شەنای فاتح چەندین ساڵە لەهەرێمی كوردستاندا سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێردراوەو جێبەجێناكرێت، بەڵام لەدادگاكانی هەرێمدا بەسەر تاوانباراندا دەسەپێندرێت. سزای لەسێدارەدان لەهەندێك وڵاتی جیهاندا جێبەجێدەكرێت كەژمارەیان نزیكە لەپەنجا وڵات و زۆرترین لەسێدارەدانیش لەوڵاتی ئێراندا تۆماركراوە، هەروەها لەوڵاتە عەرەبییەكان و چین و كۆریای باكورو ئەمریكاشدا سزای لەسێدارەدان جێبەجێدەكرێت. لەساڵی ٢٠٢١بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  ٥٧٩ كەس لە ١٨ وڵاتی جیهاندا لەسێدارەدراون كە ٣١٤ كەسیان لەئێران لەسێدارە دراون كەدەكاتە زیاتر 50% ی لەسێدارەدراوان، هەروەها ١٠٦ دەوڵەت لەجیهاندا بەتەواوی سزای لەسێدارەدانیان بۆ هەموو تاوانەكان هەڵگرتووە. بەوتەی پەرلەمانتارێك سزای لەسێدارەدان بەنهێنی جێبەجێ دەكرێت عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» جێبەجێنەكردنی سزای لەسێدارەدان لەهەرێمی كوردستاندا هیچ پاساوێكی نییەو یاساییش نییە، چونكە هەندێ وڵاتی گەورەی ئەوروپی و رۆژئاواش كەزۆر زیاتر لەكوردستان بانگەشەی مافی مرۆڤ دەكەن سزای لەسێدارەدانیان لەوڵاتەكانیاندا جێبەجێدەكرێت». هەروەها پێشیوابوو كەپێویستە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بكرێت، هەرچەندە جیاوازیش دەكرێت لەهەندێ حاڵەت و بەبێدەنگی جێبەجێكراون. عومەر گوڵپی وتیشی:» لەهەندێ حاڵەتی كەم و تایبەتدا لەهەرێمی كوردستاندا سزای لەسێدارەدان جێبەجێكراوەو سەرۆكی هەرێم واژۆی بڕیارەكەی كردووە، وەك تاوانباری دەستدرێژیكردنەسەر منداڵێكی تەمەن دوو ساڵان لەسنووری پارێزگای دهۆك لەساڵی 2016دا». عومەر گوڵپی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هێشتنەوەی سزادراوانی لەسێدارە بەو جۆرە بارگرانییە لەسەر حكومەت و دامەزراوەكان و كێشەی بەڕێوەبردنی چاكسازییەكان، بەڕێوەبردنی ئەو كەسانەیە كەسزای لەسێدارەدانیان هەیە چونكە بەشێكی زۆریان پابەند نابن بەیاسای چاكسازییەكان. هەروەها ئەو كەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە كێشەیەكی گەورەیان بۆ خانەوادەكانیان دروستكردووە، چونكە یەكلانەبوونەوەی چارەنووسیان كێشەی گەورە لەڕووی یاسایی و كۆمەڵایەتیەوە بۆ خانەوادەكانیان دروستدەكات. عومەر گوڵپی جەختی لەوەشكردەوە كە» جێبەجێنەكردنی ئەم یاسایە هاندانە بۆ تاوان چونكە تاوانبار دەزانێت گەر دادگاش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنێت لەسەری جێبەجێ نابێت». سزای لەسێدارەدان یەكێكە لەسزا قورسەكان و بەسەر ئەو كەسانەدا دەچەسپێت كە تاوانی قورس و قێزەونیان ئەنجامداوە، بەپێی یاسا ئەو تاوانانەی كەسزاكەیان لەسێدارەدانە بریتین لە: (ماددەی چواری تیرۆر- كوشتنی عەمدی- زینای مەحاریم، واتە ئەو كەسەی لەگەڵ مەحرەمی خۆیدا زینا بكات- كوشتن بەژەهر- كوشتن بەپارە- كوشتن بۆ تەماح - كوشتنی فەرمانبەری دەوڵەت- بازرگانی بەماددە هۆشبەرەكان). لەئاستی نێودەوڵەتیدا زۆرینەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دژی سزای لەسێدارەدانن و داوای هەڵگرتنی یەكجاری دەكەن، بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەركردنی بڕیارو سزادانی تاوانبار بە لەسێدارەدان هەروەك خۆی ماوەتەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە. پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «زۆرێك لەڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دژی ئەوەن كەسزای لەسێدارەدان جێبەجێبكرێت و بەشێك لەوڵاتانیش لەناو یاساو دەستورەكانیاندا سزای لەسێدارەدانیان سڕیوەتەوە، عێراق بەپێی ماددەی شەش لەپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافی شارستانی و سیاسی كەساڵی ١٩٧١ ئەو پەیماننامەیەی جێبەجێكردووە، دەڵێت (دەبێت سزای لەسێدارەدان جێبەجێنەكرێت لەحاڵەتی زۆر تایبەتدا نەبێت»). ئەو پارێزەرە وتیشی:» زۆربەی زۆری تاوانەكانی كوشتن سزاكەیان لەسێدارەدانەو لەیاساكانی هەرێمی كوردستاندا سزای لەسێدارەدان هەیە، بەڵام هێشتا جێبەجێكردنی حوكمەكە زۆر كەمەو هەندێ حاڵەت لەهەرێمی كوردستاندا جێبەجێكراوە». «سزای لەسێدارەدان جێبەجێبكرێت باشە، چونكە لەئەنجامی جێبەجێنەكردنی ئەو سزایەدا تاوانەكان زۆربوون و بەتایبەت تاوانی كوشتن روو لەهەڵكشانەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی  زۆرجار بكوژەكان نەك هەر لەسێدارە نادرێن بەڵكو لەدەرەوە دەمێننەوە و داڵدە  دەدرێن، 90%ی پارێزەران و دادوەرەكان لەگەڵ ئەوەدان كە سزای لەسێدارەدان جێبەجێبكرێت»، نەریمان ئەحمەد وای وت. بەپێی ماددەی ٢٨٥ لەیاسای بنەما دادگەرییە سزاییەكان یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧٥ سەرۆكی هەرێم بەپێی ئەو ماددەیە رەزامەندی دەرببڕێت ئەوكات دەتوانرێت سزاكە جێبەجێبكرێت. بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لەكۆی زیاتر لەپێنج هەزار زیندانی (٤٤٦) زیندانی سزای لەسێدارەدانیان هەیە. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە ئەو یاسایەمان رانەگرتووەو سەرۆكایەتی هەرێم رایگرتووە». هەروەها باسی لەوەشكرد كەئەو سزایە لەساڵی ١٩٩٢وە جێبەجێنەكراوە،  زیندانی هەیە لەزیندانەكانی هەرێمی كوردستاندا لەساڵی 1992 ەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووەو تائێستا لەزینداندایەو بەسەریدا جێبەجێنەكراوە». «بەنووسراو داوامان لەئەنجومەنی وەزیران كرد سزادراوانی سێدارە و تاوانەكانی تیرۆر لەسەر ئێمە لادەن، چونكە ئێمە ناتوانین چاكسازی لەیەكێكدا بكەین كەسزای لەسێدارەدانی هەبێت، بەڵام تائێستا داواكارییەكە لەئەنجومەنی وەزیرانە». ئیحسان عەبدولڕەحمان وای وت. لەهەرێمی كوردستاندا شەش چاكسازی هەن دوو چاكسازی لەهەولێر، دوو لەسلێمانی و دوو لەدهۆك كەسزادراوان ماوەی سزاكانیان تیایدا بەسەردەبەن. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان لەساڵی ٢٠٢٢دا (٢١٥) كەس كوژراون كە ١٨٣یان بەئەنقەست بووە و ٣٢ كەسیشیان پاش لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە بێ مەبەست كوژراون و لەدادگاكانی هەرێم یەكلاكراونەتەوە. سزای لەسێدارەدان تائێستاش لەعێراق و ئێران و توركیا جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستان تائێستا نەیتوانیوە لەڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری هەڵگرتن یان جێبەجێكردنی سزاكە بەیاسایەكی نوێ یەكلایی بكاتەوە.

هاوڵاتی لەتوركیادا باس باسی شكستی ئەردۆغانە بەرامبەر ركابەرەكەی كەمال كلیچدار ئۆغلو، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا كۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن كردووە دژی دەسەڵاتی ئێستای توركیا. هاووڵاتیانی توركیا 10 رۆژی دیكە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كەمال كلچدارئۆغلۆ یاخود هەڵبژاردنەوەی سەرۆكە كۆنەكەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لەپەرلەماندا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.  گەرمترین بانگەشەی هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا دەستیپێكردووە، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی كۆماری دەسەت ركابەری سەرسەختی یەكن و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش كە لەكوردو چەپەكانی توركیا پێكدێت، لەم نێوەندەدا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن كەبڕیاریانداوە دەنگەكانیان بۆ كلیچدار ئۆغلو بێت.   دەنگێك بۆ پارتی چەپی سەوزو دەنگێك بۆ كلچدار ئۆغلۆ پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، لەدوو لاوە هاوپەیمانی پێكهێناوە، هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە سۆسیالیست و چەپەكانی توركیا لەژێر ناوی هاوپەیمانی رەنج ئازادی و هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە كوردیەكانی باكوری كوردستان بەناوی هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان. هەرچەندە ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكردبوو، بەشێوەیەكی فەرمی پشتگیری خۆی بۆ كاندیدێكی دیكە ئاشكرا نەكردبوو، بەڵام لەم هەفتەیەدا هەم هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان و هەم هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاشكرایان كرد كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەنگ بە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەشاری وانی باكوری كوردستان رایگەیاند، ئەوان یەك ئامانجیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)و هەروەها شكستی رەجەب تەیب ئەردۆغان. لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی داوای لەدەنگدەرانی كرد، لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێك بەپارتی چەپی سەوزو دەنگێكیش بە كلچدار ئۆغلۆ بدەن.   دەنگدان لەدەرەوەی وڵات ٢٧ی نیسان دەنگدانی دەرەوەی وڵات لەكونسوڵخانە، باڵیۆزخانە، فڕۆكەخانەو دەروازە سنوریەكانی توركیا دەستیپێكرد كە نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەپێی دابەشكاری لە وڵاتاندا تا ٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت كە ١٧٧ ناوەندی هەڵبژاردن لەزیاتر لە ٦٠ وڵات كراونەتەوەو لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش سێ ناوەندی هەڵبژاردن كراونەتەوە كە ٧ی ئەم مانگە هاووڵاتیانی توركیا دەتوانن لەو ناوەندانە دەنگ بدەن. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، لە ١٠ی مانگدا، بەسێ فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی توركیا، دەنگەكانی دەرەوەی وڵات بۆ فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ دەگەڕێندرێنەوە كەدەنگەكانی دەرەوەی وڵات رۆڵێكی گەورەیان لەیەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردندا هەیە.   چاودێرە بیانییەكان جگە لەچاودێرانی پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی مەدەنی توركیا، چاودێرانی بیانیش خۆیان ئامادە دەكەن  لەنزیكەوە چاودێری هەڵبژاردنەكەی ١٤ی ئایار بكەن و ئامادەكاریان كردووە سەردانی توركیا بكەن بۆ ئاشكراكردنی ساختەكاری هەر لایەنێك كەبیەوێت ئەنجامی بدات تا زانیارییەكان بیگەیەننەوە وڵاتەكەیان. بەپێی هەواڵێكی بەشی توركی ماڵپەڕی دۆیچە ویللەی ئەڵمانی، رێكخراوی دیموكراتی ئاسایشی ئەوروپاو ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ، كۆنسەی ئەوروپا، گروپی سۆسیالیست، دیموكرات و پارتی سەوز، فراكسیۆنەكانی دیموكراتە كریستیانەكان، لیبڕال، چەپ و موحافزكارەكانی كۆنسەی ئەوروپاو بەگشتی وەفدی پەرلەمانەكانی ئوستورالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، رۆمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵۆنیا كەژمارەیان زیاتر لە ٥٠٠ كەس دەبن دوای ٧ی ئایار سەردانی توركیا دەكەن و بەگشتی چاودێری، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، كارنامەی كاندیدەكان و میدیاكان دەكەن.   