ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد لە باشووری کوردستان. سڵاوێکی پڕ لە ڕێز و پێزانین. ئێمە بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو پەیامی پشتیوانی و هاودەنگییەی بۆ ئێمەتان ناردووە، گومانی تێدا نییە کە پەیامێکی نەتەوەیی کوردستانی هەمەلایەنە، و هەگبەیەکی پڕ لە هیوایە کە ئێوە دەیکەنە گڕوتین لە ناخماندا، ڕووە و ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر گۆڕەپانی کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژاڤا بەتایبەتی ڕوو دەدات. گومانی تێدا نییە کە ئێمە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕین کە تیایدا ڕووبەڕووی ململانێ و دیالۆگی پڕ لە ئاڵنگاری و مەترسی دەبینەوە بۆ چارەنووسی خەڵکی ڕۆژاڤا، ئەوەشی تا ئێستا داکۆکیمان لێکردووە جگە لە ئاشتی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، یەکسانی، گەرەنتیکردنی مافەکان و پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ژنان، هیچی دیکە نەبووە. کە وەک نمونەیەکە لەناو نەخشەی ململانێکاندا و شەڕ و شۆڕشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەرهەمیان هێناوە. بەدواداچوونی بەردەواممان، بە پێداگرییەکی پشوودرێژانەوە، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە بۆ ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاو بێت لە سوریای نوێ، یەکگرتوو بێت لەگەڵ سەروەری ڕاستەقینە و کۆڕایی هەمووان، کە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی قبوڵ نەکەن و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت؛ بە تایبەتی گەلی کورد کە خەباتی کردووە و تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی. ڕۆڵی ڕۆشنبیران و چالاکوانان لە سەرتاسەری کوردستاندا ڕۆڵێکی پەراوێزیی نەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی پێشەنگانە بووە کە ئەولەویەتێکی ڕەهای هەیە، بەو پێیەی ئەو دەنگەیە کە دەگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، هەمیشە لە نێویاندا ئامادەیە و هەر ئەوانن کە ڕێبەرایەتی ڕای گشتی دەکەن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بەرەو سەرزەمینی ئارامی لە میانەی ئاشکراکردنی پراکتیکەکان و پیلانەکانی دوژمن و ڕۆشنگەرکردنی گەل و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردییمانەوە بە ئامانج و ئاراستە و خواستە هاوبەشەکانمان و چارەنووسی یەکگرتووی مێژووییمان. خەباتی ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوان لە قوڵایی ئەو بیرۆکە و هێزی قەڵەمدایە کە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن و ئێوە بە شێوەیەکی بێوێنە نوێنەرایەتی دەکەن، بە خستنەڕووی دیدگا و بیرۆکەگەلێک کە خزمەت بە هیواکانی کۆمەڵگای کوردیمان دەکەن لە سەرتاسەری کوردستان، ڕەنگە ڕۆڵی ئەمڕۆتان لە هەر کاتێکی ڕابردوو گرنگتر بێت، چونکە گەورەترین ئەرکتان دەکەوێتە سەر لە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان بەم پڕۆژە نیشتمانییە و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسی و فیکری و سەربازییەکان دەربارەی هەمان ڕۆڵ، بۆ ئەوەی ئەرکەکەمان بە تەواوترین شێوە کە خزمەت بە وەدیهاتنی خواستەکانی گەلی کوردمان بکات بگاتە ئەنجام. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە پاڵپشتیی هزری و کولتووریی ئێوە هەیە، هێزی کوردیش لە یەکڕیزی و هاودەنگیدایە، وە پڕین لە حەماسەت بۆ ئەوەی شانبەشانی یەکتر کار بکەین، بۆ بەهێزکردنی ئەم هاودەنگییە و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستەی ئەم خەباتە درێژخایەنەی گەلەکەمان، لە بەرامبەر زۆرداران و ستەمکاراندا. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینم مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
ــ دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى عێراق لەرۆژى یەکشەممەوە دەستپێدەکاتەوە ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکرێت ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان. کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەمەى پەرلەمانى عێراق بڵاوکرایەوە، ١٠ خاڵ لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان خوێندنەوەى دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی گشتی وڵاتە بۆ ساڵانی (2023-2025)، دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی 2025 لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا نییە. ماڵپەرى پەرلەمانى عێراق، دەستپێکردنەوەى دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى راگەیاند لەرۆژى یەکشەممەى داهاتووەوە ١٢ - ١ - ٢٠٢٥، هاوکات کارنامەى رۆژى دووشەمەشى بڵاوکردوەتەوە کە ١٠ برگە لەخۆدەگرێت. گرنگترینیان خاڵى نۆیەمە، کە تیایدا هاتووە ڕاپۆرت و تاوتوێکردنی خوێندنەوەی دووەمی ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025) ژمارە (13)ی ساڵی 2023. لیژنەی دارایی). رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵانی (2023-2024-2025)ی پەسەندکرد، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا بودجەی سێ ساڵ پێکەوە پەسەندبکرێت بەو قەبارە گەورەیەو بە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی، رێژەی کورتهێنانی بودجەش بە 63 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی بودجەی گشتی. زۆرینەی هەموارەکەش تایبەتە بە هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەستە بە نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتون. لەبرگەکەکانى دیکەى دانیشتنەکەدا، بڕیارە دەنگدان بکرێت لەسەر ڕەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنی دووەم، مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠١٣. بکرێت کە لەلایەن لیژنەی کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە پێشکەشکراوە. لە خاڵێکەى دیکەى کۆبونەوەى رۆژى دووشەمەى پەرلەمانى عێراق، بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان.
گیێر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا راپۆرتی بەرفراوانی خۆی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکەىشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هۆشداری دایە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی رۆژئاوای کوردستان. لە راپۆرتەکەیدا پێدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، دەبینن رێگەی دیالۆگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی دەستیپێکردووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پێکدادانەکانیش لە منبج بەردەوامە. وتیشى: باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەشێکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دان. لە بەرامبەردا ئاگربەستێک بەنێوەندگیریی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی 12 هەبووە، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن پێکدادان و تۆپباران بەتایبەتی لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەن. لە راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا چەندین بابەت باسکران، بەڵام بەتایبەتی باسی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان کرا، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، ئەمەش جگە لە باسکردنی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا
ــ تا نیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ مۆڵەت دراوە بۆ یەکخستنەوەى هێزی پێشمەرگە ــ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار هاوکارى پێشمەرگە دەکات ــ هاوکات چەک و تۆپى قورسیان دەداتێ، مەشق و ڕاهێنان دەکات بە پێشمەرگە سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە ماڵپەرى ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاندوە، پارتە کوردییەکان بەتایبەتی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانى، هەڕەشەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان پێگەیشتوە، ئەو بڕە پارەیە دەبڕن کەوەک هاوکارى دەدرێتە هێزى پێشمەرگە، ئەگەر لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا هێزەکانیان یەکنەگرێتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باس لەبڕى ئەو پارەیە دەکات کە وەردەگیرێت، دەڵێت: ئەو پارەیەى لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەریدەگرێت، دەگاتە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتی لە شێوەی چەک و تۆپخانەی قورس و مەشق و ڕاهێنان لە ڕاوێژکارانەوە دەکرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ئەو مألپەرە، سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی خۆی گەیاندە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها وتیشى: ئەگەر تانیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکنەخرێت، یارمەتیە داراییەکان دەوەستێنرێت. هێزەکانى پێشمەرگە ژمارەیان 125 هەزار چەکدارن و بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون: هێزی یەکەى 70، سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها هێزی 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان. هەروەها هەزاران چەکدار لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتى و حزیەکانى دیکەدان و سەر بە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان نین، لەنێویاندا هێزەکانی (کۆماندۆ)ی سەر بە یەکێتی و هێزەکانی (زێرەڤانی) پارتی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق زیاتر دەبێت بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و هەڵوەشاندنەوەیان، ئەمەش پرسیار دروست دەکات کە ئایا ئەم فشارە هێزی پێشمەرگەی کوردیش دەگرێتەوە؟. لەوبارەیەوە شێرزاد مستەفا، لێکۆڵەری سیاسی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید”، ڕایگەیاند، “گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر هێزی پێشمەرگە زیاتر دەبێت بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان و کۆتاییهێنان بە سروشتی حزبایەتی ئەو هێزانە، هاوتەریب لەگە ئەو فشارانەی کە دەخرێنە سەر گروپە شیعەکان”. مستەفا زیاتر وتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە، ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی 70 بجوڵێنێت، یان فەرماندەیەک یان ئەفسەرێک لەو یەکانە بگوازێتەوە سەر بە یەکێتی نیشتمانین. ئاماژە بەوەش دەکات کە “بابەتەکە هاوشێوەیە و هاوکێشەکەش وەک یەکە، بەو پێیەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە گروپێکى دیاریکراو بجوڵێنێت.
سوارە محەمەد سەرۆکى نجوومەنی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئەمرۆ وەک خاوەنى ئوتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەتەوەو چەند بڕیارێک سەبارەن بەو ئۆتۆمبێلانە دراوە. ئەو نوێنەرە، ئەوەى خستەروو لەکۆبونەوەکە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەبوو، بڕیاردراوە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکى کاتی رابگیرێن و دەتوانن لەئەمرۆوە بێنە سەرشەقام. سەرۆکى ئەنجومەنەکە، هەر لەو کۆنگرەیەدا، چەند خاڵێکى خوێندەوە کە لەکۆبونەوەکە لەسەرى رێککەوتون. 1. بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەشێوەیەکە کاتی راگیراوە. 2. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە، ئەگەر تاوانی پێ نەکرابێت رادەستى خاوەنەکانیان دەکرێتەوە. 3. رێگری بکرێت لە داخڵکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا 4. یاسا بەرکارەکان بەسەر هەموو کەس و ئۆتۆمبێلێک وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و نابێت کەس یاساشکێنی بکات 5. رێگە نادرێت کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوە بکرێت تاوەکو بڕیار دەدەچێت 6. داوا دەکەین کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەولێر، دهۆک و سۆرانیش چارەسەر بکرێت. رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو میلیشیاکانى بۆ سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج زیاتر لە ٣٧ چەتە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندراون. بەپێی راگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠:٤٠ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەوڵەتی تورکیا، بە پێشەنگایەتی فڕۆکەی شەڕو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عەریش، هەروەها گردی سریاتل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کە دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی منبج. ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا، بە دەیان چەتە کوژراون، ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە، بینینی تەرمی ٣٧ چەتە بووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی ٤ چەتە. هەروەها توانراوە تانکێک و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون و گورز لە ٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری ب ئێم بی وەشێندراوە. هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەى هەسەدە، شەڕڤانان لە نزیک گردی سریاتل بۆسەیان داناوە و چەندین چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان هەڵاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە پێکدادانەکان تا درەنگانێک بەردەوام بوون و تەرمی چەتەکان بەهۆی گورزی قورسی شەڕڤانانەوە لە ناو گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و چەتەکان نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵبگرنەوە.
ــ ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا ــ قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لە سوریا ــ وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی تێکبدەن ئەندامێکی ئەنجومەنیی نیشتمانی کورد سوریا، (ئەنەکەسە) ناوەرۆکى کۆبونەوەکەیان، لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات، ، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پ.ەکە.کە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە. دەشڵێت جەختیان لەسەر چوار خاڵی تایبەت بە داهاتووی کورد لە سوریا کردووەتەوە. سەبارەت بە خاڵەکان بریتین لە یەکهەڵوێستی سیاسی کورد، ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا، کردنە دەرەوەی پەکەکەو هێزە دەرەکییەکان لە سوریاو قۆزتنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لەو وڵاتە. ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "لەسەر داخوازی بارزانی کۆبوونەیەک ئەنجامدرا، چەند تەوەرێکی سەرەکی تایبەت بە مافی کورد لە سوریا کرا، چونکە بارزانی بە گرنگییەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانێت." ئەو بەرپرسەى ئەنەکەسە وتیشی، "باس لەوە کرا چۆن یەکڕیزی ماڵی کورد، یەک هەڵوێست و یەک خیتابی سیاسی کورد هەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی کورد؛ وە چۆن دەتوانین چالاکتر لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە جیاجیا پەیوەندی ببەستین. بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ئاماژە بەوەش دەکات، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پەکەکە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە، ئەوەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو بتوانین ڕێگە لە بیانووی هێرشی دەرەکی بگرین بۆسەر ڕۆژئاوا؛ خەڵکی ئێمەو وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی ڕۆژئاوا تێکبدەن." بەپێى وتەکانى ئەو تەوەرەکى دیکەى کۆبونەوەکە باس لە پێشێلکاریەکانی پەیەدە بەرامبەر ئەنەکەسە کراوە، لە دەستگیرکردنی بەرپرسەکان و سووتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن و دەستگیرکراوەکانی لای پەیەدە. وتیشى :خاڵیکی تریش جەختکردنەوە بوو لە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژوویەی کە لە سوریا بۆ کورد هاتۆتە پێش و پێویستە تێیدا کورد یەک ڕیز و یەک هەڵوێست بێت." بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، دوێنێ، چوارشەممە، 8ی مانگی یەکی 2025، لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. وێڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا. دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدەو ئەنەکەسە کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن و بە هاوبەشی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا.
ــ جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە ــ حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق ــ یەکڕیزی و یەکگرتویی نێوان ئایین و نەتەوەکانی عێراق گرنگه عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە، بە جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە، هاوکات ئەوەشى دووپاتکردەوە حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی هێز لە عێراق كە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و بەهێزتربكرێت. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەیەکەم کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، کۆبویەوە، پاشان لەگەڵ عەلی خامنەیی رابهرى باڵاى وڵاتەکە کۆبووەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، لەبەشێکى کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانى، خامنەیی، رابهرى باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختى لەسەر ئەوە کردوەتەوە، حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق، دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت. خامنهیی ئهوهشى خستوهتهڕوو بهپێى ئهو بەڵگانهى ههن، ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراق دەدەن و دەبێت بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکرێت. ئهو وتیشى: بوونی هێزی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق بە نایاساییه، پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەل و حکومەتی عێراقه، جەختی لەسهر ئهوهشكردهوه ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان دهدهن لە عێراق، پێویسته بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکهین. رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئاماژەى به پەیوەندی باشی نێوان حکومەتی عێراق و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراقی بە پێویست و گرنگ زانی.
ــ هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین پووچەڵکردەوە ــ ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، زۆربەیان تەقێندرانەوە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، بەسەدان هاوڵاتى شارەکانى باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. لەکاتى ئەو سەردانەدا لەلایەن تورکیاوە هێرشکرایە سەر کاروانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە نزیک بەندوای تشرین بوون و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداو برینداربوون. دوابەدواى ئەو بۆردومان و هێرشانە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو، هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندەکانی باکووری بەنداوی تیشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. هەروەها دەڵێت: بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران، لەکاتێکدا هێزەکانمان هێرشی توندیان ئاراستەی بەکرێگیراوانی داگیرکەر دەکر، ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، کە زۆربەیان تەقێندرانەوە. راگەیەندراوەکەى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ماوەیەکی نزیکدا دیمەن و وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان بڵاودەکەنەوە. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.
ــ بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا کردەوە ــ بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کرا ــ هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەمرۆ لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆبوەتەوەو لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کراوە. بارەگاى بارزانى، لەتۆڕى کۆمهلایەتى فەیسبوک، بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە. هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریاو پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتیانە کردەوە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکۆبونەوەکەى لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیادا باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمى کوردستانیان کردوە، خۆشحاڵى خۆشی دەربڕیوە بەدیدارەكەی. ئەمرۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا باسى لەسەردانەکەى بۆ تورکیا کردوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە دیدارەكەی لەگەڵ نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا. ئەو دەڵێت: پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقماان تاوتوێكردووە. هاوکات، لەبارەی ئەو دیدارەوە، میدیا ناوخۆییەکان زانیارى نوێیان ئاشکراکردوەو دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان كردووە. دوێنێ، سێ شەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان-عێراق کردووەو کۆبوونەتەوە نەوەی نوێ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشداری خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا ١٥ کورسی بەدەستھێنا. ئەو سەردانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەدواى کۆبوونەوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان-عێراق و پرسە هەرێمییەکان کرا. سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدا. هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات پێشهاتەکانی سووریا نەبنەهۆی ناسەقامگیریی نوێ لە ناوچەکەدا.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا پیاوێکی كورد، کە لەبەردەم شەمەندەفەرێکیدا دانیشتوە لەو كاتەدا، پاڵ بەكەسێكی پۆستەچییەوە دەنێت بۆ ناو سكەی شەمەندەفەرەکە، دادگای بەریتانیاش بەتاوانی هەوڵدان بۆ کوشتن، بۆ هەتا هەتایە سزای زیندانی بەسەردا سەپاند. لە كامێراكانی چاودێری فەرمانگەی گوستنەوەی هێڵی ئاسینینی بەریتانیا دەردەكەوێت، پەناخوازێكی كورد، بەناوی بڕوا شۆڕش، تەمەن 24 ساڵ، دوای ئەوەی لە 3ی شوباتدا كەسێك بەناوی، (تادێوس پۆتۆچێکی) تەمەن 61 ساڵ، كە لەسەر سەکۆی هێڵی ڤیکتۆریا بەرەو باشوورگەشت دەكات، لەناو وێستگەی ئۆکسفۆرد سێرک، پاڵ بەو پیاوە بە تەمەنەوە دەنێت بۆ ناو هێڵی ئاسینینی شەمەندەفەرەکەو هەوڵ بۆ کوشتنی دەدات. قوربانییەكە لەكاتی كەوتنەخوارەوە بۆ ناو ڕێڕەوەكە، چانسی هەبووە كە دەستی لەتەزوی كارەبای شەمەندەفەرەكە نەداوە، هەرزوو لەلایەن ڕێبوارێکەوە یارمەتی دراوە لەڕێڕەوەکە دەربچێت. دواتر ئەو كەسەی هەوڵی ڕزگاركردنی داوە، لەلایەن دادوەرەوە لەدادگای تاجی ناوخۆی لەندەن، بڕی هەزار پاوەندی وەك پاداشت پێبەخشرا. داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە، مەحاڵە شتێک لەخەیاڵتدا بێت، هەرگیز پاساو بۆ پاڵنانی کەسێک لەبەردەم شەمەندەفەرێکی لەو شێوەیەدا بهێنێتەوە. بڕوا شۆڕش، کۆچبەرێکی کوردەو لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بەڵگەو وتەكانی لەبەردەم دادواەر لێ وەرگیراوە، ئەو بانگەشەى ئەوەی کردووە، كە لەو كاتەدا زۆر "تووڕە" بووە لەو كەسە پۆستەچییە، چونکە هەستی کردووە پۆستەچییەکە بەنیگایەکی نامۆو ناشیرین سەیری كردووە. ماکسین جارۆس جۆنز، لەبەشی لێكۆڵینەوە دەڵێت: "بروا شۆڕش هەوڵیداوە بەئەنقەست قوربانییەکە بکوژێت، كاتێك شەمەندەفەرەکە نزیكبۆتەوە، ئەو بەزۆر پاڵی بە پۆستەچییەكەوە ناوە بۆ ناو ڕێڕەوەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بیرکردنەوەی خێرای قوربانییەکەو بوێری ئەو ڕێبوارەی کە یارمەتیداوە، ئەو خێراییەی کە شۆفێری شەمەندەفەرەکە لەكاتی وەستانی نەبوایە، ئەوا کردەوەکانی ئەو پەناخوازە كوردە، دەیتوانی ژیانی قوربانییەکە بەفیڕۆ بدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاتوچۆکاران بتوانن لەوێستگەو ڕێگاو بانەكان، بەبێ ترس و بەئازادی گەشت بکەن، دووربن لەتوندو تیژی و زیان. ئەو لێكۆڵەوەرە دەڵێت، بەم سزادانە هیوادارم وەك بیرخستنەوەیەک بێت، بۆ ئەو جۆرە كەسانەی بیر لەوکارانە دەكەنەوە، ئێمە بەو شێوەیەی کە یاسا ڕێگەی پێدەدات بەتەواوی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەین. سام پەینتەر، كەئەویش وەك ئەفسەرێكی بەدوداچون لەوكەیسە كاری كردووە دەڵێ، من دڵخۆشم بەئەنجامی بڕیاری ئەمڕۆی دادگاو دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم، کەبەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکە كاریانكرد بەخێرایی تاوانكار، بڕوا شۆڕش بناسرێتەوەو دەستگیر بكرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک لەسزای هەتا هەتاییدا دەردەکەوێت، بڕوا شۆڕشی تەمەن ٢٤ساڵ، تاکێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار بووە، سوپاس بۆ یەزدان، ئێستا لەسەر شەقامەکان دوورخراوەتەوەو لەپشت شیشی زیندانەكان زیندانكراوە. هیوادارم ئەو سزادانەی تاوانبار، هەندێک ئاسوودەیی و ئارام بۆ قوربانییەکە فەراهەم بکات، کە ئێستا بەردەوامە لەسەر چارەسەری چاکبوونەوەی لەو كردەوە ترسناکەی ڕووبەڕووی بۆتەوە لەلایەن بڕوا شۆڕشەوە.
هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، لە سەرتای مانگی داهاتوو، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە. دەشڵێت: ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات. ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی نیشتەجێبوونی داوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار. ساڵى رابردووش بانکی رافیدەین، بڕی 300 ملیۆن دینار قەرز بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا فەرمانبەرو هاوڵاتیان.
شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، بەتۆمەتى نانەوەى پشێوى و دروستکردنى ئاژاوە، چەند کەسێکیان لە خۆپیشاندەرانی خاوهنى ئۆتۆمبێله بێ سهرهتاكان دەستگیرکردوە. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش پشتراستى ئەوەى کردەوە ژمارهیهک له بهشداربوانى خۆپیشاندانهكه دهستگیركراون، راشیگەیاند: ئەوکەسانە ههوڵیانداوە پشێویى بنێنهوه. نیوەرۆى دوێنێ سێ شەممە ژمارەیەک لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، دژی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. دواى نزیکەى کاتژمێرێک لە خۆپیشاندانەکە، بەشێک لە خۆپیشاندەران، چوونە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، دواتر رێگەی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگایان بەڕووى ئۆتۆمبێلەکاندا داخست. دوای چوار کاتژێر لە خۆپیشاندان و رێگەگرتن و دروستبوونی قەرەباڵخی، هێزە ئەمنیەکان بە زەبرى هێزو گازى فرمێسک ڕێژ کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکە هێنا. پەیامنێرى هاوڵاتى رایگەیاند، شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، هەڵمەتێکیان ئەنجامداوەو چوونە سەر ماڵى بەشێک لە بەشداربووانى خۆپیشاندەرانەکەى دوێنێى خاوهنى ئۆتۆمبێله بێ سهرهتاكان، ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراوەو تا ئێستاش ئازاد نەکراون. رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لهگردبونهوهكهدا گرژیى ڕویداو هێزه ئهمنیهكان بهگازى فرمێسک ڕێژ ههوڵیاندا بڵاوه بهخۆپیشاندهران بكهن، دواى بڵاوهپێكردنیشیان، ژمارهیهک لهبهشداربوانى خۆپیشاندانهكه دهستگیركران، چونکە ئهوكهسانه ههوڵیاندا پشێویى بنێنهوه. ئەو بەرپرسەى ئاسایش وتیشى: پرۆسهكهش لهسهر فهرمانى دادوهرو بهگوێرهى یاسای خۆپیشاندان مادەی 10 ئهنجامدراوهو ئێستاش لێکۆڵینەوەیان لهگهڵ دهكرێت
ــ زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی تورکیادایە ــ بەهۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەکەیە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب بەسەدان هاوڵاتى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. ماڵپەرەکانى نزیک لە هەسەدە، ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، بەمەبەستى بەدەمەوەچوونى بانگەوازەکەى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە، سەدان هاوڵاتیان بەڕێکەوتن بەرەو بەنداوى تشرین. زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی دژوارو سەختى دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەرو چەتەکانیدایە و مەترسی گەورەی لەسەرە. هێزەکانی هەسەدە له ساڵی 2015 وە دهستیان بەسەر بەنداوەکەدا گرتووە، بەنداوەکەش بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی کارەبای باکووری سوریا دادەنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بەنداوەی بۆ کارەبای هەرێمەکە زۆر گرنگە، مەترسی تەقینی لەسەرە، ئەگەر بەنداوەکە بتەقێت لە رەقا و تەبقاوە تا عێراق رووبەرێکی فراوان ژێر ئاو دەکەون. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد.لە هەمان کاتدا داوای لە گەل کرد لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە و پشتیوانی دەربڕین لە شەڕڤانانی قەسەدە، بکەونە جموجۆڵەوە و رۆڵ بگێرن. دوابەدوای ئەو بانگەوازە لە حەسەکەوە بە سەدان کەس لە سەرلەبەیانییەوە کەوتنەڕێ و روویان کردە بەنداوەکە. بە تایبەتی لە رەقا و تەبقاوە، گەلانی کانتۆنی فوراتیش بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتوون. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە. بەنداوەکە لە پشتیەوە دەریاچەیەکی بە ناوی دەریاچەی تشرین دەگرێتەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 1.9 ملیار م3 دەبێت.