سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری سووریا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع "جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌بوونى په‌يوه‌نديى به‌هێز له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه."   رۆژی هه‌ينى 11-04-2025 له‌ چوارچێوه‌ى به‌شداريكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى دیپلۆماسيی ئەنتاڵیادا لە تورکیا؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.   بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا داهاتووى پەیوەندییه‌كانى سووريا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش كرده‌وه‌.   سه‌رۆككۆمارى سووريا ديد و روانينى خۆى بۆ سووريا خسته‌ڕوو، كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى بگرێته‌ خۆى، وڵاتى هه‌موو هاووڵاتييان و پێكهاته‌كانى بێت و ده‌ستوور مافه‌كانيان بپارێزێت؛ ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.   هاوکات سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ستايشى روانينى سه‌رۆككۆمارى سووريا، "جەختی لەسەر گرنگيی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاته‌كه‌ و چاره‌سه‌رى سياسييانه‌ى كێشه‌كان کردەوە، بە شێوەیەك کە مافی هەموو پێکهاتەکانی، به‌تايبه‌تى گه‌لى كورد له‌ سووريا‌ مسۆگەر بکات و ببێته‌ هۆى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا."   هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه‌ و بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆككۆمارى سووريا "جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌بوونى په‌يوه‌نديى به‌هێز له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، کە خزمەت بە بەرژەوەنديی هەردوولا بکات و یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی ئارامى و پاراستنى سەقامگیری لە ناوچەکەدا."   ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌ و كاريگه‌رييان به‌سه‌ر عێراق و سوورياوه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو.  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمرۆ هەینی لە پەڕاوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە.  سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ستايشى رۆڵى  ئه‌ردۆغان له‌بارەی پرۆسەی ئاشتی، "پرۆسه‌كه‌ى به‌ مێژوويى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ر هاوكارييه‌ك له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌دا ئاماده‌يه‌." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە: "لە ئەنتاڵیا، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو. جەختم لە گرنگیی کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، وەک رێگەیەکی سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام، کردەوە.  هەروەها ئەوەش دەڵێت دووپاتمکردەوە کە پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت و پەکەکەش بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بداتەوە. هەروەها باسی کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆک ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی و گرنگییەکەی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی کرد. کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، بە بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتاڵیا، به‌ سه‌ردانێک گه‌یشته‌ تورکیا.   سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ په‌راوێزی کۆڕبه‌نده‌که‌دا، لەگەڵ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی باڵای وڵاتان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری دەم پارتی سەبارەت بە دیداری شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: دیدارێکی تێروتەسەل بووە، پێشبینی دەکەین لە ماوەى 10 رۆژى داهاتوودا حکومەتى تورکیا هەنگاوێ نوێ بۆ پڕۆسەی چارەسەریی بنێت. چاندار لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا لە ئاڕتی تیڤی رایگەیاند: لە ساڵانی رابردوودا وەک رۆژنامەنوسێک لە کۆشکی سپی ئەمریکا ئامادەبووم لە دیدارکانی سەرۆکەکانی تورکیا و سەرۆکی ئەمریکا کەمتر لە کاتژمێرێک بووە، بەڵام لە دیدارەکەى نێوان شاندەکە و ئەردۆغان کاتژمێرێک و  25 خولەک بووە ئەمەش لە پڕۆتۆکۆڵی سەرۆککۆماردا بە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن دادەنرێت و بێگومان هۆکارەکەی بەهۆی گرنگی بابەتی ئاشتییەوەیە. پێشتر ئەردۆغان خۆی بەدوورگرتبوو بەوەى قسە لەسەر پڕۆسەکە بکات، بەڵام ئێستا راستەوخۆ لەنێو پڕۆسەکەدایە بە ناوی سەرۆکی دەوڵەت بەشداری لەو کۆبونەوەیە کردووە.

  کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان وادەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکانى بۆ هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد. بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن، تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکان لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا چوارى مانگى داهاتوو. رۆژى چوارشەممە (9ى نیسانى 2025) ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 11 ى تشرینى دووەمى بۆ وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد، بەو پێیەش کەمتر لە حەوت مانگى دیکە هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆى لەو بارەیەوە راگەیاند. رۆژێک دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستیكرد بە ڕێكارە تەكنیكییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەكاتەوە پشت بە ئامرازی "وێنەی چاو" دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە. لەوبارەیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"كۆمسیۆن لەڕووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراوی ژمارە 12 ی ساڵی 2018".

  دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە. دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات. حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە. دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت. چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.

بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: لایەنە کوردییەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ سوریا یەك دەنگن و رەخنەش لەو سیاسەتە دەگرن کە ئێستا لە دیمەشق پەیڕەودەکرێت. بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: کوردەكانی سوریا لە سەر ئەوە یەكدەنگن كە داوای سیستمی فیدڕاڵی بکەن، بەجۆرێک کەڕێگە بە دروستبونی  ئۆتۆنۆمی ناوچەیی و هێزی ئەمنی بدات. وتیشی: سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە سوریا، هاوڕان کە سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی لە سوریادا هەبێت. هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،  پرسی چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا و پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتوری، پێویستە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکاندا دروست بکرێن. لە چوارچێوەیەی رێکەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک دیل ئاڵوگۆڕکران و بە پێی زانیارییەکانیش گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی دەکشێنەوە.

  ماوەی شەش ڕۆژە گه‌ڕان به‌دواى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى مامۆستا ئاڤێستا له‌ رووباری مێرگه‌سۆر بەڕدەوامەو تائێستا نەدۆزراوەتەوە. بەرگری شارستانی کە بەردەم لەئەرکدان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە دەڵێن كارى تیمه‌كانمان چوەته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ن ته‌رمه‌كه‌ى سه‌رئاو بكه‌وێت، چونكه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ گه‌ڕانى ژێر ئاو بێهوابوون. عه‌قید ئیبراهیم فه‌ریق به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى ئاكرێ  راگه‌یاند، گومان ده‌كرا تەرمەکە له‌ ناو گۆمێکی قووڵ مابێته‌وه‌ و گیربووبێت کە قوڵاییەکەی له‌ سێ مه‌تر تا 13 مه‌تره‌، به‌ڵام تیمه‌كانى غه‌واسمان ماوه‌ى نیو كاتژمێر له‌ژێر ئاوى گۆمه‌كه‌ بۆى گه‌ڕان و هیچیان به‌دی نه‌كرد”. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوەخۆ و بە فەرمانی بەرێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی كوردستان سەردانی شوێنی خنكانی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی)یان كرد. ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەو سەردانە، بە مەبەستی شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكانی تیمەكانی ڕزگاركردن و تیمی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەولێر و سۆران و ئاكرێ بوو لەكاتی گەڕان بەدوای تەرمی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی).

  لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنن، شەممە لە شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە غەززە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی رێکدەخەن، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە. راگەیێندراوەکە لە ژێرناوی "لیژنەی هاوبەشی سەرپەرشتیاری گردبوونەوەی پاڵپشتی غەززە"، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژی شەممە 12-04-2025، لە بەردەم پارکی شانەدەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری سازدەکرێت بۆ پاڵپشتی کەرتی غەززە؛ دژ بەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەریان دەکرێت". نوێنەری هەردوو حیزبەکە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رەزامەندی بدەن و لایەنی ئەمنی گردبوونەوەکە بپارێزن". سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو، دەزگای ستانداردیش داوای مۆڵەتی گردبوونەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو گردبوونەوەیە لەو کاتەدا لە شاری هەولێر بە پێویست نازانرێت.

  کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاتریان هەیە.   شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، کاژێر 13:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4-2025 گەیشتنە کۆشکی کۆماریی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.   کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو.   کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدرا.   سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە".   شاندی دەم پارتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کرد.   سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین".   ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین".   پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: "ئەمە یەکەمین جارە بەرێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی".   کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە 9-4-2025 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات.   دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان. 

  بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو لیژنەیەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پێکیهێنابوو هەڵوەشانەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا ناگیرێت، بەڵام هاتوچۆیان لەنێوان پارێزگاکاندا سنوردار دەکرێن. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تەنها بۆ ئەوەیە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنیان فراوان نەبێت، بەڵام دەستیان بەسەردا ناگیرێت و تەنها هاتوچۆی نێوان سنووری پارێزگاکان سنوردارکراوە. پەیامنێرمان قسەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا کرد و ئەوان دەڵێن، کەس ناتوانێت دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا بگرێت، لەئەگەری دەستبەسەرداگرتنیشیاندا هەڵوێستی توندیان دەبێت کە ژمارەیان زیاتر لە 70 هەزار کەسە لە هەریمی کوردستان، چونکە ژیانیان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە.

