆنفرانسی لۆزان دەخوێنینەوە دەبینین چەندە بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ بۆ بەریتانیا گرنگ بوو. بەم واتایەش لەو باس و خواسانەدا بەوردی دەردەكەوێ كە چۆن چارەنووسی كوردانی ئەنادۆڵ دەبێتە شتێكی فەرامۆشكراو بۆ بەریتانییەكان، لەبەرامبەریشدا چۆن چارەنووسی كوردانی ویلایەتی موسڵ دەبێتە چەقی باس و پێداگری، نەك بەو مانایەی داوای بەدەوڵەتبوون بۆ كوردانی ویلایەتەكە بكات، بەڵكو ئەو پێداگرییە تەنها بەشی ئەوە بكات كەسۆزی ئەو كوردانە بۆ لای بەریتانییەكان رابكێشی بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو لەداهاتوودا چارەنووسی ویلایەتەكە بە «ریفراندۆم» یەكلاكرایەوە ئەوا لایەنگیری كوردەكانی ویلایەتەكە مسۆگەر بكرێ بۆ بوون بە بەشێك لەدەوڵەتە تازە دامەزراوەكەی عێراق، كە هەڵبەتە ئەوكاتە مونتەدەبەیەكی بەریتانی بوو. هاوڵاتی: بەرێزتان ئەزانن لەم رۆژانەدا یادی سەد ساڵەی رێككەوتننامەی لۆزان دەكرێتەوە، ئەو رێككەوتنە چییەو پاڵنەر و هۆكاری رێككەوتنەكە چیبون؟ دكتۆر بورهان یاسین: ئەمساڵ، رێك لە ٢٤-٧-٢٠٢٣، سەد ساڵ بەسەر راگەیاندنی پەیماننامەی مێژوویی لۆزاندا تێپەڕ دەبێ. ئەم پەیماننامەیە بەرهەمی یەكێك لەدرێژترین كۆنفرانسەكان لە مێژووی مۆدێرن بووە: ئەم كۆنفرانسە لە پایزی ١٩٢٢ دەستی بەكارەكانی كرد، بەڵام لە هاوینی ١٩٢٣دا كۆتاییهات، هەڵبەتە بەناوبڕێكەوە (لە زستانی ١٩٢٢-١٩٢٣). كۆنفرانسی لۆزان لەنێوان براوەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی (بەتایبەتی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و یۆنان) لە لایەك وە نوێنەری دەسەڵاتی توركە ناسیۆنالیستەكان لە لایەكی ترەوە. هەر لەسەرەتادا كۆنفرانسەكە بەجۆرێك لەهاوسەنگی، لەنێوان لایەنەكانی براوەی جەنگ لە لایەك و توركە ناسیۆنالیستەكان لەلایەكی ترەوە، دەستیپێكرد، چونكە كۆنفرانسەكە لەسەر خاكی هیچ یەكێك لەدەوڵەتە براوەكانی جەنگ نەبەسترا بەڵكو لە لۆزان، لەسەر خاكی وڵاتێكی بێلایەن، واتە سویسرا. (تەنانەت ناسیۆنالیستە توركەكان لەسەرەتادا خوازیاری ئەوە بوون كە كۆنفرانسەكە لەسەر خاكی ئەنادۆڵ ببەسترێ). ئەمەش بۆ خۆی هێمایەكی گرنگ بوو كە ئیتر دەوڵەتە براوەكانی جەنگ چیتر لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی (دۆڕاوی جەنگی یەكەمی جیهانی)دا دانانیشن بەڵكو لەگەڵ لایەنێك دادەنیشن كە براوەی شەڕە لەبەرامبەر یۆنانییەكان و ئەرمەنەكان وە هەروەها ئەم لایەنە كۆمەڵێك دەستكەوتی دیپلۆماسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە و هەوڵیش دەدات «وەك براوە» لە كۆنفرانسەكەدا مامەڵە بكات. دەرەنجام: دەسەڵاتی توركە ناسیۆنالیستەكان، بە سەرۆكایەتی ئەتاتورك، براوەی بێ سێ و دووی كۆنفرانسی لۆزان بوون، چونكە توانیان «شكستی دەوڵەتی عوسمانی بگۆڕن بە سەركەوتن وە سەركەوتنی كوردیش لەسیڤەر بكەن بە شكست،» ئەمەش بۆ خۆی دەرەنجامێكی یەكجار سەرنجڕاكێش و گرنگە. هاوڵاتی: ئایا رێككەوتننامە چووە بواری پراكتیكەوە، دەرهاویشتەكانی بۆ كورد و توركیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییبون، و ئایا ئەوە راستە كە ئەم رێككەوتنە دوای سەد ساڵ هەڵدەوەشێتەوە؟ دكتۆر بورهان یاسین: لەهەر سێ گۆشەبینینی كوردستانی، توركی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پەیماننامەی لۆزان رووداوێكی گرنگ و مێژووییە: یەكەم، لە دیدی كوردستانییەوە: 1- ئەم رووداوە بەمانای یەكلابوونەوەی دابەشبوونی كوردستان، ناسراو بەكوردستانی عوسمانی بۆ سێ بەش (باكور، باشور، رۆژئاوا) بوو، ئەگەر چی مەسەلەی ویلایەتی موسڵی عوسمانی، لەو كۆنفرانسەدا یەكلانەكرایەوە، بەمەش دیاریكردنی سنوورەكانی نێوان عێراق و توركیا بۆ ١٩٢٥-١٩٢٦ دواخرا، بەڵام ئەم ویلایەتە، وەك ئەمری واقع، هەر زوو لەكۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، كەوتبووە ژێر ركێفی عێراق وەك مونتەدەبەی بەریتانی؛ 2- لۆزان كۆتاییهاتنی پەیماننامەی سیڤەر بوو، ئەو پەیماننامەیەی كە بڕیار بوو خەونی كورد لەدەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستانی، بەڵام سنووردار، بەرجەستە بكات. ئەم رووداوە بوو بەسەرەتایەك بۆ رەوتی مێژوویی كوردایەتی لەسەد ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لەشێوازی ململانێ لەنێوان دوو ئاراستە، رەوتی سەربەخۆیی لە لایەك وە رەوتی «ئۆتۆنۆمی و فەرماڕەوایی خۆماڵی» لە لایەكی دیكەوە. رەوتی دووهەمیان لەدوای جەنگی دووهەمی جیهانییەوە بە روونی بوو بە رەوتێكی باڵادەست؛ 3- سەركەوتنی ناسیۆنالیستە توركەكان لەكۆنفرانسی لۆزاندا و دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا، بووە سەرەتای راستییەكی تاڵ لە مێژووی كورددا: هەر لەسەرەتای هاتنەكایەی ئەم دەوڵەتەوە دوو دانە راستی تاڵ و گرنگ دەركەوتن: أ- ئەم دەوڵەتە لەسەر پرەنسیپی یەك نەتەوە، یەك دەوڵەت، یەك سەروەری دابەشنەكراو، یەك كەلتور و یەك زمانی رەسمی (واتە توركی)، دڵڕەقترین و مەترسیدارترین بەرنامە و پڕۆژەی توانەوەو ئینكاری نەتەوەیی بەرامبەر بەكورد راگەیاند؛ ب- ئەم دەوڵەتە هەر لەسەرەتاوە دوژمنایەتی خۆی بۆ هەر ماف و پێشوەچوونێكی سیاسییانەی كورد لەدەرەوەی سنوورەكانی توركیا راگەیاند، و لەسەد ساڵی رابردووشدا تا توانیویەتی ئەم مەبەستەی خۆی بەكردار سەلماندووە؛ ج- بوونی گەورەترین بەشی كوردستان (لە رووی خاك و دانیشتوانەوە) لەناو سنوورەكانی توركیادا كاریگەریی فرەلایەنی لەسەر تەواوی دۆزی كورد جێهێشتووە، لەئێستاشدا هەر وەهایە؛ . دووەم، لەدیدی دەوڵەتی توركیاوە، ئەم پەیماننامەیە: 1- بوو بەسەرەتای دەوڵەتێكی نوێ، واتە كۆماری توركیا، كە هەر زوو وەك دەوڵەتێكی «زلهێزی ئیقلیمی» دەركەوت و بوو بەشێك لەهاوكێشەیەكی ئیقلیمی فراوان، وە دواتر جیهانیش؛ 2- بە دیدی دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە (واتە ئەتاتورك)، پەیماننامەی لۆزان «ئەو بەڵگەنامەیەیە كە دەریدەخات هەموو ئەو هەوڵانەی سەدان ساڵە دەدرێن و دەخوازرا لە رێگای سیڤەرەوە بگەن بەئامانجی وردوخاشكردنی نەتەوەی تورك، بێواتا كۆتاییان هات. ئەمە سەركەوتنێكی دیپلۆماسی بێوێنە بوو لەمێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا؛» 3- پەیماننامەی لۆزان فاكتەرێكی زۆر گرنگ بوو لەكۆتاییهێنان بەئیمپراتۆریی چەند سەد ساڵەی عوسمانی و لەگەڵیشیدا كۆتاییهێنان بە، ئەوەی لەمێژوودا بە «مەسەلەی رۆژهەڵات» (eastern question) ناسراوە. مەسەلەی رۆژهەڵاتیش كۆی ئەو ناجێگیرییە دیپلۆماسی و ئابوورییە بوو كەدەوڵەتی عوسمانی لەكۆتایی سەدەی هەژدەمەوە تاكۆتایی تەمەنی تیایا ئەژیاو ئەم ناجێگرییەوە ببووە هۆی كاردانەوە و دەستوەردانی جۆراوجۆری ئەو كاتەی زلهێزەكان لەو دەوڵەتەدا؛ 4- لە پەیماننامەی لۆزاندا شتێك روویدا كە كەمجار لەمێژوودا روویداوە: دەوڵەتی عوسمانی یەكێك بوو لەدۆڕاوە سەرەكییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵام لە رێگای پەیماننامەی لۆزانەوە دۆڕاوی جەنگ گۆڕدرا بە براوە. ئەگەر سیڤەر سیمبۆل و هێمای دۆڕاوی دەوڵەتی عوسمانی بووبێت، ئەوا بێگومان لۆزان وەك هێماو جەختكەرەوەی سەركەوتن دەردەكەوێ. سێهەم، لە گۆشەبینینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە: 1- لۆزان بوو بە وێستگەیەكی یەكجار گرنگ لەسەرهەڵدان و بەرجەستەبوونی سیستمێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ناوچەیە چیتر لە سیستمی «ئیمپراتۆری» كۆندا نەمایەوە، بەڵكو پێی نایە قۆناغێكی نوێ لەسیستمی سیاسی، واتە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەتی مۆدێرن؛ 2- ئەم پەیماننامەیە، لەئاستی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوو بەدەربڕی ئەو راستیەی كە سیستمی نوێی جیهانی تەنیا بەرهەمی سیاسەت و جیهانبینی هێزە كۆڵۆنیالیستە رۆژئاواییەكان نییە، بەڵكو ناسیۆنالیزمی