و. ئەكرەم ئەمین   بەباشكردن و رێكخستنی بەردەوامی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لەچین، بووژانەوەی ئابووری چین بەشێوەیەكی بەهێز پێشكەوتووەو متمانەی زۆر بەگەشەی ئابووری جیهانی زیادكردووە. لەم دواییانەدا مۆرگان ستانلی، گۆڵدمان ساكس، جەی پی مۆرگان و زۆرێك لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەبەرهێنان پێشبینییەكانیان سەبارەت بەگەشەی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا زیادكردووە.  زۆرێك لەژوورە بازرگانییە بیانییەكان لەچین، وەك ژووری بازرگانی ئەمریكی لەچین، ژووری بازرگانی بەریتانیاو ژووری بازرگانی ئەڵمانیا لەچین، پێیان وایە گۆڕانكاری لەڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا لەچین یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی چین بەئاڵوگۆڕو گەشتە بازرگانییەكان.  بەگوێرەی شیكاریی پسپۆڕان، لەساڵی ٢٠٢٣دا، لەگەڵ باشتربوونی وردە وردەی خواست و پاڵپشتی سیاسەت، زیندوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین زیاتر ئازاد دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبوون بە "سەقامگیركەرێك" بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و "بزوێنەرێك" بۆ گەشەی ئابووری جیهانی. شارە جیاوازەكان گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەورە، گەشتە چارتەرەكان ئامادەیی خۆیان بۆ "چوونە دەرەوەی وڵات" راگەیاندووە بۆ وەرگرتنی داواكاری بازرگانی، هەروەها بازاڕی میوانداری و گەشتیاری وردە وردە بەرەو باشتر دەچێت، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەرفەتی نوێ دەبینن، میدیا بیانییەكان ئاماژەی ئەرێنیی بەگەشەسەندنی ئابووری چین دەدەن. گۆڤاری (InstitutionalInvestor)ی ئەمریكی لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كەڕەنگە لەچوارچێوەی ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانیدا تیشك بخرێتەسەر بووژانەوەی ئابووری چین. چین بەدەستكاریكردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەكان، رەنگە ببێتە "پەناگەیەكی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنەران. بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەماڵپەڕی سەنگافورەی (Zaobao) بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەك بانكی وەبەرهێنان یەك لەدوای یەك پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووری چین لەمساڵدا بەرزكردووەتەوە.  كۆمپانیای (JPMorganChase) لە 4% بۆ 4.3% و گۆڵدمان ساكس لە 4.8% بۆ 5.2% و مۆرگان ستانلی كە گەشبینترینیان هەیە پێشبینی دەكات ئابووری چین لەم ساڵدا 5.7% گەشە بكات. هاوكات بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لەنێوان 49 ئابووریناسدا ئەنجامدراوە، رەنگە رێژەی گەشەی ئابووری چین لەساڵی 2023 بگاتە 4.9%.  راپۆرتەكە لەزاری وانگ تاو، سەرۆكی ئابووریی كۆمپانیای یو بی ئێس لەچین رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەدوای مانگی ئازارو نیسانی ئەمساڵ چالاكی ئابووری و بەكارهێنانی چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش بچێت. رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەزاری شرۆڤەكارانەوە پێشبینی دەكات كەكۆی فرۆشی تاكەكەسی چین بۆ كاڵا بەكاربەرەكان لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٥٠ ترلیۆن یوان بەزیادبوونی ١١%.  بۆیە وەبەرهێنەران و شرۆڤەكاران پێشبینیان كردووە "ساڵێكی گەشاوەتر لەپێشەوەیە".  بەگوێرەی بابەتێكی گۆڤاری "فۆرچۆن"ی ئەمریكی، كۆمپانیای بلاك رۆك كەكۆمپانیایەكی ناسراوی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی سەرمایەو سەروەت و سامانە، هەروەها راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردووەتەوە كەپێشبینی دەكات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٦%، ئەمەش دەبێتە هۆی یاریدەدەر بۆ گەشەی ئابووری جیهان. بەپێی راپۆرتێكی ئەم دواییەی كەناڵی سی ئێن ئێن، چەند پارێزگایەك لەچین ئامانجی گەشەكردنیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیار كردووە، كەزۆربەیان لەسەرووی ٥% دانراون، بەمەش یەكەم ئاماژە بۆ ئاراستەی گەشەسەندنی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا دابینكراوە.  بەپێی راپۆرتەكە، داڕێژەرانی سیاسەتی چین رێوشوێنیان بۆ پیشەسازی تەكنەلۆژیاو پیشەسازی خانووبەرە داناوە.  ئەم ئاماژانە متمانەی وەبەرهێنەران و شرۆڤەكارانیان زیادكردووە كەپێیان وایە ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش دەچێت. بەپێی دوایین نوێكردنەوەی ئابووری چین لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ خراپبوونی گەشەی خواستی جیهانی، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی داواكاری گشتی ئابووری چین وردە وردە بەرەو خواستی ناوخۆیی بگۆڕێت. لەگەڵ باشتربوونی متمانەی بەكاربەران و ئازادكردنی خواستی بەكاربەران، بەكارهێنانی چین وردە وردە باشتر دەبێت؛  هەروەها بەردەوامی گەشەی وەبەرهێنانی ژێرخانی و ئامادەیی وەبەرهێنەران دەبێتە هۆی باشتركردنی گەشەی وەبەرهێنان. سەرچاوە: persian.cri.cn

بێدار محەمەد   تووشبووانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان بەدەست نەبوونی چارەسەرو نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن، ژمارەی تووشبوان لەگەرمیان زیاتر لە 170 نەخۆشە تائێستا ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە لەگەرمیان نیەو ئامێرێكیان بۆ كڕاوە ئیش ناكات و پارچەشی دەستناكەوێت، نەخۆشانی گورچیلە بۆ زۆربەی چارەسەرەكانیان روودەكەنە سلێمانی، هاونیشتمانیەك دەڵێت بۆ چاندنی گورچیلە 50 ملیۆن دینارم لەسلێمانی خەرجكردو بۆ چاودێریكردن و چارەسەریش هەر بەڕێگاوەم بۆ سلێمانی. ئیبراهیم عەبدوڵا  سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێزی كوردستان، بەڕۆژنامەی  هاوڵاتی  راگەیاند:»ئێمە لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئازارو مەینەتیانەی كەتووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە بەدەستیەوە دەناڵێنن لقێكی كۆمەڵەی گورچیلە پارێزی كوردستانمان لەم هەفتەیەدا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان كردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت تەندروستی گەرمیان بچێت بەهانایانەوە». وتیشی:»تادێت ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەزیادبووندایە لای ئێمە تائێستا 130 تووشبوو تۆماركراون و زانیاریمان هەیە 40  تووشبووی تر لەم نزیكانە لامان تۆماردەكرێن، سەرباری ئەوەی بەدووری نازانین تووشبوی تر هەبێ و لای ئێمە ناوی تۆمار نەكردبێت». «لەگرنگترین داواكاریەكانی ئەوان لەپێوستی تەندروستی گەرمیان ئەوەیە كەچارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانیان بكەن، ئەوان بۆ دەرمان و چارەسەر سەردانی سلێمانی دەكەن، بۆیە داواكارن دەرمانی پێویست بۆ تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە دابین بكرێ، هەروەها پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان دابین بكرێت . تاوەكو ئێستا ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە لەگەرمیاندا نیە بۆ ئەوەش دەبێ تووشبووانی نەخۆشییەكانی گورچیلە سەردانی سلێمانی بكەن»، سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێز كوردستان وای وت. هاوكات كاروان محەمەد بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان كەتاكە سەنتەرە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانە، بۆ رۆژنامەی  هاوڵاتی دواو وتی: « گرفتی كەمی دەرمان تەنیا بەرۆكی ئەوانی نەگرتووە، بەڵكو تەندروستی گەرمیان بەشێوەیەكی گشتی گرفتی نەبوونی دەرمانی هەیە». كاروان محەمەد دەڵێت:»بۆ چارەسەری گرفتی كەمی دەرمان مانگی رابردوو لەڕێگەی سۆزان مەنسور پەرلەمانتاری عێراق، بڕی 300 شروبی تایبەتمان لەحكومەتی عێراقەوە بۆ تووشبووانی گورچیلە دابینكرد كە بایی 200 ملیۆن دینارە». وتیشی:» پزیشكێكی تایبەتیان بۆ چارەسەرو بینینی تووشبوانی گورچیلە لەگەرمیان دابینكردووە، بەڵام بۆ هەندێك پشكنین تووشبوانی گورچیلە دەبێت بچنە كەرتی تایبەت». لەبارەی نەبوونی ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە، بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان  رایگەیاند:» بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكەوە ئەوئامێرە  بكڕدرێت بەڵام پاشتر بەهۆی دابەرزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار كۆمپانیا پاشەكشەی كرد لەو هەنگاوەی». ئاشكراشیكرد: لە 2013 ئەو ئامێرەمان بۆ دابینكرا، بەڵام جۆرەكەی باش نەبوو پاشتر پارچەی یەدەكی نەمابوو، بۆیە سودی لێنەبینرا لەهەوڵداین ئەو ئامێرە  دابین بكەین». هاووڵاتی كارزان عوسمان كەتووشبویەكی نەخۆشی گورچیلەیە لەگەرمیان دواندو ئەو وتی:»بۆ چاندنی گورچیلە لەگەرمیانەوە چوومەتە سلێمانی و بڕی 50 ملیۆن دینارم خەرجكردووە، ئێستا ئەوەی بیەوێت گورچیلە بچێنێ دەبێ ئەو بڕە پارە خەیاڵیە خەرجبكات، لەسلێمانی-یش لەكەرتی تایبەت دەكرێت چونكە دراوەتە نەخۆشخانەی ئەهلی . «كەپشكنینی بەرگری لەگەرمیان ناكرێت دەبێت بچینە سلێمانی، پزیشكیش هێنرابێ بۆ كەلار ئامێری تاقیگەیی پێشكەوتووی بەردەست نیە. تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان رێژەی پەككەوتنی گورچیلەیان لە 85%ەو ناتوانن كاربكەن، دەبوو وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان تۆماربكرایە كەچی لەهاوكاریكردنی وەزارەتی كار بێبەشكراون»، كارزان عوسمان وای وت.    

