پاسەوانی سنوور لە شارباژێڕی سنووری سلێمانی، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە  تەقەیان لە باوک و کوڕێک کرد، کوڕەکە گیانی لە دەستداوە و باوکەکەش بریندارە. بەوتەى کەسوکارى ئەو کوڕو باوکە رووداوەکە کاتژمێر 5:30ـی خولەکی بەیانی بووە،  باوکێک و کوڕەکەی بە ناوەکانی ئاوات ئیسماعیل و ئارێز ئاوات ئیسماعیل لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکرا.   یەکێک لە کەسوکارەکانى ئەو پیاوە دەڵێت لەکاتى گواستنەوەى بارێکدا پاسەوانى سنور تەقەیان کردووە، لەکاتێکدا باری فەرمیان پێبووە ئەو باوک و کوڕە و ویستوویانە بیبەنە ئێران، بارەکەش گومرگ کراوە و ئاسایش ئاگادارەو بەقاچاخ نەبراوە، بەڵام لە گوندی سوورەبان، لە سنووری شارباژێر تەقەیان لێکراوە، بە هۆیەوە کوڕەکە کوژراوە و باوکەکەشی بریندار بووە."   بەپێى زانیاریەکان لەلایەن ئاسایشەوە ئەو دووکەسەى کە تەقەیان کردووە دەستبەسەر کراون، پاسەوانی سنوورن.   ئەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندی کانی گوێزن. باوکەکە لە دایکبووی 1982ـە و دوای بریندارکردنی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کوڕەکەشی کە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی.   تۆمەتبار سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا، دواتر رادەستی پۆلیس کراوەو ئێستا پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە. ئەو کۆنسووڵە بانگهێشتنامەی سەرۆکوەزیرانی قەتەری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆڕبه‌ندى ده‌وحه.   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حوسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله‌، كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبوونەوە.   بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، حوسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله‌، كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتنامەی محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى قه‌ته‌ری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دەوحە کە بڕیارە دیسەمبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت.   "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ بانگهێشته‌كه‌، ئاماده‌يى نيشان دا كه‌ به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا بكات، هه‌روه‌ها ‌جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا، كرده‌وه‌." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای گوت.    هاوکات كونسوڵى گشتيى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركردايه‌تيى وڵاته‌كه‌ى، "به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازيارى ئه‌وه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كان به‌ره‌وپێش ببه‌ن."   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هه‌ردوولا تيشكيان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان."

وەزیرى دەرەوەى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیداڕایگەیاند پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن،  ئەوان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە. ئەمرۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لە بەغدایە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە شاری ھەولێر بکاتەوە، ھەروەھا بە پێویستی زانی کە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە. دوای کۆبوونەوەکەش فوئاد حوسێن و جەیھون بایرامۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان باسیان لە پرسی گشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە و ڕایگەیاند کە پێویستە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی بنەمای دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانیی، ئابووریی و گەشتیاری نێوان ھەردوو وڵات. ھەروەھا فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ھەولێر بکاتەوە. باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختيان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن و گوتی: "ھیندستان و پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە و بۆیە پێویستە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاشتی چارەسەر بکرێن". وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە گرنگە گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان، بوەستێندرێن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجوومەنی کارەکانی نێوان ئازەربایجان و عێراق کارا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئازەربایجان و عێراق لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی خزمەتگوازری، تەندروستی و ئابووریی ھاوکاری یەکتر دەکەن. ھەروەھا جەیھون بایرامۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتە لەسەر گرنگی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە سووریا و گوتی: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسمان لە دۆخی مرییی لە غەززە کردووە و لەوبارەیەوە جەختمان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە". گوتیشی: "نابێت دۆخی کەرتی غەززە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە، بەدیھێنانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەریی دوو دەوڵەوتییە".