لۆكاڵیش دەورێكی گرنگ، تەنانەت یەكلاكەرەوەش، دەبینێ، هەڵبەتە مەبەستیش بە رادەی یەكەم ناسیۆنالیزمی توركییە، كە رۆڵێكی گرنگی بینی، بەتایبەتی لە رێگای لۆزانەوە، لەكۆتاییهێنان بە سیستمی ئیمپراتۆری و بەرجەستەكردنی سەرەتاكانی دەوڵەتی مۆدێرن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست؛ 3- پەیماننامەی لۆزان هێڵی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان دوو جۆر لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ئەو ناوچەیە لە هاوكێشەی جیهانیدا: پێشتر جیهانی رۆژئاوا زیاتر لە رێگای ئیمپراتۆریی عوسمانی مامەڵەی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكرد، بەڵام دوای لۆزان ئیتر دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەتیش لەحاڵەتی ناوچەی كڕۆكی دەوڵەتی عوسمانی، لە رێگای توركیاوە ئەو مامەڵەیە كرا. ئەوەی كە لەساڵانی دواییدا دەسەڵاتدارانی توركیا، زۆر بە تایبەتی سەرۆكی ئەو وڵاتە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) جار دوای جار دووپاتیان كردووەتەوە كە ئیتر «دوای سەد ساڵ لۆزان كۆتایی دێت» و ویلایەتی موسڵیش «دەگەڕێنینەوە» بۆ وڵاتی دایك، واتە توركیا، جێگای سەرنج و تێڕامانە. هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی لۆزان، هەڵبەتە بەدیدی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی توركیا، بە مانای هەڵوەشانەوەی بنەماكانی ئەو واقیعە دێت كە لەو پەیماننامەیە كەوتەوە. ئەگەر چی دەكرێت بەشێك لەو بانگەشەیە وەك بەكاربردن (ئیستهلاك)ی سیاسی ناوخۆیی توركیا تەماشا بكرێت، بۆ نموونە پڕۆپاگاندەی هەڵبژاردن، بەڵام دەشكرێت وەك خەونێكی ئیمپراتۆری و خواستی فراوانخوازیش تەماشا بكرێت. ئەوەش گرنگە بڵێین ئەم خەونی ئیمپراتۆرییە لەكاتێكدا دێت دوو زلهێزی ئیقلیمی و جیهانی دیكە (روسیا و ئێران) بەكاریگەری هەمان «خەونی ئیمپراتۆری: چاویان لەفراوانخوازییە»! لە لایەكی ترەوە ئەگەر چی ستەمی هەرە گەورە لەدەرەنجامی لۆزان، لەئاستی باكوری كوردستان و كوردستانی گەورە، بەر كورد كەوتووە، بەڵام بە هەمان رادە لایەنە كوردییەكان گوزارەشیان لە گۆشەبینینی كوردستانییانە نەكردووە روو لە پەیماننامەی لۆزان و سەد ساڵەی ئەو پەیماننامەیە و چارنووسی. بەتایبەتی جێگای سەرنجە كە هێزە سیاسییەكان و دەسەڵاتی سیاسی لەباشوری كوردستان، لە بەرامبەر ئەو هەموو بانگەشە و ئاماژانەی توركیا لەمەڕ «گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ توركیا،» بێدەنگییەكی سەرسوڕهێنەریان هەڵبژاردووە: ئەم بێدەنگییە جێگای نیشانەی گومان و نیشانەی پرسیاری جددین! ئەم بێدەنگییە لەكاتێكدایە كە هەر باسكردنێك لە چارەنووسی ئەو ناوچەیەی كە پێشتر ویلایەتی موسڵی عوسمانی بوو رێك باسكردنە لەچارەنووسی باشوری كوردستان. ئەوەی راستی بێت لەهیچ جێگایەكی هەر ١٤٣ بەندەكانی پەیماننامەی لۆزان، لە پڕۆتۆكۆڵە لكێندراوەكان بە پەیماننامەكەوە، تەنانەت لە رێكەوتنی نێوان توركیا و عێراق (ناسراو بە رێككەوتنی ئەنكەرە، بۆ دیاركردنی سنوور، لەساڵی ١٩٢٦) باسی كۆتاییهاتنی لۆزان یا «گەڕانەوەی» ویلایەتی موسڵ بۆ توركیا نەكراوە.
ڤانە باهیر نوێنەرانی كورد لەهەر چوار پارچەكانی كوردستان و رەوەندی كوردی بەشداریان لە كۆنفرانسێكی دوو ڕۆژیدا كرد كە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی هەموو ئەو لێكەوتانەی كە پەیماننامەی لۆزان دروستیكردووە بەسەر پرسی كوردەوە. پەیماننامەی لۆزان ١٠٠ساڵ بەسەریدا تێپەڕی، كە لە ٢٤ی تەمموزی١٩٢٣دا، لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنساو ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و سڕبیا و كرواتیاو سلۆڤینییا و توركیا)، بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیاو پێداچوونەوە بەپەیمانی سیڤەردا ئەنجامدرا. كێشەی ژن و ڕێگا چارەسەریەكانیی تاوتوێكرا لە لۆزان، بۆئەوەی لە پڕۆژەیەكدا بخرێنەڕوو، ئەویش لە چوارچێوەی پانێڵێكی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی كۆنفرانسەكە كە لەلایەن ژاڵانە هەورامان و سەحەر ئایدە بەڕێوەبرا و هەریەك لە منەوەر عەزیز ئۆغلۆ، پڕۆفیسۆر لە زانكۆی برێمەنی ئەڵمانیا و نەرمین عوسمان، وەزیری پێشووی كاروباری ژنانی عێراق بەشداریان كرد بە توێژینەوەكانیان. سەحەر ئایدە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سەد ساڵ لەمەوبەر لە پەیماننامەی لۆزاندا هەوڵی لاوازكردن و لەناوبردنی كورد و ژنی كورد درا، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ژنانی كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان و رەوەندی كوردەوە تێكۆشینەكانی ژنی كوردیان دژی ئەم پەیماننامەیە خستەڕوو». هەروەها ئاماژەی بە خەباتی ژنی كورد كرد سەرەڕای ئەو كاریگەریە گەورەیەی لۆزان وایكردووە ئەمڕۆ دروشمی «ژن ژیان ئازادی «وەك دروشمی ئازادی ژنان لە جیهاندا بڵێنەوە. سەحەر ئایدە باسیشی لەوەكرد، كۆی كۆنفرانسەكە و پانێڵی ژنانیش جەختكردنەوە بوو لە پێكەوەییبوونی كورد و بەتایبەتیش ژنان بۆ بەردەوامكردنی خەباتەكانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانمان وەك نەتەوەی كورد، كە ئەمەش خەونی پەیماننامەی لۆزانی لەناوبردووە. پانێڵەكە بەبەشداری چەندین توێژەر و بەرپرسی دیكە بەڕێوەچوو كە یەكێك لەوانە نەرمین عوسمان وەزیری كاروباری پێشووی ژنانی عێراق بوو. نەرمین عوسمان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەروو كە تەوەرەكەی باسكردن بووە لەهەموو لێكەوتەكانی لۆزان سەبارەت بە پرسی ژن لەهەموو ڕوانگەیەكەوە، بۆ نموونە كە چۆن بووەتەهۆی ئەوەی پەروەردە و خوێندن نەگەیشتۆتە هەموو ناوچەكان بۆ ژنان و بی بەش بوون لە خوێندن بەتایبەت لەناوچە دابڕێندراوەكان. نەرمین عوسمان وتیشی: » ژێردەستەیی كورد و پارچە پارچەبوونی كورد وایكردووە ئاگامان لە ئەرشیفی یەكتر نیە و ئەرشیفەكانمان دزراون، ئەمەش یەكێك لە هۆیەكانی ئەوەبووە كە نەمانتوانیوە لە وڵاتی داگیركەردا بەزمانی خۆمان بنوسین ئەمە زیاتر سەبارەت بەپارچەكانی دیكەی كوردستانە كە ڕێگەنەدراوە بەزمانی كوردی بنوسێت. «بێگومان ئەمە هیچ قسەیەكی ناوێت، لە باشوری كوردستان مافەكان و ئازادیەكانی ژنان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ پارچەكانی دیكە، ناڵێم كەمتەرخەمی نییە، بەڵێ كەم كورتی هەیە و كێشە لە جێبەجێكردنی یاساكان هەیە، بەڵام دەڵێم بە شانازییەوە كە لەماوەی ڕابردوودا توانیومانە كاریكی باش بكەین» نەرمین عوسمان وای وت. نەرمین عوسمان پێشیوابوو لە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە بۆیان دەردەكەوێت ئازادی كوردستان و پرسی ژن چەند بەیەكەوە پەیوەستن و لۆزانیش بەو داگیركاریەی چەند كاریگەری هەبووە لەسەر ژنی كوردستان. كۆنفرانسی لۆزان ماوەی دوو رۆژی خایاند كە لە ٢٢-٢٣ی تەمموزدا بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا بەشدارانی كۆنفرانسەكە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە وئەنجامەكانی گفتوگۆی ئەو دوو رۆژەیان ڕاگەیاند، كە بەشێكی تایبەتكرابوو بە داواكاری بۆ باشتركردنی دۆخی ژنانی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان. لەبارەی ئەنجامی پانێڵی ژن لە كۆنفرانسی لۆزانیشەوە هەریەك لە سەحەر ئایدە، بەڕێوەبەری پانێڵی ژن و نەرمین عوسمان، وەزیری پێشوی كاروباری ژنانی عێراق ئاماژەیان بەوەدا « لە پانێڵی ژن بەتەنها باسمان لە كێشە ولێكەوتەكانی لۆزان نەكرد، بەڵكو باسمان لە چارەسەریەكانی ئەم ئاریشانەش كرد بەچەندین خاڵ كە یەكێكیان داواكردنی زیادكردنی ئازادی ژنانە لەهەموو ناوچەكانی كوردستان كە ڕووبەڕووی نەتەوەیەكگرتوەكان و هەموو وڵاتانی بەدەستەڵاتی دوونیاو لایەنە سیاسیەكانی كوردیشی دەكەینەوە، ئەمەش لەپێناو كەمكردنەوەی كاریگەری پەیماننامەی لۆزان لەسەر پرسی ژن».
