مەراسیمى پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە. مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت. وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت. پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە. بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر. پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن. لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە. بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.

 پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بانکی رەشیدو رافیدەینى عێراقى ئامادەن تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکەن. سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى دەڵێت، داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٥ کێشەی تێدا نامێنێت لیستەکان رەوانەی بانکی رەشیدو ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین. سۆران عومەر دەشڵێت، وەزارەتی دارایی لە ٢٠/١/٢٠٢٥ بەنووسراوی ژمارە ٢٦٨ وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین داوەتەوەو بانکی رەشید بەنووسراوی ژمارە (٣٧٣ لە١٩/١/٢٠٢٥) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت، کاتێک ٦ زانیاری فەرمانبەرمان پێبگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لەموبایلەوە کارتی بانکی تەوتین کارادەکرێت. بە قسەى سۆران عومەر لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى مووچە لەلایەن ئەو بانکەوە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە موچەکە وەربگرن. ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بانکی رافیدەین بەنووسراوی ژمارە (٣/١/١٢٨ لە ١٩/١/٢٠٢٥) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی موچە لەڕێی بانکە ئەهلییە رێپێدراوەکان.

  پەروین بوڵدان ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆنه‌بووه‌ته‌وه‌. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، نوسینێکى بڵاوكرده‌وه‌ ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا لەبارەی ئۆجەلان بڵاودەکرێنەوە راست نین. بوڵدان پۆستی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سۆزجوی تاگ کردووە و دەڵێت، ئەو قسانەی وەلی تۆپراک، بەرپرسی نووسینگەی پەرلەمانی تورکیا لە کەناڵەکە لەبارەی ئۆجەلان کردوونی، دوورن لە راستییەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆجەلان لە ئیمراڵی لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆبووەتەوە.   وەلی تۆپراک دوو رۆژ پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سۆزجو، بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەی هەواڵەکەی بهێنێت، رایگەیاند، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەت وتوویەتی: دەیەوێت دوا خزمەت بە دەوڵەت بکەم." ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوانەی پابەند نابن بە بانگەوازی دانانی چەک، خیانەتکارن. بە گوتەی ئەو رۆژنامەنوسه‌ تورکە، ئۆجەلان لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری کوردستان گوتوویەتی، پێموایە ئەو دەستکەوتانەی لە تورکیا بەدەستهاتوون، ئیدی بەسن. پەروین بوڵدان لە پۆستەکەیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هەموو ئەو تۆمەت و هەواڵانە راست نین. ئێوە تەنانەت بنەماکانی رۆژنامەنوسیتان خستووەتە ژێر پێ. تەنانەت لە بابەتێکی وەها گرنگدا، پێدانی زانیاریی ناڕاست لەگەڵ جیدیەتی بابەتەکەدا ناگونجێت. بە کورتی بە تەواوی هەواڵێکی ساختەیە."

بۆ دووەم ڕۆژ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتى دەربڕین بەهۆى دواکەوتنى مووچەکەکانیانەوە، هاوکات داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان و دەست بەدەوام ناکەنەوە. دواى ئەوەى دوێنێ سێ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەران بە رێپێوان چوونە بەردەم بارەگای یو ئێن لە سلێمانی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواى کاتژمێرێک لەو شوێنە مانەوەو خێمەیان هەڵداو بڕیاریاندا مان لە خواردن بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت. شنە عەلی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئێمە لێرە ناڕۆین بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان و مانگرتن لەخواردن تا ئەوکاتەى کێشەکانمان چارەسەر دەبن و وەڵامى داواکاریەکانمان دەدرێتەوە. شەوى ڕابردوو ئەمرۆ چوارشەمەش، بەشێک لەو مامۆستایانە بەردەوامبوون لەمانگرتن،  دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى ناڕەزایى مامۆستایانەوە دەڵێت، شێوازی ناڕەزاییان گۆڕیوە و فراوانتریش دەبێت، ئەو مامۆستایە دەشڵێت، بڕیارە خانەنشینان و فەرمانبەرانیش بێنە نێو مانگرتنی مامۆستایانەوە. داواکاریی سەرەکی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەیە کە موچەکانیان بەبانکیی بکرێت و لەکاتی خۆیدا وەریبگرن. هاوکاتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى مامۆستایانى سلێمانى، لەزۆربەى ناوچەکانى پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش و شارەزوورو ناحیەو قەزاکان بەشێکی مامۆستایان بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندیانکردوەو ئامادەنین بچنەوە دەوام.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی مووچە هیچ پەیوەندیەکى بە وەزارەتەکەى ئەوانەوە نییە، چونک هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی رادەستی ئەوان نەکردووە. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لەوەڵامى قسەکانى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە  روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.  لە بەشێکی ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێت، بەیاننامەکەی ڕیباز حەملان،  نادروستە، ئێمە بە پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ فایلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، هەمان ئەو مامەڵەیە کە لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵیەکان و پارێزگاکاندا دەکرێت و ئەو ڕێکارانەش جێبەجێ دەکرێن. لە بەشێکى دیکەى وەڵامەکەى وەزارەتی دارایی عێراق، جەختکراوەتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو. هەروەها ئەوەش دەڵێن: هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە.  وەزارەتی دارایی دەڵێت، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە. ڕونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، جگە لەوەش ئەو بابەتە داوا لە هەرێم کراوە ناوى ئەو کەسانەیان بۆ بنێرن، زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە و کۆپییەکی ئەو یاسایانەش بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان بنێرن. وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە تا ئێستا پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ مانگی 12ی 2024 تەواو نەبووە بەهۆی بوونى هەڵە لەلیستەکاندا، هەروەها ئەوەش باسدەکات فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت کار لەسەر ئەوەدەکەن.

بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەسێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا توانیویانە لەدەوروبەری سلێمانی 5 تیرۆریستی داعـ.ـش دەستگیربکەن. لەڕاگەیەندراوێکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان (٥)تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص پ ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع). ئەو ئۆپراسیۆنە، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق  ئەنجامدراوەو سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون. هەر لەڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایشدا، ئەوە هاتووە: تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کەلەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٤)ی تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ  سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردوە. لەوکۆبونەوەیەدا، جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە  کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.  هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند كە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە میسر و ئیسرائیل ڕادەگیرێت و ماوەی 90 ڕۆژ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە میكانیزمی هاوكارییەكان دەكرێت. ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لەمبارەیەوە دڵنیایی دا.

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى کردووەو پێى وتووە مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی دارایی خراپە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێز محمد شیاع سودانیم کردوە. حەملان دەڵێت: لە دیدارەکە باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکان کرا لەم ساڵدا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە کە 2025/1/11 ئەنجامدرا گەیاند پێى. بریکارى وەزیر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بەبەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن. هەروەها دەڵێت: مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپەو موچە خۆران زۆر پشو درێژ و خۆراگربوون، دواتر بۆ بەرێزیانم رونکردەوە کە داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان . رێباز حەملان ئەوەش ئاشکرا دەکات کە هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتوین لە بەغداد لە نێوان هەردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی دکتۆر فۆاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق .

وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی دوو تا شەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوەى زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە.      لەوەڵامى پەرلەمانتارێکى پەرلەمانى عێراقدا، کە ڕایگەیاندووە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، وەزارەتى دارایی هەرێم لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى ئەو ڕاگەیەندراوەى وەزارەتدا ئەوەباسکراوە کەبەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.     هەروەها دەڵێن: لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. لەخاڵێکى دیکەى ڕونکردنەوەکەیاندا وەزارەتى دارایی جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە  پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت. وەزارەتى درایی دەشڵێن: ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.  

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی داوا دەکات کە ڕێگری نەکرێت لە هاتن و چوونی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر لە بازاڕەکان.  ئەو هەروەها داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی سلێمانی و هەولێر کردووە کە وەک پێشتر هاوکاری بن و ئێستاش هاوکارییان بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئاسوودەیی و گەیاندنی ئەم بەرھەمە کشتوکاڵیە. نازم عبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی داوا دەکات وەزارەتی کشتوکاڵ بە خێرایی و بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان. ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە ڕێگەگرتن لە هاتن و چوونی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازاڕەکانی ناوچەکە.  سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی هەروەها داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کردووە کە بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەو باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕێگری لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو دەکات بۆ خواروی عێراق ، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگری لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو لە نێوان دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەکرێت. نازم جاف ئاماژە بەوەشدەکات کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە هەزارەها هەلی کاری رەخساندووە و ئەم ڕێگرییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە. ئەم ڕێگرییانە نەک تەنها بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو پەک دەخات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەزارەها هەلی کاری و دروستبوونی بێکارییەکی زۆر. پرۆژەکانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکرێت بەزیاتر لە   ٥٠ ملیار دۆلار، ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدان. ئەگەر ئەم ڕێگرییانە بەردەوام بن، دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی ئەم پرۆژانە و لەدەستدانی سەرمایەکانی گەورە کە تێیدا خەرجکراون. ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری ناوچەکە و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە. بۆیە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.  سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژە بەوەش دەکات بەرهەمهێنەرانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە کاتێکدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورەی بەبازاڕکردن و کێشەی کارەبا و سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبنەوە، هیچ یارمەتییەکی گونجاویان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە. ئەمەش بەرهەمهێنەران لە کێشەیەکی قوڵتردا جێگیر کردووە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە هەبووە. کێشەی کارەباو سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو هەبووە.  ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕێگری لە مریشکی زندو دەکرێت لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر.

فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی قەرقۆزاک و ناوچەی بەنداوی تیشرین لەلایەن تورکیاوە، پلانێکە بۆ گەمارۆدانی کۆبانی، بەڵام بڕیاری هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕێگە نادەین هیچ هێرشبەرێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕێتەوە. لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (هەسەدە) باس لەبارودۆخى سوریاو هێرشەکانى سەر بەنداوى تشرین و چەند تەوەرەکى دیکە دەکات. ئەو دەڵێت: سوریا شایەتی گۆڕانکاری مێژووییە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمڕۆ وردە وردە وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە و زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە ئاراستەیەکی ڕوونی بۆ هەمووان لە سووریا نەگرتووە. فەرماندەکەى هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان دەیانەوێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ لە سووریا، وتیشى: ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە کار بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەمان لە سوریای نوێدا هەبێت. مەزڵوم عەبدى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستاش دۆخی ئابوری بەرەو خراپی دەڕوات و هێشتا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشى: هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی ئایندەی سووریا پەکدەخات. فەرماندەکەى هەسەدە دەڵێت هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاو گروپە گرێدراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان دژایەتییەکی گەورەیە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێشخستنی سوریا، و ناکۆکی لەگەڵ هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیری و دەستپێکردنی گفتوگۆ و گفتوگۆی سیاسییە، ئێمە لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕووپرۆسەی نێوەندگیری ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری چەندین لایەندا بەردەوامە، بەردەوامین لە پێداگری لەسەر زاڵبوونی دیالۆگ، بەڵام تورکیا و بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن. مەزڵوم عەبدى ڕاشیگەیاند هێرشەکان دژبەیەکن و ڕێگرن لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دەبێت ئیدارەی نوێ لە سوریا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر خاکی سوریا ڕوودەدەن، وتیشى: پشتیوانی و کارکردنمان بۆ ئایندەی سوریا وابەستە و مەرجدارە بە وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان. ئەوشى وت کە کار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە بۆ پێکهێنانی ئۆرگانێکی یەکگرتوو بە ناوی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و داوای مافەکانیان بکەن. سەرەتا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون، پاشان بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.

عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە. دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان سەبارەت بە سەردانی شاندی (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی وتی، قۆناخی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌ یه‌. عومەر چەلیک هەروەهاراشیگه‌یاند: وەک تورکیا لەم قۆناخەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش رێگری و لەنێوبردنی ئەو رێکخراوانه‌یه‌ کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک دروست بکەن. پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان له‌ ئیمرالی بکات.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت ڕەشنووسی یاسایەکى پێشکەش بە پەرلەمان کردووە سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک پێشینە. ئەمڕۆ دووشەممە، حه‌ییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەیەک هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو پێشینه‌. وەزیرى ناوبراو ئاماژە بەوەشکرد ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو تێچووی ڕاستەقینەی وەبەرهێنان لە غاز لە کێڵگەکانی هەرێم کە کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن دووبارە دیراسە دەکرێتەوە وتیشى: لە بەرامبەریشدا هەرێم ڕۆژانە لە 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل ڕاده‌ست بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقییەوە (سۆمۆ) هه‌نارده‌بكرێت. سەبارەت بە نرخی نەوت، عەبدولغەنی دووپاتی کردەوە کە نرخی نەوت لە نێوان 70-80 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک، هیوادارین لە چوارچێوەی ئەو ئاستانەدا بمێنێتەوە یان کەمێک بەرزبێتەوە لە پێناو دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەتی عێراق. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی فەرمی حکومەتى عێراق، باسم ئەلعەوادی، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لە بەیاننامەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگری لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەی پەیوەستە بۆ ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە لە بودجەدا. ئەلعەوادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەکەین، لەوانەش ڕادەستکردنی داهاتی دارایی، چ نەوت بێت یان نانەوت، بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی. ئاماژە بەوەشکرد پابەندبوون بەم ڕێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم پرسه‌ و بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوولا، حکومەتی فیدراڵیش هیوادارە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی هەموارکردنەکە وه‌كو ئەو دەقەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بۆ بەرژەوەندی  هەموو عێراق.  

ئەو سکاڵایانەی لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کران دژی نایاسایی بوونی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک ڕەتکرانەوە، بەڵام ئەو لایەنانە جارێکی تر دۆسیەکانیان لە دادگا تەمیز کردووەتەوە. بەشێک لە بەرپرسانی کەرکوک پێشبینی دەکەن، دوای یەکلایی بوونەوەی دۆسیە یاساییەکان و بڕیاردانی دادگا لەسەر تەمیزکردنەوەی سکاڵاکان، درز بکەوێتە نێو بەرەی تورکمانی و باڵێکیان ئەو پۆستانە وەربگرن کە بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون. بەرەی تورکمانی دوو کورسی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە، یەکێک لە ئەندامە دەرچووەکانیان نزیکە لە حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەکەو ئەویتریان نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە، کە دەوترێت ناکۆکی قوڵ لە نێوانیان هەیە. نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ لایەنێک لاری نییە لە بەشداریکردنی بەرەی تورکمانی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، بەڵکو کێشە گرێدراوە بە هاوپەیمانی عەرەبییەوە." دەشڵێت،"ئەرشەد ساڵحی کاندیدی ئامادە کردووە بۆ جێگری پارێزگاری کەرکوک، بەڵام نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت." ئەو دوو کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە بەدەستهێنراون، سەوسەن جەدوع یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەن و لە حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەکەوە نزیکە، بەڵام کورسییەکەی تر لەلایەن ئەحمەد رەمزییەوە بەدەستهێنراوە و نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە. جگە لە جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، نزیکەی 30 پۆستی تری کەرکوک بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون، لە حاڵەتی بەشداریکردنی ئەرشەد ساڵحی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و جیابوونەوەی لە بەرەی تورکمانی زۆربەی ئەو پۆستانەی بەر دەکەوێت. سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری یەکێتی و یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێموایە ئەرشەد ساڵحی نزیکە لە بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک." شەوی 10 ی مانگی 8 ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی وکوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە 7 کورسییان هەیە، لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند. پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی تا ئێستا بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان نەکردووە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بە نایاسایی ناو دەبەن، سەرباری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانیان بەڵام دۆسیەکانیان تەمیز کردووەتەوە.

ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، رایدەگەیەنێت ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگه‌ى هەڵەبجە تەواوکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە، 48 کەس لە کۆى ئه‌و 500 فەرمانبەره‌ کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن،  هەروەها ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) کراوەو 25 کەس لە کۆى ئەو 500 دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگه‌ى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان ده‌گونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگه‌ى هەڵەبجە ڕادەگەیه‌نێت. ئەمەش لەسەر فه‌رمانى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگه‌کانى سنوورى پارێزگه‌ى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان. وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەندیى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاریى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمیى ناوبراوان لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگەى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنماییى ژمارە (10) ساڵى 2019. شایانى ئاماژەیە (48) کەس لە کۆى ئه‌و 500 فەرمانبەره‌ کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەندیى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگه‌ى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان ده‌گونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.