لەسەر بانگێشتى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا لە دیمەشق، شاندێکى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات(مەسەدە)بە سەرۆکایەتى لەیلا قارەمان، هاوسەرۆکى مەسەدە، لەگەڵ ئانالینا بێربوک وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەى کورد لەژیر رۆشنایی رێککەوتنى مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع کراوە. مەسەدە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، جگە لە لەیلا قارەمان، عەلى رەحمون، جێگرى هاوسەرۆک و ژمارەیەک کەسایەتیى کورد لە شاندەکە بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەى قۆناغى راگوزەر لە سووریا و گفتوگۆى نێوان لایەنە کوردییەکان و دۆسیەى کورد لەو وڵاتە کراوە. مەسەدە دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیى خۆیان دەربڕیوە لە شێوازى دیارییکردنى سەرۆک، کە هیچ بەشدارییەک بە سوورییەکان نەکراوە و پشت بەو گوتەیە بەستراوە کە دەڵێت(کێ ئازادیکرد، ئەوەبڕیار دەدات) لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە، شاندى مەسەدە رایگەیاندووە، راگەیەندراوە دەستوورییەکە کە ئیدارەى نوێ پەسەندیکردووە، درێژەدانە بەهەمان سیاسەتى پێشوو، بەهێزکردنەوەى حکومەتى ناوەند و پێدانى دەسەڵاتێکى فراوان بەو حکومەتە و رێگرى لە کارى سیاسى دەکات. هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسەدە ئەگەرچى نیگەرانبووە لەو کردەوانەى ئیدارەى نوێ، هاوکات پشتیوانیى خۆى بۆ رێککەوتنى نێوان مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر دەربڕیوە. لایخۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربوک، بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ یەکپارچەیی سووریا و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی و دادپەروەریی کرایەوە.

  فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جەژنی نەورۆز لە هاونیشتمانییان پیرۆز دەکات و دەڵێت: "باوەڕمان وایە نەورۆزی ئەم ساڵ لە سووریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ".    ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-3-2025 فەرماندەیی هەسەدە لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دەڵێت: "نەورۆز هێمای خۆڕاگری و ئاشتییە. ئاگری نەورۆز سەرکەوتنە بەسەر نادادپەروەری. ئاگری نەورۆز هێمای بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییە".    فەرماندەیی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەکی گەش و ئارامی هەبێت و "خۆشەویستی و برایەتی لەسەر بنچینەی دادپەروەری، یەکسانی و یەکدی قبووڵکردن" لە وڵاتدا هەبێت، کۆتایی بە هەموو شەڕێک بێت، ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.    دەقی پەیامەکەی فەرماندەیی هەسەدە    بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و گەلی سووریا بە گشتی و جیهان دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو شەڕڤانە خۆڕاگرەکانمان دەکەین کە لەم رۆژە پیرۆزانەدا خاک و ئارامی وڵات دەپارێزن. ئێمە باوەڕمان وایە کە نەورۆزی ئەمساڵیش وەک سەری ساڵی کوردی و سەرەتای بەهار، لە سووریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ.   نەورۆز خاوەنی واتای قووڵی خۆڕاگری و ئاشتییە. ئاگری نەورۆز خۆی سەرکەوتنە بەسەر نادادپەروەری و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییەکە دواتر دەبێتە موڵکی هەموو گەلانی ناوچەکە و لەم رۆژەدا خۆشحاڵیی خۆی بە بەدەستهێنانی ئازادی نیشان دەدات.   ئێمە بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی واتاکانی رۆژی نەورۆز لە سووریا بەدیبهێنین و بیگەیێنینە داهاتوویەکی گەش و ئارام کە هەموو گەلانی لەخۆبگرێت و تێیدا هەر جۆرە پارچەبوون و شەڕێک بووەستێت و خۆشەویستی و برایەتی لەسەر بناخەی دادپەروەری، یەکسانی و قبووڵکردنی یەکدی سەروەر بێت و هەموو کەس بەشداری لە بنیاتنانیدا بکات. لەم نەورۆزەدا هیوادارین کە هەموو ئاوارە و دەربەدەرێک بگەڕێتەوە زێدی رەسەنی خۆی و ناونیشانی سەرەکی سووریا ئەوە بێت کە سووریا بۆ هەموو خەڵکی خۆی بێت و هیچ کەس لە بنیاتنانیدا دوورنەخرێتەوە.   هەروەک چۆن نەورۆز بە واتای پابەندبوون بە خاک و وڵاتەوە دێت، پێویستە ئێمە هەموو بەها مێژووییەکانی نەورۆز بپارێزین، وەریبگێڕین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە هەموو مەترسییەکان و یەکڕیزی و زیندوێتی کۆمەڵایەتی ئەوان بگەڕێنینەوە و بە هەستی سەرکەوتنی نەورۆز بتوانین ئەو شتەی کە سووریا لەم ساڵانەی دواییدا لەدەستی داوە جارێکی دیکە بگەڕێنینەوە.   جارێکی دیکە نەورۆزی ئەم ساڵ لە هەموو کەس پیرۆز دەکەین و هیوادارین هەموو کەس ئەم جەژنە نەتەوەییە لە کەشێکی شادی و بەختەوەرانەدا پیرۆز بکات. بەم نەورۆزە قۆناخێکی تاریک لە مێژووی سووریادا تێدەپەڕێنین و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەست بە سەردەمێکی نوێ دەکەین. نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت.   فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 20ـی ئادار، 2025

  ناوەندی هەواڵی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەپەشە) ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شنگال لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقەوە كەوتونەتە بۆسەوە، دەشڵێت، "داوای ئازادكردنی دەستبەجێی دەستگیركراوەكانمان دەكەین ". هیزەكانی یەپەشە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد،" شەوی ١٨ی ئادار، نزیكەی كاتژمێر ١١:٠٠ی شەو، سوپای عێراق هێرشێكی خیانەتكارانەیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەر بەهێزەكانمان لە یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)". ئەوەشیخستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج شەڕڤان بە دیل گیران، هەرچەند بەشێكیان برینداربون، لێیان دراوە و ڕوداوەكە وێنەگیرا و بڵاوكرایەوە، تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە، سەرەڕای ئەم ڕووداوە هەوڵماندا لە نێوان هێزەكانمان و سوپادا چارەسەری بكەین، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ وەڵامێكیان نەبوو. یەپەشە باسی لەوەشكرد،" ئێمە هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ كێشەكانی ناوچەكە كردوە‌و هەوڵمان داوە چارەسەری دۆستانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ئێمە پێمان وایە پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكەمان زۆر گرنگترە لە هەندێك بابەتی بچوك". هێزەكانی یەپەشە رەخنەی توند لە فەرماندەكانی سوپای عێراق دەگرێت و دەڵێت "هەندێك لێدوانی سەركردایەتی سوپا كە هەڤاڵانی دیلمان بە تیرۆریست و بەكرێگیراو وەسف دەكەن، جێگەی قبوڵكردن نین و بە یەكجاری ڕەتیان دەكەینەوە ".