ئۆپۆزسیۆن گومانی لەشكستی ئەردۆغان نییە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كە لەهاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا كۆبوونەتەوە، دەستیان بەبانگەشەیەكی گەورە كردووەو گوند بەگوند، شار بەشارو پارێزگا بەپارێزگا كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدەدەن. دروشمی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی لەم هەڵبژاردنەدا، باشكردنی بژێوی خەڵك، دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی، كۆتاییهێنان بەگەندەڵی و چارەسەری پرسی كوردە لەپەرلەماندا. هەرچی بەرەی دەسەڵاتیشە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە هاوپەیمانی گەل خۆی رادەستی پەكەكەو هەدەپە كردووەو ئەردۆغانیش هەموو رۆژێك پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری و سەربازی رادەگەیەنێت. ئەردۆغان بە نهێنی وەفد دەنێرێتە لای پەکەکە و بە ئاشکرا خەڵک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵیاندا تۆمەتبار دەکات ئەوەی جێگەی سەرنجە، مەتمانە بەخۆبوونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە  زۆر باسی شكستی دەسەڵاتە ٢١ ساڵیەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و كۆتاییهێنان بەهاوپەیمانی مەهەپەو جەهەپە دەكەن. كەمال كلچدارئۆغلۆ لە وكۆبوونەوە جەماوەرییەكەی شاری ئیزمیردا كە بەقەڵای جەهەپە ناسراوە رایگەیاند كاتی گۆڕانكاری هاتووەو كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان دەهێنێت. هەروەها چیدەم كلچگون ئوچار هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەكۆبوونەوە جەماوەریەكەی پارتەكەیدا لەشاری دێرسیمی باكوری كوردستان رایگەیاند، دەنگێك بەشكستی رژێمی فاشیست و دەنگێك بەنوێنەری رەنجدەرانی توركیا دەدرێت و پێكەوە دەسەڵات دەگۆڕن. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلانە كە حەوت ساڵە لەزینداندایە. دەمیرتاش كە لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپەدا، ئەردۆغان قسەی لەسەر دەكات و دەڵێت ‹تاوەكو من مابم دەمیرتاش لەزینداندا دەبێت› لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی، رایگەیاند، گومانی لەوە نییە كە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا شكست دەهێنێت.   ئەردۆغان وەفدی بۆ ئیمڕالی و قەندیل ناردووە؟ رۆژنامەی یەنی یاشامی توركی لەزاری ئامەد دیجلە میدیاكارێكی پەكەكەوە رایگەیاند، ئەردۆغان لەچوارچێوەی پرسی هەڵبژاردندا، وەفدی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لەئیمڕالی و بەرپرسانی ئەو پارتە لەقەندیل ناردووەو داوای لێكردووە كە هەدەپە و دەنگدەری كورد رازی بكەن دەنگی پێبدەن، بەڵام هەم لە ئیمڕالی و هەم لەقەندیل وەفدەكانی ئەردۆغان بێ هیچ دەستكەوتێك گەڕاونەتەوە. هەرچەندە ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو رایگەیاند، دوورە لەڕاستیەوە، بەڵام مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی ئیی پارتی (پارتی باش) هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، ناوی ئەو كەسەش دەزانێت كە ئەردۆغان رەوانەی ئیمڕالی كردووە. لەو بارەیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند كە هەواڵەكە راستەو ئەمەش دووڕوویی ئەردۆغان پیشاندەدات كە لەلایەك هەدەپە بەپشتگیریكردن لەپەكەكە تاوانبار دەكات و لەلایەكی دیكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە ئەنجامدەدات و داوای دەنگیان لێدەكات.   كەجەكە: ١٤ی ئایار گرنگترین هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا بەڕێوەدەچێت پەكەكە لایەنێكی دیكەیە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە هەیەو بەرپرسانی ئەو پارتە رۆژانە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەڵێن، پێویستە بۆ كردنەوەی رێگەی دیموكراسی لەتوركیا كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم هۆیەشەوە، بڕیاری بێ چالاكی و راگرتنی شەڕیان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان درێژكردووتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە رایانگەیاندبوو. بەسی هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەدوایین قسەكانیدا كە میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند:» هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار یەكێك لەگرنگترین و مێژووییترین هەڵبژاردنەكانی كۆمارە، هۆكاری سەرەكی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە رژێمی فاشیستی قڕكەری ئاكەپەو مەهەپە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات». هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو كە:» ئەم رژێمە فاشیستە لەسەر بناغەی تەواوكردنی قڕكردنی كورد، دەیەوێت ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و كۆمار بەڕژێمی دیكتاتۆری فاشیستی دەستوری بنەڕەتی پیرۆز بكات، ئەگەر دەسەڵاتی فاشیست لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، فاشیزم بەتەواوی سیستمی خۆی دادەكوتێت و سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی كورد، پلانی شەڕی گشتی زیاتر قوڵ دەكاتەوە». بەسێ هۆزات  داواشی لەخەڵكی توركیاو بەتایبەتی كوردانی باكوری كوردستان كرد، دەنگ بەپارتی چەپی سەوز بدەن و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بهێنن. راپرسییەكان لەبەرژەوەندی ئەردۆغاندا نین رۆژانە راپرسی و شیكردنەوەی جیاواز لەبارەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، تائێستا بەپێی زۆربەی راپرسیەكان، كلچدار ئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوەیە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی بواری راپرسی دەڵێن، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پێشبڕكێكە یەكلایی نابێتەوە، بەڵام لەخولی دووەمدا كلچدار ئۆغلۆ سەردەكەوێت. دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (پیئار) ئەنجامدراوە كەكۆمپانیایەكی سەربەخۆی توركیایە. كۆمپانیاكە لە ٤٠ پارێزگای توركیا رای پێنج هەزارو ٤٠٠ كەسی بەشێوەیەكی رووبەڕوو وەرگرتووەو رایگەیاندووە كە كلچدار ئۆغلۆ لەخولی یەكەمدا لەسەركەوتن زۆر نزیك دەبێت و ئەنجامەكەی بەم شێوەیەیە: كەمال كلچدارئۆغلۆ رێژەی لەسەدا 49.4%  و رەجەب تەیب ئەردۆغان 47.1% و سینان ئوغان 2.3% و موحەڕەم ئینجە 1.2% بەدەستدەهێنن. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا کۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کردووە  

پ.دهۆك دوای نزیكەی شەش ساڵ فەهد حامد، قایمقامی شنگال دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاندو لەئێستادا باس لەدانانی قایمقامێكی نوێ دەكرێت. لەساڵی 2017دا فەهد حامد، وەك قایمقامی شنگال بەوەكالەت دەستبەكاربوو، بەڵام رۆژی 20ی نیسانی مانگی رابردوو دەستی لەكاركێشاوەتەوەو تائێستا هیچ ناوێكی دیاركراو بۆ پۆستەكەی یەكلایی نەكراوەتەوە. جەلال خەلەف، كەپۆستی بەڕێوەبەری لەقایمقامی ناوەندی شەنگال هەیە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێستا شەنگال بێ قایمقامەو هیچ وادەیەك بۆ دانانی قایمقامێكی نوێ دەستنیشان نەكراوە«. جەلال خەلەف دەشڵێت:»دانانی قایمقامێكی نوێ دەمێنێتەوە سەر رێككەوتنی حزبەكان، بەدڵنیایەوە نەبوونی قایقمامێك كێشەی زۆر بۆ خەڵك دروستدەكات، چونكە بۆ هەر مامەڵەیەك خەڵك پێویستی بە قایمقامە «. خاڵ عەل بەرپرسی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دانانی قایمقامێکی نوێ لەدەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، ئەوەشی دووپاتکردەوە کەپێویستە قایمقامی نوێ کەسێکی «لێهاتوو و بێلایەن» بێت. 

هاوڵاتی سیاسەتمەدارێكی كورد چوونی وەفدێكی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) بەسەرۆكایەتی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان لەئیمڕاڵی پشتڕاستدەكاتەوە. محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كوردو شارەزا لەدۆسیەی كوردانی باكوری كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو وەفدەی دەوڵەتی توركیا ناردویەتی بۆ ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا سەركردایەتی كردووەو چەند كەسێكی دیكەی لەگەڵ بووە، پێی وتووە بەڵێنتان دەدەمێ كەهەم تۆ هەم سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانیە سیاسییەكان ئازاد دەكەین و دواتریش پرۆسەی ئاشتی زیندوو دەكەینەوە». هەروەها وتیشی:»ئۆجەلان وتوویەتی شتێكی باشە، بەڵام بەنامەیەكی فەرمی بۆم بنێرن و واژۆی ئەردۆغانی پێوەبێت و لەمیدیا بڵاویبكەنەوە و بڵێن لەگەڵ ئۆجەلان كەوتووینەتە گفتوگۆ، ئەوكات منیش بەیاننامەیەك دەردەكەم و داوا لەكوردەكان دەكەم دەنگ بە كلچدار ئۆغلۆ نەدەن و دەنگ بە ئەردۆغان بدەن». بەوتەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی، عەبدوڵا ئۆجەلان وتوویەتی «بۆخۆم كارناكەم و مەبەستم خۆم نییە، بەڵكو مەسەلەكە دۆسیەی كوردە فەرموون دەستپێشخەریەكە بەفەرمی بكەن ئێمەش دەیكەین بەفەرمی»، بەڵام هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت كاتێك داواكەی ئۆجەلانی بەئەردۆغان راگەیاندووە، سەرۆك كۆماری توركیا رەتیكردووەتەوە داواكاریەكی بەو شێوەیە پەسەند بكات. ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كەچوونی وەفدەكە رۆژێك پێش ئەوەبوو كەهەدەپە رایبگەیەنێت دەنگ بە كلچدار ئۆغلۆ دەدەن». هاوكات پێشیوابوو كەزۆرینەی ئەو كوردانەی پێشتر دەنگیان داوە بە ئەردۆغان پەشیمان بوونەتەوە، چونكە ئەو بەڵێنانەی داویەتی بەكورد نەیبردووەتەسەر. رۆژی یەكشەممە 14ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت و كێبڕكێی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدار ئۆغلو كاندیدی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە.  

