وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەت، سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکەن و لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەپەڕەى تایبەتى خۆیان وەزارەتی دارایی هەرێم، لە راگەیەندراویکدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-2-2024) بڵاویانکردەوە: دەڵێن ئەمڕۆ بڕی (٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩ ) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم. تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. ڕۆژی سێ شەممە ٤ ی شوباتی ٢٠٢٥، بڕی ( ٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩ ) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. تیمەکانی وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکەن و لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن. ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن. هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین. هاوکات دڵشاد میرانى نوێنەرى مانگرتووانى سلێمانى، ئەوەى خستەڕوو، ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان و عێراق وەڵامیان نەدەنەوە، بەنیازن رێگاى دیکە بگرنەبەر. هەروەها دڵشاد میرانى، مامۆستاى مانگرتوو وتیشى: ئەنجامى ئەو رێککەوتنەى کە لە بەغداد کراوە تاوەکو ئێستا ئەوە نییە کە ئێمە مانمان بۆ گرتووە. دوێنێ دووشەممە، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕەوا ناوبرد، بەڵام هێرشیکردە سەر بەشێک لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان و بە نزیکایەتی لە گروپە شیعەکان تۆمەتباری کردن. هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"مانگرتن مافی ڕەوای مامۆستایانە، بەڵام نابێت مامۆستایان قوتابییان بەرەڵا بکەن." نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێری دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دەکەم کەماوەی چەندڕۆژێکە لە سلێمانی بۆ داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچە، مانیان لەخواردن گرتووە. چارەسەرکردنی کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داوایەکی ڕەوایەو هەموومان پشتگیری لێدەکەین."
وەزارەتى نەوتى عێراق رێکارەکانى رادەستکردنى نەوتى هەرێمى بە کۆمپانیاى سۆمۆ دەستیپێکرد، دواى رۆژێک لە پەسەندکردنى هەموارى بودجە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێکمى کوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە، بەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەستپێکردنی ڕێکارەکانی گەیاندنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە کۆمپانیای سۆمۆ ڕاگەیاند. بەیاننامەکەى وەزارەتی نەوت ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەستپێکردووە بە ناردنی نوسراوێکی فەرمی بۆ گەیاندنی نەوت بەشێوەیەکی یاسایی بە کۆمپانیای سۆمۆ. بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێم وەربگرێت و لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانییەوە هەناردەی بکات. لەبەیاننامەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، رێکارەکان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە بۆ ئامادەکردنی هێڵی بۆری عێراق - تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێکراوە. عەبدولغەنی ئەوشى ڕوونکردەوە، بڕە دیاریکراوەکان لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نین لە نەوتی هەرێم، ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردە بکرێت. دەستکردن بە رێکارەکانى رادەستکردنى نەوتى هەرێم بە سۆمۆ، دواى رۆژێک دێت لە پەسەندکردنى هەموارکردنى بودجەى عێراق بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە ساڵى 2023 ەوە و لەسەر سکاڵاى عێراق و بەبڕیارى دادگاى ناوبژیوانى پاریس راگیراوە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە بەرپرسیارانە و بنیاتنەرە دەربڕی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گیرایەبەر بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق. هاوکات داوای لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد، دەستبەجێ دەست بە ئەم کارە بکەن و جێبەجێی بکەن هەموارکردنەوە. لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پێشوازیی لە پەسەندکردنى هەموارەکە کرد و هیواى خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەوکەسەى تاوانبارە بە کوشتنی مامۆستاکەی چەمچەماڵ دەستگیرکراوەو ڕووبەڕوی یاسا کراوەتەوە. نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە لە قەزاى چەمچەماڵ ژنێکی تەمەن 34 ساڵ بەر چەقۆ درا و کوژرا؛ ئەو ژنە ناوی لەنیا ئەحمەدە، لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و "چەقۆ لە مل و جەستەی دراوە" و کوژراوە؛ رووداوەکەش لەنێو ماڵی ژنەکەدا بووە. لەڕاگەیەندراوێکى رۆژنامەوانیدا دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەستگیرکردنى تاوانبارى ڕوداوەکەى ڕاگەیاند. لەبەشێکى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بەمادەی تیرۆر لەسەر بیری توندڕەوی چونە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا. دەقى ڕاگەیەندراوەکە دەزگاى ئاسایشى هەرێم تاوانباری کوشتنی مامۆستاکەی ئه مڕۆی چەمچەماڵی دەستگیرکرد لەمیانەی بەدواداچون و گەڕان بەدوای تاوانباری سەرەکی و کۆکردنەوەی زانیاری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بکوژی مامۆستا( ل.ا.ح)سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان گیرانە بەرو توانرا لە لەلایەن ب.ئاسایشی بازگەکان تاوانبار (ه.ح.س) دەستگیر بکات و ڕووبەڕوی یاسای بکاتەوە ،هەروەها لەئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ تاوانباردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لێکۆلینەوە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بەمادەی تیرۆر لەسەر بیری توندڕەوی چونە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا
ــ ئێستاش ئەو قسانە دەکەمەوە کەبەرامبەر بەشێک لەمامۆستایانى مانگرتوان کردوومە ــ لە دواى ڕێککەوتنەکان، بڕیارە بەدوو گوژمە بەغدا پارەکە بنێرێت ــ سوپاس بۆ خودا ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەشكاو سەرکەوتوبوو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت بەتەنها خۆى شەڕى کردوە لەبەغدا لەسەر شیرى مناڵى موچەخۆران شەڕى کردووە، بێ ویژدانیە بلێن کێشەکان خەتاى کاک مەسرورە. پێشەوا هەورامى، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەر شانی خۆی جێبەجێ كردووە، سوپاس بۆ خودا ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەشكاو سەرکەوتوبوو. ئەو وتیشى: ئەوەى کە هاوخەمێت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و چارەسەرى کێشەکان تەنها مەسرور بارزانى و حکومەتى هەرێم بووە، بێ ویژدانیە بلێن دواکەوتنى مووچە تەواوى کێشەکانى ٣٠ ساڵى ڕابردوو خەتاى کاک مەسرورە، جەنابى خۆى بەمەسئول زانیوەو شەڕى کردوە. پێشەوا هەورامى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتیشى: بەبێ کێشە مووچەى ١٢ مانگى ئەمساڵ مسۆگەرەو هەرولا ڕێککەوتن کراوەو واژۆکراوە، موچەى مانگى یەک لەم هەفتەیە دەنێردرێت بەپێى ڕێککەوتنەکە ئەوەى مەسەلەى تەکنیکى و هونەریە کۆتایی هاتوەو ئیدى سابتکراوە. وتەبێژەکەى حکومەت، ئەوەشى وت: لەدواى ڕێککەوتنەکان، بڕیارە بەدوو گوژمە بەغدا پارەکە بنێرێت. سەبارەت بەو ڕەخنانەى کەلێى گیرا لەلایەن مامۆستایانەوە، پێشەوا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە لەوقسانە پەشیمان نیە، ئەو وتى: ئێستاش ئەو قسانە دەکەمەوە کەبەرامبەر بەشێک لەمامستایانى مانگرتوان کردوومە ئەوانیش سێ چوارکەسن، لایەنی سیاسی دەستی لە بابەتی خێمەی خۆپێشاندەران هەیە، ئەوانە نوێنەرى مامۆستایان نین نوێنەرو کاندیدى دۆڕاوى پەرلەمانن.