هاوڵاتی رۆژنامەی هاوڵاتی بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، وەزارەتی داد رایگەیاند: هێزێك سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی بەرپرس لەسنووری قەزای چەمچەماڵ دەڵێت: ئەو دۆسیەیانە نەبراون و نەڕفێنراون، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان و وتیشی: لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات و بەكاریانبهێنێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، بەفەرمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە. رۆژی هەشتی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە: «رۆژی سێشەممە ٦ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، هێزێك كە نزیكەی (٥٠) كەس بوون هەڵیانكوتایەسەر بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لەبەڕێوەبەری فەرمانگەكە كرد كەهەموو دۆسیەكانی ناوچەی (قادر كەرەم) كەنزیكەی (٣٥٠ تا ٤٠٠) دۆسیەیە رادەستیان بكات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێكی فەرمی رێپیدراو پێبێت». وەزارەتی داد ئەوەشی خستەڕوو:» دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواكاریەكەیان نەبوو، هەستان بەشكاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەكان و سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، هەروەها دیسكی كامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژەپێكراویان بردووە، ئێمە ئەم كردەوەیە بەشكاندنی سەروەری یاساو زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەزانین و پێشێلكردنێكی زەقە لەسەر بەڵگەنامەو دۆكیومێنتی خاوەندارێتی هاووڵاتیانی ناوچەكە». رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە پەیوەندی بە نەریمان تاڵب وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ناوبراو رایگەیاند جگە لەو بەیاننامەیە هیچ قسەیەكی دیكەیان نییە. هاوكات رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند:»وەزارەتی داد لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری سنوورەكە سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ كەدەوترێت هێزێك هەڵیكوتاوەتەسەرو ژمارەیەك دۆسیەی بردووە». لەمیانی بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو دۆسیەیە، رۆژنامەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی پەیوەست بەدۆسیەكە كرد كەبەرپرسیارێتی هەیە لەسنووری قەزای چەمچەماڵ، ناوبراو رایگەیاند:»ئێمە لەهەوڵداین بۆ پاراستنی دۆسیەكان، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان، دۆسیەكان نە براون نە رفێندراون، ترسێك هەبووە لەو دۆسیانە لەو شوێنەدا بەفەرمانی سەروو خۆمان (جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم) لەو شوێنە براون و هەموو دۆسیەكان وەكو خۆیانن». ئەو بەرپرسە وتیشی:» لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات و بەكاریانبهێنێت، ئەو دۆسیانەش پەیوەندیدارنین بەتاپۆی چەمچەماڵەوە، بەڵكو پەیوەستن بەو ناوچانەی غازیان تێدایە، تەنها شێوازی جێبەجێكردنەكەی بەدڵی من نەبووە ئەگەرنا رێكارێكی ئاسایی بووە، رەتیشیكردەوە بردنی دۆسیەكان پەیوەندی بەهیچ كەسێكەوە هەبێت». هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی بەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵەوە كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو، وەڵامی پەیامە دەنگیەكانیشی لەڕێگەی واتسئەپ و تیلیگرام نەدایەوە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە پەرلەمانی نیوزلەندا پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی جگەرەی بۆ نەوەکانی داهاتوو ئاشکراکرد، ئەمڕۆ پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمانی نیوزلەندا پەسەندکرا، بەپێی پڕۆژە یاساکە ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ وە لەدایک بوون هەرگیز ناتوانن جگەربکێشن. ئایشە قیراڵ " وەزیری تەندرووستی نیوزلەندا" کە پڕۆژە یاساکەی پێشکەش کردووە ئاماژەی بەوەدا پڕۆژە یاساکە لەپێناو گەشتنە بەرەو" داهاتویەک بەبێ جگەرە"؛ هەروەها دەشڵێت بەمجۆرە خەرجیەکانی چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی جگەرەوە درووست دەبن بەڕێژەیەکی بەرچاو دائەبەزێت بەجۆرێک نزیکەی (٣.٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەگەڕێتەوە بۆ داهاتی نیوزلەندا. ئایشە قیراڵ، لەبارەی گرنگی پڕۆژە یاساکەوە دەڵێت ڕێژەی فرۆشیارەکانی توتن و جگەرە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ نزیکەی کەمتر لە ٦٠٠ فرۆشگا کەم سنورداردەکرێت لەکاتێکدا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار فرۆشگایە، لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنی گشتی هاوڵاتیانی نیوزلەندی زیاتر دەبێت بەم جۆرەش لەڕووی تەندرووستیەوە کەمترین کەس پێویستیان بەچارەسەری ئەونەخۆشیانە دەبێت کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە درووست دەبن. وەزارەتی تەندرووستی نیوزلەندا دەڵێت لە هەر ٤ نەخۆشیەکی شێرپەنجە یەکێکیان بەهۆی جگەرەکێشانە وتائیستاش هۆکاری سەرەکی مردنە و تائێستاش بەرپرسیاری مردنی ٥ ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە، دەشڵێت زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەم پڕۆژەیە بوەتە بابەتی گرنگی یاسا دانەران. هاوکات پڕۆژە یاساکە کاردنەوەی لێکەوتەوە بەشێک لەڕەخنەگرانی یاساکە کە لە نێویاندا پارتی " ئەی سی تی" هەیە کە خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانە دەڵین، یاساکە دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازاڕی ڕەش و زیان گەیاندن بە فرۆشگا بچوکەکان، لەبەرامبەریشدا حوکمەت ناچاردەبێت بۆ ڕێوشوینی توند وکۆنتڕۆڵی گومرگەکان بودجەیەکی زیاتر دابین بکات. سەنی کاوشال، سەرۆکی گروپی خاوەن شیرەمەنی وخاوەن کارەکان کە گروپێکی لۆبیە بۆ فرۆشگا ئاسانکاریە ناوخۆییەکان، یەکێکی ترە لە ڕەخنەگرانی پڕۆژەیاساکە ودەڵێت ئەم پڕۆژە یاسایە بۆشاییەک درووستەکات کە باند وتاوانباران پڕی دەکەنەوە وتاوانیش زۆردەبێت؛ بەم جۆرە پڕۆژە یاساکە %١٠٠ تیۆریە ولەڕووی مادیەوە سودەکەی %٠. بەپێی ئامارەکانی حەوکمەتی نیوزلەندا کە بڵاوی کردوونەتەوە تەنها %٨ لەسەدی گەنجان جگەرە دەکێشن بەوپێەی لە ساڵی ڕابردوودا %٩.٤ بووە ئەمەش بەپێی ئامارەکانی حوکمەتی نیوزلەندا کە لەمانگی ڕێبەندان بڵاوی کردوونەتەوە، هەر بەپێی ئەو ئامارە زۆرترین ڕێژەی جگەر کێشان لەناو نەتەوەی ڕەسەنی ماوریدا بووە لە نیوزلەندا، ئایشە قیراڵ هیواخوازە ڕێژەکە تاساڵی ٢٠٢٥ کەمببێتەوە بۆ %٥. هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە کێشانی ڤەیپ لەناو گەنجاندا ڕووی لەزیادبوون کردووە، سەرباری ئەوەش وەزارەتی تەندرووستی بایەخی ئەوتۆی نەداوە بەم پرسە لەگەڵ ئەوەی توێژەران هۆشداری دەدەن لە ماددە کیماییەکانی ناو ڤەیپ.
هاوڵاتی روئیا پیرایی لەچاوپێکەوتنێکی گۆڤاری تایم: هەمووکەس دەزانێ داواکاری بۆ ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگەیە، دەشڵیت: ئەم قوربانیانەی بە گیانی ئازیزەکانمان داومانە دەبێت ژیانێکی نوێ لەدایک بێت ونابێت بە فیڕۆ بڕوات ئەکتەر ودەرهێنەری دیاری ئەمریکی ئەنجلینا جولی چاوپێکەوتنێکێ تایبەت لەگەڵ ڕوئیا پیرایی لە گۆڤاری تایم کە گۆڤارێکی هەفتانەی ئەمریکیە بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجام دا، روئیا پیرایی چالاکوانی دیاری ئێران بەهۆی لەدەستدانی دایکی كە لەناو خۆپیشاندانەکانی ئێران شەهید کرا، بە بڕینی قژی و وەستان لەپاڵ گۆڕەکەی دایکی بوەتە سیمبولێکی تری خۆپیشاندانەکانی ئێران. ڕوئیا لەوەڵامی پرسیارێکی ئەنجلینا جولی کە لێی دەپرسێت، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە چیە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانە ژن و پیاو لەهەموو نەتەوەکانی ئێران ناڕەزایی دەرئەبڕن و داوای ئازادی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیان ئەکەن،ئەم خۆپێشاندانە داوای ئازادی ژن دەکات، هەموو کەسیش دەزانێت ئازادی ژن واتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە. لەماوەی چاوپێکەوتنەکەدا كە لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە، ڕوئیا پیرایی باس لە ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکات ودەڵێت: هیچ کەس لە ئیران ژیانێکی ئاسایی ناژیت، بەهۆی یاساکانی دەوڵەت وفشارەکانی لەسەر کۆمەڵگە، بەڵام من هەمیشە بەهۆی خێزانەکەمەوە هەستم بە ئارامی وئازادی کردووە، دایکم یەکێک بوو لەوانەی حەزی بە ژیانبوو وباوەڕی بە ئازادی هەبوو. ئەنجلینا جولی: ئێستا چۆن لەگەڵ ئەو شۆکە دەژیت ومامەڵە دەکەیت؟ روئیا پیرایی: بۆمن زۆر قورسە کە بەردەوام بم چونکە ئازیزترین کەسم لەدەستداوە، هەست دەکەم کە منیشیان کوشتوە، دایکم نزیکترین کەسم بوو پێش ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکاندا تیرۆری بکەن، بەڵام من پێویستە بەردەوام بم، پێویستمە ببمە دەنگی بێدەنگکراوی دایکم و هەموو ئەوانەی کە کوژران لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە؛ هەر لەبەرئەوەشە کە دوای بەخاکسپاردنی دایکی ئێران بەجێدەهێڵێت. ڕوئیا لەبارەی کوشتنی دایکیەوە بۆ ئەنجلینا باس لە وتەکانی ئەو شایەتحاڵە دەکات کە لەکاتی تیرۆرکردنی دایکی لەوی بووە و دەڵێت، ئەو بکوژانەی دایکمیان تیرۆرکردووە لەنزیکەوە تەقەیان لێکردووە و کاتیکی کەمی بردووە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە، دایکم بە ١٦٧ گولە پێکراوە وشەهید کراوە. ئەنجلینا لەبارەی ئازایەتی وبەرخودانی رویاوە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕویا پیرایی دوپات ئەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو بوەتە نمونەی سروش بۆ هەموو جیهان. ڕوئیا پیرایی لەبارەی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە وتی، ئەمە ڕێگەیەکی دوورودرێژە، بەڵام بەدڵنیای ناگەڕێنەوە ناو تاریکی،چونکە هەستمان بەوەکردووە کە رژێمی ئیسلامی ئێران چاک ناکرێتەوە، دەشڵێت ئەو یەکگرتویەی خۆپیشاندەرانی ئێران کلیلی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، دەشڵێت ئێستا هەموو کەس ئێمە دەبینێت و وڵاتانی دوونیاش پاڵپشتمانن. روئیا پیرایی ، تەمەن ٢٥ ساڵان، چالاکوانی دیاری ئێران كە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی و لەدوای شەهیدکردنی دایكی بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوو بە سومبولێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەروەها لەناو لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنانی دونیادا دانرا کە لەلایەن بی بی سی وە بڵاو کرایەوە، روئیا قژی خۆی بڕی وەک ناڕەزایەتیەک و لەسەر گۆڕی " مینوو مەجیدی" دایکی قژی خۆی بەدەستەوەگرت وەک دوپاتکردنەوەی بەردەوامی خۆی بۆ درووشمەکانی کە دایکی لەسەر کوژرابوو. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران دوای کوژرانی ژینا "مەهسا" ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێڕان بەتاوانی نەپۆشینی حیجابێکی شەرعی دەستی پێکرد و دەیان دروشمی جۆراو جۆر وچالاکی ژنان و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، دیارترین چالاکیەکانیش قژ بڕینی ژنان وسوتاندنی سەرپۆشەکانیان بوو؛ خۆپیشاندانەکان لە دوای ١٦ی ئەیلول دەستیپێکرد و بەپێی دواین ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی هرانای ئێران ٤٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ کەسیش دەستگیرکراون.
سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات. بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون. ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا. لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە. رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن. بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان. لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە. ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟ نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران. پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف UNICEF، لەهەرێمی کوردستان و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)، لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران (١٢-١٧ ساڵان) تەنها ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات. لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟ بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن. هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن. ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن. کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ: رەنگە بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن. کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی ٤-١٧ ساڵ: دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان. ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟ ئەو پێکووتەیەی کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات. سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە . ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟ وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە، کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤) هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟ پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟ بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت. سەرچاوەکان: 1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data 2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9. 3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC 4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)
هاوڵاتی كەڤین لەكوردستان لەدایكبووەو لەهۆڵەندا گەورە بووە، دایك و باوكی لەجینۆسایدی عێراق و شەڕی ناوخۆ هەڵاتن، كاتێك كەڤین تەمەنی سێ ساڵ بوو، ئەو ژیانی خۆی بۆ ئاشتی و دادپەروەری تەرخان كرد، لەڕێكخراوەكانی پشتیوانی مافی مرۆڤ و ئاوارەكان كاریكردووە و لەزانكۆی لایدن لەلاهای خوێندوویەتی. كەڤین بەگیخانی لەنۆی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 لەشاری كۆیە لەهەرێمی كوردستان لەدایكبووە. بەوتەی نەزەند بەگیخانی پوری كەڤین، خێزانەكەیان بۆ رزگاربوون لەشەڕی ناوخۆو شەڕەكانی دیكە كەبەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتبوو، لەساڵی 1997 روویان كردووەتە هەندەران. وەك نەزەند بەگیخانی دەڵێت لەتەمەنی سێ ساڵ و نیوەوە كەڤین لەگەڵ دایك و باوك و نەنكە رێحانی لەهۆڵەندا نیشتەجێبووە. بەوتەی نەزەند بەگیخانی، دوای تێپەڕاندنی تەمەنی هەرزەكاری كەڤین بووە بەمرۆڤێكی كامڵ و تێگەیشتوو كەچالاكی و كارەكانی هەرزوو تەمەنی خۆی تێپەڕاندووە، ئەو جگە لەخوێندنەكەی لەیەكێك لەزانكۆ بەناوبانگەكانی هۆڵەندا كەزانكۆی لایدنە، چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ و پەنابەران و بەتایبەتیش پەنابەرانی كورد بووە. «دژی كوشتن بەبیانووی شەرەف و تووندوتیژی جێندەری بوو، دژی سیستەمی سەرمایەداری بوو، بۆ یەكسانی و ئازادی بەرەنگاری هەموو جۆرە چەوساندنەوەو تووندوتیژییەك دژ بەمرۆڤ كەمپینی دەكرد، بەتایبەت بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و ئێزدیەكان، تەنانەت دژی سیاسەتی ئەنتی سێمیتیزم (واتە سیاسەتی دژە جولەكە)ی راستڕەوەكانیش بوو». نەزەند بەگیخانی وادەڵێت. كەنداڵ نەزان، سەرۆكی ئەنستیوتی كوردیی پاریس لەیادی كەڤین-دا نووسیویەتی: «كەڤین كەسێكی ئایدیالیست و نیشتمانپەروەر بوو، خەونی بەیەكێتی كوردەوە دەبینی بەجۆرێ كە بۆ دواجار لەسەر ئاستی جیهان كێشەی كورد پێش بخات». دەڵێت: «ماوەیەك دواتر كە لەلاهای لەكاتی كۆڕێكی نێودەوڵەتی بینیمەوە، پێدەچوو لەگەڵ هاوڕێیەكی كچی كەكوردی توركیا بوو بەختەوەر بێ و پڕۆژەیان بۆ ئاییندە هەبێت، ئەو لەلایەن رێكخراوی ناحكومی ئەمریكایی ‹دادوەری بۆ كورد› وەك «باڵیۆزی لاوی كورد» دەستنیشانكرابوو، ئامانجی ئەم رێكخراوە بەرگری و دابینكردنی دادپەروەری بوو بۆ كوردو بنكەكەیان لەنیۆیۆركە». كەڤین لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لەتەمەنی ٢٧ ساڵیدا لەهۆڵەندا كۆچی دوایی كرد. دوای مەرگی كەڤین، سیمۆن مینكس داواكاری گشتی لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كەیەكێك بوو لەوانەی ڤان ئانرات گەورە بازرگانی هۆڵەندی لەسەر فرۆشتنی چەكی كیمیایی بەسەدام حسێن بردە بەردەم دادگا، دەستپێشخەری كرد لەدامەزراندنی رێكخراوێك بەناوی فۆنداسیۆنی دادوەری كەڤین، دوای پێشنیازكردنی بیرۆكەی فۆنداسیۆنەكە لەگەڵ خانەوادەكەی كەڤین دەستیانكرد بەڕێوشوێنەكانی دامەزراندنی لەهۆڵەندا. ئامانجەكانی ئەم فۆنداسیۆنە بریتییە لەدرێژەدان بەو رێبازەی كەڤین بڕوای پێی هەبوو بۆ دادوەری و ئاشتی بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو زانكۆیەی كەڤین بەگیخانی لێبوو (زانكۆی لایدنی هۆڵەندا) زیاتر لە 16 جار پرۆفیسۆرو قوتابییەكانی بەكارەكانیان خەڵاتی نۆبڵیان لەبواری جیاجیادا بردووەتەوە. جیل هەیگ پرۆفیسۆرێكی بەریتانیە كە كەڤینی ناسیوە، لەبارەی كەڤینەوە دەڵێت: ئەستێرەیەكی رژاوبوو هات و هەموومانی رۆشنكردەوە، بەڵام بەخێرایی ئاوابوو. هەروەها پرۆفیسۆر لۆرێنس فایجسیش كە كەڤینی لەنزیكەوە ناسیوە دەڵێت: «كەسێكی رۆمانسی بوو، شیعرناس بوو، فۆتۆگرافی و هونەردۆست بوو، ناخی جوان بوو».
عەمار عەزیز كۆمەڵگایەكی نوێی پیشەسازیی لەدهۆك بۆ ئەو خاوەنكارانەی لەپیشەسازی كۆن كاردەكەن دروستكراوە، خاوەنكارەكان ئامادەنین بچنە كۆمەڵگا نوێیەكەو دەڵێن: شوێنەكە دوورەو پرۆژەكە كەموكورتی تێدایەو كۆمپانیای سەرپەرشتیاری پرۆژەكە راستی لەگەڵا نەكردووین، جگە لەپارەی شوێنەكان پارەی خزمەتگوزاریەكانیشیان لەسەر ئەژماركردووین، خەڵكی دەرەوەی شارەكەش بەتابیەت ئاوارەكان و خەڵكی عەرەب و رۆژئاوا شوێنیان لەو پیشازییە كڕیوە، لەبەرامبەردا شارەوانی دەڵێت: هەركەسێك پابەند نەبێت رێوشوێنی یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر، هاوكات ئەو مۆڵەتەی شارەوانی بۆ گواستنەوەی پیشەوەرەكان دەستنیشانی كردووە، كەمتر لە سێ هەفتەی ماوە، تائێستاش كەس شوێنەكەی نەگواستووەتەوە. 45 رۆژە مۆڵەت دراوەتە ئەو كەسانەی لەپیشەسازی دهۆك كاردەكەن، شوێنەكە چوڵبكەن و كەلوپەلەكانی خۆیان بگوازنەوە بۆ شوێنە تازەكە لە ئاڵوكا كە دوو بۆ سێ كێلومەتر دوورە لەپیشەسازی كۆن، پیشەوەرانی دهۆك مۆڵەتەكەیان 20 رۆژی ماوە. شوێنە تازەكەیان لەناوچەی ئاڵوكا كەدەكەوێتە باشوری شاری دهۆك پێی دووترێت كۆمەڵگای پێشەسازی نوێی ئۆتۆمبێلان، لەمانگی 10ی ساڵی 2019 دەستكراوە بەجێبەجێكردنی، پرۆژكە لەسەر رووبەری زیاتر لە 360 دۆنم زەوی دروستكراوە، زیاتر لەدوو هەزار دوكان و شوێنكار لەپرۆژەكەدا هەن، رووبەری هەریەكێكیان لە 40 مەترەوە دەستپێدەكات تاوەكو 1000 مەتر، بودجەی پرۆژەكە 70 ملیۆن دۆلارە. زانا ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەشتیاری پرۆژەكە بەهاوڵاتی رایگەیاند:»تەواوی پرۆژەكە لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی دروستكراوە، سیستەمی ئاو، كارەبا، ئاگركوژێنەوە هەموو لەژێرزەوی دروستكراوە، لەتشرینی یەكەمی 2019 دەستمانپێكردو لەئاداری ئەمساڵ تەواوبوو، رادەستی حكومەتیش كراوە، تەنیا ئەوە ماوە بەفەرمی بكرێتەوە». وتیشی:» شارەوانی دهۆك مۆڵەتی 45 رۆژی داوەتە ئەو كەسانەی كەئێستا لەپیشەسازی كۆنی دهۆك كاردەكەن كەلوپەلی خۆیان بگوزانەوە بۆ شوێنە تازەكەیان، ئەو شوێنەی ئێستا دەبێت چوڵبكەن و پێشتر بۆ هەر كەسێك كە لەو شوێنە ئیشدەكات قەرەبووكراوەتەوە بەدوكانێك لەپرۆژە تازەكە، ئەو كەسانە تەنیا كرێی دروستكردنی دوكانەكەی دەدات، ئەویش كراوەتە قیست بۆ ماوەی چوار ساڵ، مانگانە 200 دولار دەدات». «ئەوانەی ئێستا لەپیشەسازی كۆن كاردەكەن نزیكەی هەزارو 60 كەس دەبن، لەپرۆژە تازەكە، هەلی كار بۆ شەش تا 10هەزار كەس رەخسێنراوە، زیاتر لە19 كاری نوێی تێدان وەكو ئاسنگەری، وایەرمەن، گێچ و بڵانس، بۆیاغی ئۆتۆمبێل، پێشانگای ئۆتۆمبێل لەگەڵ زۆر كاری نوێ، هیج دەستكاری پرۆژەكە نەكراوە، رووبەری هەر دوكانێك لە40 مەترەوە دەستپێدەكات تاوەكو 1000مەتر، هەر پیشەوەرێك بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان خۆی و كۆمپانیاكە واژۆكراوە دەگاتە مافی خۆی، ئێمەش ئاسانكاریمان كردووەو پارەكەمان كردووە بەقیست مانگانە تەنها 200 دۆلار دەدرێتە كۆمپانیاكە» زانا ئیبراهیم وای وت. بەڵام حاجی ئیبراهیم حەجی، كە 35 ساڵە دوكانی فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێل لەپیشەسازی كۆن لەگەڕەكی بەرۆشكی هەیە، ئامادەنیە بڕیارەكەی شارەوانی جێبەجێ بكات و بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» ئەو شوێنەی ئێستا دروستكراوە لەناوچەی ئاڵوكا بۆ ئێمەو هەموو خەڵكی دهۆك زۆر دوورە، هەروەها پرۆژەكە زۆر كەموكورتی هەیە، بەنموونە لەدوكانەكەی مندا توالێت دروست نەكراوە، هەروەها خاوەن كۆمپانیاكە درۆیان لەگەڵ من كرد، سەرەتا وتیان 60 مەترە، دواتر دەركەوت 58 مەترە، لەهەمووشی ناخۆشتر خەڵكی بیانی بەتابیەت ئاوارەكانی شنگال و خەڵكی عەرەب و رۆژئاوا شوێنیان لەو پیشازییە كڕیوە». وتیشی:»ئێمە گرێبەستمان ئیمزاكردووە بەڵام زورینەمان نەخوێندەوارین نەمانزانی لەگرێبەستەكەدا چی نووسراوە، تەواوی پارەی دروستكردنی دوكانەكەم داوە، كەئەویش دەفتەرێك و 22 وەرەقە بوو. عادل حەسەن، كەپیشەوەرێكی ترەو شوێنی بۆیاغكردنی ئۆتۆمبێلی هەیە لەپیشەسازی كۆن بەهاوڵاتی وت:»راستە ئەو پرۆژەیە جوان دروستكراوە بەڵام لەناوەڕۆكدا كۆمەڵێك كەموكورتی و كێشەی هەیە، بۆ ئەوانەی سەردانمان دەكەن دوورە، دوو سێ جار باران باریوە ئاو چووەتە ناو دوكانەكان، لەكۆی دوو هەزار پیشەوەر تەنها چەند كەسێك رازیین، ئەوانەش ئەو كەسانەن كە جگە لەوەرگرتنی دوكانێك پارچە زەویەكیشیان وەرگرتووە، سەرووی 98 لەسەدی رازی نین بچنە شوێنە تازەكە». وتیشی:»زیاتر لە30 ساڵە ئێمە لەپیشەسازی كۆن ئیشی خۆمان دەكەین و خەڵك بەئاسانی و لەكەمترین كات دێنەلای ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە، ئەو پرۆژەیەی ئێستا دروستكراوە زیاتر مەبەستێكی بازرگانی لەپشتەوەیە، تەنها لەبەرژەوەندی خاوەن كۆمپانیاكەیە». عادل حەسەن زیاتر دواو وتی: «ئەو پارەیەی كەئێمە مانگانە دەیدەین تەنها كرێی دوكانەكە نیە چونكە بۆ دروستكردنی دوكانێك پارەیەكی كەمی تێدەچێت، بەڵام ئەوان تێچووی شەقامە ناوخۆییەكان و خزمەتگوزاری تر وەكو دروستكردنی مزگەوت و زۆر شتی تریان لەسەر ئێمە ئەژماكردووە، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە». بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون، لەناو خەڵكدا باس لەوەدەكرێت شوێنی پیشەسازیە كۆنەكە دەكرێتە پاركێكی گەورە، دەنگۆیەكی تریش هەیە كەدەكرێتە پرۆژیەكی نیشتەجێبوون. ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە هەموو خاوەن پیشەوەرانی بەرۆشكی ئیمزایان لەسەر گرێبەستەكە كردووە، شارەوانی دهۆك فەرمانێكی دەركردووە بەپێی ژمارە(6621) دەبێت خاوەن پیشەوەرانی بەرۆشكی لەماوەی 45 رۆژ شوێنەكانی خۆیان چوڵبكەن، هەر كەسێك پابەند نەبێت رێكاریی یاسایی لەدژی دەگرینەبەر ئەوەش بەپێی ئەو گرێبەستەی كە لەنێوان خۆی و خاوەن كۆمپانیاكەدا كراوە كەپێشتر هەردوولا ئیمزایان لەسەركردووە». وتیشی:»تەنها 20 رۆژ ماوەو موڵەتەكە تەواو دەبێت، پرۆژەكە لەمێژە تەواو بووە، تائێستا بڕیارنەدراوە كە ئایا موڵەتەكە درێژ دەكرێتەوە یان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بڕیاری كوتایی لەلایەن سەروكایەتی شارەوانی دهۆك و كۆمپانیای جێبەجێكارەوە دەدرێت». ئیسماعیل مستەفا دەڵێت: «تائێستا هیچ پیشەوەرێك كەلوپەلی خۆیان نەگواستووەتەوە شوێنە تازەكە، پیشەوەران دڵنیادەكەینەوە كەهیچ كێشەیەك لەپرۆژەكەدا نیە، ئەگەر كێشەیەكیش دروستبێت ئەوا كۆمپانیاكە چارەسەری دەكات، پێمان سەیرە ئێستا پشەوەران دەڵێن شوێنەكەی خۆمان چوڵناكەین، چونكە پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە ئەوان رازیبوونی خۆیان نیشانداوەو گرێبەستیان ئیمزاكردووە».