سەركۆ جەمال وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەڵێت نرخی بەنزینیان دابەزاندووەو كوالێتیەكەشی بەرزدەكەنەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێیوایە بڕیارەكە بۆ رێگریكردنە لەهەرزانكردنی بەنزین. 30 ی نیسانی 2023 رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و داراییی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاند:» وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەڕەچاوكردنی بارودۆخی هاووڵاتیان، بڕیاریدا نرخی بەنزین لەسەرەتای مانگی ئایارەوە بۆ 750 دینار كەمبكرێتەوە.» بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەكاتێكدایە  ماوەی مانگێكە بەنزینی 800 دیناری بووەتە 750 دینارو تەنها بەنزینی 690 دیناری نرخەكەی بەرزكراوەتەوە بۆ 750 دینار. بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی كۆمپانیا حزبیەكانە كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەكو ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، قسەی ئێمەش ئەوەیە هیچ لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نییە بەڵكو لەقازانجی كۆمپانیا حزبیەكاندایە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ساڵی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاند كە بڕێك پارە بۆ پاڵپشتی نرخی سوتەمەنی دابین كراوە، وتیشی:» ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بەوشێوەیە تەرخان كرابێت كەئێستا كۆمپانیاكان لێی سودمەندن ئەوە بەهەدەردانی سامانی گشتییە چونكە پێویستە بەتەندەرین و ركابەری بدرێتە كۆمپانیاكان». بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بڕیارەكە بۆ رێگریكردنە لەهەرزانكردنی نرخی بەنزین عەبدولسەمەد تیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو بڕیارە نیە، ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت تەنها كوالێتیەكەیەتی، وەكو دەزانن بازاڕی سوتەمەنی بەشێوەیەكی گشتی لەهەرێمی كوردستان قۆرغكراوە لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە». هەروەها وتیشی:»حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق چۆن لەسەر نەوت رێككەووتون دەبوو وەكو هەر 15 پارێزگاكەی عێراق بەنزینی هەرزان بۆ هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت و بەنزینی نۆرماڵ بە 450 و بەنزینی موحەسەنیش بە 650 دینار بێت». « بەنزینە 690 دینارییەكەی پێشوو كوالێتیەكەی باش بوو، بەڵام ئەوەی لەبەنزینخانەكان بە 800 دینار دابەشدەكرا كوالێتی باش نەبوو، واتە ئەوەی لەپاڵاوگەی لاناز بەرهەمدەهێندرا». عەبدولسەمەد تیلی وادەڵێت. هاوكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت بەنزینە 690ی و 800 دیناریەكە كراوە بە 750 دینار نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» قسە لەسەر ئەوە هەبوو هەردوو بەنزینە 690ی و 800 دینارییەكە بكرێت بەیەك نرخ و كوالێتیەكەی باش بكرێت، لەبەرئەوەی بڕیارەكە نوێیە چەندڕۆژێكی دەوێت تا بزانرێت كوالێتیەكەی چۆنە، بەڵام 690 یەكە كوالێتی باش نەبوو هاووڵاتیان گلەییان لێی هەبوو». بێجگە لەو بەنزینانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی نرخیان دەكات، لەهەرێمی كورستان سێ جۆر بەنزینی بازرگانیی دەفرۆشرێن، نۆرماڵ 850 دینار، موحەسەن 1050 دینار، سوپەر 1200 دینار، گازیش نرخەكەی 750 دینارە. بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»نرخی بەنزین لەئێستادا لەجۆری نۆرماڵ بووە بە 850 دینار واتە بازرگانییەكەو ئەوانی دیكەش 25 دینار دابەزیون و گازیش 50 دینار دابەزیوە». « ئەو بەنزینە 690یەی كراوە بە 750 دینار هەمان كوالێتییەو تەنها نرخەكەی گران كراوە هۆكاری زیادكردنی نرخەكەی نازانین»، بەهمەن قادر وای وت.

هاوڵاتی بڕیارە جارێكی دیكە لیژنە وەزارییەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبنەوەو دوا وەڵام بگەیەننەوە بە مەسرور بارزانی، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، سەرۆكی پارتی لەو پێناوەدا دەستپێشخەرییەك دەكات. تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەمانگی تشرینی دووەمەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن. نیگەرانییەكانی تیمی یەكێتی سێ پاكێجەو یەكێكیان پەیوەندی بەدۆخی دارایی و مووچەوە هەیە لەسلێمانی و دووەمیان دۆسیەی ئەمنییە كەخۆی لەكوژرانی عەقید هاوكار جاف دەبینێتەوەو هەروەها دۆسیەی سێیەم پرسی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانیە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بڕیارە بەمزووانە تیمی حكومەتی هەرێم كەپێكهاتوون لە(پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و نوێنەری پارتی و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نوێنەری گۆڕان و عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و نوێنەری سۆشیالیست سەردانی قوباد تاڵەبانی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەهەولێر بكەنەوە. ئەو وەفدە وەڵامی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەیەننەوە بە قوباد تاڵەبانی كە مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لەسنووری سلێمانی زیاتر بكات و دۆخی دارایشی بەستووەتەوە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كە كێشەی مووچە لەو رێگەیەوە چارەسەر دەكرێت. لەبارەی دۆسیەی هاوكار جاف، مەسرور بارزانی داوای لەتیمەكەی حكومەت كردووە كە ئەو پرسە یاسا لەهەرێمی كوردستاندا یەكلاییدەكاتەوەو كەسوكاری هاوكار جاف بۆ خۆیان سكاڵایان لەسەر تۆمەتبار تۆمار كردووە. پەیامەكانی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە بووە كە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی داواكارییەكانی قوباد تاڵەبانی كراوەو بڕیارە لیژنەكە بەمزووانە سەردانی بكەنەوە. دوای سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ لای قوباد تاڵەبانی و لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەكانی ئەگەر كێشەكان چارەسەر كران و تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هیچ هەنگاوێك نانێت لەسەر ئەو پرسە. ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكران، پێشنیار كراوە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەك بكات لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی و یەكێتیدا. دكتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاگاداری هیچ دەستپێشخەرییەكی كاك مەسعود نیم بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا». هەروەها وتیشی:» مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا كەئەوەش داواكاری هەموولایەكە». مەحمود عوسمان: "مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكاندا" سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كەدوای هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رازیكردنی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بێهیوا بووەو ئەو پرسە لەئێستادا دراوەتە دەست مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات كەئەو تیمەی حكومەت وەك نێوەندگیر كاری لەسەر دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بێجگە دۆسیەی هاوكار جاف لای مەسرور بارزانی وەڵامی چارەسەركردنیان دراوەتەوەو لیژنەكە وەڵامەكان دەگەیەننە قوباد تاڵەبانی، تەنها پرسی هاوكار جاف پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی هەیە لەئاستی باڵادا لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنیەو بەو هۆیەوە بودجەی دژەتیرۆر راگیراوە. لەماوەی رابردوودا، پرسی جێگرتنەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە «پرسێكی لەو شێوەیە بوونی نیەو پارتی دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات نەك دۆخەكە خراپتر بكات، ئەمە نیەتی فەرمی پارتییە». هاوڵاتی پەیوەندی بەچوار بەرپرسی پارتییەوە كرد لەئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو كە تەنها وتەبێژی حزب مافی لێدوانی لەوبارەیەوە هەیە. ستران عەبدوڵا: "هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە" هاوكات، ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی كە لەم ژمارەیەی ئەمڕۆدا بڵاوكراوەتەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كەیەكێتی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندایەو دەشڵێت:» كاك بافڵ چەند جارێك خۆی  چووەتە پیرمام (مەسیف سەڵاحەدین) ویستی پەیوەندییەكی باش رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، قەت یەكێتی دەرگای هیچ گفتوگۆیەكی لەكاك مەسعود دانەخستووە». جەختی لەوەش كردەوە»هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە».

شەنای فاتح حەمەتاڵ ئەو هونەرمەندەی شیرینتربوو لەهەنگوین دۆخی دارایی باش نەبوو لەیەكێك لەشەقامە سەرەكییەكانی شاری سلێمانیدا سەوزەو میوەی دەفرۆشت و حكومەتی هەرێمیش تا لەژیاندا بوو ئاوڕی لێنەدایەوە. هونەرمەند هادی مەحمود ناسراو بە (حەمەتاڵ) یەكێك لەهونەرمەندە ناسراوەكانی شاری سلێمانی كەساڵی ١٩٧٠ لەشاری سلێمانی لەدایكبووەو لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣ بەجەڵتەی دڵ كۆچی دەوایی كردو لەگۆڕستانی بەكرەجۆ بەخاكسپێردرا. هونەرمەند هادی مەحمود بەردەوام بەنواندنەكانی خەندەی دەخستنە سەر لێوی بینەرەكانی و لەدرامای گەردەلوول وەك «حەمەتاڵ» ناسێندرا. نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»  زانیاری ئەوەم نییە كەهونەرمەند هادی مەحمود  فەرمانبەری وەزارەتی رۆشنبیری بووبێت، ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری ١٢ بەڕێوبەرایەتی گشتیمان هەیە كەهەریەكە لەشارێكن و ئێمە رەنگە هەموو فەرمانبەرەكان نەناسین». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد وەك وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری ئەوە نین كەبارودۆخ و گوزەرانی ئەو هونەرمەندە خراپ بووبێت و تەنانەت خۆی باسی ئەوەی نەكردووە كەبارودۆخی دارایی باش نییە» ئەگەر نا ئەوەی لەتوانای وەزارەتدا بێت بۆ باشتركردنی ژیانی هونەرمەندان و نووسەران درێغی ناكات». «هونەرو نووسین لەوڵاتی ئێمەدا نابێتە سەرچاوەی بژێوی بۆ هونەرمەندو زۆربەی هونەرمەندان كاری دووەمیان هەیەو هونەر نەبووەتە بەشێك لەژیان، هەرچەندە لەكارێك یان درامایەكدا پاداشتێك وەردەگرن، بەڵام نابێتە داهات بۆیان» نامیق هەورامی وای وت. وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كەساڵانی رابردوو بڕە پارەیەك وەك هاوكاری دەدرایە هونەرمەندان و نووسەران بەپێی ساڵانی خزمەتكردنیان تەنانەت ئەوانەشی كە لەسێكتەرە جیاجیاكانی وەزارەتی رۆشنبیریدا كاریان دەكرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی قەیرانی دارایی ئەو هاوكاریەش وەستاوە». هونەرمەند هادی مەحمود لەساڵی ٢٠٠٦ بەشداری درامای گەردەلوولی كردو لەبەشی یەكەم و دووەم و سێیەمی دراماكەدا رۆڵێكی سەرەكی هەبوو و بەو رۆڵە جێگای خۆی لەناو دڵی بینەراندا كردەوە. هونەرمەند عیرفانی وەستا محەمەد كە یەكێك لەهاوڕێ نزیكەكانی  هونەرمەند هادی مەحمود بووە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: كاك هادی هێندەی هونەرەكەی هێندەی جەماوەرەكەی كەسایەتییەكی جوانی هەبوو و لەو باوەڕەدا نیم موچەخۆری هیچ شوێنێكیش بووبێت من لێی نزیك بووم». ناوبراو وتیشی:»لەم وڵاتەی ئێمەدا دەسەڵات پاش مردنیان هونەرمەندانیان بیردەكەوێتەوە». « كاك هادی كەسێك بوو كە نەیدەویست دەست پان بكاتەوە بۆ ئەو بەرپرسانە، بۆیە پەنای بۆ كەسابەتێكی سەربەرزانە بردو ئەوەش لەناو خەڵكدا گەورەتری كردو پێشووتریش هیچ كارێكی دیكەی نەبوو و لەم كۆتاییانەدا كە باری دارایی باش نەبوو پەنای برد بۆ ئەو ئیشە تا چاوەڕێی دەستی سەرانی دەسەڵات نەبێت و هەموو كەس ئەو راستییە دەزانێت و ئەم حكومەتە هەمیشە پشتی كردووەتە هونەرمەندەكان». عیرفانی وەستا محەمەد باسی لەوەشكرد كەزۆرجار هونەرمەند دەچێتە لای بەرپرسێك پاش دوو كاتژمێر رێگە نادەن بەرپرسەكە ببینێت» پاش مردنی هونەرمەندەكەش من بەرپرسەكان ناودەنێم سەیارەی بووك، چونكە هەموو باوەشێك گوڵیان پێیەو خۆیان رازاندووەتەوە، من وەك عێرفانی وەستا محەمەد هەمیشە وتوومە یەك دیناری حكومەتی هەرێم و ئەم دەسەڵاتە لەخۆم و ماڵ و مناڵم حەرام بێت و هەرگیز چاوم لەدەستیان نەبووەو ناچمە بەر دەرگای هیچ بەرپرسێك و كاك هادیش بەو شێوەیە بووە». هونەرمەند هادی مەحمود لەساڵی ١٩٩٥ ژیانی هاوسەرگیری  پێكهێناوەو خاوەنی دوو كچە بە ناوەكانی (تەنكە و باری). پاش كۆچی دوایی هونەرمەند هادی مەحمود رابیتەی مرۆیی ئەركی چاودێریكردنی منداڵەكانی هونەرمەندی ناوبراویان لەئەستۆ گرتووە.   شێخ حسێن، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی رێكخراوی رابیتەی مرۆیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێمە ئەوەندەی بەرهەمەكانی كاك هادیمان بینیبوو پیاوێكی سەنگین بوو و هەمیشە دەم بەخەندە بووە،  ئێمە لەكاتی مردنەكەیدا ئەوەمان زانی كەبارودۆخی داراییان باش نەبووەو پێمان وترا لەكرێچیدایەو خەریكی سەوزەو میوە فرۆشتنە، بەداخەوە كەكۆچی دوایی كردو ئەو منداڵانەی لێ بەجێما بەتایبەت منداڵە بچووكەكەی كە ئێمە دەتوانین لەپڕۆژەی كەفالەتكردنی نازداراندا خزمەتیان بكەین لەڕووی دابینكردنی سەرچاوەیەكی بژێوی بۆ خێزانەكە». هەروەها وتیشی:» جۆرێك لەچاودێریان دەكەین وەك دابینكردنی پێداویستی قوتابخانە بۆ ئەو مەبەستە بڕیارماندا كەفالەتی خێزانی ئەو هونەرمەندە بەڕێزە بكەین».

