١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی تێدەپەڕێت، دانیشتوانی زۆربەى شارو شارۆچکەکانى کوردستان هاتنە سەر شەقام و داواى گۆڕانکاریان لەسیستمى سیاسى و ئابورى و بەرێوەبردنى هه‌رێمدا دەکرد. ١٧ی شوباتی ساڵى ٢٠١١ ئەو ڕۆژەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵك لە بەر دەركی سەرای سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەردەوام بوو.  ئەمرۆ دووشەممە، ١٤ ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕی كە لە فەرهەنگی سیاسی باشووری كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانیدا بووە بە مێژوویەكی لە یادنەكراو. دواى ١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەکانى دیکە،  هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیان پێیانوایە تاوەكو ئێستاش داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە، هەروەها هێشتا تۆمەتبەرانى شەهیدانى ١٧ى شوبات و رۆژانى دوایى نەدراونەتە دادگا. لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواییدا كە بەشێك لە خەڵك بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر شەقامەكان مانەوە، داواكارییەكان بۆ چاكسازی و دادپەروەریی بوون.  داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندانەکانى ١٧ـی شوباتى ساڵى ٢٠١١، باشكردن و گۆڕینى سیستمى حکومڕانی، دادپەروەری و شەفافیەت لە داهات و خەرجی، باشکردنی مووچە. لەخۆپیشاندانەكانی ٢٠١١ـدا، دە كەس شەهیدبوون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێكیان بە گولەی هێزە ئەمنییەكان بوون و هەندێكی دیكەشیان هێشتا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام یەكەم شەهیدی ئەو ڕۆژانە داوای یاساییەكەی لەسەر لقی 4ی پارتی لەسلێمانی تۆمار كراوە. خۆپیشاندانی رۆژی (17)ی شوباتی ساڵی (2011) داو بۆ ماوەی (63) رۆژ، چەندین هەزار كەس بەشێوەی خۆڕسك لە دژی دەسەڵات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

هاوڵاتى سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڕایدەگەیەنێت لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستان مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد. عادل باخەوان لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام کورد شانسی ئەوەی هەبوو کە کەسی یەکەمی کۆنفرانس، سەرۆک ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستانبێت مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد و کردی بەمەرج بۆئەوەی یەکێتی ئەوروپا یەکەم سزاکان لەسەر سوریا هەڵبگرێت و دووەم مامەڵە لەگەڵ سوریا وەک پارتەنەری نوێ بکات. سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ئەوەش دەڵێت پاشان، لە پشت کامێراکانەوە دەستی وەزیری دەرەوەی سوریا دەگرێت و پێیی دەڵێت : ئێمە ئامادەین هەموو هاوکاریەکتان بکەین، بەڵام بەمەرجێک کە کورد ئەکتەری سەرەکی بیناکردنەوەی سوریابن. هەروەها دەڵێت: ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوپەیمانەکانمان بەتەنها بەجێبێڵین، چونکە ئەوەی کورد بۆ ئێمەی کردوە، کەس بۆی نەکردوین.  ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو 13ـی شوباتی 2025، لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی لە بارەی داهاتووی سووریا و قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی وڵاتانی (G7) کە پێکهاتوون لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن و ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی تورکیا، سووریا، سعوودیە، عێراق و لوبنان بەشدار بوون.