شەنای فاتیح پاش 15 ساڵ لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) تائێستا بكوژەكانی دەستگیرنەكراون، لەهەرێمی كوردستان لەكۆی پێنج كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، تەنها بكوژی یەكێكیان دەستگیركراوە. سۆران محەمەد، ناسراو بەسۆرانی مامە حەمە، لە 3/3/1986 لەگەڕەكی (شۆریجە)ی كەركوك لەدایكبووە، یەكەمین كاری لەبواری رۆژنامەگەریدا لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لەبەرواری 23/8/2003دا بڵاودەبێتەوە. پاشان بەخۆبەخش پەیامنێری بۆ رۆژنامەی (كەركوكی ئەمڕۆ) كردووە، هاوكات لەتەلەفزیۆنی (العراقیە)پەخشی كەركوك وەك پەیامنێر كاری كردووە، لەهەمان كاتدا پەیامنێری هەفتەنامەی (كوردش گڵۆپ) بووە لەكەركووك. لە 1/3/2006 لەگەڵ سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەی كوردستان راپۆرت، دەبێت بەپەیامنێری ئەو رۆژنامەیە لەكەركوك، دواتر دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی رۆژنامەكە. لەژمارە 11 تاكو ٢١ی رۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێكی هەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت)، هەروەها بەرپرسی راگەیاندنی (ناوەندی چاك) بووە لەكەركوك، ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لەشاری كەركوك. ساڵی 2006 پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری لڤین دروستدەكات، لەهەمان ساڵدا یەكەمین دیداری رۆژنامەوانی بۆ گۆڤاری لڤین لەگەڵ (نووری تاڵەبانی) سەبارەت بەبارودۆخی پەرلەمان ئەنجامدەدات و لەژمارە (37)ی ئەو گۆڤارەدا بڵاودەبێتەوە، پاشان لە ژمارە 42ی گۆڤارەكەوە بەفەرمی دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی گۆڤاری لڤین لەكەركووك. تاكاتی تیرۆركرانی بەردەوام دەبێت و دوا كاری لەگۆڤاری لڤین لەژمارە 69 لەحوزەیرانی 2008) بڵاوبووەتەوە بەناوی (سۆزانییەكان كەركوك داگیردەكەن) سۆرانی مامە حەمە لەشەوی 21ی تەمموزی 2008 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەگەڕەكی شۆڕجەی شاری كەركوك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراو لەچەمچەماڵ بەخاكسپێردرا. كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و راپۆرتی رێكخراوەكاندا بەتایبەتیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو بەڕیتانیا كوردستان بەژینگەیەكی مەترسیدا بۆ كاری رۆژنامەوانی دەبینن، چونكە لەكۆی پێنج كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكوژی چواریان بەئازادی دەسوڕێنەوەو تەنها بكوژی كاوە گەرمیانی بەزیندانی هەتاهەتایی سزادراوە. كاروان ئەنوەر وتیشی:» لەهەرێمی كوردستاندا ٧٢ كەس لەسەر وشەو وتن و بڵاوكردنەوە لەدهۆكەوە هێندراونەتە هەولێرو دادگایی كراون، خەڵك لەسەر چات و گروپ و ئیمۆجی گیراوە». هاوكات، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەدات كە دیاری محەمەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ بەهاوڵاتی وت: ١٥ساڵە رای گشتی و خانەوادەی سۆران چاوەڕوانی لیژنەی بەناو لێكۆڵینەوەن كە بۆ كەیسی ئەم رۆژنامەنووسە پێكهاتووەو چاو بڕاوەتە دەزگا ئەمنییەكان، كە تاوانباران دەستگیربكەن و لەدادگایەكی دادپەروەرانەدا حكوم بدرێن «. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە» میدیای سەربەخۆ لەهەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە، لەموڵكداریەوە گواستراوەتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و كوڕە بەرپرسەكان، سوپایەك لەڕۆژنامەنووسانیان دروستكردووە بۆ خزمەتی دەسەڵات كە بەدۆكیومێنتی ساختە بازاڕ گەرم دەكەن بۆ لەكەداركردنی حەقیقەت». هەر لە ١٥یەمین ساڵیادی شەهیدكردنی سۆرانی مامە حەمەدا ١٤مین خەڵاتی سۆرانی مامەحەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لەلایەن بنەماڵەكەی بەهاوكاری گۆڤاری لڤین بەخشرایە دوو كەسایەتی، هاوكات كەسوكارەكەی بۆ هاوڵاتی ئەوەیان ئاشكراكرد كە تائێستا بكوژی سۆران دەستگیرنەكراوەو كەیسەكەشی هیچ بەرەوپێشچوونێكی بەخۆوە نەبینیوە.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریكا بە نیگەرانییەوە عێراقی بەرەو ئەمریكا بەجێهێشتووەو حكومەتەكەی سودانی داواكارییەكانی ئەمریكای جێبەجێنەكردووە كە بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران بەردەوامەو میلیشیا شیعەكانی نزیك لە تاران بەهێزتربوون، كە چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی بایدن بە گەڕانەوەی "سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسی گەمەكە لەعێراق پێچەوانە دەكاتەوە". ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق سەرەتای ئەم هەفتەیدا بەنیگەرانییەكی زۆرەوە عێراقی بەرەو واشنتن بەجێهێشتووە و راپۆرتی زۆر توندی دژی حكومەتەكەی سودانی و هێزە میلیشیاكانی عێراق داوەتە واشنتن و پنتاگۆن. بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەبارەی بەقاچاغبردنی دۆلارەوە لەعێراقەوە بۆ ئێران و لەوێوە بۆ ڤەنزوێلا كە هەردووكیان لەژێر گەمارۆكانی ئەمریكاو ئەوروپادان راپۆرتی پێشكەشكردووە كە تەنها لەماوەی ئەمساڵدا 15 بۆ 17 ملیار دۆلار لەعێراقەوە چووەتە ئێران و نزیكەی سێ ملیار دۆلار لەو بڕە چووەتە ڤەنزوێلا. لەماوەی رابردوودا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا 14 بانكی خستە لیستی رەشەوە كە رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەژێر گەمارۆی ئەمریكادان، ئەو بانكانەش خاوەندارێتیان بۆ كەسایەتییەكی سیاسی باڵا دەگەرێتەوە كە ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێرانە. ئەمریكییەكان ئەوەشیان دەستكەوتووە كە بەشێك لەو دۆلارانە بەكاش بە ئوتومبێلی جێمسی لەبەسرەوە رەوانەی ئێران كراون. هەروەها نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری عێراق چووەتە توركیاو لەوێوە بەشێكی چووتە رووسیاو سوریا، ئەوەش لەلایەن ئەمریكاوە بەهێڵی سور دادەنرێت. هاوكات ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەبارەی میلیشیا شیعەكانەوە راپۆرتێكی لەبارەی باڵادەستیانەوە لە عێراق خستۆتەڕوو كە ئەمریكای تەواو نیگەران كردووە لە حكومەتەكەی سودانی، كە رۆڵیان هەبووە لە بەقاچاغبردنی دۆلاردا. نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە حكومەتەكەی سودانی گەیشتووەتە لوتكە، لەكاتێكدا كەمتر لەساڵێك دوای ئەوەی (محمەد شیاع سودانی)، بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئیدارەی بایدن چەپڵەی بۆ ئەو هەنگاوانە لێدا كە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەلی عێراق گرتوویانەتەبەر، بەڵام سودانی پێشكەوتنی پێویست بەدەستنەهێنا سەبارەت بەو ئەولەویەتانەی كە واشنتۆن و بەغداد لەسەری رێككەوتوبوون، كە بریتین لەسەقامگیری و ئاسایش و سەروەری و كەمكردنەوەی هەژموونی گروپەكانی نزیك لەئێران. لەئێستاشدا زیادبوونی ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئاماژەن بۆ رێگایەكی كێشەدار، كە جارێكی تر لایەنگرانی موقتەدا سەدرو خۆپیشاندەران لەناوچەی سەوز نزیك دەكاتەوە. پەیمانگای واشنتۆن ئاشكرایكردووە" ئیدارەی كۆشكی سپی نیگەرانن لە ئەدای كابینەكەی سودانی و دەیانەوێت بە هێنانە پێشەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی یارییەكەی لەعێراق پێچەوانە بكەنەوە". پەیمانگای واشنتۆن ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە لەكابینەكەی سودانی ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و بودجەكەشیان زیادیكردووە. ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق بە نیازپاكییەوە دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا "ناوچەكە بەجێناهێڵێت، بەڵام نەیشاردۆتەوە كە لە ماوەی دوو ساڵدا ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی 100 هەزاری تر زیادیكردووەو گەیشتۆتە 240 هەزار چەكدار، كەدەكاتە لە 50%ی هەموو هێزە چەكدارەكانی عێراق. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە لە بودجەی 2023، بڕی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران تەرخان كراوە، هاوكات حكومەتەكەی سودانی ئەكادیمیایەكی سەربازی نوێ بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی دروستدەكات، كە ئەندامەكانی مافی خانەنشینییان دەبێت. لە راپۆرتی شەش مانگی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریداوەو رایگەیاندووە، هێزەكانی حەشدی شەعبی لەهەموو ئاستەكاندا بەخێرایی گەشە دەكەن، لەبودجەوە تا هێزی مرۆیی، بەرنامەی ئابووری. ساڵانە هێزەكانی حەشدی شەعبی 20% زیاد دەكەن، كە بودجەی حەشدی شەعبی لە 2023، بەراورد بەساڵی 2020 لە 90% زیادیكردووە، لە كاتێكدا ژمارەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە هێزێكی فەرمین لەلایەن ئەمریكاوە تەنها لەسەدا سێ زیادیكردووە.
