هاوڵاتی ئازەربایجان دوای 30 ساڵ پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دواجار باڵیۆزخانەكەی لەتەلئەبیب-ی پایتەختی ئەو وڵاتە كردەوە، ئەوەش بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی تووڕە كردوەو بەڕاشكاوی رایانگەیاندوە تەلئەبیب هۆكاری توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان باكۆو تارانە. تاران بەبەردەوامی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات كە لەخاكی ئازەربایجانەوە چەند جارێك هێرشی لەدژی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران ئەنجامداوەو لەبەرامبەریشدا تاران هەرێمی كوردستانی بەبیانوی بوونی ئەندامانی سەربازیی ئیسرائیل بۆردوومان كردووە. پریشكی ململانێكانی ئیسرائیل و ئێران جگە لەئازەربایجان بەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی گرتووە، سوپای پاسداران لەساڵی رابردوودا بەبیانوی بوونی بنكەی ئیسرائیل بە 12 موشەك ماڵی بازرگانێكی لەهەولێر كردە ئامانج. كۆماری ئازەربایجان دووەم وڵاتی جیهانە لەدوای ئێران كەزۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكەی موسوڵمانی (شیعە)ن، بۆیە هەر لەو سۆنگەیەوە گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و باكۆ مایەی سەرنجەو دوور نییە قوڵبوونەوەی كێشەكان زیان بەكورد نەگەیەنێت. وەزیرانی درەوەی ئێران و ئازەربایجان لەدوو رۆژدا زیاترین پەیوەندیی تەلەفۆنیان پێكەوە ئەنجامداوەو میدیاكانیش ئاماژەیان بەوە كردووە كۆماری ئیسلامی بەڕاشكاوی پەیوەندیی نێوان تەلئەبیب و باكۆی بەقبوڵنەكراو زانیوەو لەبەرامبەردا ئازەربایجان جەختی لەسەربەخۆبونی سەرەوەیی سیاسی و سەبازیی وڵاتەكەی و پەیوەندییەكانی كردووەتەوە.   هەرێم گیرۆدەی ململانێی ئیسرائیل و ئێران لەئازەربایجان ئەگەرچی زیاتر لەساڵێكە ناكۆكیی و گرژیی لەپەیوەندییەكانی نێوان تاران و باكۆ هەیە، بەڵام ئەو گرژیانە بەهێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لەڕۆژی هەینی (27/1/2023) لەتاران توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینی و ئازەربایجان باڵیۆزخانەكەی بەتەواوەتی داخست و رایگەیاند تەنها كونسوڵخانەكەی لەشاری تەبرێز ئەرك و كارەكانی نێوان باكوو تاران جێبەجێدەكات. كۆماری ئیسلامی ئێران تائێستا باڵیۆزخانەكەی لەباكۆ دانەخستووەو كونسوڵخانەكەی لەهەرێمی نەخجەوان بەردەوامە لەئەرك و كارەكانی. لەم هەفتەیەداو دوای 30 ساڵ پەیوەندیی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لەتەلئەبیب گرژییەكانی قووڵتر كردەوەو كۆماری ئیسلامی ئەو هەنگاوەی بەناپاكیی ئازەربایجان بەرامبەر موسوڵمانانی جیهان ناوبرد. هەر لەچوارچێوەی ئەو گرژیانەدا سوپای ئازەربایجان لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا دوو مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی دەریای قەزوێن و هەرێمی نەخجەوان ئەنجامدا كەئەوەش پەیامی روون و ئاشكرابوو بۆ تاران، چونكە هەردوو ئەو ناوچەیەی مانۆڕە سەربازییەكەی تێدا ئەنجامدرا هاوسنوور بوون لەگەڵ ئێران. وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا دەستگیركردنی زیاتر لە 60 كەسی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەسەڵاتی تاران راگەیاندووەو كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت زۆربەی ئەو كەسانەی كەدەستگیركراون پێشەواو مامۆستای ئایینی بوون.   لەكرماشان تا باكۆو هەولێر ئێران لەساڵی 1984و لەكاتی جەنگ لەگەڵ عێراق دەستیكردووە بەدروستكردنی ژمارەیەك بنكەی ژێرزەوی بەمەبەستی شاردنەوەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانی كەژمارەیەكیان دەكەونە زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان. دوای ئەوەی یەكێك لەو بنكانە لەناوچەی كرماشان لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆردومان كرا، ئێران لەڕێكەوتی (13/3/2022) دەستی بەموشەكبارانكردنی ماڵی شێخ باز بەرزنجی لەهەولێر كردو رایگەیاند سێ ئەفسەری ئیسرائیلی لەو هێرشەدا كوژراون و نزیكەی حەوت برینداریش بەفڕۆكەی ئەمریكی بۆ ئوردن گوستراونەتەوە. هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە رایگەیاند هێرشە موشەكیەكانی سوپای پاسداران تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوەو هیچ كوژراوێكی لێنەكەوتووەتەوە. پێشتر محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران هۆشداریی دابوو كەئەگەر ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكەوە هێرش بكاتەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوا ئەو وڵاتەش لەلایەن سوپای ئێرانەوە دەكرێتە ئامانج  و جەختی لەوە كردبووەوە هەر وڵاتێكی ئیسلامی و عەرەبی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە ئەوا ناپاكیی بەرامبەر جیهانی ئیسلام كردووە. ئازەربایجان زیاتر لە 432 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەل ئێران هەیەو دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كەوڵاتێكی وەك ئیسرائیل بكرێتە بیانووی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی 200 ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت. ئیسرائیل ساڵی 2019 رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بەڕەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش نیگەرانیی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێدەكەوێتەوەو سایتی ویكیلیكس ئاشكرای كردبوو كە لەساڵی 2009 ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ ئازەربایجان كردووە، بەپێی رێككەتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەندبێت بەڕێككەوتنەكەوە. لەساڵی 2020 تائێستا سوپای ئێران و سوپای پاسداران زیاترین مانۆڕی سەربازییان لەسنورەكانی ئازەربایجان ئەنجامداوەو ئەوەش توندبوونەوەی لێدوانی بەرپرسانی تاران و باكۆی لێكەوتووەتەوە. باكۆو تاران لەتوندترین و ئاڵۆزترین قۆناغی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوانیاندان، بەڵام شارەزایانی سیاسی پێشبینیی جەنگی سەربازیی ناكەن بەتایبەت كەئاڵوگۆڕی بازرگانیی و پەیوەندییەكانی نێوان روسیاو توركیا دەتوانێت ئاوێك بكات بەئاگری ململانێی ئەو دوو وڵاتەدا. چاوەڕواندەكرێت هاوشێوەی رێككەوتنی سعودیەو ئێران لەچین لەسەر دەستی روسیاو بەنێوەندگیریی توركیا، رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی نوێ لەنێوان تاران و باكۆ بێتەئاراوە بەتایبەت كە نە روسیاو نە ئێران نایانەوێت لەئێستادا بەرەیەكی جەنگ لەو ناوچانە بكرێنەوە.

شەنای فاتح سەرەڕای پێشكەوتنی باڵەخانەو بیناو بازاڕەكان، بەڵام چەند شوێنێك لەسلێمانی هەیە كە تائێستاش وەك خۆیان ماونەتەوەو سیمای دێرینی خۆیان لەدەستنەداوە. یەكێك لەو بازاڕانەی كە تائێستاش وەك شێوازە كۆنەكەی خۆی ماوەتەوە (بازاڕی قەیسەری نەقیب)ە،  كە یەكێكە لەبازاڕە دێرینەكانی شاری سلێمانی و ساڵی 1900 لەلایەن شێخ مستەفای نەقیبەوە كەدەكاتە مامی شێخ مەحموودی حەفید دروستكراوە، هەر بەناوی بنەماڵەی نەقیبەوە ناونراوە. قەیسەری نەقیب بەسەرپەرشتی وەستایەكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی (وەستا رەجەب) دروستكراوە، نەخشەی قەیسەریەكەش هەمان ئەو نەخشەیەیە كە لەبازاڕو قەیسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەكارهاتووە، ئەم قەیسەرییە كارەكانی بەماوەی دوو ساڵ تەواو بووە. قەیسەری نەقیب لەسەر پایەی خشتی سوور دروستكراوەو بنمیچەكەشی بەشێوازی تاق دروستكراوەو چەندین كڵاوڕۆژنەی تێدایە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواو تیشكی خۆر. بازاڕی قەیسەری نەقیب سەد دوكان لەخۆدەگرێت و لەسەرەتادا كاسبكارانی ئەم قەیسەرییە جۆراوجۆربوون وەك: بەرگدوری و دەلاكی و وشكەفرۆش و عەتارەكان، بەڵام لەساڵی 1958ەوە زیاتر بوو بەبازاڕی كەلوپەلی ژنان و جوانكاری. ئیسماعیل حاجی ئیبراهیم، تەمەن 65ساڵ كەدوكانی عەتاری هەیە لەبازاڕی قەیسەری نەقیب بەهاوڵاتی وت: ئەم دوكانەمان لەساڵی 1938ەوە هەیەو هی باوكم بووە، لەساڵی 1987ەوە من لەم دوكانەدام بەبێ دابڕان، ئەم دوكان و بازاڕەش بووەتە هاوڕێی تەمەنم. هەروەها وتیشی:» ئەم بازاڕە یەكێكە لەبازاڕە كۆنەكان و وەختی خۆی 140 دوكان بووە و سەرچاوەی بازاڕ بووە لەشاری سلێمانیدا، دوكانی جۆراوجۆری تێدا بووە، بەڵام لەئێستادا بەو شێوەیە نەماوە». قەیسەری نەقیب دەكەوێتە سەنتەری شاری سلێمانی چوار دەرگای هەیە، بە جۆرێك هەر یەكێكیان دەچێتەوە سەر بازاڕێكی دیكەی شاری سلێمانی، ئەوانیش : حەوزە وشكەكە-مەزادخانەكە-هەنگوین فرۆشەكان و شەقامی كاوە. ئێستاش بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەتایبەتی ژنان بۆ دەستكەوتنی كەلوپەلەكانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری نەقیب دەكەن وەك كەلوپەلی جوانكاری و بەرگدوری و ئێكسسواراتی جلوبەرگی كوردی. نازدار محەمەد خانمێكە كەپیشەی بەرگدوورە بۆ هاوڵاتی باس لەوەدەكات كە بۆ دەستكەوتنی كەلوپەل و كەرەستەكانی تایبەت بەپیشەكەی سەردانی قەیسەری نەقیب دەكات، وەك بەكرەو ئۆیە و زەنگیانە و چەندین جۆری موروو بۆ دروستكردنی هەر كارێكی دەستی و نرخەكانیشیان گونجاون. قەیسەری نەقیب لەماوەی دروستبوونیدا تووشی چەندین رووداو بووە، لەوانە: ساڵانی 1985 و 1987 تووشی لافاو بووەو لەساڵی 1988یش تووشی ئاگركەوتنەوە بووەو 95%ی قەیسەرییەكە سووتاوەو دواتر بەهەوڵی دوكاندارەكان بەمانگێك قەیسەرییەكە دروستكراوەتەوە. ئەو كەسانەی مێژووی بازاڕەكە شارەزان دەڵێن لەبەشی باشووری قەیسەرییەكە حەوشەیەكی گەورە هەبووە پێیان وتووە (خان)، وڵاخ بەبارەوە لەدەرەوە هاتووەو لەم خانەدا گومرگ كراوە كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا پێیان وتووە (گومرگی رێژێ)، باس لەوەشدەكەن لەو سەردەمەدا ئەم خانە میوانخانەی مێجەرسۆن بووە.