نیگار عومەر زبڵ و خۆڵ و خاشاك پارێزگای كەركوكی تەنیوەو گەر بەڕێبواریش بەسەر شەقامەكانی ئەو پارێزگا پڕ لەنەوتەدا تێپەڕیت دیمەنێكی زۆری زبڵ و خۆڵ و خاشاكی ماڵان بەدیدەكرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك دەڵێت: پێش ساڵی 2020 مانگانە بڕی ملیارێك و دووسەد ملیۆن دینار تەرخاندەكرا بۆ پاكکردنەوەی ناوشار، بەڵام دواتر وەزیری دارایی عێراق بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 200 ملیۆن دینارو چارەسەرنەكردنی ئەم گرفتەش زیاتر هۆكارێكی سیاسییە، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێك دەڵێت: ئەو پارەیەی بۆ شارەوانی دانراوە بەشی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان دەكات، بۆ ئەم كێشەیەش هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهە. كۆنەكردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاكی كەركوك سیمایەكی ناشرینی بەپارێزگاكە بەخشیوەو ژینگەپارێزان دەڵێن ئەم گرفتە مەترسییەكی زۆر بۆ ژینگەی كەركوك دروستكردووەو بەرپرسانی شارەكە خۆیان بەبەرپرسیار نازانن بەرامبەر ئەم مەترسیەو كەتەرخەمن. عەلی عەبدولڕەحمان، چالاكوانی شاری كەركوك بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «شارەوانی رۆژانە نایەت زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆبكاتەوە، ئەمەش وادەكات زیاتر كۆببێتەوەو وەكو بەستەڵەكی لێبێت و ئەوكاتە دێن كۆیدەكەنەوە، ماڵانیش ناچار دەبن هەمووی لەسەر شەقامە گشتییەكان فرێبدەن و تاتیمەكانی شارەوانی بێن و بیبەن، تیمەكانی شارەوانیش بەهیچ شێوەیەك نایەن ماڵ بەماڵ كۆی بكەنەوە بەڵكو هەمووی لەیەك شوێن كۆدەبێتەوە، ئەم كێشەیە بەزۆری لەگەڕەكە كوردیەكاندا دەبینرێت». وتیشی:» زۆرجار ئەو كارمەندانەی كەدێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك پارە لەماڵان وەردەگرن و یەك بەیەك لەدەرگاكان دەدەن بۆ پارە، هەموو ئەمانە دەلالەتن لەوەی كە بەرپرسانی ئەم شارە بێ دەربەستن و خەمخۆری ئەم شارە نین بۆیە حاڵی بەم شێوەیە گەیشتووە». ئەدهەم ئەحمەد چالاكی بواری ژینگە باس لەمەترسیەكانی پیسبوونی شارەكەیان بۆ هاوڵاتی كردو وتی:» ئێمە وەك رێكخراوێكی بواری ژینگە بەرپرسانی شار بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر پیسبوونی ژینگەی شارەكە، چونكە لەكاتی كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاكی ماڵاندا لەكاتی بارانباریندا ئەو ماددە خراپانەی كەتێیدایە تێكەڵ بەخاك و ئاوی شارەكە دەبێت و هۆكارێكە بۆ ژەهراوی بوونی ئاوی شارەكە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و میكرۆب بەهۆی هەواوە كەدەگوێزرێتەوەو چەندین زیانی دیكەی هەیە، كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كەپاشماوە و خاشاك و زبڵی زۆری تێدا فڕێدەدرێت، لە زۆربەی كۆڵانەكان زبڵ بۆگەنی كردووەو تەنها حكومەتیش بەرپرسیارە لەم گرفتە». «لەگەڵ پیسبوونی ژینگەدا كاریگەری دوولایەن دەردەكەوێت بەچاو دەبیرێت كاتێك بەناو گەڕەكەكانی شاری كەركوكدا دەڕۆی دەبینیت رۆژانە چ كارەساتێكی بەسەردا دێت، ئەمە جگە لەوەی سیمای شار زۆر ناشیرین كردووەو كۆڵانەكان شێوەی پاشماوەكانی گرتوە، پێویستە لەسەر تاكی كەركوك خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەپیسبونی شارەكەیان، هەروەها حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان دەبێت بەسمینارو رێنمایی و بەرنامەو كاری هاوبەش لەگەڵ خەڵكداو هاندانی خەڵك بۆ ئەنجامدانی كاری ژینگەپارێزی كەپەیوەندی بەڕەوشتی كۆمەڵگاوە هەیە كار بۆ پاكڕاگرتنی شار بكەین»، ئەدهەم ئەحمەت وای وت. هاوكات ئەحمەد رەسول هاووڵاتیەكی شاری كەركوكە بۆ هاوڵاتی وتی:» هەندێ كات شارەوانی مانگێك جارێك دێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان لەدەرگاكەت دەدەن گەر نەیكەیتەوەو پارەیان پێنەدەیت بۆت فڕێنادەن، لەهەموو شەقام و كۆڵانەكانی كەركوكدا تێپەڕیت ئەم دیمەنە دەبینیت و هاوینان بۆنی ناخۆشی پاشماوەی ماڵان ژیانی لێ هەراسان كردووین «. وتیشی: «بۆ نموونە رێگای دەرەوەی كەركوك كەڕێگای خارجی پێدەوترێت بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی زبڵ و دەروازەی شارەكەی تەنیوە، زۆربەی ماڵان خۆیان پارە دەدەن بۆ كۆكردنەوەی، ئێمە دەپرسین ئەی شارەوانی ئیشی چیە، ئیتر ئەمە گرفتە تەنها بێباكی لایەنی بەرپرسە بەرامبەر ئەم شارە كەشارێكی بێ ساحێبە«. سەبارەت بە كۆنەكردنەوەی خۆڵوخاشاكی شارەكە، فەرەیدون زەنگەنە سەرۆكی شارەوانی كەركوك بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەساڵی 2020ەوە ئاستی پاكکردنەوەو كۆكردنەوەی پاشماوەی ماڵان بەرەو خراپبوون رۆیشتوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەپێشوتردا بۆ یەك مانگ ملیارێك و دووسەد ملیۆن تەرخانكراوە بۆ پاكکردنەوەی ناو شاری كەركوك، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە بڕی ئەو بودجەیە زۆر كەمكرایەوە بۆ دووسەد ملیۆن، كە لەلایەن وەزیری دارای عێراقەوە كەمكرایەوە ئەمەش بووە گرفت بۆ شارەكەمان كە ناتوانین وەك پێویست خۆڵوخاشاكی ماڵان كۆبكەینەوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بەهۆی كەمی بودجەو ئالیاتەوە ناتوانین فریای ئەم شارە بكەوین و جیاوازیمان نەكردوە لەگەڵ گەرەكی نەتەوە جیاوازەكاندا كەباس لەوە دەكرێت كوردنشینەكان پشتگوێخراون، بەڵام ئەو گەڕەكانەی كە تەجاوزن كەمتر دەتوانین تیمەكانی پاكکردنەوە ئەو شوێنانە پاكبكەوەو زۆرێك لەگەڕەكە كوردیەكان دەكەونە دەوروبەری كەركوكەوە یان تەجاوزەكانن بۆیە وەك پێویست تیمەكان فریایان ناكەون». وتیشی،» فرێدانی خۆڵوخاشاك لەلایەن هاووڵاتیانەوە رۆژانە بەهەزار بۆ هەزارو 200 تۆن مەزەندە دەكرێت، بەو بودجەیەی بۆمان تەرخانكراوە ناتوانین هەمووی كۆبكەینەوە، بۆیە زبڵ و خاشاك كۆدەبێتەوە هەندێ كات مەمنونین هەفتەیەك جارێك زبڵی ماڵان یان هی گەڕەكێك بكۆبكەینەوە». سەرۆكی شارەوانی كەركوك دەڵێت:»بەهۆی ئەم بابەتەشەوە ماڵان خۆیان ناچاردەبن ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بگرن و پارە بدەن بۆ ئەوەی پاشماوەی ماڵان كۆبكاتەوە، گەر ئێمە وەك پێویست هاوكار نەبین خەڵكیش ناچارە ئەمە بكات و جگەلەمەش هەر كارمەندێكی كۆمپانیای پاككەرەوە پارەی دیكە وەربگرێت هاووڵاتیان دەتوانن ئێمە ئاگاداربكەوە و ئیجرائات دەكەین لەگەڵ ئەو كارمەندەو بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش دەیان جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارم كردووە بەڵام هەر وەكوخۆی ماوەتەوە هۆكارەكەشی سیاسیە». بەڵام ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لەسنوری پارێزگای كەركوك بەهاوڵاتی وت:» ئەو بڕە پارەیەی كەدابینكراوە بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان بەشی هەموو كەركوك دەكات و بەڵام شارەوانی هەموو ئامێرەكانی ناخاتەكار بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر گەڕەكە كوردییەكانی وەك پەنجا عەلی، شۆراو، دەروازە، فەیلەق، كوردستان فەرامۆش كراون». وتیشی،» شارەوانی ئامێرەكانی خستۆتەكار بەجیا زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆدەكەنەو لەبەرامبەردا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرن و گەر ماڵان پارە نەدەن بۆیان فرێنادەن، بۆیە خەڵك ناچارە فڕێی بدات لەسەر شەقامەكان، سەرباری ئەوەش كۆمپانیاكان كە لەنزیكی شار زبڵەكە فڕێدەدەن و ئاگری تێبەر دەدەن ئەمەش جارێكی تر كێشەی ژینگەی بۆ شار دروستكردووە «. روونیشیكردەوە: «بۆ ئەم كێشەیە هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسەمان كردووە و كارمان بۆ كردووەو پێمانوایە لایەنی پەیوەندیدار سستە لەبەدواداچوون بۆ ئەم گرفتانە».
هاوڵاتی نزیكەی سێ مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە، رێكارەكانی دەسەڵات نەیتوانیوە كۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان بهێنێت، پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێنرایەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: ناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران داوە، بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لەسەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 خۆپیشاندەر كوژراون، گروپێك لەهاككەران پێگەكانی سوپای پاسداران هاكدەكەن و دزە بەزانیارییەكان دەكەن و لای سوپای پاسداران دەستگیركردنی نزیكەی 30 هەزار كەس تۆماركراوە. هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێران رێگاكانی بۆ فشاركردن لەحزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و شیكەرەوانی سیاسی دەڵێن: تاران لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری بۆیە تاران خۆی دەپارێزێت. لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە دەیان كوڕو كچی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناڕەزایەتییەكاندا كوژراون و گڵكۆكانیان بەتارای سور داپۆشراو ئێستا ئەو بەشە لەكوردستان بەراورد بەزۆربەی ناوچەكان لەئێران زۆرترین قوربانی داوەو تاران و ئەسفەهان و تەبرێز چاویان لەڕۆژهەڵاتە بۆ سەركەوتنی شۆڕش. رۆژهەڵاتی كوردستان تائێستا وەك بزوێنەری ناڕەزایەتییەكان و شۆڕشێكی هاوچەرخ لەئێران لەقەڵەم دەدرێت بۆیە رۆژانە لەتارانی پایتەخت تا زاهیدان لەباشورو مازەندەران لەباكور دروشم بۆ پشتیوانیی كوردو خۆپیشاندانەكانی دەوترێتەوەو بە رووناكایی وڵاتەكەو شۆڕش ناودەهێنرێت. ناوهێنانی رۆژانەی كوردستان لەدروشم و ناڕەزایەتییەكانی ئێران وایكردووە كەدەسەڵات لەشێوەی لەشكركێشی هێزێكی زۆری سەربازیی و ئەمنیی رەوانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات و ژمارەیەكی زۆری گەنج و لاوی ئەو بەشە لەكوردستان بەتەقەی هێزە سەربازییەكان خوێنیان لەشەقامەكان رژاوە. لەلایەكی دیكەوە ئەمریكاو ئیسرائیل بەئاشكرا رایانگەیاندووە ئامادەكاریی دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران لەناوچەكەداو بۆ ئەو مەبەستەش مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدەدەن و لەبەرامبەردا تاران پەنا بۆ عێراق و هێزەكانی دەبات كەسنورەكانی توندوتۆڵتر بكەن. سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە (5/12/2022) دوای بەڕێوچوونی مانگرتنی سەرتاسەریی لەبەیاننامەیەكدا جارێكی دیكە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هیچ نەرمییەك نانوێنێت لەبەرامبەر خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەكاندا. سوپا خۆپیشاندەرانی بەتیرۆریست و دەستی دەرەكی ناوهێناوەو لەبەیاننامەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كەناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەكەی داوە بۆیە داوای لەخەڵك و دەزگای داد كردووە كە بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییەكان ببێت بۆ خواست و مەبەستی سەرەكییان. ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسداران پێچەوانەی بەیاننامەكانی پێشوو زیاتر ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی كردووەتە ئامانج و ئاماژەیە بۆ رەوایەتیی سەركوتی خۆپیشاندەران و هەندێك ناوچەی وەك رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سیستان و بلوچستان بووە بەتایبەت كەدەستەواژەی جوداییخواز بۆ ئەو دوو ناوچەیە بەكاردەهێنرێت. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران داواكاری گشتیی ئێران دوای 79 رۆژ ناڕەزایەتیی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لەوڵاتەكە راگەیاندو جەختی لەوە كردەوە لەمەودا دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و كچان دەكات و رێگەنادات پێچەوانەی یاساو رێساكانی وڵاتەكە جلوبەرگی نەگونجاو لەشوێنە گشتییەكان بەكاربهێنرێت. رۆژنامەی شەرق بڵاویكردووەتەوە بۆ راستی و دروستی هەواڵەكە پەیوەندییان بەبەشی راگەیاندنی پۆلیسی ئێرانەوە كردووەو زۆر بەتوڕەیی وەڵامی رۆژنامەكەیان داوەتەوەو تەنانەت بێڕێزییان بەپەیامنێری رۆژنامەکە كردووەو پێیان وتووە با راستی و دروستی هەواڵەكە لەسەرۆكی داواكاری گشتی بپرسێت كەئەوەش ئاماژەیە بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیەو ناكۆكیی ناوخۆیی بەرپرسانی دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران. داواكاری گشتی ئێران رایگەیاند: كۆتایی بە ئەركەكانی پۆلیسی ئەخلاق لەوڵاتەكە هاتووەو ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەكی بەدەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبووەو ئەوەی دایمەزراندووە، هەر ئەوەش هەڵیوەشاندووەتەوە . پێگەی فەرمیی راگەیاندنی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران (جامێ جەم) بڵاویكردووەتەوە؛ چیتر هیچ كەسێك لەفڕۆكەخانەكان و میترۆو شوێنە گشتییەكان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێنادرێت و لەماوەی رابردودا دەیان ژن و كچ لەفڕۆكەخانەكاندا بەبێ سەرپۆش هاتوچۆو گەشتیان كردووە. جامێ جەم ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: كۆمپانیاكان و كارمەندان بەبێ بڕیاری فەرمی حكومەت بێدەنگییان لەئاست هۆشداریی دان بەكەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردووەو ئەوەش پێچەوانەی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە. كۆچی سوری گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 80 رۆژە خوێنی گەنجان و لاوانی بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان لەشەقامەكان دەڕژێت، رۆژ نییە هەواڵی گیانلەدەستدانی بریندارانی ناڕەزایەتییەكان لەنەخۆشخانەكانی ورمێ و تاران و كرماشان و سنە بڵاونەبێتەوەو تا ئێستا لانیكەم ناوو ناسنامەی زیاتر لە 120 كوژراوی كورد بڵاوكراوەتەوە. ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەو كەسانەی كوژراون، كوڕان و كچانی گەنج و لاو بوون كە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 30 ساڵ بووە و كورد وتەنی بەگوللـەی گەرم جوانەمەرگ بوون و تەنها تاوانیان دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواكردنی مافەكانیان بووە لە پێناو ئازادیدا. ژینا ئەمینی كە تەمەنی 22 ساڵ بو و لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكەیەوە دەستگیركراو دواتر راگەیەنرا بەهۆی لێدانی پۆلیس تووشی جەڵتەی دڵ و خوێنبەربوونی مێشك بووەو پاش چەند رۆژێك بێهۆشی گیانی لەدەستداو تەرمی ساردو سڕی لەشاری تاران-ەوە گەڕێنرایەوە شاری سەقزی زێدی خۆی و لەوێ بەخاك سپێردرا. ئیستا هەموو ئەو گەنج و لاوانەی لەشارەكانی رۆژهەڵات بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەست دەدەن وەك هێمایەك بۆ شەهیدبوونیان تارای سور دەبێتە بەرگی گڵكۆكانیان و ئەوەش دیمەنێكی ناخ هەژێن و خەمگینی لەگۆڕستانەكانی بۆكان و مهابادو سەقزو سنەو جوانڕۆو پاوە و كامیاران و كرماشان و ئیلام و زۆربەی شارەكان ئەو بەشە لەكوردستان وێنا كردووە. كۆچی سوری بەناچاریی گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی بووەتە مایەی شانازیی و سەربەرزیی بۆ كەسوكاریان و تەنانەت خەڵكی كۆمەڵگاكەش، بەڵام بەردەوامبوونی توندوتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەو بەكارهێنانی چەك لەدژی خۆپیشاندەران ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراون زیاتر دەكات. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هۆشدارییانداوە كەنزیكەی 50 برینداری ناڕەزاییەتییەكانی ماوەی رابردووی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنەخۆشخانەكان دۆخی تەندروستییان جێگیرنییە، كەسوكاریشیان لەژێر فشاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكاندان بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو بریندارانە بڵاونەكرێتەوە. چالاكوانانی كوردو رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بەكردەوە جەنگێكی سەربازیی لەدژی كوردو بەلوچ راگەیاندووە بۆیە لەڕۆژهەڵات و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەژمارە هێندەی هەموو شارەكانی دیكەی ئێران كوژراوو بریندار تۆمار كراوە. بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ هەرانا لە 80 رۆژی ناڕەزایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 كەس كوژراوە كە 128 كەسیان لە سیستان و بەلوچستان بووە و 120 كەسیشیان لە رۆژهەڵات. بێسەروشوێنكردن لەدوایین ئاماردا تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەش هەزار كەس دەستگیر كراون و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ناوو ناسنامەی نزیكەی دوو هەزار دەستگیركراویان بڵاوكردووەتەوەو بەپێی بەڵگەیەكی نهێنیش كە بەهۆی هاككردنی پێگە ئەلیكترۆنییەكانی سوپای پاسداران بڵاوكراوەتەوە، ئاشكرابووە لەسەرتاسەری ئێران 29 هەزارو 400 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون كە 115 كەسیان سەر بەهێزە ئەمنییەكان بوون. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە لەئێستادا 18 هەزار و 210 كەس بەبێ دەستگیرکراوەكانی رۆژهەڵات لەزیندانەكان و ناوەندە ئەمنییەكان بەبیانوی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكان دەستبەسەرن و چاوەڕێی سزای دەزگای دادی ئێران دەكەن . ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە 300 كچ و كوڕ لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترەو چارەنووسیشیان نادیارە. مێرمنداڵان و سزای سێدارە دوو مێرمنداڵی بەلوچ لەلایەن دادگایەكی ئێران تۆمەتبار دەكرێن بە «دژایەتی خودا» و رێكخراوەكانیش هۆشداریی دەدەن لەسەپاندنی سزای سێدارە دژی ئەو دوو برایە. محەمەدو عەلی رەخشانی كە دوو بران لە ناڕەزایەتییەكانی شاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان لەبەردەم ماڵی خۆیان دەستگیركراون و دادگا تۆمەتباری كردون بەیاسای (دژایەتی خودا) كە بەپێی یاساكە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. ئەو دوو مێرمنداڵە تەمەنیان 16 و 17 ساڵەو رۆژی هەینی خوێناوی كە نزیكەی 98 بەلوچ لەشاری زاهیدان كوژران لەبەردەم ماڵەكەیان دەستگیركراون و نزیكەی 70 رۆژە لەزینداندان. هاككردنی سوپای پاسداران گروپی هاككەری (بلاك ریوارد) دوای هاككردنی ژمارەیەك پێگەی تایبەت بەسوپای پاسدارانی ئێران، ژمارەیەك بەڵگەنامەی نهێنیی بڵاوكردووەتەوە كە هۆشدارایی دراوە لەبەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. لە راپۆرتێكی نهێنیدا كە رادەستی حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران كراوە، ئاماژە بەترسی هێزە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونیان لەلایەن خەڵكەوە كراوەو هۆشداریی داوە كە ئەو هێزانە لەسەركوتی خەڵك ترساون بەتایبەت كەژمارەیەكیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رووت كراونەتەوە و لێیان دراوە. لەبەشێكی دیكەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە 84٪ی خەڵك پشتیوانیی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەكەن و ئەو ناڕەزایەتییانە بەهۆكارێكی دەربازبوون لەقەیرانە ئابوریی و سیاسییەكان دەزانن. هەر لەبەڵگەنامەیەكی دیكەدا ئاشكرابووە لەسەرەتای ناڕەزایەتییەكاندا دادگاكانی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 80 كەسدا سەپاندووەو دواتر بەهۆی بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بڕیارەكە راگیراوەو لەئێستادا 28 كەس لەژێر هەڕەشەی پەتی سێدارەدان لەشۆڕشی رۆژهەڵاتەوە بۆ ململانێی ئێران و ئەمریكاو ئیسرائیل ئێران لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان زۆرترین هێرشی موشەكی كردووەتە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان و چەند جاریكیش رایەگەیاندووە؛ هاوكات سوپای پاسداران بە راگەیەنراوی فەرمی هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر بەغداو هەولێر رێگریی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكەن ئەوا بەهێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ناوەستێتەوەو لەڕێگەی وشكانییەوە هێرش دەكاتەسەر هەرێمی كوردستان. شیكەرەوانی سیاسی رایانگەیاندووە؛ ئێران لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری، بۆیە تاران بۆ خۆپاراستن لەو سیناریۆیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشت كردە وڵاتەكەی و ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكانی سودانی و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوەیە هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی چڕ بچنە سەر سنورەكان. ئەوە لەكاتێكدایە ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدوایین لێدوانی رۆژنامەوانیدا دانی بەو راستییەدا نا كە لەتاران داوا لەسودانی كراوە كەعێراق بەڵێنەكەی بۆ دانانی هێزەكانی لەسەر سنور جێبەجێ بكات، كەئەوەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران. لەلایەكی دیكەشەوە هەفتەی رابردوو ئەمریكاو ئیسرائیل مانۆرێكی هاوبەشی سەربازییان لەدەریای ناوەڕاست ئەنجامدا كە بەئاشكرا رایانگەیاند یەكێك لەئامانجەكانی ئەو مانۆڕە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بەگشتی. یائیر لاپید، سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای وڵاتەكەی و سوپای ئەمریكا لەمانۆڕە هاوبەشەكەدا كۆبووەتەوەو ئامانجی سەرەكیی مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ جەنگێكی هاوشێوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران. ناوەندی فەرماندەیی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا هەر سەربارەت بەو مانۆڕە رایگەیاند یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی ئەو مانۆڕە هاوبەشە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی موشەكییە لەناوچەكەدا كەمەبەستی لەهەڕەشە موشەكییەكانی ئێران بوو بەتایبەت كەسوپای پاسداران دەیان جار هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەكیی لەدژی ئیسرائیل كردووە.
لهڕۆژنامهی هاوڵاتییهوه...توركیا لەهێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامەو فەڕەنساش هەوڵی رێگری دەدات
هاوڵاتی بۆردومان و تۆپبارانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە بەردەوامە، ئەردۆغان دەڵێت: بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی تاقوڵایی 30 كیلۆمەتر دەچنە ناو خاكی عێراق و سوریاوە، هەڕەشەكانی توركیا فەرەنسای هێناوەتە سەر خەت و ئیمانیۆل ماكرۆن لەهەوڵی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتییە سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا، مەزڵۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش رایدەگەیەنێت توركیا شارەكانمان بۆردومان دەكات و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت و ژێرخانی وڵاتەكەمان لەناودەبات و هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكاتە ئامانج لەكاتێكدا ئێمە هەوڵدەدین جارێكی دیكە داعش سەرهەڵنەداتەوە. بەپێی ئەو ئامارانەی كەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان بڵاویكردووەتەوە تەنیا لەماوەی كەمتر لە 15 رۆژدا سوپای توركیا زیاتر لە 150 ناوچەو شوێنی نیشتەجێبوون و چەندین خوێندنگاو نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی بۆردومان و تۆپباران كردووە، كە بەو هۆیەوە ٢٣٥ قوتابخانە داخراون و لە ٢٥١ قوتابخانەش پشوو راگەیاندراوە كە بەهۆیەوە ٢١ هەزارو ٨٤٣ خوێندكارو قوتابی لەخوێندن بێبەش بوون، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە لەئەنجامی بۆردومانەكاندا زیاتر لە 16 هاووڵاتیی مەدەنی و ٢٠ شەڕڤان شەهیدبوون و دەیان كەسی دیكەش برینداربوون كەمنداڵیشیان لەنێواندایە، بەپێی هەواڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستانیش بۆردومان و تۆپبارانكردنەكان بەجۆرێكە تەنانەت لەماوەی 10 رۆژدا توركیا بەتەنیا 200 گولەتۆپی ئاراستەی شارۆچكەی عەین عیسا كردووە. هەر دەربارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری كوردستان لەلایەن توركیاوە، فەرەنسا بەنیازە لەوڵاتی ئوردن كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی رێكبخات، كۆشكی ئەلیزێ لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی ئەنجامداو لەبارەی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە گفتوگۆیان كردووەو بڕیارە لەعەممانی پایتەختی ئوردن بەسەرۆكایەتی ماكرۆن و سودانی كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت و سەركردەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەكان ئاشكرابكرێن) بەشداری تێدا بكەن. ناوەندی دیپلۆماسی كۆمەڵایەتی و ١٦ رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش داوا لەسكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن هەوڵ بۆ راگرتنی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بدات، ئاماژە بەوەش دەكەن شەوی ٢٠ی تشرینی دووەم دەوڵەتی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی دەستپێكردووەو زۆر شوێنی سەربازیی و مەدەنی، ژێرخان و رۆژنامەوانی لەهەرێمەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كردووەتە ئامانج. لەئەنجامی هێرشەكاندا بۆ سەر كۆبانێ، دێرك، شەهبا، عەین عیسا و زرگان جگە لەشەهیدبوونی ژمارەیەك شەڕڤان، ١٦ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و بەدەیان كەس برینداربوون و زیاتر لە ٤٥ شوێنی خزمەتگوزاری وەك وێستگەی وزەی سوتەمەنی، نەوت، غاز، كۆگا، نەخۆشخانەو خوێندنگا كرانە ئامانج كەتوركیا بەم هێرشانە یاسا نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكات و تاوانی شەڕ دەكات. مەزڵۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەوتارێكدا بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست مەترسی هێرشەكانی توركیا دەخاتەڕوو ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: كە حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا شارەكانمان بۆردومان دەكات و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت و ژێرخانی گرنگ لەناودەبات و هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكاتە ئامانج، لەكاتێكدا ئێمە هەوڵدەدین جارێكی دیكە داعش سەرهەڵنەداتەوە. مەزڵۆم كۆبانێ دەڵێت: لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین لەساڵی ٢٠١٨ و سەرێكانی و گرێ سپی لەساڵی ٢٠١٩ بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس و شەڕی جیهانی دژی داعش پەكخست و دوای ساڵانێك بوونی دەسەڵاتی توركیا لەو ناوچانە دەبینرێت كە ئاژاوەو شەڕو نائارامی لەچ ئاستێكدایە. بەڵام كاتێك خۆبەڕێوەبەری ئێمە لەو شوێنانە بوو، پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەكانی ژنان پارێزراو بوون. حكومەتی توركیاش جگە لەو گرووپانەی كەهاوكاری دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان لەئێستادا بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی بڵاوكراونەتەوە بەنیازە چەكدارانی گروپی تیرۆریستی (هەیئەی تەحریری شام) كە هەمان رێكخراوی (بەرەی نوسرە)ی پێشووترن و لەلیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدان، لەدژی رۆژئاوای كوردستان بەكاریانبهێنێت و شەڕیان پێبكات. ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە سەرقاڵی گرنگی پێدانی زیاترە بەو چەكدارە سەلەفییە كوردانەی كە لەڕیزەكانیدا چەكیان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوا بەكاریانبهێنێت. هاوكات سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی (تەحریری شام) دەیەوێت سەلەفییە كوردەكانی گرووپی ئەنسارولئیسلام بخاتە ژێر چەتری خۆیەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەچەندڕۆژی رابووردوودا تەحریری شام (ئەبو دەردای كوردی) جێگری ئەمیری ئەنسارولئیسلامیان ئازادكرد، بەڵام هێشتا (ئەبو عەبدولڕەحمان كوردی)ی ئەمیری ئەنساریان ئازاد نەكردووەو لەلایان زیندانییە. بەپێی ئەو زانیارییانەشی كە بڵاوكراونەتەوە تەحریری شام بەنیازی ئازادكردنی ژمارەیەكی زۆری سەلەفییە دەستگیركراوەكانن كە لەپێشووتردا لەناو رێكخراوەكانی دیكەوە دەستگیریكردوون یاخود لەوانەن كە جیابوونەتەوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەش كەبڵاوكراونەتەوە چەكدارە سەلەفیە كوردەكان بەشداری مەشق و راهێنانێكی قورس دەكەن لەناوچەكانی باشوری رۆژئاوای ئەدلب و لەجەبەل توركمان و جەبەل ئەكراد لەڕیفی لازقیە كە بەشوێنی بڵاوبوونەوەی گرووپە سەلەفییە كوردییەكانی تەحریر شام و هاوشێوەكانی دادەنرێ، پێشووتریش لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا بەرەی تەحریر شام چەكدارە سەلەفییە كوردەكانی بەشداری شەڕی لەعەفرین پێكرد. فەرحان حاجی عیسا، چاودێری سیاسی لەڕۆژئاوای كوردستان رایگەیاندووە توركیا دەیەوێت واز لەگرووپە هاوپەیمانەكانی دیكەی بهێنێت و تەنیا پشت بەبەرەی نوسرە ببەستێت بۆ ئەوەی شەڕی بەوەكالەتی لەڕۆژئاوای كوردستاندا بۆ بەڕێوەببات، ئەمەش وەك سەرەتایەكە تاناوچەكانی ئیدلب كەگرووپەكانی هاوپەیمانی ئێستای توركیا تیایدا باڵادەستن رادەستی رژێمی سوریا بكاتەوە. ئەو چاودێرە بڕواشی وەهایە لەقۆناغی داهاتوو ئیدلب دەكەوێتە بازاڕی رادەستكردن و خۆبەدەستەوەدانەوەی نێوان توركیاو سوریاوە، هانی تەحریری شامیش دەدات لەسنوری هێزەكانی سوریای دیموكرات نیشتەجێبن بۆ ئەوەی بەردەوام شەڕ بەهەسەدە بفرۆشن چونكە هەسەدە توانیویەتی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا كۆبكاتەوە، ئەمەش دژی بەرژەوەندییەكانی توركیایە.