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، لەپەرەى تایبەتى خۆیان وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکان و ڕیککەوتنەکەى ئەمڕۆیان لەگەڵ عێراق بڵاوکردەوە. لەبەشێکى ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەهاتووە: تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٥ )ن. هەروەها وەزارەتى دارایی دەشڵێت: چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. لەبەشێکى دیکەدا وەزارەتى دارایی هەرێم دەڵێن: شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. دەقى بەیاننامەکەى وەزارەتى داریی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن. دوای ١٥ ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی. هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ ی شوباتی ٢٠٢٥، لەبینای ئەنجومەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێكکەوتن. لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٥ )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. شایانی باسە شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
سهرۆكى ههرێمى كوردستان رایگەیاند، له نزیكهوه چاودێریى دۆخى مامۆستایان و فهرمانبهرانى مانگرتوو دەکات و پهیام و داواكارییان بهتهواوى به لایهنه پهیوهندیدارهكان گهیشتووه، "بۆیه داوایان لێ دهكهم رهچاوى بارى تهندروستییان بكهن و دهست له مانگرتن ههڵبگرن". لە راگەیێندراوێکدا، نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە دەڵێت، "له نزیكهوه چاودێریى دۆخى مامۆستایان و فهرمانبهرانى مانگرتوو دهكهم كه ماوهى چهند رۆژێكه له سلێمانى بۆ داواى چارهسهركردنى كێشهى مووچه، مانیان له خواردن گرتووه. ئەو وتیشى: چارهسهركردنى كێشهى مووچه و شایسته دارایییهكانى ههرێمى كوردستان داوایهكى رهوایه و ههموومان پشتگیریى لێ دهكهین". لەبارەی چارەسەری پرسی مووچەوە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، بۆ ئهو مهبهسته، له سهرۆكایهتى و حكومهتى ههرێمى كوردستان ههوڵێكى زۆریان لهگهڵ حكومهتى فیدراڵى داوه، "ههر لهم چوارچێوهیهدا خۆشبهختانه له ئهنجامى گفتوگۆ و لێكگهیشتنى ههردوولا و به هاوكاریى لایهنه پهیوندیدارهكان، ههموارى یاساى بودجهى گشتیى فیدراڵى پهسند كرا و ئومێدى چارهسهرى یهكجاریى پرسی مووچه و شایسته داراییهكانى ههرێمى كوردستان ههیه". سهرۆكى ههرێمى كوردستان داوا لە مانگرتووان دەکات کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن و دەڵێت، "پهیام و داواكاریى مامۆستایان و مووچهخۆران بهگشتی، به تهواوى به لایهنه پهیوهندیدارهكان گهیشتووه. سەرۆکى هەرێم دەڵێت: بۆیه داوایان لێ دهكهم ڕهچاوى بارى تهندروستییان بكهن و دهست له مانگرتن ههڵبگرن. ههموو لایهك دڵنیا دهكهینهوه که ههرێمى كوردستان له ههوڵهكانى بهردهوام دهبێت بۆ چارهسهركردنى تهواوى كێشهكان لهگهڵ حكومهتى فیدراڵى عێراق.
هاوڵاتى ــ بۆ ساڵی 2025 بەبێ گرفت مووچەی مووچەخۆران چارەسەرکراوە ــ لە دوو ڕۆژى داهاتوو دەست بەدابەشکردنى مووچەى مانگى یەک دەکرێت. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند دواى چەندین کۆبونەوە لەگەڵ حکومتى بەغدا رێککەوتون کێشەی مووچە کۆتایی هات. ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساز کرد. ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەو کۆنگرەیەدا وتى: کۆبوونەوەکان بەخێر شکانەوە و لەگەڵ بەغداد رێککەوتین، بۆ ساڵی 2025 بەبێ گرفت مووچەی مووچەخۆران خەرج دەکرێت. هەروەها ڕونیکردەوە یەكەم كاری كابینەی نۆیەم ئەوە بوو هاتە بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان و ئێستەیش سوورین لەسەر چارەسەری كێشەكان. ئاواتى شێخ جەناب لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: لەم دوو ڕۆژە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەستپێدەکات، و دەست بەدابەشکردنى مووچە دەکرێت. تەیف سامى لەسەر بنەماى راپۆرتە هاوبەشەکە بڕیارى داوە واژۆ لەسەر تەمویلى مووچەى مانگى یەکى 2025 بکات، هەروەها لەو راپۆرتەدا بە بڕگەیەک باسى مووچەى مانگى 12 دەکرێت و تەرازووى پێداچوونەوەى لەگەڵدا هاوپێچ دەکرێت. شاندە داراییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگى یەک داواى 950 بۆ 960 ملیار دینارى کردووە. ڕۆژی 2025-02-02، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەی 12 بڕگەی (ج) لە یاسای بودجە، کە پەیوەستە بە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە نزیکترین کات نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.