هاوڵاتی پارتەكەی ئەردۆغان لەهەوڵدایە بۆ مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاورێكانی لەزینداندا ئەوەش بەهۆی ترسی لەدەنگی كوردانی باكور لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی توركیادا. لەنێوان ٦-٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٤ دا، كوردانی باكوری كوردستان دژی هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام بەپاساوی چالاكییەكانی ٦ – ٨ی تشرینی یەكەم سكاڵا لەدژی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوكسەكداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپەو بەگشتی سكاڵا لە دژی ١٠٨ كەس تۆمار كرا كە ١٧ كەسیان لەئیستادا لەزینداندان. لەم هەفتەیەدا دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی سیاسەتمەدارانی كورد لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو، ٢٣هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لههۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجانی ئەنقەرە و لەلایەن لیژنەی لقی ٢٢ی دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو. لەدانیشتنی دادگادا، سەرەتا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كە لەساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، وتی: « ئێوە وەك لیژنەی دادگا فەرمانەكانی ئاكەپەو مەهەپە جێبەجێ دەكەن، هەوڵدەدەن خزمەت بەئەوان بكەن، لەیەكەم رۆژی بومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا داوام كرد موڵەتم پێبدرێت كەسوكارم ببینم، لەكاتێكدا كەكەسەكانمان لەژێر داروپەردوی باڵەخانەكاندا بوون، داواكەتان رەت كردەوە. وتیشی:» ئێوە وەك گروپێك كار بۆ ئاكەپە دەكەن لەهەڵبژاردنەكاندا، ئێمە بڕیارەكانتان ناناسین، ئێوە لەژێر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغاندان، كودەتا بەسەر هەڵبژاردندا دەكەن، ئێوە ناتوانن ئێمە تاوانبار بكەن، لەبەرئەوەی ئێوە تاوانبارن». دوای دەمیرتاش فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كەئەویش لەساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی توند رەخنەی لەدەسەڵات گرت و وتی: « كەمتر لەمانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێوە كار بۆ دەسەڵات دەكەن و یاسا جێبەجێ ناكەن، بەڵام ئێمە و گەلەكەمان هەرمێ كۆناكەینەوە، چۆن پێشتر سیاسەتی دیموكراسیمان بەڕێوەبردووە ئێستاش هەمان سیاسەت بەڕێوە دەبەین». دوای قسەكانی یوكسەكداغ، لیژنەی دادگا دانیشتنەكەی بۆ ١٥ی مانگ دواخست. لە ١٥ی مانگدا، ٢٤هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لەهۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەكەدا پارێزەران داوایان كرد كۆتایی بەدۆسیەی كۆبانێ بهێندرێت كە دۆسیەیەكی سیاسیە، بەڵام داواكارییەكانی سیاسەتمەداران و پارێزەران رەتكرایەوەو هێشتا بەرگری لەخۆكردنی سیاسەتمەداران وەرنەگیرابوو، كە دەستكرا بە هەڵسەنگاندنەكان و خستنەڕووی بۆچوونەكانی لیژنەی دادوەران، زیندانییە سیاسییەكان و پارێزەرەكانیان و بەشداربووانی دانیشتنەكەش بەچەپڵە لێدان دژی ئەو رەفتارو بڕیارە ناڕەزایەتیان نیشاندا و هۆڵەكەیان جێهێشت. دواتر داواكاری كۆماری لەدانیشتنەكەدا، داوای كرد، دەمیرتاش و هاوڕێكانی دیكەی، بەقورسترین شێوە سزا بدرێن، بەتۆمەتی دژایەتیكردنی دەوڵەت و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پشێوی كە هۆكاری كوشتنی دەیان كەسە، داوای كرد حەوت جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا بسەپێندرێت. ئەندامانی دادگاكە دوای پشوویەك، بڕیاری خۆی لەهۆڵێكی چۆڵدا خوێندەوە، بڕیاریدا بۆ ئەوەی وتەو لێدوانی سەرەكی لەبارەی كەیسەكەوە وەربگیرێن، دانیشتنی داهاتووی دادگای بۆ سێی تەمموز دواخست.  

سەركۆ جەمال كێشەی كەمی و نەمانی هەندێك دەرمانی سەرەكی تەنها لەسلێمانی و بەتایبەت لەنەخۆشخانەی هیوا چەند ساڵێكە بووەتە دیاردەو چارەسەر نەكراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات» دەستكاریكردنی پارەی نەختینە لەبانكەكانی سلێمانی كێشەی كەمی دەرمانی دروستكردووە». دكتۆر سیڤەر رزگار لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كەمبوونەوەی دەرمان كاریگەری خراپی لەسەر نەخۆش هەیەو ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان هەبووە لەگەڵ تەندروستی سلێمانی پارەی دەرمانیان بۆ خەرج نەكراوە. هەروەها باسی لەو دەرمانانە كرد كە لەنەخۆشخانەی هیوا نەماوە وەك (دەرزی ئاڤاستین) كە مانگانە 300 دەرزیان پێویستە، وتیشی:»لەعێراقەوە ئەم هەفتەیە 40 دەرزیمان پێگەیشتووە، ئەو دەرزییە ئەگەر نەخۆش خۆی بیكڕێت لەبازاڕدا قاچاغەو گرانیشە، هەر دەرزییەك بە 300 بۆ 400 دۆلارە، ئەو دەرمانانە ئەگەر كوالێتییەكەی زۆر باش بێت بە ملیۆنێك دینارە». «ئێمە زیاتر كێشەمان لەگەڵ دەرمانە بایۆلۆجیەكاندا هەیە، چونكە زۆر گرانن و ژمارەشیان كەمە و زۆربەی نەخۆشەكانیش بەكاریدەهێنن بۆ نموونە كیترودا و پێجێتا، كیترودا بەشی یەكجار بۆ نەخۆش 10 ملیۆن دینارەو نەخۆشێكی زۆری لەسەرە، بەهۆی كەمیی ئەو دەرمانەوە كەمتر بۆ نەخۆشەكان بەكاریدەهێنین ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشەكان هەیە» لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا وادەڵێت. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەردەوامەو پەیوەندی بەنەبوونی پارەوە هەیە لەبانكەكاندا، چەندین جار وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە، بەڵام چارەسەریان نەكردووە. هاوكات ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت لەسەر هێڵین بۆ بابەتی دەرمان و داواكارییەكانیش بەرزكراوەتەوە بۆ شوێنی خۆی. ئاسۆ حەوێزی، وتیشی:» ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان هەوڵمانداوە ئەو بەشە دەرمانانەی دابینی دەكەن بەپێی گرێبەستەكانی هەیە بەردەوام بێت، كێشەی دابینكردنی دەرمان تەنها لەپارێزگای سلێمانی نییە، بەڵكو لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئەو كێشەیە روودەدات». وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات كێشەی دەرمان لەسلێمانی پەیوەندی بەدەستكاریكردنی پارەی نەختینەوە هەیە لەبانكەكاندا. هونەر جەمال بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت:» كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەهۆی كەمبوونەوەی داهات سەریهەڵداوەو دابینكردنی لەسەر داهاتی ناوخۆیە، لەسلێمانیش بەتایبەت دەستكاری پارەی نەختینە دەكرێت و ئەوەش هۆكاری سەرەكییە». بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی پێیوابوو ئەو رێككەوتنە نوێیەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە كێشەی كەمبوونەوەی دەرمان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات كەبەغداد مانگانە بەشە بودجە بۆ هەرێم بنێرێت». هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ كێشەكە كردو سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كرد، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، ئازاد محەمەد، تەمەن 42 ساڵ یەكێك لەتووشبوەكانی شێرپەنجە  بەهاوڵاتی وت:»شەش ساڵە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك دەرمان وەربگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستمدەكەوێت». پێندرۆ لیزۆماپ و پێترۆزوماپ، ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لەنەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كەتێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار. ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەزیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەنەمانی دەرمان لەنەخۆشخانە، بەڵام دەرمانی دابین نەكرد. د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە كەزۆر لەقەیراندان و زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتوون كەناتوانن دەرمان دابین بكەن، چونكە شایستە داراییەكانیان بۆ دابین ناكرێت. ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و تەنیا لەیەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات. نەخۆشخانەی هیوا لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانییە، لەساڵی 2007 ەوە كراوەتەوەو سەنتەرێكی تایبەتە بەچارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەكە سەر بەوەزارەتی تەندروستییەو 180 تەخت لەخۆدەگرێت.