سەركۆ جەمال كەسوكاری نەقیب محەمەد: هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەرمان لا نییە نەقیب محەمەد لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان، ساڵی رابردوو لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكدا لەگەڵ چەند پۆلیسێك تەقەیان لێكرا، نەقیب محەمەد گیانی لەدەستداو سێ پۆلیسیش برینداربوون، كەسوكارەكەی دەڵێن دۆسیەكەی هیچ بەرەوپێش نەچووە، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت كارەكانیان لای ئەوان تەواو بووەو رەوانەی دادگا كراوە. ئاڵا لەتیف خوشكی نەقیب محەمەد بەهاوڵاتی راگەیاند:» ساڵێك بەسەر شەهیدكردنی كوڕەكەمان تێدەپەڕێت، نەقیب محەمەد ئەوكاتەی شەهیدكرا لەئەركی فەرمیدا بوو، پاڵپشت بەفەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا راسپێردرابوون داواكراوێك دەستگیربكەن، بەڵام هێرشیانكرایەسەر». وتیشی:»ئێمە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەرو تازەمان لا نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی رەوشی دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسەكە، كە جگە لەشەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیكەو سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی «هەڵاتن لەدەستی یاسا»ی تێدایە». ئەو خوشكەی نەقیب محەمەد دەڵێت: «وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیركردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێكی دادگا بەڕێوەنەچووە، رەنگە زۆریی كەیسەكان لەدادگا وایلێكردبین ئەم دواكەوتنەمان قبوڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەدۆسیەكەدا قبوڵناكەین، بەلاشمانەوە گرنگە بۆ هەموان روون بێت، كە لایەنی داواكار لەسەر ئەم كەیسە تەنها ئێمە نین، بەڵكو حكومەت، وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی پێكەوە هەموومان وەكویەك خاوەنی كەیسەكەین و تەنها رێگەش بەیاساو دادگا دەدەین كاری خۆی بكات». ئاڵا لەتیف ئەوەشی خستەڕوو:» هەرگیز نە سوڵحمان كردووەو نە سوڵحیش دەكەین، نە هیچ دانیشتنێكی كۆمەڵایەتیی قبوڵدەكەین بەڵكو تەنها چاومان لەدادگایە و هیوامانوایە «یاسا» كاری خۆی بكات و هەر خۆی سەروەر بێت». هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی، كەیسەكە لەئاسایشی سلێمانییە، ئەوان لێكۆڵینەوەی تێدا دەكەن، دەڵێت: « ئەفسەری ئێمە بووە و یەكێكین لەلایەنە زەرەرمەندەكان». سەرچاوەكە وتیشی: «ئەو چوار پۆلیسەی برینداربوون سكاڵایان تۆماركردووەو هێشتا دۆسیەكە كۆتایی نەهاتووە». راز فریا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت:» ئێمەش وەكو كەسوكاری شەهیدەكە كوڕێكمان لەدەستداوەو چاوەڕێی دەستی ئاسایشن». هاوكات سەرچاوەیەك لەئاسایشی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكرد:» دۆسیەكەی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە كۆتایی پێهێندراوەو لێكۆڵینەوەكان تەواو كراون، تۆمەتبارەكان سێ كەسن و هێشتا دادگا بڕیاری لەبارەی سزاكەیان نەداوە». وتیشی:» تا ئەوكاتەی دادگا كەیسەكەیان یەكلایی دەكاتەوە ئەو سێ تۆمەتبارە لەئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن». بەڵام سەرچاوەكە ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەكی دیكە لەبارەی دەستگیركراوەكان و چۆنیەتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان ئاشكرابكات، هاوكات رەتیكردەوە هیچ كەسێك دەستی خستبێتە دۆسیەكەوە. دەوروبەری كاتژمێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 4ی كانونی یەكەمی 2021، نەقیب محەمەد لەتیف سەرپەرشتی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیەكەی دەكرد بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بەناوی (ی، پ) كە لەلایەن دادوەرەوە ماوەی 10 رۆژ بوو بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، بەتۆمەتی ئازاردانی هاوسەرەكەی، هەر كەتیمەكە دەگەنە تانجەرۆ نزیك ماڵی تۆمەتبارەكە دەدرێنە بەر دەستدڕێژی گولـلە. ئاسایشی سلێمانی دوای سێ رۆژ لەڕووداوەكە وێنەی دوو كەسی وەكو تۆمەتباری سەرەكی و بكوژی نەقیب محەمەدو برینداركردنی چوار پۆلیسەكە بڵاوكردەوەو داوای هاوكاری كرد بۆ دۆزینەوەیان، ئەوەش گومانی لای كەسوكارەكەی دروستكرد كەتۆمەتبارانی رووداوەكە هەڵاتبن بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود لەلایەن بەرپرسێكەوە داڵدەدرابن. رۆژی 12-4-2022 و دوای پێنج مانگ لەكوژرانی نەقیب محەمەد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەردانی خانەوادەی نەقیب محەمەد لەتیفیان كردو هەواڵی دەستگیركردنی هەرسێ تاوانبارەكەی پێ راگەیاندن. نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری مافپەروەر، دەرچوی كۆلێژی یاسا بوو، لەبنكەی خۆرهەڵاتی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی دەوامی دەكرد. (ی، پ) تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی نەقیب محەمەد، ماڵی لەتانجەرۆ بووە، چەند جارێك ئازاری بەژنەكەی گەیاندووەو فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووەو خۆی رادەستنەكردووە، ئێوارەی روداوەكە جارێكی دیكە دەمەقاڵێیان بووە. هاوسەرەكەی تۆمەتبارەكە پەیوەندی بەپۆلیسەوە دەكات و ناونیشانەكەیان پێدەدات، تۆمەتبارەكەو باوكی بەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەزانن، خۆیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەفرەزەكەی پۆلیس ئامادە دەكەن. سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: «ئەم پیاوە ماوەی 10 رۆژ بووە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو مەفرەزەكەی ئێمە، بەرلەوەی لەئۆتۆمبێلەكە دابەزن، تەقەیان لێكراوە، مەفرەزەكەمان پێنج كەس بوون». لەبارەی گومانەكان و ناردنی ئەو مەفرەزە پێنج كەسییە بۆ گرتنی تۆمەتبارێك، سەركەوت عومەر وتی: «كەیسەكان لای ئێمە كێشەی توندوتیژی خێزانییە، كەیسی گرتنی بكوژێك یان بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكان نییە، تاوەكو پێویست بكات هێزی گەورە بنێرین بۆ دەستگیركردنی، چەندین ساڵە هەر بەو شێوەیە كار دەكەین». بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: «ئەوانەی بەپێی ماددەی ژمارە حەوتی یاسای خێزانی، فەرمانی گرتنیان هەیە هەمیشە بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانیاندا دەكەین، بۆ ئەوەی حەساسیەت دروست نەبێت و نەبینەهۆی گەورەكردنی كێشەكان».
هاوڵاتی بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستدان مێژووی بەكارهێانی چەكی كیمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی گەلی كورد دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لەسەدەیەك ، وەزیری دەرەوەی پێشووتری توركیا لەشوێنێكدا باسی لەوەكردووە: كە ئەوانەی لەئەشكەوتەكاندا خۆیان شاردەوە، سوپا گازی ژەهراوی لەدژیان بەكارهێناو لەناویبردن. لەقۆناغی ئێستاداش پەكەكە بەردەوام جەخت دەكاتەوە كەتوركیا چەكی كیمیایی و قەدەغەكراو بەكاردەهێنێت، بەپێی ئاماری ناوەندی پاراستنی گەل، لەجەنگی ساڵی ٢٠٢١دا سوپای توركیا بەگشتی ٣٦٧ جار چەكی كیمیایی لەدژی سەنگەرەكانی گەریلا بەكارهێناوەو لەئەنجامدا ٤١ گەریلا بەو چەكانە شەهید بوون. رۆژنامەی Morning Staبەریتانی بەپشتبەستن بەو وێنەو ڤیدیۆیانەی كەسەربازانی توركیا پاش شەهیدكردنی گەریلاكانی پەكەكە بڵاویانكردبووەوە، راپۆرتێكی بڵاوكردەوەو دەیسەلمێنێت توركیا لەچیای مام رەشۆ چەكی كیمیایی بەكارهێناوە. مێژووی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەرامبەر بەكورد بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمەدا خەڵكی دێرسیمی باكووری كوردستان بە رێبەرایەتی سەید رەزا لەبەرامبەر دەوڵەتی توركیا بەرگرییەكی بەهێز دەكەن. هەربۆیە دەوڵەتی توركیا بۆ شكاندنی ئەو بەرگرییە چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت. ئەمە هەم لەبەڵگە مێژووییەكاندا سەلمێنراوە و هەم كاربەدەستانی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی توركیا دانی پێدادەنێن. مێژوونوس مەحمود ئاكیورەكلی كەلێكۆڵینەوەی لەبەڵگەكانی سەر فەرماندەی گشتی و وەزارەتی تەندروستی ئەوكاتەی توركیا كردووە سەلماندوویەتی كە لەوكاتەدا سوپای توركیا سەبارەت بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی سەربازەكانی خۆی پەروەردە كردووەو ئەو گازە كیمیاییانەی كە لەلایەن دەوڵەتی ئەوكاتەی ئەڵمانیاوە بەرهەمهاتوون بەرلەوەی لەدژی یەهوودییەكان بەكاربهێنرێن، لەدژی خەڵكی دێرسیم تاقیكراونەتەوە . هەروەها بەگوێرەی ئەو وتووێژەی كە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپوزیسیۆنی توركیا لەكاتی خۆیدا لەگەڵ یەكێك لەشایەتحاڵەكانی كۆمەڵكوژی دێرسیم «سەبری چاغلایان گیل» كردوویەتی بەكارهێنانی ئەم ژەهرە لەدژی گەلی كورد بەشێوەیەكی فەرمی پشتڕاست دەكاتەوە. «سەبری چاغلایان گیل» كە لەو سەردەمەدا فەرماندەی ئاسایشی مەلاتیا بووە و پاشانیش وەكو وەزیری دەرەوەی توركیا ئەركی وەرگرتووە دەڵێت: « باسی ئەنجامەكە دەكەم. ئەوانەی خۆیانیان رادەست نەكرد و لەئەشكەوتەكاندا خۆیان شاردەوە، سوپا گازی ژەهراوی بەكارهێنا. لەدەرگای ئەشكەوتەكانەوە ئەوانەمان وەك مشك دەرمانخوارد كرد. لەمنداڵی حەوت ساڵانەوە بگرە تا پیری ٧٠ ساڵ هەموویانمان كوشت. ئۆپەراسیونێكی زۆر خوێناوی بوو» . دوای دەستپێكردنی خەباتی (پەكەكە)ش لەدژی دەوڵەتی توركیا، زۆر بەڵگەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هەن كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەدژی گەریلاكانی پەكەكە پشتڕاست دەكەنەوە. هەرچەندە دەوڵەتی توركیا خۆی نكۆڵی لەم كارە دەكات و دەوڵەتانی هاوپەیمانی توركیاش لەناتۆ لەبەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیان ئامادە نین هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەم بارەیەوە بكەن، دۆستانی خاوەن ئەخلاق و ویژدانی گەلی كورد بەشێوەیەكی سەربەخۆ زۆر بەڵگەو داتایان بەدەستخستووە كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە پشتڕاست دەكاتەوە. بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی كە لە ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا بەرزكرایەوە، لەمیانی شەڕێكی چەكداری لەگەڵ سوپای توركیا لە ١١ی ئایاری ١٩٩٩، ٢٠ گەریلای پەكەكە لەئەشكەوتێكی نزیك بالیكایە لەباشووری رۆژهەڵاتی شڕناخ كوژراون. مانگی سووری كوردستان پاشماوەی نارنجۆكێك كە لەشوێنی رووداوەكە دۆزرابووەوە، دایەدەست رۆژنامەنووسێكی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی. شیكارییەك لەپەیمانگای پزیشكی دادوەری زانكۆی میونخ، بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە شوێنەواری گازی CSی لەسەر پاشماوەی نارنجۆكەكە دۆزییەوە. بەپێی گۆڤاری هەواڵی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی «Kennzeichen D»، نارنجۆكی RP707 لەلایەن كۆمپانیای ئەڵمانی Buck & Depyfag بەرهەمهێنراوە و جۆرێكە كە لەساڵی ١٩٩٥ـەوە گەیشتووە بەتوركیا. ئەم رووداوەی بەكارهێنانی گازەكە، بەڤیدیۆش تۆماركراوە. لەڤیدیۆكەدا دەتوانرێت گوێبیستی سەربازێك بین كە لەڕێگەی رادیۆی بێ تێلەوە قسە دەكات: «بەهۆی ئەو نارنجۆكە گازییەی كە لەناوەوە بەكارهاتووە مەترسی ژەهراویبوونی سەربازەكانی خۆمان هەیە.» ئەم سەربازە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: «هەرچەندە ئێمە رۆژێك چاوەڕێمان كردووە، بەڵام گازەكە هێشتا هەر كاریگەرە». گازی CS گازی فرمێسكڕێژە. لەچڕیی بەرزدا، بەتایبەتی لەشوێنە داخراوەكاندا، دەكرێت ئەم گازە كوشندە بێت. بەپێی پەیماننامەی چەكی كیمیایی، دەتوانرێت لەخۆپیشاندانەكانی ناڕەزایەتیدا گازی فرمێسكڕێژ بەكاربهێنرێت، بەڵام لەشەڕی چەكداریدا بەكارهێنانی رێگەپێەدراو نییە. بەم شێوەیە، پەڕاوی پرس لەسەر، پێشێلكردنی پەیماننامەی چەكی كیمیاییە كە لەساڵی ١٩٩٧دا توركیا پەسندی كردووە، كرایەوە. لەساڵی ٢٠١٩وە تائێستا توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی داگیركاری بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان دەستپێكرد كە لەخواكوڕكی سنووری سیدەكانەوە بگرە تا حەفتانینی سنووری زاخۆ بەدرێژایی زیاتر لە ٣٠٠ كیلۆمەتر تا ئێستاش هەر بەردەوامە. جیاوازی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەو ٢٩ ئۆپەراسیۆنەی كە توركیا لە ١٩٨٢ تا ٢٠٠٨ بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجامی داوە ئەوەیە كە توركیا لەهەر شوێنێكەوە كە دێتە ناو خاكی باشووری كوردستان پاشەكشەی لێ ناكات و بنكەو بارەگای سەربازی و خاڵی كۆنترۆڵی لێ دادەنێت. بەگوێرەی راپۆرتی وەزیری بەرگری عێراق كە لەرۆژی ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٢دا پێشكەشی پەرلەمانی كرد، توركیا پێنج بنكەی گەورەی ئاسمانی و سەربازی و چوار هەزار سەربازو 100 خاڵی سەربازی لەهەرێمدا هەیە. لەبەرامبەردا پەكەكەش تاكتیكی سەربازی خۆی گۆڕیوەو لەجیاتی شەڕی پارتیزانی هەوڵدەدات ئەو ناوچانەی هەرێم بەهەر بەهایەك بێت بپارێزێت. لەو چوارچێوەیەدا لەهەموو شوێنە ستراتیژەكانی سەر سنووری نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان بەدروستكردنی ئەشكەوت و تونێڵ و مانەوە و شەڕكردن لەو تۆنێلانەدا بەرەنگاری هێرشەكانی توركیا دەبێتەوە. توركیا بەپشتبەستن بەتەكنۆلۆژیای سەربازی پێشكەوتوو و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەبەكارهێنانی فڕۆكەی شەڕكەرو هەلیكۆپتەر و سارۆخی زەوی-بۆ-زەوی و بەهەزاران دووربینی شەوو دووربینی حەراری و دووربینی جوڵە كە لەو ناوچانەدا داینابوو و هەروەها تایبەتیترین هێزی زەمینی خۆی وای بۆ حیساب دەكرد كە لەماوەیەكی كورتدا بتوانێت ئەو ناوچانە داگیر بكات، بەتایبەتی كە لە رێگای هەوڵی دیپلۆماسی بەرفراوانەوە بێدەنگی عێراق و هاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی مسۆگەر كردبوو. بەڵام تاكتیكی شەڕی ئەشكەوت و تۆنێل لەلایەن پەكەكەوە تا رادەیەكی زۆر توانی سەردەستی توركیا لەلایەن تەكنۆلۆجیای سەربازییەوە پووچەڵ بكاتەوەو توركیا تووشی تەنگاوییەكی زۆر لەبواری سەربازیدا ببێت. هەربۆیە توركیا دەستی كرد بەبەكارهێنانی ئەو چەك و تاكتیكانەی كە لەیاسای نێودەوڵەتیدا رێگەپێدراو نیین. لە ١٠ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢دا كاتێك كەتوركیا بەشێوەیەكی زۆر بەخۆباوەڕ هەوڵیدا بەقووڵایی ٥٠ كم لەچیای گارا بەدابەزاندنی سەرباز لەئاسمانەوە بۆ زەوی ئۆپەراسیۆنێكی داگیركاری ئەنجام بدات، تاكتیكی شەڕی تونێڵی پەكەكە رێگەی لێگرت و دوای چوار رۆژ ناچار مایەوە كە پاشەكشە بكات. لەم ئۆپەراسیونەدا توركیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەشكەوت و تونێڵەكان گازی كیمیایی بەكارهێنا. دوای شكستی ئەم ئۆپەراسیۆنە مشتۆمڕێكی زۆر لەناو سیاسەتی توركیا پەیدا بوو و وای لێهات كە وەزیری بەرگری توركیا كاتێك كە ویستی لێدوانی هێزەكانی پاراستنی گەل سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە درۆ بخاتەوە، لەڕاستیدا دانی پێدانا. وەزیری بەرگری توركیا، خولوسی ئاكار، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند كە سوپای توركیا لەشەڕی دژی پەكەكەدا گازی فرمێسكڕێژی بەكارهێناوە. لەكاتێكدا گازی فرمێسكڕێژ رێگەپێدراوە بۆ مەبەستی جڵەوكردنی ئاژاوە، بۆ نموونە؛ لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، بەڵام بەكارهێنانی گازی فرمێشكڕێژ بەتوندی لەلایەن پەیماننامەی چەكی كیمیایی (CWC) لەژینگەیەكی سەربازیدا قەدەغەكراوە. لەوتارەكەیدا خولوسی ئاكار، باسی شەڕی نێوان سوپای توركیاو پەكەكەی گێڕایەوە كەچەند رۆژێك پێشتر لەچیای گارا لەباكووری عێراق روویدابوو. خولوسی ئاكار كە لێرەدا وشە بەوشە دەچینە سەر قسەكانی، وتی:»جگە لەوەش، لەم ناوچەیە، لە دەروازەی ئەشكەوتەكە، تەنیا گازی فرمێسكڕێژ وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەنارنجۆك و هاوەن بەكارهاتووە. لەگەڵ ئەوەدا، هیچ چەك و تەقەمەنییەكی دیكە بەكارنەهێنراوە.» دوابەدوای شكستی ئەم ئۆپەراسیۆنە توركیا لە ٢٣ لەسەر ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١ بەشێوەیەك كەهاوكات بێت لەگەڵ ساڵیادی كۆمەڵكۆژی ئەرمەنەكان، ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی لەناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەستپێكرد. لەیەكێك لە ئەشكەوتەكان لە سەر چیای مام رەشۆ، توركیا گەمارۆی ئەشكەوتێكی داو دوای ١٠ رۆژ شەڕی دەستەویەخە نەیتوانی بەڕێگەی ئاسایی ئەشكەوتەكە داگیربكات. هەر بۆیە جارێكی دی چەكی كیمیایی بەكارهێناو حەوت گەریلای شەهید كرد تا توانی ئەو ئەشكەوتە داگیربكات. رۆژنامەی Morning Starی بریتانی بە پشتبەستن بەو وێنەو ڤیدیۆیانەی كەسەربازانی توركیا پاش شەهیدكردنی گەریلاكانی پەكەكە بڵاویان كردبووەوە، راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كەدەیسەلمێنێت توركیا لەچیای مام رەشۆ چەكی كیمیایی بەكارهێناوە . گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەوانە وەرگرتن لەئەزموونەكانی چیای گاراو مام رەشۆ هەوڵیاندا كە كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی كەمبكەنەوەو رێگە لەداگیركردنی ئەشكەوت و تونێڵەكان لەلایەن سوپای توركیاوە بگرن. ئەم هەوڵدانەی گەریلا سەركەوتوو بوو و توانیان زۆربەی سەنگەرەكانیان بپارێزن، تا ئەوكاتەی كەتوركیا بڕیاریدا بۆ شكاندنی بەرگری گەریلا چەكی تێرمۆباریك (بۆمبی بۆشایی) بەكاربێنێت. بەكارهێنانی ئەم جۆرە لەچەكە قەدەغەكراوە كاتێك ئاشكرابوو كە سێ كەس لەگەریلاكان پاش ٨٠ رۆژ لەبەرگریكردن لەبەرامبەر چەكی كیمیایی لەئەشكەوتی شاخەسور رزگاریان بوو و بەسەرهاتی خۆیانیان بۆ رایگشتی ئاشكراكرد. ئەمە كاتێك بەتەواوەتی بەبەڵگەوە سەلمێنرا كە گەریلا توانی لە هێرشێكی پێچەوانەدا یەكێك لەو ئەشكەوتانە بگرێتەوە (ئەشكەوتی وەرخەلێ) كە سوپای توركیا پاش ١٢٥ رۆژ لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی داگیری كردبوو . پاش گرتنی ئەشكەوتەكە تەرمی ١٤ گەریلایان دۆزییەوە كە بەدرێژایی ئەو ١٢٥ رۆژە خۆڕاگرییان كردبوو. ئەو گەریلایانە بەر لەوەی شەهید ببن، هەندێك ڤیدیۆیان تۆماركردبوو بەو هیوایەی كە هەڤاڵەكانیان پاشان بیبیننەوە و بەسەرهاتیان بۆ هەموو كەس ئاشكرابكەن. گەریلاكان دوای گەڕان بەناو ئەشكەوتەكەدا ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەیان لەدرزێكی بچووكدا دۆزیبووەوە و پاشان كەسەیری تۆمارە ڤیدیۆیەكەیان كرد، بینییان كەچۆنیەتی شەڕو ژیان و بەرەنگاربوونەوەی غازی كیمیایی تیایدا تۆماركراوە. هەر لەو ئەشكەوتەدا پاشماوەی چەكی تێرمۆباریك و هەروەها ئەو ماسك و فیلتەرانە دۆزرانەوە كە سەربازانی سوپای توركیا بۆ خۆپاراستن لەغازی كیمیایی بەكاریانهێنابوو. بەپێی ئاماری ناوەندی پاراستنی گەل، لەجەنگی ساڵی ٢٠٢١دا سوپای توركیا بەگشتی ٣٦٧ جار چەكی كیمیایی لەدژی سەنگەرەكانی گەریلا بەكارهێناوە كە لەئەنجامدا ٤١ گەریلا بەو چەكانە شەهید بوون. سوپای توركیا لە ١٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لەژێر ناوی چنگ-قۆفڵ دەستپێكرد كە لە ئۆپەراسیۆنەكەی ساڵی ٢٠٢١ زۆر بەرفراوانتر بوو. ئەمجارە سوپای توركیا بەهاوكاری لۆجستیكی و ئیستخباراتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵیدا لەجەبهەی پشتەوە هێرش بباتەسەر هێزی گەریلا. ئەم شەڕە حەوت مانگە درێژەی هەیەو بەگوێرەی لێدوانی ناوەندی پاراستنی گەل لە ٥٠ خاڵدا شەڕی دەستەویەخە هەیە. گەریلا لەئەشكەوت و تونێلە ژێرزەمینیەكاندا خۆی قایم كردووەو سوپای توركیاش هەوڵدەدات بەپشتبەستن بەچەكی كیمیایی لەوێ لەناویان ببات. هەم لەساڵی ٢٠٢١ و هەمیش لەساڵی ٢٠٢٢ چەندین وەفدی سەربەخۆ بۆ لێكۆڵینەوە كردن لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی ویستیان سەردانی ناوچەكانی شەڕ بكەن. لەمانە وەفدی رێكخراوی سی پی تی (Community Peacemaking Teams- Iraq) سەردانی گوندی هرۆرێ كردو كاریگەریەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەسەر گوندنشینەكان بەدی كرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی شاردەنەوەیان داو رێگرییان كرد لەوەی كە وەفدەكە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكات. دوابەدوای ئەمە وەفدێكی ئەوروپی دۆستی كورد كەدەستپێشخەری Defend Kurdistanیان دامەزراندووە ویستیان سەردانی ناوچەكانی شەڕ بكەن. بەڵام جارێكی دی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رێگرییان لەتەواوكردنی لێكۆڵینەوەكەیان كرد. لەمانگی ئەیلولی ٢٠٢٢دا وەفدێكی پسپۆڕ لەپزیشكانی نێونەتەوەیی سەر بەڕێكخراوی IPPNW بۆ لێكۆڵینەوە لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی و تێرمۆباریك و ئەتۆمی لەلایەن توركیاوە ویستیان سەردانی ناوچەكانی شەڕ بكەن. جارێكی دی كاربەدەستانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئامێدی رێگرییان لێكردن. هەر بۆیە وەفدەكە بەلێكۆڵینەوە لەگرتە ڤیدیۆییەكان راپۆرتێكیان ئامادەكرد و داوایان كرد پێویستە رای گشتی نێودەوڵەتی و دەزگاكانی پەیوەندیدار بەپەلە لێكۆڵینەوە لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی بكەن. هەم ئەم راپۆرتەو هەم هەواڵی شەهیدبوونی ١٧ گەریلا لەهەر چوار بەشی كوردستان بەهۆی چەكی كیمیاییەوە ، لەگەڵ ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە كاتی گیانلەدەستدانی گەریلاكان بەچەكی كیمیایی نیشان دەدات كاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە. پرۆفیسۆر شەبنەم كۆرور فینجانجی كەپزیشكێكی پسپۆڕە لەبواری چەكی كیمیایداو سەرۆكی یەكێتی پزیشكانی توركیایە لێدوانێكی بۆ رایگشتی داو داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەی كرد. پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری CHP، سەزگین تانرێكۆلۆ، ئەم بابەتەی لەپەرلەمانی توركیا كردە رۆژەڤی پەرلەمانی توركیا، بەتاوانی شەڕ دژ بەمرۆڤایەتی ناوی بردو داوای دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی كرد. هەروەها هاوسەرۆكی زیندانیكراوی هەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش، لەزیندانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوەو ئەم كردەوەیەی وەكو تاوانی شەڕ دژ بەمرۆڤایەتی ناوزەند كرد. رێكخراوی پزیشكانی بێ سنووری نێودەوڵەتیش بەلێدوانێك بانگەوازی لێكۆڵینەوەی لە رووداوكە كرد. گەلی كوردو دۆستانی لەئەوروپا بەچالاكی جەماوەری ئەم تاوانەی شەڕ كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ئەنجامدراوە شەرمەزاریان كرد. بنەماڵەی ئەو گەریلایانەی كە بەچەكی كیمیایی شەهیدبوون، لەبەردەم بینای OPCW (رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی) دەستیان بەچالاكی ئێشكگرتن كرد. بیرمەندی گەورەی جیهانی پرۆفیسۆر نوام چۆمسكی دەڵێت:»بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە قۆناغێكی نوێیە لەدڕندەییەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر كوردستان، ڕێكخراوی پزیشكانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریكردن لەشەڕی ئەتۆمی كەڕێكخراوێكی جێی متمانەیە دەتوانێت لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ لەسەر ئەم بابەتە بكات». چۆمسكی رەخنەی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان گرت و وتی:»پێموانییە حكومەتی هەرێم جێگەی متمانە بێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی جددی لەو پرسە ئەنجامبدات». راشیگەیاند، «بەداخەوە ئەمریكا لەكاتی خۆیدا رێگریی لەوەكرد كە لێكۆڵینەوە لەكارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بكرێت، بەڵكو هەوڵیدا لەو پرسەدا ئێران تۆمەتبار بكات و دژایەتی كۆنگرێسیشی كرد هەڵوێست لەوبارەیەوە وەربگرێت» . پسپۆڕی بواری چەكی كیمیایی دكتۆر عەباس مەنسۆران كە هەمان تاوانی توركیای لە رۆژئاوای كوردستانیش (سەرێكانی و گرێ سپی) ئاشكرا كردبوو، رایگەیاند: كە سەیری ڤیدیۆیەكانی كردووەو گومانی تێدا نییە كەتوركیا چەكی كیمیایی بەكارهێناوە . رێكخراوی یەكێتی پزیشكانی جیهانی (WMA) پشتیوانی لەپرۆفیسۆر شەبنەم كرد. ئەم كاردانەوانە دەسەڵاتدارانی توركیای تووشی شۆك كرد. لە سەرۆك كۆمارەوە بگرە تا دەوڵەت باخچەلی و وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆو وەزیری دەرەوە لێدوانی نكۆڵیكردنیان لەسەر ئەم تاوانە داو بۆ سزادانی ئەو كەسانەی كەداوای لێكۆڵینەوەیان كردووە بەپەلە دەسەڵاتی دادوەرییان خستە جوڵەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا پرۆفیسۆر (شەبنەم كۆرور فینجانجی)یان بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ تیرۆریزم دەستبەجێ دەستبەسەرو زیندانیكرد و بەهەمان تۆمەت سكاڵایەكی نوێیان لەدژی سەڵاحەدین دەمیرتاش تۆمار كرد، لەسەر سەزگین تانرێكۆلۆ دەستیان بەلێكۆڵینەوەی یاسایی كردو هەموو ئەو (١٢) رۆژنامەنووسەی كە هەواڵیان لەسەر بابەتەكە بڵاوكردبوەوە زیندانیكرد . بەگوێرەی لێدوانی ناوەندی پاراستنی گەل لەساڵی ٢٠٢٢ لە ١٧ی نیسانەوە تا ١٧ی ئۆكتۆبەر ٢٤٧٦ جار بە چەكی قەدەغەكراوو كیمیایی و تێرمۆباریك پەلاماری سەنگەرەكانی گەریلا دراوە . هەروەها بەگوێرەی ئاماری ناوەندی پاراستنی گەل لەم دوو ساڵەی دواییدا ٩١ گەریلا تەنها بەهۆی ئەم هێرشانەوە شەهید بوون. ئەم تاوانانەی شەڕ لەدژی مرۆڤایەتی لەسەر خاكی باشووری كوردستان روو دەدەن. ئەو خاكەی كەگەورەترین كارەساتی كیمیایی لەمێژووی مرۆڤایەتی لەوێ روویداوە. گەلی یەهودی بەكۆمەڵكوژی هۆلۆكۆستەوە دەناسرێتەوەو ئەو كەیسەی كردۆتە پێگەیەك كەكەس لەدونیادا نەوێرێت تەنانەت قسەیەك دژ بەیەهودییەكان بڵێت. تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەش ئەو دەرفەتە بۆ كورد دەڕەخسێنێت كە لەڕێگەی دیپلۆماسی و دروستكردنی رایگشتی كەشێكی وەها دروست بكات كەكەس نەتوانێت چەكی كیمیایی لە دژی كورد بەكاربهێنێت. لێرەدا ئەرك دەكەوێتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەخستنەگەڕی هەموو دەرفەتە دیپلۆماتیەكانی دەوڵەتە هەرێمی و زلهێزەكان لەم دۆخە ئاگاداربكاتەوە. هەروەها قوربانیانی چەكی كیمیایی لەباشووری كوردستان، رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران و چالاكانی بواری جینۆساید، پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی و پزیشكان دەتوانن لەوشیاركردنەوەی رایگشتی جیهانی سەبارەت بەم تاوانە رۆڵی كاریگەریان هەبێت.