نزیکەى سێ کاتژمێرە مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامن لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و ئێستا لەبەردەم چادرى مانگرتووان بەردەوامن لەوتنەوەى دروشمى جیاوازو بەردەوامیان داوەتە خۆپیشاندان. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەکانی سنوری، چەمچەماڵ، ئیدارەی راپەڕین، شارەزور و گەرمیان و ناوشاری سلێمانی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود گردبونەوە. خۆپیشاندەران دواتر بە رێپێوان و وتنەوەی درووشم چوونە چادرى مانگرتوان کە ناویان ناوە "خێمەی شکۆ" و پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتووان و داواکارییەکانیان و داواکاریی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران دووپاتکردەوە. جیاواز لە ڕۆژەکانى دیکە، مانگرتووان ئەمڕۆ كفنی سپییان لەبەركرد، داواكارییەكانی مانگرتووان، بریتیە لە تەوتینی مووچەی موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، لە بانكە فیدراڵیەكان، گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران کە چەند ساڵێکە وەستێنراوە. ئەمڕۆ حەوت ڕۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن و دەشڵێت، "لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دانوستاندان." مەزڵوم عەبدی وتیشی ئەوان دەیانەوێت خۆیان شارەکان بەڕێوەببەن، دەشیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان بمێننەوە. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی، مەزڵووم عەبدی، چەند پرسێکی باسکرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بوون. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند رووخانی رژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیاکەی بێت. عەبدی ئاشکراشیکرد هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا. لە کۆنگرەیەکدا بەڕێوەبەرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا ئەحمەد شەرعیان وەکو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دیاریکرد پەرلەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە. لەو بارەیەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین. گوتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى له دهنگدانى ئهنجومهنى نوێنهران لهسهر ههموارى یاساى بودجهى گشتیى فیدراڵى دهكات و دەڵێت ئومێدهوارین ببێته سهرهتاى چارهسهركردنى كێشهكانى دیكه و به زووترین كات ههواڵى دڵخۆشكهرى چارهسهربوونى یهكجاریى پرسى مووچه و شایسته دارایییهكانى ههرێمى كوردستانى بهدوادا بێت. دوێنێ یەکشەممە، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە.. نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پێشوازى له دهنگدانى ئهنجومهنى نوێنهران لهسهر ههموارى یاساى بودجهى گشتیى فیدراڵى دهكهین و دهستخۆشى له ئهنجومهنى نوێنهران و ههموو ئهوانه دهكهین كه له ئامادهكردن و پهسهندكردنیدا، بهشدار بوون. لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى سەرۆکى هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئهمه ههنگاوێكى دروست و ئومێدبهخشه و به خێر و بهرژهوهندیى تهواوى عێراق به ههرێمى كوردستانیشهوه دهگهڕێتهوه. هەروەها دەشڵێت: ئومێدهوارین ببێته سهرهتاى چارهسهركردنى كێشهكانى دیكه و به زووترین كات ههواڵى دڵخۆشكهرى چارهسهربوونى یهكجاریى پرسى مووچه و شایسته دارایییهكانى ههرێمى كوردستانى بهدوادا بێت. دووپاتى دهكهینهوه كه له ههوڵدان بۆ چارهسهركردنى تهواوى كێشهكان به دیالۆگ و لێكگهیشتن بهردهوام دهبین. نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى تایبهتى هەیە بۆ سهرۆكوهزیران محهمهد شیاع ئهلسوودانى كه ههر له سهرهتاوه دڵسۆزانه و به گیانێكى نیشتمانى، دەڵێت: لهگهڵ ئێمه هاوكار و یارمهتیدهر بووه بۆ چارهسهركردنى پرسهكانى پهیوهست به بودجه و مووچه و شایسته دارایییهكانى ههرێمى كوردستان. دهستخۆشى له شاندى دانوستانكار و لایهنه پهیوهندیدارهكانى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى فیدراڵى عێراق دهكهین.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، بكوژی ژنەكەی شەوی ڕابردووی گەڕەكی كانی كوردەی شاری سلێمانی خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كردوە. لەڕاگەیەندراوێکیاندا پۆلیسى سلێمانى دەڵێن: شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی كوردەی شاری سلێمانی ژنێك لەلایەن كەسێكەوە بە فیشەك كوژرا، لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، بكوژەكە خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد و دەستیش گیرا بەسەر ئەو چەكەدا كە تاوانەكەی پێ ئەنجام درابوو. بەپێى راگەیەندراوەکە لە ئێستادا (چ ، ع ، س لەدایكبووی 1984 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.
