حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح): پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکیەوە، پرسێكی تەکنیکییە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم. پیشەسازی نەوت لە هەرێم بەگشتی سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بەوپێیەی چەندین لیژنە لە نێوان هەردوو وەزارەتە پەیوەندیدارەکەدا پێکهێنراون. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان كۆتوبەندی تیادایە، سەبارەت ئاشکراکردنی بڕگەكانی. سەبارەت بە دەروازە سنوریی و گومرگیەکانی هەرێمی، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان پێکهێنراوەو، بەردەوامە لە کارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بووە بۆ موچەخۆران. لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم موچەی تەنها 11 مانگی ساڵی 2024 بۆ موچەی فەرمانبەران داوە، بە پاساوی بەشنەكردنی پارەكە. جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران. وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕی، ئەوەش جیاوازی دروستكرد لە كۆی موچەی خەرجكراو. وەزارەتی دارایی فیدراڵی جەختدەكات تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی بۆ موچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤ خەرجكردووە. سەبارەت بە تەوتیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم پرۆسەیە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" و هەڵبژاردنی هەشت بانک بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، سەرجەمیان لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی عێراقدان.  تا مانگی شوباتی ئەمساڵ، پێدانی موچەی بە ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی کارتی بانکی و لە ڕێگەی شەش بانکەوە کاراكراوە: بانکی ئیسلامی عێراق بە هەزار و 800 فەرمانبەر، هەزار و 900 فەرمانبەرلە بانکی بی بی ئەی، 136 هەزار و 900 فەرمانبەر لە بانکی جیهان، هەروەها بانکی بازرگانی هەرێم بە 98 هەزار و 500 کارمەند، جگە لە بانکی بەغداد و بانکی نیشتمانی بانکی عێراقی. ژمارەی ئەو موچەخۆرانەى کە سوودمەند بوون لەم پرۆسەیە، بەجۆرێک کە دوای چالاککردنی کارتەکانیان موچەکانیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٧٣ هەزار کەس، کە نزیکەی لەسەدا ٢٥ی موچەخۆران لە هەرێم پێکدەهێنن. ئەوەش ئاماژەیە بۆ خاوی بەڕێوەچونی رێکارەکان، بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم ئەرکە. جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە. بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە.  هەرێم لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەشێکی بووە، چونکە تەنها لە هەموارکردنەوەی موچە یان کەمترین موچەدا ناوەستێت، بەڵکو هەموارکردنەوەی تەمەنی یاسایش لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵان دەگرێتەوە. دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستبكرایە بە پرۆسەی هەمواركردنەوەو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنیشی  رەوانەی خانەنشینی بكرێن، ئەوەش ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.  سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی نا نەوتی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیش، هەرێم بەشێکی داهاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە. پاساوی هەرێم بۆ ئەوە ئەوەیە،  حکومەتی فیدراڵی خەرجییە ئاساییەکانی بەکاربردنی بۆ خەرجنەكردووە. هەرێم ئاماژەی بەوەداوە بەشێک لەو داهاتانە بۆ موچە خەرج دەکرێت، چونکە ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەشی تەواوی موچەو قەرەبوکردنەوەو خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەلایەتی و وەرگرانی تری موچەو هاوكارییەكان ناكات.

  بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی ناجێگیرە و ماوه‌ى 13 ڕۆژە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە. رۆژنامەی ئەڤرەنسەلی تورکی بڵاویکردوە، سری سورەیا ئۆندەر کە لە رۆژی 15ـى ئەم مانگەوە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانەیە، تائێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە بەوهۆیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە. سری سورەیا ئۆندەر یەکێکە لە ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چەند جارێک چاوی بە عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە. ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتیشە لە پەرلەمانی تورکیا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دوو جار نەشتەرگەری بۆ ئۆندەری تەمەن 62 ساڵ کراوە.

  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی هاوپەیمانێتییە تۆمارکراوەکان 64 هاوپەیمانێتییە کە پێشتر سەرجەمیان تۆمار کراون. هەروەها کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. یەکشەممە 27ـی نیسان، عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 64 هاوپەیمانێتی تۆمار کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە. سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، باسی لەوە کرد، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕەنگە هەندێک لە هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکانیان هەیە. لەبارەی ژمارەی حزبەکانیش، عیماد جه‌میل، گوتی: ژمارەی ئەو حزبانەی کە ڕێگەپێدراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 314 حزبە، بەڵام لەو ژمارەیەش تا ئێستا 70ـیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە. جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆن درێژترین ماوەی داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان. سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، گوتیشی: ستافی کۆمیسیۆن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا کارەکانی پرۆسەی نوێکردنەوەکە خێراتر دەکرێن. چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریی کراوە، بەڕێوە ببات.  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ژمارەی پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان 320 حزبی تێپەڕاندووە، هاوکات ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 60.

  بە مەبەستی قسەکردن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، سبەی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و ڕاشکاوانە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت. بەپێى زانیاریەکان کۆبوونەوەکە لەسلێمانى دەبێت هەردوولا لەسەر ئاساتی باڵان، بۆ یەکەمجار بە ڕاشکاوانە باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن، لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێت. پێشتر بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئاماژەى بۆ ئەوەکردبوو بڕیاربوو زووتر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام لەبەر دیداری یەکێتی دواخرا بۆ 28ی مانگ. پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبووەوە، بڕیارە یەکێتی بە پاکێجێکی ئامادەکراوەوە دەچێتە کۆبوونەوەکە، ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە گفتوگۆی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەم پێیەش پێکهێنانی حکومەت نزیکە. هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.

  چیدەم کلچگون ئوچار هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە،  لە کۆنگرەی شەشەمی دەبەپەی ئامەد وتی: “دەبێت ئازادی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکرێت، لە قۆناغێکی مێژوویی لەم شێوەیەدا ڕازی نابین کارەکتەرێکی مێژوویی لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیر بکرێت. ڕێکخستنی ئامەدی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە شاری ئامەد، شەشەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا. وێڕای ئامادەبوونی هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلچگون ئوچار بەسەدان کەس لە هەموو تەمەنەکانەوە بەشداری کۆنگرەکە بوون، کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستی پێ کرد. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی ئامەدی دەبەپە، محمەد شیرین قسەیکرد و وتی: “بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئۆجالان ڕێگەی سیاسەتەکردنی بۆ کردینەوە و کارەکانمان لەم ئامانجەدایە، ئازادی گەلی کورد و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نزیکە.” دواتر هاوسەرۆکی ئامەدی دەبەپە، سوڵتان یارای سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: پەرە بە تێکۆشانان دەدەن، هەر لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری ئامەد، دۆغان خاتوون سڵاوی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردان لە ڕۆژئاوا کرد و بانگەوازی بۆ یەکگرتووی گەلی کورد کرد. هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار سڵاوی لە کۆنفراسنی “یەکێتی نەتەوەیی” لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: ئەرکیان بەدیهێنانی یەکێتی نەوەتەوەییە لە باکوور و وتی: “لەم پڕۆسە مێژووییەدا زۆر شتی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. لە لایەکەوە سیاسەتە ئەمنیییەکان بۆ بەردەوامی دان بە شەڕ لە ئارادایە، لە لایەکی دیکە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا هەیە کە تێیدا گەل خۆی بەڕێوەدەبات. ئیدی ئەم بژاردە لە پێش هەموو گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوینە، یان هەتەشە هەڵبژێرن کە هەموو ڕۆژێک دروز و عەلەوییەکان دەکووژێت، یان ڕۆژئاوا هەڵبژێرن کە هەمووکەسێک بە زمان، کەلتوور، شوناسی خۆی بە ئازادی ژیان دەکات. سیستەمی ڕۆژئاوا بۆ هەموو جیهان بووە بە هیوا. وتیشی: بەڕێز ئۆجالان بانگەوازێكی کرد و دەسەڵارتداریش بێدەنگە. گەلانی تورکیا، ئۆپۆزسیۆنی ئەمڕۆ فشاری لەسەرە، گەلی کورد دەتوانێت کۆتایی بەم بێدەنگییەی دەسەڵاتداری بێنێت. دەبێت بانگەواز لە دەوڵەت و دەسەڵاتداری بکرێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ناچارین کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیات بنێین. بۆ ئەمەش میکانیزمەکانی سیاسەتی دیموکراتیک پێویستە. ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەش ئەمەیە. هەم سیاسەتی دیموکراتیک بونیات بنێین و هەم فراوانی بکەین. هەروەها جەختی کردەوە، ئیمراڵی ناوەندی گۆشەگیرییە، گەلی کورد بە یاسایەک کە جێگای قبوڵکردن  نییە سزا دەدرێت. ئێمە لە سیستەمی یاسایی و دادپەروەری ئەم دەوڵەتەدا شوێنمان نییە. ئێمە بەپێی یاسایەکی نەناسراو دادگایی دەکرێین و سزا دەدرێین. ئەوەش بەس نییە کۆمیتەی ئیداری و چاودێری دادەنرێت و ڕێگری لە ئازادکردنەکان دەگیرێت. شتێک هەیە بە ناوی TMK کە گەورەترین ئامرازی نکۆلی کردنی گەلی کوردە. هەموو داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد بە ‘تیرۆر’ ناودەبات، ئەوکات لەگەڵ کێ ئاشتی دەکرێت؟ ئێمە قەد دەستبەرداری تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی نابین. پێویستمان بە دەوڵەت و حکومەتێکە کە تێکۆشانی گەلی کورد قبووڵ بکات، ئێمە بۆ بەرپرسیارێتی هەڵگرتن ئامادەین، بەڵام دەبێت حکومەتیش وڵامی ئەم ئامادەکارییە بداتەوە، لە کۆتاییدا ڕاگەیاند، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت، ئێمە ڕازی نابین کە لەم قۆناغە مێژووییەدا کەسایەتی سەرەکی ئەم پڕۆسەیە لە هەلومەرجی گۆشەگیریی ئیمرالیدا بێت، دەوڵەت پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شوبات هەنگاو بنێت.”

هەپەگە ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی گەریلا لە ئاگربەستدایە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە چەکی کیمایی و تەقەمەنی قەدەغە کراو بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیادیکردووە و زیاتر لە هەزار جار تۆپبارانی هەرێمەکانمان کراوە و دەشڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکانیدا بە چەکی کیمیایی هەڤاڵانمان بەسێ و میترا شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەک ئەوەی ڕای گشتیی ئاگادارە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە لە پێگەی ئاگربەستدایە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێرشەکانی سوپای تورکدا ڕووینەداوە، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، بە تایبەت لە ماوەکانی کۆتاییدا بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشەکانی بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیاتر کردووە. هەپەگە ڕاشیگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر کە ناتوانێت ئیرادەی هەڤاڵانمان بشکێنێت کە لەسەر هێڵی فیدایەتی لە بەرخۆداندان، لە ١١ـی نیسان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشێکی قورسی کردە سەر تونێلەکانمان و جارێکی دیکە تاوانی دژە مرۆڤانەی ئەنجام دایەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەڤاڵانی نەمرمان؛ بەسێ و میترا کە بە تۆمارکردنی بەخۆدانی داستانی ڕێگەیان لە هێرشەکانی دووژمن گرت، شەهید بوون. لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە باسی لەوەشکردووە، هەڤاڵانمان تێکۆشان و بەرخۆدانی شکستنەخواردوویی میلیتانیی ئاپۆییان نیشانی هەموو جیهان دا، دواتر زانیاری بەرفروان لەسەر ناسنامەی هەڤاڵانی نەمرمان بۆ ڕای گشتیی و گەلەکەمان بڵاودەکەینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی نیسان هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و دوو جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە. ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی  گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتیی هەزار و ١٦٤ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کراون. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٣ـی نیسان لە گردی بەهاری هەرێمی شەهید دلیلی رۆژئاوای زاپ، هێزەکانی یەژاستارمان دەستییان لە داگیرکەران کردەوە، کە لە هەوڵدابوون هێرشی سەر سەنگەر و تونێلەکانمان بکەن، هەروەها لە ٢٥ـی نیسان لە گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیوئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران و حەفارەیەکییان درا، کە لە هێرشکردنەسەر سەنگەر و تونێلەکانماندا بوون.

هەرچەندە سبەی دووشەمە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی عێراق دێت، بەڵام بەپێى زانیاریەکان تائێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو نەبووە و کێشەی تێدایە. بەپێى ئەو زانیاریانەى لەبەردەستدان لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئەوە ڕاگەیەندراوە کە لیستی مووچەی مانگی چوار کێشەی تێدایە و بەغداد داوای چاککردنی دەکات، لیستەکە هی دوو مانگ لەمەوبەرە و فەرمانبەرانی خانەنشینی ئەم ماوەیە دەرنەهێنراون. سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، سبەی دووشەممە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراق دێت و تا ئێستاش وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا تەواو نەکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای رەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا کێشە دروستبووە، بەهۆی ئەوەی لیستەکە هی دوو مانگی رابردووە و ئەو فەرمانبەرانەشی تێدایە کە ئەم مانگە خانەنشین بوون. بەشی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بە هەڵەکە کردووە و بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمییان راگەیاندووە لیستەکە چاک بکەنەوە و دووبارە بینێرنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بەغدادن لیستی مووچەی مانگی چوار چاک بکەن و بینێرنەوە بۆ دووبارە وردبینی کردن. هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی وردبینی لیستەکە تەواوببێت و بچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە واژۆکردنی لەلایەن سودانیەوە مووچەکە تەمویل دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) شکستهێنانى دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى راگەیاند و دەڵێت پێشنیازەکانیان لەو بارەیەوە پەسەندنەکراون. ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێمە ئامانجمانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بۆرى نەوتى عێراق – تورکیاوە دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەماى کارکردن بێت بە مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتى هەرێم، هەروەها دەبێت ئەو قەرزەشى لایان ماوە بدرێتەوە بە کۆمپانیاکان. ئەپیکور راشیگەیاندوە، هەموو گرێبەستەکانى کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ حکومەتى هەرێم لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە یاسایى دانى پێدانراوە، بۆیە پێویستە هەردوو یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێم لە رێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکرێت. ئەپیکور دەشڵێت، گفتوگۆکان لەبارەى گرەنتیکردنى پارەدان بە کۆمپانیاکان جدى نەبوون و هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە نەبووە، بۆیە داواکارین هەوڵەکان زیاد بکرێن بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى بەسوود بۆ هەردوولا. مایڵز کاگینز گوتەبێژى ئەپیکور دەڵێت، چەندین جار کۆمپانیاکانى نەوت چارەسەرى گونجاویان لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەشکردووە و لە هەوڵ و فشارەکانیشیان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیركرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لەماوەی 60 رۆژدا لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی. ئەو وادەیە لە 17ی نیسان كۆتایی هات و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕای چەند گەڕێكی دانوستان لەنێوانیاندا. لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات.  لەدانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل دەكات، كە دەكاتە 14%ی كۆی بەرهەمەكانی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق. رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند. وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە. بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.

  لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزیی لە رۆژاڤا لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەزڵوم عەبدی کردو ڕایگەیاند بەم هەنگاوەى ئێستاتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. ڕۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو. لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژاڤاى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە. هەروەها هاتوە: لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین. دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەڕێز مه‌زڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى "کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان"ـتان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژائاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو میشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە "میللەتى کورد قەت نابنە برا"، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین. هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تائێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بوین بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕوی ڕۆژاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکمەتریان بکەین. براتان، لاهور شێخ جەنگی

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چوار لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکرێت، دواتر دەخرێتە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. وەزارەتى دارایی عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ رەوانەکردنى لیستى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى پەسەندکردنى، ئەوەش وەک دوایین هەنگاوى پەسەندکردنى لیستەکە پێش ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان. بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی عێراق رۆژى شەممە بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند، سەرەڕاى تێبینییەکان لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەو پرسە نابێتە هۆى وەستاندنى رێوشوێنەکانى پارەى تایبەت بە موچە و تەنها هەرێمى کوردستان لە تێبینییەکە ئاگادارکراوەتەوە. بەوتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی، بڕیارە سبەى تەیف سامی، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی، چونکە هەفتەى لە ئەمریکا بوو، بەڵام پێشتر لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگاداری شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێبینی لەسەر ئەو ٤٨ ملیار دینارە هەیە، کە هەرێمی کوردستان وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مناگی سێ ناردوویەتی. گوتوویەتی، ئێمە چاوەڕێمان دەکرد نزیکەی ٩٠ ملیار دینار لە هەولێرەوە بۆ بەغداد بنێردرێت، بەڵام بە بیانووی خەرجکردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەرجی بەکاربردن هەرێمی کوردستان بڕەکەی بۆ 48 ملیار کەمکردووەتەوە، بۆیە ست تەیف تەیف، گوتوویەتی لیستی مانگی چوار پەسەند ناکات و لەگەڵ خۆی دەیباتە کۆبوونەوەی ئەم سیشەممەیەی ئەنجومەنی وەزیران. سەرچاوەكە وتیشی "تێبینیەكەی بەغداد ئەوەیە ئەو داهاتەی ڕادەست كراوە 50% ی ئەو داهاتە نییە كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بە بەغدادی ڕاگەیاندووە، كە داهاتەكە مانگانە نزیكەی 300 ملیار دینارە و بەوپێیەش دەبێت نزیكەی 150 ملیار دینار ڕادەست بكات". "پاساوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بەشێك لەو داهاتە نانەوتییەی كە بەغداد داوای دەكات وەك خەرجی بەكاربردن بەكاردەهێنرێت". ئەمەش بەوتەی سەرچاوەكە. 

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستیپێکرد و دوا نیوەڕۆ کۆتایی هات.   محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و  فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنراوی دەرئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسەکەیان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە.  بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتووەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، پێک بهێنرێت.  لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک خاڵ کراوە، گرنگترینیان: 1. سیستەمی حوکمڕانی له سووریا ناناوەندی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت. 2. سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت. 3. زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمیی سووریا بێت. 4. نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت. 5. سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوه. 6. دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت. 7. بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت. 8. بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه. 9. سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت. 10. یەکسانیی نێوان پیاوان و ئافرەتان هەبێت. مەزڵووم عەبدی: بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهێزبوونی سووریایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند "ماوەی 14 ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."

نوێنەری بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی سەرۆک بارزانیی لە کۆنفرانسەکە خوێندەوە، کە جەخت لە چارەسەری ئاشتی و دیپلۆماسی دەکاتەوە و دەڵێت، "یەکگرتن چارەسەری پرسی کورد دەکات لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان."   لە پەیامی بارزانیدا کە د. حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان خوێندیەوە، هاتووە، "پاڵپشتیی هەر هەوڵێک دەکەم بۆ یەکگرتوویی کورد لە رۆژئاوای کوردستان."   بەشێکی پەیامەکانی بارزانی لە کۆنفرانسەکە دا خوێندنیەوە:    - ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ پرسی کورد کە بەشداریی راستەقینەی کورد لەو وڵاتە مسۆگەر بکات.    - سوپاسی هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەکەم بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە.   - دەیان ساڵە گەلی کورد بەدەست فەرامۆشکردن، بێبەشكردن و نکۆڵیکردن و چەوساندنەوەوە دەناڵێنێت.   - ئەمڕۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەکەمان هاتوونەتە پێش و بەرپرسیارێتیییەکەی مێژوویی قورس دەکەوێتە سەر شانتان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی بەرفراوان و گونجاو کە خواستی گەلەکەمان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسیدا بەدیبێنێت.    - چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی مژارە ئاڵۆزەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە.   - پاڵپشتیی بنیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکرات، هەمەڕەنگ، یەکسان کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە مسۆگەر بکرێن.    - پاڵپشتیی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتیی ئاسایش، ئارامی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.   - ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی بنچینەییە بۆ بنیاتنانی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ هەموو سووریاییەکان.    - یەکگرتنی کورد و بنیاتنانی بنچینەیەکی هاوبەش دەرگەی بنەڕەتیی چارەسەرێکی دادپەروەر و یەکجاریی پرسی کوردە لە سووریا.    - پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق هەنگاوێکی پێویستی بەشداریی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵات و مسۆگەرکردنی مافی گەلەکەمان.   - جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی لەگەڵ کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین. دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا. ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری گەلی دراوسێی سووریا دەکەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیکردنی کولتووری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سووریا لەسەر بناغەکانی هاوپشتی و ڕێزگرتنی یەکتر و هاوڵاتییەکی یەکسان بنیات بنرێت، بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ هەمووان. لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ کۆنفرانسەکەتان. هیوادارم ئەنجامەکانی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و کاری گەلەکەمان و لە ئاستی ڕەنج و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورددا بین. پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردن بێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.

  فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان"، گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین". فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، داواکارى سەرەکییان مسۆگەرکردنى داواکارییەکانى کوردە لە دەستورى سوریا و کۆنفرانسەکەى قامیشلۆ هەوڵێکە بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لە سوریا. مەزڵوم عەبدى لە وتارێکدا لە دەستپێکى یەکەمین کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان" لە قامیشلۆ جەختیکردەوە، کە کاتى ئەوەیە مافەکانیان لە سوریا مسۆگەر بکەن و ئەوەش داواکارى سەرەکییانە. باسى لەوەشکرد، ئەوان 14 ساڵە لەشەڕدان  و 13 هەزار گەنجى کورد لەشەڕى پاراستنى رۆژئاواى کوردستان شەهیدبوون. مەزڵوم عەبدى جەختیکردەوە، ئامانجى کۆنفرانسەکە دابەشکردنى سوریا نییە، بەڵکو پاراستنى یەکێتى خاکى سوریایە و یەکڕیزى کورد ماناى یەکڕیزى سوریایە و بەهێزبوونى کورد بە هێزبوونى سوریایە. لاى خۆیەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەندامى لیژنەى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە بەستنى کۆنفرانسەکەى بە مێژویی ناوبرد کە بە مارشى نیشتمانى ئەى رەقیب دەستیپێکرد. رۆژی سێشەممەی رابردوو (22ـی نیسانی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژاڤا" ڕۆژی 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سووریا، هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەکانی باشووری کوردستان کرد لە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''لە باشووری کوردستان بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و لە یەکێتی کاک بافڵ، لە باکووری کوردستان و زیندانی ئیمرالییەوە بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان، هەروەها رێکخستنەکانی دیکەی کوردستان دەم پارتی و هەموو رێکخستنەکانی دیکە پاڵپشت بوون.''   دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بووە رۆژەڤ. ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''دەنگی گەلی خۆمان دەبیستین کە دەڵێن یەکبگرن و چارەنووس دیاری بکرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجام.   لەبارەی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''گفتوگۆ و گەنگەشەی دوور و درێژ کراوە و ئەمڕۆ بەڵگەنامەی گفتوگۆکان لێرە دەخوێنرێتەوە''. فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەو بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بگاتە ئەنجام و و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازێت. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆنفرانسەکە، زیاتر لە 300 کەس لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسایەتی کورد بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت. مەزڵووم عەبدی گوتی: ''بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین".   فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: ''هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە.''   مەزڵووم عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی- کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت: ''لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین''.

  بەگوێرەی نووسراوی کۆمسیۆن، کاتژمێر 10ـى بەیانى ئەمڕۆ سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیى بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت، گۆڕانی کوردسات داوا دەکات ئەندامانی کۆنفرانس بەشدار بن و گۆڕانی گردەکەش دەڵێت، نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی کوردسات داوا لە ئەندامانی کۆنفرانس دەکات بەشداری بکەن و ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسیان داوەتە کۆمسیۆن کە بەشدار دەبن. سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نوێنەری سلێمانی لە کۆمسیۆن، نوێنەری حکومەت و پارێزگای سلێمانی بەشدار دەبن. لای خۆشییەوە گۆڕانی گردەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بزوتنەوەی گۆڕان لە پێنجی ئەم مانگەدا کۆنفراسی ئەنجامداوە و بە شێوەیەکی یاسایی داوا دەکەن کۆمسیۆن پەسەندی بکات. دەشڵێت، کۆنفرانسەکە خەوشی یاسایی لەسەرە و نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی گردەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی یاسا دەبێت هەزار و 64 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادە بن، بۆیە بەرپرسیارێتیى یاسایی سەبارەت بە  نیسابی یاسایی دەخەنە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەشڵێ، کۆمسیۆن پێویستە خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.

  "کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد" ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتيی رۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان" لە هۆڵی قامیشلۆ لە پارکی ئازادی شارەکە بەڕێوەدەچێت و یەک رۆژ دەخایەنێت. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکار، نوێنەری سەرجەم حیزبە کوردییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکان لە رۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزاز بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن. هەروەها شاندێکی پارتى دەم لە باکووری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و رێکخراوەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەدەبن. لەوانە شاندى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرى مەسعود بارزانى، هەروەها نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە. بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکە بۆ رووماڵی میدیاکان کراوەیە، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات و وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پێشکەش دەکرێت. دوابەدوای لێدوان و گفتوگۆی وتاری میوانەکان، کۆنفرانسەکە بەرووی میدیاکاندا دادەخرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باس لە "رەشنووسی بەڵگەنامەی یەکگرتوویی کورد" دەکرێت کە پێشتر پێشنیاز کراوە، کۆنفرانسەکە بە دەرکردنی راگەیەندراوێک بۆ رایگشتی کۆتاییدێت. بەگوێرەى لیژنەی ئامادەکار، زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندن و نزیکەی 200 رۆژنامەوان بۆ رووماڵى کۆنفرانسەکە بانگێشتکراون. ئاداری ئەم ساڵ هەردوولای رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ سکۆت بۆولس، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، ئەو کۆبوونەوە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە هات لە قامشلۆ، پێش ئەویش هەوڵی دیکە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە.   سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێت، "لەو کۆنفرانسەدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی دیدگەی سیاسیی هاوبەش دەکرێت، رەشنووسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، شێوەی داخوازکراو بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ مافە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریا."   بە گوتەی ئۆسۆ، ئەو دیدگە هاوبەشە ئەنجامی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەڵویستەکان، "داخراو دەبێت بۆ میدیا لە زۆربەی بەشەکانیدا، سێ ئەندامی بۆردی سەرکردایەتی گوتاری کردنەوە پێشکێش دەکەن و روونی دەکەنەوە لەو کۆنفرانسەدا باسی چی دەکرێت."   بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەکردنی، دۆکیۆمێنتە سیاسییەکە دەدرێتە بەرپرسانی حکومەتی کاتی لە سووریا و شاندێک لە هەردوولاوە بەڵگەکە دەبەنە لای بەرپرسانی سووریا، ئەندامانی ئەو شاندە بەپێی راسپاردە و ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسی نیشتمانی دیاری دەکرێت.   کۆنفرانسەکە، هەنگاوەکانی و ئەنجامەکەی بە قۆناخێکی گرنگ بۆ کورد دادەنرێت لە سووریا، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە لە بونیاتنان و دانان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستی کردوون؛ بەڵام لە ئاڵنگاریشدایە، بەتایبەت لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ئێستا کەمتر بووەتەوە لەگەڵ هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، ئەو هەنگاوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەینێن، رەنگە کاریگەرییش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتانیش لەگەڵ سووریا دابنێن، چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت داوای حکومەت و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکەن، کە هەمووان تێیدا بەشداربن.