بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، هەریەک لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل وەک شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. کەمێک پێش ئێستا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. دوای ٤٣ مانگ لە گۆشەگیریی بەردەوام، لە ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ جاری یەکەم عومەر ئۆجالان، برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕحا، دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. دواتر شاندی ئیمرالی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکدەهاتن، لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. هەروەها لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ جارێکی دیکە شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداری ئەنجامدا، دوای دیدارەکەش شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆی بەناونیشانی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” بڵاوکردەوە و لە ئاستی جیهاندا پێشوازیی لێکرا. لە کۆتاییشدا لە ٣١ـی ئادار بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، هەریەک لە عومەر ئۆجالان و محەمەد ئۆجالان وەک خانەوادە دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.
سهزایی تەمەلی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دهم پارتی) ڕایگەیاند، ئهمڕۆ دووشەممە، 21-04-2025، سەرکردایەتیی دهم پارتی بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە. بە گوتەی تەمەلی، لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی دەم پارتیدا، وادەی دیداری شاندی ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی توركیا و پێشنیازی به یاساییكردنی پرۆسهی نوێی ئاشتی له توركیا و باكووری كورستان، تاوتوێ دهكرێت. تاوەکوو ئێستا شاندی دەم پارتی سێ جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بوونەتەوە. پێشتر ڕاگەیەنرابوو، کە ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە، شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا. له چهند ڕۆژی ڕابردوودا، بههۆی نهخۆشییهوه، سڕی سوڕهییا ئۆندهر، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، ڕهوانهی نهخۆشخانه كرا، ئێستا باری تهندروستی ناجێگیره و له ژێر چاودێریی چڕدایه. هەرچەندە پێشتر دەم پارتی ڕەتی کردووەتەوە، نیازیان هەبێت هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ سڕری سوورەیا ئۆندەر دانابێت، بەڵام بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لەو پارتە کوردییە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دانانی جێگرەوەی ئۆندەریش تاوتوێ دەکرێت.
لە درێژەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى ئاسایشی رۆژاڤا توانیویانە لە کەمپی هۆل، چوار چەکداری داع.شیان دەستگیربکەن. ئاسایشی رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامن لە پشکنینی کەمپی هۆل و درەنگی شەوی رابردوو چوار چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە، لە شوێنی دەستگیرکردنەکەیاندا دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. هاوکات جیهان حەنان لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، بەمدواییانە هەوڵی هەڵاتنی ئەندامانی خێزانەکانی داعش لە کەمپەکە زۆر زیادیان کردووە، بەتایبەت قاچاقچێتیی خێزانە عێراقییە داعشەکان زۆرتر بووە، بەڵام ئەوانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکەوە دەستگیر کراونەوە. دەشڵێت، پێشتر هەندێک خێزان توانیویانە هەڵبێن، لەنێویاندا منداڵانی تەمەن 16 ساڵی تێدا بووە و گەیشتوونەتە ناوچەکانی دیکەی سوریا. ئەو بەرپرسەی کەمپی هۆل ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشەوە هێرشدەکرێتە سەر کارمەندانی رێکخراوەکان و تیمەکانیان، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکەیان لەئەستۆیە.
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون نییە، ئامادەشین هاوکاریی تەندروستیی کەرکووک بکەین. د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی مردنی تای خوێنبەربوون زۆرە لەنێوان سەدا 50 تا 60ـە، چونکە تووشبووەکە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی دەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە. وتیشی: هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی هەبوو، توانیمان سەرکەوتووانە چارەیان بکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی گومان لێکراویشمان نییە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە دووساڵی ڕابردوودا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپات لەسەر کۆمەڵێک ڕێکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری کرایەوە، بەتایبەت ڕشاندن کە لە وەرزەی گەرما دەست پێ دەکات؛ واتە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا ڕشاندن بۆ کێڵگەکانی ئاژەڵ دەکرێت. هەروەها سەربڕخانەکان کۆنترۆڵ دەکرێن. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانمانن ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی گومان لێکراو هەیە، کە بەداخەوە گیانسپاردنیش هەبووە، بۆیە لێرەوە بە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووکیش دەڵێین ئێمە ئامادەین هاوکارییان بکەین، چ بە پشکنین یان پێشوازیی لە نەخۆشەکان، یان چارەکردنیان.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ و دانوستاندنیان هەیە و"لە نێوان ئێمە و تورکیادا هەندێک هەنگاو هاوێژراوە بۆ چارەسەری کێشەکان". ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانبدا، باسی لە رێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە کرد و رایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا رادەگەیێنرێت. هەروەها باسى لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق دەکات، بەتایبەتی دوایین رێککەوتنیان لەسەر بەنداوی تشرین. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێت، "لە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکاندا هەم رۆڵی هەرێم، هەم ئەو پشتگیرییەی کردی بە ئەرێنی و باش دەیبینین، جێگای سوپاسە". سەبارەت بەدەستورى کاتى سوریا، دەڵێت: دەبێت لە دەستووردا پەروەردە بە زمانی دایک بۆ هەموو نەتەوەکانی سووریا بنەمابێت. نابێت زمانێک بنەمابێت و ئەوی دیکە بنەما نەبێت. زمانێک فەرمی بێت و زمانێکی دیکە فەرمی نەبێت. هەروەها ئیلهام ئەحمەد ئەوەشى وت: ئەو زمانانەی لەناو سووریادا هەن، ئەو کولتوورانەی لە ناو سووریادا هەن هەموویان فەرمین. لەو شوێنەی کە لێین، لەو شوێنەی کە تێیدا دەژین فەرمین. دەبێت لە دەستووری سووریادا خاڵێکی وا هەبێت، کە کورد بتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە ببینن، بە زمانی خۆیان بژین. کولتووری خۆیان زیندوو بکەنەوە و بەهێز بکەن. پێویستە پشتگیری بکرێت. دەبێت دەستوور ئەم مافە بدات. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە دەرەوەش لە سیاسەتدا رۆڵ گێڕان، مافەکانی سیاسی، نەتەوەکانی سووریا هەموو بە ئازادی و سەربەستی بتوانن بەشداری سیاسەت بن و ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن. نوێنەرەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا هەبن. دەبێت کورد نوێنەرایەتی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا دیاری بکات. وتیشى: رێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەم بەنداوە لە شەڕ و ناکۆکییەکان دوور بخرێتەوە. لەبەرئەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە. خەڵک سوودی لێوەردەگرێت و ژیانیان باش دەکات. ئەوە لە شەڕ دوور بخرێتەوە و بپارێزرێت و ئاگربەست پێک بهێنرێت. لەسەر بەڕێوەبردنی گفتوگۆ دەکرێت. ئەم بەنداوە چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ چۆن باشتر دەکەوێتە خزمەتەوە؟ لەسەر ئەمەش گفتوگۆ هەیە. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە گفتوگۆکان لە دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند، بە گرنگییەوە باس لە بارودۆخانە کراوە، کە ئێستا لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن. هەروەها جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە، کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١ مومکین نیە، دەشڵێت، وتیشى: بەرهەم ساڵح بە فەرمی بانگهێشتی دیداری سلێمانی كردم. ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشکرد، دامەزراندنی سیستەمی لامەرکەزی بووەتە پێویستییەک، کە ئەم سیستەمە دەرفەت بە خەڵکی ناوچەکە دەدات، کە خۆیان بەڕێوەببەن نۆیەمین دیداری سلێمانی لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ـی نیسان لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە یەکیک بوو لە بەشداربووانی دیدارەکە
فەرمانگەى ژمێریارى لە وەزارەتى دارایی عێراق، ڕایدەگەیەێت دەستیانکردوە بە رێوشوێنەکانى تەمویلکردنى موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى چوار. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە داوا لە فەرمانگە و وەزارەت و پارێزگار و دەستەکان کراوە کەنوێنەرەکانیان رەوانەى وەزارەت بکەن بۆ تەواوکردنى رێوشوێنەکانى پارەى تایبەت بە موچە، بەمەبەستى دابەشکردنى بەسەر فەرمانبەراندا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی کە دەست سبەى کەوتووە. لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى دارایی هەرێم، لیستى موچەى مانگى چوارى ئامادەکردوەو ئێوارەى ئەمڕۆ یان سبەینێ لیستەکە رەوانەى بەغداد دەکرێت. بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگاداریش بڕیارە لەگەڵ ناردنى لیستى موچە شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى داراییش رەوانەى بەغداد بکرێت، بۆ وەڵامدانەوەى تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی لەکاتى وردبینیکردنى لیستەکەدا تا پێش کۆتایی ئەم مانگە پارەى موچە رەوانە بکرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجینەی سلێمانی ڕاگەیاند، رۆژی سێشەمە لیژنەی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی چوار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار ٩٥%ـی تەواو بووە و سبەینێ گەنجینەکان کۆتایی بە کارەکانی ئامادەکردنی لیستەکە دەهێنن و رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن. سەرچاوەکە دەشڵێت، رۆژی دووشەمە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ یەکخستنی لیستەکە پێداچوونەوەی پێدادەکات و رۆژی سێشەمە لیژنەی تەکنیکی وەزارەتی دارایی لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی هەزار سەربازیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکشێننەوە و کەمتر لە هەزار سەرباز دەهێڵنەوە. شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ وەزیری بەرگری فەرمانی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێ شوێنی دیاریکراو چڕبکرێنەوە." دەشڵێت: "ئەم پڕۆسەیە کە بە مەبەست و لەسەر بنەمای هەلومەرجەکە دەکرێت، لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ خوار هەزار سەرباز لە سووریا کەم دەکاتەوە." چپێش ئەوە، گوتەبێژێکی پێنتاگۆن راگەیاند: "ئەمریکا لە دوو بۆ سێ مانگی دیکەدا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە." سەرچاوەیەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان دەستیانکردووە بە بارکردنی کەلوپەلەکانیان لە هەردوو بنکەی کۆنیکۆ و گرین ڤڵیج لە دێرەزوور و بڕیارە ئەو کەلوپەلانە بگوازرێنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، وێڕای کەمکردنەوەی هێزەکانیان، "فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وەک پێشتر ئامادە دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر پاشماوەکانی داعش لە سووریا؛هەروەها لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشانی خاوەن توانا و ئارەزوومەندی ئێمە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار لەسەر داعش بهێڵینەوە و وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی دیکەی تیرۆریستیش بدەینەوە ئەگەر سەرهەڵبدات." هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە یارمەتی ئەو هێزە زۆرینە کوردییە دەدەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بوونەتە هێزێکی دابڕێنەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان. سوپای ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریاش هەیە. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی دا هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن بەرهەڵستی بڕیارەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو ئەوە "ناپاکیکردنە" لە هاوپەیمانە کوردەکانیان. لەسەر ئەوە و چەند نیگەرانییەکی دیکە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستی لە کارەکەی کشاندەوە.
زووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگرى وەزیرى دەرەروەى تورکیا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە. ئەمڕۆ، نوح یەڵماز جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا، بە جیا لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان و بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستانى لە شارى هەولێر کۆبووەوە. لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەژمارى فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتى، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەگەڵ جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی گۆڕانكارییە خێراكان و بارودۆخى ناوچەکەوە کرد. هاوکات، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی کرد و گوتەبێژی بزووتنەوەش رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە و گەشبینن بەوەی پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە.
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی بڵاوی کردەوە، هەسەدە و تورکیا کۆبونەتەوە و لەسەر ئاگربەستی تەواوەتی رێککەوتون و تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت. رۆژنامەی وەتەنی سوریی بڵاوی کردەوە: دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە (17ـی نیسانی 2025) بە چاودێریی ئەمەریکا، کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندێکی تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین ئەنجامدراوە وهەردوولا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتون. بەپێی سەرچاوەکە؛ شاندەکەی هەسەدە بە هەلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی چوونەتە شوێنی کۆبونەوەکە و شاندی تورکیاش بە ئۆتۆمبێل لە خاکی تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەیەکی نزیک بەنداوی تشرین و دوای کۆبونەوەیەکی نێوانیان هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەکە. رۆژنامەی وەتەن نوسیویەتی: "بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ قۆناغی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا". لەلایەکی دیکەوە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، دوای کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کۆنیکۆی سنوری پارێزگای دێرەزور، بەشێکی ئەو هێزانە دەچنە بەنداوی تشرین و ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک بەنداوەکە دروست دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ئەمەریکا نیوەی کەرەستە سەربازیی و لۆجستییەکانی لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کۆنیکۆ کە دوو گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتەن لە سوریا کشاندوەتەوە بەرەو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەدادی باشوری حەسەکە، بەشێکی هێزەکە و چەک و تەقەمەنی لەو دوبنکەیە ماونەتەوە تا فەرمانی دواتریان بۆ دێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی یان مانەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداری کردنی لە دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی بەڕێوەچوو، ئاشکرای کرد: تائێستاش تورکیا هەڕەشە و مەترسیی سەرەکییە لەسەرمان، هەرچەندە ئێستا گفتوگۆ هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەشێوەیەک ناڕاستەوخۆ، هەندێکجار راستەوخۆش، ئەوەش گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان". رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بۆ زەمینەسازی و ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە. بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد: رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب. بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاوی کردەوە: تیمێکی شارەزای چاکسازیی لە مەنبج و بەنداوی فوراتەوە گەیشتونەتە بەنداوی تشرین بۆ چاکسازیی کردن و چارەسەرکردنی گرفتە هونەرییەکانی بەنداوەکە، بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبا و ئاوی بەنداوەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەنداوەکە لە روی هونەرییەوە ئامادەیە، بەڵام هەندێک چاکسازیی پێویستە بۆ ئەوەی گرەنتی سەلامەتی بکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە. دوو رۆژ دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، گروپە چەکدارە سورییەکان کە هەسەدە بە "بەکرێگیراو" ناویان دەبان بە پاڵپشتی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین، لە ماوەی سێ مانگادا شەڕڤانانی هەسەدە روبەڕوی هێرشەکانیان بونەوە و بەهۆیەوە سەدان شەڕڤان کوژراون و برینداربوون و بەرگرییەکەش بە بەرخۆدانی تشرین ناوی برا، کە رێگەیان نەدا ئەو گروپانە دەست بەسەر بەنداوەکە و پردی قەرەقۆزاخ و گوندەکانی دەوروبەریدا بگرن.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا دوێنێ دەستیکردووە بە کشانەوەی سەدان سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و کاردەکات بۆ داخستنی سێ بنکەی سەربازی، لە کۆی هەشت بنکە سەربازی كە لەناوچەیە هەیەتی. بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، سوپای ئەمەریکا بوونی هێزەکانی لە سوریا لە دوو هەزارەوە بۆ نزیکەی هەزار و 400 سەرباز کەمدەکاتەوە، فەرماندەکانیش ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری هێزی سەربازی لە ماوەی دوو مانگدا هەڵدەسەنگێنن. رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، فەرماندەکانی ئەمەریکا راسپاردەیان کردووە کە لانیکەم 500 سەرباز لە سوریا بمێننەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کشانەوەی هێزەکان لەسەر بنەمای راسپاردەی فەرماندە مەیدانییەکانە، بۆ داخستنی هەندێک بنکەو بەهێزکردنی هەندێکی دیکە، کە ڕەزامەندیی لە پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا وەرگرتووە. دوو بەرپرسی باڵا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو هێزانەی کە ماون، هێزی ئاسایی و تایبەت لەخۆدەگرن، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو، لە بەڕێوەبردنی چەند کەمپێکی دەستبەسەرکردن لە سوریا.
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەلێکی باش لە بەردەم کوردە لە سوریا کە هەوڵ بدات پەلە نەکات لە زۆر شت. لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکە لەبارەى رۆژئاوای کوردستان و ئەوەی کە لە سووریا ھەیە، دەڵێت: ئێستا واقیعێک دروست بووە، ئەوان دەبێت خۆیان بگونجێنن. ئەوەی دەیبینم ئێستا بە عاقڵانە ھەنگاویان ناوە. ئەمریکاش لەسەر هێڵە سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە زۆر بە زەقی نەبێت، بەڵام دەبینین ھەندێک دانوستاندن و جۆرێک لە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کراوە، یان ئەو ئاگربەستەی ھەیە ئێستا، کە تورکیا مەسەلەن ھێرش ناکاتە سەر بەنداوی تشرین، جۆرێک لە گفتوگۆ دروست بووە. لاهور شێخ جەنگى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە پێموایە هەلێکی باش لە بەردەم کوردە لە سوریا کە هەوڵ بدات پەلە نەکات لە زۆر شت، چونکە بەڕاستی من خۆم زۆر دڵنیا نیم لەو بارودۆخەی دەگوزەرێت لە سووریا. وتیشى: چونکە ئەحمەد شەرع کۆنترۆڵی بەسەر ھەموو شتێکدا نییە، چەندین ناوچە لەژێر دەستی ئەودا نین، چەندین گرووپی جیان، دوایی لە دەستوورەکەشدا ھیچ مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی تێدا نییە. لاهوور شێخ جەنگی لەبارەى دەستورى سوریایەشەوە وتى: راستە کاتییە، بەڵام دەیتوانی نیەتپاکی نیشان بدات. ئەوە ئەقڵانیتر بوو لە ئێستادا ھەموو پێکهاتەکان پێکبکات و لە داهاتوودا ئەوانە هەلێکیان لەبەردەمە، بەڵام تۆ ئۆتۆماتیکی هاتووی هەر لە ئێستاوە دەرگات بە رووی هەموویاندا داخستووە ئەوە دەرگا بە رووی شتی دیلەدادا دەکاتەوە، لەوانە دەستوەردانی هەرێمی و وڵاتانی دیکە. لەبارەى ئایندەی کورد لە سووریا چۆن دەبێت؟ لاهور شێخ جەنگى دەلێت: کورد تازە بتەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان شوێنپێی خۆی قایم کردووە، شەڕی داعشی کرد، ھەندێک شت لەبەر دەستی کورددایە، لەوانە بەندکراوانی داعش، کە ئەمە بۆ وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا شتێکی گرنگە، کانزایەکە و لەبەر دەستی کوردە و دەتوانێت بەکاری بهێنێت. یاخود کەمپی ئەڵهۆڵ، ئەمە شتێکە کە تەنیا کورد دەتوانێت پارێزگاریان لێ بکات. کورد هەرچەندە رەگی داکوتیوە، بەڵام ئایندەکەی پەیوەستە بە دانوستاندنەکانی کورد و تورکیا و پرۆسەی ئاشتی.
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەگەری هەیە گفتوگۆی راستەوخۆش ئەنجام بدەن، جەخت لەسەر سیستمی لامەرکەزیی بۆ سوریا و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەکاتەوە. ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداریی کردنی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی بەڕێوەدەچێت، لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا رایگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعشدا رۆڵی گرنگیان هەبوو، بەڵام لەئێستادا ژمارەیەکی کەم و دیاریکراوی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستانن، لە ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانەش، پێشتر و ئێستا و لە داهاتووش پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین و بۆ پارێزگاری و بەرگری کردنی لە خۆمان، لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە. سەبارەت بە مەترسییەکانی تورکیا لە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: تورکیا هەڕەشە و مەترسیی سەرەکییە لەسەرمان، هەرچەندە ئێستا گفتوگۆ هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەشێوەیەک ناڕاستەوخۆ، هەندێکجار راستەوخۆش، ئەوەش گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان. یەکێکی دیکە لە رێگاچارەکان، گەیشتنە بە رێککەوتن و ئەنجامی باش لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریاش، دەکرێت هاوپەیمانی و هەماهەنگی و رێگەچارەی دیکەش هەبێت. سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی ئیسرائیل لە دۆخی سوریا لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا، ئیلهام ئەحمەد ووتی: "هیوامان وایە سوریا نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە، دەمانەوێت سوریای نوێ بەرەو ئاشتی و سەقامگیری بڕوات". لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی پەیوەندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئیسرائیل، بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ گرنگە بۆ ئێمە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گرنگە، ئیتر هەر وڵاتێک بێت، ئەوەش تەنها لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا". ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەوان چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە چوارچێوەی سوریادا، تورکیا لەوبارەیەوە رۆڵی هەیە و بەردەوام دەستوەردان دەکات و رێگریی دەکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە سوریا". وتیشی: "تورکیا هەر لەسەرەتاوە دەستوەردانی کردووە لە ناوخۆی سوریا، رێگریی دەکات لە ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی سوریا، بەردەوام ئەو وێنایەی کردووە کە کورد هەوڵی جیابونەوە دەدات، لەکاتێکدا پڕۆژەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە، سوریایەکی دیموکرات و لامەرکەزیی و گەیشتنە بە چارەسەر لەگەڵ دیمەشق، بەشێوەیەک گرەنتی مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بکات لە چوارچێوەی دەستوردا". بەوتەی ئیلهام ئەحمەد، یەکەمجار نییە کورد داوای سیستمی لامەرکەزی بکات، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو و تەنانەت لەسەردەمی داگیرکاریی فەرەنساشەوە کورد داوای سیستمی لامەرکەزی کردووە، لەئێستاشدا رەتکردنەوەی لامەرکەزی دروستبوونی ناکۆکی و کێشەو قەیرانی زیاترە. بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان، رەخنەی لە ئیدارەی نوێی سوریا گرت، کە بەهەمان عەقڵیەتی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد کار دەکات، ئیدارەی نوێی پێکهێناوە ئیعلانی دەستوریی کردووە، بەبێ بەشداریی پێکهاتەکانی دیکەی سوریا. لەوبارەیەوە دەڵێت: ئێمە لەسەرەتای گفتوگۆداین لەگەڵ ئیدارەی نوێ، داوا دەکەین رۆڵی سەرەکیمان هەبێت و هاوبەش بین لە نوسینەوەی دەستور و پێکهێنانی ئیدارەی نوێ، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیکەن لە ئێستادا مەترسییە و بەوردی دۆخەکەیان نەخوێندوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەهەموو لایەنەکانی نەکردووە. ئیلهام ئەحمەد سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێستا و رایگەیاند: دروز و بەشێکی زۆری پێکهاتەی سونە و عەلەوی و مەسیحییەکان و کوردیش دژی سیستمی مەرکەزیین، زۆرینەی سورییەکان لامەرکەزییان دەوێت، دۆخ و قۆناغی نوێی سیاسی وا دەخوازێت سوریا لامەرکەزی بێت، بەڵام ئیدارەی نوێ دەیەوێت لەسەر ئەو سیستمەی رژێمی پێشوو بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەکی مەرکەزی و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی دیکە. بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان رونکردنەوەی زیاتری دا لەسەر بەڕێوەبردنی سوریا، کە دروزەکان ئێستا ناوچەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەیە و لە دەرەوەی سیتمی ئیدارەی نوێن، ئیدلەب هەمان دۆخی هەیە، عەلەوییەکان بەو ئیدارەیە رازی نیین و روداوەکانی کەناراوەکان و کۆمەڵکوژییەکان بەڵگەی روونن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا کارەکانی خۆی دەکات و پارێزگاریی لە سیستمەکەی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت بەشدار بێت لە پرۆسەی نوێی سوریا و نەخشاندنی ئایندەی وڵاتەکە. "بۆیە چارەسەری سەرەکیی بۆ بەڕێوەبردنی سوریا تەنها سوریایەکی نا ناوەندییە بەبەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان"، ئەوەش بەوتەی ئیلهام ئەحمەد.
لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی تێچووە فیدراڵییەکانی حکومەت، ئیدارەی ئەمەریکا پلانی هەیە ژمارەیەک لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا دابخات، بەغداد و هەولێر بەدەرنابن لە پلانە نوێیەکەی ئیدارەی ئەمەریکا. بەپێی یاداشتێک کە دەست رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کەتووە، ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە 10 باڵوێزخانە و 17 کونسوڵخانەی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا دابخات. بەشێکی دیکەی پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ کەمکردنەوەی تێچوونەکان و زیادکردنی ستافە بۆ بەشێکی دیکە بۆ ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا. ئەو بەڵگەنامەیەی باس لە داخستن و کەمکردنەوەی خەرجی باڵیۆزخانەی و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا دەکات، کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئامادەیی ویلایەتەیەکگرتووەکانی لە نیوە هەموو کیشوەرەکاندا. وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، کەمکردنەوەکان بەشێکە لە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان لە حکومەتدا، هەروەها پێشنیازێکە کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بیریان لێکردوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی نزیکەی 50% خەرجییەکانی وەزارەتەکە. کەمکردنەوەی ئامادەیی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا نیگەرانییەکی نوێیە بۆ وڵاتەکە کە لەکاتێکدا لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ چین و بۆشاییەکەی زۆر بە چین دەدات بۆ پڕکردنەوەی ئەرکە دیپلۆماسییەکان، لەنێوانایاندا ئەو ناوچانەی جیهان کە واشنتن ئامادەیی زیاتری هەیە بەراورد بە پەکین. ئەوەش زیانێکی زۆر لە ئەمەریکا دەدات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی. وەک لە راپۆرتی رۆژنامە ئەمەریکییەکەدا هاتووە، زۆرینەی ئەو کونسوڵخانانەی پێشنیازی داخرانیان کراوە لە کیشوەری ئەوروپان. پێنج لە کونسوڵخانەکان لە فەڕەنسان، لە شارەکانی بۆردیۆکس، لیۆن، مارسیلیا، رێنس و ستراسبۆورگ. دوو لە کونسوڵخانەکانیش لە شارەکانی دوسلدۆرف و لایپزیگی ئەڵمانیان. هەر یەکە لە کونسوڵخانە ئەمەریکییەکان لە وڵاتانی ئیتاڵیا، یۆنان و پۆرتوگالی پێشنیازی داخستنیان کراوە. بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، هەولێر و بەغداد بەدەرنابن لە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا. سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی بەغداد لە عێراق دادەخرێت، هەروها تێچوونەکانی پۆستە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر و بەغداد کەمدەکرێنەوە. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی، شەش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیشوەری ئەفەریقا پێشنیازی داخرانیان بۆ کراوە.
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت. دەشڵێت، "وەزیرى دارایی بە نووسراو بەڵێنى داوە پارەى کۆمپانیاکانى نەوت خەرج بکات". حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی چوارشەممە پانێلێکی تایبەت لە کۆڕبەندی سلێمانی رایگەیاند زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەبووە، لە بارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سوودیشى بۆ حکومەتى هەێمى کوردستان هەیە. حەیان عەبدولغەنی گوتى: "یاسای بودجە شەش بۆ حەوت دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیاری کردبوو، ئەو پارەیە پێویستى گرێبەستەکانى نەوتى پڕ نەدەکردەوە و نرخى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوتى کۆمپانیاکانى دەستەبەر نەدەکرد". پەرلەمانى عێراق رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە. وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە ئەو پارەیەى دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت کە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک پێشینەیەکى بەراییە. حەیان عەبدولغەنی گوتى: "کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان لە رووى سرووشتى جوگرافییەوە سەختە و هەڵکەندنى بیرەکان تێچووى زۆرە و بەرهەمیشیان کەمترە، کێڵگە هەیە بەرهەمی دەگاتە 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل، بەراورد بە کێڵگەى رومیلە زۆر کەمە، کە رۆژانە یەک ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کێڵگەى بەدرە و ئەحدەب بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک زیاتر لە 36 دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا گرێبەستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى رومێلە 4 دۆلار تێپەڕ ناکات". کێڵگەى رومێلە لە سنوورى پارێزگاى بەسرەیە، هەردوو کێڵگەى ئەحدەب و بەدرە لە پارێزگاى واست-ن. هەموارى یاسای بودجە لە 17ـی شوباتى 2025 کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەناردەکردەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستى پێنەکردووەتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵە راگیراوە. بڕى نەوتى رادەستکراوى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە بەربەستەکانى بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، حەیان عەبدولغەنی دەڵێت:" لە یاسای بودجەدا رۆژانە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانى نەوت بۆ ناوخۆ، دیاریکراوە، بەگوێرەى ئەو ژمارانەى کە پێمانگەیشتووە هەرێمى کوردستان 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەھێنێت و 115 هەزار بەرمیل دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی" بە گوێرەى هەموارى یاساى بودجە ئەو 16 دۆلارە بۆ کۆمپانیاکانى نەوت تاوەکو ئەو کاتەیە لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات. وەزیرى نەوتى عێراق گوتى: "سێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانى تەکنیکى هەرێمى کوردستان کردووە و لەسەر چارەسەرکردنى چەند تێبینییەک رێککەوتین، بەڵام کۆمپانیاکان ویستیان بزانن چۆن شایستە داراییەکانیان دەستدەکەوێت؟ نووسراوێک بە واژۆى وەزیرى دارایی کراوە کە بەڵێنى خەرجکردنى ئەو پارانە دەدات بۆ کۆمانیاکانى نەوت". یەکێکى دیکە لەو کێشانەى کە بەربەستن بوون لە بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت بووە لە هەرێمى کوردستان. بەگوتەى وەزیرى نەوت کۆمپانیاکانى نەوت داوایان کردووە حکومەتى فیدراڵى ئەو قەرزانە بداتەوە و ئەوە لە هەموارى یاساکەدا نەهاتووە و دەکرێت لەدواى جێبەجێکردنى هەموارەکە گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت. حەیان عەبدولغەنی گوتى: "دەرگاکان دانەخراون لە بەردەم دانوستاندن، رۆژى شەممە شاندى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان سەردانى بەغدا دەکات بۆ تەواوکردنى دانوستاندنەکان، چوار کۆمپانیا رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنى نەوت و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) گرێبەستى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە و نوێ کراوەتەوە بۆ ئەوەى ئامادە بن بۆ هەناردەکرنەوەى نەوت".