هاوڵاتى هەردوو وەزارەتی دارایی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون ناونیشان و پلەی وەزیفی فەرمانبەران هاوتا بکەن و چیتر بۆ دانانی مووچەی بنەڕەتی کار بە یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2008 ناکرێت. بەپێى زانیاریەکان، لەچەند رۆژى ئایندە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق کار بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 400ـی ساڵی 2015 بکات، بۆ خشتەی میلاکات و بۆ مووچەی بنەڕەتی و سەرمووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران. ئەو فەرمانبەرانەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایان هەیە، کێشەیان بۆ دروست نابێت و بەپێی خزمەت پلەیان بەرزدەبێتەوە تاوەکو دەگەنە پلە یەک. بە مەرجێک پلەکانیان بە شایستەیی وەرگرتبێت واتا بە حەقی خۆیان. دیبلۆم: لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرێک ئەگەر بڕوانامەی دیبلۆمی هەبێت،  ناونیشانی وەزیفی دەگەیشتە پلە یەک، مووچە بنەڕەتییەکەشی ملیۆنێک و 480 هەزار دینارە بۆ پلە یەک. بەڵام بەپێی بڕیاری 400ـی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2015 دەرچووە، نابێت فەرمانبەرێک کە تەنیا بڕوانامەی دیبلۆمی هەیە بگاتە پلە یەک و دەبێت لە پلە دوو بووەستێت، بەمەش مووچەکەی 370 هەزار دینار کەم دەبێتەوە و  بۆ ملیۆنێک و 110 هەزار دینار، لەوە زیاتر مووچەی بەرزنابێتەوە، هەرچەند خزمەتی زیاتریشی هەبێت یان لە داهاتوودا ساڵانی خزمەتی زیاد بێت. شەشی ئامادەیی (12ـی بنەڕەتی ئێستا): ئەگەر فەرمانبەرێک تەنیا بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ناونشانی وەزیفی دەگاتە پلە دوو، بە مووچەی ملیۆنێک و 148 هەزار دینار، بەڵام بەغدا دەڵێت دەبێت تاوەکو پلە سێ  بێت و لەوێ بووەستێت، بەمەش مووچەکەی دەبێتە 700 هەزار دینار، بەمەش 448 هەزار دینار مووچەکەی کەم دەبێتەوە. سێی ناوەندی (نۆی بنەڕەتی): ئەگەر فەرمانبەرێک تەنیا بڕوانامەی ناوەندی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ناونشیانەکەی تاوەکو پلە سێ دەهات و مووچەکەی 928 هەزار دینارە، بەپێی داواکاری بەغدا نابێت لە پلە چوار زیاتر سەربکەوێت، بەمەش مووچەکەی دەبێتە 589 هەزار دینار. شەشی سەرەتایی: ئەو فەرمانبەرەی بڕوانامەی شەشی سەرەتایی هەبێت تاوەکو پلە چوار دێت بە مووچەی 741 هەزار دینار ئەمە بەپێی ڕێنماییە دەرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی داوکاری بەغدا نابێت پلەکەی لە پێنج زیاتر بێت، مووچەکەشی 589 هەزار دینار دەبێت، بەمەش مووچەکەی 152 هەزار دینار کەم دەکات. بێ بڕوانامە: فەرمانبەری بێ بڕوانامە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو پلە پێنج دەهات بە مووچەی 609 هەزار دینار، بەڵام بەغدا داوا دەکات ناونیشانەکەی لە پلە شەش زیاتر نەبێت، مووچەکەشی وەکو پلە پێنج دەبێت و دەبێتە 589 هەزار دینار، بەمەش مووچەکەیان 20 هەزار دینار کەم دەکات. جگە لە بڕوانامە، سەرجەم دەرماڵەکانی خێزان و منداڵ و مەترسی و هاندان و هاتووچۆی بۆ زیاد دەکرێت کە دەرماڵەکان چەندین جۆری جیاوازن. پێویستە وەزارەتی دارایی کوردستان پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بکات، بەپێی بڕیاری ژمارە 400ـی ساڵی 2015 بیگونجێنێت، ئینجا ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەکرێت و پێویستە پەسەند بکرێت، ئەوکات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.

  لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بیرکاریی هزریی بۆ ساڵى ٢٠٢٥، دوو منداڵى سلێمانى و هەولێر بووونە پاڵەوانی یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی جیهان. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوەو تێیدا دەڵێت: بۆ یەکەمین جار مناڵانی کورد بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە بەشداری گەورەترین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیان کرد لە بەرواری ١٥-٢-٢٠٢٥ لە شاری بەغداد کە زیاتر لە ٤٥٠ مناڵ لە ١٦وڵاتی جیهانەوە کە ئەوانیش وڵاتانی (ڕوسیا، تورکیا ، ئێران، ئۆکرانیا ، ئەڵمانیا ، کازاخستان ، ئۆزبەگستان ، فەڕەنسا، تونس ، سعودیە ، یەمەن ، میسر، چیک، عێراق) تێیدا بەشدار بوون. ئەو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەم ساڵ توانرا (لاوی هەرێز) یەکەمی سەر ئاستی سلێمانی لەلایەن (م.بەڵێن هەورامی) لە پەیمانگای سلێمانی ڕاهێنانی پێ کرابوو، (عەبدوڵا پێشەوا) یەکەمی سەر ئاستی هەولێر کە لە لایەن (پێشواز شەفیق) لە قوتابخانەی کوردستانی ئایندە ڕاهێنانی پێکرابوو نوێنەرایەی هەرێمی کوردستان بکەن و بەشداربن لە پێشبڕکێکەدا. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، پارێزگارى سلێمانى دەڵێت: سوپاس بۆ خودا؛ لاوی هەرێز لە شاری سلێمانیەوە پلەی پاڵەوانی یەکەم (چامپیۆن) و، عەبدوڵا پێشەوا لە شاری هەولێرەوە پلەی دووەمی بەدەستبهێنن لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها دەشڵێت: بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی لە هەریەک لە بەڕێزان لاوی هەرێزو عەبدوڵا پێشەوا دەکەین.

