فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی قەرقۆزاک و ناوچەی بەنداوی تیشرین لەلایەن تورکیاوە، پلانێکە بۆ گەمارۆدانی کۆبانی، بەڵام بڕیاری هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕێگە نادەین هیچ هێرشبەرێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕێتەوە. لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (هەسەدە) باس لەبارودۆخى سوریاو هێرشەکانى سەر بەنداوى تشرین و چەند تەوەرەکى دیکە دەکات. ئەو دەڵێت: سوریا شایەتی گۆڕانکاری مێژووییە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمڕۆ وردە وردە وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە و زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە ئاراستەیەکی ڕوونی بۆ هەمووان لە سووریا نەگرتووە. فەرماندەکەى هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان دەیانەوێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ لە سووریا، وتیشى: ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە کار بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەمان لە سوریای نوێدا هەبێت. مەزڵوم عەبدى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستاش دۆخی ئابوری بەرەو خراپی دەڕوات و هێشتا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشى: هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی ئایندەی سووریا پەکدەخات. فەرماندەکەى هەسەدە دەڵێت هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاو گروپە گرێدراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان دژایەتییەکی گەورەیە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێشخستنی سوریا، و ناکۆکی لەگەڵ هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیری و دەستپێکردنی گفتوگۆ و گفتوگۆی سیاسییە، ئێمە لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕووپرۆسەی نێوەندگیری ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری چەندین لایەندا بەردەوامە، بەردەوامین لە پێداگری لەسەر زاڵبوونی دیالۆگ، بەڵام تورکیا و بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن. مەزڵوم عەبدى ڕاشیگەیاند هێرشەکان دژبەیەکن و ڕێگرن لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دەبێت ئیدارەی نوێ لە سوریا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر خاکی سوریا ڕوودەدەن، وتیشى: پشتیوانی و کارکردنمان بۆ ئایندەی سوریا وابەستە و مەرجدارە بە وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان. ئەوشى وت کە کار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە بۆ پێکهێنانی ئۆرگانێکی یەکگرتوو بە ناوی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و داوای مافەکانیان بکەن. سەرەتا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون، پاشان بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە. دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان سەبارەت بە سەردانی شاندی (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی وتی، قۆناخی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی پهكهكه یه. عومەر چەلیک هەروەهاراشیگهیاند: وەک تورکیا لەم قۆناخەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش رێگری و لەنێوبردنی ئەو رێکخراوانهیه کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک دروست بکەن. پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان له ئیمرالی بکات.
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت ڕەشنووسی یاسایەکى پێشکەش بە پەرلەمان کردووە سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک پێشینە. ئەمڕۆ دووشەممە، حهییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەیەک هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو پێشینه. وەزیرى ناوبراو ئاماژە بەوەشکرد ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو تێچووی ڕاستەقینەی وەبەرهێنان لە غاز لە کێڵگەکانی هەرێم کە کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن دووبارە دیراسە دەکرێتەوە وتیشى: لە بەرامبەریشدا هەرێم ڕۆژانە لە 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل ڕادهست بكات بۆ ئهوهی له ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقییەوە (سۆمۆ) ههناردهبكرێت. سەبارەت بە نرخی نەوت، عەبدولغەنی دووپاتی کردەوە کە نرخی نەوت لە نێوان 70-80 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک، هیوادارین لە چوارچێوەی ئەو ئاستانەدا بمێنێتەوە یان کەمێک بەرزبێتەوە لە پێناو دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەتی عێراق. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی فەرمی حکومەتى عێراق، باسم ئەلعەوادی، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لە بەیاننامەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگری لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەی پەیوەستە بۆ ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە لە بودجەدا. ئەلعەوادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەکەین، لەوانەش ڕادەستکردنی داهاتی دارایی، چ نەوت بێت یان نانەوت، بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی. ئاماژە بەوەشکرد پابەندبوون بەم ڕێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم پرسه و بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوولا، حکومەتی فیدراڵیش هیوادارە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی هەموارکردنەکە وهكو ئەو دەقەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراق.