هاوڵاتی چین لەڕێگەی پێدانی قەرزێكی زۆرەوە بە یوانی چینی كەبڕەكەی دەگاتە پێنج ترلیۆن دۆلار مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو وڵاتانی ئەمریكای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاد كردووەو هەژموونی بەكارهێنانی دۆلاری ئەمریكی بەڕێژەی لەسەدا 8% كەمكردووەتەوە، ئەوەش واشنتۆنی نیگەران كردووە. چین هەوڵی خنكاندنی ئەمریكا دەدات لەڕووی ئابوورییەوە لەڕێگەی پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ كۆمەڵێك لەهاوپەیمانەكانی واشنتۆن، یەكەم سەدانی شی چیپینگ سەرۆكی چین لەدوو مانگی رابردوودا بۆ سعودیەو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێك لەسەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی هەنگاوی دیكەی بەدوای خۆیدا هێناوە. یەكەم وڵاتی عەرەبی كە سعودیەیە لەڕێگەی كۆمپانیای ئارامكۆ تایبەت بەوزە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی چین بكات بەبەهای 12 ملیار دۆلارو بڕیارە گرێبەستەكە لە 2025 فراوان بكرێت و تاساڵی 2030 بگاتە 28 ملیار دۆلار. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا كۆمپانیا چینییەكان دەیان گرێبەستی گەورەیان ئەنجامداوەو حكومەتی پەكینیش سەدان ملیار دۆلار قەرزیان پێدەدات بەدراوی نیشتمانی یوانی چینی. سەردانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەهەفتەی رابردووداو لێدوانەكانی لەگەڵ گەیشتنەوەی بۆ پاریس پەیامێكی توندی بۆ ئەمریكا ناردو رایگەیاند» وڵاتانی  ئەوروپا پەرە بەپەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ چین دەدەن، ناتوانین خۆمان بەیەك جەمسەرەوە لەجیهاندا ببەستینەوە»، مەبەستی لێدوانەكەی ماكرۆن بۆ ئەمریكا بوو، ئەوەش واشنتۆنی نیگەران كرد. لەیەكەم كاردانەوەدا لەڕاپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەوە خراوەتەڕوو كە ئەوروپییەكان ئامادەنین مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ چین كەمبكەنەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر بەكارهێنانی دۆلاری ئەمریكی دروستدەكات، چونكە چین لەزۆربەی مامەڵەكانیدا یوانی چینی دەدات بەو وڵاتانەو ئەوەش بەكارهێنانی دراوی دۆلاری بەڕێژەی 8% كەمكردووەتەوە لەدوو ساڵی رابردوودا. پسپۆڕانی ئابووری ئەمریكا ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە واشنتۆن ناتوانێت ئەوروپا لەچین داببڕێت لەڕووی ئابوورییەوە، چونكە كۆمپانیا ئەوروپییەكان لەبازاڕی چیندا بوونیان هەیەو چینییەكانیش لەوڵاتانی ئەڵمانیاو بەپلەی دووەم لەوڵاتی فەرەنسا پڕۆژەی گەورە بەڕێوە دەبەن. بەپێی ئامارەكانی یۆرۆستات قەبارەی بازرگانی چین و  وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا   لە 2022 دا  گەیشتووەتە ترلیۆنێك و 25 ملیار دۆلار. كۆمپانیاكانی ئەڵمانی لەبازاڕە زەبەلاحەكەی چین هەوڵدەدەن چالاكییە ئابووریەكانیان فراوانتر بكەن، بۆ نموونە كۆمپانیای ڤۆلكسواگن و كۆمپانیای كیمیایی (BASF)  وەبەرهێنانەكانیان لەچین فراوانتر كردووە، بەشێوەیەك كۆمپانیای ڤۆڵكسواگن كەزیاتر لە 45 كارگەی لەپەكین هەیە دەستیكردووە بەپەرەپێدانی كارەكانی و وەبەرهێنان بەملیارەها دۆلار لەهاوبەشییە ناوخۆییەكان و شوێنەكانی بەرهەمهێناندا. هەروەها كۆمپانیای كیمیایی (BASF)  لەگەڵ 25 دامەزراوەی بەرهەمهێنان لەچین بەردەوامن لەپلانەكانیان بۆ خەرجكردنی 18 ملیار دۆلار بۆ كۆمەڵگەیەكی نوێی بەرهەمهێنانی ماددە كیمیاییەكان. لەساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەڵمانیاو چین گەیشتووەتە 300 ملیار دۆلارو بەڕێژەی 24% زیادی كردووە، واتا ئەڵمانییەكان پێویستیان بەبازاڕەكانی چینە بۆ بەهێزكردنی ئابووری وڵاتەكەیان. ئەمریكا كاریگەرییەكی گەورەی سیاسی و ئەخلاقی و سەربازیی و ئابووری لەئەوروپادا هەیە، بەڵام ناتوانێت رێگری لەئەوروپییەكان بكات تا مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ چین سنوردار بكەن. لەدیارترین رێوشوێنەكانی ئەم دواییەی چین، كە لەڕێگەیەوە پەكین ئامانجی بەستنەوەی بازاڕەكانی بەسیستەمی دارایی جیهانییەوەیە، پەسەندكردنی دەسەڵاتە داراییەكانە بۆ ئاڵوگۆڕی زەمانەتەكانی قەرز بەدراوی یوانی چینی، كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لەپێنج ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار، كە ئامرازی وەبەرهێنان بۆ ئەو كەسانە دابین دەكات كە بەركەوتەی زەمانەتنامەی قەرزن بە یوان، بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن فاینانشیاڵ تایمزەوە بڵاوكراوەتەوە. بێجگە لەوڵاتانی ئەوروپاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كیشوەری ئەفریقا، چین پەلی هاویشتووە بۆ وڵاتانی ئەمریكای لاتین كەوەك حەوشەی پشتەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەسف دەكرێت، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ئابووری وەك بەڕازیل و مەكسیك و ئەرجەنتین و فەنزوێلا. چین ئامادەیی دەربڕیوە ترلیۆنێك و 300 ملیار دۆلار بە یوانی چینی بداتە ئەو چوار وڵاتەی ئەمریكای لاتین، پەلهاویشتنی چین بۆ ئەمریكای لاتین كۆنگرێسی ئەمریكای هێناوەتە دەنگ و چەند سیناتۆرێك بەنیازن راپۆرتێك ئامادە بكەن و بیدەنە جۆ بایدن، چونكە هەژموونی ئابووری هەژموونی سیاسی بۆ چین مسۆگەر دەكات.  لەكاتێكدا ئەمریكا هەوڵی دەدا قسەكانی پاشخانی خۆی سەبارەت بەپەكین بێهیوا بكات، بەڵام كاریگەری چین پێگەیەكی گەورەو فراوانی لەوێ لەناو كۆمەڵێك میحوەردا دۆزیەوە كەپەكین توانی كاریگەری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بسەپێنێت، وەك ئەفریقا و ئەمریكای لاتین، لەڕێگەیەك كەهەوڵەكانی ئەمریكا بۆ گۆشەگیركردنی چین پووچەڵدەكاتەوە. لەژێر رۆشنایی كۆمەڵێك رێوشوێن و پێشهات كەهەڕەشە لەهەژموونی دۆلار دەكەن و لەگەڵ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی چین سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵام چین بووەتە هێزێكی سەرەكی كەزاڵە بەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا لەگەڵ كاریگەرییەكەی لەناوچە جیاوازەكانی جیهان لەسەر ئاستی ئابووری هاوكات، چین لەڕێگەی وڵاتانی ئۆراسیاوە كە لە(چین، بەرازیل، هندستان، ئەفریقیای باشور، روسیا) پێكهاتووە دەیانەوێت هەژموونی بەكارهێنانی دۆلار لەمامەڵە بازرگانییەكاندا كەمبكەنەوە، روسیاو چین پێكەوە لەو هەوڵەدان كە ئەم پێنج وڵاتە مامەڵە بازرگانییەكانیان بەدراوی نیشتمانی خۆیان بێت. ئەو پێنج وڵاتە دانیشتوانەكەیان لەسەدا 40% دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنێت، واتا لەسەدا 40% دانیشتوان دوور دەكەونەوە لەبەكارهێنانی دۆلاری ئەمریكی لەمامەڵە بازرگانییەكانیاندا. هەروەها زیاتر لەهەشت وڵات لەخۆرهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیاو ئەمریكای لاتین ئامادەییان دەربڕیوە بچنە ناو چوارچێوەی وڵاتانی (ئۆراسیا)وە، ئەوەش مەترسییەكی دیكە لەسەر بەكارهێنانی دۆلاری ئەمریكی لەمامەڵە بازرگانییەكان لەسەر ئاستی جیهان دروستكردووە. بەپێی تووێژینەوەیەكی نێودەوڵەتی ئابووری چین تا 2030 پێش ئەمریكا دەكەوێت، ئەمەش بەواتای زیادبوونی هەژموونی سیاسی چین لەجیهاندا دێت كەئەمریكییەكان دەترسن لەوەی بەكارهێنانی دۆلار زیاتر كەمببێتەوە لەمامەڵە بازرگانییەكاندا كە لەئێستادا بۆ لەسەدا 50% دابەزیوە.  شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە چینییەكان هێواش هێواش پەل دەهاون بۆ وڵاتان لەڕێگەی سێكتەرە ئابورییەكانەوە هەژموونی سیاسی خۆیان بەهێز دەكەن كەڕەنگە 2035 تا 2040 چین هەژموونی سیاسی خۆی بەسەرجیهاندا زاڵ بكات و شتێك نامێنێت بەناوی تاك جەمسەری ئەمریكاوە.  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژە بەوەدەدات كەقەیرانی دارایی رێگرە لەدابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و دەشڵێت:" زۆرجار گەیشتوینەتە ئەوەی 22 تا 23 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدەینە هاوبەشانی كارەبا". ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵ و وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئێمە لەڕووی بەرهەمهێنانەوە كارمان كردووە و بەرهەممان زیادكردووە، هەروەها لەڕووی تۆڕو وێستگەكانەوە بینامان كردووە بەپێی خواست و پێداویستی هاوبەشانی كارەبا، لەتۆڕی دابەشكردنیش فراوانكاری كراوەو بەردەوامیشە". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد هەموو ئەوكارانە كراوە لەبەرامبەریشدا بۆ كۆنترۆڵی خواست و بەرهەمهێنانی كارەبا بەشێوە دروستەكەی و پریپەید بۆ ئەوەی هاوبەشان ئاگایان لەوەبێت كارەبا چۆن بەكاردەهێنن و چەند پارە دەدەن، هەموو ئەو هەنگاوانە ئامانجی وەزارەتی كارەبان و بەدڵنیاییەوە ئامانجی وەزارەت ئەوەیە بتوانێت كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكات. ئومێد ئەحمەد وتیشی:" پلانەكانمان روونە بەڵام ئەوەی كەدیار نییە پێداویستیەكانی ئامانجەكەی ئێمەیە، زۆرجار گەیشتووین بەوەی كە 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبا بەرهەم بهێنین، یاخود بیگەیەنینە 24 كاتژمێری بەڵام قەیرانی دارایی و گرفتی سوتەمەنی و بابەتی لابەلا رووی تێكردووین وایلێكردووین نەك لەشوێنی خۆمان بمێنینەوە بەڵكو پاشەكشەش بكەین". ئومێد ئەحمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لەشوێنی خۆی نامێنێتەوە خواستی كارەبایە، گەشەی دانیشتوان و پێویستی هاوبەشانی كارەبایە بەوزەی كارەبا بۆیە پلانەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكرایە و بەشێوەیەكی باش دەستیپێكردووەو  ئەگەر ئەو پێداویستیانەی هەیە چارەسەر بكرێن، ئەوكات" بەدڵنیاییەوە بەپلانە زانستیەكان بەرهەمهێنانی كارەبا دەگەیەننە 24 كاتژمێری و ئەوكات رایدەگەیەنین كارەبای نیشتمانی بووەتە 24 كاتژمێری".  

سەرکۆ جەمال دوای هەفتەیەك لەهێرشی درۆنیی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئێوارەی 15ی نیسانی 2023، چەند گوندێكی سنوری شارۆچكەی پێنجوێن بەهەمانشێوە لەلایەن توركیاوە بۆردومانكرا. بۆردومانەكەی 15 ی نیسانی 2023 هەریەك لەگوندەكانی (ساڵیاوا، وریاوا، كانی میران و بابەعەلی) لەشارەدێی گەرمكی سەر بەشارۆچكەی پێنجوێن گرتووەتەوەو سێ كەس گیانیان لەدەستداوەو كەسێكی تریش بریندارەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئۆتۆمبێلێكیان لەسنورەكە كردووەتە ئامانج و ئەو جێگایەش تەنها 30 كیلۆمەتر لەناوەندی شارۆچكەی پێنجوێنەوە دوورە. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی لەناوچەكە بۆ هاوڵاتی، درۆنەكە لەكاتی بەربانگدا ئۆتۆمبێلەكەی كردووەتە ئامانج و ئەو كەسانە ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بوون. عوسمان رەئوف، ئەنجومەنی گوندی كانی میرانی كۆماری بەهاوڵاتی وت: ئوتۆمبێلەكە لەجۆری مێكزەمینی بووە و چوار سەرنشینی تێدا بووە ، بەڵام لەبەرئەوەی چادری پێوە بووە دڵنیانەبوون لەوەی كەسی دیكەی تێدا بووبێت. هەروەها وتیشی:" دوای ئەوەی مووشەكی یەكەم نەیتوانی بیانپێكێت لەڕێگەی مووشەكی دووەمەوە لێیان دراوەو سێ كوژراو و بریندارێكیش هەیە. رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی بەردەوام لەبارەی بۆردومانەكانی توركیاو ئێران راپۆرت و زانیاری بڵاودەكەنەوە كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستان عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" بۆردومانی درۆن لەهەرێمی كوردستان ترسی لەدڵی هاووڵاتیاندا دروستكردووە، بەتایبەتیش ناوچە سنورییەكان و تەنها ساڵی رابردوو توركیاو ئێران 624 جار هەرێمیان بۆردومان كردووە". بەوتەی كامەران عوسمان ئەندامی رێكخراوی CPT زۆرترین قوربانی بۆردومانەكان، جوتیارانن كەسوپای سەربازی توركیا لەئۆپەراسیۆنەكانیدا لەخاكی هەرێمی كوردستان شەهیدو برینداری كردوون. سەعید محەمەد رزگاربووی هێرشێكی درۆنی توركیایە لەناوچەی شارباژێری سەر بەپارێزگای سلێمانی، بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد بەئامانجگرتنیان بەهۆی ئامادەیی گەریلاكانی پەكەكەیە لەناوچەكەیاندا، وتیشی:" هەموو كەسێك دەزانێت كەهیچ چەكدارێكی پەكەكە لەسەر چیای كێلەشین بوونی نیە، بەڵام توركیا هیچ جیاوازیەك ناكات لەنێوان خەڵكی چەكدارو مەدەنیدا". سەعید محەمەدو برایەكی و دوو هاوڕێی تریان، لەكاتی كۆكردنەوەی قارچك و گیای خۆڕسكدا لەسەر چیای كێلەشین لەناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی، لەدووی كانوونی یەكەمی 2022دا بوونە ئامانجی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا برایەكی سەعید بەناوی عەزیز محەمەد شەهید بوو و دوو هاوڕێكەی تریشیان بەناوەكانی محەمەد عەلی و محەمەد قادر بە سەختی برینداربوون. لەحەوتی نیسانی ئەمساڵ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆردومانكرد، بۆردومانەكەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت كەهێرشەكە لەڕێگەی درۆنەوە كرایەسەر شوێنێكی تەواو مەدەنی كەڕۆژانە هاووڵاتیان گەشتی لێوەدەكەن.  دواتر ئاشكرابوو ئامانجی توركیا مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە كە بەهاوڕێیەتی وەفدێكی ئەمریكی لەسلێمانی بوون، توركیا بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی رانەگەیاند، وەك چۆن لە تەمموزی 2022 تۆپخانەكانی ئەنقەرە سەیرانگایەكیان لەپارێزگای دهۆك بۆردومان كردو بەهۆیەوە نۆ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.، دواتریش هەرچەندە عێراق بەفەرمی توركیای بەئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركرد بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ رێوشوێنێكی لەوبارەیەوە نەگرتەبەر. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی CPT لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021، سوپای توركیا زیاتر لە چوار هەزار هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژی و زەمینی لەهەرێمی كوردستان و باكوری عێراقدا ئەنجامداوە.  لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵدا لە 88 هێرشدا سوپای توركیا هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانجگرتووەو بەشێوەیەك كە لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021،  98 بۆ  123 كەسی مەدەنی شەهیدبوون و 134 بۆ 161 كەسی دیكە  برینداربوون. وەك لەڕاپۆرتی رێكخراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە لەو رێژەیەی قوربانیاندا، 55 یان لەكاتی جوتیاری یاخود لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیاندا شەهیدبوون، لە 87٪‏ی شەهیدەكان پیاون و لە 13٪‏شیان ژنن، هەروەها شەش لەشەهیدەكان منداڵن.

سەركۆ جەمال ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهاتەكان بووەتە گرێ كوێرەی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنیش دوا وادە دیاری دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە پێویستە تاناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو رێككەوتنی كۆتایی ئەنجامبدرێت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18-11-2023 ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام تائێستا پارتی و یەكێتی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن، پارتی دەڵێت یەكێتی بەدوای بیانوودا دەگەڕێت و یەكێتیش دەڵێت:" هەڵبژاردن لەدۆخێكی ئاڵۆزدا ناكرێت". یەكێتی و پارتی لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێكهاتەكان تا ئەو رێككەوتنە ئەنجام نەدرێت ناتوانرێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان قسەكانی سەرۆكی حكومەت بەلەمپەڕ لەبەردەم هەڵبژاردن دەبینێت لوقمان وەردی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" بەتەنها قسەو باس كردن لەسەر هەڵبژاردن بەس نییە، دەبێت دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوەو متمانە بگێڕدرێتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ و ئەوەی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ كۆمەڵێك كاسبكار لەهەولێر باسی كرد بۆنی ئەوەی لێدێت كە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت و لەمپەریش لەبەردەم هەڵبژاردن دروست دەكات". مەسرور بارزانی ئێوارەی یەكشەممە 17ی نیسان رایگەیاند:" ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لەگەندەڵی و تیرۆرو تۆقاندن و لەسەرانە سەندن یان خەڵك لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكاربهێنین"، ئەمەش كاردانەوەی یەكێتی بەدواداهات. لوقمان وەردی پێشیوابوو كە خوازیارن هەڵبژاردن بكرێت و سەرۆكی هەرێم بەرپرسیارێتیەكی یاسایی لەسەر شان بووە كەڕۆژی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە، بەڵام رۆژی دیاریكردن بەس نییە، بەڵكو پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، وتیشی:" هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدۆخێكی ئاڵۆزدا ناكرێت". "چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ پارتی كرد، ئەوەی گرفتەو ماوە پێكهاتەكانە، یۆنامی دوو پێشنیازی كردووە یەكێكیان دەڵێت دابەش بكرێت، پێشنیازێكیان دەڵێت بەیەك بازنە بێت، ئێمە لەگەڵ دابەشكردنداین، پارتی لەگەڵیدا نیە لەكاتێكدا لەسەر ئاستی عێراق رای پێچەوانەیە، بۆیە بابەتی هەڵبژاردن لای هێزە سیاسییەكان ماوەتەوە نەك پەرلەمان"، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان وادەڵێت. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە قسەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ پەكخستنی بەڕێوەچوونی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت پێشەوا هەورامی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئەگەر داواكارییەكی یەكێتیش جێبەجێ بكەین بەنیەتی رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن بەدوای بیانوی تازە دەگەڕێن، وتیان كۆمسیۆن چارەسەركرا، وتیان فرەبازنە وتمان بەسەرچاو لیستی تۆماری دەنگدەرانیش عێراق بێت وتمان بەسەرچاو، ئەمانە هەموو پێشتر ئەو شتانەبوون كەهەڵبژاردنیان راگرتبوو ئێستاش كە چارەسەربوون دەبێت یەكێتی شتێك بدۆزێتەوە". " سەرۆكی حكومەت هیچ شتێكی نەوتووە كە مەبەستی پەكخستنی هەڵبژاردن بێت، خۆ ئەو ناوی یەكێتی نەهێناوە، بەس گوناحمان چییە ئەگەر باسی خیانەت بكرێت یەكێتی بەخۆی تێبگات بۆچی لایەنێكی دیكە بەخۆیان تێنەگەیشتن و بڵێن پارتی بۆچی وای وتووە؟"، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان وادەڵێت. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن  و راپرسی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات پێویستە تا 15 ی ئایاری مانگی داهاتوو لایەنەكان لەسەر هەموو شتێك رێكبكەون. دیار نەسرەدین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بەهاوڵاتی وت:" پێویستمان بەشەش مانگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لەبەرئەوەی ئێستا دەنگۆیەك هەیە كە لایەنەكان رێكبكەون كەبەشێكی هەژماركردنی دەنگەكان لەناوەندەكانی دەنگدان بەدەستی بێت و بەشێكی ئەلكترۆنی بێت، ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت پێویستمان بەدوو مانگی زیادە دەبێت". هەروەها وتیشی:" دەبێت تا 15 ی ئایار تێپەڕنەكات لایەنەكان لەسەر هەموو شتێك ڕێككەوتبن و یاساكە هەموار كرابێتەوە، بۆ ئەوەی كۆمسیۆن ئەوكاتەی پێویستێتی بۆ ئامادەكارییەكان لەو ماوەیەدا ئەنجامی بدات".

هاوڵاتی پێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتی ئێران پیشانی دەدات ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتەو رۆژهەڵاتی کوردستان قوڵتر بوونەتەوەو لەشێوەی بورکانێک تەقینەوەی لەئان و ساتدایە بەتایبەت کە لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا زۆربەی قەیرانەکان قوڵتر بوونەتەوەو باڵێکی توندڕەوی دەسەڵات دەیەوێت بەتوندی بەرەنگاری خەڵکی ناڕازیی ببێتەوە. دەسەڵاتی ئێران لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەچوارچێوەی پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەسانی بێسەرپۆش هۆشداریی توندی داوە بەو کەسانەی کەپابەندی باڵاپۆشبوون بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی نابن و بەکورتەنامە هەزارن کەس ئاگادارکراونەتەوەو کەسایەتی و بەرپرسانی ناڕازیش هۆشداریان داوە کە دەستوەردانی پۆلیس لەپرسی باڵاپۆشبوون کێشەکانی قوڵتر دەکاتەوە بەتایبەت کە کێشەی سەرەکیی وڵاتەکە قەیرانە ئابورییەکان و بژێویی خەڵکە. ئەگەرچی رۆژانە چین و تووێژە جیاوازەکانی موچەخۆران و کارمەندان لەشێوەی گردبوونەوە ناڕەزایەتیی لەبارودۆخی ئابوریی وڵاتەکە دەردەبڕن بەڵام خۆپیشاندانی بەرفراوان لەئێستادا بەدیناکرێت و تەنها هەموان چاوەڕێن تەقینەوەی گەورە لەوڵاتەکەدا رووبدات چونکە دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بوونەتە فشاری قورسی رۆژانە بۆ سەر خەڵک. ئەوەی لەئامارە فەرمییەکانی حکومەت و دەسەڵاتدا حاشای لێناکرێت قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکانی زیاتر لەشەش مانگی رابردووەو تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بڕیار لەداخستی ژمارەیەک بانک بدات کەزیانی داراییان تۆمارکردووەو بەوتەی بەرپرسان ئەو بانکانە هۆکارێکن بۆ زۆربوونی پارەی چاپکراوە لەئێران. زیاتر لەسێ مانگە رۆژانە رووداوی ژەهراویبوونی کچانی خوێندکار لەوڵاتەکە بووەتە دیاردە بەبێ ئەوەی هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان ئاشکرا ببن و تۆمەتباران دادگایی بکرێن و ئەوەش گومانی ئەوەی بەهێز کردووە کە دەسەڵات دەستی لە پشت ژەهراویکردنی ئەو خوێندکارانە هەیەو گروپە توندڕەوەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی بەئەنجامدانی ژەهراویکردنەکان تۆمەتبار دەکرێن.   سەرپۆش رەمزی ناڕەزایەتیی و چەکی دەسەڵات دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەڕۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستی بەجێبەجێکردنی پلانی سەپاندنی سەرپۆش لە شێوەی ئۆپەراسیۆنێک کردووە بەناوی (کۆنتڕۆڵی زیرەک) و لایەنی سەرەکیی جێبەجێکردنی پلانەکەش پۆلیسی وڵاتەکەیە کە تەنانەت کامێراکانی هاتوچۆشی خستووەتە خزمەتی ئەو پلانەوە بەڵام بەپێی ئەو تۆمارو وێنانەی لەیەکەم رۆژی هەڵمەتەکاندا بڵاوبووەتەوە کچان و ژنان وەک ناڕەزایەتیی جارێکی دیکە بەبێ سەرپۆش بەشەقام و کۆڵانەکاندا گەڕاون. پۆلیس رایگەیاندووە؛ تەنها لەیەکەم رۆژی ئەو پلانەدا هەزار کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە رەوانەکراوە کەشۆفێرو سەرنشینەکانیان پابەندی سەرپۆش نەبوون و بەوتەی سەعید مونتەزیرمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ئێران نزیکەی 84%ی ئەوانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ رەوانە کراوە پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بەڵام ئەوانەی پابەندنی سەرپۆش نەبن، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەگیرێت و سزا دەدرێن. پۆلیس ئاشکرایکردووە تەنها لەو رۆژەدا 155 دوکان و خواردنگەو هۆڵی بۆنەکان بەهۆی پابەندنەبوون بەسەرپۆشەوە داخراون و سێ هەزارو 500 شوێنی دیکەش ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە. بەپێی بڕیاری دادگاو هەڵمەتی پۆلیسی ئێران هەر شوێن و دامەزراوەو دوکان و مارکێت و خواردنگەیەک رێگە بەکچان و ژنانی بێسەرپۆش بدات ئەو شوێنە دادەخرێت. رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) سەر بەزانایانی ئاینیی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی داوە کەپرسی سەرپۆش پەیوەندیی بەڕەوشت و ئاکاری کەسەکان خۆیانەوە هەیەو نابێت پۆلیس دەستوەردان لەو پرسەدا بکات چونکە ئاڵۆزی و گرژیی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە و هاوکات ژمارەیەک کەسایەتی و تەنانەت حسێن عەلایی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە ئەو هەڵمەتەی پۆلیس توندوتیژیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.   ژەهراویکردنی کچان بۆ سەرکوت کچان و ژنان بەشێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بوون و نزیکەی سێ مانگە رۆژانە دەیان کچ لەخوێندنگەکاندا ژەهراویی دەبن بەبێ ئەوەی راستیی ئەو روداوانە ئاشکرابێت، بۆیە دەسەڵاتی وڵاتەکە بووەتە تۆمەتباری سەرەکیی ئەو رووداوانە. پێشتر دوو گروپی توندڕەوی سەر بەکۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراون بەئەنجامدانی ژەهراویکردنی کچان لەڕێگەی چەند ماددەیەکی کیمیایی بۆندار کە لەڕێگەی تۆپی یاریی و هەندێکجار وەک سپرا لەناو خوێندگەکانی کچان بڵاودەکرێتەوەو ئەوەش ژەهراویبوون و تێکچوونی دۆخی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە. جگە لەشارەکانی ئێران تەنها لەیەک هەفتەدا زیاتر لە 20 خوێندگەی کچان لەشارەکانی (سنە، هەرسین، سەرپێلی زەهاو، کرماشان، ورمێ، کامیاران، سەقز، مەهاباد) لەڕۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی ژەهرایکردن بوون و زیاتر لە 200 خوێندکار رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون کەئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لەشارەکانی سەقزو مەهاباد لێکەوتەوە. ئابوریی قەیرانەکانی ئێران قوڵتر کردووەتەوە لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ئابوریی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازتر بووەو بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداریی داوە لە ئابوریی ئەو وڵاتەو بانکی ناوەندیی بەهۆی زیانە داراییەکان و زیادبوونی چاپکردنی پارە بڕیاری داخستنی ژمارەیەک بانک دەدات. بانکی جیهانی لەنوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردووە کە گەشەی ئابوریی ئێران بۆ ساڵی 2023 ناگاتە 2% لەکاتێکدا گەشەی ئابوریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە 3% پێشبینیی کراوەو دەرکەوتوە رێژەی گەشەی ئابوریی ساڵی 2022ی وڵاتەکە 2.7% بووەو ئەمساڵ بۆ 1.8% دادەبەزێت لەکاتێکدا گەشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەساڵی رابردودا 5.8% بووە. بەپێی ئامارەکانی ئێران و لێدوانی بەرپرسانی؛ گەشەی ئابوریی ساڵی 2022 لەئێران 4% بووە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردووە گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتە لەو ساڵەدا 2.7% بووەو نەگەیشتووەتە 3%. لەوردەکارییەکانی راپۆرتەکەی بانکی جیهانیدا ئاماژە بەپێشبینییە راستەکانی ئەو بانکە سەبارەت بەئابوریی ئێران کراوە چونکە بانکی جیهانی لەساڵی 2021 پێشبینیی گەشەی ئابوریی 2.9ی بۆ ساڵی 2022 لەو وڵاتە کردبوو پێشبینی گەشەی 1.9% بۆ 2.2%ی بۆ ساڵی 2023 تا 2024 لەئێران کردووە. لەنوێترین ئاماری ناوخۆیی بانکەکانی ئێران دەرکەوتووە لەکۆی 29 بانکی چالاکی وڵاتەکە 13 بانک، زیانی زیاتر لە 366 ترلیۆن تمەنیان تۆمار کردووە کەچوار هێندەی ئەو پارە کاغەزەیە کەئێستا بەدەست دانیشتوانی وڵاتەکەوەیە زیانی ئەو بانکانە تەنها لە نۆ مانگدا 47 ترلیۆن تمەن بووەو تا ناوەڕاستی ئەم مانگە زیانەکان گەیشتووەتە 100 ترلیۆن تمەن. زیاترین کۆی زیان لە لاین بانکی (پارسیان) تۆمار کراوەو بەراورد بەساڵی رابردوو کۆی زیانەکانی 147% زیادی کردووە و تەنها دوو بانکی (میللەت) و (پاسارگارد) قازانجی بەرچاویان تۆمار کردووەو بەگشتی کۆی زیانی ئەو 13 بانکە کە بە دۆلار بووەتە زیاتر لەهەشت ملیارو 52 هەزار دۆلار لەکاتێکدایە کەکۆی زیانە بانکییەکانی ساڵی 2019 لەوڵاتەکە یەک ملیۆن و 230 هەزار دۆلار بووە. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ لەچەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەک بانک کە ئاستی زیانەکانیان زۆرەو هۆکارێکن بۆ زیادبوونی پارەی چاپکراو لەوڵاتەکە دادەخرێن ناوی ئەو بانکانە رادەستی حکومەت کراوەو لەگەڵ داخستنیان ناوەکان بڵاودەکرێنەوە.   ئابوریی و ناڕەزایەتیی ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ زیادکردنی موچەی کارمەندان بەڕێژەی 20% و کرێکارانی وڵاتەکە 27% بەڵام نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە لەکاتێکدا لانیکەمی موچە بەشەش ملیۆن و 400 هەزار تمەن دیارییکراوە، هێڵی هەژاریی لەوڵاتەکە بە 15 تا 18 ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی رابردووی وەزارەتی کار لەئێران یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. نرخی یەک کیلۆ مریشک لەماوەی سێ هەفتەی وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە 63 هەزار تمەن بۆ نزیکەی 85 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە و نرخی کرێی تەکسی و پاس هاوشانی زۆربەی خۆراکەکان 40% بۆ 50% بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا تەنها لەماوەی حەوت مانگدا بەهای یەک دۆلار لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 50 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداریی داوە کە ئێران بووەتە حەوتەم وڵاتی جیهان کەزیاترین هەڵاوسانی ئابوریی لەساڵی 2022 تۆمارکردووەو هەڵاوسانەکەی لەو ساڵەدا گەیشتووەتە 49% و دوای وڵاتانی (ڤەنزوێلا، زیمبابوی، سودان، کۆماری سورینام، ئەرجەنین، تورکیا) زیاترین هەڵاوسانی ئابوریی لەجیهاندا تۆمارکردووە. ئەو دۆخە ئابورییە وایکردووە رۆژانە دەیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و موچەخۆران و زۆربەی چین و تووێژەکان لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت و حکومەتیش توانای چارەسەری نییە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت گردبوونەوە پرژو بڵاوەکان ببێتە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لەو وڵاتە.

سەركۆ جەمال سەرو برۆو سمێڵ تاشین وەك سوكایەتیپێكردن بەگرتەی ڤیدیۆییەوە، شێوازێكی نوێی ترساندنی هاووڵاتیان و چالاكوانانە لەهەرێمی كوردستان و بووەتە دیاردە، ئەمەش كاردانەوەی توندی لێكەوتووەتەوە. شەوی 14ی نیسانی 2023 پارێزەرێك لەهەولێر بەناوی محەمەد یابە سۆفی بەهۆی ئەوەی پارێزەری ژنێك بووە بۆ جیابوونەوە لەهاوسەرەكەی، هاوسەرەكەی و سێ چەكداری دیكە دەیڕفێنن و پاش لێدانێكی زۆر سەری دەتاشن ئەمەش كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. كەسوكارەكەی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند كەسوكاری تۆمەتباران داوای سوڵحیان لێكردوون، بەڵام بەهیچ شێوەیەك سوڵح قبوڵ ناكەن. ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران لەكاتی گردبوونەوەی پارێزەران لەبەردەم دادگای هەولێر رایگەیاند: هێرشكردنەسەر پارێزەران هێرشكردنەسەر دادگاو دادوەرو یاسایە و ئەو ئاسایش و ئارامیەی هەیە بەچەند كەسێك ناشرین ناكرێت، سكاڵامان لەسەر ئەو تۆمەتبارانە تۆماركردووە. هەروەها وتیشی:» شكۆی پارێزەر بەوانە ناشكێت و زیاتر مكوڕ دەبین لەسەر ئەو داوایەی لەسەر پارێزەر محەمەد یابە درا». پارێزەر گۆران دیبەگەیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەم شتانە پارێزەران ناترسێنێت، ئەم كارە قێزەونانە واناكات پارێزەرەكان بوەستن لەداكۆكیكردن، بەڵام خۆزگە پارێزەران بەیەك تیم پشتیوانی رۆژنامەنووسان و چین و تووێژە جیاوازەكانیان بكردایە، سەرەڕای ئەوەش خەڵك بەیەكدەنگی پشتیوانی پارێزەران دەكات». ئەو پارێزەرە وتیشی: لەماوەی رابردوو ریش سووتانی مامۆستای ئاینی و شەق تێهەڵدانی مامۆستاو دەستدرێژیكردنە سەر پزیشك و تیرۆركردنی رۆژنامەنوس و هەموو جۆرەكانی تاوان لەهەرێم و هەولێریش بەتایبەت هەیە، هۆكارەكەش ئەوەیە هێزی چەك بەسەر یاسادا زاڵە». لەهەرێمی كوردستان یەكەم كەیسی سەرتاشین كە تۆماركراوە هێمن بنەسڵاوەیی بوو كەپیشەی پێشمەرگەبوو لەساڵی 2016 لەهەولێر بەهۆی ئەوەی پشتیوانی لەبزوتنەوەی گۆڕان كردبوو، بەڵام خۆی پێشمەرگەی پارتی بوو هێزە ئەمنیەكان گرتیان و سەروو برۆیان تاشی و رەوانەی سنوری دەسەڵاتی یەكێتییان كردەوە. هەروەها لەكۆتایی ساڵی 2021 بەهۆی كێشەی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، هێزە ئەمنیەكان لەسلێمانی پلەدارێكی سەربازی بەناوی رێبواری عەلی شامار دەستگیردەكەن و سمێڵی دەتاشن، دواترو لەتەمموزی ساڵی 2022 هێزەكانی حەشدی شەعبی لەكەركوك سمێڵی گەنجێكی كاكەییان تاشی ئەوەش كاردانەوەی فراوانی بەدواداهات. دانی سویدی قوربانییەكی دیكە بوو، ئەو كەگۆرانیبێژی میللی بوو، لەلایەن تۆمەتبارێكەوە بەناوی كەیفی زراری سەری تاشراو ڤیدیۆكەشی بڵاوكرایەوە، ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد.  

هاوڵاتی هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەردەوامە، چەندین كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسە باڵاكانی هەردوو وڵات ئەنجامدراوە و ئێستا پرۆسەكە بۆ كۆبوونەوەی چوارقۆڵی سوریا، توركیا، روسیاو ئێران گۆڕدراون و ساڵح موسلیم دەڵێت:» ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤایە». هەرچەندە توركیا لەم ناوەندەدا نەگەیشتووەتە ئامانجەكەی، بەڵام لەهەوڵدان نەكەوتووە و مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند:ماوەیەك لەمەوبەر جێگرەكەم و بەرپرسانی سوریا كۆبوونەوەیەكیان بەبەشداری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ئەنجامدابوو و چاوەڕێ دەكرێت، كۆبوونەوەیەكی چوارقۆڵی نێوان دیمەشق، ئەنقەرە، تاران و مۆسكۆ لەسەرەتای مانگی ئایاردا لەمۆسكۆ ئەنجامبدرێت. وتیشی: لەكۆبوونەوەكەدا هەوڵدەدرێت، زەمینی كۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا دروستبكرێت. هەوڵەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە رژێمی سوریا چاوی لەوەیە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەكان ئاسایی بكاتەوە كە  ١١ ساڵە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی نەماوە. بۆ ئەم مەبەستەش سعودیە سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی لەشاری جەددە بەبەشداری چەند وڵاتێكی عەرەبی كرد، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی دیمەشق، گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی گفتوگۆی لەسەر نەكرا. سوریاو توركیا پلانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لەدژی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤا داناوە رژێمی سوریا لەماوەی ١١ ساڵی شەڕی سوریادا هەڵوێستی بەرامبەر كورد نەگۆڕاوە، چەندین جار خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤای كوردستان داوای دانوستانی كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئامادە نەبووە. هەرچەندە هەڵوێستی رژێمی ئەسەد لەبەرامبەر توركیا توندەو بەشار ئەسەد توركیای لەناو خاكی سوریا بەداگیركەر پێناسە كردووە و رایگەیاندووە تاوەكو توركیا خاكی سوریا جێنەهێڵێت، پەیوەندییەكانیان ئاسایی نابێتەوە، بەڵام مۆسكۆ و ئێران هەموو هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد هەڵوێستی نەرمتر بنوێنێت. ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) بە ئاژانسی فوراتی راگەیاندووە: پێویستە كورد لەبەرامبەر كۆبوونەوی نێوان روسیا، ئێران، ئەنقەرەو دیمەشق وریابێت، روسیا دەیەوێت ئەم لایەنانە بۆ بەرژەوەندی خۆی كۆبكاتەوە، ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، كەخۆبەڕێوەبەری رۆژاڤایە كە پارێزگاری لەمافەكانی هەموو گەلان دەكات. موسلیم دەشڵێت:» دیمەشق هیچ مەرجێكی دیاریكراوو روونی بۆ كشانەوەی توركیا لەناوچە داگیركراوەكان دانەناوەو دەسەڵاتی توركیاش لەو بوارەدا پابەندی بەڵێنەكانی خۆی نابێت، بەڵام ئەوەی كە دەبینرێت ئەوەیە، رژێمی دیمەشق و دەسەڵاتی توركیا پلانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لەدژی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤا داناوە.» ئەم پێشهاتانەش لەكاتێكدایە كە هەفتەیەكە هێزەكانی رژێمی سوریا لەدەوروبەری پارێزگای دێرەزۆر، پەلاماری هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) دەدەن كە هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكان لەشەڕی دژی داعش، لەم چەند رۆژەی دواییدا، چەند شەڕڤانێك بەوهۆیەوە بریندار بوون و چەند سەربازێكی سوریا كوژراون و برینداربوون و لەلایەكی دیكەوە، میلیشیاكانی نزیك لەئێران هێزەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج لەو ناوچەیە و هەسەدەش بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ لەناو شەڕی لایەنگرانی ئێران و ئەمریكادایە.

هاوڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تادوای یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی گەمارۆی پارتەكەی ئەردۆغان بۆ سەر فرۆكەخانەی سلێمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، چونكە سەرۆكی هەواڵگری توركیا داوایان كردووە لەنزیكەوە چاودێری گەشتیاران بكەن. لەسەرەتای مانگی نیساندا توركیا راگرتنی سەرجەم گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرت و پاش دوو رۆژ لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی درۆنەوە هێرشیكردەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە. هێرشەكەی رۆژی هەینی حەوتی نیسانی 2023 كە بەدرۆن كرایەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، رووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد. قوباد تاڵەبانی چووە بەغدادو كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی توركیا كۆبووەوەو لەوێوە سەردانی ئەنقەرەی كردو گفتوگۆی لەگەڵ هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركیا كردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داوا لەقوباد تاڵەبانی كراوە سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ (پە.كە.كە)و كوردانی رۆژئاوا بپچڕێنن و هەروەها میت دەستی واڵا بێت لەچاودێری كردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كەهیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەكەكەدا نییە. هەروەها ئەوەشی رەتكردووەتەوە كەدەزگای هەواڵگری میت لەنزیكەوە چاودێری فڕۆكەخانەی سلێمانی بكات، چونكە پێی راگەیاندوون فڕۆكەخانەیەكی مەدەنییەو هیچ كەسێك كەجێگەی گومان بێت لەم فڕۆكەخانەیەوە سەردانی دەرەوەی نەكردووە. قوباد تاڵەبانی دوای هاتنەوەی گفتوگۆی لەبارەی داواكارییەكانی توركیاوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی ئەنجامداوەو دوو بۆچوون خراوەتەڕوو كە بۆچوونی زۆرینەیان ئەوە بووە كە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا ئاشکرایەو نهێنی نییە، بەڵام ئەوە دووپاتكراوەتەوە كەپەیوەندی فەرمی لەنێوان پەكەكەو یەكێتی نییە، هەروەها بۆچوونی زاڵ لەنێو یەكێتی ئەوەیە كەچاوەڕێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بڕیارە لە 14ی ئایار ئەنجامبدرێت» ئەگەر پارتەكەی ئەردۆغان سەركەوتوو نەبوو ئەوا لەگەڵ پارتی براوە گفتوگۆی چڕ دەستپێدەكەن، ئەگەر ئەردۆغان بردیەوە ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەن لەڕێگەی كەناڵە دبلۆماسییەكانەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە» فڕۆكەخانەی سلێمانی مەدەنییەو رێگە نادەین دەزگای هەواڵگری میت بوونی هەبێت تێیدا». هاوكات، بەشێك لەهاووڵاتیانی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەفڕۆكەخانەی سلێمانی بەم شێوەیەی ئێستا گەمارۆی لەسەر بێت باشترە لەوەی دەزگا هەواڵگرییەكان بوونیان هەبێت تێیدا. محەمەد ئەیوب تەمەن 22 ساڵ, خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: فڕۆكەخانەی سلێمانی بەداخراوی بمێنیتەوە باشترە چونكە توركیا وڵاتێكە هیچ مافێكی بەسەر ئێمەوە نییە تا چاودێری فڕۆكەخانەكانمان بكات. وتیشی:راستە توركیا وڵاتێكی دراوسێیە بەڵام دەزگای هەوڵگری هیچ شوێنێك مافی ئەوەی نییە چاودێری گەشتیاران و گەشتەكانی فڕۆكەخانە بكات و دەست وەربداتە كارو چالاكی وڵاتێكی دیكە، جا لەفڕۆكەخانە یان شوێنەكانی دیكە بێت. گەشبین عوسمان تەمەن 22ساڵ, خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چاودێریكردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە بڕیارێكی هەڵەیەو پێویستە كوردستان خۆی چاودێری فڕۆكەخانەكان و گەشتیاران بكات, دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی هەبێت و رێگری لەو دەستتێوەردانانە بكات». گەشبین عوسمان وتیشی:» گرنگ نییە فڕۆكەخانەی سلێمانی بەداخراوی دەمێنێتەوە یان نا گرنگ ئەوەیە توركیا چاودێری فڕۆكەخانەكە نەكات و زیان بەر ئابوورییەكەی بكەوێت». شاهۆ سیروان كەخاوەن كافێیەكە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێندا بەهاوڵاتی وت: توركیا لەڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆوە هەوڵی داگیركردنی كوردستانی باشوور دەدات, لەهەولێر دەسەڵاتی هەیە بەڵام لەسلێمانی نیەتی جا بەم كارانە یان بڕیاری لەو جۆرە دەیەوێت لەسلێمانیش دەسەڵات پەیدا بكات. شاهۆ وتیشی: فڕۆكەخانەی سلێمانی دابخرێت زۆر باشترە لەوەی چاودێری بكرێت لەلایەن توركیاوە. سەبارەت بەم پرسە رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەفڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ جۆرە لێدوانێك بدەن.

راپۆرتی – بێدار محەمەد ساڵێك لەمەوبەر وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەهێڵی شەمەندەفەر مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە دەبەستنەوە، بەڵام نەك ئەو هەنگاوە نەنرا، بەڵكو زیاتر لەدوو مانگە بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە نۆژەنكردنەوەو چاكسازی نێوان گوندەكانی ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و پشتە راگیراوە. سالار محەمەد، بەڵێندەری پرۆژەكانی رێگەوبانی بەشی زۆری گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و كێڵگەی نەوتی چیا سورخ و مەرزی نێودەڵەتی پەروێزخانە، بەهاوڵاتی وت: «بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە كاركردنمان لەپرۆژەكە لە 25ی مانگی یەكی ئەمساڵەوە راگرتووە». وتیشی:» كەدەستمانكرد بەپرۆژەكە پێیان وتین پارەتان بۆ خەرجدەكەین، 75 ملیۆن دینارمان لەگیرفانی خۆمان خەرجكرد، لەكاتێكدا دەبوو بۆ ئەو پرۆژەیەو چەند پرۆژەیەكی تری ئەو سنورە لەسەر داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڕی 500 ملیۆن دینار خەرجبكرێت». «لەسەردانێکدا بۆ لای بەڕێوەبەری گومركی مەرزی پەروێزخان، وتی پارە هەیە بەڵام فەرمانی خەرجكردنی لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، دواتر پەیوەندیمان بەوەزارەتی داراییەوە كردو ئەوانیش وتیان رێكارەكانی خەرجكردنی پارەكە تەواو بووە بەڵام بۆ خەرج ناكرێت ئەوە نازانین» . ئەو بەڵێندەرەی گەرمیان وادەڵێت. ستار عەزیز، هاووڵاتیەكی گوندی جەبراوەیە لەسنوری پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:» دەبوو حكومەت بایەخی بەڕێگاوبانەكانی گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی پەروێزخان بدایە، چونكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات بۆ حكومەت، كەچی بەبیانووی خەرجنەكردنی پارە ئەوە زیاتر لەدوو مانگە ئەو هەنگاوە راگیراوەو چاڵ و چۆڵی رێگاوبانەكان هەروەك خۆیەتی». وەك وەڵامێك بۆ گلەیی دانیشتوانی ناوچەكە، عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» چاوەڕوانی سەرووی خۆمانین بۆ خەرجكردنی پارەكە، بەدەر لەوە شەپۆلی باران بارینی ئەمدواییە كاریگەری هەبوو لەسەر راگرتنی پرۆژەكە». وتیشی:»بودجەی پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیانەوە تەرخان دەكرێت، بەگوژمەی نزیكەی 500 ملیۆن دینارو ماوەی پرۆژەكەش 200 رۆژە، تائێستاش 80 ملیۆن دینار لەپرۆژەكە خەرجكراوە». جەمال كەریم, ئەنجومەنی گوندی رەزوار لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێگاوبانەی گوندەكەی ئێمەو گوندەكانی  نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان رێگەی گەیشتنە بەگوندی چیا سورخ، ماوەی نزیكەی 100 ساڵە نەوتی لێدەردەهێنرێت، كەچی  رێگاوبانەكان زۆر خراپن و ئۆتۆمبیلەكانمان هەمووی تێكشكاوە». وەستانی كاركردن لەپرۆژەكانی چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەكاتێكدایە لەكۆتایی مانگی سێی ساڵی رابردوو، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان  رایگەیاند: گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسپانی واژۆكردووە بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لەهەرێمی كوردستان و درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە و لەقۆناغی یەكەمدا مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە ببەستێتەوە.  

هاوڵاتی تەنها لەنۆ مانگدا زیاتر لە 20 هەزار كچ كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە هاوسەرگیرییان كردووە  كۆمەڵگەی ئێران سەرەڕای زۆربەی قەیرانە ئابوریی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان گیرۆدەی پیریی خێرا بووەتەوە، دەسەڵاتیش بەناوی پلانی گەنجكردنی وڵاتەكەوە رێگە بەهاوسەرگیریی كچانی كەم تەمەن دەدات. لەئامارەكانی ئێران دەركەوتووە تەنها لەنۆ مانگدا زیاتر لە 20 هەزار كچ كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە هاوسەرگیریان كردووەو زیاتر لەهەزار كەسیشیان منداڵیان بووە لەكاتێكدا لەو ماوەیەدا تەنها هەشت كوڕ كەتەمەنیان كەمبووە هاوسەرگیرییان كردووە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە نزیكەی (85) ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە نزیكەی 42 ملیۆنیان لەڕەگەزی (مێینە)و نزیكەی 43 ملیۆن لەڕەگەزی نێرینەن و لەو كەسانەشەی كەهاوسەرگیریان كردووە نزیكەی سێ بۆ چوار ملیۆن كەسیان كەدەكاتە نزیكەی 20% خێزانەكان توانای وەچەخستنەوەیان نییە. كەمبوونەوەی هاوسەرگیریی و لەباربردنی منداڵ و قەیرانە ئابورییەكان وایكردووە كەگەشەی كۆمەڵگەی ئێران بۆ نزیكەی 1% كەمبكاتەوەو ئەوەش وایكردووە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەناوی پلانی گەنجكردنی وڵاتەكە رێگریی لەهاوسەرگیریی كەسانی كەم تەمەن نەكات و بەپێی ئامارەكانیش شكستی ئەو پلانەش بۆ زیادكردنی گەشەی كۆمەڵگەی ئێران شكستیهێناوە چونكە جگە لەكەمبوونەوەی هاوسەرگیریی ئامارەكانی جیابوونەوە بەرزن و ژمارەی وەچەخستنەوە بۆ هەر خێزانێك لەنێوان یەك بۆ دوو منداڵدایە كەئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە. دەركەوتووە ساڵانە نزیكەی 370 هەزار بۆ 530 هەزار كۆرپە بەشێوازی جیاوازو بەنایاسایی لەئێران لەبار دەبرێن كەئەوەش بەهۆكارێكی سەرەكیی پیربوونی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە هەژمار دەكرێت. پێشبینی كراوە ئەگەر ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و وەچەخستنەوە لەئێران بەشێوازی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا ئەو وڵاتە دوای 30 ساڵی دیكە زیاتر لە 33%ی دانیشتوانی تەمەنیان لە 60 ساڵ بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا ئەو رێژەیە لەئێستا 11.2%یە. لەنۆ مانگی ساڵی 2022 زۆرترین ئەو پیاوانەی هاوسەرگیرییان كردووە تەمەنیان لەنێوان 27 تا 39 ساڵ بووەو تەنها هەشت كوڕ هاوسەرگیرییان كردووە كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە كەئەوەش بەراورد ناكرێت بەژمارەی هاوسەرگیریی ئەو كچانەی كەتەمەنیان لەو ژمارەیە كەمتر بووە. جگە لەو 20 هەزار كچەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە ناوەنجی تەمەنی هاوسەرگیریی كچان و ژنان لەو نۆ مانگەدا لەنێوان 23 بۆ 27 ساڵ بووە. ئامارەكان دەریدەخەن كە لەماوەی 15 ساڵدا زیاتر لە 131 هەزار كچی تەمەن كەمتر لە 15 ساڵ هاوسەرگیریان تۆمار كراوە لەكاتێكدا پێدەچێت زیاتر لەسەدان هاوسەرگیریی كچانی كەم تەمەن تۆمار نەكرابێت، چونكە بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هاوسەرگریی كچانی تەمەن كەمتر لە 13 ساڵ و كوڕانی كەمتر لە 15 رێگەپێدراو نییە. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە: لەبەهاری ساڵی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە زیاتر لە 20 هەزار هاوسەرگیریی كچانی كەمتر لە 15 ساڵ تۆماركراوەو هەزار و 85 كەسیشیان منداڵیان بووە و هەر لەو ساڵەدا جیابوونەوەی 551 ژن تۆمار كراوە كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە. لەئێران دوای 12 ساڵ پڕۆژەیاسای پشتیوانیی لەئاسایشی ژنان تەنها چەند رۆژێكە پەسەند كراوە كە بەپێی ئەو یاسایە ژنان دەتوانن بەوەرگرتنی مۆڵەت  لەدادگا گەشتی دەرەوە ئەنجامبدەن و ئەگەر هاوسەرەكانیان رێگریی گەڕانەوە بۆ ماڵیان لێبكەن بەتاوان هەژمار بكرێت و نابێت هیچ كچ و ژنێك بەزۆرەملێ و بەبڕیاری باوك و براو كەسوكاری هاوسەرگیریی بكات. لەئامارەكانی بەهاری ساڵی 2022 تا پاییزی ئەو ساڵە 390 هەزار هاوسەرگیریی لەو سێ مانگەدا تۆمار كراوەو لەبەرامبەرداو هەر لەو ماوەیەدا 145 هەزارو 138 جیابوونەوە تۆمار كراوەو بەپێی وردەكارییەكان لەوەزی بەهاردا  142181 هاوسەرگیریی لەو 43800 جیابوونەوە و لەوەرزی هاویندا 112610 هاوسەرگیریی و 49648 جیابوونەوەو لەوەرزی پاییزدا 136064 هاوسەرگیریی و 51690 جیابوونەوە تۆمار كراوە. لەئامارەكانی شەش مانگی وەزری بەهارو هاوینی ساڵی 2021 نزیكەی 300 هەزار هاوسەرگیریی تۆمار كراوە، بەڵام لەئامارەكانی ئەو شەش مانگەی ساڵی 2022 نزیكەی 255 هەزار هاوسەرگیریی تۆمار كراوە كەبەراورد بەڕابردوو 45 هەزار كەمیكردووە لەبەرامبەردا ژمارەی جیابوونەوەكانی ئەو شەش مانگەی ساڵی رابردوو 94 هەزارو 280 حاڵەت بووە كە لەئەمساڵدا بۆ 93 هەزارو 448 كەمیكردووە.   پایتەخت لەهاوسەرگیری و جیابوونەوە پێشەنگە بەپێی ئامارەكانی دوو وەرزی بەهارو هاوین 32 هەزارو 745 هاوسەرگیریی لەتارانی پایتەختی ئێران تۆمار كراوە كەزیاترین ئاستی 31 پارێزگای ناو جوگرافیای وڵاتەكە بووەو هاوكات لەو دوو وەرزەدا تەنها هەزارو 767 هاوسەرگیریی لەپارێزگای ئیلام لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار كراوە كە بەدووەم پارێزگا هەژمار دەكرێت، كەكەمترین هاوسەرگیریی لێ تۆماركراوە. تاران وەك چۆن لەهاوسەرگیریدا زیاترین ژمارەی تۆمار كردووە بەجیابوونەوەش بێ ركابەر بووەو بەتۆماركردنی 17 هەزارو 650 جیابوونەوە لەشەش مانگدا زۆرترین جیابوونەوەی لەئێران تۆمار كردووەو هاوكات پارێزگای ئیلام بەتۆماركردنی 522 جیابوونەوە كەمترین ئاماری جیابوونەوەی لەوڵاتەكەدا تۆمار كردووە.

هاوڵاتی بەپێی نوێترین داتای شارەزایانی نەوت، هەرێمی كوردستان لەئێستادا تەنها خاوەنی چوار ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە نەك 45 ملیار بەرمیل و ئەو راستییەش بەیەكێك لەهۆكارەكانی رازیبوونی حكومەتی هەرێم دادەنرێت بۆ رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا. داتای نوێی پشكنینی نەوتی خاو لەسەرتاسەری عێراقدا ئەنجامدراوە، عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان خاوەنی 151 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوەو هەرێمی كوردستانیش خاوەنی چوار ملیار بەرمیل نەوتە كە هەرێم خاوەنی 6%ی یەدەگە. هەرێمی كوردستان لەو كاتەوەی نەوتی بەسەربەخۆ هەناردەی دەرەوە كردووە تا 25ی ئازاری ئەمساڵ كە بەبڕیاری حكومەتی عێراق هەناردەی نەوت بەبۆری بۆ بەندەری جەیهان راگیرا ملیارێك و 150 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردووە لەماوەی زیاتر لە نۆ ساڵدا. ئەوكاتەی كەحكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە بەرهەمهێنانی نەوت و هێنانی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ دۆزینەوەی نەوت، كۆمپانیا بیانییەكان لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی پشكەكانیان لە بۆرسەی جیهانیدا ژمارەی گەورە و خەیاڵیان بۆ یەدەگی نەوتی هەرێم خستووەتە بەردەست ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەكابینەكانی پێشتری حكومەتدا. بەو پێیەی حكومەتی هەرێم بۆ خۆی لەساڵانی 2012 بۆ 2105 هیچ ئامێرێكی پێشكەوتووی خۆماڵی و ستافی شارەزای وردی جیولۆجی پێویستی نەبووە، لەڕێگەی كۆمپانیا نەوتییەكانەوە ئەو ژمارانەی پێی دراوە هەمووی كۆكردووەتەوەو ئەوەیان راگەیاندووە كەهەرێمی كوردستان خاوەنی 57 بلۆكی نەوتی و 45 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، ئەم ژمارانەش حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا وەك ئامارێكی ورد تایبەت بە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستاندا وەریگرتووە. لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و بەتایبەت لەكۆتایی ساڵی 2022دا ئامارێك تایبەت بەیەدەگی  نەوتی خاو دەگاتە ئەنجومەنی نەوت و گازو راستەوخۆ دەدرێتە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كەهەرێمی كوردستان خاوەنی تەنها چوار ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە نەك 45 ملیار بەرمیل، متمانەكردن بەو ژمارەیەش بەتەواوی یەكلابووەوە بەهۆی ئەوەی لە 43 بلۆكی نەوتی كە پێشتر راگەیەندرابوو نەوتیان تێدا نەبووە، یان كەمێكیان نەوتیان تێدابووە، بەڵام بەشی ئەوەی نەكردووە كۆمپانیایەكی بیانی بێت و دەیان ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج بكات كە رۆژانە توانای 500 بەرمیل بۆ هەزار بەرمیلی هەبووە، بۆیە زۆربەی كۆمپانیاكان لێی كشانەوە. لەئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی 14 بلۆكی نەوتییەو 12 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا هەیە، لەپاش راگرتنی هەناردەی نەوت بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتیان بۆ رێژەی لەسەدا 10 كەمكردووەتەوە تا ئەو كاتەی عێراق بەفەرمی نووسراو دەداتە توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، لەعەمبارەكانی بەندەری جەیهان نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم ماوەتەوەو ئامادەیە بۆ هەناردەكردن. تاحكومەتی عێراق، بەفەرمی نووسراو ئاراستەی حكومەتی توركیا نەكات، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێناكاتەوەو توركیا چاوەڕێی نووسراوێكی فەرمی حكومەتی عێراق دەكات. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە تێكڕای نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری و ئیدارەدانی كۆمپانیای سۆمۆ هەناردە دەكرێ و  بەنرخی فەرمی دەوڵەتی عێراقی دەفرۆشرێت هەروەها ئەوەشی روونكردووەتەوە كەبڕیاری دادگای پاریس  پەیوەندی بەڕێگری لەهەناردەی نەوتی هەرێم نەبووە تەنیا بۆ ئەوە بوو كەتوركیا نەتوانێت نەوتی عێراقی هەناردەكات بێ سەرپەرشتی و ئیدارەدان و رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراقی و كۆمپانیای سۆمۆ. هاوكات، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوەشكردووەتەوە كە دادگای پاریس بڕی یەك ملیارو 710 ملیۆن دۆلاری وەك غەرامە دیاری كردووە كەتوركیا بیداتە عێراق تەنها لەبەرئەوەی بەشێك لەقەرەبووی جیاوازی نرخی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بكرێتەوە. بەپێی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و عێراق، داهاتی نەوتی هەرێم  لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، بەڵام لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی و دەخرێتە  چوار چێوەی بودجەی گشتی عێراقەوە،ئەگەر داهاتی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم زیاتر بێ لەپشكی هەرێم لەبودجە ئەوە راستەوخۆ بۆ بەغداد دەگەڕێتەوەو  كەمتریش بێ ئەوە بەغداد بۆی تەواو دەكات ئەمەش بەندە بەنرخی نەوت لەجیهاندا. هەر بەپێی رێككەوتنەكە داهاتی نەوتی هەرێم  دەخرێتە سەر هەژمارێكی بانكی سەر بەبانكی ناوەندی عێراقی یان هەر بانكێكی تر كەبانكی ناوەندی دەستنیشانی بكات. هەرێمی كوردستان بەهۆی راگرتنی نەوتەوە رۆژانە 25 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت كە لە 25ی ئادار تائەمڕۆ 12ی نیسان دەكاتە 19 رۆژ و زیانە داراییەكەی 475 ملیۆن دۆلارە، هەرچەندە حكومەتی هەرێم بەفەرمی ئەوەیان راگەیاندووە كە لەماوەی 10 رۆژی یەكەمی راگرتنی نەوتی هەرێم 300 ملیۆن دۆلار زیانیان بەركەوتووە واتا رۆژانە 30 ملیۆن دۆلار. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جیهان پێش كۆتایی مانگی نیسان دەستپێدەكاتەوەو هۆكاری دواكەوتنەكەشی تائێستا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی عێراق دەیەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كێشەی لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك بۆ دروست نەبێت كە رۆژانە 211 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی دیكەی كەمكردووەتەوە بەهۆی بڕیارەكانی رێكخراوەكە.