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ لە هەولێر وەفدی ئیمراڵی دەبینم، ئەمان بە پەیامی عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلانەوە هاتوون، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە قەندیل زۆر بەجددی بیر بكاتەوە كە پێشوازی لە بانگەوازەکەى بکات. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەولێر و چەندان پرسی دیکە کرد.  ئەو وتى: سبەینێ لە هەولێر وەفدی ئیمراڵی دەبینم، ئەمان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئۆ*جەلانەوە هاتوون، ئێمە پێشبینی دەكەین پەیامی ئاشتی بێت، پەیامەكەش زیاتر بۆ (پە**كە*كە) دەبێت، هیوادارین (پە**كە*كە) هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆ*جەلان بكات.  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسی پرۆسەی ئاشتییان كردوە، ئەوتى: هەست دەكەم توركیا زۆر بەجددی دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات، هەموو شتێك لەسەر وەفدەكەی (دەم پارتی) ماوەتەوە كە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو بانگەوازەی كە بڕیاروایە بەڕێز عەبدوڵا ئۆ*جە*لان لەماوەیەكی نزیكدا بیكات. هەروەها وتیشى: پێشبینی دەكەم تا نیهایەتی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە قەندیل زۆر بەجددی بیر بكاتەوە كە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆ*جەلان بكات. نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لەوە کرد "هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە 'گفتوگۆیەکی جیددیدان' بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستە چەندان دیدار لەنێوان هەردوولادا کراوە." بە وتەی جێگری سەرۆکی پارتی "دیدارەکانی پێشووی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی، لەبارەی ئەوە بووە، چۆن پێکەوە کار بکەین؟ ئەگەر هەردووکمان هاوبەشین لە حکوومەتێکدا ئەو هاوبەشییە مانای چییە؟ ئەمانە، ئەو بابەتانە بوون کە جێگەی بایەخی هەردووکمان بوون و پێشوەچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە تەواو بکەین، تاوەکوو لە قۆناغی داهاتوودا، باس لە چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی، پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەدا بکرێت."

هاوڵاتى بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت، شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی  (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان بەبارزانی گەیاندوە، ئەویش ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.  ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو.  هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە مەسعود بارزانی گەیاندوە. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، لەو دیدارەدا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.  هەروەها بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند. دوێنێ شەممە وەفدی ئیمراڵی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەڕێگاى وشکانى هاتنە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە پێكهاتووە لە هەریەكە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، هەروەها ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، بەردان ئۆزتورک هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) هەریەکە لە  پەرلەمانتاران گولجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ. سەردانەی وەفدی ئیمراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، درێژەدانە بەو سەردانانەی كە وەفدەكە لەدوای دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری دەستبەسەركراوی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2024وە بۆلای لایەنە سیاسییەكانی توركیاو كارەكتەرە سیاسییەكانی كورد لە باكوری كوردستان دەستیپێكردووە.

هاوڵاتى فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، هەولێر و بەغداد کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش، هەفتەی داهاتوو هەردوولا کۆدەبنەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی میونشن-دا رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. دەشڵێت، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، 19 ملیار دینار زیانی بە عێراق گەیاندووە. فوئاد حسێن وتیشی، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە تەکنیکییانە دەستپێدەکەن و بە چەند رۆژێک، رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت. رۆژی 2ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد و بەمپێیەش، لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، جارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە. پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی پەسەندکرد، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکانە لە هەرێمی کوردستان. پەسەندکردنی پلانی زیادکردنی پارە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا، لەو چوارچێوەیەدا تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم بە ١٦ دۆلار دیاریکرا.

هاوڵاتى بارەگای بارزانیی ڕایدەگەیەنێت ئەوەی ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە. ئێوارەى ئەمرۆ شەممە، ئەیاد عەلاوی، سیاسەتمەداری عێراقی وتى: مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لقێکی بۆ حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. لەوەڵامى ئەو قسانەى  ئەیاد عەلاویدا، بارەگاى بارزانى ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو ئەو زانیاریانەى ڕەتکردەوە. بارەگاى بارزانى دەڵێت: دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی. هەروەها دەشڵیت: لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین. دەقى ڕوونکردنەوەیەکەى بارەگای بارزانیی  ڕۆژی شەممە 15ی شوباتی 2025 لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسیەوە بەڕێز ئەیاد عەللاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستووەتەڕوو، لێرەدا جەخت دەکەینەوە  دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین.