  لەکاتى پەخشکردنى دیمانەى موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، پەخشى کەناڵ8 لە مانگى دەستکردى نایلسات و یاهسات و پەیجى فەرمیى کەناڵەکە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک راگیرا. کاتژمێر 17:00ـى ئێوارەى ئەمڕۆ، کەناڵ8 لە چوارچێوەى ئەرکى میدیایى و کارى پرۆفیشناڵانەى خۆیدا، پەیامى فەرمیى پەکەکەى لەبارەی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان، لە رێگەى موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە کەناڵ8ـەوە گواستەوە. پاش نیو کاتژمێر لە پەخشکردنى دیمانەکە، پەخشى کەناڵەکە لە مانگى دەستکردى نایلسات و یاهسات و پەیجى کەناڵ8 لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک راگیرا. کەناڵ8، لە 1ـى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە بە بەردەوامى لە کارە رۆژنامەوانییەکانیدا رۆژانە بۆچوونى تەواوى لایەنەکانى ئەو پرۆسەیەى لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە گواستووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا بۆچوونەکانى بەرپرسانى پارتى داد و گەشەپێدان لەسەروو هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، پارتى نەتەوەیى تورکیا "مەهەپە"، پارتى کۆماریى گەل "جەهەپە" و پارتى یەکسانى و دیموکراسى گەلان "پارتى دەم"ـى بڵاوکردووەتەوە، گواستنەوەى پەیامى بەرپرسانى پەکەکەش لە چوارچێوەی گواستنەوەى بۆچوونى سەرجەم لایەنەکانى ئەو پرۆسەیەدا بووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ته‌واوى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر كوێى جيهان بێت، دەکات. دەشڵێت، ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گه‌لى كوردستان گەورەترین هێز و باشترین رێبازە.   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێمه‌ له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداری سه‌ختييه‌كان و دۆخى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتیيانى كوردستانين. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان كارى له‌پێشینه‌ی سه‌ره‌كیی‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستانه‌. له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆزدا، هیواكان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ختییانه‌ تێده‌په‌ڕن، هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو "جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ و جيهانيش له‌ دۆخێكى هه‌ستياردان. تێپه‌ڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه،‌ پێویستی به‌ كاری هاوبه‌ش و گفتوگۆى بنیاتنه‌رى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ به‌غدا‌." دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان   جه‌ژنى نه‌ورۆزى نه‌ته‌وه‌يى و سه‌رى ساڵى نوێى كوردى له‌ ته‌واوى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر كوێى جيهان بێت، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ پيرۆز ده‌كه‌م. ‌به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان ده‌كه‌م، هيوادارم هه‌مووان جه‌ژنێكى خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن و جه‌ژنى كامه‌رانى و ئاسووده‌يى بێت.   نه‌ورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونه‌وه‌ و ژيانه‌وه‌يه‌، جه‌ژنی هيوا و ئیراده‌ و هه‌ستانه‌وه‌ و خۆڕاگری و تێڕوانینه‌ بۆ داهاتوویه‌كی باشتر. هه‌روه‌ك چۆن مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز به‌ درێژایيی مێژوو سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بووه‌ بۆ گه‌لی كوردستان، ئه‌مڕۆش بانگه‌وازێكی نوێیه‌ بۆ یه‌كڕیزی و لێكگه‌يشتن و هاوكاری له‌پێناو پاراستنی ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ی سیاسيی هه‌رێمی كوردستاندا.    جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ و جيهانيش له‌ دۆخێكى هه‌ستياردان. تێپه‌ڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه،‌ پێویستی به‌ كاری هاوبه‌ش و گفتوگۆى بنیاتنه‌رى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ به‌غدا‌، بۆ دڵنیابوون له‌ سه‌قامگیری و به‌هێزكردنی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ.   ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گه‌لى كوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە. بۆيه‌ داوا لە کورد و كوردستانييان دەکەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بکەن. داواکانی گه‌لى كوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر له‌بار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانى دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێک بۆ دروستبوونی ئاشتی له‌ سیاسەتی جیهاندا هه‌يه‌، لە بەرژەوەنديی گه‌لى كوردستاندايه‌ وه‌ك گه‌لێكى ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.   ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕمان به‌ كولتوور و به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه‌ و لێبورده‌یی و يه‌كترقبووڵكردن هه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌‌ فاكته‌ری ئارامى و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه و ‌ده‌ستی دۆستایه‌تی و هاوكاری بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان درێژ ده‌كات، له‌پێناو داهاتوویه‌كدا كه‌ تيايدا ئاشتی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندن بۆ هه‌مووان باڵاده‌ست بێت و ژيان و شكۆ و مافه‌كانى هه‌مووان پارێزراو بن.    له‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراقدا، جارێكی تر پابه‌نديی خۆمان به‌ ده‌ستوور وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ناكۆكییه‌كان به‌ گفتوگۆ و (لێكگه‌ییشتنی) هاوبه‌ش دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌. سه‌قامگیری و گه‌شانه‌وه و پێشكه‌وتنى عێراق، به‌ ڕێزگرتن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی و به‌ جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قينه‌ى سيستمى فیدراڵييه‌وه‌ به‌نده‌.   ئێمه‌ له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداری سه‌ختييه‌كان و دۆخى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتیيانى كوردستانين. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان كارى له‌پێشینه‌ی سه‌ره‌كیی‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستانه‌. له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆزدا، هیواكان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ختییانه‌ تێده‌په‌ڕن، كۆڵ ناده‌ين و به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێنين.   نه‌ورۆز له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه‌ ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.   هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.   نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

  هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان -دەم پارتی-  لە میانی ئاهەنگی نەورۆزی سێرت داوای لە حکومەت کرد "جدی بێت" و ڕایگەیاند، دەبێت تورکیا هەنگاوبنێت لە وەڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی -دەم پارتی- لەکاتى بەشداریکردنى ئاهەنگى نەورۆز پەیامێمى خوێندەوە، ڕایگەیاند نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێکی مێژوویی و بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' لە نەورۆزی ٢٠٢٥ جێپەنجەی خۆی بەجێهێشت.  ئەو وتیشى: ئێمە هەرگیز ئەوەندە لە ئاشتی و ئازادی نزیک نەبووینەوە، بەڕێز ئۆجالان داوای کرد کۆتایی بە سیاسەتەکانی نکۆڵی و ڕەتکردنەوە بهێنرێت و گەلی کورد بە زمان و کولتووری خۆی بژی، هاوسەرۆکی -دەم پارتی- ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئەگەر ئێمە مەرجەکانی ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکەین و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین، پێکەوە دەرگا بەڕووی تورکیایەکی دوور لە شەڕ و ئازاردا دەکەینەوە. هەندێ کەسی نەزان دەڵێن کورد شکستی هێنا، هەر بۆیە ئەم بانگەوازە کرا. تونجەر باکرهان ڕوى لەدەسەڵاتدارانى تورکیا کرد، وتى: بانگەوازی من بۆ پارتی دەسەڵاتدارە؛ ئەگەر دڵسۆزیت، ئایا ڕازیت بە بنیاتنانی ئایندەی دیموکراسی تورکیا و جێبەجێکردنی مەرجەکانی بانگەوازەکە؟ ئەگەر لەگەڵ ئەمەدایت، ئەوا هەنگاوى کردارى بنێنـ ئەو ئەمیندارەی کە بۆ سێرت داتمەزراندووە، بکیشێنەوە. بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە دڵسۆزیت. ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سیرت دەگرن. ئەو وتیشى "ئێمە ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، هەموو ڕۆژێک، کاردەکەین بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بێتە دی." نەورۆز لە سێرت بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو، ئەو هاووڵاتیانەی بە جلوبەرگی کوردی بەشداریان کرد، ئاڵای سەوز و سوور و زەردیان هەڵگرتبوو. هاوڵاتییان بۆ ماوەیەکی زۆر لە گۆڕەپانەکەدا سەمایان دەکرد. ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان جەماوەرەکە بە کۆی دەنگ دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان وتەوە. سیاسەتمەداران و بەرپرسانی هەڵبژێردراو سڵاویان لە جەماوەرەکە کرد.

  سەرۆکی لیژنەی حکومەتی سوریا، کە ئەرکی کۆتایهێنان تەواوكردنی ئەو  ڕێککەوتنەکەی پێسپێردراوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەڵێت،  لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا هەردوولا پابەندبونی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا، بەتەواوی پێکهاتەکانەوە دەربڕیووە. حسێن سەلامە، سەرۆکی لیژنەکە بە تەلەفیزیۆنی سوریای راگەیاند، کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەرپرسانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری شەدادی لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامدراوە. سەلامە وتوشیەتی: گفتوگۆکە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئیرادەیەکی هاوبەش ئەنجامدراوە، ئامانج لێی گەیشتن بە یەکێتی خاکی سوریا و لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پەراوێزبخرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەی سەرەتادا رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی لیژنە کاری تایبەتمەندو هاوتا، کە لە سەرەتای مانگی نیساندا دەست بە کارەکانیان دەکەن. جەختی لەوەشكرد، دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کاروباری ناوخۆی سوریایە و هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشێکە لە پرۆسەیەکی تەواو نیشتیمانی. رۆژی 10 ی شوباتی 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە. رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە. خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا. لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز. بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا. لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

  کەشناسیی پێشبینیدەکات لەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، گەرما نەمێنێت، هەروەها بەفربارین کوێستانەکان بگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژانی نەورۆز، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ نمەباران لە تەواوی ناوچە سنووریەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لەناوچە بەرزەکان بەفریش دەبارێت. دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەورەتریشقە و بروسکە لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئەگەری تۆزێکی سووک هەیە. پلەکانی گەرما چوار تا شەش پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. هەروەها سبەی هەینی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ دابارین لەزۆربەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، لەگەڵ کەمێک بەفر لەناوچە شاخاوییە سنووریەکان. کاریگەی شەپۆلەکە لەکاتەکانی دوانیوەڕۆدا درێژ دەبێتەوە  بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، لە ناوچەکانی دیکەش بەشێوەى پچرپچر دەبارێت، پاشان کاریگەری لاوازدەبێت، بەڵام تەنها ناوچە شاخاوییەکان تا درەنگی شەو بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرماش دوو تا سێ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.

  بە بۆنەى هاتنى نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە لە هەرچوار پارچەى کوردستان ئاگرى نەورۆز دەکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لە باشوور و باکوورو رۆژئاواو رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێوەدەچن. دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئامادەکارییەکانى تەواو کردووە بۆ جەژنى نەورۆز و پێشوازیکردن لە گەشتیاران لەسەر ئاستى بەرێوەبەرایەتییەکان. لەئێوارەی 20ـی ئازار لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانییان کۆدەبنەوە و ئاگری نەورۆز ئاکرێ، سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە دەکەنەوە و ئاهەنگ و شایی ساز دەکەن. بڕیاریشە لە نەوۆزری ئاکرێ دا 2,725 مەشخەڵ هەڵبکرێت. هاوکات لە باکوورى کوردستان و تورکیا لە 89 پارێزگا و ناوچە و شارۆچکە، لەلایەن پارتى دەمەوە ئاگرى نەورۆز دەکرێتەوە، کە دیارترینیان رۆژى 20ـى ئازار لە وان و 21ـى ئازار لە دیاربەکر و 23ـى ئازار لە ئەنقەرە دەبێت، بەڵام رۆژى 17ـى ئازار دەم پارتى لە ئیستانبوڵ ئاگرى نەورۆزى کردووەتەوە و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە. هەروەها لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە 20 شار و شارۆچکە و دەیان ناوچە ئاگرى نەورۆز دەکرێتەوە، هەرچەندە هەفتەیەکە لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستیانپێکردووە و بەردەوامن،  نەورۆز لەلایەن هاونیشتمانییانى رۆژهەڵاتەوە بەشێوەیەکى خۆڕسکانە ئەنجام دەدرێت و تێیدا گۆرانى و هەڵپەرکێ ئەنجام دەدرێت. هاوکات، لە رۆژئاواى کوردستان لە دێرک، رمێلان، تربەسپى، قامیشلۆ، عامودا، حەسەکە و کۆبانێ و ناوچەکانى دیکە لەرۆژانى 21 ئازاردا ئاگرى نەورۆز دەکرێتەوە و هاونیشتمانییان بە ئاهەنگ و گۆرانى و هەڵپەرکێ ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و هونەرمەندان بەشدارى ئاهەنگەکانى نەورۆز دەکەن و لەلایەن ئیدارەى خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێن.

  دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی ئۆجالانی تێدا ئامادەنەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات، گوتی: تاکە کەس کە بتوانێت ئەمە بکات ئۆجالانە و تەنها ئەو دەتوانێت ئەم بڕیارە بۆ پەکەکە بدات. دوران کاڵکان ئاماژەی بە جیاوازیی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و رایگەیاند: چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری ئەم نەورۆزەوە دەچن. گوتیشی، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادیی ئۆجالانە و نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ئۆجالان دەبێت. دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجالان و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هێشتا دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ باشترکردنی دۆخی ئۆجالان نەناوە و لە پەرلەمانیش هیچ هەنگاوێک نەنراوە و هیچ پێشکەوتنێکی کرداری نەبووە. پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی دوران کاڵکان بەم جۆرەیە: دوران کاڵکان ئاماژەی بە جیاوازی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند ئەم نەورۆزە چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری نەورۆزەوە دەچن. گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ناوی بەبەری ئەم نەورۆزەدا کرد، گوتی "نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک". لەم کاتەدا، بانگەوازێکی وەهای کرد. قۆناغەکەی وەها پێناسەکرد. گەلەکەمان دەڵێت، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەم نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت". هەروەها دوران کاڵکان نەورۆزی لە ژنان و گەنجان و هێزەکانی گەریلا و گەل و دۆستانی کورد پیرۆزکرد، لە کەسێتی مەزڵوم دۆغاندا هەموو شەهیدانی نەورۆزی بیرهێنایەوە. دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد داوا و درووشمەکانی بەشداربووانی ئەم نەورۆزە ئاشکرایە، گوتی: "هەمووان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان دەوێت. بەم نەورۆز دەڵێن "نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ"، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ بڕەخسێت. سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دەربچێت". لە درێژەدا گوتی: "نەورۆز چەندێک ئازادی دەنوێنێتەوە، هاوکات مرۆڤایەتیش دەنوێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "نەورۆز لەگەڵ پەکەکەدا چەند جوانە، ئێمە بەبێ هۆ لەگەڵ پەکەکەدا ئەم ڕۆژەمان دەست پێ نەکرد". بەباشی واتای جۆشی نەورۆزی دەستنیشان کرد. گەریلا بە تێکۆشان لەسەر بناغەی شەهیدانی قارەمان، نەورۆزی گەیاندە ئەم واتا ڕاستەقینەیە. گەیشتین بەم ئاستە. بەهیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. لەسەر ئەم بناغەیە کوردستان ئازاد دەبێت، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەبن. لە جیهاندا مرۆڤایەتی دەگەنە ئاستێکی بەرزتر لە دیموکراسی و ئازادی. ئێمە بۆ ئەمە تێدەکۆشین و دەژین. لەسەر ئەم بناغەیە، ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دۆستان بانگهێشت دەکەین کە زیاتر ڕووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، بە دەنگێکی بڵندتر داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەن". نەورۆز بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. بانگەوازەکە لە سێیەمین هەفتەدایە. ئایا لەم کاتەدا چ پێشکەوتنێک هاتە ئاراوە؟ لە پراکتیکدا چیمان بینی؟ دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجامدا، گفتوگۆی جیاواز هەیە، نەیار هەن، کەسانێک هەوڵدەدەن بە خواستی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام کەسانێکیش هەن بەڕاستی دەیانەوێت لە پرسەکە تێبگەن، گوتی: "بەڵام لە پراکتیکدا شتێکی ئەوتۆ نییە. قسە هەیە، بەڵام پراکتیک نییە. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا دەنگی دایەوە. هەمووان لێدوان و ڕاگەیاندراویان هەبوو. تەنانەت ئەمریکا و چین و هەموو دەوڵەتان قسەیان کرد، هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان قسەیان هەبوو. هەموویان هیوادار و چاوەڕوانن. بەڵام هیوا و چاوەڕوانییەکان لەڕووی سیاسییەوە دەبن بە چی، نازانرێت. هیچ شتێکی ئەوتۆ لە پراکتیکدا نییە". دوران کاڵکان ڕایگەیاند ئێمە ئەم ٢ هەفتە و نیوە لێکۆڵینەوەمان لە مانیفێستۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کردووە و لەنێو خۆماندا تاوتوێمان کرد و ویستمان ئەوەی تێگەیشتووین بیگەیەنین بە گەلەکەمان، ئەم هەوڵانەی ئێمە هەن، بەڵام ڕەوشەکە ئاسان و سادە نییە، گوتی: "پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەڕێوەبەری ئێمە ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکات و بەو پێیە مامەڵە دەکات، ئەمەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. دووپاتی کردەوە بۆ کردنەوەی ڕێگە بەڕووی ئەمەدا، ئاگربەست ڕادەگەیەنێت. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراو و هەڵسەنگاندن هەبوون. هاوکات پێش چەند ڕۆژێک بەڕێوەبەریی ئێمە، بۆ ڕەخنەگرتن لەوەی ئەم ڕەوشە لە قسەدا ماوەتەوە و نەچووەتە بواری پراکتیکەوە، بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەم بابەتە، لە ڕاگەیاندراوی نەورۆزدا هەندێک ئاگاداری و هۆشداری بڵاوکردەوە. ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو کردمان. کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی وەها بکات. باوەڕیان نەدەکرد، دەیانگوت وەها نابێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی کرد کە کەس باوەڕی نەدەکرد و چاوەڕێی نەدەکرد". هەروەها گوتی: "لە پرۆسەی ٢٠١٣ و ، ٢٠١٤، لە نامەیەکدا بە ڕێبەر ئاپۆمان گوتبوو "ڕەنگە ئێمە ببینە بەڕێوەبەری شەڕ، دەتوانین شەڕ بکەین. بەڵام ئێمە ناتوانین ببینە بەڕێوەبەری ئاشتی. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئاشتی بەدی بهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات. بۆیە لەم ڕووەوە نابێت چاوەڕوانییەکی زیاتر لە ئێمە هەبێت". لە نامەکەدا ئەمەمان گوتبوو. لە ڕاگەیاندراوی ١ ی ئادار ئەمەمان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. ئەگەر کۆنگرە بکرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان تاوتوێ بکرێت، ئەمە تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، کەسی تر ناتوانێت بیکات. نابێت هیوا بە کەسی تردا هەڵبواسرێت. پێش بانگەوازەکەش، دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆش هەڵوێستی ئێمەیان دەزانی. ئێمە بۆ ڕای گشتیشمان ئاشکرا کرد. پەکەکە وەڵامی دایەوە، ئەتمۆسفێرێکی ئەرێنی پێکهات. لای ئێمە هەندێک شت کرا. بەڵام لەلایەنی بەرامبەرەوە هیچ نەکرا. هێشتاش دەڵێن با پەکەکە فڵان شت بکات". دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای بانگەوازەکە و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگیراوەتە بەر، ڕەوشی ئیمراڵی نەگۆڕاوە، سیستەمی پێشوو وەک خۆی بەردەوامە، لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێک نانرێت، گوتی: "بۆ نموونە، باس لە ئامادەکردنی یاسای نوێ دەکرا، باسی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی مافی هیوا دەکرا. دەگوترا چاوخشاندنەوە بە ڕەوشی یاسایی و دەستوورییدا دەکرێت. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە. بەڵام لەم ڕووەوە، هیچ پێشکەوتنێکی پراکتیکی نییە. کارەکانی دەم پارتی هەیە، هەڵوێستی پارتەکان هەیە کە دەم پارتی ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن. بەڵام دێنە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و هەموو شتێکی ژەهرئاسا دەڵێن. واتە نیشانی دەدەن شتێکی ئەوتۆیان لەخۆیاندا نەگۆڕیوە. بۆیە هەمووان چاوەڕوانن، کۆمەڵگا، ڕای گشتی چاوەڕێی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لە وەڵامی ئەمەدا هەندێک هەنگاو بنێت. بەڵام هیچ نەکرا. دەڵێن لە فڵان کاتدا دەکرێت، باسی دوای جەژن دەکەن. گرنگ نییە تا جەژنی داهاتوو چەند کات تێدەپەڕێت. لەم بارودۆخەی ئێستادا دەبینرێت کە دەسەڵات هەوڵی سەرقاڵکردن و فریودان دەدات. چونکە ئەوەی بەڵێنیان دابوو لەماوەی هەفتەی یەکەمدا بیکەن، نەیانکرد. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت". ئێمە پرۆسەکە تاوتوێ دەکەین، بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێ کرد؟ گفتوگۆ و هەڵوێستەکان دەربارەی پرۆسەکە چۆنن؟ کاڵکان گوتی: " دەڵێن ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکەی دەست پێ کردووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. کاتێک لە لایەن بەرەی کوردییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، کاتێک بە گشتی هەڵدەسەنگێندرێت، دەبێت بە دروستی هەڵبسەنگێندرێت. ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێکرد؟ ئەمەش مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی هەیە. مێژووی شەڕی ٤٠ ساڵەی پەکەکە هەیە. هەروەها پرۆسەی پاکتاوکردن و تەسفیەکردن لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەیە، کە هەوڵی نەهێشتنی پەکەکە دراوە لەسەر بنەمای پلانێک، بە بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی تورکیا. دەسەڵاتی ئاکەپە هێزی لە هەمووان وەرگرت، هەر لە ئەمریکا، ڕووسیا، ناتۆ تا ئێران، هەموو سامانی تورکیای بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی پەکەکە و سەرکوتکردنی گەریلا. لەسەر بناغەی ئەم پلانە لە ٢٤ ی تەمموزی ٢٠١٤ هێرش پێکهات، مەهەپە بەشداربوو، ئەمە بەس نەبوو، پەدەکەش بەشداربوو، بەس نەبوو، عێراق بەشدار بوو. بە هەموو دەرفەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی پەکەکە هێرشی کرد. ٣ ساڵ بەردەوام بوو. نەیانتوانی سەربکەون. ئامانجەکەیان نەهاتەدی. دەبێت ئەمە قبووڵ بکات. بەڵێ، ئێمەش ناتوانین بە تێکۆشانی چەکداری دەوڵەتی تورک بڕووخێنین. بەڵام لەژێر هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانەوە ئەم شەڕە ئامادەیە و هۆکارەکەی ئەم شەڕەیە". هەروەها کاڵکان ڕایگەیاند هۆکارێکی دیکەی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئاکەپە هەڵمەتی نێونەتەوەیی لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بوو، وە جەختی کردەوە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاستی جەنگی جیهانیی سێیەم، لە شەڕی عێراق و کەنداوەوە تا دەگاتە دوایین شەڕ لە غەززە و لوبنان و گۆڕانکارییەکانی سوریا، لەم ڕووەوە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبووە، چونکە ئیدی گۆڕانکارییەکان تورکیا و ئێران دەگرێتەوە، چونکە پلانی هێڵی وزە لەژێر سەرپەرشتی ئیسرائیل هەیە و لە هیندستانەوە تا یۆنان درێژ دەبێتەوە، ڕێگەی ئەم هێڵە پاککرایەوە و ئێستە نۆرەی تورکیا هاتووە، بۆیە تورکیا ترسی لێ نیشتووە، ئەم هەژموونەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا. کاڵکان گوتی: "بەهۆی ئەم ترس و نیگەرانییەوە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەمە، لەژێر ناوی "دەبێت یەکێتیی ناوخۆییمان بپارێزین"، دەستیان کرد بە باسکردن لە خوشک و برایەتیی کورد و تورک. ڕوویانکردە ڕێبەر ئاپۆ. دەوڵەت باخچەلی لە ١ ی تشرینی یەکەم لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کۆبووەوە و پاشان لە پەرلەمان گوتی، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، باسی برایەتی مێژوویی کورد و تورک بکات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی هەڵسەنگاند و لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم لە دیداری لەگەڵ عومەر ئۆجالاندا، گوتی ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی ئەوەم هەیە پرسی کورد لەسەر زەمینەی توندوتیژی و شەڕەوە بگوازمەوە بۆ سەر زەمینەی یاسایی و سیاسیی. هێزی تیۆری و پراکتیکیم بۆ ئەمە هەیە. پرۆسەکە وەها دەستی پێ کرد. پاشان شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا و لە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندراو درا. دووپاتکرایەوە کە دەوڵەت کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. دواتر ئەم بانگەوازە کەوتە ڕۆژەڤەوە. ئێستە گفتوگۆکان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەم ڕاستییە لەبیرکراوە، وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، بانگەوازەکەی، برایەتی کورد و تورک، ڕەوشی کورد، قسەکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە پەرلەمان و هەڵسەنگاندنی وی، یانی هەڵگرتنی سیستەمی ئیمراڵی و بەدیهاتنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ئەم شتانە لەبیرکران. تاکە شت باسی لێ دەکرێت ئەوەیە، پەکەکە کەی کۆنگرە دەبەستێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، کەی چەک دادەنێت و کۆتایی بەمە دێت. وەها نابێت". کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پێچەوانەوەی ئەوەی میدیای شەڕی تایبەت دەڵێت: "کێشەکە، کێشەی پەکەکەیە"، ئەم پرسی کوردە، پرسێکی ١٠٠ ساڵەیە، ئەم پرسە پەکەکەی ئافراند، پەکەکە بۆ ئەوە دامەزرا ئەم پرسە ببینرێت و چارەسەر بکرێت، چیتر کورد فریو نادرێت، کێ باسی چارەسەری پرسی کورد دەکات، پەکەکە پێی دەڵێت: "فەرموو چارەسەری بکە". هەروەها جەختی کردەوە، کورد ئەم پرسەی نەئافراندووە، بەڵکو بەرئەنجامی زیهنیەت و سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی تورکە، کە لە ساڵی ١٩٢٤ ـەوە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، چارەسەر نەمانی ئەم زیهنیەت و سیاسەتەیە.