دوای پێنج رۆژ لە سوتانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی، شارەوانی رایگەیاند، پرۆسەی پاککردنەوە و لادانی پاشماوەی ئاگرەکە کۆتاییهاتووە. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو پاککردنەوە و شۆردنی ناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کۆتایی هات. هەروەها ستایشی تیمەکانی دەکات کە چەند رۆژێکە وەک هاوکاری و پشتگیرییەک بۆ کاسبکاران بەردەوامبوون لە پاککردنەوەی بازاڕەکە. بەرەبەیانی پێنجی ئەم مانگە ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 دوکان سوتان. سۆران عەبدوڵا لێبرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانی سلێمانی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا شوێنەکە پاکدەکەنەوە و دیزاینێکی نوێ بۆ بازاڕەکە دادەنێنەوە و نۆژەندەکرێتەوە. گوتیشی، پاشماوەی ئاسنی دووکانە سوتاوەکان هیچ کەڵکێکی نەماوە و بەکارناهێنرێتەوە، دەدرێتە کارگەیەکی ئاسن و بە شێواز و کەرەستەی نوێ بازاڕەکە تازەدەکرێتەوە. ئاگرەکە زیاتر ئەو دووکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی نێو دووکانەکان.   لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای تەوابوونی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.

  كاتژمێر 1:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی لە كۆشكی كۆماریی توركیا (بێشتەپە) لە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كۆدەبێتەوە.   لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە گرتوخانەی ئیمراڵی، یەكەمجارە ئەردۆغان لەگەڵ وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) كۆدەبێتەوە.  دوێنێ ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی (ئاكەپە) لە پەرلەمان لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، وەک هاوپەیمانی گەل بە گرنگی و ئارامییەوە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین. ئەردۆغان وتی:" بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەو پێشخستنی وڵات و ناوچەکەمان". ئۆجەلان داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كردووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سازدانی كۆنگرەو رێوشوێنی یاسایی تر هەیە لە پەرلەمانی توركیا، ئەم پرۆسەیەش تائێستا هەنگاوی كردەیی بۆ نەنراوەو چاوەڕوان دەكرێت لە دیداری ئەمڕۆی دەم پارتی و ئەردۆغاندا قسەوباسی لەسەر بكرێت.

  وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەردەکرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، ترسی تورکیا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان کشانەوەی گروپەکانی خێراتر کردووە. سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان کەمکردووەتەوە و زۆربەی بنکەکانی ناوەندی شارەکەیان چۆڵکردووە، تەنها چەند گروپێکی بچوکیان بەشێوەیەکی کاتیی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەکە جێدەهێڵن. سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان، پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیمەشق بڵاوی کردەوە؛ مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا. مانگی ئازاری رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی نوێی دیمەشق، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی بە ئاسایشی ناوخۆ، تائێستاش دوو کاروانی شەڕڤانان کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەس دەبوو شاری حەلەبیان بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بەجێهێشتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: گواستنەوەی گروپە چەکدارکان لە عەفرینەوە بۆ بنکەی سەربازیی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گروپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەشێک لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گروپانە لەناوچەکە کشاونەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ هەسەدە فشار لە ئیدارەی سوریا دەکات، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عەفرین بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە و هێزی ئاسایشیان لێ پێکبهێنرێت، دانیشتوانی عەفرینیش چاوەڕوانی لابردنی بەربەستەکان و کشانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان لە شارەکەیان بە یەکجاریی. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.

سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عێراق ئاشكرایانكردووە، بەرپرسانی تورکیا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریاو بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، کە شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە رۆژنامەی (العربي الجدید) راگەیاندووە، لایەنی تورکی زەمینەسازی دەكات بۆ کۆبونەوەی لاوەکی لەنێوان بەرپرسانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا.  ئەو بەرپرسە، وتوشیەتی، وەزارەتی دەرەوەی  تورکیا له پەراوێزی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئه نتالیا، شه ممه ی داهاتوو، سەرپەرشتی ئەم  بابەتە دەكات، که شەرع تیایدا ئامادە دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق. ئاماژەی بەوەشكردووە،  چەند رۆژێکە لایەنی تورکیا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، بەڵام تا تائێستا ئەو بابەتە لەلایەن سودانی یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەوەی لە ئێستادا دڵنیایە ئەوەیە، کە بەرپرسانی دیکەی عێراق، وەك فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرع دەبینن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەرچەشنە نزیکبونەوەیەک لەگەڵ سوریای نوێ، روبەڕوی فشاری هاوپەیمانەكانی ئێران دەبێتەوە.  بەوتەی چاودێران، رەنگە سودانی ئەم کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە، بۆ ئەوەی زیانی سیاسی لە ناوخۆی عێراق پێنەگات لەلایەن هاوپەیمانەکانی تاران، بەتایبەتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک نوری مالیکی و، قەیس خەزعەلی. ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە، لە چوارچێوەی  خواستی ئەنكەرەدایە، بۆ خولقاندنی کەشوهەوای هاوکاری نێوان بەغدا و دیمەشق، کە وابكات بە قازانجی خۆی ئاڕاستەی بكات لەسەر پرسی کورددا، هەروەها لە بواری  ئەمنی و تەنانەت دۆسیەیەی ئابوریش.

  وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لە سووریا نیازی شەڕوپێکدادانیان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیلیش بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ناسەقامگیریی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت''.   هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی چوارشەممە، 9ی نیسانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ''ئێمە وەک تورکیا، لە سووریا نیازی شەڕوپێکادانمان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتیکی دیکە نییە''.    وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ئاژاوەنانەوە بە مەبەستی هەندێک ئامانجی ناوچەیی لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، جێگەی قبووڵ نییە. ئەمە ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت''.   فیدان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە زۆر بواری پێویستدا لە چوارچێوەی رێککەوتنی دوولایەنە دەتوانێت پاڵپشتی لە سووریا بکات. ''ئەگەر سووریا سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی، هەست بە بوونی کێشەیەک بکات و بیەوێت لەگەڵ هەر وڵاتێک رێککەوتنێکی ناوچەیی واژۆ بکات، ئەمە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە''.   لە وەڵامی پرسیاری ''ئەگەر سووریا بیەوێت رێککەوتنی بنکەی سەربازی لەگەڵ تورکیا واژۆ بکات، تورکیا ئامادەیە بۆ ئەمە؟'' فیدان گوتی، ''بۆ هەر بابەتێک کە لە بواری ئاسایشدا خزمەت بە هاوئاهەنگی و پەیوەندیی دووقۆڵیمان بکات، ئامادەین''.   سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەبارەی سووریا، فیدان گوتی، ''ئێمە پێشتر لە سووریا میکانیزممان بۆ پێکدانەدان لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا و ئێران هەبوو. نموونە؛ من لێرە ئۆپەراسیۆن دەکەم، بەڵام لەگەڵ هێزەکانی تۆ خۆمان بەیەکدیدا ناکێشین، ئامانجەکەی من دیارە. ئێمە کاتێک لە سووریا ئۆپەراسیۆن دەکەین، جا لەڕێگەی ئاسمانییەوە بێت، یاخود بەشێوەی دیکە، هاوشێوەی ئەو وڵاتانە، لە دۆخێکی وەهادا پێویستە ئیسرائیلیش بخرێتە نێو میکانیزمەکە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەمە، دەتوانم بڵێم؛ لەسەر ئاستی تەکنینی پەیوەندیی راستەوخۆ هەیە''.   رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، ئیسرائیل چەندین پێگەی لەنێو سووریا بۆردوومان کرد.   هاکان فیدان ''رەتیکردەوە'' هیچ هاووڵاتیێکی تورکیا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا گیانی لەدەست دابێت. لەبارەی بوونی بنکەی سەربازیی تورکیاش لە سووریا گوتی، ''ئێمە هیچ بنکەیەکی سەربازیمان نییە کە رامان گەیاندبێت."   لەبارەی رۆژی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا لەمبارەیەوە قسە دەکرێت. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک دەکرێت، دەکرێ لە تورکیا بێت دەشکرێ لە ئەمریکا بێت''.   لەبارەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان فیدان گوتی، ''حکومەتی بەغداد لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا زۆر خەمخۆر نییە. ئێمە لەم بابەتە لەگەڵ ئەربیل [هەولێر] قسە دەکەین، هەوڵدەدەین هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکەین. نزیکەی 700 گوند لە ژێر داگیرکاریی پەکەکەدایە، بنەماڵەی بارزانیش ئەمە دەڵێت. ئەمانە پێویستە لەلایەن پێشمەرگەوە کاریان لەسەر بکرێن''.   وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ''بەڵام شنگال و مەخموور، ناوچە جێناکۆکەکان و دەرەوەی ئەو ناوچانە، پێویستە لەلایەن حکومەتی  فیدراڵییەوە، هەوڵی بۆ بدرێت''.