ئەو سکاڵایانەی لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کران دژی نایاسایی بوونی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک ڕەتکرانەوە، بەڵام ئەو لایەنانە جارێکی تر دۆسیەکانیان لە دادگا تەمیز کردووەتەوە. بەشێک لە بەرپرسانی کەرکوک پێشبینی دەکەن، دوای یەکلایی بوونەوەی دۆسیە یاساییەکان و بڕیاردانی دادگا لەسەر تەمیزکردنەوەی سکاڵاکان، درز بکەوێتە نێو بەرەی تورکمانی و باڵێکیان ئەو پۆستانە وەربگرن کە بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون. بەرەی تورکمانی دوو کورسی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە، یەکێک لە ئەندامە دەرچووەکانیان نزیکە لە حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەکەو ئەویتریان نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە، کە دەوترێت ناکۆکی قوڵ لە نێوانیان هەیە. نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ لایەنێک لاری نییە لە بەشداریکردنی بەرەی تورکمانی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، بەڵکو کێشە گرێدراوە بە هاوپەیمانی عەرەبییەوە." دەشڵێت،"ئەرشەد ساڵحی کاندیدی ئامادە کردووە بۆ جێگری پارێزگاری کەرکوک، بەڵام نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت." ئەو دوو کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە بەدەستهێنراون، سەوسەن جەدوع یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەن و لە حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەکەوە نزیکە، بەڵام کورسییەکەی تر لەلایەن ئەحمەد رەمزییەوە بەدەستهێنراوە و نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە. جگە لە جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، نزیکەی 30 پۆستی تری کەرکوک بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون، لە حاڵەتی بەشداریکردنی ئەرشەد ساڵحی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و جیابوونەوەی لە بەرەی تورکمانی زۆربەی ئەو پۆستانەی بەر دەکەوێت. سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری یەکێتی و یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێموایە ئەرشەد ساڵحی نزیکە لە بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک." شەوی 10 ی مانگی 8 ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی وکوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە 7 کورسییان هەیە، لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند. پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی تا ئێستا بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان نەکردووە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بە نایاسایی ناو دەبەن، سەرباری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانیان بەڵام دۆسیەکانیان تەمیز کردووەتەوە.
ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، رایدەگەیەنێت ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە تەواوکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە، 48 کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن، هەروەها ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) کراوەو 25 کەس لە کۆى ئەو 500 دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت. ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان. وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەندیى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاریى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمیى ناوبراوان لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگەى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنماییى ژمارە (10) ساڵى 2019. شایانى ئاماژەیە (48) کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەندیى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.
تورکیا ئۆتۆمبێلێکى لە ڕانیە بۆردوومانکردو چوار کەس شەهیدبوون پەیامنێرى هاوڵاتى ڕاگەیاند لە ناوچەی گردجانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین سوپای تورکیا بە درۆن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری لە گوندی گردجان لەچوارقوڕنە کردوەتە ئامانج و بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان چوار کەس شەهیدبوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە (دوو کەسیان لە ڕەگەزی نێر و دووی تریشیان لە ڕەگەزی مێ)ن. هەروەها هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسواربووە بەهۆی بەرکەوتنی بە پارچەی بۆردوومانەکە برینداربووە. تا ئێستا ناسنامەی پێکراوەکان نەزانراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆچکەی ئاکرێی کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنی کە هاوژینی یەکدی بوون شەهیدبوون.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتیان تەواوکردوە، لەلیبیا دەستگیرکراون، ویستویانە بە ڕێگەی کۆچى نایاسایی لە ڕێگەی لیبیا بچن بۆ ئەوروپا. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بەدواداچوونی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لەسەر دۆسێی گەڕانەوەی خۆبەخشانەو لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوڵاتە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتی تەواوبکرێت. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە باڵیۆزخانەکە لە بەرزترین ئاستدا هەماهەنگیان کردوە لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەى ئەو هاولاتیانەى کۆچیانکردوە نەکەونە مەترسییەوە، هەروەها بپارێزرێن لەو تۆڕانەى کە هەڕەشەن بۆیان، باڵوێزخانەکە ئەو دوو هاوڵاتیە عێراقیەى بردوەت شوێنێکى سەلامەت تا ئەو کاتەى دەگەڕینرێنەوە. بەپێى وتەى ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا توانیویەتى 39 هاوڵاتی عێراقی بە خۆبەخشانە بگەڕێنێتەوە، 25 کەس لەوانە لە ماوەی ساڵی 2024دابووە. هەروەها 12 کەسی دیکەشیان لە ماوەی ساڵی 2025و بەتایەت لەهەفتەی ڕابردوودا، ئەو کەسانە بە ئامانجی کۆچی نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتى لیبیاو ویستویانە لەو ڕێگەیەوە بچنە وڵاتانى ئەوروپا.