بڕیارە ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، گەورەترین خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستە لەزۆربەى شارو شارۆچکەکانەوە هاوڵاتیان پۆل پۆل بەرەو سلێمانى بەرێوەن بۆ پاڵپشتى مامۆستایانى مانگرتوو. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازى لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن ئەمڕۆ دووشەممە، گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموودى سلێمانى ئامادەبن. لەشارەکانى هەڵەبجە گەرمیان و سەیدسادق و شارەزوورو دەڤەرى ڕاپەرین و چەند ناوچەیەکى ترەوە، دەیان ئۆتۆمبێلى پڕ لەمامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتیانى چین و توێژەکان بەڕێکەوتوون بۆ شوێنى خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى سلێمانى. لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بەپێ بەڕێبکەووتون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە. ئەمڕۆ حەوت ڕۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە. مامۆستایان و فەرمانبەران داوادەکەن مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت و پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکات کە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگیراوە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو.
مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە پێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن و داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام بە دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانەکە هەڵوەشایەوە. مامۆستا عەلی ڕەوف دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، دوای ئەم هەفتەیە گەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشنەکرێت خۆپیشاندان دەکەنەوە، دەشڵێت،" لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە لەسەر داواکردنی ماف دەستگیربکرێیت و بدرێیتە دادگا." نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دوای ئازادکردنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە دوێنی 1ی مانگ بڵاومانکردەوە کە مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندان دەکەن و داوای شایستە داراییەکاندەکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستیگرکرام بە بیانووی ئەوەی نابێت خۆپیشاندانەکە بکرێت کە من سەرپەرشتیم دەکرد ئەو وتیشی: دوای ئەوەی ئەمڕۆ 2ی مانگی دووی 2025، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کراوە و نەکرا نیوەرۆی ئەمڕۆ ئازاد کرام، بەڵام من لەئاسایش سوربووم لەسەر ئەوەی گوتم تا هەفتەی داهاتوو گەر موچە دابەشنەکرێت ئەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین." ڕۆژی 28ی مانگی هەشتی ساڵی 2024، بە فەرمانی ژمارە 4142 کە واژووی مەرسرور بارزانی سەرۆکوەزیر انی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بڕیاردرا سی و حەوت هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بکرێن بە مامۆستای گرێبەست و لە 26ی مانگی نۆی 2024، بە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم فەرمانی وزاریان بۆ دەرکرا. مامۆستا عەلی ڕەوف دەڵێت: سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، لەکاتێکدا نەدەبوو وابێت و لەسەر داواکاری خۆت بدرێتە دادگا و تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. وتیشی،" من منداڵی هەژارم و نانی سەربڵندی دەخۆم، بۆیە لەگەڵ هاوپیشەکانم بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، خۆ داوای شتی دیکەمان نەکردووە، ئێمە تا ئێستا 21 جار خۆپیشاندانمان کردووە و نەمان هێشتووە پەنجەی کەسێک خوێنی لێبێت." خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست لەکاتێکدایە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی هەمیشەی و فەرمانبەران لەپێش بارەگای یو ئێن خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن لەکات و ساتی خۆیدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر ـ سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیاو یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون. ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی خۆکوژ ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا، کە دەکەوێتە سنووری چەمچەماڵ. هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەى دژە تیرۆر، هاتووە: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبوو و کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون"، لە راگەیەندراوەکەدا واهاتووە. دژە تیرۆر دەشڵێن: دەزگا ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە دەکات و هەر زانیارییەکی نوێ لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت". وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.