فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان"، گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین". فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، داواکارى سەرەکییان مسۆگەرکردنى داواکارییەکانى کوردە لە دەستورى سوریا و کۆنفرانسەکەى قامیشلۆ هەوڵێکە بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لە سوریا. مەزڵوم عەبدى لە وتارێکدا لە دەستپێکى یەکەمین کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان" لە قامیشلۆ جەختیکردەوە، کە کاتى ئەوەیە مافەکانیان لە سوریا مسۆگەر بکەن و ئەوەش داواکارى سەرەکییانە. باسى لەوەشکرد، ئەوان 14 ساڵە لەشەڕدان  و 13 هەزار گەنجى کورد لەشەڕى پاراستنى رۆژئاواى کوردستان شەهیدبوون. مەزڵوم عەبدى جەختیکردەوە، ئامانجى کۆنفرانسەکە دابەشکردنى سوریا نییە، بەڵکو پاراستنى یەکێتى خاکى سوریایە و یەکڕیزى کورد ماناى یەکڕیزى سوریایە و بەهێزبوونى کورد بە هێزبوونى سوریایە. لاى خۆیەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەندامى لیژنەى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە بەستنى کۆنفرانسەکەى بە مێژویی ناوبرد کە بە مارشى نیشتمانى ئەى رەقیب دەستیپێکرد. رۆژی سێشەممەی رابردوو (22ـی نیسانی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژاڤا" ڕۆژی 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سووریا، هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەکانی باشووری کوردستان کرد لە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''لە باشووری کوردستان بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و لە یەکێتی کاک بافڵ، لە باکووری کوردستان و زیندانی ئیمرالییەوە بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان، هەروەها رێکخستنەکانی دیکەی کوردستان دەم پارتی و هەموو رێکخستنەکانی دیکە پاڵپشت بوون.''   دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بووە رۆژەڤ. ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''دەنگی گەلی خۆمان دەبیستین کە دەڵێن یەکبگرن و چارەنووس دیاری بکرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجام.   لەبارەی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''گفتوگۆ و گەنگەشەی دوور و درێژ کراوە و ئەمڕۆ بەڵگەنامەی گفتوگۆکان لێرە دەخوێنرێتەوە''. فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەو بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بگاتە ئەنجام و و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازێت. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆنفرانسەکە، زیاتر لە 300 کەس لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسایەتی کورد بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت. مەزڵووم عەبدی گوتی: ''بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین".   فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: ''هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە.''   مەزڵووم عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی- کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت: ''لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین''.

  بەگوێرەی نووسراوی کۆمسیۆن، کاتژمێر 10ـى بەیانى ئەمڕۆ سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیى بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت، گۆڕانی کوردسات داوا دەکات ئەندامانی کۆنفرانس بەشدار بن و گۆڕانی گردەکەش دەڵێت، نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی کوردسات داوا لە ئەندامانی کۆنفرانس دەکات بەشداری بکەن و ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسیان داوەتە کۆمسیۆن کە بەشدار دەبن. سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نوێنەری سلێمانی لە کۆمسیۆن، نوێنەری حکومەت و پارێزگای سلێمانی بەشدار دەبن. لای خۆشییەوە گۆڕانی گردەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بزوتنەوەی گۆڕان لە پێنجی ئەم مانگەدا کۆنفراسی ئەنجامداوە و بە شێوەیەکی یاسایی داوا دەکەن کۆمسیۆن پەسەندی بکات. دەشڵێت، کۆنفرانسەکە خەوشی یاسایی لەسەرە و نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی گردەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی یاسا دەبێت هەزار و 64 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادە بن، بۆیە بەرپرسیارێتیى یاسایی سەبارەت بە  نیسابی یاسایی دەخەنە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەشڵێ، کۆمسیۆن پێویستە خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.

  "کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد" ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتيی رۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان" لە هۆڵی قامیشلۆ لە پارکی ئازادی شارەکە بەڕێوەدەچێت و یەک رۆژ دەخایەنێت. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکار، نوێنەری سەرجەم حیزبە کوردییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکان لە رۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزاز بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن. هەروەها شاندێکی پارتى دەم لە باکووری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و رێکخراوەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەدەبن. لەوانە شاندى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرى مەسعود بارزانى، هەروەها نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە. بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکە بۆ رووماڵی میدیاکان کراوەیە، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات و وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پێشکەش دەکرێت. دوابەدوای لێدوان و گفتوگۆی وتاری میوانەکان، کۆنفرانسەکە بەرووی میدیاکاندا دادەخرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باس لە "رەشنووسی بەڵگەنامەی یەکگرتوویی کورد" دەکرێت کە پێشتر پێشنیاز کراوە، کۆنفرانسەکە بە دەرکردنی راگەیەندراوێک بۆ رایگشتی کۆتاییدێت. بەگوێرەى لیژنەی ئامادەکار، زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندن و نزیکەی 200 رۆژنامەوان بۆ رووماڵى کۆنفرانسەکە بانگێشتکراون. ئاداری ئەم ساڵ هەردوولای رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ سکۆت بۆولس، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، ئەو کۆبوونەوە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە هات لە قامشلۆ، پێش ئەویش هەوڵی دیکە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە.   سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێت، "لەو کۆنفرانسەدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی دیدگەی سیاسیی هاوبەش دەکرێت، رەشنووسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، شێوەی داخوازکراو بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ مافە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریا."   بە گوتەی ئۆسۆ، ئەو دیدگە هاوبەشە ئەنجامی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەڵویستەکان، "داخراو دەبێت بۆ میدیا لە زۆربەی بەشەکانیدا، سێ ئەندامی بۆردی سەرکردایەتی گوتاری کردنەوە پێشکێش دەکەن و روونی دەکەنەوە لەو کۆنفرانسەدا باسی چی دەکرێت."   بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەکردنی، دۆکیۆمێنتە سیاسییەکە دەدرێتە بەرپرسانی حکومەتی کاتی لە سووریا و شاندێک لە هەردوولاوە بەڵگەکە دەبەنە لای بەرپرسانی سووریا، ئەندامانی ئەو شاندە بەپێی راسپاردە و ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسی نیشتمانی دیاری دەکرێت.   کۆنفرانسەکە، هەنگاوەکانی و ئەنجامەکەی بە قۆناخێکی گرنگ بۆ کورد دادەنرێت لە سووریا، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە لە بونیاتنان و دانان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستی کردوون؛ بەڵام لە ئاڵنگاریشدایە، بەتایبەت لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ئێستا کەمتر بووەتەوە لەگەڵ هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، ئەو هەنگاوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەینێن، رەنگە کاریگەرییش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتانیش لەگەڵ سووریا دابنێن، چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت داوای حکومەت و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکەن، کە هەمووان تێیدا بەشداربن.