هاوڵاتى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێوە ڕایدەگەیەنێت لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات. ئەمرۆ شەممە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبووەوەتەوو دوابەدى کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لەبەشیکى ئەو بەیاننامەدا هاتووە: بیروڕا گۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە. هەروەها دەشڵێت: لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێت.  کۆمیتەى ناوەندى پارتى ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

  کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شووباتی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت، چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە. ئەمڕۆ شەممە، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، دژی پێلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. بەیاننامەی کۆمیتەکە لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و وێرای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ـی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، هاوڵاتییانی کوردستان، هاونیشتیمانیانی ئازیز، وا پێ دەنێینە ٢٧ـەم ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامی ئەم قۆناغە نا مرۆڤانەیە دوورە لە هەرچی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆییەکانی تورکیا و جیهان، لەبەر ئەوە به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین. ئاماژە بەوەشدراوە، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری بە شێوازاێکی توند و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەمەش مانای وایە گەورەترین شەڕ لە ئیمرالییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان شکستی خواردووە و لەبەردەم دەرگای ئیمڕاڵی داوای ئاشتی ئەکات، کەواتە ئەم پرسە ئەگەر سیناریۆش بێت، ئەوا ڕوونە فاشیزم بێچارەیە، ئۆجالان بە هێز و کەسی یەکەمی چارەسەری ئەبینێت. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئاشتی تەنها لە تورکیا بە گرنگ نابینێت، بەڵکو پێیوایە جگە لە ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانی تێدا دابەش کراوە چارەی تریان نییە لە ئاشتی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر، چونکە تاکە پارێزێکی ئەو قەوارانە ملدانە بۆ ماف و ئازادیی و دیموکراسی، ملدانە بۆ بە یاسایی کردنی چارەسەری و دورکەوتنەوە لە هەڵخەڵەتاندن و دوو ڕوویی. کۆمیتەکە دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باکووری کوردستان ڕێکخستنێکی جەماوەری کۆمەڵایەتی دەرخستووە، کە دەوڵەتی تورکیای بێچارە هێشتووەتەوە، پەیمانی یەکڕیزی و متمانە بە ڕێبەرەکەی بەو پەڕی مۆڕاڵەوە گرێداوە، لەم ڕووەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “زەمینە هەبێت لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕم بۆ ئاشتی بە شێوازی یاسایی و سیاسی، کەواتە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێو تورکیا و ناوچەکەیە بەگشتییە، لەو ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دانراوە، ئێمە ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بخرێتە ژێر هەڕەشەوە. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئیسناى ئێرانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران چاودێری و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن لە کەرتە جیاجیاکاندا، لەوانە ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری واژۆکراون، دەقى چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی مەسعوود پیزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانەکەی بۆ تاران، "قۆناغ و لاپەڕەیەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان" لەنێوان لایەنەکاندا. سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئاژانس و ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە. ئەوەشى وت: لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان یان ئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەهێزتر کران بۆ ئەوەی هیچ جوڵەیەک نەبێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سنوورەکانی هەردوولا هەبێت.  هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی کە رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکی ھەرێم بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران بەکاربھێنێت.  وتیشى: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بەم ڕێککەوتنە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەدەین.

هاوڵاتى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە بەردەوامدەبن لەسەر بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن و ئامادەنین سبەینێ یەکشەممە دەوام دەستپێبکەنەوە. هەرچەندە بەڕیوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەى بایکۆت کۆتایی بێت و لەرۆژى یەکشەممەوە دەوام دەستپێبکاتەوە، بەڵام مامۆستایانى ناڕازى دەڵێن بایکۆت ناشکێنین. اکاتەوە. نەجمەدین محەمەد لە دەستەى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، لەسەر شکاندنى بایکۆت وتی، ئەوان وەک ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى بەردەوام دەبن لە بایکۆت. دەشڵێن، بایکۆت بڕیارێکى خۆڕسکى خودى مامۆستایانە. ئەو مامۆستایە ئەوەشى خستەڕوو، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جارێکى دیکە بەفەرمى سوربوونى خۆیان لەسەر بڕیارى نەشکاندنى بایکۆت دووپاتدەکەنەوە. دەشڵێت، تاوەکو حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى 12 و تەوتین و مووچە فەوتاوەکان و پلە بەرزکردنەوەیان دەستپێنەکاتەوە بایکۆت ناشکێنن. هەروەها ئەوەشى وت: لە چەند رۆژى داهاتوودا چالاکییان دەبێت و بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى. نزیکەى مانگێکە، بایکۆت لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان و شارەزوور بەردەوامە. پێنج شەممەى ڕابردوو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایانگەیاند، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە.

هاوڵاتى بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان لەکارەکەی دوورخرایەوە و قەییومی لە جێگە دانرا. بەیانی ئەمڕۆ شەممە (15ـی شوباتی 2025) وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئۆرزان بالچی پارێزگاری وانی وەک قەییوم لە جێگەی عەبدوڵڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان دانا و لە کارەکەی دووریخستەوە.  هەروەها دەڵێت: "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆکشارەوانی.    هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک سەرۆکشارەوانی بە وەکالەت."  دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خەڵکی لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. عەبدوڵڵا زەیدان، واژۆی لەسەر نووسراوی ئاگادارکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی نەکرد.    لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێشکگر کرد بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و ئازارو ئەشکەنجەدانی کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و رایگەیاند؛ کودەتاکەی نیوەشەو دژی شارەوانی گەورەشاری وان گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک دراوە. جگە لە شارەوانیی گەورەشاری وان، تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی نۆ شارەوانیی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان داندراوە. لەنێو ئەوانیشدا هەریەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی گەورەشاری وان، گەورەشاری مێردین، سێرت، ئێله (باتمان)، دێرسیم، خەلفەتی، باخچەسەرای لە باکوری کوردستان و ئاکدەنیز لە تورکیا بەدی دەکرێن کە دەم پارتی توانیووویەتی بەدەستیان بهێنێت. جگە لەو شارەوانییانەی کە دەم پارتی تیایاندا براوە بووە، حکومەتی تورکیا هەروەها ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئەسەنیورت لەکار دوورخستەوە و قەییومی لەجێ دانا.

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانمان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوون. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینی، 14ـی شوباتی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی العربیة وتی: پشتگیریی له‌ به‌شداریی كوردی سووریا ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی نوێی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌. مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران وتی: هه‌رێمی كوردستان خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی ده‌دات و له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بڕیار وه‌رده‌گرێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە هه‌رێمی كوردستان بریكاری هیچ لایه‌نێك نییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌،  وتیشى: هاوكات به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوونه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌مان بڕیوه‌ و بڕوامان وایه‌ ویست و نیازی باش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان چاره‌ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی بوونی پێگه‌ و بنكه‌ی ئیسرائیل له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تۆمه‌تن و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌ و ته‌نیا بانگه‌شه‌ی بێ به‌ڵگه‌ن، زۆر به‌ كورتی ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ گوتراوه‌ و ده‌گوترێت ڕاست نین، ئیسرائیلییه‌كان له‌ كوردستان نین، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌گوترێت هیچ پاساوێكی دیكه‌یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ده‌كه‌ن

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا. ئەمرۆ هەینى، لە یەکەم هەڵوێستی فەرمیدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق، ڕەتیکردەوە، هیچ مەرجێکى پێشوەختەیان هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق.  حکومەتى بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی لوتکەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ و چاودێران پێیان وایە کە ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ شکاندنی بنبەست و دوودڵی نێوان بەغدا و دیمەشق. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرەنسا 24 تیڤی ڕایگەیاندووە، بانگهێشتی فەرمییان ئاراستەی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات. ئەوەشى وت: بڕیارە ئەو وەزیرە بە زووترین کات لە پایتەختی عێراق دەبێت، شەیبانی ڕایگەیاندبوو کە "بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق بۆ سەردانی بەغدا قبوڵ دەکات". بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و کردنەوەی دەروازەکان. فواد حسێن ڕوونیشیکردەوە، "ئەو لووتکەیەی عێراق میوانداری دەکات لە مانگی ئایاری داهاتوودا، بانگهێشتەکە دەنێردرێت بۆ هەموو سەرکردە عەرەبییەکان، لەنێویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا". وەزیری عێراق جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، حکومەتی عێراق هیچ مەرجێکی نییە سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ سوریا، بەڵام ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک بۆچوونی هەیە سەبارەت بە داهاتووی سوریا.  حسێن ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، وڵاتەکەی نیگەرانن لە بوونى ڕێکخراوی داعش  چەکدارەکانی لە نزیک سنووری عێراق و سووریا، ئەو وتی: ئێمە ئەو ڕێکخراوە بە هەڕەشە دەزانین، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئیدارەی نوێی سووریا هەڵوێستی لەسەر داعش هەیە، پێویستمان بە هاوکاری و کاری هاوبەشمان لەگەڵ سووریا لەم بابەتەدا، بۆ لێدانی داعش و ڕێگە نەدات جارێکی دیکە ببێتە هەڕەشە.