شەنای فاتح بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخی كاڵاكانی لەهەرێمی كوردستاندا دانەبەزاندووە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت:"مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت". لەماوەی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، كە لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمدا 100 دۆلار گەیشتە سەرو 170 هەزار دینارو بەو هۆیەوە نرخی كاڵاكان 21% بەرزبوویەوە، بەڵام لە كۆتایی مانگی ئاداردا بەهای دینار بەرزبوویەوەو ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی نیسان بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 140 هەزار دینارە. ئەو خۆراكانەی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە لەئێران و توركیا و چین و ئەوروپا هاوردە دەكرێن، نرخەكانیشیان زیاتر لەسەر بنەمای بەهای دۆلار دیاریدەكرێن، هەندێكجاریش لەسەر رێژەی گومرگ و باجیش دیاریدەكرێن. سۆران عەبدولغەفور بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە  ئەو كاتەی  كەبەهای 100 دۆلار لە120 هەزارەوە بۆ 146 هەزار دینار بەرزبوویەوە، هەموو ماددە خۆراكییەكان 20% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، دوای ئەوەی نرخی 100 دۆلار بۆ 160 هەزارو 170 هەزار دینار بەرزبوویەوە هەرچەندە ئەو نرخانە وردە وردە بەرزبوونەوە، بەڵام  بە جێگیری نەمانەوە". لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتیشی:" نرخی كاڵاو شمەكەكان رۆژانە هەزار دینار بەرزدەبوونەوە یان 500 دینار دادەبەزین". " لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە"سۆران عەبدولغەفور وای وت. بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " نرخەكان لەئێستادا تاڕادەیەك جێگیرییان پێوە دیارە،  بۆنموونە ئارد  بۆ هەر فەردەیەك 11 هەزار دینار دابەزیوە و ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیەش زیاتر دابەزێت، چونكە حكومەتی عێراقی رایگەیاندووە كە نرخی دۆلار بۆ بازرگان بە 132 هەزار دەگۆڕێتەوە و مانگی داهاتوو زۆربەی كاڵا بازرگانییەكان دابەزین بە خۆیانەوە دەبینن". بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی: مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت  بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری بەرامبەر دینار جێگیر كردووە كە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو 100 دۆلار بە 140 هەزار دینارە. كاسبكارێكی سلێمانی ئاماژە بە بەشێك نرخی كاڵا و شمەكەكان دەكات كە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخەكانیان دابەزیوە و ئەو كاڵایانەش دەخاتەروو كە گرانبوون. گۆران محەمەد خاوەن فرۆشگایەكی خواردەمەنییە لەشاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد  نرخی هەندێ خۆراك بەرزبووەتەوە و هەندێكیش نرخەكانیان دابەزیون، نرخی ئەو برنجانەی لە بەشە خۆراكی مانگانەدا دەدرێنە هاوڵاتیان دابەزیون، هەروەها نرخی چا دابەزیوە، "پاكەتێك چای دووغەزال پێشتر بە حەوت هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بەشەش هەزارە و چای مەحموودیش بەشەش هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بە شەش هەزار دینارە". ئەو خاوەن فرۆشگایە باسی لە نرخی زەیتیش كرد كە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، و نمونەی ئەوەی هێنایەوە كارتۆنێك زەیت كەبیست دەبەی یەك لیتری تێدایە بە ٦٦ هەزار دینار بووەو ئێستا بە ٤٥ هەزار دینارە. سەبارەت بە رۆنی تەنەكە گۆران محەمەد هێمای بۆ ئەوەكرد كە نرخی رۆنی ئەسیڵی ئیماراتی گرانترینەو نرخەكەشی دانەبەزیووە كە قوتووی چوار كیلۆییەكەی بە ٢٥ هەزار دینارە، بەڵام رۆنە توركییەكان بەشێوەیەكی گشتی نرخیان دابەزیوە. عەلی مەحمود خاوەن قەسابخانەیە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو گۆشتەی ئێمە دەیفرۆشین خۆماڵییە و نرخەكەی گران نەبووەو هەرزان بووە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی كیلۆیەك گۆشت بە٢٢ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە ٢٠ هەزار دینارە." وتیشی:" لەبەرئەوەی مامەڵەی ئێمە بەدینارە نەك دۆلار بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر ئێمە نییە، بەڵام گرانی نرخی گۆشت پەیوەندی بەگومرگەوە هەیە و تا زیاتربێت نرخەكەی گرانتر دەبێت".

بێدار محەمەد  كێشەی كەمیی و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەو بنكەو مەڵبەندە تەندروستیەكانی گەرمیان بەردەوامە، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن كەمی بودجەو بەرفراوانبوونی ناوچەكەو زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان گرفتی سەرەكییانە. لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چوار نەخۆشخانەو 13 مەڵبەندی تەندروستی و 54 بنكەی تەندروستی بوونی هەیەو هاووڵاتیان بەهۆی كەمی دەرمان لەدەرەوەی نەخۆشخانەكان دەرمانەكانیان دەكڕن. هەژار محەمەد، هاووڵاتیەكی خەڵكی شارۆچكەی رزگاری سەر بەقەزای كەلارە، بەنیگەرانیەوە بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد، لەگەڵ گرفتی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەشێك لەدەرمانەكان  لەبازاڕەكان دەستدەكەون ئەوەش گرفتێكی ترەو خەڵكی نەدارو دەستكورت باجەكەی دەدات. سەلام هیدایەت، چالاكی مەدەنی لەگەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» كەرتی تەندروستی لەگەرمیان ئیفلیج بووەو خێرخوازان بوونەتە فریادڕەسی ئەم كەرتە، خێرخوازان نەبن دەبێ فاتیحە بۆ  كەرتی تەندروستی بخوێنین».  بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان  لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەت بەنەخۆشیە درێژخایەنەكان تەنها 40 جۆریان ماوەتەوە». محەمەد ئازاد، بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان  لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بەهاوڵاتی  وت:» لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەرمانمان پێدەگات،  لەوانە لەبەغدا  دەرمانمان بۆ دەنێرێت، لەگەڵ هاوكاری رێكخراوەكان و كڕینی دەرمان لەڕێگەی كۆمپانیاكانی ناوخۆ». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە ساڵێك زیاترە دابینكردنی دەرمان زۆر كەمیكردووەو گرفتی بۆ دروستكردوون، وتیشی:» پشكی ئێمە لەبەغداوە خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی و دەبێ لەسلێمانییەوە پشكی خۆمان وەربگرین، ئەوە لەكاتێكدایە سلێمانیش هەمان گرفتی هەیە لەگەڵ بەغدا، بەهۆی رۆتینات و گرفتی نەبوونی بەڕاد دەرمانەكان درەنگ دەگەنە لامان و زۆر سودی لێ نابینین». لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن تەنها 40 جۆری بەردەستە « بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكان، دەرمانمان بۆ دابین ناكەن كەتایبەتە بەساڵانی  2021 و 2022 ئیتر ئێمە چۆن گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای تری دەرمان بكەین بۆ كڕینی دەرمان، جگە لەوەی لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن سەرووی 160 جۆری دەرمان هیچ جۆرێكی لەكۆگاكان نەماوە».  محەمەد ئازاد، وای وت. مانگانە بڕی 100 بۆ 150 ملیۆن دینار بۆ كڕینی دەرمان بۆ گەرمیان خەرج دەكرێت و 75 ملیۆن دیناری دەڕوات بۆ كۆمپانیای پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان. بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان  لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان قەرزی دەرمان و ئێشكگری لەسەر تەندروستی گەرمیان لەكۆكاگان و كۆمپانیاكان زیاتر لەپێنج ملیار دینارە كە 570 ملیۆن دیناری قەرزاری كۆمپانیاكانی دەرمانن. ئەركان محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی گشتی كەلار بەهاوڵاتی وت:»  هەندێك جۆری دەرمان پێشتر بۆ نەخۆشخانەكان لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بۆ كلینك و نۆرینگەكان كڕدراوە، بەڵام ئەوەی نەخۆشخانەكان كۆتایی هاتووە».  

هاوڵاتی لەكاتێكدا ١٨ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا ماوە، بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەشێوەیەك گەرم بووە كەپارتە سیاسییەكان و كاندیدەكانی سەرۆكایەتی، گوند بەگوند، گەڕەك بەگەڕەك و شار بەشار لەنێو هاووڵاتیاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەنگ كۆبكەنەوە.  بەپێی چاودێران ئەم هەڵبژاردنە یەكێك لەگرنگترین هەڵبژاردنەكانە لەمێژووی توركیادا، زۆر كەس پێیانوایە، تەمەنی درێژی دەسەڵاتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ١٨ رۆژی دیكەیە، بەڵام بەشێكیش بەدووری نابینن ئەردۆغان ئەم جارەش سەركەوتن تۆمار بكات.   راپرسیەكان ئەردۆغان دەترسێنێت! ئەوەی كەترسی لەدڵی ئەردۆغان و پارتەكەی (ئاكەپە)دا دروستكردووە، ئەو راپرسیانەیە كە رۆژانە لەلایەن كۆمپانیا ناسراوەكانی بواری لێكۆڵینەوەو راپرسیەوە رادەگەیەندرێن. تائێستا ٩٠٪ی راپرسیەكان باسیان لەشكستی ئەردۆغان و پارتەكەی لەهەڵبژاردندا كردووە. دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (ئۆ ئاڕ چی)یەوە ئەنجامدراوە كە لەتوركیا باوەڕپێكراوەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو  كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی گەل 49.3% ، رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار 42,4% ، موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی مەملەكەت 6,1% و سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ٢.٢٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن. هەرچەندە بەپێی راپرسیەكە هیچ كام لەكاندیدەكان ناتوانن دەنگی پێویست كە ٥١٪یە، بەدەستبهێنن، بەڵام لەخولی دووەمی هەڵبژاردندا كە بەهەموو پێوەرێك كلچدارئۆغلۆو ئەردۆغان دەمێننەوە، ئەردۆغان دەدۆڕێت و كۆتایی بەدەسەڵاتە ٢١ ساڵەكەی دەهێندرێت. هەروەها دەنگەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووەو زۆربەی شرۆڤەكارانی دۆخی توركیا دەڵێن، ئیدی لەپەرلەمانە نوێیەكەدا زۆربەی كورسیەكان لەدەستی هاوپەیمانی كۆمار (ئاكەپە – مەهەپە)دا نابێت و ئەگەرێكی زۆریش هەیە، ناتوانن حكومەت پێكبهێنن. ناوەندی لێكۆڵینەوەی “سامەر” ئەنجامی راپرسییەكەی تەنیا لەباكوری كوردستان بڵاوكردەوە كە كەمال كلچدارئۆغلۆ لە باكوری كوردستان بەهاوكاری پارتی چەپی سەوز كەهەدەپە لەڕێگەی ئەم پارتەوە بەشداری لەهەڵبژاردندا كردووە، دەتوانێت ٧٠٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و لەبەرامبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەباكوری كوردستان ٢٠٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت و ١٠٪ی دەنگەكانی دیكەش بۆ كاندیدەكانی دیكەو بایكۆت دەبێت. ئەنجامی راپرسیەكەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی كۆمپانیای سامەر لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەكانیش لەسەرتاسەری باكوری كوردستان و توركیا بەم شێوەیەیە كە پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) 35,8%، پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) 30.4%، پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) 10,3%، پارتی باش 9,2% ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست 7,4%، پارتی مەملەكەت 2,6%و پارتی كرێكارانی توركیا ٢.٢٪. پارتی چەپی سەوز لە ٦٥ پارێزگا كۆبونەوەی جەماوەری فراوان ئەنجامدەدات پارتی چەپی سەوز لە ٢٤ی نیسانەوە دەستی بەكۆبوونەوە جەماوەریەكانی لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا كردووە. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، چیدەم كلچگون ئوچارو ئیبراهیم ئاكن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، بەرپرسانی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی، كۆنگرەی دیموكراتی گەلان، سەرۆك و بەرپرسانی پارتەكانی بەشدار لەهاوپەیمانی رەنج و ئازادی كۆبوونەوە جەماوەریەكانی پارتەكە بەڕێوەدەبەن. بەرپرسانی پارتەكە تا ١٣ی ئایار لە ٦٥ پارێزگاو ناوچەی باكوری كوردستان و توركیا، لەگەڵ جەماوەرەكەیان كۆدەبنەوە، كەدوایین كۆبوونەوەی جەماوەریش لەپارێزگای ئامەدی باكوری كوردستان دەبێت.  هەرچەندە بەپێی راپرسیەكان، دەنگەكانی پارتی چەپی سەوز لەنێوان ١٠٪ بۆ ١٢٪ دەبێت، بەڵام بەرپرسانی پارتەكە رایدەگەیەنن كەدەتوانن نزیكەی ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبێنن كە لەمێژووی كوردانی باكوری كوردستان تائێستا نەتوانراوە بەم ئەندازەیە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.   پەرلەمان و چارەسەری پرسی كورد لەم هەڵبژاردنەدا، خاڵی یەكەمی دانوستانەكانی كورد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی تاكڕەوی پارتەكەی ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی. میدحاد سانجارو پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی هەدەپە لەگەڵ كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كۆبوونەوە ئەنجامدراو ئۆغلۆش رایگەیاند، ناونیشانی پرسی كورد پەرلەمانەو پێویستە قەدەغەی سەر زمانی كوردیش هەڵبگیرێت. قسەكانی كلچدارئۆغلۆ وایكرد هەدەپە هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكات و هەرچەندە بەفەرمی راینەگەیاندووە، بەڵام لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كلچدارئۆغلۆ دەدەن و بەم شێوەیە شكستی ئەردۆغان وەك هیوایەك بۆ چارەسەری پرسی كورد دەبینرێت. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایە رایگەیاند، دوای ئەردۆغان، كاری سەرەكیمان هەوڵدانە بۆ چارەسەری پرسی كورد لەنێو پەرلەماندا، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەپرسەكە لەنێو پرۆسەكەدا جێی خۆیان بگرنەوە كە زمان و كلتوری خۆمان بەدەست بهێنینەوە. حەسەن جەمال نووسەرو رۆژنامەنووسی دیاری توركیاو كاندیدی پارتی چەپی سەوز لەئەستەنبوڵ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەچۆنیەتی چارەسەری پرسی كورد كردو رایگەیاند:» ئەردۆغان كێشەی كورد بەهەموو شێوەیەك بۆ بەرژەوەندییەكانی بەكاردەهێنا، وای پیشاندا كەكێشەكە چارەسەردەكات و بەم شێوەیە دەنگی كۆكردەوە، كەبینیشی دەنگەكانی لەدەستدەدات، دەستی لەچارەسەری كێشەی كورد هەڵگرت». هەروەها راشیگەیاند تائەردۆغان شكست نەهێنێت، رێگە بۆ چارەسەری كێشەی كورد ناكرێتەوە، چارەسەری كێشەی كورد بەسازان دەكرێت.» كێشەی كورد بەدیالۆگ، سازان و نەرمبوونەوە چارەسەر دەكرێت، هیچ چارەسەرێكی دیكەی نییە». ئەردۆغان بە ئاسانی شكست قبوڵ ناكات! ئەم ١٨ رۆژەی كە بۆ هەڵبژاردن ماوە، رۆژانێكی هەستیارو گرنگن كە بۆ هەموو ئەگەرێك كراوەیە. بەهۆی ئەوەی جیاواز لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، توندوتیژی تێیدا زۆر بووەو تاوەكو ئێستا چەندین جار هێرش كراوەتەسەر بارەگاو ناوەندەكانی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەكانی توركیا. پارتی باش (ئیی پارتی)، جەهەپە و پارتی چەپی سەوز چەندین جار ئاشكرایان كردووە كەتەقە لەبارەگاكانیان كراوە كەدواینیشیان هێرشی چەكداری بۆ سەر بارەگای پارتی چەپی سەوز بوو لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان. رۆژنامەی فۆریگن پوڵسی لەڕاپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژەی بەوەدابوو كەترسی ئەردۆغان لەدادگاییكردنی، وەهای كردووە، بەئاسانی دەست لەكورسی دەسەڵات هەڵنەگرێت و پێویستە ئۆپۆزسیۆن كەشێك بخوڵقێنێت كەئەو ترسە لەدڵی ئەردۆغان نەمێنێت. لەم هەڵبژاردنەدا ٦٤ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٨٥ هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیە كە سێ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار ٧٨٥ كەسیان لەدەرەوەی توركیا دەژین و بڕیارە لە ٢٧ی نیسان تا ٩ی ئایار لەدەرەوەی وڵات دەنگ بدرێت. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئامادەكاری هەڵبژاردنەكانی كردووە و ١٩٥ هەزارو ٧٠٥ سندوقی دەنگدانی لەناوەندەكانی دەنگدان ئامادەكردووە كە چوار هەزار و ٩٦٩ سندوق لەدەرەوەی وڵات و ٢١ هەزارو ١٥ سندوقیش لەگوندەكان دادەنرێن.

عەمار عەزیز ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش منداڵەکانی خۆیان لەخێوەتەکانی ئاوارەییدا بەجێهێشت، بەهۆی رەتکردنەوەی کۆمەڵگاو غیابی دەستەبەری یاسایی  بۆ دەستکەوتنی  تۆمارە فەرمییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو منداڵانە تووشی خەمۆكی ببن‌و بكەونە ژینگەیەکی پر  لەتوندڕەوی. ئیبتیهاج، لەژێر دەستی داعش  لەبەردەم دوو بژاردە بوو، یەکەم دەربازبوون لەدۆزەخی داعش یاخود مانەوە لەگەڵ منداڵەکەی، دواجار رێگەی یەکەمی هەڵبژارد کەئەویش رزگاربوون لەدەستی داعش و ماڵئاوایی یەکجارەکی لەمنداڵەکەی بوو، ئەو منداڵەی کە نۆ مانگ لەسكیدا بووەو چوار ساڵ بەخێوی کردووە، بەڵام دواجار بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەک و رەتکردنەوەی کەسوکاری ماڵئاوایی لێكردووە . حەلا سەفیل، رزگاربوویەکی دیکەی ژێر دەستی داعشە: «دەمزانی ئەگەر دووگیان بم ناتوانم منداڵەکەم لەگەڵ خۆم ببەمەوە، بۆیە چەند جارێک حەبم خواردووە تا دووگیان نەبم» . وەك حەلا سەفیل، بۆ هاوڵاتی باسیكرد سێ جار کڕین و فروشتنی پێوەکراوە، حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنی داوەو ژمارەیەک حەبی خواردووە تا دووگیان نەبێت، ئەو خەڵکی  کۆمەڵگای تل قەسەبە سەر بەقەزای شنگال، لەدرێژەی گێڕانەوەكەدا وتی:» چەکدارانی داعش هەموو شتێکیان لەگەڵ ئێمە کردووە ئەوەندە بێزاربووین حەوت جار هەوڵی هەڵاتنمدا، لەهەمووی ناخۆشتر دەستدرێژی سێکسی بووە، بەدزی ئەوان حەبم خواردووە تا لە ئەوان دووگیان نەبم چونکە دەمزانی هیچ کەسێک قبوڵ ناکات منداڵێك باوکی داعش بێت لەگەڵ خۆم بیهێنمەوە.» حەلا سەفیل لە یەكی تەمموزی 2017 لەژێر دەستی داعش رزگاربووە، وتیشی:» راستە ئەو منداڵانە گوناهیان نیە، بەڵام ئێمەش هیچ تاوانێکمان نەکردبوو داعش هەموو شتێکی بەسەر ئێمە هێنا، وا دابنێن هەندێک لە رزگاربووانی ئێزدی منداڵەکانی داعشیان لەگەڵ خۆیان هێنا باشە چی بەخەڵک بڵێین، لەهەمانکاتدا خەڵک پێیان دەڵێن کوڕی داعش کەئەوەش کاریگەری زۆر خراپ دەکاتەسەر منداڵەکە «. هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بەهاوڵاتی وت:» لەڕووی ئایینەوە وەرگرتنی منداڵەکانی داعش دژی بنەماکانی ئایینی ئێزدیە، چونکە ئێمە تەنیا ئەو منداڵانە وەردەگرینەوە کەدایک و باوکیان ئێزدی بن، بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵانە وەرناگرینەوە». هەرمان میرزا بەگ وتیشی:» تۆمارکردنی ئەو منداڵانە کێشەیەکی ترە ئایا لەسەر ناوی کێ توماردەکرێن؟ خۆ ناکرێت لەسەر ناوی دایکیان تۆماربکرێن یان دەبێت لەسەر ناوی باوکیان تۆماربکرێن و بنووسرێت  «مسلم « لەناسنامەکەیاندا، دواتر  ئەو منداڵە موسوڵمانانە دەبنە میراتگری خێزانێکی ئێزدی ئەوەش جێگای قبوڵکردن نیە «. ئەنجومەنی باڵای روحانی ئێزدی لە 24ی نیسانی 2019 بڕیاریدا بەوەرگرتنەوەی تەواوی ژنان و هاووڵاتیانی رزگاربووی دەستی داعش بەمنداڵەکانیانەوە، فەتواکە ناڕەزاییەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، دوای سێ رۆژو لە 27ی نیسانی 2019 لەنووسراوێکدا جەختیکردەوە لەوەی ئەوان لەفەتواکەیاندا مەبەستیان وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی چەکدارانی داعش نەبووە  کە لەئەنجامی دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی ئێزدی لەدایکبوون، بەڵکو مەبەستیان ژنانی ئێزدی و ئەو منداڵانەیە کە لەتەمەنێکی بچووکدا کەوتوونەتە دەست ئەو رێکخراوە. « ئێمە فشار لەسەر ئەو ژنانە ناکەین کەمنداڵیان لەداعش هەبووە، ئەوانەی نایانەوێت دەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن رێگامان لەهیچ کەسێکیان نەگرتووە با کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو ژنانە لەگەڵ منداڵەکانی لەدەرەوەی وڵات سەنتەرێکیان بۆ بکاتەوەو بەخێویان بکات «جێگری میری ئێزدیان وادەڵێت. سێڤێ حەموو، چالاکوانێکی کچە ، خەڵکی قەزای شنگالە زیاتر لەهەشت ساڵە لەکەمپ دەژیت، بەهاوڵاتی وت:»» تێکەڵکردنی ئەو منداڵانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدی تووشی سەدان کێشەیان دەکات، ئێمە هەموومان لەچارەسەر دەگەڕێین نەک زیادکردنی کێشە، ئەو منداڵانە هەموویان راهێنراون لەسەر دەیان شتی خراپ و توندەڕەوی ئەگەر ئەوانە تێکەڵ بەکۆمەڵگای ئێزدی بکرێن رەنگە لەداهاتوو نەوەیەکی زۆر خراپ پەیدابێت کەدواجار لەدەست هەموو کەسێک دەردەچێت«. حەمدی بەرواری ، بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لەشاری دهۆک بەهاوڵاتی وت:» بەپێی رێککەوتننامەی مافی منداڵان لەساڵی 1989 کە لە 54 بەند پێکهاتووە، یەکێک لەبەندەکان ئەوەیە دەڵێت هەر منداڵێک لەدایک بێت پێویستە ژیانی پارێزراو بێت و لەتۆمارە فەرمییەکان ناوەکەی تۆماربکرێت «. وتیشی: « چارەسەر ئەوەیە ئەو منداڵانە لەسەر ناوی دایکیان تۆماربکرێن و ئەمە شتێکی دروستەو لەهەندێک وڵات ئەمە پەیڕەو دەکرێت«. ئیبتیهاج، كە لە 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە بۆ هاوڵاتی باسی لەوەشكردووە»چەند هەفتەیەک بەرلەوەی  رزگاربکرێم لە دەستی داعش لەگەڵ کەسوکاری خۆم بەتەلەفون قسەمانکرد، وتم منداڵێکی  شەش مانگی لەچەکدارێکی داعشم هەیە رازین بیانهێنمەوە، هەموویان وتیان بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵە وەرناگرین چونکە لای کۆمەڵگەو مەرجەعی باڵای ئێزدییەکان قبوڵناکرێن». «هەندێکجار بیری ئەو منداڵە دەکەم کەئایا ئێستا لەچ شوێنێکە لەژیاندا ماوە یاخود کوژراوە یان لەگەڵ کێ دەژیت، هۆکاری لەدەستدانی منداڵەکە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار بوو، لەوانە نەبوونی هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ژیان و تۆمارکردنی ئەو منداڵانە، راستە لەدەرەوەی ئیرادەی من لەدایکبووە بەڵام هەرچونێک بێت منداڵەکە هیچ تاوانی نیە» ئیبتیهاج وای وت. سۆزان سەفەر، بەرێوەبەری رێکخراوی داکە بۆ گەشەپێدانی ژنان بەهاوڵاتی وت: « ئەو منداڵانە هیچ گوناە و تاوانیان نیە، بەڵام ناکرێت عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار لەسەر ئێزدییەکان بکەن کە وەریانبگرنەوە، چونکە لەڕووی ئایینەوە دژی دەقەکانی ئایینی ئێزدییە، هاوکات کۆمەڵگاش ئەوان قبوڵ ناکات». سۆزان وتیشی: «چارەسەر ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شێلتەرێکی تایبەت بۆ ئەو منداڵانەو ئەو ژن و کچانەی دەیانەوێت لەگەڵ منداڵەکانیان بژین و نایانەوێت بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان  دروستبكات». لەوبارەیەوە دەروێش چووکی ، بەڕێوەبەری رێکخراوی تولا تایبەت بەڕزگاربوانی دەستی داعش بەهاوڵاتی وت: «هەندێک حاڵەت رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە کەهەندێک ژن و کچ دەیانویست ئەو منداڵانەی لەباوکی داعش لەدایکبوون لەگەڵ خۆیان بهێننەوە، هەرچەندە ئاماری وردم نیە بەڵام بەپێی زانیارییەکانم ژمارەی ئەو منداڵانەی لەباوکی داعش لەدایکبوون سەرووی 100 منداڵ دەبن «. « دوو تا سێ ژن لەکاتی رزگارکردنیان منداڵەکانی داعشیان لەگەڵ خویان هێناوە، کەسوکاریان قبوڵیان نەکرد بیهێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزدی ناچاربوون منداڵەکان گواسترانەوە بۆ خانەی هەتیوەکان لەشاری موسڵ، فشار لەسەر هیچ ژن و کچێک ناکەین کەدەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن، ئەوان ئازادن بەتەنیا بگەڕێنەوە بۆ ناو کەسوکاری خۆیان یان لەگەڵ منداڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام دەبێت بۆ ئەو حاڵەتانە ئەوان خۆیان رێگایەکی تر هەڵبژێرن چونکە تائێستا هیچ یاسایەک بۆ پاراستن و تۆمارکردنی ئەو منداڵانە دەرنەچووە». دەروێش چوکی وای وت. بەپێی یاسایی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو کە لەساڵی 2016 لەڕۆژنامەی وەقایعی عیراق بڵاوکراوەتەوە، منداڵی نەوجەوان شوێنکەوتەی دایک یان باوکیان دەبن کە لەسەرئاینی ئیسلامن، هەروەها لەماددەیەکی تردا هاتووە کەئەو منداڵانەی دۆزراونەتەوە یان باوانیان نادیارە بەموسڵمانی عێراق دادەنرێن  ئەگەر پێچەوانەی ئەوە نەسەلمێنرێت. بەهادین دەشتانی ، پارێزەری راوێژکار لە دادگای دهۆک بەهاوڵاتی وت: « تائێستا لەعێراق یاسایەکی تایبەت بەو منداڵانە دەرنەچووە کە لەفەرمانگەی رەگەزنامەی نیشتیمانی تۆماربکرێن ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ یاسای رەگەزنامە ژمارە 26 لەساڵی 2006 هەروەها دەستوری عێرا ق ماددەی 18 کەدەڵێت هەر ژن و پیاوێک کەمنداڵیان هەبوو لەخاکی عێراقدا ئەو منداڵە مافی ئەوەی هەیە لەڕەگەزنامە تۆماربکرێن باوک یان دایکی ئەو منداڵە عێراقی بێت «. «ئەگەر ژن داوا بکات منداڵەکە لەڕەگەزنامە تۆماربکرێت، دەبێت یەکەمجار لەدادگایەکی عێراق بۆ دادگا بیسەلمێنێت کە هاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردووە، دوای ئەوە دەبێت ( اسبات نسب ) بۆمنداڵەکەی خۆی بکات کە لەباوکێکی داعش بووە، ئەگەر ئەوەش نەکراو هیچ بەڵگەیەکی نەبوو دەتوانێت لەڕێگای دوو شاهید بێت، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ ژنانی ئێزدی زۆر قورسن چۆن دەتوانێت بزانێت هاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردووە، لەوانەیە هەر پیاوەکە کوژرا بێت یان دیارنیە یان دوو شاهید لەکوێ بهێنێت» بەهادین دەشتانی وای وت.  وتیشی: «تائێستا نزیکەی پێنج هەزار منداڵ کە دایکیان عێراقییەو باوکیان داعشە لەکەمپی هوڵ و رۆژئاوای کوردستانن، لە2019 و 2020 هەوڵێک هەبوو کەیاسای ژمارە 26 ساڵی 2006 کەتایبەتە بەڕەگەزنامە راستکردنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام سەرینەگرت و تائێستا هیچ گوڕانکاریەک لەیاساکەدا نەکراوە». بەهادین دەشتانی ئاماژە بەچارەسەری ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت: « هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2006 کەیاسای رەگەزنامەیە، پێویستە پەرلەمانی عێراق ئەم یاسایە هەمواربکاتەوەو ماددەیەک ئیزافە بکرێت و تۆمارێکی تایبەت دروستبکرێت بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانەو بارەگای ئەم تۆمارە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە لەبەغدا بێت «. ئەحلام ، ناوی خوازراوی رزگاربوویەکی دیکەی ئێزیدییە، دوای رزگاربوونی لەژێر دەستی داعش بەیەکجاری ماڵئاوایی لەعێراق کردووە ئێستا لەوڵاتێکی ئەوروپی دەژێت،  بەهاوڵاتی وت:» چوار ساڵ لەژێر دەستی داعش بووم ، لەهەمووشی ناخۆشتر بەزۆر لەچەکدارێکی داعش دووگیان بووم ، پێش ئەوەی منداڵەکە لەدایک بێت زۆر هەوڵمدا لەباری ببەم، بەڵام چەکدارەکەی داعش بەوردی چاودێری منی دەکردو بەناچارییەوە منداڵەکە لەدایکبوو «. «زیاتر لەدوو ساڵ منداڵەکەم بەخێو کرد، بەڵام دواجار ماڵئاوایی یەکجاریم لێکردو لە 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاربووم، بیری منداڵەکە دەکەم کەچۆن ماڵئاوایم لێکرد، ئێستاش دەڵێم تاوانی ئەو منداڵە چییە کەهاتە سەر دونیاو چارەنووسی دیارنیە» ئەحلام وای وت. لەپەرلەمانی کوردستان تائێستا هیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسە پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە. گوڵستان باقی ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەلیژنەی مافی مرۆڤ  بەهاوڵاتی وت: « دەتوانین پرۆژە یاسایەک پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ، زۆر جار لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ گفتۆگۆمان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەو منداڵانەی باوكیان داعشە  ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار نەکراوە، ئەگەر ئێمە پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسەیە ئامادە بکەین یەکەمجار راو بۆچوونی جڤاتی روحانی ئێزدی و لایەنی پەیوەندیدار وەردەگرین ئینجا پرۆژەکە ئامادە دەکەین و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین «. میرزا خەلەف، فەرماندەی پێشمەرگە لەشنگال و شارەزا لەبواری سەربازی بەهاوڵاتی وت: «هیچ گۆمانێک لەوەدانیە کە ئەو منداڵانە لەئاییندەدا دەبنە کەسانی شەڕکەرو توندەڕەو چونکە چەکدارانی داعش لەکاتی خۆی هەموو راهێنانێکی چەکداری و چۆنیەتی خۆتەقاندنەوەی لەناو خەڵکدا فێركردوون، هەروەها  راهێنراون لەسەر بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، لەهەمووشی خراپتر وانەکانی توندەڕەوی بەرامبەر کۆمەڵگا فێركراون». خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی سەر بەحکومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت: « بابەتی منداڵانی داعش تەنها پەیوەست نیە بەئێزدییەکان چونکە هەر ناوچەیەکی داعش داگیری کردبێت زەواجی ( نیکحاح) لەگەڵ کچ و ژنانیان کردووە ، ئەمە حاڵەت نیە بەڵکو بەهەزاران منداڵ ئێستا لەئەنبار، موسڵ و سوریا  بەم شێوەیە لەدایکبوونە، زۆر سەیرە بۆچی تەنها باسی ئێزدییەکان دەکەن لەکاتێکدا حاڵەتی ئێزدییەکان جیاوازە وەکو (سەبی) مامەڵەیان لەگەڵ کراوە». خەیری بۆزانی وتیشی « بەبڕوای من نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵانە بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزدی چونکە لەجیاتی چارەسەرکردن دەیان کێشەی تر رووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، هەر کەسێک لەخەمی ئەو منداڵانەیە بابفەرمووێت منداڵەکان لەگەڵ دایکیان لەدەرەوە شێلتەرێکیان بۆ دروستبکات».  

هاوڵاتی ٢٥ی ئەم مانگە جارێکی دیکە، سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لەمۆسکۆ لەبارەی قەیرانی ١٢ ساڵەی سوریا کۆبوونەوە. کۆبونەوەکەی ئەم جارە لەسەر ئاستی بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئەو چوار وڵاتە ئەنجامدرا. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەر لەکۆبوونەوەکە رایگەیاندبوو کەپرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکەیان پرسی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو هێزە چەکدارەکەی (هەسەدە)یە کەئەو وەک پرسی (تیرۆر) ناوی هێناوە. تورکیا لەکۆتایی ساڵی رابردوو، دەستی بەپرۆسەیەک کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سوریاو روسیاش وەک نێوەندگیر رۆڵ دەگێڕێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رژێمی سوریا رازی نەبووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوەو مەرجی ئەوەی هەیە کەپێویستە تورکیا هێزەکانی لەنێو خاکی سوریا بکێشێتەوە، بەڵام تورکیا لەم هەوڵانەی بەردەوامەو ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە بەرەیەکی ناوچەیی لەدژی پێگەی کورد لەسوریا دروستبکات. هەوڵەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە کە خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، بەیاننامەیەکی چارەسەری بۆ قەیرانی سوریا راگەیاندو داوای لە رژێمی سوریا کرد، دەرگاکانی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بکاتەوە. خۆبەڕێوەبەڕێتیەکە لەبەیاننامەیەکەیدا دەڵێت،» ئێمە لەچوارچێوەی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیدا، بۆ چارەسەری کێشەکانی سوریا لەچوارچێوەی دیموکراسی و ئاشتیدا ئەم دەستپێشخەرییە رادەگەیەنین کە ئێش و ئازاری ملیۆنان هاووڵاتیمان کۆتایی پێبهێنین». لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، « بەگوێرەی بەرپرسیاری خۆمان لەبەرامبەر گەلانی سوریا، هەوڵدەدەین هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری ئاڵۆزی و مسۆگەرکردنی ئاشتی و ئارامی بنێین، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەو دەستپێشخەریەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک جنێف و ئاستانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووەو هۆکارەکەشی ئەمانەیە: یەکەم/ نەبوونی شیکاری راست بۆ ئاڵۆزی سوریا. دووەم/ نەبوونی بەرنامەی چارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتی. سێیەم/ نەبوونی رۆڵێکی باشی هێزە چالاکەکانی سوریا لەدیالۆگ و گوفتوگۆدا بۆ چارەسەری. خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کەسوریا وڵاتی هەموو پێکهاتەکانەو بەو هۆیەوە چارەسەری کێشەکان بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان هۆکاری سەرەکی هەنگاوی چارەسەریەو بۆیە پێویستە، یەکێتی سوریا بپارێزرێت و نابێت لەدەرەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی سوریا بدرێت. پێویستە مافی پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، سوریانی و ئاشوری بپارێزرێت. لەڕێگەی ئەزموونی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، ئاشکرا بووە کەهەموو پێکهاتەکان دەتوانن لەئاشتی و ئارامیدا پێکەوە بژین. دەبێت سەرچاوە سروشتیەکانی وەک (گازی سروشتی و نەوت) بۆ هەموو گەلانی سوریا بێت. دەستوەردانی تورکیا بەتایبەتی قەیرانەکانی سوریای قوڵتر کردووەتەوەو پێویستە رێگری لەدەستوەردانەکانی دەرەکی و بەتایبەتی لەدەستوەردانەکانی تورکیا بکرێت. لەکۆتایی دەستپێشخەریەکەدا خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی لەڕژێمی سوریا دەکات و دەڵێت، « بۆ چارەسەری کێشەی سوریا بەرپرسیارێتیەکی گەورەمان لەسەرشانە. باش دەزانین کە بەدەیان هەزار هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوەو بەملیۆنان هاووڵاتیمان ئاوارەو دەربەدەر بوون. بۆیەش داوا لەڕژێمی سوریا و هەموو لایەنە دیموکراتەکان دەکەین کە وەڵامی دەستپێشخەریەکەمان بدەنەوە و پێکەوە هەوڵ بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان بدەینەوە». ٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیریان لەدەستپێشخەریەکە کرد لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پیشانداو رایانگەیاند، ئێمە وەک پارتە سیاسیەکانی سوریا بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بڕوامان بەدیالۆگ هەیە. ئێمە بانگەوازی برایەتی و ژیانی هاوبەش و چارەسەری سیاسی دەکەین. پارتە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، «ئێمە هیچ کاتێک هەوڵی دابەشکردنی سوریامان نەداوە، بەڵام دوژمنانمان بەبەردەوامی ئەم بانگەشەیە دەکەن. پرۆژەکەمان، سوریایەکی دیموکرات، رەنگاوڕەنگ و لامەرکەزیە. بۆیە پشتگیری لەدەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا دەکەین». تاوەکو ئێستا، رژێمی سوریا کە لەلایەکی دیکەوە، سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبییە لەچوارچێوەی کۆمکاری عەرەبیدا، وەڵامی دەستپێشخەریەکەی نەداوەتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەریش، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی ئەوەی کرد کەتورکیا هەوڵدەدات، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی لایەنگری خۆی و سوپای سوریا، هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت و لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بەکاریبهێنێت. بەم شێوەیە، گروپە چەکدارە جیهادیەکان کە بەفەرمانی تورکیا دەجووڵێنەوەو رژێمی سوریا، دوای ١٢ ساڵ لەکوشتن، ئازادو جەنگ هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان لەڕێگەی دیالۆگەوە پێ نییەو ئەوەی دەمێنێتەوە، بانگەوازی کوردە کەدەبێتە فریادڕەسی قەیرانە ئاڵۆزەکەی ئەو وڵاتە.

سەركۆ جەمال هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەمانگێكە راگیراوە سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و عێراق هەیە، دوو پەرلەمانتاری كورد دڵنیایی دەدەن لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە. بەپێی رێككەوتنی هەرێم و عێراق هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق بفرۆشێت و بڕیارە داهاتەكەی بخرێتەسەر هەژمارێكی بانكی و سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی ئەوەی هەیە پارەی لێ دەربكات بەچاودێری سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی پڕۆژە بودجەی 2023 و 2024 و 2025 پشكی هەرێم 12.67% و هەرێم و عێراق پابەندكراون كە جێبەجێی بكەن. هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەگشتی خۆشحاڵن بەڕێككەوتنی نێوان عێراق و هەرێم كەدۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان باش دەبێت و دۆسیەی نەوت بەشەفافانە داهاتەكەی دەگاتەوە هەرێمی كوردستان.  ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوای شایستە داراییەكانی لەعێراق بكات بۆ دابینكردنی مووچەو پێداویستیە داراییەكانی. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لەسەر داخوازی و سكاڵای دەوڵەتی عێراقی بووە واتە راگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەنجامی ئەو سكاڵایە بووە كەدەوڵەتی عێراق جوڵاندوویەتی ئەو بڕیارە دەرچووە، لەبەر ئەوە هەرێم مافی خۆیەتی داوای قەرەبوو بكاتەوە بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستیكەوتووە لەپێشتردا». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد دواجار مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانە ناكرێت چاوەڕێ بن تا ئەوكاتەو مووچە نەدرێت تا نەوت هەناردە دەكرێتەوە. لە 25ـی ئاداری رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە راگیراوە ئەمەش بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەپاریس، دادگاكە لەسەر سكاڵای عێراق لەدژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراقداو لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەكردنی نەوتی كوردستان راگیراوە. ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست بووبێت و بەڕێككەوتنێكی بەهێزیش ناوی دەبات شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هیچ ئاماژەیەكی شكستی رێكەوتنی هەولێرو بەغداد لەئارادا نییە، بەپێچەوانەوە متمانەی باش لەنێوان هەردوولادا هەیەو تائێستاش محەمەد شیاع سودانی راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەكانی و كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكەی دەكات». «رێكەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر - بەغداد رێكەوتنێكی پتەوو بەهێزە لەبەرژەوەندی هەردوولادایەو دەبێتە فاكتەری دەستەبەربوونی ئارامی دارایی لەعێراقدا بۆ ئێمەی كوردیش دەسكەوتێكی گرنگەو بەم نزیكانە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت. هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا تائێستا رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووەو لەپرۆژەیاسای بودجەشدا جێگیركراوە. ئاژانسی رۆیتەرز لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو توركیا دەیەوێت تادوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كەبڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دوابخات. زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم *385 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە *11,550,000 بەرمیل لەمانێگدا *تێكڕای نرخی نەوت 77 دۆلار بووە *بەرمیلێك بە 10,5 دۆلار كەمتر فرۆشتووە *بۆ هەر بەرمیلێك 66.5 بۆ ماوەتەوە *داهاتی 768 ملیۆن دۆلار دەكات *یەك ترلیۆن و 75 ملیار دیناری عێراقی دەكات دابینكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم *حكومەتی عێراق 400 ملیار دینار رەوانە دەكات *300 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ * 900 ملیار دینار بۆ مووچە *یەك ملیۆن و 251 هەزارو 350 مووچەخۆر *170 ملیار دینار لەپارەی فرۆشراوی نەوت ماوەتەوە *كورتهێنان بەقەرزی ناوخۆیی پڕدەكرێتەوە تا پەسەندكردنی بودجە

هاوڵاتی لەڕیفۆرمەوە تاڕیفراندۆم پرسی ریفراندۆم لەئێران ململانێی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی توندتر کردوەتەوەو خامنەیی لەگەڵ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، پرسکردن بەدانیشتوانی وڵاتەکە بۆ چارەسەری کێشەکان رەتدەکاتەوە. لەماوەی 44 ساڵی رابردودا تەنها دوو ریفراندۆم لەئێران کراوە کەیەکەمیان لەساڵی 1979 لەسەر داوای روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و دووەم ریفراندۆمی وڵاتەکەش ساڵی 1989 بووە کەئامانجی ئەو دوو ریفراندۆمە لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتەکانی خومەینی و خامنەیی شکاوەتەوە. ئەگەرچی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوتارەکانی ساڵانی رابردودیدا زیاتر لەشەش جار داوای کردوە بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل ریفراوندۆم لەفەلەستین بەڕێوەبچێت و لەساڵی 2009 تا 2020 بە بەردەوامی لەوتارەکانیدا ئاماژەی بەگرنگیی ریفراندۆم کردووە بەڵام ریفراندۆمی لەئێران رەتکردووەتەوە. لەچوار یاسای دەستوری ئێراندا ئاماژەی روون بەبەڕێوەچوونی راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرس و کێشەکانی وڵاتەکە کراوە بەڵام سەرەڕای داواکاریی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو بەرپرسانی باڵای دەسەڵات لە 33 ساڵی رابردودا هیچ ریفراندۆم لەئێران ئەنجامنەدراوە. خامنەیی کە 34 ساڵە بەپێی یاسای ژمارە 110 لەدەستوری ئێران یەکلاکەرەوەی پرسی دەسەڵاتی سیاسییە لەو وڵاتە، بەتوندنی ریفراندۆمی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە ناکرێت بۆ هەر کێشەیەک پرس بەهەموو خەڵک بکرێت و لەبەرامبەریشدا رەخنەگران دەڵێن ناکرێت چارەنووسی هەموو 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەکە بەدەست پیاوێکی 84 ساڵ تەمەنەوە بێت. بەوتەی خامنەیی: ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێران پێویستی بەشەش مانگ کات هەیە کەدەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لەهەموو جومگەکانی دەسەڵات و حوکمڕانیی لەوڵاتەکە. تەنها لەساڵی  2022 لەوڵاتی سویسرا لانیکەم 10 جار ریفراندۆم لەسەر پرسە فیدڕاڵییەکانی ئەو وڵاتەی تێدا ئەنجامدراوەو لەساڵی 1848 تائەو ساڵە 321 جار راپرسی و ریفراندۆم لەو وڵاتە بەڕێوەچووە. ئەنیستیتوتی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی ئاشکرای کردووە لە کۆی 205 وڵاتی جیهان لە 80%ی ئەو وڵاتانەدا بۆ یەکلایی کردنەوە پرسە سەرەکییەکانیان دیموکراسی راستەوخۆ یان ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت و لە 100 ساڵی رابردودا ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.   