  ئەرتان ساغباش، پزیشکی سڕی سوورەیا ئۆندەرسەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئۆندەر وتی: گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە. سڕی سوورەیا ئۆندەر، جێگریی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی سەرەکی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، شەوی ١٥ـی نیسان لە ماڵەکەی خۆیدا تووشی جەڵدەی دڵ بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل لە ئەستەنبوڵ کرا، پاش نەشتەرگەرییەکی ١٢ کاتژمێری، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدا چارەسەریی بۆ ئۆندەر دەکرێت، بەڵام هێشتا بە ئاگا نەهاتووە و مەترسیی لەسەر ژیانی بەردەوامە. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش، پزیشکی سری سوورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە باری تەندروستی ئۆندەر بۆ ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا قسەی کرد. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش وتی: ئێمە دەرمانی پشتیوانیکەری دڵ و نیتریک ئۆکسایدی دەدەینێ، ڕاستییەکەی ئەم دەرمانانە دەدەین بۆ کەمکردنەوەی پەستانی ڕێڕەوی دەماری سییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵی، کۆرتیزۆن دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەیەکی تر لە دەمارەکانیدا ڕوونەدات، هەروەها کۆرتیزۆن دەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی مێشک. ئەنتی بایۆتیک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هەوکردنێک دروست نەبێت. یەکێک لەو شتانەی زۆر لێی دەترسین هەوکردنە. دەرمانی خوێن شلکەرەوە دەدەین بۆ ئەوەی سووڕی خوێن باش بێت. واتە ئەمە چارەسەرێکی فرە لایەن و فرە پێوەرە. زۆرێک لە هاوڕێیانمان بەشداری ئەم چارەسەرە دەکەن و بەرپرسیارێتی وەردەگرن. وەک کاری گرووپێک بەڕێوەی دەبەین. ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی خەوکەر وەرناگرێت. چەند ڕۆژە هیچ شتێکی خەوکەر وەرناگرێت بەڵام بە ئاگا نایەتەوە. هۆکاری ئەمە چییە؟ ئاوسان. بەهیواین ئاوسان بێت. لەوانەیە بێ ئۆکسجینیش مابێتەوە. ئێمە پێی دەڵێین مێشکی ئەنۆکسیک. ئەمەش لەوانەیە لەکاتی ڕیسوسیتاسیۆندا ڕووی دابێت. ئێستا ناتوانین ناوی لێبنێین. ناتوانین بڵێین ئەمە بەڕوونی ئەو شتەیە کە لە مێشکیدا ڕوودەدات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕاستیدا ئەو بەخت یاوەرە چونکە گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە. ئێمەش بەدوای موعجیزەیەکدا دەگەڕێین. هەوڵدەدەین ئەم موعجیزەیە بهێنینە دی. دەبێت زۆر هاوسەنگ بین. هیوامان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە.

کەناڵى حەدەس رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن فەرەنسا هێزەکانى لە سوریا زیاد دەکات دوورە لە راستییەوە و فەرەنسا وەک ناوبژیوانێک لە سوریا دەمێنێتەوە و بە شێوازی دیکە پشتیگیر هەسەدە دەکات. کەناڵەکە لەبارەى دەنگۆى زیادکردنى هێزەکانى فەرەنسا لە سوریا دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەى فەرەنسا هێزەکانى لە رۆژاڤاى کوردستان زیاد ناکات، بەڵام بیر لە رێگایەکى دیکە بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم هەنگاوەى فەرەنسا لە بەرامبەر هەنگاوەکەى ئەمریکایە کە بەنیازە ژمارەی سەربازانی لە رۆژاڤاى کوردستان کەمبکاتەوە. کەناڵەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، فەرەنسا لە هەنگاوى یەکەمدا هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش چڕتر بکاتەوە لە رۆژاڤاى کوردستان و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، هاوکات، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشەوە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان دەکات. هەروەها کەناڵى حەدەس دەشڵێ، فەرەنسا لە سوریا، وەک ناوبژیوانێک لە نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سوریا و تورکیا مامەڵە دەکات.

  هەرچەندە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق،  هەڵەبجە بەهۆی گۆڕینی بۆ پارێزگا دۆخێکى هێناوەتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، هەنگاوێک کە پێویستی بە کردنەوەی ناوەندێکى جیایە چاودێران بەدەروازەی هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردنى دەزانن. رۆژى دووشەممە 14-04-2025  لەپەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق". ئومێد محەممەد دەشڵێت، "خستنەڕووی شارەکە لە پلانی هەڵبژاردنەکاندا وەک پارێزگارییەکی سەربەخۆ پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکەش هەیە، دیارترینیان دیاریکردنی ڕووبەری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە، کە ئەمەش بابەتێکە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە". دامەزراندنی هەڵەبجە وەک ناوەندێکى هەڵبژاردن پێویستی بەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری ئیداری خۆی دیاری بکات، پڕۆسەیەک کە هێشتا تەواو نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە پێشوەختەیە، بە گوتەی نوێنەران، کە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بابەتە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن دوابخرێت. ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەدەخاتەڕوو، یاساکە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری جوگرافی و ئیداریی هەڵەبجەی وەک پارێزگابە کابینەی هەرێم بەخشیوە، ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا نەکراوە، واتە تا ئێستا یاساکە بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخرێت، واتە دۆخی ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە". لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٧٦ هەزار دەنگدەر لە هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەبووە، کە ٤٨ هەزاریان لە ناوەندی قەزاکان و ٢٨ هەزاریان لە قەزاو ناحیەکانى  بیارە و خورمال و سیروان دابەشکراون، بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان. ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە،  ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا. هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

  ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

  وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکە باشترکردنی هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالانە و پێویستە لەم بارەیەوە بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاو بنرێت. ئەمڕۆ، لە وەزارەتی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یەڵماز تونچ، وەزیری داد بەڕێوەچوو و ماوەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم کە سەرەتاییترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد. هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام “تاوانە ڕێکخستنییەکان” لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕاشیگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری “وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟”، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.

  پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی باس لەکشانەوە دەکەن، ئەمریکا لەم مانگه‌دا (نیسان) ڕەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیادکردوە. سەرەڕای زیادبونی لێدوانەکان سەبارەت بەنیازی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، پێشهاتەکانی سەر زەوی ئاماژەی بەپێچەوانەوە دەدەن، بەوپێیەی گەیاندنی هاوکاریی سەربازیی‌و لۆجستی بۆ بنکەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب لەم مانگه‌دا زیادیانکردوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەكه‌ لەڕاپۆرتێکدا پوختەی جوڵە سەربازیی‌و گەیاندنی هاوکارییە سەربازیی‌و لۆجیستییەکانی ئەمریکای بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەمانگی نیساندا بڵاوکردوه‌تەوە کە به‌گوێره‌ى ئەوە، ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی لەمیدیاکاندا باسی لێوەدەکرێت، بونی سەربازیی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترکردوە، بەمشێوەیە: 1ـ بەهێزکردنی بونی سەربازیی: لەم مانگەدا هاتنی 7 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی‌و 279 بارهەڵگری پڕ چەک‌و هاوکاریی لۆجیستیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی ڕادارو ئامێری سەربازیی پێشکەوتوو و زرێپۆش‌و مۆلیدەی کارەبایی‌و تانکەری سوتەمەنییان گەیاندوە. 2ـ بەهێزکردنی ئەو بنکانەی پێشتر بەئامانج گیراون: بەهێزکردنەکان زیاتر فۆکەسی لەسەر بنکەکانی خەراب جیر، قەسرەک، شەدادی، غوەیران بوە، جگە لەبنکەکانی ڕەققەو کۆبانێ. 3ـ ئاسایشی ئاسمانیی‌و چاودێریی: هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەیاوەری زۆرێک لەکاروانەکان بون، لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لەکاتی پڕۆسەکانی دابەزاندنی هاوکارییەکان. 4ـ سیستەمی ڕادارو چاودێریی: هەندێک بنکەکان بەئامێری چاودێریی‌و موشەکیی دژە فڕۆکەو کامێرای گەرمیی خوێنەوە تەیارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو. 5ـ لێدوانی دژبەیەک: سەرەڕای بەردەوامی بەهێزکردنەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەنیازی ئەمریکیەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازییان لەڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سنوردار لەشەدادی‌و قەسرەک‌و ناوچەکانی باکوری حەلەب‌و ڕەققە. لێدوانەکان سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەگەڵ چالاکییە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا ناگونجێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەسوریا لەماوەی داهاتودا دروستدەکات، چ لەڕوی جێگیرکردن‌و چ لەڕوی ئامانجە سەربازیی‌و سیاسییەکانەوە.

  شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.     دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:   شه‌وى ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ مه‌زلووم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كرد.   له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و په‌يوه‌ندييه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان‌ له‌ سووريا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سووريا تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.   هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و به‌شداريى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووريا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌نێو پێكهاته‌كانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان.   پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريادا وه‌ك گارانتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سووريا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، کەشناسیی عێراق پێشبینیدەکات، سێ رۆژ بەردەوامبێت، دواتر باران ببارێت و پلەکانی گەرما دابەزێت. دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کردووە، دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، هەروەها خۆڵبارینەکە بەو رادەیە چڕ نابێت مەترسی دروستبکات، بەڵام گرنگە هاووڵاتیان دەمامک بەکاربهێنن. عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کەشوهەوای گشتیی وڵات جۆرێک لە ناسەقامگیری بەخۆیەوەدەبینێت و ئەم حاڵەتە لەم مانگەدا باوە. جابری دەڵێت، شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە سعودیەوە بەرەو باشوور و رۆژئاوای عێراق هاتووە، ئاستەکەی هێشتا نەگەیشتووە بەوەی هۆشداری لەسەر بدرێت و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستناکات، بەڵام گەر دۆخەکە خراپتر بوو داوا لە دامەزراوەکان و هاووڵاتیان دەکرێت رێوشوێنی پێویستیی خۆپارێزی بگرنەبەر.

  لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریا"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەرجەم رێوشوێنەكانی  تەواوکردووە، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەنێردرێت. عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بە ئاژانسی "نۆرس پرێس" وتووە، دوێنێ چوارشەممە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبووەتەوەو بڕیاریداوە بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئەو ئەندامانە بكات کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون، لەگەڵ  لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە. رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ناوی ئەو ئەندامانەی ناردووە کە هەڵیبژاردووە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، ئێمەش لای خۆمانەوە بانگهێشتیان دەکەین. ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.  پێشتریش، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا راگەیاند، زیاتر لە (300)کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن. لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار دەدرێت بە پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی كورد بە ئیدارەی دیمەشق، هەر لە كۆنفرانسەكەدا  ناوی وەفدەكەو ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن. جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو  رایگەیاند، کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا لە (٢٦)ی نیسان بەڕێوەدەچێت.

  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە؛ سەقامگیریی رۆژاڤای كوردستان، پتەوكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئاژانسەکانى هەواڵى ڕؤژئاوا بڵاویانکردەوە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی. ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجام دراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا. فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.

  کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەیەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتوویی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS)ی نوێکردەوە وپابەندییەکانی بە پێشخستنی تۆڕەکەی و باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەران دووپاتدەکاتەوە. سلێمانی، عێراق 22ی نیسانی 2025 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  رۆژی هەینی بەرواری 11ـی نیسان، لە پێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری و کاریگەری نەخستنەسەر بەشداربووان، ئاسیاسێڵ دەرفەتی بەخشییە سەرجەم بەشداربووانی کە دەستیان بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندی بێبەرامبەر و بێ کۆنترۆڵ بگات. ئاسیاسێڵ ئەمەی لە ئەنجامی راستەوخۆی پلانێکی تەکنیکی تۆکمەوە جێبەجێکرد بۆ کۆتایهێنان بە کاری نوێکردنەوەکە بێ گیروگرفت و گەرەنتیکردنی لە کارداهێشتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و نەپچراندنی پەیوەندی. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. ●    ژێرخانێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو بە ژیری دەستکرد: سیستەمە نوێیەکە پشت بە ژێرخانی Cloud-native دەبەستێت کە بە یەکەی زیرەک بۆ پرۆسێسکردن و شیکردنەوەی داتا، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانبوونی توانا تەکنیکییەکان بە سانایی و پارێزگاریکردن لە بەرزترین ئاستی کارایی. ●    دیدگای بێ کەموکوڕی بۆ بەرێوەبردنی خزمەتگوزاری بەشداربوو (360 پلە): سیستەمەکە ئەزموونی بێخەوشی بەکارهێنان لە رێگای کۆکردنەوەی زانیارییەکانی پسوڵە، گواستنەوە، بەرێوەبردنی پەیوەندی بەشداربووان (CRM) و بەرێوەبردنی ڤاوچەرەکان و بەشەکانی تر لە یەک سیستەمدا کە رێگا خۆشدەکات بۆ پشتگیریکردنی وەڵامدانەوە بەشێوازێکی خێراتر و وردتر. ●    کارامەیی بەرزتری کارپێکردن: سیستەمە نوێیەکە کارامەیی ئاسیاسێڵ بەرزتر دەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری متمانەپێکراوتر، ئەم هەنگاوە بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کارە ناوخۆییەکان و باشترکردنی بەرێوەبردنی دیجیتاڵی بۆ کۆمپانیا ئەژماردەکرێت.  دەربارەی ئەم سەرکەوتنە، بەرێز عامر سونناع، بەرێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ دووپاتیکردەوە کە نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان بەشێکە لە پابەندبوونە بەردەوامییەکانی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی لە عێراق و  پتەوکردنی ئەو ژێرخانەی کە خزمەتی نزیکەی 20 ملیۆن بەشداربوو دەکات، هەروەها وا لە سێکتەرە ئابوورییە جیاوازەکان دەکات بگەنە چارەسەری تەکنیکی متمانەپێکراو و پێشکەوتوو. بەرێز عامر سونناع – بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ- زیاتر لەم بارەیەوە دوا و رایگەیاند: "ئەمرۆ ئاهەنگ دەگێرین بە بۆنەی سەرکەوتنێکی ستراتیژییەوە کە شوێنی ئاسیاسێڵ پتەوتر دەکات لە پێشەنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا. نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان (BSS)، پابەندییەکانمان دەچەسپێنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو و ئامادەیی تەواومان دەسەلەمێنیت بۆ خستنەبەردەستی نەوەی پێنجەم (5G) کە ئەزمونێکی خێراتر و زیرەکتر دەخاتە بەردەستی بەشداربووانمان." ئاسیاسێڵ پابەندی خۆی بۆ پێشەنگایەتی بواری پەیوەندییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی دووپاتدەکاتەوە لە عێراق. ئەوەش لە رێگای وەربەهێنان لە نوێترین تەکنۆلۆجیاکان و پێشکەشکردنی تاقیکردنەوەی داهێنەرانە کە داواکارییەکانی بازار پڕبکاتەوە و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی رەورەوەی ئابووی دیجیتاڵیدا بکات.________________________________________ دەربارەی ئاسیاسێڵ: "ئاسیاسێڵ، کۆماندەکاتەوە" دابینکاری سەرەکییە لە خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و  دیجیتاڵی لە عێراقدا. کە خزمەتی نزیکەی 20 مليۆن بەشداربوو دەکات. تۆرە نیشتیمانییەکەی زیاتر لە %99.06 ی دانیشتووان دەگرێتەوە و ئاستبەرزترین خزمەتگوزاری 4G لە سەرجەم پارێزگاکاندا پێشکەش دەکات. ئاسیاسێڵ، شانازی بە رۆلی پێشەنگەکەیەوە دەکات لە چەسپاندنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا لە رێگای وەبەرهێنانە بەردەوامەکانی لە ژێرخان و تەکنۆلۆجیا پێشکەتووەکان. بۆ زانیاری زیاتر:  www.asiacell.com بەشی پەیوەندییە گشتییەکان – ئاسیاسێڵ:  [email protected] 

  كەسێكی دیكە لە شاری كەركوك بەهۆی تای خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا و تەندروستی كەركوكیش ئاشكرای دەكات حاڵەتێكی دیكەیان تۆماركردوە، ئەمەش سێیەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا تۆمارکراوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، ناوى (ز، ق) تەمەن (52) ساڵ دانیشتوی گەڕەكی روناكی لەشاری كەركوك و پیشەی گۆشتفرۆش بوە، یەكێك بووە لە توشبوانی تای خوێن بەربون، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستدا. ئەو هاووڵاتیەی گیانی سپاردووە، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، چەند نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گیانی سپاردوە. بەوتەى سەرچاوەکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك حاڵەتێكی دیكەی توشبون بەتای خوێن بەربون كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانە، تۆمار كردووە. تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە. فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە شەوی چوارشەممە 16ی نیسانەوە هەڵمەتێكی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون لەڕێی پەیجی تایبەتی فەرمانگەكەوە  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیاندووە، ئەوەش لەڕێی گرافیك و وێنە و زانیاریی كە تیایدا چۆنیەتی خۆپاراستن و زانیارییەكانی تر لەوانە نیشانەكانی پەتاكە بۆ خوێنەر روندەكاتەوە. لە ئایاری 2022ش حاڵەتێكی مردن بە هەمان پەتا لە كەركوك تۆماركرا، ئەوكات حكومەت هەندێك رێكاریی بۆ گۆشتفرۆش و سەربڕەكان دەركرد و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ قەدەغەكردن و سزادانی گۆشتفرۆشە گەڕۆكەكان راگەیاند.