هێزەکانى سوریاى دیموکرات دژى دیاریکردنى حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەى سەربازى ڕۆژهەڵاتى سوریایە و رایگەیاند، شوێنى ئەو جۆرە کەسانە زیندانە نەک پێگەى هەستیارى دەوڵەت. فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەڵێت: دانانی تاوانباران لە پۆستە هەستیارەکان لە سوریای نوێدا، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت گڵاو دەکات. فەرهاد شامی، لە تۆڕی كۆمەڵاتی "ئێكس" رایگەیاندووە، تاوانبار "ئەبو حاتم شەقرا" کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەلەف، پێویستە لە ناو قەفەسی دادگادا بێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لە بەرامبەر تاوانەکانیان. دەشڵێت: تاوانبارێک  لە ناوخۆدا داواکراوەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا دراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت. ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس، ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند رۆژی رابردودا لەلایەن مورهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا، بە فەرماندەی فیرقەی (٨٦) سوپای نوێی سوریا لە حەسەکە و دەیرزورو رەقە دەستنیشانکرا. ئەبو شەقرا فەرماندەی پێشوی گروپی "ئەحرار ئەلشەرقیە" بووەو لەلایەن توركیاوە پاڵشتی دەكرێت، دەوترێت خاوەنی بڕوانامەی (6) بنەڕەتی بووە، بەڵام دواتر وەك بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی نوێكانی سوریا، لە ساڵی (2023) بڕوانامەی زانکۆی لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ماردین لە تورکیا بەدەستهێناوە. لە مانگی تەموزی ساڵی (٢٠٢١)ەوە، خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباری کرد بە سەرپەرشتیکردنی زیندانێکی سەر بە ئەحرار ئەلشەرقیە لە گوندەواری حەلەب، کە بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە چەندین پرۆسەی لەسێدارەدانی مەیدانی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی  تیادا ئەنجادراوەو، بە پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.

  رۆژی نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێتە پشووەوە. درەنگی شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، بەگوێرەی مادەی 57ی دەستووری عێراق و مادەی 22 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی چوارەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی کە دەکاتە نۆی ئایار کۆتایی بێت. بەوەش پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامنادات، بەڵام ئەرکی چاودێریکردنی بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری هەبوونی بابەتێکی گرنگ و پێویستدا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چەندینجار بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە، دانیشتنەکان بەڕێوەنەچوون، بەو هۆیەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، ناوی بڵاودەکرێتەوە و بەشێکیش لە مووچەکەی دەبڕێت.

  ئەمڕۆ چوارشەممە 7ــى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەى کارنامەکەى، سێ تەوەر تاوتوێدەکرێت. بەگوێرەى کارنامەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆ دەکرێت، لە بڕگەى یەکەمدا تاوتوێى پـرۆژەی روونـاکی و کارەبای 24 کاتژمێری و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان دەکات. لەبڕگەى دووەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات. هاوکات، لە بڕگەى سێیەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بە نووسراوى فەرمیى وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان رادەسپێرێت، هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی هاوبەشی وردبینیی دیـوانی چـاودێریی دارایـی عێراق و هەرێمـی کوردسـتان بکەن بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى داهات و خەرجییەکانى چارەکى یەکەمى ساڵى 2025.

شاندێكی حكوومه‌تی سووریا سه‌ردانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كردووه‌ و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان سه‌رۆكی سووریا و فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌یان تاوتوێ كردووه‌. میدیاكانی سووریا بڵاویان كرده‌وه‌، شاندێكی حكوومه‌تی سووریا سه‌ردانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)ـیان له‌ كێڵگه‌ی كۆنیكۆ له‌ ڕیفی دێره‌زوور كردووه‌ و هه‌ردوولا جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌یان تاوتوێ كردووه‌،  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌م باره‌وه‌ گوتوویانه‌، دوێنێ دووشه‌ممه‌، ئەو کۆبوونەوەیە کراوەو هه‌وڵێكی زۆر له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی گفتوگۆكان و ته‌واوكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان شه‌رع و عه‌بدی به‌تایبه‌تی دوای ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌. سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ردوولا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندغا جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی به‌نداوی تشرینیان به‌ پێویست زانی و جه‌ختیشیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ ململانێیه‌كی سه‌ربازیی دوور بخرێته‌وه‌. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ڕه‌تیشیان كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو بنكه‌ی سه‌ربازیی عومه‌ر و كۆنیكۆ ڕاده‌ستی حكوومه‌تی سووریا كرابن، به‌ڵكوو ئێستا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان شه‌رع و عه‌بدی ده‌كرێته‌وه‌.  شەممە، 12ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی و حوسێن سەلام، نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دووەمجار لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ کرا کە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ واژۆ کرا، جەختیش لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کرایەوە.

  شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغداد. سەباح سوبحی؛ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وتى: ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و نوێنەری ئەپیکۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.  کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت لە 20ـی نیسانی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کراوە و بۆچوونی ئەوان لەسەر پرسەکە وەرگیراوە. هاوکات لە 27ـی نیساندا کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان "ئەپیکور"، لە راگەیەندراوێکیدا، جەختی لە دوو مەرجەکەى کردەوە بۆ ئەوەى "دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە" هاوکات شکستى هەوڵەکانیشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند. ئەپیکور راشیگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکى بنەڕەتیی تایبەت بە دڵنیاییدان لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان نەبووە و هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسى پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى بوارى نەوت دا نییە. ئاماژەى بەوەشکردووە، نوێنەرانى کۆمپانیاکانى ئەندام لە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى دیکەى بوارى نەوت بەشدارییان لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسان لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە. ئەپیکور پێویستیى دڵنیاییەک لەلایەن حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرى پرسەکە لەلایەن ئەپیکور و حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون، وەکو پێشنیازى شێوازى کارکردنى راوێژکارى نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ یاساى بودجە و گرێبەستى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چوونیەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. باسیلەوەشکرد، حکومەتى عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریى نەوتى عێراق_تورکیا دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاڕاستە سنووردار و بێبەرهەم بوون. ئەپیکور داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک کە سوودى هاوبەشى هەبێت. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور چەندینجار چارەسەریان بۆ پرسەکە پێشنیازکردووە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، شەرعی و یاسایی بوون.

  دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە." سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون. هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و  207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان. بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.

  مەسرور بارزانى، ڕایدەگەیەنێت عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت. دووشەممە، 05-05-2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو . بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان." لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە." بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە." سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا "عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت."

  بە تۆمەتی سووکایەتی بە سوپای عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی کەرکووکی داوەتە دادگە کە لەسەر زەوییەکەی خۆی رایانکێشا و ئەشکەنجەیان دا.   17ـی شوباتی 2025، جووتیارێک بە ناوی محەمەممەد ئەمین، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، لەسەر تراکتۆرەکەی و بە ملپێچەکەی خۆی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە راکێشرا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. لەسەر ئەو ڕووداوە شێرکۆ کرمانج نووسەر، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! هەر لەو پەیامەدا هاتووە: پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین،  لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەقى پەیامەکەى شێرکۆ کرمانج محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەعوا لەسەر جووتیارە کوردەکەی سەر تراکتۆرەکە تۆمار دەکات. با ڕوونتر قسە بکەم. لەبەرئەوەی لەسەر داوای سوودانی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەعوای لەسەر محەمەد ئەمین، جووتیارە ئازاکە، تۆمار کردووە، کەواتە دەوڵەتی عێراقی لە بەرزترین ئاست پشتیوانی لە تەعریب دەکات و دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان دەکات. هاوکات، لەبەرئەوەی، دوو ئەفسەری پلە باڵای کورد، یەکێکی پارتی و یەکێکی یەکێتیی، واژۆیان لەسەر ڕاسپاردەیەک کردووە بۆ سوودانی بۆ تۆمەتبارکردنی جووتیارەکە، وە لەبەرئەوەی ئەو دوو ئەفسەرە راستەوخۆ نوێنەرایەتی یەکێتیی و پارتی دەکەن، واتە نوێنەری مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، کەواتە ئەو دوو بەرپرسە باڵایە بەرپرسی یەکەمن لەو ناحەقیانەی بەو جووتیارە و بە تەواوی گەلی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەکرێت. پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین،  لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەسەڵاتدارانی هەرێم لێپێچینەوە لەو دوو ئەفسەرە نەکەن و سنوورێک بۆ سوودانی دانەنێن، سبەی لەسەر مژینی هەوا و خواردنەوە ئاو، دەمانبەنە دادگا. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییە لە دژی محەمەد ڕابگرن. بەڵێ، محەمەد بە ملپێچەکەی بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن. بۆ شەیر و بڵاوکردنەوەیە

  بەرخۆدانی گەل بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین بە ڕاگەیاندراوێک کۆتایی هات و ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لەسەر بەنداوەکە ڕایگەیاند، بە وەستانەوە و فیداکارییەکی گەورە خاک و دەستکەوتەکان پارێزراون. ئەمرۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەنداوی تشرین، کە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە گەل چالاکیی نۆبەتی بە ئامانجی پاراستنی بەڕێوە دەبا ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە و کۆتای بە چالاکییەکە هات. گەل بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین، هەروەها وێنەی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان، کە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ، کە لە ١٥ـی شوباتدا لە کاتی ڕووماڵکردنی بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورك شەهید بوون بەشداریان لە چالاکییەکەدا کرد. ئەڤین سوێد و حسێن عوسمان، هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هەروەها ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری بەڕێزەوە یادی شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرینی کردەوە و سڵاوی لە هەموو ئەو کەسانە کرد، کە بۆ پاراستنی بەنداوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیدا چالاکیی نۆبەتیان ئەنجامدا.

  بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە دوێنێوە چاوەڕێین وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. بەڵام نووسینگەی تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، کەمێک پێش ئێستا بە شاندەکەى ئێمەیان گوتووە، کێشەیەکی کەم لە هەبوونی نەختینە هەیە، ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت هەر ئەمڕۆ تەمویلی مووچە دەکەین. ئەو بەرپرسەراشیگەیاند، شاندى ئێمە لە دوێنێوە لە بەغدادن، بە بەرپرسانى وەزارەتى دارایی عێراقیان گوتووە، بۆچی کەمی نەختینە، تەنها بەرۆکى ئێمە دەگرێت، لای خۆتان هیچ کێشەیەک نابینین. لەبارەى کێشەکە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، کێشەی کەمی نەختینە لە عێراق هەیە، بەڵام ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نابێت، ناشبێت کێشەکە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابخات، ئەو دەڵێت، کەمی نەختینە تەنها کاریگەری لەسەر بەدجەی پڕۆژەکان هەیە. 

  جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت زوو مووچەى مووچەخۆران لە بەغدادەوە بنێردرێت، پێویستە پابەندییەکانى خێراتر جێبەجێبکات و مانگانە لە 15ی مانگ دا لیستى مووچە ئاڕاستەى بەغداد بکات. گوتیشى، دۆخى گشتیی ئێستاى عێراق لەبەرژەوەندیی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە، چونکە ئەوانەى ئێستا لە حکومەتن و دەیانەوێت لە حکومەتى داهاتووش هاوبەشی کوردبن.  جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راشیگەیاند، هەرێمى کوردستان پابەندى ناردنى ئەو بڕە لە داهاتى ناوخۆ نەبووە کە لەگەڵ بەغداد رێککەوتنى لەسەر کراوە. گوتیشى، هەرێمى کوردستان سەرەتا بەبەغدادى گوت، داهاتى ناوخۆ نزیکەى 400 ملیار دینارى مانگانەیە، دواتر چوونەوە بەغداد و گوتیان، هەڵەمان کردووە رێککەوتن کرا لەسەر ناردنى 80 ملیار دینارى مانگانە، بەڵام ئێستا نزیکەى نیوەى ئەو بڕە بۆ بەغداد دەنێرێت.

  کچەکەی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، پێش ئەوەی باوکی نەخۆش بکەوێت و رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت گووتی، پرۆتۆکۆڵی پرۆسەی ئاشتی تەنها دوو هەفتەی ماوە واژۆ بکرێت. جەرەن گلەی کچی سری سورەیا ئۆندەر لەکاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی لە ئیستەنبوڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆندەر پێش ئەوەی دووچاری جەڵتەی دڵ بێت، نەخۆش بووە و پزیشکەکان داوایان لێکردووە نەشتەرگەری ئەنجامبدات، بەڵام  باوکی گوتوویەتی، پرۆتۆکۆڵی ئاشتی تەنها دوو هەفتەی دیکە واژۆ دەکرێت، دواتر ئاسوودە دەبن، ئەویش نەشتەرگەری بۆ دەکرێت. سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە. ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتە لێی داوە. رۆژی 3ـی ئەم مانگە، سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەهۆی لەکارکەوتنی چەند ئەندامێکی جەستەیەوە لە 18ـیەم رۆژی چارەسەرکردنیدا کۆچی دوایی کرد، دوێنێش لە ئیستەنبوڵ بەخاکسپێردرا.