هاوڵاتی  لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا كەبڕیارە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەڕێگەی پارتی چەپی سەوز: كە بەشێكە لەهاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكات، بۆ هەڵبژاردنەكانیش پارتی چەپی سەوز بەیاننامەیەكی ٧٦ لاپەڕەیی وەك پەیڕەوو بەرنامەی خۆیان بڵاوكردەوە. بەیاننامەكەی پارتی چەپی سەوز كە بەناوی ‹لێرەین و پێكەوە دەیگۆڕین› بڵاوكرایەوە، لەدوو بەش پێكدێت. بەشی یەكەم لەژێر ناوی پێكەوە دەیگۆڕین و بەشی دووەمیش لەژێر ناوی ‹بۆ دەستوری بنەڕەتیەكی دیموكرات پێكەوە دەیگۆڕین› خرایە بەردەستی هاووڵاتیانی توركیا. بەیاننامەكە، بەگشتی باسی چارەسەری پرسی كورد، چارەسەری قەیرانی ئابوری، هەژاری و بێكاری، دادپەروەری، ئازادی رادەربڕین، ئازادی میدیا، هاووڵاتی یەكسان، مافی ژن و منداڵ و بەگشتی مافی مرۆڤ و چەندین پرسی دیكە دەكات كە (رۆژنامەی هاوڵاتی) بەشێك لەخاڵە گرنگەكانی بەیاننامەكەی پارتی چەپی سەوز لەم راپۆرتەدا دەخاتەڕوو. لەبەیاننامەكەدا هاتووە: لەجیهاندا قەیرانی ئابوری و جەنگی زلهێزەكان لەئارادایە. لەتوركیاش بەهۆی ئەوەی كێشەی كوردو كێشەكانی كۆمەڵگا و سیاسەتی چارەسەر نەكراون، قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە. لەقۆناغێكی بەم شێوەیەدا، توركیا بەرەو هەڵبژاردنێكی مێژوویی و هەستیار هەنگاو دەنێت. ئەم هەڵبژاردنە خاڵێكی وەرچەرخان دەبێت. لە ١٤ی ئایاردا، دەنگ بەئاییندەی توركیا دەدرێت. لەبەردەمماندا تەنیا دوو رێگە هەیە. یان رێگە لەفاشیزم دەگرین، یاخود فاشیزم زیاتر بڵاودەبێتەوە. لەدووڕیانێكداین. ئێمەش هەم رێگری لەفاشیزم دەكەین، هەم بۆ ئاییندەیەكی یەكسان و ئازاد، لەپەرلەماندا بە بەهێزی جێی خۆمان دەگرینەوە. لەبومەلەرزەكەی ٦ی شوباتدا كە ناوەندەكەی مەرەش بوو، شارەكانمان وێران بوون، گەلەكەمان گیانی لەدەستدا. ئازارەكەمان زۆر گەورەیەو پرسەكەمان بەردەوامە. بومەلەرزەكە تەنیا شارەكانی ئێمەی وێران نەكرد، بەتەنیا ئازیزانی ئێمەی نەبرد، بەڵكو سیاسەتی ئاكەپە – مەهەپە لەبومەلەرزەكەدا ئاشكرا بوو. وێرانەیەكی زۆر دروستبوو، ئازارەكە گەورەیە، بەڵام بینیمان كە بەتایبەتی لە ٧٢ كاتژمێری سەرەتای كارەساتەكەدا دەسەڵات هیچ دەستوەردانی نەكردو كۆمەڵگا خۆی دەستی بەكار كردو تاوەكو ئێستاش لەخەبات بەردەوامەو ئێستاش دەتوانین هاوكارییەكان زیاتر بكەین. ئەم بومەلەرزەیە جارێكی دیكە ئاشكرایكرد، خۆبەڕێوەبەری خۆجێی رۆڵێكی زۆر كاریگەری هەیەو ناوەندیپارێزیش لەگەڵ كۆمەڵگادا ناگونجێت. دەست بەڕەوانەكردنی ئەم دەسەڵاتەو لەدژی ‹كارەساتی سەدە› دەست بەبنیاتنانی كۆمارێكی دیموكرات دەكەین. پێكەوەبوونی هەموو پێكهاتە، ئایین و كولتورەكان كە لەدەستوورێكی بنەڕەتیدا بپارێزرێن، نیشانەی دیموكراسی كۆمەڵگایە. ئەم كۆمارەی توركیا سەد ساڵە لەسەر ترس لەئیرادەی هاوبەشی گەلان و هەڵهاتن لەم راستیە دامەزرێنراوە. سیاسەتی رەتكردنەوە، كێشەی كوردی لەتوركیا زیاتر قوڵكردەوە، مێژووی كۆمار پڕە لەنموونەی كودەتای سەربازی و مەدەنی، فشار، قەدەغە، پێشێلكاریكردنی مافەكانی مرۆڤ، دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی مرۆڤ و رەتكردنەوەی داواكاری كۆمەڵگایە. ئەمڕۆ ئابووری كەخزمەت بەسەرۆكەكان و هاوكارەكانیان دەكات، لەگەشەكردن كەوتووەو بۆ وێرانەیەكی سیاسی گۆڕاوە. رەنجدەران و بەشێكی زۆر لەكۆمەڵگا حسابیان بۆ نەكراوە، بۆ ئەوەی ئەم زەمینەیە كە شێفەكان دەوڵەمەند دەكات، پێكەوە تێكۆشان دەكەین. لەبەرامبەر سیستمێك كە دەست بەسەر رەنجدا دەگرێت، كۆمارێك دادەمەزرێنین كە هەر كەسێك خاوەن بەرهەمی ئازادی خۆی بێت. ئێمە دێین كە لەدووەمین سەدەی كۆماری توركیادا، كۆتایی بەنادادپەروەری، گۆڕینی دەوڵەت بۆ چەتەگەری و مافیاگەری، دروستكردنی میكانیزمەكان كە لەم رێگەیەوە زوڵمی خۆیان دەشارنەوە بهێنین. لەدژی قەیرانەكانی سیاسی، ئابوری و ژینگە، ئێمە وەك گەلان، ژنان، گەنجان، لایەنە دیموكرات و ئازادیخوازەكان و هەموو ژێردەستەكان هەوڵی كۆمارێكی دیموكرات دەدەین. رێگەی چارەسەری بۆ دیموكراسی و ئەو قەیرانانەی كە ئاكەپەو مەهەپە قوڵیان كردووەتەوە، دیموكراسیەكی رادیكاڵە. چارەسەری ئەم ئۆپۆزسیۆنەی نێو سیستمی توركیا نییە، بەڵكو چارەسەری رێگەی سێیەم و كۆماری دیموكراتە. لەڕێگەی سیستمی سیاسی گشتگیری خۆبەڕێوەبەری خۆجێی، كۆمەڵگایەكی دیموكرات و ژینگەدۆست، یەكسانی رەگەزی، ئازادو مافەكانی مرۆڤ، كۆمارێكی دیموكرات بنیات دەنێین. كێشەكانی توركیا زۆر گەورەن. كێشەكانمان بناغەیین. بۆیە ئێمە بانگەشە بۆ چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشە بنەڕەتیەكان دەكەین. نۆژەنكردنەوە كە بەماكیاژكردن چارەسەری ریشەیی پێكنایەت. رێگەی چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لە بناغەوە و سیستماتیك بێت. لەلایەك هاوپەیمانی ئاكەپە-مەهەپە هەیە، واتە هێزی دەسەڵاتداری ئێستا. لەلایەكی دیكەوە ئۆپۆزسیۆنێك هەیە كەدەیەوێت بەرگێكی نوێی بەبەر كێشەكاندا بكات، بەڵێنی سنووردار لەچوارچێوەی سیستمدا دەدەن، بەڵام چارەسەرەكە لەگۆڕانی راستەقینەدایە. چارەسەری لەگۆڕانی دیموكراسیدایە. بۆیە رێگای ئێمە رێگای سێیەمە. حزبەكەمان هەروەها سەركێشی رێگەی سێیەمە.   پرسی كورد بەدیموكرات و ئاشتیانە چارەسەر دەبێت لەقۆناغێكداین كەسەدەی یەكەمی كۆمار تەواو دەبێت و دەكەوینە سەدەی دووەمەوە. سەدەی دووەمی كۆمار لەبری رەتكردنەوە و فشارەكان، سەدەی دیالۆگی دیموكراتی و ئاشتیانە دەبێت بۆ چارەسەری پرسی كورد. پەرلەمان زەمینەی دیالۆگ و چارەسەری ئامادە دەكات و لەڕێگەی دانوستانی دیموكراسیەوە قازانج بەهەموو كۆمەڵگا دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا رێگە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان و ناسینی هەموو مافەكان بەمافی زمانی دایكیشەوە دەكرێتەوە.  بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەڕێگەی دیموكراسی و ئاشتییەوە چارەسەر بكرێت، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت كە لەدەقی یاسا نیودەوڵەتیەكان و مافەكانی مرۆڤدایە. لەبەرئەوەی چارەسەر بەشەڕو سیاسەتی ئەمنی نابێت، بەڵكو بە دیالۆگ و دانوستان دەبێت. ئێمە بۆ ئەوە دێین كەبەرپرسیاری چارەسەری پرسی كورد لەڕێگەی ئاشتی، دیالۆگ و دانوستانەوە بگرینە ئەستۆ كەپرسێكە زۆر ئاڵۆز بووە. پێوانەكانی ئێمە، دانوستان و دیالۆگ دەبێت و بەم شێوەیە هەموو كۆمەڵگا سوود بەدەستدەهێنێت، واتە سوود بەهەموومان دەگەیەنێت.   دەستووری بنەڕەتی سەدەی دووەم پارتی چەپی سەوز ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: ئێمە ئامادەین پێكەوە دەستوورێكی بنەڕەتی نوێ ئامادە بكەین كە لەگەڵ هەموو ناسنامە، كەلتوور، ئایین و زمانەكانی توركیا بگونجێت و دەستوورێكی دیموكرات و ئازاد پێشكەش بەكۆمەڵگا بكەین. پێویستە دەستووری دیموكرات، مافی هەموو لایەن و پێكهاتەكان لەنێو خۆیدا مسۆگەر بكات. ئێمە بەرگری لەدەستوورێك دەكەین كە مافی هەموو گەلانی تێدا مسۆگەر كرابێت. پێویستە لەدەستووردا مافی سەندیكاكان، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، مافی ئابوری تاك، نیشتەجێبوون، خاوەن پێداویستی تایبەت، مافی بەدەستهێنانی خۆراك و ئاو، هەڵگرتنی ئەركی زۆرەملێی سەربازی، پەروەردە و فێركردن، دادگای سەربەخۆ، مافی ژنان و منداڵان، ئازادی میدیا جێگیر بكرێن و ئەم بەرنامەیەش بەرنامەی رێگەی سێیەمە كەئێمە نوێنەرایەتی دەكەین.   بەهێزكردنی سیستمی پەرلەمانی گۆڕانكاری لە سیستمی پەرلەمانی دەكەین و هەوڵ بۆ سیستمێكی پەرلەمانی بەهێز دەدەین كەهاوسەنگیەكان بپارێزرێت و لەگەڵ سیستمی دیموكراسیدا بگونجێت و سیستمێكی بەهێزی خۆبەڕێوەبەری خۆجێیی بنیات دەنێین. كۆمارێكی دیموكرات دادەمەزرێنین  و لەدژی سیستمی قەیوم دەوەستینەوە كە ئاكەپەو مەهەپە لەو رێگەیەوە دەست بەسەر ئیرادەی گەلەوە دەگرن و دەست بەسەر پێگەی نوێنەرانی گەل لەپەرلەمان و شارەوانییەكاندا دەگرن. ئەنجومەنەكان، دەستەی شارەكان، پلاتفۆرمەكان و رێكخراوە دیموكرات و سەندیكا پیشەییەكان بەهێز دەكەین. بەكورتی كۆتایی بەڕژێمی قەیوم دەهێنین كە لەدژی ئیرادەی گەل و هەڵبژاردنە.   دادوەریەكی بێلایەن لەڕابردوودا، دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە هەموو هەوڵێكیانداوە كە دەست بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا بگرن و لەو رێگەیەوە ئۆپۆزسیۆن لەناوببەن و كۆمەڵگا كۆنتڕۆڵ بكەن، ئێمە لەدژی ئەو هەوڵانە بۆ ئەوە هاتووین كە دادوەریەكی بێلایەن مسۆگەر بكەین كە بەرگری لەهەموو بەشەكانی كۆمەڵگا بكات و لەژێر دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە دەربهێنرێت.   سیاسەتێكی نێودەوڵەتی ئاشتیانە لەبەرامبەر هەوڵەكانی ئەم دەسەڵاتە كە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەعەقڵیەتی شەڕ، توندوتیژی و سەربازی بەڕێوەدەبات و لەدژی ئەو لایەنانەی كە پەرە بەسیاسەتی شەڕ دەدەن لێرەین. بەئامانجی پاراستنی مافی گەلان، نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، تێكدانی ژینگەو سروشت لەلایەن سەرمایەدارەكانەوە كەسوودی ماددی بەدەستدەهێنن، سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاشتیانە پەیڕەو دەكەین. بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراسی، دیپلۆماسی و دانوستانی ئاشتیانە بەبناغە وەردەگرین. لەدووەمین سەدەی كۆماری توركیادا، بۆ ئاشتی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی كۆمارێكی دیموكرات بنیات دەنێین.   ئازادیی حزبی سیاسی كۆتایی بەبەندی هەڵبژاردن دەهێنین و سەرجەم پارتە سیاسییەكان دەتوانن بەئەندازەی دەنگی خۆیان لەپەرلەماندا جێگیر ببن و نوێنەرایەتی دەنگدەرەكانیان بكەن. پێویستە لەسیاسەتدا ژنان و پیاوان یەكسان بن و ئەمەش لەدەستووردا مسۆگەر دەكرێت. یاسایەك دەردەكرێت كەسیستمی هاوسەرۆكایەتی لەهەموو كایەكانی سیاسەتدا جێگیربكرێت. یاسایەك دەردەكەین كەكارمەندانی حكومی بتوانن بەئازادانە رای خۆیان و لایەنگری خۆیان بۆ پارتی دڵخوازی خۆیان دەرببڕن. بەگوێرەی مافی پارتەكان، هاوكاریەكانی گەنجینە بۆ پارتە سیاسییەكان مسۆگەر دەكرێت و بەهیچ شێوەیەك یاسای داخستنی پارتە سیاسییەكان نامێنێت.   پاراستنی مافەكانی مرۆڤ راستەوخۆ هەموو بڕیارێكی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەكرێت. جگە لەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكە، پرۆتۆكۆلی نوێی دیكە واژۆ دەكرێت. هەموو بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤ كەپێشتر دەركراون و جێبەجێ نەكراون، جێبەجێ دەكرێن. هەموو ئەو رووداوانەی كە ئەشكەنجەیان تێیدا كراوە جارێكی دیكە دۆسیەكان هەڵدەدرێنەوە. رێگە دەدرێت كەكارمەندانی حكومەت لەبەرامبەر مامەڵەی خراپ سەردانی دادگاكان بكەن و مافی پشووەكانیشیان پارێزراو بێت. كۆتایی بەهەموو ئەو كردەوانە دەهێنرێت كە بەشێوەیەكی ناشارستانیانە هەڵدەكوترێتە سەر ماڵ و شوێنی كاری هاووڵاتیان و دەستگیردەكرێن. هەموو زیندانیە نەخۆشەكان ئازاد دەكرێن. مافی چارەسەری نەخۆشی بۆ زیندانیان دەستەبەر دەكرێت. كۆتایی بەپشكنین بە رووتی لەزیندانەكاندا دەهێنرێت كە لەدژی مافەكانی مرۆڤایەتیە. مافی تەلەفون و بینین بەشێوەیەكی سیستماتیك و دیموكراسیانە بەزیندانیان دەدرێت. لەكاتی خۆش و ناخۆشی كەسوكاریاندا، زیندانیان دەتوانن سەردانیان بكەن. گۆشەگیری و ئەشكەنجەی نێو زیندانەكان كۆتایی پێدەهێنرێت. زیندانی منداڵان دادەخرێت و بۆ منداڵان سیستمێكی دادپەروەرانە ئامادە دەكرێت.   میدیای ئازاد ئێمە بۆ میدیایەكی راست كە كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵە راستەكان دەكات كاردەكەین. كۆتایی بەفشار، سانسۆرو قەدەغەكانی سەر میدیا دەهێنین. بۆ ئازادی ئەو رۆژنامەنووسانە دێین كە بەهۆی بیروڕای جیاواز و بەهۆی پۆستێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دەستگیركراون. بەرگری لەهەموو ئەو میدیایانە دەكەین كەهەوڵی دادپەروەری و ئازادی و یەكسانی دەدەن. فشاری سەر ئازادی رادەربڕین كۆتایی پێدەهێنین. سانسۆری سەر ئینتەرنێت هەڵدەگیرێت. رێگەنادرێت میدیاو رۆژنامەكان بۆ بڵاوكردنەوەی قین و دژایەتیكردن بەكاربهێندرێت. زەمینێك دروستدەكرێت كە ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی میدیاوە بتوانێت بەشێوەیەكی ئازاد، خۆی دەرببڕێت. میدیاكانی سەر بەدەوڵەت و هەموو راگەیاندنە فەرمییەكان پێویستە بەشێوەیەكی بێلایەن و دوور لەململانێ و فشاری لایەنەكان بێت. پارتی چەپی سەوز لەبەیاننامەكەیدا بەگشتی بۆ مافی ژنان بەهەموو شێوەیەك، مافی پەروەردەو فێركردنی منداڵان، گەنجان، ئابوری سەربەخۆ، تێكۆشان دژی سەرمایەداری، كشتوكاڵ، كۆتاییهێنان بەكاركردنی منداڵان، بێكاری، هەژاری، مافی كرێكاران، دادپەروەری كۆمەڵایەتی، كەلتورو هونەر و پاراستنی كۆمەڵگا لەكارەساتە سروشتییەكان، سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەو سیاسەتی كۆچ و كۆچبەران، پرۆژەو بەرنامەی خۆی ئاشراكردووە.

هاوڵاتی-دهۆك ساڵانە لەوەرزی بەهاردا رنین و هێنانی گیا بەهارییەكان و فرۆشتنیان لەبازاڕدا  سەرچاوەیەكی دارایی بوو بۆ هاووڵاتیانی دەوروبەری قەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆك، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادبوونی بنكە سەربازییەكانی توركیاو مەترسی بۆردومان و تۆپبارانی توركیا لەو سنورە خەڵك نەیتوانیوە روو لەچیاكانی ناوچەكە بكات بۆ هێنانی گیا بەهارە، خەڵكی ناوچەكەش خۆیان دەڵێن: دەرفەتی كار لەسنورەكەمان زۆر كەمە، هێنانی گیا بەهارییەكان ساڵانە سەرچاوەیەكی باش بوو بۆ ئێمە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە. سەعید عەبدوڵا خەڵكی ناحیەی (شیلادزێ)یە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:"لەسنوری  قەزای ئامێدی زیاتر لە15جور گیای بەهارە هەن، سترك، چوورین، دوو جۆر كاردی، لیش، رێواس، قارچك، ترشۆك، هنگەدان، شێركێت و زۆر جۆری تر، ئەمساڵ خراپترین ساڵە بۆ ئەوانەی دەچنە رنینی گیای بەهارە چونكە بەهۆی زیادكردنی بنكەو بارەگاكانی سوپای توركیاو شەڕی بەردەوامی توركیا لەگەڵ پەكەكە دەتوانم بڵێم بێبەش بووین لەگیای بەهارە، پارساڵ تا ئەم كاتە زیاتر لە10جار سەردانی شاخ و دۆڵەكانی دەوروبەری شێلادزی و ئامێدی-مان دەكرد بۆ گیای بەهارە، بەلایەنی كەم هەریەكەو رۆژانە  40 بۆ 70هەزار دینار قازانجمان دەكرد ئەمساڵ ئەوە نەماوە، سوپای توركیا رێگانادات سەردانی هیچ شوێنێك بكەین كەئێمە بمانەوێت، لەلایەكی تریش دەترسین فرۆكە بۆردومانی ناوچەكە بكات و ببینە قوربانی". وتیشی:"سەدان خێزان لەشیلادزێ و ئامێدی هەیە كەهیچ مووچەیەكیان نیەو دەرفەتی كاریان زۆر كەمە، ساڵانە چاوەڕێی ئەم وەرزە دەكەن تا لەڕێگای فرۆشتنی گیا بەهارییەكان بڕێك پارە بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەمساڵ گیای بەهارە لەبازاڕەكانی كوردستان رێژەكەی كەم بێت و نرخەكانیشیان گرانە بەراورد بەپارساڵ". هاوكات رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی راگەیاند:"بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان چەند شوێنێك لەسنوری ناحیەی شیلادزێ و قەزای ئامێدی بەگشتی قەدەغەكراون خەڵك سەردانیان بكات، چونكە مەترسی بۆردومان و شەڕ هەیە لەنێوان هێزەكانی پەكەكەو توركیا، هەركەسێك بچێتە ئەو شوێنانە هێزە ئەمنییەكان رێگەیان پێنادەن ئەوەش تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئەوانە، چونكە هیچ گرەنتی نیە هیچ كەسێك بچێتە ئەو شوێنانەو بەسەلامەتی بگەڕێتەوە". "لەماوەی 10ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 40 كەس لەسنوری قەزای ئامێدی بەهۆی بۆردومان و شەری توركیاو پەكەكە شەهیدكراون، هەموو كاتێك ئێمە ئامۆژگاری خەڵكی خۆمان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك بۆ 50 تا 100هەزار دینارێك گیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە. لەسنوری ناحیەی شیلادزێ‌ 92 گوند هەن، بەشی زۆریان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكە، هەركەسێك ناوچەكەی ئێمە بەچاوی خۆی نەبینێت نازانێت دۆخەكەی چۆنە"رزگار عوبێد وای وت. موحسین نەزیر، خەڵكی كۆمەڵگای سیرێی سەر بەناحیەی شیلادزێ-یە بەهاوڵاتی وت: " پارساڵ رۆژانە سەردانی شاخ و دوڵەكانی دەوروبەری خۆمان دەكرد بۆ گیای بەهارە بەلایەنی كەمی رۆژانە 50 بۆ 100 هەزار دینارمان دەستدەكەوت، بەڵام ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەك نەچوومەتە چیاو شاخەكان و ئەوەش وایكردووە لەئێستادا هەندێك جۆری گیا زۆر كەم بێت لەبازاڕدا، ئەگەر هەشبێت هی ناوچەكانی دەشتاییە ئەویش تامەكەی وەكو ئەوەی چیا خۆش نیە رەنگە نرخیشی گرانتر بێت".

نیگار عومەر شوێنی نیشتەجێبوون و زەوی و خانوبەرە لەقەزای كەلار نرخی پێوانەیی تۆماردەكات و زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلار، شوقەی نیشتەجێبوون هەیە نرخەكەی دەگاتە نزیەی 350 هەزار دۆلار. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەقەزای كەلاردا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشەجێبوون دروستكراوە سەرەڕای ئەمە نرخی یەكەكان و زەوی لەقەزاكەدا بەبەرزی ماوەتەوەو هەندێك كات بەگوێرەی بازاڕی قەزاكە دەگۆڕێت و زۆر لەو نرخە زیاتر دەبێت. هەندێك لەشارەزایان پێیان وایە هۆكاری گرانبوونی زەوی یەكەی نیشەجێبوون دەگەڕێتەوە بۆ هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە، كە بەیەك لەشارە ستراتیژی و بازرگانییەكان دادەنرێت لەعێرقدا. پسپۆرێكی  ئابوری ئاماژە بەوەدەكات گەر ئیدارەی ناوچەكە لەدەستێكی شارەزادا بێت كەلار دەبێتە گەورەترین شاری بازرگانی لەعێرقدا. فەرهاد جیهاد خاوەن نوسینگەی فرۆشتنی خانوبەرە لەقەزای كەلار بۆ هاوڵاتی وتی:» ئەو یەكانەی كە دروستدەكرێن لەقەزای كەلاردا هەندێكیان نرخەكانیان دەگاتە 350 هەزار دۆلار، كە بەزمانی خەڵك واتە 35 دەفتەر دۆلار، نرخی پارچە زەویەكی دووسەد مەتری لەهەندێ شوێنی نایابدا زیاتر دەبێت لەدوو ملیۆن دۆلارو خەڵكی ناوچەكە بەگوێرەی ئەو كارەی كەدەیكات چ قازانێكی دەستبكەوێت دەیدات بەزەوی یاخود خانوو، هیچ شوێنێكی ئەمین نیە تابتوانیت پارەكەی تێدا دابنێت». ئەوەشی وت،» من پێم وایە ئەو یەكانەی كە دروستكراون یان كاركردن تێیدا بەردەوامە سودێكی ئەوتۆی بۆ ناوچەكە نابێت پارەیەكی زۆری كاشی ناوچەكە دەباتە دەرەوەو نرخەكانی زۆر گرانەو خەڵكی ئاسایی ناتوانێ‌ بیانكڕێت بۆیە كۆمەڵێک پارەدار كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن». وتیشی:» تەنانەت زۆربەی كرێكاری كۆمپانیاكان بیانین و سودی بۆ ناوچەكە نیە یاخود مەوادەكەی لەدەرەوە دێنن، داوادەكەین خەڵك هۆشیار بێت لەكڕینی هەر یەكەیەكدا رەنگە گرانی نرخی یەكەكان لەداهاتوودا دەربكەوێت كەخەڵكی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر چ باری قەرزێكەوە كە بەشێكی زۆری خەڵكە ئاساییەكە ناتوانێت بیداتەوە». هاوكات مەریوان حەسەن، كەئەویش خاوەنی نوسینگەی خانوبەرەیە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:» بەڵی زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلارو گرانی نرخی زەوی و خانووش لەكەلاردا بەگوێرەی شوێنەكان دەگوڕێت، لەهەندێ شوێنی كەلاردا هەیە پارچە زەوییەكی 200 مەتری لەشوێنێكی ئاساییدا نرخی چوار بۆ هەشت دەفتەر دۆلار دەبێت و هەرچەندە لەئێستادا لەبازاڕدا خستنەڕوو زیاترە تاوەك كڕین ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كەبەشێكی پەیوەندی بەبەرزی نرخی دۆلارەوە هەیە بەرامبەر دینار». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: گەڕەكەكانی شەهیدان و فەرمانبەران «حەی موەزەفین» یەكێكیك لەو شوێنانەی كەنرخی زەویەكانی گرانترینن لەهەموو شوێنەكانی دیكە، تەنانەت بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە یەكێكە لەهەرە هۆكارە دیارەكانی ناوچەكە بۆ نموونە ئێستا نرخ لەناوچەكانی دیالە وك بەعقوبە زۆر گران بووە لەبەرئەوە بارودۆخی ئەمنی ئەوێ باشترە وەك لەپێشوو، لەڕابردوودا دروستبوونی نائارامی لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆكاربوو بۆ ئەوەی خەڵك رووبكاتە شاری كەلارو ئەمەش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لەناوچەكە». سەبارەت بە بەرزی نرخی خانووبەرە لەقەزای كەلار بەقەزاكانی تر، موشیر عارف پسپۆڕی  ئابوری بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» كەلار هەڵكەوتەی جوگرافیەكەی وایكردووە ببێتە شوێنێكی ستراتیجی گرنگ لەناوچەكەدا، رێگای نێوان پارێزگاكانی خوارووی عێراق بەهەرێمەوە دەبستێتەوە، بەم پێیەش ئێستا شوێنێكی بازرگانی گرنگە لەعێراقداو تادێت ژمارەی دانیشتوانی زیاددەكات و هەڵكەوتەكەی شوێنەكەی وایە توانای گەورەبوونی خێرای هەیە». «لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە سودێكی ئەوتۆی بۆ هەمووان نەبووە چونكە دەرگای فراوان بۆ هەموو خەڵك نەكراوەتەوە تاخەڵك ئازادبێت لەوەبەرهێنانداو وەبەرهێنان كەمبووەو كەمتر رێگە دراوە خەڵكی ئاسایی سودی لێوەبگرێت، ئەگەر ئەمە لەدەستی شارەزادا بوایە، كەلار دەبوە گەورەترین شوێنی بازرگانی لەعێراقداو نرخی زەوی هەندێ كات وای لێدێت لەجیهاندا گرانتر دەبێت». «گەورەبوونی ئەم شارە پێویستی بەكەسانێكی شارەزایە تابتوانرێت بكرێت بەناوەندێكی دیار لەجیهانداو  پێویستە وەبەرهێنان كاری لەسەربكرێت كەهەموو خەڵكێك سودی لێ ببینێت نەك كۆمەڵێك خەڵك، چونكە سەرەڕای زۆری یەكەكان بەڵام خەڵكێكی كەم توانیویەتی سودی لێ ببینێت چونكە نرخەكانیان گرانە»، موشیر عارف وای وت. هەروەها هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت:» لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشتەجێبوونمان دروستكردووە یان لەقۆناغی دروستكردندان، كە هەریەكە لەپیشەوران و مامۆستایان و فەرمانبەران و پارێزەران و هێزە ئەمنییەكان  سودیان لێوەردەگرن،  لەداهاتوشدا یەكەی دیكە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان كەنزیكەی هەزارو 500یەكە دەبێت لەشێوەی شوقە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان». هونەر مەحمود بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەم یەكانە هەندێكیان تەواوبوونە و هەندێكی دیكەیان لەدروستكردندان و كاریان تێدادەكرێت، لەساڵی داهاتوودا دوو هەزار یەكە تەواو دەبێت و بەتەوابوونی هەموو یەكەكان رۆڵی باشی دەبێت لە كەمكردنەوەی كرێنشینیدا». وتیشی: هەندێك خانوو یان ڤێلا هەیە لەنێو یەكەكانی نیشتەجێبووندا نرخەكەی تا 300 هەزار دۆلارو زیاتریش دەڕوات، چونكە ئەمە واریدە كەخانوویەك یان ڤێلایەك تایبەت بێت و نرخەكەی بەو شێوەیە بەرز بێت، بەهەمان شێوە پارچە زەوی هەیە كەبكرێت بەپرۆژەی بازرگانی لەناوەڕاستی كەلاردا نرخی 200 مەتری 2 ملیۆن دۆلار بێت ، هۆكارەكەشی ئەوەیە لەلایەن حكومەتەوە لەم چەندساڵەی رابردوودا زەوی دابەشنەكراوە، یان بەهۆی زۆری جوڵەی بازرگانی لەسنورەكەدا و بوونی ئیشوكاری بازرگانی وایكردووە نرخەكان بەو شێوەیە بێت».

هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات. بەشێك لەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان لەڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلیۆیت ئاماژەی پێكراوە كەپێویستە حكومەتی هەرێم بیداتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كەزیاتر لە 9 ساڵە نەوتی خاو بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشێت، بەڵام قەرزەكانی 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو وەك كورد دەڵێت قازانج سەری مایەی خوارد، ئایا هەرێم نەوتی كڕیوە یان فرۆشتوویەتی؟ حكومەتی هەرێم نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات، بەڵام بۆ لەمەودوا بەغداد بەرپرسیاری سەرەكی نەوتی هەرێم دەبێت و هەرێم ناتوانێت پێشەكی پارە وەربگرێت و نەوتی خاو بدات. هەروەها بەشێك لەقەرزەكان شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكان و ئەو كۆمپانیایانەیە كە بۆری نەوتەكەیان لەهەرێم كڕیوە. دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئادار، لەپاش دادگایی ناوبژیوانی لەپاریس كە لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا، كێشەی گەورەی بەردەم حكومەتی هەرێم ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكانە كە لەسەری كەڵەكە بووەو هێشتا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانیش روون نەبووەتەوە ئەو پارانەی پێشەكی وەرگیراون چووەتە گیرفانی حكومەت یان گیرفانی خەڵكی دیكەوە. قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە كە سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلاری شایستەی دارایی كۆمپانیاكانەو ئەوی دیكەشی كرێی بۆری نەوتی هەرێم و سودی قەرزەكانە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی رابردوودا یەك ملیارو 833 ملیۆن دۆلاری داوە بەكۆمپانیا نەوتییەكان كە یەك ملیارو 115 ملیۆن دۆلاری قەرزی راستەقینەی كۆمپانیا نەوتییەكان بووەو 700 ملیۆن دۆلاریشی سودی قەرزی كەڵەكەبوو بووە. لەكۆتایی ساڵی رابردوو، بێجگە لەو سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلارەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان، بڕی 160 ملیۆن دۆلاری كرێی بۆری نەوتی كوردستانیش هاتووەتە سەر قەرزەكانی حكومەتی هەرێم. كۆمپانیای ترافیگۆرا، لەناوەڕاستی مانگی یەكی ئەمساڵ لەكڕینی نەوتی هەرێم كشایەوەو بڕی 273 ملیۆن دۆلاری لای حكومەتی هەرێمە كە پارەی پێشەكی كڕینی نەوتی هەرێمە. هاوكات كۆمپانیای پێترۆكۆو ڤیتۆڵ نزیكەی ملیارێك دۆلاریان خستووەتە سەر ئەژماری حكومەتی هەرێم وەك پارەی پێشەكی كڕینی نەوت كە تاكۆتایی مانگی ئایار نەوتی هەرێمیان كڕیوە. حكومەتی هەرێم جگە لەكرێی بۆری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیكەی چوار ملیارو 800 ملیۆن دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی نەوتەو بەپارەی كرێی بۆری نەوت گواستنەوە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار. تانیوەڕۆی رۆژی 25ی ئادار حكومەتی هەرێم لەبەندەری جەیهانەوە نەوتی رادەستی كڕیارەكان كردووە كە 9 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیلی فرۆشتووەو هەر بەرمیلێكی بەتێكڕا بە 57 دۆلار فرۆشتووە كەدەكاتە 555 ملیۆن دۆلار.

هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لەبەرەبەیانی 27ی مانگی ئازاری رابووردوو دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان (پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان) بڕیاریدا لەدوای 18 ساڵ و بۆ جارێكی تر لەشاری كەركوك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت كە بەهۆی دۆخی تایبەتی كەركوكەوە لەو ماوەیەدا هیچ هەڵبژاردنێكی تیادا ئەنجامنەدراوە،  ئەمە لەكاتێكدا عەرەبەكان پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن و توركمانەكانیش رەتیناكەنەوەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش یاساكە بەدەستكەوت دەزانێت چونكە هیچ عەرەبێكی هاوردە ناتوانێت لەكەركوك دەنگبدات و یەكێتیش لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركوك كردووە. شاری كەركوك كە لەساڵی 2003ەوە بەدەست كوردەوە ئیدارە دەدراو پارێزگارەكەی كورد بووە، لەدوای ساڵی 2017شەوە حكومەتی عێراقی ئیدارەی شارەكەی بەدەستەوەیەو پارێزگاكەی بەوەكالەت لەلایەن عەرەبێكەوە بەڕێوەدەبرێت، دانیشتوانەكەی نزیكەی 1 ملیۆن و 600 هەزار كەس دەبێت، كەزۆرینەی كوردو بەشێكیشی پێكهاتەی عەرەب و توركمان و چەند نەتەوەیەكی دیكەی تیادایە، خاوەنی شەش كێڵگەی نەوتییە كە یەدەگی نەوتی بە 13 ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت، لەڕووی سیاسیشەوە ئەم شارە بەهۆی دۆخی تایبەتیەوە لەدوای ساڵی 2005ەوە جگە لەهەڵبژارنەكەی ئەو ساڵە نەبێت هیچ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تیا ئەنجامنەدراوەو هەر بەو شێوەیە ماوەتەوەو چەند جارێك هەوڵدراوە گۆڕانكاری تیادا ئەنجامبدرێت، بەڵام سەری نەگرتووە. بەپێی ماددەی 15 لەیاسای هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 12 كورسی پێكدێت كە بۆ هەر 200 كەسێكیش لەو پارێزگایانەی كە ژمارەی دانیشتوانیان لە 1 ملیۆن كەس زیاترە (بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ساڵی 2019)، بەم جۆرە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێتە 15 كەس چونكە ژمارەی دانیشتوانەكەی 1 ملیۆن و 600 هەزار كەسە. دەربارەی شاری كەركوكیش یاساكە چەند خاڵێكی دیاریكردووە كەگرنگترینیان ئەوەیە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و پەرلەمانتارانی هەر پێكهاتەیەك لەپێكهاتەكانی كەركووك وردبینی لەتۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكەن، ئەویش لەسەر ئەم بنەمایانە:  یەكەم/ئەو هاووڵاتییانەی لەسەرژمێریی ساڵی 1957ی سەرژمێری پاشایەتیدا تۆماركراون. دووەم/ ئەوانەی دەركراون و گەڕاونەتەوەو بەپێی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی ماددەی 140ـی دەستوور یان ئەوانەی رێوشوێنەكانیان بەپێی رێكارە كارپێكراوەكان كردووە، سێیەم/ كورسییەك لەئەنجوومەنی پارێزگە بۆ پێكهاتەی كریستیان «كلدان، سریان، ئاشوورییەكان» تەرخاندەكرێت. چوارەم/ هەڵگرتنی دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی پارێزگاكە بە رێژەی 32٪ بۆ پێكهاتەكانی كورد، توركمان، عەرەب و رێژەی 8٪ بۆ كریستیانەكان. پێنجەم/ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەسەرۆك وەزیران بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەپارێزگای كەركووك. دوابەدوای پەسەندكردنی یاساكەش كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكان لەكەركوك جۆراوجۆربوون، بەجۆرێك هەر حزبەو پێكهاتەیەك بەشێوەیەكی جیاواز تێپەڕاندنی یاساكەیان وەسفكرد. مەحمود زەیدان عوبێدی سەركردە لەحزبی مەشروعی عەرەبی سووننە (كە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت) دەڵێت: لەڕابووردوودا غەدرێكی گەورە لەپارێزگاكە كراوەو لەساڵی 2005ەوە دۆخێكی ناجێگیری هەیە و چارەسەرنەكردنی گرفتە سیاسییە هەڵواسراوەكان لەپارێزگاكەدا وایكردووە هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئاماژەش بەوەدەكات رێككەوتنی سیاسی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بەكوردو عەرەب و توركمانەوە وایكرد كەئەم یاسایە تێپەڕێت، دەربارەی تۆماری هەڵبژاردنەكانیش ئەو سەركردەیەی عەرەب دەڵێت لەڕابووردوودا ئەوە گرفتی گەورەی بەردەم هەڵبژاردن بووە، پێویستە وردبینی تیادابكرێت و چارەسەری كەموكورتییەكان بكرێت و دواتر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كەئەمەش پێویستی بەئیرادەیەكی سیاسی راستەقینەو ئاشكرا هەیە. سەبارەت بەهەڵوێستی توركمانەكانیش حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی لەكەركوك دەڵێت: ساڵی 2018 تەواوی پێكهاتەكان رێككەوتن كە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت لەساڵی 2019 بەڵام پێكهاتەی كوردی لەدادگای فیدراڵی تانەیان لەهەڵوەشاندنەوەی تۆماری دەنگدەران لەوكاتدا داو نەكرا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان بەڵام كوردەكان ترسیان لەوردبینی تۆماری دەنگدەران هەیە بەوتەی حەسەن تۆران ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لەدوای ساڵی 2003 لەو تۆمارانەدا كراون، سەركردەكەی بەرەی توركمانی هیواش دەخوازێت هەنگاوی جددی بنرێت بۆ وردبینی تەواوەتی تۆماری دەنگدەران بەر لەهەر هەڵبژاردنێك. دەربارەی هەڵوێستی كوردیش، پارتی دیموكراتی كوردستان یاساكە بەدەستكەوت دەزانێت چونكە هیچ عەرەبێكی هاوردە ناتوانێت لەكەركووك دەنگبدات و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركووك كرد. لەڕاگەیەندراوێكدا فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق یاساكە بەدەستكەوت و گرنگ و پێویستی دەزانێت و دەڵێت: «لەكەركووك هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەكەمجار سەرژمێری ساڵی 1957 دەكرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەكەركووك دابڕابوون، وەكو: (چەمچەماڵ و كفری و كەلار و دووزخورماتوو) ناوچەكانی دیكە دەكەین.» هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: یاساكە چەندین دەستكەوتی تیادایە وەك (هەڵگرتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك لەسەر بنەمای یەكسانی 32٪، زامنی دەنگی دەنگدەرانی سنووری شارۆچكەی (سەرگەڕان)، ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لەكەركووك راگوازرابوون بەپێی مادەی 140 دیسان مافی دەنگدانیان دەبێت، ماددەی 35 لەیاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018 و ماددەی 12 لەیاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵگیران، كە رێگربوون لەبەردەم هەڵبژاردنی كەركووك، گەرەنتیكردنی دەنگی ئاوارەكانی كەركووك و شەنگال كەدەتوانن لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەكەیان بدەن، لەبارەی كۆتایی كریستیانەكانیش دوای هەوڵدانێكی زۆر سەركەوتوو بووین لەوەی كریستییەكانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵكی دیكە لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عێراق). لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنەی هەیەو تانەشی لەبڕیارەكە داوە، فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: «لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبیان لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركووك كرد». بەكورتییەكەی رەخنەكەی یەكێتی لەیاساكە ئەم خاڵانەیە: (یەكەم/ جارێكی دیكە دۆخی كەركووك لەپارێزگاكانی دیكە جیاكراوەتەوە. دووەم/ بێبەشكردنی دەیان هەزار دەنگدەری كەركووك لەچەمچەماڵ، كەلار، كفری و خورماتوو. سێیەم/ دەنگدانی ئەو عەرەبە هاوردانەی لەپێش ساڵی 2003ـەوە لەكەركووك بوون و كۆبۆنی خۆراكیان كەركووكە. چوارەم/ هیچ واتایەك بۆ ماددەی 140ـی دەستوور ناهێڵدرێتەوە). ئێستا ئەوەی پرسیاری سەرەكییە ئایا لەكەركوك هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەم دۆخە ئاڵۆزو پڕ گرێ و نەگونجانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا ئەنجامدەدرێت یاخود نا..؟  

هاوڵاتی پشكی هەرێمی كوردستان لەپڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق 18 ترلیۆن دینار زیاترەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە خوێندنەوەی یەكەمی لەئەنجومەنی نوێنەران بۆ بكرێت. پڕۆژە بودجەی گشتی عێراق 199 ترلیۆن دینارەو لەو بڕە بەغداد زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكردووە. حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی پڕۆژە بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووەو بڕیارە رۆژی چوارشەممە 5ی نیسان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت. كۆی گشتی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق نزیكەی 200 ترلیۆن دینارەو پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 12.67% دیاری كراوەو بەخەرجی سیادی و حاكیمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری بەردەكەوێت، كە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دینار وەك بودجەی تەشغیلی و وەبەرهێنان و یەك ترلیۆن و 256 ملیار دینار وەك بودجەی حاكیمەو 400 ملیار دینار بۆ خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان و 500 ملیار دینار لەهێزی وشكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەرخاندەكرێت. دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق، بەغداد شایستە داراییەكان لەچوارچێوەی یاسای بودجە بۆ هەرێم رەوانە دەكات كەپشكی هەرێم بەشێوەی سولفەی مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دیناری مانگانە دەكات دەداتە هەرێم لەبەرانبەر رەوانەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو لەسەدا 50% داهاتە گومرگییەكان. لەكۆی ئەو 18 ترلیۆن دینارەی پشكی هەرێم، بڕیارە لەساڵی 2023دا 15 ترلیۆن دیناری وەك پارەی كاش بگاتە دەست وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بۆ مووچەو خەرجی وەبەرهێنان، ئەو سێ ترلیۆنەی دیكەی بۆ خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجی حاكیمە خەرج دەكرێت و لەبەرامبەردا هەرێم پارەی كۆمپانیا نەوتییەكانی لەكۆڵ دەبێتەوەو دەرمان و بەشە مانگانەی خۆراك و سوتەمەنی پێدەگات. بڕیارە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق پاكتاوی حساباتی دارایی مانگەكانی (1، 2، 3، 4)ی ئەمساڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكرێت و هەر لایەكیان قەرزی ئەوی دیكەیان لابوو بەپێی یاسای بودجە بیدەنەوە. هەروەها حكومەتی هەرێم لەمانگی رابردوودا 400 ملیار دیناری بەقەرز لەبەغدادوە بۆ هاتووەو عێراق ئەوەی لێ دەبرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆری هەیەو مانگانە 900 ملیار دیناری بۆ دەڕوات و  350 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەكانی دیكەی وەزارەتەكان.  

هاوڵاتی ئێران كەچەقی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە لەجیهان، خاوەنی مێژوویی 500 ساڵەیە لەگەڵ ماددەی هۆشبەری تریاك و لەئێستاشدا 12 ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە بەشێوازی كاتی یان هەمیشەیی ئالودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون و تەنها لەساڵێكدا دەست بەسەر 600 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە. لەنوێترین زانیاریی ناوەندی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی ئێران دەركەوتووە 50%ی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان ماددەی تریاك و و دوای تریاك، ماددەی جۆری گوڵ و كریستاڵ(كراك) زیاترین بەكارهێنانی هەیەو زۆرینەی كچان و ژنانی ئالودەبوو ماددەی هۆشبەری جۆری گوڵ بەكاردەهێنن. كریستاڵ یان كراك كە لەئێستادا لەشارەكانی سەردەشت و مەهابادو ورمێ و چەند شارێكی دیكەش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دروستدەكرێت و بووەتە دیاردەو دانیشتوانی ئەو بەشە لەكوردستان ئەو دیاردەیە بەدەستی دەسەڵات بۆ گیرۆدەكردنی گەنجان و لاوان بەماددە هۆشبەرەكان ناودەبەن چونكە ئەو ناوچانە لەئامارەكاندا بەبەردەوامیی بەپاكترین ناوچەی جوگرافیای ئێران لەقەڵەمدراون كەكەمترین بازرگانی یان بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا بەدیكرابێت. ساڵی 2021 ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران گەیشتووەتە 12 ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و 500 هەزار كەسیان بەكارهێنی بەردەوامی ماددە هۆشبەرەكان ئەژماردەكرێت و ژنان (10%)ی كۆی ژمارەی ئالودەبوان بەماددە هۆشبەرەكان لەو وڵاتە پێكدێنن. ساڵی 2009 بەپێی راپۆرتێكی نهێنیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆماری ئیسلامی ئێران بەگەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان لەقەڵەمدراوەو تەنانەت ناوی سوپای پاسداران لەو راپۆرتەدا وەك هێزێكی سەربازیی هێنراوە كەسەرقاڵی گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوەیە. بەپێی زانیارییەكان لەماوەی ساڵی رابردوودا 182 بەلوچ لەسێدارە دراون كەتۆمەتی (81%)یان بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەوە بوووە. پارێزگای سیستان و بەلوچستان كە بەهەژارترین پارێزگای ئێران لەكۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت و ژمارەیەكی زۆری كاسبكاران و گەنجانیان ناچارن بۆ دابینكردنی بژێوی كاری گواستنەوەی سوتەمەنی و كاڵاو ماددە هۆشبەرەكان  لەنێوان ئێران و ئەفغانستان و پاكستاندا بكەن. دەسەڵاتی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە 70%ی جێبەجێكردنی سزای سێدارە سەرتاسەری وڵاتەكە پەیوەندیی بەتۆمەتبارانی بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەكانەوە هەیە. دوستعەلی جەلیلی، فەرماندەی پۆلیسی ئێران لەسیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە كردووە كە لەیەك سالدا 71 باندی گەورەی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان لەو پارێزگایە دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر 95 تۆن و 177 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر. رەزا بەنی ئەسەدیفەر، سەرۆكی پۆلیسی پێشگیریی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ تەنها لەساڵی رابردووداو لەئەنجامی 12 هەزار هەڵمەتی هێزەكانی پۆلیس، دوو تۆن و 622 كیلۆ لەجۆرەكانی ماددەی هۆشبەر لەفڕۆكەخانەكانی ئێراندا دەستی بەسەردا گیراوە. ئیسكەندەر موئمینی، ئەمینداری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران رایگەیاندووە؛ لەساڵی 2022 دەستگیراوە بەسەر 600 تۆن لەجۆرە جیاوازەكانی ماددە هۆشبەرەكان و بەو پێیە ئێران بووەتە یەكەم وڵاتی جیهان كەدەستی بەسەر زیاترین بڕی ماددەی هۆشبەردا گرتووە. موئمینی وتوویەتی: ئێران لەیەك ساڵدا دەستی بەسەر 92%ی تریاكی هەموو جیهان و 59%ی مۆرفین و 27%ی هیرۆئینی جیهاندا گرتووەو هەر بەو هۆیەوە لانیكەم 12 پۆلیس و هێزی ئەمنیی كوژراون. ئاماژە بەوە كراوە 70%ی ئەو بڕە لەماددە هۆشبەرەكان لەحەوت پارێزگای رۆژهەڵاتی ئێران دەستی بەسەرداگیراوەو 20%یشی لە پارێزگاكانی دیكەی وڵاتەكە بووە. ئەفغانستان كەنزیكەی 95%ی هەموو تریاكی جیهان بەرهەمدەهێنێت ئەو ماددەیە بۆ ئێران دەگوازێتەوەو لەئێرانیشەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی جیهان بەڕێدەكرێت و بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتی ئێران بێت دەبێ تەنها 3%ی تریاك لەو وڵاتەوە گوازرابێتەوە چونكە بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە 92%ی تریاكی جیهان لەوڵاتەكەدا دەستی بەسەردا گیراوە.

و. ئەكرەم ئەمین   بەباشكردن و رێكخستنی بەردەوامی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لەچین، بووژانەوەی ئابووری چین بەشێوەیەكی بەهێز پێشكەوتووەو متمانەی زۆر بەگەشەی ئابووری جیهانی زیادكردووە. لەم دواییانەدا مۆرگان ستانلی، گۆڵدمان ساكس، جەی پی مۆرگان و زۆرێك لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەبەرهێنان پێشبینییەكانیان سەبارەت بەگەشەی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا زیادكردووە.  زۆرێك لەژوورە بازرگانییە بیانییەكان لەچین، وەك ژووری بازرگانی ئەمریكی لەچین، ژووری بازرگانی بەریتانیاو ژووری بازرگانی ئەڵمانیا لەچین، پێیان وایە گۆڕانكاری لەڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا لەچین یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی چین بەئاڵوگۆڕو گەشتە بازرگانییەكان.  بەگوێرەی شیكاریی پسپۆڕان، لەساڵی ٢٠٢٣دا، لەگەڵ باشتربوونی وردە وردەی خواست و پاڵپشتی سیاسەت، زیندوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین زیاتر ئازاد دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبوون بە "سەقامگیركەرێك" بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و "بزوێنەرێك" بۆ گەشەی ئابووری جیهانی. شارە جیاوازەكان گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەورە، گەشتە چارتەرەكان ئامادەیی خۆیان بۆ "چوونە دەرەوەی وڵات" راگەیاندووە بۆ وەرگرتنی داواكاری بازرگانی، هەروەها بازاڕی میوانداری و گەشتیاری وردە وردە بەرەو باشتر دەچێت، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەرفەتی نوێ دەبینن، میدیا بیانییەكان ئاماژەی ئەرێنیی بەگەشەسەندنی ئابووری چین دەدەن. گۆڤاری (InstitutionalInvestor)ی ئەمریكی لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كەڕەنگە لەچوارچێوەی ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانیدا تیشك بخرێتەسەر بووژانەوەی ئابووری چین. چین بەدەستكاریكردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەكان، رەنگە ببێتە "پەناگەیەكی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنەران. بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەماڵپەڕی سەنگافورەی (Zaobao) بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەك بانكی وەبەرهێنان یەك لەدوای یەك پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووری چین لەمساڵدا بەرزكردووەتەوە.  كۆمپانیای (JPMorganChase) لە 4% بۆ 4.3% و گۆڵدمان ساكس لە 4.8% بۆ 5.2% و مۆرگان ستانلی كە گەشبینترینیان هەیە پێشبینی دەكات ئابووری چین لەم ساڵدا 5.7% گەشە بكات. هاوكات بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لەنێوان 49 ئابووریناسدا ئەنجامدراوە، رەنگە رێژەی گەشەی ئابووری چین لەساڵی 2023 بگاتە 4.9%.  راپۆرتەكە لەزاری وانگ تاو، سەرۆكی ئابووریی كۆمپانیای یو بی ئێس لەچین رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەدوای مانگی ئازارو نیسانی ئەمساڵ چالاكی ئابووری و بەكارهێنانی چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش بچێت. رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەزاری شرۆڤەكارانەوە پێشبینی دەكات كەكۆی فرۆشی تاكەكەسی چین بۆ كاڵا بەكاربەرەكان لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٥٠ ترلیۆن یوان بەزیادبوونی ١١%.  بۆیە وەبەرهێنەران و شرۆڤەكاران پێشبینیان كردووە "ساڵێكی گەشاوەتر لەپێشەوەیە".  بەگوێرەی بابەتێكی گۆڤاری "فۆرچۆن"ی ئەمریكی، كۆمپانیای بلاك رۆك كەكۆمپانیایەكی ناسراوی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی سەرمایەو سەروەت و سامانە، هەروەها راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردووەتەوە كەپێشبینی دەكات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٦%، ئەمەش دەبێتە هۆی یاریدەدەر بۆ گەشەی ئابووری جیهان. بەپێی راپۆرتێكی ئەم دواییەی كەناڵی سی ئێن ئێن، چەند پارێزگایەك لەچین ئامانجی گەشەكردنیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیار كردووە، كەزۆربەیان لەسەرووی ٥% دانراون، بەمەش یەكەم ئاماژە بۆ ئاراستەی گەشەسەندنی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا دابینكراوە.  بەپێی راپۆرتەكە، داڕێژەرانی سیاسەتی چین رێوشوێنیان بۆ پیشەسازی تەكنەلۆژیاو پیشەسازی خانووبەرە داناوە.  ئەم ئاماژانە متمانەی وەبەرهێنەران و شرۆڤەكارانیان زیادكردووە كەپێیان وایە ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش دەچێت. بەپێی دوایین نوێكردنەوەی ئابووری چین لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ خراپبوونی گەشەی خواستی جیهانی، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی داواكاری گشتی ئابووری چین وردە وردە بەرەو خواستی ناوخۆیی بگۆڕێت. لەگەڵ باشتربوونی متمانەی بەكاربەران و ئازادكردنی خواستی بەكاربەران، بەكارهێنانی چین وردە وردە باشتر دەبێت؛  هەروەها بەردەوامی گەشەی وەبەرهێنانی ژێرخانی و ئامادەیی وەبەرهێنەران دەبێتە هۆی باشتركردنی گەشەی وەبەرهێنان. سەرچاوە: persian.cri.cn

بێدار محەمەد   تووشبووانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان بەدەست نەبوونی چارەسەرو نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن، ژمارەی تووشبوان لەگەرمیان زیاتر لە 170 نەخۆشە تائێستا ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە لەگەرمیان نیەو ئامێرێكیان بۆ كڕاوە ئیش ناكات و پارچەشی دەستناكەوێت، نەخۆشانی گورچیلە بۆ زۆربەی چارەسەرەكانیان روودەكەنە سلێمانی، هاونیشتمانیەك دەڵێت بۆ چاندنی گورچیلە 50 ملیۆن دینارم لەسلێمانی خەرجكردو بۆ چاودێریكردن و چارەسەریش هەر بەڕێگاوەم بۆ سلێمانی. ئیبراهیم عەبدوڵا  سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێزی كوردستان، بەڕۆژنامەی  هاوڵاتی  راگەیاند:»ئێمە لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئازارو مەینەتیانەی كەتووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە بەدەستیەوە دەناڵێنن لقێكی كۆمەڵەی گورچیلە پارێزی كوردستانمان لەم هەفتەیەدا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان كردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت تەندروستی گەرمیان بچێت بەهانایانەوە». وتیشی:»تادێت ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەزیادبووندایە لای ئێمە تائێستا 130 تووشبوو تۆماركراون و زانیاریمان هەیە 40  تووشبووی تر لەم نزیكانە لامان تۆماردەكرێن، سەرباری ئەوەی بەدووری نازانین تووشبوی تر هەبێ و لای ئێمە ناوی تۆمار نەكردبێت». «لەگرنگترین داواكاریەكانی ئەوان لەپێوستی تەندروستی گەرمیان ئەوەیە كەچارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانیان بكەن، ئەوان بۆ دەرمان و چارەسەر سەردانی سلێمانی دەكەن، بۆیە داواكارن دەرمانی پێویست بۆ تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە دابین بكرێ، هەروەها پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان دابین بكرێت . تاوەكو ئێستا ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە لەگەرمیاندا نیە بۆ ئەوەش دەبێ تووشبووانی نەخۆشییەكانی گورچیلە سەردانی سلێمانی بكەن»، سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێز كوردستان وای وت. هاوكات كاروان محەمەد بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان كەتاكە سەنتەرە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانە، بۆ رۆژنامەی  هاوڵاتی دواو وتی: « گرفتی كەمی دەرمان تەنیا بەرۆكی ئەوانی نەگرتووە، بەڵكو تەندروستی گەرمیان بەشێوەیەكی گشتی گرفتی نەبوونی دەرمانی هەیە». كاروان محەمەد دەڵێت:»بۆ چارەسەری گرفتی كەمی دەرمان مانگی رابردوو لەڕێگەی سۆزان مەنسور پەرلەمانتاری عێراق، بڕی 300 شروبی تایبەتمان لەحكومەتی عێراقەوە بۆ تووشبووانی گورچیلە دابینكرد كە بایی 200 ملیۆن دینارە». وتیشی:» پزیشكێكی تایبەتیان بۆ چارەسەرو بینینی تووشبوانی گورچیلە لەگەرمیان دابینكردووە، بەڵام بۆ هەندێك پشكنین تووشبوانی گورچیلە دەبێت بچنە كەرتی تایبەت». لەبارەی نەبوونی ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە، بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان  رایگەیاند:» بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكەوە ئەوئامێرە  بكڕدرێت بەڵام پاشتر بەهۆی دابەرزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار كۆمپانیا پاشەكشەی كرد لەو هەنگاوەی». ئاشكراشیكرد: لە 2013 ئەو ئامێرەمان بۆ دابینكرا، بەڵام جۆرەكەی باش نەبوو پاشتر پارچەی یەدەكی نەمابوو، بۆیە سودی لێنەبینرا لەهەوڵداین ئەو ئامێرە  دابین بكەین». هاووڵاتی كارزان عوسمان كەتووشبویەكی نەخۆشی گورچیلەیە لەگەرمیان دواندو ئەو وتی:»بۆ چاندنی گورچیلە لەگەرمیانەوە چوومەتە سلێمانی و بڕی 50 ملیۆن دینارم خەرجكردووە، ئێستا ئەوەی بیەوێت گورچیلە بچێنێ دەبێ ئەو بڕە پارە خەیاڵیە خەرجبكات، لەسلێمانی-یش لەكەرتی تایبەت دەكرێت چونكە دراوەتە نەخۆشخانەی ئەهلی . «كەپشكنینی بەرگری لەگەرمیان ناكرێت دەبێت بچینە سلێمانی، پزیشكیش هێنرابێ بۆ كەلار ئامێری تاقیگەیی پێشكەوتووی بەردەست نیە. تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان رێژەی پەككەوتنی گورچیلەیان لە 85%ەو ناتوانن كاربكەن، دەبوو وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان تۆماربكرایە كەچی لەهاوكاریكردنی وەزارەتی كار بێبەشكراون»، كارزان عوسمان وای وت.    

پرسی كورد لەتوركیا، هەرچەندە بەسەرەكیترین پرس دادەنرێت، بەڵام هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا، بەكارهێنراوە، تاوەكو ئێستاش بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەش نزیكبوونی دەنگەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردۆغان هەردوو كاندیدە بەهێزەكە، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بردنەوەی یەكێك لەكاندیدەكان و جارێكی تریش پرسی كود دەبێتەوە بەباسی سەر مێزی دانوستانەكان. باسكردنی چارەسەری پرسی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، تاوەكو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و بەتایبەتی تاوەكو سەردەمی تورگوت ئوزاڵ لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو، بەهیچ شێوەیەك نەبینراوەو یەكەم جار كەدەسەڵاتی توركیا لەگەڵ لایەنی كوردی بەمەبەستی چارەسەری پرسی كورد دەستی بەدانوستان كرد، حكومەتەكەی تورگوت ئوزال بوو كەدواتر بەمردنی گوماناوی ئوزاڵ، كۆتایی بەدانوستانەكان هێنراو سەردەمێكی رەش و تاریك لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی تانسۆ چیللەر دەستیپێكرد. دوای ئەوە سولەیمان دەمیرئەل لەساڵی ١٩٩٢ كەیەكەم كۆبوونەوەی وەزیرانی خۆی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان ئەنجامدا رایگەیاند: لەو شارەدا واتە ئامەد «دان بەڕاستی كورد دەنێین». بەڵام دواتر هەنگاوێكی بەرەو چارەسەری پرسی كورد نەناو رۆژنامەنووس «فیكرەت بیلا» لە ١٧ی ئابی ٢٠٠٥، دوای مردنی دەمیرئەل، چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵیدا بڵاوكردەوە كە دەمیرئەل دەڵێت» مەبەستم لەڕاستی كورد ئەوە بووە، واتە مرۆڤێك بەناوی كورد هەیە، ئێمە ئەوە قبوڵ دەكەین، لەنێو گەلی توركدا، كوردیش هەیە». واتە دەمیرئەلیش ئاشكرا بوو كەپرسی كوردی بۆ بەهێزكردنی خۆی و راكێشانی دەنگی كورد بەكارهێناوە. پاشان هیچ حكومەتێك هەوڵی نەداوە پرسی كورد لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەربكات و هەمووان پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازیی بردووە، تاوەكو حكومەتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات. ئەردۆغان لە ١٢ی ئابی ٢٠٠٥دا لەشاری ئامەد بۆ یەكەم جار وتی: « كێشەی كورد كێشەی منە»و دوای ئەوە لەشاری ئەستەنبوڵ لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند:» ١٥ ساڵ لەمەوبەر ئوزاڵ و دەمیرئەلیش هەوڵی چارەسەریان داوەو ئێمەش لەهەوڵەكانمان بەردەوام دەبین». لەساڵی ٢٠٠٥ەوەو تاوەكو ساڵی ٢٠١٥، چەندین كۆبوونەوەی نهێنی و ئاشكرا لەنێوان حكومەتی توركیاو پەكەكە، بەنێوەندگیری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچوون و جۆرێك لەكرانەوە بەڕووی كورددا هاتەئاراوە كە لەمێژووی توركیادا بێوێنە بوو. رادیۆو كەناڵی فەرمی سەر بەحكومەت بەزمانی كوردی كرانەوە، زمانی كوردی لەزانكۆكاندا وەك زمانی هەڵبژاردە دەخوێندرا. چەندین شاندی ئاشتی لەقەندیل، مەخمورو ئەوروپاوە گەڕانەوە توركیاو لەو ١٠ ساڵەدا، توركیا پێشكەوتنێكی گەورەی لەڕووی، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، گەشتیارییەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر ئاشكرابوو كەئەگەر كێشەی كورد لەو وڵاتە چارەسەربكرێت، كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی دیكە هەیە، لەسەروبەندی ئەوەی  داری چارەسەر بەربگرێت، مێزی دیالۆگ قڵپكرایەوەو ئیدی حكومەتی ئاكەپە ١٨٠ پلە گۆڕاو جگە لەشەڕی ناوخۆ، دەستی بەئۆپراسیۆنەكانی دەرەوەی سنور بۆ نێو باشورو رۆژئاوای كوردستان كرد، تائێستاش كەنزیكەی مانگ و نیوێك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ماوە، دۆخی شەڕو ئاڵۆزی بەردەوامە. لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، جارێكی دیكەو لایەنێكی دیكە بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكاندا، خۆی لەكورد نزیككردووەتەوە كەئەویش هاوپەیمانی گەلە بەسەرۆكایەتی كەمال كلچدارئۆغلۆ. كلچدارئۆغلۆ كەكوردێكی عەلەوی خەڵكی شاری دەرسیمەو كاندیدی هاوبەشی پارتەكانی نێو (هاوپەیمانی گەل)ە بۆ سەرۆكایەتی لە ٢٠ی ئازاردا (ئەم مانگە) دوای چاوەڕوانییەكی زۆر سەردانی هەدەپەی كردو لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كۆبووەوە. دوای كۆبونەوەكە كەنزیكەی كاتژمێرێكی خایاند، كلچدارئۆغلۆ بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەكو ئاشتی هەبێت، هیچ واتایەكی شەڕ نییە. پرسی كورد لەپەرلەمان چارەسەر دەكەن. هەروەها ئاماژەی بەقەدەغەی سەر زمانی كوردی كرد كەبۆچی وەك زمانێك كە «لێی تێناگەن» پێناسەی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو رادیۆو كاناڵی فەرمی دەوڵەتیش بەكوردی پەخشی خۆیان دەكەن. قسەكانی كلیچدارئۆغڵۆ لەشەقامی توركیاو سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی زۆری بۆكراو چەند رۆژ دوای ئەوەش، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپ) رایانگەیاند: كەكاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی نابێت. هەرچەندە ئاماژەیان بەوەنەكرد كەدەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە رێككەوتنی ژێربەژێر ئەنجامدرابێت و  بەرەی كوردو چەپەكانیش لەدژی ئەردۆغان، هەوڵی سەرخستنی كلچدارئۆغلۆ دەدەن. ئاماژەیەكی دیكەش بۆ راستی ئەم بۆچوونە ئەوەیە كە پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو كەهەموو هەوڵێكیان كۆیاییهێنانە بەدەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆمار. لەكاتێكدا كەدیارە كێشەی كورد لەتوركیا، كێشەیەكی دەستووریەو چوار خاڵی سەرەتای دەستووری بنەڕەتی توركیا كەباسی « یەك وڵات، یەك نەتەوە، یەك ئاڵاو یەك زمان» دەكات، رێگرە لەوەی زمان و نەتەوەی كورد بەفەرمی لەو وڵاتەدا دانی پێدابنرێت، بەڵام لایەنی كوردی، بەناچاری و بەهۆی فشارەكانی چەندساڵی رابردووی ئاكەپە لەسەر كوردو نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی دەسەڵات بۆ چارەسەری كێشەی كورد، دەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، كەئەویش بەفەرمی هیچ پرۆسەیەكی بۆ چارەسەری نییە و لەكارنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلیشدا كەساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەست بۆ هیچ خاڵێكی دەستووری نەبراوە كەپەیوەندی بەكێشەی كوردەوە هەبێت. بەو پێیەش وەها دەردەكەوێت كە هەدەپەو هاوپەیمانەكانی، بیانەوێت لەقۆناغی سەرەتای نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆماردا، هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژن و دواتر خۆیان بۆ كێبڕكێیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كلچدارئۆغلۆ ئامادە بكەن كەیەكێكیان پارتی باشە بەسەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر. ئاكشەنەر كەیاریدەدەرێكی باوەڕپێكراوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی سەرەكیترین دوژمنی كورد بوو، لەئێستادا بەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی گەلەو بەئاشكرایی رایگەیاندووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت كلچدارئۆغلۆ داواكاری هەدەپە بێنێتە سەر مێزێك كەئەوانی لەسەربن. لەئێستادا، پرسە سەرەكییەكە، پرسی هەڵبژاردنە لەتوركیا كەئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی كردووەتەوەو رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەكانیش، لەبەر رۆشنایی ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، دیارە. دوایین زانیاری لەسەر رێژەی دەنگی لایەنەكان لەلایەن محەمەد عەلی كولات سەرۆكی كۆمپانیای ماك-ی تایبەت بەڕاپرسییەكان ئاشكراكرا. محەمەد عەلی كولات لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سوزجو)ی نزیك لەپارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رێژەی دەنگەكانی هاوپەیمانی كۆمارو هاوپەیمانی گەل نزیكن لەیەكەوە، واتە هەردووكیان نزیكەی ٤٥٪ بەدەستدەهێنن و ١٠٪ی دیكەش دەنگی هەدەپەیەو هاوپەیمانەكانیانە. بەپێی قسەكانی كولات بێت، هەدەپە لەم نێوەندەدا، دەتوانێت بەئارەزووی خۆی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی لایەنێك یەكلایی بكاتەوە. یەكەم مەرجی هەدەپەش، چارەسەری پرسی كوردو دیموكراسییە لەتوركیا كەدەسەڵات هیچ پرۆژەیەكی بەو شێوەیەی نییەو وەها دەردەكەوێت كەهەدەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆكایەتی كلچدارئۆغلۆ یەكلایی بكاتەوە كە بەزارەكیش بێت، بەڵێنی چارەسەری پرسی كورد لەپەرلەمان و هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر زمانی كوردی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی داوە.  

هێمن مەحموود لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی بڕیاری بەپارێزگاریكردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، ئەم بڕیارەی بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە وەك وەفایەك بۆ خەڵكی شارەكە وەسفكرا، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆتایی ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساندبوو، بڕیاری پارێزگا درووستكردن لەعێراقدا لەساڵانی پێشووتریشدا هەبووەو بڕیار لەسەر چەندین قەزای دیكە دراوە كەبكرێت بەپارێزگاو بڕیارەكەش رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەپەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوەو وەك خۆیان ماونەتەوە. لەمانگی 1ی ساڵی 2014، (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بڕیاریدا كە چوار پارێزگای نوێ لەعێراق درووستبكرێت كەئەوانیش (قەزای دووزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدین) و (قەزای تەلەعفەر لەپارێزگای نەینەوا)  و (دەشتی نەینەوا) و (فەلوجە لەپارێزگای ئەنبار) بكرێنە پارێزگاو بەمەش ژمارەی پارێزگاكانی عێراق لە 19 پارێزگاوە (بەهەڵەبجەشەوە) دەبێتە 23 پارێزگا، هاوكات چەندین داواكاریش بەرزكرانەوە بۆ كردنی قەزای زوبێر لەپارێزگای بەسرەو قەزای مەدینە سەدر لەبەغدا بكرێنە پارێزگاو قەزای شامیەو سویرە لەپارێزگاكانی دیوانیەو واست بكرێنە پارێزگا. جگە لەبەپارێزگاكردنی قەزای هەڵەبجە كەهیچ رێگری و ناڕەزایەتییەكی لەدژ سازنەكراو تەواوی عێراقییەكان قبوڵیان بوو، بەپارێزگاكردنی شارەكانی دیكە بوو بەمایەی ناڕەزایی و هەڕەشەی درووستكردنی هەرێمی سەربەخۆی لێكەوتەوە، ئەویش بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتوانەوە. پارێزگاری ئەوكاتی نەینەوا رایگەیاند ئەگەر بێت و تەلەعفەرو دەشتی نەینەوا (كەزۆرینەی شیعەو مەسیحییە) بكرێنە پارێزگا ئەوا هەرێمێكی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، پارێزگای سەڵاحەدینیش رەتیكردەوە رازی ببێت دووزخورماتوو (كەتوركمان و كورد زۆرینەن) بكرێتە پارێزگاو رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەكەوەیە، پارێزگای ئەنباریش رەتیكردەوە فەلوجە (بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە) بكرێتە پارێزگا، كوردیش رەتیكردەوە تەلەعفەرو دەشتی نەینەواو دووزخورماتوو (بەهۆی ئەوەی دەكەونە ناوچەی جێناكۆكەوە) بكرێنە پارێزگا. درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ لەعێراقدا پێویستی بەچەندین رێوشوێنی ئیداری و یاسایی هەیە كەدەبێت ئەنجامبدرێت و دەستووری عێراقی رێگەیداوە دوای تەواوكردنی هەموو رێكارەكان، قەزاكان دەتوانن ببنە پارێزگا.  وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرپرسی وەرگرتنی داواكارییەكان و هەڵسەنگاندنی مەرجە هونەری و یاساییەكانی هەر قەزایەكە كەدەیەوێت ببێتە پارێزگا پێش ئەوەی رەوانەی سەرۆك وەزیران بكرێت، بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی قەزایەك بكرێتە پارێزگایەك ئەوا دەبێت مەرجەكانی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی پارێزگاكانی تیادابێت. پارێزگاری ئەو قەزایەی بڕیارە بكرێتە پارێزگا، یاخود زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگا قەزاكە هەڵدەبژیرن كەبكرێتە پارێزگا، هاوكات دەبێت رەزامەندی ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیانە وەربگیرێت كەدەخرێنە سەر پارێزگا نوێیەكەو دەبێت پشتگیری نوێنەرانی پارێزگا لەپەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و كەسایەتی  سەرۆك عەشیرەتەكانی گوندو شارەكانی بۆ وەربگیرێت.دواتر داواكارییەكە رەوانەی حكومەت دەكرێت و پێویستە پارێزگا پێشنیازكراوەكە لێكۆڵینەوەیەكی هونەری و ئابووری و گەشەپێدان بۆ ژمارەی دانیشتوان و توانا ئابوورییەكانی لەڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو ژێرخانی ئابوورییەوە ئامادەبكات، هاوكات دەبێت نەخشەی قەزاو ناحیەو گوندەكانی ئامادەبێت تاوەكو قەزایەك بكرێـتە ناوەندی پارێزگاكە بەمەرجی ئەوەی دەبێت ئەو قەزایە شارەوانییەكی دانپیانراوی بەپێی یاسای 1964ی شارەوانییەكان هەبێت. دەربارەی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەش، غەنی غەسبان، چاودێری سیاسی رایگەیاندووە ئەوە مافی راستەقینەی شارەكەیە بۆ ئەوەی ببن بەپارێزگای ژمارەی 19ی عێراق و چوارەمی هەرێمی كوردستان ئەویش لەپای ئەو زوڵم و ستەمەی كە لەم شارە كراوە، ئاماژە بەوەشدەكات بڕیارەكە هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكی ئاراستە ناكرێت نە لەناو عێراقداو نە لەناو هەرێمی كوردستانداو هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێم پشتگیری دەكەن. بەپێی بڕوای سەلام سمیسمی شارەزای ئابووریش بڕیاری درووستكردنی پارێزگای هەڵەبجە وادەكات لەبودجەی عێراقدا جیاواز لەبودجەی پارێزگای سلێمانی بودجەی سەربەخۆی بۆ تەرخانبكرێت. لیژنەی هەرێمەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش داوادەكات كەپارێزگای نوێ لەعێراقدا درووستبكرێت بەتایبەت لەناوچەكانی باشووری عێراقدا، لیژنەكە دەڵێت بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و گەشەی سیستەمی كارگێڕییەوە وا پێویست دەكات چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق دابەشبكرێت و پارێزگای نوێی لێ درووستبكرێـت وەك باكووری پارێزگای واست و ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەربەلا و بابل و نەجەف، هەروەها بەسرەش. بەبڕوای چاودێرانیش پێش درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ پێویستە چەند مەرجێك هەبێت و كاریگەری نەكاتەسەر تێكچوونی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی هەندێك پارێزگا، هاوكات دەبێت پارێزگاكە هەر بەتەنیا پشت بەحكومەتی ناوەند نەبەستێت بۆ بودجەو خۆی خاوەنی داهات بێت جا دەروازی سنوری بێت یاخود فڕۆكەخانە یاخود هەر داهاتێكی دیكە. داواكردنی درووستكردنی پارێزگای نوێ لەعێراقدا دیاردەیەكە زۆربەی ناوچەكانی عێراق بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و سیستەمی كارگێڕییەوە داوای دەكەن و ئەمەش پێویستی بەگۆڕینی نەخشەی ئیداری وڵاتەوە هەیە كە لەساڵی 1977ەوە (46 ساڵە) لەدوای درووستكردنی پارێزگای دهۆكەوە نەگۆڕدراوە، پێشتریش نەخشەی عێراق لەهەشت ویلایەتەوە گۆڕاوە بۆ 13 ویلایەت و دواتریش بۆ 14 و دوایین جاریش بۆ 18 پارێزگا. لەعێراقی دوای 2003شدا، بەهۆی ململانێ سیاسی و مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەییەكانەوە هەرچەندە چەندین جار باس لەدرووستكردنی پارێزگای نوێ كراوە بەڵام هەمیشە لەپەرلەمان نەتوانراوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لەبەرامبەر داوكاریی پارێزگایەكدا لایەنی بەرامبەر پارێزگایەكی دیكەی خستووەتەڕوو كە بەمەرجەكانی خۆیان درووستیانكردووەو لەئەنجامدا هیچ پارێزگایەكی نوێ درووستنەكراوە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا دەبێت كاری بۆ بكرێـت پارێزگای هەڵەبجەیە كەهیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییەو پێویستە بەزووترین كات نوێنەرانی كورد لەبەغدا بیخەنە كاری پەرلەمانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت و هەڵەبجە ببێتە 19یەمین پارێزگای عێراق.

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)  رایگەیاند: لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی و قوربانی هەیە، هاوكات لەچەند رۆژی رابردوودا دوای هێرشەكانی سەر بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە، ئەمریكا وەك وەڵامدانەوەیەك هێرشی كردەسەر ئەو گروپانەی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن لەڕۆژهەڵاتی سوریاو 19 چەكدار كوژران، ئەوە لەكاتێكدایە فەرماندەیەكی باڵای لەسوپای  پاسدارانی ئێران دەڵێت: تاران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا. رۆژی ٢٢ی ئازار، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی روسیا بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ئیسرائیل بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و فڕۆكەخانەی سەربازی نەیرەب. هەرچەندە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای نەكرد كەئایا جگە لەزیانی ماددی هیچ سەربازێكی سوریا، یاخود میلیشیاكانی سەر بەئێران كوژراون یان نا، بەڵام هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەكرد كەئەگەری هەیە لەهێرشەكەدا كوژراوو برینداریش هەبن.   واشنتۆن: ئێران هێرشی كردووە رۆژێك دوای هێرشەكەی ئیسرائیل، بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە بەدرۆن كرایەوە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لەڕاگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەكرد كەدرۆنەكە ئێرانییەو بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی ئەمریكی گیانی لەدەستداوەو كارمەندێك و پێنج سەربازی ئەمریكیش برینداربوون. لەڕاگەیەندراوەكەی پنتاگۆندا باسی قسەكانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كراوە كەدەڵێت، “لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هێرشێكی ورد لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەدژی ئەو بنكانە ئەنجامدراون كە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەكارهاتوون كەسەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن». لوید ئۆستن رایگەیاند: هێزەكانیان زنجیرەیەك هێرشیان ئەنجامداوە وەك وەڵامێك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و هەموو رێكارێك دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلەكەمان و وتیشی: بەشێك لەبریندارەكانیان رەوانەی عێراق كراون و چارەسەریان بۆ دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە، جۆن كێربی رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی كۆشكی سپی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی «سی ئێن ئێن» رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی وڵاتەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك بەرپرسیاری هێرشەكەی حەسەكە دەزانێت و وتی: جۆ بایدن زۆر بەخێرایی فەرمانی كردووە كەوەڵامی هێرشەكان بدەنەوە. دوای وەڵامە خێراكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی، میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەدەوروبەری دێرەزۆرو هەندێك ناوچەی باشوری رووباری فورات، جارێكی دیكە بارەگاكانی هاوپەیمانان كرانە ئامانج. جۆن كێربی پشتڕاستی كردەوە كە بەدوو مووشەك جارێكی دیكە، هێرش كراوەتەسەر بارەگای هێزەكانیان لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە. ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری سەركردەیەكی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە: كەئێران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراو  پێشهاتە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە بۆ ئێران كتوپڕ بووەو هەینی رابردوو تاران پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ واشنتۆن و تیایدا بێبەریبوونی خۆی لەهێرشەكردنەسەر بنكە سەربازیەكەی ئەمریكا دەربڕیوە.   هەسەدە: هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی لەو بارەیەوە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، دوای گرژییەكانی ناوچەكە كەسەرەتا بەدرۆنێك هێرشكرایەسەر بارەگای هاوبەشی هێزەكانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەحەسەكە، گوندەكانی ناوچەی زیبانی سەر بەڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر موشەكباران كراون و موشەكەكانیش لەو ناوچانەوە هاوێژراون كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بەڕژێمی سوریان. بەهۆی هێرشەكانیشەوە، ژنێك و كچەكەی برینداربوون. هەسەدە سەرەخۆشی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بەهۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی ئەمریكی، رایگەیاند: « ئێمە ئەم جۆرە هێرشانەو بەتایبەت هێرشكردنەسەر خەڵكی مەدەنی ئیدانە دەكەین و رایدەگەیەنین كەگرژییەكان ئاڵنگاری بۆ شەڕی دژی داعشدا دروستدەكات كەئێمە سوورین لەسەر ئۆپراسیۆنەكانمان لەدژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە. دوابەدوای راگەیەندراوەكەی هەسەدە، چەند چەكدارێكی نەناسراو، لەڕۆژئاوای شاری دێرەزۆر هێرشیان كردەسەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی شەڕڤانانی هەسەدە. سەرچاوەیەكی سەربازی بەئاژانسی «نۆرس پرێس»ی راگەیاند، هێرشەكە لەشارۆچكەی حەوایج ئەنجامدراوەو بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون كەبرینی شەڕڤانێكیان سەختە.   كوژراوانی ئێران لەسوریا مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش لەبارەی ئاماری شەڕو گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران دوو راگەیەندراوی بڵاوكردەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، بەگشتی لەهێرشەكانی ئەمریكا ١٩ چەكداری سەر بەئێران كوژراون و هەورەها كارمەندێكی ئەمریكی كوژراوەو شەش ئەمریكیش برینداربوون. ئەمەش لەكاتێكدایە كەسەرچاوەیەكی سەربازی بۆ كەناڵی پرێس تی ڤی ئێران بەئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەكانی ئێرانی بەدرۆخستەوەو وتی، هێزەكانی ئەمریكا كۆگایەكی هەڵگرتنی تۆوی دانەوێڵەی لەناوچەی حەرابیشی نزیك لەفڕۆكەخانەی سەربازیی دێرەزۆری بۆردوومان كردوەو هیچ زیانێك بەهێزەكانی سەر بەئێران نەگەیشتووە.   ئێران هەڕەشە دەكات حكومەتی ئێرانیش لەبارەی ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی ئەم دواییە لەنێو خاكی سوریا هاتە دەنگ و ناسر كەنعانی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا، بانگەشەی ئەوەی كرد كەسوپای ئەمریكا لەنێو خاكی سوریا خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج و وتی: « سوپای ئەمریكا كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەنێو خاكی سوریایەو بەشێك لەخاكی ئەو وڵاتەی داگیركردووە، هێرش دەكاتەسەر ئامانجە جۆراوجۆرەكان و ئەمەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە». كەنعانی باسی لەوەكرد كەبەرپرسانی ئەمریكا تۆمەتی ناڕاست دەدەنە پاڵ جمهوری ئیسلامی و پێویستە ئەمریكا بزانێت، رۆڵی سەردار سلێمانی لەشەڕی دژی داعش لەسوریا فەرامۆش ناكرێت و لەئێستاشدا راوێژكارە ئێرانییەكان، كاریگەریەكی بەرچاویان لەنێو خاكی سوریا هەیەو لەهاوكاریكردنی سوریا بەردەوام دەبن. هەروەها كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئەمریكا دەیەوێت بەهێرشەكانی، پرۆسەی داگیركاری نێو خاكی سوریا بشارێتەوەو ئێران تاوانبار بكات و وتی: « ئێران وابەستەی شەڕی دژی تیرۆرە لەسوریاو لەدژی هەموو جۆرە هەنگاوێك بووە كەئارامی ناوچەكە تێكدەدات. بەڵام وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێك لەدژی هێزەكانمان لەنێو خاكی سوریا دەدەینەوە».

شەنای فاتح لەو 400 ملیار دینارەی لەساڵی 2020 بۆ پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتری) سلێمانی بڕیاری لێدرا تائێستا تەنها 35 ملیار دیناری خەرجكراوە، پرۆژەكە نیوەی تەواوكراوە بەڵام لەئێستادا كاركردن تیایدا ئەوەندە بەخاوی بەڕێوەدەچێت وەك ئەوە وایە وەستابێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەچەند زەوییەكی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت. پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەد مەتری) سلێمانی، شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٠ بڕیاردرا بڕی  ٤٠٠ ملیار دینار تەرخانبكرێت و  وادەی تەواوبوونیشی مانگی هەشتی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا نیوەی پڕۆژەكە تەواوبووە و تەنها ٣٥ ملیاری بۆ خەجكراوە. سەبارەت بەكێشەو گیروگرفتەكانی پڕۆژەكە، رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی كرد بەكۆمپانیای قەیوان كەلایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەن، هاوكات سەرچاوەیەك لەشارەوانی سلێمانی كەنەیویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:»كاركردن لەشەقامی سەد مەتری سلێمانی خاو بووەتەوەو شایستە داراییەكانی بەكاش بۆ خەرجناكرێت، لەبەرئەوەی لەبانكەكاندا پارەی كاش نییەو وادەی تەواوبوونی شەقامەكەش پەیوەستە بەدابینكردنی پارەوە، تازووتر پارەی بۆ دابینبكرێت زووتر تەواو دەبێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەزەوی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت، لەئێستدا شارەوانی سلێمانی خەریكی فرۆشتنی زەوییەكانە بەتایبەت زەوییەكانی نزیك لەشەقامی سەد مەتری  تائەو بڕە پارەیە  پەیدابكرێت كە بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی پێویستە». رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:» ئەو پڕۆژەیە زۆر دواكەوتووە، هۆكارەكەشی بریتییە لەنەبوونی پارەی پێویست و بودجە، دەڵێن قەیرانی داراییە، بەڵام ئەوە راست نییەو بەپێی زانیارییەكانی ئێمە زیاتر لە ٢٠ كیلۆمەتر ئامادەیە بۆ قیركردن، بەڵام پارە نییە قیرەكەی پێبكرێت، وادەی تەواوبوونی پرۆژەكەش پەیوەندیدارە بەدابینكردنی بودجەوە، بەپێی پێشبینییەكان حكومەت بەم میكانیزمە بڕیار بدات پڕۆژەكە تەواوببێت بەدڵنیایەوە كاتەكەی خۆی تەواودەبێت و پڕۆژەكە هەر لەشوێنی خۆیدا دەبێت».   وتیشی:»ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی دەركردووەو دەسەڵاتی داوەتە شارەوانی سلێمانی كەزەوییە نایابەكانی شار بفرۆشرێن و داهاتەكەی خەرجبكرێت بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری  پێموابێت شارەوانی سلێمانی لەسەروبەندی ئەو بڕیارەدایە كە چۆن جێبەجێی بكەن بەڵام میكانیزمەكەی تائێستا لای ئێمە دیارنییە كە كام زەویانە دەفرۆشن و چۆنی دەفرۆشن». «بەداخەوە ئێمە حكومەتێكی دڵسۆزمان نییەو حكومەتێكی دووبەشەو بەشی ئەولا خۆیان بەخاوەنی ئێرە نازانن یان دڵسۆزی بەرامبەر ئەملا نانوێنن و پێویستبوو پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاوا سەرۆكی حكومەت خۆی بهاتایەتە سەرخەت و بودجەی بۆ دابین بكردایە.» نزیكەی هەزار پڕۆژەی تەواونەكراوو وەستاو لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا هەیەو شەقامی ١٠٠ مەتریش یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەو بریتیە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لەشەقامی عەربەت - سلێمانی كۆتایی دێت بەدرێژی (٣٤) كم و ئەم بەشانە لەخۆدەگرێت: ١- چوار سایدی هاتن و رۆشتن كە پانی سایدی سەرەكی ( ٢١ )م و سایدی خزمەتگوزاری ( ١٠ )م كە دووسایدیان بۆ رۆشتن و دوانیان بۆ هاتن بەكاردەهێندرێت، سایدە سەرەكیەكان بەردەوامن و سایدە خزمەتگوزاریەكان یەكتربڕەكان و سایدە سەرەكیەكان بەیەك دەبەستێتەوە بۆ چونەدەرەوەو هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبیل. ٢- سایدی سەرەكی پێكدێت لە (٤) چوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبیل و لاینێك بە پانی(٣ م) بۆ وەستانی ئۆتۆمبیل بۆ هەر پێداویستیەك، لەلای جەزرە ناوەند لاینێك هەیە بەپانی (٣م) بۆ وەستانی كتوپڕ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە كێشەیان دەبێت و لەسایدی خێرا لێدەخوڕن. ٣- رێگاكە لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بە پانی ( ١٢م ) و لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاری جەزرەیەكی ناوەندی بە پانی ( ٧م ) هەیە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی رووناكی و ئاودان بەكاردەهێندرێت هەروەها بە بەربەستی كۆنكرێتی یان گادرێل جیادەكرێتەوە بۆ  پاراستنی سەلامەتی ئۆتۆمبیلەكان. ٤- حەوت یەكتربڕین و ئاستی تێدایە كەسیانیان لەجۆری (كلۆڤەر لەیڤ) و چواریان لەجۆری (تایت دیامۆند)ئۆتۆمبێلەكان تەنها لەم یەكتربڕینەدا دەتوانن ئاڕاستە بگۆڕن یان پێچبكەنەوە یان بچنە دەرەوەی رێگا یان بێنە ناوەوە.  ٥- ئەم بەشەی كەئێستا جێبەجێدەكرێت بە ( ٥ ) شەقامی ( ٣٠ , ٦٠ )م دەبەسترێتەوە بەشەقامەكانی ( تاسلوجە – سلێمانی ، بازنەی مەلیك محمود ، ڕێگای سلێمانی – عەربەت ) لەڕێگای ئەو یەكتربڕانەی كە دروستدەكرێت لەم پڕۆژەیەدا. ٦- لەم پرۆژەیەدا بڕیاردراوە كە (٤) لەو شەقامانەی كە لەخاڵی (٥) ئاماژەی پێدراوە جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی سودی زیاتر لەم شەقامە ببینرێت. ٧-  بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و جوتیاران لەو رێگا لاوەكیانەی كەپێشتر هەبوون (٥) پێنج ئەندەرپاس دروستدەكرێت بۆ هاتووچۆیان لەو شوێنانەی كە هەبووە چونكە ناتوانن شەقامەكە راستەوخۆ ببڕن. ٨- (٧٠) ئاوبارەی كۆنكرێتی كە درێژی هەریەكەیان زیاتر لە (١٣٣) مەترە تایبەت بەپەڕینەوەی ئاوی باراناو بەشێوەی جۆراوجۆر واتە (یەك چاو تا شەش چاو) كە بەدیزاینێكی تایبەت قەبارەكانیان دیاریكراوە جێبەجێدەكرێت. ٩- پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروستدەكرێت كە پێكدێت لە (٤) پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان كە پانییەكەیان(١٠٠)مەترە واتە هەر سایدێك پردی تایبەتی خۆی هەیە بەدرێژایی  (450 – 500م)  دەبێت كە نزیكەی (٢٠) ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ١٠-  هەموو پێداویستیەكی خەت كێشان و تابلۆی هاتووچۆ و بەهەموو جۆرەكانیەوە لەڕێگاكەو یەكتربڕەكانی تێدایە. ١١- تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا. ١٢- بۆرییەكی ئاوی سەرەكی تێدایە كە ئاو لەبۆری هێڵی سەرەكی دوكان تاوەكو نزیك دەمركان دەگوازرێتەوە بە بۆری جۆراوجۆر كەئاو دەگەیەنێتە باشوری شاری سلێمانی. ١٣- بۆ پاراستنی ئۆتۆمبیلەكان لەڕووداوی نەخوازراو چونكە خێرایی رێگاكە تاوەكو ( ١٢٠ كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا ) لەهەردوو لای ڕێگاكە بەدووری (٥٠ م ) لەناوەڕاستی رێگاكەوە سیاجێك درووستدەكرێت بۆ پاراستنی رێگاكە لەچوونەژورەوەی هاووڵاتیان و گیانلەبەران بۆ ناو رێگاكەو ڕودانی رووداوی نەخوازراو.

وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەو داوایانكردووە كەبنكەو بارەگاكانیان لەچەك دابماڵرێن و بچنە چەند كەمپێكی نوێ‌ لەسنوری پارێزگای موسڵ. فشارەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشكرای دەكات پارتەكانی رۆژهەڵات سەرجەم داواكارییەكانی ئێرانیان كە لەڕێگەی شاندێكی هەرێمەوە پێوتراوە رەتكردووەتەوە. یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی گەشتەكەی عەلی شەمخانی نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەهاوكات ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە بۆ بەغداد جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا دوورخستنەوەو چەككردنی پارتەكانی رۆژهەڵات بووە. ئەو پارتانە كەنزیكەی 38 ساڵە لەهەرێمی كوردستان جێگیربوون و لەئێستادا ژمارەیەكیان لەچوارچێوەی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران هەماهەنگیی سەربازیی و سیاسییان هەیە داوایان لێكراوە هێزی سەربازیی لەبنكەو بارەگاكانیان نەمێنێت و هاوشێوەی كامپێكی پەنابەران ئەو بارەگایانە بخرێنە ژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان.. رۆژنامەی هاوڵاتی لەچەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئەو زانیاریانەی دەستكەوتووە، كەشاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری كردووەو پەیامی حكومەتی بەغدادی گەیاندووەتە ناوەندی هاوكاریی و پێانڕاگەیەنراوە كەحكومەتی عێراق داوای كردووە بنكەو بارەگاكان و ئەندامانی ئەو پارتانە لەچەك داماڵرێن و رەوانەی چەند كامپێك لەسنوری پارێزگای موسڵ بكرێن. ئەو شاندە جەختیان لەوە كردووەتەوە داواكارییەكان لەسەر خواستی ئێران و لەچوارچێوی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدادەو ئەگەری هەیە ئەو داواكارییانە ئەگەر تاماوەیەكی دیاریكراو جێبەجێ نەكرێن ئەوا حكومەتی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بكات و دوور نییە بەزەبری هێز بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان چۆڵ نەكات. بەرپرسێكی ناوەندی هاوكاریی كەنەیویست ناوی ئاشكرابكرێت لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆكن لەسەر ئەوەی پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نابن كەدەیەوێت لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە بیسەپێنن. ئەو بەرپرسە جەختی كردەوە: كەئەگەر پێداگریی و فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر پارتەكانیان زیادبكات و ناچاربكرێن بەچۆڵكردنی بنكەو بارەگاكانیان لەزڕگوێزو كۆیە ئەوا بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری خەباتی چەكداریی نابن و رێگەی شاخ و سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرن و لەو ناوچانە جێگیر دەبن. شەمخانی لەگەشتەكەی (19/3/2023) بۆ بەغداد بەیاوەریی شاندێكی باڵای ئابوریی و ئەمنیی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەتەوەو سەرەڕای واژۆكردنی رێككەوتنێكی ئەمنیی سەبارەت چەككردن و رادەستكردنی ئەندامانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، پێشنیاری كردووە ئاسانكاریی بكرێت بۆ بازرگانیی و مامەڵەی ئابوریی نێوان عێراق و ئێران بەدراوی درهەمی ئیماراتی بكرێت و تەنانەت قەرزەكانی عێراق بەدرهەم رادەستی ئێران بكرێنەوە.   روحی قاسم سولەیمانی لەعێراق عەلی شەمخانیی كە بە قاسم سولەیمانییەكەی خامنەیی ناودەهێنرێت ئەگەرچی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە، بەڵام لەئاستی باڵاترین بەرپرسی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت و تەنات یەكلاكردنەوەی رێككەوتنی نێوان تاران و ریاز دوای حەوت ساڵ لەپچڕانی پەیوەندییەكان و گرژیی و ناكۆكییەكان بە شەمخانی سپێردرا. دەوترێت عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی راستەوخۆ گرێكوێرەكانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی داوەتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس دەگێڕێت كەساڵی 2020 بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەفڕۆكەخانەی بەغدا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان كوژرا. شەمخانی تەنها كەسی سەربازیی ئێرانە كەپلەی دەریاوانی هەیەو لە رووی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوەو تەنها كەسێكیشە كە لەماوەی 40 ساڵدا هیچ كاتێك پەراوێز نەخراوەو باڵی ریفۆرمخوازو محافزكاری كۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی لەپۆستە هەستیارەكاندا پشتیان پێبەستووە. ئەو كەئێستا نوێنەری عەلی خامنەیی و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشە جموجۆڵەكانی بەشێوەیكی بەرچاو زیادی كردووەو بەجۆرێك وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە لەماوەی دوو هەفتەدا بەقەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیكە نەكردووەو بەزمانێكی دیكە شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەك لوتكەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە. شەمخانی پێشتر لەڕێككەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغدادو هەولێری لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.   داوای چەكداماڵینی پارتەكانی رۆژهەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی شەش مانگە بەبەردەوامی جاڕی ئەوە دەدات كەدەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم چەك بكرێن و ئەندامانی ئەو پارتانە كەداواكراون، رادەستی ئێران  بكرێنەوە و لەدوایین پێشهاتیشدا ئەو داواكارییە لەسەر زاری شەمخانی بەواژۆكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمیانیی عێراق دووبارە كرایەوە. پێش مانگێك لەگەشتەكەی شەمخانی بۆ بەغداد ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەتاران رایگەیاند؛ دانوستان و كۆبوونەوەكان لەئاستی باڵای ئەمنیی و ئاسایشیدا، پێكهێنانی دەستەیەكی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقی لێكەوتووەتەوە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی دوو وڵاتەكە. كەنعانی وتیشی: پارێزگاریی لەیەكپارچەیی سنوری عێراق دەكەن و جەخت لەوەدەكەنەوە كەخاكی ئەو وڵاتە نابێت بەهیچ شێوەیەك ببێتە هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و حكومەتی بەغداد بەپرسیارە لەپاراستنی سنورەكانی خۆی لەگەڵ ئێران و لە «دیداری رابردووی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد جەخت لەوەكراوەتەوە كەچەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی (پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان) لەچەك دابماڵرێن و رادەستی ئێران بكرێن». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەكردووەتەوە كەكۆماری ئیسلامی پەیوەندیی دۆستانەو برایانەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد هەیەو چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكەن لە رووی ئەمنییەوە هاوكاری وڵاتەكە بن و لەخاكی عێراقەوە مەترسیی بۆ ئێران دروستنەكرێت، چونكە بۆ پشتیوانیی لەهاووڵاتیانی خۆیان وڵاتەكەیان پاشەكشێ بۆ كەس ناكات. تاران و حزبەكانی رۆژهەڵات لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون. ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هیچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە. محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند؛ دوای هێرشەكانی (28/9/2022)ی سوپای پاسداران بۆ سەر پارتەكانی رۆژهەڵات، هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوەو ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە. ساڵی 1984 دوای فشارەكانی كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی سەفرە، زەرون، گەڵاڵە، مەعلومەو چەند ناوچەیەكی دیكەی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك لەكۆیەو زڕگوێز جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت. ئەو پارتانە كەبانگەشەی پێداگریی لەدۆسیەی رەوای گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن رەتیدەكەنەوە دژی كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری خەباتی چەكداریی ببن و ئەگەر ناچاربكرێن ئەوا بنكەو بارەگاكانیان بەرەو سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازنەوە.  

شەنای فاتیح سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان دەڵێت: راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەسزادراوانی بادینان لەسەدا سەد راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە. بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «هێشتا چوار كەس لەدەستگیركراوانی بادینان لەزیندان ماون، ئەوانیش (مەلا نەزیر)و (قارەمان شكوری) لەدهۆك و لەهەولێریش (گوهدار زێباری) و (شێروان شێروانی) ماون و ئەوانی دیكە ئازادكراون. قارەمان شوكری و مەلا نەزیر هەریەكەو حەوت ساڵ سزایان هەیە سێ ساڵیان رۆیشتووەو چوار ساڵیان ماوە، شێروان شێروانی مانگی نۆ ئازاد دەكرێت، بەڵام پێشنیاری ئازادبوونی بەمەرجمان بۆ كردووەو ئەگەر رەتنەكرێتەوەو رەزامەندی لەسەربدرێت لەلایەن دادگاوە كۆتایی هەفتەی داهاتوو شێروان شێروانی ئازاددەكرێت و رەتیشبكرێتەوە مانگی نۆ ئازاد دەكرێت. گوهدار زێباری حوكمەكەی تەواو بووە، بەڵام لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێل سزاكەی حەوت مانگی تر درێژكرایەوەو دەبوایە ئێستا لەماڵەوە بوایە، بەڵام لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێل كەكاتی خۆی كڕیویەتی و لۆگۆكەی گۆڕاوە، ئۆتۆمبێلەكەی دایۆ بووەو لۆگۆی توێتای پێوە بووەو مۆدێلیشی كۆن بووە، لەسەر ئەوە دادوەر حەوت مانگی تر حوكمەكەی درێژكردەوەو لەئێستادا لەدادگای تەممیزەو كۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیارەكەی دەردەچێت جا یان ئازاد دەكرێت یان حەوت مانگەكەی لەسەر ساغدەبێتەوەو یان بۆی كەمدەكرێتەوە یانیش بۆی دەكرێت بەپێبژاردن». بەشدار حەسەن دەڵێت:»سەبارەت بە شێروان شێروانی ئومێدمان هەیە ئازادبكرێت بەڵام كەیسێكی دیكەی بۆ حازركراوە بەوەی كەگوایە پەنجەمۆری هاوڕێیەكی ساختەكردووە كەكاتی خۆی داوای گواستنەوەی بۆ زیندانی سلێمانی كردووە، بەڵام كاتی خۆی ئەوانە لەنێوان خۆیان رێككەوتوون لەجیاتی یەكتر واژۆ بكەن، چونكە پەیمانی شەرەف لەنێوانیان هەبووە هەر شتێك باشبێت لەجیاتی یەكتر پەنجەمۆر بكەن، تەنها ئەو كەیسە هەیە كە بۆ شێروان شیروانی-یان حازركردووە كەگوایە ساختەی كردووە كەئەویش ساختە نییە». هاوكات لەبارەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و رەوشی زیندانیانی بادینان، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند: «ئەو راپۆرتە ١٠٠٪ راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە كە لەسەرەتای لێكۆڵینەوەدا ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون، بەڵام لەئێستادا ئەو ئەشكەنجانە نەماون بەڵام جاروبار لێیان تووڕە دەبن و دەیانكەنە زیندانی تاكەكەسییەوەو ناوە ناوە ١٥ رۆژ تەلەفۆنیان لێ قەدە‌غەدەكرێت و لەئێستادا كەم تازۆر پەیوەندیان پێوەدەكرێت».