عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە واشنتۆن ئەنجامی داوە، پوچەڵ و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە. ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد. حەیدەری، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "العهد" رایگەیاند: بەپێی یاسا قەدەغەیە هەرێمی كوردستان هیچ گرێبەستێکی دەرەکی بەبێ راوێژکردن بە حکومەتی فیدراڵی واژۆبكات. ئاماژەی بەوەشکرد: رێککەوتنی غازی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و واشنتۆن هیچ بەهایەكی یاسایی نییە، گرێبەستەکە پەیوەندی بە کێڵگەیەکی غازی کەرکوکەوە هەیە، كە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لە کافێیەک واژۆکراوە. جەختیشكرد: بەرپرسی کوردی مافی ئەوەی نییە گەشت بکات یان گرێبەست واژۆ بکات بەبێ رەزامەندی بەغداد. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە. وتیشى: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.
لە دووەمین رۆژی سێیەمین گەڕی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتیاری، زانستی و کولتووری واژۆکران. ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکە لە شاری سنە، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دوای چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان پارێزگارەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و هەولێر بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران-تەمەرچین، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆکران." ئۆمێد خۆشناو جەختی لە پەیوەندیی قووڵ و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هیوادارین ئەم رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە ببنە نەخشەرێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هەموو رەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، سنووری، ئەمنی و کولتووری لەخۆدەگرێت." پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "دڵخۆشین بەو بڕگە و بابەتانەی لە رێککەوتنەکاندا ئەنجامماندان و هیوادارین ببنە هەنگاوی دیکەی گرنگ لە داهاتوودا. لە رابردووشدا ئەزموونی سەرکەوتوومان هەبووە، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان پارێزگارەکاندا هەبووە، بە قازانجی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات بووە." پارێزگاری هەولێر سوپاسی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای سنەی کرد بۆ رێکخستن و میوانداریکردنی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەمی پارێزگارەکان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت." بە گوتەی ئۆمێد خۆشناو، ئەمڕۆ کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دوای واژۆکردنی ئەو یاداشتانە تەواو دەبن؛ جەختیشی کردەوە کە "بەیانیش شاندەکەمان دەچێتە تاران و لەوێش بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت." پارێزگاری هەولێر ئامادەیی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانیشی پیشاندا بۆ هەر ئاسانکارییەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "ئێمە جەختی لێ دەکەینەوە و خوازیاریشین. ئەوەی لە تواناماندا بێت لە هەردوولایەنەوە ئاسانکاری زیاتر دەکەین بۆ قازانجی هاووڵاتییانمان، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا و هیوادارین جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە رێگەوبانەکان ببێتە هۆکاری زیاتر خزمەتگەیاندن بە بازرگانان." ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگاکان کرد، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی کۆبوونەوەکە لە شاری سنە کرد. ئارەش لهۆنی رایگەیاند، بەهۆی سەردانی ساڵی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە. رۆژی دووشەممە، 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد، هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەتی نەوتی عێراق تێبینی خۆی لەبارەی ئەو رێككەوتنە تۆماركردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردویەتی بۆ وەبەرهێنان لە چەند كێڵگەیەك لەناوخۆی هەرێمدا. ئەوەش دەخاتەڕوو ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان." هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم جۆرە هاوبەشییان بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکەن و سوود بە گەلی هەردوولامان دەگەیێنن. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز. وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت. لەلایەکى دیکەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا لە دوو گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هاوتەریب بە یەکدی ئەنجام درا، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری کۆتایهێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری درا، لە کۆنگرەکەدا موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لەسەر چەندین بابەتی گرنگ هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی موراد قەرەیلان بەم شێوەیەیە: “شتی هەرە باش لەم قۆناغە گرنگەدا یەکدەستی و یەکهەڵوێستییە، وانەمان لە ئەزموونەکانی ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ وەرگرتووە، وێڕای کەموکوڕییەکان بە گوێرەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ نزیکبوونەوەیەک لەئارادایە، لە سەردەمی نوێدا دەمەوێت زیاتر تێبگەم، لەو باوەڕەدام ڕووناکی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دەمانگەیەنێت بە ئامانج، دەبینین ڕێبەر ئاپۆ بەوپەڕی مۆراڵ بەرزی و بڕیاردارییەوە دەستی داوەتێ، ئەوکاتە شتەکان لە جێگەی خۆیەتی، لە هەر ساتێکی تێکۆشانماندا زۆر باش دەزانم گەر ڕێبەر ئاپۆ لە بابەتێکدا دڵنیایەتی نەبێت، ئەوە ناچێتە ئەو کارەوە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا دڵنیایە، کەواتا مسۆگەرە، هەربۆیە ئێمەش باوەڕمان پێیەتی، پەیوەست بە دەوڵەتی تورکەوە ناتوانین باسی باوەڕ و متمانە پێبوون بکەین، پراکتیکی دەوڵەتی تورک لەبەرچاوە، بەڵام بە هەموو جۆرێک باوەڕمان بە ڕێ و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیە. هۆکاری یەکەم بارودۆخی کۆنژونکتوورییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر خاکی کوردستان شەڕێکی چەکداری بەڕێوەدەچێت بۆ؟ هەڤاڵانیش ئەوەیان هێنایە سەرزمان، ڕێبەرێتیش ڕایگەیاند، چونکە شەڕی سێهەمی جیهانی لە هەرێمەکدا دەگێڕدرێت، لە ناوەڕۆکی خۆییدا ناوەندی ئەم شەڕەش کوردستانە، لەسەر خاکی کوردستان هیچ هێزێکی هاوشێوەی پەکەکە نییە، کە ئەوەندە ساڵ شەڕی کردبێت و بەرفروان بووبێت، دەرفەتی ئەمە هەیە، بە پوختی کەس ناتوانێت گەمارۆمان بدات، سەرکوتمان بکات و لەناومان بەرێت. هۆکاری دووەم لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی فەرماندەیی ڕێکخرا، ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەم کۆبوونەوەیەدا گەیشتینە بڕیار و عەقیدە (شێوازی شەڕی تایبەتی خۆپاراستن)، هەموومان باوەڕمان بەمەیە، ئەم عەقیدەیە شتێکی ئاسایی نییە، ڕوانگەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ڕێبەر ئاپۆیە، هەروەها بە ئەزموونی ٤١ ساڵەی شەڕکردنمان ڕەخسێندراوە. زۆر باوەڕمان بەو هەنگاوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، بەڵام گەر ناچاربین، بە عەقیدەی شەڕی نوێ باوەڕیشمان بە ئامادەکارییە، ئەمە دەمانگەیەنێت بە ئەنجام، بەڕاستی درەنگ دەکەوین، بەڵام گەر درەنگیش بێت، لە ئاستێکی کاریگەردا خاوەن هێزیین، ئیدی شەڕ بە ژمارە نییە، شەڕ بە تەکنیک و تاکتیک دەکرێت، هەموو ئەم تایبەتمەندییانەمان هەیە، لە پەکەکە و گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا تەکنیک و تاکتیک هەیە. لە تاکتیکی داهێنانی شەڕی تونێلدا پسپۆی تەواومان هەیە، پێنج ساڵە هەڤاڵانمان بەڕێوەی دەبەن، شارەزایی هەیە، ئەزموونمان هەیە و قوربانی زۆمان داوە، واتە ئەم موعجیزەیەمان لە ئاڤاشین، مامڕەشۆ، گردی سوور؛ واتە لەو کاتانەوە بە ئەزموونمان گەیشتووین بە ئێستا، ئەزموونمان بونیادناوە. لەلایەکی ترەوە لە هێزەکانماندا ڕۆحی فیدایی و ئاپۆچێتی بەهێزتربووە، نەک تەنها هەندێک لە هەڤاڵانی فیدایی و هێزە تایبەتەکان چالاکییەکی وەها دەکەن؛ وەک هەڤاڵان ڕووکەن و ساریا، ڕۆژهات و ئەرداڵ، ئاسیا و ڕۆژگەر، بەڵکو هەموو هەڤاڵێک لە گۆڕەپانەکانی شەڕی فیداییدان، ئەو چالاکییەی کە شەهید باگەر گەڤەر و ئەڤزەم لەگەڵ چوار هەڤاڵدا ئەنجامیان دا، بڕیاری فیداکارییە، شەڕزان و ئارینیش لەگەڵیان بوون، چوار هەڤاڵ بوون، ئەو ڕۆحە هەیە، ڕۆحییەت بڵند بووتەوە. لە فەرماندەییدا دەتوانین نموونەی گابار بۆتان نیشان بدەین، فەرماندەی بەرخۆدانی قەڵای شەهید مونزور، واتە پێکەوە بەکارهێنانی تاکتیک و تەکنیک، چاودێری دووژمن بە پێی ئەو تاکتیکە پەرەی پێدراوە، واتە ئەم ئاستە لە هەڤاڵاندا دروست بووە، پەکەکە تەنها گەریلا نییە، پەکەکە گەلە، ملیۆنان کەسە، پەکەکە ئێستا لە سەردەمی زۆر بە هێزی خۆیدایە. خاڵیکی دیکە دەستنیشان دەکەم، دووژمن بە تەکنیکە ئاسمانییەکان، دۆخی خۆی بەهێز کرد، بەڵام لە سەردەمی نوێدا بۆ پوچەڵکردنەوەی تەکنیک و هەواڵگری دووژمن، گەشتووین بە ئاستێک، هەم ئاستێکی تەکنیکی پەرەی سەند، بۆ نموونە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی سیخوڕیی، بەوپێیەی ئێمە دەیزانین لە هەرێمەکە ئێران، تورکیا، ئیسرائیل دەتوانن ئەو کارە بکەن و ئێمەش چوارەمین، لە هەرێمەکەدا دەوڵەت هەیە ئەم تەکنیکەیان نییە و ناتوانن، بابەتی ئەوەی کە کێ داوویەتی و کێ نەیداوە شتێکی بێ بنەمایە، گەیشتوینەتە ئاستێک کە بتوانین لە تەکنەلۆژیای سەردەم بکۆڵینەوە، زیرەکی دەستکرد بخەینە خزمەتی شەڕەوە. کچان و کوڕانی کوردی ئاپۆیی، ڕۆحی ئاپۆچێتی نەک تەنها لە فیداکارییدا بەڵکو لە ئافراندنیشدا گەیشتووەتە ئاستێکی کاریگەر، ئێستا دەتوانن پەرە بە تەکنەلۆژیای سەردەم بدەن، ئەمەش ڕاستییەکەیە، لە ساڵی ڕابردوودا بۆ شەڕی درۆن، درۆنی جۆراوجۆر کە دەتوانن ئامانجە دوورەکان بپێکن، ئاستێک بە دەستهێنراوە، هەموو ئەمانە لە کۆتاییەکاندا بەدی هاتوون، بێگومان ئەمە جێی ڕەخنەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر ئەمەمان بە هەڤاڵانی پەیوەندیدار وت؛ ‘هەڤاڵ، دوای ئەوەی هەموومان شەهید دەبین، ئینجا پەرە بە تەکنەلۆژیا دەدەن!.’ چونکە زۆر درەنگ کەوت، بەڵام ئێستا ئەم دەرفەتە هەیە، پێشتر شەڕی ژێر زەوییمان نەبوو، لەسەر زەوی شەڕمان دەکرد. پێشتر شەڕ فیدایانەی تیمە پسپۆرییەکان بەم ڕۆحییەت و تێگەیشتنەوە لە ئارادا نەبوو، پێشتر تەکنیکی ئاسمانی نەبوو دەشتوانین زیاتر پەرەی پێبدەین، پێشتر هێزەکانمان ئەزموونیان لەم ئاستەدا نەبوو، بەڵام ئێستا هەمانە، بەم پێیە دەتوانین لە سەرەمی نوێدا بە گوێرەی سەردەمی نوێ پەرە بە شەڕی گەریلایەتی سەدەی ٢١ بدەین. ئێمە پابەندین بە هێڵ و ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆوە، هێڵی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکەین، ئەم کۆنگرەیە ئەم بڕیارە دەدات، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورک سەرەڕای ئەمەش، پێداگری لەسەر توندوتیژی بکات ئەوا دەتوانین بەو زمانەی کە لێی تێدەگات وەڵامی پێویستی بدەینەوە، پێویستە هەمووکەسێک ئەمە بزانێت.
پارێزگاری پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەڵەبجە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنە. نوخشە ناسح لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی پارێزگاکانی هاوسنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق لە شاری سنە ڕایگەیاند: 38 ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەرگاى خۆی بەڕووی بنەماڵە و بریندارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردەوە، داواش لە حکومەتی ئێران دەکەین هاوکاریمان بکات بۆ پەرەپێدانی ئەم پارێزگایە. ناوبراو زیادی کرد: پارێزگای هەڵەبچە لە ڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵەوە توانایەکی زۆری هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا کاری گەورە لەو بوارەدا بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. پارێزگاری هەڵەبجە بە ئاماژە بە سنووری 118 کیلۆمەتری نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئێران دەشڵێت: هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، بەڵام ئەمڕۆ ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری نێوان هەردوو وڵاتە. ناسح ئاماژەی بە هاتوچۆی حەوت هەزار گەشتیار لە سنووری هەڵەبجە لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا و ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمەش جێگەی پێزانینە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پارێزگایەکی نوێ هاوکارمان بێت بۆ کردنەوەی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان. هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، پرسی کولتووری و بازرگانیی تاوتوێ دەکەن. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتى: ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و کولتورییەکان تاوتوێ دەکەن. شاندەکە لەسەر بانگهێشتی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەی خولیی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سنە، کرماشان و ورمێ". لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، رەحمان رەزایی، پارێزگاری ورمێ، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە. وتیشى: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە. ئەوەش دەخاتەڕوو ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە, هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش. ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد. هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای تورک بە چەکی قەدەغەکراو، تۆپ، هاوەن لە ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی زاپ، خواکورك، مەتینا و گارە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆنگرەی پەکەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ١٧ و ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی هەرێمی مەتینا جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و هەرێمی گارە جارێک بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون. باسی لەوەشکردوە، لە ١٣ تا ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار و لە هەرێمی مەتینا سێ جار، هەوڵی هێرشکردنیان داوە بە حەفارە و هەوڵەکانیان تێکشکێندراوە. دەشڵێن، ڕۆژانی ١٤ و ١٨ـی ئایار، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی گارە، هەرێمی مەتینا و هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هاوەن تۆپباران کراون. لە بەردەوامیدا باسی لەوەشکردووە، لە نێوان ١٥ و ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و هەرێمی مەتینا، سوپای تورک هەوڵیاندا شەڕبگێڕن بە هێزەکانمان و بەم ئامانجە بانگەوازییان دەکرد، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە چوارچێوەی مافی پاراستینی ڕەوادا بە تەکنیکی تایبەتی خۆی وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. زانیاریی بەرفراوانی وەڵامدانەوەی گەریلا بەم شێوەیە؛ ١٦ـی ئایار لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە ئامانجێک درا، کە لە پێگەی هێرشکردندا بوو؛ ئۆتۆمیبلێکی زرێپۆش و سیستەمێکی چەکی کۆرکووت لەناوبردران؛ گورزیش لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کریپی درا. ١٦ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لەو ئامانجانە درا، کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ لە پێگەی هێرشکردندا بوون و هاوکات گورز لە حەشارگەیەک درا. ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە حەفارەیەک، تۆپهاوێژێک و چەکێکی قورس درا، کە لە هێرشکردنە سەر تونێلەکانماندا بوون لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٥دا لە دەوروبەری گوندی موسی لە سنووری ماکوی، وڵاتپارێزی هێژا تاهیر ئاشرون لە ماڵی حوسەین بەکی لە هۆزی ساکی بەهۆکاری ڕوداوێک گیانی لە دەستدا، بەهۆی ئەوەی تاهیر ئاشرونی هێژا بە هەڵە و لە ئەنجامی ڕوداوێکدا گیانی لە دەستدا، زۆر نیگەران بووین، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی دڵسوتاویان دەردەبڕین، با گەلەکەمان، هۆزی ساکی وڵاتپاریز و بنەماڵەی هێژای ئاشرونمان بزانن هیچ دژایەتی و نەیارێتییەک لە نێوان ئێمە و تاهیر ئاشرودا نییە و بە هیچ جۆرێک بە ئامانج نەگیراوە، شتەکە لە ئەنجامی ڕوداوێکەوە ڕوویدا، جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی ئاشرون، کە ڕۆڵەکەیان لە دەستدا و ماڵی حوسەین بەکی دەکەین.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: ژمارەیەك لە میدیاكانی هەرێم هەواڵێكیان لەسەر وەرهێنان لە بواری نەوت و غازدا بڵاوكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی نوێی واژۆ كردوە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵە. لە رونکردنەوەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردوەتەوە؛ ئەو گرێبەستانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردمیر لە پارێزگای سلێمانی پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەرچوە و گرێبەستەكان پوچەڵن. رونیكردوەتەوە، سەرباری پێویستی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە غاز و دابینکردنی پێداویستی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام خاوەندارێتی سامانی نەوت بۆ عێراقییەكان دەگەڕێتەوە و هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقە، بۆیە وەزارەتەكە بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەخت لە پوچەڵبونەوەی گرێبەستەكان دەکاتەوە. رۆژی دووشەممە، 19-5-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند، بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە چونکە هێشتا نازارێت چۆن و کەی پەکەکە چەکدادەنێت. رێبەر ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، “تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەلایەن تورکیا و پەکەکەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی نەنراوە، هەروەها رێکارەکانی چەکدانانیش بۆ هیچ لایەنێکیان روون نییە،کە لەکوێ و چۆن چەک دادەنرێت، بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە.” بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، هەرێمی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و رابردووشدا رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی هەردوولا و گەیشتن بە ئاشتی. هەفتەی رابردوو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامەکانی 12ـهەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند و گوتی، بڕیاریان داوە پارتەکە هەڵبوەشێننەوە و خەباتی چەکداریش کۆتایی پێدەهێنن. بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا و جیهانیش پێشوازییەکی گەورەی لێکرا. دوای چوار رۆژ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە، زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی رایگەیاند، پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە، بەڵکو تەنها بڕیاردراوە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنرێت، گوتیشی، هێشتا هیچ پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی دەستیپێنەکردووە چونکە تورکیا و پەکەکە لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین و تورکیا پرۆسەکە بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناو دەبات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزە لە واشنتن کردووە، میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، بەهای رێککەوتنەکان 110 ملیار دۆلارە. بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە کێڵگەی گازی میران، کە هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە، جگەلەوەی پەرەدەرێت بە بە کێڵگەى تۆپخانە-کوردەمیر کە پێنج تریلیۆن پێ سێجا گاز و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ دەیان ملیۆن کەس لە هەرێمى کوردستان و عێراق دابینبکرێت. هاوکات ماڵپەڕی ئۆیل پرایسی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکی واژۆکردووە، کە بڕەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەڵام وردەکاریی رێککەوتنەکان نەخراوەتەڕوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپاش واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا، کە بە ئەمریکی ناوی بردووە، لەبواری وزە، رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابووریی لە ناوچەکە. مەسرور بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکاندا تۆمارکراوە، رێککەوتنەکان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، رێککەوتنەکان بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و خۆی بەتایبەتی چووەتە ئەمریکا بۆ چاودێریککردنى واژۆکردنیان. باسی لەوەشکردووە هەر دوو کۆمپانیای ئێچ کەى ئێن و وێستێرن زاگرۆس، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودی ئەوان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەتنەکانەوە گوتی، "سوپاسی ژووی بازرگانیی ئەمریکا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە و رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتنی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، ئەم رێککەوتنانە، کە بەهایان ملیاران دۆلارە، جەخت لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لەڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە، خۆشحاڵم کە دووبارە لە واشنتنم، بەتایبەتی بۆ چاودێرێکردنی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنانە، هەردوو کۆمپانیای HKN و وێستێرن زاگرۆس'ـی ئەمریکی، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودیان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە و سوپاسی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم هاوبەشییە گرنگە، کە بڕوام وایە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی ناوچەکە بە تەواوەتی". لەبەرامبەردا، رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان کە لایەنێکى سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، دەڵێت 18 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و 81%ـی کارمەندەکانیان کوردن و لەبارەی رێککەوتننەکەشەوە رایگەیاندووە، دەبێتە وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان لەبارەی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "شانازیی دەکەین، کە 18 ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لە کوردستان ئەم کارەمان بنیادناوە و 81%ـی کارمەندەکانمان کوردن، ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا لە ناوچەکە".
عومەر چێلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێت: کاتێک پرۆسەی داماڵینی چەک دەگاتە قۆناغێکی پەسەندكراو، پەرلەمان هەنگاو دەنێت، بۆ ئێمە پرەنسیپی بنەڕەتی روونە، هیچ هەنگاوێک ناگیرێتەبەر کە كاریگەری لەسەر بونیادی دەوڵەت هەبێت. چێلیك لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆیندا وتی: لە چوارچێوەی گۆڕانكاری دیموکراسیکردندا، پرسگەلێکی وەک یاسای لە سێدارەدان و چاکسازییە دادوەرییەكان، ماوەیەکی درێژە لە بەرنامەی کاردایە، ئەم پرسانە لە کاتی نەهێشتنی فشارە تیرۆریستییەکان، بە شێوەیەکی تەندروستتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گوتارەکانی وەک فیدراڵی هەرگیز لە خشتەی کارنامەی ئێمەدا نین، ئێمە وەک هەڵوێستێکی پرەنسیپی بەرگری لە بنەماكانی یەک نیشتمان، یەک میللەت، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا دەکەین. راشیگەیاند: سیاسەت پێویستی بەوەیە لە سەربازگە ئایدیۆلۆژییەکان رزگار بکرێت و بگوازرێتەوە بۆ سەكۆیەك کە بەشداری لە داهاتووی هاوبەشدا بکات، لەگەڵ چوونە دەرەوەی تیرۆریش لە بەرنامەی کاردا، سیاسەتی ناسنامە لاواز دەبێت و، یەکێتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دێتە پێشەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، بەو دوو ڕێککەوتنامەیەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی ئیمزایان کردووە، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات. سێشەممە، 20-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند "قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)." سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، بەهای ئەو دوو ڕێککەوتنامەیە "دەیان ملیار دۆلارە، کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران. لەوبارەوە ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی، گوتی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە. پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.
هاوسەرۆکی پژاک کە بە پارتێکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت رایگەیاند، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و ئەوان چەک دانانێن. ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی (ئاریەن تیڤی)دا باسی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئەو قۆناخەی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە ئێمە بە گرنگ و ئەرێنی دەزانین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا". پژاک هەمان ئایدۆلۆژیا و سیستمی بەڕێوەبردنی پەکەکە پەیڕەو دەکەن و ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن. هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی داوای ئۆجەلان بۆ چەکدادان لە پەکەکە و پەسەندکردنی داواکەی گوتی: "بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڕیاری خۆیانە وەکو پارتێک، بڕیاری پژاک لەو بارەیەوە جیاوازترە و ئێمە ناگرێتەوە". ئەمیر کەریمی گوتی: "ئێمە وەکو پژاک نە چەک دادەنێین، نە خۆمان هەڵدەوەشێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێین". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پژاک، کە وەکو خۆیان دەڵێن خەباتی ئەوان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوتی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین هەموو کێشەی کورد بێتە مەیدانی سیاسەتەوە لە هەموو ناوچەکاندا، ئەو چەکەی لەدەستماندایە چەکی خۆپاراستنە نەک شەڕکردن". بە گوتەی ئەمیر کەریمی: "پژاک بنەما ستراتیژییەکەی خەباتی چەکداریی نەتەوەیی کلاسیک نییە و لەپێناو خۆپاراستنی رەوادایە؛ بەرنامەشمان نییە هێرش بکەین و لە 2011ـەوە ئاگربەستمان راگەیاندووە و گوتوومانە، هێرشمان لەسەر نەبێت چالاکی ناکەین". قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەکاتێکدایە، 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە. دوای کۆنگرەکە پەکەکە رایگەیاند، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد".
رۆژنامەی (المدی) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە لایەنە شیعەکان پێیانوایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی (2026)دوادەخرێت بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات. بڕیارە وایە لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن كۆتوبەند بکرێن. مانگی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا پێش کۆتایی ساڵ بەڕێوەدەچن. بەڵام لە پشتی پەردەوە زانیاری لەسەر "دابەشبوون" لە نێوان دوو دیدگادا دزەپێدەکرێت، یەکێکیان نوێنەرایەتی تیمەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکات، ئەوی تریان بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق. سودانی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەڵام بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، رەنگە مانەوەی ئەم وادەیە وەك خۆی قورس بێت بەهۆی ئەو پێشهاتە كتوپڕانەی کە لە دوای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە روودەدەن. بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە چوارچێوەی شیعەکان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆ کاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات. مەرجەکان بریتین لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان لە پۆستەکەیان (4 یان 6)مانگ پێش هەڵبژاردن. بڕیارە هەوڵەکان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە لە دوای ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێبکات، کە پەرلەمان دوای پشووی یاسادانان کۆدەبێتەوە. لایەنگرانی محەمەد شیاع سودانی لە پەرلەمان توانیان دانیشتنەکان پەکبخەن و نیسابی یاسایی بشکێنن، بە وتەی نەیارەكانی، بۆ ئەوەی رێگری لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن. پێشتر محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەكە، پێشبینی کردبوو کە وادەی هەڵبژاردن چەند مانگێك دوابخرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا روویدا، کاتێک وادەی هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە دواخرا. ئەگەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەربکرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخە نوێیەکە دابڕێژێت، ئەمەش بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لانی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ. لە ماوەی دواخستنەکەدا رێگە بەو بەرپرسانە دەدرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ کاندید بکەن، دەست لەکاربکێشنەوە لە پۆستەکانیان، ئەمەش حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتێکی كاربەڕێكەر. لە رووی یاساییەوە حکومەت لە ماوەی كاربەڕێكەریدا بە توندی سنوردار دەکرێت لە خەرجکردنی پارە و بڕیاردان. بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لایەنە شیعەکان باڵا دەستەكان كە کۆنترۆڵکردنی پۆستە جێبەجێکارەکان و زۆرینەی پەرلەمانیان كردووە گلەیی ئەوە دەکەن کە پۆستەکانی حکومەت کاریگەرییان لەسەر کێبڕکێی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی توانای دەوڵەت كراوە بە بەشێك لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە واشنتن واژۆکراون بەهاکەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەمەد لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس، باسی لەوە کرد راوێژیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەکردووە، بەڵام گرێبەستەکان “گرنگن” و سوود بە حکومەتی عێراقیش دەگەیەنن. لەبارەی وردەکاری گرێبەستەکانەوە، کەمال محەمەد گوتی، کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەن و کارەباش دەدەن بە عێراق چونکە رێککەوتنەکان بەشێکیان لەبواری پەرەپێدانی غازن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. گرێبەستی یەکەم لە بواری غازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنیرجی، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و گروپی ئۆنێکس واژۆکراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج لێی ئەوەیە کێڵگەی غاز لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندابەکاربهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو کارەبایەشی بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن.” بە گوتەی کەمال محەمەد، گرێبەستەکەی دیکە کە لەگەڵ وێسترن زاگرۆس واژۆکراوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کێڵگەی تۆپخانە و کێڵگەی کوردەمیرە تاوەکو بەرهەمی نەوت و غازیان زیاتر بێت و پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە.