خامنەی ریفراندۆمی بۆ خۆی دەوێت دوای راپەڕینی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لە رێککەوتی 30 و 31ی ئازاری 1979 ریفراندۆم بە دوو دەنگی بەڵێ و نەخێر بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کراو دواتر راگەیەنرا 92% دانیشتوانی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بەسیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان. دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئامادە کراو بەسەرپەرشتی عەلی خامنەیی لیژنەیەک بۆ پێداچونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچونەوە لەساڵی 1989 خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کەدەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە. بەپێی بڕگەی 177 ئەو دەستورەی ئێستای ئێران کە خامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچونەوەی بووەو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقیهـ) و ئیمام یان پێشەوای گشتی کە خامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت. رێبەری کۆماری ئیسلامی لەدوایین وتاری سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە 18ی ئەم مانگەدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێرانی رەتکردەوەو وتی: لەهیچ شوێنێکی جیهان پرس بەهەموو خەڵکێک ناکرێت و هەموو پرسێکیش ناخرێتە راپرسی و ریفراندۆمەوەو ئەگەر کێشەکانی وڵاتەکە 100 هێندەی دیکەش گەورەبن پێویست بەڕیفراندۆم ناکات و توانای چارەسەری کێشەکانیان هەیە بەڵام نابێت بێهیوا بن. خامنەیی وتیشی: هەندێک کەس لەسەر بنەمای سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شیکردنەوەی بەلێشاو بۆ بارودۆخەکان دەکەن ئەوەش هەڵەیە. وتەکانی خامنەیی وەڵامێک بووە بۆ داواکاریی پێشتری میرحسێن موسەوی، سەرکردەی بزوتنەوەی سەوزو حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران کەهەردووکیان بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی ئێران داوایانکردبوو ریفراندۆم لەوڵاتەکە بەڕێوەبچێت. جگە لەو دوو سەرکردەیەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی بەرچاو لەبەرپرسانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی داوای راپرسی سەرتاسەریی و ریفراندۆمیان کردبوو. چوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم وەک خۆی جێبەجێ نەکراون و تەنانەت ماددەی 59 لەدەستوردا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) بکرێت لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەڵام رەتکراوەتەوە.   کێ داوای ریفراندۆم دەکات سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، میرحسێن موسەوی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلام داوای نووسینەوەی دەستورو گۆڕانکاریی ریشەیی لەدەسەڵات و حوکمڕانیی ئێران کرد، وتی «خەڵک بڕوای بەچاکسازیی لەسیستمی ئێستای حوکمڕانیدا نەماوەو وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کەپێویستی بەڕیفراندۆمە». موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد رەشنووسێکی نوێ بەڕەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لەلایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لەئێران ئامادەبکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، بەبڕوای ئەو گەورترین کێشەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەیەکبوون لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئامانجەکانیدا بۆیە ئەو سیستم و حوکمڕانییە ناتوانێت بەردەوام بێت. موسەوی جەختی لەوە کردووەتەوە کەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رووبەڕووی قەیرانی قووڵی بێمتانەیی بووەتەوە و شەرعیەتی لەدەستداوەو خەڵکی وڵاتەکەش متمانەو بڕوایان بەچاکسازیی نەماوە، بۆیە پێویستە پڕۆسەی ریفراندۆم لەوڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت بەمەبەستی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی حوکمڕانیی. پاش موسەوی و دوای شەش مانگ لەناڕەزایەتییەکان، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوایکرد بۆ چارەسەری کێشەکان و رەچاوکردنی ناڕەزایەتییەکان ریفراندۆم بکرێت بەڵام داواکارییەکەی کاردانەوەی توندی دەسەڵاتداران و باڵای محافزکاری کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوەو تۆمەتبار کرا بەناپاکی و بێڕەوشتیی سیاسیی. حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە چەند جارێک رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتوەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسیی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت چونکە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەڵام لەساڵی 1989 تائێستا هیچ ریفراندۆمێک نەکراوە. رۆحانی لەساڵی 2015 تائێستا چەند جارێک داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر هەندێک پرس کردبوو کەسەرجەمیان رەتکراونەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوە و دەستبردن بۆی مەترسیدارە. سەرۆک کۆماری پێشوو لەدوایین هەنگاویدا بۆ ریفراندۆم لەدیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لەئاستێکدایە کەپێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێبکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بەگۆڕانکاریی هەیەو وتی: دەبێت بەپێی یاسای 59ی دەستور، راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بەسێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەو ئابوریی لەوڵاتەکە بکرێت. بەوتەی رۆحانی هەندێک لەماددەو بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بووەو جێبەجێنەکراون بەتایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کەئاماژەی روون بەمافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات، ناڕەزایەتییەکانی رابردو رووداوێکی ناخۆش بوون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت. رۆژنامەی (جەوان) لەئێران لەسەروتارەکەیدا هێرشی توندی کردووەتەوەسەر رۆحانی و ئەوی بەکەسێکی بێڕەوشتی سیاسی ناوهێناوە کەتەنها بەسەرزارەکی باسی ریفراندۆمی کردووەو ئامادە نییە راستەوخۆ بەشداریی لەو پرسەدا بکات بەڵام بەئامانجی دژایەتیی حکومەتی ئێستاو جەنگی دەرونیی پرسی ریفراندۆمی وروژاندووە. ئەو رۆژنامەیە کە سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکارانی کۆماری ئیسلامییە جەختی لەوە کردووەتەوە تێچوو خەرجییەکانی ریفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەکان تەرخان بکرێت باشترە تا ریفراندۆم لەسەر ئەوەبکرێت کەسیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی.   ناوبژیوانی ریفراندۆم محەمەد خاتەمی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازو سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لەدەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە گرتووەو وتوویەتی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەوڵاتەکەدا روون و ئاشکرایەو دەسەڵات بۆ رازیکردنی کەمینە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی زۆرینەی خەڵک. محەمەد خاتەمی کە بەهاوڕێی ریفۆرم و چاکسازیی موسەوی ناودەهێنرێت تەنها دوای رۆژێک لەبەیاننامەکەی موسەوی بۆ ریفراندۆم، لەبەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئەوەی حاشای لەپێویستیی گۆڕانکاریی لەئێران نەکردووە بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆمی بەشێوەی خۆی رەتکردووەتەوەو هاوهەڵویست نەبوو لەگەڵ هاوڕێ ریفۆرمخوازەکەی. خاتەمی لەبەیاننامەکەیدا: روحانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە؛ بەپێی ئەو تواناو هێزو ئامرازانەی کە دەسەڵات هەیەتی، رووخان و نەمانی لەڕووی میکانیکییەوە ئاستەمەو ناکرێت، بەبڕوای ئەو» چاکسازیی لەکۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی بەگۆڕانکاریی لەدەستورو چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بەگەڕانەوە بۆ جەوهەرو هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە». ئەگەرچی جەختی لەوە کردووەتەوە کەهیچ ئاماژەیەک لەدەسەڵاتدا بەدیناکرێت بەئامانجی چاکسازیی و دوورکەوتنەوە لەدووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو ئێستای بەڵام بەهیچ جۆرێک باسی ریفراندۆمی نەکردووەو رەنگە ئامانجی ئەویش نێوەندگیریی باڵ و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت لەپێناو سەرەگرتن یان نەگرتنی ریفراندۆم.   لە ریفۆرمەوە بۆ ریفراندۆم سەرەڕای ئەوەی پێشتر مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری سەر بەباڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی لەساڵی 2010 وەک چەکێک لەدژی پەرلەمانی ئەوکات کەزۆرینەی بەدەستی ریفۆرمخوازنەوە بوو داوای ریفراندۆمی کرد، کەمترین جار لەلایەن باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلام ئاماژە بەڕیفراندۆم لەناوخۆی ئێراندا کراوەو بەپێچەوانەوە باڵی ریفۆرمخواز لەگەڵ روودانی هەر کێشەو ناکۆکییەک لەدەسەڵاتی سیاسیدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کردووە. ئێستا کەڕەنگە ژمارەی کورسییەکانی باڵی ریفۆرمخواز لەکۆی 290 کورسی لەپەرلەمانی ئێران نەگاتە 20 کورسی و کەمترین و لاوازترین پێگەیان لەناو حکومەت و دەسەڵاتدا ماوە وەک دوایین کارت بۆ بەهێزکردنەوەی خۆیان لەناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا پرسی ریفراندۆم دەوروژێننەوە چونکە ئەو باڵە پێچەوانەی بانگەشەکانی رابردوویان پشتگیریان لەناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان نەکرد. ریفراندۆم لە 44 ساڵی رابردودا تاپۆکەی بەناوی باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووەو بۆ باڵی ریفۆرم تابۆیە، بۆیە باسکردنی هەر جۆرە لەڕیفراندۆمێک کاردانەوەی توندی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوەو دوور نییە ریفراندۆم دوایین کارتی بەختی ریفۆرمخوازان نەسوتێنێت بەتایبەت کە رۆڵی گرنگیان لەناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نەبینیوە.  

هاوڵاتی تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تائێستا سوورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چەندین داواكارییان گەیاندووە بەوەفدی حكومەتی هەرێم كە لەوەزیری شەهیدان و ئاوەدانكردنەوەو ئەوقاف پێكهاتبوون. زیاتر لەشەش مانگە تیمی یەكێتی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەریەك لەوەزیرانی (پلاندانان، رۆشنبیری، كشتوكاڵ، پێشمەرگە،  خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، سەرۆكی دەستەی ژینگە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردووە. قوباد تاڵەبانی لە 26ی تشرینی یەكەمی 2022 و وەزیرەكانی یەكێتی لە 11ی كانونی یەكەمی 2022 وە بەشدارییان نەكردووە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جارو لەدوو كاتی جیاوازدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی نیشتمانی كردووە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام سەرۆكی هەرێم بێهیوا بووە لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە. لە 26ی شوبات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراوی فەرمی، داوای لەتیمی یەكێتی كرد كەبگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیش وەڵامی نووسراوەكەیان بەفەرمی دایەوە كە  لەبەر «رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لەبڕیاردان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان  ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەجەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لەوتارێكدا داوای لەتیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچ وەڵامێكی فەرمی‌ نەدایەوە.  دواتر لەسەر پێشنیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان تیمێك كە  لەهەریەك لەپشتیوان سادق، سەرۆكی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولكەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵاحاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكدێت و لەهەولێر رۆژی 17ی نیسان سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیان كرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كەزانیاری وردی دەستكەوتووە لەو كۆبوونەوەیەدا، تیمەكەی گۆڕان و پارتی و سۆشیالیست داواكارییەكانی تیمی یەكێتی گەیاندووە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بڕیارە دانوستاندنەكان بەردەوامی هەبێت، بەڵام هیچ ئومێدێك بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی لەئێستاداو بەم زووانە بوونی نییە. هەروەها قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانەو پێویستە داهاتەكانی هەرێم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاو ناوچەكاندا دابەشبكرێتەوە «نەك بەمەبەست سزای دارایی و ئابووری پارێزگای سلێمانی بدرێت و بخنكێندرێت، كەئەوە لای یەكێتی قبوڵكراو نییە». داواكارییە بنەڕەتییەكانی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی 1-پێدانەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیران 2-زیادكردنی دەسەڵاتی وەزیرو سەرۆكی دەستەو بریكارو بەڕێوەبەرە گشتتیەكانی یەكێتی 3-لیژنەیەك پێكبهێندرێت لەسەر دۆسیەی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەهاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی و بەئامادەبوونی هاوپەیمانان تا یەكلایبكرێتەوە 4-راگرتنی سزادانی سلێمانی لەڕووی داراییەوە كەپارەی پێویستی بۆ رەوانە ناكرێت لەداهاتی نەوت. 5-متمانەكردن بەداهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین 6-دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هاوشێوەی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و جیاوازی نەكردن لەنێوانیاندا. 7-پێدانی پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی دەرمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە 8-گەڕانەوەی بودجەی هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە راگیراوە 9-دەسەڵاتی دامەزراندن  لەسنوری سلێمانی  بدرێتە قوباد تاڵەبانی كە سەدان میلاكی پێویستیان دەوێت بەتایبەت بۆ تەندروستی و پەروەردە 10-دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست كە بەڵێنی یەكێتی بووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا.