بەهاى لیرەى سورى بەرامبەر دراوەکان بەرزبووەوە، لە هەرێمى کوردستانیش دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئێوارەى رایگەیاند، سزاکانى سەر سوریا لادەبات، راستەوخۆ بەهاى یەک ملیۆن لیرەى سورى بۆ 200 هەزار دینارى عێراقى بەرزبووەوە. چاوەڕوانکراو بوو ترەمپ لە سعودیە باسى سوریا بکات، هەر لە بەیانییەکەیەوە دراوى وڵاتەکە جوڵەى تێکەوت و رووى لە بەرزبوونەوە کرد، تاوەکو پێش قسەکانى ترەمپ بەهاى یەک ملیۆن لیرە لە هەرێمى کوردستان بۆ 153 هەزار دینار بەرزبووەوە. بەڵام کاتێک گوتى، لێخۆشبوون و بینینى ئەحمەد شەرع، سەرۆکى راگوزەرى سوریای کرد، یەک ملیۆن لیرە بۆ 200  هەزار دینار بەرزبووەوە، لە ناوخۆى سوریاش 100 دۆلار بە 900 هەزار لیرە مامەڵەى پێوەدەکرێت. جگە لە بڕیارەکەى ترەمپ، بەرزبوونەوەى بەهاى لیرە چەند هۆکارێکى دیکەى هەیە، لەوانە؛ ئەحمەد شەرع هەموو ئەو بڕیارانەى هەڵوەشاندەوە، کە لەنێوان ساڵانى 2012 بۆ 2024 لەبارەى دەستبەسەراگرتنى یەدەگى هاووڵاتیان دەسەڵاتى ئەسەد دەریکردبوو. ئەوەىش کە کاریگەریى لەسەر موڵک و ماڵى هاووڵاتیان دانابوو، هەروەها بەریتانیا هەموو ئەو سزایانەى هەڵگرت، کە سەپاندبوونى بەسەر وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى و هەواڵگریى سوریادا، لەگەڵ 24 دامەزراوەى دیکە، کە لەنێویاندا بانکى ناوەندیى سوریا و بانکەکانى دیکەى وڵاتەکە و کۆمپانیا نەوتییەکانى تێدابوو.

فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەکەین بۆ بڕیاری ڕاگرتنی سزاکانی سەر سوریا. دۆناڵد ترەمپ لە سعودیەوە رایگەیاند، فەرمانێک دەردەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت، تاوەکو هەلێکیان بدەینێ کارێکی تایبەت بکەن لە پێناو داهاتووی خۆیان. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هەسەدە، لەنوسینێکدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس دەڵێت: بڕیاری راگرتنی سزاکانی سەر سوریا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر وڵات دەبێت. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى عەبدیدا هاتووە، هیوادارین ئەم هەنگاوە بۆ پاڵپشتی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە کەڵک وەربگیرێت، داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات، سوریا هەمیشە شایەنی باشترینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد." ئەمریکا لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاند، لە دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ شەڕ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە دەسەڵات لادرابوو، سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاندبوو. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی وەبەرهێنان لە ڕیاز وتی: من فەرمانی وەستاندنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدەم بە مەبەستی پێدانی شانسی گەورە بۆیان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە،" هیوادارن ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، بە گوتەی خۆیشی، یەکەم هەنگاویان ناوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا.

ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە ئەنجامدانی ١٢ـمین کۆنگرەی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و سڵاوی لە کۆنگرەکە کرد، هەروەها شەهیدان “عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون”ـی بەبیرهێنایەوە. لەچوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شووباتدا، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادیی “عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد) لە ٣ـی تەمووزی ٢٠١٨ و ڕەزا ئاڵتوون لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٩ شەهیدبوون. دەقی پەیامەكە بەڕێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمین دەکەم هەڤاڵانی هێژا بە خەمگینییەکی زۆرەوە بیستم کە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون ژیانئاواییان کردووە. دواتر دەربارەی یادی هەردوو هەڤاڵ هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان دەکەم، ئێستا بە ڕێزێکی زۆرەوە بەبیریان دەهێنمەوە. لە تێکۆشانی بوونی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەمیشە شوێنیان هەیە. ئەوان بۆ پارادایم و ڕێکخستنی سەردەمی نوێ وەک بنەماکانی ئیلهام هەتا هەتایە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. وەک ڕێبەرانی هەمیشەیی لە تێکۆشانماندا درێژە بە هەبوونیان دەدەن. بەم بۆنەیەوە من بە ڕێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمینی مێژوویی و پەیامەکانی پەیوەست بە داهاتوو دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ئیمرالی / بورسا  

دادگەی سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بەسەر بکوژی کوڕەکەی وەستا حەسەن کەبابچی دا سەپاند.   کوڕەکەی وەستا حەسەن کەبابچی لەگەڵ برایەکیدا لە سلێمانی لە مانگی ئەیلوولی 2023 تەقەیان لێکرا و گیانی لەدەستدا. رووداوەکە دوای گیانلەدەستدانی باوکی بوو لە رووداوێکدا لە مانگی ئابی هەمان ساڵ.   لە ماوەی رابردوو هاوژینەکەی وەستا حەسەن باسی لەوە کردبوو، کەسێک هەڕەشەیان لێدەکات.   ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی 5ی 2025، شادمان ئەبوبەکر، هاوژینی وەستا حەسەنی کەبابچی وت: "بکوژی شەهید رۆژ حەسەنی کوڕم، ئەمڕۆ لە دادگەی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد." بە وتەی دایکی کوژراو، "بکوژەکە مامۆستای مەشقی سەربازییە و کوڕی فەرماندەیەکی سەربازیشە." لە چەند رۆژی رابردوودا، دایکی کوژراو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کەسوکاری بکوژ هەڕەشەمان لێدەکەن و پێمان دەڵێن دەبێت سوڵحی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ بکەن." کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2023، لە شاری سلێمانی دەستڕێژی گوللـە لە دوو کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی کرا، بەهۆیەوە رۆژ حەسەن لە دایکبووی 2002 گیانی لەدەستدا و دیلان حەسەنیش، کە لە دایکبووی 2007 بوو، بریندار بوو.

  وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێا نۆ سەدو پەنجاو نۆ ملیارو پێنج سەدو چواردە ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیمان. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.                                                                                                   ڕۆژی سێ شەممە ( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٥ ) بڕی ( ٩٥٩،٥١٤،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو پەنجاو نۆ ملیارو پێنج سەدو چواردە ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.      بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی لیستی مووچەن و لە ماوەیەکی نزیکی ئاییندەدا [ئەمڕۆ یان سبەی] رایدەگەیێنن. هەرێمی کوردستان رۆژی 17ی ئادار بڕی 48 ملیار دیناری وەکو داهاتی نێوخۆ، بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام بەغدا دەڵێت ئەو پارەیە کەمە و دەبێت هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر رادەست بکات. رۆژی سێـی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای 15 رۆژ كاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكان و جێبەجێكردنی داواكاریەكان و ئامادەكردنی خشتەكان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی. دواتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران راگەیاند و جەختیكردەوە "بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغداد بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران چارەسەركرا و كۆتایی هات".

  تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان - پارتی دەم، بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە دروستی بەڕێوەبچێت، ئۆجەلان سەرپەرشتی بکات و گوتیشی: "ئەگەر تورکیا بە دیموکراتیزە ببێت، نابێت هیچ کەسێک لەسەر بیروڕا لە گرتووخانەدا بێت". تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لەمیانی بەشدارییکردن لە پرۆگرامێکی هاڵک تیڤی، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئەو پرۆسەیە دایەوە کە دەسەڵات بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات. هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتەکە، رایگەیاند: "ئەوەی کە ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئاڕاستەی بکات زۆر گرنگە، باوەڕمانوایە ئەگەر رێگە نەدرێت خودی ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات، ئەوا کارەکان بە دروستی ناچنە پێشەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە دۆخەکە بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت". لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ دابەشبوونێک لەنێو پەکەکەدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرە هەیە یاخود نا، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "ئەوەندەی ئێمە دەیبینین پەکەکە بەشێوەیەکی یەکگرتوو ئەو بڕیارەیان داوە و چاوەڕوانی بوونی هیچ درزێک لەنێوانیاندا ناکەین". لەبارەی چۆڵکردنی قەندیلیش دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری دەڵێت: "باوەڕمانوایە لەگەڵ بەهێزبوونی خەباتی دیموکراسیدا، ئەم پرۆسەیە خێراتر دەچێتە پێشەوە". هاوسەرۆکی پارتی دەم هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، لە تورکیا نزیکەی 10 هەزار زیندانی سیاسی هەن، لەناویاندا فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، نووسەران، رۆشنبیران، رۆژنامەوانان و سیاسەتمەداران و بەپێویستی دەزانێت ئازاد بکرێن. دەشڵێت: "ئەگەر ئەم وڵاتەکە بەدیموکراتیزە بکرێت، نابێت هیچ کەسێک لە گرتووخانەدا بمێنێتەوە کە بیروڕای دەربڕیوە و ئازادی رادەربڕینی بە ماف زانیوە". لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەبنە بەشێک لە هاوپەیمانیی کۆمار کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت؟" هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "خەمی ئێمە دیموکراسی و کۆمارێکی دیموکراسییە نەک ئەوەی لە پرسی تاکە هەڵبژاردنێکدا چی دەبێت و چی نابێت، خەمی ئێمە سەرکەوتنی دیموکراسییە و بۆ ئەمەش دەرفەتێکی مێژوویی هەڵکەوتووە".

لە شەوى رابردووەوە چوار کەس لە هەرێمى کوردستان کوژراون، دووانیان لە گەرمیان بووە، یەکێکیان تەمەنى شەش ساڵە و بەدەستى منداڵێکى 10 ساڵ کوژراوە. پۆلیسى گەرمیان لەو بارەیەوە دەڵێت، لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بە ناوی لانۆ سرود سەعدون، گەیەنرایە نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو. پۆلیسى گەرمیان دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەرکەوتووە، منداڵێکی 10 ساڵان  دەمانچەکەی باوکی کە کارمەندی هێزەئەمنییەکانە هێناوەتە کۆڵان، فیشەک بە منداڵە شەش ساڵانەکەوە دەنێ و دەیکوژێت. هەر لە گەرمیان درەنگى شەوى رابردوو، لە ناحیەى ئاوەسپى سەربە ئیدارەى گەرمیان، دوو کەس کە هاوڕێى یەکدین و بەهۆى دەمەقاڵەى نێوانیانەوە یەکێکیان کارمەندى هێزە ئەمنییەکانە، هاوڕێکەى بە ناوى شوان سەرتیپ دەکوژێت، بکوژ تا ئێستا دەستگیرنەکراوە. هەروەها، ئەم بەیانییە لە نێو بازاڕی سیروانییەکان لە قەزای شارەزوور تەقە لە گەنجێک کرا و گیانى لەدەستدا. رووداوەکە کاتژمێر سێی بەرەبەیانى ئەمڕۆ روویداوە و ئەو گەنجەشى گیانى لەدەستداوە ناوى ئوسامە محەمەد تاوگۆزییە. لە دهۆکیش، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆى شەڕى نێوان دوو بنەماڵەوە لە قەزاى بەردەڕەش کەسێک بەسەختى برینداربوو، پاش مانەوەى لە نەخۆشخانە شەوى رابردوو، گیانى لەدەستدا.

  بەرپرسێکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت: پەکەکە تاکلایەنە نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەریی دیموکراسییانە و ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت و هەرچی ڕوبدات پەیوەستە بەوەوە، دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتدا نییە.   زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ بی بی سی فارسی، لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پارتەکەوە ڕایگەیاند: ئەوەی تا ئێستا کراوە ڕاگەیاندنی نیازپاکی تاکلایەنەی پەکەکەیە و هەنگاونانە بۆ ڕێگەی چارەسەریی  کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە،ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت لەبارەی چارەسەریی و ئەوەشی لە داهاتودا ڕودەدات، بەتەواوەتی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە، کە هەنگاوی یاسایی و سیاسیی لەخۆدەگرێت. وتەبێژەکەی کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە تا ئێستا هیچ جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەیمانێکی نوسراو و زارەکیی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە. زاگرۆس هیوا وتوشییەتی، بۆ ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بتوانێت پڕۆسەی چارەسەریی بەڕێوەببات، دەبێت جەستەیی ئازاد بکرێت و دڵناییش لە پارێزراویی و ئاساییشی بدرێت و ئازادانە پێشەنگەیاتی پرسەکە بکات.  دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.   پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.

  سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیاند، دۆخی ئاوی کۆگاکراوی وڵات مەترسیدارە و هاووڵاتیانی عێراقیش لە بەفیڕۆدانی ئاودا لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین رێژەیان تۆمارکردووە. غەزوان عەبدولئەمیر سەهلانی بەڕێوەبەری دەستەی کارپێکردنی پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، دۆخی ئێستای ئاوی کۆگاکراو بەراورد بە 2024 و ساڵانی رابردوو مەترسیدارە. دەشڵێت، رێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لە رادەبەر بەرزە و رێژەی ئاسایی رۆژانە تێدەپەڕێنێت، بەشێوەیەک بەکارهێنانی رۆژانەی هەر تاکێک بۆ ناوچە گوندنشینەکان 135 لیترە، بۆ قەزا و ناحیەکانیش 200 لیتر، بۆ ناوەندی شارەکان دەگاتە 240 لیتر، بەڵام لە هەندێک شوێنی عێراق بەکارهێنانی ئاو بەرزترین رێژەی دیاریکراوی جیهانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 700 لیتر لە رۆژێکدا، ئەوەش پێویستی بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە هەیە. هاوکات عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وەرزی هاوین تورکیا وەڵامی ئەرێنی داونەتەوە و چاوەڕێن ئەنقەرە بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، لە رۆژانی داهاتووشدا بۆ دۆسیەی ئاو پەیوەندی راستەخۆ بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکەن تا ئاوی روباری کارون بەربدەنەوە، هەرچەندە ئێستا لە ئێرانەوە بەتایبەت لە رووباری سیروانەوە بڕێکی باشی ئاویان بۆ دێت کە سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە.

  ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی گەورەی شارەوانی ئەستەنبوڵ، كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراوە، لە بەیەننامەیەكدا لەبارەی چەك دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت: رێکخراوی پەکەکە بڕیاریدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی دابنێت،  زۆر دڵخۆشم، کە سەردەمێک کە گیانی گەنجەکانمان و دەیان هەزار هاوڵاتی تورک و کوردمان بەفیڕۆدا،  كە داهات و سەرچاوە داراییەكانمانی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا وشک كرد، خەریکە کۆتایی دێت. کاتی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەت و کردار هاتووە، دەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەدا بجوڵێین بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژە خراپانە. پێویستە رێوشوێنی یاسایی لە كۆمەڵێك  بواری بەرفراواندا بگرینەبەر، لە تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک بەشێوەیەكی نەرمونیان تا دانپێدانان بە مافەکانی هاوڵاتیانمان وەك ئەندامی یەكسان لە کۆماری تورکیادا.  جێبەجێکردنی چاکسازیی سیاسی و یاسایی هەمەلایەنە و دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەشەسەندنی گەورە لە رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵات ئەنادۆڵ. پرۆسەیەکی وەها گەورەو گرنگ سەرناگرێت بە دیداری داخراوی چەند سیاسەتمەدارێک، وەک ئەوەی حکومەت بەدوایدا دەگەڕێت، بەبێ پشتیوانی و رەزامەندی کۆمەڵگا، بەبێ بەشداریکردنی کەسانی شارەزا و بەبێ بوونی لانی كەمی مەرجی دیموکراسی وەک ئازادی رادەربڕین و رێکخستن. جارێکی تریش دەڵێم، پرۆسەیەكی وەها بەرفراوان و گرنگ بە دیدێکی کورتخایەن بەدینایەت، كە لەسەر بنەمای رزگارکردنی دۆخەکە و سەرکەوتن بێت لە هەڵبژاردنەکان و، چاوپۆشی لە رەهەندی هەرێمایەتی مەسەلەکە بكات. بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، پێویستە دیبەیتێکی گشتی لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادا بکرێتەوە، دواتر لیژنەیەک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان كە نوێنەرایەتیان هەیە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە. چل ساڵ ئازار، هۆکاری رەگداکوتاوی هەیە، هەندێکیان لە هەڵسوكەتەكانی دەوڵەتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن، پێویستە بزانین ئەم بابەتە کە چل ساڵە ئازارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، مێژوویەکی قوڵی هەیە و هۆکاری هەیە، هەندێکیان لە پراکتیزە هەڵەکانی وڵاتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن. هۆکاری سەرەکی پشت ئەم کارە ئەوەیە، ئێمە نەمانتوانی هاوڵاتی کوردی خۆمان والێبكەین هەست بەوە بکەن کە هاوڵاتی یەکسانن لە کۆمارەکەماندا،  لە ڕوانگەی ئەمنیەوە سەیری کوردمان لە دەرەوەی سنورەکانمان کردووە. ئەگەر بتوانین وابكەین کورد هەست بە یەکسانی بکات لەگەڵ هەمووان، وڵاتەکەمان دەبێتە ئەستێرەی جەمسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

له‌ یه‌كه‌مین په‌یام و كاردانه‌وه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری چه‌كدانان و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ڵێت، خۆهەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌ کۆتایی بە "تیرۆر" لە ناوچەکەدا دەهێنێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی باسی لە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد و هەنگاوەکەی بە "قازانج" بۆ تورک و کورد وەسفکرد. ئەردۆغان رایگەیاند، حکومەت بە شکاندنی پێشبینییە نەرێنییەکان و فیتنەکان بەردەوام دەبێت لە رێگەکەی و گوتی: "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییمان ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخراوی تیرۆریستی  بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی راگەیاند. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین". به‌پێی وته‌ی ئەردۆغان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌، کۆتایی بە "تیرۆر" لە ناوچەکەدا دەهێنێت و وتیشی، "هەوڵ بۆ تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر دەدەین و وڵاتەکە لەو برینە تەمەن 40 ساڵییە رزگار دەکەین"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شه‌ڕی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی توركیا. ئەردۆغان هەروەها لەبارەی گشتگیریی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: "ئەم بڕیارە بە جۆرێک هەڵدەسەنگێنین کە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە لە باکووری عێراق، سووریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە".   سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە مشەخۆرانی سەر خوێن و فرمێسک دۆڕاندوویانە و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و براکانی لە ناوچەکەن. گوتیشی: "رێکخستنەکانی هەواڵگریمان و یەکینەکانی ئاسایشمان، بۆ بردنە سەری بەڵێنەکان، لەمەودوا زۆر هەستیارانەتر چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. ئێمەش وەکو دەوڵەت بە وردی چاودێریی پێویستی پرۆسەکە دەکەین".   ئەردۆغان راشیگەیاند: "هەرچەندە نەژادمان، کولتوور و باوەڕمان جیاوازیش بێت، هەموومان هاووڵاتیی نمرەیەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین".   ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە ئەگەر یەکبگرن، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت تورکیا ببەزێنێت.   

  دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە سوپاسى ئۆجەلان و ئەردۆغان و دەمپارتى دەکات و رایگەیاند، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆتایی بە "تیرۆر" و "جوداخوازی" هێندرا کە دەیان ساڵ بوو پشتی تورکیای چەماندبووەوە، ئەوەش لەیەکەم هەڵوێستیدا لەبارەى بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پەکەکەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ''هیوادارم ئەو پەڕە خوێناوییەی بۆ ماوەی 47 ساڵ بە ناپاکی نووسرا، دابخرێت و جارێکی دیکە نەکرێتەوە''.   سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، ''پارتەکەمان و هاوپەیمانی جمهوور هیچ کاتێک هەنگاویان بەرەو دواوە نەناوە، هەروەها ئیمراڵی (ئۆجەلان) و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد''.   باخچەلی پێیوایە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئامانجی یەکەمی سەت ساڵەی تورکیا بووە؛ گوتیشی: '' ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی براوە بوون، ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی براوە بوون''. هەروەها جەختدەکاتەوە کە بەم جۆرە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆتایی بە "تیرۆر" و "جوداخوازی" هێندرا کە  دەیان ساڵ بوو پشتی تورکیای چەماندبووەوە و و تا دەهات قورستر دەبوو و دەڵێت: "ئەو پەڕە خوێناوییەی بە ناپاکی نوسراوە، بە جۆرێک دادەخرێت جارێکی دیکە ناکرێتەوە". هاوکات دەولەت باخچەلی دەڵێت، دەبێت کەشی ئاشتی بە تەواوی و بە شێوەیەکی متمانەپێکراو، دروست و یەکجارەکی بڕەخسێندرێت و کۆتایی بە حوکمدانی پێشوەختە بهێندرێت و برایەتی هەزار ساڵەی کورد و تورک پتەوتر بکرێت و دەڵێت: "کورد و تورک هەر بران و هەر برا دەبن و هیچ پیلانێک ناتوانێت لێکیان داببڕێت. براوەی ئەم پرۆسە نوێیە ئاشتی و برایەتیی، سیاسەت و دیموکراسییەتە". دەولەت باخچەلی بە هۆی ئەو بڕیارەی پەکەکەوە سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و گەورە بەرپرسانی تورکیا، شاندی ئیمراڵی، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ئۆجەلان دەکات و دەڵێت: " سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکە دەکەم". دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لێدوانێکی نووسراوی دا. باخچەلی وتی، "تۆوی ئاشتی چێنراو لە هەموو ناوچەکانی نیشتمانى تورکیا بە زەحمەت و سەبر و فیداکاری بە ئومێد ئاو دراوە، دواجار گوڵیان کردووە و گوڵیان کردووە. بەم شێوەیە بەڵای پەکەکە کۆتایی دێت و هیوادارم و ئاواتەخوازم ئەو لاپەڕە خوێناوییەی 47 ساڵە بە خیانەت نووسراوە، دابخرێت، جارێکی دیکە هەرگیز نەکرێتەوە". وتی.

  هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەبارەی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەڵێت، ''ئیدی کاتی ئەوەیە لە هەموو روویێکەوە بە یەکهەڵوێستی و دڵسۆزانە کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکەین''.   پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد و لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەی پەکەکە گفتوگۆیان کرد.   سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتوویەتی، ''ئیدی کاتی ئەوەیە لە هەموو روویێکەوە بە یەکهەڵوێستی و دڵسۆزانە کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکەین. ئیدی کاتی ئەوەیە کار بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری، ئازادی، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بکەین''.   دەمیرتاش هەروەها گوتوویەتی: ''بەبۆنەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی پەکەکەوە، سوپاسی سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەم کە ئەم بڕیارەی داوە. سوپاسی هەموو سەرۆکی پارتەکان دەکەم، بەڕێز سەرۆککۆمار، بەڕێز باخچەلی، بەڕێز ئۆزەل، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەڕێز ئۆجەلان کە رۆڵیان هەبووە. بە تایبەتیش سوپاسی بەڕێز ئەحمەد تورک و بەڕێز پەروین بوڵدان دەکەم''.   هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەروەها رۆڵی سری سورەییا ئۆندەری لە پرۆسەی چارەسەریدا ''بەرز نرخاند'' و  گوتی، ''بە پەرۆشەوە پێشوازی لەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین کە وەک هەنگاوێکی گەورە لە چوارچێوەی یادی بەڕێز سری نراوە''.   بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.   پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.

ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیارى ئەوەیە  ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات جێبەجێ بکات و هیوادارە ئەوانیش پابەندبن پێیەوە. ئەمڕۆ دووشەممە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەواندا شەیبانی پیرۆزبایی بەستنى کۆنگرەى لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، بە "ساتێکی چارەنوسساز"ى زانى بۆ سەقامگیری ناوچەکە، دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک لەلایەن ئەو پەکەکەوە. شەببانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا تورک و ئوردنیەکانی لە ئەنقەرە وتی: بەناوی کۆماری عەرەبی سوریاوە پیرۆزبایی لە حکومەتی تورکیا و گەلەکەی دەکەم بەبۆنەی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەو ئەم هەنگاوەی نەک تەنها بۆ ئاسایشی ناوخۆی تورکیە بەڵکو بۆ سەقامگیری ناوخۆى تورکیا، بەڵکو بۆ سەقامگیری تەواوى ناوچەو هەرێمەکان بە گشتی". هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنقەرە میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئوردن و سوریای کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری تاراوگەنشینانی ئوردن، ئەیمەن سەفادی و ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بەشدارییان کرد. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئەمنی ئێستای ناوچەکە بکرێت. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، بڕیارە فیدان لەم دیدارەدا پشتیوانیی بەهێزی تورکیە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتە دووپات بکاتەوە. فیدان هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی کۆتایی هێنان بە هەڵوێستی شەڕانگێزانەی ئیسرائیل لە دژی وڵاتانی ناوچەکە لەوان سوریا دەکاتەوە و ئاماژە بە گرنگی هاوکاریی ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

  لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى لەبارەى کۆنگرەى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان بڵاوکردەوە. لەبەشێکى ئەو پەیامەدا، لاهور شێخ جەنگى دەڵێت: کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد. دەقى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لەکاتێکدا پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـیەمینى پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم، پێشتر و ئێستاش هانی هەڤاڵانى پەکەکە و دەوڵەتی تورکیامان داوە لەبری شەڕ و خوێنڕشتن بگەڕێنەوە بۆ مێزى دانوستان و بە ئاشتى ئەو ململانێ مێژووییەى لەنێوان هەردوولا دروست بووە چارەسەر بکەن. پەیامەکەى بەڕێز ئۆجالان لە 27ـى شوبات و کۆنگرەکەى ئێستاى پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، نیاز پاکییەکى گەورەى کورد بۆ گەلانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندەدات، دەریدەخات کورد گەلێکى ئاشتیخوازە و لە ئەگەرى هەبوونى کەمترین ئاسۆ بۆ ئاشتى و چارەسەر، هەرگیز بیر لە چەک و شەڕکردن ناکاتەوە. لەم پرۆسەیەدا و دواى کۆنگرەکەى پارتى کرێکارانى کوردستان، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد و رێگە نەدەن پرۆسەکە لە هیچ شوێنێکدا تەگەرەى بۆ دروست بێت، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵ و ئیتر بۆ هەمیشە کورد و تورک پێکەوە بە ئاشتى بژین.