هاوڵاتی دوای نۆ ساڵ لەشەهیدكردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی هێشتا كەسوكارەكەی و رۆژنامەنووسان بەدوای بكەری سەرەكی تاوانەكەدا دەگەڕێن، خێزانەكەی دەڵێت: ئەگەرچی لەلایەن دادگاوە دۆسیەكەی داخراوە بەڵام لەلای ئێمە هیچ كات داناخرێت و بەردەوام دەبین لەدۆزینەوەی بكەرانی پشت تاوانەكە، برایەكی كاوەش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: ئەو كەسەی كە ئێستا لەزیندانەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە بەتەنها نیەو كەسانی تر لەپشت ئەم تاوانەوەیەو ئێمە زانیاریمان دەستكەوتووە كەبكەری ئەم تاوانە تەنها خۆی نەبووە. لەنۆهەمین ساڵیادی شەهیدكردنی كاوە گەرمیانیدا كەسوكارەكەی بەڵێنی بەردەوامبوونی رێبازەكەی دەدەن و دەڵێن بەهۆی سەروەر نەبوونی دادگاكان نەتوانراوە بكەرانی پشت شەهیدكردنی كاوە گەرمیانی بدۆزێتەوەو سزای خۆیان وەرگرن، هەرێمی كوردستانیش بەشوێنێكی مەترسیدار ناودەبەن بۆ رۆژنامەنوسان و ئازادی رادەربڕین. هاوكات رۆژنامەنووسان پێیانوایە هەرێمی كوردستان ژینگەكەی لەبارنیە بۆ ئازادی رادەربڕین و تا ئەوكاتە ژیانت پارێزراوە كە دەست بۆ بەرژەوەندی كەسانی دەستڕۆیشتو نەبەیت، تائێستاش دادگا سەروەربوونی خۆی نەسەلماندووەو یەكێك لەنموونەكانیش كەیسی كاوە گەرمیانییە. كاروان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی هەروەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام لەهەوڵداین بكەرانی پشت ئەم تاوانە بدۆزینەوە چونكە پێمانوایە ئەو كەسەی كەئێستا لەزیندانەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە تەنها نیەو كەسانی تر لەپشت ئەم تاوانەوەیەو لەم ماوەیەشدا ئێمە زانیاریمان دەستكەوتووە كە بكەری ئەم تاوانە تەنها خۆی نەبووە». ئاماژەی بەوەشكرد:» ئێمە هیچ بڕوایەكمان بەدادگا نیە چونكە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەر بۆ خۆی لەمیدیاكاندا باس لەوەدەكات كە دادگا رۆڵی خۆی نابینێت، ئیتر ئێمە چۆن بڕوامان بەسەروەری دادگاكان هەبێت». وتی:»كاوە كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێکدا نەبووە بۆیە هەمیشە ئێمە داوادەكەین كێن ئەو كەسانەی كەدەستیان لەتیرۆركردنیدا هەبووە». هەروەها رۆژنامەنووس ئەیاد محەمەد بەهاوڵاتی وت:» دادگاكان لەهەرێمی كوردستاندا لەژێر هەیمەنەی حزب و كەسایەتیدان و زۆرجار نەیانتوانیوە لەكەیسی رۆژنامەنووسان و چالاكانی مەدەنی بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن، نموونەش كەیسی كاوە گەرمیانیە كە تائێستا بكەرانی پشت ئەم تاوانە دادگایی نەكراون و هەر كەیسێك دژ بەدەسەڵات بێت و لەبەرژەوەندی هاووڵاتی بێت ناگات بەئەنجامی دڵخۆشكەر بۆ ئێمەو خانەوادەكانیان كە بۆ ئەم قسەیەش چەندین نموونەمان هەیە لەكوردستان كە تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نەبووە». وتیشی: ئازادی رادەربڕین لەهەرێمدا لەوپەڕی خراپیدایە چونكە رۆژانە دەبینن رۆژنامەنووس ئازار دەدرێت و زیندانی دەكرێت و شەهید دەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلەكانی كاركردنیدا دەگیرێت و هەڵدەكوتنە سەر ماڵیان، یاخود كەیست لەدژ دروست دەكرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئازادی تائەوكاتە پارێزراوە كەدەست بۆ بەرژەوەندی حزب و شەخس نەبرێت». رۆژنامەنووس ئەیاد محەمەد دەڵێت:»ژیانی رۆژنامەنووسان پاێزراو نیەو هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی مەترسیدارە بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان، بەداخەوە متمانە نەماوە لەنێوان ئەو لایەنانە كەخۆیان بەبەرگریكاری رۆژنامەنووسان دەبینن و بەشێكیان گومان دەكرێت كە لەگەڵ دەسەڵاتدا تێكەڵبن، ئەم گومانە لەلای بەشێكی زۆری رۆژنامەنوسان هەیە». شیرین ئەمین خێزانی كاوە گەرمیانی سەبارەت بەكەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دوای نۆ ساڵ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» پەیامی ئێمە بۆ نۆیەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی ئەوەیە كە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازەكەی كاوە كەبەڵینی دابوو لەهیچ شتێك سڵنەكاتەوەو داكۆكیكاری مافەكانی خەڵك بێت دوور لەهەموو بەرژەوەندیەكی تایبەت، ئێمە تەواوكەری كارەكانی ئەو دەبین، ئەگەرچی لەلایەن دادگاوە دۆسیەكەی داخراوە بەڵام لەلای ئێمە هیچ كات داناخرێت و بەردەوام دەبین لەدۆزینەوەی بكەرانی پشت تاوانەكە». وتیشی،» ئێمە هەندێك زانیاری و سەرچاوەی دیكەمان دەستكەوتووە لەسەر دۆسیەكەی، بەڵام دەمانەوێ وردتر كاری لەسەر بكەین لەداهاتوودا». «من وەك ئەندام پەرلەمان لەماوەكانی رابردوودا هەوڵماندا كە یاسای رۆژنامەنووسان هەمواربكرێتەوە بۆ ئەوەی كە ژیانی رۆژنامەنووسان باشتربكرێت و بەئاسانتر دەستیان بەزانیارییەكان بگات و بەئازادانەتر داكۆكیکاری لەئازادی بكەن بەڵام بەحوكمی ئەوەی كەئێمە رێژەیەكی كەم بووین و ترسی ئەوەمان هەبوو دەست بۆ ئەو پرسە ببەین، لەبەرئەوەی ترسی ئەوەمان هەبوو هەمواركردنەكەی لەبەرژەوەندی رۆژنامەنووسان نەشكێتەوە، هەروەها ئەمساڵ پرۆژە یاسایەكمان پێشكەش بەپەرلەمان كرد بۆ رۆژنامەنووسانی شەهیدانی قەڵەم بۆ ئەوەی كەخزمەت بەشەهیدانی قەڵەم و تەواوی رۆژنامەنووسان بكات، بەڵام بەداخەوە رێگەنەدرا پرۆژەیاساكە بخرایە بەرنامەی كارەوە»، شیرین ئەمین وای وت. هاوكات رێكخراوی داكۆكی بۆ ماف و ئازادی، لەهەرسێ شاری لەندەن و بێرمینگهام و مانجستەر لەبەریتانیا ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانیان كردەوە. لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لەسەر وێنەی كاوە گەرمیانی درودو سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و تیرۆركراوانی دەستی غەدرو ستەم نێردرا، نەفرەت لەتاریكخوازان و دوژمنانی ئازادی كرا . هەر لەم یادەدا دووبارە جەخت لەسەر ئیدانەكردنی هێشتنەوەی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان و بەرتەسككردنەوەی ئازادی و رێگەگرتن لەخۆپیشاندان كرایەوە. هەروەها رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر لەسەر دۆسیەی ئازادی رۆژنامەنووسی لەكوردستان بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»ئازادی رادەڕبڕین لەپاشەكشەیەكی بەردەوامدایەو ئەوەتا دەبینن رۆژانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵی رۆژنامەنووس و دەیگرن، سسترین كەیس كە دەیبینین كەیسی رۆژنامەنووسانە لەدادگاكان، كاریگەری حزب بەسەر دادگاكانەوە هەیە، كاتێك رۆژنامەنووسێك دەعوایەك تۆماردەكات كەمترین كاری لەسەردەكرێت و رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان دەگۆڕێ لەلایەن كەسانی باڵادەستەوە".
نیگار عومەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا لەسنوری گەرمیان هیچ بەنداوێكی ستراتیژی دروستنەكردووە، ئەو بەنداوانەش كەكراون بەنداوی بچووكن و بەگوێرەی پێویستی ناوچكە نین تا بتوانرێت سود لەسەرچاوەی ئاوی باران وەربگیرت و پارێزگاری لەئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بكات، تائێستا دوو بەنداو دروستكراون كەئەوانیش ئاوەسپی و بەنداوی باوەشاسوارە، بەنداوی باوەنور كە بەبەنداوێكی گەورە وەسفدەكرێت تەنها لەسەدا پێنجی كارەكانی تەواوكراوەو ماوەی هەشت ساڵیشە كاركردن تیایدا راگیراوە، 10 پۆند لەسنورەكە بۆ كۆكردنەوەی ئاو دروستكراوەو شارەزایەكی دەرامەتی ئاویش دەڵێت: حكومەت كارە سەرەكییەكەی خۆی لەبواری ئاودا بیرچووەتە كە دروستكردنی بەنداوە، ئێستا پۆند دروستدەكات، ئەوە لەكاتێكدایە كەمئاوی و وشەكەساڵی هەڕەشەیەكی جدییە لەسەر ناوچەكە. لەسنوری گەرمیاندا لەساڵی 2013ەوە بڕیاری دروستكردنی بەنداوی باوەنور دەرچووەو تەنها پێنج لەسەدی كارەكانی كراو لەساڵی 2014ەوە كاركردن تێیدا راگیراوە، جگە لەم بەنداوە بەنداوی خۆرنەوازانە كەدەكەوێتە سنوری ناوچەی داودەو نزیكە لەتەواوبوون پێنج لەسەدی كاركانی ماوە تەواوبكرێت، بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكەش 244 ملیار دینارەو بەبەنداوێكی گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت بۆ سنورەكە. بەنداوی بەردەسور كە بەیەكێک لە بەنداوە ستراتیجیەكان دادەنرێت بۆ گەرمیان نەخشەو پلانی كاری بۆ داڕێژراو رەوانەی ئەنجومەنی وەزران كراو هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاودێری گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەگەرمیاندا لەئێستادا 10 پۆند ئاوی تێدایە كە سێ دانەیان لەسەر ئەركی رێكخراوەكان دروستكراوە لەسنوری گوندەكان كە شەش دانەیان دەكەوێتە سنوری ناحیەی قۆرەتووەوە، كاركردن لە سێ پۆندی دیكەدا بەردەوامەو چاوەڕوان دەكرێت لەم نزیكانەدا تەواو بكرێت». وتیشی: « ئەم دە پۆندە توانای كۆكرنەوەی دوو ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە هەر پۆندێك نزیكەی 150 بۆ 500 مەترسێجا ئاو كۆدەكاتەوە هەر پۆندێك نزیكەی ملیارێك دیناری دەوێ بۆ دروستكردنی». بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان دەڵێت:» داوامان كردووە 14 پۆندی دیكە دروستبكرێت، ئەم پۆندانەش بەزۆری دەكەونە سنوری قەزای كفرییەوە كە دەزانین گوندەكانی ئەو سنورەكە وشك و بێئاون، ئەم پۆندانە سودێكی باشی هەیە بۆ ئەو گوندانەی كە دانیشتوانەكانیان بەهۆی وشكەساڵی و بێئاوی ناچاری كۆچكردن بوون و بەم هەنگاوە گوندەكان لەچۆڵبوون دەپارێزێت». عەدنان عەلی بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « بەنداوی باوەنور لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی دراوەو لەسەدا شەشی كارەكانی تەواوبووەو لەساڵی 2014وە كاركردن لەپرۆژەكەدا راگیراوەو هەندێ كات ناوبەناو كەپارە خەرج كرابێت كاری تێداكراوەو ئێستا بەتەواوەتی كاركردن تێیدا راگیراوە، بڕی بودجەی تەرخان كراو بۆ پرۆژەكەش 244 ملیار دینارە «. وتیشی:» هۆكاری راگرتنی پرۆژەكە پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە، ئێمە بەبەردەوام داوامانكردووە كە بوجەی پێویستی بۆ تەرخانبكرێت و دووبارە كاركردن تێدا دەستپێبكاتەوەو رەنگە بەشێكیشی پەیوەندی بەوە هەبێت كەگەرمیان پشتگوێخراوە لەزۆربەی رووەكانەوە «. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» درێژی بەنداوەكە 880 مەترەو توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، دەتوانێت 33 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت، بەتەواوبوونی ئەم بەنداوە سوودێكی گرنگی دەبێت بۆ ناوچەكە». عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «بەداخەوە لەگەرمیان نەتوانراوە وەك پێویست بەنداو دروستبكرێت، حكومەت ئیشە سەرەكیەكەی بیرچووەتەوەو ئێستا لەجێگەی بەنداو پۆند دروستدەكات، ئێمە گەر بەنداوی ستراتیجیمان هەبوایە دەمانتوانی لەم چەندڕۆژەی باران باریندا ملیۆنەها مەترسێجا ئاو كۆبكەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاوی بارانە نەمانتوانی سودی لێببینین، تەنها جگە لەپۆند و بەنداوە بچووكەكاندا ئاو كۆكراوەتەوە ئەوەی دیكەی بەفیڕۆچووە». هاوكات جەلال شێخ نوری سەرپەشتیاری ئیداری گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەنداوی خۆرنەوەزان نزیكەی پێج لەسەدی كارەكانی ماوە كە تەواوببێت بەتەواوبوونی بەنداوەكە بەسەرچاوەیەكی گرنگی كۆكردنەوەی ئاو دادەنرێت بۆ ناوچەكە، بەنداوی بەردەسور كە بەبەنداوێكی ستراتیجی دادەنرێت نەخشەو پلان و دەرخستەی تەواوكراوەو نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەپێنجەم بەنداو دادەنرێت لەكوردستان «. وتیشی:»هۆكاری تەواونەكردن و دروستنەكردنی بەنداو لەگەرمیاندا بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە، لەهەوڵداین كە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كار بۆ دروستكردنی ئەو بەنداوانە بكەین». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەم ماوانەدا بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار بەردی بناغەی سێ پۆندمان داناوە لە سنوری گەرمیان كە ئەم پۆندانە گرنگی خۆی هەیە بۆ دانیشتوانی گوندەكان». هەروەها عەبدولموتەلیب رەفعەت جەختیكردەوە:» پێویستە حكومەت خەمێك لەدروستكردنی ئەو دوو بەنداوە بخوات كەبەنداوی باوەنورو بەردەسورە كە بەچوارەم و پێجەم بەنداو دادەنرێن لەكوردستان و ئەو بەنداوانەی كە هەن بچووكن تەنها بەنداوی ئاوەسپی 15 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت، ئەوانی دیكە پێنج بۆ شەش ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرن، چونكە لەئێستادا سەردەم سەردەمی گۆڕانی كەشوهەوایەو رەنگە لەچەندساڵی داهاتوودا جەنگی ئاو لەعێراق و جیهانیشدا دروست ببێت و گەرمیان بەگوێرەی تایبەتمەندی ئاووهەواكەی پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بەنداوی زیاتر بۆ دروستبكرێت». «دروستكردنی پۆندەكان بەگوێرەی پێویستی ناوچەكە نین و مەترسی لەسەر وشكی رووباری سیروان هەیە، تەنها دەتوانین لەئاوی باران بەهەبوونی بەنداو ئاوی پێویست كۆبكەینەوە، پێویستە بەنداوەكان بەشێوەی زانستی دروستبكرێن و سیستەمی نوێی كشتوكاڵ پەیڕەو بكرێت لەگەڵ گۆڕانە كەشوهەواكانیشدا مامەڵەیەكی باش بكرێت»، عەبدولموتەلیب رەفعەت وای وت.
عەمار عەزیز ماوەی شەش ساڵە سەرووی سەدا 90 دانیشتووانی ناوەندی دهۆك و زاخۆو ئاكرێ یەك لیتر نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێدایە هەر خێزانێك لەو شارانە بەلایەنی كەمی لەوەرزی زستان پێویستی بەدوو بەرمیل نەوت هەیە. عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی سووتەمەنی و سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»بۆ ئەمساڵ حكومەتی هەرێم تائێستا تەنها بڕی 70 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ كڕینی نەوت و دواتر لەسەر هاووڵاتیان بە 103 هەزار دینار دابەشی دەكات، ئەم بڕە پارەیە تەنها بەشی 247 هەزار بەرمیل دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لە پارێزگای دهۆك پێویستمان بە 270 هەزار بەرمیلە، پارەكەی حكومەت تەنها بەشی پارێزگایەك دەكات، حكومەت دەڵێت وەجبەی تر بڕێكی تر لەپارە دابیندەكەین، بەڵام بەبڕاوی من هەر وەجبەیەک چەند مانگێكی تری پێدەچێت و دواتر زستان تەواو دەبێت و ئەمساڵیش بەدەردی ساڵانی تر دەڕوات، سەرووی 90 لەسەدی دانیشتووانی ناوەندی دهۆك و زاخۆ شەش ساڵە یەك لیتر نەوتیان وەرنەگرتووە». «هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی وەك بەشی هەرێمی كوردستان دەنارد، بەڵام ئەمساڵ تائێستا نەیناردووە، پێویستە پێش هاتنی وەرزی زستان حكومەتی هەرێم فشارێكی زۆر لەسەر بەغدا بكردایە تاوەكو بەشە نەوتی خەڵكی هەرێمیان بناردایە، ئەم شێوازەی ئێستای حكومەت تەنها رازیكردنی خەڵكە، چۆن دەكرێت بەدوو سێ مانگ تەنها نەوت بدرێتە ناوچە شاخاوییەكان ئەی خەڵكی تر چی بكات». «بەدواداچوونمان بۆ شێوزای دابەشكردنی نەوت كردووە زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچێت، پێویستە حكومەت بەزووترین كات بڕێكی باش لە پارە دابین بكات، هەروەها پرۆسەی دابەشكردنیش لەیەك كاتدا لەچەند ناوچەیەك و چەند شارێك دەستپێبكەن تاوەكو زۆرترین كەس بەلایەنی كەمی یەك بەرمیل نەوت وەربگرێت»عەبدولسەمەد تێلی وای وت. قەزای ئاكرێ ناحیەكانی (دینارتە، گردەسێن، بجێل)ی لەسەرە تائێستا تەنها دانیشتووانی ناحیەی دینارتە نەوتیان وەرگرتووە. شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاكرێ بەوەكالەت بەهاوڵاتی وت: «زیاتر لەدوو هەفتەیە دەست بەدابەشكردنی نەوت كراوە لەسنوری قەزای ئاكرێ تەنها یەك ناحیە تەواوبووە ئەویش ناحیەی دینارتەیە، لەبەرنامەی حكومەتدایە دەست بەدابەشكرنی نەوت بكرێت لەناحیەی بجیل ئینجا ناحیەی گردەسێن، جارێ بۆ ناوەندی قەزا دیارنیەو دەبێت لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بپرسن كەئایا كەی دەست بەدابەشكرنی نەوت دەكرێت بۆ ناوەندی شار». وتیشی:» دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی ناو شار لەدەستی ئێمەدانیە، ئێمەش دەمانەوێت هەموو هاووڵاتیانی ناوەندی ئاكرێ بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەمە شتێكە لەدەست ئێمە نیە». محەمەد ئەمین تەمەر، نیشتەجێی گەڕەكی ئاڵەیی-یە لەناوەندی دهۆك، خاوەنی چوار منداڵە شەش ساڵە یەك لیتر نەوتی وەرنەگرتووە بەهاوڵاتی وت:»هەموو ساڵێك حكومەت درۆ لەگەڵ خەڵك دەكات بەچەند بەڵێنێكی نادروست خەڵك رازیدەكەن و دەڵێن دەست بەدابەشكردنی نەوت بەسەر هاونیشتیمانیان دەكەین، بێزاربووین لەدرۆكانی حكومەت، دەیان بیرە نەوت لەسنوری قەزای ئاكرێ هەن، خوا قبوڵ دەكات ساڵانە یەك بەرمیل نەوت بەخەڵك نەدرێت، نەوت بووەتە نەگبەتی لەجیاتی ئەوەی خێری بۆ خەڵك هەبێت تەنیا چەند كەس و لایەنێك سوود لێیوەردەگرن». محەمەد ئەمین تەمەر وەكو هەموو ساڵێك پێش دوو هەفتە بەناچاری بەرمیلێك نەوتی بە 270 هەزار دینار كڕیوە، ئەو وتی»كەشوهەوای ئاكرێ ساردە بەتایبەت لەشەوان، كارەبای نیشتیمانیش زۆر خراپ بووە ناچاربووم بەرمیلێك نەوتم كڕی بە 270 هەزار دینار، بەدڵنیاییەوە بەشمان ناكەت ماوەیەكی تر دەبێت بەرمیلێكی تر بكڕین، شەش ساڵە ئەوە حاڵمانە، یەك لیتر نەوتمان وەرنەگرتووە». زانا عیسا، هاووڵاتیەكی تری ناوەندی شاری دهۆكە، ئەویش شەش ساڵە نەوتی وەرنەگرتووە، بەهاووڵاتی وت: «پارساڵ كۆمەڵێك بریكاری بەشەخۆراكی مانگانە بلیتی نەوتیان دابەشكرد، بەڵام بریكاری ئێمەی تیادا نەبوو، پار دوو بەرمیل نەوتم كڕی، ئەمساڵیش تائێستا بەرمیلێك نەوتم كڕیوە بە 270 هەزار دینار، حكومەت بەنیاز نیە نەوت بەسەر هاونیشتیمانیانی ناوەندی شار دابەشبكات، مانگێكە دەست بەدابەشكردنی نەوت كراوە تائێستا تەنها چەند ناحییەك وەریانگرتووە، ئەگەر بەم شێوەیە دابەشبكرێت ساڵێكی تر ناگاتە ناوەندی دهۆك».
هاوڵاتی پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتریی سلێمانی) كارەكانی بەسستی بەڕێوەدەچێت و نزیكە لەپەككەوتن، لەو 400 ملیار دینارەی حكومەتی هەرێم بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی لەتەمموزی 2020 بڕیاری لێدا تەنها لەسەدا 15ی خەرجكراوە، ماوەی پرۆژەكە سێ ساڵە، بەڵام زیاتر لەدوو ساڵی ماوەكەی تەواوبووەو تائێستا لەسەدا 48ی تەواوكراوە، چاوەڕوان ناكرێت لەوادەی خۆیدا تەواو بكرێت. پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، بەتۆڕی شەقامە لاوەكییەكانیەوە درێژییەكەی 145 كیلۆمەترەو بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بڕی 400 ملیار دینار بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوە، بەهۆی دابین نەكردنی پارە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تائێستا كارەكانی بەسستی بەڕێوەدەچێت. زەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: تائێستا لە 48٪ كارەكانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لەسلێمانی تەواوبووە، ئەوەی لەسەر شارەوانی سلێمانییە تەنیا لایەنی ئەندازیاریەكەیەتی سەرپەرشتی دەكات. هاوكات ئەبوبەكر تەیب، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەسەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە 34 كیلۆمەتر درێژە، لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاگوندی دەمركان و 48٪ـی كارەكانی تەواو بووە. بەڕێوەبەری پڕۆژەكە دەڵێت: شەقامەكە چوار سایدی هاتن و چوونەو پانییەكەشی 100 مەترە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس، حەوت یەكتربڕو سێ پردی پەپوولەیی لەخۆدەگرێت، جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵوجە، پردێك دروست دەكرێت، كە درێژییەكەی 500 مەترەو 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەبوبەكر تەیب، سەبارەت بەدابینكردنی كارەباو تۆڕی ئاو بۆ شەقامەكە، وتی: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، 67 ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆدەگرێت، كەدرێژایی هەر یەكێكیان 110 مەترە، هەروەها تۆڕێكی كارەبای مۆدێرنی بۆ رووناككردنەوەی تەواوی شەقامەكە تێدایە. بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ، تائێستا حكومەتی هەرێم تەنها 15٪ی گوژمەی دابینكراوی پرۆژەكە كە 400 ملیار دینارە خەرجكردووە، هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پارە لەبانكەكان، چونكە حكومەتی هەرێم ئەو پرۆژەیەشی لەسەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. رەمەزان نامیق سەرۆكی بەشی پلان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت: دواینجار سەردانی شەقامی (100) سلێمانیمان كرد بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئیشوكارەكانی ناو پڕۆژەكە، بەهۆی خەرجنەكردن و نەبوونی پارەی پێویست لەلایەن حكومەتەوە پڕۆژەكە وەك پێویست كاری تێدا نەدەكراو تەنها (46٪) پڕۆژەكە تەواو كرابوو و بۆ ئەمساڵیش ناتوانرێت شەقامەكە تەواو بكرێت . وتیشی: هەروەها چەندین زیادەڕەوی جۆراوجۆر لەناوچەی (تاسڵوجەو تانجەرۆ) لەبەردەم پڕۆژەكەدا هەیەو تائێستا لانەدراون و رێگرن لەبەردەم پڕۆژەكە. رۆژی 11-07-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك وەزیرو پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانا، گوژمەی پڕۆژەكە 400 ملیار دینارەو بڕیارە لەماوەی 1100 رۆژ تەواوبكرێت كە 30-8-2023 دەكات. ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لەدروستكردنی رێگەیەكی خێرای 100 مەتری، درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە كە لەتاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە دەمركان نزیك شارۆچكەی عەربەت. پڕۆژەكە چوارسایدی هاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت كە پانیی سایدی سەرەكی 21 مەترەو سایدی خزمەتگوزاری نۆ مەترە، دوو سایدیان بۆ رۆیشتن و دووانیان بۆ هاتن بەكاردەهێندرێت.