  شەوی ڕابردوو لەڕوداوێکى تەقەکردندا، شەش ئەندامی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەیدسادق بە گولـلە کوژران، بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان بە کڵاشینکۆف کوژراون و کوڕێکى ئەو خێزانە کارەکەى ئەنجامداوەو دواتر خۆشى کوشتووە.    ڕووداوەکە لەنێوان کاژێر 11:30 بۆ 12:00ی شەوی پێنجشەممە، 20-3-2025، روویداوە، ئەوانەی لە رووداوەکەدا کوژراون، دایک و باوک، دوو برا و دوو خوشک بوون. دواى ئەوەى تەرمەکانیان برانە پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر لە زێدی خۆیان بە خاک ەسپێردران. خزمێکی ئەو خێزانە دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لەنێو خێزانەکەدا بووەتە شەڕ و ئەو کوشتارەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەی تائێستا دەیزانین ئەوەیە".   بەپێی گوتەی کەسوکاری خێزانەکە، کوڕێکی ئەو ماڵە کە لە ئەورووپا ژیاوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دەبێتە کێشەیان و خێزانەکەی دەکوژێت، پاشان خۆیشی دەکوژێت، رووداوەکە لەکاتێکدا روویداوە، کە باوکی خێزانەکە "نەخۆش بووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە ماڵەوە لەسەر جێگە بووە." لەبارەی ڕووداوی "کۆمەڵکوژییەکەی" گوندی گرێزەی سەیدسادق، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی  ڕایدەگەیەنێت بکوژەکە لەنێو ئەندامانی خێزانەکەدایە، کێشەیەکی بچووکی لەگەڵ باوکی هەبووە و دواتر ئەم رووداوە روویداوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، وتى "بکوژەکە باری دەروونی تەواو نەبووە، لە رووداوەکە دەگوترا کە دەستی کەسانی دیکەی دەرەوەی خێزانەکە هەبێت، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەنیا پەیوەندیدار بووە بە خێزانەکەوە." سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، کە "کامێراکانی چاودێریی ناوچەکە هەموو شتێکی تێدا تۆمار کراوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەردا گرتووە."   لەبارەی تێوەگلانی کەسانی دیکە لە رووداوەکە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد کە "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەر کەس پەیوەندیدار بێت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."  هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بکوژەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت و گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "پێویستە بەڵگەنامەی پزیشکی هەبن تاوەکو وەکو نەخۆشی دەروونی ئەو کەسە بناسێنرێت، بەڵام نەوەک بەڵگە بەڵکو هیچ شاهێدێکیش نییە کە ئەم کەسانە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبێت."   "ئەو چەکەی تاوانەکەی پێکراوە، لە جۆری کڵاشینکۆڤ بووە، پۆلیس دەستی بەسەرداگرتووە، لەسەر شێوازی تەقەکردنەوە تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون تاوەکو بزانرێت، کەسەکە چۆن تەقەی کردووە، دواتر چۆن خۆی کوشتووە." سەرکەوت ئەحمەد وای گوت. بەشیر سالار ئەندامی ئەو خێزانەیە و چەند رۆژێکە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە، بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی "ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجام داوە."   سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت: "حاڵەتەکانی کۆمەڵکوژی لەم ساڵ دا یەکەمجارە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار دەکرێت، بەڵام رووداوەکانی دیکەی کوشتن تۆمار کراون." ئەو خێزانە 9 ئەندام بوون،  سێ کەس ماونەتەوە کە دوو برا و خوشکێکن. ئەو شایەتحاڵانەی کە سەرەتا چوونەتە شوێنی رووداوەکە دەڵێن "هەر شەش کەسەکە لە ژوورێکدا بوون، بەگوێرەی تەرمەکان دەردەکەوت کە منداڵەکان لە دەورووبەری دایکیان خۆیان شاردووەتەوە بۆ ئەوەی نەیانکوژێت." "سەرۆکی خێزانەکە (باوکیان) سێ رۆژە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو لە نەخۆشخانە هێنرابووە دەرەوە و لە کاتی رووداوەکە هەر لەسەر جێگەکەی خۆی کوشتوویەتی." 

بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هاووڵاتیانی دەکاتەوە و داوایان لێ دەکات، بە هەموو شێوەیەک دیاردەی سوتاندنی تایە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز قەدەغەیە، بەتایبەتی لە دەرەوەی شارەکان. سبەی ئێوارە پێنج شەممە، بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوەو چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. سەرکەوت کاڕەش، ووتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕێنماییەکانى جەژنى نەورۆز، دەڵێت: دیاردەی سوتاندنی تایە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز قەدەغەیە، بەتایبەتی لە دەرەوەی شارەکان. هەروەها ئەوەش دەڵێت: هەرکەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە، سووتاندنی تایە کارێکی ناشارستانییە و دەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگە و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی هاونیشتمانیان.  لەلایەکى ترەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ڕایدەگەیەنێت سبەی ئێوارە هیچ چالاکییەکی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوە ناچێت، تەنیا لەسەر قەڵای هەولێر ئاگر هەڵ دەکرێت. نەبەز عەبدولحەمید، وتیشی: هۆی بەڕێوەنەچوونی چالاکییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرینەی هاوڵاتییان بەڕووژون. لەلای خۆیەوە، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، ئەوەى خستوەتەڕوو نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ جیاواز دەبێت و تەواوی ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێ هاتووە.  

  لە یەكەم كۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو لیژنەی كە ئەحمەد شەرع بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروستیكردووە، مەزڵوم عەبدی باسی لە بێبەشكردنی پێكهاتەكان كردووە لە پرۆسەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا.  ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا كۆبووەوە، كە لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریاوە لە دیمەشق دروستكراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق.   رۆژی 10ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی سوریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵوم عەبدیدا رێككەوتنێكی ئیمزا كردووە بۆ تێكەڵكردنی هێزە سەربازیی و مەدەنییەكانی (هەسەدە)ی سەربە ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی نوێی سوریاو داننان بە مافەكانی گەلی كورد لەو وڵاتە. رێككەوتنەكە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی خۆرئاوا پێشوازیی لێكرا.  لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵوم عەبدی و لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، راگەیەندراوی (هەسەدە) باسلەوە دەكات (روهلات عفرین) ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەكەی حكومەتی دیمەشق و چەند ئەندامێكی تر لە هەردوولا، بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا.  "بیروڕا ئاڵوگۆڕكراوە سەبارەت بە میكانیزمی كاری ئەو لیژنانەی؛ كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایندەوە بەشێوەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دەستبەكار ببن" راگەیەندراوەكە وا دەڵێ. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسەوباس كراوە لەبارەی راگەیاندنی دەستوریی سوریاو؛ جەخت كراوە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ پێكهاتەیەكی سوریا بێبەش بكرێت لەوەی رۆڵ و بەشداریی هەبێت لە نەخشەی ئایندەی سوریاو نوسینەوەی دەستورەكەیدا.  ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی نوێی سوریا بە رێبەرایەتی (تەحریر شام)، سەرباری رێككەوتنەكەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، كوردو دروزو پێكهاتەكانی تری سوریایان لە پرۆسەی ئامادەكردنی دەستوری كاتیی سوریاو نوسینەوەی رەشنوسی دەستوریی هەمیشەیی بێبەش كردووە، ئەمەش لەناوخۆی سوریاو لەسەر ئاستی دەرەوەی نیگەرانیی سەبارەت بە ئایندەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دروستكردووە.  تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، باسكردن بووە لە پێویستی ئاگربەست لەسەرتاسەری خاكی سوریادا.

موراد قەرەیلان دەڵێت، پەکەکە خاوەنی چەکی كاریگەرو پێشکەوتووە، کە توانای گەیشتن بە مەودای (800) کیلۆمەتر هەیە، جەختیشیکردەوە، هێشتا هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکەیان قەناعەتیان بە بیرۆکەی دانانی چەکە نەكردووەو پێویستیان بە رونکردنەوەی زیاترە. ئاژانسی هەواڵی" العهد" چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەلی پارتی كرێكاران ئەنجامداوە، تیایدا باسی لە روداوەکانی ئەم دواییەی دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری زیندانیكراوی  پارتی كرێكارانی كوردستان کردووە. قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا رایگەیاندووە، خاوەنی چەکی پێشكەوتوین، هێزەکانمان لە باکور (باشوری تورکیا) چالاکیی سەربازی کاریگەر ئەنجام نادەن، بە هۆکاری تاکتیکی پەیوەست بە گۆڕانکاری لە ستراتیجی جەنگ. رەنگە لە هەر ساتێکدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەست پێبکەینەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، لەم دواییانەدا کۆبونەوەیەکی گرنگمان سەبارەت بە شەڕو ستراتیجەکەی ئەنجامداوە، تورکیا هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، هەروەها هەندێک لە شێوازەکانیمان بۆ رای گشتی  ئاشکرا نەکردووە لەبەر هۆکاری پەیوەست بە نهێنییەکانی سەردەمی جەنگ. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: لە نێو ئەو شێوازانەدا بەکارهێنانی رۆبۆتەکان بوو لە لایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاكانمان لە تونێلەکاندا، بەڵام کاریگەرییان بە سەرکەوتویی پوچەڵکرایەوەو، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و ئاشتی و لەهەموو كاتێك بەهێزترین. رونیشیکردەوە، لە ساڵی (2018)ەوە، کاردەکەین بۆ دانانی سنورێك بۆ تەکنەلۆژیای دەوڵەتی تورکیاو، توانیومانە سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین بۆ پوچەڵكردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەوپێیەی زۆربەیان ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئێمەدا بفڕن، وتیشی، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا درۆ دەکات، سەبارەت بە توانی هێزەکانمان و بوونیان لە باکوری وڵات. قەرەیلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بزوتنەوەیەکی سەرکردایەتیین، هەرچی سەرکردە بڵیێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام نەک لەسەربنەمای شکستی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنێكی تر، بەڵکو بەپێی پرەنسیپی دوو هێز شەڕی یەکتر دەکەن بۆ ماوەی (41)ساڵ. داواشی لە بەرپرسانی تورکیا کرد واز لە قسەکردنی هەڕەمەكیانە بهێنن، ئەگەر ئاشتییان دەوێت، دەبێت هەلومەرجەکە دروست بکەن، بە پێچەوانەوە ئەوان بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانيان دانانێین.

هاوڵاتى ئەندامێکى تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ دەستیکرد بە وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان. دەڵێت، تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق بە چڕی وردبینی بۆ لیستەکە دەکەن، دەیانەوێت لە نزیکترین کاتدا وردبینیەکە تەواوبکەن، دوای تەواوکردنی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەت بە وەکالەت پێداچوونەوەی بۆ دەکات و دواتر سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی دەنێرێت. ئێستا تەیف سامى لە جنێفى سویسرایە، ئەو بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان چووەتە ئەو وڵاتە هەفتەى داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ دوامى وەزارەت. ئەو ئەندامەی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەى دەرگاى وەزارەتى دارایی لیستى مووچەمان بردە وەزارەت و تیمی تەکنیکی وەزارەتى دارایی عێراقمان بینی، پێیان گوتووین لیستەکە کێشەی نەبێت بە ئەگەرێکی زۆر 25 یان 26 مانگ، کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو، تەیف سامی تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی سێ دەکات، واتە سێشەممە و چوارشەممەى داهاتوو. دوێنێ، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەگەر کێشە بۆ لیستى مووچە دروست نەکرێت و بەغداد بینێرێت، دەمانەوێت پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکەین. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی رادەسپێرێت هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی رەمەزان. 12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە.  رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و یەکەم رۆژ مووچەی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیایی دابەشکرا.