پرسی كورد لەتوركیا، هەرچەندە بەسەرەكیترین پرس دادەنرێت، بەڵام هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا، بەكارهێنراوە، تاوەكو ئێستاش بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەش نزیكبوونی دەنگەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردۆغان هەردوو كاندیدە بەهێزەكە، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بردنەوەی یەكێك لەكاندیدەكان و جارێكی تریش پرسی كود دەبێتەوە بەباسی سەر مێزی دانوستانەكان. باسكردنی چارەسەری پرسی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، تاوەكو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و بەتایبەتی تاوەكو سەردەمی تورگوت ئوزاڵ لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو، بەهیچ شێوەیەك نەبینراوەو یەكەم جار كەدەسەڵاتی توركیا لەگەڵ لایەنی كوردی بەمەبەستی چارەسەری پرسی كورد دەستی بەدانوستان كرد، حكومەتەكەی تورگوت ئوزال بوو كەدواتر بەمردنی گوماناوی ئوزاڵ، كۆتایی بەدانوستانەكان هێنراو سەردەمێكی رەش و تاریك لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی تانسۆ چیللەر دەستیپێكرد. دوای ئەوە سولەیمان دەمیرئەل لەساڵی ١٩٩٢ كەیەكەم كۆبوونەوەی وەزیرانی خۆی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان ئەنجامدا رایگەیاند: لەو شارەدا واتە ئامەد «دان بەڕاستی كورد دەنێین». بەڵام دواتر هەنگاوێكی بەرەو چارەسەری پرسی كورد نەناو رۆژنامەنووس «فیكرەت بیلا» لە ١٧ی ئابی ٢٠٠٥، دوای مردنی دەمیرئەل، چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵیدا بڵاوكردەوە كە دەمیرئەل دەڵێت» مەبەستم لەڕاستی كورد ئەوە بووە، واتە مرۆڤێك بەناوی كورد هەیە، ئێمە ئەوە قبوڵ دەكەین، لەنێو گەلی توركدا، كوردیش هەیە». واتە دەمیرئەلیش ئاشكرا بوو كەپرسی كوردی بۆ بەهێزكردنی خۆی و راكێشانی دەنگی كورد بەكارهێناوە. پاشان هیچ حكومەتێك هەوڵی نەداوە پرسی كورد لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەربكات و هەمووان پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازیی بردووە، تاوەكو حكومەتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات. ئەردۆغان لە ١٢ی ئابی ٢٠٠٥دا لەشاری ئامەد بۆ یەكەم جار وتی: « كێشەی كورد كێشەی منە»و دوای ئەوە لەشاری ئەستەنبوڵ لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند:» ١٥ ساڵ لەمەوبەر ئوزاڵ و دەمیرئەلیش هەوڵی چارەسەریان داوەو ئێمەش لەهەوڵەكانمان بەردەوام دەبین». لەساڵی ٢٠٠٥ەوەو تاوەكو ساڵی ٢٠١٥، چەندین كۆبوونەوەی نهێنی و ئاشكرا لەنێوان حكومەتی توركیاو پەكەكە، بەنێوەندگیری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچوون و جۆرێك لەكرانەوە بەڕووی كورددا هاتەئاراوە كە لەمێژووی توركیادا بێوێنە بوو. رادیۆو كەناڵی فەرمی سەر بەحكومەت بەزمانی كوردی كرانەوە، زمانی كوردی لەزانكۆكاندا وەك زمانی هەڵبژاردە دەخوێندرا. چەندین شاندی ئاشتی لەقەندیل، مەخمورو ئەوروپاوە گەڕانەوە توركیاو لەو ١٠ ساڵەدا، توركیا پێشكەوتنێكی گەورەی لەڕووی، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، گەشتیارییەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر ئاشكرابوو كەئەگەر كێشەی كورد لەو وڵاتە چارەسەربكرێت، كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی دیكە هەیە، لەسەروبەندی ئەوەی  داری چارەسەر بەربگرێت، مێزی دیالۆگ قڵپكرایەوەو ئیدی حكومەتی ئاكەپە ١٨٠ پلە گۆڕاو جگە لەشەڕی ناوخۆ، دەستی بەئۆپراسیۆنەكانی دەرەوەی سنور بۆ نێو باشورو رۆژئاوای كوردستان كرد، تائێستاش كەنزیكەی مانگ و نیوێك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ماوە، دۆخی شەڕو ئاڵۆزی بەردەوامە. لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، جارێكی دیكەو لایەنێكی دیكە بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكاندا، خۆی لەكورد نزیككردووەتەوە كەئەویش هاوپەیمانی گەلە بەسەرۆكایەتی كەمال كلچدارئۆغلۆ. كلچدارئۆغلۆ كەكوردێكی عەلەوی خەڵكی شاری دەرسیمەو كاندیدی هاوبەشی پارتەكانی نێو (هاوپەیمانی گەل)ە بۆ سەرۆكایەتی لە ٢٠ی ئازاردا (ئەم مانگە) دوای چاوەڕوانییەكی زۆر سەردانی هەدەپەی كردو لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كۆبووەوە. دوای كۆبونەوەكە كەنزیكەی كاتژمێرێكی خایاند، كلچدارئۆغلۆ بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەكو ئاشتی هەبێت، هیچ واتایەكی شەڕ نییە. پرسی كورد لەپەرلەمان چارەسەر دەكەن. هەروەها ئاماژەی بەقەدەغەی سەر زمانی كوردی كرد كەبۆچی وەك زمانێك كە «لێی تێناگەن» پێناسەی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو رادیۆو كاناڵی فەرمی دەوڵەتیش بەكوردی پەخشی خۆیان دەكەن. قسەكانی كلیچدارئۆغڵۆ لەشەقامی توركیاو سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی زۆری بۆكراو چەند رۆژ دوای ئەوەش، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپ) رایانگەیاند: كەكاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی نابێت. هەرچەندە ئاماژەیان بەوەنەكرد كەدەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە رێككەوتنی ژێربەژێر ئەنجامدرابێت و  بەرەی كوردو چەپەكانیش لەدژی ئەردۆغان، هەوڵی سەرخستنی كلچدارئۆغلۆ دەدەن. ئاماژەیەكی دیكەش بۆ راستی ئەم بۆچوونە ئەوەیە كە پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو كەهەموو هەوڵێكیان كۆیاییهێنانە بەدەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆمار. لەكاتێكدا كەدیارە كێشەی كورد لەتوركیا، كێشەیەكی دەستووریەو چوار خاڵی سەرەتای دەستووری بنەڕەتی توركیا كەباسی « یەك وڵات، یەك نەتەوە، یەك ئاڵاو یەك زمان» دەكات، رێگرە لەوەی زمان و نەتەوەی كورد بەفەرمی لەو وڵاتەدا دانی پێدابنرێت، بەڵام لایەنی كوردی، بەناچاری و بەهۆی فشارەكانی چەندساڵی رابردووی ئاكەپە لەسەر كوردو نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی دەسەڵات بۆ چارەسەری كێشەی كورد، دەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، كەئەویش بەفەرمی هیچ پرۆسەیەكی بۆ چارەسەری نییە و لەكارنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلیشدا كەساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەست بۆ هیچ خاڵێكی دەستووری نەبراوە كەپەیوەندی بەكێشەی كوردەوە هەبێت. بەو پێیەش وەها دەردەكەوێت كە هەدەپەو هاوپەیمانەكانی، بیانەوێت لەقۆناغی سەرەتای نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆماردا، هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژن و دواتر خۆیان بۆ كێبڕكێیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كلچدارئۆغلۆ ئامادە بكەن كەیەكێكیان پارتی باشە بەسەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر. ئاكشەنەر كەیاریدەدەرێكی باوەڕپێكراوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی سەرەكیترین دوژمنی كورد بوو، لەئێستادا بەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی گەلەو بەئاشكرایی رایگەیاندووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت كلچدارئۆغلۆ داواكاری هەدەپە بێنێتە سەر مێزێك كەئەوانی لەسەربن. لەئێستادا، پرسە سەرەكییەكە، پرسی هەڵبژاردنە لەتوركیا كەئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی كردووەتەوەو رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەكانیش، لەبەر رۆشنایی ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، دیارە. دوایین زانیاری لەسەر رێژەی دەنگی لایەنەكان لەلایەن محەمەد عەلی كولات سەرۆكی كۆمپانیای ماك-ی تایبەت بەڕاپرسییەكان ئاشكراكرا. محەمەد عەلی كولات لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سوزجو)ی نزیك لەپارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رێژەی دەنگەكانی هاوپەیمانی كۆمارو هاوپەیمانی گەل نزیكن لەیەكەوە، واتە هەردووكیان نزیكەی ٤٥٪ بەدەستدەهێنن و ١٠٪ی دیكەش دەنگی هەدەپەیەو هاوپەیمانەكانیانە. بەپێی قسەكانی كولات بێت، هەدەپە لەم نێوەندەدا، دەتوانێت بەئارەزووی خۆی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی لایەنێك یەكلایی بكاتەوە. یەكەم مەرجی هەدەپەش، چارەسەری پرسی كوردو دیموكراسییە لەتوركیا كەدەسەڵات هیچ پرۆژەیەكی بەو شێوەیەی نییەو وەها دەردەكەوێت كەهەدەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆكایەتی كلچدارئۆغلۆ یەكلایی بكاتەوە كە بەزارەكیش بێت، بەڵێنی چارەسەری پرسی كورد لەپەرلەمان و هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر زمانی كوردی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی داوە.  

هێمن مەحموود لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی بڕیاری بەپارێزگاریكردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، ئەم بڕیارەی بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە وەك وەفایەك بۆ خەڵكی شارەكە وەسفكرا، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆتایی ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساندبوو، بڕیاری پارێزگا درووستكردن لەعێراقدا لەساڵانی پێشووتریشدا هەبووەو بڕیار لەسەر چەندین قەزای دیكە دراوە كەبكرێت بەپارێزگاو بڕیارەكەش رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەپەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوەو وەك خۆیان ماونەتەوە. لەمانگی 1ی ساڵی 2014، (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بڕیاریدا كە چوار پارێزگای نوێ لەعێراق درووستبكرێت كەئەوانیش (قەزای دووزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدین) و (قەزای تەلەعفەر لەپارێزگای نەینەوا)  و (دەشتی نەینەوا) و (فەلوجە لەپارێزگای ئەنبار) بكرێنە پارێزگاو بەمەش ژمارەی پارێزگاكانی عێراق لە 19 پارێزگاوە (بەهەڵەبجەشەوە) دەبێتە 23 پارێزگا، هاوكات چەندین داواكاریش بەرزكرانەوە بۆ كردنی قەزای زوبێر لەپارێزگای بەسرەو قەزای مەدینە سەدر لەبەغدا بكرێنە پارێزگاو قەزای شامیەو سویرە لەپارێزگاكانی دیوانیەو واست بكرێنە پارێزگا. جگە لەبەپارێزگاكردنی قەزای هەڵەبجە كەهیچ رێگری و ناڕەزایەتییەكی لەدژ سازنەكراو تەواوی عێراقییەكان قبوڵیان بوو، بەپارێزگاكردنی شارەكانی دیكە بوو بەمایەی ناڕەزایی و هەڕەشەی درووستكردنی هەرێمی سەربەخۆی لێكەوتەوە، ئەویش بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتوانەوە. پارێزگاری ئەوكاتی نەینەوا رایگەیاند ئەگەر بێت و تەلەعفەرو دەشتی نەینەوا (كەزۆرینەی شیعەو مەسیحییە) بكرێنە پارێزگا ئەوا هەرێمێكی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، پارێزگای سەڵاحەدینیش رەتیكردەوە رازی ببێت دووزخورماتوو (كەتوركمان و كورد زۆرینەن) بكرێتە پارێزگاو رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەكەوەیە، پارێزگای ئەنباریش رەتیكردەوە فەلوجە (بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە) بكرێتە پارێزگا، كوردیش رەتیكردەوە تەلەعفەرو دەشتی نەینەواو دووزخورماتوو (بەهۆی ئەوەی دەكەونە ناوچەی جێناكۆكەوە) بكرێنە پارێزگا. درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ لەعێراقدا پێویستی بەچەندین رێوشوێنی ئیداری و یاسایی هەیە كەدەبێت ئەنجامبدرێت و دەستووری عێراقی رێگەیداوە دوای تەواوكردنی هەموو رێكارەكان، قەزاكان دەتوانن ببنە پارێزگا.  وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرپرسی وەرگرتنی داواكارییەكان و هەڵسەنگاندنی مەرجە هونەری و یاساییەكانی هەر قەزایەكە كەدەیەوێت ببێتە پارێزگا پێش ئەوەی رەوانەی سەرۆك وەزیران بكرێت، بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی قەزایەك بكرێتە پارێزگایەك ئەوا دەبێت مەرجەكانی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی پارێزگاكانی تیادابێت. پارێزگاری ئەو قەزایەی بڕیارە بكرێتە پارێزگا، یاخود زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگا قەزاكە هەڵدەبژیرن كەبكرێتە پارێزگا، هاوكات دەبێت رەزامەندی ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیانە وەربگیرێت كەدەخرێنە سەر پارێزگا نوێیەكەو دەبێت پشتگیری نوێنەرانی پارێزگا لەپەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و كەسایەتی  سەرۆك عەشیرەتەكانی گوندو شارەكانی بۆ وەربگیرێت.دواتر داواكارییەكە رەوانەی حكومەت دەكرێت و پێویستە پارێزگا پێشنیازكراوەكە لێكۆڵینەوەیەكی هونەری و ئابووری و گەشەپێدان بۆ ژمارەی دانیشتوان و توانا ئابوورییەكانی لەڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو ژێرخانی ئابوورییەوە ئامادەبكات، هاوكات دەبێت نەخشەی قەزاو ناحیەو گوندەكانی ئامادەبێت تاوەكو قەزایەك بكرێـتە ناوەندی پارێزگاكە بەمەرجی ئەوەی دەبێت ئەو قەزایە شارەوانییەكی دانپیانراوی بەپێی یاسای 1964ی شارەوانییەكان هەبێت. دەربارەی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەش، غەنی غەسبان، چاودێری سیاسی رایگەیاندووە ئەوە مافی راستەقینەی شارەكەیە بۆ ئەوەی ببن بەپارێزگای ژمارەی 19ی عێراق و چوارەمی هەرێمی كوردستان ئەویش لەپای ئەو زوڵم و ستەمەی كە لەم شارە كراوە، ئاماژە بەوەشدەكات بڕیارەكە هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكی ئاراستە ناكرێت نە لەناو عێراقداو نە لەناو هەرێمی كوردستانداو هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێم پشتگیری دەكەن. بەپێی بڕوای سەلام سمیسمی شارەزای ئابووریش بڕیاری درووستكردنی پارێزگای هەڵەبجە وادەكات لەبودجەی عێراقدا جیاواز لەبودجەی پارێزگای سلێمانی بودجەی سەربەخۆی بۆ تەرخانبكرێت. لیژنەی هەرێمەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش داوادەكات كەپارێزگای نوێ لەعێراقدا درووستبكرێت بەتایبەت لەناوچەكانی باشووری عێراقدا، لیژنەكە دەڵێت بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و گەشەی سیستەمی كارگێڕییەوە وا پێویست دەكات چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق دابەشبكرێت و پارێزگای نوێی لێ درووستبكرێـت وەك باكووری پارێزگای واست و ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەربەلا و بابل و نەجەف، هەروەها بەسرەش. بەبڕوای چاودێرانیش پێش درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ پێویستە چەند مەرجێك هەبێت و كاریگەری نەكاتەسەر تێكچوونی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی هەندێك پارێزگا، هاوكات دەبێت پارێزگاكە هەر بەتەنیا پشت بەحكومەتی ناوەند نەبەستێت بۆ بودجەو خۆی خاوەنی داهات بێت جا دەروازی سنوری بێت یاخود فڕۆكەخانە یاخود هەر داهاتێكی دیكە. داواكردنی درووستكردنی پارێزگای نوێ لەعێراقدا دیاردەیەكە زۆربەی ناوچەكانی عێراق بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و سیستەمی كارگێڕییەوە داوای دەكەن و ئەمەش پێویستی بەگۆڕینی نەخشەی ئیداری وڵاتەوە هەیە كە لەساڵی 1977ەوە (46 ساڵە) لەدوای درووستكردنی پارێزگای دهۆكەوە نەگۆڕدراوە، پێشتریش نەخشەی عێراق لەهەشت ویلایەتەوە گۆڕاوە بۆ 13 ویلایەت و دواتریش بۆ 14 و دوایین جاریش بۆ 18 پارێزگا. لەعێراقی دوای 2003شدا، بەهۆی ململانێ سیاسی و مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەییەكانەوە هەرچەندە چەندین جار باس لەدرووستكردنی پارێزگای نوێ كراوە بەڵام هەمیشە لەپەرلەمان نەتوانراوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لەبەرامبەر داوكاریی پارێزگایەكدا لایەنی بەرامبەر پارێزگایەكی دیكەی خستووەتەڕوو كە بەمەرجەكانی خۆیان درووستیانكردووەو لەئەنجامدا هیچ پارێزگایەكی نوێ درووستنەكراوە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا دەبێت كاری بۆ بكرێـت پارێزگای هەڵەبجەیە كەهیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییەو پێویستە بەزووترین كات نوێنەرانی كورد لەبەغدا بیخەنە كاری پەرلەمانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت و هەڵەبجە ببێتە 19یەمین پارێزگای عێراق.

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)  رایگەیاند: لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی و قوربانی هەیە، هاوكات لەچەند رۆژی رابردوودا دوای هێرشەكانی سەر بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە، ئەمریكا وەك وەڵامدانەوەیەك هێرشی كردەسەر ئەو گروپانەی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن لەڕۆژهەڵاتی سوریاو 19 چەكدار كوژران، ئەوە لەكاتێكدایە فەرماندەیەكی باڵای لەسوپای  پاسدارانی ئێران دەڵێت: تاران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا. رۆژی ٢٢ی ئازار، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی روسیا بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ئیسرائیل بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و فڕۆكەخانەی سەربازی نەیرەب. هەرچەندە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای نەكرد كەئایا جگە لەزیانی ماددی هیچ سەربازێكی سوریا، یاخود میلیشیاكانی سەر بەئێران كوژراون یان نا، بەڵام هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەكرد كەئەگەری هەیە لەهێرشەكەدا كوژراوو برینداریش هەبن.   واشنتۆن: ئێران هێرشی كردووە رۆژێك دوای هێرشەكەی ئیسرائیل، بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە بەدرۆن كرایەوە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لەڕاگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەكرد كەدرۆنەكە ئێرانییەو بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی ئەمریكی گیانی لەدەستداوەو كارمەندێك و پێنج سەربازی ئەمریكیش برینداربوون. لەڕاگەیەندراوەكەی پنتاگۆندا باسی قسەكانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كراوە كەدەڵێت، “لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هێرشێكی ورد لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەدژی ئەو بنكانە ئەنجامدراون كە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەكارهاتوون كەسەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن». لوید ئۆستن رایگەیاند: هێزەكانیان زنجیرەیەك هێرشیان ئەنجامداوە وەك وەڵامێك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و هەموو رێكارێك دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلەكەمان و وتیشی: بەشێك لەبریندارەكانیان رەوانەی عێراق كراون و چارەسەریان بۆ دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە، جۆن كێربی رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی كۆشكی سپی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی «سی ئێن ئێن» رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی وڵاتەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك بەرپرسیاری هێرشەكەی حەسەكە دەزانێت و وتی: جۆ بایدن زۆر بەخێرایی فەرمانی كردووە كەوەڵامی هێرشەكان بدەنەوە. دوای وەڵامە خێراكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی، میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەدەوروبەری دێرەزۆرو هەندێك ناوچەی باشوری رووباری فورات، جارێكی دیكە بارەگاكانی هاوپەیمانان كرانە ئامانج. جۆن كێربی پشتڕاستی كردەوە كە بەدوو مووشەك جارێكی دیكە، هێرش كراوەتەسەر بارەگای هێزەكانیان لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە. ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری سەركردەیەكی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە: كەئێران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراو  پێشهاتە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە بۆ ئێران كتوپڕ بووەو هەینی رابردوو تاران پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ واشنتۆن و تیایدا بێبەریبوونی خۆی لەهێرشەكردنەسەر بنكە سەربازیەكەی ئەمریكا دەربڕیوە.   هەسەدە: هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی لەو بارەیەوە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، دوای گرژییەكانی ناوچەكە كەسەرەتا بەدرۆنێك هێرشكرایەسەر بارەگای هاوبەشی هێزەكانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەحەسەكە، گوندەكانی ناوچەی زیبانی سەر بەڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر موشەكباران كراون و موشەكەكانیش لەو ناوچانەوە هاوێژراون كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بەڕژێمی سوریان. بەهۆی هێرشەكانیشەوە، ژنێك و كچەكەی برینداربوون. هەسەدە سەرەخۆشی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بەهۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی ئەمریكی، رایگەیاند: « ئێمە ئەم جۆرە هێرشانەو بەتایبەت هێرشكردنەسەر خەڵكی مەدەنی ئیدانە دەكەین و رایدەگەیەنین كەگرژییەكان ئاڵنگاری بۆ شەڕی دژی داعشدا دروستدەكات كەئێمە سوورین لەسەر ئۆپراسیۆنەكانمان لەدژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە. دوابەدوای راگەیەندراوەكەی هەسەدە، چەند چەكدارێكی نەناسراو، لەڕۆژئاوای شاری دێرەزۆر هێرشیان كردەسەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی شەڕڤانانی هەسەدە. سەرچاوەیەكی سەربازی بەئاژانسی «نۆرس پرێس»ی راگەیاند، هێرشەكە لەشارۆچكەی حەوایج ئەنجامدراوەو بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون كەبرینی شەڕڤانێكیان سەختە.   كوژراوانی ئێران لەسوریا مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش لەبارەی ئاماری شەڕو گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران دوو راگەیەندراوی بڵاوكردەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، بەگشتی لەهێرشەكانی ئەمریكا ١٩ چەكداری سەر بەئێران كوژراون و هەورەها كارمەندێكی ئەمریكی كوژراوەو شەش ئەمریكیش برینداربوون. ئەمەش لەكاتێكدایە كەسەرچاوەیەكی سەربازی بۆ كەناڵی پرێس تی ڤی ئێران بەئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەكانی ئێرانی بەدرۆخستەوەو وتی، هێزەكانی ئەمریكا كۆگایەكی هەڵگرتنی تۆوی دانەوێڵەی لەناوچەی حەرابیشی نزیك لەفڕۆكەخانەی سەربازیی دێرەزۆری بۆردوومان كردوەو هیچ زیانێك بەهێزەكانی سەر بەئێران نەگەیشتووە.   ئێران هەڕەشە دەكات حكومەتی ئێرانیش لەبارەی ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی ئەم دواییە لەنێو خاكی سوریا هاتە دەنگ و ناسر كەنعانی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا، بانگەشەی ئەوەی كرد كەسوپای ئەمریكا لەنێو خاكی سوریا خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج و وتی: « سوپای ئەمریكا كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەنێو خاكی سوریایەو بەشێك لەخاكی ئەو وڵاتەی داگیركردووە، هێرش دەكاتەسەر ئامانجە جۆراوجۆرەكان و ئەمەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە». كەنعانی باسی لەوەكرد كەبەرپرسانی ئەمریكا تۆمەتی ناڕاست دەدەنە پاڵ جمهوری ئیسلامی و پێویستە ئەمریكا بزانێت، رۆڵی سەردار سلێمانی لەشەڕی دژی داعش لەسوریا فەرامۆش ناكرێت و لەئێستاشدا راوێژكارە ئێرانییەكان، كاریگەریەكی بەرچاویان لەنێو خاكی سوریا هەیەو لەهاوكاریكردنی سوریا بەردەوام دەبن. هەروەها كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئەمریكا دەیەوێت بەهێرشەكانی، پرۆسەی داگیركاری نێو خاكی سوریا بشارێتەوەو ئێران تاوانبار بكات و وتی: « ئێران وابەستەی شەڕی دژی تیرۆرە لەسوریاو لەدژی هەموو جۆرە هەنگاوێك بووە كەئارامی ناوچەكە تێكدەدات. بەڵام وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێك لەدژی هێزەكانمان لەنێو خاكی سوریا دەدەینەوە».

شەنای فاتح لەو 400 ملیار دینارەی لەساڵی 2020 بۆ پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتری) سلێمانی بڕیاری لێدرا تائێستا تەنها 35 ملیار دیناری خەرجكراوە، پرۆژەكە نیوەی تەواوكراوە بەڵام لەئێستادا كاركردن تیایدا ئەوەندە بەخاوی بەڕێوەدەچێت وەك ئەوە وایە وەستابێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەچەند زەوییەكی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت. پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەد مەتری) سلێمانی، شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٠ بڕیاردرا بڕی  ٤٠٠ ملیار دینار تەرخانبكرێت و  وادەی تەواوبوونیشی مانگی هەشتی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا نیوەی پڕۆژەكە تەواوبووە و تەنها ٣٥ ملیاری بۆ خەجكراوە. سەبارەت بەكێشەو گیروگرفتەكانی پڕۆژەكە، رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی كرد بەكۆمپانیای قەیوان كەلایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەن، هاوكات سەرچاوەیەك لەشارەوانی سلێمانی كەنەیویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:»كاركردن لەشەقامی سەد مەتری سلێمانی خاو بووەتەوەو شایستە داراییەكانی بەكاش بۆ خەرجناكرێت، لەبەرئەوەی لەبانكەكاندا پارەی كاش نییەو وادەی تەواوبوونی شەقامەكەش پەیوەستە بەدابینكردنی پارەوە، تازووتر پارەی بۆ دابینبكرێت زووتر تەواو دەبێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەزەوی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت، لەئێستدا شارەوانی سلێمانی خەریكی فرۆشتنی زەوییەكانە بەتایبەت زەوییەكانی نزیك لەشەقامی سەد مەتری  تائەو بڕە پارەیە  پەیدابكرێت كە بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی پێویستە». رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:» ئەو پڕۆژەیە زۆر دواكەوتووە، هۆكارەكەشی بریتییە لەنەبوونی پارەی پێویست و بودجە، دەڵێن قەیرانی داراییە، بەڵام ئەوە راست نییەو بەپێی زانیارییەكانی ئێمە زیاتر لە ٢٠ كیلۆمەتر ئامادەیە بۆ قیركردن، بەڵام پارە نییە قیرەكەی پێبكرێت، وادەی تەواوبوونی پرۆژەكەش پەیوەندیدارە بەدابینكردنی بودجەوە، بەپێی پێشبینییەكان حكومەت بەم میكانیزمە بڕیار بدات پڕۆژەكە تەواوببێت بەدڵنیایەوە كاتەكەی خۆی تەواودەبێت و پڕۆژەكە هەر لەشوێنی خۆیدا دەبێت».   وتیشی:»ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی دەركردووەو دەسەڵاتی داوەتە شارەوانی سلێمانی كەزەوییە نایابەكانی شار بفرۆشرێن و داهاتەكەی خەرجبكرێت بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری  پێموابێت شارەوانی سلێمانی لەسەروبەندی ئەو بڕیارەدایە كە چۆن جێبەجێی بكەن بەڵام میكانیزمەكەی تائێستا لای ئێمە دیارنییە كە كام زەویانە دەفرۆشن و چۆنی دەفرۆشن». «بەداخەوە ئێمە حكومەتێكی دڵسۆزمان نییەو حكومەتێكی دووبەشەو بەشی ئەولا خۆیان بەخاوەنی ئێرە نازانن یان دڵسۆزی بەرامبەر ئەملا نانوێنن و پێویستبوو پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاوا سەرۆكی حكومەت خۆی بهاتایەتە سەرخەت و بودجەی بۆ دابین بكردایە.» نزیكەی هەزار پڕۆژەی تەواونەكراوو وەستاو لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا هەیەو شەقامی ١٠٠ مەتریش یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەو بریتیە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لەشەقامی عەربەت - سلێمانی كۆتایی دێت بەدرێژی (٣٤) كم و ئەم بەشانە لەخۆدەگرێت: ١- چوار سایدی هاتن و رۆشتن كە پانی سایدی سەرەكی ( ٢١ )م و سایدی خزمەتگوزاری ( ١٠ )م كە دووسایدیان بۆ رۆشتن و دوانیان بۆ هاتن بەكاردەهێندرێت، سایدە سەرەكیەكان بەردەوامن و سایدە خزمەتگوزاریەكان یەكتربڕەكان و سایدە سەرەكیەكان بەیەك دەبەستێتەوە بۆ چونەدەرەوەو هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبیل. ٢- سایدی سەرەكی پێكدێت لە (٤) چوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبیل و لاینێك بە پانی(٣ م) بۆ وەستانی ئۆتۆمبیل بۆ هەر پێداویستیەك، لەلای جەزرە ناوەند لاینێك هەیە بەپانی (٣م) بۆ وەستانی كتوپڕ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە كێشەیان دەبێت و لەسایدی خێرا لێدەخوڕن. ٣- رێگاكە لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بە پانی ( ١٢م ) و لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاری جەزرەیەكی ناوەندی بە پانی ( ٧م ) هەیە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی رووناكی و ئاودان بەكاردەهێندرێت هەروەها بە بەربەستی كۆنكرێتی یان گادرێل جیادەكرێتەوە بۆ  پاراستنی سەلامەتی ئۆتۆمبیلەكان. ٤- حەوت یەكتربڕین و ئاستی تێدایە كەسیانیان لەجۆری (كلۆڤەر لەیڤ) و چواریان لەجۆری (تایت دیامۆند)ئۆتۆمبێلەكان تەنها لەم یەكتربڕینەدا دەتوانن ئاڕاستە بگۆڕن یان پێچبكەنەوە یان بچنە دەرەوەی رێگا یان بێنە ناوەوە.  ٥- ئەم بەشەی كەئێستا جێبەجێدەكرێت بە ( ٥ ) شەقامی ( ٣٠ , ٦٠ )م دەبەسترێتەوە بەشەقامەكانی ( تاسلوجە – سلێمانی ، بازنەی مەلیك محمود ، ڕێگای سلێمانی – عەربەت ) لەڕێگای ئەو یەكتربڕانەی كە دروستدەكرێت لەم پڕۆژەیەدا. ٦- لەم پرۆژەیەدا بڕیاردراوە كە (٤) لەو شەقامانەی كە لەخاڵی (٥) ئاماژەی پێدراوە جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی سودی زیاتر لەم شەقامە ببینرێت. ٧-  بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و جوتیاران لەو رێگا لاوەكیانەی كەپێشتر هەبوون (٥) پێنج ئەندەرپاس دروستدەكرێت بۆ هاتووچۆیان لەو شوێنانەی كە هەبووە چونكە ناتوانن شەقامەكە راستەوخۆ ببڕن. ٨- (٧٠) ئاوبارەی كۆنكرێتی كە درێژی هەریەكەیان زیاتر لە (١٣٣) مەترە تایبەت بەپەڕینەوەی ئاوی باراناو بەشێوەی جۆراوجۆر واتە (یەك چاو تا شەش چاو) كە بەدیزاینێكی تایبەت قەبارەكانیان دیاریكراوە جێبەجێدەكرێت. ٩- پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروستدەكرێت كە پێكدێت لە (٤) پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان كە پانییەكەیان(١٠٠)مەترە واتە هەر سایدێك پردی تایبەتی خۆی هەیە بەدرێژایی  (450 – 500م)  دەبێت كە نزیكەی (٢٠) ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ١٠-  هەموو پێداویستیەكی خەت كێشان و تابلۆی هاتووچۆ و بەهەموو جۆرەكانیەوە لەڕێگاكەو یەكتربڕەكانی تێدایە. ١١- تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا. ١٢- بۆرییەكی ئاوی سەرەكی تێدایە كە ئاو لەبۆری هێڵی سەرەكی دوكان تاوەكو نزیك دەمركان دەگوازرێتەوە بە بۆری جۆراوجۆر كەئاو دەگەیەنێتە باشوری شاری سلێمانی. ١٣- بۆ پاراستنی ئۆتۆمبیلەكان لەڕووداوی نەخوازراو چونكە خێرایی رێگاكە تاوەكو ( ١٢٠ كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا ) لەهەردوو لای ڕێگاكە بەدووری (٥٠ م ) لەناوەڕاستی رێگاكەوە سیاجێك درووستدەكرێت بۆ پاراستنی رێگاكە لەچوونەژورەوەی هاووڵاتیان و گیانلەبەران بۆ ناو رێگاكەو ڕودانی رووداوی نەخوازراو.

وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەو داوایانكردووە كەبنكەو بارەگاكانیان لەچەك دابماڵرێن و بچنە چەند كەمپێكی نوێ‌ لەسنوری پارێزگای موسڵ. فشارەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشكرای دەكات پارتەكانی رۆژهەڵات سەرجەم داواكارییەكانی ئێرانیان كە لەڕێگەی شاندێكی هەرێمەوە پێوتراوە رەتكردووەتەوە. یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی گەشتەكەی عەلی شەمخانی نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەهاوكات ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە بۆ بەغداد جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا دوورخستنەوەو چەككردنی پارتەكانی رۆژهەڵات بووە. ئەو پارتانە كەنزیكەی 38 ساڵە لەهەرێمی كوردستان جێگیربوون و لەئێستادا ژمارەیەكیان لەچوارچێوەی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران هەماهەنگیی سەربازیی و سیاسییان هەیە داوایان لێكراوە هێزی سەربازیی لەبنكەو بارەگاكانیان نەمێنێت و هاوشێوەی كامپێكی پەنابەران ئەو بارەگایانە بخرێنە ژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان.. رۆژنامەی هاوڵاتی لەچەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئەو زانیاریانەی دەستكەوتووە، كەشاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری كردووەو پەیامی حكومەتی بەغدادی گەیاندووەتە ناوەندی هاوكاریی و پێانڕاگەیەنراوە كەحكومەتی عێراق داوای كردووە بنكەو بارەگاكان و ئەندامانی ئەو پارتانە لەچەك داماڵرێن و رەوانەی چەند كامپێك لەسنوری پارێزگای موسڵ بكرێن. ئەو شاندە جەختیان لەوە كردووەتەوە داواكارییەكان لەسەر خواستی ئێران و لەچوارچێوی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدادەو ئەگەری هەیە ئەو داواكارییانە ئەگەر تاماوەیەكی دیاریكراو جێبەجێ نەكرێن ئەوا حكومەتی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بكات و دوور نییە بەزەبری هێز بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان چۆڵ نەكات. بەرپرسێكی ناوەندی هاوكاریی كەنەیویست ناوی ئاشكرابكرێت لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆكن لەسەر ئەوەی پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نابن كەدەیەوێت لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە بیسەپێنن. ئەو بەرپرسە جەختی كردەوە: كەئەگەر پێداگریی و فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر پارتەكانیان زیادبكات و ناچاربكرێن بەچۆڵكردنی بنكەو بارەگاكانیان لەزڕگوێزو كۆیە ئەوا بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری خەباتی چەكداریی نابن و رێگەی شاخ و سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرن و لەو ناوچانە جێگیر دەبن. شەمخانی لەگەشتەكەی (19/3/2023) بۆ بەغداد بەیاوەریی شاندێكی باڵای ئابوریی و ئەمنیی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەتەوەو سەرەڕای واژۆكردنی رێككەوتنێكی ئەمنیی سەبارەت چەككردن و رادەستكردنی ئەندامانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، پێشنیاری كردووە ئاسانكاریی بكرێت بۆ بازرگانیی و مامەڵەی ئابوریی نێوان عێراق و ئێران بەدراوی درهەمی ئیماراتی بكرێت و تەنانەت قەرزەكانی عێراق بەدرهەم رادەستی ئێران بكرێنەوە.   روحی قاسم سولەیمانی لەعێراق عەلی شەمخانیی كە بە قاسم سولەیمانییەكەی خامنەیی ناودەهێنرێت ئەگەرچی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە، بەڵام لەئاستی باڵاترین بەرپرسی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت و تەنات یەكلاكردنەوەی رێككەوتنی نێوان تاران و ریاز دوای حەوت ساڵ لەپچڕانی پەیوەندییەكان و گرژیی و ناكۆكییەكان بە شەمخانی سپێردرا. دەوترێت عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی راستەوخۆ گرێكوێرەكانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی داوەتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس دەگێڕێت كەساڵی 2020 بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەفڕۆكەخانەی بەغدا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان كوژرا. شەمخانی تەنها كەسی سەربازیی ئێرانە كەپلەی دەریاوانی هەیەو لە رووی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوەو تەنها كەسێكیشە كە لەماوەی 40 ساڵدا هیچ كاتێك پەراوێز نەخراوەو باڵی ریفۆرمخوازو محافزكاری كۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی لەپۆستە هەستیارەكاندا پشتیان پێبەستووە. ئەو كەئێستا نوێنەری عەلی خامنەیی و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشە جموجۆڵەكانی بەشێوەیكی بەرچاو زیادی كردووەو بەجۆرێك وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە لەماوەی دوو هەفتەدا بەقەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیكە نەكردووەو بەزمانێكی دیكە شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەك لوتكەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە. شەمخانی پێشتر لەڕێككەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغدادو هەولێری لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.   داوای چەكداماڵینی پارتەكانی رۆژهەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی شەش مانگە بەبەردەوامی جاڕی ئەوە دەدات كەدەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم چەك بكرێن و ئەندامانی ئەو پارتانە كەداواكراون، رادەستی ئێران  بكرێنەوە و لەدوایین پێشهاتیشدا ئەو داواكارییە لەسەر زاری شەمخانی بەواژۆكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمیانیی عێراق دووبارە كرایەوە. پێش مانگێك لەگەشتەكەی شەمخانی بۆ بەغداد ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەتاران رایگەیاند؛ دانوستان و كۆبوونەوەكان لەئاستی باڵای ئەمنیی و ئاسایشیدا، پێكهێنانی دەستەیەكی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقی لێكەوتووەتەوە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی دوو وڵاتەكە. كەنعانی وتیشی: پارێزگاریی لەیەكپارچەیی سنوری عێراق دەكەن و جەخت لەوەدەكەنەوە كەخاكی ئەو وڵاتە نابێت بەهیچ شێوەیەك ببێتە هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و حكومەتی بەغداد بەپرسیارە لەپاراستنی سنورەكانی خۆی لەگەڵ ئێران و لە «دیداری رابردووی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد جەخت لەوەكراوەتەوە كەچەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی (پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان) لەچەك دابماڵرێن و رادەستی ئێران بكرێن». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەكردووەتەوە كەكۆماری ئیسلامی پەیوەندیی دۆستانەو برایانەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد هەیەو چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكەن لە رووی ئەمنییەوە هاوكاری وڵاتەكە بن و لەخاكی عێراقەوە مەترسیی بۆ ئێران دروستنەكرێت، چونكە بۆ پشتیوانیی لەهاووڵاتیانی خۆیان وڵاتەكەیان پاشەكشێ بۆ كەس ناكات. تاران و حزبەكانی رۆژهەڵات لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون. ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هیچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە. محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند؛ دوای هێرشەكانی (28/9/2022)ی سوپای پاسداران بۆ سەر پارتەكانی رۆژهەڵات، هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوەو ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە. ساڵی 1984 دوای فشارەكانی كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی سەفرە، زەرون، گەڵاڵە، مەعلومەو چەند ناوچەیەكی دیكەی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك لەكۆیەو زڕگوێز جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت. ئەو پارتانە كەبانگەشەی پێداگریی لەدۆسیەی رەوای گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن رەتیدەكەنەوە دژی كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری خەباتی چەكداریی ببن و ئەگەر ناچاربكرێن ئەوا بنكەو بارەگاكانیان بەرەو سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازنەوە.  

شەنای فاتیح سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان دەڵێت: راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەسزادراوانی بادینان لەسەدا سەد راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە. بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «هێشتا چوار كەس لەدەستگیركراوانی بادینان لەزیندان ماون، ئەوانیش (مەلا نەزیر)و (قارەمان شكوری) لەدهۆك و لەهەولێریش (گوهدار زێباری) و (شێروان شێروانی) ماون و ئەوانی دیكە ئازادكراون. قارەمان شوكری و مەلا نەزیر هەریەكەو حەوت ساڵ سزایان هەیە سێ ساڵیان رۆیشتووەو چوار ساڵیان ماوە، شێروان شێروانی مانگی نۆ ئازاد دەكرێت، بەڵام پێشنیاری ئازادبوونی بەمەرجمان بۆ كردووەو ئەگەر رەتنەكرێتەوەو رەزامەندی لەسەربدرێت لەلایەن دادگاوە كۆتایی هەفتەی داهاتوو شێروان شێروانی ئازاددەكرێت و رەتیشبكرێتەوە مانگی نۆ ئازاد دەكرێت. گوهدار زێباری حوكمەكەی تەواو بووە، بەڵام لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێل سزاكەی حەوت مانگی تر درێژكرایەوەو دەبوایە ئێستا لەماڵەوە بوایە، بەڵام لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێل كەكاتی خۆی كڕیویەتی و لۆگۆكەی گۆڕاوە، ئۆتۆمبێلەكەی دایۆ بووەو لۆگۆی توێتای پێوە بووەو مۆدێلیشی كۆن بووە، لەسەر ئەوە دادوەر حەوت مانگی تر حوكمەكەی درێژكردەوەو لەئێستادا لەدادگای تەممیزەو كۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیارەكەی دەردەچێت جا یان ئازاد دەكرێت یان حەوت مانگەكەی لەسەر ساغدەبێتەوەو یان بۆی كەمدەكرێتەوە یانیش بۆی دەكرێت بەپێبژاردن». بەشدار حەسەن دەڵێت:»سەبارەت بە شێروان شێروانی ئومێدمان هەیە ئازادبكرێت بەڵام كەیسێكی دیكەی بۆ حازركراوە بەوەی كەگوایە پەنجەمۆری هاوڕێیەكی ساختەكردووە كەكاتی خۆی داوای گواستنەوەی بۆ زیندانی سلێمانی كردووە، بەڵام كاتی خۆی ئەوانە لەنێوان خۆیان رێككەوتوون لەجیاتی یەكتر واژۆ بكەن، چونكە پەیمانی شەرەف لەنێوانیان هەبووە هەر شتێك باشبێت لەجیاتی یەكتر پەنجەمۆر بكەن، تەنها ئەو كەیسە هەیە كە بۆ شێروان شیروانی-یان حازركردووە كەگوایە ساختەی كردووە كەئەویش ساختە نییە». هاوكات لەبارەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و رەوشی زیندانیانی بادینان، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند: «ئەو راپۆرتە ١٠٠٪ راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە كە لەسەرەتای لێكۆڵینەوەدا ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون، بەڵام لەئێستادا ئەو ئەشكەنجانە نەماون بەڵام جاروبار لێیان تووڕە دەبن و دەیانكەنە زیندانی تاكەكەسییەوەو ناوە ناوە ١٥ رۆژ تەلەفۆنیان لێ قەدە‌غەدەكرێت و لەئێستادا كەم تازۆر پەیوەندیان پێوەدەكرێت».  

هاوڵاتی كاردانەوەكانی دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژ بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە هێشتا لەبەغداو هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە لەچەندڕۆژی داهاتوودا شاندێكی وەزارەتەكە دەگاتە توركیاو  جارێكی دیكە لەسەر هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی توركیاوە رێكدەكەونەوە، هەرێمی كوردستانیش لەڕێگەی ناردنی شاندێكەوە بۆ بەغدا بەدوای رێككەوتنەوەیەو لەگەڵ بەغدا رێكارو هەنگاوە نوێیەكان بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی تاووتوێكردووە، بەپێی زانیارییە میدیاییەكانیش بڕیارەكەی دادگاكەی پاریس بەر لە دوو مانگ دەرچووەو ئێستا رادەگەیەندرێت، هاوكات سكاڵاكەی عێراق لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەماوەی ساڵانی 2014 تا  2018و دادگاکە سزای زیاتر لەدوو ملیار دۆلاری بەسەر تورکیادا داوە، بەڵام بۆ هەناردەی نەوتی لەدوای ساڵی 2018ەوە تائێستا چاوەڕواندەكرێت دوو ساڵی دیكە بڕیارێكی دیكە لەلایەن دادگاكەوە دەربچێت. رۆژی 21ـی ئاداری 2023، دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی توركیا كردو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كە بۆ ماوەی مانگێك بڕی بەشە ئاوی عێراق لەڕووباری دیجلە زیاددەكات، هەر چەند رۆژێك دوای ئەو سەردانەو لەڕۆژی  24ی ئاداری 2023 حكومەتی توركیا بەعێراقی راگەیاندووە بەپێی بڕیارێكی دادگای پاریس هاوردەكردنی نەوتی لەهەرێمی كوردستانەوە وەستاندووەو ئەو وڵاتە بڕیاری داوە چیدیكە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لەحكومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بەكەشتییە نەوتییەكان نەدات لەبەندەری جەیهانەوە بەرەو بازاڕەكانی جیهان بەڕێبكەون. بڕیارەكەی دادگاش رۆژی 23ی ئادار لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیا، بڵاوكرابووەوە كە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكە، توركیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی ‌هەرێمی كوردستان هەناردە ناكات. زۆری نەبرد وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند: «بڕیارەكە هەموو لایەنەكان پابەند دەكات بەڕێزگرتن لە رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار، وەزارەتی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە تاكە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە». سەبارەت بەو پرسە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند «لەیەكتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەكی باشە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی پەیوەندیدار بەبڕیارەكەی دادگای پاریس». هاوكات وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند»بڕیارەكەی دادگای پاریس لەبەرژەوەندیی حكومەتی عێراق دژی توركیا، رێگر نابێت لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی بەغداو بەردەوام دەبن لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا تاوەكو گەیشتن بەچارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ كێشەكان». دەربارەی هەنگاوەكانی دوای بڕیارەكەش، بەپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق كەنەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرابكات بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە شاندەكەی عێراق لەسەردانەكەیدا بۆ توركیا لەگەڵ بەرپرسانی وزەی ئەو وڵاتە دیداریان دەبێت و جارێكی دیكە لەسەر هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی توركیاوە رێكدەكەونەوە، ئاماژەشی بەوەشكردووە: كەجارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها بەپێی رێنماییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت. هاوكات دەربارەی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ئەوە خراوەتەڕوو:  لەكۆبوونەوەكەدا رێكارو هەنگاوە نوێیەكان بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ كراوە. كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا، دوای ئەوەی لەمانگی نیسانی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆو بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق نەوت هەناردە بكات،  لەڕۆژی 8ـی ئایاری 2014، وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەردەمی حكومەتەكەی (نوری مالیكی)دا رایگەیاند، سكاڵایەكی لەبارەی یاساییبوونی بەكارهێنانی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراقی- توركی بۆ گواستنەوەو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندیی حكومەتی عێراق خستووەتە بەردەم دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس ئەمەش لەژێر رۆشنایی رێككەوتننامەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی لەگەڵ توركیا لەساڵی 1973، هەرچەندە ئەم سكاڵایە لەسەردەمی كابینەكەی (حەیدەر عەبادی) لەكۆتایی ساڵی 2014 سڕكراو دواتر لەسەرەتای ساڵی 2017 چالاككرایەوە، پاشان  لەسەردەمی كابینەكەی (عادل عەبدولمەهدی) جارێكی دیكە سكاڵاكە سڕكرایەوەو دواتر چالاككرایەوە. بڕیارەكەی دادگا پەیوەندی بەو سكاڵایەوە هەیە كەعێراق تۆماریكردووەو پەیوەستە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەنێوان 2014 تاوەكو 2018و عێراق داوای زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لەتوركیا كردووە وەك قەرەبوو،  هاوكات بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لەدوای ساڵی 2018ەوە تاوەكو ئێستا عێراق سكاڵایەكی دیكەی تۆماركردووەو چاوەڕواندەكرێت دوو ساڵی دیكە بڕیارێكی دیكە لەلایەن دادگاكەوە دەربچێت. بڕیارەكەی دادگای پاریس لەدوای فشارەكانی بەغداد بۆ سەر نەوتی هەرێم دێت ئەویش لەپاش ئەوەی لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی دەركردو داوایكرد هەرێم نەوتی خۆی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراقیش چەندین رێوشوێنی توندی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گرتەبەر لەوانە ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن و بەوەی چیتر لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم كارنەكەن و داوا لەتوركیا بكرێت رێگەنەدات نەوتی هەرێم بەخاكەكەیدا بڕوات و حكومەتی ناوەند هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نەنێرێت تاوەكو هەرێم نەوتەكەی رادەست دەكات و چەندین بڕیاری دیكەش. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی پارتی بۆ ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)» بڕیارەكەی دادگا فەرەنسییەكە دوو مانگ بەر لەئێستا دەرچووە، بەڵام ئێستا دراوەتە راگەیاندنەكان و بڵاوكراوەتەوە، ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستووەتەڕوو بڕیارەكە بەهۆی رێككەوتنی هەرێم و بەغداوە زۆر گرنگی نییە». لەماوەی دوو مانگی رابردوودا كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بەدواداچوونی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەگوێرەی نووسراوێكی كۆمپانیاكە كە 8ـی ئاداری 2023 ئاراستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵیی عێراقی كردووە، لەهەردوو مانگی كانوونی دووەم و شوباتی 2023، هەرێمی كوردستان 24 ملیۆن و 73 هەزار و 523 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، كە 11 ملیۆن و 635 هەزارو 810 هەزار بەرمیل لەمانگی كانوونی دووەم بووە، هەر بەرمیلێك بە 75.5 دۆلار فرۆشراوە، بۆ مانگی شوباتیش نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان 12 ملیۆن و 419 هەزار و 317 بەرمیل بووە، بەنرخی 76.8 دۆلار بۆ یەك بەرمیل نەوت و تێكڕای بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان لەو دوو مانگەدا، یەك ملیارو 834 ملیۆن و 741 هەزارو 640 دۆلار بووە.

دەسەڵاتی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی چەک و گوللـەی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە کە پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن. ئەژماری فەرمی (تەسویر1500) لە تویتەر کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر ئەو چەک و گوللـانی کە دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکاری هێناوە و بوەتە هۆی نابینابون و یان لەدەستدانی چاوی لانیکەم 570 کەس، بڵاو کردوەتەوە. لە بەڵگەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوللـەی ساچمەیی لە پێکهاتەکانی قوڕوقشم و فافۆن و ئاسنی بەکارهێنا لە کاتێکدا بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت ئەو گوللانە لە جۆری پلاستیک بێت و قەبارەی لە شەش ملیم زیاتر نەبێت. بە پێی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و ئاژاوە  و یاساکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ نابێت بە گوللـەی ساچمەیی لە جۆری پلاستیکیش راستەوخۆ شوێنی هەستیاری جەستە وەک سەر و چاو بکرێتە ئامانج و بەکارهێنانی ئەو گوللانە لە کاتی مەترسیی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی لە ناوخۆی هەر وڵاتێکدا رێگەپێدراە. لە راپۆرتەکان و ئەو بەڵگە و گوللـە ساچمەییانەی کە لە لەشی بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرهێنراون و کۆکراونەتەوە، دەرکەوتوە قەبارەی ژمارەیەک لەو گوللـە ساچمەییانە یەک سانتی مەتر بوە و چوار ملیم لە ستانداردە جیهانییەکان گەورەتر بوە. زۆربەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا برینداربون هێزە ئەمنییەکانی ئێران شوێنی هەستیاری جەستەی خۆپیشاندەرانیان کردوەتەوە ئامانج و لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە 50 گوللـەی ساچمەیی لە لەشی بریندارەکاندا دەرهێنراوە. دەرکەوتوە بەشێک لەو گوللـە و چەکانەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە بۆ راوی بەراز و ئاژەڵە مەترسیدارەکان سودی لێوەردەگیرێت و بەکارهێنانی دژی مرۆڤ قەدەغەیە. لە ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاشکرابوە تەنها بەهۆی گوللـەی ساچمەییەوە 570 کەس چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست داوە و نابینا بون و ژمارەیەکیشان بە هاوکاریی پزیشکانی نێودەوڵەتی و ئەوروپا رەوانەی وڵاتانی دەرەوەی ئێران کراون و چارەسەریان بۆ دەکرێت. لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 600 کەس بە گوللـە و تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 70 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و منداڵی نۆ ساڵ و شەش ساڵ و تەنانەت دوو ساڵان هەیە.

رێككەوتنی سعودیەو ئێران .. رێككەوتنێك لەبەرژەوەندیی ئەمریكا نووسینی: مایكل مەكفۆڵ و عەباس میلانی تووێژەرانی زانكۆی ستانفۆرد وەرگێڕانی: هاوڵاتى   رێككەوتنی چین و سعودیەو ئێران چۆن دەتوانێت خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات؟ پەكین و مۆسكۆو رەخنەگرانی سیاسەتەكانی ئیدارەی بایدن لەواشنتۆن ئەم رێككەوتنە بەپاشەكشەیەك بۆ كاریگەری و پێگەی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان دەزانن. بەڵام ئەگەر كەمێك قووڵتر سەیر بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە نەك تەنها ئاسمانی سەر واشنتۆن وێران نەبووە؛  بەپێچەوانەوە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ واشنتۆن لەكورتخایەن و درێژخایەندا زیاترە لەدەرئەنجامە نەرێنییەكانی. كاتێك كەكۆی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەبەرچاو دەگرین، ئەم رێككەوتنە یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی چەند ئامانجێكی ئەمنی ئەمریكا لەناوچەكەداو تەنانەت لەدرێژخایەندا دەتوانێت بێزاركەر بێت بۆ ئامانجەكانی چین. خاڵی یەكەم و گرنگتر ئەوەیە كەدەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی تاران و ریاز دەتوانێت ئاگربەست لەیەمەن بەهێزتر بكات. تائێران رازی نەبوو پاڵپشتی حوسییەكان و هێرشەكانیان بۆ سەر سعودیە رابگرێت، ریاز رازی نەبوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران دەستپێبكاتەوە. ئەمە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو بۆ یەمەن و دیموكراتەكانی ئێران باشە.  ئەمریكا دەیەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی سەقامگیرتر بێت و رێككەوتنە نوێیەكە هەنگاوێكی ئەرێنییە بەو ئاراستەیە. بێگومان نابێت كەس ئەو وەهمەی هەبێت كەدەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، كۆتایی بەهەموو ململانێكانی ئێران و سعودیە دەهێنێت.  ئەم رێككەوتنە هەنگاوێكی ئەرێنی و پێویستە؛  بەڵام هەنگاوێكی بچووكیشە كەدەتوانرێت بەئاسانی تێپەڕێنرێت. بەڵام پەیوەندییەكی باشترو زیاتر لەنێوان تاران و ریاز دەتوانێت پێش بەململانێی گەورەتر بگرێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكایە. دووەم: پێویستە بزانرێت ئایا سوودەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ ئێران دەگۆڕێت بۆ دەستكەوتی درێژخایەن یان نا؟  تائێستاش ئێران و خواستە ئەتۆمییەكانی وەك هەڕەشەیەكی ئەمنی سەیردەكرێن و رێككەوتنی ئەم دواییە هیچ گۆڕانكارییەك لەم دۆخە ناكات. ئاستی بێمتمانەیی نێوان سعودیەو ئێران هێشتا بەرزە.  ئەگەر ئەم رێككەوتنە لەیەكتر بكەوێت، ئەگەری ئەوە زیاترە كەئێران تاوانبار بكرێت، تەنانەت لەلایەن چینیشەوە. سێیەم: تێڕوانینێكی هەڵەیە ئەگەر ئەم رێككەوتنە بەزیانێكی درێژخایەن بۆ دیپلۆماسیەتی ئەمریكا بزانین. ئەمریكا نابێت هەوڵی سنوورداركردنی دەسەڵاتی چین لەهیچ بوارێكدا لەهەر شوێنێكی جیهان بدات، پێویستیش ناكات ئەم كارە بكرێت. ئەمە ئەو هەڵەیە بوو كەواشنتۆن لەكاتی شەڕی سارد دژی یەكێتی سۆڤیەت كردی و لەتاڵاوەكانی وەك جەنگی ڤێتنام و پشتیوانیكردنی یاخیبووانی ئەنگۆلادا گیریخوارد. ئاخر ئەمریكا ئیتر سەرچاوەی پێویستی بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی رێگریكردن لەهەموو جیهاندا نییە.  بەڵكو پێویستە روو لەڕێگری هەڵبژێردراوی چین بكات. رێككەوتنی سعودیەو ئێران یەكێكە لەو نموونانەی كەواشنتۆن پێویست ناكات وزەی خۆی بۆ لاوازكردن خەرج بكات.  لەهەندێك كاتدا دیپلۆماسی چینی لانیكەم دەتوانێت تەواوكەری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بێت و ئەم رێككەوتنە نموونەی ئەوەشە. سەرۆكی چین ئێستا هاوبەشێكە لەشانی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە كارێكی ئاسان نییە؛ وەك چۆن ئەمریكاش لەماوەی دەیان ساڵدا دركی بەم راستییە كردووە. رێككەوتنی نوێ دەتوانێت بەئاسانی شكست بهێنێت. بەیاننامە هاوبەشەكەی پەكین هیچ شتێكی روون باس لەوەناكات كە لایەنەكانی رێككەوتنەكە چۆن كاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەپێشێلكارییەكانی یان هەڵسوكەوتی پێچەوانە.  دیپلۆماتكارانی چینی چۆن كاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەپێكدادانی سەربازی نێوان هێزەكانی سعودیەو هێزەكانی سەر بەئێران لەیەمەن یان بەرامبەر بەهێرشێكی تیرۆریستی لەیەكێك لەو دوو وڵاتە كەپەنجەی تاوانباركردن بۆ لایەنی بەرامبەر رابكێشێت؟ یان رێوشوێنە نوێیەكانی ئیسرائیل بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران چیە؟ ئەگەر بەناچاری جارێكی تر گرژییەكانی نێوان ئێران و سعودیە هەڵگیرسێنەوە، ئایا چین دەتوانێت بەزۆر پێشكەوتنێكی دیپلۆماسی بكات بەبێ ئەوەی خۆی بخزێنێتە ناو سیاسەتی ئاڵۆزی ناوچەكەوە؟ لەم قومارە مەترسیدارەدا، هەر سازشێك لەلایەن پەكینەوە سنوورەكانی وەك زلهێزێكی گەورە ئاشكرا دەكات. چوارەم: نابێت زیادەڕەوی لەدەرئەنجامە نەرێنییەكانی ئەم رێككەوتنە بكەین بۆ پەیوەندییەكانی ئەمریكاو سعودیە.  سعودییەكان بۆ ساڵانی داهاتوو، ئەگەر دەیان ساڵ نەبێت، بەردەوام دەبن لەپشتبەستن بەئەمریكا بۆ ئاسایشی خۆیان؛  لەهەمان كاتدا بەقووڵی لەگەڵ ئابووری ئەمریكادا تێكەڵ بوون. لەمانگی ئازاردا سعودییەكان یەكێك لەگەورەترین داواكارییەكانی بۆینگیان بەخشییە كۆمپانیای بۆینگ كە تائێستا بۆ فڕۆكە دروستكراون، كە كۆشكی سپی بەگەوهەر وەسفی كردووە.  هەروەها سعودییەكان پێویستیان بەئەمریكایە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل.

بێدار محەمەد ئەگەرچی یەكێك لەبەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاپۆكردنی زەوی و خانووی هاووڵاتیان بوو لەتەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەچەند ناحیەیەكی سنوری ئیدارەی گەرمیان بووتە هۆكارێك كەهاووڵاتیان نەتوانن زەوی و خانووەكانیان بكەن بەناوی خۆیانەوە،و بەپێی بەدواداچوونەكانی «هاوڵاتی» حەوت ناحیەی سنوری گەرمیان تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە. ئازاد حەسەن، هاووڵاتیەكی دانیشتووی باوەنورەو باس لەوەدەكات ناحیەكەیان كۆنترین ناحیەی سنوری ئیدارەی گەرمیانە، بەڵام تائێستا موڵكی هاووڵاتیان نەكراوە بەناویانەوەو پرۆسەی تاپۆكردنی زەوی و خانووی هاووڵاتیان دەستی پێنەكردووە ئەو بۆ «هاووڵاتی « دواو باسی لەوەكرد: حكومەت پێش ساڵێك بانگەشەی ئەوەی دەكرد تاپۆكردنی خانوو و موڵكی هاووڵاتیان لەتەواوی كوردستان دەستپێدەكات كەچی هەر بانگەشە بوو. هاوكات سەردار محەمەد كەنیشتەجێی سنوری ناحیەی مەیدانە بەنیگەرانیەوە باسی لەوەكرد كەحكومەت پێشتر بەڵێنیدا  تاپۆكردن لەتەواوی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات كەچی نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەناحیەكەمان بووەتە هۆكاری ئەوەی ئەو هەنگاوە لە سنوری مەیدان دەستپێنەكات . بەپێی بەدواداچوونەكانی «هاوڵاتی» ناحیەكانی زینانەو سەرقەڵاو ئاوەسپی لەسنوری كفری و ناحیەكانی مەیدان و باوەنورو شێخ تەویل لەسنوری كەلار  تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە. عەدنان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور بە «هاوڵاتی» راگەیاند: تائێستا لەسنوری ناحیەی باوەنور فەرمانگەی تاپۆ بوونی نیە جگە لەباوەنور ناحیەكانی مەیدان و شێخ تەویلیش فەرمانگەی تاپۆیان تێدانیە . وتیشی: نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەم سێ  ناحیەی سنوری ئیدارەی گەرمیان بووەتە هۆكارێك كەهاووڵاتیانی ئەم سێ ناحیەیە بۆ راییكردنی كارەكانیان روو لەشاری كەلار بكەن . بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور، هۆكاری نەكردنەوەی فەرمانگەی تاپۆی بۆ قەیرانی دارایی گەراندەوە، چونكە حكومەت توانای كردنەوەی ئەو فەرمانگەیەی نیە لەم كاتەدا. پەیوەست بەو بابەتە، ئەكرەم رەزا بەرپرسی فەرمانگەی تاپۆ لەكەلار بۆ «هاوڵاتی» دواو وتی: كردنەوەی فەرمانگەی تاپۆ لەو ناحیانە بووەتە هۆكارێك زەوی و خانوو لەسنوری ناحیەكان نەكرێت بەناوی هاووڵاتیانەوە . وتیشی: دەبێ شارەوانیەكانی گەرمیان و كەلارو كفری لەو رووەوە هەنگاو بنێن و داوا لەوەزارەتی شارەوانی بكەن و ئەوانیش داوا لەوەزارەتی داد بكەن ئەو فەرمانگەیە لەناحییەكانی گەرمیان بكاتەوە. لای خۆیەوە، بەرزان كەریم، بەڕێوەبەری شارەوانیەكانی گەرمیان، بە « هاوڵاتی» راگەیاند: كردنەوەی فەرمانگەی تاپۆ لەو ناحیانەی كە تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە لەدەسەڵاتی وەزارەی دادە نەك وەزارەتی شارەوانی . بەڕێوەبەری شارەوانیەكانی گەرمیان هاوشێوەی هاووڵاتیان نیگەرانی خۆی پیشاندا لەوەی كەبەهۆی نەبوونی فەرمانگەی تاپۆوە هاووڵاتیان لەتاپۆكردنی زەوی و خانووەكانیان بێبەشن.

لە نوێترین راپۆرتدا دەرکەوتوە تەنها لە ساڵێکدا 234 کۆڵبەر لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان کوژراون و برینداربون. پێگەی (کۆڵبەر نیوز) راپۆرتی یەک ساڵی ئامارەکانی کوژران و برینداربونی کۆڵبەرانی خستوەتەڕو و ئاماژەی بەوە کردوە؛ کۆڵبەرەکان جگە لەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی سنوری ئێران دەکرێنە ئامانج، بەهۆی سەختی سنورەکان و سەرما و گەرماوە دەبنە قوربانیی. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە 21 ئازاری ساڵی رابردو تا 21ی ئازاری ئەمساڵ؛ 39 کۆڵبەر کوژراون و 195 کۆڵبەریش برینداربون و بە گشتی لەو ساڵەدا 172 کۆڵبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی سنوری ئێران تەقەیان لێکراوە کە ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیشیان برینداربون. کۆڵبەرنیوز رونی کردوەتەوە لەو ساڵەدا 27 کەس بە گوللـە کوژراون و هاوکات کۆڵبەرێکیش لە لایەن سوپای تورکیا لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستان کوژراە. لەو ساڵەدا چوار کۆڵبەر بەهۆی سەرماوە و کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ و پێنج کۆڵبەر لە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بەهۆی فشار و سەختیی رێگاوە دڵی لە لێدان کەوتوە و گیانی لەدەستداوە. ئەو پێگەیە کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئاماری کۆڵبەران ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە رۆژهەڵاتی لە سنوری پارێزگاکانی کرماشان و سنە و ورمێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بونەتە قوربانیی و ژمارەی کوژراوان و بریندارانی کرماشان بەراورد بەو دوو پارێزگایەی دیکەی رۆژهەڵات زیاتر و تەنها لەو پارێزگایەدا 128 کۆڵبەر بونەتە قوربانیی و ژمارەیەکیشیان گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی   لەماوەی ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت تائاستی 71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی و بەمەش دوای زیاتر لەساڵێك نرخی نەوت دابەزینێكی پێوانەیی تۆماركرد ئەویش دوابەدوای راگەیاندنی مایەپوچبوونی چەند بانكێكی ئەمریكی،  شارەزایەكی جیهانی بازاڕی نەوتیش دەڵێت: بەڕوونی دیارە ترسی مایەپوچبوون كاریگەریی زۆری هەیە، لەئەنجامیشدا دۆلار بەهێزترو كاڵاكان لاوازتربوون، ئەوەش ئاماژەیەكی خراپە بۆ نەوت، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت: پاشەكشەی ئابووری بەرز لەوڵاتانی پیشەسازی و داڕمانی بانكەكان و روسیا هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتن، چەند سەرچاوەیەكیش لەئۆپێك رایانگەیاندووە نیازیان نییە بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكەنەوە، هاوكات حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانیان ناكات و نرخی بەرمیلێك نایەتە خوار ٧٠ دۆلار. مایەپوچبوونی یەك لەدوای یەكی چەند بانكێكی گەورە لە ئەمریكاو مەترسی پەڕینەوەی مایەپوچبوونە بانكییەكان بۆ ئەوروپاو وڵاتانی ئاسیا كاریگەرییەكی گەورەی كردۆتەسەر بازاڕی نەوت و مەترسی ئەوە لەئارادایە قەیرانێكی ئابووری بەرۆكی جیهان بگرێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا نرخی نەوت لەهەفتەی رابووردوو كەزیاتر لە 82 دۆلار بوو، لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بوو بە 71 دۆلارو ناشزانرێت چارەنووسی چی لێدێت. چەند سەرچاوەیەك لە رێكخراوی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی (ئۆپیك) رایانگەیاند: ئەوەی روودەدات پەرچەكرداری ئاسایی ئەو دۆخەیە كە لەبازاڕدا روودەدات و رێكخراوەكەش بەنیاز نییە هیچ گۆڕانكارییەك لەسیاسەتی بەرهەمهێناندا ئەنجامبدات و كۆدەنگییەك لەناو رێكخراوەكەدا هەیە بەوەی نرخێك بۆ نەوت دیاریبكرێت. وەزیری وزەی سعودیەش رایگەیاندووە كە ئۆپیك پەیوەستە بەسیاسەتی كەمكردنەوەی بەرهەمی دوو ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێكدا كە لە تشرینی دووەمی 2022 تا كۆتایی 2023 راگەیاندراوەو وڵاتەكەی نەوت بەهیچ یەك لەو وڵاتانە نافرۆشێت كە بەرزترین نرخ دیاری دەكەن، پێشتر سعودیەو جەزائیر هۆشداریان لەهەنگاوەكانی ئەمریكا دابوو بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی یاسای (نا بۆ ئۆپێك) كە وڵاتانی ئۆپیك پەراوێز دەخات بۆ یەكەمجار  لەدژی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكەری نەوت (OPEC) لەساڵی 2000 دەركەوت و بەمەبەستی بوون بەیاسا پێشتر 16 جار پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە، ئەمەش لەكاتێكدا دۆخی بازاڕ بەو شێوەیەی ئێستایەو وەبەرهێنان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بەبڕوای شارەزایانی بواری نەوتیش پێناچێت بەم خێراییە ئۆپێك بڕیارێك بدات، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت بەردوام بەرەو دابەزین بڕوات ئەوا دەتوانرێت گفتووگۆ لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنان بكرێت. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، بەهۆی سزاكانی ئەوروپاو ئەمریكا، داهاتی نەوتی روسیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوەو مانگی رابردوو داهاتی هەناردەی نەوتی روسیا بۆ 11 ملیارو 600 ملیۆن دۆلار كەمبووەتەوە، بەوەش بەراورد بەمانگی یەكی ئەمساڵ، دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. ئەوەشی ئاشكراكردووە بەبەراورد بەساڵی رابردوو، لەمساڵدا فرۆشی نەوتی روسیا 45٪ دابەزیوە. دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی نرخی پشكەكانی بانكی سوێس كرێدیت و ترسی مایەپوچبوونی بانكی سیلیكۆن ڤالی (SVB)ی و چەند بانكێكی دیكەوە بوو لەوبارەیەوە تاماس ڤارگاس، شارەزای بازاڕی نەوت لەكۆمپانیای PVM دەڵێت: بەڕوونی دیارە ترسی مایەپوچبوون كاریگەریی زۆری هەیە؛ لەئەنجامیشدا، دۆلار بەهێزترو كاڵاكان لاوازتر بوون، ئەوەش ئاماژەیەكی خراپە بۆ نەوت». ئەمە لەكاتێكدایە لەدوو مانگی سەرەتای ئەمساڵداو بەهۆی گەشبینی بەبووژانەوەی چالاكییە ئابوورییەكانی چین و بووژانەوەی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر نەوت دروستببوو. هەر سەبارەت بەنرخی نەوت، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانیان ناكات و نرخی بەرمیلێك نایەتە خوار ٧٠ دۆلار، بەڵام بەبڕوای شارەزایانی ئابووری دابەزینی نرخی نەوت كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر عێراق (بەهەرێمی كوردستانیشەوە)دەبێت چونكە داهاتی لەسەدا 95 بودجە لەسەر فرۆشی نەوتە بەجۆرێك حكومەتی عێراقی نرخی یەك بەرمیل نەوتی بە 70 دۆلار مەزەندە كردووە كە بەمەش لەهەناردەكردنی بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە (بە 400 هەزار بەرمیلی كوردستانیشەوە) داهاتێكی 80 ملیار دۆلاری دەستبكەوێت كە نزیكە 117 ترلیۆن و 252 ملیار دینار دەكات، لەكاتێكدا داهاتی نانەوتی (12) ملیار دۆلار دەكات كە بڕەكەی 17 ترلیۆن و 301 ملیار دینارە، لەكاتێكدا داهاتی فرۆشی نەوت لەساڵی 2022 نزیكەی 115 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بووەو داهاتی ساڵی 2021یش 75 ملیارو 700 ملیۆن دۆلاربووە. دەربارەی هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی لەسەر بودجەی عێراق، مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت ئاماژەكانی بازاڕەكانی نەوت لەجیهاندا دەریدەخەن كە نرخی نەوت بەرەو دابەزین دەڕوات ئەویش بەهۆی دوو هۆكارەوە كە یەكەمیان پاشەكشەی ئابووری بەرز لەوڵاتانی پیشەسازی و داڕمانی بانكەكان، دووەمیش روسیا وەك لایەنێك لە شەڕی لەگەڵ رۆژئاوا، دەستیكردووە بەهەناردەكردنی نەوتەكەی بۆ بازاڕەكانی هیندستان و چین و ئاسیا بە 20 دۆلار كەمتر لەنرخی نەوتی جیهانی و ئاماژەی بەوەشكرد : ئەو دوو هۆكارە نیشانەكانی زیادبوونی نەوت پێكدەهێنن كەڕەنگە ببێتەهۆی گەڕانەوەی نرخی نەوت لەساڵی رابردوودا بۆ تێكڕا لە نێوان 60-65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. سەبارەت بەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی لەسەر بودجەی گشتی، راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت» لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو پلانە دارێژراوەی بۆ كۆرتهێنان لەپرۆژەیاسای بودجەدا داڕێژراوە كە لەئێستادا بە نزیكەی 63 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و لەوانەیە كورتهێنانەكە بۆ رێژەی پێوانەیی دیكە بەرزبكاتەوە و 8 تا 16 ترلیۆن زیادبكات. هاوكات عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی هۆشداری دا لەبارەی قەبارەی كورتهێنان لەپڕۆژەیاسای بوجەی گشتی 2023، كە بۆ ماوەی سێ ساڵەو تێیدا كورتهێنان زیاتر لە 63 ترلیۆن و 275 ملیار دینارە لەتێكڕای قەبارەی ئەو بودجەیە و ئاشكرایكرد ساڵی 2017 حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی بەڵگەنامەی سیاسەتی ئابووری خۆی، كە پێشكەشی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتیی كردووە، بەڵێنی داوە تاوەكو ساڵی 2021 كورتهێنانی بودجە بگاتە سفر، لەكاتێكدا ئەوكاتە 14% بوو، بەڵام بۆ پرۆژەیاسای بودجەی 2023 رێژەكە لەبری سفر بێت زیاترە لە 25%. حەمزە جەواهیری شارەزای بواری نەوت دەڵێت دیاریكردنی نرخی نەوت بە 70 دۆلار لەبودجەدا مایەی نائومێدییە چونكە ئێمە نەوتەكەمان بەكەمتر لەو نرخە دەفرۆشین و ئەگەر بێت و نرخی نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار دۆخێكی باشمان نابێت، ئەو شارەزایە پێشنیازیش دەكات نرخی نەوت بكرێتە 45 تا 50 دۆلار و بودجەی تەشغیلیش كەمبكرێتەوە بۆ نیوە چونكە بودجەی عێراق بەهەدەر دەدات و ئابووری عێراق دادەڕوخێنێت.

هاوڵاتی پشتگیریکردنی هوداپار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵاتی تورکیا)، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و هەندێک کەس ئەم هەنگاوە بە لێدان لە هەدەپە لەقەڵەم دەدەن، بەڵام بەگوێرەی راپرسیەک رێککەوتنی هوداپار و ئاکەپە زیان بە خودی هاوپەیمانی کۆمار دەگەیەنێت و سەلاحەدین دەمیرتاشیش رایدەگەیەنێت کە هیچ کاریگەریەک لەسەر دەنگی کورد دروست ناکات. پارتی دۆزی ئازاد ناسراوە بە (ھوداپار) کە پارتێکی ئیسلامی کوردیە و لە باکوری کوردستان چالاکە، رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا کە بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام بدرێت، دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی (هاپەیمانی کۆمار)، دەدەن. دوای ئەو بڕیارە زەکەریا یاپجی ئۆغلۆ سەرۆکی پارتەکە و ئەردۆغان کۆبونەوە و بە فەرمی رێککەوتنەکە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەردۆغان دوای کۆبونەوەکە رایگەیاند، "هوداپار پارتێکی نیشتیمانی و خۆجێیە، ئێمە پێشوازی لە هەموو پارتێکی نیشتیمانی دەکەین." ئەم پێشهاتەش لەسەر ئاستی تورکیادا، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. لەم بارەیەوە ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی "ئاکسۆی" کە لەنێو تورکیادا متمانەی زۆری پێدەکرێت رایگەیاند، راپرسیەکیان لەبارەی رێککەوتنی هوداپار و ئاکەپە ئەنجام داوە و وتی، " بەرنامە و پرۆگرامی هوداپار لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیادا ناگونجێت. ئەمەش دەبێتە هۆکار کە هاوپەیمانی هوداپار لەگەڵ ئاکەپە-مەهەپە، دەبێتە هۆی ئەوەی نارەزایەتیەکی زۆر لەنێو لایەنگر و بەرپرسانی ئاکەپە و مەهەپەدا دروست ببێت. ئەرتان ئاکسوری باسی ئەوەشی کرد کە ئاکەپە و ئەردۆغان لە مێژووی دەسەڵاتی خۆیاندا، یەکەم جارە بەم شێوەیە کەوتووەنەتە دۆخی تەنگەتاویەوە و بە لۆژیکی ' هەرچیەک هات قازانجە' دەجووڵێنەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە نزیکەی حەوت ساڵە لە زینداندایە، لە وڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس و پێشکەشکارێکی کەناڵی "هالک تی ڤی"دا، کە دەڵێت، " هوداپار و ئاکەپە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر دەنگی هەدەپە دروست بکەن" وتی، " ئێمە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ ئەم پرسە ناکەین. دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ لایەنەکان رێکبکەوێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ناتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگی کورد دروست بکات. گەل بە ئەزموونە تاڵەکانی دەزانێت کە کێ چییە! وەک دیکە هەر چییەک بگوترێت، بێسوود و بەتاڵە." پارتی دۆزی ئازاد 'هوداپار' پارتێکی ئیسلامی سوننەی کوردییە، یەکەمین پارتی ئیسلامی باکوری کوردستانە کە لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە و بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە قبوڵ کراوە. ھەڵگری ئایدۆلۆژیای حزبوڵلایە و لەناو کوردەکانی باکوردا وەک باڵی سیاسی ئەو حزبە ناسراون. حزبوڵلا لە ساڵەکانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی تانسو چیللەر و محەمەد ئاغاردا، هەڵمەتێکی زۆر گەورەی کوشتن، گرتن و بێسەروشوێنکردنیان لەدژی کوردانی باکوری کوردستان دەست پێکرد. لەو ساڵانەدا، لەنێو شارەکانی باکوری کوردستاندا، شەڕێکی زۆر لەنێوان ئەندامانی حزبوڵلا و لایەنگران و کادرانی پەکەکەدا روویدا. لە رووداوەکانی نەوەتەکاندا، نزیکەی ١٧ هەزار کوردی باکوری کوردستان بێسەروشوێنکران کە حزبوڵلا بە یەکێک لە تاوانبارانی ئەو کردەوانە دەزانرێت.