سەركۆ جەمال بڵاوبوونەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كاری میدیایی، كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە، سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت  لایەندار نین تێیداو پاش كۆبوونەوەی فراوان رای خۆیان لەبارەیەوە دەڵێن، وەزارەتی رۆشنبیریش چاوەڕێی كاردانەوەكان دەكات. رێنمایی ژمارە یەكی‌ ساڵی‌ 2023 لەبارەی ‌كاری‌ میدیایی لەهەرێمی‌ كوردستان (تایبەت بەڕێكخستنی فریكوێنسی رادیۆو تەلەڤزیۆن) كە لەڕۆژی‌ 22ی‌ 5ی‌ 2023 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، چەندین رێنمایی بڵاوكراونەتەوە كە لە 17 ماددە پێكهاتووەو لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە. لەڕێنماییەكاندا دەسەڵاتێكی رەها بەحكومەت دراوە، لەناویاندا وەزارەتی رۆشنیبری لەپێدانی مۆڵەتدا ئەوەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو ژینگە، بەپێی رێنماییە نوێیەكە ئاماژە بەوەكراوە كەئەگەر لەماوەی 90 رۆژدا وەڵامیان نەبوو، ئەوە داواكە بەپەسەندكراو دادەنرێت. وەزارەتی رۆشنبیری مەرجی بۆ كوالێتی ناوەڕۆكی بابەتە رۆژنامەوانییەكان داناوەو لەبەشێكیدا هاتووە «پابەندبوون بەپێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەردەچێت»، لەكاتێكدا ئەو فەرمانگەیە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەو هێشتا روون نییە كەی و چۆن ئەو پێوەرانە دەنووسێت. هەروەها لەبەشێكی تردا هاتووە: «دووركەوتنەوە لەو كارە میدیایانەی كە دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان»، بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی تیابێت. رێنماییەكان كۆت و بەندی زۆری بۆ كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان تێدایە، كە بووەتە هۆی ناڕەزایی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن. رۆژنامەنووس شوان محەمەد پێی وایە دەبێت ئەم یاسایە رابگیرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەرئەوەی سنوری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی پێشێل كردووەو ناوەڕۆكەكەی نەهێشتووەتەوە. ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یاسای ژمارە 35 میدیا داناخات بەڵكو سزاكەی داراییە، بەڵام ئەم رێنماییانە میدیا دادەخات و ئەگەر سەرپێچی بەردەوام بوو لیستی رەشی بۆ دەكاتەوەو داوا لەحكومەتیش دەكات مامەڵەی لەگەڵ نەكات». هەروەها باسی لەوەشكرد كە بەپێی یاسای ژمارە 35 مۆڵەت وەرگرتن نییە تەنها ئاگاداكردنەوەیە لەڕێگەی سەندیكاوە، بەڵام لەم رێنماییە نوێیەدا كۆمەڵێك شوێنی زیادكردووە وەك وەزارەتی ناوخۆ، جگە لەوەی لەكاتی پەخشدا كۆمەڵێك كەناڵی داناوە بۆ مۆنیتەرینگ كە یەكێك لەوانە فەرمانگەی میدیاو زانیارییە. نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: لایەندار نین تێیداو لەگەڵ ئەوەدان کاری میدیایی ڕێکبخرێتەوە «لەسەرەتادا رێنماییەكە وادەریدەخات تەنها بۆ كاری میدیاییە، بەڵام دواتر سۆشیال میدیاشی بۆ زیاد دەكات و دەشڵێت دواتر رێنمایی نوێ دەردەچێت لەفەرمانگەی میدیاو زانیارییەوە، ساڵی 2014 رێنماییەك هەبووە كەئەویش پێشێلكاری تیایە، بەڵام زیاتر تەكنیكییە، ئەمە 17 ماددەو بەهەموو پێوەرەكان دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری یاسای ژمارە 35 جێبەجێ بكات و ئەم بیدعەیەمان لەكۆڵ بكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت. شوان محەمەد وتیشی «وەزارەتی رۆشنبیری بووەتە شوێنی كادرەكانی حزب و بووەتە چەكوش بەسەر ئازادی میدیاو رۆژنامەوانییەوە، ناتوانن كۆت و بەند بۆ میدیای پارتی و یەكێتی دابنێن، چونكە ئەمە تەنها بۆ ئەو میدیایانەیە كە پاڵپشتی بەهێزیان نییە». سەرنووسەری دەزگای میدیایی «كەركوك ناو» باس لەوەدەكات لەگەڵ ئەو رێنماییە نوێیانەدا هەست بەئارامی ناكەن. شۆڕش خالید، سەرنووسەری دەزگای میدیایی كەركوك ناو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نائارامییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەكاتێكدا یاسای كاری رۆژنامەوانیمان هەیە كەدەتوانین بڵێین یاسایەكی تاڕادەیەك باشە، بەڵام هاتوون رێنمایی نوێتر دەردەكەن، ئەمە جێی گومانە». وتیشی:» لەڕابردودا دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم لەدەرەوەی كاركردن بەیاساكە هاتووە رۆژنامەنووسانی بەیاسای تر دادگایی كردووە، لەوانەش یاسای سزادانی عێراقی و تەنانەت یاسای توندتر، ئەی ئەگەر دادگاكان كار بەم رێنماییانە بكەن، حەتمەن ئەركەكە بۆ ئێمە زۆر قورستر دەبێت». «هەستدەكەین بیانەوێت زیاتر كۆت و بەندمان بكەن و بمانترسێنن، بەتایبەت بەشێك لەڕێنماییەكان زۆر لاستیكی و روونكردنەوەی تیا نییە، بۆ نموونە لەبابەتە قەدەغەكراوەكانی رێنماییەكانی وەزارەت داوا دەكات دووربكەوینەوە لەو كارە میدیایانەی «دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان، نازانین مەبەستیان لەمە چییە» شۆڕش خالید وادەڵێت. سەرنووسەری كەركوك ناو دەشڵێت :»هەر بابەتێك ناوزڕاندنی كەس و سیمبولی نیشتیمانی لێبكەوێتەوە، قەدەغەیە، وای لێتێدەگەم ئەگەر سبەی من بەبەڵگەوە سەلماندم كەگریمان سەرۆكی حكومەت یان هەر بەرپرسیكی باڵا گەندەڵی كردووە، دوایی دەمدەنە دادگا و دەڵێن تۆ ناوت زڕاندووین». شۆڕش خالید ئەوەی دووپاتكردەوە كە رۆژنامەنوسان بێدەنگ نەبوون و رۆژانە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان لەو پرسە ئاگاداردەكەنەوە، داواشدەكەن كۆدەنگی زیاتر دروستبێت بۆ راگرتنی، چونكە لەهەرێم دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە. سەنتەری میترۆو سەندیكای رۆژنامەنووسان كەوەك رێبەری داكۆكیكردن لەكاری رۆژنامەنووسی ناودەبرێن بۆچوونیان لەبارەی رێنماییەكانەوە جیاوازە. رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» رێنماییەكان گوزارشتە لەسیاسەتی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەئازادیی كاری رۆژنامەگەری و رادەربڕین، كە بەمەش ناوەڕۆكی یاسای رۆژنامەگەری بەتاڵ دەكاتەوە.» وتیشی:»لەیاسای رۆژنامەگەریدا (35ی ساڵی 2007)دا رۆژنامە قەدەغەناكرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت، بەڵام لەم رێنماییەدا، وەزارەت ماف بەخۆی دەدات هەر لەڕاگرتنی كاتییەوە و لەكاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، مافی درێژكردنەوەی راگرتنیش دەدات بەخۆی تادەگات بەلیستی رەش». ڕەحمان غەریب، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ: ڕێنماییەکان ناوەڕۆکی یاسای ڕۆژنامەگەری بەتاڵ دەکاتەوە لەبەرامبەردا ئازاد حەمەئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا ئێمە بەتەواوی دەقی رێنماییەكانمان نەخوێندووەتەوەو لەڕاستیشدا ئێمە تەرەف نین تێیدا، هەرچەندە پێشتر بۆ ئێمەیان ناردبوو، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەكی فراوان رای خۆمان بەفەرمی دەڵێین، بەڵام بەگشتی لەگەڵ ئەوەداین كاری میدیایی رێكبخرێتەوە». لای خۆیەوە، نامیق هەورامی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوای ئەوەی لەوەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوەو جێبەجێدەكرێت دواتر لەبارەیەوە قسە دەكەین، چونكە لەكاتی جێبەجێكردندا دەردەكەوێت باشە یان خراپ». وتیشی:»بۆیە ئێستا هیچ لێدوانێكمان نییە لەسەری و بەپێی یاساش دەبێت چاوەڕێ بكەین تادەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە».

شەنای فاتیح پشكی حاجیانی هەرێم وەك پشكی بودجە كەمكرایەوەو 13%ی سەرجەم حاجیانی عێراق پێكدەهێنن كە لەكۆی  ٣٧ هەزار حاجی تەنها چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیان بەر هەرێم كەوتووە. زیاتر لەدوو ملیۆن موسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج روویان لەوڵاتی سعودییە كردووە، لەو ژمارەیەش نزیكەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی كوردستانن، وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆ ساڵی ئایندە ناونووسین دەبێتە ئۆنلاین. نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمساڵ حاجیانی عێراق ٣٧ هەزار حاجین و لەو ژمارەیەش چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیانی هەرێمی كوردستانن. هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە ناونووسین بۆ حەج ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدراو ٨٦ هەزارو ٨٦٧ كەس ناویان نووسی و تیروپشكیان بۆ كرا، كەمەرجی سەرەكی بۆ ئەو كەسەی ناوی دەنووسی نەدەبوو تەمەنی لە ١٨ ساڵ كەمتربێت،    ساڵەكانی ٢٠١٧و ٢٠١٨و ٢٠١٩ نزیكەی ١٨ هەزار حاجی لەو ژمارەیە گەشتیان كردووە. وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوەشكرد كە ساڵی ٢٠٢٠و ٢٠٢١ بەهۆی كۆرۆناوە حەج بۆ هەموو جیهان راگیراو  ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە ئەو ناوانەی لەساڵی ٢٠١٧ تیروپشكیان بۆ كرابوو راكێشرایەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٥ساڵ زیاتر بوو سعودیە رێگای نەدا بچنە خاكی سعودیەوە، بەڵام ئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە. زیاتر لە دوو ملیۆن مسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوویان لە وڵاتی سعودیە کردووە، لە ژمارەیەش نزیکەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی کوردستانن سەبارەت بەشێوازی گەشتی حاجیانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە نەبەز ئیسماعیل هێمای بۆ ئەوەشكرد كەحاجیانی هەرێمی كوردستان بەدوو شێواز گەشت دەكەن، شێوازی یەكەمیان رێگای وشكانییە كەژمارەیان ٦٩٠ حاجییە،  شێوازی دووەمیان رێگای ئاسمانییەو لە 11 بۆ 18ی حوزەیران بەهەشت كاروان دەگەنە سعودیە. سەبارەت بەپشكی پارێزگاكان لەمساڵدا، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو كە حاجیانی هەولێر زیاتر لەهەزارو ٥٠٠ حاجی و سلێمانی نزیكەی هەزارو ٦٠٠ حاجی و دهۆك نزیكەی هەزار حاجی و هەڵەبجەش زیاتر لە ٨٠ حاجین. «ساڵی ئایندە بۆ ناونووسینی حەج میكانیزمێكی نوێ بەكاردێت و لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی ئۆنلاین لەڕێگای بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە دەبێت، تێچووی حەج گرانتر بووە ئەویش بەهۆكاری جیاواز، لەسعودیەش شوێنی حەوانەوەو رێكارەكان گرانتر بووەو داخوازی حەج لەسەرانسەری جیهان زۆربووە» نەبەز ئیسماعیل وای وت. بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ژمارەی حاجیان گۆڕانكاری ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە، تەنها ساڵی 2019 نەبێت كە دوو هەزار حاجی بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردووە. حاجیانی هەرێمی كوردستان تەمەنی جیاواز لەخۆدەگرن و بەشێوەیەكی گشتی تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵە، بەهۆی ئەوەی كەئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە، بەتەمەنترین حاجی هەرێمی كوردستان خانمێكی ناوچەی گەرمیانە، تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە، بچووكترین حاجیش گەنجێكی تەمەن ٢٢ساڵی شاری هەولێرە. محەمەد یەحیا گەنجێكی شاری هەولێرەو لە ١\٧\٢٠٠١ لەدایكبووەو دەرچووی بەشی شەریعەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینە، نازناوی بچووكترین حاجی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵی ٢٠١٧ ناوەكان نووسران و من ئەوكات تەمەنم ١٦ ساڵ بوو،  نەمدەتوانی ناو بنووسم تەنها ناوی خانەوادەكەم هاتەوە. هەروەها وتیشی:» ئەم حەجەی من بەشی باوكمەو ئەو پێشتر حەجی كردبوو، بۆیە  تەنازولی بۆ من كرد كەگەشتەكە ئەنجامبدەم، بەڕاستی هەستێكی تایبەت و خۆشەو وەسف ناكرێت كەبەم تەمەنەوە ئەم فەریزەیە ئەنجامبدەم». فەریزەی حەج یەكێكە لەڕوكنەكانی ئیسلام، یەكجار لەژیاندا لەسەر هەر موسوڵمانێك ئەركە، بەچەند مەرجێك ئەوانیش: پێگەیشتن، واتە لەسەر منداڵ ئەرك نییە- ئاقڵ- ئازادبێت- توانای جەستەیی و ماددی هەبێت، هەرچەند بەشێك لەموسوڵمانان چەندجارێك لەژیانیاندا حەج ئەمجامدەدەن بەڵام تەنها یەكجار ئەركە.

هاوڵاتی بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت لەبەرامبەر ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو 50% داهاتە فیدڕاڵییەكان كە مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات. بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت و كەبڕیارە دوای گەڕانەوەی دكتۆر لەتیف رەشید لەئیتاڵیا لەگەڵ راوێژكارە ئابورییەكانی كۆببێتەوەو لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پەسەندی بكات،  دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت. لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە. هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە. هەرێم پابەند كراوە پارەی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە كە سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینارە، كە لەماوەی حەوت ساڵدا بیداتەوە كە بە 84 مانگ دەدرێتەوەو مانگانە دەكاتە 46 ملیارو 428 ملیۆن دینار. لەماددەی 13ی یاسای بودجەی عێراق، هەرێم پابەندكراوە كە 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان بدات كە بە 780 ملیار دینار بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە كە مانگانە 65 ملیار دینار دەكات بیداتە بەغداد. واتا هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا دەبێت بڕی ترلیۆنێك و 337 ملیار دینار پارەی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە. واتا هاوكێشەكە دوای دەركردنی قەرزی بانی بازرگانی عێراق و داهاتە فیدراڵییەكان لەساڵێكدا دەكات  هەرێم لە ساڵێكدا 16 ترلیۆن و 973 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كەمانگانە ترلیۆنێك و 414 ملیار دینار دەكات. هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچەو 75 ملیار دینار بۆ وەزارەتەكانی خەرج دەكات كە 987 ملیار دەكات، واتا مانگانە دوای دەركردنی مووچە 427 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە. هەرێمی كوردستان مانگانە لەنێوان 200 بۆ 250 داهاتی نانەوتی هەیە، ئەگەر تەنها 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ئاماژە پێبكەین، ئەوا هەرێمی كوردستان مانگانە بەزیادەی پارەكەی بەغداد دوای دەركردنی مووچە، مانگانە بەكۆی گشتی هەرێمی كوردستان مانگانە 577 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، رێكخستنەوەی دارایی هەرێم كە لەنێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیدا رێككەوتن كراوە ئاماژە بەوە كراوە كە 50%ی ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بدرێتەوە بە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزارن. هەروەها 50%كەی دیكەی كەمانگانە دەكاتە 268 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت بەڕەچاوكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كەنزیكەی 226 ملیار دینارە لەپشكی بودجەی هەرێم. لەماددەی 13ی یاسای بودجە ئەوە جێگیركراوە كە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بە مەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت و  ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ناوخۆ بەمەبەستی پاڵاوتن بۆ سوتەمەنی ( بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی) بەكاریدەهێنێت. هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق كە بەغدا بۆ هەر بەرمیلێك چوار تا شەش دۆلار دەدات، بەڵام هەرێمی كوردستان لەسەدا 51ی داهاتی نەوتی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان رۆشتووە، بۆیە بەشێك لەو پارەیە بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت دەڕوات. یاسای بودجەی عێراق كە 198 ترلیۆن و 900 ملیار دینارەو 64 ترلیۆن و 357 ملیار دینار كورتهێنانی هەیەو پشكی هەرێم دوای خەرجی سیادی و حاكیمە بە 12.67% پەسەند كراوە. لەبودجەی عێراق نرخی نەوت بە 70 دۆلار دانراوەو عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل و هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل بەرهەمیان دەبێت، هەروەها یەك دۆلار بە هەزارو 300 دینار دانراوە. لە پاکتاوی حساباتی شەش مانگی ئەمساڵدا پێویستە بەغداد ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دیناری دیکە بداتە هەرێمی کوردستان دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: »پارەی كاش كە بگاتە دەست حكومەتی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەبێت». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی حاكیمە بەشێوەی كاش نییەو لەرێگەی بایەعی و دەرمان و شتی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، وتیشی:» هەردوولا پابەندی یاسای بودجەی عێراق بن، هەرێمی كوردستان دۆخی دارایی زۆر باش دەبێت». ئەندامێكی دیکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپشكی هەرێمی كورردستان ساڵانە 12 ملیارو 615 ملیۆن دۆلاری پێدەگات كەمانگانە یەك ملیارو 51 ملیۆن دۆلارە. جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێك دەنێردرێتە هەرێم 16 ترلیۆن و زیاترلە 400 ملیار دینارەو مانگانە نزیكەی یەك ترلیۆن و 367 ملیار دینار دەكات». هەروەها وتیشی:»ئەگەر رێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت هەم بەشی مووچەی فەرمانبەران و هەم پرۆژەكانیش دەكات، دەتوانین بڵێین ئەوكات دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014و هیچ كێشەیەكی مووچەو پرۆژە لەهەرێمی كوردستان نامێنێت». جەمال کۆچەر: لانی کەم ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێک دەنێردرێتە هەرێم زیاتر لە ١٦ ترلیۆن دینارە دوای ئەوەی یاسای بودجە لەڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بەجێبەجێكردنی دەكات كە چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی تەمموز بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە 25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس كە بەغداد زیاتر لە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلاری شایستەی قەرەبووكردنەوەیە كەتوركیا بیدات. بە پێی یاسای بودجە پێویستە عێراق و هەرێمی كوردستان لە 1/1/2023 تا یەكی تەمموز پاكتاوی حسابات بكەن كەهەرێم تا 25ی ئازار نەوتی هەناردە كردووە، دوای ئەو بەروارە  هەناردەكردنی راگیراوە. هەرێمی كوردستان لەشەش مانگی رابردوودا بەبەهای پێنج ترلیۆن دینار داهاتی نەوت و نانەوتی هەبووەو بڕی ترلیۆنێك و 600 ملیار دیناریشی بەقەرز بۆ هاتووە. لەبەرامبەردا پشكی هەرێم بەلایەنی كەمەوە كە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی بۆ هاوڵاتی خستووەتەڕوو، كە پشكی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 367 ملیار دینارە، كەواتە بۆ شەش مانگ هەشت ترلیۆن و200 ملیار دەكات، واتا دەبێت بەغداد زیاتر لەترلیۆنێك و 600 ملیار دیناری دیكە  بداتە هەرێمی كوردستان.     ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق تایبەت بەشایستەو پابەنـــــدییەكانی هەرێمی كوردستان ماددەی 12 -پشكی هەرێم 12.67%   مادەی 13 -ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار بۆ هەرێم دیاریكراوە -نۆ ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە -ساڵانە دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێم تەرخانكراوە -بڕی 276 ملیارو 550 ملیۆن دیناریش وەك پشكی هەرێم لەخەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاكان جێگیركراوە -داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ساڵێك بە ترلیۆنێك و 560 ملیار دینار خەمڵێندراوە -لەو بڕە 780 ملیار دینار لەداهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ هەرێم دەمێنێتەوە -بڕی  228 ملیارو 304 ملیۆن دینار لەبودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ موچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە   مادەی 14 -شایستە داراییەكانی نێوان عێراق و هەرێم لە 2004 تا 2022 یەكلایی دەكرێنەوە -وردبینیكردن لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی عێراق و هەرێم - حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ  بەمەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت - ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك وەزارەتی نەوتی عێراق لەناوخۆ بەكاریدەهێنێت - عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق -حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی كە بەمەستی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكانە - قەرزەكانی بانكی عێراقی بازرگانی و بانكە ئەهلییەكان مانگانە بەقیست لەپشكی هەرێم دەبڕدرێت - پێدانەوەی ئەو قەرزانە لە 2023ەوە دەستپێدەكات و لەماوەی حەوت ساڵدا دەدرێنەوە.  

هاوڵاتی سەرئەنجام دوای ساڵێك دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان قسەیكردو رایگەیاند پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆكراو تەندروستی باش بوو هەموو شتێك لەبارەی ژەهرخواركردنەكەی ئاشكرادەكات، بەناڕاستەوخۆش پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی لایەنێكی سیاسی كردووە. د.كازم فاروق پێش ماوەیەك لەنەخۆشكەوتنی دەستی لەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كشاندەوە، جوڵانەوەكەش چەند جارێك بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ تۆمەتباریان كرد بەوەی دەوام ناكات و مووچەش وەردەگرێت، ئەمەش پەردەی لەسەر ناكۆكیی نێوان جوڵانەوەكەو د.كازم هەڵدایەوە. دوای نزیكەی ساڵێك لەدیارنەمانی، دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رۆژی 12-6-2023 لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا بەجەستەیەكی لاوازو لەنەخۆشخانە دەركەوت و چەند راستییەكی ئاشكراكرد. لەوتەكانیدا د.كازم فاروق وتی:»دوای ئەوەی ماوەیەكە لەخزمەت ئێوەی خۆشەویست دابڕاوم ئێستا پێمخۆشە لەخزمەتانابم، لەدوای زیاتر لەساڵێك لەچارەسەر وەرگرتن پزیشكەكان لەئوردن پێیان راگەیاندم كەمەترسی لەسەر ژیانم نەماوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئیزنم دەدەن». هەروەها وتیشی: «ئەوەی دەمێنێتەوە نەشتەرگەرییەكی وردە كە تائێستا بڕیارم نەداوە لەچ نەخۆشخانەیەك و لەچی وڵاتێك بیكەم، هەندێك شتم بیستەوە، بیرم لەوە دەكردەوە ئەوانەی كەكاتی خۆی تیرۆركران و بوونە قوربانی، بەشێكیان لەدوای خۆیان هەندێك درۆو سینارۆشیان بۆ بڵاوكردنەوە, بیرم لەوە دەكردەوە كە چ نهێنی و حەقیقەتێكیان لەگەڵ خۆیاندا بردە ژێرخاك». « دیارە خوای گەورە ئەمجارە نەیهێشت ئەو دەستە رەشەی خۆی وەك فریادڕەسی خەڵك ناساندووە نهێنییەكەی بچێتە ژێر خاكەوە، ئەگەر خوای گەورە دەرفەت بدات پاش نەشتەرگەرییەكەم هەموو بەڵگەو نهێنییەكان بۆ خەڵكی كوردستان و رای گشتی بڵاودەكەمەوە لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی دیكە كە بەڕاستی گرنگە خەڵكی كوردستان و رای گشتی بیزانن». دكتۆر كازم فاروق وا دەڵێت. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:» دوای ئەم قسانەو ئەم ڤیدیۆیەی من هەر كەسێك هەر لایەنێك هەر تەلەڤزیۆن و میدیایەك بەم قسەو نەخۆشیانەی من قەڵس بوو ئەوە بیناسنەوە خۆیەتی، با بمێنێت بۆ پاش نەشتەرگەرییەكەم». هەر لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا دایكی د.كازم فاروق وتی:» زۆر شكور بۆ خوای گەورە كە دكتۆر ئێستا تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوات، بەڕاستی ئەم دەستە رەشە كەویستی ئەم ناهەقییە بەرامبەر د.كازم بكات، بەڵام نەیپێكا، خوانەخواستە بیپێكایەو ببوایە بەزەرەری رۆحی ئێمەش وەك خانەوادەی د.كازم بۆمان قبوڵ نەدەكرا». قسەکانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەن بۆ تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی لایەنێکی سیاسی بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، دكتۆر كازم فاروق خوێنی جەستەی بە تەواوی بۆ گۆڕدراوەو نەشتەرگەری جگەریشی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام نازانرێت ئەو نەشتەرگەرییەی كە بڕیارە ئەنجامی بدات چییە. هەروەها لەماوەی ئەو ساڵەدا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بووەو بەردەوام براكەی و هاوسەرەكەی لەلای بووە. هاوڵاتی پەیوەندی بەكەسوكاری دكتۆر كازم فاروقەوە كرد، بەڵام ئەوەیان دووپاتكردەوە كە هەموو بەڵگەكان بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو. 30  ئۆكتۆبەری 2022 دایكی د.كازم فاروق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كەكوڕەكەی ژەهرخوارد كراوە، وتیشی:»لەمانگی یەكی 2022 سەرەتای نەخۆشیەكەی دەركەوت و پاشان لەمانگی دوو بەتەواوی بێتاقەت بوو جاروباریش تووشی خوێنبەربوون بوو، لەپڕ بەهیلاك چوو كە گەیاندمانە نەخۆشخانە پزیشكەكان وتیان چی دراوتێ و بۆچی وای لێهاتووە». بەوتەی دایكی د.كازم فاروق، پزیشكەكان وتوویانە دەبێت راپۆرتی پزیشكی بهێنن ئینجا چارەسەری بۆ دەكەن، دواتر كە راپۆرتیان برد دووجار پشكنینیان بۆكرد نەیاندەزانی چی لێبكەن، لەبەرئەوە وتیان» واباشە چاوەڕێی پزیشكێك بكەن لەدەرەوەی وڵاتە ئەویش هاتەوەو پشكنینی بۆ كرد لەنەخۆشخانەی شۆرش وتیان پشكنینەكەی پاك نییە». «بیرمان لەوەكردەوە بیبەین بۆ دەرەوەی وڵات و لەوێ پشكنینیان بۆكرد و وتیان ژەهرخوارد كراوەو دواتر رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو، هەر رۆژەو شوێنێكی بەرەو خراپ بوون چوو دواتر لەقسەكردن كەوت، كاتێك پرسیارمان لەهاوڕێكانی كرد لەنەوەی نوێ ئەوان شڵەژان و وتیان ساڵ و نیوێكە لەگەڵ ئێمە نەماوە جگە لەوەش رۆژ بەڕۆژ شتی خراپیان لەسەر بڵاودەكردەوە». هاوكات، عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی:» شەوێكیان كاتژمێر ١١ بوو ژمارەیەكی بەریتانیا بە واتس ئەپ تەلەفونی كرد، وتی من د.زوهێرم برای د.كازم فاروق، بەناوی خانەوادەكەمان  پەیوەندیت پێوە دەكەین، دەزانین تۆ دۆستایەتیەكی نزیكت لەگەڵ د.كازم نەبووە، بەزۆر كەسمان لەهاوڕێكانی وتووە ئامادەنین  لەسەری هیچ بڵێن، كازم لەدۆخێكی خرپدایە… دكتۆر ٧٢ كاتژمێری بۆ داناوە ئەگەر لەم ٧٢ كاتژمێرەدا نەمرێت… ئەگەری ژیانی بەهێزە». عەلی حەمەساڵح هەروەها نووسیویەتی:» وردەكاری دۆسیەكەیان پێیوتم، لەوە نیگەران بوون وتبوویان كوڕەكەیان رۆشتووەتە ئەوروپاو موچەش وەردەگرێت، قەناعەتیان پێهێنام بۆ نەخۆشیەكەی،  دواتر لەگەڵ دایكی و براكانی د.كازم لەسلێمانی دانیشتین (جارێك بەتەنیاو جارێك  لەگەڵ كاك سۆران عومەر) زۆر بەڵگەو نووسراویان پیشانداین». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، تائێستا ئەوە پشتڕاستبووەتەوە كە د.كازم فارووق ژەهرخوارد كراوەو كەسوكارەكەشی گومانیان هەیەو بەڵگەشیان لەبەردەستدایە.

هاوڵاتی سەرۆك كۆماری توركیا بەفەرمی ناوی هاكان فیدانی بۆ وەزارەتی دەرەوە راگەیاند، كەئەو پیاوەی هەمیشە لەپشت پەردەوە كاری دەكرد، هاتووەتە بەرچاو، كەچەندین ئەركی پێ سپێردراوەو بەپیاوە (شەبەح) سێبەرەكەی ئەردۆغان ناسرابوو كەناوی «رێوی هەواڵگریشی» لێنرابوو. هاكان فیدان كە لەساڵی ٢٠١٠ەوە وەك سەرۆكی هەواڵگری توركیا كاردەكات، لەكابینەی نوێی حكومەتی توركیا كەدوای هەڵبژاردنەكانی ٢٨ی ئایار پێكهێنرا، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاوە وەك وەزیری كاروباری دەرەوە دەستنیشانكرا كەبووە ٤٦هەمین و وەزیری دەرەوەی توركیا. هاكان فیدان، لەساڵی ١٩٦٨ لەشاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەدایكبووە، بنەماڵەكەی لەشاری وان ژیان و بەرەچەڵەك كوردن، دواتر چوونەتە ئەنقەرە، ئێستاش برازایەكی لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دایە. هاكان فیدان چەندین جار بەنوێنەرایەتی ئەردۆغان گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا كردووە. فیدان تەمەن 54 ساڵ، یەكێك بووە لەو كەسانەی متمانەپێكراوی سەرۆك كۆماری توركیا، لەدوای ئەوەی ئەردۆغان لەساڵی 2003 بووەتە سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەردەوام لەپۆستە جیاوازەكاندا خزمەتی كردووە، پێش ئەوەی فیدان لەپۆستی سەرۆكی هەواڵگری دەستبەكاربێت، پێشتر بابەتێكی سەرنجڕاكێش بوو لەكاتێكدا وەكو… نێردەی تایبەتی ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتە لەپرۆسەی ئاشتی كەئێستا لەكاركەوتووە لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و حكومەتی توركیا. كاری فیدان لەئەفسەری ناڕازییەوە تا ئەكادیمی، لەپۆستە بیرۆكراتییەكانەوە تا بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی میت و ئێستاش بۆ وەزارەتی دەرەوە. لەساڵی ٢٠٠٠ وەك ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سندوقی خانەنشینی هێزە چەكدارەكان (ئۆیاك) هەڵبژێردرا. دوای تەواوكردنی ١٥ ساڵ خزمەتە ئیجبارییەكەی، دەستی لەسوپا كێشایەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ توركیا لەساڵی ١٩٩٩ بڕوانامەی ماستەر لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لەساڵی ٢٠٠٦ لەزانكۆی بیلكەنت خوێندنی دكتۆرای تەواو كردووە. هاكان بڕوانامەی بەڕێوەبردن و زانستە سیاسییەكانی لەزانكۆی میریلاند جیهانی كەمپی بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لەزانكۆی بیلكەنت بەدەستهێناوە. لەساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ وەك راوێژكاری باڵای سیاسی و ئابووری لەباڵیۆزخانەی ئوسترالیا لەئەنقەرە كاری كردووە. لەساڵی 2003 تا 2007 سەرۆكی دەزگای هاریكاری و هەماهەنگی توركیا  لەسەردەمی سەرۆكوەزیرانی توركیا بووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گول وەزیری دەرەوەی ئەوكات و ئەحمەد داودئۆغڵو كەڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك وەزیران بوو، هاوكارییەكی نزیكی هەبوو. لە 14ی تشرینی دووەمی 2007 وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری سەرۆك وەزیرانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستنیشانكرا. لە ١٥ی نیسانی ٢٠٠٩ فیدان وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری میت دەستنیشانكرا. دوای خانەنشینبوونی ئیمری تانەر جێگری سكرتێر، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٠ بۆ ئەم پۆستە دامەزرا، بەم شێوەیە لەتەمەنی ٤٢ ساڵیدا هاكان فیدان بووە گەنجترین كەس كەوەك بەڕێوەبەری میت دامەزرا. هەروەها فیدان دووەم كەسایەتی «مەدەنی» بوو كە لەدەرەوە هێنرایە سەرپەرشتیكردنی دامەزراوەكە، شانبەشانی سۆنمێز كۆكسال كە لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ وەك بەڕێوەبەری میت كاری كردووە. فیدان لەماوەی كاركردنی وەك بەڕێوەبەری میت ڕۆڵێكی چارەنووسساز لە ڕووداو و ئۆپەراسیۆنە گرنگە جیاوازەكاندا بینیوە. یەكێك لە ڕووداوە دیارەكان «پرۆسەی چارەسەركردن» بوو كە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێكرد، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی لە مێژینەی كورد لە توركیا. هاكان فیدان لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ خۆی لەناو مشتومڕێكی بێوێنەدا بینیەوە، هەندێكجار وەك كەسایەتی یەكلاكەرەوە لەشكاندن و ئاشكراكردنی كودەتاكەدا، هەندێكجاریش وەك دواكەوتوویەك بۆ ئاگادارنەكردنەوەی سەرۆك هەر كەئاگاداری بوو پلانەكە لەنیوەڕۆداو لەهەمووی گرنگتر بۆ ئەوەی پێشتر بوونی پلانێكی وەها گەورە نەدۆزیەوە، ئایا ئەوەی لەپانزەی تەمموزدا روویدا، نیشانەی دڵسۆزی ئەو بوو بۆ ئەردۆغان، یان سەربەخۆیی لەپلاندانان و كاركردن بەتەنیا لەگەڵ سەركردایەتی سوپادا. ناوی فیدان دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 سەریهەڵدا، كاتێك وەك دیارترین رۆڵی هەبوو لەڕزگاركردنی ئەنقەرە لەخنكان لەگێژەڵوكەی كودەتای پێنجەمی سەربازیدا، ئەردۆغان بە «نهێنیپارێز» وەسفی كرد، توركەكانیش ناوی لێنا «رێوی هەواڵگری». لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا گۆڕانكارییەكی لەهاوكاری ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكاوە بەرەو هاوكاری لەگەڵ ئێران دیارترینیان قاسم سولەیمانی، سەرۆكی فەیلەقی قودس بوو، لەمیانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەشوباتی 2017، لیستێكی 300 كەسی كەگوایە لایەنگری بزووتنەوەی گولەن بوون، گەیاندە برۆنۆ كاهل، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیا. دوای 13 ساڵ بەسەربردن لەسەركردایەتیكردنی دەزگای هەواڵگری توركیا، هاكان فیدان رووی لەسەركردایەتی دیپلۆماسی وڵاتەكەی كرد، دوای ئەوەی لەحكومەتی نوێ كە لەپێنج ساڵی داهاتوودا وڵات بەڕێوەدەبات، بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشانكرا. فیدان سەركردایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی نزیكبوونەوەی توركیای لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كرد لەم ماوەیەی دواییدا، هەروەها بەرپرسی ئەو پڕۆسەی دانوستانە بوو كە لەگەڵ سوریا ئەنجام دەدرا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق، بەپاڵپشتی روسیا و ئێران. نەوزاد سەواش شرۆڤەكاری سیاسی توركیا، رایدەگەیەنێت، فیدان ژمارەیەك فایلی دیپلۆماسی پەستاندار لەبەردەمیدا دەبینێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەمان ئەو كەسە بێت كە پێشتر مامەڵەی لەگەڵ بەشێكیان دەكرد، بەڵام ئەمجارە خۆی پیاوێكی چرا دەبینێتەوە، نەك سێبەر، رۆڵێك كە لەماوەی دەیەی رابردوودا خووی پێگرتووە. دەشڵێت:» فیدان تەواوكردنی پرۆسەی هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوچەی توركیا لەئەستۆ دەگرێت و لەلوتكەشدا تەواوكردنی پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ سوریا دەبێت، كەئەویش بەشێك بوو لەو پرۆسەیە، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر كەئێستا لەسەر رێگای راستدایە دوای راگەیاندنی بەرزكردنەوەی نوێنەرایەتی». هاكان فیدان گفتوگۆ لەسەر فایلەكانی یۆنان و قوبرس و ئەرمینیا دەكات، كەسەرۆك وەزیرانی یۆنان بەشداری لەمەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەردۆغان كرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پێشكەوتن لەم فایلە سەختەی دەیان ساڵ لەمەوبەر، هەروەها رۆڵی هەبووە لەناردنی هاوكارییەكان» و گروپەكانی رزگاركردن لەكاتی بوومەلەرزەكەی ئەم دواییەدا”.

هاوڵاتی  ماوەی مانگێكە كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو چەك و كەرەستەی سەبازیی قورس رەوانەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و هەندێك سەرچاوەش باس لەجێگیركردنی سەكۆی موشەكیی لەو بەشەی كوردستان دەكەن كەئامانجی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتە لەهەرێم. لەگەڵ گواستنەوەی چەكی قورس و هێزی چەكداریی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان سوپای پاسداران پەیامێكی بڵاكردەوەو لەپایەمەكەدا هاتووە وەك بەڵێنیان داوە نەیارانی كۆماری ئیسلامی لەهەر شوێنێك بن دەكرێنە ئامانج كەئەوەش كاردانەوەی چالاكوانی سیاسیی و مەدەنی كوردی لێكەوتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە سوپای پاسداران زۆرترین چەكی قورسی بۆ زۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵاتی كوردستان گواستووەتەوە كە سنووری نزیكیان لەگەڵ خاكی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ نموونە بانە، پیرانشار، سەردەشت، جوانڕۆ، پاوەو چەند ناوچەیەكی دیكەی هاوسنور. میدیای زمانحاڵی سوپای پاسداران لەزاری بەرپرسێكی ئاسایشی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئێران بەڵێنی داوە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم. سێ سەرچاوە لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زانیارییەكانیان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست كردووەتەوەو ناوەندی هاوكاریی ئەو پارتانە رایگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی دەیەوێت بەپەلاماردان و چاوسوركردنەوە، ترس بڵاوبكاتەوەو هاوكات فشار لەهەرێم و عێراق دەكات بۆ ئەوەی ئامانجەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتە كوردییەكان بەدیبهێنێت. پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لەدانیشتوانی هەرێم و رۆژهەڵات كردووە وەك هەمیشە پشتیوانیی لەتێكۆشەرانی خۆیان بكەن و رێگەنەدەن سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی ئامانجی لەو لەشكركێشی و جێگیركردنی چەكی قورس بەدیبهێنێت. ئێران كە لەئێستادا گیرۆدەی گرژییەكانی سنوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیەتی لەگەڵ تاڵیبان، هاوكات لەشێوەی جاردانی شەڕ چەكی قورس بەنهێنی و ئاشكرا بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازێتەوە و جموجۆڵە نائاساییەكانی سوپای پاسداران لەسنورەكانی هەرێم زیادیكردووە.   ناڕەزایەتییەكان لەناوخۆی رۆژهەڵاتە و گەڕ بەهەرێم دەكرێت ئەوەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت چالاكی مەدەنی و ناڕەزایەتیی پەنگوخواردووی خەڵكە دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی لانیكەم 140 كەس لەناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان كوژراون و دانیشتوان و چالاكوانانیش بەڕێوڕەسمی جەماوەریی و سەردانی گڵكۆكانیان رۆژانە یادی شەهیدەكانیان دەكەنەوەو ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراون لەئێستادا نەماوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆرتربوون و لەبەرامبەریشدا سەركوت و دەستگیركردنی چالاكوانان لەلایەن دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی زیادیكردووە. وەك دەوترێت خوێنی شەهیدانی رۆژهەڵات سارد نەبووەتەوەو تەنانەت بەهەموو شێوازێك بێڕێزیی بەگڵكۆكانی كوژراوانی رۆژهەڵات دەكرێت و زۆرجار كێل و بەردی سەر ئەو گڵكۆیانە دەشكێنرێت، بەڵام خەڵك و چالاكوانان بەبەردەوامیی و لەبۆنە جیاوازەكاندا یادی گیانبەختكردوانی ناڕەزایەتییەكان دەكەنەوەو سەردانی گڵكۆكانیان دەكەن كەهەر ئەوەش ئاماژەی بۆ دەنگێكی ناڕازیی كە لەئان و ساتدایە بۆ خۆپیشاندان و كاردانەوە بەرامبەر دەسەڵات لە رۆژهەڵات و ئێران. چالاكوانانی سیاسیی رۆژهەڵات رایانگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە بەتەواوەتی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بكات  و ئەو ئامانجەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی گەنجان و لاوانی كورد بۆ بەدی نەهاتوە بۆیە بیر لەوەدەكاتەوە ئامانجەكەی بەبانگەشەی بەرەنگاروبونەوە نەیارانی لەدەرەوەی سنورەكان و دژی پارتە نەیارەكانی بەدیبهێنێت. لەماوەی ساڵانی رابردوودا پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵات بەشێوازی جیاواز چالاكییان لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان هەبووەو بەپێی ئەو وێنانەشی كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە  بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست بووەتەوە ئەمساڵیش چەند تیمێك لەو پێشمەرگانە بەبێ ئامانجی پێكدادان لەناوخۆی رۆژهەڵات بەدیكراون و لەلایەن جەماوەرو خەڵكی ناوچەكانیشەوە بەگەرمیی پێشوازییان لێكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتانە رایانگەیاندوە هیچ كاتێك ئامانجی ئەو پێشمەرگانە پێكدادنی سەربازیی نەبووەو تەنها لەشێوەی چالاكیی سیاسیدا هەنگاویان ناوەو رێكخستنی ئەو هێزانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتە. بەرپرسانی سەرجەم پارتەكانی رۆژهەڵات جەختیان لەوە كردووەتەوە خوازیاری ئەوە نین ببنە بیانوی هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەر كاتێك رووبەڕووی شكست لەناوخۆی وڵاتەكە دەبێتەوە پەنا بۆ هێرشی سەربازیی دەبات و دوور نییە جموجۆڵەكانی ئەم ماوەیەشی هەر لەو چوارچێوەیەدا بێت. سەرچاوەیەك لەناوەندنی هاوكاری پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ كە لەیەك مانگی رابردوودا زۆرترین چەكی قورس و تۆپ و تانك بەئاشكرا لەشارەكانی ئێرانەوە بەرەو پارێزگاكانی كرماشان و سنەو ورمێ گوازراونەتەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەشی دەست ئەوان كەوتووە سەكۆیەكی موشەكی لەشاری بانەو سەكۆیەكی موشەكی لەنزیك شاری جوانڕۆ جێگیر كراوەو بەنهێنی و لەڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە هێزو كەرەستەی سەربازیی دیكە بۆ ئەو سەكۆ موشەكییانە گوازراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە تۆپ و تانك بۆ زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵات وەك بۆكان و سنەو پاوەو پیرانشارو شاری شنۆ گوازراوەتەوەو بەگشتی دۆخی سێ پارێزگای ورمێ و سنەو كرماشان نائاساییەو جموجۆڵی سوپای پاسداران بەتەواوەتیی بەدیدەكرێت. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستوە ناوی بڵاوبكرێتەوە؛ سوپای پاسداران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەجۆری خۆكوژی لەزۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵات كە سنوریان بەهەرێمی كوردستانەوە نزیكە جێگیر كردووەو پێدەچێت مەبەستی بێت هاوشێوەی رابردوو هێرشی دیكە بكاتەسەر بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان. لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون. بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی، ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هێچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە.   سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوە دەكات كەئەگەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی ئەمنیی نێوانیان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵات نەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا خۆیان ئەو هەنگاوە دەنێن و ئەو پارتانە لەهەر شوێنێك بن هێرش دەكەنەسەریان و ئەندامان و پێشمەرگەكانیشیان دەكرێنە ئامانج. لەهەفتەی رابردوودا ئەژمارەكانی سەر بەسوپای پاسداران لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تویتەرو تێلیگرام هۆشداریی ئەوەیان داوە كەبەمزووانە هێرش دەكرێتەسەر پارتەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی و تەنانەت لەشكركێشیی سەربازیی بۆ سەر هەرێم ئەنجامدەدرێت كەئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو بەوتەی چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆماری ئیسلامی لەلاوازیدا بەو شێوەیە لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشە دەكات. عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لەگەڵ دەستبەكاربوونی رایگەیاند:» دەبێت عێراق بەزووترین كات دەبێت ئاسایشی سنورەكانی دابین بكات و پابەندنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد بێت. ئەحمەدیان كەیەكێكە لەفەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران لەكۆبوونەوەی كۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق كە بەسەردانێكی فەرمی لەتاران بوو، جەختی لەوە كردبوەوە كەدەبێت بەغداد بەشێوەیەكی خێرا رێككەوتنە ئاسایشییەكەی نێوانیان جێبەجێ بكات. بەپێی چەند خاڵێك لەڕێككەوتنە دەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان دووربخرێنەوەو بارەگاكانیان لەژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بێت و سەرجەم پێشمەرگەو هێزە سەربازییەكانیان چەك بكرێن و كۆماری ئیسلامی لەدوای ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات پێداگریی لەو خاڵانەی نێو رێككەوتنی عێراق و ئێرانی كردووە. مانگی ئازاری ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا واژۆكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تارانیان راگەیاندو دواتر دەركەوت بەشێكی سەرەكیی خاڵەكانی نێو رێككەوتنەكە بۆ چەككردن و دورخستنەوە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بووە. كۆماری ئیسلامی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا داوای دوورخستنەوەو چەككردنی ئەو پارتانەی كردبوو تەنانەت پێشنیاركرابوو كەكامپی تایبەت بەئاوارەكانیان لەموسڵ بۆ بكرێتەوە، بەڵام ئەو پارتانە رەتیان كردووەتەوە پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی بن. پێشتر محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی و یەكێك لەفەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو كەدوای موشەكبارانی بنكەو بارەگاكانی پارتە نەیارەكان لەهەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە بەچەككردن و دوورخستنەوەیان لەخاكی ئەو وڵاتە. باقری چەندجارێك پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بەتیرۆریست ناوهێناوەو وتوویەتی: «كۆماری ئیسلامی قبوڵی ناكات سێ هەزار تیرۆریست لەهەرێمی كوردستان جێگیربن» هاوكات هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كەئەگەر بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئەو پارتانەی رۆژهەڵات دوورنەخەنەوە ئەوا هێرشەكانی سوپای پاسداران دەستپێدەكاتەوە خۆیان دووریان دەخەنەوە. باقری گلەیی لەهەرێمی كوردستان كردووەو وتوویەتی» ناكرێت كەكۆماری ئیسلامی خزمەتی ئەوانی كردووە ئەوان لەبەرامبەردا رێگەبدەن پارتە نەیارەكان بنكەو بارەگایان لەسنوری هەرێمدا هەبێت».   ئێران لەزەوی و توركیا لەئاسمانەوە جموجۆڵەكانیان زیاد دەكەن لەگەڵ جموجۆڵەكانی سوپای پاسداران لەشێوەی لەشكركێشیی بۆ رۆژهەڵات و هەرێم، جوڵەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەسنورەكانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان زۆر بووەو سەرچاوەیەك لەپارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند لەماوەی رابردوودا بەهەر هێرشێكی موشەكی و تۆپخانەكانی سوپای پاسداران لەسەر هەرێم، توركیا هێرشەكانی دژی گەریلای یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) زیاتر دەبێت. ئەو سەرچاوەیە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ جموجۆڵی سوپای پاسداران ئاشكرایەو لەناوچەكانی شاهۆ لەنزیك شاری كامیاران لەڕۆژهەڵات چەند شوێنێكی تۆپباران كردووە، بەڵام پژاك هەمیشە هەوڵی خۆپاراستن و یەكڕیزیی كورد دەدات بەرامبەر ئەو پیلان و هێرشانەی كەكۆماری ئیسلامی دژی كوردو پارتەكانی ئەنجامی دەدات. پژاك دەڵێت؛ كۆماری ئیسلامی ئەزموونی شكستی گەورەی هەیە لەسەر دەستی گەریلاكان لەقەندیل و ئەگەر بێت و نیازی هێرشی بەرفراوانی هەبێت ئەوا ئەزموونی ئەو شكستە دووبارە دەكاتەوە، بۆیە گەریلا شارەزایی جەنگی هەیە لەگەڵ ئەو دوژمنەو دەزانێت چۆن بەرەنگاری ببێتەوە.   پارتەكانی رۆژهەڵات هۆشداریی دەدەن ناوەندی هاوكاریی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییان داوە كەكۆماری ئیسلامی بەگواستنەوەی چەك بۆ ئەو بەشە لەكوردستان و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش دژی هەرێم و ئەو پارتانە بەبڕوای ئەوان شۆڕشی ژینا كۆماری ئیسلامی بەچۆكدا هێناوەو دەیەوێت بەكۆمەڵكوژكردنی كوردانی رۆژهەڵات لەهەرێم قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە. پارتەكانی رۆژهەڵات لەو بەیاننامەیەدا داوایان لەڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ناوچەییەكان و زلهێزەكانی ناوچەكە كردووە كە لەئاست جموجۆڵ و ئەگەری هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن و هەوڵبدەن بۆ رێگریی لەكۆمەڵكوژكردن و كوشتنی كورد لەهەرێمی كوردستان. هەر لەو بەیاننامەیەدا داوا لەدانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی ئێران كراوە لەئەگەری هێرشی سوپای پاسداران بەناڕەزایەتیی جەماوەری هەڵویستی خۆیان دەربڕن و رێگەنەدەن پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران قوربانی لێبكەوێتەوە.

ئیمان زەندی ساڵانە نزیكەی شەش هەزارو 650 تۆن قارچك لەكارگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت:»پێنج ساڵە قارچك هاوردە نەكراوە، بەرهەمەكەی گەیشتووەتە خۆبژێوی». قارچك، بەهای خۆراكی بەرزەو رێژەیەكی زۆر پڕۆتینی تێدایەو هەندێ كەس وەك جێگرەوەی گۆشتی سوور بۆ خواردن بەكاریدەهێنن. وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم نزیكەی 10 مۆڵەتی داوە بۆ بەرهەمهێنانی قارچك، كارگەكان چواریان لەهەولێرەو سیانیان لەسلێمانی و یەكێك لەدهۆك و یەكێكیش لەگەرمیانن. شەیما عەبدوڵا، رابەری كشتوكاڵیەو خاوەنی كارگەی قارچكە لەقەزای بازیانی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خوێندكاری پەیمانگای كشتوكاڵی بووم بیرم كردەوە لەدامەزراندنی پڕۆژەی قارچكی سروشتی و بۆم دەركەوت پڕۆژەیەكی بەرهەمدارو ئابوریەكی باشە، هەربۆیە لەساڵی 2019 بڕیارمدا بەتەواوی بیكەمە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی و ئەوە چوار ساڵە بەردەوامم». شەیما ئاماژەی بەوەكرد كە تۆوی قارچك لەهەولێرو رانیەو كۆیە و هەندێ جار لەئێران دەكڕێت و داهاتی مانگانەی پڕۆژەكە بەردەوام لەگۆڕاندایە، بەهۆی بڕی بەرهەمهێنان بۆ مانگ و ساڵ دەگۆڕێت.  «لەكارگەكەمان قارچكی فرێش، وشككراو، سپۆنی قارچك و كیسەی ئامادەكراو بۆ پڕۆژە بەرهەمدەهێنن، قارچك بۆ ناوخۆو ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێرین، بەرهەمەكانمان دوورن لەپەین و خۆڵ‌ لەگەڵ دەرمانی كیمیایی و ساڵانە نزیكەی ٥٠٠ تۆن لەهەموو جۆرەكان بەتایبەت قارچكی فرێش بەرهەمدەهێنین و هەلی كارمان بۆ حەوت كەس رەخساندووە «. شەیما وای وت. بەرهەمهێنانی قارچك نزیكەی مانگێكی پێدەچێت بۆ پێگەیشتن، چونكە ناتوانێت لەژینگەی كراوە بگونجێت، بەڵكو پێویستی بەژینگەیەكی كۆنتڕۆڵكراوە كە لەهۆڵێكدا ئەو ژینگەو كەشوهەوایە دابینبكرێت. لەهەموو وەرزێكی ساڵ دەتوانرێت قارچك بەرهەمبهێنرێت، كارگەكان قارچكی دوگمەیی و سەدەفی (كەمەرەی)ییەو رەنگی سپی و پەمەیی و قاوەییە، و قارچكی پرچی شێریش بۆ مەبەستی پزیشكی بەرهەمدەهێنرێت. سەحەر حسێن، پسپۆڕی كشتوكاڵی لەكۆلێژی زانستیە پڕاكتیكیەكان و سەرۆكی بەشی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو جۆرەكانی قارچك لەكوردستاندا زۆرن  و بەردەوام جۆرەكانیان دەدۆزرێنەوەو دەناسێنرێن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ١٠٠ بۆ ١٥٠ جۆرن، لەم بڕەش نزیكەی ٦٠ جۆریان گونجاوە بۆ خواردن و ئەوانەی تریش بۆ مەبەستی دەرمانسازی بەكاردێت. سەحەر حسێن، پێشیوابوو بەشێوەیەكی گشتی لەكارگەكانی كوردستان جۆرەكانی ئاگاری كۆس واتە قارچكی دوگمەیی و جۆری قلۆرۆتۆسیش بەرهەمدێت، وتیشی:»باشترین جۆری قارچك دومەڵانەو لەكوردستانیشدا هەیە». لەبارەی ناسینەوەی قارچكی ژەهراوی، ناوبراو روونیكردەوە: «تاكە رێگای زانستی بۆ ناسینەوەی قارچكی ژەهراوی تاقیگەكانن، هەندێكیش بەپێی ئەزموون دەتوانێت بیانناسێتەوە، زۆر هۆكار هەیە بۆ ژەهراویبوونی قارچك ئەویش ژینگەو كەشوهەواو سروشتی قارچكە، چونكە بەهۆی ماددەی زیانبەخش قارچك تووشی هەستیاری دەبێت یاخود بەهۆی ئەفلاتۆكسینەوەیە». بەپێی ئامارێكی فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی باخداری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە نزیكەی شەش هەزارو ٦٥٠ تۆن قارچك لەكارگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، لەڕێگەی 10 كارگەوە، سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ بەڕێژەیەكی بەرچاو، بەڵام هێشتا رێستۆرانت و چێشتخانەكان پشت بەقارچكی هاوردە دەبەستن. شیرین نەجیب، بەڕێوەبەری باخداری لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هێمای بۆ ئەوەكرد لەساڵی ٢٠١٨ پڕۆژەیەكی ستراتیژی دامەزرا كەبڕی زەویەكەی ٤٥ دۆنمەو لە ٤٣ ژوور پێكهاتووە، كارگەكە لەقوشتەپەی سەر بەپارێزگای هەولێرە، بەرهەمی ساڵانەی ٧٠٠ تۆنە، ئەم كارگەیە تاقیگەی هەیەو هەر لەوێش ماددەی سەرەتایی خۆڵی پیتمۆس و كۆمپۆست بەرهەمدەهێنێت. بەڕێوەبەری باخداری لەوەزارەتی كشتوكاڵ دەشڵێت: «یەك پڕۆژەی ئاسایی دوو ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام ئێمە سەقافەی قارچك خواردنمان نیە، ئەو قارچكانەی لەسەر عەرەبانەكان دەفرۆشرێن ئێرانین و بەسەرچوون خەڵك ئەوە دەخوات، بۆیە داوا دەكەم كەناڵە میدیاییەكان دوو خولەك بدەن بەڕیكلامی كشتوكاڵی وەكو هۆشیارییەك». بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی كشتوكاڵ دەستیكەوتووە، بۆ پاراستنی بەرهەمی پرۆژەكان هاوردەی قارچكی فرێشیان بەیەكجاری قەدەغە كردووەو هەر كاتێك توانای پرۆژەكان بگاتە ئەوەی بەرهەمەكان لەقوتوو بنێن و پێویستی بازاڕ پڕبكەنەوە، هاوردەکردنی قارچكی لە قوتوونراویش قەدەغە دەكەن. پسپۆڕی بایەلۆجی لەبارەی بەرهەمی قارچكەوە زانیاری گرنگ دەخاتەڕوو كەپێویستە هاووڵاتیان رەچاوی بكەن. د. كارزان عەبدوڵا، پسپۆڕی بایەلۆجی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی دەڵێت: «قارچك وەكو هەموو خواردنێكی تر هاوردە دەكرێت لەتوركیاو ئێرانەوە، دەبێت لەبەڕاددا بێت، چونكە رەنگە لەو سنورانە هاوردەبكرێت و لەبەڕادیشدا نیەو نابێت زۆریش لەسەلاجەدا دابنرێت، هەر بۆیە كاتێك دەدورێتەوە دەبێت كاتەكەی لەنێوان ١٢ بۆ ٢٤ كاتژمێر تێپەڕنەكات». هەروەها باسی لەوەشكرد قارچك هاوردە دەكرێت، ئەگەر لەسنورە سەرەكیەكانیش رێگری لێبكرێت لەسنورە لاوەكییەكان دێن جگە لەڕێگا قاچاخیەكانی تر، بەڵام ئایا قارچك ئەو زەحمەتیەی دەوێت لەئێرانەوە بەقاچاخ بهێنرێت، ئایا بۆی ساغدەكرێتەوە لەبازاڕ!». لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپێنج ساڵە قارچك هاوردەی هەرێم نەكراوەو بەشی خۆبژێوی لەناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێت. بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتیشی:» قارچك تائێستا هەناردە نەكراوە، ئەگەر داواكاریش پێشكەش بكرێت ئێمە لاریمان نیە،  قارچك داهات نیە، چونكە ناچێتە دەرەوە تەنها سودمەندە بۆ ئەو برا بەڕێزانەی كەبەرهەمی دەهێنن». قارچك یەكێكە لەخواردنە بەسودەكان و بەگروپی گۆشت ناسراوە، هەروەها وەرزی قارچكی سروشتی لەسەرەتای بارانی پایزەوە دەستپێدەكات تاكۆتایی باران بڕان و گەشەی سەرەتاییان لەپلەی گەرمی نێوان ١٨ بۆ ٢٠ و ٢٥ بۆ٣٠ پلەدا هەڵدەتۆقێت. قارچكی سروشتی زیاتر لەناوچە شاخاوییە بەرزەكانی وەكو هەورامان و دهۆك و پێنجوێندا هەیە، نرخەكانیشیان كیلۆی لەنێوان 10 بۆ 70 هەزار دیناردایە، هەرچی قارچكی كارگەكانیشە جۆرە دوگمەییەكەی نرخەكەی سێ بۆ پێنج هەزارەو جۆرە سەدەفەكەشی لەنێوان پێنج بۆ 10 هەزار دیناردایە.

سەركۆ جەمال بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەماوەی رابردوودا تووشی لێكترازان بوو، ئێستا هەردوو باڵەكەی خۆیان بەخاوەن شەرعیەت دەزانن و دان بەوەی دیكەدا نانێن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش داوای لێكردوون كۆنگرە ئەنجامبدەنەوە. مانگی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ـیەمی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەهەولێر بەڕێوەچوو، كامیل حاجی عەلی 264 دەنگی بەدەستهێناو 276 دەنگیش سپی بوون، بەو پێیەش تاكە كاندیدی رابەری گشتی نەیتوانی زۆرینەی سادەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت. دوای ئەوەی كامیل حاجی عەلی، كاندیدی رابەرایەتی بزوتنەوە نەیتوانی دەنگی 50+1ـی كۆنگرەی حزبەكە بەدەستبهێنێت، بەپێی پەیڕەوی حزبەكە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەری بزوتنەوە لەپۆستەكەی بەردەوامبوو، سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردووشدا هەردوو باڵەكە چەند هەنگاوێكیان دژی یەكتر ناوەو كێشە نێوخۆییەكانی حزبەكە بەردەوامە. كۆمسیۆن نێوبژیوانی هەردوو باڵەكەی بزوتنەوە دەكات عەتا شێخ لەتیف ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان سەر بەباڵی عیرفان عەبدولعەزیز، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»مەسەلەی سكاڵاكەی كۆمسیۆن هێشتا یەكلایی نەبووەتەوەو كاتیان بۆ دیارینەكردووین تاكۆنگرە پێكەوە ئەنجامبدەین، بەڵام داوایان لێكردووین كەپێویستە پێكەوە كۆنگرە ئەنجامبدەین». ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد واژۆی زیاتر لەهەزارو 700 ئەندامی بزوتنەوە كە لەكۆنگرەی 2018 بەشدارییان كردبوو رەوانەی كۆمسیۆن كردووەو تەنها واژۆی نزیكەی 150 كەس ماوە، بەڵام ئەو كەسانە بەشێكیان لەدەرەوەی وڵاتن و بەشێكیشیان گیانیان لەدەستداوە جگە لەوەی واژۆی حەوت ئەندامی دامەزرێنەری بزوتنەوەكە پێویست بوو كەشەشیان واژۆیان ناردووە تەنها كامیلی حاجی عەلی كە لەدامەزرێنەرانە واژۆی نییە. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی بزوتنەوە دەشڵێت:»محەمەد بازیانی زیاتر لە 12 ساڵە لەناو بزوتنەوە نەماوەو ئەوانی دیكەش كە بەنیازبوون كۆنگرە بكەن زۆرینەیان مافیان نییە بەشداری كۆنگرە بكەن، چونكە لەكۆنگرەی پێشوو نەبوون». محەمەد بازیانی وتەبێژی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كەئێستا لەباڵی كامیلی حاجی عەلییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵی رابردوو كۆنگرەی 12 كرا، لای هەموان ئاشكرایە لەكۆنگرەی 11 پەیڕەوو پڕۆگرام گۆڕانكاری تێداكراو دەڵێت رابەر لەدوو خول زیاتر بۆی نیە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆیە تەنها كاندید كامیلی حاجی عەلی بوو». هەروەها ئەوەی خستەڕوو كە لەناو كۆنگرەی 12 كۆمەڵێك پێشێلكاری كرا، ئەوەبوو حاجی عیرفان وتی:»رابەری بزوتنەوەیە»، بۆیە لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان فەرمانگەیەك بۆ حزبە سیاسییەكان و رێكخراوەكان هەیە، ئەوان ئاماژەیان بەوەدا كۆنگرەی 12 یاسایی نییەو پێویستە كۆنگرەیەكی دیكەی دامەزراندن بكرێتەوە. محەمەد بازیانی دەشڵێت:»جارێكی دیكە داوای كۆنگرەمان كردووە، ئەوەبوو 11-5-2023 رەزامەندیمان لەكۆمسیۆن وەرگرت ئەو كۆنگرەیە بكەین، بەڵام دەستتێوەردان كراو كۆنگرەكەیان دواخست و دواتر كاتێكی دیكە دانرا كە لە 22-5-2023 كۆنگرەیەكی دیكە بكرێت». «ئەوان هۆڵیان گرت و ئێمەش هۆڵمان گرت، بەڵام كۆمسیۆن وتیان دەبێت لەیەك هۆڵ بكرێت، تا ئەو كۆنگرەیە ئەنجامدەدرێت و ئێستا كاتیان داوە بەهەردوولا تا بگەنە رێككەوتن ئەگەر لەسەر كاتێكیش بۆ كۆنگرە پێكەوە رێكنەكەوین ئەوا كۆمسیۆن رێكار دژی بزووتنەوەی ئیسلامی دەگرێتەبەر»، محەمەد بازیانی وای وت.   هەردوو باڵە ناكۆكەكە جارێك كۆبوونەوەیان كردووە بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی باڵی جیابووەوەی بزوتنەوە بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی لە كامیلی حاجی عەلی كردووە، سكاڵایان لەسەر عیرفان عەلی عەبدولعەزیز تۆماركردووە، گوایە لەكاتی كۆبوونەوەیەكی ناوبژیوانیدا دوو هەفتە لەمەوبەر هەڕەشەی لێكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لەعیرفان عەلی عەبدولعەزیز رەتیدەكاتەوەو دەڵێت لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەكیان نییەو سكاڵاكە ئەنجامی نابێت. بزوتنەوەی ئیسلامی لەكوردستان لەساڵی 1987 لەلایەن شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو كۆمەڵێك كەسایەتی ئیسلامی دامەزرێندراو رێكخراوێكی سیاسی پەروەردەیی ئیسلامییەو لەسەر پەیڕەوی ئەهلی سوننەت دامەزراوەو یەكەمین گروپی چەكداری جیهادی كوردی بوو لەباشووری كوردستان. بزوتنەوە لەساڵی 2000 بووە یەكبوونی ئیسلامی و دواتر لەساڵی 2001، عەلی باپیر، كۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند كە لەسەدا 80%ی بزونتنەوەی لەگەڵدا بوو.

عەممار عەزیز توركیا بەردەوامە لەجێگیركردن و زیادكردنی بارەگای سەربازی لەخاكی هەرێمی كوردستانداو شیلادزێی كردووەتە سەربازگەو بەو هۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەی دهۆك بوون و دەیان گوندیش چۆڵكراون. سوپاكەی ئەردۆغان لەخاكی هەرێمی كوردستان سەدان گوندو ناوچەیان داگیركردووەو لەهەندێك شوێنی پارێزگای دهۆك و قەزاو ناحییەكان هاتوچۆكردن بۆ زۆر ناوچە قەدەغەكراوە لەلایەن توركیاوەو بەرپرسانی كارگێڕیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان كە نەچنە ئەو شوێنانە. ناحیەی شیلادزێ بەدووری 30 كیلومەتر دەكەوێتە ناوەندی قەزای ئامێدی سەر بەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان، بەهۆی شەڕی توركیا بەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) 60%ی خاكەكەی لەدەستداوە، لەكۆی 91 گوندی ناحیەكەش بەشی زۆر گوندەكانی چوڵكراون. سنوری ناحیەی شیلادزێ شوێنێكی زۆر فراوانە كەپێكهاتوون لەناوچەكانی دووسكی، ژووری، رێكان نێرەویی، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاووڵاتیانیان ئاگاداركردووەتەوە كەنابێت بچنەوە بۆ ئەو گوندانەی قەدەغەیە هاتوچۆكردن تێیدا. رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەسنوری ناحیەی شیلادزێ نزیكەی 85 گوند چوڵكراون ئەوەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپای توركیاو پەكەكە». هەروەها وتیشی:» ئەو گوندانە ژیانی تیادا نەماوە بەتەواوی چوڵكراون، جگە لەوەی ئەو گوندانە چوڵكراون لەهەمانكاتیشدا شوێنی قەدەغەكراون هاووڵاتیانمان ئاگادار كردووەتەوە كە نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن چونكە مەترسی هەیە». دانیشتوانی گوندەكان دەڵێن ناوچەكەیان وەك كەمپی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی لەلایەن سوپای توركیاوە گیراوە. نایف سیتەیی، دانیشتووی كۆمەڵگای سیرێ سەر بەناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەشی زۆری ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەهۆی شەڕی توركیاو پەكەكەیە، ناحیەی شیلادزێ وەكو كەمپێكی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی گیراوەو ناتوانین بەئارەزووی خۆمان بگەرێین». هەروەها ئاماژەی بەوەكرد لەكاتێكدا ئێستا كاتی دەیان بەرهەمی گژوگیای بەهارە بوونی هەیە، خەڵك ناتوانێت بچێتە شاخ و گردەكان بۆ هێنانەوەی ئەو بەرهەمانە، وتیشی:» ئەگەر پارەم هەبێت بەیانی ماڵی خۆم دەگوازمەوە بۆ ناوەندی دهۆك، ئەم شەڕە تەواو نابێت و بەردەوام لەناوچەكە بۆردومان هەیە، دەیان كەس لەخەڵكی ناوچەكە شەهیدو برینداربوونە». شەڕی تورکیا بەرامبەر پەکەکە بووەتە هۆی ئەوەی چوار هەزار خێزان شیلادزێیان جێهێشتووە سوپاكەی ئەردۆغان لەڕێگەی جێگیركردنی بارەگای سەربازی و ئۆپەراسیۆنەوە لەناحیەی شیلادزێ بڵاوبوونەتەوە. دڵشاد نەسروڵلا قەنجۆ، مامۆستای زانكۆو نیشتەجێی كۆمەڵگای سیرێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێستا سوپای توركیا نزیكەی 10 خاڵی سەربازی لەسەر شاخ و گردەكان و دەوروبەری ناحیەی شیلادزێ جێگیركردووە، ئەوانیش مام رەشا، كریادێرێ، سەرێ دارێ، كەلها بێدە، جگە لەمەش توركیا هێزێكی زۆری لەناوچەكە بڵاوەپێكردووە و هیچ هێزێكی دیكەش لەناوچەكە نییە». هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەلایەنی كەمەوە ژمارەی خێزانەكان لەهەر گوندێك 50 بۆ 75 خێزان بووە، كەدانیشتووانی ئەو گوندانە كۆچیان كردووە بۆ سەنتەری ناحیەی شیلادزێ و دێرەلوك، سەرسنگ، قەدش، ئامێدی و دهۆك. دڵشاد نەسروڵلا وتیشی :» ئەو گوندانە بوونەتە ناوچەی قەدەغەكراو واتە هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنانە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی دەچێت، هەر كەسێك بچێت بەئەگەرێكی زۆر دەبێتە قوربانی بۆردومانی توركیا، چونكە بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردومان دەكرێن». رەمەزان ئەحمەد، دانیشتووی گوندی هنێشە سەر بەناحیەی شیلادزێ، زیاتر لە 20 ساڵە كۆچیكردووەو ئێستا لەشاری دهۆك دەژی، بەهاوڵاتی وت: « ناوچەكەمان هەر لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە تائێستا رووبەڕووی وێرانكردن و هێرشی داگیركەرانی توركیا بووەتەوە». وتیشی: «نزیكەی 100 خێزان لەگوندەكەمان دەژیان، ئێستا هەندێكیان چوونەتە ناوچەیەك بۆ سەردانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوند، چونكە ناوچەی قەدەغەكراون «.

شەنای فاتیح ساڵانە پاش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە سەرجەم، وەڵامی پرسیارەكان بڵاودەكاتەوە، بەوتەی تووێژەرێكی دەروونیی خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە. تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندكاران گرنگییەكی تایبەتی هەیەو تاڕادەیەك بەقۆناغێكی چارەنووسساز دادەنرێت، خوێندكار لەم قۆناغەی ژیانیدا دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەسەر دەبێت و بەوتەی تووێژەرێكی دەروونی، خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لەهەرێمی كوردستاندا ١١٧ هەزارو ٣٦٤ خوێندكاری قۆناغی ئامادەیی و پیشەیی بەشداری ئەزموونەكانی پۆلی ١٢ دەكەن. نەهرۆ حسێن تەمەن ١٨ساڵ خوێندكارێكی پۆلی ١٢ی زانستییەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تاقیكردنەوەم هەبووە پاش سەیركردنی وەڵامەكان باش نەبووم بەوهۆیەوە بۆ كۆششی وانەی داهاتوو ساردبوومەتەوە». یادگار ئیسماعیل تووێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان دەكرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت، بەڵام زۆرجار كەخوێندكار دەبینێت وەڵامەكانی هەڵەن و پێنج نمرە یان 10 نمرەی لەدەستدەدات دوودڵی لا دروست دەبێت و حەزی كۆششی لانامێنێت و فشاری دەروونی لەسەر زیاد دەبێت». «ئەگەر بێت و دوودڵیەكان زیادبوون و زیاتر لەدوو هەفتەی خایاند، خەوو خۆراكی خوێندكار تێكچوو  ئەوا بەنەخۆشی هەژماردەكرێت و پێویستە چارەسەر وەربگرێت»، یادگار ئیسماعیل وای وت. شارەزایەكی پەروەردەیی پێیوابوو بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان رێكارێكی نەرێنی نییە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە. بەڕێز عەباس، شارەزای بواری پەروەردەیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هیچ لایەنێكی سلبی نییە، چونكە پاش تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان خوێندكار خۆی بەدوای وەڵامەكاندا دەچێت، بەوهۆیەوە كاتێكی زۆری پێدەچێت، بۆیە باشترە وەزارەت خۆی وەڵامەكان بڵاوبكاتەوە». وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەخوێندكاران لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن و پەیوەندی بەبڵاوكردنەوەی وەڵامی تاقیكردنەوەكانەوە نییە. سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی خوێندكارانی پۆلی 12 لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەڵام بڵاودەكرێتەوە،  بۆ ئەوەی كۆتایی بەو حاڵەتە بهێندرێت وەزارەت وەڵامە دروستەكە بڵاودەكاتەوە».

سەركۆ جەمال بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەپێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و شۆفێرانە، شارەزایەكی هاتوچۆش دەڵێت:» لەهەموو دنیا لەو شوێنانە دادەنرێت كەزۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدایە». دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ گرێبەستەكەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ دوو كۆمپانیا كراوەو لەهەولێرو رێگای سلێمانی – دوكان بەشێكی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەوەش ناڕەزایەتی شۆفێران و هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە كە»جگە لەگیرفان بڕین» هیچی دیكە نییە. لیوا عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا ژمارەی كامێراكان دیار نییە تەنها لەسلێمانی 225 كامێرایەو لەهەولێر دیار نییە، لەدهۆكیش دانەنراوەو كامێراكان لەڕێگەی خێراش دادەنرێت و ئێستا لەهەولێر لە 120 دانراوە بەكەڵكی ناوشار نایەت، هەركەس لەخۆیەوە قسەی لەبارەوە دەكات». وتیشی:»لەسەر گرێبەستەكە هیچ زانیاریم نییەو بۆ سەلامەتی خەڵك دانراوە، بەڵام میدیاكان و چەند كەسێك بەلاڕێیاندا بردووە، خەڵكی تێنەگەیشتوو ئەو قسانە دەكات لەبارەی كامێراكانەوە».   بەوتەی پەرلەمانتارێك بەنیازن دۆسیەكە ببەنە دادگای فیدراڵی عێراق عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕاستیدا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێككەوتنی هەریەك لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوەو كۆمپانیاكە خاوەنداریەتی بۆ هەردووكیان دەگەڕێتەوە، بۆیە گوێ لەكەس ناگیرێ نە وەزارەتی ناوخۆ نە هیچ لایەنێكی دیكە». وتیشی:»لەلێكۆڵینەوەداین تا بتوانین بەچی رێگایەك كاركردنی ئەو كامێرا خاڵ بۆ خاڵانە رابگرین كە نایاساییە، دەمانەوێت بیبەینە دادگای فیدراڵی، بەڵام جارێ دەبێت بزانین ئایا لەپسپۆڕی ئەوانەو دۆسیەكە وەردەگرن یاخود نا».   ناڕەزایی هاووڵاتیان تادێت زیاتر دەبێت تاڵب محەمەد یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون، كە دژ بەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێوەچوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تا ئەم خولەكە هیچ كەس وەڵامی داواكاری ئێمەی نەدایەوە كەگۆڕینی میكانیزمی كامێراكان بوو، نەك ئەوە بەڵكو بەنیازیشن هەموو كوردستان بكەن بەو كامێرایە». هەروەها وتیشی:»لەلایەنی تیژڕەوییەوە كاریگەری هەبووە، بەڵام سزاكەی زۆرەو داواشمان كرد هەندێك لەجێگاكان تابلۆی باشتر دابنرێت و خێراییەكانیش گۆڕانكاری تێدابكرێت، جگە لەوەی لەڕێگەی كۆمپانیاوە باجەكە وەردەگیرێت و داهاتەكەشی بۆ ئەوانە». فیدراسیۆنی رێكخراوەكان هاتووەتە سەرخەت و بەنیازن كەیسەكە بگوازنەوە بۆ دادگا، قۆناغی باشی بڕیوەو  هەنگاوی داهاتووشیان ئەوەیە پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە بۆ دادپەروەری لەدانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ دەبێت.   هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئەو شوێنانەی كامێراكانی تێدایە هێمای لێ دانراوە سەبارەت بەگلەیی هاووڵاتیان لەبارەی نەبوونی هێما لەسەر شەقامی – تاسڵوجە – دووكان بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خێرایی تاسڵوجە لەنێوان 80 كیلۆمەتر بۆ 100 كیلۆمەترەو سزاكانیشی لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 250 هەزار دینارو هەموو شوێنەكانیش هێمای تێدا دانراوە». بەڵام وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئامادەنەبوو هیچ ئامارێك بەفەرمی بداتە هاوڵاتی كە لەڕۆژێكدا 24 كامێراكەی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگەی تاسڵوجە – دووكان چەند سەرپێچی تۆماردەكەن، هەرچەندە هاوڵاتی لەسەرچاوەیەكی هاتوچۆی سلێمانییەوە ئەوەی بۆ ئاشكرابووە كەهیچ رۆژێك لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەسلێمانی لەڕۆژی 29 ی مانگی ئایاری 2023 ەوە رۆژانە زیاتر لە 300 سەرپێچی تۆماركراوە.   شارەزایەكی هاتوچۆ دەڵێت ئەگەر بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان بێت دەبوو لەڕێگەی كەلار-سلێمانی دابنرێت دیلمان حەمەنادر سەرۆكی رێكخراوی ترافیك بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەو كامێرایە واتە خاڵ بۆ خاڵ، سەرەتا لەئوستورالیاوە سەریهەڵداو تائێستا كامێراكە لەهەر شوێنێك دانرابێت لەپڕ نەبووەو لەشوێنی زۆر دانەنراوە، بەڵكو لەوڵاتان لەو رێگایانە دانراوە كە مەترسی رووداوی هاتوچۆی زۆربووەو قەرەباڵغ بووە. هەروەها وتیشی:»ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت نیشانەی پرسیارەو بێگومان بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، 60 ملیار دینار لەمانگێكدا داهاتی كۆمپانیاكەیە لەسلێمانی». دیلمان حەمەنادر دەشڵێت:»مانگانە ئەگەر شۆفێریش نەچێت سەرپێچییەكە بدات حكومەت دەبێت ئەو قەرزە بدات بەكۆمپانیاكە كەئەمە دیارە بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، لەهیچ وڵاتێكی دنیا شتی لەو شێوەیە نییە». «لەناو گرێبەستەكەدا وردەكاری هەیەو تەنانەت باسی شەقامی 100 مەتری و 60 مەتریش هاتووە كەهاتوچۆ دەڵێت لەناو شار دانانرێت، بەڵام مادام لەگرێبەستەكەدا هاتووە لەناوشاریش خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت، ئەگەر ئامانج سەلامەتی شۆفێرو هاوڵاتی بوایە دەبوو سەرەتا لەڕێگەی كەلار- سلێمانی دایانبنایە «. سەرۆكی رێكخراوی ترافیك وادەڵێت. دیلمان حەمەنادر پێشیوابوو ئەگەر ئامانجیان سەلامەتی هاووڵاتیانە رێگای دیكە هەیە، بۆ نموونە لەهەندێك وڵات پێنج پۆینت لەسەر مۆڵەتی شۆفێریت بێت ئەوا لێت دەسەنرێتەوە یاخود لەهەندێك وڵات سێ پۆینتە كەئەمە جیاوازی نێوان هەژارو دەوڵەمەندیشی نەهێشتووە. هاوڵاتی سەبارەت بەوردەكاری گرێبەستەكە پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی هاتوچۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆشەوە كرد، بەڵام نە ئامادەبوون وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی وردەكاری گرێبەستەكەو ئاماری رۆژانەی سەرپێچی تۆماركراو بدەنەوەو خۆشیان بوارد لەوەڵامی ئەو پرسیارەی سەبارەت بەژمارەی كامێراكان لەسەرتاسەری هەرێم و گوژمەی گرێبەستەكە بەگشتی ئاڕاستەیان كران. بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون، لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم نزیكەی 900 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیر دەكرێن، هاوكات سەدان ئۆتۆمبێل وەك خەڵات پێشكەش بەوەزارەتی ناوخۆ كراوە وەك شیرینی گرێبەستەكەی نێوان كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم. رۆژی یەكشەممە 5-5-2023 رێبەر ئەحمەد، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕەخنەكان لە خاڵ بۆ خاڵ، رایگەیاند: « مەبەست لەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ ئەوەیە كەپاراستنی سەلامەتی رێگاكان و هاووڵاتیانە ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەویە لەڕێگەی كامێراوە، ئەو كامێرایانەی پێشتر هەبوون كۆن بوون و لەگەڵ سەردەم نەدەگونجان». وتیشی «لەسەر بنەمای زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران و كەمئەندامانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بڕیارماندا بەدانانی سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ». «ئەو پۆپۆلیستانەی كە وادەڵێن خەڵك زەرەرمەند دەبێت بیر لەسەلامەتی هاووڵاتیان لەسەر شەقامەكان ناكەنەوە، بۆیە حەق وایە ئەو كارە بۆ خەڵكی پسپۆڕ لێبگەڕێن و هەموو سیاسی و پەرلەمانتارو خەڵكی دوور لەواقعی هاتوچۆ باسی دەكەن، حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەیە رووداوەكان كەمببنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە جێبەجێی دەكەین». وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت. سەرەڕای رەخنە و كاردانەوەی زۆر لەسەر دانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كە لەسەرەتای ساڵی رابردوەوە (11-4-2021)  گرێبەستەكەی ئەنجامدراوە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023، كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگای دوكان_تاسڵوجە لەپارێزگای سلێمانی كەوتنە كارو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵیش لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر كامێراكان كەوتنەكار. بەپێی گرێبەستەكە تەنها لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە 53 ملیارو 590 ملیۆن دیناری تێدەچێت و ماوەی پرۆژەكەش 500 رۆژە، گرێبەستەكەش بەپێی پاشكۆی (ه)ی رێنمایی ژمارە دووی گرێبەستە حكومیەكان كراوە كەساڵی 2016 دەرچووە، هەر بەپێی گرێبەستەكەش تا تەواوبوونی تێچووی پرۆژەكە 70٪ی داهاتی كامێراكان بەكاش دەدرێتە كۆمپانیاو گرێبەستەكەش بۆ 15 ساڵە.

هاوڵاتی رێككەوتنێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕگەیەكی ماددەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە كراوە كەجێگەی مشتومڕ بووە لەنێوان یەكێتی و پارتی، بۆیە پارتی هەنگاوەكانی لەڕێگەی فوئاد حوسێن نوێنەری پارتی و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامداوەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان ئەنجامداوە بۆ دەستكاری كردنی چەند بڕگەیەك لەماددەی 13 و 14دا. فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق دوو بڕگەی لەماددەی 14 پڕۆژەی بودجە جێگیركردووە كەئەولەویەت بدرێت بەدابەشكردنی مووچەو 10%ی مووچە پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و پارێزگای ناڕازی ئەو مافەی هەبێت حكومەتی عێراق راستەوخۆ بودجەی بۆ رەوانە بكات. پشكی كورد لەپڕۆژە بودجەی عێراق جێگیركراوەو لەماددەكانی (١٤،١٣،١٢) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازی بووە. زیاتر لەدوو هەفتەیە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی پڕۆژە بودجەی عێراقەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆ لەنێوان لایەنەكانی شیعەو سوننەو كورددا هەبووە، بەڵام پارتی و یەكێتی هیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان نەبووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی لەبەغدادو هەولێرو سلێمانی لەڕێگەی تەلەفونەوە چەند پەیوەندییەك ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەبارەی پڕۆژەی بودجەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لێدوانی لەبارەی پڕۆژە بودجەی عێراق لەسەركردایەتی و كادرانی حزبەكەی قەدەغەكرد لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی كە بەقازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێتەوە.  هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نووسراوی دەركردووە بۆ ئەوەی هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەكرێت، بەڵام دۆسیەی هاوكارجاف كە لەلایەن دادگایەكی هەولێرەوە بڕیاری حكومدان بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژەتیرۆر دەركرا كە»حوكمی لەسێدارەدان» بوو، ئەو گفتوگۆ كەمەی هەبوو ئەوەشی نەهێشت. گفتوگۆی نهێنی و ناڕاستەوخۆلە ڕێگەی تەلەفونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبووە، بەڵام بڕیاری دادگای هەولێر تایبەت بە" حکومدان" لەسەر کەیسەکەی هاوکار جاف گفتوگۆکانی ڕاگرت لەئێستادا پارتی بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن لەبەغدادو یەكێتی بەجیا لەڕێگەی خالید شوانی وەزیری دادو نوێنەری یەكێتی لەسەر هێڵن لەبارەی پڕۆژەكەوە كە هەر لایەنێكیان بەجیا گفتوگۆ لەگەڵ شیعەكان دەكەن. حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دوایین هۆشداری گەیاندە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی قەیس خەزعەلی، سەرۆكی كوتلەی عەسایبی ئەهلی حەق  كە ناكرێت دەنگدان لەسەر پڕۆژەی بودجە لەوە زیاتر دوابخرێت، بەڵام دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح گفتوگۆیان كردووەو هادی عامری راسپێردرا كە بەشێك لەو بڕگانەی كە لەماددەی (١٤،١٣،١٢)ی پڕۆژە بودجەدا هاتووەو پارتی ناڕازییە چارەسەر بكات. رۆژی سێشەممە  محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەنووسراوێكدا بانگهێشتی ئەندامانی كردووە بۆ ئامادەبوونیان لەڕۆژی پێنجشەممە 8ی حوزەیران كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ، تایبەت بەدەنگدان لەسەر پڕۆژە بودجەی (2023، 2024، 2025) و لەدوای راگەیاندنی دەنگدان بۆ پڕۆژەكە، پارتی رێككەوتنی لەسەر هەمواری چەند بڕگەیەك ئەنجامداوە كەدەستكاری بكرێن. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەبەغدادەوە دەست رۆژنامەكە كەوتووە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە، بەنوێنەرایەتی پارتی سەرپەرشتی دانوستانێكی یەكلاكەرەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە رێككەوتنی چوارچێوەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ بڕگەی هەمواركردنەوەی لیژنەی داراییە. هەروەها رێككەوتنەكە لەنێوان فوئاد حسێن لەلایەك و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لەلایەكی ترەوە كراوە، ئاماژە بەئەوەش كراوە كە «ڕێككەوتن لەسەر هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كراوە كەدەسەڵات بەوەزیری دارایی لەحكومەتی فیدراڵی دراوە كە بۆ وەرگرتنی پارە دەسەڵات بداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم،  دەگۆڕێت بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی دەسەڵات دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم». سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە «هەروەها رێككەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕگەیەكی پەیوەست بەوەستاندنی پشكی هەرێم لەماوەی ١٥ رۆژدا ئەگەر ناكۆكی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم لەسەر داهاتەكان روویدا كراوە». سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، «پێشبینی دەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتوودا سەرجەم خاڵە ناكۆكییەكان سەبارەت بەپشكی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە». پارتی نایەوێت بڕگەی ٪١٠ ی پاشەکەووتی موچە بمێنێتەوە کە یەکێتی جێگیری کردووە، یەکێتیش پێداگیری لەسەر دەکات هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەستپێشخەریی چارەسەری ناكۆكیی نێوان هەرێمی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەكات لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی كە دوو خاڵی ناكۆك ماون و تایبەتن بەپاشەكەوتی مووچەو بڕیاری دادگای فیدراڵی. رۆژی 25ی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری لەماددەكانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی كرد، كە تایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كەپابەندبوونی زیاتر لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە لەبارەی رادەستكردنی نەوت و چۆنیەتیی مامەڵەكردن بەداهاتەكەی و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.  دوو خاڵ تائێستا جێگەی ناكۆكین و رێككەوتنی كۆتایی لەسەری نەكراوە، كە پاشكەوتی مووچەو ناوهێنانی بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدراڵییە لەیەكلاكردنەوەی ناكۆكیی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی بودجەوە. بەپێی لیژنەی دارایی، پێویستە مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان 10%ـی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوەو ئەگەر كێشە لەپابەندبوونی نێوان هەولێرو بەغدا بەیاساكە روویدا، بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە دەبن. پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، كە بۆ سێ ساڵە؛ قەبارەكەی زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە بەكاش 15 ترلیۆن و 200 ملیار دیناری پشكی هەرێمی كوردستانە. بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە پێویستە ناكۆكییەكان لەبارەی ماددەكانیەوە یەكلابكرێتەوە تا لیژنەی دارایی رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، چونكە ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی دارایی دوا كۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژەیاساكە دەكات و رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی دەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كە مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار زیاترە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە  200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات. حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو  بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت.

شەنای فاتیح تای خوێنبەربوون لەهەرێم و عێراق بڵاوبووتەوەو دوو كەسییش لەهەولێرو دهۆك گیانیان لەدەستداوە و كۆی گشتی چوار حاڵەتی توشبوون بەتای خوێنبەربوون لەهەرێم بوونی هەیە، بەڵام لەسلێمانی هێشتا هیچ حاڵەتێك تۆمارنەكراوە. تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی (VHF) كۆمەڵێك نەخۆشییە كە بەهۆی چەند ئەندامێكی سەر بەیەك خێزانی ڤایرۆسەوە دروستدەبێت. زاراوەی «تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی» ئاماژەیە بۆ حاڵەتێك كەكاریگەری لەسەر زۆرێك لەسیستەمی ئەندامەكانی جەستە دەبێت و زیان بەكۆی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەكان دەگەیەنێت و توانای كاركردنی جەستە لەسەر خۆی كەمدەكاتەوە. نیشانەكانی ئەم جۆرە حاڵەتە دەتوانن جیاواز بن، بەڵام زۆرجار بریتین لەخوێنبەربوون یان خوێن تێزان. بەپێ راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لەعێراق لەكۆی ١١٥ گومانلێكراو ٩٧ نەخۆش پشتڕاستبووەوە كەهەلگری ڤایرۆسەكەن و لەكۆی ٩٧ نەخۆشەكەش ٢٧ كەسیان گیانیان لەدەستدا. سەگڤان دۆسكی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» گەنجێكی تەمەن ٢٧ ساڵ كەپیشەی شوان بووە لەگوندێكی بەعشیقەی سەر بەشاری موسڵ، ماوەی سێ رۆژە بەگومانی پەتای خوێنبەربوون لەنەخۆشخانەی دهۆك چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام لەنەخۆشخانەی ئازادی گیانی لەدەستدا». هاوكات سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە تائێستا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لەسلێمانی تۆمارنەكراوە. وەزارەتی تەندروستی و كشتوكاڵی هەرێم چەند رێكارێكیان بۆ بەرگریكردن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە گرتووەتەبەرو وەزارەتی تەندروستی لەئاستی باڵا ژووری عەمەلیاتی پێكهێناوەو رێنماییی بۆ هاووڵاتیان بڵاوكردووەتەوە  بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشییەكە. هەروەها لەپارێزگای كەركوك تائێستا دوو حاڵەت پشتڕاستكراوەتەوەو تەندروستی شارەكە هۆشداری و رێنمایی بڵاوكردووەتەوە.. دكتۆر سۆما محەمەد، پزیشكی هەناوی بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، كاتێك تووشی مرۆڤ دەبێت دەبێتەهۆی دەركەوتنی چەندین نیشانەو نەخۆشی تر، ئەو ڤایرۆسە زۆربەی كات بەهۆی مێشوولە (گەنە)ی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە لەئاژەڵەوە (مانگا، بزن، مەڕو مەیموون، هتد) بۆ مرۆڤ. ‏‎بەوتەی ئەو پزیشكە نیشانەكانی تای خوێنبەربوون بریتین لە:(تاو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، ملهێشەو مل رەقبوون، قوڕگ هێشە، سوربوونەوەو خوێن تێزان لەسپێنەی چاو، زەردبوونی پێست یان سپێنەی چاو (زەردوویی)، پشت هێشە، لەش داهێزران و بێتاقەتی،  سەرگێژخواردن، خاوبوونەوە یان خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، ئازاری ماسولكەو جومگەو ئێسكەكان، رشانەوەو هەندێك كاتیش سكچوون، خوێنبەربوون لەدەم و لوت و گوێ). ‏‎‏‎ بەوتەی ئەو پزیشكە ئەم نەخۆشییەی كەئێستا لەكوردستان و عێراق باوە بەهۆی ڤایرۆسی Crimean-Congo fever لە خێزانی Bunyaviridae لەڕەگەزی Nairovirus‎. ‏‎لەكاتی سەربڕین و بەركەوتن و خواردنی ئاژەڵێكی هەڵگری ڤایرۆسەكەو بەریەككەوتن لەگەڵ جرج و مشك و گواستنەوە لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ هەیەو لەڕێگەی بەركەوتن بەخوێن و لیك و شلەی كەسی بەركەوتوو. ‏‎لەبارەی ئەوەی چەند رۆژ دوای بەركەوتن نیشانەكان دەردەكەون، ئەو پزیشكەی هەناوی باسی لەوەشكرد كەڤایرۆسەكە زیان بەدیواری موولوولەكانی خوێن دەگەیەنێت و لەهەمانكاتدا دەبێتەهۆی كەموبونەوەی خوێن مەینی سروشتی مرۆڤ، لەئەنجامدا تووشی خوێنبەربوونیان دەكات، دەكرێ زیان بەژیانی كەسەكە بگەیەنێت یان بیكوژێ بەهۆی خوێنبەربوون لەئەندامەكانی ناوەوەی جەستە، یان لاوازبوون و وەستانی گورچیلە، یان جگەرو سییەكان. دەربارەی چۆنیەتی دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە، دكتۆر سۆما ئەوەشی روونكردەوە كەدەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشیە بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی دەركەوتنی نیشانەكانەوەیە، كۆمەڵێ پشكنینی تاقیگەیش هەن كەدەتوانن دەستنیشانی ڤایرۆسەكە بكەن لەڕێگەی هەندێك پشكنینی تاقیگەیی زنجیرەیی پۆلیمەرەیز (PCR) ، یان (antigen detection)یان (serum neutralization)یان (ELISA) دەتوانن لەهەبوونی ئەم ڤایرۆسە دڵنیاببنەوە ئەویش بەوەی ئەگەر ئەنجامی پشكنینەكان ئەرێنی دەرچوون ئەوا پێیان دەڵێت كەسەكە تووشی ڤایرۆسەكە بووە. ‏‎سەبارەت بەچارەسەری نەخۆشیەكەش وتی:» هیچ دەرمانێك نییە كەبتوانێت ڤایرۆسەكە لەناوببات، بۆیە چارەسەركردن بریتییە لەچارەسەركردنی نیشانەكانی نەخۆشیەكە، لەگەڵ ئەوەی دەرمانێكی تایبەت نیە دژی ئەو ڤایرۆسانە، بەڵام دەرمانی ریباڤرین (Ribavirin) وەكو چارەسەر تائێستا سوودی لێبینراوە». پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن ئەو كەسانەی ئاژەڵدارن و بەركەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، یاخود ئەو كەسانەی لەكوشتارگەی تایبەت بەسەربڕینی ئاژەڵ كاردەكەن مەترسی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە، چونكە لەكاتی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی كەهەڵگری ڤایرۆسەكەن رەنگە خوێنی ئاژەڵەكە یان پاشماوەكانی ئاژەڵە تووشبوەكە بەر پێستی كەسەكە بكەوێت و لەوێوە ڤایرۆسەكەی بۆ دەگوازرێتەوە. مێژووی دۆزینەوەی ئەو ڤایرۆسە لەمێژینەیەو بۆ یەكەمین جار لەساڵی ١٩٤٤ لەنیمچە دوورگەی كریمییا لەڕۆژهەڵاتی ئەورووپا سەریهەڵداو بە (Crimean hemorrhagic fever) ناسرا، دواتر لەساڵی ١٩٦٩ دووبارە لەكۆنگۆ دەستنیشانكرایەوە بۆیە بە  Crimean-Congo- Hemorrhagic fever ناسرا. گەورەترین سەرهەڵدانەوە تائێستا بووبێت لەوڵاتانی كۆنگۆی دیموكرات، ئۆگەندا، سودان و ئەنگۆلا بووە.  

هاوڵاتی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چەندین گۆڕانكاری ڕاگرت . بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆتایی بە 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هێنا، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات. دوای زیاتر لە پێنج مانگ دانیشتنی دادبینی‌و دواخستن، دواجار 30-5-2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون. دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەم بڕیارە هێشتا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی پێناهێنێت و بەشێكی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی پارتییە و بەشێكیشی لەبەرژەوەندی یەكێتی. سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌، (شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان. یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست، واتا زیاتر لە پێنج مانگ ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو‌. بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن: یەكەم: یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق دووەم: یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان سێیەم: یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق. چوارەم: یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق پێنجەم: یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 شەشەم: بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە هەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون. رۆژی 22-5-2023 پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە. پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێت‌و كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێت هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن. ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان رێواز فایەق كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد. بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند. ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن. پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییەش درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی خۆی دەبینێت، هەرچەندە هیچ بەرپرسێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن. بەڵام پێشتر لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"هیچ دەنگدانێك نەبووە لەپەرلەماندا جگە لەوەی شەڕكراوە، دوو كەسیان بە ناشەرعی بردووەتە بەردەم ئەنجومەنی دادوەری، ئەو ئەنجومەنە خۆی ئەگەر سەروەری یاسا هەبێت دەبێت دادگایی بكرێن ". بەوتەی لوقمان وەردی " لەدەرەوەی سازانی نیشتیمانی و ناكۆكی نێوان هێزە سیاسیەكانیان قوڵتركردەوە، لای ئێمە هیچ شتێك نیە بەناوی كۆمسیۆن و هیچ گفتوگۆیەكیش لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنەوە نییە". ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت. لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێش‌و دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد. بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتیی‌و زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات. یەكێتیی مانگی ڕابردوو لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراق‌و یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن. ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"رێكارە ئیداریەكانمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەستپێكردووەو نوسراویشمان ئاراستەی كۆمسیۆنی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانمان رادەست بكەن". وتیشی:"سەرەتا رێكارەكان بۆ ئەوەیە هەندێك لایەنی ئیداری رێك بخەینەوە و كارەكانی فەرمانبەرەكانیش رێكبخەینەوە، بەڵام تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرێوەنەچووە". وەك سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 25 ملیۆن دۆلاری پێویستە و ئەو پارەیەش زیاتر بۆ كارمەندەكانە". پێشتریش عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"دەمانویست پێش بەسەرچوونی وادەی یاسایی پەرلەمان كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، لەدوای شەشی 11 ی 2022 كە وادەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووە، پێمان وایە پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە یاسا دەربكات". وتیشی:"هەردوو حزبی دەسەڵات دۆخێكیان دروستكردووە كە ئێستا دەزگاكان هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە و كێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە". ڕاپۆرتێكی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراك دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسانەی كە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەكە نەسڕاوەتەوە، كە بە سەدان هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. پشكی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكی دیكەیە لە خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەندێكش بە "گرێكوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن پێی وایە "ئەو یانزە كورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بۆ پێكهاتە نەتەوەییەكان تەرخانكراوە، بۆ یەكەمجارە بووەتە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی". ئارام جەمال پێشیوابوو كە چارەسەری دروست ئەوەیە و كە ئەو پێكهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونكە ڕەگی كێشەكە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێكهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەبووە.

هاوڵاتی  ماوەی زیاتر لەمانگێكە بەهۆی بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران كێشەیەكی 150 ساڵە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەریهەڵدەداتەوەو ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن پەلەیان كردووە لەقبوڵكردن و دانپێدانان بەتاڵیباندا. سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی وڵاتەكە چەند جارێك بەفەرمی داویان لەتاڵیبان كردووە كەبەنداوی سەر روباری هێلمەند (هیرمەند) بەربداتەوە بۆ ئەوەی ئاو بگاتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و قەیرانی وشكەساڵیی زیانی زیاتری لەو ناوچەیە لێنەكەوێتەوە، بەڵام تاڵیبان ئەو داوایەی رەتكردەوەو رایگەیاند؛ ئاوی پێویست لەو رووبار و بەنداوەوە بوونی نییە لەكاتێكدا بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان و لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاو لەو بەنداوە هەیەو بەرنادرێتەوە. بەرپرسانی تاڵیبان لەبەرامبەر داواكارییەكانی سەرۆك كۆمارو ئەو بەرپرسانەدا داوایان كردووە ئێرانییەكان نزا بكەن بۆ ئەوەی باران ببارێت و ئاوی ئەفغانستان زۆر بێت و ئەوانیش ئاوی بەنداوەكانیان بۆ بەربدەنەوە. ئێران تاڵیبان تۆمەتبار دەكات بەهۆی كشتوكاڵی خەشخاش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی تریاك رێگە نادرێت ئاوی روباری هێلمەندو لەڕێگەی گرتنەوەی دوو بەنداوی كەجەكی و ئەرغەنداب بگاتە ئێران و لەلایەكی دیكەوە تاڵیبان سەرقاڵی تەواوكردنی بەنداوێكی دیكەیە بەناوی (كەمال خان) كە گومانی تێدا نییە ئەو بەنداوەش گرژییەكانی نێوان تاران و تاڵیبان توندتر دەكاتەوە. ئەگەرچی لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان ناكۆكیی و گرژیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە، بەڵام پێكدادانی رۆژی شەممە (27/5/2023) لەنێوان پاسەوانانی سنوری ئێران و چەكدارانی ئەو رێكخراوە بووە بریسكەیەكی بەهێز بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیمارەتی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كەچەكدارانی تاڵیبان دوای پێكدادانەکە نوێژی سوپاسگوزارییان لەخاكی ئێراندا خوێند. بەوتەی بەرپرسانی ئێران لەماوەی یەك ساڵدا چەكدارانی تاڵیبان زیاتر لەهەشت جار هێرشیان دژی بنكە سەربازییەكانی سەر سنوری ئێران ئەنجامداوەو رۆژنامەیەكیش ئاشكرای دەكات لەكاتی گەڕانەوەی تاڵیبان لەئایاری ساڵی 2021 بۆ ئەفغانستان زۆرترین پاسەوانی سنوری ئێران لەلایەن ئەو چەكدارانەوە كوژراون. سوپای ئێران دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشەوە رۆژێك دوای پێكدادانەكە سنوری ساسولی نێوان ئەفغانستان و ئێران كەكوژراوو برینداری لێكەوتەوە دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران خۆیان گەیاندە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لەگەڵ بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكان كۆبوونەوە و حاڵەتی ئامادەباشیان بە بێدەنگی راگەیاند. قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پۆلیسی ئێران لەكاتی سەردانی بۆ ناوچەی پێكدادانەكە رایگەیاند: سنورەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئەفغانستان، سنوری ئاشتییە بۆیە نابێت رێگەبدەین دۆخی نائاسایی لەو سنورانە رووبدات. هاوكات ئەمیر كەیومەرسی مەنسوری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای فەرمیی ئێران رایگەیاند؛ تا ئەوكاتەی وڵاتانی دراوسێ لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەنگاو بنێن رێزیان لێدەگیرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو یاسایانە جموجۆڵ بكەن ئەوا بەشێوازێكی دیكە وەڵامیان دەدرێتەوە. زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی سوپای پێشووی ئەفغانستان لەئێران داڵدە دراون و دوور نییە ئەگەر كۆماری ئیسلامی لەلایەن تاڵیبانەوە فشاری زیاتری بخرێتەسەر ئەوا ئەو كەسانە دژی تاڵیبان پڕچەك بكاتەوە ئەوەش لەكاتێكدایە دوای كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان زیاترین ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەكی قورسی سوپای وڵاتەکە رەوانەی ئێران كران و ئەگەری هەیە ئەو چەك ئۆتۆمبێلە سەربازییانە دژی تاڵیبان بەكاربهێنرێت. دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیماراتی ئیسلامی پردی ئاوریشم لەنێوان ئەفغانستان و ئێران بۆ ماوەی 24 كاتژمێر داخرا كەگرنگترین پردی هاتوچۆی سەر سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.   تاڵیبان تێنوی جەنگە لەگەڵ پێكدادانەكانی رۆژی شەممە ڤیدیۆی دەیان تانك و زرێپۆش و تۆپ و چەكی قورس بڵاوكرایەوە كە لەلایەن تاڵیبانەوە رەوانەی سنورەكانی نێوان ئەفغانستان و ئێران كران. عەبدولحەمید خوراسانی، یەكێك لەفەرماندەكانی تاڵیبان هەڕەشەی ئەوەی لەئێران كرد كەهاوشێوەی ئەمریكا شەڕ لەدژی كۆماری ئیسلامی رادەگەیەنن، بەڵام تەنها 12 كاتژمێر دوای هەڕەشەكانی لەپۆستی قائیمقامیەتی ویلایەتی پەكتیا لەئەفغانستان لادرا. ئەو لەپەیامێكیدا لەتویتەر بڵاویكردبووەوە كەدەمێكە شەڕیان نەكردووەو بەزمانی فارسی نووسیویەتی: پەروەردگار بیەوێ لەگۆڕەپانی جەنگدا رووبەڕووی نەوەی زەردەشت ببێتەوە، چونكە ئەو وڵاتانەی لە شكستی رۆژئاوا تێنەگەیشتوون دەبێت تێگەیەنرێن. رۆژنامەی «هەم میهەن» بڵاویكردووەتەوە لەساڵی 2021 تادوایین هێرشی تاڵیبان زیاتر لەپەنجا پاسەوانی سنوری ئێران لەناوچە سنورییەكان كوژراون كەزۆربەیان لەسنوری نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەفغانستان و پاكستان بووە. ئەبولفەزڵ زۆهرەوەند، باڵیۆزی پێشوی ئێران لەئەفغانستان بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە كە ناكرێت هەموو شتێك ئاشكرا بكرێت، بەڵام جەنگی كۆماری ئیسلامی و تاڵیبان ئەگەرێكی بەهێزە چونكە ئەو چەكدارانە هۆكارێكن بۆ تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە. هەندێك كەس شكستی كۆماری ئیسلامی لەدژی تاڵیبان دەخەنە ئەستۆی حەسەن كازمی قومی، باڵیۆزی ئێستای ئێران لەئەفغانستان، چونكە پێیانوایە ئەو توانای نوێنەرایەتیی راستەقینەی وڵاتەكەی لەبەرامبەر تاڵیباندا نییە. كازمی قومی رۆژی شەممە دوای كوژرانی دوو پاسەوان و برینداربوونی دوو پاسەوانی سنوری دیكەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تاڵیبان كۆبووەتەوەو پێی راگەیاندوون كۆماری ئیسلامی لەكۆبوونەوەی دەوحە بەرگریی لەتاڵیبان كردووە و چاوەڕێی ئەوەیان نەكردووە دەسەڵاتی ئێستای ئەفغانستان دژی بوەستنەوەو هێرش بكەنەسەر سنورەكانی ئێران. قومی وتووشیەتی لەدوایین كۆبوونەوەدا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان، ئێران ماوەی یەك مانگی بۆیان دەستنیشانكردوە كەئاوی هێلمەند بەربدەنەوەو ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەكرا ئەوا تاران بەشێوازێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان دەكات، ئەو وتەیە تەنها هەفتەیەك پێش پێكدادانەكەی سنوری ئێران و ئەفغانستان بوو.   ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران لەساڵی 1872 كێشەی نێوان ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند بەردەوام بووە كەدەكەوێتە ویلایەتێك بەهەمان ناو لەئەفغانستان و ئاوی ئەو روبارە لەدیوی باشوری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەڕژێتە دەریاچەی هامون و بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت لەهەر چركەیەكدا 26 مەترسێجا بۆ ئێران بەردرێتەوە كە لەساڵیكدا دەكاتە 850 ملیۆن مەترسێجا ئاو. دەریاچەی هامون بەسێیەم گەورەترین دەریاچەی ئێران دوای دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەژمار دەكرێت و دەریاچەیەكی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە. لەدوای دەسەڵاتی تاڵیبان لەكۆی ئەو 850 ملیۆن سێجا ئاوە تەنها چوار ملیۆن مەترسێجا ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران بەردراوەتەوە. پرسی ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ناسرەدین پاشای قاجارو دوای ئەویش لەسەردەمی رەزا پەهلەوی بۆ ماوەی حەوت ساڵ دانوستان كراوە تادواجار بەدەستوەردانی بەریتانیاو فەڕەنسا 1935 رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بەمافی ئاوی ئێران لە روباری هێلمەند كراوە. ناكۆكی و گرژیی توند زیاتر لە 20 جار لەساڵانی 1935 تا 2023 لەنێوان دەسەڵاتەكانی ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند روویداوە كە تائێستاش بەردەوامەو رەنگە هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەریی ئەو كێشەیە بوونی نەبێت تەنها ئەوەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زیاتر لە 100 ساڵە باجی ئەو ناكۆكی و گرژییانە دەدات و بەبەردەوامی كێشەی وشكەساڵی لەو پارێزگایە قوربانیی لێدەكەوێتەوە. كۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان زیاتر لە 25 كۆبوونەوەی تەنها تایبەت بەئاو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان كردووە كە دەركەوتووە هیچ ئەنجامێكی لەبەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا لێنەكەوتووەتەوە.   تاڵیبان بەتیرو توانج وەڵامی تاران دەداتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتی سەردانی هەفتەی رابردووی بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ داوا لەبەرپرسانی تاڵیبان دەكەم ئاوی بەنداوەكان بەربدەنەوەو بەپێچەوانەوە كاردانەوەی تریان دژیان دەبێت، بەڵام ئەو وتانەی رەئیسی كاردانەوەی گاڵتەئامێزی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە لێكەوتەوەو هاوكات لەبەیاننامەیەكدا ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان بەفەرمی داوای لە رەئیسی كرد كە بەو شێوازە داواكارییەكانەی دەرنەبڕێت. جەنەڕاڵ موبین یەكێك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان لەڤیدیۆیەكدا دەردەكەوێت دەبەیەكی 20 لیتری ئاوی بەدەستەوەیەو لێدەپرسن بۆچیتەو ئەویش لەوەڵامدا بەتوانجەوە دەڵێت رەئیسی هەڕەشەی كردووەو ترساوم، بۆیە بەو دەبەیە ئاوی بۆ دەبەم. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێكدا لەسەر بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە وتی: وڵاتەكەی لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان لەسەر ئەو بابەتە بەناڕاست دەزانێت و لە رێككەوتنی كابول و تاران لەساڵی 1972 بەئاشكرا مافی ئێران لەئاوی هێلمەند روون كراوەتەوەو دەبێت لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ئەو رێككەوتنە لەبەرچاو بگیرێت. ئەو وتووشیەتی: تاڵیبان بەشێكە لەئەفغانستان بەڵام هەمو وڵاتەكە لەدەستی ئەودا نییەو كۆماری ئیسلامی بەپێی قورسایی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.   تاڵیبان شكۆی تاران دەشكێنێت لەبەیاننامە فەرمییەكانی تاڵیبان سەبارەت بەبەردانەوەی ئاو بۆ ئێران باس لەوشكبوونی بەنداوەكان و رووبارەكان كراوە بەڵام بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان كەوەزارەتی وزەی كۆماری ئیسلامی بڵاویكردووەتەوە ئەو شوێنانە ئاوی پێویستیان تێدایە بۆیە داوایان كردووە دەستەیەكی شارەزا لەئێرانەوە سەردانی ئەو بەنداوانەی ئەفغانستان بكات لە بەرامبەردا تاڵیبان رایگەیاندووە هیچ دەستەو كەسێك بۆی نییە لەئێرانەوە سەردانی ئەو شوێنانە بكات و لەهیچ رێككەوتنێكی ئەفغانستان و ئێران ئەو خاڵە باس نەكراوە. حیشەمەتوڵڵا فەڵاحەت پیشە، سەرۆكی پێشوی دەستەی ئاسایش لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ هۆكاری ئەوەی تاڵیبان بەئاشكرا درۆ لەگەڵ ئێران دەكات بڵاوكردنەوەی سیاسەتی ترسە لەلایەن بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی سەبارەت بەئەفغانستان و تاڵیبان. بەوتەی ئەو وەزیری دەرەوەو باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لەكابول هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی تاڵیبان بێباكانە مامەڵە لەگەڵ تاران دەكات بەجۆرێك لەئاست و شكۆی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە. ژمارەیەك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان شەڕیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەفتوحاتی ئیسلامی وەسف كردوەو رایانگەیاندووە ئەگەر فەرمانی جیهاد بدرێت ئەوا تاكۆنتڕۆڵكردنی تاران ناوەستن.