سەركۆ جەمال سەركردایەتیەكی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە لەكاتی پەیماننامەی لۆزاندا گەلی كورد بێكەس بووەو وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریش دەڵێت:» جگە لەوڵاتانی زلهێز وڵاتانی ئیسلامی ستەمیان لەكورد كردووە». هەروەها ئەندامێكی مەجلیسی پژاك پێیوایە كە قۆناغی ئەوە هاتووە كە دەستنیشانی ئەوە بكرێت كێ ناهێڵێت كورد یەكبگرێت و یەكهەڵوێست بێت لەبارەی دۆزی كوردەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی دیموكراتیش جەختلەوە دەكاتەوە:» ئەگەر كورد بۆ خۆی تێڕوانینی روونی نەبێت بۆ هاوكێشە سیاسییەكان لۆزانی دیكە بەسەر كورد دووبارە دەكرێتەوە. پەیماننامەی لۆزان لە 24ی تەمموزی 1923دا، لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنساو ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و سڕبیا و كرواتیاو سلۆڤینییا و توركیا)، بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیاو پێداچوونەوە بەپەیمانی سیڤەردا ئەنجامدرا. دەرئەنجامی ئەو پەیماننامەیە بەزیانی كورد شكایەوە و جارێكی دیكە خاكەكەی بەسەر دەوڵەتانی عێراق و ئێران و توركیاو سوریا دابەشكرا، لەبارەی پەیماننامەكەوە زۆربەی سیاسیەكانی كورد بەستەمی دەبینن بەڵام رای جیاوازیشیان لەبارەیەوە هەیە. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێی وایە كورد لەوكاتەدا بێكەس بوو بۆیە ئەو رێككەوتنەی بەسەردا تێپەڕی بێستوون سابوراوایی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پەیماننامەی لۆزان لەكاتێكدا جێبەجێكرا كە گەلی كورد بێكەس بوو، بۆ لەباربردنی چەند ماددەیەكی سیڤەر بوو كە جۆرێك لەدەوڵەتی دەبەخشییە گەلی كورد». هەروەها باسی لەوەشكرد ئەوەی زۆر كاریگەری هەبوو دەوڵەتی ئەوسای توركیا بوو بەسەركردایەتی ئەتاتورك، بە مانەوەی كوردستان بەداگیركراوی چەندین كارەساتی بەسەر گەلی كورددا هێناوە، چەندین شۆڕش دواتر سەریانهەڵدا و تائێستاش بەردەوامە. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی پێشیوایە دەبێت كورد بەخۆیدا بچێتەوە و یەكگرتوو بێت تا ئەو كارەساتە دووبارە نەبێتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم و رۆژئاوای كوردستانیش دەبێت كوردایەتیەكی بێ دروشم پەیڕەو بكەن، دەشڵێت:» دەبێت كورد وانەیەكی زۆری لە پەیماننامەی لۆزان وەرگرتبێت و ئەو دانیشتنەش ئەمساڵ لەلۆزانی سویسرا كرا ببێتە بەشێكی گرنگ بۆ ئاوڕدانەوە لەخەڵكی كوردستان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان دابەشكرد». «ئەو وڵاتانەی پەیماننامەكەیان واژۆكرد خۆیان بە ئاڵاهەڵگری مافی مرۆڤ و تەنانەت مافی ئاژەڵیش دادەنێن، بۆیە پێویستە پابەندی پرەنسیپەكانی خۆیان بن و فشار بكەن بۆ ئەوەی داگیركەرانی كوردستان كۆتایی بەسەركوتی كورد بهێنن، بەتایبەت لەباكور و رۆژئاوا دەبێت رێ لە پێشێلكاریەكانی توركیا بگرن و لەڕۆژهەڵاتیش ئازارەكانی خەڵكی كوردستان تادێت زیاتر دەبێت، لەباشوری كوردستانیش كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامە، ئەمانە هەمووی ئازارەكانی خەڵكی كوردستانن و دەبێت رابوەستێندرێن». بێستوون سابوراوایی وای وت. ئەندامێكی مەجلیسی پژاك ئەوە دەخاتەڕوو كە ئێستاش نەیارانی كورد سەرەڕای ناكۆكیەكانیان دژی كورد رێككەوتنیان هەیە. جوامێر مارابی ئەندامی مەجلیسی پژاك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» هێشتا كورد لەئاستی حزب و پارتەكانیدا كە بەداخەوە بەشێكی زۆر لەكۆمەڵگای كوردستانیش بەسەریاندا دابەش كراوە، پارچە پارچەو بڵاوە، هێشتاش زلهێزەكان لە رێگەی سەودا كردن لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان لەهەموو پارچەكان و بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، دەیانەوێ جارێكی دیكە لە درەوەی ئێرادەی كوردان، بڕیار لە سەر چارەنووسیان بدەن». هێمای بۆ ئەوەشكرد كە داگیركەرانی كوردستان سەرەڕای هەر ناكۆكییەك كە لەنێوان خۆیاندا هەیانبێت، لەسەر پرسی كورد و بەرەنگاربوونەوەی مافەكانی گەلی كورد، هاودەنگن. «سەردەمەكە گۆڕاوە كوردی ئێستا، كوردی سەد ساڵی پێشوو نییە، لەدوای پەیمانی لۆزانەوە، بەدەیان پارت و رێكخراوە دامەزراون هەر كامیان بەپێی سەنگی خۆیان رۆڵیان هەبووە، ئەگەرچی لە ئاستی پارتەكاندا پارچە بوون هەیە، بەڵام لە ئاستی گەلدا، یەكێتییەكی بەهێز هەیە و گەلی كورد بەخوێنی خۆی ئەو سنوورە دەستكردانەی سڕیوەتەوە، دوو پارچە لە كوردستان، كورد خۆی بەڕیوەی دەبات». جوامێر مارابی وای وت. ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاك دەشڵێت: ئێستا قۆناغی ئەوەیە دەستنیشانی بكەین كەكێ ناهێڵێت كورد یەك بگرێت، خوێندنەوەی راست و دروست بۆ قۆناغی ئێستا بكرێت دەتوانرێت هەنگاوی راست و دروست هەڵبگیرێت. جوامێر مارابی پێیوایە سەردەمی كڕوزانەوە و پاڕانەوە بەسەر چووە و دەڵێت: كە تۆ بەهێز بوویت، دۆست و دوژمن بەجدی وەرت دەگرن، بەڵام مەترسی بەردەوامی ئەو جۆرە رێككەوتنانە كە مافەكانی گەلی كوردیان تێدا كراوەتە قوربانی، لەئارادایە. ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێی وایە نەبوونی یەكڕیزی كورد رۆڵی هەبووە لەسەرخستنی ویستی داگیركەران كاوە بەهرامی ئەندامی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد دابەشكردنی خاكی كوردستان لەقۆناغە جیاوازەكاندا بەسەر چوار جوگرافیای جیاواز، ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساندن كە لەهەلومەرجە نێودەوڵەتی و ناوچەیەكان بۆ سەركوت و چەوسانەوەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت كەڵك وەربگرن. هەروەها وتیشی:» حاشاهەڵنەگرە نەبوونی یەك وتاری نێوان نەتەوەی كورد و پاڵپشتی و خیانەتی ناوخۆیی دەوری سەرەكییان لەسەرخستنی ویستی داگیركەران و وڵاتانی بەرژەوەندیخواز لەئاستی نێوەدەوڵەتی هەبووە و ئەگەر تێروانینمان بەنیسبەت بارودۆخی ئەمرۆ و هاوكێشە سیاسییەكان نەبێ گەلێك لۆزانی دیكەمان بۆ دووپات دەبێتەوە. «لەو باوەڕەدام لایەنە كوردیەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی هەستی نەتەوایەتی نەتەوەی كورد لەم سەردەمەدا، زۆر باش ویست و خواستی پیلانەكانی دژ بە نەتەوەكەمان دەرك دەكەن ، بەس بەداخەوە هەندێك بەرژەوەندی تەسكی حزبی و تاكەكەسی زۆر جار هاندەرن بۆ ئەوەی زلهێزەكان بە لەبەرچاگرتنی قازانج و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئێمەی كورد بكەنە قوربانی» كاوە بەهرامی وا دەڵێت. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێشیوابوو كە هەلومەرجەكە هەستیارە و دەبێ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییمان لەسەرووی هەموو ویستە حزبی و بچووكەكانەوە بێ ، چونكە گەر تووشی كارەساتی دیكەی چەشنی لۆزان بن ئەوە هەمووان تێدا زەرەرمەند دەبین. نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی كوردستان دەڵێت كورد دەستكەوتی بەدەستهێناوە لەئێستادا، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییەكان ناكۆكیەكانیان چارەسەربكەن. جاویدان كەمال، نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد بارودۆخی كورد وەك ١٠٠ ساڵ پێشتر نییە، ئەو كاتە كورد نەیتوانی دەنگی بگەیەنێتە لۆزان، ئەمڕۆ كورد لەلۆزان پاش ١٠٠ساڵ كۆنفڕانسێك سازدەكات بۆ ئەوەی بڵێن پەیماننامەی لۆزان رەتدەكاتەوە تا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێداچوونەوەیەك بەپەیمانننامەی لۆزاندا بكات. جاویدان وتیشی:» هەموو ئەو نەهامەتی و جینۆسایدانەی بەسەر كورددا هات دەرئەنجامی پەیماننامەی لۆزان بوو بەڵام كورد توانیویەتی لەم ١٠٠ ساڵەدا بەرخۆدانی خۆی بكات و دەستكەوتی گەورە بەدەستبێنێت، بۆ نموونە لەباشوری كوردستاندا توانیویەتی فیدڕالیزمی بەدەستبێنێت، لەڕۆژئاوای كوردستانیش خۆسەری رۆژئاوای دامەزراندووە». جاویدان كەمال دەشڵێت: كورد بەدونیای نیشانداوە كە لەئێستاداو پاش شەڕی داعش فاكتەرێكی سەرەكییە لەنەخشەی نێودەوڵەتی و توانیویەتی ئاسایشی ناوچەكە بپارێزێت، پاش لۆزان كوردستان لەلایەن چوار دەوڵەتەوە داگیركراوەو لەئێستادا گەلی كورد بەیەك دەنگ داوای مافی چارەی خۆنووسین دەكەن، رەنگە لەنێوان پارچەكاندا هەندێك لاوازی هەبێت. « لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەلایەنی كەمەوە داواكاری ئەوە هەیە كەگەلی كورد وەك نەتەوەیەك مافی پارێزراوبێت، داوادەكەین لەو لایەنانەی كە پەیماننامەی لۆزانیان واژۆ كردووە بێنە ژێر باری بەرپرسیارێتی و سنوورێك دابنێن بۆ جینۆسایدی گەلی كورد، زۆر گرنگە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسیەكان زیاتر هەوڵبدەن رێكبكەون و پەیوەندی نێوان پارچەكانی كوردستان بەهێزتربكرێت». نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی كوردستان وای وت. وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری: جگە لەوڵاتانی زلهێز وڵاتانی ئیسلامی ستەمیان لەگەلی كورد كردووە محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دۆخی نێودەوڵەتی و جیهان لەئێستاداو لەكاتی ئەنجامدانی پەیماننامەكەدا جیاوازی هەیە و تێڕوانینی جیهان بەرامبەر بەدۆزی كورد وەك خۆیەتی. وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری وتیشی:» نەمزانیوە كورد ئەمڕۆی لەڕۆژی پێشتر باشتربووبێت، پێموایە كورد لەمكاتە خراپتر نابێت، هەر وەك ئەو كاتەیە هەمان ئەقڵیەتی بەڕێوەبردن و پێشبینی هەیە، بەڵام بەپێی پێی پێشكەوتنەكانی جیهان كوردیش گۆڕاوە لەهەندێك رووەوە. «كورد هیچی نەكردووە تا جارێكی دیكە نەبێتەوە بەقوربانی و هیچیشی پێناكرێت، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە بەرژەوەندی نێودەوڵەتی وا دەخوازێت كە كورد هیچ نەبێت، هەندێكیشی خراپی كورد خۆیەتی و یەكگرتوو نییەو هیچ ستراتیژییەكی بۆ داهاتووی خۆی نییە و سود لەهەل و دەرفەتەكان نابینێت». محەمەد حەكیم وای وت. وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت: پێموایە بنەڕەتی ئەوەی كەچیبكات ئەوەیە كە یەكگرتوو بێت، ئەو لەبەشێكیدا كەباشوورە یەكگرتوو نیە چ جا لەپارچەكانی دیكە لەهیچ پارچەیەكداو چەند لایەن هەبێت یەكتر ناخوێننەوە. هەروەها محەمەد حەكیم باسی لەوەشكرد هیچ ئەنجومەنێك نییە كە هەموو كورد لەخۆ بگرێت، تەنها كۆنگرەی نەتەوەیی هەبوو ئەویش دوو لایەن كە پەكەكەو پارتین بوون بەگرفت لەنێوانیان و ئەو كۆنگرەیەش نەگیرا . وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی خستەڕوو: لایەنە كوردییەكانی هەرێم نەیانتوانیووە پێشمەرگە یەكبخەنەوەو ئەمریكاش هەڕەشەی بڕینی هاوكارییەكان دەكات، ستەمێكی گەورە لەلایەن وڵاتانی زلهێزو جیهان و وڵاتە ئیسلامییەكان و دراوسێكانەوە بەرامبەر بەكوردو میللەتی كورد كراوەو ئەم میللەتە مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت بێت.
كاكەلاو عەبدوڵا 100ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پەیماننامەی لۆزان، ئەو پەیماننامەیەی خەونی كورد و چەند كەمە نەتەوایەتییەكی تری لەباربرد و نەخشەی توركیای ئیستای داڕشت، بەڵام هێشتا ئەو پەیماننامەیە كاریگەری خۆی هەیە و بەرپرسانی توركیا چاویان لەوەیە نەخشە گەورەكەی سەردەمی عوسمانی بگەڕێننەوە، كە تێیدا هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی تر لەژێر دەسەڵاتی توركیا بێت. لە چەند دەیەی رابردوودا جموجوڵە سەربازی و سیاسییەكانی بەرپرسانی توركیا بە سەركردایەتی سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ بەدیهێنانەوەی ئەم خەونە زیاتر و زیاتر بووە و چەندین هەوڵ دراوە كە بە ناراستەوخۆ ئاماژەیە بۆ بەرجەستەكردنی ئامانجەكەیان. بەپێی راپرسییەكی ناوەندی كۆندای توركی، لەسەدا نزیكەی نیوەی خەڵكی توركیا باوەڕیان وایە لەدوای 24ی تەمموزی 2023 پەیماننامەی لۆزان بەسەردەچێت و توركیا جارێكی تر لەو كۆت و بەندە دەردەچێت كە بۆی دیاریكراوە، بەمەش دەبێتەوە وڵاتێكی زلهێزی جیهان. ساڵی رابردوو، نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق بە راشكاوانە رایگەیاند، بەرپرسانی توركیا «دەڵێن لە 2023 ئەو شوێنانەی بە تاڵان بردراوە لێیان، دەوكەوێتەوە دەستیان كە مەبەستیان لێی موسڵە، موسڵیش كوردستان لە خۆدەگرێت.» ئەم بیرۆكەیە تەنها لای بەرپرسانی ئێستای توركیا بوونی نییە، بەڵكو بەرپرسانی پێشووتری وڵاتەكە ئەم بیرۆكەیەیان هەبووە و تەنانەت مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كتێبە نوێیەكەی باس لەوە دەكات 33 ساڵ لەمەوبەر تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆكی پێشووتری توركیا، پێی وتووە كە دەیەوێت كوردستان بخاتەسەر توركیا. پەیماننامەی لۆزان و پەیوەندی بە كوردەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 1918 جەنگی یەكەمی جیهانی كۆتایهات، وڵاتە زلهێزەكانی ئەوروپا ئاگربەستی مودرۆسیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی مۆركرد، كە بە پیاوە نەخۆشەكەی بۆسفۆر ناسرابوو، كە تێیدا دەوڵەتی عوسمانی خۆبەدەستەوەدانی خۆی راگەیاند. دواتر و لە 10ی ئابی 1920 پەیماننامەی سیڤەر مۆركرا كە بەپێی پەیماننامەكە خاكی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دابەش دەكرا و دواتریش كورد و ئەرمەن و چەند كەمە نەتەوایەتییەكی تر دەیانتوانی خەونی سەربەخۆیی بەدەیبهێنن. بەڵام ئەم پەیماننامەیە لەلایەن بزوتنەوەی رزگاریخوازی تورك بە سەركردایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك رەتكرایەوە و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی پەیماننامەیەكی تر درا. لە كۆتاییدا و لە 24ی تەمموزی 1923، پەیماننامەی لۆزان مۆركرا. پەیماننامەكە بەئامادەبوونی نوێنەری توركیا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، ئیتاڵیا، یابان، یۆنان، هەروەها شانشینی رۆمان و چەند وڵاتێكی تر لە شاری لۆزان لە سویسرا مۆركرا كە تێیدا نەخشەی ئێستای توركیا دیاریكرا و لەبەرامبەردا توركیا دەستبەرداری ئەو ناوچانە بوو كە لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی بوون وەك عێراق و سوریا و چەند وڵاتێكی تری عەرەبی. پەیماننامەكە واشیكرد كە خەونی سەربەخۆیی كورد لەبارببات و بەشێوەیەكی كردەیی كوردستانی بەسەر چوار پارچەدا دابەش كرد. گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ لە ماددەكانی پەیمانناكە ویلایەتی موسڵ، كە ئەوكات تەواوی هەرێمی كوردستانی ئێستاش دەگرتەوە، درا بە عێراق. لە ساڵی 1920 لە پەرلەمانی توركیا نەخشەی توركیای ئێستا دارێژرا لەژێر گرێبەستی نیشتمانی كە بە توركی بە «میساكی میللی» ناسراوە. لەگرێبەستەكەدا ئەوە هاتووە كە پارێزگا یا ویلایەتی موسڵی عوسمانی دەبێت بەشێك بێت لە پارێزگایەكی توركیا. بەپێی راپۆرتێكی میدیا یۆنانییەكان كە هێشتا پشتراستنەكراوەتەوە، لە ساڵی 2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆبونەوەی ئاسایی كابینەكەیدا وتویەتی، «چیتر ناكرێت توركیا بەم شێوەیەی ئیستا بمێنێتەوە، دەبێت بەجۆرێك دۆخی ئێستا بگۆڕێت، یان هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێین یان بچوك دەبینەوە، من سورم لەسەر ئەوەی هەنگاو بەرەو پێش بنێم.» هاوكات دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لە وتارێكی تریدا سەرۆككۆماری توركیا ئەمەی وتبێت، «هەندێك مێژوونوسان بڕوایانوایە گرێبەستی نیشتمانی قوبرس، حەلەب، موسڵ، هەولێر، كەركوك.... لەخۆبگرێت.» سەرۆككۆماری توركیا و بەرپرسانی تری وڵاتەكە ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە دژی پەیماننامەی لۆزانن و پێیانوایە توركیای قەتیس كردووە. ساڵی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، باسی لەوە كرد توركیا «چاوی» لە عێراق و هەرێمی كوردستانە بەوپێیەی بۆ بەهانە دەگەڕێت بۆ بەئامانج گرتنی ناوچەكە. مالیكی باسی لەوە كرد بەرپرسانی توركیا «دەڵێن لە 2023 ئەو ناوچانەی لە توركیا بە تاڵان بردراوە دەگەڕێتەوە سەر توركیا كە موسڵە، ئەمەش هەموو كوردستان دەگرێتەوە.» لەساڵی 2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكیدا رایگەیاند توركیا ئامادەیە وەك وڵاتێكی «بەهێزتر، سەربەخۆتر و گەشەسەندووتر» پێ بنێتە ساڵی 2023ەوە «لەڕووی ئابوری، سەربازی، سیاسی، هەروەها دیبلۆماسییەوە.» «پەیماننامەكە لە ساڵی 2023 كۆتایی دێت و ئەوانیش مەبەستیان ئەوەیە»، مالیكی وای وت بە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ئەنقەرە دەیەوێت ناوچە كوردی و عێراقییەكان دووبارە كۆنترۆڵ بكاتەوە. ئایا پەیماننامەی لۆزان وادەی بەسەرچوونی هەیە؟ بەپێی راپرسییەكی ناوەندنی توێژینەوەی كۆندای توركی، نزیكەی نیوەی خەڵكی توركیا و لەسەدا %43ی خوێندكارانی دەرچووی زانكۆ باوەڕیان وایە پەیماننامەی لۆزان ئەمساڵ بەسەر دەچێت و دەنگۆی ئەوە هەیە كە «ماددە نهێنییەكانی» پەیماننامەكە ئەمساڵ ئاشكرا بكرێن. ئەوانەی باوەڕیان بەم بیركردنەوەیە هەیە دەكەونە چوارچێوەی تیۆری پیلانگێڕی و بە بڕوای ئەوان بەسەرچوونی پەیماننامەكە توركیا لە كۆت و بەندی رۆژئاوا رزگار دەكات. ئەوان پێیانوایە دوای بەسەرچوونی پەیماننامەی لۆزان توركیا دەتوانێت سەرچاوە وزەییەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی جارێكی تر وەربگرێتەوە و دووبارە توركیا ببێتەوە بە دەوڵەتێكی زلهێز. بەپێی پەیماننامەكە، لە هیچ یەكێك لە بەندەكانیدا كە 143 بەندە، هیچ بەسەرچوونێك نییە و بەرواری تەواو بوون لە پەیمانناماكە نییە، بۆیە لە واقیعدا هیچ راستییەكی مێژووی نییە لەو بارەیەوە كە پەیماننامەكە بەسەر بچێت، بەڵكو تەنها ئەم باوەڕە لە تیۆری پیلانگێڕیدا سەریهەڵداوە، بەتایبەتی لە توركیا پەرەی پێ دەدرێت. ئەم بیرۆكەیە لە ناوەراستی سەدەی بیستەوە بوونی هەیە و ئەكادیمی و كەسانی نوخبەی توركیا پەرەی پێدەدەن و لە نوسینەكانیاندا دیارە كە پەیماننامەی لۆزان بە «پیلان»ێكی جولەكە ناو دەبەن. ئەوان دەڵێن كە پەیماننامەكە شكستێكی گەورەیە بۆ توركیا چونكە رێگەیەیدا بە لەناوچوونی خەلافەتی عوسمانی لە ساڵی 1924 و كۆتای بە «یەكگرتوویی ئیسلام» هێنا. جموجوڵە سیاسیو سەربازییەكانی توركیا لەماوەی دەسەڵاتیدا ئەردۆغان چەندینجار رەخنەی لە پەیماننامەی لۆزان گرتووە چونكە پێیوایە پەیماننامەكە سنورێكی كەمێكی هێشتووەتەوە بۆ وڵاتەكەی. لەچەند ساڵی رابردوودا توركیا لەشكركێشی بۆ سوریا ئەنجامداوە، هێزی سەربازی ناردووە بۆ لیبیا و هەروەها دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكی هەرێمی كوردستانیش، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین جار هەڕەشەی داگیركردنی بەشێك لە یۆنانی كردووە كە پێیوایە سەر بە توركیایە. لەساڵی 2016ەوە توركیا چەندین ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامداوە كە دواینیان ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵە كە ساڵی 2022 رایگەیاند. توركیا دەڵێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ لەناوبردن و كەمكردنەوەی هێزی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە. ساڵی رابردوو محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسییەكی كورد و هاوەڵێكی نزیكی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵانی رابردوودا، لە لێكدوانێكیدا رایگەیاند كە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم ئامادەكارییەكن بۆ ئۆپەراسیۆنی گەورە كە رەنگە لە 2023 دەست پێبكات، ئەمەش بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو بەشانەی عێراق كە پیشتر بەشێك بوون لە دەوڵەتی عوسمانی. «من پێموایە ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئامادەكارییەكە بۆ ئۆپەراسیۆنێكی فراوانتر لەلایەن سەرۆككۆماری توركیا، وەزیری بەرگری، هەروەها هەواڵگری توركیا كە دەڵێن پەیماننامەی لۆزان و سایكس بیكۆ لە 2023 كۆتایی دێن، بۆیە ئەوان پلانی هێرشێكی فراوان دادەڕێژن بۆ سەر كوردستان كە سەرەتا لە موسڵ بۆ كەركوك دەست پیدەكات،» محەممەد ئەمین پێنجوێنی وا وت. بەپێی نەخشەیەكی 2022 كە سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردەوە و دواتر سڕییەوە، توركیا 40 بنكەی سەربازی لەنێو خاكی عێراقدا هەیە كە بەشێكی زۆری لە هەرێمی كوردستانە. ساڵی رابردوو وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشكرایكرد توركیا چوار هەزار سەربازی لە خاكی عێراقدا هەیە (بەشێكی زۆری لە هەرێمی كوردستانە) و لە هەندێك لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا 105 كیلۆمەتر خاكی وڵاتەكی بەزاندووە. چەندین جار سەرۆككۆماری توركیا باسی لە چارەنوسی توركمانەكانی عێراقیش كردووە كە بەشێكی زۆریان لە پارێزگای كەركوك دەژین و هەست دەكەن كە پەیوەستن بە توركیاوە. لەوبارەیەوە محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت، «توركیا هێزێكی سەربازی بۆ توركمانەكان لە كەركوك دامەزراندووە تا ئامادەیان بكات بۆ كاتی هێرشەكە بۆ ئەوەی بتوانن كەركوك كۆنتڕۆڵ بكەن. توركیا پەكەكە وەك بەهانەیەك بەكاردەهێنێت بۆ داگیركردنی بیرە نەوتییەكان و سەرچاوەكانی گازی سروشتی لە باشوری كوردستان.» هەرچەندە كە ئاماژەكان دەڵێن كە رەنگە توركیا چاوی لە هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام لە واقیعدا ئەنجامدانی ئەم كارە قورسە بەهۆی ئەوەی دەبێت توركیا بەهانەی یاسایی و پراكتیكی هەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی خاكی هەرێم و عێراق، ئەمە جگە لە قایلكردنی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و بەرپەرچدانەوەی هێزی بەرەنگاری كورد و نەتەوەكانی تر. «نیازی توركیا گۆڕینی سنور و زیادكردنی خاكی موسڵ نییە بۆ سەر خاكی خۆی، بەڵكو تەنها دەیەوێت دەنگی خۆی هەبێت لە بنیادنانەوەی عێراق و سوریا هەروەك چۆن ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەروەها ئێران هەیانە،» ڤێردا ئۆزەر، رۆژنامەنوس و ستوونوسی توركی وا دەڵێت. سەرۆكی توركیا بە بارزانی وتووە كوردستان دەخاتە سەر توركیا مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەی بەناوی «بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی پێنجەم» باس لە گفتوگۆیەك دەكات لەنێوان خۆی و تورگوت ئۆزاڵ ، سەرۆكی پێشووتری توركیا لە ساڵی 1991 و دەڵێت كە ئۆزاڵ پێی وتووە نیازی ئەوەی هەیە كوردستان بخاتە سەر توركیا. لەگفتوگۆكەدا ئۆزاڵ ئەوە بە بارزانی دەڵێت كە ئەو قسانەی بگەیەنێت بە ئیدارەی جۆرج بۆشی باوك، كە ئەوكات سەرۆكی ئەمریكا بووە، تا بزانێت ئەوان بۆچوونیان چییە لەسەر بابەتەكە. «كاتێك چووی بۆ ئەمریكا، پرسیار لە ئەمریكییەكان بكە بزانە بۆچوونیان چییە لەسەر ئەوەی توركیا كوردستانی عێراق بخاتە سەر خۆی لەچوارچێوەی سیستەمێكی فیدڕاڵی یان كۆنفیدڕاڵی،» بارزانی لە كتێبەكەیدا ئەمەی نوسیووە كە دەڵێت ئۆزاڵ ئەم قسەیەی كردووە لەكاتێكدا كە لە ئەستەنبوڵ بووە و نیازی وابووە بە سەردانێكی فەرمیی بچێتە واشنتن. سەرۆكی پارتی ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئۆزاڵ ئەم داواكارییەشی پێشتر لە جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی پێشووی یەكێتی، كردووە. ئۆزاڵ باسی لە پەیماننامەی لۆزان كردووە بۆ بارزانی و پێی وتووە، «توركیا دووچاری نادادییەكی گەورە بوویەوە كاتێك ویلایەتی موسڵی لێسەندرا.»
هاوڵاتی لەنوێترین دانیشتنی دادگای هەولێر سەبارەت بەدادگایكردنی زیندانیانی بادینان، سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ شێروان شێروانی نوێكرایەوە، لەكاتێكدایە بڕیاربوو لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئازادبكرێت. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو رێكخراوە نێودەوڵەتییەژكان هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەبار نییە بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری. بەپێی ئامارێكی رێكخراوی (سی پی تی) لەساڵی رابردوودا لەسەرتاسەری عێراقدا پێنج رۆژنامەنووس لەزینداندا بوون و هەر پێنجیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون. كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (سی پی تی) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» درێژكردنەوەی ماوەی زیندانی شێروان شێروانی بەدڵنیایەوە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە كاریگەری لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و سیستەمی دادوەرییەكەی دەبێت». باسی لەوەشكرد كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو نوێنەرایەتی وڵاتان ناڕەزایەتییان دەربریوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەپێیانوایە هەرێمی كوردستان چیدیكە شوێنێكی سەلامەت نییە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری. «درێژكردنەوەی ماوەی زیندانیكردنی شێروان نیشاندەری ئەوەیە كەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەگرنگیەوە ئەم راپۆرتانەیان وەرنەگرتووەو هەر بەوشێوەیە لێی تێگەیشتوون كە چۆن لەمیدیایەكەوە رەخنە لەحكومەت بگیرێت». كامەران عوسمان وای وت. ئەو ئەندامەی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (سی پی تی) ئەمریكی دەشڵێت: بەدڵنیاییەوە كونسوڵخانەكان كۆبوونەوەیان دەبێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگ نابێت، چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا كۆمەڵێك هەڵوێست بنوێنرێت كە ئەمەش بۆ ناوو ناوبانگی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە. سەبارەت بەكەیسی هاوشێوە كامەران عوسمان ئەوەی خستەڕوو، كەیسی هاوشێوە ئێجگار زۆرە لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستانداو رۆژنامەنووسان رووبەڕووی هەڕەشەو ترس و لێدان دەبنەوە، بەڵام كەیسی زیندانیانی بادینان جیاوازەو بە بەرنامە داڕێژراوتر كاری لەسەركراوە. بەپێی ئامارێكی ڕێكخرای (سی پی تی) بەتەنها لەشەش مانگی رابردوودا نۆ رۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو چیتر بەشوێنێكی سەلامەتیان نەزانیوە بۆ كاری رۆژنامەوانی و كەیسەكانیان كەیسی رۆژنامەوانین و خۆیان و خانەوادەكانیان رووبەڕووی هەڕەشەو ترس و تۆقاندان بوونەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاووڵاتی،٨١ رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان كە لە ٢٠٢٠ەوە دەستگیركراون تەنها چواریان لەزینداندا ماون و ٧٧یان ئازادكراون. بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كەیسەكە بووەتە كەیسێكی سیاسی، لەسەرەتای دەستگیركردنیەوە شێروان فشاری زۆری لەسەر بووە، بەڵام ئیرادەی بەرزەو هیچ كاتێك تەنەزولی بۆ فشارەكان نەكردووە». براكەی شێروان شێروانی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شێروان كراون رەتدەكاتەوەو بە»ناراست»وەسفیان دەكات و دەشڵێت:» راست نین و لەدادگاش نەسەلمێنراون، هاوڕێكانی شێروان وتیان رێگایان داوە كە پەنجەمۆر لەجیاتی ئەوان بكات و سكاڵاش دژی شێروان تۆمار نەكراوە، لەدادگاش نەسەلمێنراوە كە ئەو پەنجەمۆرە هی شێروان بێت». سەبارەت بەپەیوەندی و سەردانیكردنی خانەوادەی شێروان بۆ زیندان بۆ لای كوڕەكەیان بارزان شێروانی ئەوەی روونكردەوە كەڕۆژانە دەتوانن قسەی لەگەڵ بكەن، بەڵام پەیوەندیكردن لەژێر چاودێری چڕدایەو گوێ لەهەموو پەیوەندییەكان دەگیرێت. هەروەها باسی لەوەشكرد كە بۆ سەردانیكردنیش ئەگەر بێت و كاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانی بچن بۆ بینینی كاتژمێر ١١ تا ١١:٣٠ رێگە دەدەن یەكتر ببینن و كاتژمێر ١٢ش بینینی زیندانیان كۆتایی پێدێت. رەمەزان ئەرتیسی یەكێكە لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەساڵی 2022 داوای ئازادكردنی مەرجداریان بۆ ئەیاد كەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا كرد، بەڵام نەكرا و دواتر داوایان كردووە بڕیارەكە هەڵبوەشێنینەوە. هەروەها وتیشی:» هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان كرد جگە لەگۆهدار زێباری، چونكە لەزیندانیی تاكە كەسیدا بوو و داوای كردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بكات، ئەویش واژۆی بۆ كردبوو، بەڵام دادگا لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیكە سزای شێروانی داوە». «هەر چوار گیراوەكە هێندرانە پێش دادوەرو رایانگەیاند كەخۆیان دەسەڵاتیان بەشێروان شێروانی داوە واژۆ بكات و هیچ كێشەیەك لەسەر ئەو واژۆیە بۆ ئەوان دروست نەبووەو سكاڵایەكیان لەسەر ئەو نییە، بەڵام دادوەر هیچی نەوت و سزای دا»، رەمەزان ئەرتیسی یەكێكە لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان وای وت. دادگای تاوانی هەولێر رۆژی 16-2-2021 بەتۆمەتی «تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی» هەریەكە لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیساو شڤان سەعیدی بەیەكی شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا، مانگی شوباتی 2022 بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 60%ی سزاكەیان، جگە لەشێروان شێروانی كە 50% بوو، كەمكرایەوە. بەپێی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازاد بكرێت.
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق داوایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتدەكاتەوە كە پشكی هەرێمی كوردستان بەدۆلار رەوانە بكرێت لەبری دیناری عێراقی. لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردووی (جوتیار عادل)، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد رایگەیاند: لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە. جوتیار عادل باسی لەوەشكردووە، دوو بابەتی دیكە ماون یەكەمیان پرسی داهاتە نانەوتییەكان و دووەمیش بابەتی پەیوەست بەتێچووی نرخی یەك بەرمیلی نەوتی بەرهەمهێندراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم. بەپێی زانیارییەكان، هەفتەی رابردوو وەفدی حكومەتی هەرێم كە پارتی نوێنەرایەتی دەكات، لە رێگەی (مەسعود حەیدەر)، كە بریكاری وەزیری دارایی عێراقە، داوای لەوەزارەتی دارایی عێراق كردووە، پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجە بەدۆلار بخرێتە سەر هەژماری بانكی هەرێم و بەهای دۆلارەكەش بەنرخی رەسمی بانكی ناوەندی بێت كە بۆ هەر 100 دۆلارێك 132 هەزار دینارە، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن (تەیف سامی)، وەزیری دارایی عێراق رەتكراوەتەوە. پێش راگرتنی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازار، پارتی دیموكراتی كوردستان، لەڕێگای بانكی كوردستان، مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری پارەی نەوتی گۆڕیوەتەوە بەدینار، كە بۆ هەر مانگێك 30 ملیۆن دۆلار قازانجی كردووە، بێ ئەوەی ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێم. كەمی كاش و نەختینەی دۆلار گرفتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە كە بەشێكی زۆر لەداهاتی حزب بەدۆلار هەڵدەگیرێت.
هاوڵاتی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكانی ئێران بووەتە كێشە بۆ هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریكا و ئیسرائیل و تەنانەت هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە هیچ گروپێكی چەكداری شیعە نەماوە لە جیهاندا كە سوودی لە درۆنەكانی ئێران وەرنەگرتبێت. سەرەڕای سزا قورسەكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران دەركەوتوە ئەو وڵاتە كەرەستە و ئامێری دروستكردنی ئەو فڕۆكانەی لە دەرەوە هاوردە كردوە، فەرماندەیەكی سەربازیی وڵاتەكە رایگەیاند وڵاتەكە توانیویەتی لە دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی كڕوز تەنها پشت بەخۆی ببەستێت. ناوەندێكی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی بەریتانیا (Conflict Armament Research) ئێران كە پێشتر پارچەكانی دروستكردنی درۆن یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ناڕاستەوخۆ لە ئەمریكا و دواتر لە چین و ژاپۆن كڕیوە لە ئێستادا توانیویەتی بە لەبەرگرتنەوەی ئەو پارچە و ئامێرانەی دروستكراوی ئەو وڵاتانە لە ناوخۆی وڵاتەكەدا درۆن بۆ روسیا دروست بكات. بەریتانیا ئاشكرای كردوە ناوەندی (سەرمەد ئەلیكترۆنیكی سپاهان) سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی توانیویەتی بە لەبەرگرتنەوەی پارچە ئەمریكی و ژاپۆنی و چینییەكان ئەو ئامێرانە دروست بكات كە بۆ دروستكرنی درۆن پێویستە و سودی لێوەردەگیرێت لە هەمانكاتدا ئەو هەنگاوە بوەتە هۆی ئەوەی سزاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كاریگەریی لەسەر بواری دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كۆماری ئیسلامی نەمێنێت و ترسە گەورەكەش ئاسانكارییە بۆ سوپای روسیا بە مەبەستی سودوەرگرتنی زیاتر لە درۆنە ئێرانییەكان دژی ئۆكرانیا. ژمارەیەك لێكۆڵەری بەریتانی سەر بەو ناوەندە جەختیان لەوە كردوەتەوە ئەگەرچی ئێران هەندێك ئامێر و كەرەستەی درۆنی بە تەكنەلۆژیای لەبەرگرتنەوە دروست كردوە بەڵام تا ئێستاش بۆ دابینكردنی ژمارەیەك لە پارچە پێشكەوتوەكانی درۆنەكانی پێویستی بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ژاپۆن و چین و كۆریای باشور هەیە. كۆماری ئیسلامی دەیان جار بە بیانوی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی سنورەكانی بەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە هێرشی لە دژی خاكی هەرێم ئەنجام داوە لە كاتێكدا دەركەوتوە بەشێكی لە پارچە سەرەكییەكانی ئەو فڕۆكانە لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت درۆنی ئێران لە كرماشان تا یەمەن و ئۆكرانیا دوای ئەوەی ئۆكرانیا دەستی بەسەر درۆنێكی چاودێریی ئێران بە ناوی (موهاجری 6)دا گرتوە دەركەوتوە هەمان ئەو بزوێنەر و كەرەستانەی كە لەو فڕۆكانەدا بەكارهاتون لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە حوسییەكانی یەمەن بەكاریان دەهێنن سودیان لێوەرگیراوە و تەنانەت ژمارەیەك لەو پارچانە لە وڵاتی ئیمارات و كەنداوی عەدەن دەستیان بەسەردا گیراوە كە بڕیاربوە بۆ یەمەن و ئێران بگوازرێنەوە. ئێران لە 32 ساڵی رابردودا بە هەمو توانایەوە هەوڵی گەشەی پیشەسازیی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوە و لە هەمو ئەو ماوەیەدا بە سود وەرگرتن لە تەكنیكی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ئەمریكا و ئیسرائیل كە لە خاكی وڵاتەكەیدا دەستیان بەسەردا گیراوە توانیویەتی ببێتە جەمسەرێك لەو بوارەدا. روسیا بۆ تێكشاندنی سیستمی دژە موشەكیی جۆری (هیمارس ئێم 142)ی ئەمریكا لە ئۆكرانیا سودی لە سیستمی فڕۆكە خۆكوژەكانی ئێران لە جۆری (قاسف 1) و (قاسف 2) و (ئەبابیل) وەرگرتوە چونكە ئەو درۆنانە ساڵی 2019 لە لایەن حوسییەكانی یەمەنەوە توانیویانە سیستمە دژە موشەكییەكی ئەمریكا لە سعودیە بكەنە ئامانج و زیانیكی گەورە بە دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ بگەیەنن. ساڵی 2019 دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ لە لایەن حوسییەكانی یەمەن بە 12 درۆنی ئێران كرایە ئامانج كە بووە هۆی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل بۆ ماوەیەكی زۆر ئیسرائیل چەند جارێك ئاشكرای كردوە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران لە لایەن گروپە توندڕەوەكانی لوبنان، عێراق، سوریا، یەمەن بەكار دەهێنرێن و تەنانەت ئەو فڕۆكانە گەیشتونەتە ڤەنزوێلا و هەندێك وڵاتی ئەفریقا كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەش بە هاوپەیمانی تاران ئەژمار دەكرێت. ئێران بەوەشەوە نەوستاوەتەوە لە ماوەی رابردودا كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە وڵاتی تاجیكستان كردووەتەوە. دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریكا لە نوێترین راپۆرتی خۆیاندا بڵاویان كردوەتەوە كە سوپای پاسدارانی ئێران لە قوڵایی زیاتر لە سەد مەتر لە ژێر زەوی لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاردوەتەوە. درۆنی ئێرانی بە ئامێری ئەمریكی ئەفشین خاجەفەرد، بەڕێوبەری ناوەندی پیشەسازیی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند؛ تواناكانی وڵاتەكەی لە بواری فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا گەیشتوەتە ئاستێك كە 10 جۆری جیاوازی بزوێنەری ئەو جۆرە فڕۆكانە و بزوێنەری موشەكی كڕوز دروست دەكات و پشت بە هیچ وڵاتێك نابەسترێت. لێدوانی ئەو فەرماندەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كاتێكدایە پێشتر رۆژنامە (نەشناڵ پۆست) وڵاتی كەنەدا ئاشكرای كردبوو كۆمپانیایەك بە ناوی (بی ئارپی) تا ساڵی 2019 بزوێنەری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی رادەستی ئێران كردووە. سوپای پاسدارانی ئێران لە قوڵایی زیاتر لە سەد مەتر لە ژێر زەوی لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاردوەتەوە لە لایەكی دیكەوە تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا ئاشكرا كردوە كە زیاتر لە 52 پارچە و ئامێری تایبەت بە دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە لایەن (13) كۆمپانیای ئەمریكا دابین دەكرێت و هاوكات 12 پارچە و ئامێری دیكەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ئێران لە لایەن كۆمپانیاكانی سویسڕا، چین، ژاپۆن و تایوان دابین دەكرێت. وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەیەكدا داوایان كردوە كۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بە هێچ شێوەیەك سنوری وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بەتایبەت ئۆكرانیا پێشێل بكات و بە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازیی بە روسیا ببێتە هۆی زیانگەیاندن و دروستكردنی مەترسیی. لەو بەیاننامەیەدا داوا لە ئێران كراوە بە زوترین كات ناردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ روسیا راگرێت چونكە لە رێگەی ئەو فڕۆكانەوە زیانی گەورە بە ژێرخانی ئۆكرانیا دەگات و تا ئێستا قوربانیی زۆری لەو وڵاتە لێكەوتوەتەوە. پێشتر ئیسرائیل و دوو رۆژنامەی ئەمریكا ئاشكرایان كربو كە كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 1500 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی رادەستی روسیا كردوە كە دژی ئۆكرانیا بەكار دەهێنرێت و دواتر پەرلەمانی ئۆكرانیا بەهۆی ئەو درۆنانەوە سزایەكی 50 ساڵەی بەسەر ئێراندا سەپاند و بە پێی سزاكە ژمارەیەك گەمارۆی ئابوریی و سیاسیی تا نیو سەدە لەسەر ئێران دەسەپێنرێت.
هاوڵاتی ئەشكەنجەی گەنجانی كورد لە رۆژهەڵات بووەتە چەكێكی مەترسیداری دەسەڵات دژی دانیشتوانی ئەو بەشە لە كوردستان و شارەكانی ئێران بە جۆرێك كە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس كە زۆرینەیان كورد بوون لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون. ژمارەیەك لەو گەنجانەی لە زیندانەكان لەژێر ئەشەكەنجەدا كوژراون ئەندامانی پێشوی پارتەكانی رۆژهەڵات بون كە بە پێی یاسا بەر لێبوردن كەوتون و گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەڵام بە بیانوی رێكخستن و بەشداریی لە چالاكییەكانی ئەو پارتانە ئەشكەنجە كراون بە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساخ ببێتەوە. لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا كوژرانی دوو گەنجی رۆژهەڵات لە ژێر ئەشكەنجەدا كە پێشتر ئەندامی یەكێك لە پارتەكانی ئەو بەشە لە كوردستان بون كاردانەوەی لێكەوتەوە دەسەڵاتی ئێرانیش بۆ هێوركردنەوەی كاردانەوە و ناڕەزایەتییەكان بڵاوی كردەوە كە یەكێك لەو كەسانە بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركراوە ئەشكەنجە نەكراوە و تەنها بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام بڵاوبونەوەی وێنەی تەرمەكەی هەمو لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بەدڕۆ خستەوە. چالاكوانان كوشتن لە ژێر ئەشكەنجەدا بە ئامرازێكی سەركوت و چاوترسێنكردنی دەسەڵاتی ئێران ناودەهەنێن و رەنگە هەر ئەوەش كاردانەوەی توندی لێبكەوێتەوە و سەرهەڵدانی بەرفراوانی ناڕەزایەتییەكانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكە لێبكەوێتەوە بە تایبەت كە ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەی لەژێر ئەشكەنجەدا كوژران كورد بون. ئەشكەنجەی گەنجان و بێڕێزیی دەسەڵات لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ 27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ لانیكەم 27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون. پزیشكانی خۆبەخشی كوردستان بڵاویان كردوەتەوە لە ماوەی نزیكەی ساڵێكی دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس لە رۆژهەڵات و ئێران لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیدا كوژراون. تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە تەنها هەفتەی رابردو لە ماوەی 24 كاتژمێری دوو گەنجی كورد لە لایەن دەزگای هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەشكەنجە كوژراون. رێكخراوەكە ئاشكرای كرد كە هەر یەكە لە موسا ئیسماعیلی خەڵكی پەسوێ سەر شاری پیرانشار و پەیمان گەلوانی خەڵكی مەهاباد لە لایەن ئیتلاعاتی ورمێ ئەشكەنجەدراون و گیانیان لەدەستداوە. موسا ئیسماعیلی 62 رۆژ و پەیمانی گەڵوانی تەمەن 24 ساڵ 14 رۆژ لە ژێر ئەشكەنجەدا بون و هەندێك سەرچاوەی رۆژهەڵات باسیان لەوە كردوە؛ ئیسماعیلی كە ئەندامی پێشوی پارتێكی رۆژهەڵات و باوكی دوو منداڵ بوە دوای 24 كاتژمێر لە دەستبەسەركردنی لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە بەڵام دەزگای داد مەرگی ئەو گەنجەی شاردوەتەوە و تۆمەتی ئەوەی خستوەتە پاڵی كە لە روبەڕوبونەوەیەكی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و 258 هاوڵاتیی بەلوچ بون هاوكات پەیمان گەڵوانی دانیشتوی شاری مەهاباد دوای دەستگیركردنی لە لایەن هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ 14 ئەشكەنجە كراوە و دواتر بەهۆی تێكچونی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە كراوە بەڵام داواكاری گشتیی كۆماری ئیسلامی لە مەهاباد وای بڵاو كردەوە كە ئەو گەنجە بە تۆمەتی فێلكردنی بازرگانیی ئۆنلاین دەستگیركراوە و هۆكاری مردنەكەی گەڵوانیان بۆ نەخۆشییەكەی گەڕاندوە و تەنانەت میدیا فەرمییەكانی دەسەڵاتی ئێران هەواڵەكەیان بەو شێوە بڵاو كردەوە. لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دەسەڵات بڵاوی كردەوە سەرچاوەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات بەڵگە و وێنەی سەلمێنەری ئەشكەنجەی ئەو دوو گەنجەیان بڵاو كردەوە و لە وێنەكاندا ئاسەواری ئەشكەنجەی قورس بە تەرمی هەر دووكیانەوە دیارە و بە پێی زانیارییەكانیش موسا ئیسماعیكی بەهۆی لێدان لە سەری و خوێنبەربونی مێشك لە ناوەندی هەواڵگریی ورمێ كوژراوە. شەوی یەكشەممەی هەفتەی رابردو بە بەشداریی هەزارن كەس تەرمی پەیمان گەڵوانی لە شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا و جەماوەر دروشمی "شەهید نامرێ"یان وتەوە و سەرەڕای رێگریی هێزە ئەمنییەكان بەڵام جەماوەرێكی زۆر بەشدارییان لە خاكسپاردنی ئەو گەنجەدا كردو و لە هەندێك كۆڵان و شەقامی مەهاباد گەنجان بە ئاگركردنەوە و دروشم دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە پێی ئامارەكان تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیكەم 11 هاوڵاتیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەشكەنجە لە زیندانەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە گشتی لە 10 مانگی دوای مەرگی ژینا 27 گەنج و لاوی كورد و شارەكانی ئێران لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراون كە زۆرینەیان بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی دژی دەسەڵاتەوە بوە و دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ رەتكردنی مەرگی ئەو كەسانە بە ئەشكەنجە تۆمەتی جیاوازی خستوەتە پاڵیان و لە میدیا فەرمییەكانیدا بڵاوی كردوەتەوە. زیندان و ئەشكەنجەی گەنجانی رۆژهەڵات بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی سەركوت و ئەشكەنجە و ئازاری چالاكوانان و گەنجانی رۆژهەڵات زیادی كردوە بەڵام ئاماژەكانی سەرهەڵدانەوەی دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای دەسەڵات و لە بەرامبەردا هەڵمەتێكی دەستگیركردن لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتوەتەوە و تەنانەت ئەو كەسانەشی بەر لێبوردنی گشتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەوتبون لە ماوەی رابردودا دەستگیركراونەتەوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و 258 هاوڵاتیی بەلوچ بون بەوەش دوای هاوڵاتییانی كورد زۆرترین هاوڵاتیی بەلوچ كە دانیشتوی پارێزگای سیستان و بەلوچستان-ن دەستگیر كراون.