فرۆکە جەنگییەکانی تورکیاى داگیرکار، سنووری ناحیەی دینارتەیان بۆردوومانکردووە، بەوتەى بەڕیوەبەرى ناحیەى دینارتە بەوهۆیەوە، دووهاوڵاتى مەدەنى (پیاو و ژنێک) شەهید بوون. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانى گوندی شەهێ یانکردووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت بەهۆى ئەو ڕوداوەوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون. بەپێى زانیاریەکان ئەو دووهاوڵاتیە خەڵکى گوندی بامشمشن، لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە هاوسەرى یەکبوون. ئێستا تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستپێکردوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، بەهۆى بۆردوومانى فرۆکەکانى تورکیاوە شەهید بوون. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر دوێنێ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تونیویانە بکوژی گەنجەکەى ڕووداوەکەی ڕانیە دەستگیربکەن، بەکاتێکدا دەیویست بچێتە دەرەوەى هەرێم. لەڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەزگاى ئاسایش دەڵێن پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا، بکوژەکەیان، لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان. بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، 26-1-2025، لە گەڕەکی شەهیدانی رانیە چوار گەنج بە گوللـە بریندار بوون و بەهۆى سەختى برینەکەیەوە یەکێک لەو بریندارانەگیانی لەدەستدا. کوژراوەکە ناوی ژیناڵ ئیبراهیم کەریمە، لەدایکبووی ساڵی 2004ـە و ئەندامی دژەتیرۆر بووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایش دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دەستگیرکردنی بکوژی ڕووداوەکەی ڕانیە ڕادەگەیەنێت. دوای ئەوەی شەوی ٢٥-٢٠٢٥/١/٢٦ لە گەڕەکی شەهیدانی شاری ڕانیە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند گەنجێکدا کەسێک دەکوژرێت بەناوی ( ژیناڵ ئیبراهیم کەریم )لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤، سێ کەسیش بریندار دەبن. پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بکوژەکەیان بەناوی ( م ، م ، أ ) دەستگیرکرد لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان. لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و دانیبەتاوانەکەیداناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەسنورى گەرمیان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، هاوکات لە سنورى پارێزگاى کرماشان و خانەقینش بومەلەرزەیەکى بەهێز ڕویانداووەو تیمەکانى فریاگوزارى کەوتونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە. بەپێى ڕاپۆرتى ناوەندی نیشتمانی بومەلەرزەزانی تاران، بومەلەرزەکەى کرماشان بە گوڕی ٥.١ پلەبووە شاری قەسری شیرین و ناوچە سنوورییەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کرماشانی هەژاندوەو، ترس و دڵەڕاوکێی لێکەوتەوەو خەڵک لە ماڵەکانیان چونەتە دەرەوە. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند تیمەکانی هەڵسەنگاندن و فریاگوزاری بەتایبەت هێزەکانی مانگی سووری ڕەوانەکراون بۆ ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەکەی تێدا ڕوویداوە. بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر ٤:٣٢ خولەکی بەرەبەیانی بە قوڵایی هەشت کیلۆمەتر بوومەلەرزەکە تۆمارکراوە، لەقەسری شیرین و 22 کیلۆمەتر دوور لە خانەقین 39 کیلۆمەتر دوور لە شاری سەری پێلى زەهاو. دوابەدوای ئەم ڕووداوە توندوتیژییە، هێزەکانی فریاگوزاری و تیمەکانی هەڵسەنگاندن لە پارێزگای کرماشان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، قایمقامی قەسری شیرین ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوەو چاوەڕێی وەرگرتنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگێنەرانن لە گوندەکانی ناوچەکەوە. هاوکات لەسنورى ئیدارەى گەرمیان بومەلەرزەیەکى بەهێز ڕویداوە، محهممهد كهمال، شارەزاى كهشناسی و بوومهلهرزهزانی، ڕایگەیاند بوومەلەرزەیەکی بەهێز به گوڕی 4.8 پلەی رێختهر له قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویداوە کە چهقهكهی نێوان قهسری شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری پهروێزخان بووه لە نزیك گوندی دۆڵی بهگزاده، ئەمە بەهێزترینیان بووەو هاوڵاتیان لە سنورى كهلار هەستیان پێکردووە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەین عیسا و بە چڕی تۆپبارانیان کرد، لە تۆپبارانی گوندی ئەل جەماسدا منداڵێک شەهید بوو. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی ئەل جەماس و ئەل فاتسا و ئەل عەبد جومعەیان لە عەین عیسا تۆپباران کرد. لە هێرشی سەر گوندی ئەل جەماس لە یەک خێزاندا، منداڵێک بە ناوی ئاسیا حەمەد ئەل حوسێنی تەمەن (١٢ ساڵ) شەهید بووە، عەبدولڕەحمان ئیسماعیل ئەل حەسەنی (١ ساڵ) و ئەریج خالد ئەل حوسێنی (٢٠ ساڵ) برینداربوون. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، لەهەرێمى کوردستان هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە. سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی ئاشتیسازانی کۆمەڵگە (CPT) رایگەیاند: بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا، هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە. ئەندامەکەى ڕێکخراوى CPT، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. بەوتەى ناوبراو، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنوری عێراقەوە بە ئامانجگیراوە و پێشمەرگە بریندارەکە ناوی (جاسم محەمەد)ە و تەمەنی ٥٠ ساڵە. دانیشتووی پارێزگای دهۆکە و لە لیوای چوار، فەوجی دوو پێشمەرگەیە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانجگیراوە. کامەران عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو هاوکات هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە داعـ.ـش و پـ.ـەکە.کەش لەناوببەین، وەزیری دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند، گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد، تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەگەڵ فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوە، دواتر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەتەوەرەکانى کۆبوونەوەکە کرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی، ئێمە (تورکیاو عێراق و سوریا) دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە و هەم داعش و هەم پەکەکە لەناوببەین. هەروەها وتیشى: چاوەڕوانی کۆتایی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکە کە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ناساندووە، بە هەمان شێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئێمە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە". هاوکات باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش". لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە داهاتوودا عێراق و تورکیا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، لە زۆر بواری بەرفراواندا دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەن، بە تایبەت بواری بازرگانی و سیاسی. باسی لەوەش کرد "پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویی و ستراتیژییە." وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن. دۆخی سووریا پرسێکی گرنگ و جێی بایەخی عێراق و تورکیایە". بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیرى دەرەوەى تورکیا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە. بەپێی ئاژانسە کانى تورکیا، هاکان فیدان لەو سەردانەیدا بۆ بەغداد تاوتوێی دۆسیەی خستنە لیستی تیرۆری پەکەکە لەگەڵ بەرپرسان دەکات و دەیەوێت تاوتوێی پلانێک بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو هێزە لە ناو خاکی عێراقدا، هەروەک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە لەوەی کە رێگەی نەدات پزیشکیشەری ئیسرائیل بگاتە عێراق و پەرەسەندنەکانی سوریا هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەو وڵاتە درووست نەکات.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ڕاپەڕین، ڕایدەگەیەنێت کاتژمێر ۱ی ڕابردوو چوار کەس دانیشتووی ڕانیەیەن بەبرینداری گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە، یەکێك لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ڕێگادا گیانی لەدەستداوە. بەپێی راگەیێندراوەکەى پۆلیس، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە ڕاگیکردنی تۆمەتباران بە پێی مادەی (٤٠٦)و (٤۰٥ ف ۳۱) لە یاسایی سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیسى ڕاپەڕین ڪاتژمێر (۱)ی ئەمشەو بەرواری ۲۰۲٥/۱/۲٦ چوار ڪەس بەناوەکانی (د، ج، ئـ) ڕەگەزی نێر لە دایڪبووی ساڵی ۲۰۰۷ پیشە خوێندکار دانیشتووی ڕانیە گەڕەڪی ڪێوەڕەش وە (ب، م، ئـ) ڕەگەزی نێر لە دایکبووی ساڵی ۲۰۰۹پیشە خوێندکار دانیشتووی ڕانیە گەڕەڪی ڪێوەڕەش وە (ژ، أ، ک) ڕەگەزی نێر لە دایڪبووی ساڵی ۲۰۰٤ پیشە ڪاسب دانیشتووی ڕانیە گەڕەکی ولادە وە ( بــ، ف، ک) ڕەگەزی نێر لە دایڪبووی ساڵی ۲۰۰٤ پیشە کاسب دانیشتووی ڕانیە گەڕەڪی سەرا بەبرینداری گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کەشوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە. سێ لە بریندارەڪان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە بە هۆی سەختی برینەڪانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەڪانی شاری سلێمانی کران و یەڪێك لە بریندارەڪانیش بەناوی (ژ، أ، ک) بەهۆی سەختی برینەڪەیەوە لە ڕێگادا گیانی لەدەستدا. بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە ڕاگیکردنی تۆمەتباران بە پێی مادەی (٤٠٦)و (٤۰٥ ف ۳۱) لە یاسایی سزادانی عێراقی ولێڪۆڵینەوەش لە ڕووداوەڪە بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن ئەگەر داگیرکەری تورکیا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆبانی دەستپێبکات؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرخۆدانێکی بەهێزتر لەو بەرخۆدانە دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بەرامبەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعـ.ـشمان ئەنجامدا. رۆژى 26ی کانوونی دووەم، دە ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت، لە 2015دا دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازادکرا. لەڕاگەیەندراوێکیان بەبۆنەی دە ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شارى کۆبانێ، هێزەکانى هەسەدە دەڵێن: ئێستا قەڵای بەرخۆدانی کۆبانی بەرەوڕووی هێرشی دڕندانەی بەردەوامی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی تورکیا دەبێتەوە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن: وەشانێکی دووبارەبووەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە، کە ڕەنگە جیاوازی لە ناوەکاندا هەیە؛ بەڵام ئامانج یەکە؛ بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ئازادە لە کۆبانی و شاردنەوەی دەنگی بەرخۆدانەکەیەتی کە جیهان پێی سەرسام بوو. هێزەکانى هەسەدە دەشڵین: بەم بۆنەیەوە؛ داوا لە هەموو گەلانی ئازاد و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی دەکەین کە داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕابگرن و ڕێگری لە هەر دەستدرێژییەک بکەن بۆ سەر شاری کۆبانی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێکشکاند. جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە، ئەگەر داگیرکەری تورکیا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆبانی دەستپێبکات؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرخۆدانێکی بەهێزتر لەو بەرخۆدانە دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بەرامبەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشمان ئەنجامدا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش سوورن لە پاراستنی کۆبانی و گەلەکەی لە هەموو ئەو هێرشانەی کە بەرکەوتەی دەبێت، لە هەر لایەکەوە، و دەیکات قوربانیدان و بەنرخترین و بەنرخترین شتەکان بۆ ئەوەی بەرگری لێبکەین و زیانی پێنەگەیەنن . دەقى ڕاگەیەندراوەکەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ئێمە بە گیانی سەرکەوتنی بەرخۆدانەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ بەرگری لە کۆبانی و هەموو ناوچەکانمان دەکەین. بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی ئەمڕۆ ٢٦ی یەک، ١٠ ساڵەی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تێدەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە، هەموو شەهیدەکانمان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، و هەموو شەهیدەکانمان یاد دەکەینەوە خۆبەخشەکان لە بەشەکانی کوردستان و لە جیهانەوە بە هەمان شێوە ئەوانەی بەرەو قەڵای بەرخۆدانی کۆبانی ڕۆیشتن و سەرسوڕهێنەرترین جۆرەکانی قارەمانێتی و قوربانیدانیان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" نووسی. گومانی تێدا نییە کە بەرخۆدانی کۆبانی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر نوێنەرایەتی ئەو ئیرادە ئازادە و ئەو ئیرادەیە بۆ سەرکەوتن لە بەرامبەر بەهێزترین هێزی تیرۆریستی جیهاندا دەکرد. لە سەردەمێکدا کە کۆبانی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرابوو؛ وە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە مەترسیدارە؛ بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەلومەرجە سەختە و نەبوونی ئیمکانات؛ سەرکەوت، و کۆبانی جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئیرادە ئەوەیە کە سەرکەوتنی خوڵقاند و بەهێزترین چەکی شەڕە بەسەر هەموو ئەو سەختییانە زاڵ بوو و بۆ هەمووان سەلماند کە ئیرادە بەرخۆدان دروست دەکات، لەگەڵ ئەوانیشدا سەرکەوتنی مێژوویی خۆی بەدەست هێنا. سەرکەوتنی کۆبانی سەرەتای کۆتایی شکستێکی جوگرافیای وێرانکەر بوو بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە بە شکستەکەی لە سەرانسەری جوگرافیای سوریادا تەواو بوو ئەگەر سەرکەوتنی کۆبانی بەسەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە نەبوایە مەترسییەکی نزیک و بەردەوام بوو بۆ سەر هەموو جیهان تا ئەمڕۆ دەتوانین بە هەموو بوێری و ڕوونییەک بڵێین کە سەرکەوتنەکە لە کۆبانی، سەرکەوتنێکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنێک بوو بۆ هەموو جیهان، وەک چۆن کۆبانی ڕێگەی خۆشکرد بۆ... جیهان بۆ ڕزگاربوون لە خراپترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە مرۆڤایەتی ناسراوە. ئیرادە و خۆڕاگری شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆبانی ئەو میراتەی پێکهێنا کە هێزەکانمان ئیرادە و پاڵنەری خۆیان لێ وەرگرت بۆ ڕزگارکردنی باقی ناوچەکانی سوریا لە تیرۆریزمی داعش بەرخۆدان و سەرکەوتنیان ئەو بناغەیەی پێکهێنا کە هێزەکانمان پشتیان پێ بەستبوو بۆ هەڵدانی هەڵمەتێک لە دوای هەڵمەتێکی دیکەیان ئازادکردنی باقی ناوچەکانی سوریایە کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە کۆنترۆڵکراون، لەنێویاندا پایتەختەکەی کە گوایە "ڕەقە"یە و کۆتاییەکەی لە "باغۆز"دا بنووسرێت. خۆڕاگری و سەرکەوتنی کۆبانی لەم ڕۆژەدا دە ساڵ لەمەوبەر ڕێگەی بۆ دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆشکرد جگە لەوەش خاڵی وەرچەرخانێکی ستراتیژی و دەستپێکی هاوپەیمانی لەگەڵ زۆرێک لە زلهێز و لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە بەشدارییەکی زۆریان کرد، شانبەشانی هێزەکانمان لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی، بەتایبەتی لە سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانیدا، ئەم هەوڵە لەلایەن ئێمە و هەموو گەلەکەمانەوە ڕێز و پێزانینی زۆری لێدەگیرێت. ئەمڕۆ دوای دە ساڵ بەسەر ساڵیادی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانی، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ هەموو جیهانی ئازاددا ئەم یادە ئازیزە بەرز دەکەینەوە و یادی دەکەینەوە، ئێستا قەڵای بەرخۆدانی کۆبانی بەرەوڕووی هێرشی دڕندانەی بەردەوامی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی تورکیا دەبێتەوە، کە وەشانێکی دووبارەبووەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە، کە ڕەنگە جیاوازی لە ناوەکاندا هەیە؛ بەڵام ئامانج یەکە؛ بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ئازادە لە کۆبانی و شاردنەوەی دەنگی بەرخۆدانەکەیەتی کە جیهان پێی سەرسام بوو. بەم بۆنەیەوە؛ داوا لە هەموو گەلانی ئازاد و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی دەکەین کە داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕابگرن و ڕێگری لە هەر دەستدرێژییەک بکەن بۆ سەر شاری کۆبانی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێکشکاند. بێگومان ئەگەر داگیرکەری تورکیا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆبانی دەستپێبکات؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرخۆدانێکی بەهێزتر لەو بەرخۆدانە دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بەرامبەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشمان ئەنجامدا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش سوورن لە پاراستنی کۆبانی و گەلەکەی لە هەموو ئەو هێرشانەی کە بەرکەوتەی دەبێت، لە هەر لایەکەوە، و دەیکات قوربانیدان و بەنرخترین و بەنرخترین شتەکان بۆ ئەوەی بەرگری لێبکەین و زیانی پێنەگەیەنن . جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم یادە لە خەباتکاران و گەلەکەمان دەکەین ئەمڕۆ ئێمە ئیرادەتر و ئیرادەدارترین بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە ناوچەکانمان، و درێغی ناکەین لە پەرەپێدانی بەرخۆدان لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی کە بەرکەوتوون، نەخێر گرنگە تێچوونەکەی. فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات