سەڕەراى بوونى کەشێکى ساردوو باران بارین و سەرمایەکى زۆر، بەڵام هێشتا مامۆستایان لەژێر چادردان و درێژەیان بەمانگرتنەکەیانداوەو ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان پێى نایە ڕۆژى دەیەمەوە. 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی ماوەى ١٠ رۆژە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. بەپێى خشتەى مووچەى وەزارەتى دارایی، ئەمرۆ پێنج شەمە، وەزارەتى پەرەوەردە مووچەى مانگى یەک وەردەگرن، شنە عەلى یەکێک لەمامۆستا مانگرتووەکان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە بەدابەشکردنى مووچەیەک مانگرتن ناشکێنین، بەشێکى زۆرى ئەوانەى هاتونەت لامان ئەوانیش دەڵێن بەردەوامدەبین لە بایکۆتکردنى هۆڵەکانى خوێندن تا ئەوکاتە سەرجەم داواکاریەکانمان جێببەجێدەکارێت، یان وەڵامێکى قایلکەرمان دەستدەکەوێت. دووشەممەى ڕابردوو، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەک بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم، بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ی شوباتی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەکی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە 6ی شوباتی 2025 هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک دابەشدەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە کراوەتەوە هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت. لەم مانگە سەرووی(40) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن. وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە. پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
وتەبێژى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ زانیارى لەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کەسى یەکەمى نەتەوەیەکگرتوەکان، دەخاتەڕوو دەڵێت ئەوان بەوردى چاودێریتان دۆخەکە دەکەن، وتویانە پەیامەکەتان گەیشتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، نۆ رۆژە مامۆستایان لەژێر خێمەیەکدان لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگۆتووەکان لە سلێمانى، بەهۆى ساردى کەش و هەواو درێژە کێشانى مانگرتنیان لەخواردن، تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە. ئێوارەى ئەمڕۆ دوو نوێنەرى مامۆستایانى مانگرتوو دڵشاد میرانى و مامۆستا شنە عەلى، لەگەڵ محهمهد ئهلحهسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە بارەگاى سلێمانى لەنزیک خێمەکە دوور لەچاوى کامێراکان کۆبونەتەوە. مامۆستا عوسمان گوڵپ، وتەبێژى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، ئەمشەو لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لەسەر ناوەڕۆکى ئەو کۆبوونەوەیە وتى: ئەمڕۆ نەتەوەیەکگرتوەکان، لەسەر ئاستى کەسى یەکەمیان لەعێراق، هاتوونەتە ئێرەو لەگەڵ دوو لە مامۆستایانى مانگرتوو کۆبوونەتەوە، ئەوان وتویانە بەوردى چاودێری دۆخەتان دەکەین، پەیامەکەتان گەیشتووە لەچوارچێوەى کارەکانمان گفتوگۆى لەسەر دەکەین دڵنیاییانداوە کە هەماهەنگمان دەبن. هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەدا، مامۆستا دڵشاد بابان یەکێک لە مانگرتوان وتى: لە چەند ڕۆژى رابدوودا تائەمڕۆ چەند شێک ڕویاندا پێویستى بەهەڵوێستەکردنە، سێ سەیارە جامەکانیان شکێنراوەو پێداویستیەکانى ناوى براوە، داوایی یاساییمان دەبێت لەسەرئەوە. ئەو مامۆستایە ئەوەشى وت: لە ئێستاوە باران بارین و ڕەشەباى بەهێز دەستیپێکردوە، داوادەکەین و پێویستیشە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکارى بکەن بۆ لافاو، چونکە ئێمە لێرە تەنها چەند قەرەوێڵەیکمان هەیە.
ئەمشەو وەزارەتى بەرگریى تورکیا، کوژرانى ئەفسەرێکى باڵاى وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە لەکاتى گەڕان و پشکنێکدا وەک تورکیا ناوى ناوە لەناوچەى ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ شەڕ دروستبووەو کوژراوە. بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگریى تورکیا دەڵێت: ئەو ئەفسەرە ناوى موراد کەمالەو ئەفسەرێکى باڵا بووە لە سوپاى پیادە لە ڕۆژى پێنجى ئەم مانگە لەکاتى ئۆپرسێۆن و گەڕان و پشکنیندا، بەدەستى پــ.ەکەکە کوژراوە. سوپاى تورکیا، چەند زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنى دەستپێکردوەو ناوی ناوە چنگ. قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 28ـی ئایاری 2019 بەناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ-1 و 2 و3 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵیش لە رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
iQ ئاگاداری ئەو دەنگۆ نادروست و بێ بنەمایانەیە کە لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە دەربارەی ئێمە. ئەم تۆمەتانە بەهیچ شێوەیەک ڕاست و دروست نین، وە ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی دژی کەسانی بەرپرس دەگرینە بەر کە لە پشتی بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمەتانەن. کە ئەم بانگەشەیانە بەشێک بن لە هەڵمەتێکی گەورەتر بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کۆمپانیاکەمان. هاوکات لەگەڵ ئەم تۆمەتانە، ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و مەیدانی بەردەوام دەبینەوە بەڵام خۆشبەختانە هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. بۆمان گرنگە ئەم ڕاستیانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە: iQ و هیچ یەکێک لە کۆمپانیاکانی هەرگیز هیچ چالاکییەکی نایاساییان ئەنجامنەداوە، هەروەها iQ یان هیچ یەکێک لە کۆمپانیاکانی حوکم نەدراون بە بەشداریکردن لە چالاکی نایاسایی، سەرەڕای تۆمەتەکانی پێشوو. iQ نە هیچ گرێبەستێکی نوێی واژۆ نەکردووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی وە نە هیچ بڕە پارەیەکی وەرگرتووە لە حکومەتی فیدراڵ. لە ڕاستیدا، ئێمە پارە دەدەین لە چوارچێوەی شێوازی هاوبەشکردنی داهات. iQ مۆڵەتی وەبەرهێنانی ژێرخانی پێدراوە لە ساڵی 2010 سەبارەت بە گرێبەستی ترانزێت. iQ Networks لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە لیستی رەشەوە، هەروەها هیچ پارەیەک قەرزدار نییە. ئەو دۆکیومێنتەی کە باسی لێدەکرێت (لیستی ڕەشی وەزارەت) هیچ راست و دروست نییە. کاتێک ئەم کەمپەینە پڕ لە زانیاری هەڵەیە، وە بە بەڵگەی ڕاست بەرپەرچ دەدرێتەوە، تۆمەتە بێ بنەماکان زیاتر دەبن و درێژە دەکێشن و ڕوونیشە کە هیچ پەیوەندییان بەیەکەوە نییە. ئەم دەنگۆ بێ بنەمایانە تەنها بەمەبەستی چەواشەکردنی خەڵک و لەکەدارکردنی ناوبانگی iQە لە کاتێکدا iQ و عێراق ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری دیجیتاڵی لە ناوچەکە و لەناوبردنی هەر قۆرخکارییەک. iQ بەردەوامە لە دانانی ستانداردی پیشەسازی لە رێگەی دابینکردنی خێراترین و متمانەپێکراوترین ئینتەرنێت لە هەموو عێراق و بە ئەگەری زۆریشەوە لە ناوچەکەدا. ئێمە پێشوازی دەکەین و ئامادەین بۆ هەموو لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم تۆمەتانە. ئێمە پابەندین بە پێشکەشکردنی چارەسەری پێشکەوتووی پەیوەندی بۆ بەشداربووانمان و فراوانکردنی توانا دیجیتاڵییەکانی عێراق. iQ پابەندە بە پێشکەشکردنی نایابترین.
هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە ڕایدەگەیەنێت هیچ پلانێکیان لە هێزەکانی ئەمەریکا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێنەگەیشتووە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانیان بکات. فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بێگومان داعش و هێزە زیانبەخشەکانی دیکە چاوەڕێی دەرفەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ چالاککردنەوە و گەیشتنیان بە دۆخی ساڵی 2014". دەوڵەتی ئیسلامی کە بە داعش ناسراوە، لە لوتکەی دەسەڵاتەکانیدا لە ساڵی 2014، دسەڵاتی خۆی بەسەر ملیۆنان کەسدا سەپاند و بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریای کرد. کەناڵی ئێن بی سی نیوز رۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پلانەکانی بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دادەڕێژێت. ئەمەریکا هێزە کوردییەکان بە هاوپەیمانی سەرەکی لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەزانێت، بەڵام تورکیای دراوسێی سوریا ئەو هێزانە وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی دەبینێت و هەوڵەکانی خستوەتەگڕ بۆ سەرکوتکردن و لە چەک داماڵینیان. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن بڕیارێک سەبارەت بە سوریا سەبارەت بە بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لەوێ دەدات، ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن میدیا ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە. دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە نازانێت کێ ئەو زانیاریانەی وتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارێک لەبارەی سوریاوە دەدەین"، بەبێ ئەوەی زیاتر ڕوونکردنەوە بدات. ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ لە خولی یەکەمی خۆیدا هەوڵی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە سوریای دابوو، ئەمەش وایکرد جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێشووی سوریا دەستلەکارکێشایەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا جگە لە بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت، باسی مووچەی هەر 12 مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانی کرد بێ ئەوەی باس لە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو بکات. لەوبارەیەوە لە راگەیێندراویێکدا ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت؛ بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی داوە کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لەپێناو زامنکردنی مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیگەرانیی و نەهامەتی مووچەخۆران، کە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سەرۆک وەزیران سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانی کرد و دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێم، درێخی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە. سەرۆک وەزیران هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیشی کرد، بۆ ڕۆلیان لە گەیشتنن بەم ڕێککەوتنە لە بارەی بودجە و هەروەها هەموارکردنی یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم . دواتر هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی خستەڕوو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە. لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی. لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.
سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت پێویستە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوە، لەم روانگە یاساییەوە داوای دەستبەجێ ئازادكردنی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دەكەین بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی. پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراین كە رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە پاشان دادوەرەری لێكۆڵینەوە بریاریداوە بە مانەوەی لە گرتوخانە تا بەرواری 9ی شوباتی 2025. هەردوو رۆژنامەنوس سەردەشت حەمە ساڵح و دانا ساڵح ، چوون بۆ سۆراخی هاوڕێكەیان لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی كە دەكەوێتە ناو بارەگای فەرماندەیی رێگەیان پێنەداون بیبینن. سەردەشت بە میترۆی ووت" پاش بنكەی پۆلیسی سەرچنار براوە بۆ دادگای كەتنی یەك دادوەر بڕیاری مانەوەی داوە تا 9ی شوبات" جەختیكردەوە" پێی ووتراوە نەهاتووی بەدەم داوا یاساییەكەتەوە كە لە دژی جوڵێنراوە، لە كاتێكدا كە ئاگادار نەكراوەتەوە" لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007دا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی نەكردوە، بە هۆی كارەكەیەوە. بە پێی شارەزایانی یاسای بڕیاری مانەوەی تۆمەتبار، لە كاتێكدا دەدرێت كە مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، یان گرەنتی بەردەستبوونی بۆ بەردەم دادگا لاواز بێت، كە ئەمە بەسەر رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی جێبەجێنابێت. سەنتەری میترۆ داوا دەكات، دەستبەجێ بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی ئازاد بكرێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت ، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوە.
پیاهەڵدان و ستایشكردنی سەرۆک و كارەكانی حزبی بەعسی ڕووخاو لە هەرێمی كوردستان، كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال نیگەران دەكات و ئاماژەش بەوەدەكەن، لە لێدوان و بەرنامە ڕۆژنامەوانیەكاندا بە ئاشكرا كەسایەتی دیار و سیاسی و ناو سۆشیاڵ میدیاكان خۆزگە بە گەڕانەوەی حكومەتی بەعس دەخوازن و ئەو سكاڵایانەش كە لەسەریان تۆمار دەكرێت لە دادگاكان دادەخرێن. ئاراس عابید جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " گەڕانەوەی حزبی بەعس و دانیشتن لەگەڵ نەوەكانی سەددام لە وڵاتانی عەرەبی، بە ئاشكرا باس دەكرێت و بەشێک لە داواكراوەكانی حكومەتی بەعس، هەتا ئێستاش لە هەرێمی كوردستانن و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا دوو سكاڵامان تۆماركردووە لەسەر ئەو كەسانەی ستایشی حزبی بەعس و سەرۆكەكەی دەكەن كە لای ئێمە هێڵی سورە، بەڵام لە دادگاكان داخراون". ئاراس عابید گوتیشی،" بە داخەوە دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان وابەستنەی ئەو ستایشانە دەكرێت، دواتریش هیچ پەشیمانیەک لە وتەكان لەلایەن ئەو كەسانەی دەیكەن دەرنابڕێت و هیچ ڕێكارێكی یاسایان لە دژ ناگیرێتە بەر كە ئەمە پێچەوانەی یاسایە." پەرلەمانی عێراق لە 30ی مانگی حەوتی 2016 ، پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حزب و چالاكییە تووندڕەوەكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكردووە. بەپێی یاساكه، هەر كەسێک سیاسەتەكانی حزبی بەعس پەیڕەو بكات بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادەدرێت، هەروەها ئەوانەشی تاوانیان لەنێو ئەو حزبە كردووه، به زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادەدرێن. لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی تایبەت بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەسانە دەرنەچووە، كە ستایشی كارەكانی حكومەتی بەعس و سەركردەكانی دەكەن. گۆران ئەسوەد پارێزەر لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەک نیە، بۆ بە تاوانكردنی ئەو جۆرە پیاهەڵدانەی كە بەسەر سەرۆک و كارەكانی حزبی بەعس دەكرێن، هەركەسێک بەم تۆمەتانە تۆمەتبار بكرێت، دەبێت دادوەرەكان خۆیان لە یاساكان، یاسایەكی بۆ هەڵبژێرن ومامەڵەی لەگەڵ بكەن." ئەو پارێزەرە گوتیشی،" لە سنوری حكومەتی فیدراڵ یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 2016 هەیە، بەناوی قەدەغەكردنی حزبی بەعس و هەر چالاكیەكی توندڕەوی، كە لە یاساكەدا بەڕوونی سزایی یاسایی داناوە بۆ ئەو كەسانەی كە بەهەرشێوەیەک پیاهەڵدان بە حكومەتی بەعس بكات، كە دەبوو لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی لەم جۆرە هەبوایە كە هەرستایشێكی حكومەتی بەعس و سەرۆكەكەی چەندین برینی یەک لەدوای یەک دەكولێنەوە." لە 16ی مانگی حەوتی 1979، سەدام حسێن یەكێک لەسەر كردەكانی حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی لە سنوری پارێزگا جیاجیاكانی عێراق ئەنجام داو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لە لە 9ی مانگی 4 ی 2003 بەتەواوەتی كۆتاییان بە سەددام و حزبی بەعس هێنا. لە نێوان ساڵی 1970 تا ساڵی 1991، چەندین تاوانی گەورە لەلایەن سەرۆک و بەرپرسەباڵاكانی حزبی بەعس بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كورد، ئەنجام دراون كە هەزاران قوربانیان لێكەوتووەتەوە.
دادگای هەمیشەیی گەل، سەبارەت بە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەت تورکیاى داگیرکارو چەتەکانی لە ڕۆژئاواى کوردستان ، لە ڕۆژانی ٥-٦ی شوبات لە برۆکسل کۆدەبێتەوە. لە هۆڵی ماندێلا لە زانستگای ئازادی بڕۆکسل، بەڕێوەچوونی دادگای هەمیشەیی گەل پەیوەست بە تاوانە دژە مرۆیەکانی ڕژێمی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تێیدا دەیان گەورە دادوەر، پارێزە. مافناس، ئەکادیمی و شارەزا بیانی و کورد، هاوکات نوێنەری قوربانیان و شایەتحاڵانی تاوانەکان، بەشدارن. بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچی زۆرەملێ، تیرۆرکردن، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی ئاسەوارە کولتوورییەکان، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کراون ڵێکوڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت. ئەو بابەتانەی کە لە دادگادا دەخرێنەبەر باس و لێکوڵینەوەیان لەسەر دەکرێن ئەمانەن: کۆچی زۆرەملێ شایەتحاڵەکان باس لە کۆچی زۆرەملێی دانیشتوانی کورد لە عەفرین و سەرێکانی دەکەن. لە ماوەی ئەم داگیرکارییەدا گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ئاستێکی بەرچاودا ئەنجامدراوە و ڕاپۆرت لەسەر تاوانەکانی جەنگ وەک توندوتیژی رەگەزی لەخۆ دەگرێت. بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو هەروەها بەڵگە لەسەر ئەوە دەخرێتەڕوو کە دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراوی وەک فسفۆری سپی دژی قوتابخانە، نەخۆشخانە و هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکان بەکارهێناوە. تیرۆر و کوشتنی هاوڵاتی مەدەنی بەدواداچوون بۆ کوشتنی هەڤرین خەلەف، یەکێک لە داکۆکیکارانی مافی مروڤ و ئاشتی و هەروەها توندوتیژی دژی کەسانی مەدەنی دەکرێت. لەناوبردنی میراتی کولتووری لەناوبردنی گۆڕە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان، هەروەها لەناوبردنی سیستماتیکی شوێنە کولتووریەکان، تاڵانکردنی شوێنەکان، وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنە جیهانییەکان بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی کولتووری، لێکوڵینەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ئەشکەنجە و بەندکردنی نایاسایی هەروەها ڕاپۆرتەکان لەسەر ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی هەمەلایەنە بۆ سەرکوتکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری هاوڵاتیانی ناوچەکە لێکولینەوەی لەسەر دەکرێت. دادگای هەمیشەیی گەلان لەسەر داوای فەرمی ڕێکخراوەکانی بواری یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوانە هەوڵدەدەن پێشێلکارییەکان دژی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا بەبەڵگە تومار بکەن و کۆتایی بە کردەوە دژە مروییەکان بهێنن. دادگا ئاماژە بەوە دەکات کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵەکانی بە ئامانجی لەناوبردنی سیستەمی دیموکراتیکی شۆڕشی گەلان لە ڕۆژائاوا بووە. ئەڤین سوێد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆسەری دیمۆکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ عبدالسلام ئەحمەد, نوێنەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیروت جنێڤیڤ جیرۆجۆس، ئەندامی ئەنجومەنی گەورەشاری پاریس، سەرۆکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لیژنەی ئەنجومەنی پاریس، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی فەرەنسا؛ ڕۆبێرتۆ یۆفیمیا، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی-ڕۆما؛ پابلۆ فێرناندێز فێرناندێز، ڕۆژنامەنووس-ئیسپانیا بەشدارن لەو دانیشتانانەدا. دادگایەک بەهەمان شێوە لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڵسەنگاندنی بۆ پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییە نێونەتەوییەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە گەل و ڕێکخستنەکانی کورد کرد، دادگای هەمیشەیی گەل لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئیتاڵیا دامەزراوە.
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کراوە. عومەر گوڵپى کاندیدى دەرچووى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى، لە پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک وێنەو نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت دیقەتی وێنەکە بدەن، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کرا. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوە وێنەی گونیەیەک پارەی بانکی ناوەندی عێراقە لە جۆری (٢٥،٠٠٠) دیناری کە لە بەرواری (١٥ی ١٢ی ٢٠٢٤) نێردراوە بۆ مووچەی مانگی ١٢، بە نرخترین شت بۆ حکومڕانی “ڕەوشت”ە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا عومەر گوڵپى ئەوەش دەخاتەڕوو دەڵێت، ئێمە ڕاستییەکان دەڵێین بێجگە کۆیلەکان کە پەلامارمان دەدەن، جاری وا هەیە خەڵکی ساویلکەش دژمان قسە دەکات، لە بری ئەوەی ئەوانیش ببنە بەشێک لە فشار لەسەر گەندەڵەکان تا قوتی منداڵەکانیان وەرگرنەوە. عومەر گوڵپى جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە لە بەغداوە (٤٤١ ملیار) دیناریان بۆ مووچەی مانگی دوانزە هاتووە، داهاتی نۆ مانگی ڕابردووی ناوخۆیان لەبەردەستەو بۆ بەغدایان نەناردووە، یەک دینار داهاتی نەوتیش دیار نییە، کەچی دەیانەوێت مووچەی مانگی دوانزە نەدەن. وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم لەئەمڕۆ چوار شەممەوە، دەستى بەدابەشکردنى مووچەى مانگى یەک کردووەو بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراقی بە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای نەوتی BP تاکو 25 ملیار دۆلار خەرج بکات لە ماوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوت و گازی کەرکوکدا، لە کاتێکدا کە بەغداد دەیەوێت وەبەرهێنانە بیانییەکان ڕابکێشێتەوە بۆ ناو وڵاتەکە. بەرپرسەکە وتی ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە و ڕەنگە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا تەواو ببێت، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ عێراق کە بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا بەهۆی چەندین ساڵ لە شەڕ و گەندەڵی و تایفەگەرییەوە کەم بووەتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا کە دووەم گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا، لە دوای تەنها سعودیەوە دێت. بەرپرسە باڵاکە کە ڕاستەوخۆ زانیاریی لەسەر پرسەکە هەیە وتی کۆمپانیای BP لە نێوان 20 بۆ 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لەسەر ڕێککەوتنێکی هاوبەشکردنی قازانجەکان کە زیاتر لە 25 ساڵ دەخایەنێت. دوای چەندین ساڵ، ئەم گرێبەستە دووەم گرێبەستی گەورە دەبێت لە نێوان عێراق و کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتیدا، دوای ئەوەی رێککەوتنێک لە بەسڕە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینرجیزدا کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار. ڕێککەوتنەکەی BP سەنگ دەخاتە سەر نۆژەنکردنەوەی دامەرزاوەکان لە چوار کێڵگەی نەوت و پەرەپێدانی گازی سروشتی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە پێویستییەکانی وزەی ناوخۆی عێراق. بەرپرسەکە وتی دانوستانە تەکنیکی و ئابوورییەکان بەباشی بەرەوپێش دەچن و دەکرێت گرێبەستی کۆتایی لە نیوەی یەکەمی مانگی دوو و ڕەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە واژۆ بکرێت. وتیشی بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای BP توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە بڕی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 2 بۆ 3 ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ لانیکەم 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە. بەپێی سێ بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی باکوور، توانای ئێستای کێڵگەکان 300 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بەپێی مۆدێلی دابەشکردنی قازانج کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەرپرسەکە وتی BP دەتوانێت خەرجیەکان بگەڕێنێتەوە و دەست بە قازانج بکات کاتێک بەرهەمی خۆی لە ئاستی ئێستا زیاتر دەکات. کۆمپانیاکە زانیارییەکی قووڵی لەسەر کێڵگەکانی کەرکوک هەیە. کۆمپانیاکە ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیاکان بووە کە لە ساڵانی بیستەکاندا نەوتییان لە کەرکووک دۆزییەوە و بە مەزەندەی خۆیان ئەو ناوچەیە نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە کە دەتوانرێت دەربهێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی 2ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە: 1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی. 2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025. 3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی. 4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان. 5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە. هەروەها لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى لیستى مووچەى مانگى یەکى بڵاوکردەوەو سبەینێ چوار شەممە، دەستبەدابەشکدنى دەکرێت و بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت. درەنگانێکى ئەمشەو، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەڕاگەیەندراوێکیاندا لیستى مووچەى مانگى یەکیان بڵاوکردەوە. وەزارەتى دارایی دەڵێت: ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت. هەر ئەمڕۆ سێ شەممە وەزارەتى دارایی ڕایگەیاند، بڕی (٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرکردایەتی ناوەندی سوپاى ئەمەریکا (CENTCOM) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانی وردی عێراقدا بە هاوکاری ئەمەریکا لە نزیک کەرکوک پێنج چەکداری داعش کوژراون. وتیشی " دوای هێرشە ئاسمانییەکە لە شوێنەکەدا قایشی خۆتەقاندنەوە و چەندین شتی دیکە دۆزراونەتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد " ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی هێزە تایبەتەکانی عێراق بەشێکە لە هەڵمەتە بەردەوامەکەی شکستهێنانی داعش بۆ لە ناوبردن و تێکدانی تواناکانی داعش و تێکدانی شانە و تۆڕەکانی هێرشکردنییان." وتیشی هێزی کاری هاوپەیمانان لە ڕێی دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق کردووە. سەرکردایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەش، گوتیشی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیدا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای ئەم تیرۆریستانە و پاراستنی وڵاتمان.